Sunday, September 7, 2025

زمانی ستاندارد لە کوردستان و لێکدانەوەیەکی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی پڕۆفێسۆر جەعفەر شێخەلیسلامی موکری


 زمانی ستاندارد لە کوردستان و لێکدانەوەیەکی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی

پڕۆفێسۆر جەعفەر شێخەلیسلامی موکری
ئەم وتارە لە کۆنفڕانسێک دا، کە بە میوانداری دامەزراوەی ڤیم لە سلێمانی ڕێک خرا بوو، لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەمە ١-ی سێپتامبری ٢٠٢٥، پێشکێش کراوە.

زۆر سپاس دوکتور هەرێم. زۆر سپاس بۆ دامەزراوەی ویم کە ئەم دانیشتنەی ڕێک خست. ئەمە نیشانەی ئەوەیە  کە ئێستاش زۆرمان تێدا هەن، ئەگەر نەڵێین هەموومان، کە دە خەمی زمانی کوردی داین. دەستخۆشیان لێ دەکەم. زۆر زۆر سپاس بۆ میواندارییان. زۆر سپاس بۆ ئێوە [میوانان] کە هاتوونە ئێرە گوێ لە ئێمە بگرن. هیوادارم  وەکوو دوکتور هەرێم کوتی دانشتنێکی بە سوود بێ.
من لێرە بە ڕاستی دەمەوێ باسی ئەوە بکەم: لێرەو لەوێ دەبیسن کە زمانی کوردی ستاندارد نییە، یان شێوەزارێکی ستانداردمان نییە تا ئێستا. تەنانەت، لەو چەند ڤیدێئۆیەی کە چەند بەڕێزێك، زۆر زۆر سپاسیان دەکەم، کە زۆر بە ڕێکوپێکی بانگەشەیان کرد بۆ ئەم دانیشتنە، بۆ ئەم بۆنەیە لەوێشدا تەنانەت ئەگەر سەرنجتان دابێ باسی ئەوە دەکرێ کە ئێمە ئەوە زیاتر لە سی ساڵە لێرە هەرێمێکی خۆمان  هەڵدەسووڕێنین بەڵام نەمان توانیوە زمانێکی ستاندارد دروست بکەین و ئەوە جێی داخە.
من لێرە دەمەوێ بڵێم کە بە ڕاستی
ئێمە زمانی ستانداردمان هەیە. کە وایە لێرە دەبێ پێناسەی جیا کرا بێ بۆ زمانی ستاندارد. بۆیە نە تەنیا ڕای من بەڵکوو ڕای زۆرێک لە شارەزایانیش ئەمەیە کە زمانی ستاندارد هەیە، کورد زمانی ستانداردی هەیە، نەک یەکی هەیە، دووی هەیە ئێستا. دوکتور ئەمیری حەسەنپوور زیندوو یاد، پڕۆفێسۆر ئەمیری حەسەنپوور دوکتوراکەی ١٩٨٩ لە ئەمریکا پێشکەش کرد. لەوێدا، ئەو دوای ئەوەی کە نزیکەی دە ساڵان لەو بابەتەی کۆلێوە بەو ئاکامە گەیشت کە زمانی کوردی چ پێمان خۆش بێ و چ پێمان ناخۆش بێ دوو ستانداردی لێ پەیدا بووە.
جا من باسی ئەوە دەکەم. بۆ ئەوەی باسی ئەوەش بکەم، ئەگەر ڕێگام بدەن من هێندێک باسی تیۆری دەکەم:  زمانی ستاندارد چییە؟ چونکە بە هەر حاڵ ئەمە شتێکە لە ڕۆژئاواوە هاتووە؛ [مەبەستم] چەمکەکە، "زمانی ستاندارد". خوێندنەوەی زۆری بۆ کراوە بە تایبەتی لە ١٩٥٠ کانەوە. هێندێک باسی ئەمانە دەکەم. پاشان باسی چەند نموونەیەک دەکەم کە هەر نەتەوەیەک چۆن بە پێی هەلومەرجی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووری خۆی زمانی ستاندارد کردووە. [نموونەیەک فەڕانسەیە]، ئاوێکی ڕشت کە وڵاتانی وەکوو تورکیا و ئێرانیش وەدوای کەوتن بۆ پەراوێز خستنی زمانە کەمینەکراوەکان؛ بەڵام، وڵاتی وەکوو نۆڕوێژیشمان هەیە کە تا ئەمڕۆش دوو شێوەزاری ستانداردی هەیە و جووت ستانداردی هەیە کە هەر دووکیشیان یەک زمانن بە ڕاستی. یان بێلژیک سێی هەیە، سویسڕا چواری هەیە. کاتالۆنەکان کە وڵاتی سەربەخۆش نین ئەوانیش سێ یان چواریان هەیە. باسی ئەو شتانە دەکەم بەڵام زۆرتر باسی زمانی کوردی و هەلومەرجی کوردستان، هەر چەند من بڕێک باسی دەکەم بەڵام زۆرتر بۆ دۆستانی بەڕێزم دێڵمەوە کە ئەوان زۆرتر باسی ئەمە بکەن. با یەک شتیش بڵێم بەر لەوەی وتارەکەم باس بکەم بە ڕاستی. من زۆر حەزم دەکرد کە هەر ڕۆژهەڵاتی لێرە نەبین، هەر چەند دوکتور هەرێم باسی کرد بە هەر حاڵ هەموومان کوردین بەڵام بە ڕاستی بەدڵ ئەوەم حەز دەکرد کە وا نەبوایە جا بۆیە هیوادارین بتوانین بڕێک دەرفەت بدەین ڕامان گرە ئەگەر زۆری لە سەر ڕۆیشتین، بە قەولی موکریانی دەڵێ، بۆ ئەوە کە لە ئێوەش ببیسین چونکە بەڕاستی زمان ئی ئێوەیە، بە تایبەت هەلومەرجەکە ئی ئێرەیە، ئی باشووری کوردستانە، ئی هەرێمی کوردستانی ئازیزە. ئێوەن کە دەبێ تەما بگرن لە سەر ئەو شتانە. ئێمە وەکوو ئاکادێمی باسی بابەتەکە دەکەین، بە تایبەتی من بۆ خۆم باسی ئەوە دەکەم کە ئەزموونی وڵاتانی دیکە چ
ی بووە. زۆرتریش ورد دەبمەوە لە سەر کوردیی ناوەندی. هەرچەند لە هەنگاوێکدا ناچارم باسی ئەوەش بکەم  کە چۆن کورمانجی، یان لێرە بادینی، توانیویەتی خۆی ستاندارد بکا.  
  بە گشتی من بڕوام وایە کە ئێستا زمانی کوردی دوو شێوە ستانداردی گەنجی هەیە. پێم خۆشە لە سەو ئەو وشەی "گەنج" ورد ببمەوە. دوایە باسی ئەوە دەکەم کە [چۆن و چەند پۆلێنبەندیمان هەیە بۆ زمانی ستاندارد]. زمانی ستاندارد لە هەر شوێنێک جیاوازە. باسی ئەوە دەکەم کە ستانداردکردن کەی دەستی پێکردووە و لە چ قۆناغێک دا و کەی تەواو دەبێ؛ هیچکات تەواو نابێ، با لە ئێستاوە ئەوە بڵێم. ستاندارد بوونی زمانێک، هیچ زمانێک، تا ئێستا تەواو نەبووە، قەتیش تەواو نابێ. چەیمس  میلرۆی یەکێک لە بەناوبانگترین کۆمەڵناسانیی زمانی دەڵێ: تەنیا زمانێکی مردوو دەتوانێ بڵێ تەواو ستاندارد بووم.
زمان چییە؟ با باسی ئەوە بکەم بە کورتی. زمان بۆ من بریتییە لە سیستمێکی ئیشارە، یان دەنگ کە بەشێوەیەکی یاسامەند ڕێک خراوە بۆ سێ مەبەست: ١. بۆ پێوەندیی گرتن. زۆربەمان وا بزانم بڕوامان بەمە هەیە، بەڵام زمان زۆرتر لەمەیە. ٢. زمان هەر وەها کەرەسەی دنیادیتنە، کەرەسەی خوێندنەوەی خۆمان و دنیایە، ناسنامەیە. ٣. لەگەڵ ئەمەشدا ئامرازێکە، ئامرازێکی کارایە، [واتە] نەک هەر ئەوەی ئامرازێک بێ بەس شتێک بگوازێتەوە بەڵکوو ئامرازێکی کارایە. ئێمە کاتێک چیرۆکێک دەگێڕینەوە دنیا لە سەر ڕا ساز دەکەینەوە. کە بۆنەیەک بە زمان دەگێڕینەوە، ئەو جۆرەی دەگێڕینەوە کە ئێمە دنیا دەبینین، نەک بەو جۆرەی کە ڕووی داوە. زۆربەیان کاتان ئاوایە. هەموومان تەعبیر و لێکدانەوە و بۆچوونی خۆمان دە نێو چیرۆکەکانمان داوێین. هەر لە بەر ئەوەشە کە ئێمە مرۆڤین، ئینسانین و، لەگەڵ ئەوانیتر جیاوازین.
ڕابرت کووپر، یەکێکی دیکە لە بیرەوانان و دامەزرێنەرانی بواری سیاسەت و پلانی زمانی، دەڵێ:  زمان بنەڕەتیترین دامەزراوەی کۆمەڵگەیە، نەک لە بەر ئەوەی کە  یەکەم ئەنیستیوویە، یەکەم دامەزراوەیە کە ئێمە لەگەڵی ئاشنا دەبین، هەر ئەوەی کە دوکتور هەرێم باسی کرد کە چۆن منداڵ زمانێک وەردەگرێ. ئەڵبەتە ئەمن لەگەڵ ئەوەدا نێم کە ئێمە زمانی یەکەم فێر دەبین؛ منداڵ زمانی ژینگەی خۆی
وەردەگرێ، بمانهەوێ و نەمانهەوێ وەریدەگرێ؛ ئەوەی کە ئێمە فێری دەکەین ئەوە زمانێکی ترە، واتە زمانی ستاندارد، زمانی نووسین. ئەوە لە فێرگە فێر دەبێ. نوام چامسکی زۆر لە سەر ئەوە، ڕاستش دەکا، زۆر جیدییە کە جیاوازی هەیە لە نێوان وەرگرتن و فێر بوون یا فێر کردن. جا زمانی دایک بە تایبەت لە بەر ئەوە گرینگ نییە کە یەکەم دامەزراوەیە ئێمە تووشی دەبین بەڵکوو یەکەم دامەزراوەیە، دامەزراوەیەکیشە کە بە ڕێگای ئەوەوە ئێمە هەموو دامەزراوەکانی تر دەناسین. بۆ وێنە بیر لە یاسا بکەنەوە. ئێمە چۆن دەزانین یاسا چییە؟ چۆن دەزانین کە تابڵۆی ڕاوەستان، بوەستە ببینین ڕادەوەستین. لە ڕێگای زمانەوە فێر بووین، لە ڕێگای ئیشاڕەوە، لە ڕێگای تابڵۆ وە. دەنا پێشتر نەمان دەزانی ئەوە چییە. چۆن دەزانین، ئەوەی تۆ باست کرد [ ڕوو لە بەڕێوەبەری کۆڕە کە دەکا] بە کێ  بڵێین خاڵە، کامی ئی مامەیە، کامی ئی خاڵەیە، کامی ئی منە، کامی ئی تۆیە؟  هەمووی بە ڕێگای زمانەوە و، لە ڕێگای چیرۆکەکانەوە.
جیاوازی نێوان دیالێکت و زمان. کاتێ باسی زمانی کوردی دەکەین ئەو شتانە دێتە گۆڕێ. تا ئێستا من وەکوو پسپۆڕێکی بواری کۆمەڵناسیی زمان  کە هەموو ساڵێ وانە دەڵێمەوە لە  کانادا لەو بوارە دا. دەزانم کە هەتا ئێستاش ئێمە مێتۆدێکمان نییە، شێوازێکمان نییە کە بڵێین ئەمە بە شێوەیەکی زانستی و ئاکادێمی زمانە، ئەمە دیالێکتە، یان ئەمە زارە. نیمامە.  چەندین ڕێبازمان هەیە، بەڵام، هەموویان خەلەلیان تێدا هەیە، بۆشاییان هەیە، گرفتیان تێدا هەیە. لە بەر ئەوە زانایانی کۆمەڵناسیی زمان گەیشتوونە ئەو قەناعەتە کە بە ئینگلیسی پێی دەڵێن language  variety ئەمن دامناوە شێوەزار، کە وا بزانم زۆر لە دۆستانیش هەر ئەو زاراوەیە بەکار دێنن. شێوەزار لە بەر ئەوە ئەمڕۆ زۆر جار دەڵێم شێوەزار، جار جاریش دەڵێم زمان لە بەر ئەوەی کە دانیشتنەکەمان باسی زمانی ستانداردە.
Max Weinreich  لە زانایانی کۆمەڵناسیی زمان شتێکی جوانی هەیە. لێی دەپرسن جیاوازی زمان و دایالێکت چییە؟ دەڵێ زمان دایالێکتێکە، زارێکە، کە لەشکری هەیە. مەبەستی چییە؟  مەبەستی ئەوەیە ئەگەر حکوومەتت هەبوو، عەسکەرت هەبوو، ئەڕتەشت هەبوو، جەیشت هەبوو،ئەوە تۆ زمانی [یان زمانت هەیە].  بۆچی؟ سوێدی و نۆڕوێژی زۆر بە ئاسانی لێکتر تێ دەگەن، هێچیان ناچار نین بچیتە سەر زمانەکەی ئەویتر. بە چاوی خۆم دیتوومە زۆر جاران. کەچی دوو زمانی جیاوازن [واتە، بە دوو زمانی جیاواز ناسراون و ناوی جیاوازیان هەیە]. بۆچی؟ چونکە دوو وڵاتی جیاوازیان هەیە. لەبەر ئەوە، بۆ ئەوە کە بزانین [کام شێوەزار] دایالێکتە، کام زمانە، ئێمە بەڕاستی تەنیا ڕێگەمان هەر ئەوەیە لە خەڵک بپرسین: ئایا ئەوەی تۆ قسەی پێ دەکەی چییە؟ چی پێ دەڵێی و چییە؟ ڕێگای دێمۆکڕاتیکی دیکە نییە. هەر ڕێگایەکی دیکە بێ خۆ داسەپاندن دەبێ بە داخەوە.
زمانی ستاندار چییە ئێستا؟ زمانی ستاندارد شێوەزارێکی زمانییە کە یەکدەست کرابێت، کۆدێندرابێت، بە هۆی فەرهەنگەکانەوە و سەرچاوە و ڕێبەرە ڕێزمانییەکانییەوە. واتە شێوەزارێک کە ڕێزمانی بۆ نووسرابێتەوە، قامووسیشی هەبێ، قامووسێک کە جێگای متمانەی کۆمەڵگەیەک بێ، پرسی پێ بکەن و، کەلکی لێ وەربگیرێ لە سێ بواری زۆر گرینگ و زەق دا: یەکیان پەروەردە، بە تایبەت پێی بخوێندرێ، نەک هەر ئەوەی کە وانەیەک بێ لە فێرگەیەک، پێی بخوێندرێ؛ دوو، زمانی کارگێڕیی حکوومەت بێ؛ سێ، میدیاش کەلکی لێ وەربگرێ، ئەمڕۆ دەتوانی بڵێی سۆسیاڵ میدیاش کەلکی لێ وەربگرێ. ئینستاگرام، تیک تاک و هەموو ئەمانە. پاشان، [چوار] کەمترین ڕێژەی جیاوازی و جۆراوجۆری و زۆرترین ڕێژەی هاوشێوەیی و یەکدەست بوونی تێدا بێ و؛ [پێنج] ئەوپەڕ سنووری بێ، ئەوپەڕ ناوچەیی بێ و، [شەش] لە کۆمەڵگاشدا وەرگیرابێ، ڕەزامەندی کۆمەڵگەی لە سەر بێ. ئەگەر ئەمانە هەبێ، ئەو تایبەتمەندییانەی هەبێ، ئەوە دەتوانی بڵێی زمانێکی ستانداردە. 
هەموو زار و بنزارێک دەتوانێ ستاندارد بێ. هێندێک جار ئێستا لێرە ئۆتۆنۆمی هەیە، ئەوەی کە من دەیبینم نزیک بە سەربەخۆیی، بەڵام لە هێندێک شوێنی تر وەکوو لە ڕۆژهەڵاتەکەی من ئێستاش بیانووی دەسەڵاتداران ئەوەیە کە تۆ زمانێکی ستانداردت نییە، تۆ ناتوانی ستاندارد بی، چاو لێبکە ئەو هەموو شێوەزارەت هەیە، ئەو هەموو لەهجەت هەیە، ئەو هەموو دایالێکتەت هەیە. تۆ ناتوانی ببیە زمانی فێرگە، تۆ ناتوانی ببیە زمانی زانست. بەڵام  هەموو زمانناسانی دنیا پێمان دەڵێن هەموو زمانێک، هەموو زارێک، هەموو بنزارێک بۆی هەیە ستاندارد بێ بەو مەرجە کە کۆمەڵگە بیهەوێ و بەو مەرجە کە خزمەتی پێ بکرێ.
زمانی ستاندارد پێویستە یان نا؟ هێندێک پێیان وایە پێویست نییە، بۆچی پێویست نییە لەبەر ئەوەی کە لەوانەیە ببێتە هۆی پەراوێز خستنی شێوەزارەکانی تر، تەنانەت زمانی تر. وەکی بۆ وێنە ئێوە دەزانن لە تورکیا دیتوومانە. وەرگرتنی ڕەزامەندی سەردەمانێک ئاسان بوو، سەردەمانێک ئاسان بوو وەک کیملیکا بیرەوانی گەورەی کەنەدی ئەوانەی لە بواری کۆزمۆپۆلیتیزم، و نەشنالیزم  و ئەوانە دراسەیان کردووە ویڵ کیملیکا دەناسن. ویڵ کیملیکا شتێکی جوانی هەیە دەڵێ لە سەردەمی فەرانسا دا کە زمانی پاریس ڕاگەیندرا وەکوو زمانی ڕەسمی ئەو وڵاتە زۆر ئاسان بوو، نە شۆڕش بەرپا بوو، نە ڕاپەڕین ساز بوو، [هەرچەند] یازدە زمانی دیکەشی لێ بوو، وەکوو برێتۆنی، پڕۆڤێنسیال، باسک. ئەمانە هەموو زمانی جیاواز بوون لە فەڕانسەیی، بەڵام [باڵادەستکردنی فەڕانسەیی] بە بێدەنگی جێ بەجێ بوو. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە تیک تاک لە گۆڕێ دا نەبوو. لەبەر ئەوەی کە هەر کەسە تەلەفۆنێکی بەدەستەوە نەبوو، کە هەر ئێستا لەوانەیە وێنەک لە من بگرن بچێ بۆ سوێد بڵێن فڵانکەس لێرەیە و خەریکە باسی جووت ستانداردی کوردی دەکا. ئەو دەمی ئەو شتانە نەبوو. دوای شەش مانگ لەوانە بوو دەنگوباس بگاتە بریتۆنی بڵێن زمانی فەڕانسەیی پاریس بوو بە ڕەسمی. لەوانەیە ئەوانیش گوتبێتیان جا ئێمە چ بکەین تازە درەنگە، تازە ئەوە شەش مانگ تێ پەڕیوە و فێرگەش دەستی پێکردووە بەو زمانە. سەردەمەکە جیاوازە ئێستا.
[خاڵێکی دیکە ئەمەیە کە] زمانێکی ستاندارد ڕەنگە دەستوباڵی زمانێک ببەستێت، واتە  هێندێک پێیان وایە [لە ستاندارد بوون لەوانەیە] داهێنان لە زمانێک وەربگرێت. بۆ وێنە ئەوانەی ئەدەبی ئینگلیزییان خوێندووە ڕەنگە ئاشنا بن لەگەڵ جەیمس جۆیس  
FFinnegans Wake  کە ئینگلیزییەکی سەیر و سەمەرەیە. دەڵێن ئەگەر زمان زۆر ستاندارد بکرێ و کۆنتڕۆڵ بکرێ ئەو دەم جەیمس جۆیسێکت نابێ تۆ لە زمانێکی دیکە دا. چونکە بە تایبەت ڕۆمان، چیرۆک، ئەمانە دەبێ زمانی سەربەستیان هەبێ. هونەر دەبێ سەربەست بێ، دەنا نابێتە هونەر.  
ستاندارد کردن ناوەستێ، بەڵام هێندێک ماندوو دەبن، جاشوا فیشمەن پێمان دەڵێ ستاندارد کردن یا نابێ خۆی لێ دەی، ئەگەر خۆت لێ دا دەبێ خۆت دابنێی هەتا کۆتایی هەتا ئەو ڕۆژەی هەی، لەو ئیشە دای کاری لە سەر بکەی. ناتوانی بڵێی ئەوە پێنج ساڵم کار لە سەر کرد دەبێ ئێستا ستاندارد بووبێ دەبێ بەجێی بێڵم. شتی وا نییە جا لە بەر ئەوە هەندێک هەر خۆی لێ نادەن.
بەڵام، ستاندارد کردن پێویستە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە بمانهەوێ و نەمانهەوێ، هەر ئەوەی کە کوتم ئێستا چۆن لە شوێنێکی بۆ وێنە وەکوو ڕۆژهەڵات بیر لە زمانی کوردی دەکەنەوە، کە چونکە ستانداردێکی نییە ئەوان دەڵێن کە وابوو زمان نییە، لەهجەن. ستاندارد کردن ڕەوایەتی دەدا بە هەبوونی زمانێک؛ ئەوە لە تەواوی دنیا هەیە. زمان هێمای نەتەوە و نەتەوایەتی یە بمانهەوێ و نەمانهەوێ. جا هێندێک لەوانەیە بە ئەمە بڵێ قەوم، گرووپی ئێتنیکی یان نەتەوە یان نەتەوایەتی؛ بەڵام زمان ئەو پێناسەیە دەکات. بە قسەی مایکڵ هاڵیدەی (ئەوانەی زمانەوانی کارەکی دەخوێنن مایکڵ هاڵیدەی دەناسن)، ئەگەر دەتوانی لە زۆر شوێنان خۆ لە قەرەی زمانی ستاندارد نەدەی و، بڵێی قەی ناکا خەڵک چۆنی پێ خۆشە با وا بکا، بۆ وێنە ئەگەر میدیا پێی خۆشە بە بادینی و کوردیی ناوەندی دەنگوباس بڵێ کەیفی خۆیەتی؛ بەڵام کە هاتییە فێرگە ناچاری تەما بگری [بڕیار بدەی کە ئایا زمانی فێرگە] یەک زمانە، دوو زمانە، دوو شێوەزارە و هتد. هەڵبەت، لەو دواییانە دا شوێنێکی وەکوو کۆرسیکا، ساردینییا، ئەو تەمایە ناگرن، بەڵکوو هەر خوێندکارێک بۆی هەیە وتارەکەی بە هەر شێوەزارێک پێی خۆشە بنووسێ. بەڵام دوایە پرسیار دێتە گۆڕێ، دەی ئەدی مامۆستاکە چۆن بەرهەمی قوتابی هەڵسەنگێنێت، ئەگەر ئەو شێوەزارە نازانێ؟ ئەمانەش ئالنگاریی خۆی هەیە.  [لایەنێکی ئەرێنیی تری ستاندارکردن ئەمەیە کە] زمانی ستاندارد دەتوانێ پەناگایەک بێ، هاناگایەک بێ بۆ شێوەزارەکانی دیکە، بۆ ئەو زارانەی کە ماڵ و حالیان نییە یان بۆ ئەو زاراوانەی کە حاشایان لێ دەکرێ. شێوەزارێکی ستاندارد دەتوانێ شانازی بۆ ئەوانیش وەدەست بێنێ، ڕەوایەتیان پێ بدا. بەم جۆرە مانەوە و بەهێزبوونی شێوەزارەکان بە شێوەیەکی باشتر مسۆگەر بکات. کە وا بوو، پێویستە.
مێژوویەکی کورتی ستانداردکردنی زمان: لە ١٩٥٠کانەوە زۆر خوێندنەوە لە سەر [زمانی ستاندارد] کراوە. کڵاس یەکەم جار لە ١٩٥٢ لە ئەمریکا باسی ستاندارد بوونی ئاڵمانی کرد، چ لە ئاڵمان، چ لە ئاڵمانییەکانی ئامریکا چۆنی دەخوێنن، بە دوای ئەو دا ئاینر هاوگن ی نۆروێژی زۆر بە نێوبانگ بوو تا ئەمڕۆش زۆر بەنێوبانگە. هەرچەند ئەویش لە ئەمریکا دەژیا چونکە وڵاتەکەی خۆی، وڵاتی زگماکی خۆی نۆرویژ دوو شێوەزاری کردبووە ستاندارد و کردبووە فەرمی لەبەر ئەوە زۆر بۆی گرینگ بوو ئەمە لێک بداتەوە کە چۆن شتی وا دەبێ. ئیتر دوایی ئەمە زۆرتر گٶڕا ستاندارد کردن، تیۆری ستاندارد کردن ئەو بوارە گۆڕا بۆ بواری  سیاسەت و پلانی زمانی کە ئیتر گەلێک بیرەوان وەکوو ڕابێرت کووپر و جەیمس بیرۆی و تووڤێ سکووتناب کانگاس و ڕابێرت فیلیپسۆن و  هەموو ئەوانە زۆر شتیان نووسی کە زۆریشیان زۆر بە ڕاستی دۆستی باشی کورد بوون بە تایبەتی لێرە پێم خۆشە ناوی پرۆفێسۆر تووڤێ سکووتناب کانگاس بێنم کە دوو ساڵ لەمەوبەر بەداخەوە بە جێی هێشتین. کە یەکەم کەس بوو لە ١٩٨٠ کاندا ئەو ستەم و زوڵمەی لە زمانی کوردی بە تایبەت لە تورکیا دەکرا لە قاوی دا لە نێو ئەدەبی ئینگلیسی و سکاندیناوی و تەواوی دنیای تێ گەیاند. سەردانی ئێرەشی کردووە بە ڕاست لە ١٩٩٠ کاندا هات، لە سەرەتای حکوومەتی هەرێم دا هات هێندێک خوێندنەوەی کرد لێرە.
بۆ هاوگن چوار قۆناغ دەبێ تێپەڕ کرێ؛ یەک، ئەتۆ ناچاری شێوەزارێک یان زارێک هەڵبژێری کە لێرەش هێندێک شێواز هەیە باسکەکان بۆ  وێنە پێنج شێوەزاریان هەبوو لە باتی ئەوەی کە یەک هەڵبژێرن و دای سەپێنن یەکیان دروست کرد بەڵام لە سەر ئەساسی شێوەزارە ناوەڕاستەکە. بەڵام کەلکیان لە هەموو شێوەزارەکانی تر وەرگرت و دروستیان کرد. ئەمە کەیسێکی زۆر ناوازەیە، ئی باسکەکان. ئەو کاتی هەستی نیشتمانپەروەرییان یەکجار زۆر بوو، ئەوانەی لە تەمەنی من دان یا بە تەمەنترن لەبیریانە لە ١٩٨٠کان دەنگوباس زۆر بوو باسی جووڵانەوەی
ETA  ی دەکرد، جووڵانەوەی سەربەخۆیی خوازی باسکەکان لە ئێسپانیا کە بۆمبیان دادەنا، بۆمبیان دەتەقاندەوە زۆر توند بوون داوای سەربەخۆییان دەکرد، بەڵام  دوایە ئۆتۆنۆمییەکی زۆر باشیان وەرگرت و بێدەنگ بوون، ئێستا بە ئۆتۆنۆمییەکە دڵخۆشن بەڵام چونکە هەستێکی نەتەوایەتی زۆر بە هێزیان هەبوو توانیان زمانێک دروست بکەن ئەو زمانەش ئەمڕۆ بە ڕاستی گەنجەکان قسەی پێ دەکەن. تا ئەو ڕادەیە توانیویەتی جێی خۆی بکاتەوە. بەڵام بۆ وێنە کاتاڵٶنییەکان کە چەند ساڵ لەمەوبەر  تەنانەت دەنگیان دا بۆ سەربەخۆیی و دەنگیشیان وەرگرت و بەڵام سەری نەگرت ئەوان نەیان توانیوە ئەوە بکەن. کاتاڵۆنییەکان وەکوو کوردەکان ئێستا چەند شێوەزاری ستانداردیان هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پەروەردە لە هەر ناوچەیە بە شێوەزاری خۆیەتی. ئەمە ئەمە، هەڵت بژارد یان دروستت کرد ئەمە قۆناغێک، قۆناغەکەی تر ئەمەیە کە تۆ دەبێ بێنی ڕێکی بخەی، رێک خستن بە واتای چی، بە واتای ئەوە کە ڕێنووسی بۆ بنووسی، قامووسی بۆ بنووسی، وشەی بۆ دابتاشی، وشەی بۆ بە قەرز وەربگری، وشە داهێنان بکەی هەموو ئەو کارانە دەبوو بکەی بۆ ئەوەی کە بتوانێ ببێتە زمانی نووسین. ئێمە کە باسی ستاندارد دەکەین ناڵێم سەتاسەت بەڵام زۆربەی کاتان نەودو نۆ لە سەت باسی زمانی نووسین دەکەی. زمانی ستاندارد نووسراوە. چەند خاڵێکی ناوازە هەیە، بەڵام لێی دەگەڕێین جارێ. قۆناخی سێهەم جێ بەجێ کردن تۆ چون ئەمە جێ بە جێ دەکەی. فێرگە، فێرگە یەکەم قۆناخە. دەبێ لە داینگەوە، لە چوار ساڵی و پێنج ساڵییەوە منداڵ بەو زمانی ستانداردە بخوێنێ ناچار نییە لە ماڵێ قسەی پێ بکا، لە ڕاستیدا باش نییە قسەی پێ بکا لە ماڵەوە، ناشی کەن. نە منداڵی ئینگلیزی دەیکا، نە ئاڵمانی دەیکا کەس نایکا. ئاڵمانی کە دەخوێنێتەوە کە دەچێتەوە ماڵێ خەڵکی باڤێریا بێ بە باڤێرییەن قسە دەکا. بە زمانی ڕەسمی ڕۆژنامەکە قسە ناکا. هەر زۆر سەیر و سەمەرە دەبێ ئەگەر گوێت لێ بێ یەکێک ئاوا قسە بکا. یا وەکوو من من بچمەوە ماڵەوە منی مەهابادی لەگەڵ ئەندامی بنەماڵە  لە نەکاو ئاوا قسە بکەم هەر لەوانەیە گوێشم نەدەنێ بڵێن ئەوە لە کەلەی داوە،شێت بووە. پەروەردە دەبێ بەو زمانە بێ. پەیتا پەیتا دەبێ پێداچوونەوەی بۆ بکرێ. هەندێک من هەستم پێ کردووە بە تایبەت کە دێمەوە باشوور هەندێک دڵ نیگەرانن لەوە کە ئێستاش هەڵەی ڕێنووسمان هەیە، ئێستاش پێداچوونەوە نییە خۆ ڕاستە پێداچوونەوە زۆر هەبێ. ئەمن لەو ڕۆژانە شتێکم دی کە بە زمانی بەرپرسێکی بەڕێزی ئەم شارە بۆ وێنە بڵاو بووەتەوە کە هەڵەی تێدا بوو پێم ناخۆش بوو بە ڕاستی. هەڵەی نەتەنیا ڕێنووس و خاڵبەندی و ئەوە کە من زۆر هەستیارم  سەبارەت بەوە بە داخەوە، تەنانەت هەڵەی ڕێزمانی تێدا بوو. هەڵەی ڕێزمانی بۆ یەکێک کە زمانی دایکی خۆیەتی بەس لە بەر بێ دیقەتی یە دەنا دڵنیام ئەگەر دوو جاری خوێندباوە نەدەبوو. ئەوە دەبن، ئەو شتانە دەبن بەڵام بۆیە کوتم ستاندارد بوون تەواو نابێ. ئەوە قەید ناکا، ئەو شتانە دەبێ بکەین و لەسەرەخۆ بین بە ڕاستی، پشوو درێژ بین. ڕاست کردنەوە زۆر ئاسایی یە.
کە وابوو، هەڵبژاردنی شێوەزارێک یان دوو یان سازکردن، ڕێک خستن کۆدی بکەی، پاشان جێ بەجێی بکەی لە پەروەردە دا، لە کارگێڕی دا، لە میدیا دا لە هەموو ئەمانە، دوایە بێنی پەرەی پێ بدەی. یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی ئەو کەسانەی لەو بوارە دان ئەمەیە کە زمانی ستاندارد بکەنە زمانی فیزیا، زمانی کیمیا، زمانی زانست کە ئەمەش بەشێکی زۆری واتە داڕشتنی زاراوە. خاڵبەندی دروستی بۆ بکرێ، پاشان ئەوەی کە پێی دەڵێن ستایڵ و شێوە نووسین و ئەوەی کە ئەو وشیارییە ساز بێ کە ژانرای نامە نووسین جیاوازە لەگەڵ شێوازی نووسینی وتارێکی زانستی. ئەمانە دوو زمانی جیاوازن، ئەمانە هەمووی بۆیە فێرگە ئەو زمانەمان فێر دەکا. ئێمە ناتوانین ئاوا لە خۆوەفێری بین.
لە نێو زمانانی دنیا دا [ستانداردکردن] چۆن کراوە؟ زۆر بە پەلە، ئێمە دووهەزار ساڵ لەمەوبەر، زیاتریش چەند زمان هەبوو کە کۆد کرا بوون وەکوو سانسکریت، وەکوو چینی دوایی یۆنانی دێرین. لاتین، عەڕەبی، فارسی ئەمە لەو زمانانەن کە زۆر لەمێژەوە بۆ وێنە قامووسیان هەبووە، ڕێزمانیان بۆ نووسراوە جا چەندە پێشکەوتوو بوون یا نەبوون ئەمە کێشەیەکی دیکەیە. هەرچەند زمانەوانان پێیان وایە ئەوەی پانینی بۆ سانسکریتی نووسی ئێستاش ناوازەیە، هەتا ئەمڕۆش کە شتێکی سەیرە نزیک زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەو پێش ئەم بیرەوانە هیندییە ئەم کارەی کردووە. بەڵام جیاواز بوون، لە چی دا جیاواز بوون؟ نەبوون بە زمانی خەڵک. زمانی خەڵک هەڕەشەی لە سەر نەبوو، خەڵک زمانی خۆی هەبوو، بەس زمانی هەندێک نوخبە بوون بۆ ئەوەی کە ئیمپڕاتورییەکان بۆ ئەوەی کە ئەوانەی ئەهلی دینداری و دین بوون ئەوانە کتێبی پیرۆزی خۆیان پێ دەخوێندەوە و دەیان دا بە بەرەکانی تر پاشانیش  ئیمپراتورییەکان دەیان توانی حیساب و کیتاب بکەن. سەرژمێری بکەن، بتوانن ئاگایان لە داهاتی خۆیان بێ، چەند میرزا و نووسەریان هەبوو بۆ ئەوە بوو تەواو. بۆ ئەوە نەبوو بۆ خەڵک بێ بەڵام کە دێتە سەردەمی دووسەد، دووسەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر لە ئوڕووپا ئەوە ئیتر دەبێتە خەڵکی لێرەیە کە ئێمە دەتوانین باسی ئەو ستانداردە بکەین کە ئێستا ئێمە باسی دەکەین. کە بە فەڕانسەیی ، بە ئینگلیزی و بە ئەمانە دەستی پێ کرد. دوایە نزیکەی سەت ساڵ و شتێک دوایەش ئیتر دێتە تورکیا و ئێران و ئەمانە.
دوایی ئێمە دێینە سەر
زمانە ستانداردە لاوەکان وەکوو باسک، کاتالۆنیایی، کوردی بۆیە پێی دەڵێم زمانی ستانداردی گەنج. باسی هەندێک جیاوازیم کرد لەوانە. جیاوازییەکی زۆر گەورەی دیکە کە پێم وا نییە تا ئێستا باسم کرد بێ، هەر چەند  تا ئێستا ئەوانی دیکە تا ئێستا باسم کردوون ئەوەیە کە ستانداردە مۆدێرنەکان هاوتەریبی خۆیان نەبوو لە کۆمەڵگەی خۆیان دا.  کاتێک ئینگلیزییەکان تەمایان گرت ئینگلیزی بکەنە ڕەسمی لاتین هەبوو، بەڵام لاتین زمانی کلیسا بوو، زمانی پادشا بوو بۆ نووسین و شت، زمانی قسەکردنی پادشاکەش نەبوو. ئی کاتالۆنییەکان، ئی باسکەکان، هی کوردەکان وا نییە. کورد کە ویستوویەتی زمانی خۆی ستاندارد بکا  عەڕەبیش لەوێ بووە، فارسیش لەوێ بووە، تورکی لەوێ بوو کە ستاندارد کراون، ڕەقیبیان بووە کە وا بوو کێشەکە لە ناو خۆت نییە کە چەند شێوەزار هەیە بەڵکوو ڕەقیبێکی بەهێزی دیکە لەوێ هەیە.
ژاپۆنییەکان یەک ستانداردیان هەیە، رووسەکانیش هەر وا، کورەییەکانیش هەر وا، ئەوانەی چەند فرە ناوەندیان پێ دەڵێین ئینگلیزی یە، ئینگلیزیی ئینگلیستانی، ئینگلیزیی ئەمریکی، ئینگلیزیی کەنەدی، ئەم ڕۆژانە ئێمە دەڵێنن ئینگلیزیی هیندی، ئینگلیزی سینگاپۆری بۆیە لە بواری من دا زۆر کەم وا هەیە ئێمە لە بەشی خۆمان دا بڵێین ئینگلیزی دەڵێین ئینگلیزییەکان چونکە چەند ئینگلیزیمان هەیە. ئەڵمانیش هەر وایە، ستانداردی ئاڵمانی جیاوازی هەیە، ڕەنگە جیاوازییەکان زۆر سەیر نەبن لە یەکتر تێ نەگەن بەڵام جیاوازی هەیە، ئاڵمانی ئوتریشی قامووسی خۆی هەیە. یەکەم قامووسی ئاڵمانیی  ئوتریشی ١٩٥٢ چاپ بووە. ئاڵمانی ستانداردی سویسرا جیاوازی هەیە. زمانە بێ دەوڵەتەکانیش وەکوو باسم کرد زمانی کاتالۆنەکان فرە ناوەندن چەند ستانداردیان هەیە.
یەک ستانداردی، کاتم نییە بەڵام دوایە ڕەنگە لە قسە کردن دا بێتە پێشێ یەک بەرهەمی زۆر زۆر خراپی هەیە هەمووش ئەویان هەبووە، زمانی خەڵکی دیکەیان پەراوێز خستووە تەنانەت تواندوویاننەوە، لە ناویان بردوون بۆ هەمیشە. کە زمانێکیش ڕۆیشت، کولتوورێک دەڕوا. تەنیا کەیسێکی ناوازە وڵاتە فێدڕالییەکانن کە ئەوانیش  هێندە لە مێژە نییە بەوە گەیشتن کە نابێ ئەو کارە بکەن و پێویستە بۆ وێنە لە بێلژیک سێ زمان ڕەسمی بێ. لە سویسرا چوار، هەڵبەت ئەو لە کۆنەوە وا بووە بەڵام بێلژیک تازەیە، یان نۆڕوێژ دوو دانە بێ، کانادا دوو، باشووری ئەفریقا یازدە، هیندووستان بۆ سەرەوەی بیست. نموونەی پۆلینۆمیکیشمان هەیە  کە باسمان کرد بۆ وێنە ساردینییەکان، کۆرسیکایەکان دەڵێن ئێمە نە زمانمان هەیە، نە زاراوەمان هەیە هەرکەسە بە شێوەزاری خۆی بێتە مەکتەب سەر سەران و سەر چاوان ئێمە جێ بەجێی دەکەین. تەنانەت پێت خۆشە بە کامیان تاقیکاری بنووسی جێ بە جێی دەکەین. بەڵام لێرە کێشەیەک دنێتە گۆڕێ کۆرسیکا داوای سەربەخۆیی نەکردووە، ئەو داوای نەتەوە بوون و ئەوە لە نێو ئەواندا کەمترە دەبێ ئینسان ئەوەشی لە بەر چاو بێ. ئیرلەندیش هەر وایە، ئیرلەندیش شێوەزارێکی ستانداردی زەقی نییە.
لێرە قسەکانم دێڵمەوە بۆ دوایە، بەڵام ئەگەر دوکتور ڕێگام بدەی شتێک لێرە تەواوی بکەم . ستانداد کردن تەواو نابێت، پڕۆسەیەکە درێژەی دەبێت هەموومان تێیدا بەشدارین. زۆر جار گوێم لێ دەبێ تاوانی ئاکادێمییە. من پێم وایە ئاکادێمی لە ٢٠١١ رێنماییەکی دەر دا، چاپ کرد کە بۆ وێنە دەڵێی ئاشتی و نازدار  واوەکە بە ئاشتییەوە مەنووسێنە. ئەمە ئامرازی پێوەندی گرتنە دەبێ جیاواز بێ، لە ئینگلیزی دا وایە لە فارسی دا وایە لە هەموو زمانێ دا وایە. بەڵام تۆ ئێستاش هەر دوو پێت کردووەتە ناو پێڵاوێکەوە نەخێر کاتێک قسە دەکەم ئەمن دەڵێم ئاشتیو نازدار. نا زمانی نووسین وەکی عەرزم کردن زمانی قسە کردن ئێمە وەری دەگرین بێ ئەوەی کە بۆخۆمان بزانین، زمانی نووسین ئێمە فێری دەبین. ئەمە زمانێکی دیکەیە، تێکنۆلۆژییەکە ئاکادێمی وای کوتووە، با ئەوانیش وا بکەن. ڕێسای نووسین و خاڵبەندی با پرس بە یەکتر بکەین، چەند کەس پێیدا بێنەوە، بەڵام ئەو کەسانەی پێی دا دێنەوە  ئەوە نەبێ کە فڵانکەس دۆستمە و دەستە خوشکمە و دەستە برادەرمە، وەڵاهی با مایەیەکی بۆ دانێم.
نا وەکوو ئەوڕووپا مەفرووزە، پێویستە هیچ کات نەزانی کێ بە وتارەکەی تۆ دا هاتبووەوە، لەوێ ئاوایە. بۆیە ڕەحم ناکەن، بۆیەئینگلیزی گەیشتووەتە ئەو ڕۆژە کە ئێستا تێی دایە. ١٩٢٠ ئەوە قسەی من نییە قسەی ئینگلیزییەکانە، تەنانەت ١٩٣٥ تۆ لە ئورووپا لە هەر کەست پرسیبا ئایا دە ساڵی تر زمانی زانست و پێشکەوتن چ دەبێ چی پێ دەکوتی؟ ئینگلیزی؟  نا. [دەیانگوت،] ئاڵمانی؛ ئەگەر نا، فەڕانسەیی. [ئەو کاتە] ئینگلیزی تۆزی نەدەشکاندن. ئینگلیزی لە شەڕی دووەمی جیهانی کە ئەمریکا سەرکەوت بوو بەم ئینگلیزییە.  پاشانیش بە جیدی بوونی خۆیان، بە جیدی بوونی نووسینیان، بە جیدی بوونی هەڵسەنگاندنی نووسینی یەکتر [ئەو زمانە بوو بە ئەم ئینگلیزییەی ئێستا]. لێرە ڕای دەگرم هەتا دوایە. زۆر زۆر سپاس، مەمنوون. سەرم ئێشاندن.

وڵامی تێبینی و پرسیارەکان لە لایەن پڕۆفێسۆر جەعفەر شێخەلیسلامی موکرییەوە
* پرسیار زۆر کرا. دۆستێک باسی مامۆستا جەماڵ نەبەزی کرد. مامۆستا جەماڵ نەبەز ئەوانەی کە ئاگاداری زمانی کوردی بن هەموو دەیناسن، بەڵام ئێمە لێرە دانەنیشتووین یەک بە یەک ناوی هەموو بەڕێزان بێنین دەنا خۆ ئەگەر بڕیار ئەوە بوایە دەبوا سەتا پەنجای قسەکانی ئێمە لەسەر یەکێکی تریش بوایە. تۆفیق وەهبی. بە بێ وەهبی، بە بێ کتێبەکەی ١٩٢١، ١٩٢٩، ١٩٣٣ بە بێ ئەوانە لەوانە بوو مامۆستا جەماڵ نەبەزیش ڕووی لە زمانی کوردی نەکرد با. بەڵام کوا ناوی مامۆستا تۆفیق وەهبیمان هێنا؟
کاتی ئەوە نییە، دەنا ئێمە زۆر ڕێزمان بۆ مامۆستا جەماڵ نەبەز هەیە. جا جەنابت شتێکی دیکەشت نەکوت سەبارەت بە مامۆستا جەماڵ نەبەز، نە تەنیا ئەوەی کە یەکەم کەس بوو کە وشە ذاڕشت بۆ فیزیا کە بواری خۆی بوو، بەڵکوو یەکەم کەسیش بوو کە هەوڵی دا کورمانجی و سۆرانی موتوربە بکا، سوڕمانجی دروست کرد. یانی ئێمە ئەوەی دەزانین. زۆر باشیشی دەناسین بۆخۆم بە شەخسە زۆر زۆر ئیحتیڕامیشم بۆی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوە ناوی بەڕێز دوکتور حەسەنپوورم هێنا چونکە ئەو لایەنی دیکەی موناقەشەکە بوو. ئەو ئەودەمی کوتوویە کوردی جووت ستانداردە.
*کاک زمناکۆ، ئەوشتانەی ئەمن لەبیرمە، بەرەو ڕووی من کرانەوە بە ماوەتان! ئایا هەم بە  لاتین فێر بین بنووسین، هەم بە ڕێنووسی تر بۆ نا؟ ژاپۆنییەکان سێ ڕێنووس فێر دەبن. هەموو منداڵێکی یابانی دەبێ سێ ڕێنووس فێر بێ، بەدڵی خۆی نییە. زۆریش زەحمەتە بەڵام هەر ئەوەش بە پێی چەند لێکۆڵینەوە فێری دیسیپلینیان دەکا. فێریان دەکا کە شتی نوێ فێر بن، فێریان دەکا کە داهێنانیان هەبێ، فێریان دەکا کە نەپرینگێنەوە لە شتێکی کە نامۆیە. ئەمە لە تەواوی ژیانیان دا یارمەتییان دەدا.
ئەوەی کە هەر دوو زاراوە فێر بن ماوەتەوە سەر ئیمکانییات. لەوانەیە یەکێکی کە لە حەریرە، کێ بوو باسی عەلی حەریری کرد، یەکێکی کە لە حەریرە چونکە لەو ناوچەیە بادینیشی گوێ لێ دەبێ بۆخۆشی ڕەنگە سۆرانی بێ یا کوردیی ناوەندی بێ وەکی ئەتۆ کوتت بۆی ئاسانتر بێ هەر دووکیان باش فێر بێ، بەڵام یەکێک لە سڵیمانی بێ لەوانەیە بۆی زەحمەتتر بێ، ئەو دەم پێویست ناکا بە ڕاستی؛ خۆ زۆر باش دەبێ ئەگەر بە بادینیش بتوانێ قسە بکا، بەڵام لانی کەم بتوانێ دەقێکی بادینی بخوێنێتەوە کە سبەینێ ئەگەر بوو بە خوێندکاری دوکتور فەرەنگیس [قادری] کوتی من لە سەر ئەدەبی کوردی کار دەکەم  ئاوڕێک لە دوو نووسەر و شاعیری بادینیش بداتەوە. مەبەست ئەوەیە نەک ئەوەی وەکوو بولبول قسە بکا.
* دوکتور کەیوان وابزانم فەرمووی ئەو هەموو زاراوەیی و فرە ڕێنووسییە هەیە چۆن دەبێ بە یەک ستاندارد. وا بزانم  هەر سێکمان [ مەبەستی لە دوو پانێلیستەکەی ترە] باسی ئەوەمان کرد کە نابێ، لانی کەم ئێستا نابێ. بەڵام ئایا ئەگەر هیممەتێکی سیاسی هەبێ، سبەینێ ئاڵوگۆڕێکی جیهانی بێتە گۆڕێ بڵێن کوردەکان وڵاتی خۆیان هەبێ لەوانەیە نازانین چونکە شتی وا هەبووە. هەبووە لە دنیا دا زمان یەک بوون وەکوو کاتالۆنیا، کاتالۆنیایەکان ئێستا لەگەڵ ڤالێنسیا جیرانن بەڵام دوو دانە شێوەزاری کاتالۆنیان هەیە بەڵام  ئەوانە سەر دەمایەک لە یەک پادشایی دا بوون، لە یەک ئیمپراتووری دا بوون بەڵام دوایە وردە وردە لێک جیا بوونەوە ئێستا یەکیان سەربەخۆیی دەوێ، یەکیان پێی خۆشە لەگەڵ ئێسپانیایە، زمانیشیان هەر دووکیان لە فێرگە هەیە بەڵام  جیاوازیان کردووەتەوە. سەربۆکرۆوەیشییەکان، پەنجا ساڵ یەک زمان هەبوو، یوگۆسڵاڤیا یەک زمانی هەبوو سەربۆکرۆوەیشن. لەگەڵ ئەوەی یوگوسڵاویا تێک چوو بوو بە چوار زمان. ئەمانە لەوانەیە بقەومێ.
* بەڵام لێرە ئەگەر ڕێگا بدەن شتێکی گرینگ هەیە بە ڕاستی. تۆمار دەکرێ یان ناکرێ گوێم لێ نییە. منیش تا ڕادەیەک لەگەڵ ئەوە دام بەڵام نەک بەو فشارە. بۆ؟ ئێستا ئێمە کتێبێکمان دەردەچێ " بەردەستە کتێبی ئاکسفۆرد بۆ زمانناسیی کوردی" نزیکەی ٦٠٠ لاپەڕەی ئینگلیزی وردە، نزیکە ٤٠ پرۆفێسۆر و دوکتورتێیاندا نووسیوە بەڵام هەتا ئێمە ئەو ٤٠ کەسەمان پەیدا کرد کە ئەو وتار بە وتارە بنووسن قیر سپی بوو. بۆ؟ زۆر مامۆستا ئیستا  ناو ناهێنم دەیان ناسن لێرە، زمانەوانی یەکجار ناوازە و باشن بەڵام ناتوانن دوو لاپەڕە بە ئینگلیزی بنووسن ئێستا لەوانەیە بڵێن نا وا نییە. نا وایە! ئینگلیزی نووسین دنیایەکی دیکەیە، کولتوورێکی دیکەیە، ژانرایەکی دیکەیە. ئینگلیزی نووسین ئەوە نییە بەس وشە و ڕێزمانی ئینگلیزی بزانی. لەوانەیە ئێستا هێندێک لە ئێوە، منیش چونکە منیش وەکوو زمانی دووەم، سێیەم، چوارەم فێری ئینگلیزی بووم. لەوانەیە من لە کەنەدییەک، هاوکاری خۆم هەیە، لەو زۆر باشتر ڕێزمانی ئینگلیسی شەرح دەکەم، بەڵام کە دێتە نووسین زمانی خۆیەتی. بە ڕاستی گاڵتە نییە. وای دابنێ ئێستا بۆ وێنە هەموومان بڕێک بادینی دەزانین بزانە داوات لێ بکەن دوو لاپەڕە بە سۆرانی بنووسی ئاسانترە و زیاتر لە خۆت ڕادەبینی یا بە بادینی. تەبعەن بە سۆرانییەکە.
ئینگلیزییەکەش ئاوایە، بەداخەوە ئینگلیزی بمانهەوێ و نەمانهەوێ زمانێکی نێونەتەوەیی یەکە ئینگلیزیت نەبێ لە زانستا ڕێگات نییە، لە فڕۆکەوانی دا ڕێگات نییە، لە پزشکی دا ڕێگات نییە، ئەوە کە هیچ تەنانەت لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش دا نات ناسن، بەڵام شتێکی کە ئەمن هەموو جارێ دێمەوە ئەو هەرێمی کوردستانە دەیڵێم، هیچ کوێ لەو دنیایە من نەمبیستووە بڵێ ئەمەت دەوێ یان ئەوەت دەوێ؟ پرسیارەکە غەڵەتە، پرسیارەکە هەڵەیە ئەمە یان ئەوە. نا هەر دوو، بەڵام چۆن هەر دوو، کوردی دەبێ زمانی یەکەم بێ کە فێری منداڵەکە بکرێ بۆ؟ بە هەزاران لێکۆڵینەوە نێشانی داوە هەرکەس حەز دەکا من دووسەد سەرچاوەی بۆ دەنێرم، کە دەڵێ ئەو منداڵانەی بە زمانی دایکی باش فێری خوێبدەواری دەبن زیرەکترن، زیرەکتر دەبن دوایە هەر چەند زمانی دیکە  کە بتهەوێ دەتوانن فێر بن. بە تایبەت ئەو کەسانەی کە دەیکەنە زمانی دووهەم. لە ئێران، لە ڕۆژهەڵات چەند لێکۆڵینەوە کراوە منداڵی کرماشانی کە بەس فارسی دەزانێ و منداڵی کرماشانی کە کەلهوڕی دەزانێ و فارسیش دەزانێ، بڕۆن چاو لە تێزەکەی دوکتور هیوا وەیسی بکەن چەند تیتریش هاتوونە دەرێ. تاقیکاری ئینگلیزیان داوە ئەوانەی کە کەلهوڕی و فارسی دەزانن لە ئینگلیزی هێنانەوە دا باشتر بوون لەوانەی کە بەس فارسیان زانیوە، دایک و بابەکەیان بەس بە فارسی قسەیان لەگەڵ کردوون.      

 

وتوێژێکی کورتی کوردسات مەگەزین لەگەڵ پڕۆفێسۆر جەعفەر شێخەلیسلامی موکری
دووشەمە ١-ی سێپتامبری ٢٠٢٥

ڕەوەند لە کورد سات مەگەزین: دوکتور جەعفەر سپاس بۆ ئامادە بوونت، سەرەتا لە ناونیشانی دەسپێکی دیبەیتەکەوە دەست پێ بکەین کە بەشی یەکەم لای بەڕێزت بوو بە ناونیشانی :" زمانی ستاندارد لە کوردستان و لێکدانەوەیەکی سەردەمیانەی زمانەوانی کۆمەڵایەتی" باسێکی بەشی یەکەمی دیبەتیەکەمان بۆ بکەیت،
شێخەلیسلامی موکری: بەچاوان. من باسی ئەوەم کرد کە بە پێچەوانەی زۆر کەسان، تەنانەت چەند ڤیدێئۆ کە هەر ڤیم ئامادەی کرد بوو بۆ بانگەشە کردن بۆ ئەو پڕۆگرامە، کە خەمی ئەمەیانە ئێمە زمانی ستانداردمان نییە، من دەڵێم هەر ئەوەی ئێستا  ئێوە قسەتان پێ کرد، کورد سات پێوەی بەڕێوە دەچێ، ئەوە زمانی ستانداردی کوردیی ناوەندی پێ دەڵێن. ئەمە لە " شێعرەکانم کە جگەر گۆشی منن دەربەدەرن/ دڵی نالی چ ڕەقە قەت غەمی فرزەندی نییە " لەو کاتەوە دەستی پێ کردووە، ڕەنگە پێش نالیش. بەڵام تێگەیشتنێکی ناتەواو هەیە ئەگەر  غیرەتم هەبێ بیڵێم  کە گۆیا ستاندارد بوون ئەوەیە قۆناغێکە ئەگەر پێی بگەی ئیتر تەواو بێ و ڕاوەستی.
نا، ئەمن وانەی زمانی ستاندارد، وانەی زمانناسیی کۆمەڵایەتی، وانەی سیاسەتی زمانی دەڵێمەوە لە کانادا، ئەوە زیاتر لە بیست ساڵە، ئێمە باش دەزانین، ستاندارد بوون بۆ هیچ نەتەوەیەک، ئاڵمانییەکان تازە ١٩٩٥ ڕێنووسیان ڕێفۆرم کرد، تەواو نابێ.کە دەستت [کرد بە ستانداردکردنی زمان] درێژەی دەبێ. من باسی ئەوەم کرد کە ئێمە لانی کەم ئێستا دوو ستانداردمان هەیە، با بڵێین لە کوردستانی گەورەدا. کورمانجی و کوردیی ناوەندی. بەڵام لە هەرێمی کوردستانیش ئێستا بادینان ستانداردی خۆی هەیە. چۆن دەزانی ستانداردی خۆی هەیە؟ بەو زمانە کارگێڕی دەکرێت، واتە، کارگێڕیی حکوومی؛ پەروەردە بەڕێوە دەچێت و، میدیا بەو زمانە هەیە، تابڵۆکانی سەر شەقام لە دهۆک بە شێوەزاری خۆیانن، لێرە [ سلێمانی] بە شێوەزاری کوردیی ناوەندی یە. کە وابوو [شێوەزاری ستاندارد] هەیە. بەڵام ئەوەی کە ئێمە بڵێین، نا زمانی ستاندارد ئەوەیە کە ڕەسمی بێ و بەس یەک زمان و یەک نەتەوە بێ، بە ڕای من، ئەمە فکری ئاتاتورک بوو، ئەمە فکری ڕەزاخانی ئێران بوو کە کورد بۆخۆی قوربانی ئەمە بووە. بە ڕای من کورد نابێ بڕوای بە شتی وا بێ. کورد دەتوانێ چاوی لە نۆڕوێژ بێ، نۆروێژێکی کە دوو شێوەزاری ستانداردی هەیە، کە لە ڕاستیدا دوو دیالێکتن، دوو دیالێکتی زمانێکن، زۆر لێک نزیکن، بەڵام هەر دووکیان بەرانبەرن، ڕەسمین، ڕێزیان لێ دەگیرێ، پەرەیان پێ دەدرێ. کورد دەتوانێ چاو لە بێلژیک بکا کە سێ زمانی ڕەسمی هەیە؛ چاو لە سویسرا بکا، سەقامگیرترین دێمۆکراسی لە سەر ئەم سەرزەمینە یە و چوار زمانی [فەرمی] هەیە؛ ئەفریقای باشووری یازدەی هەیە. هیندووستان زیاتر لە بیست زمانی ڕەسمی هەیە. ئێمە دەتوانین لەمانە فێر بین، چونکە بۆمان دەرکەوتووە: ئەو کۆمەڵگایانەی کە ڕێزی زمانی یەکتر و کولتووری یەکتر دەگرن تەبایییان زۆرتر تێدایە. دەتوانن نەتەوەی بەهێزتر بن لەسەر دەمی ئێستای بە جیهانی بوون دا. ئەگەر بەوەندە کۆتایی بێنم: سەردەمانێک کە ئینگلیزی، تەنانەت توورکی، فارسی بوون بە زمانی ڕەسمی، ئەو وشیاریی نەتەوەیی و ئێتنیکی و زمانییە نەبوو کە ئێستا هەیە. ئێستا ناتوانی بە ئاسانی و بە سانایی زمانێک داسەپێنی چونکە ئینستاگرام بە دنیا دا بڵاوی دەکاتەوە. ببوورە.
ڕەوەند: باشە دوکتور بەشی دووەمی دیبەیتەکە لای دوکتور نەجمەدین جەباری بوو لە سەرەتای گفتوگۆیەکەی دا باسی لەوە کرد کە ئێمە لەباتی زمانێکی ستانداردی کوردی دوو زمانی ستانداردی کوردیمان هەیە. ئەو باسی لەوە کرد باشە. کە دوو زمانی ستاندادی کوردیمان هەیە هەر خۆشی باسی لەوە کرد کە هەتا ئێستا توانیومانە پارێزگاری لە زمانی کوردی بکەین بەڵام لە ئێستایا زمانی کوردی لە مەترسی دایە. بەڕێزتان چۆن جوابی ئەدەنەوە؟
شێخەلیسلامی موکری: زمانی کوردی لە باشووری کوردستان ئەمن پێم وا نییە مەترسی لەسەر بێ. ئێمە دەبێ بڕێک وشیار بین لە بەکارهێنانی ئەم وشانە.
ڕەوەند: لە باشووری کوردستان پێت وا نییە مەترسی لە سەر بێ.
شێخەلیسلامی موکری: ئێمە لە زمانناسیی کۆمەڵایەتی دا پێوانەمان هەیە. ئێستا ئەوە نزیکەی ٧٠ ساڵە زمانەوانانی ڕۆژئاوایی بە تایبەت سەرنجیان داوەتە سەر زمانە خۆجێیەکانی کە سەردەمانێک بۆخۆیان  فەوتاندیانن ئوڕووپاییەکان ئێستا دەیان بووژێننەوە. ئێمە پێوانەمان هەیە کە بزانین ئەو زمانە لە پەروەردە دا هەیە؟ ئایا ڕەسمییە؟ ئایا لە بازار کەلکی لێ وەردەگیرێ؟ لە کام بوار، لە پەرستگە، لە بازار، لە بیزنس،  لە فڕۆکەخانە. لە کام بوارەکان دا کەلکی لێ وەردەگیرێ، کەلکی لێ وەرناگیرێ؟ خەڵکەکە چەندە ڕێزی لێ دەگەرێ هەموو ئەمانە. ئایا کەموکورتی هەیە، ئالنگاری هەیە؟ سەتاسەت هەیە. من زۆرم پێ ناخۆشە [کە ئێستا خەریکم شتێک بڵێم]، داوای لێبوردوویی دەکەم. کورد دەڵێ: "ئەسپی پێشکێشی ددانی نا ژمێرێن". بەڵام کەس بە دڵی نەگرێ کە میوانداریم لێ دەکرێ، کە دێمەوە ئەو کوردستانە عەزیزە، کە هەموو چەندە بە مێهر و بە محەبەت و دڵئاوان؛ بەڵام کە دەچمە هۆتێلێک و زمانی کوردی نابینم، جەرگم ئێش دەکا. لە کوبێکی کانادا، تۆ ناتوانی ئەمە بکەی. هۆتێلەکەت پێ دادەخەن.
ڕەوەند: دوکتور ئەوە مەترسییەکە نییە؟
شێخەلیسلامی موکری: مەترسی نا، بەڵام ئەگەر هەر وا درێژەی هەبێ [مەترسی دەبێ]،  چونکە با یەک شتیشت عەرز کەم؛ هەموو جارێ کە دێمەوە باشتر دەبێ؛ هەموو جارێ کە دێمەوە باشتر دەبێ و پێم وایە ئەو پڕۆگرامانەی ئێوە، ئەوەی کە ڤیم کردوویە،  ئەمانە کاریگەری خۆیان دەبێ. ئەو جۆرە تەئسیرانە، ئەو جۆرە کاریگەریانە بە شەوێک ناکرێ؛ وردە وردە دەکرێن. بەڵام ئەگەر پشوو درێژ بین و کۆڵ نەدەین بە ڕای من باشتریش دەبێ.
.... ئێستاش بڕۆ مەحکەمەیەکی ئینگلتەرە وشە لاتین و فەڕانسەییەکان دەرباوێی ئینگلیزی بۆ وەی نابێ ئیشی پێ بکەی. ناتوانی، ناتوانی سەتا پەنجای ئینگلیسی وشەی فەڕانسەیی، لاتین و یۆنانی یە.
ڕەوەند: دوکتور کە واتە ئێمە ئەزموونی وڵاتانی ترمان هەیە بەم هەنگاوانەی ئێمەیا تێپەڕیون.
شێخەلیسلامی موکری: بەڵێ
ڕەوەند: ئەتوانین سوود لەو ئەزموونانە وەربگرین؟
شێخەلیسلامی موکری: بەڵێ بیزەبت، ئەوڕۆ من ئەگەر گوێتان لێ بووبێ.
پێشکێشکاران: بەڵێ ئێمە لەوێ بووین
شێخەلیسلامی موکری: دوکتور هەرێمیش لەوێ بوو، ئەمن زۆر کەم باسی کورد و کوردستانم کرد، چون ئەوانەشم زۆر کردووە؛ بەڵام دوێنێ شەو قەرارمان دا کە زۆرتر دوکتور فەرەنگیس و دوکتور جەبار باسی زمانی کوردی و کوردستان بکەن.
ڕەوەند: نموونەی چەند وڵاتێکت هێنایەوە.
شێخەلیسلامی موکری: بەڵێ، هێندێک نموونەم هێنایەوە، هێندێک تیۆری ستاندارد بوون و ئەمانە. شتێکی کە دوکتور هەرێم گوتی زۆر گرینگە بە ڕاستی. زمان دەگۆڕدرێ، هەم زمانی قسە کردن، هەم زمانی نووسینمان. لەبەر ئەوەیە کە ستاندارد بوون پڕۆسەیەکە قەت ڕاناوەستێ چونکە زمانەکە ڕاناوەستێ. ناتوانی بڵێی زمانەکە بە قوربانت بم تۆ لێرە ڕاوەستە با من ستانداردت بکەم و ئیشم تەواو بێ. نا. زمانەکە پەیتا پەیتا لە گۆڕاندا یە. ئێستا من لە هاوشاری خۆتان بیستوومە، دوایە بەدواداچوونیشم بۆ کردووە، (ئێستا لەوانەیە کەس بڕوام پێ نەکا بەڵام) "وانێ"، وەکوو دێمە وانێ، دەخۆمەوانێ، دەچمەوانێ، ئێستا بووەتە تایبەتمەندییەکی سولەیمانی. کەچی وا نەبووە؛ لە شارباژێڕەوە هاتووە. ئەوە من هیچ شکم نییە، بە دواداچوونم بۆ کردووە، هەرچەند هێشتا تەواو نەبووە لێکۆڵینەوەکە.  لە شارباژێڕەوە هاتووە، بەڵام ئێستا بووەتە نیشانەی سولەیمانی بوون. زمان دەگۆڕێ.مەبەست ئەوەیە زمان دەگۆڕدرێ، هەندێک جار لە بواری من دا شتێکی پێ دەڵێن بە پێچەوانەی ستاندارد بوون، نا ستاندارد بوون، یا دژە ستاندارد بوون، یەکی دیکەشمان هەیە بە خەڵکی بوون (دێمۆتایزەیشن Demotization) یانی کاتێک کە دەبینی شتێک ئی گۆشەیەکە یان تەنانەت ئی چینێکی بەلاوەی کۆمەڵگەیە لە نەکاو دەبینی دەبێتە زمانی پرێستیژ. جا ئەوە کاتی خۆی بۆ مەلەکەی ئینگلیس وا بوو. مەلەکەی ئینگلیس نزیکەی بیست ساڵێک بەر لەوەی کە کۆچی دوایی بکا دەستی پێکرد جار و بار لە قسان دا جۆرێکی قسە دەکرد کە وەکوو شەقامی لەندەن بوو کە هێندێک کەس زۆریان پێ سەیر بوو، پێشیان ناخۆش بوو، ئەوانەی چاوەدێری بەسەرشێوەی قسەکردنی مەلەکەی ئینگلیس دا دەکەن. ئەخر ئەو شتانە هەمووی چاوەدێری دەکرێ. وا بوو پێی نەوێران.  کوتی:  من پێم خۆشە وەک خەڵکەکەم قسە بکەم. کە ئەوە بوو بە ستاندارد.
ڕەوەند کوردسات مەگەزین: هیوادارین زمانی شیرینی کوردی هەر بمێنێت و هەمیشە لە گەشەسەندا بێت.

شێخەلیسلامی موکری
: هەر شیرین دەمێنێتەوە و هەر بەرەو پێش دەچێ بەو مەرجەی کە ئاوا کۆڵ نەدەین   

Wednesday, September 3, 2025

چاوپێکەوتنی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد مەحموود باکسی لەگەڵ سەرۆکوەزیر و ڕێبەری پارتیی سۆسیاڵ دێمۆکڕاتی سوێد ئولۆف پاڵمێ.

 

                                     وێنە: ئێلین کلاسۆن

ڕۆژنامەی سوێدی ئافتۆن بلادت

سیشەمە ١٢-ی ئاگوستی  ١٩٨٠

چاوپێکەوتنی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد مەحموود باکسی لەگەڵ سەرۆکوەزیر و ڕێبەری پارتیی سۆسیاڵ دێمۆکڕاتی سوێد ئولۆف پاڵمێ.

ئولۆف پاڵمێ ئەتۆ چ دەکەی بۆ ئەوەی یارمەتی ئێمەی کورد بدەی؟ 

ئولۆف پاڵمی لەم وتوێژە دا لەگەڵ مەحموود باکسی و ئێلین کالسۆن  دەڵێ  نزیکەی٢٠ میلیۆن کورد لە ئێران، عێراق، توکیا و سووریا هەن، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕوانگەی سیاسییەوە ئاستەمە بۆیان بلوێ بگەنە سەربەخۆیی نەتەوەیی.

مەحموود باکسی خۆی کوردە و لە سوێد وەک ڕۆژنامەوان و نووسەر کار دەکا 

* ئێوە ئەمساڵ لە ٢٦-ی مانگی مەی لە تاران دیدارتان هەبوو لەگەڵ سەرکۆماری ئێران بەنی سەدر. لەو دیدارە دا سەرۆکوزیری ئوتریش برونوو کڕایسکی و ڕێبەری سۆسیالیستی ئێسپانیا فیلیپێ گۆنزالێسیش ئامادە بوون. لەو کاتە دا ئەرتەشی ئێران هەر وەک ئیستا دژی کوردەکان کە داوخوازی " خودموختاری بۆ کوردستان و دێمۆکڕاسی بۆ ئێران " دەکەن، شەڕی دەکرد. لە ١١-ی مانگی ژوەن ئێوە لێرە لە سوێد چاوتان بە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران قوتبزادە کەوت. گەلۆ ئێوە چبڕ باسی دۆزی کوردتان لەگەڵ ئەو سیاسەتمەدارانەی ئێران کردووە؟

ئولۆف پاڵمێ:  -- ئامانجی ئێمە لە سەفەرمان بۆ ئێران بە دەرەجەی یەکەم ئەوە بوو زانیاری خۆمان سەبارەت بە شۆڕشی ئیران باشتر بکەین. بە باوەڕی ئێمە ئەو شۆڕشە مەشڕووعییەتێکی ئەخلاقی هەبوو لە خەباتی خۆی دا بە دژی زولم و زۆری شا و هەر وەها ئاواتی سەربەخۆیی لەئاست هێزە زلەکان، بە دەرەجەی یەکەم دژی زاڵبوونی ئەمریکا، کە هەتا بڵیی بەهێز بوو. ئێمە هەر وەها پێمان وایە ڕێگە چارەسەری بۆ ڕەواندنەوەی قەیرانی نێوان ئێران و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەر لەهەموان چارەنووسی ئەو ئەمریکاییانەی ئێران بە بارمنەی گرتوون دیالۆگە.

    -لە ماوەی سەردانمان لە ئیران و تەنانەت لێرە لە سوێد لە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ئێمە چەندین جار دۆزی کوردمان هێنایە گۆڕێ بۆ ئەوەی دای بگرینەوە لە دنیای دەرەوە نیگەرانی هەیە سەبارەت بەوەی بەسەر کوردەکان دێ.

* پارتیی سۆسیال دێمۆکراتی سوید بارودۆخی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبینێ، ئێستا بەسەریەکەوە زیاتر لە بیست میلیۆن کورد لە تورکیا، عێڕاق، ئێران و سووریا دەژین و لە مافی کولتووری، سیاسی و مرۆڤی بێ بەشن.

مەشرووعیەتی نەتەوەیی

ئولۆف پاڵمی: -- ئێمە پێمان وایە کوردەکان مەشرووعیەتی نەتەوەییان هەیە، ئەویش مانای ئەوەیە دەبێ خودموختاریان بدرێتێ و ئەو خودموختاریەش دەبێ بەڕێگای موزاکەرە، واتە بە ڕیگای ئاشتییانە وەدی بێ.

     ئەو بارودۆخەی ئێستای کوردەکان تێیدا دەژین هەر درێژەی سیاسەتەکانی شایە، کە لە سەر حیسابی کوردەکان لەگەڵ عێراق پێک هات.

- دیارە مرۆ دەبێ ددان بەو ڕاستیەش دا بێنێ لەبەر ئەوەی کوردەکان لە چوار وڵاتی جیاواز دا دەژین و لە هەر کامیان دا کەمایەتین لە وەزع و چلۆنایەییەکی زۆر دژوار دا دەژین. بۆیە مرۆ دەبێ لەگەڵ گەلی کورد و ئەو ئازارانەی دەیچێژێ هەستی هاودڵی هەبێ

-بەڵام لێرە ئەمن دەبێ لەگەڵتان بێ پێچ و پەنا قسە بکەم و بڵێم ئەمن بە شەخسە پێم وانییە لە ڕووی  سیاسییەوە هەڵسووڕی کە دەوڵەتێکی تایبەتی کورد دابمەزرێ. ئامانجێکی واقعی بوونی خودموختارییەکی  بەربڵاوە کە تێیدا مرۆ دەتوانی گەلی کورد سەرەڕای ئەوەی کە لە وڵاتی جیاواز دا دەژین، یەک بخا.

* ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست و هەر وەها پارتیی سۆسیال دێمۆکڕات دەستیان پێکردووە ببینن کە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە نابینێ و جێ بەجێ نابێ هەتاوەکوونێ بوونی دەوڵەتێکی خۆیی بۆ گەلی فەلەستین دەستەبەر نەکرێ. پێشتر ئێوە زۆر بە بوونی ئیسراییلەوە خەریک بوون . بۆچوونتان لە مەڕ مافی کوردەکان چییە بۆ ئەوەی وڵاتێکی لەمەڕ خۆیان هەبێ؟

   ئولۆف پاڵمێ: – ئەمن هەر ئێستا گوتم ئەمن باوەڕەم بە چ جۆرە دەوڵەتی کورد نییە. چارەسەری واقعی دەبێ هەبوونی خودموختاری کوردان بێ لە چوار چێوەی ئەو چوار وڵاتە دا. دیارە ئەمن چ بۆچوونێکی سەربەخۆم نییە گەلۆ کامە مۆدێل لە خودموختاری مۆدێلی هەرە باشە: ئەوەی کەهەنووکە لە ئێسپانیا بەرەو پێش دەبرێ بۆ کاتالۆنیا و وڵاتی باسک، یان ئەو سیستمەی کە ئێستا لە یوگسڵاوی هەیە.

- دیارە دەبێ ئەوە بڵێم من لە سەر ئەو باوەڕم دەبێ مافی نەتەوەیی کوردەکان بە ڕەسمی بناسرێ. مرۆ بێ و چوار پارچە لە چوار وڵاتی جیاواز بکاتەوە بۆ ئەوەی وڵاتێکی لێ ساز کا نا واقعی یە و بە بێ شەڕێکی کە لێکەوتەکانی زۆر نادیارە سەرناگرێ. جا بۆیە بە پێی بۆچوونی من ڕێگای هەرە واقعی ئەوەیە کە مافی نەتەوەیی کوردەکان لە چوارچێوەی ئەو چوار وڵاتانە دا بە ڕەسمی بناسرێ و خودموختارییەکی بەربڵاویان بدرێتێ. ئەوە دەبێ چارەسەری بێ.
خودموختاری لە چوار چێوەی ئەو چوار وڵاتە دا
- بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە کەس لە تورکیا ڕەخنەی نەیەتەوە سەری، تا ئەوجێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر بارودۆخی کورەدەکان.
*    بەڵام ئایا دەکرێ بە بە پارتییەک بگوترێ دێمۆکڕات، کە حاشا لە هەبوونی بە میلیۆنان ئینسان دەکا هەر لەبەر ئەوەی ئەوان کوردن؟  وەکوو تر پارتیی کۆماریخوازی گەل لە لایەن ئاتاتورکەوە دامەزرا و هێشتا ئەو ئێدێئۆلۆژییە ڕەگەزپەرستانەیەی هەیە کە ئاتاتورک گەڵالەی کرد.
ئولۆف پاڵمێ: -- ئاتاتورک لە مێژە لە ژیان دا نەماوە و لەو دەمییەوە پارتییەکە پێش کەوتووە و ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە.
*    ئەمڕۆ لە ئێران و عێڕاق داوخوازی کوردەکان بە زەبر و زەنگ و توند و تیژی  وڵام دەدرێتەوە. لە تورکیا ٣٠٠٠٠٠
(سێ سەد هەزار) عەسکەری ئەڕتەشی تورکیا لە بەشی تورکیای کوردستان مۆڵ دراون. ئایا ئێوە ئامادەنە پشتیوانی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردەکان بکەن لە کوردستان؟
ئولۆف پاڵمێ: --  ئێمە لەو ساڵانەی دواییدا هەستمان کردووە بەو بارودۆخە هەرە دژوارەی کە گەلی کورد تییدا دەژی و ئێستا هەتا دێ باری سەرنج وئینترێست بۆ ئەو دۆزە لە زیاد بوون دایە. چارەسەرییەکی ئاشتیانە پێویستە لە سەر بنەمای خودموختاری دابمەزرێ.
* کەوابێ ئێستا ئێوە پێتان وا نییە لە حاڵی حازر دا بکرێ دۆزی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان یان لە کۆنسەی ئوڕووپا دا بهێننە گۆڕێ؟
چارەسەری ئاشتیانە
ئولۆف پاڵمێ
: - نا ئێستا نا، بەڵام ئێمە کێشەکە دەشۆپێنین
  *  بیرو ڕای گشتی و ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست ڕەنگە بتوانن داخویانی بدەن و فشار بێنن بۆ هاتنە گۆڕی دۆزی گەلی کورد. ئێمە بە سەرکەوتنی ڤییێتنامییەکان بە سەر دەوڵەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا دا بۆمان دەرکەوت کە بیروڕای نێونەتەوەیی هەتا بڵێی کاریگەر و بە مانایە.
ئولۆف پاڵمێ: -- ئەوە ڕاستە، بەڵام کوردەکان هێشتا ئەو هەڵکەوتەیان نییە لە ئاستی جیهانی دا
 * پێتان وایە ئەوە لە بەر چی وایە؟
ئولۆف پاڵمێ: -- بە باوەڕی من لەبەر ئەوەیە کە کوردەکان لە وڵاتە جیاوازەکاندا کەمایەتین و ئەو چوار وڵاتە دەڵێن ئەوان کێشەکانی خۆیان لەگەڵ کوردەکان چارەسەر کردووە.
* بەڵام هەتا ئێستا چارەسەری ئەو چوار وڵاتانە بۆ دۆزی کورد تەنێ دەکار کردنی توند و تیژی بە دژی کوردەکان و دەسەڵاتی نیزامی بووە. بەو شێوەیە مرۆ ناتوانێ پرسی کورد چارەسەر بکا، دەنا وا نییە؟
ئولۆف پاڵمێ: -- نا، ئەمنیش پێم وا نییە ئاوا چارەسەر بکرێ. دەبێ چارەسەرێکی ئاشتیانە بدۆزرێتەوە.

وەرگێڕان لە سویدییەوە: حەسەن قازی

Tuesday, September 2, 2025

ناساندنی وەرگرتنی دوو پلەی بەرزی زانستی مێژوو و ئابووری لە ڕۆژنامەی کوردستانی چاپی باکۆ دا



   لە ڕاستەوە:سەید عەزیز شەمزینی،ڕەحیم قازی، عەلی گەلاوێژ
لە کۆتایی ساڵانی  ١٩٤٠ لە باکۆ 

ناساندنی وەرگرتنی دوو پلەی بەرزی زانستی مێژوو و ئابووری لە ڕۆژنامەی کوردستانی چاپی باکۆ دا  

ڕوژنامەی کوردستان لە ژمارەی  ٦٣ ( ١ ژانڤییەی ١٩٥٥) ، ژمارەی  ٣٦(١٦-ی ژووییەی ١٩٥٥)، و ژمارەی ٣٧ ( ٢٠ ژووییەی ١٩٥٥) دوو بابەتی سەبارەت بە وەرگرتنی پلەی زانستی ڕەحیم قازی لە بواری مێژوو و پلی زانستی عەلی گەلاوێژ لە بواری زانستی ئیقتساد( ئابووری) دا بڵاو کردووەتەوە. بابەتی یەکەم بە ئیمزای عەلی گەلاوێژە، بەڵام بابەتی لەمەر ناساندنی تێزی زانستی گەلاوێژ ئیمزای پێوە نییە، بەڵام وێدەچێ بە قەڵەمی ڕەحیم قازی بێ.
نووسەرانی کوردستان مانای ئەوتۆیان داوە بە هێندێک وشە کە لەوانەیە  پێشتر بەو مانایانە دەکار نەکرابن، بۆ وێنە هەڵکەوتوایەتی، بە پێچەوانە [ بە مانای بە دژ یان بەدژی] ، دەست ڕۆییشتوایەتی، بەربەرەکانی [ بە مانای خەبات]، چینی فەعلە [ چینی کرێکار]، بەزەیی یایانە و هێندێک وشە و پەیڤی دیکە.
بە چاوخشاندنێکی خێرا بە ژمارە بەردەستەکانی کوردستان دا مرۆ دەکرێ بڵێ دەستەی نووسەران هەوڵیان داوە لە ڕووی نووسینەوە جۆرەیەک لە هارمۆنی و یەک دەستی دە نووسینەکانی ڕۆژنامە یەک لاپەڕەییەکەیان دا هەبێ. لە خوارەوە سکانی سێ ژمارەی کوردستان کە ئەو دوو بابەتانەیان تێدا بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ نووسینەوەی بابەتەکان، بێ هیچ دەستێوەدانێک دەخوێننەوە.
حەسەن قازی
٢-سێپتامبری ٢٠٢٥ 
 

 


کوردستان
اورگانی حزبی دیموکراتی کوردستان
لە لایەن دەستەی نوسەران را دەردەچیت
ژمارەی ٦٣ ( ٧٠١) شەممو بەفرانبار ١١، ١٣٣٣

١ ژانویە ١٩٥٥
هەوەلین کاندیدی زانستی  ایمە                              
روژی ١٥-ی مانگی نوامبری سالی ١٩٥٤ هاوال رەحیم قاضی لە سەر مەبەستی " حزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرینەر و رەهبری بەربەرەکانی نەتەوەی کورد ( لە سالەکانی ١٩٤٦ – ١٩٤٥ دا) " اثری زانستی بە سەرکەوتنەوە مدافعە کرد و درجەی علمی کاندیدی زانستی میژوی وەدەست هینا.
    اثری زانستی هاوال قاضی و روناک کردنەوەی میژوی بەربەرەکانی نەتەوەی کورد و لیک دانەوەی ژیانی کومەلایەتی کوردستان گەلیک خاوەن اهمیتە. دەو اثرە دا گەلیک لە بەسەرهاتە میژوییەکانی وەلاتی ایمە و ماهیتی ئەوانە شرح دراوە و لە سەر دوژمنانی نەتەوەی کورد کە، هەول دەدەن لە موجودیت و حقوقی نەتەوایەتی کوردان حاشا بکەن پەردە لا براوە.
   اثری زانستی هاوال قاضی بیجگەلە مەبەستی بەربەرەکانی سالەکانی ١٩٤٥ – ١٩٤٦ لە میژوی بەربەرەکانی نەتەوەی کورد زور بە وردی روانیوە و نشانی داوە کە، بەربەرەکانی نەتەوەی کورد شتیکی نوی نەبو  و لە خورا نەهاتبووە گوری. بەلکە لە سەر اساسی پیداویستی ژیانی نەتەوەی کورد و بو پیک هینانی ئەو پیداویستانە هاتبووە گوری و وارثی تەواوی ئەو سنتە انقلابیانە بو کە، لە مەودای ژیانی چەند سال دا نەتەوەی  کورد بو وەدەست هینانی رزگاری و سەربەستی خۆی بریوەی بردووە.
   لەو اثرە دا ظلمی نەتەوایەتی کە، داگیرکەران نسبت بە نەتەوەی کورد بەریوەی دەبەن و بەرهەلستیک کە،  ئەو ظلمە بو سەرکوتی ژیانی نەتەوەی کورد پیکی دەهینی بە وردی راگەیاندراوە و لە سەر اساسی زانستی مارکسیستی اثبات کراوە کە، سیاستی زورداری و آسیمیلاسیون لە نیوان کوردان دا توشی شکستیکی زور گەورە بووە .کوششتی چەندین سالەی دوژمنان بو لە نیوان لابردنی ژیانی نەتەوایەتی و ژیان و میژوی کوردان  بە پوچ دەرچووە و نەتەوەی کورد ئەورو پتر لە هەمو کاتیک زیندو و حق خوازە.
   دەو اثرە زانستیە دا کە، ئەو هاوالەی ایمە مدافعەی کردووە خصوصیتی حزبی دیموکراتی کوردستان و هەر وەها اهمیتی میژوویی بزوتنەوەی ٢-ی ری بەندان و حکومتی نەتەوایەتی کوردستان بە دروستی راگەیاندراوە و نشان دراوە کە، بزوتنەوەی نەتەوەی کورد بە رهبری حزبی دیموکراتی کوردستان بزوتنەوەییکی ضدی ایمپریالیستی بو و بە پشتیوانی ناوچەی هیدیایەتی و دیموکراسی دنیا کە، ییکەتی مەزنی سویت سەروکی وی یە بەرەو پیش دەچو. ئەو بزوتنەوەیە لە بەر ئەوەی کە، بە پیچەوانەی دیسپوتیزمی ایران بو و هەرچەند کە، لە حکومتی نەتەوایەتی و حزبی دیموکراتی کوردستان دا گەلیک خاوەن ملکی گەورەش اشتراک یان دەکرد هەر وەها خاوەنی ماهیتی ضدی فئودالیش بو.
   هاوال قاضی توانیویەتی بە چاکی هەستی خوشەویستایەتی کوردان نسبت بە نەتەوەی مەزنی روس و هەر وەها نسبت بە خەلکەکانی ییکەتی سویت نشان بدات. لە اثرەکە دا نشان دراوە کە، بەر لە انقلابی مەزنی اوکتوبر نەتەوەی کورد بویە بە چاوی حرمت لە روسیەی دەروانی کە، روسیە کانگەی مدنیتی پیشکەوتو  و بزوتنەوەی انقلابی بو لە پاش انقلاب روسیە بویە نظری کوردانی بو لای خوی کیشا کە، ئەو کانگەی رزگاری و بەختەوەری تەواوی نەتەوە ظلم لیکراوەکان بو . وەکو تەواوی روسیە ئەو ژمارە کوردەش کە، لە وەلاتی سویت دەژین لە ژیر رهبری حزبی کومونیست و دولتی ییکەتی سویت دا ژیانی نوی و رزگاریان وەدەست هینا.
   مەبەستی دوستایەتی نیوان نەتەوەی کورد و خەلکی ایران و آذربایجان  لە اثری زانستی هاوال قاضی دا جیگاییکی تایبەتی تر دەگریتەوە. هاوال قاضی لە بەر سیاستی دوژمنان کە، هەول دەدەن  لە نیوان نەتەوەکانی کورد و آذربایجان و ایران دا دوژمنایەتی ساز کەن و بەو جورە بەربەرەکانی ئەو خەلکانە لە ریگای راست وەرگیرن  پەردەی لا بردووە و نشانی داوە کە، لە نیوان کوردان و خەلکی  آذربایجان و ایران دا هیچ جورە دوژمنایەتیک وجودی نیە و ئەو خەلکانە لە رابردو دا پیکەوە دوست و هاو ریگا بون و لەمەولاش پتر هاوکار و دوستی ییکترین.
   اصلاحاتیک کە، حکومتی نەتەوایەتی کوردستان لە وەلاتی ایمەی بەریوەی بردووە، لە وینەی رزگار کردنی زبانی کوردی، آوەدانی شارەکان، پەرەپیدانی صحیە و معارف و دامەزراندنی هوردوی نەتەوایەتی بە لەونی تایبەتی نظری موءلفی بو لای خوی کیشاوە. هاوال قاضی نشانی داوە کە، ئەو اقداماتەی حکومتی نەتەوایەتی کوردستان لە بیری نەتەوەی کورد ناچیتە دەری و هەمو کاتیک  بو بەربەرەکانی کومەلانی خەلکی کوردستان  کانگەی الهام و روحیەیە.
   بە تایبەتی ئەو نتیجەیانەی کە، موءلف لە اثرەکەی خوی وەدەستی هیناوە گەلیک جیگای دقتە. نتیجەی اساسی عبارت لەوەیە کە، لە کوردستان دا دەبی بە لەونیکی انقلابی لە سەر اساسی تاکتیکی مارکسیستی کار بکریت. شعاری معلوم و کوتەی لە سەر " ییکەتی تەواوی کوردان " لە هەلکەوتوایەتی ئەوروکەی کوردستان دا بەجی نەگەیینەرە. اگر کوردان لە ییک جیگا دا داوای رزگاری تەواوی کوردان بکەن ئەوی دەمی  دەگەل ٣ دولت؛ تورکیە و ایران و عراق روبەرو دەبن. ریگای هەرە دروستی بەربەرەکانی کوردان عبارت لەوەیەکە، لە هەر ییک لە بەشەکانی کوردستان دا کومەلانی خەلک لە ژیر رهبری حزبی خویان دا و لە حالی ییکەتی دەگەل حزبی پیش کەوتوی  ئەو وەلاتە بەربەرەکانی  بکەن. لەو ریگایەوە دەکریت کە، نەتەوەی کورد خوی  لە ژیر زنجیری دیلی دەربینی.
     وەلاتی کوردستان وەلاتیکی دواکەوتوی فئودالی یە. لیرە دا چینی کارگەر، بتوانی  بەربەرەکانی کومەلانی خەلک  بگریتە دەست خوی و هەتا ئیستا  رهبری ییەک وجودی نیە. لەبەر  ئەوە نەتەوەی کورد دەبی لە یارمەتی چینی کارگەری نەتەوەی حاکم استفادە بکات دەگەل وی ییکەتی و هاوکاریکی باش ساز بکات.
     اثری هاوال قاضی بو روناک کردنەوەی هەلکەوتوایەتی بەربەرەکانی ئەوروی کوردان بە تایبەتی خاوەن اهمیتە. ئەو سەرکەوتنە بە تەنیا هی موءلف نیە، بەلکە سەرکەوتنیکە کە، تەواوی هاوالانی تشکیلاتەکانی ایمە لە ریگای زانست وەدستیان هیناوە.
      هاوال رحیم قاضی بە هوی زەحمت و لیکولینەوەییکی بنەوەشت توانیویەتی اثریکی زانستی  بەو جورە بەوجود بینیت. لە نیوان هاوالە کوردەکان دا و هەر وەها هەوەل درجەی کاندیدی زانستی  میژو بگریت تەواوی هاوالان و هەر وەها تشکیلاتەکانی ایمە بەو سەرکەوتنە دلخوشن.
        بەسەرهاتیکی بەو جورە بە تەنیا لە ولاتی ییکەتی سویت دا بو ایمە ممکن دەبی. لە وەلاتی ایران و عراق و تورکیە میلیونها هاونیشتمانی ایمە لە امکانی خویندن و نوسین حتی بە زبانی بیگانە بی بەشن و لە گیژاوی نەزانی دا پەلە قاژە دەکەن. بەلام ئەوا لە ییکەتی سویت هاوالی ایمە لە ریگای زانست دا زور بە توندی بەرەو پیش دەرون و حتی نیوی بەرزی وەکو کاندیدی زانست وەدەست دەهینن. لە وەلاتی ایران و عراق و تورکیە  کوردان لە سەر ئەوەی کە دەلین  ایمە کوردین و دەمانەوی خاوەنی مالی خومان بین بە لەونیکی وحشیانە لە لایەن مرتجعین محو دەکرینەوە، بەلام لە وەلاتی ییکەتی سویت هاوالانی ایمە لە سەر حزبی دیموکراتی کوردستان، نەتەوەی کورد، ژیانی کومەلایەتی کوردان اثری زانستی دەنوسن و لە لایەن زانایانی سویترا بە حرمتەوە قبول دەکرین.
        دە بەرانبەر ئەو شرائطە دا کە، بو خویندن و اثر نوسینی هاوالانی ایمە پیک هیندراوە  لە قولایی دلەوە لە دولتی ییکەتی سویت و حزبی کومونیستی ییکەتی سویت و هەر وەها لە برایانی آذربایجانی سوپاس  دەکەن [دەکەین]  و دلنیاین کە لەو قدرزانیە تەواوی نەتەوەی کورد دەگەل ایمە هاودەنگە.
       هەروەها ایمە لە هاوال رحیم قاضی پیروزبایی دەکەین کە، بە هوی زحمتی خوی روی خوی و ایمەی سور کردووتەوە. بو وی بە آوات دەخوازین کە، لەمەوەلاتر لە ژیر رهبری حزبی خوشەویستی  ایمە  سەرکەوتن و پیش کەوتنی گەلیک گەورەتر وەدەست بهینی. تەواوی هاوالان بانگ دەکەم کە، لە ئەو هەلەی دولتی ییکەتی سویت بو ایمەی پیک هیناوە دروست استفادە بکەن هەتا بو خزمت بە نەتەوەی کورد حاضرتر بن.                           
علی گەلاویژ



کوردستان
اورگانی حزبی دیموکراتی کوردستان

لە لایەن دەستە نووسەران دەردەچیت
ژمارەی ٣٦ (٧٥٦)
شەممو ٢٤ پوشپەر ١٣٣٤
١٦ ژوئیەی ١٩٥٥

   هەوەلین کاندیدی زانستی اقتصادی کورد
   چەندیک لەمەو پیش هاوال علی گەلاویژ آسپرانتی اینیستیتوی تصرفاتی کومەلایەتی، لە شورای زانستی ئەو اینستیتوتە موفق بو بەوەی کە، لە سەر مناسباتی آگرار لە کوردستانی ایستای ایران اثری علمی مدافعە بکات. لە لایەن شورای زانستی اینیستیتوی ناوبراوا بە هاودەنگی یەوە قرار قبول کرا کە بە هاوال علی گەلاویژ  درجەی کاندیدی زانستی اقتصادی بدریت.
   هاوال علی گەلاویژ دووەمین کەسیکە لە کوردەکان کە، لە سایەی چاوەدیری حزبی کومونیست و حکومتی سویت دا موفق بووە کە، درجەی پر لە شانازی زانستی وەربگریت. ئەوە دە عەینی حال دا سەرکەوتنیکی  گەلیک بەدیمەنە کە، تەواوی هاوالە کوردەکان وەدەست یان هیناوە.
   ئەو اثرە زانستییە کە، هاوال گەلاویژ لەمەر مناسباتی آگرار لە کوردستانی ایستای ایران نوسیویەتی دەکری بلەین کە، هەوەلین اثریکە کە، لە سەر اساسی زانستی مارکسیزم – لینینیزم چلونایەتی اقتصادی کوردستانی روناک کردوتەوە.

  
اثری هاوال گەلاویژ لە سەرەتا و ٣ فصل و نتیجە عبارتە. دە سەرەتای اثرەکە دا وظیفە و آمانجی اثرەکە و کاراکتیری ئەو سەند و بەلگەیانەی کە، بو نوسرانی وی استفادەی لیکراوە نشان، دراوە. فصلی هەوەلی اثرەکە، مربوط بە آنالیزی خصوصیتی هەرە مهمی عیل و عەشیرەتە کە، وەک سیستمی تایبەتی کاسپی هەتاوەکونی سەرەتای سەدەی ٢٠ لە کوردستانی ایران وجودی بووە. دە فصلی دووەم دا مەبەستی مناسباتی آگرار لە کوردستانی ایستای ایران دا بە وردی نشان دراوە.
   دە فصلی ٣-یەم دا بە وردی آنالیزی بەربەرەکانی لادئیەکانی کوردستان دە پیناوی وەدەست هینانی زەوی و بەربەرەکانی خەلکی کورد دە پیناوی رزگاری نەتەوایەتی دا نشان دراوە
   هاوال گەلاویژ تەواوی ئەو مەبەستانەی کە، دە اثرەکەی دا باسی لە سەر کردووە لە سەر اساسی سند و  
و مدرکی باوەرپیکراو و مشاهدەی شخصی و بە رهبرگرتنی ویژراوەکانی مارکسیزم – لنینیزم  لەمەر زانستی اقتصاد روناک کردوتەوە و نتیجەی دروستی لی وەدەست هیناوە.
   هاوال گەلاویژ بە زبانی کوردی، فارسی، آذربایجانی، روسی و فرانسەیی هەر سند و بەلگەییکی کە لەمەر اقتصادیاتی کوردستان وەدەستی هینابیت بو نوسینی ئەو اثرە استفادەی لی کردووە و دە گەلیک جیگا دا سهوی ئەو سند و بەلگەیانەی نشان داوە.
   هاوال گەلاویژ  ویرای روناک کردنەوەی چلونایەتی اقتصادی کوردستان و مناسباتی ئەو چینانەی کە، لە دیی کوردستان هەن  بە وردی چلونایەتی چەوت و نالەباری لادئیەکانی کوردستان و چە
شنی استثمارکرانی ئەوانی لە لایەن خاوەن ملکان و استثمارچیەکانی دیکەوە نشان داوە. ویرای ئەوە مەبەستی بەربەرەکانی خەلکی کورد و بە تایبەتی بەربەرەکانی کومەلانی مەزنی لادیی کوردستان بە پیچەوانەی خاوەن ملکان، فیئودالان، بە پیچەوانەی مرتجعینی ایران و ایمپریالیستەکان دە تەواوی مرحلەکانی میژوی ئەو دوائیانەی کوردستان دا،دە اثری هاوال گەلاویژ دا بە وردی نشان دراوە.
(ماوەی دە ژمارەی دوایی دایە)
درێژەی " هەولین کاندیدی اقتصادی کورد " کوردستان، ژمارە ٣٧، ٢٠ ژوئیە ١٩٥٥
(ماوەی ژمارەی پیشو)

   هاوال گەلاویژ لە پاش لی کولینەوە و بەریوەبردنی تدقیقاتی زانستی  دە فصلی هەوەلی اثرەکەی دا کە، مربوطە بە خصوصیتی سیستمی عەشیرەتی دە جوتیری کوردستان دایە، بەو نتیجەیە گەیشتووە کە، هەتا سەرەتای سەدەی ٢٠ سیستمی عەشیرەتی دە جوتیری کوردستان دا بە تەواوی حوکماتی کردووە و سەروکی عەشیرەت حاکمی مطلق بووە. ئەوەش، یانی حوکماتی سیستمی عەشیرەتی دە جوتیری دا دە نتیجەی بە زور داگیرکردنی زەوی را هاتوتە گوری. نهایت هاوال گەلاویژ ئەو نتیجەیەی وەدەست هیناوەکە، بە پەرەگرتنی مناسباتی امتعە و دراو دە جوتیری کوردستان دا دە سەرەتای سەدەی ٢٠-دا لیک بلاوبونەوەی سیستمی عەشیرەتی دەست پیکراوە.
   دە فصلی دووەمی اثرەکە دا هاوال گەلاویژ تەواوی ئەو قانونانەیکە، لە رابەرددو [رابردوو] را هەتا ایستا لە لایەن حکومتەکانی ایرانەوە دراوە آنالیز دەکات و ماهیتی ارتجاعی ئەوان بە وردی نشان دەدات. دەو فصلە دا چەشنی استثمارکرانی لادئیەکان، بی بەشی، هەژاری و وینەی ئەو بیگارانەی کە بە وان دەکریت بە وردی و بە بەلگە و سنەدی باوەر پیکراو نشان دراوە. دەو فصلە دا بە تایبەتی دەست روییشتوایەتی خاوەن ملکان و لاگری مامورینی دولت لە وان زور بە جوانی روناک کراوەتەوە.
   دەو فصلە دا هاوال گەلاویژ بەو نتیجەیە گەیشتووە کە، چەشنی استفادە کردن لە زەوی بە لەونی فیئودالی  دە جوتیری کوردستانی ایستای ایران دا فورمی حاکمە.
   دە فصلی سی یەمی اثرەکە دا مربوط بە بەربەرەکانی لادئیەکانی کوردستان دە پیناوی زەوی و بەربەرەکانی خەلکی کورد دە پیناوی رزگاری نەتەوایەتیە، هاوال گەلاویژ بە اثباتی گەیاندووە
کە، دە کاتی حوکماتی سیستمی عەشیرەتی دا کە هەتا سەرەتای سەدەی ٢٠ دە کوردستان دا حوکماتی کردووە تەواوی خەلکی کوردستان، بەلکە عەشیرەتیک بە تەنیا و یا چەند عەشیرەتیک دە پیناوی سەربەخویی خویان دا بەربەرەکانی یان کردووە، چاکتر بلەین دە اساس دا سەروک عەشیرەتەکان بە آمانجی راگیرکردنی حوکماتی سەربەخویی خویان بە پیچەوانەی پاشای ایران و سلطانی تورکیە بەربەرەکانی یان بەریوە بردووە.
   هاوال گەلاویژ دەو فصلە دا بە وردی باسی پەرەگرتنی  بورژوازی تجارت و ویرای ئەوە پەرەگرتنی مناسباتی امتعە  و دراوی دە جوتیری  کوردستان دا هیناوەتە گوری
کە، دە نتیجە دا ظلم و زوری خاوەن ملکان و استثماری بی رحمانەی لادئیەکان لە لایەن خاوەن ملکانەوە پەرەی گرتووە و وردە وردە اعتراضی لادئیەکان دەستی پیکردووە. دەو فصلە دا بە بەلگە و سندی باوەرپێکراو تاءثیری انقلابی سالی ١٩٠٥-ی روسیە و بە تایبەتی تاءثیری انقلابی مەزنی سوسیالیستی اوکتوبر دە بەربەرەکانی خەلکی کورد دا بە چاکی نشان دراوە. هاوال گەلاویژ کاراکتیر و خصوصیتی تەواوی ئەو بزوتنەوانەی کە، لە پاش انقلابی اوکتوبر لە کوردستان رویان داوە بە دلیل و اثباتی زانستی نشان داوە و بە دروستی رای گەیاندووە کە، بەربەرەکانی خەلکی کورد دە پیناوی رزگاری و سەربەخویی  نەتەوایەتی دا لە پاش انقلابی مەزنی سوسیالیستی اوکتوبر دەستی پیکردووە.
   دەو فصلە دا بەربەرەکانی خەلکی کورد دە سالەکانی ١٩٤٦ – ١٩٤٥  دە ژیر رهبری حزبی دیموکراتی کوردستان
جیگایکی تایبەتی دەگریتەوە. هاوال گەلاویژ سیاستی اقتصادی حزبی دیموکراتی کوردستان و حکومتی نەتەوایەتی و دیموکراتیکی کوردستان بە وردی نشان داوە.
   هاوال گەلاویژ دەو فصلە دا لە پاش بەریوەبردنی لی کولینەوەییکی ورد و هینانەوەی دلیل و بەلگەییکی زور و باوەر پیکراو بەو نتیجەیە گەی
شتووە کە، علتی پاش کەوتویی کوردستان و هەژاری و بی بەشی کومەلانی مەزنی لادئیەکانی کوردستان بە تەنیا دەوەیدا نیە کە سیستمی خاوەن ملکی و فیئودال  لە کوردستان حوکماتی دەکات، بەلکە دە عینی حال دا علتی ئەوە حوکماتی مرتجعینی ایران و اربابانی ایمپریالیستی ئەوان بە سەر کوردستان دایە. مرتجعینی ایران خەلکی کوردیان لە هەمو چەشنە حقوقیکی کومەلایەتی بی بەش کردووە. ظلمی نەتەوایەتی زور بە توندی لە کوردستان حوکماتی دەکات. مرتجعینی ایران ایمپریالیستەکانی آمریکا و انگلیس ریگای هەمو چەشنە پیش کەوتن و بەرەوپیش چونیکیان  لە خەلکی کورد گرتووە و بە هەمو هیزی خویانەوە تیدەکوشن خەلکی کورد لە پاش کەوتویی و نەزانی دا رابگرن. هاوال گەلاویژ بە بەلگە و سندی آشکرا تەواوی ئەوانەی نشان داوە.
   هاوال گەلاویژ باسی بەربەرەکانی لەمەو دوای لادئیەکانی کوردستان و خەلکی کوردی کردووە و نشانی داوە کە، لادئیەکانی کوردستان بو وەدەست هینانی سەرکەوتن دەبی ییکەتی خویان دەگەل چینی فعلەی ایرانی پەرە پی بدەن، قایمی بکەن و لە یارمەتی وی بو بەربەرەکانی بە پیجەوانەی فیئودالیزم و ایمپریالیزم، بو وەدەست هینانی رزگاری نەتەوایەتی و سەربەخویی استفادە بکەن هاوال گەلاویژ بە وردی اهمیتی  گەورەی قایم کردنی ناوچەی ضدی ایمپریالیستی خەلکەکانی ایرانی بو سەرکەوتنی بەربەرەکانی خەلکەکانی ایران راگەیاندووە.
   ئەو سەرکەوتنە بە دیمەنەی کە، هاوال گەلاویژ وەدەستی هیناوە نمونەییکی آشکرای هەستی بشردوستی و بەزەیی یایانەی
حزبی کومونیست و حکومتی سویتە. حزبی کومونیست و حکومتی سویت بو پیش کەوتن و ترقی هاوالە کوردەکان هەمو چەشنە شرایط و هەلیکیان بە وجود هیناوە.
   ایمە دە بەرانبەر ئەو یارمەتیە مەزنە دا سپاسی خومان بە حزبی کومونیست و حکومتی سویت رادەگەینین و دلینایان [دلنیایان] دەکەین
کە، ئەو یارمەتی و گەورەئیەی ئەوان نسبت بە کوردان بە هەدەر ناچیت و کوردەکان تیدەکوشن همیشە لیاقتی وەرگرتنی ئەو یارمەتی یەیان هەبیت.