"زمانی نه‌ته‌وه‌یی"
هێدی
وێبلاگی جه‌عفه‌ری حوسێن‌پوور(هێدی) بۆ زمان و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی کوردی
21.3.04
زمانی نه‌ته‌وه‌یی
21.3.04
زمانی نه‌ته‌وه‌یی
بیری پێكهێنانی زمانی یه‌كگرتووی كوردی، وێڕای ئاواتی گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی، له‌مێژه زه‌ینی تاقمێک نووسه‌ر و زمانه‌وانی به خۆیه‌وه خه‌ریک كردووه. ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له پێناو پێكهێنانی زمانی یه‌كگرتوو دا دراون، تا ئێستا به سه‌رنه‌كه‌وتوویی ماونه‌وه. هێندێک كه‌س نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كورد به هۆی ئه‌و سه‌رنه‌كه‌وتنه ده‌زانن. ئێستا كه له به‌شێكی كوردستاندا هه‌لومه‌رج بۆ گه‌یشتن به‌و ده‌سه‌ڵاته له‌بار ده‌بیندرێ، بیری پێكهێنانی زمانی یه‌كگرتوو، یان زمانی نه‌ته‌وه‌یی، سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه.
ڕه‌وتی پێكهێنانی زمانێكی یه‌كگرتوو و ستاندارد ڕه‌وتێكی درێژخایه‌نی فه‌رهه‌نگییه نه‌ک سیاسی و سه‌پێنه‌ر. ئه‌و بواره‌ی تا ئێستا بۆ پێكهێنانی زمانی یه‌كگرتوو گیراوه‌ته به‌ر، بوارێک بووه به‌ره‌و تێكدان و فه‌وتانی زمان. ڕێبوارانی ئه‌و بواره، بێ ئه‌وه‌ی بۆخۆیان ویسبێتیان، به‌ره‌و فه‌وتانی زاراوه‌كان و له ئاكامدا به‌ره‌و كوشتنی زمان هه‌نگاویان هه‌ڵێناوه‌ته‌وه.
دیاره بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمانی نووسین، كه‌ڵكوه‌رگرتن له وشه‌ی له‌بارتری زاراوه‌كانی دیكه نابه‌جێ نییه، به‌ڵام هه‌ڵته‌كاندنی ڕێزمانی زاراوه‌كان و له‌به‌رچاونه‌گرتنی تایبه‌تمه‌ندییه جیاوازه‌كانیان نابه‌جێ و پڕ مه‌ترسی دێته به‌ر چاو. ئه‌وانه‌ی دێن نیوه‌ی ڕسته‌یه‌ک به سۆرانی ده‌نووسن و نیوه‌كه‌ی دیكه به كرمانجی، یان له پاڕاگڕافێکدا هه‌ر ڕسته‌یه‌ی به ڕاوێژێک داده‌ڕێژن، گاڵته به زمانی كوردی ده‌كه‌ن نه‌ک خزمه‌ت.
له یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی زانستی- فێركاریی زمانی كوردی له ئێران‌دا، كه ساڵی 1381ی هه‌تاوی(2002ی زایینی) له تاران به‌ڕێوه چوو، دوكتور ڕه‌فیق شوانی، پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ری زمانی كوردی له زانكۆی سه‌لاحه‌دین، له هه‌ولێره‌وه، وتارێكی له ژێر سه‌ردێڕی "چۆنیه‌تی ئاوێته‌كردنی زاره‌كانی زمانی كوردی له زمانی ستانده‌ردا" بۆ ئه‌و كۆنگره‌یه ناردووه كه وێڕای وتاره‌كانی دیكه‌ی كۆنگره، له كتێبێكدا به ناوی "زمانه‌وان[1]"، بڵاو كراوه‌ته‌وه. ناوبراو بۆ پێكهێنانی زمانێكی نه‌ته‌وه‌یی و ستاندارد ده‌یه‌وێ ڕێزمان و بنج و بناوانی زاراوه‌كان هه‌ڵته‌كێنێ و هه‌موو له‌ت و كوته‌كان به "شێوه‌یه‌كی زانستی" تێككاتهوه و زمانێكی نه‌ته‌وه‌یی ساز بكا. ئه‌و شێوازه‌ی ناوبراو حه‌ز ده‌كا ڕه‌چاو بكرێ، وه‌ک له سه‌ره‌وه باسم كرد، جگه له زمانكوشتن هیچی دیكه نییه.
ئه‌نجامی باسه‌كه‌ی دوكتور ڕه‌فیق شوانی ئه‌و پازده خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ن:
1. زمان وه‌كوو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له ڕووی به‌كارهێنانه‌وه دوو جۆری وه‌ک زمانی قسه‌كردن و زمانی نووسین هه‌یه.
2. بار و هۆی ئایینی و ئابووری، ڕۆشنبیری، سیاسی ده‌وریان له پێكهاتنی زمانی نه‌ته‌وه‌یی(زمانی ڕه‌سمی، زمانی ده‌وڵه‌تی، زمانی نووسین) بۆ نه‌ته‌وه‌كانی وه‌كوو: عه‌ڕه‌ب، فه‌ره‌نسایی، ئینگلیز، ئسپانی، ئه‌ڵمانی، ... هتد بینیوه.
3. له به‌ر ده‌م نه‌ته‌وه‌ی كورد و زمانه‌كه‌یدا، تاكه هۆیه‌ک مابێته‌وه بۆ دروست بوون و په‌یدابوونی زمانی نه‌ته‌وه‌یی كوردی، تا ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا، باری ڕۆشنبیری و سیاسییه، ڕۆژگار ئه‌مه ڕوون ئه‌كاته‌وه.
4. له سه‌ره‌تاوه ئایین و ئایینی زه‌رده‌شتی هه‌نگاوی ناوه بۆ په‌یدابوونی زمانی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام به نه‌مانی ئایینه‌كه كپ بووه‌ته‌وه.
5. نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردی و نه‌بوونی قه‌واره‌ی سیاسی سه‌ربه‌خۆی كوردی كۆسپێكی گه‌وره و سه‌ره‌كی بووه بۆ نه‌بوونی زمانی نه‌ته‌وه‌یی كوردی.
6. زاراوه سه‌ره‌كی و دیالێكته‌كانی كوردی، وه‌کوو: لوڕی، هه‌ورامی، كرمانجیی سه‌روو، كوردیی ناوه‌ڕاست له كۆنه‌وه، به تایبه‌تی دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپراتووریهتی ئیسلام وه‌كوو ده‌وڵه‌ت، هه‌ر یه‌كه‌یان له سه‌رده‌مێكدا بوونه‌ته زمانی ئه‌ده‌بی و كرمانجیی ناوه‌ڕاست بێجگه له ئه‌ده‌بیات بووه‌ته زمانی ڕۆشنبیری و خوێندن و زانست و ئه‌كادیمییه‌ت.
7. زارێک كه له ناوچه‌یه‌ک بێت و له ڕووی شارستانییه‌ته‌وه پێشكه‌وتووتر بێت له ناوچه‌ی زاره‌كانی تر و زمانی ڕۆشنبیری بووبێت، ئه‌وا به‌ره‌و ئه‌وه ئه‌چێت ببێته زمانی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌مه‌ش ئه‌زموونی گه‌لانی تر نیشانی داوه له مێژووی دروستبوونی زمانی نه‌ته‌وه‌ییدا.
8. مه‌ڵبه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردن یارمه‌تیده‌ری زاری مه‌ڵبه‌نده‌كه‌یه له‌گه‌ڵ هۆی ڕۆشنبیری و شارستانیه‌تی بۆ په‌یدابوونی زمانی نه‌ته‌وه‌یی.
9. حاڵاتی هاوبه‌ش و له یهكچووی زمان و ڕێزمانی كوردی له زاره‌كاندا بكرێته بنچینه و وه‌ربگیرێت بۆ زمانی نه‌ته‌وه‌یی، بۆ نموونه وه‌ک نیشان و دۆخه ڕێزمانییه‌كان.
10. دیارده‌ی جیاوازی ڕێزمانی له ناو زاره‌كاندا بۆ زمانی نه‌ته‌وه‌یی بخرێته لاوه و وه‌رنه‌گیرێت، وه‌كوو دۆخی نێر و مێ كه به‌ره‌و نه‌مان بوونه‌ته‌وه له زمانی كوردیدا.
11. یه‌كخستنی زاراوه‌كانی(مصطلح) زمانی كوردی له هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه.
12. سوود وه‌رگرتن له وشه ڕه‌سه‌ن و ده‌ستوورییه‌كانی زاره‌كانی زمانی كوردی.
13. تێكنه‌دانی ئه‌و وشه و زاراوانه‌ی كه له‌مه‌وپێشه‌وه به‌كار هاتوون و هیچ گرفتێكی به‌كارهێنانیان نییه، وشه‌ی ڕه‌سه‌نی كوردین و وشه‌ی زمانی تر له جیاتیان به‌كار نه‌یه‌ت.
14. دانانی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو زاره‌كانی زمانی كوردییه‌وه.
15. زمانی نووسینی ئێستای كوردی "ستاندهرد"، واته كرمانجیی ناوه‌ڕاست، بكرێته بنچینه‌ی زمانی نه‌ته‌وه‌یی. چونكه خزمه‌تێكی زۆر به‌رده‌وامی به خۆیه‌وه بینیوه.
له‌و كۆنگره‌یه دا هه‌ر وتارێک خوێندرابێته‌وه له لایه‌ن "لێژنه‌ی زانستی"یه‌وه هه‌ڵسه‌نگێندراوه. كورته‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ته‌كه‌ی "دوكتور ڕه‌فیق شوانی" به‌و چه‌شنه‌یه:
عه‌بدولخاله‌ق یه‌عقووبی: دوكتور ڕه‌فیق شوانی ده‌بوایه ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشان بكردایه كه زمانی نه‌ته‌وه‌یی لێره دا ته‌نیا بۆ نووسین ده‌بێ كاری پێبكرێ و به كار ده‌برێ، نه‌وه‌ک بۆ وتووێژ. هه‌روه‌ها تێبینی دیكه‌شم ئه‌وه‌یه كه جیاواز له‌وه‌ی دوكتور شوانی له وتاره‌كه‌یدا وتوویه‌تی، هه‌ركام له زاراوه‌كان سه‌ربه‌خۆیی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه و تێكه‌ڵكردنی ئه‌م زاراوانه به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ناگونجێ، ئه‌وه‌ی لێره دا پێویسته له‌گه‌ڵ ئه‌م زاراوانه بكرێ ئه‌وه‌یه كه زه‌رفییه‌ته به‌پێزه‌كانی ئه‌و زاراوانه له ئاستی واژه و ده‌سته‌واژه دا یه‌ک بخرێن. ئه‌مجا ئه‌م زه‌رفییه‌تانه له نێو بۆته‌ی زاراوه‌ی ستاندارد دا بتوێنینه‌وه. ئه‌مه كارێكه كه ڕه‌حمه‌تی هه‌ژار له وه‌رگێڕانی قوڕئانی پیرۆز دا كردوویه‌تی. ئینجا له وتاره‌كه‌ی دوكتور شوانی دا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئێمه له نێو گوتاری كوردیدا ڕووبه‌ڕووی دووبزرێتین: نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رهه‌نگی كه ئه‌مه ده‌بێته هۆی لاوازیی زمان له بواری نووسیندا، كه ئێمه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو كێشه‌یه ڕووبه‌ڕووین. نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وای كردووه ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا به شێوه‌یه‌كی زۆر كاره‌ساتاوی له‌گه‌ڵ زمان له ئاستی وتووێژ دا ڕووبه‌ڕوو ببنه‌وه، ئێمه له ئاستی وتووێژ دا ناتوانین ساده‌ترین سۆزه‌كانی خۆمان به زمانی كوردی ده‌رببڕین. لێره‌دایه كه به بڕوای من پێویسته توانای سیاسی كوردی ڕۆژهه‌ڵات وه‌كوو فراكسیۆن كار بكاته سه‌ر بۆ نموونه ته‌له‌فیزیۆنی سنه كه به‌م شێوه‌یه زمانی وتووێژی كوردی نه‌شێوێنن، تا ئه‌م كێشه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی تر ئاڵۆز نه‌كرێت. له ئاستی ده‌سه‌ڵاتی فكریدا ئێمه بێ وزه نین، ئه‌وه‌تا ئێمه خاوه‌ن كه‌له‌پوورێكی فه‌رهه‌نگ و نووسراوه‌ین، به‌ڵام دیسان نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاته‌كه بووه‌ته هۆی جۆره كێشه‌یه‌ک له‌و بواره دا، كه من ئاماژه‌ی پێناكه‌م، كه ده‌كرێ نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات تا ڕاده‌یه‌ک به دروستكردنی بنكه و كۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگی قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه.
دوكتور عه‌زیز ژیان: خاڵێكی دیكه ڕوون كه‌مه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌ی كه پێكهاتنی زمانی ستاندارد، ده‌ستووری و ئیراده‌یی و به‌خشنامه‌یی نییه. ئه‌مه كاركردنی هۆكاره‌كانی ده‌روونی كۆمه‌ڵگای كوردستانه كه زاراوه‌یه‌ک پێشده‌خات و ده‌یكاته زمانی ستاندارد، واته تاقه كه‌سێک یان ده‌وڵه‌تێک یان ناوه‌ندێک ئه‌م قه‌راره نادات. ئێسته هه‌ر مێدیایه‌كی كوردی و هه‌ر نووسینێكی كوردی سه‌یر كه‌یت، ده‌بینی هه‌موو له یه‌ک شێوه نیزیک ده‌بنه‌وه. ڕازی یان ناڕازی بوون به‌م دیارده‌یه چ كاریگه‌رییه‌كی نییه و زمان سه‌ره‌ڕای هه‌موو شتێک كاری خۆی ده‌كات، به شێوه‌ی سرووشتی خۆی. گرینگ ئه‌وه‌یه كه دروست بوونی زمانی ستاندارد به شێوه‌ی سرووشتی و له درێژه‌ی ڕه‌وتی مێژوویی كورد دا وه‌كوو پێویستییه‌ک به‌رهه‌مهاتووه. ده‌كرێ باسی هۆكاره‌كان بكه‌ین، ده‌كرێ زمان‌ناسی بڵێت كه بۆچی فڵان زاراوه نه‌یتوانی ڕه‌وتی خۆی درێژه بدات و ببێته پێوه‌ر.
عه‌تا نه‌هایی: سه‌باره‌ت به وته‌كانی كاک عه‌بدولخاله‌ق حه‌ز ده‌كه‌م شتێک بڵێم: ئه‌وان باسی ئه‌وه‌یان كرد كه ئێمه زمانی نه‌ته‌وه‌یی نووسینمان هه‌یه به‌ڵام زمانی ئاخافتنی نه‌ته‌وه‌ییمان نییه. من پێم وایه ئه‌مه وێنایه‌كی خراپه كه ئێمه بمانه‌وێ به زمانێكی پێوه‌ری گوتن بكه‌ین و من لام وا نییه هیچ دام و ده‌زگایه‌كی زمانه‌وانی له هیچ كوێی ده‌ره‌وه‌ی كوردیش، ته‌قه‌لای ئه‌وه‌یان دابێت كه زمانێكی یه‌كگرتوو بۆ گوتن دروست ببێت. زمانی "پێوه‌ر" به گشتی زمانی "نووسیار"ه، ئه‌گه‌رچی له زمانی ئاخافتندا ئه‌و كاته‌ی كه ده‌كرێته نووسیار، به تایبه‌ت له چیرۆكدا، ئێمه پێویستمان به پێوه‌رێكی ئاخافتنیش هه‌یه، بۆ نموونه له زمانی فارسی‌دا "پێوه‌ر"ی نووسین هه‌یه، به‌ڵام ئێمه زمانی فارسی "پێوه‌ر"ی قسه‌كردنمان نییه و هه‌ر كه‌سێک به دیالێكتی خۆی قسه ده‌كات، به‌ڵام له نووسینه‌وه و گوێزانه‌وه‌یدا كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ "گێڕانه‌وه"، واته له چیرۆک و ڕۆماندا، ئێمه ئاخافتنێكی پێوه‌رمان هه‌یه، كه ئاخافتنی هیچ ناوچه‌یه‌كی تایبه‌تیش نییه و له هه‌مانكاتدا زمانی نووسینیش نییه.
-----------------------------------------------------------------------------------------
[1]: زمانه‌وان، تایبه‌تنامه‌ی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی زانستی- فێركاریی زمانی كوردی له ئێران‌دا، ژماره 2، تاران 1381ی هه‌تاوی - 2702ی كوردی[2002ی زایینی]، چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی: ئه‌نیستیتۆی فه‌رهه‌نگیی كوردستان- تاران
تبێنی : ئه‌م بابه‌ته‌ی سه‌ره‌وه هه‌ر وه‌ک له سهرنووسهکهی ڕا ده‌رده‌که‌وێ به سپاسه‌وه له وێبنووسی " هێدی" یه‌وه که زۆر به‌داخه‌وه چیدی تازه ناکرێته‌وه، بۆ که‌لک وه‌رگرتنی هۆگرانی گه‌نگه‌شه ، دمه‌ته‌قه و – جارجاریش دمبه‌دمه‌ی – پێوه‌چاران به شێوه‌زاره کوردییه‌کان ڕاگوێزارهوهته ئێره‌کانێ.
No comments:
Post a Comment