باس له سه‌ر زمانی ستاندارد ده‌بێ له خزمه‌ت یه‌کگرتویی بێ نه‌ک لێک‌دابڕان
باس له سه‌ر زمانی ستاندارد ده‌بێ له خزمه‌ت یه‌کگرتویی بێ نه‌ک لێک‌دابڕان!
2008 02 09
شه هلا ده باغى
زمانی کوردی، زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێده‌وڵه‌ت، له ژێر کاریگه‌ری کولتور و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌ته‌وه‌کانی باڵاده‌ست بووه و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی جۆره "داپچڕانێکی ده‌ستکرد" له ناو ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و له نێوان زاراوه‌کان. نه‌بوونی زمانی ستاندارد له ناو کوردا به گشتی و له باشووری کوردستان به تایبه‌ت، ڕه‌نگه یه‌ک له گرفته‌کانی سیاسی ئێستای کورد و گرفتی سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگای کوردی به نووسه‌ران، ئیداره‌کان، زانکۆکان، قوتابیان و هتد بێ. له چه‌ند مانگی ڕابردوودا، که‌سانێک له سه‌ر ئه‌و باسه گرینگه دواون، وتاریان نووسیوه و له تیڤیکانی کوردی دا بیروڕای خۆیان ده‌ربڕیووه. به‌داخه‌وه هێندێک له‌و ڕاوبۆچوونانه، ڕووحی نه‌ته‌وه‌یی کورد ژاراویدهکهن و بێبهرپرسانه ئاسۆی نادیاری کورد له‌وه که هه‌یه ته‌ماویتر ده‌که‌ن. هێندێک له‌و بۆچوونانه، مێژووی "شه‌ڕی براکوژی"مان بیردێنه‌وه. مه‌گه‌ر حه‌یران و لاوک هه‌ر دوو کوردی نین؟ مه‌گه‌ر شێعری خانی، مه‌وله‌وی و هێمن وه‌ک یه‌ک به‌شیک نین له خه‌زێنه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی؟
هه‌ڵبژاردنی زمانی ستاندارد، بڕیارێکی سیاسیه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌بێ خۆی له‌گه‌ل ئه‌و گرینگه یه‌کلا بکاته‌وه. دیاره ئه‌و بڕیاره ئه‌گه‌ر به ئاگاییه‌وه نه‌بێ و له زانایانی دڵسۆز کهڵکوهرنهگیرێت، ده‌توانێ گرفتی زۆر بێنێته پێش. کاتێک ده‌ڵێم زانایانی دڵسۆز مه‌به‌ستم بوونی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی گرینگه‌یه، که ئه‌و که‌سانه یه‌کگرتنیان پێ له سه‌روی هه‌موو شتێک بێ و ناوچه‌گه‌ری، شه‌ڕه شار و شه‌ڕه زاراوه، یان پێوه‌ندی سیاسی به کامه حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، ئایینی، کولتوری و عه‌شیره‌تی، نه‌بێته پێوانه بۆ بڕیاردانیان. ئێستا باسه‌کان زیاتر له سه‌ر دوو زاراوه‌ی سه‌رکییه. هێندێک که‌س له ڕووی مه‌یلی سیاسی و یان به‌ستراوه‌یی کولتوری و ناوچه‌یی پێیانوایه که ده‌بێ ئه‌م یان ئه‌و زاراوه وه‌ک زمانی ستاندارد هه‌ڵبژێردرێ و لایهنهکهیتر لهقهڵمدهخهن و وای بۆده‌چن که ئه‌وه ڕاوه‌ستان له به‌رامبه‌ر هێرشی فارس، تورک و عه‌ڕه‌بانه.
زمانی ستاندارد چییه؟ له ڕۆژئاوا به چ پڕۆسه‌یه‌کدا تێپه‌ڕیوه؟ زمانی ستاندارد زمانێکی هاوبه‌شی سه‌رانسه‌ری واته لێکچو و هێمۆژێنه که زاراوه‌کان خۆیانی له گه‌ڵ ته‌نزیم ده‌که‌ن. به‌کار هێنانی زاراوه‌یه‌ک، به مانای له‌ناوبردنی زاراوهکانیتر نییه و بگره زاراوه‌کان به‌ده‌وام ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌که‌ن. چه‌ند بۆچوون له سه‌ر زمانی ستاندارد هه‌یه: هێندێک ده‌ڵێن که‌زۆر جار زاراوه‌یه‌ک وه‌ک لادان له زمانی سه‌ره‌کییه، که‌چی له ڕاستیدا زمانی سه‌ره‌کی خۆی لادانه واته به‌و مانایه که پێشتر زاراوه‌کان بوون و دواتر زمانی سه‌ره‌کی جێکه‌وتووه. هێندێکیش، زاراوه‌کان وه‌ک بناخه و ئه‌سڵ ده‌بینن و ده‌ڵێن که زمانی ستاندارد ته‌نیا واریانتێکی(بژاره) تازه‌یه. زمانی ستاندارد زۆر جار له قالبێکی نه‌گۆردا و کۆنسێرواتیڤ دا ماوه‌ته‌وه له حالێک‌دا زاراوه‌کان به‌ره‌و پێش چوون. هه‌رچۆنێک بێ، کاتێک باسی زمانی ستاندارد ده‌کرێ، ده‌بێ له نێوان ئه‌و زمانه به نوسین و به ئاخاوتن هێندێک جیاوازی دابندرێ. ڕاسته که هه‌ردوو کاریگه‌ریان له سه‌ر یه‌ک هه‌یه و پێکه‌وه گرێدراون، به‌س له زۆر شوێن هه‌وه‌ڵ نوسینه‌که ستاندارد کراوه. له زۆر وڵات، بۆ وێنه له وڵاتانی ئیسکاندیناوی، له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا، جگه له زمانی خۆیان، به "لاتین" و "فه‌رانسی"یش نامه‌کانی ئیداری و یاساییان ده‌نوسی. دواتر چه‌ندان زاراوه، وه‌ک سیستێمێکی تێکه‌ڵاو، به‌کار هاتووه و فاکته‌ره‌کانی سیاسی، کولتوری و ئابوری له چۆنێتی به‌کارهێنانی وشه، ئیستلاحهکان و زاراوه‌کان ڕۆڵی گرینگ‌یان گێڕاوه. پڕۆسه‌ی به ستانداردکردنی زمان، تا ڕاده‌یه‌ک ئاگایانه، به تایبه‌ت له ڕێگای که‌نیسه‌کان و پهرتووکنوسینهوه له‌وێ ده‌ستی پێ‌کرد. تا پێشتر له دهربارهکاندا چه‌ند زمانی جیاواز به‌کار ده‌هات، به‌س له‌مه‌ودوا، ورده ورده، زمانێکی یه‌کگرتوو له دایک ده‌بوو. بوونی شایه‌ک، سیستێمی ماڵیاتی و پاره، سیستێمی یاسایی ئیداره‌کردنی وڵات، به‌رهه‌مهێنانی چاپی که یه‌ک ستانداردی تێکنیکی ده‌خواست، و هه‌روه‌ها نوسینه‌وه و خوێندنی ئینجیل به یه‌ک شێوه له هه‌موو شوێنه‌کان، هۆکاری سه‌ره‌کی بوون له پێکهێنانی زمانێکی هێمۆژێن. که ئه‌وه‌ش له ڕێگای ده‌ردانی قامووس سه‌قامگیر ده‌کرا. (1)
ئێستا له سه‌رده‌می ئینتێرنێت دا، زانیاریه‌کانی زمانه جوراوجۆره‌کان، له ناو وڵاتان و دوڵهتاندا به‌رده‌وام ئاڵوگۆڕ ده‌کرێ، بۆ وێنه ستانداردکردنی سیستێمه‌کانی کامپیوتێری و ئینتێرنێتی، یان زانستهکانی پزشکی، تێکنیکی و ئێکۆنۆمی، زمانی خوێندن و نوسینی نابینایان و ئه‌و که‌سانه‌ی که نابیسن و هتد. هه‌مووی ئه‌مانه‌ش بۆ ئاسانکردنی پێوه‌ندی نێوان نه‌ته‌وه‌کان و ئینسانه‌کان و ڕاپه‌ڕاندنی کاره‌کانه. هه‌ره‌ها زمانی ئینگلیزی کاریگه‌رێکی زۆری له سه‌ر زمانه‌کانیتر داناوه و هاوته‌ریب له گه‌ڵ زمانه‌کانیتر، ڕۆژانه به‌کاردێ. هه‌ڵبه‌ته زۆر که‌سیش ئه‌و دیارده‌یه وه‌ک خه‌ته‌رێک بۆ سه‌ر زمانی دایکی خۆیان ده‌بینن.
دیاره له ڕه‌وتی مێژوودا، زمانی کوردیش به هه‌موو زاراوه‌کانییه‌وه زۆر ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتووه و ئێستا نه‌ته‌وه‌ی کورد یان باشتره بڵێم ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌بێ له سه‌ر بڕیارێک ساخ بێته‌وه. به ڕای من ئه‌و یه‌کلاکردنه‌وه‌یه به‌و مانایه نییه که هیچ لایه‌نێک هه‌ڵاواردرێ. بۆ جێخستنی زمانێکی ستاندارد ده‌بێ له هه‌موو زاراوه‌کان که‌ڵک وه‌رگرین. هێندک خاڵی تێکنیکی هه‌ن که ڕه‌نگه ناته‌بایی له سه‌ر ساز بێ، بۆ وێنه ئه‌و زمانه ستاندارده به کام ڕێنووس بنوسرێت. من پێموایه که ڕێنووس ده‌بێ له‌گه‌ڵ بارودۆخی سه‌رده‌م خۆی ئینتێگره بکا و ئینتێگرهکردنیش به مانای له‌ناوبردنی ڕێنووسی ئارامی(عه‌ره‌بی) نییه. ئایا ئه‌لفوبێ لاتین که تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی کوردی تێدا وه‌به‌رچاو بگیردرێ، ئاسانکاری زیاتر بۆ لقوپۆیهکانی زانستی و تێکنیکی ناکا؟ ئایا پێوه‌ندی خه‌ڵکانی ڕۆژئاوا له ڕێگای ئه‌لفوبێ لاتین که له زۆربه‌ی زۆری جیهان به‌کاردێ له‌گه‌ڵ کورد هاسانتر نابێ؟ ئینسانێکی ئوروپی به کام فۆڕم زوتر ده‌توانێ فێری وشه‌ی "ئاو" بێ: ؟AWئاو یان یان نا، ئایا ناکرێ هه‌ردوو ڕێنووسی ئارامی و لاتین به‌کار بێنین؟ ئایا ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئارامی به‌کار بێنین به‌شیکی گه‌وره‌ی کوردمان (بگره زۆربه‌ی کوردمان له باکوری کوردستان) دهرنههاویشتووه؟
هیچ زاراوه‌یه‌ک به ته‌نیا ناتوانی ئه‌رکی زمانی ستاندارد وهئهستۆبگرێ، هه‌ر بۆیه کورد چاره‌یه‌کی نییه جگه له که‌ڵکوه‌رگرتن له هه‌موو زاراوه‌کان و به ئه‌م کاره، خه‌زێنه‌ی وشه‌کان زۆر فراوانتر و ده‌ڵه‌مه‌ندتر ده‌بێ و ده‌کرێ وشه‌کانی عه‌ڕه‌بی و تورکی جێگای خۆیان بده‌نه وشه‌کانی کوردی که ناو زاراوهکاندا هه‌ن. (زۆر وشه‌ی فارسی و کوردی له بنه‌ڕه‌تا له یه‌ک سه‌رچاوه هاتوون، بۆیه ته‌نیا وتم عه‌ره‌بی و تورکی) دانی ئیمکانات به هه‌موو ناوچه‌کان، ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی باشوری کوردستان، بۆ په‌ره‌سه‌ندنی زاراوه‌کان، یه‌ک له ئه‌رکه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردیه و ده‌بێ ڕێگاخۆشکرێت تا هه‌موو ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه و زاراوه‌کانی کوردی بتوانن له سه‌ر ژیانی خۆیان کاریگه‌ریان بێ و له ئیمکاناتی سه‌رانسه‌ری که‌ڵکوه‌رگرن و له‌و ڕێگاوه، وشه و ده‌ربڕینی جیاواز بێنه ناو زمانی سه‌رانسه‌ری. ئه‌مه یه‌ک له بناخه‌کانی دێمۆکراسییه که تاک بتوانێ له ئیمکاناتی وڵات کهڵكوهرگرێ تا بیروڕای خۆی له ڕیگای زمانه‌وه ده‌ربڕێ.
ئه‌وه‌ی که زۆر زۆر گرینگه ئه‌وه‌یه که ئێمه یه‌ک نه‌ته‌وه‌ین و نابێ باس له سه‌ر زمانی ستاندارد ببێته هۆی لێک دوورخستنمان. نابێ که‌س له ژێر ناوی شاعیر و ڕۆشنبیر، بێڕێزی به ڕابردوو و زه‌حمه‌تی که‌سانی پێش خۆی بکا و یان به هۆی گرێدراوی به ناوچه‌یه‌ک خه‌ت به سه‌ر نیوه‌که‌یتری کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا بێنێ. ده‌سه‌ڵاتی کوردی به هیچ شێوه‌یه‌ک نابێ له‌و هه‌ڵبژاردن و بڕیاره‌دا بکه‌وێته ژێر کاریگه‌ری و ده‌مارگرژی ناوچه‌یی، عه‌شیره‌تی و ئایینی. ئه‌و بڕیاره ده‌بێ به پێشکه‌وتنی کورد له بواری سیاسی و کولتوری له سه‌رده‌می ئینتێرنێت و گۆلوبالیزاسییۆن یارمهتیبدا.
ئه‌رکی ئێستای ده‌سه‌ڵاتی کوردی پێکهێنانی لێژنه‌یه‌کی تایبه‌ت له زانایانی بواری زمان، زانستهکانی پزشکی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری و کولتور و سیاسه‌ته له هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان، بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و ئه‌رکه و هه‌وڵدان بۆ ده‌رکردنی قامووسی کوردی که هاوکات وشه‌کان به چه‌ند زاراوه و به هه‌ر دو ڕێنووس بنوسرێنه‌وه و ئه‌و کاره‌ش ده‌بێ به‌رده‌وام بکرێ و وشه‌کانی تازه بێنه ناو قامووس. دیاره سه‌دان کاری تێکنیکی و عه‌مه‌لی بۆ جێخستنی زمانی ستاندارد هه‌یه که ده‌بێ بکرێن بۆ ئه‌وه که ئاسانتر و زووتر ئه‌م کاروانه به مه‌نزڵ بگا. گرینگ‌ترین خاڵ، ئیڕاده و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیه که به دڵفراونی به‌ره‌و پێشوازی ئه‌و ئه‌رکه بچین. ئێمه یه‌ک نه‌ته‌وه‌ین و زاراوه‌کانی کوردی هه‌موویان کوردین. زمانێک ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێ که له وشه و به‌هره‌کانی هه‌موو زاروه‌کان کهڵکوهرگرێ، خۆی له گه‌ڵ سه‌رده‌م ڕێکبخا و له زمانه‌کانی ئینگلیزی و لاتین کهڵکوهرگرێ تا که‌موکورتیه‌کانی زمانی پێ پڕکاته‌وه.
من هه‌مان هه‌ستم به‌رامبه‌ر به لاوکێک هه‌یه که بۆ شه‌هیدێک له چیای سیپان و ئاگرین گوتراوه که بۆ به‌یتی "سیده‌وان" و یان حه‌یرانی ناوچه‌کانی هه‌ولێر و موکریان. وشه‌ی "پێگران" یشم له کرمانجیدا زۆر پێ جوانتره له "حامله"ی عه‌ره‌بی که زۆربه‌مان که‌ڵکی لێورده‌گرین. که کوردێک له ئافریقا و یان چین نه‌خۆش که‌وی و به دوکتور بڵێ: "ئاسم"، دوکتوره‌که لێتێدهگا. چ وشه‌یه‌ک بۆ ئینتێرنێت و پێ. سی. باشتر له خودی ئه‌و وشانه‌ن؟ له سه‌رده‌می ئێستادا، ئه‌لفوبێ لاتینش زۆر زیاتر خزمه‌ت به کێشه‌ی کورد ده‌کا. له باس و بڕیار له سه‌ر زمانی ستاندارد ده‌بێ جوانکاری، کارایی، ده‌وله‌مه‌ندبوونی زمان و یه‌کگرتوویی تێدا قسه‌ی ئاخر بکه‌ن نه‌ک شه‌ڕێکی ناڕه‌وا که ئاکامی لێکدابڕانه.
تێنینی : ئه‌م نووسینه‌ی به‌ڕێز یای شه‌هلای ده‌بباغی به‌ر له بڵاوبوونه‌وه‌ی " داخوازینامه‌ی 53 نه‌فه‌ر ناقیس یه‌ک" له ماڵپه‌ڕێکی کوردی دا بڵاو کراوه‌ته‌وه. له سه‌ر داوخوازی نووسه‌ر به سپاسه‌وه بۆ به‌ڕێزیان جارێکی دیکه له ڕوانگه دا بڵاو ده‌کرێته‌وه.
1 comment:
به‌داخه‌وه شه‌هلا خانم چه‌ند شتی جیاواز و ده‌گه‌ڵ یه‌ک نه‌گونجاوی تێکه‌ڵ کردوون! به‌ڕێزیان "زمانی ستاندارد" و "زمانی ڕه‌سمی" و "زمانی یه‌کگرتوو"ی تێکه‌ڵ کردوون و پێی وایه هه‌ر یه‌کن! قسه‌کانیشی هه‌ر ئه‌وانه‌ن که جه‌ماڵ نه‌به‌ز ماوه‌ی په‌نجا ساڵه ده‌یانکا و که‌س ئاوڕی وێ نه‌داونه‌وه. ئه‌م شێوازه‌ی که‌سانی وه‌ک جه‌ماڵ نه‌به‌ز ڕه‌چاوی ده‌که‌ن له ڕوانگه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییی ده‌مارگرژانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، که ئاکامه‌ی جگه له تێکدان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژه نهتهوهیییهی بۆخۆیان دڵیان پێی خۆشه هیچی دیکه نییه. ئه‌وجار کێشه‌ی ڕێنووسیشی تێکه‌ڵی ئه‌م باسه کردووه و له‌م بواره‌شدا هه‌ر به ڕێبازه‌که‌ی جه‌ماڵ نه‌به‌زدا ده‌ڕوا و ده‌ڵێ: "ئه‌لفوبێی لاتینش زۆر زیاتر خزمه‌ت به کێشه‌ی کورد ده‌کا". ئه‌مه‌ش بڕیارێکی نازانستییه و هیچ بنه‌مایه‌کی زانستی نییه. کورد نه ڕێنووسێکی یه‌کگرتووی هه‌یه، نه ئه‌لفوبێیه‌کی یه‌کگرتوو و نه زمانێکی یه‌کگرتوو؛ به‌ڵام ئاشکرایه که چه‌ند زمان[با بڵێین "زاراوه"، نه‌کا تووڕه بن!] و چه‌ند ڕێنووسی ستانداردی هه‌یه. به‌و شێوازه‌ش که شه‌هلا خانم ده‌یهه‌وێ ڕه‌چاو بکرێ قه‌ت له هیچ بارێکه‌وه یه‌کگرتوو نابێ. شه‌هلا خانم وه‌ک "1-53" که‌سه‌که ده‌یهه‌وێ "ده‌سه‌ڵات" به ئاواته‌که‌ی بگه‌یه‌نێ و ده‌نووسێ: "ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌بێ له سه‌ر بڕیارێک ساخ بێته‌وه"! ئیتر له‌وه ورد نه‌بووه‌ته‌وه که ده‌سه‌ڵات له‌وانه‌یه بتوانێ زمانێک به "ڕه‌سمی" ڕابگه‌یه‌نێ، به‌ڵام ناتوانێ له ڕه‌وتی "ستاندارد بوون"دا ده‌ورێکی به‌رچاوی هه‌بێ. دوایه ده‌فه‌رموێ: "بۆ جێخستنی زمانێکی ستاندارد ده‌بێ له هه‌موو زاراوه‌کان که‌ڵک وه‌رگرین / کورد چاره‌یه‌کی نییه جگه له که‌ڵکوه‌رگرتن له هه‌موو زاراوه‌کان / ئێمه یه‌ک نه‌ته‌وه‌ین و زاراوه‌کانی کوردی هه‌موویان کوردین / له باس و بڕیار له سه‌ر زمانی ستاندارد ده‌بێ جوانکاری، کارایی، ده‌وله‌مه‌ندبوونی زمان و یه‌کگرتوویی تێدا قسه‌ی ئاخر بکه‌ن"! لێره‌دا هێنده‌ی دیکه‌ی شێواندووه و پێی وایه "زمانی ستاندارد" یانی "زمانی یه‌کگرتوو"! پێشنیاره‌که‌شی بۆ "زمانی یه‌کگرتوو هیچ زانستی نییه! چونکه تێکه‌ڵ کردنی هه‌موو زاراوه‌کان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، جگه له تێکدان و شێواندنی هه‌موو زاراوه‌کان هیچی لێ شین نابێ و ئاکامه‌که‌ی ئه‌وه ده‌بێ که که‌س ده که‌س ناگا.
به‌داخه‌وه شه‌هلا خانم ده‌یهه‌وێ شه‌ڕی سیاسه‌ت بێنێته سه‌ر گۆڕه‌پانی زمان. به‌م کاره‌ش ئه‌وه‌ی که هه‌شه ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه. بۆ درێژدادڕ نه‌بوونی تێبینییه‌که‌م تکا له شه‌هلا خانم ده‌که‌م نووسراوه‌کانی کاک ئه‌میر حه‌سه‌نپوور و بێهرووز شوجاعی و جه‌عفه‌ر شێخولئیسلامی، هه‌ر له سه‌ر ئه‌م ماڵپه‌ڕه، وردتر و دوور له ده‌مارگرژیی نه‌ته‌وه‌یی، بخوێنێته‌وه هه‌تا بزانێ ئه‌م ڕێگایه‌ی ئه‌و ملی پێوه ناوه بۆ کوێ ده‌چێ. پێویسته ئه‌م ڕاستییه بسه‌لمێنین که کوردی زمانێکی چه‌ند ستاندارده. ڕه‌نگه ئه‌م چه‌ند ستانداردبوونهش ڕێگا خۆش بکا بۆ جوێبوونه‌وه‌ی ستاندارده‌کان و پێکهێنانی سه‌ربه‌خۆیییه‌کی زمانی و ته‌نانه‌ت سیاسیش. ئه‌وه‌ش کاره‌سات نییه و ڕه‌وتێکی ئاسایییه و ئه‌گه‌ر بڕوامان به دێموکڕاسی هه‌یه نابێ لێی بسڵه‌مینه‌وه. ئه‌م ڕێبازه‌ی ئێستا له باشووری کوردستان، له بواری زمان و ڕێنووسدا، ڕه‌چاو ده‌کرێ هیچ دڵخۆشکه‌ر نییه و ئاسۆیه‌کی زۆر لێڵی به دواوه‌یه. بۆچوونی شه‌هلا خانم و هاوبیرانیشی ئه‌م ئاسۆیه لێڵتر ده‌که‌ن.
ئارا
Post a Comment