Sunday, July 27, 2008

موحسین جوامێر! یا / ئا یا با یا / نا







موحسین جوامێر! یا / ئا یا با یا / نا

حه‌سه‌نی قازی

ماوه‌یه‌که‌ به‌ڕێز موحسین جوامێر له‌به‌ر بۆچوونی زمانیمان و له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی فره‌چه‌شنێتی زمانیی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان، به‌ربینگی به‌ من و هێندێک له‌ دۆستانم گرتووه‌ وله‌ هیچ خۆی لێ کردووینه‌ فرۆشیاری " کوردایه‌تی " و گزیری " زمانی دایه‌گه‌وره‌"! جارێک به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ی پشت به‌ستوو به‌ تیۆری و به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گر ده‌ڵێ " "کا" له‌ " پووش" بژاردن" "،ساتێک ناساندنه‌کانی کۆمه‌ڵناسیی زمانی به‌ " ‌ فێڵ"کردن له‌ خوێنه‌ره‌وه‌ی کورد له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا و له‌و دواییانه‌شدا خۆی کردووه‌ته‌‌ قسه‌ وێژی من و فه‌رمان ده‌رده‌کا " باوه‌ڕم به‌ هیچی کورد" نییه‌ و، هه‌ر ئه‌وه‌ش نا ده‌مکاته‌ نموونه‌ی ئه‌و بێ باوه‌ڕییه‌.
ئه‌من له‌وباره‌یه‌وه‌ داوه‌ری به‌جێدێڵم بۆ خوێنه‌ره‌وان و ته‌نیا داوخوازییه‌کم لێی هه‌یه‌؛ ئه‌ویش وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی خواره‌وه‌یه‌ به‌ ئا، با، یان نا، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌.
1- گه‌لۆ شێوه‌زارێک/زمانێک به‌ نێوی کوردیی سه‌روو/ کرمانجی هه‌یه‌ یان نا؟
2- گه‌لۆ ناوچه‌یه‌ک ، شێوه‌زاڕێک/زمانێک به‌ نێوی هه‌ورامان ، هه‌ورامی/ گۆرانی هه‌یه‌ یان نا؟
3- گه‌لۆ له‌ کوردستانی ترکییه‌ له‌ چه‌ند مه‌ڵبه‌ندی جیاواز به‌ شێوه‌زارێک/زمانێک قسه‌ ده‌کرێ، که‌ له‌ کرمانجی جیاوازه‌ یان نا؟
4- گه‌لۆ له‌ کرماشان، ئیلام، خانه‌قی و به‌دره‌ و جه‌سان ‌ شێوه‌زارێک/ زمانێک هه‌یه‌ که‌ جیاوازه‌ له‌ زمانی "دایه‌ گه‌وره‌" یان نا؟
5- گه‌لۆ ده‌قه‌کلاسیکه‌ ئه‌دبییه‌ کوردییه‌کان به‌و شێوه‌زاره‌/زمانه‌ نین که‌ له‌ پنتی 1 دا ده‌ستنیشان کراوه‌؟
6- گه‌لۆ ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌ شێوه‌زار/ زمانی هه‌ورامی/گۆرانی پێشینه‌ی مێژووی [ که‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا هیچ نادرکێنێ] له‌ ده‌قه‌کانی شێوه‌زار/ زمانی " دایه‌گه‌وره‌ " کۆنتر نییه‌؟
7- گه‌لۆ هێزێکی بان ده‌سته‌ڵاتی مرۆ هه‌یه‌ بتوانێ شێوه‌زارێک/زمانێک له‌ سه‌راوه‌ردی تاقه‌ جوگرافییایه‌ک دا به‌رته‌نگ و قه‌تیس بکا؟
8- گه‌لۆ یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی "کوردی" به‌ شێوه‌زار/زمانی کرمانجی بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه‌؟
9- گه‌لۆ شێوه‌زار/ زمانی پێڕۆیانی "شاهی نه‌خشبه‌ند" به‌ ڕێڕه‌وه‌ جیاوازه‌کانیانه‌وه‌‌ کرمانجی سه‌روو، هه‌ورامی / گۆرانی نه‌بووه‌ و نییه‌ ؟
10- گه‌لۆ " شه‌ره‌فخانی بدلیسی "، " شێخ سه‌عید"، "سه‌ید ڕزا"، "عه‌لی شێر" ، " دوکتور فوئادی جوبرانلی" ، " ئێحسان نووری پاشا" ،" سه‌عید قرمزی تۆپراق"، " نه‌جمه‌دین بۆیۆک کایا"، " مه‌عسووم قورقماز" ، "عه‌بدوسه‌لام بارزانی" ، "شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی"، " مه‌لا مسته‌فای بارزانی "، " شێخ عوسمانی بیاره‌"، " جه‌لاده‌ت عالی به‌درخان "، " کامران عا‌لی به‌درخان "، " عوسمان سه‌بری"، " جگه‌رخوێن " ، "قه‌دری جان"، " عه‌ڕه‌بێ شه‌مۆ"، " قه‌ناتێ کوردۆ"، " جاسمێ جه‌لیل " ، " عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز"، " میرحاج ئه‌حمه‌د ئاکره‌یی" ، " سادق به‌هائه‌دین "، " هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا " ، " سالح یووسفی "، " محه‌مه‌د عارفێ جزیری " ، "برایمی نادری" ،" دوکتور جه‌عفه‌ری ڕه‌حمانی"، "له‌یلا قاسم "، " ئازاد هه‌ورامی"، " عه‌لی کاشفپوور" و کێ و کێ زمانی زکماکییان سۆرانی بووه‌ ؟
11- گه‌لۆهه‌وه‌ڵین تێلێڤیزیۆنی مانگیله‌ی کوردی به‌ کرمانجی ده‌ستی به‌ چالاکی نه‌کردووه‌؟
12- گه‌لۆ ئه‌و شێوه‌زار/ زمانه‌ی که‌ تا ئێستاش به‌ ته‌واوی قه‌ده‌غه‌ی له‌ سه‌ر لا نه‌چووه‌ کرمانجی نییه‌؟
13- گه‌لۆ دیوانی مه‌وله‌وی تاوگۆزی به‌ هه‌ورامی نه‌نووسراوه‌ ؟
14- گه‌لۆ ئه‌و کورته‌ چیرۆک/ ڕۆمانانه‌ی ‌ به‌ زمانه‌ ئوڕووپاییه‌کان وه‌رگێڕدراون زۆربه‌یان به‌ کرمانجی نین ؟
15- گه‌لۆ ده‌زانی " شوانی کورد" یه‌که‌م ڕۆمانی کوردی عه‌ڕه‌بێ شه‌مۆ به‌ کرمانجی نووسیویه‌ ؟
16- گه‌لۆ ئاگات لێیه‌ ڕۆمانی " تفه‌نگه‌که‌ی باوکم "، له‌ نووسینی هنه‌ر سه‌لیم سینه‌ماکارو نووسه‌ری خه‌ڵکی ئاکرێی مه‌ڵبه‌ندی بادینان له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌ زیاتر له‌ بیست زمانی دنیا وه‌رگێڕدراوه‌ و له‌ چه‌ندین ڕۆژنامه‌ و گۆواری به‌نێوبانگی جیهانیدا پێداچوونه‌وه‌ی له‌ سه‌ر نووسراوه‌؟
17- گه‌لۆ زۆربه‌ی ئه‌و کتێب و نامیلکانه‌ی له‌ سوێد بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ به‌ کرمانجی نین ؟
18- گه‌لۆ محه‌مه‌د ئوزوون و مه‌ده‌نی فه‌رحۆ ڕۆمانه‌کانی خویان به‌ کرمانجی نه‌ نووسیوه‌؟
19- گه‌لۆشێوه‌زار/ زمانی ئێزه‌دیان کرمانجی نییه‌؟
20- گه‌لۆ مامۆستا سه‌لاحه‌دین موحه‌مه‌د به‌هائه‌دین نکووڵی له‌ زمانی زگماکی خۆی ده‌کا؟
21- گه‌لۆ کوردی ئه‌وتۆ هه‌ن که‌ بۆ نووسینی زمانی کوردی ئه‌لفوپێتکه‌ی ڕۆمی [ لاتینی] به‌کاربهێنن؟
22- گه‌لۆ جه‌لاده‌ت عالی به‌درخان و کامران عالی به‌درخان چه‌ندین ڕێزمان و قامووسیان به‌ کرمانجی دانه‌ناوه‌ ؟
23- گه‌لۆ " عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشییان"، به‌ کوردیی که‌لوڕی نانووسێ ؟
24- گه‌لۆ " شه‌هرامی نازری"، به‌ کوردیی که‌لوڕی و به‌زمانی ئه‌هلی حه‌ق ناچرێ ؟
25- گه‌لۆ ژماره‌یه‌کی زۆر فه‌رهه‌نگ و قامووس ‌ ‌ به‌ شێوه‌زار/ زمانی کرمانجی گرده‌وه‌ کۆیی نه‌کراون وبڵاو نه‌کراونه‌ته‌وه‌؟
26- گه‌لۆ هه‌ژاری موکریانی دیوانی مه‌لایێ جزیری و مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دێ خانی به‌ سۆرانی لێکنه‌داوه‌ته‌وه‌؟
27- گه‌لۆ زۆربه‌ی نێوه‌رۆکی گۆڤاری "هاوار" به‌ کرمانجی نییه‌ ‌؟
28- گه‌لۆ ئه‌م ڕۆژنامه‌ و حه‌وته‌نامه‌ و مانگانه‌یانه‌ی خۆاره‌وه‌ که‌ ئێستا له‌ کوردستانی عێراق ده‌رده‌چن به‌ کرمانجی
بڵاو نابنه‌وه‌: ئه‌ڤڕۆ، به‌هدینان، ڕاسان ... ؟
29- گه‌لۆ له‌ هه‌موو ئه‌و شه‌رح و لێکدانه‌وانه‌ی وا سه‌باره‌ت به‌ زمانی کوردی به‌ زۆر زمانان بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ باس له‌وه‌ ناکرێ ‌ کوردان چه‌ندین " له‌هجه‌ی ئه‌ده‌بی" یان هه‌یه‌؟
30- گه‌لۆ ئاگات لێیه‌ له‌ ساڵی 2004وه‌ تائێستا " ئێکه‌تییا نڤیسه‌رێن کورد – دهۆک" 146 کتێبیان به‌ شێوه‌زار/زمانی کرمانجی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌؟
31- گه‌لۆ ئه‌و زنجیره‌ کتێبه‌ی منداڵان که‌ له‌ وڵاتی سوێد وه‌رگێڕدراونه ته‌‌ سه‌ر شێوه‌زار/زمانی دملکی به‌ کوردی داده‌نێی ؟
32- گه‌لۆ هێندێک له‌و ڕۆژنامه‌ و حه‌وتوونامانه‌ی له‌ سلێمانی و هه‌ولێر چاپ و بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌ هێندێک له‌ بابه‌ته‌کانیان به‌ کوردیی بادینی نییه‌ ؟
33- گه‌لۆ له‌ شاری یۆته‌بۆری کاتێک کوردێک ڕێی له‌ داییره‌ ڕه‌سمییه‌کان بکه‌وێ به‌پێی ئه‌وه‌ی ‌ به‌چ شێوه‌زارێک / زمانێک بدوێ دیلمانجی لۆ ناهێنن؟
34- گه‌لۆ دیار دێرسیمی که‌ ده‌زانم ده‌نگیت زۆر پێ خۆشه‌ به‌ کرمانجی نا‌چڕێ؟
35- گه‌لۆ شێوه‌ی هه‌ڵپه‌ڕکێی بادینان و به‌ری سۆران و بابان وه‌ک یه‌ک وایه‌؟
36- گه‌لۆ کوردی که‌لاماکێ و پشتکوو وه‌کوو یه‌کتر ده‌دوێن ؟
37- گه‌لۆ ئه‌و زمانه‌ی چوار ده‌نگ و نیشانه‌کانی له‌ نووسین دا له‌ ترکییه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ و خه‌ڵکی له‌ سه‌ر ده‌گیرێ زمانی " دایه‌گه‌وره‌" یه‌ ؟
38- گه‌لۆ ئه‌وانه‌ی به‌ هه‌زاران ده‌ڕژێنه‌ گۆڕه‌پان و کۆڵانان و ده‌ڵێن " ئیدی به‌سه‌" و داوای‌ په‌روه‌رده‌ و به‌ ڕه‌سمی ناسینی زمانی خۆیان ده‌که‌ن. ئه‌و شێوه‌زاره‌/زمانه‌ی ده‌یانه‌وێ به‌ ڕه‌سمی ددانی پێدا بهێندرێ کرمانجی و دملکی نییه‌ ؟
39- گه‌لۆ جه‌نابت سیاسه‌تێکت بیستووه‌ ‌ به‌ نێوی " زمانکوژی" که‌ به‌ساڵانی درێژ له‌ سه‌ر به‌شێکی گه‌وره‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد تاقی کراوه‌ته‌وه‌؟
40- گه‌لۆ ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی " زمانکوژی" له‌ لایه‌ن غه‌یری کورد و کورده‌وه‌ خۆی په‌یڕه‌و بکرێ هیچ جیاوازییان ده‌ناو دا ده‌بینی؟
41- گه‌لۆ زمانی عه‌ڕه‌بی به‌ ئه‌فزه‌لی زمانی کوردی ده‌زانی؟
42- گه‌لۆ " له‌یلا قاسم" وه‌ فه‌یلی نه‌دواوه‌ ؟
43- گه‌لۆ زمان له‌ کۆڵه‌که‌کانی ناسێنه‌ ( ناسنامه‌) ی کوردی یه‌؟
44- ئه‌گه‌ر وڵامت ئایه‌، گه‌لۆ ئه‌و کوردانه‌ی خۆیان وه‌ک کورد هه‌ست پێده‌که‌ن ، به‌ڵام شێوه‌زاری "دایه‌گه‌وره‌ " نازانن، کوردن یان نا؟
45- گه‌لۆ داسه‌پاندنی "شێوه‌زارێک" به‌ سه‌ر ئه‌وانیدیدا ئه‌گه‌ر ئاخێوه‌ر‌انی " ئه‌وانیدی" به‌ دڵ و داو نه‌یپه‌ژرێنن به‌ پێی ‌ پرێنسیپی ئه‌خلاقی ، زانستی و بنه‌ماکانی مافی مرۆ ڕه‌وایه‌؟
46- گه‌لۆ ده‌کرێ کورد ته‌نێ به‌ شێوه‌زار/ زمانێک بنووسن ؟
47- ئه‌گه‌ر وڵامت ئایه‌، ئه‌ی ئه‌و به‌ هه‌زاران کتێب و نووسراوه‌ی به‌ شێوه‌زار/زمانی بێ له"‌ دایه‌ گه‌وره‌ "چاپ کراون ده‌بێ کۆبکرێنه‌وه‌ و له‌ ڕێوڕسێمی " سووتمانه‌ کتێب" دا له‌ نێو ببردرێن؟
48- ڕه‌نگه‌ وڵامت ئا بێ‌، ئه‌گه‌ر وابێ نکوولی لێکردنیان ناڕه‌وا نییه‌ ؟
49- گه‌لۆ ، ئاگات لێیه‌ زۆربه‌ی تێلێڤیزیۆنه‌ مانگیله‌ کوردییه‌کان به‌ کرمانجی و سۆرانی ده‌نگووباس و به‌رنامه‌ بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌؟
50- گه‌لۆ ده‌زانی ئه‌و شێوه‌زاره‌ی له‌ بادینان قسه‌ی پێ ده‌کرێ و پێی ده‌نووسرێ درێژه‌ی شێوه‌زاری جزیری – بۆتی یه‌؟

وابزانم وڵامی ئه‌و گه‌لۆیانه‌ یان "ئا" و " با" ن ، یان " نا " جا به‌ڕێزت به‌ هه‌ر بارێک دا وڵام بده‌یه‌وه‌ فه‌رق ناکا، چونکوو ئاکامی زۆر ئاشکرا له‌م تێسته‌ ده‌رده‌که‌وێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئێستا کورد زیاد له‌ یه‌ک ستانداردی نووسینیان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش هێنده‌ ئاشکرا و به‌ده‌ره‌وه‌یه‌‌ ئیدی‌ شێروڕێوی هێنانه‌وه‌ی زیاتری ناوێ.
ئه‌وه‌ی گرینگ بێ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌کی ئینسانییه‌ بۆ کێشه‌ی زمانی له‌کوردستانی عێراق و دامه‌زراندنی سیستمێکی په‌روه‌رده‌ی ئه‌وتۆ که‌ جێی ئاخێوه‌رانی هه‌موو شێوه‌زاره‌کان بکاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موان به‌ ئی خۆیانی بزانن.

No comments: