هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر گه‌وره که هیوادارم مامۆستا جه‌ماڵ نه‌به‌ز ڕاستی کاته‌وه
هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر گه‌وره که هیوادارم مامۆستا جه‌ماڵ نه‌به‌ز ڕاستی کاته‌وه !
حه‌سه‌نی قازی
مامۆستا جه‌ماڵ نه‌به‌ز له‌و وتاره‌ی دا که به‌م دواییانه سه‌باره‌ت به بابه‌تی پێوه‌چاران به زمانی کوردی نووسیویه و زۆر لایه‌نی سه‌رنجڕاکێشی تێدایه، به‌داخه‌وه به بێ لێکۆڵینه‌وه و به‌دوا داچوون تاوانێکی زۆر گه‌وره‌ی خستووه‌ته پاڵ یه‌کێک له لێکۆله‌ره‌وه هه‌ر به‌رچاوه‌کانی ئێرانی و من به‌ش به‌حاڵی خۆم چاوه‌ڕوانی لێده‌که‌م ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی ڕاست کاته‌وه و داوای لێبوردن له‌و لێکۆله‌ره‌وه‌یه بکا.
ماموستا نه‌به‌ز له‌و باره‌یه‌وه ده‌نووسێ: " ئه‌م وشه‌ی " پان کوردیست" ه، بۆ یه‌که‌مینجار و، له کۆتایی شه‌سته‌کانی سه‌ته‌ی ڕابردوو دا، سیخوڕێکی ساواکی سه‌رده‌می شای لێخراوی ئێران، به نێوی خواسته‌مه‌نی " ماکان" ه‌وه، له نامیلکه‌یه‌کدا که به‌زمانی فارسی دژی کورد نووسیبووی، له ژێر سه‌رنێوی " افسانه خلقهای ایران" (ئه‌فسانه‌ی گه‌لانی ئێران)، ئه‌م وشه‌یه‌ی به‌کار هێنابوو و له دژی شه‌هید ئه‌وڕه‌حمانی قاسملوو، بۆ ئه‌وه‌ی به مێشکی بۆشی خۆی بیسه‌لمێنێ که کورد گۆیا نه‌ته‌وه نین، به‌ڵکوو هۆزێکن و زمانه‌که‌یان شێوه‌زارێکی فارسی یه، ته‌نانه‌ت زاری ترکیی ئازه‌ریشی به شێوه‌زارێکی فارسی دابووه قه‌ڵه‌م ..."
به‌رله‌هه‌موو شت پێم خۆشه به‌کورتی باسی ئه‌و کهشو هه‌وا سیاسییه بکه‌م که ئه‌و نامیلکه‌یه‌ی تێدا نووسرابوو و دوایه ده‌ڵێم " م.ماکان" کێیه. ئه‌و نامیلکه‌یه له سه‌رده‌مێک دا بڵاو بووه‌وه که له نێو باڵه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکارانی ئێرانی له وڵاتانی ئووڕپای ڕۆژئاوا دا ڕکه‌به‌رییه‌کی توندی ئیدێئۆلۆژی له ئارا دا بوو و هیچکامیان له به‌ر ئه‌و خه‌فه‌قان و دیکتاتۆرییه سیاسییه‌ی که باڵی به سه‌ر ئێران‌دا کێشابوو ئاگاداری و زانیارییه‌کی ئه‌وتۆیان سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی کوردستان به گشتی و کوردستانی ئێران به تایبه‌تی نه‌بوو. ئه‌و ده‌می وه‌جی نوێی چه‌پی ئێرانی به دوای شکانی حیزبی تووده له دوای ساڵانی کوده‌تای شا – زاهیدی تازه خۆی ده‌گرته‌وه. بزووتنه‌وه‌ی چه‌کدارانه‌ی ساڵانی 1967 -1968 له کوردستانی ئێران له نێو بزووتنه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له ئوڕووپای ڕۆژئاوا زۆر که‌می له‌سه‌ر ده‌زاندرا ، به‌ڵام لایه‌نێکی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه واته تێکۆشه‌رانی " سازمانی ئینقیلابی حیزبی تووده‌ی ئێران " ئه‌و بزووتنه‌وه‌یان زۆر زیاتر له‌وه‌ی که هه‌بوو گه‌وره ده‌کرده‌وه و له ڕاستیدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که تێزی سه‌ره‌کییان واته " گه‌مارۆدانی شاره‌کان له گوندانه‌وه " ئه‌وه خه‌ریکه له کوردستانی ئێران‌دا ڕووده‌دا، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان لایه‌نێکی دیکه ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی واته لایه‌نگرانی " جه‌بهه‌ی میللی ئێران" یان ناسیۆنالیستی ئێرانی لایه‌نگرانی محه‌مه‌دی موسه‌دیق پێیان وابوو ئه‌وه بۆچوونێکی تیژپه‌ڕانه یه. م .ماکان که نێوی خواسته‌مه‌نی یان قه‌ڵه‌می خوسره‌وی شاکری یه ئه‌و ده‌می له تێکۆشه‌رانی باڵی چه‌پی "جه‌بهه‌ی میللی ئێران" و یه‌ک له ڕووناکبیرانی هه‌ره سه‌رسه‌ختی ئانتی ستالینی ئه‌و سه‌رو به‌ندی بوو له نێو ئه‌و تێکۆشه‌ره ئێرانیانه دا که له ئوڕووپا به دژی ڕێژیمی شا خه‌باتیان ده‌کرد. هه‌ر وه‌ک مامۆستا نه‌به‌ز نووسیویه له‌و سه‌روبه‌ندی دا " ماکان" نامیلکه‌یه‌کی بڵاو کرده‌وه و له‌و نامیلکه‌یه‌دا تێزی ستالینی له مه‌ڕ " مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی" به‌ر په‌رچ دایه‌وه به‌ڵام ئه‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه له ڕوانگه‌ی نکۆڵی کردن له هه‌بوونی گه‌لی کورد و زمانی کوردی نه‌بوو، به‌ڵکوو زیاتر به‌گژداهاتنه‌وه‌ی هێڵه‌که‌ی دیکه‌ی تێکۆشه‌رانی ئێرانی بوو. ئه‌وده‌می واته به دووی شکانی بزووتنه‌وه‌ی چه‌کدارانه‌ی" کۆمیته‌ی شۆڕشگێڕی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان"دا، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ژماره که‌مه کورده ئێرانییه‌ی‌وا له ئوڕووپای ڕۆژئاوا بوون و مه‌یلی کار و چالاکی سیاسی‌یان هه‌بوو چ مه‌ودایه‌کیان پێ نه‌ده‌درا له چوارچێوه‌ی " کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کورد له ئوڕووپا" له دژی ڕێژیمی سه‌لته‌نه‌تی ئێران چ چالاکی و تێکۆشانێکیان هه‌بێ و به ده‌نگ گه‌لی کورده‌وه بێن له کوردستانی ئێران، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ڕێکخراوه‌یه‌کیان به نێوی " ڕێکخراوی ڕووناکبیرانی کوردی ئێران" دامه‌زراند، که شه‌هید دوکتور ئه‌وڕه‌حمانی قاسملوو و خودالێخۆش‌بوو که‌ریمی حیسامی له‌گه‌ڵ که‌سانی دی له دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه بوون. ماوه‌یه‌کی کورت به دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی نامیلکه‌ی گۆرین واته " افسانه‌ی خلقهای ایران" یه‌کێک له ئه‌ندامانی " ڕێکخراوی ڕووناکبیرانی کوردی ئێران" له نامیلکه‌یه‌ک دا به نێوی" واقعیت خلقهای ایران و افسانه‌ی م. ماکان " ( ڕاستینه‌ی گه‌لانی ئێران و ئه‌فسانه‌ی م. ماکان) وڵامی بۆچوونه‌کانی ئه‌وی داوه ، به‌ڵام له هیچ کوێی نووسراوه‌که‌دا، م.ماکان ی تاوانبار نه‌کرد به‌وه‌ی که" سیخوڕی ساواک" بێ،بۆچی چونکوو ده‌یزانی نووسه‌ری نامیلکه‌که نه‌ک ته‌نیا" سیخوڕی ساواک" نییه، به‌ڵکوو سه‌ر به باڵێکی هه‌ره شێلگیری دژی ڕێژیمی محه‌مه‌د ڕه‌زا شاشه.
ساڵانی دواتر خوسره‌وی شاکری له چوارچێوه‌ی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌دا که سه‌باره‌ت به " بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری، سۆسیاڵ دێمۆکراسی و کۆمۆنیستی له ئێران" دا ده‌یکرد و تائێستا 23 به‌رگی به زمانی فارسی، ئینگلیسی و فه‌رانسه‌یی لێ بڵاو بووته‌وه، به هاوکاری نووسه‌ری ئه‌م دێرانه به‌شێک له سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌ی سه‌ر ده‌می "کۆماری کوردستان له مهاباد"ی وه‌رگێرا سه‌ر زمانی فارسی و له یه‌کێک له‌و به‌رگانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا بڵاوی کرده‌وه. هه‌ر ئه‌و کاره بۆ خۆی ده‌یسه‌لمێنێ ئه‌گه‌ر له نامیلکه‌ی "ئه‌فسانه .... " دا له‌ئاست خه‌باتی گه‌لی کورد و زمانی کوردی به‌هه‌ڵه دا چووبێ ئه‌و کاره‌ی تێهه‌ڵێنانه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی پێشوویه‌تی.
له‌وه‌ش زیاتر شاکری ئیدیتۆری دوو به‌رگ کتێبی ئه‌ستووره که له لایه‌ن "کۆنفێدراسیۆنی جیهانی خوێندکارانی ئێران"ییه‌وه له جه‌نگه‌ی ده‌سته‌ڵاتی ڕێژیمی محه‌مه‌د ڕه‌زا شا دا به دژی ساواک و ده‌وڵه‌تی شا به چه‌ندین زمانی جۆربه‌جۆر بڵاو کراونه‌ته‌وه.
له کۆتایی ئه‌و ڕوونکرنه‌وه‌و شاییدی دانه دا، هیوادارم مامۆستا جه‌مال نه‌به‌ز پێ له‌و هه‌ڵه‌یه بنێ وداوای لێبوردن له‌و زانایه‌یه بکاکه به خوت و خۆڕایی به " سیخوڕی ساواک"ی له قه‌ڵه‌م داوه ، هه‌رچه‌ند حه‌قی خۆیه‌تی چۆنی ده‌یه‌وێ نێوه‌رۆکی نامیلکه‌ی "افسانه‌ی خلقهای ایران" هه‌ڵسه‌نگێنێ، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و تۆمه‌تبارکردنه بێ بناغه‌یه که زیاتر وه‌پلاری کوێری ده‌چێ وه‌رگرێته‌وه.
لێره دا کورته‌یه‌ک له ژیانی سیاسی و کاره زانستییه‌کانی پرۆفسۆر خوسره‌وی شاکری بۆ ئاگاداری خوێنه‌ره‌وانی ئه‌م دێڕانه له گه‌ڵ وێنه‌یه‌کی بڵاو ده‌که‌مه‌وه.
خوسره‌وی شاکری، له ساڵی 1961 له بواری ئابووری دا ده‌ره‌جه‌ی لیسانسی وه‌رگرتووه. له ساڵی 1964 هه‌ر له‌هه‌مان به‌شدا ده‌رجه‌ی ماستری ته‌واو کردووه .له ساڵی 1973 له زانکۆی سۆربۆن ده‌ستی به لێکۆڵینه‌وه کردووه بۆ وه‌رگرتنی پله‌ی دوکتورا. له مانگی فێڤرییه‌ی ساڵی 1980 له زانستی مێژوودا پله‌ی دوکتورای وه‌رگرتووه. هاوکات، له سه‌رده‌می خوێندکاری دا، که‌سێکی چالاک بووه له بزووتنه‌وه‌ی له سه‌ر کردنه‌وه‌ی مافی مرۆڤ له ئێران له نێوان ساڵانی 1960- 1970 دا. بۆ دوو خول له ساڵی 1965 و 1968 سێکرێتێری کۆنفێدراسیۆنی خوێندکارانی ئێرانی بووه و له‌وماوه‌یه‌دا زنجیره کتێبێکی به‌ڵگه‌ی مێژوویی سه‌باره‌ت به سه‌ته‌ی بیسته‌می ئێران، 23 به‌رگ به فارسی و 10 به‌رگ به زمانه ئوڕووپاییه‌کان بڵاو کردووه‌ته‌وه. ئه‌و هه‌روه‌ها هێندێک له نووسراوه کلاسیکه مارکسیستییه‌کانیشی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی فارسی.
بڵاوکراوه شیکارییه سه‌ره‌کییه‌کانی بریتین له :
1- ڕه‌چه‌ڵه‌کی رووسی – قه‌فقازی چه‌پی ئێران. سۆسیال دێمۆکراسی ئێرانی مۆدێڕن، وه‌شانخانه‌ی کێرزن پرێس، له‌نده‌ن ساڵی 2000؛ وه‌شانخانه‌ی زانکۆی واشنگتن و وه‌شانخانه‌ی بریتیش کۆلۆمبیا، سیاتێل و ڤانکووڤر، 2001، 400 لاپه‌ڕه ( به زمانی ئینگلیسی)
2-ئه‌رمه‌نییه‌کانی ئێران: ده‌وری ناکۆکی که‌مایه‌تییه‌ک له فه‌رهه‌نگێکی زاڵ دا، زانکۆی هارڤارد نێوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست زنجیره‌کانی مۆنۆگڕافی، وه‌شانخانه‌ی زانکۆی هارڤارد، که‌مبریج ( MASS ) ، ژانڤییه‌ی 1998، 410 لاپه‌ڕه ( به زمانی ئینگلیسی)
3- کۆماریی سۆسیالیستیی سۆڤییه‌تی ئێران، 1921- 1920 : له دایکبوونی زامی ده‌روونی، وه‌شانخانه‌ی زانکۆی پیتسبورگ، پیتسبورگ ، 1995 ، 650 لاپه‌ڕه ( به زمانی ئینگلیسی)
4-سیاسه‌ته‌کانی ده‌ستپێکردن : چه‌رخی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی چیرۆک و گه‌مه‌ی منداڵان له ئێران ، لویستۆن ، نیۆیۆرک 1992، چاپی تازه، 1996. 263 لاپه‌ڕه ( به زمانی ئینگلیسی)
5- شازاده‌یه‌کی سووری ئێرانی له‌پاریس ( کار و ژیانی ئیره‌جی ئه‌سکه‌نده‌ری ، به‌رگی 1 وه‌شانخانه‌ی مه‌زده‌ک / ئانتیتۆد، فلورانس/ تاران، 2002 (به زمانی فه‌ڕانسه‌یی / فارسی )
6- به‌ڵگه مێژووییه‌کان: بزووتنه‌وه‌ی کریکاران، سوسیال دێمۆکراسی و کۆمۆنیستی له ئێران، 23 به‌رگ، وه‌شانخانه‌ی مه‌زده‌ک، فلۆرانس، و وه‌شانخانه‌ی عێلم و پادزه‌هر، تاران. ( به زمانی فارسی )
خوسره‌وی شاکری زۆر وتاری به فارسی، ئینگلیسی و زمانه‌کانی دیکه‌ی ئوڕووپایی بڵاو کردووته‌وه. مامۆستای میوان بووه، له زانکۆی UCLA ، زانکۆی دوێ پاول ( شیکاگۆ)، و زانایه‌کی لێکۆله‌ره‌وه بووه له نێوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی ودۆرد ویلسن بۆ زانستکاران، نێوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی زانکۆکانی هارڤارد و شیکاگۆ؛ هه‌روه‌ها ئیدیتۆری هاوکار بووه بۆ ئه‌نسێکلۆپێدیای ئیرانیکا ( له زانکۆی کۆلۆمبیا)
خوسره‌وی شاکری به ساڵانی دوور ودرێژ له Ecole des Hautes Etudes en Sciences Sociales ( مه‌دره‌سه‌ی به‌رزی ڵێکۆڵینه‌وه و زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ) له پاریس که یه‌کێک له دامه‌زراوه زانستییه‌کانی هه‌ره به‌نێوبانگی ئوڕووپایه مامۆستایه‌تی کردووه و وانه‌ی گوتووه‌ته‌وه و ئێستا پرۆفسۆری خانه‌نشینه، به‌ڵام له نووسین و لێکۆڵینه‌وه کۆڵی نه‌داوه.
تێبینی: ئه‌م وتاره له دوو به‌شدا له ژماره‌ی 261 و 262ی ڕۆژنامه ڕۆژنامه، 15 و16 ی ژووییه‌ی 2008 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه
No comments:
Post a Comment