هێندێک نووسراوه‌ی دیکه‌ی نه‌مر لودویک (لویس)ئولسن فاسوم - 4
هێندێک نووسراوه‌ی دیکه‌ی نه‌مر لودویک (لویس)ئولسن فاسوم - 4
نامه‌یه‌کی نه‌مر ل.ئو.فاسوم سه‌باره‌ت به وێنه‌یه‌کی مێژوویی
حه‌سه‌نی قازی
پێشتر ئه‌م وێنه‌یه‌مان له ڕوانگه دا بڵاو کردبووه که یای ئاگوستا گودهارت کاتی خۆی داویه به خانمی ئێسته‌ر فاسوم هوڵت Esther Fossum Lygre Holte، کچی نه‌مر فاسوم. به پێداچوونه‌وه‌ی زیاتر به ژماره‌کانی کوردستان میشنێری دا،به خۆشییه‌وه ده‌رکه‌وت ئه‌م وێنه‌یه له ژماره‌ی 10ی، مانگی ژووییه‌ی 1913ی کوردستان میشنێری ش دا چاپ کراوه. نه‌مر ل.ۆ.فاسوم به ورده ڕیشاڵ باسی ئه‌م وێنه‌یه ده‌کا و گشت ئه‌و که‌سانه‌ی تێیدان ده‌ناسێنێ و به ته‌واوی ده‌رده‌که‌وێ ئه‌و که‌سه‌ی یه‌که‌م که به جلوبه‌رگی کوردییه‌وه له سه‌ر سه‌کۆی چاوه خانووی لای ڕاسته‌وه ڕاوه‌ستاوه، ڕووناک‌بیری که‌م ناسراوی کورد میرزا ڕه‌حمانی حاجی نه‌ورۆزه.
"کوردستان میشنێری، ژماره‌ی 10، خولی سێیه‌م، ژووییه‌ی 1913
دهنگو باسی پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مان
نامه‌کانی برامان فاسوم
سابڵا‌غ، کوردستان، ئێران
8ی مه‌ی 1913
برای خۆشه‌ویست ماکێنسن؛ ___
کاتێک دووساڵ له‌مه‌و به‌ر هاتمه ئێره،هێندێک که‌ره‌سته‌ی زۆر که‌می وێنه شوشتنهوهم هه‌بوو. له به‌ر بارودۆخی که‌شوهه‌وا زۆر زوو هه‌موویان خراپ بوون. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم ئه‌و وێنانه‌ی هه‌ڵیان ده‌گرم بیان شۆمه‌وه و ده‌ریان خه‌م به ته‌واوی به ناردنی که‌ره‌سته له ئه‌مریکاوه به‌ستراومه‌ته‌وه. چه‌ندین جار له‌و باره‌یه‌وه نامه‌م بۆ نووسیون و داوخوازه‌که‌م ته‌نانه‌ت له کوردستان میشنێری ش دا بڵاو بووه‌ته‌وه، به‌ڵام به داخه‌وه تا ئێستا که‌س به پیل ئه‌و داوخوازه‌ی منه‌وه نه‌هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی که‌ره‌سته‌ی پێویستم به ده‌ست بگه‌یێنێ تا بتوانم وێنه هه‌ڵگرم. جا بۆیه هیوادارم لێم ببووری هه‌تا ئێستا وێنه‌ی زیاترم بۆ نه‌ناردوون. ئه‌و دوربینی وێنه هه‌ڵگرتنه‌ی هه‌مه 4X 5 ه، بۆ چاپی زینک یان ئاڵقه فیلم. هیچکام له‌وانه له ته‌ورێز ده‌ست ناکه‌ون.له‌وێ داوام له ده‌وا فرۆشێکی ئه‌ڵمانی کرد ڕابسپێرێ له ئه‌ڵمانه‌وه ئه‌وانه‌ی بۆ بنێرن، دیاره له ئه‌ڵمانه‌وه به هه‌ڵه ئه‌و شتانه‌یان نارد بوو و له جتاتیان گڵۆڵه فیلمیان ناردبوو. ئه‌من ناتوانم ئه‌وان به کار بهێنم. من بۆخۆم ڕام ئهسپاردووهته شیکاگۆ له‌وێوه ئاڵقه فیلمم بۆ بنێرن . له 13ی دیسامبری 1912 به پۆست دا به‌ڕێیان کردووه، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتوون و، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بگه‌نه ئێره‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی 5 مانگ به‌ڕێوه بوون زۆر وێده‌چێ سه‌ده‌مه‌یان پێ بگا و به‌کار نه‌یه‌ن.
له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانم ئێوه زۆرتان پێخۆشه وێنه‌تان به ده‌ست بگا و بۆخۆم هیچم له‌ده‌ست نه ده‌هات بۆ به‌رهه‌مهێنانی وێنه گوتم چش باخهرجێکی زیادی بکه‌م و داوا بکه‌م له ده‌سته‌یه‌کی دی که به هه‌ڵکه‌وت لێره له شاری بوون چه‌ند وێنه‌یه‌کمان هه‌ڵگرن.
هیوادارم له‌و ڕوونکردنه‌وه دوور و درێژ و نه‌پێویستم تێ بگه‌ی و بکرێ ههرچوارمانگهی جارێک ئامراز و که‌ره‌سته‌ی وێنه هه‌ڵگرتنمان بۆ بنێرن و له دڵپه‌شێوی و خه‌رجی زیادیشمان که‌م بێته‌وه.
ئه‌م وێنه‌یه وا له گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه بۆتان ده‌نێرم دیوی ده‌ره‌وه‌ی خانووبه‌ره‌ی میسیۆنه‌که‌مان نیشان ده‌دا. یه‌که‌م په‌نجه‌ره‌ی لای ڕاست ئی ئه‌و ژووره‌یه که ئێمه هه‌موو لێمان بووه به عاده‌ت پێی بڵێین ژووری دامان. هه‌ر له‌و ژووره دا بوو ئێمانوێل دامان له ساڵی 1907 به ده‌ست کورده‌کان کووژرا. ئێستا ئێمه وه‌ک دیوی وه‌رگرتن، دیوی میوانان و پۆلی ده‌رسی تایبه‌تی به‌کاری ده‌هێنین. یه‌که‌م که‌سی له لای ڕاست ڕاوه‌ستاوه و تفه‌نگی به‌شانه‌وه‌یه یه‌کێک له چوار سه‌ربازه کێشکچییهکانمانه. که‌سی دووهه‌م له لای ڕاسته‌وه مامۆستای کوردیمان و وه‌رگێڕی یارمه‌تیده‌ره. دوو که‌سه‌که‌ی دیکه دوو پشکنێری فه‌ڕانسه‌یی کانگان، که چه‌ندین ڕۆژ له پێگه‌ی میسیۆنی ئێمه میوان بوون له ڕیگای سه‌فه‌ریان دا بۆ سه‌رده‌شت. یه‌که‌م ده‌رگای له لای ڕاسته‌وه ده‌بیندرێ به‌ڕووی داڵانێک دا ده‌کرێته‌وه، که ده‌گاته ژووری دامان به لای ڕاسته‌وه و له‌وێوه پلیکانێک هه‌یه‌که ده‌گاته ژووری تایبه‌تی من له نهۆمی سه‌ره‌وه. بڕوانه ئه‌و ناقووسه چکۆڵه بێ تاوانه‌ی له سه‌ر بانه‌که‌ی ژووری منه. ئه‌وه ئه‌و شته‌یه که نزیکه‌ی ساڵ‌ونیوێک له‌مه‌وبه‌ر وه‌ختابوو به قیمه‌تی گیانی من ته‌واو بێ [ مه‌به‌ستی فاسوم له ورووژان و هێرشی فه‌قێیانه بۆ سه‌ریان له به‌ر ئه‌وه‌ی زه‌نگی ناقووسیان لێداوه.ح.ق. )هه‌ر له‌و داڵانه‌وه ، له ده‌رگایه‌که‌وه به‌ره‌و لای چه‌پ، مرۆ ده‌توانێ بچێته نێو دۆعاخانهکهمان، که ئه‌ندازه‌ی 16x 28 ه. ئه‌و دووپهنجهرهیهی دیارن ئی ئه‌و شوێنه‌ن. له‌و دیوه دا هێندێک نیمکه‌ت، کورسی، میحرابێک و مهنبهرێکمان هه‌یه. پێشتر وێنه‌یه‌کی ئه‌و میحراب و مهنبهرهم بۆ ناردبوون و له کوردستان میشنێری دا چاپ کراوه. یه‌که‌م پیاوی که‌ده‌ستی منداڵێکی پچکۆڵانهی گرتووه و له پێش په‌نجه‌ره‌ی دۆعاخانه ڕاوه‌ستاوه، خزمه‌تکاری ده‌رمانگه پچووکه‌که‌مان و کوڕه پچکۆڵانهکهیهتی. له ته‌نیشت وی خزمه‌تکاری گشتی ماڵه‌که‌مان ڕاوه‌ستاوه له‌گه‌ڵ کچه پچکۆڵانه‌که‌ی و له ته‌نیشت ویش بانگه‌شه‌ده‌ری عیسایی وه‌فادار و مامۆستامان ڕاوه‌ستاوه [ مه‌به‌ستی میرزا شهموییل ه، ح.ق]، به ته‌نیشت ویشه‌وه دیاره ده‌مناسییه‌وه. به دوای ئه‌وه دا داره سێوێکی پیر و ویشکههڵاتوو ده‌ببینی له به‌ر په‌نجه‌ره‌ی دیوی نووستنی ئاغا و خانمی ئێدمان. دوو ژووره‌کانی نهۆمی سه‌ره‌وه، یه‌کیان له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م دیوه و ئه‌ویدییان له سه‌ر داڵانه‌که،خوشکان شولنبێرگ و گودهارت تێیاندا ده‌ژین. ئه‌و یایه‌ی له سه‌ر پلیکانان ڕاوه‌ستاوه ئه‌و کاره‌که‌ره‌یه به کرێمان گرتووه و مووسای به باوه‌شه‌وه‌یه. مووسا کوڕه پچکۆڵه بێ دایوبابه موسوڵمانهکهمانه. ئه‌من له سه‌ر یای گودهارت هیچ ناڵێم ، ئه‌و به‌جلوبه‌رگی سپییه‌وه له ته‌نیشت پلیکانان ڕاوه‌ستاوه. له ماوه‌ی یه‌کساڵ ده‌ستبه‌سه‌ربوونی له ڕووسییه هه‌میشه له بیری ئێوه و ئێمه دا بووه و پێکێشیم کرد ده‌بێ له‌م وێنه‌یه دا بێ و به ته‌نیشت وییشهوه یای شولنبێرگ ڕاوه‌ستاوه. ڕه‌نگه پرسیار بکه‌ن ئه‌ی کوا خانمی ئێدمان؟ ئه‌من بۆخۆشم پێم سه‌یر بوو کاتێک پێم زانی ئه‌و له‌م وێنه‌یه دا نییه. که پرسیارم کرد کوا له کوێیه زانیم نه‌خۆشه و به جێ و بان که‌وتووه. ده‌بێ ئه‌و جار لێی ببورین. هێندێک ئه‌ولاتر دوکتور ئێدمان و دوو منداڵه‌کانی ده‌بینن. ئه‌و دوو په‌نجه‌ره‌ی له پشته‌وه‌ی ئه‌وانه ڕووناکایه‌کی باش ده‌خاته دیوی نانخواردنمان ، که‌به لای چه‌پییه‌وه، ئاشپه‌زخانه پچووک به‌ڵام زۆر پێویسته‌که‌مان هه‌ڵکه‌وتووه، هه‌میشه نیوه‌ی په‌نجه‌ره‌که ئاواڵه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ئاشپهزهکهمان هه‌وای تازه‌ی بۆ بێ. ئاخرین ده‌رگای که دیاره به‌ره‌و ئه‌نبار و شوێنی ئاوردوومان دا ده‌کرێته‌وه. لێره دا گێڕانه‌وه‌ی زانیاری له سه‌ر وێنه‌که ته‌واو ده‌بێ. ده‌بێ ئه‌وه‌ی لێ زیاد که‌م که پێشی خانووبه‌ره‌که ڕووی له باکووره، که ئه‌وه بۆ زستانان باش نییه، به‌ڵام بۆ هاوینان باشه.
ئێمه ئه‌م خانووبهرهیهمان بۆ ماوه‌ی سێ ساڵان مانگێ به 8 دۆڵار به کرێ گرتووه. گرانه، و دیاره زۆر له‌وه‌ش تهنگهبهرتره ئێمه هه‌موومان، به دۆعاخانهوه له ماڵێک دا جێگامان بێته‌وه؛ به‌ڵام ئێمه شوکرانه بژێری خوڵا و دۆستانمانین و هیوا دارین ئه‌وانیش بۆمان بپاڕێنه‌وه که بتوانین خۆمان خانووبه‌ره دروست که‌ین و بگوێزینه‌وه ڕووبه‌ری میسیۆنه‌که‌مان تا دووساڵ و چوارمانگی دیکه که ماوه‌ی کرێکه‌مان ته‌واو ده‌بێ. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و کاره ڕاپه‌ڕێنین ده‌بێ له پایزی دادێ ڕا ده‌ست به خانووبه‌ره ساز کردن بکه‌ین.له‌م وڵاته دا کاروبار زۆر به سستی ده‌ڕوا. ئه‌من له‌و ڕۆژانه دا داوام له پیاوێک کرد چوار ده‌رگا بۆ ئهنواخانهکهمان دروست بکا، کاتێک لێم پرسی که‌نگێ ته‌وایان ده‌کا؟ وڵامی دامه‌وه هه‌وڵێکی تایبه‌تی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی به 20 ڕۆژ ته‌واویان کا.
دلسۆزتان،
ل.ئو. فاسوم
2 comments:
ده‌ست خۆش، زۆر شتێکی به كهڵکه له بواری مێژوییه. من سێ شتم پێ سه‌یره، چوار ده‌رگا ساز کردن به بیست رۆژان کوا دره‌نگه؟ یانی ئێستاش نهججارێک هه‌ر وای ساز ده‌کا بگره زۆرتریش بکێشێ یان ره‌نگه من لێی نازانم.
ئه‌وه‌ی که له‌به‌ر لێدانی ناقوس یان ده‌نگی زه‌نگی دۆعاخانه یان کلیساکه‌یان خه‌ڵک هێرشیان کردوونه‌ته سه‌ر چۆناوچؤن بۆ؟ خه‌ڵکی ئاسایی یان فه‌قێ و مه‌لا؟ مه‌گه‌ر ناڵێن کورد بۆ دین و ئایین دڵ فراوانترن و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی هاودینیان نین به ئاوامی هه‌ڵسووکه‌وت ده‌که‌ن؟
له‌و ساڵانه دا له ناوچه که به تایبه‌ت له ته‌ورێز که‌ل و په‌لی وێنه گرتن و کامێرا و فیلم زۆر بووه بۆچی پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرتووه که ئه‌و ئهبزارانه له شیگاکۆوه بۆی بێن؟ که باسی پۆست کردنیان ده‌کا له کوێوه بۆ کوێ؟ ئایا کوردستان پۆستخانه‌ی هه‌بووه؟
ل ئو فاسوم چ که‌سایه‌تیه‌کی هه‌بووه؟ میشنێر ته‌نیا بووه یان زۆر ئه‌رک و کاری دیکه‌شی بووه؟ ده‌رمانگای مێشنێرکان خه‌ڵکی په‌رستار و دوکتوری تێێا کاریان کردووه یان ته‌نیا خه‌ڵکی مه‌زهه‌بی؟
سپاس
شلێر
زۆر به‌ڕێز یای شلێر!
سپاس بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رت له ڕوانگه دا. بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی وڵامی پرسیاره‌کانت پێویست ده‌کا بابه‌ته‌کانی پێشووی له‌مه‌ڕ کار وچالاکییه‌کانی"کۆمه‌ڵه‌ی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهه‌ڵات" بخوێنییه‌وه، که هه‌تا ئێستا به‌شێکی زۆری له ڕوانگه دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه له ساڵی 1911-1936 له سابڵا‌غ کاری کردووه و له زۆر ڕووه‌وه خزمه‌تی به گه‌لی کورد کردووه.ل.ئو.فاسوم ده‌وری سه‌ره‌کی گێڕاوه له‌وه‌یدا که کلیساکه‌یان له موکریان کار بکا.
یه‌که‌م ڕێزمانی کوردیی موکری به زمانی ئینگلیسی ئاماده کردووه.ئه‌گه‌ر کاتت هه‌بوو و هێندێک له بابه‌ته‌کانت خوێنده‌وه دیسان ده‌کرێ له‌و باره‌یه‌وه ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا بکه‌ین.
حه‌سه‌نی قازی
Post a Comment