Thursday, October 2, 2008

زمانان چۆن ده‌مرن ؟ نووسینی پڕۆفسۆر ده‌یڤید کریستاڵ




زمانان چۆن ده‌مرن؟

نووسینی : پرۆفێسۆرده‌یڤید کریستاڵ
‌‌‌‌‌‌ وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەنی قازی

زمانێک ته‌نێ کاتێک ده‌مرێ ‌دوایین که‌سی ‌ قسه‌ی پێده‌کا بمرێ. یان ڕه‌نگه‌کاتێک بمرێ ‌ دوویه‌م که‌سی که‌ قسه‌ی پێده‌کا بمرێ، چونکوو ئه‌و ده‌می ئیتر که‌س نییه‌ قسه‌ی پێبکا.
مردنی زمانێکی تاقانه‌ شتێکی نائاسایی نییه‌. به‌ درێژایی مێژوو زۆر کۆمه‌ڵگه‌ هه‌ بوون و له‌ نێوچوون، وبه‌ نه‌مانیان زمانه‌که‌شیان نه‌ماوه‌.بۆ وێنه‌ هیتیتی ، ئه‌و ده‌می کپ بوو که‌ شارستانییه‌ته‌که‌ی له‌ سه‌روبه‌ندی ئینجیلی کۆن دا توایه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆژگاره‌ دا ده‌قه‌ومێ، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕابردوو شتێکی ئه‌وپه‌ڕی ئاساییه‌. ئێستا زمانان به‌ ڕاده‌یه‌کی به‌ربڵاو کپ ده‌بن و نامێنن. له‌ 6000 و ئه‌وه‌نده‌ زمانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ جیهاندا هه‌ن نزیکه‌ی نیوه‌یان له‌م سه‌ده‌یه‌ی ئێستا تێیدا ده‌ژین نامێنن : ئه‌وه‌ ده‌کاته‌ 3000 زمان ، له‌ 1200 مانگاندا. واته‌، ‌ به‌شێوه‌یه‌کی مامناونجی هه‌ر دووحه‌وتوویه‌ی جارێک زمانێک له‌ جیهان دا ده‌مرێ و نامێنێ.
ئێمه‌ ئه‌وه‌ چۆن ده‌زانین ؟ له‌ ماوه‌ی بیست سی ساڵی ڕابردوو دا ، زمانناسان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری و به‌راوه‌ر کردنیانه‌وه‌‌ خه‌ریک بوون. ئه‌گه‌ر ئه‌وان زمانێک ببیننه‌وه‌ که‌ ته‌نێ چه‌ند ئاخێوه‌رێکی ماوه‌ته‌وه‌، و که‌س گوێ ناداته‌ ئه‌و‌ه‌ی‌ زمانه‌که‌ ڕابگوێزێ بۆ منداڵان، ئاشکرایه ده‌گه‌نه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که‌‌ ‌ زمانه‌که‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ده‌چێ ‌ به‌زوویی بمرێ. ئه‌گه‌ر زمانێک که‌متر له‌ 100 ئاخێوه‌ری هه‌بێ ، چاره‌نووسێکی خراپ چاوه‌ڕێی ده‌کا و وێناچێ بتوانێ بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ بمێنێته‌وه‌ و بژی. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک که‌ له‌ ساڵی 1999 دا کراوه‌ نیشان ده‌دا ‌ %96 زمانه‌کانی جیهان ته‌نێ %4 خه‌ڵک قسه‌یان پێده‌که‌ن. چ نیگه‌رانی و په‌شێوییه‌کی ئه‌وتۆ نابیندرێ له‌وه‌ی که‌ ئه‌و هه‌موو زمانه‌ ده‌ مه‌ترسی دان. ئه‌و زانیارییانه‌ی که‌‌ له‌ ساڵی 1999 له‌ لایه‌ن ئه‌نیستیتووی زمانناسی سامره‌وه ‌کۆ کراونه‌ته‌وه‌ بوونی 6784 زمانیان ساخ کردووه‌ته‌وه‌، که‌ سه‌باره‌ت به‌ 6060 له‌و زمانانه‌ زانیاری به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌. له‌نێو ئه‌و زمانانه‌ دا 51 زمانی ئه‌وتۆ هه‌بوون که‌ ته‌نێ یه‌ک ئاخێوه‌ریان ماوه‌ته‌وه‌‌ - 28 له‌و زمانانه‌ هه‌ر له‌ ئوسترالیا بوون. هه‌ر به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ نزیکه‌ی 500 زمان له‌ دنیادا هه‌ن که‌ که‌متر له‌ 500 که‌س قسه‌یان پێده‌که‌ن؛ 1500 زمان که‌ که‌متر له‌ 1000 که‌س؛ و 5000 زمان که‌ به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسووڕهێنه‌ر ‌ که‌متر له‌ 100000 که‌س پێیان ده‌دوێن.

بۆچی ئه‌وه‌نده‌ زۆر ؟

بۆچی ئه‌وهه‌موو زمانه‌ زۆره‌ ده‌مرن؟ هۆکاری جیاواز له‌ کاره‌ساتی خۆڕسکییه‌وه‌ بگره‌، تا ده‌گاته‌ شێوه‌ی جۆربه‌جۆری تواندنه‌وه‌ی کولتووری، و جێنۆساید ده‌بنه‌ هۆی نه‌مانی زمان.
کۆمه‌ڵگه‌ی پچووک له‌ شوێنی تاککه‌وتوو و که‌له‌لا به‌ هاسانی ده‌کرێ له‌نێو بچن یان بووله‌رزه‌، تۆفان، لافاو، و به‌ڵای دیکه‌ له‌ سه‌ر ڕووی زه‌وی پاکیان کاته‌وه‌.شوێنێکی ژیان له‌ وانه‌یه‌ له‌ به‌ر که‌شوهه‌وای نابه‌دڵ نه‌کرێ بمێنێته‌وه‌ یان له‌ به‌ر بارودۆخی ئابووری- وه‌کوو قاتوقڕی و به‌تایبه‌تی ویشکه‌ساڵی نه‌مێنێ. کۆمه‌ڵگه‌یان ده‌کرێ به‌ ڕێگه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی دێنه‌ نێویان بمرن - له‌ خوروێکه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ سه‌رمابوونی ئاسایی، و به‌ تایبه‌تی له‌م ڕۆژگاره‌ دا ، له‌ به‌ر ئه‌یدز. ته‌نانه‌ت تواندنه‌وه‌ی کولتووری هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌تره‌. زۆربه‌ی قه‌یرانه‌کانی هه‌نووکه‌یی له‌ جووڵانه‌کانی به‌ربڵاوی کولتوورییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن که‌ 500 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستیپێکرد، ئه‌وكاته‌ی که‌‌ کۆلۆنیالیزم ژماره‌یه‌کی که‌م له‌ زمانه‌ زاڵه‌کانی ، وه‌کوو ئینگلیسی، ئێسپانیایی، پورتوغاڵی و فه‌ڕانسه‌یی به‌ دنیا دا بڵاو کرده‌وه‌.
کاتێک کولتوورێک له‌ کولتوورێکی دیکه‌ دا ده‌توێته‌وه‌، ئاکامی ئه‌وڕووداوانه‌ی وا کارلێکه‌رییان له‌ سه‌ر زمانی ژێر مه‌ترسی دا ده‌بێ وێده‌چێ له‌ هه‌موو شوێنێک وه‌ک یه‌ک وابن. ئه‌وه‌ به‌ سێ قۆناخی به‌ربڵاو دا تێده‌په‌ڕێ. یه‌که‌میان گوشارێکی زۆره‌ له‌ سه‌ر خه‌ڵک بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زمانی زاڵ قسه‌ بکه‌ن - واته‌ ئه‌و گوشاره‌ی ‌ له‌ سه‌رچاوه‌ سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، یان ئابوورییه‌کانه‌وه‌ دێ.‌ ئه‌و گوشاره‌ ده‌کرێ ' له‌سه‌ره‌وه‌ را بۆ خواره‌وه‌' بێ،به‌ ڕێگه‌ی هاندان، ئامۆژگاری ، یان ئه‌و قانوونانه‌ی له‌ لایه‌ن حکوومه‌ت یان ده‌زگایه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌رده‌کرێن؛ یان ده‌کرێ له‌ 'خواره‌وه‌ ڕا بۆ سه‌ره‌وه‌ ' بێ، به‌ ڕێگه‌ی ڕه‌وتی باو یان گوشاره‌کانی چاو به‌ سه‌ره‌وه‌ بوونی گرووپی ده‌ چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک دا که‌ ئاخێوه‌رانی زمانه‌که‌ به‌شێکی لێ پێک ده‌هێنن؛ یان دیسان، ده‌کرێ چ ئاراسته‌یه‌کی ڕوونیشی نه‌بێ، و له‌ ئاکامی کرده‌وه‌ی دوولایه‌نه‌ی نێوان هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئابوورییدا سه‌رهه‌ڵێنێ که‌ ته‌نێ تاڕاده‌یه‌ک ناسراون و پێیان زاندراوه‌ . 'به‌ ده‌ست هێنانی چلۆنایه‌تییه‌کی باشتر له‌ ژیاندا ' به‌ هۆیه‌کی گشتی داندراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێک بڕیار بدا زمانی زاڵ فێر بێ.
به‌ڵام گوشار و پاڵه‌په‌ستۆکه‌ له‌ هه‌ر کوێوه‌ هاتبێ، ئاکامه‌که‌ ی - قۆناخی دووه‌م - بریتییه‌ له‌ ده‌وره‌یه‌کی په‌یدابوونی دووزمانێتی ، که‌ خه‌ڵک به‌ شێوه‌یه‌کی له‌ زێده‌ له‌ زمانه‌ نوێیه‌که‌یان ڕادێن له‌ کاتێکدا هێشتا زانین و تێگه‌یشتنی زمانی کۆنی خۆیان پاراستووه‌. دوایه‌، زۆر جار به‌خێرایی، ئه‌و دووزمانێتی بوونه‌ ده‌ستده‌کا به‌ له‌ کورتی دان. و زمانی کۆن جێگه‌ بۆ زمانی نوێ چۆل ده‌کا. ئه‌وه‌ ده‌گاته‌ قۆناخی سێیه‌م، که‌ له‌و قۆناخه‌ دا به‌ره‌ی لاوتر به‌ ئاوایه‌کی له‌زێده‌ له‌زمانی نوێ ڕادێن و فێری ده‌بن، و زیاتر خۆی پێ ده‌ناسنه‌وه، و زمانه‌ یه‌که‌مه‌‌كه‌ی خۆیان که‌متر به‌ له‌بار ده‌زانن بۆ پێداویستییه‌کانی خۆیان. ئه‌وه‌ زۆرجا هاوکاته‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ست به‌ شه‌رم کردن بۆ به‌کارهێنانی زمانی کۆن ، هه‌م له‌ لایه‌ن دایکوباوکانه‌وه‌ و هه‌م له‌لایه‌ن منداڵه‌کانیانه‌وه‌. دایکوباوکان هه‌تا‌ دێ که‌متر و که‌متر زمانه‌ کۆنه‌که‌ له‌ گه‌ڵ منداڵه‌کانیان ، یان له‌ کاتی ئاماده‌ بوونی ئه‌وان دا به‌ کار ده‌هێنن؛ و کاتێک منداڵی زیاترله‌ چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی نوێ دا چاویان به‌ دنیا ده‌پشکوێ و له‌ دایک ده‌بن، گه‌وره‌ساڵان ده‌ره‌تانی که‌متر په‌یدا ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌‌و زمانه‌ واته‌ زمانه‌ کۆنه‌که‌یان له‌ گه‌ڵیان بدوێن. ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی که‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ سه‌ر به‌کارهێنانی زمانه‌ کۆنه‌که‌ هه‌ست ده‌که‌ن بنه‌ماڵه‌ی زۆر که‌م هه‌ن به‌و زمانه‌قسه‌یان له‌ گه‌ڵ بکه‌ن، و به‌ کارهێنانی زمانه‌که‌ له‌ لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ڕووکردێکی نێوخۆیی په‌یدا ده‌کا و ده‌بێته‌ شتێکی نائاسایی و ئاکامه‌که‌ی ده‌گاته‌ په‌یدا بوونی له‌هجه‌ی بنه‌ماڵه‌یی. له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵێ ، منداڵان ئیدی به‌وزمانه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌کتری قسه‌ ناکه‌ن، و له‌ ماوه‌ی ژیانی وه‌جێک دا- جار جار ته‌نانه‌ت له‌ ماوه‌ی ده‌ساڵاندا – دووزمانێتییه‌کی ساغله‌م له‌ چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌ دا ده‌توانێ ببێ به نیوه‌ زمانێتییه‌کی ی وشیارانه‌، و ئه‌وه‌ش ببێ به‌ تاک زمانی که‌ ئه‌وه‌ش زمانه‌ كۆنه‌كه هه‌نگاوێک له‌ خامۆش بوون و نه‌مان نزیکتر ده‌کاته‌وه‌

پێداویستیی به‌ بووژاندنه‌وه‌

گه‌لۆ ده‌کرێ هیچ شتێک بکرێ؟ به‌ ڕاشکاوی ئیدی زۆر دره‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شتێك بکرێ بۆ یارمه‌تی زۆرێک له‌ زمانان، کاتێک که‌ ئاخێوه‌ران زۆر که‌م یان زۆر پیربن، و کاتێک که‌ کۆمه‌ڵگه‌ سه‌رقاڵی پاراستن و مانه‌وه‌ی خۆیه‌تی و چ ده‌رفه‌تی بیرکردنه‌وه‌ی‌ له‌ زمان نییه‌.
به‌ڵام زۆر له‌ زمانان له‌ وه‌زعێکی ئاوا جیدی و به‌ مه‌ترسیدا نین . زۆر جار، کاتێک زمان به‌ جیدی هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مانیان لێده‌کرێ و له‌ ژێر مه‌ترسی دان، ده‌کرێ کاری ئه‌وتۆ بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی گیانێکی تازه‌یان به‌ به‌ردا بکرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌‌گه‌ڕ خستنی پێڤاژۆی بووژاندنه‌وه‌یه‌.
کاتێک کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک پێده‌زانێ ‌ زمانه‌که‌ی‌ ده‌ مه‌ترسی دایه‌، ده‌توانێ تێکۆشانه‌کانی بکاته‌ یه‌ک، و هه‌نگاوی ئه‌وتۆ هه‌ڵبهێنێته‌وه‌ که‌به‌ڕاستی بکرێ زمانه‌که‌ ببۆژێنێته‌وه‌. بۆ سه‌رکه‌وتن له‌و کاره‌ دا، هه‌ڵبه‌ت هه‌موو حه‌ولێک ده‌بێ به‌ ئاوایه‌کی دروست بکرێ. کۆمه‌ڵگه‌که‌ خۆی ده‌بێ ویستی ڕزگارکردنی زمانه‌که‌ی هه‌بێ. و ئه‌و کولتووره‌ی که‌ پارچه‌یه‌ک له‌وییه‌ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ڕێزی زمانه‌ که‌مایه‌تییه‌کانی بگرێ. ئه‌و کاره‌‌ ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی مادی پێویسته‌‌، بۆ ئه‌وه‌ی بکرێ ده‌وره‌ی پێ ڕێک بخرێ، که‌ره‌سته‌ی خوێندن و مامۆستای بۆ دابین بکرێ. دیاره‌ پێویستی به‌ هه‌بوونی زمانناسانیش هه‌یه‌، که‌ به‌ ئه‌رکی سه‌ره‌تایی گرده‌وه‌کۆیی و به‌ به‌ڵگه‌یی کردنی زمانانه‌وه‌ خه‌ریک بن.
به‌ به‌ڵگه‌یی کردنی زمان - ئاسته‌ کردنی ( به‌ به‌کارهێنانی هه‌م ده‌نگ و هه‌م فیلم )، شیته‌ڵ کردن و لێکدانه‌وه‌ی، نووسینه‌وه‌ی، دیاره‌ ئه‌وانه‌ ‌ کاری سه‌ره‌کینه‌ که‌ ده‌بێ بکرێن ‌. هه‌بوونی ده‌ره‌تانی په‌روه‌رده‌ و پێویستیی خوێنده‌واری ش گرینگه‌ . خه‌ڵک ده‌بێ بتوانن بخوێننه‌وه‌ و بنووسن ، بۆ ئه‌وه‌ی بۆخۆیان یان زمانه‌که‌یان بتوانێ داهاتوویه‌کی هه‌بێ له‌ شارستانییه‌تێکدا که‌ هه‌تا دێ زیاتر خوێنده‌واری- کامپیوتێر په‌ره‌‌ی تێدا ده‌ستێنێ.
به‌ڵام هۆیه‌کی دووه‌میش هه‌یه‌، و ئه‌ویش گشتی به‌ ئه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ ‌ له‌ جێدا ئێمه‌ بۆچی ده‌بێ له‌ خه‌می زمانانی سه‌ره‌مه‌رگ دابین. ئه‌و سه‌رنجدان و له‌ خه‌م دا بوونه‌ی ئێمه‌ هه‌ر ده‌بێ له‌ به‌ر ئه‌و هۆیه‌ بێ که‌ ئێمه‌ له‌ خه‌می نه‌مانی ڕه‌گه‌زێکی ئاژه‌ڵ یان ڕووه‌کێک داین. چونکە ئەوە چەشناوچەشنی لەم هه‌ساره‌یه‌ی ئێمە تێیدا دەژین کەمتر دەکاتەوە. هەڵبەت لێرە دا مەبەستمان لە چەشناوچەشنی و جۆراوجۆری ڕووناکبیری و کولتووری لەوهه‌ساره‌یه‌ دایە، نەک جۆراوجۆربوونە بیۆلۆژییەکەی. بەڵام ئەو بابەتانە هەر یەکن.لە زمانێک دا گشت مێژووی کۆمەڵگەیەک و بەشێکی گەورە لە ناسێنەی کولتووری ئەو گونجێندراوە. جیهان چل پینە و موزاییکی خەیاڵ و ئاواتانە.تەنانەت لە کیسدانی کوتێک لەو موزاییکە زەرەر و لە دەستچوونێکە بۆ هەموان.
ئێمە دەکرێ زۆر شت لە خەیاڵ و ئاواتی خەڵکی دیکە فێر بین. جارجار ئەو فێربوونە بەتەواوی لایەنی کردەوەیی هەیە. بۆ وێنە کاتێک ده‌زانین پژیشکی گه‌لیی له‌ ناو گه‌لێکی خۆجێیی دا چۆن نه‌خۆشییه‌ک ده‌رمان ده‌کا و لێی فێر ده‌بین ـ ئەو فێربوونە لە خەڵکی دی جارجار لایەنی ڕووناکبیری هەیە ـ بۆ وێنە زێدە بوونی وشیاریی و لێزانینی ئێمە سەبارەت بەو دنیایەی تێیدا دەژین. وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ پێوەندیی نێوان زمانان هێندێک شتمان سەبارەت بە جووڵانەکانی بەرایی شارستانییەتەکان بۆ دەگێڕێتەوە. و هەڵبەت زۆر جارشتی نوێ سەبارەت بە زمان خۆی فێر دەبین ـ ئاکارێک کە بە ڕاستی ئێمە دەکا بە مرۆ. جا بۆیەیە زۆرگرینگە ئەو زمانانە هەرچی زووتر ئاستە بکرێن و بەڵگەیان لە سەر کۆ بکرێتەوە. بە هەرزمانێکی کە کپ دەبێ و نامێنێ، سەرچاوەیەکی دیکەی بە پێز سەبارەت بە تەبیعەتی توانایی زمانی مرۆیی لە دەست دەچێ ـ کە ئێستا ئیدی بە گشتی هەر 6000 سەرچاوەی ئەوتۆ هەن.

زمان به‌ چ شێوه‌یه‌ک ده‌پارێزدرێ

گەلۆ ئێمە دەتوانین هەر وا بە هاسانی چەندین هەزار زمانان بپارێزین؟ هەڵبەت، ئەگەر ویست وئیرادە و دەرەتانی ئابووری هەبێ ئەوە دەست دەدا. باشە بڵێی ئەوە چەندی تێ بچێ؟
دیارەکاتێک ئێمە بیر لەو هەنگاوانەی دەکەینەوە کە دەبێ لەو ڕێبازە دا هەڵبگیرێن، کارەکە بە هەرزان تەواو نابێ ـ ناردنی زمانناسان بۆ مەیدانی لێکۆڵینەوە، پەروەردە کردنی شیکار و لێکۆلەرەوەی خۆجێیی، پشتیوانیکردن و یارمەتیدانی کۆمەڵگەکە بە سەرچاوەی زمانی ودابین کردنی مامۆستا، ئامادە کردنی ڕێزمان و قامووس، نووسینی مادە و کەرەستە بۆ دەکار کردن لە فێرگە کاندا ـ و بۆ ماوەی چەندین ساڵان، چونکوو ماوەیەکی زۆر دەخایێنێ هەتازمانێکی ژێر مەترسی ببووژێندرێتەوە. دیارە هەلومەرج لە شوێنێکەوە تا شوێنێکی دی زۆر جیاوازە بۆیە ئاستەمە بە گشتی باسی لێوە بکرێ. بەڵام ئەگەر هەرساڵەی بڕی 100،000دۆڵار بۆ هەر زمانێک تەرخان بکرێ ئەوە لە ڕاستییەوە دوور نییە. ئەگەر ئێمە ئەو بڕە دراوە لە ماوەی سێ ساڵاندا بۆ هەر کام لەو 3000 زمانانە تەرخان بکەین؛ ئەوە دەکاتە900 میلیۆن دۆڵار.
با سەر ڕاستی کەینەوە و بڵێین میلیاردێک دۆڵار، گه‌لۆ ئەوە دراوێکی زۆر نییە؟ ڕه‌نگه‌ زۆر بێ بەڵام دەبێ ئەو بڕە زۆرە لە پێوەندییەکی ڕوون و ئاشکرا دا ببینین. ئەو بڕە پارەیە دەکاتە هێندێک زیاتر لە داهاتی ڕۆژێکی ئۆپێک لە نەوت، بە شێوەی مامناونجی لە ساڵێکدا. یان بڕێکی کەم لە سوود و قازانجەکانی ڕێکخراوە سەرەکییەکانی کامپیوتر. ئەوە کارێکی باش دەبێ ئەگەر ئەو کۆمپانییانەی کە لە ئاکامی بەجیهانیبووندا زەمینەی جێنۆسایدی زمانییان لە ماوەی سەدەی ڕابردوو دا پێک هێنا، هەر ئەو دەزگایانە بن کە زمانەکان و کولتوورەکانی دنیا لە کپ بوون و کووژانەوە ڕزگارکەن و بیانپارێزن. و ئەوە کارێکی شیاوی کردنە.
هێشتا لەو بوارە دا سەرکەوتنێکی بەربەچاو نەکراوە، چونکوو نە پارە له‌ به‌ر ده‌ست دا بووه‌ و نە ویست و ئیرادەی سیاسی هه‌بووه‌ ،و سەبارەت بە زۆر نموونان جارێ زۆر زوویە بگوترێ گەلۆ مانەوەی درێژخایەنیان دەستەبەر دەکرێ یان نا. بەڵام هێندێک نموونەی سەرکەوتووی بەنێوبانگیش هەنە کە دەیسەلمێنن ئەگەر ئیرادە و ئامرازی پێویست هەبێ زۆر کار دەکرێ. ڕەنگە نموونەی هەرەبەنێوبانگ و پێزاندراو چلۆنایەتی زمانی عیبری مۆدێڕن بێ، کە وەکوو زمانی ڕەسمی ئیسراییلی مۆدێڕن زیندوو کرایەوە. دوایە نموونەی زمانی وێڵزی بە دەستەوەیە،تەنیا زمانێک دە نێو زمانە سێلتیکەکاندا کە نەک هەر لە کپ بوون و نەمان ڕزگاری بووە،بەڵکوو نیشانەی پێشکەوتن و بەخۆداهاتنیشی پێوە دیارە. هەڵکەوتی زمانی وێڵزی ئێستا بەپێی دوو مادەی قانوونی سەبارەت بە زمان دەپارێزدرێ، بێتوو سەفەری وەیڵز بکەن ئاماده‌ بوون و ده‌کارکردنی له‌ زێده‌ی لە هەموو کوێیەک ده‌بینن و بەدەرەوەیە.
لەو سەری دیکەی دنیا، زمانی مائۆری لە نیوزلاند بە ڕێگەی سیستمێکەوە کە پێی دەڵێن هێلانەی زمان،و یەکەمجار لە ساڵی 1982 دا وەگەڕ کەوت پارێزراوە. ئەو هێلانانەی زمان ڕێکخراوی ئەوتۆن کە منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵانیان لە کەشوهەوای ماڵێ دا تێدا دەحاوێندرێنەوە و بەبەردەوامی لە ژێر کارتێکەری زمانەکەدان. ئەو کەسانەی لەوێ کار دەکەن هەموو ئاخێوەری زمانی مائۆری و سەر بە کۆمەڵگەی خۆجێیین. ئامانج لەو پڕۆژەیە ئەوەیە کاتێک منداڵان ئەو هێلانانە بەجێ دەهێڵن تەواو لە زمانەکە ڕاهاتبن، و کاتێک گەورەدەبن خۆیان ببن بە نموونە و سەرمەشق بۆ وەجی نوێی منداڵانی پچکۆڵە.
لە سەرتاسەری جیهاندا نموونەی ئەوتۆ هەن. بەرنامەیەکی زمانی دیکەی ئەوتۆ لە هاوایی بەڕێوەچووە و ئاکامی زۆر دڵخۆشکەری بۆ زمانی هاوایی لێ کەوتووەتەوە. هەمان شت بۆ زمانی تاهیتی(لە تاهیتی) و زمانی یوکاگیر( لە سیبێریا) کراوە. لەئەمریکای باکووری، ناڤاجۆ، سێنێجاو مۆهاوک لەو چەندین زمانە خۆجێییانەن کە لەورووژانی مەیل و وشیاری کۆمەڵگە خۆجیییەکان لە خوارەوە که‌لکیان وه‌رگرتووه‌ و ئەوەش هاوکات بووە لەگەڵ پشتیوانی سیاسی لە" سەرەوە ڕا"، لە شکڵی هەنگاونانەوە بۆ دەستەبەر کردنی مافی زمانی . و کاتێک ئەو زمانەی خەریکی بووژانەوە و زیندوو بوونەوەیە دەرجەیەک لە ئۆتۆنۆمی سیاسیشی لە پشت بێ، ئەو دەمی بەخۆدا هاتن و پێشکەوتنی ئەوەندەی دیکەش چاوڕاکێشە، هەر وەک لە نموونەی زمانی فایرئۆیی دا دەیبینین، کە لە دوڕگەکانی فایرئوێ قسەی پێدەکرێ، دوای ئەوەی دەوڵەتی دانمارک جۆرەیەک لە ئۆتۆنۆمی بۆ ئەو دوڕگەنشینانە سەلماند.
زمانێک دەکرێ لە لینگەفرتەی سەرەمەرگیشدا ڕزگار بکرێ. نموونەی ئەوەش چلۆنایەتی زمانی ئاینوو یە لە ژاپۆن، کە دوای ساڵانی درێژ لە کەمتەرخەمی لە گەڵ کردن و سەرکوتکرانی گەیشتبووە حاڵێکی ئەوتۆ تەنێ هەشت کەس مابوون قسەیان پێدەکرد و هەمووشیان بەساڵداچوو بوون. لە گەڵ ئەوەشدا، سیاسەتەکانی نوێی حکوومەت ، بۆچوونی تازە و مەیلێکی ئەرێیی لێکەوتەوە بۆ پاراستن و هێشتنەوەی ئەو زمانە. چەندین کەسی "نیوە ـ ئاخێوەر" بەو زمانە ـ خەڵکی ئەوتۆی کە پێیان خۆش نەبوو بەو زمانە قسە بکەن لە بەر بۆچوونی نەرێیی ژاپۆنی ئاخێوەران ـ هان دران بۆ ئەوەی کە دیسان ببنەوە بە ئاخێوەرانی چالاکی زمانەکە. ئەو مەیلە بووژاوەیە وئێستا لە نێو منداڵانیش دا پەرەی پێدەدرێ، و زمانەکە ئاهێکی وەبەر هاتووەتەوە و لە پێوەندی گشتیدا زۆر زیاتر ده‌کار ده‌کردرێ و تۆڵه‌ی ساڵانی دوورودرێژی که‌مته‌ر خه‌می له‌ گه‌ڵ کرانی ده‌کاته‌وه‌.
چەندین لە زمانانی ڕەسەنی ئوسترالیایی کە بەشێوەیەکی جیدی لە ژێر مەترسی دابوون، لە سایەی حەول و تێکۆشانی کۆمەڵگەکان، خەباتی زمانناسانی ئوسترالیایی ، و یارمەتی ڕێکخراوە زمانی و کولتوورییە خۆجێییەکان دا ئێستا پارێزراون و بووژێندراونەتەوە.وئەگەر مادە و کەرەستەی باش لە بەردەست دابێ، تەنانەت زمانانی کووژاوە و مردووش دەکرێ زیندوو بکرێنەوە و گیانیان بە بەردا بکرێتەوە. زمانی کاورنا، لە خوارووی ئوسترالیا لە نموونەی ئەو زمانانەیە. ئەو زمانە بۆ ماوەی سەدەیەک دەچوو کە ئیدی قسەی پێنەده‌کرا و کپ ببوو، بەڵام بەڵگە و کەرەستەیەکی باش لە سەر ئەوزمانە پارێزرابوو جا، کاتێک بزووتنەوەیەکی بەهێز بۆ بووژاندنەوەی پەرەی سەند، دەرفەتی ئەوە ڕەخسا زیندوو بکرێتەوە.
دیارە ئەو زمانەی کە زیندووکراوەتەوە هەر هەمان زمانی ماک نییە، ئەو بوارەی نییە کە زمانە ماکەکە هەیبووە، و زۆربەی وشەکۆنەکانیشی نەماون، بەڵام هەرنەبێ دەکرێ وەکوو یەک لە نیشانەکانی ناسێنەی ئەو خەڵکە بێ کە بە زمانی خۆیانی دەزانن. و هەتا ئەوکاتەی کە خەڵک بەردەوام بن وەکوو نیشانەیەک لە ناسێنەی خۆیان بینرخێنن، و ئامادەیی ئەوەیان تێدا هەبێ لە سەر به‌کارهێنانی بەردەوام بن؛ دەتوانێ ئەرکی نوێ و وشەی نوێ وه‌كوو هەموو زمانێکی زیندووی دی پێش بخا.
هێشتا زۆر زوویە دابێی ئەو زمانە زیندووکراوانە پێشبینی بکرێ، بەڵام لە هێندێک لە بەشەکانی جیهان دا بۆچوونی ئەرێیی سەبارەت بەئەوان هەیە وپشتیوانی جەماورییان لێ دەکرێ کە ئەوەش پێشمەرجی مانەوەی زمانە. مەیلێکی ئەوتۆ دەکرێ لە بریتانیا ببیندرێ، لە شکڵی جوڵانەوەی بەگوڕ بۆ پشتیوانیکردن لە بووژاندنەوەی زمانانی کۆرنیشی ومانکسی کە دوایین ئاخێوەرانیان زۆر لە مێژە نەماون و سەریان ناوەتەوە. بە ڕیگەیەکی ئاوا چاوەڕواننەکراو بەڵام دڵگەرمانەدا لەوانەیه‌ ببینین کۆی گشت زمانەکانی دنیا لە باری هه‌ژمارییه‌وه زیاد بكا.‌

بەدیل: لە کیسدانی هەتاهەتایی

ڕزگارکردن و پاراستنی زمانان هەم بە گران ڕادەوەستێ، هەم کاتی پێدەوێ و هەم دەبێ وزەیەکی زۆری بۆ بەخت بکرێ؛ بەڵام ئەو ئەرکە هەتا بڵێی بەنرخە و لە جێی خۆی دایە.
ئاستەمە مرۆ لەقووڵی ئه‌و هەست بە خۆشی و شانازی کردنە تێبگا کاتێک خەڵک بۆیان ده‌رده‌که‌وێ زمانەکەیان ده‌توانێ بژی و بمێنێته‌وه‌ . هەر ئاواش ئاستەمە مرۆ بەو خەفەت و پەژارەیە بزانێ کە لەدەست دانی زمانێک سازی دەکا، ئەگەربۆ خۆی تەجروبەی نەکردبێ. نووسەری ئوسترالیایی دەیڤید مالوف، لە چیرۆکە کورتەکەیدا " تاقە ئاخێوەری زمانەکەی" ئەو هەستە ئاوا گەڵاڵە دەکا (1985): " کاتێک بیر لە زمانەکەم دەکەمەوە کە ئیتر چبڕ لە زاری مرۆیاندا ناگەڕێ مچوڕکێکی ئاوا بە لەشم دا دێ کە قووڵترە لە مردنی خۆم، چونکوو ئەوە مردنی لە سەر یەک که‌ڵه‌که‌بووی گشت مرۆڤایه‌تییه‌".
مردنی زمان وەک هیچکام لە شکڵەکانی دیکەی بزر بوون ناچێ. کاتێک خەڵک دەمرن، نیشانەی ئامادە بوونی خۆیان لە جیهاندا، لە شکڵی ئەو جێیەی لێی ژیاون ، کێلی گۆڕەکانیان و کارە دەستییەکانیان لە دوای خۆیان بە جێ دەهێڵن ـ بە وشەیەک کۆنینەناسی خۆیان دەهێڵنەوە، بەڵام کاتێک زمانێک دەمرێ، کە پێشتر بەڵگەی لە سەركۆنەکراوەتەوە و ئاستە نەکراوە، وەک ئەوە وایە کە قەت نەبووبێ .

سه‌رچاوه :
How Language Works
David Crystal
Penguin Books, First published 2006

No comments: