Tuesday, January 31, 2012

هێندێک بیره‌وه‌ری سه‌لاحودینی موهته‌دی له‌ مه‌ڕ شه‌هید عەلیڕەزای نابدڵ






هێندێک بیره‌وه‌ری سه‌لاحودینی موهته‌دی له‌ مه‌ڕ شه‌هید عەلیڕەزای نابدڵ
حه‌سه‌نی قازی

لە شێعری بەنێوبانگی " کوردستان" دا کە شەهیدی ئازەربایجانی عەلیڕەزا نابدل تێیدا بە خەڵک و تەبیعەتی کوردستانی هەڵ کوتووە لە جێیەک باسی "سەلاحەدین" دەکا و لە نێوەرۆکی شێعرەکە ڕا دەردەکەوێ جگە لە هێما بە " سەلاحەدینی ئەییوووبی " مەبەست لە سەلاحەدینێکی ئەم ڕۆژگارەشە.
من بە لە بەر چاو گرتنی ئەوەی دەمزانی نابدڵ لە سەرەتای ساڵانی ٤٠ی هەتاوی دا لە زانکۆی تاران لە دانیشکه‌ده‌ی حقووق خوێندوویە و لەو سەروبەندی دا کاک سەلاحودینی موهتەدی ش هەر له‌وێ خوێندکار بووە وای بۆدەچووم ئەو سەلاحەدینەی نابدڵ لە شێعرەکە دا باسی ده‌کا کاک سەلاحوددینی موهتەدی بێ، هەر بۆیە کاتێک بەڕێگای دوکتور فەیز نەژاد و کاک ئەنوەری سوڵتانی وەرگێڕانی دەقی "کوردستان" م بە قەڵەمی حەسەنی قزڵجی پێگەیشت و لە ٢٥ی مەی ٢٠١٠ لە 'ڕوانگە' دا بڵاوم کردەوە، نووسیم: "حەق وایە کاک سەلاحەدینی موهتەدی کە لەگەڵ نابدل لە بەشی حقووق لە زانکۆی تاران هاوپۆل بووە و لەم پارچە شێعرەدا نێوی هاتووە ئەگەر ئەم دێڕانە دەخوێنێتەوە، ئەزموونی دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ ئەم ئینسانە گەورەیە و کەسایەتیی وی بۆ ئاگاداریی وەچەی ئێستا بگێڕێتەوە".
لە مانگی دێسامبری ساڵی ٢٠١١ برای خۆشەویست کاک ئەنوەری سوڵتانی ئاگاداری کردم سەفەر دەکا بۆ باشووری کوردستان و منیش داوام لێکرد ئەگەر چاوی بە بەڕیز سەلاحودینی موهتەدی کەوت داوخوازی لێ بکا بیرەوەرییەکانی لە مەڕ شەهید نابدڵ بگێڕێتەوە. لە دانیشتنێکی چەند سەعاتە لە نێوان کاک سەلاح، کاک ئەنوەر و کاک موحسینی قزڵجی ، بەڕێز سوڵتانی پرسیارەکانی من و خۆی لە گەڵ کاک سەلاح هێنابووە گۆڕێ و دواتر دەقەکەی بەو شێوەیە بۆ من نارد:

سەلاحوددینی موهتەدی و عەلی ڕەزا نابدڵ

ئێوارەی ڕۆژی ١٠/١٢/٢٠١١ لە سلێمانی چوومە خزمەت کاک سەلاحودینی موهتەدی. چاوپێکەوتنەکە دۆستێکی هاوبەش لەسەر داخوازی من و موافەقەی کاک سەلاح ڕێکی خست و من لەگەڵ ڕێزدار موحسین قزڵجیدا چوومە ماڵی کاک سەلاح.
چاوپێکەوتنەکە، دیدارێکی شەخسی و دۆستانە و نافەرمی بوو، ماوەی دوو سەعات و ٤٥ خولەکی خایاند و جگە لە هەواڵ و باس و خواسی شەخسی و پرسیاری تەندروستی و کەس وکار، زۆر و کەم هەموو ئەو ماوەیە گوێمان لە قسە و بیرەوەری کاک سەلاح گرت، یەکدوو ڕەخنەش لە نووسینەکانی من گیرا، کە لە شوێنی خۆیدا بوون و ئاماژەیەکیش بە ناوەرۆکی کتێبی نووسەرێکی دیکەش درا، کە لە گەڕانەوەدا بابەتەکەم بە نووسەری بەڕێز ڕاگەیاند.
پرسیارم لە کاک سەلاح کرد بۆچی کەم دەنووسێت، بۆ نموونە، لەسەر کاک سوارەی ئێلخانیزادە، کە وا هەیە ئەو باشترین کەس بێت بزانێت و بتوانێت ژیان و کارەکانی ناوبراو هەڵسەنگێنێت. گوتم ئێستاش دوای چەندەها ساڵ ئەو بابەتەی وا سەبارەت بە کاک سواره‌ لە 'مامۆستای کورد' دا بڵاوی کردەوە باشترین سەرچاوە بۆ ناسینی ئەوە. لە وەڵامدا کاک سەلاح گوتی ئەوە زۆر کۆنە و ئاگات لێ نییە لەم دواییەدا 'کاک محەممەدی بەهرەوەر' وتووێژی لەگەڵ کردووم و لەکتێبێکدا بڵاوی کردۆتەوە.١ لەدرێژەدا باسی سەرەتاکانی سەرهەڵدانی شێعری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵی سێ کەسی خۆی، کاک سوارە و کاک فاتیح شێخولئیسلامی لە تارانی کرد و لە کارتێکەریی گۆرانی شاعیر لەسەرخۆیان دوا. کاک سەلاح، خۆی بە چیرۆک نووس و ڕەخنەگری شیعر ناودەبرد نەک شاعیر و گوتی جارێکیان کاک سوار پێی گوتم "ئەگەر ئێمە شیعر نەڵێین تۆ چی دەکەی؟"
پاشان پەیامی ڕێزدار حەسەنی قازیم سەبارەت بە نەمر 'عەلی ڕەزا نابدل' پێگەیاند و لە زمان ئەوەوە داوام لێکرد بابەتێک لەسەر نابدل و پەیوەندی لەگەڵ خۆی و بەگشتی گەلی کورد بنووسێت. کاک سەلاح دوای سڵاو و ڕێز بۆ کاک حەسەن، بە دوورودرێژی باسی پەیوەندی خۆی و کاک سوارەی لەگەڵ نابدل و 'سەمەدی بیهڕەنگی' کرد. لە کۆتاییدا کاتێ تکام لێکرد ئەو بابەتانە بنووسێت، گوتی "ئەوا من گوتم"؛ لەو قسەیە وا تێگەیشتم کە نەیەوێت یان کاتی نەبێت ڕاستەوخۆ ئەو بیرەوەرییانە بێنێتە سەر کاغەز بەڵام دژ بەوەش ناوەستێت کە بیرەوەرییەکانی لەم بارەیەوە بە کاک حەسەن ڕابگەیێنم، ئینجا کاک حەسەن خۆی بینووسێتەوە و ڕایبگەیێنێت. ئەوە تێگەیشتنی من بۆ لە "ئەوا من گوتم" ی کاک سەلاح، هیوادارم هەڵەم نەکردبێت. دیارە من قسەکانی کاک سەلاحم تۆمار نەکرد و نیاز لە سەردانەکەشم نە ووتووێژی فەرمی و تۆماری دەنگ بوو، نە هیچ شتێکی لەو چەشنە. بۆ سەردانێکی ساکار، دیدارێکی دۆستانە و گەیاندنی پەیامی کاک حەسەن چووبووم. جا ئێستا تاقە کارێک لە دەستم بێت ئەوە دەبێت کە هەرچییەک لە قسەکانی کاک سەلاحم لەبیر مابێت بیانهێنمە سەر کاغەز و بنێرم بۆ کاک حەسەن؛ ئیتر ئەو خۆی دەزانێ چی لێ دەکات.
بە بۆچوونی من ئەگەر کاک حەسەن بیەوێت ئەم بابەتە ڕابگەیێنێت، باشترین شێوەی کارەکە ئەوە دەبێت کە بە شێوەیەک ئەم یادداشتانەی من بنێرێت بۆ کاک سەلاح و داوای چاو پێداخشاندنەوەیانی لێ بکات، و لەئەنجامدا هەڵەی قەڵەمی من بگیرێت و ئەگەر بابەتێکی تەواوکەر هەبێت، کە بە دڵنیایی دەشبێت، لێیان زیاد بکرێت. ئەگەر ئەو کارە گونجاو نەبوو، بە باشی دەزانم نووسینەکەی من بنێررێت بۆ ڕێزدار موحسینی قزڵجی، کە لە دانیشتنەکەدا ئامادە بوو و وەک من گوێی لە قسەکانی کاک سەلاح گرتبوو بۆ ئەوەی کەم و کورتییەکانی تەواو بکات.

هەرچۆنێک بێت، ئەوەی خوارەوە هەموو ئەو خالانەیە کە لە قسەکانی کاک سەلاحم لەبیر ماوە:

"من نەمر 'عەلیڕەزا نابدل' م دەناسی و دۆستایەتیم لەگەڵیدا هەبوو، لەو شێعرەشدا کە بە تورکی بۆ کوردستانی گوتووە١ و ناوی 'سەلاحوددین' ی هێناوە٢، نیازی لە من بووە. کاک سوارەی ئێلخانی زادەی ئامۆزام دوای سێ ساڵ نەخۆشی و لەجێگەدا کەوتن، کاتێ هەستایەوە، چەند ساڵێک لەشاری تەورێز دەرسی خوێند.٣ لەو ماوەیەدا و دواتریش کاتێ کە لە زانکۆی حقووق لە تاران وەرگیرا، دۆستایەتی گەرم وگوڕی لەگەڵ عەلیڕەزا نابدل پێک هێنابوو. منیش کە لە هەمان زانکۆ دەرسم دەخوێند، لە ڕێگەی کاک سوارەوە نابدلم ناسی.
ئەودەم ئێمە ماڵمان لە تاران بوو و لەو ساڵەدا کە نابدل شێعرەکەی گوتبوو، من چووبووم بۆ باشووری کوردستان.٤ پاشان کە گەڕامەوە و چوومەوە سەر دەرس و خوێندنەکەم، پەیوەندێکی نزیکم لەگەڵ نابدل پەیداکرد. هەر لە ڕێگەی نابدلیشەوە بوو کە کاک سوارە و من بووینە ناسیاوی نەمر 'سەمەدی بیهڕەنگی'. ئەو ناسیاوییە، دوای ماوەیەک بوو بە دۆستایەتییەکی گەرم، ئینجا گەیشتە ڕادەی هاوبیری و هاوخەباتیی سیاسی. ئەوانی ئازەربایجانی و ئێمەی کورد لە خەباتی سیاسی دژ بە ڕژێمی شادا، خاڵی هاوبەشمان زۆر بوو و ئەو خاڵە هاوبەشانە، لێکی نزیک کردبووینەوە. لەگەڵ یەکتردا باسی خەباتی سیاسی دواڕۆژ و هەروەها ئەدەبیاتمان دەکرد و هاتوچۆی ماڵی یەکترمان هەبوو.٥ بڕیارمان دابوو ئەگەر ئەوان لە خەباتی سیاسی دژ بە ڕژیمدا تووشی تەنگژه هاتن ئێمە لەکوردستان داڵدەیان بدەین و ئەوانیش بە هەمان شێوە لە کاتی گیروگرفتی ئێمەدا، لە ئازەربایجان پارێزگاریمان لێ بکەن."

کاک سەلاح لەسەر بابەتی دۆستایەتی و هاوپشتی سیاسی خۆی و کاک سوارە لەگەڵ نابدل و بیهڕەنگی زیاتر دوا، بەڵام بەداخەوە هیچی دیکەم لەبیر نەماوە و وا بزانم ئاماژەی بە گیران و زیندانی بوونی خۆی یا نابدلی کرد کە بوو بە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر. بەڵام ئەوەی وا بە ڕاشکاوی چەندجار دەست نیشانی کرد ئەوە بوو کە لە شێعرە ئازەربایجانییەکەی نابدلدا ناوی ئەو هاتووە و نیاز لە 'سەلاحەدین' ی ناو شێعرەکە، لە ڕاستیدا هەر ئەو خۆیەتی. کاک سەلاح هەروەها گوتی "نابدل ئەودەم شێعرەکەی وەرگێڕابووە سەر زمانی فارسیش و من نوسخەیم هەبوو."
ئەنوەر سوڵتانی
٢٤/١٢/٢٠١١

١.لێرەدا وەبیری کاک سەلاحم هێنایەوە کە کاک سوارە دوای چاکبوونەوەی نەخۆشییەکەی و پێش چوونی بۆ تەورێز، لای کەم یەک دووساڵێک لە دەبیرستانی بۆکان دەرسی خوێند و من لە پۆلی ٧ دا ببووم بە هاوپۆلی. ئەوەم بە کاک سەلاح نەگوت بەڵام دەزانم کە کاک حەسەن ئەییووب زادە و چەندەها کەسی هاوتەمەنی کاک حەسەن وەک من، لە دەبیرستانی بۆکان هاوپۆلی کاک سوارە بوون.
٢.کاک سەلاح لە بڕگەی کۆنگرەی دووهەمی حزبی دیموکڕاتی کوردستاندا، لە باشووری کوردستان دەژیا و لە دووبەرەکی و ناکۆکی باڵەکانی ڕێبەرایەتی حزبدا، لە ناحەزانی نەمر عەبدوڵڵای ئیسحاقی بوو و لە کێشەی نێوان نەمر بارزانی و دەفتەری سیاسی پارتی دیموکڕاتدا، لە دەفتەری سیاسی نزیک بوو. پاشان بە هاوکاریی نەمر محەممەدی ئێلخانی زادە، حزبی ڕزگاریی بنیات نا، کە دوای ماوەیەک هەڵوەشایەوە.
٣.کاک سەلاح ئاماژەی بە ماڵێک کرد لە خیابانی ئوردیبەهیشتی ڕووبەڕووی زانستگەی تاران. وابزانم گوتی ماڵی کاک سوارە لەوێ بوو. بە گوێرەی قسەی کاک سەلاح، نابدل و سەمەد هەردوکیان هاتوچۆی ئەو ماڵەیان دەکرد.
٤.نابدل لە شیعرەکەدا ناوی 'هەژار' و 'سەلاحەدین' وەک دوو خەباتکاری ڕێبازی ئازادی لە کوردستان دەهێنێت، هەندێک کەس لایان وایە نیازی نابدل لە 'سەلاحەدین'، 'سەلاحەدینی ئەییووبی' یە بەڵام کەسێک کە هێڵی فیکریی نابدل بناسێت دەزانێ ناوبراو کەسێک نەبووە شانازی بە سەلاحەدینی ئەییووبییەوە بکات، ئەویش لەو ساڵانەی کار و خەباتی سیاسی بەرەی چەپ لە ئێراندا.
٥.کاک موحسین قزڵجی لێرەدا گوتی ئەوە هەمان ئەو شێعرەیە کە خاڵە حەسەنم (مامۆستا حەسەنی قزڵجی) وەریگێڕایە سەر زمانی کوردی و لە سەر ڕادیۆ 'پەیکی ئێران' خوێندیەوە

ئەمن بەو ووڵامەی کاک ئەنوەر تەواو ئۆغژنی دڵم نەکەوت و داوام لێکرد ئەگەر دەکرێ بە ڕێگای کاک موحسین دا ئەو بابەتەی نووسیویە بۆ کاک سەلاحوددینی بنێرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ ڕوونتر بێ و ئاوام بۆ نووسی:
وێڕای سڵاو، زۆر سپاس بۆ ئەو ئاگادارییە، ئەمن پێم وایە ئەگەر ئەو یادداشتانە بۆ کاک موحسینی قزڵجی بنێری و داوای لێ بکەی نیشانی کاک سەلاحی بدا بۆ ئەوەی تەکمیلیان بکا زۆر باش دەبێ. ئەوەی گرینگە ئەوەیە زیاتر باسی نابدل بگێرێتەوە. بۆ نموونە لە شێعرەکەی نابدڵ را دەردەکەوێ ئەو سەفەری کوردستانی کردووە و تەبیعەت و چیای کوردستانی دیوە، داخودا کاک سەلاح هیچ ئاگای لەو سەفەرەی نابدل بۆ کوردستان هەیە یان نا ؟ لەو قسانەی کە بەڕێزت نووسیوته‌ ، کاک سەلاح هەر ئەوە دەگێرێتەوە کە ئەو سەلاحەدینەی نابدل لە شێعرەکە دا باسی کردووە مەبەست لە خۆیەتی ، کە دیارە پێشتریش ئەوە زانراوە.لە جیاتی تەحلیل ئەگەر دەکرێ حەول بدا ئەوە وەبیر خۆی بهێنێتەوە جاری یەکەم لە کوێ نابدلی دی ؟ باسی چییان کرد؟ ، چەند جاری چاو پێکەوت؟ داخودا شێعرەکە ئی پیش جووڵانەوەی چل و شەش چلو حەوتە یان دواتر ؟
ڕێزو حورمەت ، حەسەن
کاک ئەنوەر داوخوازەکەی منی جێ بە جێ کرد و بەخۆشییەوە دوای ماوەیەک ووڵامی نووسراوی کاک سەلاحودین بە ڕێگا و ماندووبوونی بەڕێز موحسینی قزڵجی بە دەستم گەیشت کە ئەوە لە خوارەوە وەکوو خۆی بڵاو دەکرێتەوە:

بۆ هەر تک دۆسته دێرینەکانم کاک ئەنوەری سوڵتانی و کاک حەسەنی قازی:

"سلامی چو بوی خوش آشنایی!"

له لایه ن هاوڕێی هاوئاوارەم کاک موحسینی قزڵجی یەوە نامەکەی کاک ئەنوەرم پێگەیشت و به هۆی ئه‌ویشه‌وه یادی یاری دوور وڵات و غەریبی شاران کاک حه‌سه‌نم لە لا گەشایەوە . سوپاس بۆ هەر سێکیان!
سەبارەت به دۆست و هاوبیر و هاوکەلاسی شه‌هیدم(عه‌لیڕه‌زا نابدل) پرسیارتان کرد بوو و ڕوونکردنەوەتان لێ خواستبووم .
من ئەوەی دەمزانی و لەو کاته کورته دا ده‌گونجا،له سەردان و دیداره گەرم و مێهرەبانانەکەی کاک ئەنوەر - له ماڵی خۆمان له سلێمانی - بۆم گێڕایه‌وه‌ و ئه‌ویش چه‌ندی له بیر مابوو، خاڵه سەره‌کییەکانی خستبوه ناو نامه‌که‌ی خۆی و له لەندەنەوە بۆی بەڕێ کردبووم که چاوێکی پێدا بخشێنمه‌وه‌ و کەموکورتییەکانی دەستنیشان بکەم و زێدەی بخەمە سەر.
پێش هەموو شتێک، نووسراوەکەی کاک ئەنوەر لە ژێر سەردێری " سه لاحوددینی موهته‌دی و عه‌لیڕه‌زا نابدل" ئەوەی کە پەیوەندی به هاتنی خۆی و دانیشتن و دیدار و نوێکردنەوەی دۆستایەتی و بڕێک گله و ڕەخنەی من نووسیویەتی،زۆر دۆستانه و راستگۆیانەیە و پێویستی به هیچ دەستلێدانێک نییه و تکا دەکەم هەر وەک خۆی دووپات و بڵاو بکرێته وه و ببێته پێشه‌کی بۆ ئەم نووسراوه ی من .

بەڵام سەبارەت به عەلیڕەزا نابدل و پرسیارەکان، من چەندەم زانیاری هەبێ و له بیرم مابێ بۆتانی دەنووسم:

الف-من و سواره هاوتەمەن و هاوبنەماڵە و ڕەفیقی خۆشەویستی دەورانی یاری و دڵداری و شێعر وئەدەب و سیاسەت و کوردایه تی بووین به درێژایی تەمەنی کورتی سواره . سوارە مێرمنداڵە بوو که نەخۆش کەوت و له پێ کەوت و سێ ساڵ له سەر جێ بوو . ئەو سێ ساڵه من له ته ورێز دەبیرستانم تەواو کرد و ئەوم له خوێندنا به جێ هێشت و چوومه زانکۆ له تاران ١٣٣٨ - ١٩٥٩

که سواره له نەخۆشی هەستاوە و هاته هەمان کۆلێجی حقووق ، من ساڵی سێهەم بووم .
هەر ئەو ساڵە له لایه‌ن " یەکیەتی خوێندکارانی کورد له زانستگاکانی ئێران"پێم سپێردرا (ساڵی ١٣٤١-١٩٦٢)
که بچم بۆ کوردستانی عێراق و ئاگاداری و زانیاری هەم له سەر شۆرش و هەم له سەر حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران " که ئێمه یەکیەتی خوێندکاران تازه ساڵێک بوو پێی پەیوەست ببووین " بنێرمەوە بۆ یەکیەتی خوێندکاران و کۆمیتەی تارانی حیزبی دێمۆکرات - که خۆم له هەر دووکیاندا بەشدار بووم - چونکه خەبەری ئاڵۆزی و بێسەرە و بەرەیی هەر دووکیانمان پێگەیشتبوو ، نیگەرانی و خەفەت دایگرتبووین ، جگه لەوە هەموومان ئەو کات زۆر سەرەڕۆ و سوێر خەبەر بووین و هەواڵ و هەوای شۆرش وەباوی خستبووین ،وەباڵی خستبووین ! بڕیار درابوو که من له کوردستانی عیراقیشه وه بچم بۆ ئورووپا و بەشداری بکەم لەو
کۆمەڵەی سەرەتاسەری و کوردستانی خوێندکارانه که قەرار بوو له خوێندکارانی هەر چوار پارچەکە پێک بێت و ئێمه بەینێک بوو لەو بارەوە به نهێنی نامەمان لەگەڵ ئورووپا ئاڵوگۆڕ دەکرد.
من دڵم له کوردستان پێ هەڵنەدەقەندرا و نه چووم بۆ ئورووپا و بوومه پێشمەرگە و سێ سال له کوردستانی عێڕاق مامەوە . ئەوەش مێژوویەکی پڕ له هه وراز و نشێو و رووداوی تاڵ و شیرینه و من لێره ناچمه نێو ئەو باسه .
دوای سێ ساڵ که گەڕامەوە ئێران و چوومەوە کۆلێجی حقووق ، سواره سێ سال بوو لەوێ دەیخوێندو دیسان بووینه هاوکەلاس!
ب - لەو سێ ساڵه دا سواره لە گەڵ عەلیڕەزا نابدل ببوون به دوو ڕەفیقی زۆر سەمیمی و لە یەکتر نزیک . لەم سێ ساڵەی دۆستایەتییان سواره باسی شێعری هەژار و خەباتی منی بۆ عەلیڕەزا کرد بوو، هەر بۆیه کاتێک من گەڕامەوە بۆ زانکۆ ، لە گەڵ عەلیڕەزا وەکوو دوو رەفیقی قەدیم و دۆستی دێرین وابووین و عەلێڕەزا هەموو شتێکی له سەر ژیان و کار و خوێندن و خەباتی من دەزانی .بە تایبەت کە دوای گەڕانەوەم بۆ ئێران عەلیڕەزا - که ئیتر زۆربەی ڕۆژەکان پێکەوە بووین – دەیدیت و دەیزانی کە من تێهەڵچوومەوە و درێژه به خەبات و چالاکی نهێنی دەدەم و کورد کوتەنی " ته مبێ !" نەبووم و بەشێک له خەباتەکەش بە بەشداری و ئاگاداری خۆیەتی.
جا بۆیه خۆشەویستی و گیرۆدەیی ئەو بۆ من زۆر زیادی کردبوو ، خۆی کوتەنی ببووینه پیر و مورید !!
لەو کاتانه دا بوو که عەلیڕەزا شێعرێکی کوت به زمانی تورکی له ژێر ناوی " قزڵ وه‌زان" و ئەو چۆمه درێژه‌ی کردبووه وێنه و نموونەیەک بۆ پەیوەند و دۆستایەتی کورد و تورک و فارس کە له کوردستان و له کوێستانەکانی "چل چه‌مه‌ "وه سەرچاوە دەگرێ و بە ئازەربایجاندا تێدەپەڕێ و پێی دەڵێن "قزڵ ئوێزەن " و له شیمالی ئێران تێکەڵ به دەریای خەزەر دەبێ و ناوی دەبێتە " سفید رود ". هەر بۆیەش پێویسته ئەو سێ گەلە ده ست بدەنە دەستی یەکتر و پێکه وه هاو خەبات و هاو چارەنووس بن .
ئه و شێعرەشی پێشکەش به من کرد و به خەتی خۆی له سەری نووسی و دەسخەتەکەشی دا به من . له سەر داوای من هەر خۆی تەرجەمەی کرد به فارسی و ئەو پێشکەش کردنەی لە سەر دەقە فارسییەکەش نووسی ومن هەر دوو نوسخەکەم لە لا بوو.لە ساڵی 1347 (1968) که من له لایه‌ن ساواکه‌وه گیرام ، ئه‌و شێعر و دەسخەتە خۆشەویستەشم وەک زۆر نووسراوه و بەڵگەی بەنرخی دیکە لێ فەوتا .که وا بوو شێعرەکە
له ساڵی 1346 (1967) گوتراوه .

ج - عەلیڕەزا جگه له کۆلێجی حقووق که لەگەڵ ئێمە هاودەورە بوو ، کۆلێج یا ئەنستیتۆیەکی دیکەشی خوێندبوو ، که تەواوی کردبوو بەڕێ کرابوو بۆ سەربازی و زۆر به دەگمەن بۆی هەڵدەکەوت بێته سه ر کەلاس و ئەو کاتانەش که نەیدەتوانی ئاماده بێ ، ئێمەی خوێندکارانی کورد لەباتی ئەو جوابی حازر و غایبەکانمان بۆ ده داوه . زۆر بێزار بوو له تەعلیماتی سەربازی و شێعرێکی زۆر جوانی دانابوو بۆ پادگانەکەی خۆیان و ناوی نابوو (حماقتهای متوازن و متقاطع)، بەداخەوە من شێعرەکەم لە بەر نەماوە.
که له پادگان مەرەخەس دەبوو ، ماندوو مردوو چڵکن و ئارەقاوی ، دەهاتەوە بۆ ئەو ماڵەی خیابانی ئوردیبێهێشت بەرامبەری زانکۆی تاران که چەند خوێندکارێکی ڕەفیقی خۆمان گرتبوویان و ببوه ماڵ و مەکۆی گشت لایەکمان. وا بزانم ئەو ماڵە کاک فاتیح و کاک موسلیح [ شێخەلئیسلامی ] و کاک مەحموودی مەردووخ و چەند خوێندکارێکی سنەیی گرتبوویان، نازانم کاک ئەمیری حەسەنپوور لەگەڵ بوو یان نا ؟ له خۆی بپرسن ، کاک سواره ژن و ماڵی هەبوو،به جیا دەژیا بەڵام هات و چۆی دەکرد . عەلیڕەزا ڕۆژانه دوای خزمه ت و مەشقی سەربازی دەهاتەوە ئەو ماڵه، شیو و کوڵی دەکرد و خۆی دەشوشت و دەحەساوە و دەمە تەقەمان دەکرد.

د- عەلیڕەزا و سەمەدی بێهڕەنگی دۆست بوون ، لە تەورێز ڕۆژنامەیەک نازانم ناوەکەی پەیام بوو یا پەیمان بوو ، بەڵام دەزانم خاوەنەکەی پیرەمێردێک بوو پێیان دەگوت حاجی ئاغا . عەلیڕەزا و سەمەد و ڕەفیقەکانیان لە گەڵ حاجی ئاغا ڕێک کەوتبوون و هەموو جومعەیەک شێعر و مەقالەی بەنرخ و پێشکەوتنخوازانە و نوێخوازانەیان تێدا دەنووسی. [خاوه‌نی ئیمتیازی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ که‌ نێوی " مهد آزادی " بووه‌، ئه‌و سه‌روبه‌ندی که‌سێک بووه‌ به‌ ناوی ئیسماعیلی په‌یمان و ڕه‌نگه‌ ئه‌و حاجی ئاغایه‌ی کاک سه‌لاحوددین باسی ده‌کا هه‌ر ئه‌و که‌سه‌ بێ.ح.ق]
عەلیڕەزا شێعر و مەقالەکانی خۆی به ناوی "ئۆکتای"بڵاو دەکردەوە ، جار جارەش شێعری شۆڕشگێڕانەی دادەنا به تورکی و ناوی شاعیرێکی سەدەکانی پێشووی لێده نا .ئەو ڕۆژنامەیە دەگەیشتە دەستی ئێمە لە تاران و وام له بیره که ڕەفیقەکانی ئێمەش مەقالەیان بۆ دەنارد ( تکایه له کاک ئەمیر و کاک فاتیح بپرسن.)

[ تێبینی ح.ق. دوکتور ئەمیری حەسەنپوور لە ووتارێک دا بە نێوی:" عەلیڕەزا نابدل: ئازەربایجان و کوردستان دوێنێ و ئەمڕۆ. بە بۆنەی دیسان بڵاو کردنەوەی " آقای پان و احوالاتش" که‌ لە ٧ی ئاوریلی ٢٠١١ لە "ڕوانگە" دا بڵاو بووەوە دەنووسێ:
" نووسراوەی " ‌آقای پان" و " احوالاتش" بە ئاشکرا، لە ڕۆژنامەی مهد آزادی دا کە لە تەورێز دەردەچوو بڵاو کراوە. نێوەرۆکی ئەو ڕۆژنامەیە زیاتر دەنگوباس و ئاگاداریی ناوچەی تەورێز و ئازەربایجان بوو بەڵام، بە دەستپێشخەری دەستەیەک لە ڕووناکبیران – تێکۆشەرانی چەپی تەورێز لەوانە: سەمەدی بێهڕەنگی، بێهرووزی دێهقانی و عەلیڕەزای نابدڵ و پەسندی خاوەنی ڕۆژنامەکە، ژمارەکانی ڕۆژانی جومعەی ئەو ڕۆژنامەیە کە نێوی "آدینە"ی لێ نرابوو و تەرخان دەکرا بۆ باسی سیاسی و کولتووری و ڕووناکبیری. مهد آزادی – آدینە وەک زۆرێک لە بڵاوکراوەکانی ئەستانەکان لە هەموو ئێران بڵاو نەدەبووەوە. من لە نێوان ساڵانی ١٣٤٤-١٣٤٦ لە مەهاباد بووم و بۆ ماوەیەک لە دەبیرستان دەرسم دەگوتەوە، لە ڕێگای هاوکار و دۆستێکی ئازەربایجانییەوە کە لە گەڵ دەستەی سەمەد وبێهرووز و عەلیڕەزا پێوەندی هەبوو به‌ تێکۆشانی ئەوانم زانی و دوو یان سێ نووسراوەم سەبارەت بە فۆڵکڵۆری کوردی بە نێوی خواستەمەنی " میکاییل ئارامیان" بۆ آدینە نووسی.]

به هەوڵ و هیممەتی عەلیڕەزا من توانیم سەمەدی بێهڕەنگی بناسم و له نزیکەوە بیبینم . گومانم نییه له دیداری یەکەمدا سواره له گەڵ بوو ، بۆ دیدارەکانی دیکه زۆر دڵنیا نیم چونکه سواره هەمیشە له ئەدەب و سیاسەتدا که سەرەتایەکەمان دادەمەزراند، درێژه پێدان و له سەر ڕۆیشتنەکەی بۆ من بەجێ دەهێشت و خۆی له شتێکی نوێتر دەگەڕا !
دیدارەکانی ئێمه له ناو دانیشگا و زۆرتر له نزیک مەیدانی فوتباڵەکە و جارجارەش له سەکۆ و پلیکانەکانی نێوان کۆلێجی حقووق و باشگای دانیشگا بەڕێوە دەچوو .کارتی خوێندکاری ڕه‌فیقەکانی ئێمه بە سەمەد دەدرا بۆ هاتنه ژوورەوەی دانیشگا .من وام له بیره هاوڕێکەی دیکەیان بیهرووزی دێهقانی بوو که هەر ئەو کاتیش به‌ نیوه نهێنی دەژیا، زۆر کوڕێکی جیددی و ئەهلی عەمەل دیار بوو ، هەر یەکجاریش بەشداری کۆبوونەوەکانی ئێمەی کرد و له بیرمە قسەمان لەوە کرد ئەگەر ئەوان لە خەباتی سیاسی دژ به ڕێژیمدا تووشی تەنگژە هاتن له کوردستانی ئێران داڵدەیان بدەین یان بیاننێرین بۆ کوردستانی عێراق، ئەوانیش به هەمانشێوە له کاتی گیر و گرفتی ئێمه له ئازەربایجان بمانپاریزن .
له ووتووێژەکان دا له باسی هەیکەلی سیاسی و پێکهاتەی نەتەوەیی و جۆغرافیایی ئێران دەدواین و قسەمان له چارەنووسی گەلانی ئێران دەکرد و چاکم له بیره که هەر دوو لامان ساغ ببووینەوە که دیفاع له تێزی (کثیرالملله) بوونی ئێران بکەین.
له سەر ئەوەش کۆک بووین کە ئەدەبیاتی ئێمە بە زمانی تایبەتی ئەدیبانە دەبێ ڕەنگدانەوەی ئەو باوەڕە بێ و دەبێ شێوەیەکی نووسین هەڵبژێرین لە بەرهەمە ئەدەبییەکانماندا کە لە گەڵ گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی سەردەم بگونجێ. 'ماسیە ڕەشە بچکۆڵەکە'ی سەمەد و 'خەوە بەردینە'ی سوارە نموونەی بەرز و بەرجەستەی ئەو باوەڕەن.ڕەنگە سێ یا چوار کۆبوونەوەمان کرد بێ، بەڵام ئەو کات من سەرم زۆر قاڵ بوو،چونکە ئەرکی پەیوەندی لە گەڵ بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە چەکدارییەکەی ٤٦-٤٧ و دیداری بەردەوامی نهێنی لە گەڵ پێشمەرگە بە من سپێردرابوو.
ئێمەی خوێندکارانی کورد لەم قۆناغی دووهەمی چالاکییەکانمان که ساڵی ١٣٤٥ دیسان دەستمان پێکردبۆوه، کەوتبووینه ناو گێژاوێکی سەختی فیکری و سیاسییەوە و رێگای هات و نەهاتمان لە بەر بوو : ئایا هەر درێژه به خەباتی نهێنی و سیاسی بدەین یا لەگەڵ ئەو بزووتنەوە چەکدارییە تازەیەی کە بە تەواوی لەگەڵیان هاوباوەڕ و هاوخەبات بووین تێکەڵ بین و دیسان هێمن گوتەنی" ڕوو لە چیای ئەستەم کەین"؟ ئەو کات هەڵبژاردن و سەرەدەر کردن لەم پرسە سەخت و گرانە نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو ئێران گەنجان و خوێندکاران و شۆڕشگێڕانی بە خۆیەوە خەریک کرد بوو. عەلیڕەزا منی هان دەدا بۆ ڕێگایەکی چەکداری و شۆڕشگێڕانە کە لە کوردستان دەست پێدەکات و هەموو ئێرانیش دەگرێتەوە.
شێعری " ئێوه کێن خێڵی درۆ" ی سواره ڕەنگدانەوەی ئەو ململانی و جەدەلە فیکری و سیاسییە بوو ، بەڵام شەهید کرانی یەک لە دوای یەکی سەرکردە و فەرماندەکانی بزووتنەوەکە و خێرا دوای ئەوەش گیرانی من و بڕێک لە ڕەفیقەکانم لە 'جەڵدیان' لە ساڵی ١٣٤٧ کۆتایی بەم دەورە لە خەباتی یەکیەتی خوێندکارانی کورد و مەسەلەی "بڕۆین یا نەڕۆین" هێنا.
لەم کەشمەکەشم و بگره و بەردە دا ، من و عەلیڕەزا دەست و دەنگمان لێک دابڕا ، هەر کام بە جیا بەڵام هەر دووکمان بە یەک ئاواتەوە کەوتینە ناو گەرداوی چارەنووسێکی خوێناوییەوە. ئاگام لە عەلیڕەزا نەما تا خەبەری مەرگە دڵتەزێن و سەربەرزانەکەییم پێگەیشت.
که چیرۆکی بریندار بوون و گیران و خۆ فڕێدانه خوار لە باڵەخانە بەرزەکەی دەزگای تەحقیق و پاشان دەست خستنە ناو برین و هەوڵی هەڵدڕینی وورگی خۆیم بیست تا بە زیندوویی نەکەوێتە دەست دۆژمن و دەنگۆکەش دەم بە دەم دەگەڕا و دەگێڕدرایەوە، من ئەو کوڕە کورتە باڵا چاویلکە لەچاوەم بیر کەوتەوە کە زیاتر لە شاعیرێکی هەست ناسکی ئارام و فەیلەسووفێکی مەند و مەزن دەچوو تا جەنگاوەرێکی پارتیزانی ناو شار.

ه – هەر ئەو کات که له کۆلێجی حقووقی زانکۆی تاران هەموومان پێکەوە بووین سواره بەڵێنی دابوو 'قزڵ وه‌زان'ە کەی عەلیڕەزا بکاته کوردی بەڵام پەلامارە بەرین و بەربڵاوەکەی ساڵی 1347 ساواک و گیرانی من و لە بەریەک ترازانی یەکیەتی خوێندکارانی کورد،منداڵدانی خەیاڵی جوان و زمانی پاراوی سوارەشی پووکاندەوە و نەک هەر ئەو کۆرپەیەی لەبەر برد، بەڵکوو نزیکەی ساڵێک دوای گیرانەکەی ئێمە ( کە لەو ماوەیە دا سوارە بڕێک لە شێعرە هەرە بەرزەکانی کوتووە، لە وانە "حەنجەرەی زەمان" و بە نهێنی بڵاوی کردۆتەوە) ئیتر وردە وردە بەرەو دوا، ناهومێدی و دەستەنگی و خەمی نان و ترس و تەنیایی باڵی بە سەر دا کێشا، نەزۆک بوو، نووزەی لێ بڕا!
شێعرەکەی عەلیڕەزا دوایە گۆیا لە لایەن کوردیزانی مەزن و شەهیدی ڕەنج بە خەسار مامۆستا حەسەنی قزڵجی یەوە کراوە بە کوردی و لە ڕادیۆی پەیکی ئێران خوێندراوەتەوە. هیوادارم کاک موحسینی خوشکەزای کە لە من زیاتری وەدوو کەوتووە و ئاگادارە باسەکەتان بۆ تەکمیل بکا.

و - له جوابی ئەو پرسیارەش کە ئایا عەلیڕەزا سەفەری کوردستانی کردووە یا هەر کوردستانی دیوە، ڕاستی قەتم لێ نەبیستبوو کە سەفەری کرد بێ و سەری کوردستانی دابێ و نەشمزانیوە بێجگەلە ئێمە لە گەڵ کوردی دیکە پەیوەندیی دۆستایەتی هەبووبێ، هەر چەند بە دووریشی نازانم، بەڵام هەموو زانیارییەکانی لە سەر کوردستان و تەبیعەتەکەی و خەباتی درێژخایەنی و لە سەر " هەژار و منیش" لە سوارە وەرگرتبوو ، شێعرەکەشی لە سەر ئەو زانیارییانە دانا بوو.
ئارەزووم ئەوەیە کە دوای ڕزگاری کە درەنگ یا زوو هەر دێت و ئێمە و نەسلی دوای ئێمەش لە سەر زۆڵە چەرم کردوومانە و بووینە قیری کەوای سپی و لە کۆڵی نابینەوە، کاتێک ئەو ڕۆژە هات، من و هاوتەمەنەکانی من و دۆستانی عەلیڕەزای نابدڵ زیندوو بووین یا مردوو، لە خۆشترین شوێن لە گەورەترین شاری کوردستان پەیکەرە و ناوی عەلیڕەزای شۆڕشگێڕی دۆستی کورد،بدرەوشێتەوە.

سه لا حوددینی موهته دی
١٣-١-٢٠١٢



کوردستان
اوکتای

بو داغلار اوجا باش
اوجا باش داغلارا قانلی چکمەلر
یول ‌آچا بیلمز
بو داغن جیرانی اوزگە اوچونن اوخونا گلمز
قولاری باغلانان اسیر بیر انسان
توتقون آخشاملار دا آغلاماز، گولمز

درەلر درین، ائلە درین کی
"هژار" درینلیکدە انسانلار بسلەییب
درەلردە آخان " قزل اوزەن"ی
سویی هم شیرین، هم دە آتشین
ائلە بیر سوکی، او بیزیم یوردومزە چاتاندا بئلە
هدیە گتیریر کئچدی ائلردەن اورەگ آتشین
دوشلر مشەلک، پالت مشلەر
آخشاملار اوخور، هر قوش مین دستان
بو لای لای سسیلە آستاجا آستاجا
اوخویە گئدیر، گوزەل کوردستان

بو داغلار قوجا باش، ائلری اوجا باش
هاممیە بیر دوست، بیزە بیر قارداش
ای یاخلان اودلار دا ، بیرلیکدە یانان، وفالی یولداش
دوشلر دن ینسک ، چکیلیب یایلب
قوم گوی زنبق تک ، دوزلر دە توتون
دوزلردە چاڵشیر اوغلانلار، قزلار گوندوزو بوتون

یایلاق دا اوبا، اوبا دا چوبان
چوبانن آغزندا اینجە بیر توتک
او سویلەییر ایگیتلر چکن غمی
ائلە بیر غم کی ، 'بیستون' داغندا
ایگیت 'فرهاد'ی بولاییر قانا
عصرینین گوزەلی، یوردونون چیچگی
‌آلاگویز ' شیرین'ی گتیرر جانا

بو داغلار اوجا باش
اوجا باش داغلارا،قانلی چکمەلر یول آچا بیلمز
بو داغدا گزرلر، ایری گویز اوغوللار
اورەگلریندە، درین بیر سئوگی
او سئوگی کی ' صلاح الدین "ن گونلون داغلدی
افسانەلر دە، انسانلار تکین،بئلن باغلادی
درەلر درین، سولار آتشین
دوزلر توتونلک، دوشلر مشەلک
آخشاملار قوشور هر قوش مین دستان
بورا کوردستان ، بورا کوردستان
خان ' قزل اوزەن' آخان گونەدک
اولدوزلار یرە باخان گونەدک
بول اولسون خلقینن اکدیگی بوستان
وار اولسون بیزیم قارداش کوردستان


کوردستان
عەلیڕەزای نابدل (ئۆختای)
وەرگێڕانی حەسەنی قزڵجی

هۆ، چ که‌ژ و کێوێکی به‌رز!
کام چه‌کمه‌ی خوێناوی ده‌توانێ به‌ ئه‌م چیا به‌رزانه‌دا سه‌رکه‌وێ!
کام ڕاوکه‌ری بێگانه‌ ده‌توانێ ئاسکه‌ شاره‌زاکانی ئه‌م ڕه‌وه‌زانه‌ به‌ دیل بگرێ!
ئێواره‌یه‌کی خه‌فه‌تاوی،
ئینسانێکی دیل به‌ ده‌ستی به‌ستراو،
نه‌ پێکه‌نینێکی به‌سه‌ر لێوه‌وه‌ و نه‌ گریانێک،
به‌ سام وێستاوه‌.
هۆ، چ شیو و دۆڵێکی قووڵ!
ئه‌وه‌نده‌ قووڵ که‌ ئینسانی به‌ قووڵایی “هەژار” خولقاندووه‌.
هۆ، چ شیوێک، هاژه‌ی قزڵ وه‌زان له‌ ده‌میدا شیرین و ئاگرینه‌،
به‌ چه‌شنێکی وا که‌ ده‌ڕژێته‌ خاکی ئێمه‌وه‌
وه‌ک قاسیدی دڵی ئاگرین خه‌ڵک ... [وشەیەک نابیسترێ]
نزار و لێڕه‌واری به‌ڕوو به‌ به‌رۆکی چیاکاندا هه‌ڵده‌کشێن.
ئێواران هه‌ر مه‌لێک هه‌زار ئاوازی ئه‌فسانه‌یی ده‌خوێنێ،
ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی وه‌ک لایه‌لایه‌ی دایکێک وان که‌ به‌ هه‌وای ئه‌وانه‌،
کوردستانی جوان ورده‌ ورده‌ خه‌و دیباته‌وه‌.
ئه‌وسا که‌ ده‌ڕوانییه‌ پێده‌شتییه‌کان،
مه‌زرای سه‌وزی تووتن وه‌ک زه‌نبه‌ق ڕاخراو، چاوت ده‌لاوێننه‌وه‌.
به‌ درێژایی رۆژ کچان و کوڕان
به‌ پانایی ئه‌و ده‌شته‌دا ئاره‌ق ده‌ڕێژن.
ڕه‌شماڵان له‌ کوێستان،
شوان له‌ ده‌وار و بلوێر به‌ ده‌م شوانه‌وه‌،
ئاوازی خوێناوی لێ ده‌دا و به‌ په‌رۆشێکی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌،
که‌ فه‌رهادی قاره‌مانی له‌ باوه‌شی بێستووندا نوقمی خوێن کرد
و شیرین ئه‌و شۆخه‌ی ڕۆژگاری خۆی و خونچه‌ی وڵاته‌که‌ی له‌ گیانی خۆی وه‌ڕز کرد.
هۆ، چ که‌ژ و کێوێکی به‌رز!
کام چه‌کمه‌ی خوێناوی ده‌توانێ به‌ ناو ڕه‌وه‌زه‌کانیدا بڕوا!
کوڕانی چاوگه‌لاوێژ ڕاوکه‌ری ئه‌م ڕه‌وه‌زانه‌ن
و مه‌حه‌به‌تێکی ئه‌وه‌نده‌ قووڵیش له‌ دڵیاندا ده‌جووڵێ
که‌ داخ ده‌باته‌ دڵی” سه‌لاحه‌دینه‌وه‌”،
به‌ حیماسه‌ی ئه‌فسانه‌یی تووڕه‌ییه‌وه‌ که‌ دڵی دوژمن داده‌خورپێنێ.
هۆ، چ که‌ژ و کێوێکی چه‌قیو و داکوتراو!
چ خه‌ڵکێکی سه‌ربه‌رز!
دۆستی هه‌موان و برای ئێمه‌!
هاڤاڵ چه‌نده‌ به‌ ئه‌مه‌گی!
ئه‌مه‌گێکی ئه‌وه‌نده‌ مه‌زن وه‌کوو تاشه‌به‌رد له‌ناو بڵێسه‌ی ئاگردا.
چ شیو و دۆڵێکی قووڵ، چ ئاوێکی ئاگرین!
نزاره‌کان به‌ بناره‌کاندا ڕاکشاون،
تووتنه‌کان ده‌شتاییه‌کانیان داپۆشیوه‌.
ئێواران هه‌ر مه‌لێک هه‌زاران ئه‌فسانه‌ ده‌خوێنێ، هه‌زاران و هه‌زاران.
ئه‌مه‌یه‌ کوردستان، ئه‌مه‌یه‌ کوردستان!
تا ئه‌و وه‌خته‌ که‌ قزڵ وه‌زان ئاژینه‌ و خوڕه‌ی دێ
و ئه‌ستێره‌کان چاو له‌ زه‌وی دادەگرن،
به‌روبووی ڕه‌نجی شانی خه‌ڵکه‌که‌ت هه‌ر زۆر بێ!
کوردستانی برامان هه‌ر بژی!


نەمر سوارە ئێلخانیزادە و کاک سەلاحوددینی موهتەدی و چەند کەسی دیکە لە موهتەدییەکان. ئەم وێنەیە وێدەچێ ئی ئەو سەروبەندە بێ کە کاک سەلاحوددین باسی کردووە.


زانکۆی تاران، لە بەر " باشگای دانشگاە" ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی.
لە ڕاستەوە: عەلیی حەسەنیانی، ئەمیری حەسەنپوور، ڕەحمانی شەریفزادە، محەمەدی فەڕشچی، بایزی مەردووخی، سەلاحودینی موهتەدی ، ئەمیری قازی. ئەم وێنەیەی کاک سەلاح و ژمارەیەک لە خوێندکارانی کوردی زانکۆی تارانیش هەر ئی ئەو سەروبەندانە.

*تێبینی لەمەڕ وێنەکان: وێنەی شەهید عەلیڕەزای نابدڵ لە ئینترنێت، و ێنەی نەمر سوارەی ئێلخانی زادە و کاک سەلاحودینی موهتەدی بە سپاسەوە کاک ئازادی ئێلخانیزادە بۆ 'روانگە'ی ناردووە. وێنەی خوێندکارانی کورد لە زانکۆی تاران بە سپاسەوە لە ماڵی فەیس بووکی کاک هێدی وەرگیراوە کە ئەویش کاک ئاگرینی حەسەنیانی بۆی ناردووە

1 comment:

Ruwange --- ڕوانگه said...

ڕەنگە کەسێک هەبێت و بڵێت ، کاک حەسەن قازی بۆچی هێندە خۆی ماندو کردووە بۆ پارچە شیعرێکی وەها ، کە زیاتر لە چل ساڵە نووسراوە ، لەوانەیشە بڵێت گرنگی ئەو شیعرە چیە بۆ کورد . من دەڵێم مرۆڤی ڕاست و خەمخۆر ، ڕۆژنامەنوسی جیدی ئەوەیە ، کە دوای ڕوداوەکانی مێژو بکەوێت و ساخیان بکاتەوە . ئەم هەموو هێنان و بردن و مانوبونەی کاک حەسەن ڕێک حاڵەتێکم دەهێنێتەوە یاد ، کە چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕوبەڕوی پڕپفیسۆر دوکتۆر جەلیلی جەلیلی بوەوە . پ. د. جەلیل پیاوێک و زانایەکی ئێجگار بەرز و مەزنە ، کە کورد دەبێت ڕێزی لێبنێت ، هەرچەندە هیچ ڕێزێکی لێنەناوە . هەواڵێک لە ژنێکی ئەرمەنستانەوە دێت بۆ دوکتۆر جەلیل لە وڵاتی ئوتریش یان نەمسا ، دوکتۆر بەماڵومنداڵەوە لە ڤیەننا دەژیا . ڕۆژێک هات بۆلام و وتی سەفەرێکی چەند ڕۆژەم بەدەستەوەیە بۆ ئەرمینیا . منیش وتم خێرە دوکتۆر ؟ گوتی مەسەلەی نامەی ژنە ئەرمەنیەکەیە و بەپێویستی دەبینم بڕۆم ، تاکو لە دەستم نەچووە . ئەو لە مەراقی ئەوەدابوو ، کە نەوەکو مردن ڕێگەی پێنەدا یان بۆی هەڵنەکەوێت . سەفەرخێر و پاش چەند ڕۆژێک گەڕایەوە . ئەرمەنیەکە لە نامەکەی دا بۆی نووسیبوو کە مێردەکەی کۆچی دوایی کردووە و کتێبخانەیەکی مەزنی لەدوایخۆی جێهێشتووە و دەخوازێت ئەو کتێبانە نەفەوتێت و پێشکەشی دەوڵەتی بکات ، بەڵام هەندێک وردەکاخەز ماونەتەوە ، کە نازانم چین و بە چ زمانێک نوسراوە و داوای لە دوکتۆر کرد ، کە بیانبینێت . لەنێو ئەو کاخەزانە دا توانیبووی چەند لاپەڕەیەک بدۆزێتەوە کە بۆ کورد و مێژوی کورد بەسود بوون ، ئایا ناوەڕۆکی ئەو چەند وردەکاخەزە چی بوو بیرم نەماوە . منیش هێندێک کەس ئاوایی گوتم : دوکتۆر خۆت زۆر ماندو کرد بۆ ئەو چەند وردە کاخەزە ؟ فەرموی نا هیوا گیان وامەڵێ ! لەهەرچ شوێنێکی دنیا دا ئەگەر دو دێڕیش بدۆزیتەوە لە نێو هەزاران کتێب دا نرخی زۆرە ، چونکە ئەوە بەشێکە لە مێژوی تۆ ، لە مێژوی کورد . جا بەڕاستی کاکە حەسەن ئەو هەمو هەوڵەی داوە تاکو لەسەر ئەو کەسایەتیانە و ئەو شیعرە ساخببێتەوە . ئەمەش بەڕاستی جێگەی خۆی دەگرێت بۆ مێژوی کورد . دەستخۆش کاک حەسەن

هیوا ئەمین
بە ڕێگای فەیس بووک دا