Saturday, March 19, 2016

وەزارەتی کار وباری دەرەوەی ئەمریکا؛ زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی سێشەمە ١٥، چوارشەمە ١٦، پێنجشەمە ١٧ و جومە ١٨ی مارسی ٢٠١٦

  
سێشەمە ١٥-ی مارسی ٢٠١٦
جان کیربی
یاریدەدەر و قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمرێکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی

پرسیار: ئەمن پرسیارێکی دیکەشم لە سەر سوورییە هەیە،
ئاغای کیربی: ئێ
پرسیار: بە کورتی، بیرو ڕای دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چییە سەبارەت بە هینانی گرووپەکوردییەکانی سورییە بۆ ناو موزاکەرە؟ هەتا دێ زیاتر و زیاتر – زۆر ووڵات دەڵێن – دەبێ ئەوانیش لەو موزاکەرەیە دا بن. ئاشکرایە، تورکییە دەڵێ ئەوان نابێ بە شدار بن؛ ئەوە هێرشی ئانکارا ڕوویدا، ئایا ئێوە – ئێوە لە سەر ئەوە دەڵێن چی؟
ئاغای کیربی: ئەمن پێشتر لەو بارەیەوە قسەم کردووە و هەڵوێستی ئێمە لەو بارەیەوە تەواو وەک ڕابردوویە. بانگهێشتەنەکان بۆ موزاکەرە لە لایەن نوێنەری تایبەتیی کۆڕی نەتەوە یەکگرتوەکان دێ میستورا بڕیاری لە سەر درا و ناردران. ئەو بانگهێشتنی نارد بۆ هەر هەمان ئەو گرووپانەی کە جاری پێشوو بانگی کرد بوون. حاڵی حازر، ئەوە گرووپە کوردەکان ناگرێتەوە بۆ بەشداری لە موزاکەرەی لەنزیکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک ڕابردوو ، ئەو بەردەوامە لە سەر ڕاوێژ و پرس و ڕا لە گەڵ دەستەگەلی جۆر بەجۆر و لە وانە گرووپە کوردەکان. و ئێمە لەو باوەڕە داین ئێمە دەبێ ڕێز لەو پێواژۆیەی بڕیاردانە بگرین و ئەوەی کە ئەو چۆن دەیەوێ ئەو گوتوبێژانە بەڕێوەبەرێ. ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر پشتیوانی لەوە. و دیسان [ بیڵێمەوە ] ڕاوێژ و پرس و ڕا پێ کردن هەیە، گوتوبێژ بەردەوامن. ئێمە ئەو ڕاوێژ و ڕا و تەگبیرانە بە گرینگ دەزانین.
پرسیار: بۆم هەیە سەبارەت بە تورکییە بپرسم؟
ئاغای کیربی: بە دڵنیاییەوە. پێتان باشە لە سەر تورکییە بپرسێ؟ هەمووتان ؟ دەی فەرموو.
پرسیار: باشە. جان، لە چاپەمەنی دا خەبەرێک دەهات و دەچوو سەبارەت بەو پەیامەی کە دوو ڕۆژ بەر لە هێرشە کوژەرانەکەی ئانکارا لە ڕۆژی یەکشەمە، سەفاڕەتخانەی ئەمریکا لە ئانکارا بڵاوی کردەوە
ئاغای کیربی: ئێ
پرسیار: پەیامەکە ووشداری دا بوو بە  ئەمریکاییەکان نەچنە ناوەندی شاری ئانکارا لە بەر مەترسی هێرشێکی تێڕۆریستی.
ئاغای کیربی: ڕاستە.
پرسیار: ئەو ئاگادارییەی کە لە لایەن سەفاڕەتخانەی ئێوە وە بڵاو کرایەوە خەڵک لە تورکییە بە بەربڵاوی سەرکۆنەیان کردووە و ڕەخنەیان لێ گرتووە. تەنانەت هێندێک لەوان گوتیان حکوومەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  لای پ.ک.ک.، واتە میلیتانەکان دەگرێ. جا تکایە بەڕێزت دەکرێ ئەوە ڕوون کەیەوە؟ ئایا سەفاڕەتخانە ئەو ئاگادارییەی بە بێ ئەوەی زانیاری وەربگرێ لە کاربەدەستانی تورک بڵاو کردەوە؟ ئایا ئەوان ئەو زانیارییەیان لە تورکەکان وەرگرتبوو؟
ئاغای کیربی: ئەمن ئەو دەنگۆ چاوڕاکێشە پچووکەم بیستووە. رێگام بدە با هەر ئێستا کەوچکێکی تێوەردەم. ئەو زانیارییەی کە ئێمە لەگەڵ بیروڕای گشتی بەشمان کرد سەبارەت بە نیگەرانییەکانمان – ئەو نیگەرانییەی ئەمنییەتییانەی کەهەمان بوون –ئەوە بەرعۆدەیی ئێمەیە، کە دەبێ ئێمە ئەوە بکەین- لەلایەن کاربەدەستانی تورکەوە وەرگیرابوون. مەبەستم ئەوەیە، لە بەر ئەوەێ ئێمە سیستمێکی باشی زانیاری گۆڕینە و زانیاری بەش کردنمان هەیە لەگەڵ تورکییە ئەوە ڕێگای دا بە ئێمە کە ئەو ووشدارییە بڵاو بکەینەوە. جا کەوا بوو کاربەدەستانی تورک  هەتا بڵێی سەرچاوەیە بوون بۆ زانیاری لەو چەشنە، و ئەمن تەنانەت ئەو تاوانبار کردنە ئەوەندە بە ناچیزە دەزانم کە لە سەری بڕۆم کە گۆیا دەوڵەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەک هاوکاری دەکا یان یارمەتی دەکا یان چاو هەڵدەبوێرێ لە کردەوەی گرووپگەلی وەکوو پ.ک.ک. کە وەک ئەوەی ئێمە لە ڕابردووش دا گوتوومانە ڕێکخستنێکی تێڕۆریستی بێگانەیە. [ تاوانی ئاوا وەپاڵ ئێمەدان ] بە گردبڕی گاڵتەجاڕی یە.
پرسیار: کەوابێ تورکەکان بە ئاسایی هەمیشە زانیاریی لەگەڵ ئێوە – لەگەڵ سەفاڕەتخانەکەتان بەش دەکەن؟
ئاغای کیربی: ئێمە هەمانە – بڕاونە ، ئەتۆ دەتوانێ تێ بگەی کە ئەمن ناتوانم بکەومەوە ناو ووردە ڕیشاڵێکی زۆرەوە سەبارەت بە بەش کردن و ئاڵوگۆڕ کردنی زانیاری و کاروباری سیخوڕی. ئەوەی ئەمن دەتوانم بیڵێم لە سەر ئەو زانیارییە کە ڕێگای بە ئێمە دا ئەو ئاگادارکردنەوەیە بکەین ، ئاشکرایە، لە سەرچاوەی زۆرەوە پێمان گەیشتبوو، بەڵام کاربەدەستانی تورکییە یارمەتییان کردین زانیارییەکە بەرەو پێش بەرین تا ئەو جێیەی کە هەست بکەین پێویستی بە بڵاو کردنەوەی ووشداری پێدانە. و ئەوە باشە کە ئێمە ئەو کارەمان کرد. ئەوە هەر ئەوەیە کە دەبێ ئێمە بیکەین .
پرسیار: باشە .
پرسیار: پێت وایە ئەوە چمان پێ دەڵێ سەبارەت بەو کەشوهەوایە لە تورکییە کە تێیدا ڕۆژنامەکان  و ڕۆژنامە نووسانی سەر بە حکوومەت خۆیان دەبەستنەوە بە تیوری کاکە و برالە [ تیوری موئامەرە ]  هەر وەک ئەوەی کە ئەتۆ ئێستا وەدوایەت دایەوە؟

ئاغای کیربی: ئەمن -
پرسیار: هەر چییەکی بێ ، هاوپەیمانێکتانە  لە ناتۆ دا .
ئاغای کیربی: وایە ، ئەوان هێشتا ئەو هاوپەیمانەن.
پرسیار: ئەدی
ئاغای کیربی: و ئەوە پێوەندییەکە کە هەر وا پتەو و قایم دەمێنێ لە ڕوو بە ڕووبوونەوەی ئەو جۆرە هەڕەشانە دا، هەر وەک ووشداری دانەکە بۆخۆی ئەوەی سەلماند.
پرسیار: بڵێی وابێ ؟ بڵێی وابێ؟ ئێمە لێرە باسمان لێوە کردوە – ئێمە لێرە باسی ئەو ڕەخنە توند و تیژانەمان کردووە کە لە سەفیر' باس'  گیراون .
ئاغای کیربی: وایە، وایە
پرسیار: و ئێستا شتی ئاوا.
ئاغای کیربی: ئەمن ناڵێم ئەوە نییە – ئەمن ناڵێم  ئەوە بێ گیروگرفت نییە یان ئەوە نییە -
پرسیار: باشە، ئایا ئەوە پێوەندییەکە گێروکێشەی تیدایە؟
ئاغای کیربێ" نا، پێوەندییەک نییە کە گێرەو کێشەی هەبێ.
پرسیار: نییە؟
ئاغای کیربی: نا، بڕوانە . ئەوان یەکی نزیکن -
پرسیار: حکوومەتی تورکییە ڕۆژنامان دا دەخا، دەست بە سەر ئەو ڕۆژنامانە دا دەگرێ کە وێدەچێ دەنگو ساز دەکەن کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمرێکا خەریکی کاکە وبرالەیە لەگەڵ پ.ک.ک. و بەیەکەوە هێرشی تێڕۆریستی لە پێتەخت بەڕێوە دەبەن -
ئاغای کیربی: دەی -
پرسیار: جا لە سەر بنەمای ئەوەی کە ئێوە ئاگادارییەک بڵاو دەکەنەوە و ووشدارییەک دەدەن . و ئەوان هێرش دەکەنە سەر سەفیرەکەتان و ڕاوەدووی دەنێن. جا ئەوە چلۆن دەکرێ بگوترێ کە پێوەندییەکە گێرەوکێشەی تێدا نییە؟
ئاغای کیربی: ئەتۆ کە پێی دا دەچییەوە- ئەمن حەول دەدەم ، ئەمن حەول دەدەم سەرەدەری لێبکەم کە ئەتۆ چۆن دەگەیە ئەو ئاکامە کە ئەوە [ گێرە و کێشەی ] تێدایە . ئەمن مەبەستمە بڵێم ، ئێمە هاوپەیمانین لە ناتۆ دا.
پرسیار: دەی .
ئاغای کیربی: ئێمە دۆستین و شەریکین. ئەوە نییە کە ئێمە لە سەر هەموو شتێک ڕێک بین، مات. و ئێمە ڕێک نین لە سەر هەمووشت. ئێمە لەو ڕووەوە کراوە و سادقین. و وەک من گوتم، ئەو ڕەخنەیەی لە سەفیر ' باس ' گیراوە بێ بنەما و نەشیاوە. تورکییە هیچ دۆستێکی چاکتری لە سەفیر ' باس ' نییە. ئێمە لە سەر هەمووشتێک وەکوو ئەوان بیرناکەینەوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە پێوەندییەکە ئیعتیباری نەماوە یان خراپ دەبێ یان کەم دەبێتەوە. ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێمە هێندێک خاڵی جێی خیلافمان هەیە، و ئەوەی لەمەر ئەو پێوەندییە ساغلەمە ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین بە بە کراوەیی باسی نیگەرانییەکانمان بکەین. لەوانەیە لە سەر هێندێک لەو بابەتانە ئێمە قەت نەگەینە ڕێکەوتنێک. ئێمە بەوە دەزانین. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئێمە باس کردنی ئەوانە، هێنانە گۆڕی ئەوانە ڕا دەگرین. و ئێمە دەتوانین ئەوە بکەین ، و ئەوەی کە ئێمە دەکرێ ئەو دوانە توند و ئەو دیالۆگەمان بەیەکەوە هەبێ نیشانەی پێوەندییەکە ، کە لە هەناوی خۆی دا، ساغلەمە. ئەدی
پرسیار: دەکرێ هێندێکم بۆ ڕوون کەیەوە لەو بارەیەوە، لەمەڕ تورکییە و ناتۆ؟ چونکە ئەمن پێم وایە ئەمن حەوتووی ڕابردوو لەم دیوە دا بیستم  کە ئەندامەتی لە ناتۆ دا بەستراوەتەوە بە دێمۆکڕاسی. ئەوە وایە؟ ئایا ئەوە شەرتە کە ووڵاتێکی ئەندامی ناتۆ دەبێ دێمۆکڕات بێ؟
ئاغای کیربی: بەڵێ وایە- ئەدی، ئەوە هاوپەیمانییەکە لە سەر بنەمای دێمۆکڕاتی.
پرسیار: ئایا تورکییە ئەندامێکی ناتۆ نەبوو  ئەو کاتەی کە لە ڕاستییدا جوونتایەکی عەسکەری حوکمی بەسەر دا دەکرد؟
ئاغای کیربی: ئەمن مێژوو نازانم ، سەعید.
پرسیار: چۆن -
ئاغای کیربی: نازانم، نازانم.
پرسیار: تورکییە -
ئاغای کیربی: ئەتۆ لێرە دا خاڵێکی گەورەتر لەبەر چاو ناگرێ.
پرسیار: دەی
ئاغای کیربی: باشە. ئەتۆ خاڵی گەورەتر لە بەر چاو ناگرێ
پرسیار: دەی.
ئاغای کیربی: تورکییە هاوپەیمانێکی گرینگ و دۆستیکە. و هەر وەک ئەوەی پێشتریش گوتم، کاتێک کە ئێمە باسی ئازادیی چاپەمەنیمان دەکرد، دێمۆکڕاسی ئەوان ئێمە بە هێند دەگرین. ساغلەمی دێمۆکڕاسی ئەوان ئێمە بە هێند دەگرین. قانوونە بنچینەییەکەی ئەوان هێندێک پرینسیپگەلی دێمۆکڕاتیکی تێ ترێنجێندراوە ، و ئەوانە بریتین لە ئازادیی بەیان و ئازادیی چاپەمەنی و ئازادیی پڕۆتێستی ئاشتییانە. و ئێمە دەمانەوێ ببینین تورکییە سەر کەوێ. ئێمە دەمانەوێ ببینین کە گەلی تورک چێژ لەو هەموو ئازادییە سەرەتاییانە وەربگرێ کە لە قانوونە بنچینەییەکەیاندا جێی کراوەتەوە. و کاتێک ئێمە نیشانەی ئاوا دەبینین کە ئەوە ناکرێ یان ئەوەی کە ئەو پرێنسیپگەلە لە مەترسی دان ، ئێمە باسی لێوە دەکەین. ئێمە لە دیتنی خۆمانە دا پێیان دەڵێین، سەفیر ' باس '  پێیان دەڵێ . و ئێمەش لێرە لەم سەکۆیەوە بە ئاشکرا دەیڵێن. و ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر ئەوە.
دەی
پرسیار: هەر وەها ئەمڕۆ وەزیری کاروباری ناوخۆی تورکییە ڕاگەیاند کە ئەوە زاندراوە - هێرشکارە خۆ کوژەکە ژنێک بووە کە لە ساڵی ٢٠١٣ چووەتە ناو پ.ک.ک. جا بە پێی بەیاننامەی تازەی وەزاڕەتخانە [ی کارو باری ناوخۆ ]، بەیاننامەی ڕەسمی ،ئەو پەڕیوەتە ناو سوورییە و لەوێ لای پەیەدە هێندێک پەروەردەی دیتووە. ئەمن بە شی کردنەوەی ئێوە لەمەر پەیەدە کە ئێوە زۆر جار لەو سەکۆیەوە کردووتانە دەزانم. بەڵام دوای ئەوە – دوای بەیاننامەی ڕەسمی تورکەکان ، ئایا ئەوە ڕوانگەی ئێوە دەگۆڕێ یان ئێوە هێشتا پەیەدە بە ڕێکخستنێکی یارمەتیدەر دەزانن ، کە یارمەتی دەکا لە شەڕ بەدژی داعش دا ؟
ئاغای کیربی: ئەمن ئەو ڕاپۆرتانەم نەدیوە کە ئەو فەردە لە سنوور پەڕیوەتەوە و چووە بۆ ناو  سوورییە و لەوێ پەروەردەی دیتووە. جا بۆیە ئەمن ناتوانم ڕاست و دروستی ئەوان تەئیید بکەم. پ.ک.ک. ڕێکخستنێکی تێڕۆریستی بێگانەیە. ئێمە بە گرووپێکی تێڕۆریستی دەزانین. ئێمە بە بەردەوامی بانگەوازیمان بەرز کردووەتەوە بۆ پ.ک.ک. کە کۆتایی بدا بە هێرشەکانی بۆ سەر هاووڵاتییانی تورک، ماوەی تێڕۆریسم ڕابگرێ،بەڵام لەو کەیسە دا بە تایبەتی بە دژی هاووڵاتیانی تورک. و ئەوان بەردەوامن لە سەر ئەوە. و ئێمە هەر وەها گوتوومانە کە حکوومەتی تورکییە ، وەکوو هەر حکوومەتێکی سەروەر ، ئەو مافەی هەیە دیفاع لە هاوولاتییەکانی بکا لە بەرانبەر هێرشی تێرۆریستی دا . لەکاتێکدا ئەوە دەکا، ئێمە هەر وەها بانگەوازیمان کردووە لە تورکییە لە کاتی ئەنجامدانی ئەوە دا بەرعۆدەییە نێونەتەوەییەکانی خۆیان ، قانوونی نێونەتەوەیی ڕەچاو بکەن ، و ئەوە بە ووردی و دەقیقی بکەن بۆ ئەوەی کە لە ئاکام دا ئەوە خەساری مەدەنی زیاتری لێ نەکەوێتەوە. بەڵام ئێمە بەو هەڕەشەیە دەزانین کە پ.ک.ک. بەردەوامە لە سەری لە سەر خەڵکی تورکییە.
ئێستا لە سوورییە زۆر گرووپ هەن کە کاریگەرن لە شەڕی دژی داعش دا. و هێندێک لەو گرووپانە کوردن – نەک هەموویان، بەڵام هێندێکیان کوردن. و ئەو پشتیوانییەی کە لێێان دەکرێ بۆ شەڕ کردن بە دژی داعش بەردەوامە زیاتر لە جەبهەی نیزامی دا – ئەویش پشتیوانییە بە ڕێگای هێزی هەوایی ، هێزی هەوایی ئیئتیلاف. لە ڕاستییدا ئەوە چەقی بابەتەکەیە. ئێمە بووین – هەڵوێستی ئێمە ئاشکرا و شێلگیر بووە کە شەڕ لە ناوخۆی سوورییە ، لایەنی عەسکەری حەولدانەکە ، ئەوەیە کە بە دژی داعش بێ. ئەوە ئەو نوختەیەیە  کە هێزی هەوایی ئیتیلاف جەختی لە سەر دەکا. کاتێک پێنتاگۆن [ وەزاڕەتی کارو باری دیفاعی ئەمریکا ] لەوێ بەرنامەیەکی پەروەردە و تەیار کردنی بەڕێوە دەبرد. ئەوە پەروەردە کردن و تەیار کردنی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان بوو بۆ شەڕ بە دژی داعش . ئەوە بوو – ئەوە ئەو حەولە بووە لە ناوخۆی سوورییە دا و بەردەوام دەبێ هەر ئاوا بێ.
پرسیار: جان.

ئاغای کیربی: ئێ
پرسیار: لەمەڕ ئەو هاووڵاتییەی ئەمریکایی کە هێزە کوردەکان گرتوویانە، ئەتۆ هیچ ئاگادارییەکی تازەت لایە داخودا ئەو هاووڵاتیەکی ئەمریکایە؟
ئاغای کیربی: نیمە.
پرسیار: قسەتان کردووە لەگەڵ کاربەدەستانی کورد کە ئەو بهێننەوە ماڵێ [ ئەمریکا ]، یان ئەوەی کە ئێوە ڕێگە دەدەن  هێزە کوردەکان محاکەمەی بکەن لە -
ئاغای کیربی: ئەمن هیچ شتێکی تازەم پێ نییە سەبارەت بەو کەیسە تایبەتییە. و ئەمن چی دیکەم لەوە زیاتر نییە بیڵێم کە دوێنێ گوتم. ئێمە ئاگامان لە ڕاپۆرتەکان هەیە ، ئێمە لە پێوەندی داین لەگەڵ کاربەدەستانی جێیی. ئێستا ئیدی هیچی دیکەم نییە لێی زیاد کەم.
دەی فەرموو ئابی،
پرسیار: دەکرێ بڵێی داخودا نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆمار مەکگورک باس لەو ڕاپۆرتانە دەکا لەمەر کەسێکی کە دەستبەسەر کراوە لە کاتێکدا -
ئاغای کیربی: ئەمن نیمە – ئەمن چ زانیارییەکی نوسراوم لە بەر دەست دا نییە سەبارەت بە بەرنامەی کاری نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆمار مەکگورک. وەک تۆ دەزانی، ئەو لە هەرێمە و چاوی بە ڕێبەرانی جۆر بە جۆر دەکەوێ سەبارەت بە شەڕ بە دژی داعش. ئەمن چی دیکەی تایبەتیم نییە لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی کاری ویدا کە قسەی لێوە بکەم.

پرسیار: ئەتۆ پرسیارت لێ کراوە داخودا ئەتۆ هیچ زانیارییت هەیە سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی ئەمریکاییەکە؟
ئاغای کیربی: ئەمن پێم وایە ئەوە هەر ئەو پرسیارەیە کە هەر ئێستا لێم کرا. ئەمن هیچی تازەم نییە بیڵێم. هەر نیمە.


چوارشەمە ١٦-ی مارسی ٢٠١٦
مارک سی. تۆنر
جێگری قسەوێژی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی
پرسیار: هەر دەمەوێ پرسیارێک بکەم سەبارەت بە ئەگەری دەوڵەتێکی فێدێراڵ لە سوورییە -.
ئاغای تۆنر: ئێ
پرسیار: - کە تێیدا دەبی -
ئاغای تۆنر: ئەها. سپاس بۆ ئەوەی ئەوەت هێنا گۆڕێ.
پرسیار: - هێندێک بەش – ئا – وا دابندرێ بدرێ بە کوردەکان ، عەلەوییەکان و ئەوانیتر.
ئاغای تۆنر: ئێ
پرسیار: ئەتۆ گوتت کە – ئەتۆ شتێکت دووپاتە کردەوە کە ئەمن پێم وایە بۆ ماوەی درێژ هەڵویستی ئێوە بووە، ئەویش ئەوەی کە ئێوە لایەنگری یەکێتیی و یەکپارچەیی خاکی سورییەن. کە ، لەگەڵ ئەوەشدا – ئایا ئەوە لە ڕوانگەی ئێوەوە ئەگەری [ سەر هەڵێنانی ] سوورییەکی فێدێڕاڵ ناهێڵێ کە لە سەر بنەمای ئەو هێڵانەی من ئێستا باسم لێوە کردن دابەش کرابێ ؟
ئاغای تۆنر: ئەمن هەر – ئەوەی کە دەمەوێ ڕوونی کەمەوە – ئێمەش دیتوومانە – هۆی ئەوەی کە من خۆشحاڵ دەکا بیڵێمەوە – ئێمەش ڕاپۆرتمان دیتووە سەبارەت – بە کوردەکانی سوورییە کە ئەوانیش دەیانەوێ هەرێمێکی فێدێڕاڵ لە سوورییە ڕابگەیێنن . و لە ووڵامی ئەوە دا ، ئەمن تەنێ دەڵێم ئێمە هەڵوێستمان زۆر ڕوون بووە کە ئێمە هیچ جۆرە ناوچەگەلی خۆ – ئۆتۆنۆم یان حوکمی خۆیی ، یان نیوە – ئۆتۆنۆم لە سوورییە بە ڕەسمی ناناسین . و لە ووڵامی پرسیارە بەربڵاوترەکەی تۆ دا ، ئەمن وەک گوتم، بەڕاستیش ئەوە شتێکە کە پێویستی بە قسە لە سەر کردن و لە سەر ڕێکەوتنی هەیە لە لایەن لایەنە پێوەندیدارەکانەوە لە ژێنێڤ، و زۆر بەرفرەوانتر شتێکی کە گەلی سوورییە خۆیان قەبووڵی بکەن. بە پێوێستیی ئەوە کاری ئێمە یان بەشدارەکانی دیکە نییە کە بڕیار بۆ گەلی سوورییە بدەین.
پرسیار: ئەگەر – بتوانی لەو بارەیەوە ڕوانگەیەکت هەبێ، و هەر ئێستا ڕوونت کردەوە کە نیتانە -
ئاغای تۆنر: ببوورە – ئەوەی ئەمن باسی لێوە دەکەم. ئەوەی ئەمن باسی لێوە دەکەم ڕاگەیاندنی یان - ناوچەگەلی نیوە – ئۆتۆنۆمە لە باکووری سوورییە، کە ئەوە شتێکە – هێندێک لە ناو کوردان -
پرسیار: ئێ، بەڵام ئەگەر ئەوان لە سەر ئەوە ڕێک بکەون ، ئێوە هێشتا دەڵێن کە قەبووڵی ناکەن؟
ئاغای تۆنر: نا ئەگەر بێ – دیسان ، کە ئەگەر ئەوان لە سەری ڕێک کەون. ئەوە شتێک نییە کە گەلی سوورییە بە گشتی لە سەری ڕێک کەون.
پرسیار: نا، ئەمن دەزانم. بەڵام ئەتۆ دەڵێی لە ڕوانگەی ئێوە وە – ئەوە سورییەیەکان خۆیانن بڕیار دەدەن کە چۆن حکوومەت بە سەر خۆیان دا بکەن، وایە؟
ئاغای تۆنر: بەڵێ.
پرسیار: جا ئەگەر هەموو سوورییەیەکان لە دەوری یەکتری کۆ ببنەوە – و ئەمن دەزانم کە ئەوە مومکین نییە – بەڵام ئەگەر سوورییەیەکان لە دەوری یەک کۆببنەوە و بڕیار بدەن ئەوان دەوڵەتێکی فێدێڕاڵ ئامالیان دەوێ بە هەبوونی ناوچەگەلی نیوە – ئۆتۆنۆم یان ئۆتۆنۆمەوە، ئەتۆ دەڵێی ئەوان ناتوانن ئەوە بکەن ؟
ئاغای تۆنر: نا – بڕوانە – ئەمن – ئەمن نا – ئەوە لە مەڕ یەک -
پرسیار: ئەتۆ گوتت هیچ [ ناوچەگەلی ] ئەوتۆ بە ڕەسمی ناناسی -
ئاغای تۆنر: - ئەوە هەزار میل لێرەوە دوورە لەئەم شوێنەی و ا ئێستا ئێمە ئەمڕۆ لێی هەین. بەڵام من پێم وابوو هەڵوێستی من لەوە ڕوون بوو کە گوتم دواجار – ئەوە خەڵکی سوورییە خۆیانن کە بە کۆمەڵ – یان ، دروستتر بە ڕێگای نوێنەرەکانیانەوە بڕیار دەدەن کە سیستمی حکوومەتەکەیان چ شێوەیەک بێ.
پرسیار: باشە. بەڵام ئەتۆ لەوەوە دەستت پێ کرد بڵێی -
ئاغای تۆنر: نا، ئەوەی ئەمن دەمەویست بیڵێم – ببوورە ، و ئەمن هەر باسی ڕاپۆرتەکان دەکەم -
پرسیار: مەبەستت ئەوەیە بەرلەوەی ئەوان -
ئاغای تۆنر: ئەدی بە ووردی.
پرسیار: بەر لەوەی کە ئەوان خۆیان بڕیار بدەن -
ئاغای تۆنر: تەواو وایە. تەواو وایە،
پرسیار: -- ئێوە هیچ گرووپێک بە ڕەسمی ناناسن -
ئاغای تۆنر: ئەو قسانەی کە سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەگەلی نیوە- ئۆتۆنۆم کراون ، ئێمە لەو باوەڕە داین –
پرسیار: بەر لە -
ئاغای تۆنر: بەر لەوە . ڕاستە.
پرسیار: باشە، ڕێگام بدە هەر بە گردبڕی بڵێم -
ئاغای تۆنر: باشە، ببوورە
پرسیار: چونکە ئەوە تێکە و لێکەییەکی گەورەی لە ژێنێڤ و لە سوورییە ، لە تورکییە و جێی دی ساز کردووە.ئەتۆ دەڵێی ئێوە دژی ئەوەن کە هیچ گرووپێک ئێستا – بەر لەوەی رێکەوتنێکی گەورە لە ناو سوورییەکاندا کرا بێ کە ئەوان چۆن خۆیان بەڕێوە دەبەن ، ئێوە دژایەتی هەر گرووپێک دەکەن کە خۆیان ڕابگەیێن یان ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم یان نیوە ئۆتۆنۆمی فێدێڕاڵ ڕابگەیێنن.چاکی لێ تێگەیشووم؟
ئاغای تۆنر: بەڵێ
پرسیار: بڵێ دەبێ ، بە ڕێگای موزاکەرەوە، سوورییەیەکان خۆیان بڕیار بدەن کە ئەوە ئەو شتەیە – ئەو ڕێیەیە کە ئەوان دەیانەوێ پێیدا بڕۆن، ئێوە دژی ئەوە نابن. وایە؟
ئاغای تۆنر: ئەمن پێم وایە ئەوە دروستە. مەبەستم ئەوەیە ، دیسان – ئەوە بەشێک لە ئی خۆیانە ، ئی نوێنەرەکانی خۆیان کە بە ڕێگای پێواژۆیەک دا ، بەو بڕیارە بگەن.
پرسیار: باشە. و کاتێک ئەتۆ باس لە ناوچەیەیەکی ئاوا دەکەی کە ئێوە لە دژی دەبن ، ئایا ئەوە مانای ئەوەیە- باشە ئەگەر ئەوان بڵێن : " ئێمە تەنێ سەراوردی ناوچەی پچووکی خۆمان دیاری دەکەین ، و تا ئەو کاتەی کە حکوومەتێکی ناوەندی یان حکوومەتێک - لە دیمشق یان لە هەر جێیەکی دی لە داهاتوو دا لەوانەیە پێتخەت بێ یان نەبێ ، ئێمە دەمانەوێ خۆمان بەڕێوەبەرین" – ئایا ئێوە دژایەتی ئەوە دەکەن؟ چونکە ئەوە شتێکە کە ئێستا هەیە. لە ڕاستییدا ئێوە پشتیوانیتان لە شتی ئاوا دەکرد ، کە دەچوونە ناو ئەو " گوندە ئازاد کراوانە " یان ئێوە یارمەتی خەڵک تان دەدا کە ئەو شارەدارییە ئازادکراوانەیان لە حوکمڕانی ناوچەیی دا ئیدارە دەکرد.
ئاغای تۆنر: بەشێک لەوە هەلومەرجێکی دۆفاکتۆ ( فێعلی ) یە لە سەر زەوی. بەڵام ئەمن پێم وایە هەڵوێستی ئێمە لەوە دا تەواو ڕوون بووە ئەویش ئەوەیە کە ئەو ناوچانە لە دەست داعش ڕزگار کراون . ئێمە دەمانەوێ ببینین – دەمانەوێ چالنجە زاتییەکانی ئەوانە ببینین ، بەڵام دەمانەوێ هەرە زووتر جۆرەیەک لە حوکمڕانی ناوچەیی لەواندا ببینین -
پرسیار: باشە.
ئاغای تۆنر: کە ڕێگا دەدا گشت خەڵکی لە جێی خۆ هەڵکەندراو بگەڕێنەوە.
پرسیار: ڕاستە. بەڵام با وەبیر خۆمان بهێنینەوە کاتێک ئەوە دەستی پێکرد – ئەمن پێم وایە ئێمە هەموومان لەم ژوورە دا ئەوەندەمان تەمەن هەیە وەبیرمان بێ گەنگێ ئەوە دەستی پێکرد – ئەوە ڕزگار کردن نەبوو لە دەست داعش یان دەوڵەتی ئیسلا می عێڕاق و شام .ئەوە بریتی بوو لە رزگار کردن لە دەست رێژیمی ئەسەد. ئاغای تۆنر: ڕاستە .
پرسیار: و ئێوە چالاکانە ئەو شارەداریانەتان تەشویق دەکرد و لە جێدا ، ئەو حکوومەتە ناوچەییانە بۆ ئەوەی ناوچەگەلی ئۆتۆنۆمی لە مەڕ خۆیان دامەزرێنن . ئێستا ئەوە تۆ دەڵێی ئیدی ئەوە چ بڕ باش نییە.
ئاغای تۆنر: دیسان، ئەمن لەو باوەڕە دام ئەوەی کە ئێمە نامانەوێ بیبینین ، [ناوچەگەلی ] ، خۆ ڕاگەیێندراوی ، نێوە –ئۆتۆنۆمە –
پرسیار: کە وا بوو ئەوە ئێستا گۆڕدراوە .چونکە ئەوە ئەو شتەبوو کە ئێوە لە ساڵی ٢٠١١ ، ٢٠١٢ عەینەن دەتانگوت. ئێوە ئەو جۆرە شتەتان تەشویق دەکرد. ئێوە بەو خەڵکە جێی یانەتان دەگوت کە بە دژی ئەسەد بوون " دەی بچن و بیکەن".مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە ئەوە گشت – یەک لە نوختە سەرەکییەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو. ئاغای تۆنر: بەڵام مات، مەبەستم ئەوەیە ، ئێمە بە لەبەڕ چاو گرتنی ئەوەی کە ئێستا لە کوێ ڕاوەستاوین ، لەو پێویستییە تێ دەگەین هەلومەرجێک ساز بکرێ کە تێیدا جۆرەیەک لە تێپەڕینی سیاسی هەبێ. و ئەگەر ژمارەیەک ناوچەگەلی خۆ ڕاگەیاندنی نیوە – ئۆتۆنۆم مان هەبێ ، ئێمە لەو باوەڕەداین ، ئەوە یارمەتی ناکا بە ساز کردنی ئەو جۆرە هەلومەرجانە.
پرسیار: کە وابوو هەر –
ئاغای تۆنر: ئەدی
پرسیار: - پڕسیارێک هەر لە سەر ئەو بابەتە ، ئەگەر ئەمن لە ووڵامی تۆ بۆ پرسیارەکەی مات باش تێگەیشتبم ، ئەگەر نوێنەرانی خەڵکی سوورییە دواجار بگەنە ڕێکەوتنێک لە ناو خۆیان دا لە مەڕ دابەش کردنی ووڵات دا – ئایا وەک ئەو جۆرەی تۆ باست کرد نیوە – ئۆتۆنۆم ، هتد بێ یان جۆرە دابەشبوونێکی دی – ئەوە لە ڕوانگەی ئێوەوە باشە بەوشەرتەی ئەوان خۆیان دە ناو خۆیاندا لە سەری ڕێک کەوەن ؟ ئێوە تەنێ دەتانەوێ کە خەڵک بەر لە ڕێکەوتنێکی ئاوا ناوچەگەلی ئۆتۆنۆم ڕانەگەیێنن ، باشی لێ تێگەیشتووم ؟
ئاغای تۆنر: بە تەواوی وایە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ، دواجار ، ئاکامی پێواژۆیەکە هەر چییەکی بێ ، ئەو پێواژۆیە سیاسی یەی کە ئێستا لە ژێنێڤ پێیەوە خەریکن- بە گردبڕی ، لە قۆناغە هەرە سەرەتاییەکانی دایە - ئەوەیە ئەو لایانانە بە تەوافوق بگەن لە سەری و بڕیار بدەن . بەڵام -
پرسیار: ئی.
ئاغای تۆنر: ببوورە ، با قسەکەم تەواو کەم.
پرسیار: تکایە
ئاغای تۆنر: بەڵام وەک گوتم، دامەزراندنی ئەو جۆرە ناوچەگەلەی ئێستا ئێمە لەو باوەڕەداین تەنێ – و هەڵوێست و باوەڕیمان لە مەڕ یەکپارچەیی خاکی و یەکێتیی سوورییە زۆر روون بووە ، و ئێمە لەو باوەڕە داین کە دامەزراندنی ئەو جۆرە ناوچەگەلە نیوە – ئۆتۆنۆمە لە حاڵی حازر دا – بە ڕاشکاوی بڵێم هەڕەشەیەک دەبێ لە سەر ئەوە.
پرسیار: بۆچی؟
ئاغای تۆنر: چونکە ئەتۆ مەڵبەندگەلی دۆفاکتۆ ( بەکردەوە) ت دەبێ لە ناو خاكی سوورییە دا کە بە پێویستی لە درێژ خایەن دا بەشێک نین لە پێواژۆی سیاسی.
پرسیار: کە وابێ کاتێک ئەتۆ دەڵێی - دەڵێی ئێوە لایەنگری یەکپارچەیی خاک و یەکێتیی سوورییەن ، ئەوە مانای ئەوەیە ئێوە لە ڕاستیدا ، واتە حکوومەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، لە ڕاستییدا ئێستا لایەنگری سیستمێکی فێدێڕاڵ نییە لە سوورییە. ؟
ئاغای تۆنر: دیسان -
پرسیار: مەگەر ئەوەی خۆیان بڕیار بدەن .
ئاغای تۆنر: - مەگەر ئەوەی خۆیان بڕیار بدەن – ئەدی . ئەمن نا – ئەوە نییە – ئەوە کاری ئێمە نییە لەمەڕ هەرچییەکی کە ئەوان بڕیاری لە سەر دەدەن. بەڵام لەم قۆناغە دا ، ئەگەر هێندێک گرووپ لە ناو خۆی سوورییە دا ئەو هەریم و ئەم هەرێم بە نیوە- ئۆتۆنۆم ڕابگەیێنن ، وەک بەشێک لە مەڵبەندی خۆیان ، ئێمە لەو باوەڕە داین ئەوە لەبار نییە لەگەڵ -
پرسیار: باشە، بەڵام -
ئاغای تۆنر: ئێ.
پرسیار: - ئەی ئەگەر دواجار ئەوان بڕیار بدەن ئەوە بکەن -
ئاغای تۆنر: - ئەمن ، دیسان
پرسیار: -- بەپێی ئارەزووی خۆیان، بەگۆێرەی هەڵبژاردنی خۆیان ؟
ئاغای : ئەوە هەڵبژاردنی خۆیانە.
پرسیار: و ئەوە بۆ ئێوە باشە؟
ئاغای تۆنر: بەڵێ
پرسیار: میدیای دەوڵەتیی رووسییە دەڵێن ئێستا ڕووسییە چەک دەدا بە پەیەدە، بە جۆرێک ، هەر هەمان تاکتیک ڕەچاو دەکا کە ئەمریکاییەکان بە ڕێگای میلیشیا کوردەکان ڕا شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام دەکەن. ئایا ئێوە ئەو بڕیارەتان پێ باشە کە ئەوان تاکتیکەکانی ئێوە ڕەچاو دەکەن؟
ئاغای تۆنر: ئەمن ئەو [ڕاپۆرتانە] م نەدیوە.دەبێ تەماشایان بکەم بزانم ئەوان چ دەکەن . و ئێمە قەت چەکمان نەداوە بە پەیەدە
پرسیار: باشە ( پێکەنین )
ئاغای تۆنر: تکایە، تکایە.
پرسیار: مارک ، نیزیکەی دوومانگ لەوە پێش ئاکادێمیکان لە تورکییە نامەیەکیان ئیمزا کرد ، و ئەتۆ ئەو دەمی قسەت لێوە کرد.
ئاغای تۆنر: ئەدی، وەبیرم دێ
پرسیار: ئێستا ئەمڕۆ یان دوێنێ ، سێ کەس لەو ئاکادێمیسیەنانە گیران لە بەر ئیمزا کردنی ئەو بانگەوازییە. نزیکەی ١٠٠٠ ئاکادێمیسیەن ئەوەیان ئیمزا کرد، ١١٠٠ کەسیان، لەگەڵ ٤٧١ کەسیان لێپرسینەوە دەکرێ؛ ١٥٦ کەسیان کەوتوونەتە بەر لێکۆڵینەوەی قانوونی، ئی وا هەیە کۆتایی بە کاریان درواە ، هەڵپەسێردروان، ناچار بە دەست لە کار بەردان کراون.بە ئاشکرایی ویچ هانتێک ( بە دووی جادووگەڕ دا گەڕان ) بەڕێوە یە بە دژیان هەر لە بەر ئەوەی بانگەوازێکیان ئیمزا کردووە. ئەمن دەمەویست لێت پرسم داخودا هیچ لێکدانەوەیەکت لە سەر ئەوە هەیە؟
ئاغای تۆنر:  بەدڵنیاییەوە، باشە ئەمن هەر – ئەمن هەر دەڵێم ئێمە ئەو جۆرە کردەوانە لە تورکییە وەک بەشێک لە ترێندێکی جێی نیگەرانی دەبینین کە داو و دەستگا ڕەسمییەکان ، هێزە ئەمنییەتییەکان و کاربەدەستانی قەزایی دەکار دەکرێن بۆ ئەوەی [ خەڵک ] واز لە دەربڕینی سیاسی مەشرووع بهێنن. و لە هەر کۆمەڵێکی دێمۆکڕاتیک دا کاتێک کە دەبێ بیروڕای ڕەخنەگرانە تەشویق بکرێ – یان دروستتر بیرو ڕای ڕەخنەگرانە دەبێ تەشویق بکرێن و بە ڕەهایی نابێ دەمکوت بکرین. جا بۆیە ئێمە هەر پێداگری دەکەین لەگەڵ کاربەدەستانی تورک کە دەستەبەر بن کردەوەکانیان ، کە ئێمە زۆر جار لەو دواییانە دا گوتوومانە، لەگەڵ بایەخە جیهانییە دێمۆکڕاتیکەکان یەک بگرنەوە – کە ئەوانە لە قانوونی بنچینەیی تورکییە دا ترینجێندراون و هەن.
پرسیار: ئەو شتەی کە بەڕێزت دەیڵێی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو دا هەر هەمان شت بووە. ئەمن پێم وا نییە تاقە یەک ووشەی تازەش لەوانە دا هەبێ. و لە کاتێکدا سەدان ئاکادێمیسیەن - ئاغای تۆنر: ئەوە تا ڕادەیەک توندە. ( پێ کەنین )
پرسیار: ئەمن تەواو دڵنیام لەوە. و بەسەدان ئاکادێمیسیەن ، و ئەمڕۆ ئاغای ئەڕدۆغان بە ڕاشکاوی گوتی ئەستوون نووسان، ڕۆژنامەنووسان ، یان هەر کەسێک دەکرێ بە تاوانی تێرۆریسم دادگایی بکرێ هەر لە بەر نووسینەکانیان. بە ئاشکرایی ، ئەو داوای گەڵاڵە کردنی قانوونێکی تازەی تێڕۆر دەکا ، کە بە هاسانی دەتوانێ ئەوە بکا ، ڕەنگە حکوومەتەکەی لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو دا ئەوە بکا. و دوایین پرسیار ئەمڕۆ کریس ستیڤێنسۆن هەبوو – ئەویش ئاکادێمیسیەنێکی بریتانیایی یە – ئەوە خەریکن دەری کەن لە تورکییە لە بەر ئەوەی چەند بانگهێشتنی ' نەورۆز' ی پێ بووە. -
ئاغای تۆنر: ئەم ئاگام لەوە نییە ، بەڵام -
پرسیار: - لە کیفە کەی دا دۆزیویانەتەوە.
ئاغای تۆنر: بڕوانە، ئەمن ئاگام لەو دوایین ڕاپۆرتە نییە، بەڵام ئەمن نازانم چ لە قسەکانم زیاد کەم جگە لەوە کە بڵێم ئێمە نیگەرانین سەبارەت بەو کەشوهەوایە ، کە تێیدا دەنگی مەشرووعی ڕەخنەگرانە ، ئیدیتۆران، ئاکادێمیسیەنان و هەر کەسێک، ناچاربکرێن واز بهێنین لە تێوەگلان و بەشداری لە گەنگەشەی گشتی دا.ئەوە جێگای نیگەرانییە، ئێمە ئەوە لەگەڵ تورکییە دەهێنینە گۆڕێ.
پرسیار: ئاغای ئەردۆغان دێ بۆ واشنگتن دی. . و پلان کراوە ، ئەو هەتا دوو حەوتووی دیکە بێ.
ئاغای تۆنر: ڕاستە، بۆ – ئێ
پرسیار: ئەمن پێم وایە هێشتا هیچ دیدارێک ڕێک نەخراوە، بەڵام پێت وا هەیە ئەو بابەتانەی لەگەڵ بهێندرێتە گۆرێ کاتێک ئەو دێتە شاری [ واشنگتن دی.سی. ] ؟ ئاغای تۆنر: باشە، دیسان، بە بێ ئەوەی تەنانەت تەئیید بکەم کە ئەو لە ڕاستییدا دێ ، و بە دڵنیاییەوە بە زانینی ئەوەی کە ئەو دیدەنی دەکا لە کۆشکی سپی و چاوی بە سەرۆک کۆمار دەکەوێ، ئەمن نامەوێ باسی ئەوە بکەم گەلۆ ڕۆژەڤی دیدارەکە چ دەبێ هەر ئەوەنەبێ کە بڵێم ئێمە باسی زنجیرە بابەتگەلی زۆر دەکەین لە گەڵ تورکییە ، و ئێمە شەرم ناکەین کە باسی مافی مرۆڤ بکەین ، بە دڵنیاییەوە لەگەڵ شەریک و هاوپەیمانانی نزیکی خۆمان.
پرسیار: ئەتۆ دڵنیای ئەو چاوپێکەوتنێکی دەبێ لە کۆشکی سپی؟

ئاغای تۆنر: ئەمن دڵنیا نیم. ئەمن لە ڕاستییدا نامەوێ قسەی لە سەر بکەم – تەواو لێم ڕوون نییە .


پێنجشەمە ١٧-ی مارسی ٢٠١٦
جان کیربی
یاریدەدەر و قسەوێژی وەزاڕەتی کار و باری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی
پرسیار: ئەو پرسیارەی من پێوەندی بە بابەتی پێشووەوە هەیە بەڵام لە سەر جێنۆساید نییە. زۆر لەوانەیە ڕاپۆرتت دیتبێ لە مەر ئەوەی کە کوردەکان یان گرووپێک لە کوردەکان چوونەتە پێشەوە و مەڵبەندێک یان دەوڵەتێکی فێدێڕاڵیان لە باکووری سوورییە ڕاگەیاند. دوێنێ مارک گوتبووی کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی ڕاگەیاندنی یەکلایەنانەی دەوڵەتێک یان مەڵبەندێکی فێدێڕاڵی وەک ئەمەیە، بەڵام، سوورییە دەبێ لە قۆناخی تێپەڕی سیاسی خۆیدا – سوورییە دەبێ لە ماوەی تێپەرێنی سیاسی خۆیدا  بڕیار بدا لە سەر فێدێڕالیسم یان جۆرەیەک لە سیستمی فێدێراڵ بەو شێوەیەی کە ئەوان دەیانەوێ ئاوا حوکم بە سەر خۆیاندا بکەن، و ئێوە کێشەیەکتان لەگەڵ ئەوە نییە. ئایا ئەوە هێشتا بۆچوونی ئێوەیە

ئاغای کیربی: ئەمن بەرپەرچی قسەکانی مارک نادەمەوە. ئەمن دیسان هەر قسەکانی وی دووپاتە دەکەمەوە  کە ئێمە لە ناوخۆی سوورییە دا ناوچەگەلی حوکمی –خۆیی ، ئۆتۆنۆمی – خۆیی بە ڕەسمی ناناسین. ئێمە بەرعۆدەین لە ئاست یەکێتیی و یەکپارچەیی خاکی سوورییە. لە هەمان کاتدا، ئێمە جەختمان لە سەر ئەوەیە کە ئەو موزاکەرە ڕاستەقینانەی قۆناغی تێپەر بوونە بگاتە ئەوەی کە حکوومەتێکی هەموو لایەنە پێک بێ کە بتوانێ خزمەت بە بەرژەوەندی هەموان بکا لە سوورییە دا.

ئێستا ، ئەوەی کە ئەو حکوومەتە چۆن دەبێ ، چۆن هەڵدەسووڕێ ، ئێمە لە حاڵی حازر دا هێشتا ئەوە نازانین.  و ئێمە دەمانەوێ سورییەیەکان خۆیان – باسی لێوە بکەن بۆچی ئەو موزاکەرەیە گرینگە بۆ ئەوەی کە ئەوان بتوانن دەست بکەن بە وتووێژی ئەوتۆ و بەرەوپێش بچن.  و کاتێک ئەوان دەگەنە نوختەیەک هەست بکەن شتێکیان بە دەست هێناوە ئەو دەمی ئێمە دەتوانین قسە لە سەر ئەوە بکەین کە ئەوە چۆن بێ. بەڵام بۆ ئێستا ، لەو جێیەی ئێمەی لێ ڕاوەستاوین – ئەمن نامەوێ پێشبینی بکەم لە سەر ئەوەی داخودا داهاتوو چۆن خۆی دەنوێنێ، بەڵام حاڵی حازر ئەمڕۆ ، ئێمە پشتیوانی ناکەین لە ناوچەگەلی خۆ – ئۆتۆنۆم یان خۆ – حوکم  لەو ڕووەوە

پرسیار: باشە کە وابێ ئەتۆ دەتوانی ئەوە شی بکەیەوە؟ مەبەستم ئەوەیە ، ئەمن ئەو پرسیارەم هەبوو- ئەمن دوێنی ئەو پرسیارەم لە مارک کرد، بەڵام ئەوە وێدەچێ بە تەواوی بە پێچەوانە و دژی ئەوەی بێ کە  ئێوە بۆ ئەو مەسئەلەیە دەچن لە چاو ڕۆژە بەراییەکانی بەر لە سەرهەڵێنانی حکوومەتی ئیسلامی عێڕاق و شام، سەرهەڵێنانی داعش لەوانەیە زۆر باش بیری ئێوەی لەو بارەیەوە گۆڕیبێ. بەڵام ئەوە – یەک لە تەکانە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەوڵەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دەسپێکی ڕاپەرێن لەوێ ئەوێ بوو کە شارەدارییە ناوچەییەکان تەشویق بکا – لە ڕێژیمی ئەسەد جوێ ببنەوە و ئیدارەی لە مەڕ خۆیان دامەزرێنن. ئەوە بۆچی گۆڕاوە؟

ئاغای کیربی: ئەمن پێم وانییە – ئەمن پێم وایە ، تا ڕادەیەک ئەوە بەراوەردێکی لەبار نییە. و بەڕاشکاوی ، زۆر لەو گرووپانە و کۆمەڵگەیانە لە ناوخۆی سوورییە دا پێداویستییان بە هیچ پاڵپشتی هێچ کەس نەبوو  بۆ ئەوەی بیانەوێ –

پرسیار: ئەدی، بەڵام ئێستا ئێوە دەڵێن -

ئاغای کیربی: - درێژە بدەن بە سەربزێوی بە دژی ڕێژیمی ئەسەد.

پرسیار: بەڵام ئێستا ئێوە دەڵێن ئێوە دژی ئەوەن .  مەبەستم ئەوەیە بزانم بە ووردی لە بەرچی-


ئاغای کیربی: دەزانی ئێمە دژ بووین -

پرسیار: - باشە کوردەکان لەو ناوچانە دا  دەبێ بە ووردی خۆیان بخەنە بەر دەست کێ یان ڕێگا بدەن بە کێ کە ئێستا بێ و حوکماتیان بە سەر دا بکا؟  داوا لە ئەسەد بکەن ئەوە بکا؟

ئاغای کیربی: ، ئەوە نییە – نا، هەڵبەت  نا ، و ئەوە نییە -

پرسیار: باشە بۆچی دەبێ ئەوان حەول نەدەن خۆیان خۆیان بەڕێوە بەرن؟


ئاغای کیربی: باشە، ئەمن بە پێ زانیوە  سپاست دەکەم بۆ ئەو ڕێنوێنییەی کە حەول دەدەی پێیان بکەی.


پرسیار: نا ، ئەمن لە تۆ دەپرسم بۆ چی ئاوایە – بە ئاشکرایی دەزانین کە هیچ حکوومەتێکی ناوەندی نییە حاڵی حازر لە سوورییە دا کە کارو بار هەڵسووڕێنێ . دابەش بووە. بۆچی -

ئاغای کیربی: حکوومەتی ناوەندی هەیە و بەردەوامە لە سەر -

پرسیار: وایە، یەک هەیە لە -

ئاغای کیربی: - بەردەوامە لە سەر زوڵم و زۆر کردن لە گەلی خۆی و -

پرسیار: ڕاستە، تەواو وایە، کە ئێوە پێتان وایە حکوومەتێکی مەشرووع نییە ، و جا بۆیە لە ڕووی مەنتیقییەوە روونە،  ئێوە ناتانەوێ ئەو حکوومەتە ناوەندییە بە سەر ئەو ناوچانە دا حکوومەت بکا.جا بۆیە تەنیا هەڵبژاردنێکی کە ئەوان هەیانە ، ئەوەیە کە ئەگەر خۆیان حوکم بە سەر خۆیاندا نەکەن، دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام بێ و ئەو حوکمە بکا -

ئاغای کیربی: نا.


پرسیار: - دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام هەیە -

ئاغای کیربی:  ئەوە ڕاست نییە.

پرسیار: باشە، ئەوان بە ووردی ڕوو لە کوێ کەن، کێ دەبێ حوکمیان بە سەر دا بکا؟


ئاغای کیربی: هم


پرسیار: ئەگەر ئەمن

ئاغای کیربی: ئەوەی کە ئێمە حەول دەدەین لەوێ ڕۆی نێین، وەک ئەمن پێشتریش گوتم ، حوکمڕانییەکی باشە لە سوورییە. ئەمن بەرپەچی قسەی تۆ نادەمەوە. بە دڵنیاییەوە ئەمن دژی ئەو قسەیەی تۆ نیم  کە  لە سوورییە دا حکوومەتێکی چاک نییە. ئێمە لە سەر ئەو خاڵە ڕێکین ، هەر بۆیەشە موزاکەرەکانی ژێنێڤ زۆر گرینگن بۆ ئەوەی حەول بدرێ بۆ دانانی حکوومەتێک  کە بەرپرسیار بێ و ووڵامی داواکانی خەڵکی سوورییە بداتەوە. و ئێمە لەوە تێدەگەین  کە بۆ گەیشتین بەوە ماوەیەک دەکێشێ. بەڵام دیسان، ئەو کاتەی بۆی داندراوە نزیکەی ١٨ مانگە.

پرسیار: بەڵام لەو ناوە دا ، ئەوان [ کوردەکان ] چاوەڕێی چییان لێ دەکرێ بیکەن؟

ئاغای کیربی: ئێمە دەمانەوێ ببینین کە پێواژۆی سیاسی بەرەو پێش دەچێ. ئێمە لەوە تێ دەگەین کە -

پرسیار: باشە، ئەوە باشە ، بەڵام ئەوە بە مانگان دەبا ، بە مانگان دەکێشێ.

ئاغای کیربی: ئێمە لەوە تێدەگەین کە -

پرسیار: هەژدە مانگ ، ئەوان لە ماوەی ١٨ مانگی داهاتوو دا چ دەکەن؟

ئاغای کیربی: - لەوێ کاری زۆر هەیە کە دەبێ بکرێ، مات.

پرسیار: ئەوان لە ماوەی هەژدە مانگی داهاتوو دا چ دەکەن –
ئاغای کیربی: بەڵام لەو ناوبەرە دا -

پرسیار: ئێ.


ئاغای کیربی: - ئێمە لەو باوەڕە دانین  ووڵام هەبوونی هێندێک ناوچەگەلی خۆ – ئۆتۆنۆم بێ.ئێمە پێمان وا نییە ئەوە ووڵام ە.

پرسیار: کەوابێ ئەوان دەبێ ڕێگا بدەن ئەسەد بێ و حوکماتیان بە سەر دا بکا -

ئاغای کیربی: ئێمە پێمان وایە ووڵام دەبیندرێتەوە لە – ئێمە پێمان وایە ووڵام -


پرسیار:  - یان ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی حکومیان بە سەر دا بکا؟

ئاغای کیربی: دیسان. ئەگەر ئەتۆ لێم گەڕێی قسەکەم تەواو کەم

پرسیار: باشە، باشە
.

ئاغای کیربی: - ئێمە پێمان وایە ووڵام لەو پێواژۆیە دا دەدۆزرێتەوە کە لە دوو بەیاننامەی ژێنێڤ و کۆنسەی ئەمنییەتی کۆرێ نەتەوە یەکگرتووەکاندا گەڵاڵە کراون

پرسیار: بەڵام کێشە لەوە دایە کە ئەو پێواژۆیە  بەلانی کەمەوە، ساڵ و نیوێکی پێ دەچێ. و ئەوە  تەنانەت -   لە جێدا ئەگەر  هەڵیش بسووڕێ ، و لەو ناوبەرە دا ئێوە بەو خەڵکە دەلێن، " ببوورن ئێوە بۆتان نییە حکوومەتی خۆتان دامەزرێنن چونکە ئێمە پێمان وایە ئەوە فکرێکی باش نییە ، بەڵام ئێمە هیچ بەدیلێکیشمان نییە کە خۆی بگرێ، جگە لەوەی نەبێ داواتان لێ بکەین ئیزن بدەن ئەسەد حکوومەتتان بە سەر دا بکا، یان ڕێگا بدەن بە دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام و بێ حکوومەتان بە سەر دا بکا.|"

ئاغای کیربی: باشە، ئەتۆ دەتوانی – هیچ نییە – مەبەستم ئەوەیە بڵێم ، ئەسەد بە سەر زۆر لەو ناوچانە دا حکوومەت ناکا  لەبەر ئەوەیە کە -

پرسیار: ڕاستە.

ئاغای کیربی:  لە بەر ئەوەیە گرووپێکی وەک داعش -

پرسیار: کەوابێ  ئەوان هەر دەبێ -

ئاغای کیربی: - توانی بێتە ناوەوە -


پرسیار: تەواو وایە.کە وابێ  دەڵێی -


ئاغای کیربی: -- و حەول دەدا کە کۆنتڕۆڵی خۆی بە سەر خاک دا دامەزرێنێ.


پرسیار: کە وابێ ، ئەو شوێنانە هەر دەبێ لە دۆخی بێ سەروبەرەیی دا بن ؟  ئەوەیە -

ئاغای کیربی: نا، ئەوە ڕاست نییە. ئەوە بۆچوونێکی مونسیفانە نییە قسەکانی من وا لێک بدەیەوە.بڕوانە، ئەمن پێی لێ دەنێم کە ئەوە ماوەیەک دەکێشی –گشت لایەک ئەوە دەزانن – بەڵام ووڵام ئەوەیە. ئەوەیە ووڵامی درێژ خایەن – نەک ووڵامێکی کاتی -  یان تەنانەت حوکمی نیوە داییمی یان داییمی خۆ – ئۆتۆنۆم  لە ناوخۆی هێندێک ناوچەگەل دا.

پرسیار: ئەمن تێدەگەم کە ئامانجی درێژخایەنی هەموان لێرە دا چییە، بەڵام ئەتۆ پێی لێ دەنێی و تێدەگەی کە ئەوە ئامانجێکی درێژ خایەنە و ئامانجێکە کە ناکرێ لە ماوەیەکی کورت و مامناونجی دا دەست کەوێ ، تەنانەت ئەگەر سەرکەوتووانەش بێ. باشە ئەو خەڵکە لە ماوەی کورت خایەن و مامناونجی دا چ بکەن؟

ئاغای کیربی: زۆر لەوان  بە نەغدەن بە ڕێگای داودەستگا مەدەنییەکانی خۆیانەوە بەڕێ دەچن چونکە ئەوان -


پرسیار: باشە . جا ئەتۆ ئێستا -


ئاغای کیربی: - چونکە ئەوان ناچارن . ئەوە جیاوازە لە -

پرسیار: کە وابوو ئێوە داوایان لێ دەکەن ئەوان درێژە بەوە بدەن کە -

ئاغای کیربی: ئەوە جیاوازە  لەوەی ڕابگەیێنی -

پرسیار: بەڵام ئەمن نابینم -

ئاغای کیربی:  ئەوە جیاوازە لەوەی ڕابگەیێنی، " ئەمە ناوچەیەکی خۆ – ئۆتۆنۆم ە " ، یان " ئەوە ناوچەیەکی خۆ – حوکمی ییە  و خۆت داببرێ لە پێواژۆیەکی گەورەتری سیاسی کە ئێمە دەمانەوێ لە ناوخۆی سوورییە دا ڕووبدا.

پرسیار: بەڵام قسە ئەوەیە کە ئەوان خۆیان، خۆیان دانەبڕیوە – ئەوان خۆیان دانەبڕیوە. ئێوە ئەوانتان لە پێواژۆی سیاسی دابڕیوە

ئاغای کیربی: ئەمن تەنێ دەتوانم – ئەمن تەنێ دەتوانم -

پرسیار: ئێوە ڕێگا نادەن ئەوان بێنە دەوری مێز .

ئاغای کیربی: ئێمە لەو باوەڕە دانین کە ئەوە ووڵامێکی دروست بێ -

پرسیار:   زۆر باشە.

ئاغای کیربی:  - بۆ حوکمڕانی باش لە ناوخۆی سوورییە دا.

جان – جان -


پرسیار: ئەتۆ پێت وایە داخودا پارتییە کوردەکان بانگ کرابوون بۆ ژێنێڤ -

پرسیار: - ئەوە ڕێگایەکە -

پرسیار: - ئەوان  زۆریان پێ خۆش بووە کە چاوەڕێ بکەن ؟

ئاغای کیربی: ئەوان لەتەواوی ئەو پێواژۆیە دا پرس و ڕایان پێ کراوە.ئێمە پێشتر باسی ئەوەمان کردووە ، دەیڤ


پرسیار: بەڵام ئەوان داوایان کردووە لە گوتوبێژەکان دا بەشدار بن و تێوەبگلێن.

ئاغای کیربی: -  ئاغای دێ میستورا بڕیاری داوە لە سەر بانگهێشتنەکان، و ئێمە ڕێز لەوە دەگرین. بانگکراوەکان زیاتر هەر ئەوانەن کە لە یەکەم خول دا بانگ کرابوون.  و هەر وەک ئێمە پێشتریش گوتمان ، ئێمە ناتوانین ئەگەری بەشداری نوێنەرایەتی کورد  وەدوایە دەینەوە. ئەوە  بە دەست ئاغای دێ میستوراوەیە کە بەوەوە بچارێ.بەڵام لەو قوناغە زۆر بەراییە هەرە لە شکانهاتووە دا، ئێمە لەو باوەڕە داین ئەوە  بۆچوونی دروستە .و ئێمە باوەشمان ئاواڵەیە و ئەوان ڕاوێژ و پرس و ڕایان لەگەڵ کراوە. ئەوە هیچ قسە هەڵناگرێ.

پرسیار: بەڵام یەک لە هۆیەکانی لەشکانهاتوویی [حەساسییەت ] ئەوەیە کە خەڵک ناوچەگەلی خۆ – ئۆتۆنۆم  ڕادەگەیێنن ، کە ئێوە لەگەڵی نین. کەمتر لەوانە بوو ئەوان بە سەری خۆیان ئەوەیان کرد با

ئاغای کیربی: باشە، ئەمن -

پرسیار: - ئەگەر  ئەوان هەستیان کردبا کە دەهێندرێنە  ناو پێواژۆیەکە و تێوە دەگلێندرێن . ئایا ئێوە پێشنیارتان کرد بەشدارییان پێ بکرێ؟

ئاغای کیربی: ئەوان -

پرسیار: - پێشنیار بە دێ میستورا لە ژێر ئەو تیشکە دا ؟

ئاغای کیربی : ئەوان [ کوردەکان ] دەکرێ ئەنگێزە و سۆنگەی خۆیان بڵێن. ئێمە پشتیوانی لەوە ناکەین لەو ڕێگایە دا . ئێمە پشتیوانی دەکەین لەو پێواژۆیە سیاسییە کە ئێستا لە گۆڕێ دایە و بە پێی بڕیارنامەی کۆنسەی ئەمنییەتی کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەچێ. ئێمە پێمان وایە ئەوە ووڵامێکی دروستە . و دیسان ، ڕێگا بە دەنگی ئەوان دراوە و ڕێگا دان بە دەنگی ئەوان بەردەوام دەبێ. بەڵام لە ڕاستییدا ئەوە بەستراوەتەوە بە کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیار بدا کە ئەوە چۆن بکرێ.

پرسیار: جان – جان ، سەبارەت بەو خاڵەی کە مات هێنایە گۆڕێ ، لە ڕاستییدا – ئەوێ پێی دەگوترێ ڕۆژئاوا .      بریتی یە  لە سێ ناوچە. ناوچەی ئاوای کە زۆر لە مێژە ئەڕتەشی سوورییە لەوانەوە پاشە کشەی کردووە. ئێستا لەوێ [ کوردەکان ] سیستمێکیان هەیە ، سیستمێکی حوکمڕانی و ئەوانە و لە ڕاستیدا بە تەوافوقی سەربەستراوی ڕێژیم. جا بۆیە ئەتۆ دەڵێی – بەردەوام بن هەتا -  دەتوانن ئەوە بکەن کە دەیکەن ، لە ڕاستییدا جۆرەیەک  ئۆتۆنۆمی یە ، تا ئەو کاتەی کە ڕێگا چارەیەک دەبیندرێتەوە؛ داخودا ئەوە ئەو شتەیە کە ئەتۆ دەێلێی؟

ئاغای کیربی: نا، ئەمن باس لەو کۆمەڵگەیانە دەکەم  کە ئاگاداری لە یەکتری دەکەن لە نەبوونی هیچ ستروکتوورێکی حکوومەتی ناوەندی یان هەرێمی دا.  ئەوە دەکرێ . و ئەوە هێندێک کەلکی زاتی تێدایە . ئەوە جوێ یە لەوەی بگوترێ کە ئێستا ئەم ناوچەیە ، ئەو مەڵبەندە  خۆ –بەڕێوەبەر یان نیوە – ئۆتۆنۆم ە

پرسیار: باشە . ڕێگام بدە پرسیارەکەم بەجۆرێکی دیکە بکەم. وای دابنێ – مەبەستم ئەوەیە بڵێم ، کە ئەوە ناوچەیەکە هێزەکانی ڕێژیمی لێ نییە ، و لە وانەیە  لە لایەن داحشەوە گەمارۆ درابێ یان- لە سەر سنووری دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام یان داعش دابێ . وای دابنێ ئەوان گەمارۆ درابن و ئەوان هێرشیان کرابێتە سەری و ئەوانە و ئەوان حەوجێیان بە یارمەتی ئێوە هەبێ ، بە جیا لە ، بابڵێین، هەرجۆرە سیستمی کاناڵێکی ناوەندی و ئەوانە. ئایا ئێوە بەو شێوەیە یارمەتییان دەدەن؟ یارمەتییان دەکەن – ئایا ئێوە یارمەتی دەکەن بە یەکێتیی دێمۆکڕاتیک ، کە ئەو پارتییەیەک  کە لە حەسەکە [ خۆسەری ] ڕاگەیاند ؟

ئاغای کیربی: ئێمە پشتیوانی ناکەین – ئەمن جارێکی دیکەی دەڵێم. ئێمە پشتیوانی ناکەین لە ناوچەگەلی حوکمی – خۆیی ، خۆ – ئۆتۆنۆمی نیوە – ئۆتۆنۆم   لە ناوخۆی سوورییە دا. ئێمە نایکەین نا. ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێ بیبینین  سوورییەیەکی یەکگرتووی، گشت ە کە حکوومەتێکی هەبێ کە لە لایەن بەشار ئەسەدەوە سەرۆکایەتی نەکرێ، حکوومەتێک کە نوێنەرایەتی خەڵکی سوورییە بکا، ئی گشتیان ، سوورییەیەکی یەکگرتووی نا تائیفی.  و ئەوە هەر ئامانجی ئێمە نییە ، ئەوە ئامانجی نەتەوەکانی دیکەشە لە چوارچێوەی  ئای ئێس ئێس گ دا کە ئێمزایان خستووەتە پای ئەو ئامانجە. ئەمن لە سەر ئەو هەلومەرجە فەرزییەی کە ئەتۆ باسی لێوە دەکەی قسە ناکەم. ئێمە دەکرێ ئەمڕۆ هەمووی تەرخان بکەین بۆ ئەو بابەتە و   ئەوەی دەێلێین بیلێینەوە.  و کاتێک ئەتۆ دەڵێ ی   " پشتیوانی  " ئەمن دڵنیا نیم مەبەستت چییە؟

پرسیار: باشە ، ئەوە –

 ئاغای کیربی : بەڵام  ئەگەر بپرسی داخودا ئێمە بەردەوام بووین لە پشتیوانی کردن بە ڕێگای ئۆپێڕاسیۆنەکانی ئیئتیلاف دا  ، لە شەڕڤانان و گرووپەکانی ناو سوورییە کە سەلماندوویانە کاریگەر بوون بە دژی داعش ؟ بە گردبڕی ووڵام بەڵێ یە .هەر وەک پێشتریش گوتم ، ئەو جۆرە پشتیوانییە بەردەوام دەبێ. بەڵام ئێمە پشتیوانی ناکەین لە ، و ئەو جۆرە ناوچەگەلە خۆ بەڕێوەبەرییە ، نیو - ئۆتۆنۆمانە بە ڕەسمی ناناسین .

پرسیار: ئایا کاربەدەستانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گەڵ ئەو خەڵکەی کە حەول دەدەن ئەو  ناوچە سەربەخۆیە دابمەزرێنن قسەیان کردووە -

 ئاغای کیربی: ئەمن ئاگادا نیم لەوەی قسەیان کرد بێ. ئەمن ناتوانم بڵێم قسەیان کردووە یان نەکردووە.

پرسیار: کە وا بێ ئەو ڕاگەیاندنە  تەئسیر ناکاتە سەر پشیتوانی ئێوە – پشتیوانی عەسکەری ئێوە لە پەیەدە ؟
 ئاغای کیربی: ئەمن پێم وایە  بە ڕوونی ئەوەم باس کرد ، کە ئەو هەڵسەنگاندنەی کە وەزیری کارو باری دەرەوە کردوویەتی ، لە ناوەرۆکی خۆی دا ، تەئسیر ناکا لە سەر سیاسەت یان ئەو ستراتێژییەی کە ئێمە وەپێشمان گرتووە بە دژی داعش لە عێڕاق و لە سوورییە. ئێمە. لە مانگی ئووتی ساڵی ٢٠١٤ وە ، ئاوا جووڵاوینەوە کە ئەو گرووپە  لە بیری دا هەبووە کە جێنۆساید بکا. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ، ئێمە ، بەڕێگای ئەو موداخەلەیەی کە ئەڕتەشی ئەمریکا و هێزیی هەوایی ئەڕتەشی ئیتیلاف  کردی لە سنجار – لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ دا ، ئێمە پێشی ئەوەمان گرت کە لە ڕاستییدا  لەو باوەڕەدابووین کە ئەوان بریاری چینۆسایدیان دابوو  بە دژی ئەو گرووپە [ یەزیدییەکان ]. دوایە بارودۆخی شاری ئامێرلی هاتە گۆڕێ ، ئەوەش نموونەیەک بوو لەوەی کە ئێمە لەو باوەرەداین خەریک بوو ببێ بە جێنۆساید، و ئێمە یارمەتیمان کرد بۆ پێش پێ گرتنی. جا بۆیە بۆ ماوەیەکی تەواو لێرە دا  بە ئامادەییەکی تەواوەوە سەلماندوومانە  بۆ ئەوەی بێینە ناو و پێش لە کردەوەگەلی جێنۆساید بگرین. جا بەڵێ ووڵامی پرسیارەکەت ئەوە یە کە ئەوە هیچ تەئسیری نییە، ئەمن دەگەڕێمەوە و دەپرسم داخودا ئەوە شتێکی نوێ دەورووژێنێ؟ ووڵام نایە. بەڵام ئەوە زۆر بەشێکی جیانەکراوەیە لەوەی کە ئێمە بیرمان لەو کێشەیە کردووەتەوە ئێستا بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک.

دەکرێ بابەت بگۆڕین؟

جومعە ١٨-ی مارسی ٢٠١٦
جان کیربی
یاریدەدەر و قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی
پرسیار: پرسیاری من لەمەڕ پەیامی نەورۆزیی سەرۆک کۆمار ئۆبامایە. هەر وەها ، ئەمن دەمەوێ بزانم داخودا سەرۆک کۆمار بەو بۆنەیەوە  بەپام دەنێرێ بۆ گەڵی  کوردستانی یان گەلی کورد  و پێشمەرگە کە لە جەبهەی شەڕ جێژن دەکەن. نەورۆز بۆ کوردەکان گرینگە چونکە ڕەمزی سەرکەوتنی خەباتە بە سەر دیکتاتۆری دا و ئەگەر سەرۆک کۆمار پەیامێکی ئاوا بنێرێ ئەوە پێوەندیی هەنووکەیی  نێوان گەلی  کورد و گەلی ئەمریکا  پتەوتر دەکا و دای دەگرێتەوە.
ئاغای کیربی: مخابن ئەمن بۆم نییە باسی ڕاگەیاندنەکان و بەرنامەی کاری سەرۆک کۆمار بکەم، داوات لێ دەکەم لەو بارەیەوە لە هاوکارەکانم بپرسی لە کۆشکی سپی. ئەوە لە دەرەوەی ئەرکی منە سەبارەت بە ئەو بابەتانە بدوێم کە سەرۆک کۆمار پلانی هەیە لە سەریان بدوێ یان نەدوێ.
پرسیار: و ئەمڕۆ سەفیر برێت مەکگورک چاوی بە سەرۆک بارزانی کەوت. ئەو گوتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  لە ووزەی دا هەیە یارمەتیی بدا بە کوردستان، و دوێنێ لە  ' دیداری سڵیمانی ' دا ، کە لە شاری سڵیمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، سەفیری ئەمریکا جۆنز ڕایگەیاند کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان خەریکن بیر لەوە دەکەنەوە لە نێوان ١٠ تا ٥٠ بیلیۆن دۆڵاری ئەمریکایی وەک یارمەتی بدەن بە عێڕاق. پرسیارەکەم   ئەوەیە دەتوانی شی کەیەوە داخودا هەرێمی کوردستان هیچی لەو دراوە پێ دەبڕێ؟
ئاغای کیربی: ئەمن دەتوانم چ بکەم؟
پرسیار: شی کەیەوە.
ئاغای کیربی: شی کەمەوە -
پرسیار: - داخودا کوردستان چ بڕ لەو دراوە وەردەگرێ ؟
ئاغای کیربی: ئەوەی کە ئەمن دەتوانم پێت بڵێم ئەوەیە کە ئێمە دەزانین عێڕاق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، قورساییەکی گەورەی ئابووری کەوتوەتە سەرشانی و ڕەنجی لێ دەبا لەکاتێکدا بەردەوامن لە شەڕ بە دژی داعش دا لە سەر دەمایەک دا کە نرخی نەوت داکشاوە. و ئێمە بەردەوام دەبین لە لێکدانەوەی ئەوەی، کە هەر وەک لە ڕابردوو دا کردوومانە، بە باشترین شێوە یارمەتی عێڕاق بدەین  بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی وەگەڕ خاتەوە. و ئێمە بەرعۆدەین بۆ یارمەتیکردنی عێڕاق لە ئەو میسیۆنەی لەبەر خۆی ڕۆناوە بۆ تێک شکاندی داعش، بەڵام لەحاڵی حازر دا هیچم نییە کە ڕایگەیێنم – هیچی تایبەتی.

No comments: