Tuesday, March 15, 2016

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور ئێلی ڤان روسل ئەندامی شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی



هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور ئێلی ڤان روسل ئەندامی شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی


قازی: زۆر بەخێر بێی بۆ بەرنامەکەم ڕاوێژ! بەر لە هەموو شت  دەمەوێ هێندێک لە سەر خۆت بزانم. تۆ کێی؟


ڤان روسل: باشە. ئەمن ئێلی ڤان روسلم، لە بیلژیک پزیشکم. ماوەیەکی درێژ لە کلینیکی لەشساغی دا کارم کردووە. لەو چەند ساڵانەی دوایی دا، بەشێک لەچالاکییەکانم هاوپێوەندیی بووە لەگەڵ پەناخوازان و هەر وەها لە سەر دۆزی کوردیش کارم کردووە.

قازی: بەر لەوەی بێینە سەر پرسی کورد وەک بزانم لە فیلیپینیش کارت کردووە؟


ڤان روسل: بەڵێ، ڕاستە

قازی: دەکرێ کەمێک باسی چالاکییەکانت لە وێ بکەی؟


ڤان روسل: ئەمن لە فیلیپین خزمەتی دەرمانیم دەکرد لە گەڕەکی هەژارنشینی دەورو بەری مانیلا و هەر وەها لە ناوچەی دوورەدەستی شاخاویش.لە گەڵ بزووتنەوەی ژنان کارم دەکرد.


قازی: ئەوە چ ساڵێک بوو ؟

ڤان روسل: لە نێوان ساڵانی  ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٩


قازی: ئەو سێ ساڵانە لەوێ بووی؟

ڤان روسل: بەڵێ. ئەمن لە مانیلا لە گەڵ بنەماڵەی خۆم دەژیام و جار جار وەدەر دەکەوتین و دەچووینە دەرەوەی شاران بۆ گوندان. لە فیلیپینیش گیرو گرفت هەیە. خەڵکی جێیی دەچەوسێندرێنەوە. کێشەی ژنان هەیە،  زوڵمیان لێ دەکرێ . زەخت و گوشاری دەوڵەت هەیە، کوشتنی سیاسی  ڕوویدەدا، ئەو دەمی کە ئێمە  لە وێندەرێ بووین.


قازی: وەکوو پیشە ، ئەتۆ لەوێ دە چ بوارێک دا کارت دەکرد؟


ڤان روسل: ئەمن حەکیم بووم، دەچوومە گەڕەکان.


قازی: ئەتۆ پزشکی گشتی ی ؟


ڤان روسل: بەڵێ دوکتوری گشتیم ، دوکتوری ماڵێ مە. ئەمن دەچوومە گەڕەکی هەژار نشینی شاران و نەخۆشی وەک شەکرە، هەڵامەت ، زاتوڕییە ، دەردە باریکە و نەخۆشی ئاوام عیلاج دەکرد.

قازی: ئێستا ئەگەر بێینە سەر پێوەندی تۆ و دۆزی کورد. ئەوە کەنگێ دەستی پێکرد؟

ڤان روسل: ئەو پێوەندییە بە ڕێگای هێندێک نەخۆشی کوردی منەوە دەستی پێکرد. ئەمن سەرم لێ دەدان.


قازی: لە بێلژیکێ ؟


ڤان روسل: لە بێلژیکێ، ئەوان زۆریان ڕێزی من لەبەر بوو و باسی خەباتی دوور و درێژی کوردانیان بۆ دەکردم. باسی پێویستی هەبوونی ناسێنەی کولتووری خۆیان دەکرد و شتی ئاوا و جارجاریش خۆراکیان دەدامێ. بەڵام وەختێک من دەستم پێ کرد بە یارمەتی بۆ ڕێکخستنی چالاکی لە پارڵمانی ئوڕووپا دا. لە کۆنفڕانسی هەرە دوایی دا محەمەد تونج لە جزیرێوە بە تەلەفون قسەی کرد و سێ حەوتوو دوای ئەوە من بیستم لەوێ کووژراوە.


قازی: ئێمە دوایە لە سەر ئەوە قسە دەکەین. بەڵام دەمەوێ بەر لەوەی باسی سەفەری تورکییە بکەی ، زیاتر باسی ئەو چالاکییانە بکەی کە لە بێلژیک دا تێیاندا بەشدار بووی بۆ دەربڕینی هاوپێوەندی لەگەڵ گەلی کورد!

ڤان روسل: زیاتر لە ئاستی جەماوەی دا بووە. لە تەک ئەو چالاکە بێلژیکییانە کە هەست دەکەن دەبێ هاوپێوەندیی خۆیان لەگەڵ گەلی کورد نیشان بدەن. بۆ وێنە ئێمە فیلمی ' باکوور ' مان پیشان دا.

قازی: ئەو فیلمەی ' باکوور ' کە لە تورکییە دروست کراوە؟

ڤان روسل: بەڵێ. ئەگەر هەڵە نەبم  لە فێستیڤاڵێکی فیلم دا قەدەغە کرا.

قازی: ڕاستە، بۆ ماوەیەک قەدەغە کرا

ڤان روسل: فیلمێکی مێهرەوانانە و ئینسانی یە. زیاتر بە تەماشاکاری بێلژیکیمان نیشان دا

قازی:لە کوێ نیشانتان دا؟ لە ئانتورپنێ؟


ڤان روسل: وامان رێک خست لە گێنت، ئانتوەرپن، لۆڤن و بروکسێل بیگێڕین و نیشانی دەین. چونکە ئەگەر خەڵکی بێلژیک تەنێ میدیای گشتی بێلژیک بشۆپێنن ئەوانە لە سەر دۆزی کورد زۆر سنووردارن.


قازی: چالاکی دیکەی کە بەشت تێدا بووە؟

 
ڤان روسل: وەک باسم کرد هێندێک کاری دڵخوازانەم کردووە بۆ ڕێک خستنی کۆنفڕانس لە پارڵمانی ئوڕووپا و هاوکاری لەگەڵ کۆمیسیۆنی مەدەنی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە. وەک دەزانی ئەوە چاوەدێری تورکییە دەکا داخودا پرۆتۆکۆلی کۆپێنهاگ لە بەر چاو دەگرێ یان نا؟ مافی مرۆڤ، فرە چەشنی کولتووری و.. لەو خەباتە دا پارڵمانتارانی ئوڕووپایی و کەسی ئاکادێمیکیش بەشدارن.

قازی: ئێستا ئەگەر بێینە سەر سەفەرەکەتان بۆ تورکییە. ئێمە دەزانین کە بەڕێز عیسا مووسا قازییەکی خەڵکی باشووری ئەفریقا کە پارێزەری نەمر نیلسۆن ماندێلا بووە سەبارەت بە دۆخی  بەڕێز عەبدوڵا ئوێجاڵان زۆری کار کردووە و زانیاری داوە بە ڕای گشتی و دەستپێشخەرییکیش بە بەشداری وی هەیە لە سەر ئەو بابەتە، ئەگەر زەحمەت نابێ هێندێک لە سەر ڕێک خستنی ئەو سەفەرە بۆ تورکییە بدوێ!

ڤان روسل: وەکوو ئەتۆش باست کرد، قازی عیسا مووسا ڕێبەری شاندەکەی ئێمە بوو و وەک بە دروستیش گوتت  قازی عیسا مووسا قازی دادگەی بەرزی باشووری ئەفریقایە و پێشتریش پارێزەری ڕەحمەتی نێلسۆن ماندێلا بووە و بۆ خۆشی بەشدار بووە لە پێواژۆی ئاشتی دا لە باشووری ئەفریقا. کاتێک ماندێلا ئازاد کرا ئەو دەبوو لەگەڵ خەڵک قسەی کردبا. هۆی ئەوەی  ئەو سەرۆکی شاندەکەمان بوو، چونکە باوەڕییەکی قووڵی هەیە بە قازانجی ئاشتی و هەر وەها دەوری عەبدوڵا ئوێجاڵان لە پێواژۆی ئاشتی دا.ئەو ڕێبەری شاندەکە بوو، بەڵام کۆمیسیۆنی مەدەنی یەکێتیی ئوڕووپا،تورکییەش لە ئامادە کردنی شاندەکە دا بەشداری هەبوو. مەبەست ئەوە بوو لەو شاندە دا خەڵک لە هەموو بواری ژیان دا تێیدا کۆ ببنەوە، بە شێوەی تاک، سیاسەتمەدار، نوێنەری پارڵمان، ڕۆژنامەنووس، نووسەر لە ووڵاتی جۆر بە جۆر، لە ئیتالیا، لە بریتانیا، لە ئێکوادۆر، لە بێلژیک بچنە تورکییە و داوا لە وەزیری داد بکەن ئەگەر دەرفەت هەبێ چاویان بە عەبدوڵا ئوێجاڵان بکەوێ.   

قازی: ئەگەر من هەڵە نەبم ئێوە پلانتان ئاوا بوو کە لە ڕۆژی ١٥-ی فێڤرییە یانی ساڵوەگەڕی گیرانی ئوێجاڵان لە ١٩٩٩ دا بیبینن و بە پێی ئەو بەیاننامە هاوبەشەی شاندەکە کە ئەوە لە بەر دەستی من دایە و لە ئینترنێت دا بڵاو بووەتەوە، دەڵێن کە دوو مەبەستی سەرەکیتان هەبووە لەو سەفەرە. یەک ئەوەی کاربەدەستانی وەزاڕەتی دادی تورکییە ببینن بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئەگەری دیسان دەستپێکردنەوەی پێواژۆی ئاشتی قسەیان لەگەڵ بکەن و هەر وەها سەر لە ڕێزدار ئوێجاڵان  بدەن لە زیندانی دوڕگەی ئیمڕاڵی دا. دەکرێ بڵێی ئێوە ئەو داوخوازانەتان چۆن ئامادە کرد؟


ڤان روسل: ڕاستە، دوو مەبەستمان هەبوو؛ یەکیان دیتنی وەزیری داد، و ئاگادار بوون لە بۆچوونی وی لە سەر پێواژۆی ئاشتی  و ئیزن لێ وەرگرتنی بۆ ئەوەی بچینە ئیمراڵی و سەردانی ئوێجاڵان بکەین.دە ڕاستیدا ئامانجی سەرەکی شاندەکەمان دیداری ئوێجاڵان بوو لە بەر ئەوەی دەورێکی سەرەکی هەیە لە پێواژۆی ئاشتی دا.قازی عیسا مووسا وەک نوێنەری شاند نامەیەکی ڕەسمی نووسیبوو ...،

قازی: ئەوە بەر لە سەفەرەکەتان بوو؟


ڤان روسل: بەڵێ، چەند حەوتوو بەر لە سەفەرەکەمان نووسیبووی، کە ووڵامیان نەداوە و عێسا مووسا بە ڕێگای جۆر بە جۆر وەدوای پێوشوێنی نامەکە کەوتبوو، بە ڕێگای سەفاڕەتخانەی باشووری ئەفریقا، بە ڕێگای ئەندامانی پارڵمان ڕا و دواجار گوتیان نامەکەیان بە دەست گەیشتووە، بەڵام هیچ ووڵامیان نەداوە.

قازی: ئەو دەمی ئێوە لە تورکییە بوون؟

ڤان روسل: بەڵێ، ئەو دەمی کە ئێمە لە تورکییە بوون. بەڵام وەک گوتم نامەکەمان بەر لەوەی بچین بۆیان ناردرابوو و لە بەر ئەوەی هیچ ووڵام نەبوو وەدووی پێوشوێنی کەوتین. قازی عیسا مووسا ئەوەی کرد ئەو کاتەی ئێمە لە تورکییە بووین، بەڵام دیوارێکمان لە بەر دەم ڕاکێشرا بوو کە نەماندەتوانێ لێی تێپەڕین.تەنانەت بۆ داوخوازی دیتنی وەزیری دادیش هیچ ووڵامیان نەداوە.


قازی: ئەو داوخوازانەتان پێک نەهات، بەڵام ئێوە ئەو کاتەی کە لەوێ بوون هەموو شت بەرەو توند و تیژی دەچوو و هێرشی دڕندانە دەکرا سەر خەڵکی مەدەنی لە شاری وەک جزیرێ، سوور و زۆر جێگای دیکە.لەو ماوەیەی دا کە چاوەڕێی ووڵامتان دەکرد چتان کرد؟

ڤان روسل: ئێمە لەگەڵ کۆمەڵەی پارێزەران قسەمان کرد، چاومان بە ڕێکخستنی سیاسی و مەدەنی کەوت و بۆ ئەوەی بۆچوونی ئەوان سەبارەت بە هەلومەرجی تورکییە بزانین، لەبەر ئەوەی تورکییە لە دۆخێکی حەساس دایە. لە زۆر جێیان وەک جزیرێ و سووری دیاربەکر قەدەغەی هاتو چوو هەبوو، بە ڕێگای پارێزەرەکان ڕا زانیمان لەو شوێنانە زۆر خەڵک لە ژێرخانان دا گیریان خواردووە. شتی هەرە ناخۆش ئەوە بوو نەیاندەهێشت دوکتور و کادری دەرمانی بچن و یارمەتی بریندارەکان بدەن لە جزیرێ و ئەو شتانە ئەو دەمی کە ئێمە لە تورکییە بووین دەقەومین و ئێمە زۆرخەڵکمان دی کە بۆیان باس کردین چ ڕوودەدا. ئێمە هەر وەها هەژمارێک خەڵکی گەنجمان دی کە بانگەوازێکیان بۆ ئەردۆغان بەرز کرد بووەوە و تێیدا ویستبوویان پرێنسیپەکانی دێمۆکڕاسی بپارێزرێن و خۆشیان کەوتبوونە بەر ڕاوەدوونان.

قازی: ئێوە لە بەیاننامە هاوبەشەکەتان دا باسی لایەنێکی سەرنجڕاکێش دەکەن. ئێوە دەڵێن جگە لە گەلی کورد کە زۆرداری لێ دەکرێ، بەشی دیکەی کۆمەڵیش کەوتوونەتە بەر زەخت و ڕاوەدوونان بۆ وێنە؛ ئاکادێمیسیەنی تورکییەیی کە داوخوازی ئاشتییان کرد و دژی شەرخوازی حکوومەتن و گوتیان نابنە  شەریکی ئەو جینایەتانە...

ڤان روسل: ڕاستە،

قازی: هەر ئەو دەمی کە ئێوە لەوێ بوون لێپرسینەوە بە دژی ئەو ئاکادێمیسیەنانە دەستی پێکرد ، ئەوان لە مانگی ژانڤییە دا بانگەوازییەکەی خۆیان بڵاو کردەوە. هیچ دەرفەتی ئەوەتان هەبوو ئەو ئاکادێمیسیەنانە ببینن؟

ڤان روسل: بەڵێ، ئێمە کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ کردن بۆ ئەوەی لە سەر ئەو شتانەی ئەوان هێناویانەتە گۆڕێ قسە بکەین. هەڵبەت ئێمە کەسی دەرەوەی بابەتەکەین، ئێمە هاووڵاتی تورکییە نین ، ئێمە کورد نین، ئێمە بێگانەین، ئەمن وەک کەسێکی خەڵکی ئوڕووپا دەڵێم ئورووپا بە ووشەی گەورە باسی پێویستیی هەبوونی دێمۆکڕاسی دەکا. باسی بایەخی ئینسانی و شتی ئاوا و ئێمە وەک خەڵکی بێگانە کە چووینە تورکییە، دەبێ لە سەر ئەو بابەتانە لەگەڵ حکوومەتەکانی خۆشمان قسە بکەین و ئەوان ئاگادار بکەین و بە وان بڵێین ئەو شتانەی کە لە تورکییە ڕوو دەدەن بە پێی پرێنسیپەکانی ئێوە نین و بەڵکوو زۆریش لە وان دوورن. جا بۆمن وەک کەسێکی بێگانە تەنانەت لەو سەردانە کورتەش دا هەستم پێکرد لە ڕۆژهەڵاتی تورکییە دێمۆکڕاسی بەر بە نەمان دەچێ و قەدەغە هەیە لە سەر زانیاری وەرگرتن. ئەمن پێم وایە دەبێ زۆر زوو چارەسەرییەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەو گیروگرفتانە لە لایەن یەکێتیی ئوڕووپاوە.

قازی: لە بەیاننامەکەتان داهاتووە ئەو کەسانەی کە قسەتان لەگەڵ کردوون دوو دیتنی جیاوازیان هەبووە. بەشێکیان زۆر بەدبین بوون و گوتوویانە زۆر دژوارە جارێکی دی باسی دەستپێکردنەوەی پێواژۆی ئاشتی بکرێ، بەڵام کەسی ئاواش هەبوون لەو باوەرە دا بوون ئاڵتێرناتیڤێک هەیە بۆ ئەو بارودۆخە ئاڵۆزە کە ئێمە دەیبینین. قسەی سەرەکەی ئەوانەی کە زۆر بەدبین بوون چ بوو؟ ئەوانەی کە دەیانگوت ئیدی مومکین نییە باسی ئاشتییەکی خۆڕاگر بکرێ؟

ڤان روسل: ئێمەش بە قسە کردن لەگەڵ هێندێک لە ئەندامانی پارڵمان کە چووبوونە جزیرێ و شاهیدی ئەو توند و تیژییە ببوون کە لەوێ دەکار کرابوو زۆر بەد بین بوون. کاتێک لەگەڵ پارێزەران قسەمان دەکرد زانیمان تاکوو ئێستا ٦٠٠ جار داوای سەردانی ئوێجاڵانیان بەرز کردووەتەوە...


قازی: مەبەستت پارێزەرانی ڕێزدار ئوێجاڵانە؟


ڤان روسل: بەڵێ، پارێزەرانی ڕێزدار ئوێجاڵان. داوخوازی ئەوان تەنێ دیدارێکی  سادە یە. ئەوە مافێکی سەرەتایی یە!


قازی: دەگوترێ لە ساڵی ٢٠١١ وە ئەوان نەیانتوانیوە موەکیلەکەیان ببینن!


ڤان روسل: بەڵێ، لە ساڵی ٢٠١١ وە ئەو پارێزەرەکانی خۆی نەدیتووە، لە ساڵی ٢٠١٥ وە کەس نەیدیتووە. لەوانەیە کاربەدەستانی دەوڵەت دیتبێتیان. کاتێک مرۆ پێکێشی تورکییە دەبینێ دەرفەتێک بۆ خۆشبینی نامێنێتەوە. ئەمن پێم وایە بۆ کۆمەڵی تورکییەش چارەسەر کردنی دۆزی کورد و دێمۆکڕاسی بۆ بەیەکەوە ژیان، ژیان باشتر دەکا و وەک من پێشتریش گوتم ئێمە لە لایەن حکوومەتی تورکییەوە هێچمان نەدیت. لە رووی شەخسی یەوە شتێک کە هیوای پێ بەخشیم دیتنی پارێزەرانی ئوێجاڵان بوو، ئەوانە گەنجن و لە ژێر گوشار  و ڕاوەدوونانێکی زۆر دابوون، بەڵام زۆر بە باوەڕن و هەلوێستیان بۆ خەبات لە پێناو داد ومافی مرۆڤ دا زۆر پتەوە و لە قووڵایی دڵەوە  دەخوازن ئەو مافانە بە ڕەسمی جێ بە جێ بکرێن لە هەموو ئاستان دا، لە ئاستی حقووقی و ئاکادێمیک دا. بۆیە چاوپێکەوتنی ئەو ئینسانە گەنجە بە باوەڕانە هۆی دڵگەرمی بوو بۆ من. دەزانی ئەردۆغان گوتی ئێمە پرسی کوردمان نییە، بەڵام ئەو قسەیە بە مانای تەواو بوونی مەسەلەکە نییە.لە نێو گەلی کورد دا پشتیوانییەکی گەورە لە عەبدوڵا ئوێجاڵان دەکرێ. ئەوان دەیانەوێ ئوێجاڵان ئازاد بکرێ. ئەوە پشتیوانییەکی گەورەیە. یەک لە ئەندامانی شاندەکەمان جەنابی ڕایان کە کەشیشێکە باسی کۆ کردنەوەی ئیمزای کرد لە پێناو ئازادی ئوێجاڵان دا، دەیگوت ئەو کەمپەینە چوار ساڵە دەستی پێ کردووە و پازدە میلیۆن کەس ئەو داوخوازینامەیان ئێمزا کردووە. داخودا ئەو ڕەقەمە تەواو ە؟

قازی: ئەمن ئاگام لێ نییە کە ئەو هەژمارە چەندە.

ڤان روسل: کۆ کردنەوەی ئیمزا بۆ ئازادیی ئوێجاڵان ئەمن ئەوە بە کارێکی گرینگ دەزانم.

قازی: لە جێگایەک دا لە بەیاننامەکەتان دا هاتووە کە [ لاپەرەکانی بەیاننامەکە تەماشا دەکا ] : ' هەتا ئەو دەمەی ئوێجاڵان ئازاد نەکرێ تەنێ دەکرێ موزاکەرە سەبارەت بە موزاکەرە بکرێ، نەک گوتوبێژێکی ڕاستەقینە. ماندێلا ڕایگەیاند: تەنێ کەسی ئازاد، نەک کەسی زیندانی، دەتوانن بە ناوی گەلی خۆیان گوتوبێژ بکەن  لە پێناو چارەسەری سیاسی'. ئەوە بەو مانایەیە کە بە پێی دیتنی هاوبەشی شاندی ئاشتی، یەک لە لایەنی سەرەکی گوتوبێژێکی ڕاستەقینە لە پێناو ئاشتییەکی خۆڕاگر دا، ئازادیی ڕێزدار ئوێجاڵانە. ئێوە ئاوای دەبینن؟
 
ڤان روسل: بەڵێ، ئەوە لە سەر بنەمای ئەو پێواژۆی ئاشتییەیە کە عیسا مووسا لەگەڵ نێلسۆن ماندێلا تێیدا بەشدار بووە.بۆیە ئاشتی زۆر گرینگە. ئاشتی گرینگە لە بەر قوربانییەکانی ڕاستەڕاستی شەڕ لە جزیرێ. ئاشتی بۆ تورکییە گرینگە چونکە قەت بۆ هیچ ووڵاتێک باش نییە کە دە شەڕ دابێ،



قازی: ڕاستە وایە ...

ڤان روسل: شەڕ لەگەڵ دراوسێی خۆ، شەڕلەگەڵ خەڵکی خۆ. بۆیە هەبوونی باوەڕییەکی گەورەی خەڵک بە ئوێجاڵان و هەبوونی وی وەکوو ڕێبەری ئەخلاقی گەلی کورد و هەر وەها وەک ڕێبەری پڕاتیکی گەلی کورد زۆر گرینگە، کە ئەو لە موزاکەراتی ئاشتی دا بەشدار بێ، بەڵام وەک عیسا مووساش دەڵێ تەنێ کەسی ئازاد دەتوانن گوتوبێژ بکەن، جا بۆیە بۆ ئەوەی وتووێژێکی ڕاستەقینە لە سەر ئاشتی بکرێ و پێواژۆی ئاشتی دیسان دەست پێ بکاتەوە، کە بە ڕێکەوتنی ' دۆڵمە باغچە 'بە شێوەیەک دەستی پێکرد ، و هەر نەبێ دەرگایەک کراوە، ئەوە دەبێ دیسان دەست پێ بکاتەوە. بەڵام، بۆ موزاکەرەیەکی ڕاستەقینەی ئاشتی، ئوێجاڵان دەبێ ئازاد بێ. هەڵبەت ئەوان دەکرێ موزاکەرە لە سەر موزاکەرە بکەن، دەتوانن چوارچێوەیەکی بۆ دیاریی کەن. هەستی هەموو ئەندامانی شاندی ئاشتی ئەوە بوو ئەوە یانی ئازادیی ئوێجالان دەبێتە هەنگاوێک بەرەو ئاشتی.


قازی: ئێوە وەک شاندێک ، وەک گرووپێک هیچ لە سەر توندوتیژ بوونی بارودۆخ لە تورکییە و باکووری کوردستان بەیەکەوە دواوون، بیرتان لێ کردووەتەوە؟

ڤان روسل: بەڵێ، هێندێک لە ئەندامانی شاندەکە بۆ ماوەی درێژ دە ناو خەباتی هاوپێوەندی و ئاشتی دا بوون و کاریان بۆ کردووە، ئەوان باوەریان وا بوو کە گۆڕانی هەڵوێستی ئەردۆغان لە دوای هەڵبژاردنی مانگی حوزەیران، ئەو دەمی کە زۆربەی دەنگی بە دەست نە‌هێناوە بۆ ئەوەی قانوونی بنچینەیی بگۆڕێ و هەر وەها لە بەر گرتنەبەری ڕێبازی سیاسەتی زۆردارانە. چوونی شاندی ئێمە و داوخوازی دیسان دەستپێکردنەوەی موزاکەرەی ئاشتی و دەربڕینی نیگەرانی خۆمان سەبارەت بە بێ بەش کردنی ئوێجاڵان لە مافەکانی، ئێمە دە نێو خۆمان دا باسی ئەوەشمان کرد داخودا پێوەندیی نێوان تورکییە و دەوڵەتی ئیسلامی/داعش چۆناوچۆنە؟ لە سەر ئەوە پرسیار زۆرە و بەڵام چ ووڵامێک نەدراوەتەوە.

قازی: لەوانەیە تەماشاکارانی ئێمە پێیان خۆش بێ بزانن ئەندامانی شاندی ئاشتی کێن؟ ئەگەر دەکرێ بە کورتی بییان ناسێنە. ئەتۆ باسی کەشیشێکت کرد...

ڤان روسل: ڕێبەری شاندەکەمان وەک باس کرا، عیسا مووسا بوو، یەک لە ئەندامان خەڵکی ئەمریکای لاتین بوو، فڕانسیسکۆ ڤێڵاسکۆ ، بەرپرسی پێشووی کولتوور لە ئێکوادۆر

قازی: وەزیری پێشووی کولتوور؟

ڤان روسل: وەزیری پێشووی کولتوور لە ئێکوادۆر، ئەو لە بناوانەوە ڕۆژنامەنووس بووە و بابەتی کولتووری زۆر سەرنجی ڕادەکێشێ. لە ئێکوادۆریش لەگەڵ خەڵکی جێیی کاری کردووە و بۆ مافی ئەوان تێکۆشاوە. کەشێشێک لە شاندەکە دا هەبوو، کەشیش جۆ ڕایان کە بۆ ماوەی درێژ لە موزاکەرەی ئاشتی دا بەشدار بووە و لە زۆر کەمپەینان دا بەشداری کردووە. بۆ وێنە کەمپەینی ئازادیی ئوێجاڵان و  ئاشتی بۆ کوردستان. ئەندامێکی دیکە جانێت بیەل بوو کە نووسەرە و لە دنیای ئاکادێمیکی ئوڕووپا و ئەمریکا دا زۆر ناسراوە. ئەو هەر وەها کارەکانی مۆرای بووکچین ی بڵاو کردووەتەوە و ئەوان باش دەزانێ. جێی خۆشی بوو کە ئەویش لەوێ بوو چونکە ئێمە تەنێ دوو ژن بووین لە نێو شاندەکە دا.


قازی: ئێوە هەر دوو ژن بوون؟


ڤان روسل: بەڵێ. چەند کەسیش هەبوون کە پسپۆڕی زانستی سیاسی بوون وەکوو فێدێریکۆ ڤێنتورینی کە خەڵکی ئیتالیایە، کەسێکمان لەگەڵ بوو لە کاناداوە کە لە بزووتنەوەی ئێکۆلۆژی دا خەبات دەکا. لە شاندەکە دا کەسی جۆر بە جۆر هەبوو،


قازی: هیچ دەرفەتێكتان هەبوو لەگەڵ ڕێکخستنی ژنانی کورد دانیشن؟




ڤان روسل: نا، بە داخەوە دەرفەت نەبوو.


قازی: سەیرە. چونکە ئێمە دەزانن ڕێکخستنی ژنان لە تورکییە و لە باکووری کوردستانێ زۆر چالاکن. بەڵام ئێوە هیچ کەسی وانتان نە دی!

ڤان روسل: نا ، نەماندی

قازی: شاند چووە وێندەرێ، دوو داوخوازەکەتان پێک نەهات، ئێوە نەتانتوانی لە گەڵ کاربەدەستانی وەزاڕەتی داد کۆ ببنەوە و نەشتان توانی بچنە زیندانی ئیمرالی. دوای گەڕانەوەتان بۆ ئوڕووپا لە بەیاننامە هاوبەشەکەتان دا هێندێک خاڵتان ڕیز کردووە، ئەگەر دەکرێ یەک بە یەک لە سەروان ڕاوەستین و قسەیان لێوە بکەین.

ڤان روسل: باشە


قازی: خاڵی سەرەکی چییە؟ شتی هەرە سەرەکی کە دەتانەوێ بیکەن چییە؟


ڤان روسل: خاڵی سەرەکی نەهێشتنی تاکهێشتنەوە و تەجریدی ئوێجاڵانە، چونکە ئەوە پێشێل کردنی مافی وی یە. ئەمن دەڵێم دەبێ ئەو ئازاد بکرێ. ئامانجی سەرەکی شاند ئەوەیە. مەبەست و خاڵی دووەم دەستپێکردنەوەی موزاکەرەی ئاشتی یە و سەرەتای ئەوەش ئازادیی ئوێجاڵانە.

قازی: بۆ ئەوەی ئەوانە وەدی بێن چ دەکەن؟

ڤان روسل: ئێمە چ دەکەین؟ یەک لە ئەندامی شاندەکە کە نوێنەری پارڵمانە لە ئەڵمان پێشنیاری کرد ئێمە کەمپەینێک وە رێ بخەین و بەردەنگیشی حکوومەتەکانی ووڵاتەکانمان بن و بۆیان باس بکەین لە تورکییە چ دەقەومێ و ئەوەش دەکرێ شوێنیان لە سەر دانێ. ئەمن پێم وایە ئوڕووپا بە ڕاستی دەبێ تێ بگا کە ناتوانێ بەو شێوەیە لەگەڵ تورکییە هەڵسوکەوت بکا لە سەردەمێک دا کە ئەو هەموو شتە دەقەومن. بۆیە ئێمە دەبێ لە ووڵاتەکانمان کەمپەین بکەین، دیارە ئەوە بۆ کەسێکی وەکوو ئاندرێ هۆنکۆ کە ئەندامی بوندستاگە هاسانترە. یانی ئێمە هەر کاممان لە ووڵاتی خۆمان ئەو کارە دەکەین. هێندێکمان لە ئاستی جەماوەری دا، و هێندێک بە نووسین. بەڵام ئێمە بە قووڵی پێمان وایە  دەبێ لە ووڵاتەکانمان دا ئەو کەمپەینانە وەڕێ خەین.


قازی: ئەمن وەک لێرە دەبینم ئێوە بانگەوازیتان کردووە لە ' کۆمیتەی پاراستن لە ئاست ئەشکەنجە، ئاکاری نائینسانی یان ئاکاری سووک یان سزا دان ی  سەر بە کۆنسەی ئوڕووپا ( سی پی تی ). چونکە دەزانین چەند ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمێک دا کە ئیزن نەدەدرا بۆ سەرلێدانی ئوێجاڵان ئەو کۆمیتەیە توانی بچێ و بیبینێ. ئێستاش بارو دۆخێکی زۆر نائاساییە، وا نییە؟



ڤان روسل: بەڵێ ڕاستە. یەک لە پارێزەرەکان دەیگوت ئەو کۆمیتەیە زۆر جوان گوێ دەداتە ئەو شتانەی پێی دەگوترێ، بۆیە بە چاکی دەزانن چ ڕوودەدا ، بەڵام ئیزن بە وانیش نادەن کە بچن و سەردانی ئوێجاڵان بکەن.


قازی: ئیزن بە وانیش نادەن؟

ڤان روسل: نا ئیزن بە وانیش نادەن. بۆیە ئێمە بانگەوازیمان لێکردوون هێندێک پێکێشی بکەن بۆ ئەوەی ئەو کۆمیتەیەی دژی ئەشکەنجە بتوانێ سەردانی ئوێجاڵان بکا. چونکە، لە مانگی چواری ساڵی ٢٠١٥ بەملایەوە هیچ خەبەرێک لەو  بە دەستەوە نییە. دۆخێکی نائاسایی یە و دەبێ لایەنێک، لایەنێکی سەربەخۆ هەر نەبێ بکرێ لە وەزعی وی بکۆڵێتەوە. ئەوە داوخوازێکی هەرە پتەوی ئێمەیە.

قازی: بە ئاسایی دەبێ ئیزن بدەن بەو کۆمیتەیە. بۆ نایدەن؟ وەک ئەمن بزانم تورکییە ناچارە ئیزنیان بداتێ!


ڤان روسل: ئەو بڕو بیانوو و هۆیانەی بۆ ئیزن نەدان باسیان لێوە دەکا هەر ئەوانەن کە بە پارێزەرەکانی دەڵێن: گەمی شکاوە، تەعتیلە و هۆی ئاوای کە جێی باوەر نین. بڕوبیانووی بوروکڕاتیک

قازی: لایەنی دیکەی کە ئێوە دەتانەوێ کاری لە سەر بکەن چییە؟


ڤان روسل: ئێمە هەر وەها بانگەوازی دەکەین لە رێکخسنە نا حکوومییەکان، کۆمەڵەکانی مافی مرۆ کە ئەوانیش
 وەدووی پێوشوێنی دۆخی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی تورکییە بکەون. ئێمە دەمانەوێ دێمۆکڕاسی زیاتر بێ، بەڵام ئێستا هەر زیندانیی سیاسی زیاتر دەبن، زۆرداری زیاتر دەبێ، خەڵک ناتوانن بە ئازادی دیتنی خۆیان بهێننە گۆڕێ و ڕۆژنامەنووسان لە ژێر گوشار و زەخت دان. 


قازی: ئێستا کە ئێمە بەیەکەوە قسە دەکەین و بەر لەوەی کە بەرنامەکەمان بڵاو ببێتەوە لە دیاربەکر دۆخێکی نائاسایی لە گۆڕێ دایە. خەڵک لە هەموو گەڕەکانەوە بەرەو ' سوور ' دەچن.


ڤان روسل: بەڕاستی خەڵک زۆر ئازان و دەیانەوێ گەمارۆ و قەدەغەی هاتو چوو نەمێنێ ، ئەمن وەک کەسێکی بێگانە، وەک کەسێک کە ئاشتی و مافی مرۆ بە گرینگ دەزانم بۆ من جێگای خۆشییە کە دەبینم ئیرادەی خەڵک تێک نەشکاوە. ئەوان لە کۆڵانانن و ڕێ دەپێون. ئەوان لە بەرانبەر حکوومەتێکی نا دێمۆکرات دا خۆڕاگری دەکەن لە پێناو داوخوازی خۆیان و نەبەز و ئازان.

قازی: سپاس دوکتور ئێلی ڤان روسل بۆ ئەو کاتەی دات بە ئێمە، زۆر سپاس، هیوادارم بەردەوام بی لە سەر خەباتی هاوپێوەندیی خۆت.


ڤان روسل : زۆر سپاستان دەکەم





تێبینی: ئەو هەڤپەیڤینە  لە ئێوارەی یەکشەمە ١٣-ی مارسی ٢٠١٦  لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەرهەڵێنن  لە حیسابی " ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب و هەر وەها لاپەڕەی " ڕاوێژ" لە فەیس بووک دا




No comments: