Saturday, March 12, 2016

زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمرێکا سێشەمە ١-ی مارس و جومعە ١١ –ی مارسی ٢٠١٦


زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمرێکا
 سێشەمە ١-ی مارس و  جومعە  ١١ –ی مارسی ٢٠١٦


سێشەمە ١-ی مارسی ٢٠١٦
جان کیربی
یاریدەر و قسەوێژی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی

پرسیار: دوێنێ، ئاماژەت پێ کرد ترسێک هەیە بۆ دابەش بوونی سوورییە و گوتت ئەوە ئامانجێک نییە، پلانێکی بی [پلانی دووەم ]  نییە، تەنێ ترسێکە. ئەمن بیری لێ دەکەمەوە بۆچی دەبێ ئەو ترسە هەبێ؟ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هاوسێی دیوار بە دیوار واتە لە عێڕاق پشتیوانی لە فێدێڕالیزم دەکا، بۆ چی دەبێ ترس هەبێ لە هەمان بارودۆخ لە سوورییە؟

ئاغای کیربی: ئەتۆ هەیە – شتی زۆر لە پرسیارەکەی تۆ دا هەیە. تێکەڵی دەکەی – ئەتۆ تێکەڵی دەکەی- وەکوویەک دانان و بەیەک شوباندنی عێڕاق و سوورییە هەڵەیە . بڕوانە، ئەمن نامەوێ کاتێکی زۆر لە سەر ئەوە دابنێم چونکە پێم وایە وەزیری کارو باری دەرەوەی تەنێ ترسێکی دەربڕێ کە دەتوانێ بقەومێ – نەک ئەوەی کە دەقەومێ، نەک ئەوەی کە ئێمە بمانەوێ بقەومێ، نەک ئەوەی کە ئێمە نەخشەمان بۆ دانابێ کە بقەومێ- لە شاهیدی دان لە کۆنگرەی ئەمریکا دا ئەوەی گوت . و بە داخەوە، ئەو قسانە بە دوای شاهیدی دانەکە دا بە شێوەیەکی دی لێک درانەوە و بڵاو کرانەوە. - ئەمن داوات لێ دەکەم بچی و چاو لەو قسانە بکەیەوە کە ئەو کردی – هەر وەها گوێ بدەیەوە ئەو قسانە کە دوێنێ شەو کردی. چونکە ئەو دوێنێ شەویش چەند جارێک هاتەوە سەر ئەو بابەتە لە کاتی کۆنفڕانسی چاپەمەنی هاوبەش لە تەک هاوتا ئەڵمانییەکەی دا. تەنێ یەک ئامانج هەیە، ئەویش بریتی یە لە سوورییەیەکی تەواو، یەکگرتوو و نا تائیفی کە حکوومەتێک بەڕێوەی بەرێ و ئیدارەی کا کە سوورییەیەکان خۆیان دەستیان هەبووبێ لە هەڵبژاردنی دا ، حکوومەتێک کە بەشار ئەلئەسەدی تێدا نەبێ ،کە ووڵامی پێداویستییەکانی خەڵک بداتەوە و بەرپرسیاری ئەوان و داهاتووی سوورییە بە ئەستۆوە بگرێ. ئێمە سورییەکی تەواو، و یەکگرتوومان دەوێ و ئەوە ئامانجی ئێمەیە. ئەوە جیاوازە – ئەوە جیاوازە بگوترێ- کە ووڵاتەکە هەموو هێشتا دەکرێ بە شێوەیەک لە فێدێڕالیسم حکوومەتی بە سەر دا بکرێ. ئەگەر ئەوە بگوترێ ئەوە مانای ئەوە نییە کە ووڵاتەکە تەواو نییە، مانای ئەوە نییە کە ووڵاتەکە سەروەر نییە.بەڵکوو ئەوە ڕێگایەکە ئەوان حکوومەت بە سەر خۆیان دا دەکەن. و ئەوە شتێکە کە گەلی سوورییە خۆی بڕیاری لە سەر دەدا. ئەوە جیاوازە لەوەی بگوترێ دابەش بوونێک هەبێ و ووڵاتەکە بەناوچەی نێوە ئۆتۆنۆم [نیوە سەربەخۆ] لەتوکوت بکرێ. ئەوە ئەوە نییە کە ئێمە بمانەوێ بقەومێ. ئەوە پلانی بی [ پلانی دووەم ] نییە، ئەوە ئامانج نییە. ئامانج سوورییەیەکی تەواو و یەکگرتوویە کە ئێمە پێی بگەین، کە ئێمە پێی بگەین بە ڕێگای پێواژۆی سیاسی دا، پێواژۆیەک کە دەنگی خەڵکی سوورییە هەڵدەبڕێ، باشە؟

پرسیار: پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە سوورییە. ماوەیەک لەوە پێش نوێنەری تایبەتی برێت مەکگرک سەری لە کۆبانی دا، داخودا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ حەولێکی مرۆڤانەی هەیە بۆ ئاوەدان کردنەوە و ساز کردنەوەی کۆبانێ؟

ئاغای کیربی: دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانی کردنی ئەو شەڕڤانانە لە سوورییە، لە باکووری سوورییەش، کە کاریگەرن لە ڕاونانی داعش دا. و ئەمن پێم وایە یەکێک لە هۆیەکانی کە نوێنەری تایبەتی مەکگرک چووە ئەوێ ئەوە بوو کە بە چاوی خۆی پێشوەچوون لە کۆبانی ببینێ کە لەوێ دەستی پێکردووە. ئەمن ئاگادار نیم لە هیچ جۆرە یارمەتییەکی مادی یان هاوکاری مادی کە لە لایەن دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بکرێ، بەڵام ئیتیلاف بە دڵنیاییەوە بەردەوامە لە پشتیوانی کردن لەو شەڕڤانانەی کە کاریگەرن بە دژی داعش لەو بەشەی سەرەوەی سوورییە دا

پرسیار: پرسیارێک سەبارەت بە عێڕاق؟ داخوادا ئەتۆ ئەو ڕاپۆرتانە پشتڕاست دەکەیەوە کە دەڵێن ئەمریکا داوای لە سەرۆکوەزیری عێڕاق کردووە کە هێزە دەنگدراوە جەماوەرییەکانی شیعە [ حەشدی شەعبی ] هەڵبوەشێنێتەوە؟

ئاغای کیربی: ئەمن ئەو ڕاپۆرتەم نەدیوە. ئەمن دەیبینمەوە
 -
پرسیار: هەڵوێستی ئێوە سەبارەت بەو هێزانە چییە؟

ئاغای کیربی: ئێمە پێشتریش گوتوومانە. ئەمن پێم وانییە ئێمە داوایەکی ئەوتۆمان کرد بێ. ئەمن پێشتریش لەم سەکۆیەوە گوتوومە. ئەو بۆچوونەی کە پێی وا بێ هەر میلیشیایەکی شیعە یان هێزێکی حەشدی شەعبی بە هەر شێوەیەک باسیان بکرێ ، لە لایەن تارانەوە کۆنتڕۆل دەکرێن جا بۆیە لە تەبیعەتی خۆیان دا ئیبلیسین، بۆچوونێکی هەڵەیە. لە ڕاستیدا زۆربەی هەرە زۆری ئەوان هیچ جۆرە پێوەندییەکیان لە گەڵ تاران یان لەگەڵ سپای پاسدارانی ئێران نییە. و زۆر لەو هێزانە دژی داعش شەڕ دەکەن. جا بۆیە ئەمن پێم وا نییە کە ئەو میلشیا شیعانە یەکدەست بن وەک ئەوەی کە هێندێک خەڵک پێیان وایە. ئەمن ئاگاداری هیچ داوخوازێک نیم لە سەرۆکوەزیر عیبادی کرا بێ لە لایەن ئێمەوە یان کەسێکی دیکە لە ناو ئیتیلاف دا کە ئەو هێزانە هەڵوەشێنێ. هیچ هاو ئاهەنگییەکی چالاکانە لە گۆڕێ دا نییە. دەوری ئێمە – دەوری دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەر زەوی – بریتی یە لە پەروەردە کردن و ڕاوێژ پێدانی هێزە ئەمنییەکانی عێڕاق. بەڵام ئێمە سەرۆکوەزیرمان تەشویق کردووە کە باوەشی بۆ هەموو کۆمەڵەی عێڕاق بکاتەوە ، چ شیعە بن و چ سوننی وەک یەک، بۆ حەولدان لە پێناو تێکشکاندنی ئەو گرووپە [ داعش ] دا

تێبینی: ئەو پرسیارانە هەموویان لەلایەن ڕۆژنامەنوسێک ڕا کران کە وێدەچوو کورد بێ


 جومعە  ١١-ی مارس  ٢٠١٦
جان کیربی
 یاریدەروقسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
پرسیار: باشە. سەبارەت بە سوریە، ئایا ئەمڕۆ وەرزیری دەرەوە [جان کێری] دیسان لەگەڵ وەزیری دەرەوە لاڤرۆڤ  قسەی کرد
ئاغای کیربی: با تەماشای کاغەزەکانم بکەم . نا ، ئەمن هیچم پێ نییە -
پرسیار: باشە

ئاغای کیربی: هێچم پێ نییە باسی تەلەفۆنی تێدا بێ
پرسیار: باشە، بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ کرد بێ یان نا، وەزیری دەرەوە لاڤڕۆڤ دیسان ئەمڕۆ گوتی کە کوردەکان دەبێ کورسییەکیان هەبێ لە دەوری مێزی گفتوگۆکان دا و داواش لە ئێوە دەکا-
ئاغای کیربی: ئێ.
پرسیار: – گوشار بێنن بۆ سەر تورکەکان، بۆ ئەوەی، ڕێگا بە هاتنی ئەوان بدرێ. هەلوێستی ئێوە لەو بارەیەوە ئەگەر ئەمن هەڵە نەبم لە ڕابردوو دا  ئەوە بوو ، چەند کوردێک هەنە کە تێکەڵیان لەگەڵ کۆمیتەی بەرزی گوتوبێژ (ئێچ ئێن  سی) هەیە بەڵام کە -
ئاغای کیربی: ڕاستە
پرسیار:  - بەڵام کە گرووپەکانی دیکە – کوردەکان یان – گرووپەکانی دیکە دەتوانن لە جۆرێک لە گوتوبێژەکانی بەلاوە دا بەشداری بکەن ، نەک لە موزاکەرە ڕاستەقینەکاندا، داخوادا هێشتا هەر ئاوایە، یان ئێوە پێتان خۆشە ئەوە لەگەڵ تورکەکان بهێننە گۆڕێ بۆ ئەوەی چارەسەرییەک بدۆزرێتەوە بۆ بەشداری زۆر ڕاستەوخۆتری کورد؟
ئاغای کیربی: تا ئەو جێگایەی ئەمن دەزانم،بانگهێشتن بۆ ئەو خولەی داهاتووی موزاکەرە، وەک خولی پێشوو، پەیەدە وەک بانگ کراوێک ناگرێتەوە، و بە دەم شکڵ گرتنی پێواژۆیەکی بەرفرەوانتری سیاسییەوە، هەر وەک ئێمە لە ڕابردوو دا قسەمان لێ کرد، ئێمە بە دوای دەرفەتی لەبار دا دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەوان چلۆن ببن بە بەشێک لەو پێواژۆیە. دیارە لەکاتێکدا ئەمن ئەوە دەڵێم بێ گومان ئاغای دێ میستورا بە دەم دەستپێکردنی موزاکەرەوە بەردەوامە لە ڕاوێژ و پرس و ڕا کردن لە گەڵ گرووپگەلی جۆر بە جۆری سوورییەی کە لە دەرەوەی گوتوبێژە ڕاستەوخۆیەکان دان، و ئەمن داوات لێ دەکەم پێوەندی بە وییەوە بکەی بۆ وەرگرتنی هەر ووردە ڕیشاڵێک کە ئەو لەوانەیە  لەو بارەیەوە هەیبێ  یان لێی پرسی داخودا پرس و ڕای لەگەڵ پەیەدە یان هەر گرووپێکی دیکە کردووە یان نا. بەڵام لەجێدا، هەڵوێستی ئێمە هەر هەمان هەڵوێستی پێشوویە.

پرسیار: کە وا بوو ئەتۆ پێت وا نییە، بە لەبەرچاوگرتنی گرینگی ئەوان لە گشت ئەوانە دا و کاریگەر بوونیان ، ئێوە تەنانەت باسیشی ناکەن.


ئاغای کیربی: ڕاستە

پرسیار: -  وەک هێزێک لە مەیدانی نەبەرد دا، ئەتۆ بە پێویستیی پێت وا نییە کە ئەوان کورسییەکیان لێ دەوەشێتەوە بە دەوری مێز دا هەر لە سەرەتای ئەو گوتوبێژە لەنزیکانەوە؟

ئاغای کیربی: دیسان ، با چەند شت بلێم.ئەوە بە ئاشکرایی بڕیارێکە کە ئاغای دێ میستورا  دەیدا و دەبێ بیدا.

پرسیار: بەڵام  -

ئاغای کیربی: نا، تێ دەگەم، و ئێمە دەیکەین – ئەوان لە ڕابردوو دا بەشێک لە ڕاوێژ و پرس و ڕاپێکردنەکان بوون. کاتێک ئەوان یەکەم جار لە ژێنێڤ دەستییان پێکرد لەگەڵ پەیەدەش ڕاوێژ و پرس و ڕایان کرد. و تێگەیشتنی ئێمە  ئەوەیە ئەو شێوەیە لە خولی داهاتووی گوتوبێژەکانیش دا درێژەی پێ دەدرێ ، و ئێمە ئەوەمان پێ باشە.بەڵام ئەوانە ئەو جۆرە بڕیارانەن کە دەبێ ئاغای  دێ میستورا  بیان دا ، و ئێمە ڕێز لە پێواژۆیە دەگرین کە ئەو دایڕشتووە.

 پرسیار: باشە، ئێ، بەڵام – کەوابوو ئێوە پێتان خۆشە یان پێتان ناخۆشە گوشار بهێنن بۆ سەر تورکەکان بۆ ئەوەی ئیزن بدەن بە ئەوان [ کوردەکان ] بۆ   ئەوەی لە  دەوری مێزی موزاکەرە دابن ؟

ئاغای کیربی: ئەوە هەیە – ئێمە هێشتا نەگەیشتوونە ئەو  قۆناغەی پێواژۆیەکە.  -

پرسیار
:  باشە، ئەوان دەڵێن ئێوە  لەو ئاستە دان، کە وابوو ئەتۆ دەڵێی نا، ئێمە هێشتا نەگەیشتووینە ئەو قۆناخە.  وایە؟

ئاغای کیربی: لە حاڵی حازر دا ئێمە نەگەیشتووینە ئەو قۆناغە، و دیسان بڵێم، ئێمە ڕێز دەگرین لە –

پرسیار: لەکوێ ئێوە گۆشار دەهێنن بۆ سەر کێ.

ئاغای کیربی: بڕاونە، ئەمن مەبەستمە [بڵێم] ، ئێمە چالاکانە تێوە گلاوین، ئەوەندەی پێمان بکرێ، دەمانەوێ دەستەبەر بین کە پێواژۆی سیاسی بەرەو پێشەوە بچێ. بەڵام ئەوە بە مانای گوشار هێنان بۆ سەر ئەم یان ئەو دەوڵەت – نەتەوە نییە یان گوشار هێنان بۆ سەر ئەم یان ئەو گرووپ.ئێمە دەمانەوێ ئەو موزاکەرەیانە ئەوەندەی دەکرێ بەرهەمدار بن.

پرسیار: ئێ، ئێ. بەڵام – باشە ، ئێوە داوا لە ڕووسەکان دەکەن گوشار بهێنێ بۆ سەر ڕێژیم [ی سوورییە ] – کە هێرشە هەواییەکانی و  ڕابگرێ –

ئاغای کیربی: ئێمە داوایان لێ دەکەین دەستەڵاتی خۆیان بەکار بهێنن لەگەڵ ڕێژیمی ئەسەد دا.

پرسیار:  ئەدی، بە ووردی. باشە ئەوانیش داوا لەئێوە دەکەن دەستەڵاتی خۆتان بە کار بهێنن لە لای – ئەگەر چ دەستەڵاتێکتان هەبێ ، دەستەڵاتی خۆتان بەکار بهێنین لە لای تورکەکان بۆ ئەوەی کوردەکانیش بێنە ناو کایەکەوە.    ئەمن تێ ناگەم. ئەتۆ دەڵێی ئەوە خاڵێک نییە – جێی گوشار هێنان بێ ، ئێوە لەو خاڵە دا نین کە گوشار بهێنن بۆ سەر هیچ کەس، بەڵام گشت پێواژۆکە خۆی ئەوەیە.

 
ئاغای کیربی:ئێمە ڕازین لەو پێواژۆیەی کە ئاغای دێ میستورا  وەڕێی خستووە و ڕاوێژو پرس وڕای  لەبار لەگەڵ گرووپە کوردەکان دەکرێ، هەر وەک ئەوەی لە ڕابردوو دا کراوە. و وەک من گوتم. ئێمە بەردەوام دەبین لە گەڕانی دەرفەتان کە بە دەم بەرەوپێشچوونی ئەو پێواژۆیە دا تێوەگلانی ئەوان بگۆڕدرێ یان نا. ئەوە زۆر – بڕاوانە ، ئەوە پێواژۆیەکی زۆر بە حەڕەکەتە – مات ، ئەتۆ ئەوە دەزانی – و ئەوە تازە خەریکە دەست پێ بکا. و بۆ ئێمە گرینگە – شتی سەرەکی هێنانی – هێنانی گرووپەکانە بۆ ژێنێڤ و دەستپێکردنی موزاکەرەکانە  بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین دەست پێ بکەین هێندێک پێشوەچوونمان هەبێ.

پرسیار: هەر لە سەر عەینی خاڵ،   مەبەستم  ئەوەیە بڵێم ، نابێ هیچ هۆیەک و سۆنگەیەک هەبێ بۆ دەرهاویشتنی کوردەکان لەو موزاکەراتە، بە لەبەرچاو گرتنی بوونیان وەک کەمایەتییەکی بە ژمارە زۆر، و بوونیان وەک شەڕڤانی کاریگەر بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام و لەوانە، و ئەوان بەشی مەشرووعیان بەو کەیسەوە هەیە . ئەگەر لە بەر ڤێتۆی تورک نەبێ ، دەبێ چ هۆیەکی دیکە هەبێ. بۆچی دەبێ ئەوان بە شێوەیەک لەو موزاکەرەیانە دەربهاوێژرێن؟

ئاغای کیربی
: بڕوانە، ئەمن دەکرێ پێزانیی خۆم دەرببڕم کە ئەتۆ دەتەوێ لێرە دیکتەی بکەی کە بە ووردی کێ دەبێ لە دەوری مێزی بێ و کێ نەبێ ، و ئەمن -

پرسیار
:  نا، ئەتۆ لێم تێ ناگەی . ئەمن لە پرێنسیپ دا دەڵێم . ئایا لەگەڵ ئەوە دا نی ؟

ئاغای کیربی: نا ئەمن ئەوە ناکەم. لەوێ – ئێمە لە قۆناخێکی ناسک داین لێرە دا و ئێمە دەستپێدەکەین کە ئەو موزاکەرە لە نزیکانەوە وەڕێ بخەین و ئێمە لە دەستپێک داین.ئێمە حەول دەدەین دیسان ئەوان دەست پێ بکەینەوە. ئێمە دەمانەوێ ڕێز لە هەڵوێست و لە دەستەڵاتی ئاغای دێ میستورا بگرین بۆ ئەوەی ئەو موزاکەرە لە نزیکانەوە بەڕێوە بەرێ بەشێوەیەک کە ئەو خۆی بیری لێ دەکاتەوە کە باشترێن شێوە بێ بۆ ئەوەی سەر بگرێ. و تا ئەو جێیەی ئێمە بزانین ، کاتێک ئەوان بانگهێشتەنەکانیان نارد ، لە ناو بانگکراواکان دا پەیەدە نەبوو، هەر وەک ئەوەی کە ئەوان جاری پێشووش بانگ نەکران. ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە ڕاوێژ و پرس و ڕای وی لەگەڵ پەیەدە بەرەو پێش ناچێ . بە گردبرێ هیچ شتێکی ئاوا لە گۆڕێ دا نییە، وەک ئەوەی مات بە ئارامی وەبیری هێنامەوە، ئەمن گوتوومە ئەوان کاریگەر بوون بۆ ڕاوەدوونانی داعش لە نێو خۆی تورکییە دا و ئێمە ڕێز لە ئەوە دەگرین بەڵام ئەوە پێواژۆیەکی  جیاوازە لە شەڕ کردن بە دژی داعش. ئەوە پێواژۆیەکی سیاسییە کە بەرەوپێش دەچێ و حەول دەدا کۆتایی بهێنێ بە شەڕی ناوخۆ. و ئاغای دێ میستورا دەزانێ کە چ دەکا. ئەو ستراتێژییەکی هەیە لە مەڕ ئەوەی ئەو موزاکەرەیانە دیسان چۆن بکرێنەوە، و ئێمە دەمانەوێ ڕێز لەوە بگرین.ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە لە داهاتوو دا لە قۆناخێک دا  ئەوە ناکرێ – لەو ڕووەوە زۆر هەمووگرەوەتر نابێ . ئێمە ئێستا دەبێ ببینین کە شتەکە چۆن هەڵدەسووڕێ.

پرسیار: تورکییە؟

پرسیار: دەتوانین بچینە سەر -
ئاغای کیربی: ئەدی.
پرسیار: نووچەگەهانی ئێرتی [ تێلێڤیزیۆنی ڕووسییە  بە زمانی ئینگلیسی ]  ویلیام وایتمان  چووە شاری جزیرێ لە تورکییە. و  یەک لە چەند ڕۆژنامەنووسێکی زۆر کەم بوون کە چوونە ئەو شارە بە زۆربە کوردنشینە دوای ئەوەی  ئەڕتەشی تورکییە  لەوێ بە دژی پ.ک.ک.عەمەلییاتی بەڕێوە برد. و [ خەساری ] مادی -  ئەو گرتە ڤیدێئۆیانەی  ئەو لەوێوە ناردوویە -  زۆر ترسێنەرن.لە نێوە ئەو هەموو تێک وپێک دانە دا ، لە ناو شتی دا، خەڵکی جزێرێ ژێرخانی ئەو بینایەیان پێ نیشان دا  کە گوتیان لەوێ نزیکەی ٥٠  بەدەنیان بە سەر بڕاوی و بە سووتاوی  دۆزیوەتەوە. ئەمن دەزانم دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە ئۆپێڕاسیۆنەکانی تورکییە کرد بە دژی پ.ک.ک.،بەڵام  داخودا ئێوە بانگەوازی دەکەن بۆ لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە ئەو شتەی تورکییە کردوویە سووچی شەڕە یان نا؟

 ئاغای کیربی: ئەمن ئەو ڕاپۆرتەم نەدیوە یان ئەو ڕاپۆرت کردنە، جا بۆیە لە هەڵکەوتێکی ئاوا نیم بە ووردە ڕیشاڵ باسی ئەوە بکەم جگە لەوەی نەبێ کە لە کاتێکدا ئێمە بە دڵنیاییەوە  بە مافی تورکییە دەزانین بەرگری بکا لە خۆی  بە دژی تێرۆریستان – و پ.ک.ک.ڕێکخستنێکی تێرۆریستی یە کە ئێمە ئاوای دەناسین – ئێمە هەر وەها – ئەمن زۆر جار لەو مینبەرەوە ڕامگەیاندووە – داوامان لێ کردوون [ لە تورکییە ] کە بە پێی قانوونی نێونەتەوەیی  و ئەو بەرعۆدەییانەی هەیانە بجووڵێنەوە. و ئەمن ناتوانم سەبارەت بەو ئیدیعا تایبەتییانە بدوێم  و سەبارەت بە  ڕاست و دروستی ئەوان.بەڵام ئەمن دەتوانم پێت بڵێم کە لەگەڵ تورکییە و ڕێبەرانی تورک زۆر ڕەپ و ڕوو بووین لە مەر ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێ ئەوان چۆن ببینین  بۆ بەجێ هێنانی بەرعۆدەییەکانیان لە ئاستی نێونەتەوەیی و لە ئاست خەڵکی خۆیان دا.

پرسیار:  ئەگەر ئەتۆ ڕاپۆرتەکە ببینی ، ئەگەر گوێت لەو ئیدیعایانە بێ، بانگەوازی دەگەی بۆ لێکۆڵینەوە –   لە وانەیە لێکۆڵینەوەیەکی نێونەتەوەیی -

ئاغای کیربی: ئەمن دەمەودەست ناتوانم ووڵام بدەمەوە – ئەوە پرسیارێکی  فەڕزی یە کە حاڵی حازر ئەمن ناتوانم  بیری لێ بکەمەوە .


No comments: