Sunday, February 28, 2016

زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا

 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی  وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
دووشەمە ٢٢-ی فێڤرییە  و جومعە  ٢٦-ی فێڤرییەی ٢٠١٦
ڕۆژانی سێشەمە و چوارشەمە و پێنجشەمە چ کۆنفڕانسی چاپەمەنی نەکرا
مارک سی. تۆنر: ئێمە پێداگریمان لەگەڵ تورکییە کردووە تۆپ بارانی ئەو بەری سنوور ڕابگرێ
دووشەمە ٢٢-ی فێڤرییەی ٢٠١٦
مارک سی. تۆنر
جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
....
پرسیار: ئایا ئەو ڕێکەوتنە بۆ ڕاگرتنی دۆژمنکاریی کردەوەکانی تورکییەش دەگرێتەوە؟
ئاغای تۆنر: مەبەستت چییە، تۆپ باران کردنی ئەو بەری سنوور؟
پرسیار: بەڵێ، تۆپ باران کردنی کوردەکانی سوورییە .
ئاغای تۆنر: ئێمە بانگەوازیمان بەرز کردووەتەوە – پێداگریمان لەگەڵ تورکییە کردووە تۆپ باران کردنی ئەو بەری سنوور ڕابگرێ.
پرسیار: بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەو ڕێکەوتنەی [ لە نێوان ئەمریکا و ڕووسییە] کراوە داخودا تورکییەش وەبەر دەگرێ؟
ئاغای تۆنر: مەبەستم ئەوەیە، دیسان، ئێمە پێمان خۆشە کە ڕاگرتنی دوژمنکاری ڕاگرتنی گشت دوژمنکارییەکان بێ لە سەر زەوی -
پرسیار: دەزانی، سەرۆک کۆماری تورکییە ئەردۆغان گوتی تورکییە مافی ئەوەی هەیە لە نێو سوورییە دا ئۆپێڕاسیۆن ئەنجام بدا بە دژی هێزە کوردەکان چونکە ئەوان لەو باوەڕە دان ئەوان تێڕۆریستن. بەڵام لە بەر ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوان بە تێڕۆریست نازانێ ، پێت وایە تورکییە مافی هەیە شتێکی ئاوا بکا؟
ئاغای تۆنر: ئەوەی ئێمە گوتوومانە، و ئێمە حەوتووی پێشووش گوتمان و سیاسەتمان لەو ڕووەوە نەگۆڕاوە ئەوەیە کە ئێمە لە سەر ئەو باوەڕەین یەپەگە سەر بە پ.ک.ک. نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لە نیگەرانییەکانی تورکییە لەمەڕ پ.ک.ک. و تێڕۆریسم لە سەر زەوی و مافی تورکییە بۆ بەرگری لەخۆی تێ دەگەین، بەڵام ئێمە پێداگریمان لەگەڵ کردووە کە تۆپ بارانی ئەو بەری سنوور ڕابگرێ. ئێمە هەر وەها بە یەپەگەشمان گوتووە دەبێ کردەوەی ئەوتۆ ڕابگرێ لە سەر زەوی لە ناو و لە دەور و بەری حەڵەب دا کە، بە ئاشکرایی بیڵێم تەئیسری پێچەوانەیان هەیە لە سەر هەلومەرج لە سەر زەوی و کەمتر کردنەوەی گرژی هەلومەرج لە سەر زەوی.
پرسیار: نا -
ئاغای تۆنر: جا – ببوورە ، با قسەکەم تەواو کەم. وەکوو بەشێک لە ڕاگرتنی دوژمنکارییەکان ، پێویستە لە سەر گشت گرووپەکان دە نێو سوورییە دا یا ئەوە قەبووڵ بکەن یان نەیکەن ، و ئەگەر ئەتۆ قەبووڵ بکەی یان ئەگەر قەبووڵ نەکەی – ئەگەر ئەتۆ دەست بگێڕییەوە لە بەشداری کردن، ئەو دەمی بە سەری خۆت بڕیار دەدەی و بە ڕوونی دەڵێی کە ئەوە قەبووڵ ناکەی، و دوا جار ئەوە بڕیاری هەر کام لە گرووپەکانە لە سەر زەوی ، جا ئەوە چ [هێزی] ڕێژیم بێ لە سەر زەوی، یان هێزی ئۆپۆزیسیۆن ، هەر کەسێک. بەڵام لە سەریان پێویستە کە ئەو بەرعۆدەییانە ڕەچاو بکەن و ڕاگرتنی دوژمنکارییەکان قەبووڵ بکەن. بەڵام ئێمە لەو [هەڵوێستەمان ] دا زۆر ڕوون بووین دەمانەوێ ببینین تورکییە تۆپ باران کردنەکانی ڕادەگرێ.
پرسیار: بۆ ڕوون بوونەوە: ئەو ووڵامەی بە پرسیارەکەت دایەوە نایە، واتە تورکییە مافی ئەوەی نییە هیرش بکاتە سەر یەپەگە لە سوورییە؟
ئاغای تۆنر: دەی جا -
پرسیار: ئایا ووڵامەکە نایە [ یانی حەقی نییە ]
ئاغای تۆنر: ، نا، نا، باشە، پرسیارەکەت تەواو لە جێی خۆی دایە و پرسیارێکی تەواوە. ئەمن تەنێ دەڵێم ئێمە بەڕوونی ئەوەمان بە تورکییە گوتووە لەکاتێکد لە نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە یەپەگە تێدەگەین ، دەمانەوێ تۆپ باران کردنەکان ڕابگرن.
تکایە.
پرسیار: دەمەوێ لەو پرسیارە زیاد کەم -
ئاغای تونر: باشە ، فەرموو
پرسیار: مەبەستمە پرسم. چ دەبێ ئەگەر هاتوو بەردەوام بێ و لە ڕاستیدا بۆمبارانەکانی خۆی چڕتر و ڕژدتر بکا؟ ئێوە چ دەکەن؟ ئایا دیسان بانگەوازی بەرەو ئەوان بەرز دەکەنەوە، ئەگەر هاتوو داوخوازی ئێوەیان وەدوا داوە، ئێوە چ دەکەن؟
ئاغای تۆنر: دەزانی ، تورکییە ئەندامێکی گرووپی نێو نەتەوەیی پشتیوانی سوورییە ( ئائ ئێس ئێس جی) واتە گرووپی شەریکەبەشان ە . جا ئەگەر ئەتۆ بەشێک لەوە بی، ئەتۆ دەبێ – ئەتۆ بەرعۆدە بووی کە ڕاگرتنی دۆژمنکارییەکان ڕەچاو بکەی – جا دیسان، ئەو – ئێمە زۆرمان لەو بارەیەوە قسە کردووە – هەر تەنێ – ئێمە بە دڵنیاییەوە زۆر جار ئاماژە بە ڕووسییە ، و ئەندامەکانی دیکەش دەکەین ، کە ئێمە پێمان وایە ، لە سوورییە کاری وا دەکەن کە تەئسیری پێچەوانەی هەیە ، بەڵام پێویستە لە سەر هەموو ئەندامانی ئای ئێس ئێس جی کە ڕاگرتنێکی دوژمنکارییەکان قەبووڵ بکەن.
پرسیار: با بگەڕێینەوە سەر پرسی کوردەکانی سوورییە ، تکایە.
ئاغای تۆنر: باشە، فەرموو
پرسیار: لە سەر ئەو قسەیەی بۆتەینا شەعبان دەڵێی چی، ڕاوێژکاری بەشار ئەسەد کە گوتی کوردەکانی سوورییە ، پەیەدە ، هاوکاری دەکەن لەگەڵ ئەڕتەشی سوورییە و لەگەڵ هێزی هەوایی سوورییە، هێزی هەوایی حکوومەت ، لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوورییە بۆ ئازاد کردنیان، بۆ ئازاد کردنی ئەو ناوچانە لە تێرۆریسم؟ لێرە قسەی ئەو تەواو دەبێ. بۆچوونت چییە لە سەر ئەوە، و ئێوە لەو باوەردان کە ئەم پەیەدە کوردانە لە ڕاستیدا هاوکاری دەکەن لەگەڵ ڕێژیم؟
ئاغای تۆنر: نازانم- ڕاستت بوێ ئەمن چ داوەرییەکم نییە بیکەم لەو بارەیەوە. ئەتۆ باسی ناوچەی تایبەتی دەکەی لە ناو و لە دەوروبەری حەڵەب. ئێمە بووین – و پێم وایە ئێمە زۆر ڕەپووڕوو بوو بووین سەبارەت بەو ڕاستییە کە ئێمە هێندێک جووڵانی یەپەگەمان دیوە لە ناو حەڵەب و دەوروبەری کردوویە، کە لەوێ وا وێدەچێ خاکیان گرتبێ، و پێمان وایە ئەوە تەئسیری پێچەوانەی هەیە. لەگەڵ ئەوەش، ئێمە زۆر بە ڕوونیش گوتوومانە کە ئەو گرووپانەی یەپەگە، کوردەکان، کوردەکانی سوورییە کە زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی سوورییە شەڕ دەکەن. لە ڕاستییدا هێزی هەرە کاریگەرن لە شەڕ بە دژی داعش دا و ئەو خاکە دەئەستێننەوە کە داعش گرتبوونی.
پرسیار: بە ڕواڵەت – تەنێ پرسیارێکی دیکە لە سەر ئەوە. تورکییە نەک ئەوەی کە پێی وایە مافی هەیە لە کوردەکانی سوورییە بدا، بەڵکوو چاوەڕوانی ئەوەشی هەیە ئەمریکاشی لەگەڵ بکەوێ بۆ ئەو لێدانە. سەرۆکوەزیری تورکییە گوتی: ، و ئەمن قسەکەی وەک خۆی دەگێرمەوە، " تەنیا چاوەڕوانییەکی کە ئێمە لە هاوپەیمانی خۆمان ئەمریکا هەمانە ئەوەیە کە پشتیوانی تورکییە بکا بێ هیچ ئەمما و ئەگەرێک " ، باشە ئەمریکا ئامادەیە بێ هیچ شەرتومەرجێک پشتیوانی لە تورکییە بکا، بێ ئەمما و ئەگەر؟
ئاغای تۆنر: ئێمە ئامادەین پشتیوانی بکەین لە جێبەجێ کردنی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی هێدیایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕاگرتنی دوژمنکارییەکان کە لە میونیخ ڕێکەوتنی لە سەر کرا و ئەمڕۆ وە ڕەسمییەت خرا بە ڕێگای هێزی ئامادەوە، ئەوە ئەم شتەیە کەئێمە جەختی لە سەر دەکەین – ئەوەی ئێستا کاری لە سەر دەکەین جێبەجێ کردنی ڕاگرتنی دوژمنکارییەکانە، وئەو چالنجەی ئەوە لەگەڵ خۆی دەهێنێ بۆ ئەوەی بتوانین بگەین بە پێواژۆیەکی سیاسی، جگە لەوە ئێمە لەگەڵ تورکییەش کار دەکەین – وەک ووڵاتێک دە ناو زۆر ووڵاتان دا کە بەشێکن لە دژی داعش، ئیتیلافی دژی داعش . ئەوە شەڕێکی جیاوازە، حەولدانێکی جیاوازە، بەڵام حەولێک کە دەبێ درێژەی پێ بدرێ و بەردەوام بێ.
تکایە.
پرسیار: مارک ، هەر بۆ ڕوون بوونەوە.
ئاغای تۆنر: فەرموو
پرسیار: مارک ، ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پەیەدە -
ئاغای تۆنر: باشە، فەرموو
پرسیار: - لە ماڵپەڕی ڕێنوێنی دژی تێڕۆریسمی حکوومەتی ئەمریکا دا دەڵێ – یانێ شی کردنەوەی پ.ک.ک. لە ژێر سەر دێڕی ک.ج.ک. دا دەکا و دەڵێ ڕێکخراوی سەر بە ک.ج.ک. لە سوورییە پەیەدە یە. و ئەو هاتووە لە ساڵی ٢٠١٤ دا کەوتووەتە ناو ماڵپەڕی حکوومەتی ئەمریکاوە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ ، ناوی پەیەدە لە بن سەردێڕی ک.ج.ک. سڕدراوەتەوە و نەماوە. ئەمن دەمەوێ بپرسم لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، پ.ک.ک و پەیەدە بەیەک بەسترابوونەوە، ئەوان پێوەندیان هەبوو ، بەڵام بە پێی ماڵپەڕی حکوومەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکان ئەوان لە ساڵی ٢٠١٥ ئەو پێوەندییەیان بڕیوە. ئەمن پێم خۆش بوو چیرۆکی ئەوە بزانم.
ئاغای تۆنر: ، ئەدی، ئەمن ئەو چیرۆکەم بیستووە، لە ڕاستییدا ئەمن چاوم لەو ماڵپەڕە نەکردووە و کۆ بەڵگەکانەم نەدیتووە. مەبەستم ئەوەیە، بڕوانە، بۆ ئێمە – لە نێو وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا دا، پێواژۆیەک هەیە، بە دڵنیاییەوە کە – و – کە بە ڕەسمی ڕێکخستنە تێرۆریستە بێگانەکان نێو زەد دەکا یان هەر ڕێکخستنێک وەک ڕێکخستنی تێرۆریستی بێگانە، ئەوە جۆرەیەک ستانداردی زێرێنی ئێمەیە ، کە ئێمە چلۆن و بە چ شێوەیەک ڕێکخسنە تێرۆریستەکان دەناسێنین. جا بۆیە ئەمن ناتوانم لە سەر ئەوە قسە بکەم کە ماڵپەڕێکی تایبەتی یان دەستگایەکی تایبەتی [ حکوومەتی ] چۆنی باسی یەپەگە کردووە یان دە چ کاتەگۆرییەکی دا داناوە. ئەوە بۆ من ڕوون نییە.
پرسیار: بەڵام داخودا هیچ شتی دی هەیە دەوڵەتە یەکگرتووەکان بیکا بۆ ئەوەی تورکییە تۆپ باران کردنی کوردەکانی سوورییە ڕابگرێ یان هەر تەنێ ئەوەیە کە بە شەرمەوە بڵێ " تورکییە، تکایە ، لێدانی کوردەکانی سوورییە کۆتایی پێ بدە، ئەوان هاوپەیمانی ئێمەن" ؟
ئاغای تۆنر: ئەمن بەوە نازانم ئێمە قەت شەرممان لە تورکییە یان لە هەر شەریک و هاوپەیمانێکی بە هێزی دیکەی خۆمان کردبێ، و تورکییە شەریکێکی بەهێز و هاوپەیمانێکی ناتۆیە و ئێمە زۆر بە ڕاشکاوی -
پرسیار: ئەوە قسەیەکە هەر دەگوترێ و دەگوترێتەوە – ئەوەمان بیستووە.
ئاغای تۆنر: ڕێگام بدە با قسەکەم تەواو کەم. ئێمە زۆر بە ڕاشکاوی بیرو ڕایان لەگەڵ ئاڵوگۆڕ دەکەین سەبارەت بە چالنجەکانی سەر ڕێگای تێکشکاندنی داعش، - و بە دڵنیاییەوە چارسەر کردنی کێشە یان ، دروستتر ، بە لا داخستنی کێشەی سوورییە. ئێمە شەرم ناکەین، ئێمە شەرم ناکەین لە دەربڕینی نیگەرانییەکانمان یان ئەوشتانەی کە سەرەتییان پێ دەدەین، یان ئەوەی کە ئێمە هەست دەکەین و لەو باوەڕە داین ڕاستییەکانن لە سەر زەوی واقیع دا. ئێمە لە سەر ئەوە لەگەڵ تورکییە بەردەوام دەبین، هەر وەک ئەوەی کە لەگەڵ هەموو ئەندامان وشەریکەبەشانی گرووپەکەی دەکەین. چ بریتانیا بێ، چ ڕوسییە، هەر کەس بێ. مەبەستمە بڵێم، بەشێک لە ئەرکی گرووپەکە ئەوەیە هەموو شەریکەبەشەکان بهێنێتە تەنیشت یەکتری و ڕێگا بە هەموومان بدا بڵێین ئەوەیە کە ئێمە پێمان وایە ڕێگایە بەرەو پێشەوە و لە سەر بنەمای ئەوە تەوافوق هەڵنێین.

مارک تۆنر: نا، نا هەڵوێستی ئێمە لە سەر یەپەگە نەگۆڕدراوە!
جومعە ٢٦-ی فێڤرییەی ٢٠١٦
مارک سی. تۆنر
جێگری قسەوێژی کاروباری وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی
پرسیار: کالین کەمپل تئ ئارتی ۆڕلد . ئەدی
ئاغای تۆنر: سەبارەت بە پێشوەچوونی پێوەندی ئێمە؟
پرسیار: لەگەڵ یەپەگە .
ئاغای تۆنر: مەبەستم، ئەدی، بە دڵنیاییەوە -
پرسیار: ئایا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە پێوەندییەکانتان دا بووە؟ ئایا ئەو پێوەندییانە زۆر بە ئیحتیاتریان لێ هاتووە؟ دەکرێ بڵێی چ جۆرە پێیوەندییەکن؟
ئاغای تۆنر: داخودا دەپرسی ئەوان بە ئیحتیاتر بوون؟
پرسیار: داخودا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر بە ئیحتیاتر هەلسوکەوت دەکا لە پێوەندییەکانی دا لە گەڵ یەپەگە ؟ دەکرێ -
ئاغای تۆنر- چاکە – باشە، مەبەستم ئەوەیە، بڕێک زیاتر ئەوە شی کەمەوە . ئێوە دەزانن کە ئێمە پشتیوانیمان لە یەپەگە کردووە وەکوو بەشێک لە گرووپێکی گەورەتر، کە زیاتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوورییە دا چالاکیان بووە ، دە ڕاستیدا زۆر کاریگەرانە لە بەرانبەر داعش دا ڕاوەستاون و ڕەپاڵیان ناوە. ئەوان سەلماندوویانە شەڕڤانانی زۆر بە قابیلییەتن. لە ڕاستیدا ، بەشێک، لە دیسان بیر لێ کردنەوەی ئێمە سەبارەت بە ئەوەی کە چۆن بە دژی داعش نەبەرد بکەین بریتی بووە لە دانی پشتیوانی زیاتر ، زیاتر بە ڕێگای هێرشی هەوایی دا – پشتیوانی لەو گرووپانە لەسەر زەوی بە ڕێگای هێرشی هەوایی، کە یەپەگەش لەو گرووپانەیە. ئەوان سەلماندوویانە زۆر کاریگەر بوون دە ناو گرووپەکانی دیکە دا. ئاشکرایە، هەر وەک ئەوەی تۆ دەزانی، لەو ڕووەوە ئێمە و تورکییە ڕێک نەبووین کە داخوادا ئەوان بەستراونەتەوە بە پ.ک.ک. یان نا، کە ئێمە بە ڕێکخستنێکی تێرۆریستی بێگانەی دەزانین – ڕێکخستنێکی بێگانەی کە بە تێرۆریستی دادەنێین. ئێمە لە سەر ئەوە لەگەڵ تورکییە زۆر قسەمان کردووە. ڕوانگەی ئەوان لەو بارەیەوە جیاوازە. بەڵام [هەڵویستی] ئێمە لە ماوەی چەندین حەوتووی ڕابردوو دا زۆر ڕوون بووە کاتێک ئێمە تاکوتەرای یەپەگەییمان بینیوە لە ناو و لە دەورو بەری حەڵەب دا کە خاکیان گرتووە کە ئێمە لەو باوەڕە دا بووین کە ئەوە بارودۆخەکە خراپتر دەکا، و داوامان لێ کردن کە ئەو کردەوانە - کەم بکەنەوە یان ڕایان بگرن.
جا لەمەڕ پێشوەچوونی پێوەندیی ئێمە لەگەڵ یەپەگە - بڕوانە، ئێمە هێشتا ئەوان بە هێزێکی شەڕکەری کاریگەر دەزانین کە زۆر کاریگەرانە داعش ڕاو دەنێ لە زۆر ڕووەوە و لەزۆر بەشی سوورییە دا ، و ئێمە بەردەوامین لە سەر پشتیوانی خۆمان لەو حەولانە، بەڵام ئەوە هەمیشە لە سەر بنەمای ئەو لێ تێگەیشتنە بووە کە ئەوان خاک ناگرن یان ئەوەی کە دەست بە سەر خاکێک داناگرن ، بەڵکوو، خاک ڕزگار دەکەن کە دەکرێ بدرێنەوە بەو گرووپانەی کە لەوێ جێ گۆڕکەیان پێ کراوە و هەڵکەندراون.
پرسیار: و کە وا بوو ئێوە نزیک نین لەوەی ئەوان بە ڕێکخستنێکی تێرۆریستی دابنێن و نێوزەدیان کەن؟
ئاغای تۆنر: نا، نا،
پرسیار: ئی تورکییە -
پرسیار: مارک ( ووشەیەک نابیسترێ)
پرسیار: و ئەوە نابێ؟
ئاغای تۆنر: ببوورە – ئەوە زۆر – ئەمن تەنێ حەوڵم دا زۆر بەکورتی ووڵام بدەمەوە، بەڵام دەکرێ بڵێم ئەوە پێواژۆیەکی درێژی پێ دەوێ هەتا ڕێکخستنێک وەک تێرۆریست نێوزەد بکرێ واتە ڕیکخستنێکی تێڕۆریستی بێگانە. ئێمە هیچ بیریێکی ئاوامان نییە سەبارەت بە یەپەگە. ئێمە لەو باوەڕە دانین کە ئەوان گرووپێکی ئاوا بن.
پرسیار: پرسیار لەمەڕ ئیحتیات و گۆڕانی بۆچوون، قسەوێژی سەرۆک کۆماری تورکییە ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە تورکییە جۆرە گۆڕانێک دەپێوەندیی نێوان ئێوە و یەپەگە دا دەبینێ و ئێستا ئێوە لەو ڕووەوە زۆر بە دیقەتترن. داخودا ئەتۆ لەگەڵ هەستی وی ڕێکی- هیچ گۆڕانێک بووە ؟
ئاغای تۆنر: نا، مەبەستم ئەوەیە ، ئەمن – دیسان ، ئەمن پێم وایە ئەگەر پرسیار ئەوەیە داخودا ئێمە ڕوانگەی خۆمان گۆڕیوە یان-
پرسیار: بۆچوون؟

ئاغای تۆنر: هەڵوێست یان بۆ چوونی خۆمان لە سەر یەپەگە گۆڕیوە؟ ئەمن دەڵێم نا. ئێمە هەمیشە [هەڵوێستمان] تا ڕادەیەک ڕوون بووە – چاومان لەوە بووە ئەوان لە کوێ کاریگەرن، لە کوێ ئەوان لە پشتیوانی ئێمە کەلک وەردەگرن، و لە کوێ، لە هێندێک ناوچە – و ئەمن باسی حەڵەبم کرد – کە ئێمە پێمان وایە هێندێک لە کردەوەکانی ئەوان – و ئەوانە گرووپی جیاوازن، ئاشکرایە گرووپی جیاوازی یەپەگە کە لە هێندێک لەو ناوچانە ئۆپێڕاسیۆن دەکەن. هێندێک لەوان بەیەکەوە نەبەستراونەتەوە – بەشێک لەو بارو دۆخە پێچەڵپێچە کە ئێمە لەوێ لە سەر زەوی هەمانە ٠ بەڵام هەڵویستی ئێمە زۆر ڕوون بووە کاتێک پێمان وا بووە کردەوەکانیان تەئسیری پێچەوانەیان هەبوە. جا بۆیە ئەمن ناڵێم چ گۆڕانێک بووە لە هەڵوێستی ئێمە دا .

No comments: