Friday, February 5, 2016

ووتاری یای کاتیی پیری لە پارڵمانی ئوڕووپا

ووتاری یای کاتیی پیری  ئەندامی گرووپی هاوبەندیی پێشکەوتووی سۆسیالیستان و دێمۆکڕاتان لە پارڵمانی ئوڕووپا، زانیاریدەر ( ڕاپۆرتۆر) لە سەر پێواژۆی خۆ گونجاندنی تورکییە لەگەڵ بنەماکانی ئەندامەتی لە یەکێتیی ئوڕووپا ، لە دوازدەهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردەکان دا ، برووکسێل ٢٦-٢٧ی ژانڤییەی ٢٠١٦

چوارشەمە ٢٧ی ژانڤییەی ٢٠١٦

کاتیی پیری: بەیانی هەموولایەکتان باش! ئەمن زۆر خوشحاڵم بانگ کراوم بۆ بەشداری لەم کۆنفڕانسە دا. پێم وایە – ئەمن دەزانم کە ئێوە هەموو ساڵێک کۆنفڕانسێکی ئەوتۆنان هەیە – لە کۆتایی ساڵ دا بەسترانی باشترە لە ئێستا. ئێستا خەریکی تەواو کردنی ڕاپۆرتی ساڵانەم لە مەڕ تورکییە ، دیارە دوایین کاتی کە بۆم داندراوە ئەمڕۆیە کە بنێردرێ بۆ وەرگێڕان بۆ ئەوەی بڵاو بکرێتەوە. یارمەتیدەرەکەشم لێرە ئامادەیە بۆ گشت ماوەی ئەو دوو ڕۆژە بۆ ئەوەی ئیلهام لە قسەکانتان وەربگرێ بۆ ئەوەێ بکرێ لە ڕاپۆرتی پارڵمانی ئوڕووپا بە تایبەتی لەمەڕ تورکییە بگونجێندرێ. ئەمن زیاتر داوام لێکراوە باسی یەکێتیی ئوڕووپا بکەم وەک پڕۆژەیەکی ئاشتی. هەڵبەت ئێمە هەموومان دەزانین کە یەکێتیی ئوڕووپا وەک پڕۆژەیەکی ئاشتی دامەزرا. لە نێو سنوورەکانی دا  ئەوە هۆی دامەزرانی بوو. ئێستا ئەوە دەبینم فرێدرێکێ ش لێرەیە و ئەوە دەستی بۆ هەڵدەتەکێنم؛ سڵاوت لێ بێ. – ئەمن لەوەتی لە تورکییە دەر کراوە نەم دیتووە و خۆشحاڵم لێرە دەیبینم – من بابی خۆم پەنابەرێکی ساڵی ١٩٥٦ بوو لە مەجارستانەوە . ساڵی ١٩٧٩ لە مەجارستان لە دایک بووم  کە ئەو دەمی هێشتا ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا نەبوو. جا ئەمن لە مێژووی خۆم ڕا دەبینم کە چۆن ئوڕووپا لە ڕووی نێوخۆییەوە پڕۆژەیەکی ئاشتی بوو و لەو گۆشە نیگایەوە ئەمن پێم وایە گەورە کردنەوەی ئەو یەکێتیی یە سیاسەتێکی هەرە بەهێزی دەرەوەییە کە یەکێتیی ئوڕووپا بەرەو پێشی بردووە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەیبینین ئەوە دیارە پێوەندی یەکێتیی ئوڕووپا و تورکییەش دەگرێتەوە ئەویش ئەوەیە کە ئەو سیاسەتە دەرەوەییە  سەرنجڕاکێشانی لە دەست داوە تا ڕادەیەک. ئێمە ئەوە هەم لە باڵکان و هەم لە تورکییە دەبینین  لای ووڵاتانی کاندیدای ئەندامەتی و لە لایەکی دیکەشەوە  ووڵاتانی کاندیدا جار جار ئیشتیای خۆیان بۆ رێفۆرم و چاکسازی لە کیس دەدەن و ئەوە شتێکی دوو لایەنەیە و ئێمە ئەوە لەمەڕ تورکییە دەبینین. ئەگەر ئێمە لە ماوەی دەساڵی ڕابردوو بڕوانین ، ڕاستە بە بەراوەرد کردن لە گەڵ دە ساڵ لەوە پێش شتێکی زۆر وەدەست کەوتووە لەو ووڵاتە، بەڵام ئەگەر ئێستا تەماشای سێ چوار ساڵی ڕابردوو بکەین  پێم وایە هەموو کەس لەم ساڵۆنە دا لە سەر ئەوە ڕێکە ئێمە بەرەو پاش چوونێک دەبینین تا ئەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر رێفۆرمی دێمۆکڕاتیک  و ئەوەش بۆ ووڵاتێکی کاندیدای ئەندامەتی جێی نیگەرانییە. تا ئەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا و پڕۆژەی ئاشتی لەوێندەرێ ، هەڵبەت ئاشکرایە یەکێتیی ئوڕووپا کاتێک بەهێز دەبێ کە یەکگرتوو بێ ، ئەگەر تەماشای سوورییە بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێمە وەک یەکێتیی ئوڕووپا یەکگرتوو وەبەرچاو دێین ، هەڵبەت ئێمە یەکگرتووین لە شەڕ بەدژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام ، ئەمن پێم وایە ئەگەر ئێوە گوێ لە ووشەکانی پاریس، بێرلین  و لەندەن بگرن بژاری جیاواز دەبیستن تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە سەر چارەسەرییەک بۆ کێشەی سوورییە و هەڵبەت ئەوەش لە سیاسەتی دەرەوەیی دا هەمیشە یەکێتیی ئوڕووپا لاوازتر دەکا کاتێک کە ٢٨ ووڵاتی ئەندام و بەتایبەتی دەوڵەتە گەورەترەکان لەیەک دادەبڕێن ئەوە دەوڵەتە ئەندامەکان بەهێزتر ناکا.
ڕێگام بدەن بە تایبەتی بێمە سەر باسی پێواژۆی ئاشتیی کورد. هەڵبەت  ئەمن هەمیشە ئەو بابەتە لەچوارچێوەی تورکییە  دا باس دەکەم ، بەڵام دەزانم ئێوە لەو کۆنفڕانسە دا لە ڕوانگەیەکی بەربڵاوتر دا لەو دۆزە دەڕوانن. بۆ من  و لە چوار چێوەی کاری من دا تورکییە هەمیشە جێگای سەرنجی سەرەکی بووە. لە ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی پارڵمانی ئوڕووپا دا کە ماوەیەکی کورت بەر لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیران دەنگی لە سەر درا، پێواژۆی ئاشتی شتێک بو کە ئێمە لە ڕاپۆرتەکەدا گوتمان کاریکی پۆزیتیڤە کە حکوومەت پێیەوە دەچارێ و ئێمە مەودایەکی سێ ساڵەمان بەدی کرد کە هێشتا هیوایەکی زۆر هەبوو کە دەکرا پێشوەچوون بکرێ. هەڵبەت دوای هەڵبژارنەکانی حوزەیران و بە هاتنی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان بۆ نێو پارڵمان و تێپەڕاندنی لە بەندی دە لە سەدی دەنگان کە ئێمە هەمیشە بە توندی ڕەخنەمان لەو بەربەستە گرتووە، بەڵام هەدەپە توانی لێی تێپەڕێ کە ئەوە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورە بوو. ماوەیەکی کورتی پێ چوو کە هەلومەرج گرژتر بوو . ئەمن پێم وایە کە کوشتاری ڕۆبۆسکی لە ساڵی ٢٠١١ ، ئەو ڕاستییەی کە هێشتا تا ئەمڕۆ ئەوە بە عەداڵەت ڕوون نەکراوەتەوە، کە ئەوە نیشانەی نەبوونی باڵادەستی قانوونە لە تورکییە کە هێشتا لە نێو تورکییە دا زۆر بەهێز نییە. ئەمن پێم وایە کۆبانێ و تێڕوانین و بۆچوونی حکوومەت سەبارەت بەوەی لەوێ ڕوویدەدا و بەڵام هەڵبەت دوای ئەوە هێڕشە تێرۆریستییەکان لە سورووچ، دیار بەکر و ئانکارا ، کە ئێمە بینیمان هەدەفەکانی ئەو هێرشانە خەڵکی چەپ ئاژۆ، ئەندامانی سەندیکاکان و هەر وەها زۆر کەسی کە پشتیوانیان لە گەلی کورد و پێواژۆی ئاشتیی کورد دەکرد بوون و بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو شتەکان وەک جێی هیوا بن وەبەرچاو دەهاتن ، بە پێگەیەکی بەهێزی هەدەپە لە پارڵمان، ڕەنگە دوای شەڕە قسەی توندی کەمپەینی هەڵبژاردن ،کاروبارەکان دەکرا بچنەوە دەوری مێزی موزاکەرە، بەڵام ئێستا ئێمە لە بار ودۆخێک داین ئەمن زۆر دەترسم بەرەو شەڕێکی هەموولایەنەی نێوخۆیی لە تورکییە بڕوا. جا لەبەر ئەو هۆیە ئێمە لە پارڵمانی ئوڕووپا دوو حەوتوو لەوە پێش داوای بەڕێوەچوونی دیبەتێکمان ( گەنگەشە) کرد، بە تایبەتی سەبارەت بەوەی کە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ووڵات دا دەقەومێ ، لە مەڕ ڕاگەیاندنی  ٥٨ قەدەغەی هاتوچووی بیست و چوار سەعاتەی  بێ سنوور. لێرە دا پێویست ناکا ئەمن بۆتان باس بکەم ئێوە زۆر زیاتر لە من ئاگاتان لێیە. ئەمن لە مانگی دیسامبر (ی ٢٠١٥) دا سەرم لە هەرێمەکە دا، چوومە دیاربەکر، هەڵبەت نەمتوانی بچمە نێو ' سوور '  کە ئەو دەمیش هەر هاتوچووی تێدا قەدەغە کرا بوو ، بەڵام ئەوەی ئەمن لە زمان خەڵکەوە لە هەرێمەکە بیستم  ئەوە بوو کە شتەکان هەر بەرەو خراپ و خراپتر دەچن. ئێمە لە ماوەی ٢ ڕۆژی ڕابردووەوە هاواری بەهێز لە جزرێ وە دەبیسین، ٢٨ کەس لە ژێرخانێک دا گیریان خواردووە، ئەو یاریدە دەرمانییەی کە دەبێ پێیان بگا پێیان ناگا، ٤ کەسیان تا ئێستا مردوون، هەلومەرجەکە زۆر ناخۆشە و ئەمن خۆشحآل بووم کە توانیم لەگەڵ فێدێریکا مۆگێرینی قسە بکەم بەر لە سەردانی لە تورکییە ، کە ئەو بڕیاری دابوو بچیتە باشووری ڕۆژهەڵاتیش لەوێ و ئەمن پێم وایە ئەوە سیگناڵێکی گرینگ بوو، ئەوە دەبوو بە یەکەم سەردانی ڕەسمی یەکێتیی ئوڕووپا لە وەتا هەلئیسانەوەی توند وتیژی لە هاوینی ڕابردوو. ئەمن نازانم چ ڕوویدا، بەڵام ئەو دوێنێ نەیتوانی بچێ بۆ باشووری ڕۆژهەڵات. بە ڕواڵەت سەفەری فڕۆکەکەی لە دەمی دوایی دا هەڵوەشاوە. ئەمن نازانم بۆ نەیتوانی بچێ، ئەمن لێکدانەوەی بۆ ناکەم ، بەڵام نەچوو و ئەوەش بە ڕاستی جێی داخە.ئەمن زۆر هیوا دارم کە شاندێکی ڕەسمی یەکێتیی ئوڕووپا بە زووییەکی زۆوو سەری ئەوێ بدا.
تا ئەو جێیەی کە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە یەکێتیی ئوڕووپا دەتوانێ چ بکا لەو بارەیەوە. ئەمن لەو باوەڕە دام ، یەکێک لەو سیگناڵە هەرە خراپانەی کە ئێستا لە تورکییە وە دێ ئەوەیە کە ئەوانەی کە دەبێ پرد ڕایەڵ کەن، ئەمن باسی تیژپەڕان ناکەم لە هەر دووک لا، بەڵام خەڵکی ئاوای کە دەتوانن پرد ڕایەڵ کەن ، خەڵکی وەک ئاکادێمیسیەنان کە بانگەوازێکیان ئیمزا کرد و ئێمە کاردانەوەی توندی حکوومەتمان لە ئاست ئەو بانگەوازە بینی و هەڵبەت ڕاوەدوونانی قانوونی کە بەدژی ئەوان دەستی پێکردووە ئەوە جێگای نیگەرانییە. واتە ئەو خەڵکەی کە پێویستی بە هاوکاریان هەیە ، پێویستی هەرە زۆر بە هاوکارییان هەیە بۆ ئەوەی هەر دووک لا بهێندرێنەوە دەوری مێزی موزاکەرە، بۆ خۆیان دەبن بە سێرەی هێرش. و لێرە لەوانەیە خەڵک هەبن  کە لەو بارەیەوە جۆرێکی دیکە بیر بکەنەوە بەڵام ئەمن پێم وایە تەنیا شتێکی باش کە لەو قەیرانی موهاجەرەتە دا دەیبینین  ئەوەیە کە ئێمە وتووێژی داوخوازی ئەندامەتی تورکییەمان لە یەکێتیی ئوڕووپا دا زیندوو کردووەتەوە بەتایبەتی لە بواری باڵادەستی قانوون و عەداڵەت دا. بەداخەوە، ئەمن پێم خۆش بوو ئەو ئاکام وەرگرتنانەی شووڕای [ئوڕووپا] ساڵێک لە مەوبەر ببینم. جێی داخە کە قەیرانی پەنابەران کارێکی ئاوای کرد کە بگەینە ئەم نوختەیە. بەڵام ئێستا یەکێتیی ئوڕووپا دەبێ بەگوڕ تێوە بگلێ، باس نەکردنی مافی مرۆڤ لە تورکییە نەک هەر لە بەر ئەوەیە کە ئێمە  قەیرانێکی پەنابەرانمان هەیە، ئەوە ناکرێ ئاکامی هەر پێکهاتن و مامڵەیەک بێ کە ئێمە لەمەڕ پەنابەران دەکرێ پێی بگەین، جا بۆیە بۆ ئێمە وەک پاڕڵمانی ئوڕووپا مەسەلەی سەرەکی لە تورکییە وەک ووڵاتێکی بەرئەندام  جێ بە جێ کردنی بەندەکانی ٢٣ و ٢٤  ن، واتە ئەو فەسڵانەی کە لە مەڕ باڵادەستی قانوون ، ئازادیی بیروڕا دەربرێن، مافی کەمایەتییەکانن. و ئەمن بە گردبڕی لەو باوەڕەدام ئەوانە بە مەسەلەی پێواژی ئاشتی کوردییەوە بەستراونەتەوە و لێی جیا ناکرێنەوە. جا بۆیە چاوەڕوانی من لە داودەستگاکانی دیکەی یەکێتیی ئوڕووپا ئەوەیە دەورێکی کاریگەر بگێڕن لە دەستپێکردنەوەی پێواژۆی ئاشتی دا، داوخوازێکی ڕاستەقینە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگر بەس و هەر وەها مەیل بۆ تێوەگلان و بەشداری کردن تێیدا. ئەمن قسەکانم لێرە کۆتایی پێ دەدەم چونکە بەڵێنم دا بە بەڕێوەبەریی دانیشتەکە نموونەیەکی باش بم بۆ بەشدارانی دیکە پانێل و لە دە دەقیقە قسە کردنی
تێنەپەڕێنین. هیوادارم وا بووبێ . سپاستان دەکەم.[ چەپڵەی ئامادە بووان].

بەڕێوەبەریی دانیشتن : دیارە پرسیار و ووڵاممان دانابوو بۆ دوای قسەی هەموو پانێلیستەکان. بەڵام لە بەر ئەوەی ڕێزدار پیری دەبێ بەجێمان بهێڵێ  دەتوانین ئەو پرسیارانەی لێی دەکرێ ئێستا وەریان بگرین

پرسیارەکان

* سپاس خانمی پیری ئەمن بە فەڕانسەیی قسە دەکەم. سەر بە فڕاکسیۆنێکی دیکەی سیاسیم. ئەمن تەنێ دەمەوێ بڵێم نامەوێ چاوبقووچێنم لەوەی لەو بەشەی تورکییە ڕادەبرێ. ئەمن یەکێک لەو ئوڕووپاییانەم کە بانگەوازی  ١١٢٨ کەسییەکەم  ئیمزا کردووە، ئەوان ڕایانگەیاندووە ناتوانن شەریکی ئەو جینایەتە بن . ئەمن پێم وایە ئەوە گرینگە کە پارڵمانی ئوڕووپا زاراوای دروست بەکار بهێنێ، ئەوەی هەیە شەڕێکی نێوخۆیی نییە، بەڵکوو شەڕێکە بە دژی خەڵکی سیڤیل، بە دژی خەڵکی مەدەنی . لەو هێرشانەی دا کە کراوان خەڵکی مەدەنی لەهەموان زیاتر وەبەر کەوتوون. هەر بۆیە ئێمە دەبێ زاراوای جێنۆساید بەکار بهێنین. چونکە جێنۆساید کاتێکە کە خەڵکی مەدەنی دەبنە سێرەی هێرش و پەلاماران. لەبەر هەبوونیان، نەک لە بەر ئەوەی بەرگری لە خۆیان دەکەن. ئەوان کەوتوونەتە بەر هێرش و ئەگەر بڕیارنامەیەک هەبێ  لە لایەن پارڵمانی ئوڕووپاوە هیوادارم ئەوە ڕوون بێ . نابێ هیچ هەڵوێستێکی نائەخلاقی بێتە گۆڕێ لە پێکهاتنمان  لەگەڵ تورکییە لە سەر مەسەلەی پەنابەران و ئەو کوشتارەی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە دا دەکرێ و هەر وەها سەبارەت بە هەڵوێستی تورکییە لە مەڕ شەڕی سوورییە و بە تایبەتی لە مەڕ موزاکەرەی ژێنێڤ. ئەمن پێم وایە ئەوە هیچ نابێ تەحەمول بکرێ کە تورکییە ناهێڵێ نوێنەرایەتی کوردی لە موزاکەرەی ژێنێڤ دا بەشدار بن و لە دەوری مێز دانیشن . لە کاتێکدا کوردەکان تاقە هێزن کە بە دژی
  ' دەوڵەتی ئیسلامی' دا خەباتیان کردووە. نوختەی دووەم ئەوەیە کە یەکێتیی ئوڕووپا دەبێ بڕیار بدا کە پ.ک.ک لە لیستی تێڕۆر دەربهاوێژێ. چونکە ئێمە دەبێ لەگەڵ پ.ک.ک. موزاکەرە بکەین و ئەوە شتێکە کە ئێمە بە نەغدەن دەستمان پێکردووە. هەڵبەت دیارە کێشەی تێڕۆریزم هەیە، بەڵام ئەمن پێم خۆشە وەبیر بهێنمەوە  کاتێک پ.ک.ک خرایە نێو لیستی ئوڕووپایی  [ڕێکخراوە] تێرۆریسیتییەکان ئەوە دوای سێپتامبری ٢٠٠١ ڕوویدا لەبەڕ گوشاری ئەمریکا. لە کاتێکدا کە پ.ک.ک. و حکوومەتی تورکییە دەستیان بە موزاکەرە کرد بوو. جا بۆیە ئەوە شتێکە کە یەکێتیی ئوڕووپا دەبێ بیکا. سپاستان دەکەم.

حەسەن قازی: پرسیاری من ئەوەیە کە وەزیری کاروباری ئوڕووپای تورکییە لە شوێنێک ڕایگەیاندووە ئەگەر ئەوان نێوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەتان پەسند نەکەن بۆتان دەنێرنەوە ، بەڵام ئێستا بە داوری کردن لە سەر لێکدانەوەکانتان لێرە ، وێدەچێ ئێوە بارودۆخی تورکییە  و باکوور واتە  باکووری کوردستان بە ئاوایەکی ئابجێکتیڤ دەنرخێنن. پرسیار ئەوەیە کە بۆچوونی کۆمیسیۆن چ دەبێ لە مەڕ پێوەندیی لەگەڵ تورکییە ، چونکە ئەوە کۆمیسیۆنە کە بڕیاری بەدەستە؟

پڕۆفێسۆر دەیڤید ڕۆمانۆ: پرسیاری من بۆ مادمازێل پیری بەر لەوەی ئێمە بە جێ بهێڵێ. ئەگەر ئەمن بە دروستی لە مەنتیقی باسەکە گەیشتبم سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی موزاکەرە لە مەڕ پێواژۆی ئەندامەتی تورکییە، ئەوە دەکرێ ئامرازێک بێ کە یەکێتیی ئوڕووپا بەکاری بهێنێ بۆ ئەوەی تورکییە زیاتر پێڕەویی بکا لە ستانداردە دێمۆکڕاتیکەکان. بەڵام، ئەو موزاکەرەیە نابێ لەلایەن تورکییەوە بە چرایەکی سەوز دابندرێ بۆ ئەوەی بۆی هەبێ دەست بەشەڕ بکاتەوە ، بۆ سەقامگیرکردنی دەستەڵاتی ئەم حکوومەتەی ئێستا لە سەر کارە ، بەرتەنگ کردنی ئازادیی بیروڕا دەربڕین  هتد، و ئەگەر ئەوە بۆچوونی یەکێتیی ئوڕووپا بێ داخودا زۆر ئافرێنانەتر نابێ ئەگەر ڕاست لەو کاتەی دا کە پێواژۆی ئەندامی بەرەوپێش دەبەن ، نێوی پ.ک.ک. لە لیستی تێڕۆڕ دەربهاوێژن بۆ ئەوەی پەیامێکی دوولایەنەتان ناردبێ کە ئوڕووپا دەیەوێ گوێی لە وێژمانێکی ڕاستەقینە بێ لەو پێواژۆیە دا. واتە ئوڕووپا کراوەیە بۆ ئەوەی تورکییە بێتە ناوی بەڵام دەبێ هەڵگری وێژمانێکی ڕاستەقینە بێ!

پڕۆفێسۆر سۆزان بڕۆ: ئەمن نێوم سوزان بڕۆ یە، پڕۆفێسۆری قانوونی نێونەتەوەیی م لە زانکۆی ڕێدینگ و پسپۆڕم لە قانوونی کێشەی چەکداری دا و لە ساڵی ٢٠١٠  کتێبێکم نووسی و لەوێدا ئارگومێنتم ئەوە بوو کە بارودۆخی کێشەیەکی چەکداری نا نێونەتەوەیی  باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییەی داگرتووە. ئەمن پێکێشی لە ئێوە دەکەم ئەو وەزعەی ئەوێ لەبەر چاو بگرن . ئێوە لە قسەکانتان دا گوتتان هەرێمەکە بەرەو شەڕی نێوخۆیی دەڕوا. هەڵوێستی حقووقی من بە پاڵپشتی بە ساڵانی درێژی لێکۆڵینەوە لەو باوەڕە دام کە لە ڕاستیدا تورکییە ئێستا لە شەڕی نێوخۆیی دایە  و ئەوە پشتیوانی لە ڕاپۆرتەکەی ئێوە دەکا، چونکە وەک ئێوە دەزانن لە دۆخێکی ئاوا دا چەندین قانوونی ئینسانیی نێونەتەوەیی هەن کە دەکرێ لە ڕاپۆرتەکەی ئێوە دا ئاماژەیان پێ بکرێ. جا بۆیە ئەمن پێکێشی دەکەم ئەو هەڵوێستە بگرن و دەبێ پێتان بڵێم ئەمن لەگەڵ زۆر پارێزەری مافی مرۆڤ لە چوارقوڕنەی دنیا ئەو بابەتەم هێناوەتە گۆڕێ لەوانە چەندین  پارێزەرانی مافی مرۆڤی ئەمریکایی کە لەگەڵ من ڕێک بوون کە ئەو هەرێمە لە ڕاستیدا کەوتووتە ناو کێشەیەکی چەکداریی نا نێو نەتەوەیی. سپاستان دەکەم.
ئادەم ئوزوون: زۆر سپاس، ئەمن ناوم ئادەمە لە ڕێکخراوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان. ئەوە یەکەم جارە ئەمن لە خانمی کاتیی پیری پرسیار دەپرسم. ئەمن ئەو پرسیارەم لە چەندین نوێنەری دیکەی یەكیتیی ئوڕووپا کردووە. بەڕاستی ئێمە دڵمان  لە بۆچوونی یەکێتیی ئوڕووپا شکاوە . ئێمە بەڕاستی لە کۆمیسیۆنی ئوڕووپا و پاڕڵمانی ئوڕووپاش دڵمان شکاوە ، چونکە هەر کاتێک ئێمە داوای شتێک دەکەین ووڵاممان دەدەنەوە ، ئێمە شتێکی ئەوتۆمان لە دەست نایە. ئێمە هێندێک بەرعۆدەییمان هەیە دەبێ لەبەرچاویان بگرین لە ئاستی سیاسی دا. ئاشکرایە کە ئێمە چاوەڕوانی لە یەکێتیی ئوڕووپا دەکەین  پشتیوانی سیاسی لە کوردەکان  بکا، ئاشکرایە کە ئێمە چاوەروانیمان لە یەکێتیی ئوڕووپا هەیە ڕەخنەی سیاسی لە تورکییە بگرێ. بەڵام ئێستا لەحاڵەتێکی نائاسایی و کوتوپڕ داین. ئایا یەکێتیی ئوڕووپا و پاڕڵمانی ئوڕووپا بڕیارێکی دەستبەجێ دەدەن . حەوتووی ڕابردوو لە ستراسبورگ گەنگەشەی زۆر باش هەبوو ، بەڕاستی دیبەتی زۆر زۆر باش هەبوو ، بەڵام دوای ئەودیبەیتە ئێمە چ بڕیارێکمان نەدی. و ئەمن دەزانم بڕیار لە لایەن هێندێک فڕاکسیۆن لە پاڕلمانی ئوڕووپا  وەدوا دراوەتەوە. پرسیارەکەم ئەوەیە بۆچی ناکرێ پارڵمانی ئوڕووپا داوخوازێکی دەستبەجێ بکا و چاوەڕوانی ڕاپۆرتی بەردەوامی ساڵانە نەبێ ، یان چاوەڕوانی سیاسەتی بەردەوام نەبێ چونکە بارودۆخەکە زۆر نائاسایی یە و پێویستی بە ووڵامدانەوەی دەستبەجێ هەیە!

جەنگیز چاندار: ئەمن نێوم جەنگیز چاندارە خەڵکی تورکییەم. پرسیارێکی زۆر کورت. هەر وەک هێندێک لەو کەسانەی پێش من قسەیان کرد ئاماژەیان پێ کرد، ئەویش  کوتوپڕ بوونی هەلومەرجەکە یە. هەر تاوێک لەوە پێش گوێمان لە دەنگی خەڵک بوو لە نێوخۆی " جزرە" ڕا. ئەوە گاڵتە نییە، خەریکە قەتڵی عامێک دەکرێ ، کوشتاری خەڵکێکی زۆر کە ئێستا لە هەرێمەکە دەژین. ئاکادێمیسییەنانی ووڵاتی تورکییە زیاتر لە ٢٠٠٠ کەسیان بانگەوازێکیان ئیمزا کرد کە لە لایەن سەدان لە هاوتاکانیان لە هەموو جیهان دا پشتیوانییان  لێکراوە دەناویان دا کەسانی زۆر ناسراو هەن . کە وا بوو بەلەبەرچاو گرتنی کوتوپڕ بوونی بارو دۆخەکە ، هەر ئەوەی کە ئادەم هەر ئێستا ئاماژەی پێ کرد ئێوە وەک ڕاپۆرتۆری کاروباری تورکییە لە پارڵمانی ئوڕووپا ئێوە هیچ دەستەڵاتێکتان  هەیە بۆ ئەوەی کارێک بکەن پارڵمانی ئوڕووپا دانیشتنێکی نائاسایی بکا بۆ باسی تاقە بابەتێک ، واتە  ئەو درامایەی کە ئێستا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە دەقەومێ ،بێ ئەوەی بخوازرێ کە هەلومەرجی شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە  گەورە بکرێتەوە. بە بێ ئەوەی سەرنجی نێونەتەوەی ڕابکێشرێ سەبارەت بە کوتوپڕ بوون و ذراماتیک بوونی وەزعەکە ئەو وێنەی منداڵە کوردە سوورییەیەکەی هەست و نەستێکی زۆری وورووژاند، ئەگەر هیچ نەکرێ ئەوە دووپاتە دەبێتەوە بە دیمەنی کە لەوانەیە بەزوویی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییەوە بێتە بەرچاوان. ئەمن تەنێ دەپرسم ئێوە بە پێی پلەی خۆتان دەتوانن داوای دانیشتنێکی نائاسایی پارڵمانی ئوڕووپا بکەن بۆ ئەوەی تەنێ سەبارەت بەو بابەتە کۆ بێتەوە؟

کاتیی پیری: ئەمن حەول دەدەم ووڵامی هەموو پرسیارەکان بدەمەوە زۆر بە خێرایی. بڕوانن ئەوە شتێکە ڕەنگە ئەمن لەگەڵ زۆرتان لەم ساڵۆنە دا ڕێک نەبم. ئەمن پێم وایە ئێستا لەو دەمە دا فکرێکی باش نییە ذاوخوازییەک وەرێ بخرێ بۆ دەرهاویشتنی پ.ک.ک. لە لیستی تێڕۆری ئوڕووپا. ڕێگام بدەن بڵێم کە لە پارڵمان دا زۆربە نییە بۆ پشتیوانی لەو داوخوازە و ئەوە ڕاستییەکە و ئەمن پێم وایە ئەگەر ئێوە بە ڕاستی چاوەڕوانیتان لە یەکێتیی ئوڕووپا هەبێ  یان لە من لە پلەکەم دا وەکوو ڕابۆرتۆری تورکییە کە دەورێک بگێڕین بۆ ڕایەڵ کردنی پرد بۆ ئەوەی ئەوەی لایەنەکان بێنەوە دەوری مێزی موزاکەرە، ئەوە یەکەم  داوایە کە ئێوە دەتوانن بیکەن. واتە ئێوە دەتوانن دڵنیا بن ،ئەگەر ئەو داوخوازە بکەن
[ لابردنی پ،ک،ک لە لیستی تێڕۆر ] ، ئەوە بۆچوونی شەخسیی منە، ئەو دەمی ئێمە ناتوانین دەوری ناوبژیوان بگێڕین . بۆیە ئەمن ئەو بانگەوازە ئیمزا ناکەم  کە ئێستا لە پارڵمانی ئوڕووپا دا دەگەڕێ ، نەک لە بەر ئەوەی ئەمن پێواژۆی ئاشتی م ناوێ ، نەک لە بەر ئەوەی لە پێواژۆیەکی ئاشتی دا ئەوە مەنتقی یە و ئەوە ئاشکرایە کە دەبێ پ.ک.ک. لە لیستی تێڕۆر لا بدرێ ، ئەوەی کە ڕێکەوتنێک هەبێ کە چۆن شەڕ ڕابگیرێ و چۆن پ.ک.ک. لە تورکییە دا یەکانگیر بکرێتەوە، ئەوانە مەنتقین، بەڵام لەم کاتە دا، لەو وەزعەی دا کە تێیداین ئەمن پێم وایە ئەوە گرینگە ئێمە داوخوازی ئەوتۆ وەڕێ بخەین کە لایەنەکان بگەڕێنەوە دەوری مێزی موزاکەرە. و ئەگەر ئەوە پەیامەکە بێ [ لابردنی پ.ک.ک. لە لیستی تێڕۆری ئوڕووپا] دەزانین کە یەک لە لایەنەکان نایەتە دەوری مێزی موزاکەرە. کە وا بوو ئەمن لەم باوەڕە دام ئێمە هەموومان لە پێناو دۆزێک دا هاتووینەتە ئێرە ، بەڵام باوەڕمان بە ڕێگای جیاواز هەیە بۆ گەیشتن بەو دۆزە. و ئەمن بە دڵنیاییەوە لەو باوەڕە دام کە ئەوە ڕێگایەکی هەڵەیە و ئەوە ئەو ڕێگایە نییە کە یەکێتیی ئوڕووپا بتوانێ تێیدا دەور ببینێ و هەڵبەت  ئێمە لە نێو ئەم پارڵمانەش دا جیاوازی سیاسیمان هەیە و لەم ساڵۆنەش دا. لە سەر ئامانجی کۆتایی یەکین، بەڵام چۆن بگەینە ئەوێ بیروڕای جیاواز هەیە.
و هەر وەها لەوبارەیەوە لە هەڵوێستی منەوە هەڵبەت تورکییە مافی ئەوەی هەیە بەدژی تێڕۆریسم شەڕ بکا  و ئەمن سەمپاتییەکی زۆرم نییە بۆ ئەو شێوەیەی ، هەر وەها لە دیاربەکر ئەو کاتەی ئەمن لەوێ بووم ، لەوێ خەندەک هەڵکۆڵدرابوون، باریکاد هەڵچنرا بوون ، ژمارەیەکی زۆر چەک لەوێ هەبوو. ئەمن بیر دەکەمەوە کە ئەو هەموو چەکە دەکرێ لە کوێ وە هاتبێ؟ ئەمن ناڵێم کاردانەوەی حکوومەت بەوە پاساو دەدرێ. ئێوە رەخنەی منتان لە حکوومەت لە ووتارەکەم دا گوێ لێ بوو. ئەمن پێم وایە کاردانەوەی حکوومەت زیاتر لە ڕادەی پێویستە، و ئەوە سزا دانی بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەنی یە. بۆیە دەبێ بڵێم ئەمن لە لای ئێوەم ، ئەوە هێزێکی زۆرە هەر حکوومەتێک بەکاری بهێنێ و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی ببنە قوربانی – هەر وەک بە تەلەفون لە ' جزرە' وە گوێمان لێ بوو. بەڵام ئەگەر حکوومەت ووڵامی ئەوە بداتەوە کە چەند مانگ لەوە پێش لە هەرێمی کوردی ڕوویدا ئەمن زۆر باش لەوە تێ دەگەم کە بە دژی ئەوە کردەوەی هەبێ. ئەوەی کە ئەمن لەگەڵی ڕێک نیم بەکارهێنانی هێزی زیاتر لە پێویستە.
سەبارەت بە سەودا نەکردنی بارو دۆخی پەنابەران و مافی مرۆڤ. هەڵبەت کەئێمە لەو بارەیەوە ڕێکین. ئەمن هەمیشە پێشنیاری ئەوەم کردووە کە پێواژۆی ووتوێژی ئەندامەتی زیندوو بکرێتەوە  نەک لە بەر ئەوەی پێم وا بووبێ و پێم وابێ هەمووشت لە تورکییە بە باشی دەڕوا و ئەوێ شامی شەریفە، بەڵکوو  لە بەر ئەوەی ئەوە باشترین ڕێگایە بۆ دیالۆگ ، بەڵێ ئێمە دەزانین کە ئەوە هەمیشە لە شووڕای وەزیران پێشی دەگیرا ، لێرە لە پارڵمان ئێمە باسی پەیوست بوون و هاتنە نێوی ئەندامی تازە لە سەر بنەمای لیاقەت و لێوەشاوەیی دەکەین. و لە پڕ شووڕای وەزیران پێشی دەستپێکردنەوەی پێواژۆی ووتوێژ لە سەر ئەندامەتی دەکاتەوە و دەگاتە ئاکامی ئەوتۆ کە ئەمن بەدڵ پێم خۆش بوو ساڵێک لەمەو پێش بیانبینم. بەڵام دوو  بابەتەکان زۆر بەیەکەوە گرێ دەدا کە ئەوە لای دەنگدەرانی هۆلەندی و ئوڕووپایی کارێکی باشە و پشتی دەگرن و هەر وەها لە نێو دەنگدەرانی تورک دا. گەلی تورک بۆ ماوەی درێژ لەو باوەڕە دا بووە کە پێواژۆی ووتوێژی پەیوەست بوونیان لە ئاست ئەوان بە ئینساف نەبووە . ئەمن پێم وایە لە زۆر ڕووەوە ئەو ئینسافە لە گۆڕێ دا نەبووە. و ئێستا ئێمە بەشێوەیەک سەلماندوومانە کە ئەوە پێواژۆیەکی سیاسی یە لە سەر بنەمای لێوەشاوەیی. ڕاستە سەدەمەیەکی زۆر هاتووەتە گۆڕێ ، بە ڕێگای ئەوەی ڕا کە یەکێتیی ئوڕووپا کاردانەوەی نیشان داوە لە ئاست ئەو قەیرانی پەنابەرانە.
سەبارەت بەقسەکانی وەزیر بۆزکر . پاڕڵمان ڕاپۆرتی بۆ حکوومەتەکانی دی ئامادە ناکا. با ئەوە ڕوون بێ. ئێمە لێرە نوێنەرایەتی ٥٠٠ میلیۆن هاووڵاتیانی ئوڕووپایی دەکەین ، بەڕ لە هەموو شت ئەوە بیروڕای پارڵمانی ئوڕووپایە کە ووڵاتێکی دێمۆکڕات پێویستە چۆن بێ. هەڵبەت ئەوە زۆر جوانە ئەگەر حکوومەتێک ئامادە بێ ببیسێ بیرو ڕای ئەم پارڵمانە چۆنە و چۆن بیر دەکاتەوە ، بەڵام ئەگەر بە دڵی نەبوو، ئێمە دەبێ ئەوە بپەژرێنین.  جا با بزانین ڕاپۆرتی ئەمسال مان بە سەر دادەدەنەوە یان نا؟ هیوادارم وا ناکەن. چونکە ئەمن هیوادارم دیاڵۆگێکی ڕاستەقینە هەبێ لە نێوان پارڵمانی ئوڕووپا و لەم کەیسە دا حکوومەتی تورکییە. و ئەوەی لە لایەن کۆمیسیۆنەوە کرا- ئەوەش پرسیار کرا- بریتی بوو لە وەخرانی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانە.، چونکە بیرێکی وا ساز بوو کە گۆیا ئێمە چاو لە مافی مرۆڤ هەڵدەبوێرین هەر لە بەر ئەوەی کە بتوانین هاوکاریی حکوومەتی تورکییە سەبارەت بە پەنابەران مسۆگەر بکەین. وئەمن لێرە دا دەبێ بڵێم ئەمن لە حکوومەتی تورکییەش تێ ناگەم چونکە ئێمە هەموومان دەزانین دوو میلیۆن و نیو خەڵک، دوو میلیۆن و نیو سوورییەیی وەرگرتووە. ئەمن دەزانم کە هەر دە تا پازدە لە سەدیان لە کەمپەکان دەژین. ئەمن  سەرم لەو کەمپانە داوە. ئێستا ئێوە دیسان بازاری کاری خۆتان دەکەنەوە ، هەژماری بێکاریتان  ١٠% ە.  بۆ پەنابەران ئەوە ئەرکێکی هاسان نییە و حکوومەتی تورکییە ئەوە دەکا. هەر وەها ئەوە دەبینین کە لە هێندێک لە شارە تورکەکان بارگرژی لە زیاد بوون دایە . ئێستا ١٢ شار هەن کە تێیاندا ژمارەی پەنابەران لە ژمارەی دانیشتووانی شارەکان زیاترە. ئەمن لە دڵەوە پێم وایە کە ئێمە دەتوانین هاوکارییەکی باشمان لەگەڵ تورکییە هەبێ ، تورکییە نەک لە ڕووی داراییەوە بەڵکوو دەبێ ژمارەیەک لە پەنابەرانیش وەرگرێ و دەبێ هاوبەشی بکا لەگەڵ تورکییە  بە شان وەبەر دانی هێندێک لەو بارە. بۆ ئەوەی ئێمە بە ڕاستی یارمەتی یەکتری بدەین. چونکە هەبوونی دوومیلیۆن و نیو پەنابەر لە تورکییە ژمارەیەکی زۆرە بۆی بۆ ئەوەی بە تەنێ بتوانێ دەرەقەتی حاواندنەوەیان بێ.
ئەمن دەقیقەیەکم کات ماوە و چوار پرسیار بۆ ووڵام دانەوە.
دەستپێکردنەوەی پێواژۆی ووتوێژی ئەندامەتی بە مانای ڕاداشتنی چرای سەوز بۆ تورکییە نییە بۆ ئەوەی هەرچییەکی پێی خۆش بێ بیکا. تەنیا چرا سەوز ئەوەیە کە ئەمن لەو باوەڕە دام دەبێ سەروکارمان لەگەڵی هەبێ  بۆ ئەوەی دیالۆگێکی ڕاستەقینەمان هەبێ.
سەبارەت بەو ئاماژەیەی بە قانوونی نێونەتەوەیی و قانوونیی ئینسانی کرا و شێوەی  دیاریکردنی کێشەیەک. بە گردبڕی ئەمن بە قووڵتر لەوە دەڕوانم .

لەمەڕ دەوری پارڵمانی ئوڕووپا ڕێگام بدەن بڵێم ، ئێمە هاتینە پێشەوە ، لەگەڵ هاوکارانم سەر بەهەموو فڕاکسیۆنە سیاسییەکان . هیچکەس دژی بیڕوڕا گۆرینەوەیەکی دەستبەجێ نەبوو لە سەر باشووری ڕۆژهەڵات . ئەمن دەزانم  دەنگوباسێکی هێندە نەبوو لە میدیای گشتی تورکی دا. بەڵام لە میدیای کوردی دا ڕاپۆرتی زیاتر هەبوو سەبارەت بە بارو دۆخی ئەوێ ، ئێمە بە ڕێگای ئینترنێت دا شوێنگێڕی دەکەین. ڕاستتان بوێ  ئەمن پێم وا نییە بڕیارێک بتوانێ گۆڕانێکی ئەوتۆ ساز کا. هەنگاوی بەکردەوە هەر ئێستا دەبێ هەڵ بهێندرێتەوە تا بڕیارێک کە کەس نابەستێتەوە لە پاڕڵمانی ئوڕووپا. ئێمە دیبەیتێکمان هەبوو .ئەمن لەگەڵ هاوفڕاکسیۆنەکانم و هاوکارانی سەر بە گرووپەکانی دیکە نەخشەیان هەیە بچنە هەرێم و داوای ئەوەمان کردووە شاندێکی ڕەسمی کۆمیسیۆنی کارو باری دەرەوە  بچێتە وێندەرێ  هەرچی زووتر ، ئەمن ئەو پەیامانەی لێرە بەڕێگای داخویانی چاپەمەنی ڕا دەدرێن ڕوون و ئاشکرانە  لە لایەن هەموو گرووپە سیاسییەکانی پارڵمانەوە . ئێمە پێویستیمان بە بڕیارنامەیەک نییە بۆ ئەو مەبەستە . لە ڕاپۆرتەکەی من دا  سەرنجێکی تایبەتی دەدرێتە سەر ئەو بابەتە . هەڵبەت لە قسەکانیشم دا حەوتووی ڕابردوو لەگەڵ  سەرۆکایەتی دەورەیی ئوڕووپا کە ئێستا هۆڵەندە ، یان لە قسە کردن لەگەڵ داو دەستگاکانی دیکەی یەکێتیی ئوڕووپا لەو بارەیەوە بۆ وێنە خانمی موگێرینی ئەوە یەکەم بابەتە  کە قسەی لێوە دەکەین و بابەتی هەری کوتوپڕە. چونکە ئێمە هەمیشە گوتوومانە پێواژۆی ئاشتی لە تورکییە پێویستە بۆ تورکییە بۆ ئەوەی هەنگاوی دێمۆکڕاتیک بەرەو پێشەوە باوێژێ. و ئەوە خۆی لە خۆی دا مانای ئەوەیە کە ئەگەر چبڕ ئیدی پێواژۆی ئاشتی لە گۆڕێ دا نەبێ تورکییە ناتوانێ هەنگاوی دێمۆکڕاتیک بەرەو پێشەوە باوێژێ. ئەمن زۆر باش لە بانگەوازی ئێوە بۆ کوتوپڕ بوونی وەزعەکە تێ دەگەم ، سباستان دەکەم بۆ ئەو بانگەوازەی بۆ " جزرێ " کرا. و ئەمن هەموو هاوڕێیانم  تەشویق دەکەم  لە هەلومەرجی ئێستا دا هەر جۆرە پەیامێکی سیاسی کە دەتوانین بینێرین زۆر گرێنگە. ببوورن کاتم گرتن. 

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

No comments: