Thursday, February 4, 2016

ووتاری پیترگاڵبڕێیث لە دوازدەهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی کۆمیسیۆنی مەدەنی یەکێتتی ئوڕوپا ، کوردەکان بڕووکسێل ٢٦-٢٧ی ژانڤییەی ٢٠١٦

ووتاری پیتر گاڵبڕێیث لە دوازدەهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە ، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست  و کوردەکان ، سێشەمە  ٢٦ی ژانڤییەی  ٢٠١٦

بەڕێوەبەری دانیشتن:  ئیکا ئووسیتالۆ

دەی با یەکەم پانێل دەست پێ بکەین . ئێمە کاتمان هێندێک کەمە، لە یەکەم پانێل دا زۆر قسەدەری هەڵکەوتوو دەدوێن. ئێمە دەمانەوەێ هەر نەبێ دوای ووتارەکان هێندێک لە سەریان قسە بکرێ. جا بۆیە دەبێ دەست پێ بکەین. ئەمن لە سەرەتاوە دەمەوێ زۆر بە کورتی بڵێم کە ساڵی ٢٠١٦ ساڵێکی تایبەتییە لە زۆر ڕووەوە . ئەمساڵ سەدەمین ساڵی ڕێکەوتنی بریتانیا – فەڕانسەیە ، ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ لە ساڵی ١٩١٦ کە سنووری بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست  دا ڕایەل کرد. ئەو سنوورانەی ئەو دەمی ڕاکێشران ئێستا زیاتر لە هەمیشە کەوتوونە بەر پرسیار ئێستاکە. هەر وەها کەمتا زۆر تێوەرسووڕانەوەی ٥ ساڵە بە سەر قەیرانی سوورییە کە هیچ کۆتاییەکی ئەو قەیرانە لە ئاسۆ دا نابیندرێ سەرەرای حەولی تازەی دیپڵۆماتیک لە ژێنێڤ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی سیاسی. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ناکرێ زۆریش خۆشبین بین بە تایبەتی لە بەڕ ئەو کێشە و هەرایەی ساز بووە کە کێ دەبێ لەو کۆبوونەوانە دا بەشداری بکا و بە تایبەتی ئەو پرسەی گەلۆ نوێنەرانی کورد بۆیان هەیە لەو موزاکەراتە دا بەشدار بن بە شێوەیەکی شیاو کە دەبێ وا بێ.
لە تورکییە دوای هەڵبژاردن لە ساڵی ڕابردوو دا، حکوومەت شەڕی خۆی بە دژی کوردەکان توندوتیژ کردووە دوای خۆ دزینەوە لە پێواژۆی ئاشتی لەبەر دەستکەوتی کورتخایەن لە هەڵبژاردن دا. سەیرە هێشتا تورکییە بەردەوامە لە سەر ئەوەی کوردەکان بە دوژمنی سەرەکی خۆی بزانێ تەنانەت زیاتر لە دەوڵەتی ئیسلام عێڕاق و شام، داعش، کە تورکییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یارمەتی پێ کردووە بۆ ئەوەی دەستی باڵای هەبێ لە سوورییە و لە عێڕاق دا. ئەمن دەڵێم ئەگەر حکوومەتی تورکییە لە جیاتی ئەو سیاسەتە هەڵانەی کە ئێستا وەپێشی گرتووە درێژەی دابا بە پێواژۆی ئاشتی لەگەڵ کوردەکان و لەگەڵ کوردەکان هاوکاری کردبایە و هێزی خۆی خستبا پاڵ ‌هێزیان، بۆ شەر بە دژی داعش تورکییە ئیشتا زۆر شوێنێکی هێدی تر دەبوو لەوەی کە ئێستا هەیە و هێشتا درەنگ نەبووە بۆ گۆڕان بەڵام ئەوە حەوجێی بە لێهاتوویی سیاسەتمەدارانە هەیە کە پێشتر ڕامۆس- ئۆرتا ئەو  بەیانییە لێی دووا. ئەمن بۆخۆم هەمیشە پشتیوانیم لەوە کردووە کە تورکییە ببێتە ئەندامێکی یەکێتیی ئوڕووپا. دە داخەوە لە ناوخۆی یەکێتیی ئوڕوپا دا ئیرادەیەکی ڕاستە قینەی سیاسی نەبوو کە لەگەڵ تورکییە دانوستان بکا لە سەردەمێک دا  کە لەوانەبوو گرینگ بێ. ئێستا سیاسەتەکانی تورکییە لە کێشەیەکی ئاشکرا دان لەگەڵ بایەخەکانی ئوڕووپایی لە مەڕ مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی بەیان و مافی کەمایەتییەکان. لە کاتێکدا کە ئەمن هێشتاش پشتیوانی دەکەم لە پێوەندی ئافرێنەرانەی یەکێتیی ئوڕووپا لەگەڵ تورکییە، ئەوە نابێ بەشێوەیەکی ئاوا بێ کە بەهایانە پێشێل بکرێن. قەیرانی پەنابەران نابێ ببێ بە هۆکارێک بۆ نەهێشتنی ئەو شتانەی تورکییە پێویستە بیانکا و یەکێتیی ئوڕووپا ناتوانێ سەبارەت بەم بارودۆخەی ئێستای تورکییە بێ دەنگ بێ. هەر وەک لە سەرەتاوە باسم کرد لێرە پانێلێکی هەڵکەوتوومان هەیە ، جا بۆیە ئەمن دەمەوێ بە یەکەم پانێلیستەوە دەست پکەین، ئەویش پیتر گاڵبڕێێثە. گاڵبڕێیث نووسەر، ئاکادێمیک، لێکدەرەوە، سیاسەتمەدار، ڕاوێژکاری سیاسی و دیپڵۆماتی پێشووی ئەمریکایی یە .لە کۆتاییەکانی ١٩٨٠ کان و سەرەتای ١٩٩٠کان دا یارمەتی کرد بۆ ئاشکرا کردنی گازبارانی کوردەکان بە دەست سەدام حوسێن. لە ساڵی ١٩٩٣ تا ساڵی ١٩٩٨ ئەو یەکەم سەفیری دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو لە کڕۆاسی کە لەوێ ئەو هاو ناوبژیوان و مێعماری سەرەکی ڕێکەوتننامەی ئێردوت بوو لە ساڵی ١٩٩٥ دا کە ئەوە کۆتایی هێنا بە شەڕ لەو ووڵاتە دا. لە سەرەتای ٢٠٠٣وە ، گاڵبڕێیث ڕاوێژکاری حکوومەتیی هەڕێمیی کوردستان بوو. وەکوو نووسەر و لێکدەرەوەیەکی سیای ئەو جەختی کردەوە کە عێڕاق لە بەر یەک هەڵوەشاوە  و کاربەدەستانی داگیرکەری دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نابێ حەول بدەن بۆ دروستکردنەوەی حکوومەتێکی ناوەندی بەهێز لە سەر حیسابی ئاواتی کوردەکان. لە ساڵی ٢٠٠٩، گالبڕێیث کرا بە جێگری نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان و لەوێ یارمەتی کرد بە ئاشکرا کردن و وڕوو خستنی ئەو فێڵ و گزییە بەربڵاوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ساڵی ٢٠٠٩ دا کرا بوو. ئەمڕۆ ئەو لەم کۆنفڕانسە دا سەبارەت  بە پێویستیی دەوری
ئافرێنەرانەی هێزە ڕۆژئاواییەکان لە هەرێم دا قسە دەکا. فەرموو بەڕێز گاڵبڕایت قسە ئی ئێوەیە!


پیتر گاڵبڕێیث : زۆر سپاستان دەکەم و بە تایبەتی سپاسی  کاریانا وێسترهایم و گشت ئەو کەسانە دەکەم کە ئەم کۆنفڕانسەیان ڕێک خستووە. ئەمن دەرفەتی ئەوەم هەبوو لە یەکەم کۆنفڕانس لە ساڵی ٢٠٠٤ دا قسە بکەم. ئەمن خوشحاڵم کە ئەوە جارێکی دیکە هاتوومەتەوە ئێرە. ئەگەرچی ئەمن حەول دەدەم لە عینوانی کۆنفڕانسەکە بدوێم" قەیرانە کۆنەکان، و ڕێگا چارەسەرییە نوێیەکان"، بە بیرو ڕای من ئەوە قەیرانێکی کۆن نییە، قەیرانێکی نوێ یە چونکە زنجیرەیەک ڕووداوی تازەن بە دوای یەک دا کە ئێمە لەگەڵیان بەرەو ڕوو هاتووین و زۆر جیاوازن لەو شتانەی کە لەگۆڕێ دا بوون دوازدە ساڵ لەمەو پێش کە یەکەم کۆنفڕانس بەسترا. بیست و پێنج ساڵ لەمەو بەر یەکەم ڕێکەوتنی وا لە دوای شەڕی جیهانی دووەم لە ئوڕووپا کرا بوو هەڵوەشا. واتە هەڵوەشانی دەوڵەتانی فڕە نەتەوە کە لە کۆتاییەکانی شەڕی یەکەم  دا ساز کرابوون ، یۆگۆسڵاوی، چێکۆسلۆواکی، و یەکێتیی شووڕەوی. لە ڕاستیدا لە ١٩٩١ وە  تا ئەمڕۆ   ٢٤ دەوڵەتی تازە لە ئوڕووپا سەریان هەڵداوە و هەر وەک مۆدێڕاتۆری ئەم پانێلە ئاماژەی پێکرد ئێمە ئێستا سەد ساڵەی ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ پێرۆز دەکەین، دیارە پیرۆزی ناکەین بەڵکوو  وەبیری دەهێنینەروە . چارە سەرییەک کە زۆر کەمتر عەقڵانی بوو لەوەی کە لە ئوڕووپا کرا دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی. چونکە هەر چۆنێک بێ یەکێتیی شووڕەوی، چێکۆسلٶواکی و یۆگۆسڵاوی هەر نەبێ بە دەستی هێندێک لە دانیشتووانی ئەو شوێنانە دامەزرێندران و لە مەڕ چیکۆسڵۆواکی و یوگوسڵاوی زۆری دانیشتووان لە دامەزراندنیان دا بەشدار بوون، لەکاتێکدا ئەو چارەسەرییەکی کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوە ڕاست هاتە مەیدانێ بە دەستی ئوڕووپایی نەزان کران: مارک سایکس کە پێشنیاری ئەو پەیمانەی کرد بوو تەنێ باسی ئەوەی کرد بوو لە سەر نەخشە هێڵێک بکێشرێتەوە لە پیتی ئی لە ئاکرێ یەوە تا دوایین پیتی " ک " لە کەرکووک، دەی ئەمڕۆ سنوورەکان چۆنن هێڵێکی ئاسن لێکی دابڕیون و ئەو هێڵانە هێڵی ڕاستن. جا بۆیە سەیر نییە  کە ١٠٠ ساڵ دواتر کە ئەو ڕێکەوتنە گشتی خەریکە لە بەر یەک هەڵدەوەشێ. با بزانین بەچ شێوەیەک لە بەریەک هەڵدەوەشێ؟ لەو هەڕێمە دا لە باکوورەکەی  کوردەکان هەن ، لە تورکییە، لە کوردستانی عێڕاق، نا لە عێڕاق و سوورییە ، لە عێڕاق لە باکوور و لە ڕۆژهەڵات  هاو تەریبی سنووری باکووری سوورییە . لە خوارووی وی سوننییەکان هەن لە عێڕاق کە دەکەونە ڕۆژئاوای سوورییە و ئەو جار لە باشووری عێڕاق و لە سەرەوەی ڕۆژئاوای سوورییە و لوبنان شیعەکان یان عەلەوییەکان دەژین. بە کورتییەکەی عێڕاق و سوورییە لە سەر بنەمای ئەو هێڵانە دابەشکراون. عێڕاق چیدیکە وەک دەوڵەت بوونی نییە ، کوردستانی عێڕاق لە وەتا ساڵی ١٩٩١ جوێ بووە بەڵام زۆر لەوە گرنگتر ئەوەیە ئیدی  ڕێبەران لە بەغدا چبڕ نایانەوێ کە کوردستان وەک بەشێک لە عێڕاق بێ و ئەو مەسەلەیە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ زۆر بە ڕوونی دەرکەوت. لە مانگی ژوەنی ساڵی ٢٠١٤ داعش (دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام) مووسڵی گرت و دوایە  بە دەست بە سەر داگرتنی ئەو چەک و تەقەمەنییەی  کە قیمەتیان لە چەندین دەیان هەزار بیلیۆن دۆڵاری ئەمریکایی تێدەپەڕاند و ئەمریکا دابووی بە عێڕاق، هێرشی کردە سەر کوردستان، بەشێک لە عێڕاق کە بە پێی قانوونی بنەڕەتی عێڕاق وەک ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم بە ڕەسمی ناسراوە کە بەشداری کردووە لە حکوومەتی ناوەندی دا لە بەغدا. باشە ووڵام حکوومەتی عێڕاق لە ئاست ئەو هێرشە چ بوو، هەڵوێستی سەرۆک وەزیر چ بوو؟ ئەو سنووری هەوایی کوردستانی بۆ گواستنەوەی بار داخست ، بۆچی؟ بۆ ئەوەی نەکرێ چەک و پێداویستی نیزامی بە ڕێگای هەوایی دا بگوێزرێنەوە بۆ کوردستان بۆ بەرگری کردن لە شوێنێک کە بە پێی قانوونی بنەڕەتی بە بەشێک لە ووڵاتەکە دادەندرێ و بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕێکخراوەیەکی تێڕۆریستی. بەڵگەی دیکەی کە دەیسەلمێنن عێڕاق خەریکە لە بەر یەک هەڵدەوەشێ ، ئێستا یەکە میلیۆن و نیو عێڕاقی غەیرە کورد  لە کوردستانی عێڕاق دەژین ، حکوومەتی عێڕاق دەکرێ بڵێین هیچیان ناداتێ پێی بژین. بۆ چی ؟ چونکە ئەوان کەمایەتین و سوننی ن ، شیعە نین. جا کەمتا زۆر لە بەریەک هەڵوەشانی عێڕاق سەلماوە. دوای هێرشی ساڵی ٢٠٠٣ی ئەنریکا بۆ عێڕاق ، دەوڵەتە یەکگرتووەکان و هێزە ئوڕووپاییەکان  و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەنگی بەرز پشتیوانی خۆیان لە یەکێتیی عێڕاق ڕاگەیاند ، بەڵام ئێستا، هیچ کەسی کە لە دەسەڵات دا بێ، لە ئاستی بڕیار دان دابێ لە مەڕ سیاسەت لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەمن پێم وایە لە ئوڕووپاش بە زەحمەت کەس دەبیندرێتەوە ، تەنانەت ڕووسییە و ووڵاتانی عەڕەبی سوننی ش کە باوەری بە یەکێتیی عێڕاق هەبێ. سەربەخۆیی کوردستان تەقریبەن بووە بە شتێکی تەشریفاتی، بەستراوەتەوە بە ئەنجامدانی ڕێفراندۆمێک کە هێشتا ڕا نەگەیێندراوە کەنگێ دەکرێ. ئاشکرایە لێرە دا دەوری هێزی دەرەوەیەش دەبێ باسی لێوە بکرێ، هەر کە هاتوو ئەو ڕێفراندۆمە کرا، ئەمن هیوادارم ئەمساڵ بکرێ – چوەنکە ئەمن پێم وایە ئەوە مەنتقێکی زیاتری تێدا دایە کە زووتر بکرێ و وەنەخرێ – و زۆر زوو بە دوای ئەوە دا بە ڕسمی ناسینی دیپڵۆماتیکی دەوڵەتی تازە دێتە گۆڕێ. سوورییەش لە بەر یەک هەڵوەشاوە و ئاکامی پێواژۆی ئاشتی هەرچییەکی بێ ناکرێ دەوڵەتی سوورییە وەکوو دەوڵەتێکی یونیتێر دابمەزرێندرێتەوە. ئەوە مانای ئەوە نییە وەک عێڕاق دەبێ کە بە دوو یان سێ دەوڵەتی کە لەئاستی نێو نەتەوەیی دا بە ڕەسمی دەناسرێن  دابەش دەبێ. بەڵام وەک دەوڵەتێکی تاقانە وەسەریەک ناخرێتەوە بەو مانایەی کە دەستەڵاتێکی حکوومەتی سەرتاسەری هەبێ لە پێتەخت کە کۆنتڕۆڵی خۆی بە سەر ووڵات دا دامەزرێنێ.

چا ئێستا ئەگەر باسی ئەوە بکەین کە ئۆپۆزیسیۆن لە سوورییە کێنە؟ هەڵبەت  بەشی هەرە زۆری خاکی سوورییە و "دانیشتوان"ی ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام ، داعش دایە. دوای ئەو ئەو هێزەی کە بەشی هەرە زۆری خاکی لە بن دەست دابێ بە شێوەی سەرەکی ئیدارەی کوردیی ڕۆژئاوایە کە وەک دەزانن ئەو ئیدارەیە بە تەواوی هەر کوردی نییە و ٤ [ ٣، وەرگێڕ] کانتۆنە لە سەر سنووری تورکییە ، دوایە کنارەیەکی دەریایمان هەیە و بەشێک لە پێتخەت دیمشق ، پێم وایە بەشی هەرە زۆری هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەت [ ی بەشار ئەسەد ، وەرگێڕ] دایە. بەشە ڕۆژئاوای سوورییە کە لە بن کۆنتڕۆلی تێکەڵاوێک لە ئۆپۆزیسیۆنە ئیسلامییەکان دایە کە نە داعشن و نە جەبهەتولنەسرە. بەڵام دوای ٥ ساڵ لە شەڕی نێوخۆیی ئاشکرایە کە کوردەکان کە بە ماوەی ساڵان گەلی سەرکوتکراو و بەشخوراو بوون لە سوورییە کە تەنانەت ناسێنەشیان بە ڕەسمی نەدەناسرا ،ئەوە بە نێوی ڕەسمی ووڵاتەکەوە بە جوانی دیارە " جمهووری عەڕەبیی سوورییە" . دیارە کوردەکان قەبووڵ ناکەن دەستەڵاتی حکوومەتی نێوەندیی بە سەریان دا بسەپێندرێتەوە و بە دڵنیاییەوە ئامانجیان بەردەوام بوون و درێژە کێشانی تەجرۆبەی خۆ بەڕێوەبەرییانە. عەلەوییەکان کە لایەنگری لە حکوومەت دەکەن لەوە دەترسێن بێتوو ئۆپۆزیسیۆن سەر کەوێ واتە ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە لە ریاز  پێک هاتووە ، ترسی ئەوان ئەوەیە ڕووبەڕووی جێنۆساید ببن ، ئەمن هەر باسی ئەوە ناکەم بە دەست حکوومەتی ئیسلامی تەنانەت  گۆیا ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی میانەڕۆش کە لە لایەن دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی و تورکییە، عەڕەبستانی سعوودی و قەتەرەوە پشتیوانییان لێ دەکرێ. قسەش هەر ئەوە نییە کە عەلەوییەکان سەر وە ڕێژیم وە حیساب دێن لە بەر ئەوەی ئەسەد و ڕێبەرە باڵاکانی ڕێژیم عەلەوی نە ، بەڵکوو لە بەر ئەوەشە کە ئەوان بە  لە دین وەرگەڕاو دادەندرێن لە لایەن ئیسلامییەکانەوە، جا دوو ڕێگا لە بەر دەم خۆیان دا دەبینن یان درێژە دان بە حکوومەت کردن یان بۆ مانەوە و پاراستنی خۆیان دەستکردنەوە و دامەزراندنەوەی سوورییەکی یونیتێر و یەکگرتوو. درووزییەکان حەولیان داوە خۆیان بپارێزن و ئاوری شەڕ نەیانگاتێ بەڵام  ئەوانیش هۆی ئەوەیان هەیە بترسێن بێتوو ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی سەر بکەوێ، مەسیحییەکانیش هەر وەتر. لە ناو ئەو ئاڵۆزی و تێکەولێکەییەی سوورییە دا ، داعش و جەبهەتولنەسرە سەریان هەڵێناوە و ئەوە شتێکە کە کشاوەتە نێو عێڕاقیش. بە دڵنیاییەوە داعش گرووپێکی تێڕۆریستی یە و زۆر زۆر بە تواناترە لە ئەلقاعیدە چونکە خاکێکی زۆری لە بن کۆنتڕۆڵ دایە کە ئەلقاعیدە قەت ئەو جۆرە کۆنتڕۆڵەی بە سەر خاک دا نەبووە، بەڵام وەک ئەلقاعیدە ئەو تواناییەی لە خۆ نیشان داوە کە لە ووڵاتانی ڕۆژئاوایی دا هێرش ئەنجام بدا.
جا لەو هەرێمەی دا کە شکڵی گۆڕاوە هەم کوردەکان و هەم تورکییە دەوری گرینگیان هەیە . لە عێڕاق پێشمەرگە هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا بوون لە نەبەرد بە دژی داعش دوای شکانی ٢٠١٤ ، ئەو شکانەی کە لە بەر ئەوە قەوما کە داعش چەکدار کرا بە چەکی هەرە پێشکەوتوویی ئەمریکایی کە لە ئەڕتەشی عێڕاقی وەدەست هێنا بێ ئەوەی شەڕێک بکرێ ، ئەوە شکانێکی گەورە بوو، بەڵام بە پشتیوانی هێرشی هەوایی ئەمریکا و هێرشی هەوایی هاوپەیمانان  پێشمەرگە هەموو ئەو خاکانەی گرتەوە کە داعش داگیری کرد بوو ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی کە بڕیار دەدەن بۆ داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکا درێژە دەدەن بە سیاسەتێک کە کەس باوەڕی پێی نییە بەڕێگەی پشتیوانی لە حکوومەتی ناوەندی [ لە عێڕاق ] و بۆیەش درێژە دەدەن بە چەکدان بە گۆیا " ئەڕتەشی عێڕاق"، هەڵبەت  ئەوە ئەڕتەشێکی عێڕاقی نییە، بەڵکوو ئەڕتەشێکی شیعەیە و ئاکامی ئەوەیە کە درێژە دەدرێ بە چەک پێدان بە  دەوڵەتی ئیسلامی بە ڕێگای ئەڕتەشی عێڕاق دا . لە ڕاستیدا ماوەیەکی کورت لەمەو پێش کاریکاتۆرێکی جوان لە گۆڤاری ساتێریکی " ئۆنیۆن " دا بڵاو کرایەوە کە پێشنیازی دەکرد ڕاستەوڕاست چەک بدرێ بە دەوڵەتی ئیسلامی لە جیات ئەوەی بە ڕێگای ئەڕتەشی عێڕاقەوە ئەو کارە بکرێ. لە سوورییە، بزووتنەوەی  کوردەکان، تا ڕادەیەک جیاوازە لە بزووتنەوەی بەربڵاوتری کورد. تەڤ - دەمی ڕۆژئاوا، بزووتنەوەی سۆسیال دێمۆکڕات، پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک، گرووپی ئاوای کە بابڵێین  سەر بە پ.ک.ک. ن نیشانیان داوە کە شەڕکەری هەرە کاریگەرن بە دژی داعش و هەر وەها بوون بە هاوپەیمانی سەرەکی ڕۆژئاوا و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. و ئەوەش لە ڕاستیدا یەک لە زنجیرەیەک پێشوەچوونی هەرە سەرنجڕاکێشە، شتێکی کە چەند ساڵ لەمەوپێش نەدەکرا پێشبینی بکرێ. ئەمن لێرە دا تەقدیری هەرە زۆری سەرۆک کۆمار ئۆباما و ئیدارەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەم لەبەر ئەوەی لەو کاتەی دا کە کۆبانی لە مەترسی کەوتن دا بوو ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خەڵکەی کە دیفاعیان لە کۆبانێ دەکرد لە لایەن تورکییەوە بە هەمان شت دادەندران وەک پ.ک.ک، و زۆربەی لێکدەرەوان ئەوانیان بە هاوپەیمان و سەر بە پ.ک.ک. دەناساند ، بێ ئەوەی دەرفەت بدرێ خەسارێکی هەرە زۆری ئینسانی بکرێ، و کارەساتێکی ئینسانی بقەومێ بە سەرکەوتنی دەوڵەی ئیسلامی ، ئیدارەی ئۆباما گوێی نەدایە  تورکییە، هێزی هەوایی ئەمرێکای وەگەڕ خست بە دژی داعش و یارمەتی پارێزەرانی قارەمانی  [ کۆبانێ ] ی کرد لە سەر زەوی بۆ ئەوەی بە سەرکەوتووییەوە دیفاع لە کۆبانێ بکەن و لە هەشت مانگی کە بە دوویدا هات بەشی هەرە زۆری ڕۆژئاوا لە داعش پاک کرایەوە، لە ڕاستیدا بە دڵنیاییەوە دەکرێ بگوترێ تەقریبەن بەشی هەرە زۆی ئەو خاكەی لە سوورییە لە داعش ئەستێندراوەتەوە کەوتووەتە بەر دەست یەپەگە و یەپەژە واتە هێزە نیزامییەکانی کوردەکانی سوورییە. دیارە ئەو یارمەتییە هەر هێرشی هەوایی نەبوو، لە هەواوە یارمەتی چەکیش کرا و ئێستا جێکردنەوەی تاقە هێزی ئەمریکایی لە سوورییە کە لەوێ لە گەڵ [ئیدارە]ی ڕۆژئاوا کار دەکەن.
با بێینە سەر تورکییە. دەوری تورکییە لە گشت ئەمانە دا چاوڕاکێش بووە. یەکەم تورکییە دەوری سەرەکی گێڕاوە و دەگێڕێ بۆ ئەوەی کە کوردستانێکی سەربەخۆ بکا بە شتێکی مومکین  لە سەر خاکی پێشووی عێڕاق. تورکییە سەرچاوەی سەرەکی سەرمایە وەگەرخستنە لە  کوردستانی عێڕاق ، هێڵکی گواستنەوەی دروست کردووە  کە دەرفەتی داوە بە کوردستانی عێڕاق نەوتێکی زۆر هەناردەی دەرەوە بکا کە دەتوانێ وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بیهێڵێتەوە بە ووتەیەکی دی ، کوردستانی عێڕاق لە ئاکامی هەبوونی هێڵی گواستنەوەی تورک دەتوانێ ئەوەندەی دەکرێ داهات بە دەست بخا لە فرۆشتنی نەوتی خۆی ، هەر ئەوەندەی کە دەکرا وەدەستی بهێنێ ئەگەر لە عێڕاق دا مابایەوە و ئەگەر عێڕاق بەشە نەوتی کوردستانی دابایە کە هەڵبەت دیارە نایدا. باشە ئەردۆغان و تورکییە چما ئەوەیان کرد؟ بەشێکی لەبەر ئەوە بوو ئەو دیمەنەی کە لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرچاوی خەڵک بوو ئەوە بوو  کە بێتوو هەر جۆرە دەوڵەتێکی کوردی هەبێ ئەوە بە مانای نەمانی تورکییەیە، ئەردۆغان دەستی یارمەتی درێژ کرد و لە ڕاستیدا کوردستانی عێڕاقی وەخۆ کرد و ویستی نیشان  بدا ئەوە ناوچەیەکە لە جەغزی بەرژەوەندیی گەورەتری تورکییە دا، جەغزی ئابووری. ئەوە لە ڕوانگەی حکوومەتی هەرێمیی کوردستانەوە پێشوەچوونێکی زۆر بەدڵ بوو، بە ووردی هەر لە بەر ئەوەی دەگاتە سەربەخۆیی و تەنانەت بە قسەی کاربەدەستانی تورکییەش سیگناڵی ئەویان داوە ئەوان مافی خەڵکی کوردستانی عێڕاق قەبووڵ دەکەن  داهاتووی خۆیان بە دەست خۆیان دیاریی بکەن.
لە سوورییە دەوری تورکییە زۆر جیاوازتر بووە. لە سوورییە گەشەی بە شەڕی نێوخۆیی داوە و دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ تاکوتەرای تیژپەڕ . شەڕکەرانی بێگانە کە هاتوونە سوورییە و لەوێ شانبەشانی دەوڵەتی ئیسلامی و جەبهەتونەسرە شەڕ دەکەن تەقریبەن هەموویان بە ڕێگای تورکییە دا گەیشتوونەتە ئەوێ. و ئاشکرایە ئەوە شتێکە دەوڵەتی تورکییە لێی ئاگادار بووە و جێی واق ووڕمانێکی زۆر نییە. لەوەش دەرچێ بەشێک لە دەستە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن واتە ئەو گرووپەی لە ڕێاز پێک هات و دەستەی نوێنەرایەتی یەکگرتووی ساز کرد [ بۆ بەشداریی لە کووبوونەوەی ژێنێڤ دا ] زۆربەیان تورکییە یارمەتییان دەدا و لە تورکییە مەقەڕیان هەیە و دەحاوێندرێنەوە. و ئەمن هەر ئێستا باسی دەکەم کە ئەوە بۆچی گرینگە. و هەڵبەت تورکییە ڕایگەیاندووە کە دامەزرانی هەڕێمێکی کوردی لە باکووری سووریە قەبووڵ ناکا و هێندێک هێرش کراوەتە سەر " ڕۆژئاوا" ، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە دەوری تورکییە لە سوورییە وای لێ هاتووە کە بارو دۆخی کوردیی لە تورکییە گۆڕیوە. و ڕەنگە نوختەی ئەو وەرچەرخانەش هەر کۆبانێ بێ. لە کاتێکدا حکوومەتی تورک تانکەکانی ڕووبەروو و لە سەر کۆبانێ دامەزراندبوو و هیچی نەکرد لە کاتێکدا شارەکە خاپوور دەکرا. ئەو کردەوانە بوونە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە دەنگدەران کە پشتیوانییان لە ئاکەپە دەکرد لە دژی ئاکەپە هەڵگەڕێنەوە و بە بوونی ڕێبەری هەدەپە و هاوڕێم جەنگیز [ چاندار ] لەو پانێلە دا ئەگەرچی بۆم نییە وەک لێکدەروەی بارو دۆخی تورکییە خۆم دەرخەم ، بەڵام پێم وایە ئەوان لەگەڵم ڕێکن کە دۆزی کۆبانێ لەو ڕووەوە هۆکارێکی گۆڕان بوو. و ئەوەش بە نۆرەی خۆی دوای ئەوەی کە هەدپە هاتە نێو پارڵمان ، کاتێک کە ئەردۆغان زۆربەی دەنگی لە هەڵبژاردن لە دەست دا بۆ ئەوەی پارتییەکەی بە سەر خۆی حکوومەت پێکەوە بنێ ، ئەمن پێم وایە ئەوە بووە هۆی بڕانی دڵتاوێنی موزاکەراتی ئاشتی لە نێوان پ.ک.ک و حکوومەتی تورک دا. و هەڵگیرسانەوەی شەڕ.
بەڵام ئەو شەڕە جیاوازە لەو شەڕەی کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٤ تا ١٩٩٩ کرا. شەڕی ئەو دەمی لە دەرەوەی شاران بوو ، لە بناوانەوە سەرهەڵداوانی کورد – و ئەمن پێم وایە ئەوە هەڵەیە بگوتری گرووپی تێڕۆریستی، ئەوە سەرهەڵدانێکە  و شتێکی جیاوازە- ، لاپەڕەیەکیان هەڵ گرتووە  لەوەی کە لە سوورییە ڕادەبرێ و لە نێو شاران دا شەڕ دەکەن و ئەوە زەحمەتە بۆ حکوومەتی تورکییە لەگەڵی ڕووبەڕوو بێتەوە. و دوا قسەم پشتیوانی لە داعش  بە دژی تورکییە هەڵگەڕاوەتەوە و ئێستا داعش قەپ بە تورکییە دا دەکا ، هێرش لە نێوخۆی تورکییە ئەنجام دەدا ، هێرشی سورووچ، هیڕش لە ئانکارا و هێرش لە سوڵتان ئەحمەدی ئەستەنبووڵ بۆ سەر ناوچەیەکی تووریستی کە بێ ئەملاو ئەولا شوێنێکی تێکدەرانە دەکاتە سەر تورکییە. زۆر بە خێرایی ئاماژە بە پنکتێک بکەم. باشە لە ناو هەموو ئەوانە دا پێویستە چ بکرێ؟ ڕیشەی ئەو کێشانە، شەڕە لە سوورییە بۆیە دەبێ چارەسەرییەک بۆ شەڕ لە سوورییە بدۆزرێتەوە و دیارە ئەو ڕێگا چارەسەرییەش ڕێگاچارەسەرییەکی نیزامی نییە. جا بۆیە هەرچەندی ئەو پێواژۆیەش کە ئێمە هیوادارین ڕۆژی جومعە لە ژێنێڤ دەست پێ بکا زەحمەت و دژواریش بێ ئێمە دەبێ هیوا دار بین کە بەرەو پێش بچێ ، بەڵام ئەوە دەبێ بە بەشداری هەموو لایەنە سەرەکییەکان بکرێ  لە دەوری مێزی موزاکەرە . موزاکەرەیەکی کە هەر لە نێوان حکوومەتی سوورییە و ئۆپۆزیسیۆنی ڕیاز بکرێ و کوردەکانی سووریە و هاوپەیمانەکانیان دەربهاوێژێ و بخاتە پەراوێزەوە ئاشتی مسۆگەر ناکا . هەڵبەت کوردەکانی سووریە لێیان دەوەشێتەوە و مافی خۆیانە لە دەوری ئەو مێزە بن ، ئەوان شەڕکەرانی سەرەکی بوون بە دژی تێڕۆریزم [ چەپلەی ئامادە بووان .. ] . ئەو قسەیەی من  چ پێوەندی بە دروست و هەڵەوە نییە، سپاس، ئەمن دەمەوێ بڵێم ئەم ئارگومێنتە شتێکی ئەخلاقی نییە ، ئارگومێنتێکی ئەخلاقی نییە بەڵکوو ئارگومێنتێکی پڕاگماتیکی و بە کردەوەیە و ئەوە ئارگومێنتێکی پڕاگماتیکی یە لە سەر دوو بنەما. یەکیان ئەوەیە کە مرۆڤ چاوەڕوانی چ جۆرە چارەسەرییەک دەکا لە سوورییە ؟ سوورییە ووڵاتێکە کە لە سەدا شێستی عەڕەبی سونی یە و لە سەدا چلەکەی دیکەشی مەسیحی ، درووز، عەڕەبی عەلەوی و کوردەکانن  کە تا ڕادەیەکی زۆر سێکیولارن، بەڵام زۆر لە سونییەکانیش سیکولارن. جا بۆیە بە پێچەوانەی عێڕاق کە  بەئاشکرایی  زۆربە هەبوو بۆ دەوڵەتێکی  ئیسلامی عەڕەبی شیعە ، لە سوورییە دا زۆرابەیەتییەک نییە بۆ دەوڵەتێکی ئیسلامی ، بەڵام ئەگەر ئێوە موزاکەرەیەکتان هەبێ هەر لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی ڕیاز و ڕێژیم دا ئەوە ئاکامی دەبێتە دەوڵەتێکی ئیسلامی، بەڵام ئەگەر کوردەکانی تێدا بێ ئەوە شتێکی دیکەیە، ئەوان لەگەڵ چین؟ لەگەڵ  سێکۆلاریزمن، نەک ئەوەی کە دژی دابەش بوونی تائیفی ن بەڵکوو سیکولارن و لایەنگری جودا کردنەوە کلیسا یان مزگەوت لە دەوڵەتن، ئەوان لەگەڵ  یەکسانی پیاو و ژن دان،  کە ئەوە نەک هەر بە سەری خۆی دروستە، بەڵکوو کاتێک ژنان لە کۆمەڵێک دا مافی تەواوی خۆیان هەبێ ، کۆمەڵ  دەگۆڕدرێ و ئەگەر ئێوە بچنە ڕۆژئاوا ، ئەمن هەتا ئێستا سێ جار چوومەتە کوردستانی سوورییە  لە ماوەی ساڵی ڕابردو دا ، لەوێ دەبینن کە پیاوان و ژنان لە دەزگای قانوونان دانان دا ژمارەیان وەک یەکە، هاو سەرۆکوەزیر هەن لە هەر کام لە کانتۆنەکاندا ژنێک و پیاوێک ، دەبێ ئێمە سادق بین ، مەبەست ئەوە نییە بڵێم هەموو کەس یەکسانە لەوێ ، بەڵام دەوری لە زێدەی ژنان هەتا بڵێی گرینگە. هۆکاری سییەم ئەوەیە کە شەڕی ئەو ووڵاتانە لە سەر بنەمای ئێتنیکی یان دینی مەکەن. و ئەگەر [ لە ژێنێڤ ] هەر دەستەی نوێنەرایەتیتان لە نێوان دوو لایەنی شۆوێنیست دا هەبێ واتە رێژیم و خەڵک لە ریاز  ئێوە ناگەن بە سوورییەکی دەربەر، پلووڕالیست کە دەبێ هەتان بێ نەک وەک ماڵ  هەر بۆ کوردەکان بەڵکوو بۆ مەسیحییەکان و درووزەکانیش. لەبەر ئەو ئاکامانەی کە ئێوە دەتانەوێ لە سووریە پەیدا بن  دەبێ کوردەکانی سوورییەش لە دەوری مێزی موزاکەرە هەبن ، شتێکی کە بە هەڵکەوت هەم ئیدارەی ئۆباما و هەر وەها ڕووسەکان دەیانەوێ. تورکییە دژێتی و بە بۆچوونی من هەر دوو ووڵاتەکان ئامادەن گرینگی نەدەن بە قسەی تورکییە ، کێشە ئەوەیە گشت ئەو گرووپانەی کە پشتیان بە تورکییە بەستووە و چاو لە دەستی ئەون ، دەکرێ بە هاسانی پێیان بگوترێ خۆتان نیشان مەدەن، ئەگەر بێن چبڕ پشتیوانی دیکەتان لێ ناکرێ و چ پێواژۆیەکی ئاشتی دەست پێ ناکا. ئەوەیە ڕەگی مەسەلەکە. هۆی دووهەمی کە دەبێ هەموو لایەنەکان لە ژێنێڤ بن ئەوەیە  ئەگەر کوردەکانی سوورییە دەر بهاوێژرێن ئەوان بژاری دیکەیان هەیە ، ئەوان دەتوانن دەست بە موزاکەرەی لە مەڕ خۆیان بکەن بۆ نموونە لەگەڵ حکوومەت ، ئەگەر ئەوان ناچار بن ئەوە بکەن. ئەوە لە ڕوانگەی حکوومەتەوە  نە پێویستە لەبری ئاشتی ئامادە بێ خاوە و ئیمتیاز بدا و بسازێ. جا لە بەر ئەو هەموو هۆیانە دەبێ پێواژۆیەکی ئاشتی بۆ سوورییە بێتە گۆڕێ ، نەک لە ڕووی ئەخلاقییەوە ، بەڵکوو بۆ گەیشتن بە ئاکامی ئەوتۆی کە هەموان بگرێتەوە. پنکتی دووهەم ئەوەیە ، دەی با ڕاستیی عێڕاق قەبووڵ بکەین ، با لە ئاستی نێونەتەوەیی دا ئاکامی ئەوەێ لەوێ دەقەومێ بە ڕەسمی بناسرێ بە هەبوونی کوردستانی سەربەخٶشەوە و دوا قسەم  ئەوەیە کە تورکییە ووڵاتێکی گەورەیە ، لە بەهاکانی ڕۆژئاوایی دا خۆی بە شەریک دەزانێ ، وەکوو زۆر لە ووڵاتی گەورەی دیکە گیرو گرفتی جیدی هەیە ، ووڵاتەکەی منیش هەیەتی ، لە ڕاستیدا ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە سەر ئەو گێرە وکێشانەی کە لە ساڵانی ١٩٦٠ کان و حەفتاکان دا  لە مەڕ ئازادییە مەدەنییەکان هەمان بوو، پاشماوەی دنیا مافی خۆی  بوو  ڕەخنە لە ئێمە بگرێ ، هەر وەها ئەوە دروستە بۆ ئێمە کە لەگەڵ تورکییە دا دانوستانمان هەبێ  بۆ گفتوگۆ کردن لە سەر نەک هەر مافی مرۆڤ لە تورکییە،  بەڵکوو بە گردبڕی دەبێ گوشار بهێندرێ بۆ دەستپێکردنەوەی پێواژۆی ئاشتی لە نێوان حکوومەتی تورکییە و پ.ک.ک . ترشمان بێ و خۆشمان بێ ، ڕەنگە ئێمە هەموومان ئارەزوومان کردبا ڕێکخراوەیەکی دیکە هەبووبایە ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە ڕێکخراوەیەکە هێزی هەیە  کە ئاشکرایە پشتیوانی لێ دەکرێ و  لایەنگری هەیە ومرۆڤ دەتوانێ  تەنێ لەگەڵ خەڵکی ئەوتۆ ئاشتی دامەزرێنێ  کە لە ڕاستیدا هێزیان هەیە. شتی چاک لەو پێوەندییە دا ئەوەیە کە پ.ک.ک  ئاشتی دەوێ و دەیەوێ ئەو ئاشتییە  لە سەر بناخەیەکی پتەو و مەعقوول بێ.
سپاستان دەکەم.


وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

No comments: