Monday, February 8, 2016

هاکوب مارتایان ی ئەرمەنی – دامەزرێنەری زمانی مۆدێڕنی تورکی


Armedia
Information, analytical Agency
02.02.2016

 ‌‌ هاکوب مارتایان ی  ئەرمەنی – دامەزرێنەری زمانی  مۆدێڕنی تورکی

لە تورکییە، زۆرکەس خۆ لەوە دەدزنەوە باسی دەوری ئەمەنییەکان بکەن لە بەرەوپێشبردنی دەوڵەتی تورک و کولتووری تورکی دا. لە گەڵ ئەوەشدا، تورکەکان ناتوانن باسی یەک لەو ئەرمەنییانە نەکەن . ئەویش دامەزرێنەری زمانی تورکی مۆدێڕن هاکوب مارتایان ، یان وەک تورکەکان نێوی دەبەن هاکۆب دیل ئاچارە.کاتێک ئاتاتورک بڕیاری دا ڕێفۆرمێک لە زمانی تورکی دا بکا و  زمانی تورکی – عوسمانی  لە خەتی عەڕەبییەوە بگۆڕێ و ڕێنووسەکەی بکاتە ئەلفوبێی لاتینی  داوای لە هاکوب مارتایان کرد ئەو ئەرکە بەڕێوە بەرێ.
وێدەچێ ئەو دەستبژێر کردنەی ئاتاتورک بە ڕێکەوت نەبووبێ . هاکوب مارتایان نوێنەرێکی هەڵکەوتووی نەتەوەی ئەرمەنی لە ٢٢ی مەی ، ١٨٩٥ لە قوستەنتەنییە (ئەستەنبووڵ) لە دایک بوو. لە مەدرەسەی ئەمریکایی ئەستەنبووڵ ( کالیجی ڕۆبێرت ) خوێندی. دوایە بوو بە مامۆستای ئینگلیسی لەو کالیجە ، و دواتر بوو بە  بەڕێوەبەری.
کاتێک شەڕی یەکەم هەلئایسا ، مارتایان ناردرا بۆ جەبهەی سوورییە – بۆ ئەوەی بە دژی بریتانیاییەکان شەڕ بکا. لە بەر ئەوەی مارتایان زمانی ئینگلیسی دەزانی زیندانییە ئینگلیسییەکان  تکایان لێ کرد بە ئەفسەرە تورکەکان بڵێ دەست لە توند وتیژی بە دژیان هەڵگرن .
لە ووڵام دا ، ئەفسەرەکان وەک خائینێک هاکۆبیان بردە لای فەرماندەکەیان. بەر لەوەی فەرمانی فەرماندە ببیسێ، ئەو لێبڕاوانە دایگرتەوە توندوتیژی تەنێ خەسلەتی ڕێژیمێکی سوڵتانە ، نەک ئی سیستمێکی کۆماری کە حەولی پێشکەوتن دەدا. بە درێژە دانی قسە کردن وێدەچێ ئەو دەربڕینەی وی وەبەر دڵی فەرماندە کەوتبێ. ئیدی لەو دەمییەوە چارەنووسی مارتایان گۆڕا. ماوەیەک دواتر مارتایان سەبارەت بە سیاسەتی گشتی و ئەوەی کە کۆمار دەبێ چۆن بێ  دەرسی هەمان فەرماندەی ناوبراوی دادا ، کە  پاشان بوو  بە یەکەم سەرۆک کۆماری کۆماری تورکییە. بەڵێ ئەوە ئەو بوو – موستەفا کەماڵ کە لە ساڵی ١٩٢٣ مارتایان ی ڕائەسپارد  ڕێفۆرمێک لە زمانی تورکی عوسمانی دا بکا و ڕێنووسە عەڕەبییەکەی بگۆڕێ بۆ ئەلفوبێی لاتینی. بۆ ئەو مەبەستە ، لە ساڵی ١٩٣٢، کۆمەڵەی زمانی تورکی دامەزرا. لە بەر ئەوەی ئەو دەمی لە تورکییە زمانزان هێندە نەبوو ، کەماڵ بڕیاری دا  مارتایان بانگ بکا بۆ  هاتنە ناو بۆ ئەو کۆمەڵەیە.زمانزانی ئەرمەنی لە ئانکارا ماڵی دانا و بوو بە ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار لە مەڕ بابەتگەلی زمانی تورکی، کولتووری و زانستی.
لە نێوان ساڵانی ١٩٣٦ – ١٩٥٠  دا،  مارتایان  لە زانکۆی ئانکارا  دەرسی مێژووی زمانناسی و زمانناسی گشتی دەگوتەوە. ئیدی ئەو دەمی ناسناوی  دیل ئاچاری پێ بەخشرا بوو. دەبێ وەبیر بهێندرێتەوە کە لە ساڵی ١٩٣٤ دا ، کەماڵ قانوونی پاشناوی ئیمزا کرد . یەکەم دەستەی کە بڕیار درا پاشناویان بدرێتێ بریتی بوون لە زمانناسان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان ( بەر لەو تاریخە لە تورکییە  پاشناو  نەبوو). لەو سەروبەندە دا زمانناسانی تورک  پاشناوی  ' تورک ئاتاسی ' یان بۆ موستەفا کەماڵ پێش خست ، کە دوایە مارتایان گۆڕی و کردی بە ئاتاتورک و هەتا ئێستاش کەماڵ بە ئاتاتورک ناسراوە. لە بەر ئەوەی مارتایان  پاشناوێکی هەبوو کە وە ئی خەڵکی دی نەدەچوو، ئاتاتورک  ناسناوی  دیل ئاچار ی پێ بەخشی ، کە لە تورکی دا بە مانای  " زمانزانە".
سەرنجراکێشە،  مارتایان نەک هەر دامەزرێنەری زمانی مۆدێڕنی تورکی یە، بەڵکوو سەرنووسەری سەرەکی ئەنسیکڵۆپێدیای تورکیشە. جێی ئاماژەیە مارتایان بە تەنیشت ئەرمەنی و تورکی یەوە ، ١٩ زمانی دیکەشی دەزانی، لەوانە یۆنانی، ئینگلیسی ، ئێسپانیایی ، لاتین، ئەڵمانی ، ڕووسی ، بولغارستانی هتد . ئەو زۆر کتێبی نووسیوە " زمان ، زمانەکان و زمانناسی " ، کە تێیدا باسی زمانی ئەرمەنی، ئەرمەنی کۆن، ئەرمەنی ناوەڕاست و ئەرمەنی نوێ دەکا. دەبێ بگوترێ  مارتایان تا ساڵی ١٩٣٢  لە بەیڕووت ، سۆفیا و شارەکانی دی دا کاری دەکرد و سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی ئەرمەنی دەرسی دەگوتەوە. ئەو بەڕێوەبەری یەکەم مەدرەسەی ئەرمەنی بوو لە بەیڕووت. لە سۆفیا  دەستی کرد بە بڵاو کردنەوەی دوو ڕۆژنامەی ئەرمەنی " راهیڤرا " و  " مشکاکیوت "  [ کۆلتوور]. ئەو لە بەیڕووت هەر وەها سەرنووسەری حەوتوونامەی  " لویس " بوو.
سەرەڕای سیاسەتی دژی ئەرمەنی کاربەدەستانی تورک ، مارتایان قەت ڕیشە و ڕەچەڵەکی خۆی نەشاردەوە و بەڵگەی ئەوەش ئەو چیرۆکە چاوڕاکێشە یە: جارێک لە ساڵی ١٩٣٤، لە زیافەتێک دا کە موستەفا کەماڵ بۆ کەسانی ناسراوی ڕێک خستبوو  پێشنیاری کرد هەر  میوانەی گۆرانییەک بە زمانی نەتەوەکەی خۆی بڵێ.  ئەو کاتەی نۆرە گەیشتە هاکوب مارتایان هێندێکان دەستیان کرد بە سرتە سرت کە ئەو ناوێرێ جگە لە تورکی نەبێ بە زمانێکی دیکە گۆرانی بڵێ.
لەگەڵ ئەوەشدا، هاکوب مارتایان بە زمانی ئەرمەنی ئەو گۆرانییەی گوت کە بە ڕێبەری نیزامی ئەرمەنی ئاندرانیک هەڵدەڵێ. میوانەکانی دەوری مێزی خوانەکە بە بیستی ووشەی " ئاندارنیک "  گێژ بوون  و ئاتاتورک ڕووی تێکردن و گوتی: " بە بیستنی ئەو گۆرانییە، زۆر کەس ئامادە بوون لە پێناو نەتەوەکەیاندا بمرن . بە حورمەتەوە گوێ لەو گۆرانییە بگرن. " ئاتاتورک گوتی: " ئەرمەنییەکان حەقی خۆیانە قارەمانەکانیان وەبیر بهێننەوە " و لێی زیاد کرد ئەگەرچی ئەوجار تورک بردیانەوە.

هاکوب مارتایان ( دیل ئاچار ) لە ١٢ی سێپتامبری ١٩٧٩  سەری نایەوە و دەورێکی گەورەی هەبوو لە بەڕەو پێشبردنی زمان تورکی و زمانناسیی تورکی دا


وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

No comments: