Monday, February 15, 2016

چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەر شیرین عیبادی بەرەوەی خەڵاتی ئاشتی نوبێلچاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەر شیرین عیبادی بەرەوەی خەڵاتی ئاشتی نوبێل



چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەر شیرین عیبادی بەرەوەی خەڵاتی ئاشتی نوبێل بۆ ساڵی ٢٠٠٣، لە پەراویزی دوازدەهەمین کۆنفڕانسی ساڵانەی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردەکان ٢٦ – ٢٧ ی ژانڤییە، پارڵمانی ئوڕووپا ، برووکسێل
سێشەمە ٢٦-ی ژانڤییەی ٢٠١٦
حەسەن قازی: زۆر سپاستان دەکەم داوخوازی ئێمەتان قەبوول کرد بۆ وتووێژ لەگەڵ تێلێڤیزۆنی ستێرک. پرسیاری یەکەمم ئەوەیە ئێوە لەگەڵ ئەوەشدا کە یەکێک لە پشتیوانانی ئەم کۆمیسیۆنی مەدەنی تورکییە و کوردەکانن و لە ساڵانی ڕابردووەوە هەمیشە باستان لێوە کراوە، بەڵام پێم وایە ئێستا بۆ جاری یەکەمە کە دێنە ئەم کۆنفڕانسە. چۆنە کە ساڵانی پێشوو تەشریفتان نەهێنابوو ؟
شیرین عیبادی: ساڵانی پێشوو هێندێک بەرنامەم هەبوو کە هاوکات بوو لە گەڵ کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکان. ئەمن بۆ زۆر بەرنامەی جۆر بەجۆر بانگهێشتن دەکرێم ، بەداخەوە کات نابێ هەموویان قەبووڵ بکەم . ئێستا خۆشحاڵم کە توانیومە بێم و لێرە یەکێک لە دۆستانی قەدیمی خانمی لەیلا زاناشم دی.
قازی: ئێوە لە ووتەکەتان دا کە ئەمڕۆ پێشکێشتان کرد باسی بەڕێز ' کەبوودوەند ' تان کرد.ئەوە لە بەر ئەوە بوو کە  پێشتر هاوکاریتان لەگەڵ کردووە ئەو دەمەی کە وەک پارێزەر لە ئێران کارتان دەکرد؟
عیبادی:بەڕێز کەبوودوەند ڕۆژنامەوانە ، پارێزەر نییە. لە ئێران ئەمن لەگەڵ هاوکارەکانم لە تاران " کۆمەڵەی پارێزەرانی مافی مرۆڤ " مان دامەزراند بوو ، بەڕێز کەبوودوەند دەهاتە ئەو کۆمەڵەیە و لەوێ بەڕێز کەبوودوەندم دیتبوو وەک نووچەگەهانێک یەکجار بەرپرسیار و بەرعۆدە بوو  و دوایە بە تاوانی دامەزراندنی ' کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان '  دە ساڵیان حوکمی زیندان بۆ بڕییەوە و لە زیندان دا هەمیشە زۆر  ناڕەحەتی و نەخۆشی بەدەنی هەبووە . مەئمورە ئەمنییەتییەکان گێرە و کێشەیان بۆ خۆی و ئەندامانی بنەماڵەی ساز کردووە و بە داخەوە بیستوومە لە زیندان دا  لە بەر ئەوەی نامەیەکی نووسیوە سەبارەت بە هەلومەرجی ناخۆش  و ناقانوونی زیندان، دیسان دۆسییەیەکی تازەیان بۆ کردووەتەوە، یانی لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەوەشدا کە زیاتر لە نۆ ساڵە لە زیندان دایە دیسان  بەڕواڵەت وا وێدەچێ حکوومەت ناهێڵی لە زیندان ئازاد بێ و ئەمن لەو بارەیەوە زۆر بەداخم چونکە بەڕێزیان کەسایەتییەکی  ئاشتیخواز و ڕۆژنامە وانێکی بەرعۆدەیە .

قازی: ئێوە ڕەنگە ئاگاداربن کە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی ئاشتیخواز لە تورکییە هەڵوێستیان نیشان داوە سەبارەت بەو زوڵمەی کە لە خەڵکی مەدەنی دەکرێ لە شارەکانی جۆر بە جۆری کوردستان و تەنانەت  لە هێندێک گەڕەکی ئەو شارانەی کوردستانی تورکییە. دەمویست لەو بارەیەوە بۆچوونی ئێوە بزانم و پێتان وایە لەو بارەیەوە مامۆستاکانی زانکۆکانی ئێران بە چ شێوەیەک دەتوانن هاودەردیی خۆیان لەگەڵ هاوپێشەکانیان لە تورکییە دەرببڕن؟
عیبادی: لە جێدا بەرگری کردن لە غەدرلێکراو ئەرکێکی ئینسانی یە. یانی ئێمە نابێ چاوی خۆمان لە ئاست زوڵم و زۆرداری بقووچێنین . ئاشکرایە کاتێک  زوڵم لە تاکێک ، دەستەیەک یان حیزبێک دەکرێ ئەوە ئەرکی ئینسانی هەموو لایەکە پڕۆتێست بکەن . لە تورکییە لە بەر وەزعییەتێک کە تووشی کوردەکان بووە  ژمارەیەک لە مامۆستای زانکۆکان نامەیەکیان نووسیوە ، پڕۆتێستیان کرد و داوایان کرد کە موزاکەراتی ئاشتی لەگەڵ کوردەکان درێژە بکێشێ. ئەوە نامەیەکی سادە بوو کە تێیدا داوخوازی درێژە پێدان بە موزاکەری ئاشتی سەرەکی بوو و ئەوە بووە هۆی ڕاوەدوونانی ژمارەیەک لەو مامۆستایانە. و ئەوە کارێکی دروست نییە و ئەمن لە ووتارەکەی خۆشم دا گوتم  دێمۆکڕاسی بە مانای حکوومەتی زۆربە نییە، چونکە زۆربەیەکی کە تەنانەت لە هەڵبژاردنێکی ئازادیش دا دەستەڵات بە دەستەوە دەگرێ، زۆر تەبیعییە هەموو مافەکان بۆ خۆیان تەرخان کا. دێمۆکڕاسی یانی لەبەرچاوگرتنی مافی کەمایەتییەکان. بەو پێیە تەعامولی کولتووری و ڕێز گرتن لە جۆراوجۆری کولتووری یەکەم ئەرکی حکوومەتێکە کە خۆی بە دێمۆکڕات دەناسێنێ.    
قازی: ئێوە لەو بارەیەوە هیچ پەیامێکتان هەیە بۆ مامۆستاکانی زانکۆکانی ئێران بۆ ئەوەی بە شێوەیەک لە شێوان هاوپێوەندیی خۆیان دەرببڕن لەگەڵ هاوپیشەکانیان لە تورکییە؟
عیبادی: دەبێ ئەوەتان لە بەر چاو بێ کە لە ئێران سانسۆر زۆرە. پێشتر بە ئێوەم گوت بەڕێز کەبوودوەند و هەر وەها ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسی – عەقیدەییەکان لە بەر  ئەو نامانەی نووسیویانە ئێستا خۆیان لە زیندان دان،  لەوانە لێرە دا دەمەوێ بەڕێز محەمەد سەیف زادە وەبیر بهێنمەوە کە هاوکاری بەوەجی من بوو لە ' کۆمەڵەی پارێزەرانی مافی مرۆڤ " دا،لەکاتێکدا کە لە زیندان دا بوو نامەیەکی بۆ ئاغای خاتەمی نووسی و تێیدا باسی هەلومەرجی ناقانوونی زیندانی بۆ کردن، هەر ئەوە بووە هۆی ئەوەی ٣ ساڵ زیاتر لە زیندان دا بمێنێتەوە. لە هەلومەرجێکی ئاوا دا دەبێ لە ووڵاتێکدا لە پێشدا هەلومەرجی ئازادیی بەیان هەبێ، دوایە داوا بکرێ کە خەڵک شتێک بکەن .
قازی: زۆر باشە. ئاخر پرسیارم لە بەڕێزتان ئەوەیە ئێوە لە چوارچێوەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دا ئێستا لە دەرەوەی ووڵات لە کامە بوارگەل دا چالاکیتان هەیە ؟

عیبادی: ئەمن لە دەرەوەی ئێرانیش بە ووردی هەر ئەو کارانە دەکەم کە لە ئێران دەمکرد، یانی بە شێوەی ڕێک و پێک ڕاپۆرتی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران چاپ دەکەین،ماڵپەڕەکەمان چالاکە، نووسینی ووتار و ووتار پێشکێش کردن لە کۆنفڕانس و کۆبوونەوان، هەر وەک دیتتان ئەمڕۆ لێرە هەرچەند کۆبوونەوەکە لە مەڕ تورکییە بوو، بەڵام ئەمن لە قسەکانم دا وەزعییەتی کوردەکانی ئێران و لەوانە بارو دۆخی بەڕێز کەبوودوەندم وەبیر هێنایەوە.
قازی: زۆر سپاتان دەکەم بۆ ئەو کاتەی پێتان داین
عیبادی: تکایە                                                                                                                                                         

No comments: