Tuesday, August 23, 2016

وەزاڕەتی کار وباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی دووشەمە ١٥، چوارشەمە ١٧ و پێنجشەمە ١٨-ی ئووتی ٢٠١٦

                                                                                                                    دووشەمە ١٥ –ی ئووتی  ٢٠١٦
ئێلیزابێت ترودۆ
 بەڕێوەبەری ، ئێدارەی چاپەمەنی
 وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن، دی سی
پرسیار:
باشە. وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکییە گوتی دەوڵەتە یەکگرتووەکان بەڵێنی بە تورکییە داوە هەر کە هاتوو مەنبج لە داعش پاک کرایەوە ، هێزەکانی پارتیی یەکێتی دێمۆکڕاتیک بەری ڕۆژئاوای چۆمی فرات بەجێ دەهێڵن. و جا ئەمن بیر لەوە دەکەمەوە داخودا ئێوە لەو بارەیەوە مۆڵەتێکی زەمانیتان بۆ پەیەدە داناوە ، و گەلۆ ئەتۆ دەتوانی تەئییدی بکەی کە ئێوە لە پێوەندی دان لەگەڵ هێزەکانی پەیەدە لەو بارەیەوە؟
 خانمی ترودۆ:
جا ئەوەی من لە ووڵام دەیڵێم ئەوەیە ئێمە هەنگاوێک بەرەو پێش دەچین و ڕێگام بدە با سەبارەت بە مەنبج و هەلومەرجی وێندەرێ لە سەر زەوی قسە بکەم. ڕزگار کردنی شاری مەنبج هێڵ و ڕێگایەکی کلیلی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام دەبرێ کە بە وێدا شەڕکەر، پارە ، چەک و چۆڵ ، و پێداویستییەکانی دەهێنا و دەبرد بۆ ئەو بەشە لەو خاک و کەوشەنەی کە هێشتا لە عێڕاق و سوورییە لە کۆنتڕۆڵی داعش دایە. ئازادیی ئەو شارە هەر وەها ڕێ خۆش دەکا بۆ تاق خستنەوەی ڕەقە ، کە ئەوەش هەنگاوێکی گرینگە بەرەو پاک کردنەوەی داعش لە سوورییە. بەشەکانی ئەو ئۆپێڕاسیۆنانەی کە ئێستا ئیتیلاف بەڕێوەی دەبا بە مەبەستی کەم کردنەوەی هەڕەشەی داعشە بۆ سەر تورکییە بە ڕێگای پشتیوانی کردن لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوورییە کە جێی باوەڕن و لە نێوەڕاست مانگی ئاوریلەوە لە بەرەی نزیکی مارا و ڕووبەرووی سنووری تورکییە شەڕی داعش دەکەن. ئازاد کردن و دەرکردنی داعش لە شاری مەنبج بە پێی تەخمینی ئێمە ٣٥٠٠٠ تا ٤٠٠٠٠ هاووڵاتی لە کۆنتڕۆڵی داعش ڕزگار دەکا. ئەو عەڕەبانەی بۆ مەنبج شەڕ دەکەن خۆیان خەڵکی مەنبج ن و شەڕەکەیان بۆ ئەوەیە ماڵوحاڵی خۆیان وەدەست بهێننەوە. هێزە کوردەکان بەشێکی گرینگن لە هێزە دێمۆکڕاتەکانی سوورییە [ ئێس دێ ئێف]. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بەرعۆدەیی ڕێبەرایەتی کوردمان هەیە کە ئەو عەڕەبە خۆجێیانەی کە زێد و خاکی خۆیان ڕزگار دەکەن ئەو کەسانە دەبن کە ناوچەکە ئاوەدان دەکەنەوە و کۆنتڕۆڵی ناوچەیی دادەمەزرێننەوە کاتێک کە دواجار تێڕۆریستەکان بە تەواوی دەردەپەڕێندرێن. ئەمن پێم وایە ئەوە هێندێک ووڵامی پرسیارەکەت دەداتەوە.
پرسیار: باشە ، پرسیارێکی دیکەش.
خانمی ترودۆ: بە دڵنیاییەوە، فەرموو
پرسیار: ئەمن پێم وایە رۆژی شەمە پارتیی یەکێتی دێمۆکڕاتیک سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان ، ئبراهیم برۆی ڕفاند. و دواتر لە سنووری عێڕاق بەریان دا و ناچاریان کرد سوورییە بە جێ بهێڵێ. نازانم هیچ هەیە لە سەر ئەو ڕووداوە بیڵێی.
خانمی ترودۆ: ئەمن – ئەمن لەسەر ئەوە هیچم نەبیستووە . بە خٶشییەوە لێی دەکۆڵمەوە.
پرسیار: ڕاستت بوێ ، ئەمن ڕۆژی شەمە بە ئی –مەیل ئەو پرسیارم کرد، بەڵام -
خانمی ترودۆ: باشە، ڕێگام بدە با لێی بکۆڵمەوە .
پرسیار: باشە. سپاست دەکەم خانمی ترودۆ: جارێ هەر لە سوورییە دەمێنینەوە؟
پرسیار: پرسیارێکی دی، تەنێ بە دواداچوونێکی بە پەلە لە مەڕ سوورییە. ئایا ئێوە پشتی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە (ئێس دی ئێف) دەگرن یان تەشویقیان دەکەن کە بەرەو ڕۆژئاوا رووەوە شاری ئەلباب بچن – کە شارێکی نزیکە لەوێ؟ ئایا لە نێو دەوڵەتە یەکگرتووەکان- هیچ هاوئاهەنگی هەیە ؟
خانمی ترودۆ: دەکرێ پرسیارەکەت دووپاتە کەیەوە
پرسیار: ئایا ئێوە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە ( ئێس دی ئیف ) تەشویق دەکەن کە لە مەنبجەوە بەرەو ڕۆژئاوا بچن بۆ ئەلباب و شارەکانی دیکە؟ خانمی ترودۆ: باشە تێگەیشتم، لەمەڕ بەشەکانی ئۆپێڕاسیۆنەکان و ئەوەی کە ئێس دی ئێف چ دەکا و ئەوان لە کوێ شەڕی داعش دەکەن ڕاستت بوێ، ئەمن ئەوەندەی لێ نازانم کە قسەی لێوە بکەم. پرسیار: باشە. لە ماوەی دوایی حەوتوو دا، هێزی پێشمەرگەی کورد لە چۆمی زێی گەورە پەڕینەوە و دە دوازدە گوندێکیان لە کۆنتڕۆڵی داعش ڕزگار کرد ، جا بۆیە وا وەبەرچاو دێ کە ئازاد کردنی مووسڵ بە ڕاستی ئەوە بەڕێوەیە. و هەم پڕێزیدێنت مەسعوود بارزانی ، پرێزیدێنتی کورد ، و هەم ژەنەڕاڵ دەڤید پەترێیۆس باسی ئەوەیان کردووە کە پێویستە نەخشەی شێوەی بەڕێوەبردنی مووسڵ لە دوای نەمانی دەستەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام لە ئێستاوە دابندرێ. پڕێزیدێنت بارزانی دوای دیدار لە گەڵ نوێنەری تایبەتی برێت مەکگورک لە دوای حەوتوو ڕایگەیاند کە خەڵکی مووسڵ سیستمی کۆن قەبووڵ ناکەن و پێویستی بە گۆڕانی قووڵ هەیە. ژەنەڕاڵ پەترێیۆس بە تایبەتی داوای ئەوەی کردووە کە شووڕای ئوستانی دابمەزرێندرێ بۆ نوێنەرایەتی کردنی گەلانی جیاوازی مووسڵ. دەکرێ لەو ڕووەوە فکرێکمان بدەیەی ، چەمێک لە مەڕ ئەوەی کە لە ڕوانگەی ئێوەوە ئێدارەی مووسڵ لە دوای دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام دەبێ چۆن بێ و چۆنی دەبینن؟
خانمی ترودۆ: باشە، چاکە ، یەک – هێندێک شت لەمەر ئەو پرسیارە. لە مەڕ هەم قسەکانی پرێزیدێنت بارزانی و هەم ژەنەڕاڵ پەترێیۆس ئەمن ئەوە دەهێڵمەوە بۆ خۆیان کە خۆیان تەفسیری بکەن. ئەمن بەهێچجۆر قسەکانی ئەوان هەڵناسەنگێنم. ئەمن ئەوەش دەڵێم کە تێگەیشتنی ئێمە ئەوەیە، لە کاتێکدا پێشوەچوونی گەورە کراوە، بەڵام بارو دۆخی مووسڵ لە هێندێک ڕووەوە هێشتا ناڕوونە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە دەتوانین بڵێین کە ئێمە باورمان بە سەرۆکوەزیر عەبادی یە لە حەولەکانی دا بۆ دامەزراندنی حیسابدانەوە و شەفافییەت، شەر بە دژی گەندەڵی ڕەسمی ، و بۆ دامەزراندنی داو و دەستگای زۆر هەموو  گرەوەتر. هەر وەک ئەوەی ئێمە لە ڕابردوو دا گوتوومانە ، سەباتی درێژ خایەن لە عێڕاق پێداویستی بەوەیە کە حکوومەت لە بەغدا ووڵامی پێداویستی هەموو عێڕاقییەکان بداتەوە. ئێمە بە ساڵان بە سەختی کارمان کردووە بۆ پشتیوانی لەو حەولە . ئەتۆ ئاماژەت کرد بە دیدار و سەفەری ئەو دواییانەت نوێنەری تایبەتی کۆماریی مەکگورک – هەم بۆ بەغدا و هەم بۆ ئەربیل [ هەولێر]. ئەو لەو سەفەرە دا بەرعۆدەییەکانی ئیتیلاف و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای داگرتەوە بۆ دانی یارمەتی بە نەبەردی عێڕاقی بۆ تێکشکاندنی داعش لە مەیدانی شەڕ دا. بەڵام دوای ئەوەی نەبەردەکانیش بردرانەوە ئارامکردنەوەی پێویست و پشتیوانی مرۆڤیی بەدوو دا دێ.
پرسیار:  بەڵام - ڕەهەندە کانی ئەو ئارامکردنەوە و سەبات دامەزراندنەوە یە هێشتا بە تەواوی دانەندراون داخودا ئەوەیە کە تۆ دەتەوێ
خانمی ترودۆ: ئەدی ، ئەوە – ئەو باسی کۆنفڕانسی بەڵێنی باربووشی کرد کە لەو دواییانە بەسترا ، کە تۆش ئاماژەت پێکرد، ئەو یارمەتییانە بە ڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەدرێن. ئێمە پێشتر لەسەر ئەوە دواین. سەبارەت بە مێکانیزمی ووردی ئەوە، ئەمن هیچ شتی نووسراوم نییە، لەگەڵتی بەش کەم. ئایا هەر لە مووسڵ دەمێنینەوە؟
پرسیار: ئەدی ئێلیزابێت ، هەر لە سەر هەمان خاڵ. خانمی ترودۆ: بە دڵنیاییەوە فەرموو. پرسیار: چونکە، هەر وەها ، مەکگورک ڕایگەیاند کە ئێدارەی داهاتووی مووسڵ دەبێ بە شێوەیەک ناناوەندی بێ – ئەمن مەبەستمە بڵێم ، ئەوە ئەو ووشانەیە کە ئەو بەکاری هێنا – چونکە حکوومەت ئاوای دەوێ. ناناوەندێتی دەوێ. ئایا ئەوە دەکرێ مرۆڤ وای لێ تێ بگا کە ئێوە پشتی جۆرەیەک لە کۆنفێدراسیۆن دەگرن لە ناو عێڕاق دا ، کە ئەوە دەبی بە -
خانمی ترودۆ: نا، ئەمن بە هیچ جۆر لە ئێستاوە ئەوە ناڵێم. چ -
پرسیار: - ئەوەی کە [عێڕاق ] دابەش دەکرێ بە هەڕێمان و حوکمڕانیان و ئەوە ( نابیسترێ)
خانمی ترودۆ: نا، ئەمن بە هیچ جۆر وای لێک نادەمەوە. ئەوە حکوومەتی عێڕاق خۆیەتی کە بیڵێ.

پرسیار: باشە.
خانمی ترودۆ: ئەوەی ئەمن دەیڵێم ، ئەوەیە کە ئێمە پێداویستیمان بە نەخشەیەکی بە باشی هاوئاهەنگ ، باش داڕێژراوی سیاسی، ئابووری ، و پلانێکی ئارامکردنەوە هەیە ، هەر وەک ئەوەی کە لە ووڵامی لۆری دا گوتم ، کە بتوانێ ووڵامی پێداویستییەکانی هەموو عێڕاقییەکان بداتەوە.
پرسیار: بەڵام ئەوە [ مەکگورک ] ئاماژەی کرد بە ووشەی ' دیسێنتراڵایز ' [ ناناوەند کردن، لە ناوەند کردنەوە]
( نابیسترێ)
خانمی ترودۆ: ئێ . ئەمن ووردە ڕێشاڵی قسەکانی ویم نەدیوە، بەڵام سپاس بۆ زانیارییەکەت سەعید.

 پرسیار: ( نابیسترێ) عێڕاق؟
خانمی ترودۆ: ئێستا لە سەر عێڕاق قسە دەکەین؟ باشە بە دڵنیاییەوە.

 پرسیار:
بەڵێ، سەبارەت بە دیداری مەکگورک لە ئەربیل [ هەولێر] ، ئەو لەوێ – ئەمن پێم وایە ئەوە یەکەم جارە کە ئەو ئەوە دەکا – چاوی بە تاک تاکی ڕێبەرانی پارتییە سەرەکییەکان لە هەرێمی کوردستان کەوت ، لە ناویان دا ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن. ئایا دەکرێ ڕوونی بکەیەوە ئەو بۆچی ئەو دیدارانەی کرد؟

خانمی ترودۆ: ئەمن نووسراوەیەکی کورتم سەبارەت بە دیدارەکانی لە بەر دەستە – ئەمن لە سەرەوە ڕا دەست پێدەکەم چونکە ئێمە لە بەغداوە دەست پێدەکەین و لەوێوە دێینە خوارێ. نوێنەری تایبەتیی کۆماری بۆ ئیتیلافی جیهانی بۆ بەگزداهاتنەوەی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام برێت مەکگورک و جێگرەکەی لویتێننت ژەنەراڵ تێری ووڵف، سەفەری عێڕاقیان کرد بۆ چاوپێکەوتنی کاربەدەستانی پایەبەرزی حکوومەتی عێڕاق و کاربەدەستانی ئەمنییەتی. مەکگورک ستایشی هێزە ئەمنییەتییەکان و هەر وەها پێشمەرگەی کوردی کرد بۆ ئەو دەستکەوتانەی کە لە مەیدانی نەبەرد دا بوویانە. ئەو پێخۆشبوونی خۆی لە پێشوەچوونەکانی ئەو دواییانە دەربڕی، بەو جۆرەی کە ئێستا لێیان دواین، واتە پێشوەچوونی پێشمەرگە لە ڕٶژهەڵاتی مووسڵ و هێزەکانی عێڕاقی لە باشووری مووسڵ کە ئەو پێشوەچوونانە یارمەتی دەکەن بە ئامادەکاری بۆ دواجار ڕزگاریی مووسڵ و دابین کردنی سەبات و ئارامی. ئەو هەر وەها ئاماژەی کرد بە زیاد بوونی پشتیوانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان و ئیتیلاف، لەوانە پشتیوانی بۆ پێک هێنانی سەبات لەو ناوچانەی کە ئازاد کراون. لە دیداری دا لەگەڵ ئوستانداری نەینەوا، فەرماندەی ئۆپێڕاسیۆنەکانی نەینەوا، و ڕێبەرانی دیکەی کە خەرێکی پلاندانانی ڕزگار کردنی مووسڵن. مەکگورک جەختی کردەوە لە سەر گرینگی ، هەر وەک ئەوەی کە من ئاماژەم پێ کرد، پلانێکی باش هاوئاهەنگی عەسکەری، سیاسی، ئابووری بۆ ئەو نەبەردە. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شەریکەکانمان لە ئیتیلاف دا بەرعۆدەین بۆ کار کردن لەگەڵ هەموو ڕێبەرانی عێڕاقی ، بۆ ووڵامی پرسیارەکەی تۆ، بۆ دەستەبەر کردنی ئەوەی کە ئەو پلانە بە باشی بەرەو پێش بچێ. جا ئەمن پێم وایە ئەوە یەک – ئەوە یەک لەو دەرفەتانەیە ، کە ئەتۆ دەرەتانت دەبێ بچی بۆ ناوچەیەکی کە تازە ئازاد کراوە ، ئەتۆ پێداویستی دەبینی بە هەبوونی نەخشەیەکی باش هاوئاهەنگ ، باش داڕێژراو کەئەوەش پێویستی بە ڕاکێشانی پشتیوانی گشت ئەو ڕێبەرە ناوچەییانە دەکا. ئەوە ئەو جۆرە پێوەندی و تێکەڵاویەیە کە ئێمە درێژەی پێ دەدەین.

 
پرسیار: هێندێک قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەیە و هێندێک خەڵک ، هێندێک لە لێکدەرەوەکانی بارودۆخی هەرێم کە خۆیان خەڵکی ئەوێن، ئەو دیدارانەی نێوان مەکگورک و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان - نەک هەر دیدار لەگەڵ ئەوانەی کە هێزیان بەدەستە - بە جۆرێک لە دەستێوەردانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داناوە بۆ ئەوەی ئەو پارتییانە لە دەوری یەک کۆ کاتەوە -
خانمی ترودۆ: ئێ
پرسیار: بۆ ئەوەی قەیرانی سیاسی چارەسەر بکا . ئێوە پێتان -
خانمی ترودۆ: ئەمن لە ڕاستییدا بەجۆرێکی دیکەی لێک دەدەمەوە. ئەویش ئەوەیە کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پشت هەموو خەڵکی عێڕاقە – گشت عێڕاقییەکانە – لە کاتێک دا ئەوان چاو لەوە دەکەن چۆن ئاشتی و ئارامی بگێڕنەوە بۆ شاری مووسڵ و ئاوەدانی کەنەوە.
پرسیار: باشە، سپاست دەکەم
خانمی ترودۆ: باشە . هێشتا ئێمە لە سەر عێڕاق بدوێین؟ پرسیار: ئەرێ.
خانمی ترودۆ: بەڵێ ، ئاغا
پرسیار: لە ڕۆژی شەمە ، ١٣-ی ئووت ، وەداد حوسێن پەیامنێری ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆژ بە کووژراوی لە دهۆک، عێڕاق دۆزرایەوە. و بە پێی هێندێک ڕاپۆرتان ، وەداد لەلایەن هێندێک کەسی نەناسراوەوە لە دهۆک ڕفێندراوە و چەند سەعات دواتر بە کووژراوی دۆزرایەوە. و بە پێی هێندێک لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ، ئەو لە ژێر ئەشکەنجە دا کووژراوە . و ئەوە یەکەم جار نییە کە ڕۆژنامەوانێک لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق دەکووژرێ. ئەمن بیر لەوە دەکەمەوە داخودا ئێوە ئەو مەسەلەیەتان لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمنی کورد هێناوەتە گۆڕێ ، و بە تایبەتی لەمەر ئەوە – لە مەڕ کووژرانی ئەو ڕۆژنامەوانە و هەر وەها ئەوانی پێشوو کە کووژران و بکووژانیان نە قەت دۆزرانەوە و نە قەت دادگایی کران. تکایە هەڵوێستی ئێوە – هەڵوێستی ئێوە لە سەر ئەو ڕووداوە چییە؟

خانمی ترودۆ
: باشە، یەکەم ، ئێمە ئاشکرایە، سەرەخۆشی دەکەین لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و دۆستانی. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەموو کوێیەکی جیهان ، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە شەفافییەت تێیاندا بە هێند دەگیڕێ – لەو باوەرە دایە کە گرینگی ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامەوانانی ئازا لە مەیدانی شەڕ دا ناکرێ چاوپۆشییان لێ بکرێ. سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە ، ئەمن داوات لێدەکەم لەگەڵ کاربەدەستانی ناوچەیی پێوەندی بکەی. ئەمن زانیارییەکی ئەوتۆم لە سەر ئەو ڕووداوە نییە.
پرسیار:  ئەوە  پێشتر گوتراوە، هەر کاتێک کە ڕووداوێکی ئاوا دەقەومێ، ئەوان کۆمیتەیەکی بۆ دادەنێن ، بۆ ئەوەی لێی بکۆڵێتەوە، بەڵام وا وەبەر چاو دێ کە ئەوە چ ئاکامی نییە و بکەرانی ئەو جۆرە کردەوانە قەت دادگایی ناکرێن. ئەمن بەڕاستی بەپرسیارم لەمەڕ هەڵوێستی ئێوە سەبارەت بە ئازادیی چاپەمەنی و بە تایبەتی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەوانان -
خانمی ترودۆ: باشە، هەڵبەت ، ئەمن پێم وایە ئەتۆ ئاگات لە هەڵوێستی ئێمە هەیە سەبارەت بە ئازادیی چاپەمەنی خانمی ترودۆ: و هەر وەها بێ گومان ئاگات لە هەڵوێستی ئێمە هەیە لەمەڕ حیساب دانەوەش. ئەوە شتێکە ئێمە لە سەرتاسەی جێهان بەرزی دەکەینەوە، نەک تەنێ هەر لەمەڕ عێڕاق.
پرسیار: تورکییە؟
خانمی ترودۆ: هەڵبەت . پرسیار: دوو پرسیاری خێرا لە سەر تورکییە. یەکەمیان ئەوەیە: ئەمڕۆ تینک تانکی واشنگتن باس لە هەبوونی چەکی ئەتۆمی لە پێگەی ئینجرلیک دەکا لە تورکییە. و دەڵێ کە تێڕۆریستان یان هێزەکانی دوژمنی دیکە دەکرێ ئەو چەکانە وەدەست بهێنن ، هەر وەها لە کۆنگرەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دا زانیاریدانێک هەیە لە سەر هەمان مژار. ئایا ئێوە هیچ بیرتان لەو چەکە ئەتۆمییانە کردووەتەوە؟
خانمی ترودۆ: ئەمن بۆ ووڵامدانەوەی ئەو پرسیارە حەواڵەت دەکەم بۆ وەزاڕەتی کاروباری بەرگری بۆ ئەوەی لەوان بپرسی. پرسیار: باشە. پرسیاری دووەم ئەوەیە: ئەمڕۆ ، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان گوتی – ڕایگەیاند تورکییە ووڵاتی هەرە لە سەروویە بۆ زیندانی کردنی ڕۆژنامەنووسان. ئێستا نزیکەی ٤٢ ڕۆژنامە نووس بەوە تاوانبار کراون کە دەستیان بووە لە کودەتاکە دا و زیندانی کراون. و نزیکەی ١٠٠ ڕۆژنامە نووسی دیکەش لەو لیستەیە دان کە دەبێ بگیرێن و ئێستا ژمارەی گشت ئەو ڕۆژنامە نووسانەی کە لە تورکییە لە زیندان دان ٧٨ کەسە. نازانم لە سەر ئەوە لێکدانەوەتان چییە.
خانمی ترودۆ: باشە، ئەمن چ لێکدانەوەیەکم نییە لە سەر ئەو ڕاپۆرتە تایبەتییە. ئەوەی ئەم دەیکەم ئەوەیە کە دیسان دایدەگرمەوە کە ئێمە زۆر جار لەم سەکۆیە گوتوومانە کە تورکییە دۆستێک و هاوپەیمانێکە لە ناتۆ دا ، شەریکێکمانە. ئێمە پێداگری دەکەین لەگەڵ تورکییە کە بەرعۆدەییە قانوونییەکانی خۆی بە پێی قانوونی بنچینەیی بپارێزێ سەبارەت بە پرێنسیپە بنەڕەتییەکانی وەکوو ئازادیی چاپەمەنی، ئازادیی کۆ بوونەوە، ڕەوتی قانوونی پێویست، سەربەخۆیی قەزایی. ئەوانە بریتین لە بەشە سەرەکییەکانی هەموو دێمۆکڕاسییەکی ساخلەم و بەشێکی سەرەکین لە قانوونی بنچینەیی تورکییە خۆی. باشە.تورکییە؟
پرسیار: ئەدی.
خانمی ترودۆ: ئێ.
پرسیار: حەوتووی ڕابردوو لێرە بە تایبەتی قسە کرا لە مەڕ قسە و قسەڵۆکی دژی ئەمریکایی لە تورکییە
خانمی ترودۆ: ببوورە، دەتوانی پرسیارەکەت بڵێیەوە
پرسیار: ئەرێ، لەمەڕ قسە و قسەڵۆکی دژی ئەمریکایی لە تورکییە --
خانمی ترودۆ: ئێ ، ئمممم
پرسیار: -
ئەوە حەوتووی ڕابردوو لێرە قسەی لێ کرا.، کە ئەو پێ هەڵکاڵان و قسەڵۆکانە دوای حەولی کودەتا لە تورکییە تەقیوەتەوە، و بە تایبەتی سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی گولەن، کە تورکییە پێی وایە لە پشت ئەو حەولە بووە بۆ کودەتا. ئەمن بیر لەوە دەکەمەوە کە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا ئەو قسەڵۆکە دژی ئەمریکاییانە لە تورکییە چۆن دەبینێ و پێی وایە ئەوە چۆن چارەسەر دەکرێ. پێت وا هەیە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمڕیکا دەتوانێ لەو ڕووەوە چ بکا؟
خانمی ترودۆ: مەبەستمە بڵێم. ئێمە حەوتووی ڕابردوو بە درێژی لەو بارەیەوە قسەمان کرد. داوات لێ دەکەم چاو لە دەقی قسەکان بکەی. هەڵبەت ئێمە ئەوە بە هێند دەگرین. بەڵام ئێمە پێوەندی نزیکی خۆمان لەگەڵ هاوپەیمانە تورکەکانمان پاراستووە وەک لایەنێک لەو دیالۆگە. ئەمن چی دیکەم پێ نییە لەوەی زیاد کەم.
پرسێکی دی
باشە ، تورکییە؟
پرسیار: ئەدی
خانمی ترودۆ: فەرموو
پرسیار: بەڵێ. هەر لەو پێوەندییە دا. وەزیری کاروباری دەرەوی تورکییە ڕایگەیاند هێندێک نیشانەی پۆزیتیڤ یان ووڵامی پۆزیتیڤی دەست کەوتووە سەبارەت بە پێواژۆی ڕادەستکردنەوە. بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ئەتۆ ڕۆژی پێنجشەمە ڕاتگەیاند پێواژۆگەلی ڕادەستکردنەوە دەتوانن بە ساڵان بخایەنن. پێم خۆشە بزانم ئەو نیشانە پۆزیتیڤانەی کە ئەو لێیان دەدوێ چنە؟
خانمی ترودۆ: ئەمن ناتوانم لە سەر کامێنتە تایبەتییەکانی ئەو قسە بکەم. ئەوەی من دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئێمە پێشتر گوتوومانە ، ئەویش ئەوەیە پێواژۆی ڕادەستکردنەوە ، زۆر ڕەسمی ، قانوونی و بە پێی پەیماننامە بەڕێوە دەچێ. ئێمە بەپێی ئەو پەیمانە دەبزووینەوە. بەڵام هیچی تازەم بۆ ئێوە پێ نییە لەو ڕووەوە.
پرسیار: و فەتحوڵا گولەن لە ووتارێک دا کە لە لاپەڕەی بیر وڕای ڕۆژنامەی فەڕانسەیی لۆمۆند دا بڵاوی کردووەتەوە لەوێدا دەڵێ پێێ خۆشە لێکۆڵینەوەیەکی نێونەتەوەیی بکرێ کە لەلایەن کۆمیتەیەکی نێونەتەوەییەوە بەڕێوە بچێ سەبارەت بە کودەتاکە ، و ئەو دەڵێ ئامادە دەبێ بۆ ئەوەی لەو لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیە دا بەشداری بکا. ئایا ئەوە هەڵوێستی ئێوە دەگۆڕێ سەبارەت بە مانەوەی وی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؟ خانمی ترودۆ: نا، ڕادەستکردنەوە بە پێی پەیماننامە یە، و ئێمە پێڕۆیی دەکەین لەو پەیماننامەیە.
تورکییەمان تەواو کرد؟
پرسیار: باشە، ئەی سەبارەت بە -
خانمی ترودۆ: ببوورە
پرسیار: هەر ئەو خاڵە گشتییە کە ئەو دەیەوێ لێکۆڵینەوەیەکی نێونەتەوەیی بکرێ؟ ئەوە شتێکە کە ئێوە پێتان عاقڵانە بێ ، یان ئێوە دڵنیان کە تورکەکان دەتوانن -
خانمی ترودۆ: ئێمە دلنیاین سەبارەت بە پێواژۆی ڕادەستکردنەوکەمان ، کە هەموو جۆرە زانیارییەک-
پرسیار: نا، نا، ئەوە هەیە
خانمی ترودٶ: ببوورە ، فەرموو
پرسیار: - ئەوە هیچ پێوەندی بە ڕادەستکردنەوە نییە
خانمی ترودۆ: باشە.
پرسیار: پرسیارەکە لەمەڕ ئەوەیە کە گولەن بانگەوازی دەکا بۆ لێکۆڵینەوەیەکی نێونەتەوەیی سەبارەت بە کودەتا . داخودا ئێوە ئەوەتان پێ بە شتێکی عاقڵانەیە؟ یان ئەوەی کە باوەڕی تەواوتان هەیە کە تورکەکان دەتوانن لێکۆڵینەوەی خۆیان بکەن و ئەو کەسانە سزا بدەن کە بەرپرس بوون بە بێ ئەوەی کە پڕۆسەی قانوونی یان حوکمی قانوون پێشێل بکرێ؟
خانمی ترودۆ: ئەوەی کە من دەیڵێم ئەوەیە کە تورکەکان بەردەوامن بۆ کار کردن لە سەر ئەوە و ڕوون کردنەوەی. تێگەییشتنمان وایە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە سەرەتی دان بە ئەمنییەتی خۆیان و حەول دەدەن حیساب بپرسنەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسی ئەو کودەتا شکاوە بوون. ئێمە لە مەڕ پڕۆسەی قانوونی و شەفافییەت نیگەرانییەکانی خۆمان باس کردووە. سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی ، ئەمن داوات لێ دەکەم پرسیار لە تورکەکان بکەی. ئێمە لەو ڕووەوە هیچ هەڵوێستمان نییە .



چوارشەمە ١٧ – ی ئووتی ٢٠١٦
مارک سی. تونر
 جێگری قسە وێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن، دی سی

پرسیار: دەزانی سەرۆکوەزیر عەبادی چەند شتێکی گوتووە ، سەبارەت بە ئۆپێڕاسیۆنی ڕزگاری مووسل. یەکیان ئەوەیە ، وێدەچێ ئەو نیگەران بێ کە لەوانەیە پێشمەرگە خاکێکی زۆرتر لە مووسڵ بە دەست بخەن. ئەو دەڵێ: پێشمەرگە " نابێ بەدووی مرخی پەرەپێدانی بەرزەفڕانە دابێ" بۆچوونت لە سەر ئەو قسەیە چییە؟
ئاغای تونر: ئەمن هەر ئەوەندە دەڵێم ئێمە بە بەردەوامی لە پێوەندی داین لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ ئەوەی حەولیان لەگەڵ بدەین و تەشقویقیان کەین لە بەرەیەکی یەکگرتوو دا ڕووبەرووی درێژەکێشانی هەڕەشەی داعش یان حکوومەتی ئیسلامی عێڕاق و شام ببنەوە، و لە ڕاستییدا ئێمە دانیشتنی هاوبەشی پلان دانانمان بوو و هەبووە لە نێوان پڕێزیدێنتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بارزانی و ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی حکوومەتی عێڕاق دا ، و پێم وایە یەک لەو دانیشتننانە حەوتووی ڕابردوو بەڕێوەچوو. وابزانم ئەوە دووەمەین ، دانیشتنی ئەوتۆ بووە ، و مەبەست لەو دانیشتن و چاوپێکەوتنانە ئەوەیە حەول بدرێ بۆ ساز کردنی ئەو جۆرە شەریکایەتییە و کار کردن لە سەر هێندێک لە ئالنگارییەکان بەدەم خۆ ئامادە کردنی هێزە عێڕاقییەکان بۆ ڕەزگار کردنی مووسڵ.
پرسیار: ئەو هەر وەها گوتی، " هیچ هێز " ێک – ئەمن قسەی خۆی دەگێرمەوە - " جگە لە ئای ئێس ئێف [ هێزە ئەمنییەکانی عێڕاق !! ] هیچ کەس بۆیە نییە بچێتە ناو شاری مووسڵەوە ، ". ئەوەش مانای وایە کە ڕێگا نادرێ بە پێشمەرگە بچێتە ناو شاری مووسڵ، داخودا ئەوە تێگەیشتنی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە ، کە نابێ ڕێگای کوردەکان بدرێ بچنە ناو شاری مووسڵەوە؟
ئاغای تونر: ، با دیسان بڵێم، ئەمن پێم وایە پێداویستی بە هاوکاری و هاوئاهەنگی نزیکتر هەیە لە نێوان دا - و ئێمە ئەوەمان تەشویق کردووە، و، لە ڕاستییدا ' ئەوە کراوە. تا کوو ئێستا ئەو دانیشتن و کۆبوونەوانە هەبوون لە کاتێکدا ئەوان چاویان لە مووسلە، و ڕاستت بوێ، چاویان لە هەنگاوەکانی دیکەیە بۆ ڕزگار کردنی عێڕاق لە دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام. ئەمن پێم وایە بە گردبڕی گرینگە ، و ئێمە پەیتا پەتیا و لە سەرەتاوە جەختمان کردووە ، کە پێشمەرگە و گشت گرووپە شەڕکەرە جۆربەجۆرەکان لە عێڕاق دەبێ لە ژێر فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی حکوومەتی عێڕاق و میلتاریی عێڕاق دا بن. ئەوە لە سەرەتاوە هەڵسەنگاندنی ئێمە بووە، پێداویستی بە مێکانیسمی هاوئاهەنگییەکی ئەوتۆ هەیە. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە ، ئەوەمان زۆر جار گوتووە و دووپاتەمان کردووەتەوە، کە لە دەوری گرینگی ئەو گرووپانە تێ دەگەین و پێی دەزانین ، دە ناویاندا هێزی پێشمەرگە، لەو دەورە گرینگەی کە ئێستا و لە داهاتووش دا دەیگێڕن و تا کوو ئێستا ئازایەتییەکی زۆریان لەخۆیانەوە نیشان داوە بۆ ڕزگار کردنی هێندێک بەشی عێڕاق کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام دابوون.
پرسیار: بەڵام ئێوە چاوەڕێی ئەوە دەکەن هاوئاهەنگییەکی باشتر، تێگەیشتنێکی باشتر بەدەست بخەن -
ئاغای تونر: بەڵێ. ئێمە پێمان وایە لەوێندەرێ لەو ڕێگایە داین.
پرسیار: - بەر لە وەی کە ئۆپێڕاسیۆنی بەکردەوە بەرەو شارەکە دەست پێ بکا؟ ئاغای تونر: ئێمە – وەک گوتم ، ئێمە ئەو دوو دانیشتنە هاوبەشەمان هەبوو، چاوەڕوان دەکەین هاوئاهەنگی بەردەوام بێ ، و بە ڕێگای ئەو مێکانیسمەوە ئێمە هیوادارین بە هەموو کێشەکانەوە بچارێین و ڕایان پەڕێنین.
پرسیار: سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان لە سوورییە، ئیبراهیم برۆ، دوایی حەوتووی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی پەیەدەوە ڕفێندرا و دواتر –ئاغای تونر: ئێ
پرسیار: ناچار کرا ووڵات بەجێ بهێڵی ، و ئێستا لە عێڕاقە، ئەمن دەمەوێ پرسم داخودا ئێوە بە دوای ئەو کەیسە دا دەچن؟
ئاغای تونر: نا بە دووی دا ناچم. بەڵام ئاگام لەو ڕاپۆرتانەی دەرحەق بەو کەیسە هەیە. بەڵام ئەمن چ ووردە ڕیشاڵێکم پێ نییە بۆ تۆ لەو بارەیەوە . داوای لێ بوردن دەکەم.
فەرموو
پرسیار: سپاست دەکەم. مارک . هەر دوێنێ دەرگای خانووی ، ڕۆژنامەی ئوزگویر گویندەم – کە ڕۆژنامەیەکی لایەنگری کوردە مۆر کرا و ڕۆژنامەکە داخرا . و نزیکەی ١٤ ڕۆژنامە نووس ، لەوانەیە ژمارەیان زیاتریش بی ، دوێنێ دەستبەسەر کران. جا ئێستا ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە تورکییە لە زیندان دان دەگاتە نزیک ١٠٠ ڕۆژنامەنووس. و بە دەیان ڕۆژنامە نووسی دیکەش لە لیستی گیران دان. پێم خۆش بوو بزانم لێکدانەوەت لەو بارەیەوە چییە .ئاغای تونر: باشە، مەبەستم ئەوەیە، ئەمن پێم وایە ئێمە هەمیشە شتی وا بە هێند دەگرین، و بۆچوونی ئێمە لەو ڕووەوە هەمیشە زۆر ڕوون بووە هەرکاتێک کە دیتوومانە دەستگایەکی مێدیایی سەربەخۆ دا دەخرێ. ئەمن پێم وایە ئێمە تورکییە تەشویق دەکەین ، بە دەم هەڵهێنانەوەی ئەو جۆرە هەنگاوانە لە بواری ئەمنییەتی دا، ئاگادار بێ لەو کارتێکەرییەی کە ئەو جۆرە کردەوەیە دەیبێ لە سەر دامەزراوە دێمۆکڕاتیکەکانی . کە یەک لەوان بریتی یە لە بوونی مێدیای ئازاد و سەربەخۆ .



پێنجشەمە ١٨-ی ئووتی ٢٠١٦ 
جان کیربی
قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن، دی سی
ئاغای کیربی: سپاستان دەکەم. باشە. ئەمن لە سەرەتاوە چەند شت هەیە ڕایانگەیێنم. جا بۆیە تکایە سەبرتان هەبێ ، و دوای ئەمە یەکسەر دێمە سەر ووڵامی پرسیارەکانتان. یەکەم لە سەر تورکییە، دەوڵەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا تەقاندنەوەکانی ترسناکی ئەمڕۆ لە ئەڵازغ و بتلیس مەحکووم دەکا. دۆست و هاوپەیمانی ئێمە تورکییە، ئەم حەوتوویە چەندین خەساری قێزەوەنی وێکەوتووە، لەوانە هێرشەکانی ئەمڕۆ.، لە هێرشی ١٥-ی ئووت لە دیاربەکر، – کە بووە هۆی کووژرانی ٧ کەس ، کە یەکیان مندالێک بوو ، و هێرشی دوێنێی وانێ. ئاشکرایە، ئێمە پرسە و سەرەخۆشی دەکەین، لە بنەماڵەی ئەو قوربانییانە و هیوادارین ئەوانەی لەو هێرشانەدا بریندار بوون بە خێرایی چاک ببنەوە. و ئەوە وەبیرهێنەرەوەیەکی بێ بەزەیە کە دیارە هێشتا گەلی تورک لەگەڵ هەڕەشەی تێڕۆریسم بەرەو ڕووە.
پرسیار: سپاس، ئەمڕۆ ڕێژیمی ئەسەد سەرهەڵداوانی یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەپەگەی بۆمباران کرد کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانییان لێ دەکا. ڕۆیتێرز و دەستگا مێدیاییەکانی دیکەش خەبەری ئەو بۆمبارانەیان بڵاو کردەوە. ئەتۆ چ کاردانەوەیەکت لە سەر ئەوە هەیە؟
ئاغای کیربی: ئەمن ئەو ڕاپۆرتانەم دیتووە. ناتوانم تەئییدیان بکەم. حاڵی حازر ئەمن پێم ناکرێ تەئییدیان بکەم. وا بزانم ئەتۆ دەزانی تەیید کردنی بۆ من دژوارە – عەمەلییاتێکی کە هەمان ڕۆژ ڕوو دەدا. بەڵام ئاشکرایە ، ئێمە ئەوە بە جیدی وەردەگرین و تەماشای دەکەین بزانین چ بووە.
پرسیار: باشە، مەبەستمە بڵێم، ڤیدێئۆی هێرشەکان بۆ سەر سەرهەڵداوان لەلایەن چەندین دەستگای مێدیاییەوە بڵاو کراونەتەوە. دەکرێ دواییە ئەوە تەیید بکەی لە ڕاستیدا -
ئاغای کیربی: سپاست دەکەم .
پرسیار: - سەرهەڵداوان هێرشیان کرایە سەری، ئایا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ دەکا ؟ چونکە ئەوانە ئەو جۆرە سەرهەڵداوانەن کە ئێوە ڕاتان هێناون ، ئێوە عەسکەری ئەمریکاییتان ناردووە بۆ ڕاهێنانیان و ئامۆژگاریتان کردوون و یارمەتییتان داون. ئایا ئێوە هیچ دەکەن لە سەر ئەو ڕووداوە؟
ئاغای کیربی: ئەمن خۆم ناخمەوە بارودۆخێکی گوماناوی سەبارەت بە هێرشێک کە حاڵی حازر ناتوانم تەئییدی بکەم. ئەتۆ ڕاست دەکەی، ئێمە جۆرە پشتیوانییەک دەکەین لە هێندێک لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەناوخۆی سوورییە دا، و ئەو پشتیوانییە ئێستاش بەردەوامە. بەڵام ئەمن بە گومانەوە سەبارەت بە ئاکامە میلیتارییەکان بەم شێوەیە یان شێوەیەکی دی نادوێم. ئەمن داوات لێدەکەم پرسیار بکەی لە هاوکارانم لە وەزاڕەتی پەرگری . ئاشکرایە، ئەگەر ئەو ڕووداوە ڕاست بێ، ئەوە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕاگرتنی دوژمنکارییەکانە، و شتیكی ئاوایە کە ئێمە بەردەوام دەبین لە سەری بکۆڵینەوە. بەڵام ئەمڕۆ هەر ئەوەندە نەبێ ئەمن ووڵامێکی باشترم بۆ تۆ پێ نییە.
پرسیار: دوایین پرسیار ، بەڵام هێندێک جیاواز. هێندێک ڕاپۆرتی وا هەنە کە هاووڵاتییەکی دیکەی ئەمریکا لە ڕیزی یەپەگە دا لە نزیک مەنبج کوژراوە. هیچت پێیە لە سەر ئەوە؟
ئاغای کیربی: ئەمن ڕاپۆرتم دیوە لەو بارەیەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکم لە سەری نییە.
پرسیار: پرسیارێکی زیاتر لە سەر تورکییە. گەلۆ کاردانەوەت چییە سەبارەت بە قسەکانی دوایی گولەن، کە شوباندوویە – ببوورە – دوایین قسەکانی ئەردۆغان کە گولەن ، یان لایەنگرانی ئەوی شووباندووە بە داعش؟
ئاغای کیربی: باشە، بڕوانە، هەر وەک ئەوەی لە ڕابردوو دا ئەمن کردوومەتە عادەتێک ، ئەمن لە سەر هەر مژارێکی کە لە تورکییەوە ڕادەگەیێندرێ هەڵوێست دەرنابڕم. ئەمن ئەو قسانەم نەدیوە کە وەزیری کارو باری دەرەوە کردوویەتی، و ئەگەر گوێم لەو قسانەش بووبێ، ئەمن ووڵامی هەر تاقە ڕستەیەکی کە لەلایەن ڕێبەرانی تورکەوە دەردەىردرێ نادەمەوە. ئەوەی کە ئێمە پێمان وایە لایەنی هەرە یارمەتیدەر بێ ئەوەیە کە خۆمان بە قسە دەربڕین نەبەستینەوە و لێیان تێ پەڕین و لە ڕێگەی ئەوتۆ بگەڕێین کە هاوکاری و پێوەندی ئێمە لەگەڵ تورکییە بە هێز بکا. ئێمە پەیتا پەیتا حەولی کودەتامان مەحکووم کردووە و دەیکەین. ئێمە دەزانین تورکییە بەرعۆدەیی هەیە کە چاوی بەسەر ئەمنییەتی خۆیەوە بێ. ئێمە گوتوومانە و ئێستا بەردەوام دەبین بیڵێین کە ئێمە دەمانەوێ تورکییە ئەوە بە شێوەیەک بکا کە لەگەڵ قانوونی نێونەتەوەیی و بەرعۆدەییەکانی خۆیان لە مەڕ پڕۆسەیەکی عادڵانەی قەزایی بگونجێ. ئەمن ووڵامی هەموو بەیانێک و هەڵوێست دەربڕینێک نادەمەوە.
پرسیار: بەڵام ئەوە تاوانبارکردنێکی تەواو توندە بگوترێ کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەسێکی وەک ڕێبەری داعش دەحاوێنێتەوە؟
ئاغای کیربی: ئەمن پێم وایە ئەتۆ هەڵوێستی ئێمە دەزانی بە نیسبەت ئاغای گولەن. ئەمن پێم وایە کە ئەتۆ چاکیش دەزانی کە ئێمە هەڵوێستی خۆمان بە ڕوونی ڕاگەیاندووە لەمەڕ کودەتای تێکشکاو و بەرپرسیارییەکان لەو ڕووەوە. ئەمن هیچی دیکەم نییە لەوەی زیاد کەم.
پرسیار: ئێستا، ئەتۆ قسەکانت بەوە دەست پێکرد تێڕۆریسمی ئەمڕۆی پ.ک.ک لە تورکییە مەحکووم بکەی [ کیربی لە قسەکانی دا لەمەڕ هێرشەکان ناوی هیچ ڕێکخستنێکی نەهێنا، وەرگێر]، و ئێستا وا وەبەرچاو دێ کە هێرشەکانی پ.ک.ک. توندتر و زۆر خوێناویتر بێ. بەڵام لە هەمان کاتدا، هێرشی توندی حکوومەتی تورکییە بە دژی چالاکی سیاسی ئاشتیخوازانەی کورد ، لەوانە داوای سزا کردن بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش ، سەرۆکی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان، لە حەوتووی ڕابردوو دا، پارتییەک کە سێهەم پارتیی ناو پاڕڵمانی تورکە. ڕوانگەت لە سەر ئەمە چییە؟ ئایا پێت وا هەیە ئانکارا هەڵەیەکی جیدی دەکا لە بێ بەش کردنی کوردەکانی تورکییە لە بەدیلێکی دێمۆکڕاتیک لە بەرامبەر پ.ک.ک. دا؟
ئاغای کیربی: باشە، هەر وەک گوتم. ئێمە توندو تیژی لەوێندەرێ لە تورکییە مەحکووم دەکەین و ، ئەمن ئەو ڕاپۆرتانەم دیتووە سەبارەت بە بەڕێز دەمیرتاش ، و ئێمە ئەو بابەتە، ئەو بابەتە بە تایبەتی دەشوپێنین و بە دواداچوونی بۆ دەکەین. هەر وەک پێشتر گوتوومانە، ئێمە بەکارهێنانی هێرشبەرانەی لێپرسینەوە قەزاییەکان کە پێش بە ئازادیی بەیان و دیسکۆرسی سیاسی لە تورکییە دەگرن بە هێندێک دەگرین و پێیان پەشێوین. و ئێمە پشتیوانی دەکەین – هەمیشە کردوومانە و دەیکەین – لە ئازادیی بەیان لەوێندەرێ ، و ئێمە بەردەوام دەبین لە دژایەتی دەربڕین لەئاست هەر کردەوەیەکی کە مافی ئازادیی بەیان بەربەست بکا.
پرسیار: سپاست دەکەم




No comments: