Tuesday, August 9, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی، چوارشەمە ٣ و پێنجشەمە ٤-ی ئووتی ٢٠١٦

چوارشەمە ٣-ی ئووتی ٢٠١٦
 مارک سی.تونر
 جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن، دی سی
ئاغای تونر: نۆڕەتە .
پرسیار: ئەمڕۆ دووەمین ساڵڕۆژی دەستپێکردنی جێنۆسایدی ئێزیدییەکانە بە دەستی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام.
ئاغای تونر: وایە
پرسیار – دیارە ئەوە بریتی بوو لە کوشتاری بەکۆمەڵ و دەستدرێژی و وەسەرپەڕینی ڕێکخراو و کۆیلایەتی جینسی ژنانی ئێزیدی . و ئێزیدییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، لە بەر تەبیعەتی ئەو تاوانکاریانە – تاوانکاری بەدژی مرۆڤایەتی – حەول دەدەن سكاڵا لەوانە بەرنە بەردەم دادگەی نێونەتەوەیی تاوانکاری. بەڵام بۆ ئەو حەولە لە لایەن دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پشتیوانییان لێ ناکرێ، یان ئەو جۆرەی پێویستە ئەمریکا پشتیوانییان لێ ناکا بۆ ئەوەی ئەو کەیسە بەرنە بەر دەم ئەو دادگەیە. پرسیار ئەوەیە بۆچی دەوڵەتە یەکگرتووەکان کاری زیاتر ناکا بۆ یارمەتی ئێزیدییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو تاوانکاریانە بەرنە بەر دەم دادگەی نێوەنەتەوەیی تاوانکاری؟

 ئاغای تونر: بە دڵنیاییەوە.با یەک دوو خاڵ ڕوون کەمەوە. یەکیان ئەوەیە ، ئاشکرایە ئەوانەی بەرپرسی ئەو کردەوە قێزەوەنانەن کە بە دژی گەلی ئێزیدی کراون دەبێ حیسابی ئەو کردەوانەی خۆیان ببژێرن. و بە لێبڕاوی چ لە ئاستی نەتەوەیی و چ لە ئاستی نێونەتەوەیی دا ڕێگای ئەوتۆ هەن بۆ ئەوەی بۆ حیساب پرسینەوە وەبەر بگیرێن ، و ئەوە ڕوو کردن لە دادگەی نێونەتەوەیی تاوانکاریش وەبەر دەگرێ لە هەلومەرجی لەبار دا. ئەمن پێم وایە ئەمن هەر ئەوە دەڵێم کە جەختی ئێمە، جەختی دەستبەجێی ئێمە ، لە سەر پشتیوانی لە هێزە ئەمنییەتییەکان و کاربەدەستانی عێڕاقی کۆ بووەتەوە بۆ ئەوەی حیساب لە بکەرانی جینایەتەکانی داعش بپرسرێتەوە. و هەم لە عێڕاق و هەم لە سوورییە، ئێمە پشتیوانی دەکەین لەو حەولانەی کە ئێستا بەڕێوەن و دەکرێن بۆ بە بەڵگە کردن و شی کردنەوە و پاراستنی سەنەدو بەڵگەی ئەو جینایەتانەی لەوێ کراون بۆ ئەوەی بکرێ لە داهاتوو دا لە پێواژۆی بەربڵاوی دا خوازی ، و بە مەبەستی حیساب پرسینەوە بەکار بهێندرێن. جا ئەمن ئەوە ناڵێم کە ئێمە لەوانمان دەوێ ئەو بابەتە بخەنە بەر دەم دادگەی نێونەتەوەیی تاوانکاری. ئەمن هەر ئەوە دەڵێم ، هەر وەک لە ڕابردوو دا گوتوومانە، ئەوە زۆر جار ئەو ووڵاتانە ، ئەو نەتەوانە ، و ئەو خەڵکە خۆیانن بڕیار دەدەن کە بە چ شێوەیەک ئەو حیساب لێ پرسینەوەیە ئەنجام بدرێ ، و ئەوە شتێکە کە ئێمە هەمیشە پشتگەرمی دەدەینێ.
پرسیار: ئەوانە تاوانکاریی دژی مرۆڤایەتین، و حەول دان بۆ پێ ڕاگەیشتنەوە و لێپرسینەوەیان لە چوارچێوەی سیستمی قەزایی ووڵاتی عێڕاق دا وێناچێ بەس بێ، سەرباقی ئەوەش ژمارەیەکی هەرە زۆری ئەو تاوانکارییانە لە ووڵاتێکی دی وەک سوورییە کران. و ئەوان داوا لە دەوڵەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوە ی پشتی حەولەکانیان بگرێ لە بەر دەم داوودەستگایەکی نێوتەوەیی دا.

ئاغای تونر: ئێمە ئەو داوخوازەمان بەرپەرچ نەداوەتەوە، ئەمن پێم وایە هەیە – وەک گوتم ، چەندین ڕێگا هەن بۆ ئەوەی بکرێ مەسەلەی حیساب لێپرسینەوە بە دوا داچوونی بۆ بکرێ. و ئەوە دادگەی نێونەتەوەیی تاوانکاری ش وەبەر دەگرێ. ئەمن پێم وایە لە حاڵی حازر دا ، لەم قۆناخە دا ، ىە ڕاشکاوی، هێشتا لە پێواژۆی حەول دان داین بۆ کار کردن لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی عێڕاق بۆ لە نێوبردن و لاواز کردنی داعش لە سەر زەوی. وەک دەزانی هێشتا لە عێڕاق خاک و کەوشەنانی لە کۆنتڕۆڵ دایە. ئێمە پێشکەوتنی باشمان کردووە بە دژی داعش، بەڵام هێشتا جەختمان لە سەر تێکشکاندنی داعش کۆ کردووەتەوە لە مەیدانی نەبەرد دا. بەڵام لە کاتێکدا ئەوە دەکەین، لێبڕاوانە کار دەکەین لەگەڵ کاربەدەستانی عێڕاقی بۆ کۆ کردنەوەی سەنەد و بەڵگە – هەر وەک گوتم، و پاراستنی بەڵگە کە بکرێ بەکار بهێندرێن لە هەر پێواژۆیەکی حیساب پرسینەوە کە دواجار ئەنجام بدرێ.
پرسیار: ئێزیدییەکان وا هەست دەکەن حکوومەتی عێڕاق سەرنج نادەتە سەر گیروگرفتەکانیان. ئاغای تونر: دیسان ، ئەمن هەم – ئەمن - ئێمە ئاشکرایە تەواو لە ئەو ڕەنج و کوێرەوەرییەی ئێزیدییەکان ئاگادارین. ئێمە پشتیوانێکی گەورە بووین بۆیان ، لەوانە ئەو ئاماژانە – یان ئەو هێرشە هەواییانەی کە کران بۆ ڕزگارکردنی بەشێکی گەورە لەوان. بەڵام بە داخەوە، زۆر لەوان بە شێوەیەکی سیستیماتیک بە دەست داعش ، دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام کووژران و لەنێو بردران. و هەر وەک من گوتم ، ئێمە بەرعۆدەین بۆ یارمەتی کردنیان و یارمەتی کردنی کاربەدەستانی عێڕاق بۆ دۆزینەوەی عەداڵەت.

تێبینی: ئەو پرسیارانە ڕۆژنامەنووسی بە ئەزموونی ئەمریکایی یای لۆری میلرۆی هێناینە گۆڕێ
----------------
پێنجشەمە ٤-ی ئووتی ٢٠١٦
مارک سی. تونر
جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کار و باری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
پرسیار: ئێ. ڕۆژی سێشەمە ، ئێران زیاتر لە بیست کەسی ئێعدام کرد کە زۆربەیان زیندانیی کورد بوون، بە تێڕۆریستی نێوزەد کردن و گوتی و ئیدیعای کرد ئەوان تیژپەڕی ئیسلامی بوون. جا، لەو پێوەندییە دا دوو پرسیار: ئایا سەبارەت بەو لە سێدارەدانانە چت هەیە بیلێی بە گشتی ؟ و بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە کوردەکانی ئێران زۆربەیان لاییکن – و بە گشتی کوردەکان زیاتر لاییکن بە گشتی چونکە سەرەتی دەدەن بە ناسێنەی نەتەوەیی بە سەر ناسێنەی دینی دا - لەوانەیە ئێران بە ئانقەستە ناسنامەی ئەو کەسانەی گۆڕیبێ کەلە سێدارەی داون بۆ ئەوەی لە ناوخۆ و لە دەرەوەی ووڵات سەر لە خەڵک بشێوێنێ؟

ئاغای تونر: ئەمن هەر دەلێم ئێمە بانگەوازی خۆمان لە ئێران دادەگرینەوە بۆ ئەوەی ڕێز لە مافی مرۆڤ بگرێ و پشتیوانی لێ بکا و دەستەبەر بێ بۆ بەڕێوەبردنی پێواژۆیەکی عادڵانە و شەفافی قەزایی لە مەر هەموو دۆسییەیەک. ئەوە شتێکە ئێمە شێلگیرانە دەرمان بڕیوە. نیگەرانییەکانی ئێمە لە ئێران سەبارەت بە کارنامەیەتی لە مەر مافی مرۆڤ و ئێمە ئەو نیگەرانییانەمان بە ڕێگا و هۆی جۆر بە جۆر دا دەربڕیوە – ئاشکرایە لە ڕاپۆرتی ساڵانەمان دا لەمەڕ مافی مرۆڤ و هەر وەها لە ڕاپۆرتەکەمان دا سەبارەت بەئازادیی دینی لە ئاستی نێونەتەوەیی دا. و ئێمە لەگەڵ ووڵاتانی دیکەش دا کارمان کردووە لە چوار چێوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا – هەر وەها لە ئەنجومەنی گشتی و لە کۆنسەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا – بۆ زەق کردنەوەی نیگەرانییەکانی خۆمان لەمەڕ مافی مرۆڤ لە ئێران. جا، بە بێ ئەوەی کە باسی تایبەتمەندییەکانی ئەو کەیسە بکەم، کە ئەگەر ڕاستت بوێ ئێمە هێندەی لە سەر نازانین، ئەمن دەڵێم ئەوەی ئێمە لە ئێران چاوەروانین و بانگەوازی لێ دەکەین بیکا ئەوەیە دەستەبەر بێ هەموو پێواژۆیەکی حقووقی عادڵانە و شەفاف بێ.

پرسیار: ( بێ میکڕۆفۆن ) پرسیار: ئێران هەیەتی – بمبوورە، ئێران بەرزترین ژمارەی لە داردانی خەڵکی هەیە لە جیهان دا بە پێی ئەژماری دانیشتووانی. ئەگەر ئێران بە قسەتان نەکا – و سەرنج نەداتە سەر ئەو ڕاپۆرت و پێشنیازانەی ئێوە ، ئایا ئێوە بیر لە هەڵهێنانەوەی چ هەنگاوی دیکە دەکەنەوە؟

 ئاغای تونر: باشە، دیسان، ئەمن مەبەستمە ، ئەوانە کردەوەی – یان باشتر بڵێم نیگەرانی ئەوتۆن کە ئێمە بە جێ و لە شوێنی خۆیاندا دەیانهێنینە گۆڕێ و دەریان دەبڕین. یەک لەو شوێنانە ، وەک من ئاماژەم پێکرد، کۆنسەی مافی مڕۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئێمە – یەکێک لە شتە کاریگەرەکانی ئێمە دەیکەین ڕووناکی خستنە سەر هێندێک لەو کردەوانەیە، و ئێمە ئەوە بە ڕێگای بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتمان لە سەر مافی مرۆڤ دەکەین، کە زۆر بە بەربڵاوی دەخوێندرێتەوە و بە گشتی بە باشترین بڵاو کراوە و بە بڵاو کراوەی هەرە لێکۆڵینەوە لە سەر کراو دادەندرێ لەمەڕ مافی مرۆڤ، سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ ، لە سەر تاسەری ئەم کورەی خاکییە دا. جا ئەوە ئەو حەولانەن وا ئێمە بە بەردەوامی دەیاندەین، و هەر وەک گوتم، و ڕووناکی دەخەینە سەر ئەو شوێنە کە ئێمە پێمانوایە تێیدا مافی مرۆڤ لە ڕادەبەدەر پێشێل دەکرێ. 

No comments: