Sunday, September 9, 2018

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق ، پێشكێشە بە یادی ئەمیر حەسەنپوور ٥


مشتومڕی مامۆستا و قوتابییەک
سەبارەت بە ڕاپەڕینێکی مێژوویی

ئەنوەر سوڵتانی، نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر

بە داخەوە،چەند مانگێکە مامۆستا ئەمیری حەسەنپوورمان لە ناودا نەماوە و ئەوەی بۆمان مابێتەوە، تەنیا یادی شیرینی کەسایەتییەکەی و یادگاری بەنرخی کارەکانییەتی.
لە دەستچوونی کاک ئەمیر بۆشاییەکی گەورەی لە بواری لێکۆڵینەوە لە مێژوو، زمانەوانی، کۆمەڵناسی وسیاسەتی کوردستان پێک هێنا. دەبێ لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات خەڵکانێکی زۆر هەبن لەکاری توێژینەوەی مێژوو و زمان و سیاسەتی کوردستاندا هەست بەلەدەستچوونی مامۆستایەک، ڕاوێژکارێک و دڵسۆزێک بکەن کە هەرکات پێویستیان بوایە، کەڵکیان لە هاوکاری و ڕێنمایی پسپۆڕانەی ئەو بڵیمەتە وەردەگرت.
کاک ئەمیر لە کارکردن لەگەڵ خەڵکدا وەک مامۆستایەکی پڕۆفیشناڵ دەجووڵایەوە و نە خۆی لەو ڕێبازە لایدەدا و نە دەرەتانی دەدایە لایەنەکەی تر لاڕێ بڕوات. هەربۆیەش پەیوەندییە حیرفەییەکانی چەق بەستوو لە سەر ناوەرۆکێکی دیاریکراو بوون و پرسیاری بکردایە یان وەڵامی پرسیارێکی بدایەتەوە بە وردی خاڵەکەی دەپێکا و ڕیوایەتی بێ پەیوەندی تێکەڵاو کارەکە نەدەکرد.
من وەک تاکێک لە سەدان و ڕەنگە هەزارانی وەک خۆم، گەلێک یارمەتیم لە پسپۆڕایەتی کاک ئەمیر وەرگرت و بۆ بەشێک لە کاری وەرگێڕانی بەڵگەنامە، خۆم بە قەرزداری ڕێنوماییەکانی ئەو دەزانم.
لێرەدا دەمەوێ لێکۆڵینەوە لەبابەتێکی مێژوویی بخەمە بەرچاو کە ئەو وەک ڕچەشکێن ساڵانێک بوو خۆی پێوە ماندوو کردبوو و منیش وەک تازەکارێکی کەمزان، دەمەویست بچمە گۆڕەپانەکەوە و خۆ بخەمە گۆمێکەوە کە ئەو مەلەوانی لەمێژینی بوو.
بابەتی جێی باس،ڕاپەڕینێکی  وەرزێریی مەزن بووو کە لە ساڵانی ١٣٣١ و ٣٢ ی هەتاوی (١٩٥٣ز) لە ناوچەی فەیزوڵڵابەگی لە ڕۆژهەڵاتی بۆکان و هەندێک شوێنی دیکەی کوردستان ڕوویدا و بە داخەوە کۆدیتای ٢٨ ی گەلاوێژی ١٣٣٢ هەرەسی پێهێنان.
منیش وەک کاک ئەمیر لە ساڵی ڕووداوەکاندا مێرمنداڵێک بووم و ڕاستەوخۆ لە ڕاپەڕینەکەدا بەشداریم نەبوو،بەڵام کارتێکەریی ئەنجامەکانیم لە دەستبەسەرکرانی خەباتکاران و ئاوارەیی و ماڵوێرانیی ڕاپەڕیوان و زاڵبوونەوەی ئاغاوات بەسەر چارەنووسی خەڵکدا بەچاو بینیبوو یان لە بەشداربووانی ڕاستەوخۆی ڕاپەڕینەکەم بیستبووەوە. واهەیە ئەو کارتێکەرییانە لە مندا تا ڕادەیەکیش زیاتر بووبێت لەبەر ئەوەی بەشێکی گرنگی ڕووداوەکان لە ناو شاری بۆکان و گوندەکانی لادەستی ڕوویاندا، ئەویش کاتێ کە تەمەنم ١٠-١٢ ساڵان بوو و کەمتاکورتێک لە مەسەلەی کێشەی نێوان ئاغا و ڕەعیەت لە ناوچەکە تێدەگەیشتم.
بۆ نموونە، من خۆم هێرشی گۆپاڵ بەدەستانی ئاغاواتی دێبوکری و ترس و لەرزی خەڵکم بە چاو بینی کە ئێوارەی ڕۆژی کۆدیتای ٢٨ ی گەلاوێژی ٣٢ ڕژانە ناو بازاڕ و کۆڵانەکانی شاری بۆکانەوە و دەرگەی دووکان و ماڵانیان شکاند و ڕاوی ڕاپەڕیوانیان دەکرد. هەروەها من گڕە مەشخەڵی ئاگری سەر مالی حاجی قاسمی کەریمی و کاک حوسەینی برای ئەو (و مامۆستای خۆم)و نەمر عەلی میرەبەگم بە چاوی سەر بینی، کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی جەژنی قوربانی دوای کۆدیتادا نۆکەرانی ئاغاکان، بە فەرمانی ئەوان،لە ناوەڕاستی بۆکان ئاگریان تێبەردان و سیپاڵی ژن و منداڵی حاجی قاسم و عەلی میرەبەگی ڕاپەڕیویان فڕێدایە کۆڵان و ئاوارەیان کردن.
ئەو ڕۆژە و ڕۆژانی دواتر، زۆرێک لە ڕاپەڕیوان و دژبەرانی ئاغاکان گیران و لە تەویلەی ماڵی ئەوان قایم کران، یان بە یارمەتی پۆلیس و ئەرتەشی شا، نێردرانە زیندانی شاری مەهاباد- نموونەی هەرە نزیک لە ژیانی خۆم،گیرانی کاکم، عومەری سوڵتانی، وەک یەک لەو دەیان کەسانە بوو کە دوای هەرەسی ڕاپەڕینەکەی بۆکان و گوندەکانی دەوروبەر، لە لایەن شەهرەبانیی ژێر دەسەڵات ئاغاکانەوە گیرا و ئەو ڕۆژەی وا هاوڕێ لەگەڵ دوو ئاژان دەیانناردە زیندانی مەهاباد، لەگەڵ باوکم لە گاراژی شار بەڕێمان کرد.[1]من ئەگەر وێرابێتم دەست بدەمە کاری نووسین سەبارەت بەو ڕاپەڕینەی بۆکان و گوندەکانی نزیکی، بەهۆی ئەو زانیارییە ڕاستەوخۆیانە و هاندانی کاک ئەمیرەوە بوو.
بۆ ئاگاداری لە دەسپێک و هۆکارەکانی ڕاپەڕینی شار و ناوچەی بۆکان، سەرەتا چەند خاڵی سەرەکی ڕوون دەکەمەوە ئینجا دەچمە سەر بۆچوونی هاوبەش یان جیاوازی کاک ئەمیر و خۆم:

1.  ڕاپەڕینی دژە فێئۆداڵیی ساڵانی ١٣٣١ و ٣٢ ی شاری بۆکان چۆن سەری هەڵدا؟
بۆکان لەو ساڵانەدا شارەدێیەکی کوردنشین بوو سەر بە ئوستانی ئازەربایجان، بە ژمارەی دانیشتوانێکەوە کە خۆی لە ١٠ هەزارکەس[2] دەدا.ئەو شارەدێیە، پێش ئەوەی لە دەوروبەری ساڵی ١٣١٨دا ببێتە ناوەندی 'بەخش'ێکی سەر بە شاری مەهاباد، گوندێکی گەورە بوو کە وەک هەموو گوندەکانی ناوچە، ئاغاوەت خاوەنداریەتییان دەکرد و بە شێوەی هەموو گوندێکی دیکە، دەکڕا و دەفرۆشرا. بۆکان بە ماوەی سێ چوار ساڵێک پێش ئەوەی ببێت بە 'بەخش' و ئیداراتی دەوڵەتی وەک بەخشداری و شەهرداری وکەڵانتەری لێ دابمەزرێت، موڵکی حەبیبوڵڵا پەناهی- تاجرێکی تەورێزی و دوو ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەی ئەو بوو. پەناهییەکان دواتر لە ساڵی ١٣٢٣ دا  بۆکانیان بە ئاغاواتی دێبوکری فرۆشت.[3]خاوەنەتازەکانی بۆکان، بەرەی دوو برابوون (حاجی بایزئاغا و مەحموود ئاغا) کە سەرەتا شوهرەتی هەردوولایان ئێلخانی زادە بوو بەڵام لە ساڵانی نێوان ١٣٣٠ و ١٣٤٠ دا، بەرەی ماڵی حاجی بایزئاغا (جگە لە ئەحمەدئاغای باوکی کاک سوارەی شاعیر)، شوهرەتیان گۆڕی و کردیانە موهتەدی.
کێشەی نێوان ئاغا و ڕەعیەتی ناوشار پێشینەی هەبوو و مێژووی دەگەڕایەوە سەردەمی مڵکایەتی تاجرە تەورێزییەکە و تەنانەت پێش ئەویش واتە سەردەمی سەردارەکان کە لەماوەی نێوان ١٢٢٩ تا دەوروبەری ساڵی ١٣١٥ ی هەتاوی (١٨٤٠ تا ١٩٣٦ ی زایێنی)دا خاوەنایەتی بۆکانیان کردبوو. کێشەی بنەڕەتی خەڵکی بۆکان لە گەڵ ئاغاکان ئەو ڕاستییە بوو کە خەڵکەکە داوای تاپۆ کردن واتە "سەبتی عەرسە و ئەعیانی"ی ماڵ و دووکان و باغاتی خۆیان دەکرد، بە ڵام ئاغاوات ئەو مافەیان پێنەدەدان  و وەک هەموو گوندێکی دیکەی ناوچە، ئەگەر بیانویستایە دەیانتوانی مڵک و ماڵی کەسێک زەوت بکەن، شڕەی بخەنە کۆڵان و لە شار وەدەری نێن، بێ ئەوەی کەسەکە لە دام و دەزگەی دەوڵەتیدا هیچی پێبکرێت، لەبەر ئەوەی 'خاوەن عەرسە' بە پێی قانوون، ئاغاکان بوون نەک خەڵک.
ئەو کێشەی نێوان ئاغا وڕەعیەتە،هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ تەقینەوەی ساڵی ١٣٣١ کە راپەڕینی زستانی ئەو ساڵە و بەهار و هاوینی ساڵی ١٣٣٢ ی ناو شاری لێ کەوتەوە و باڵی کێشایە سەر گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی شاریش کە مڵکی ئاغاواتی فەیزوڵڵابەگی بوو، بەڵام لە دێهاتی بەشی ڕۆژئاوای شاردا، کە مڵکی ئاغاواتی دێبوکری و لەژێر دەسەڵاتی توندوتیژی هەمان تایفەی ئاغاواتی شاردا بوو، ڕەنگدانەوەی گەلێک کەمتری لێ بەرهەم هات.

.  چاکسازیی دەوڵەتی موسەددیق
لە ساڵانی نێوان ١٣٢٠ تا ١٣٣٢دا، دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران ئاڵۆز و ناسەقامگیر بوو، دیکتاتۆریەتی ڕەزا شا ڕووخابوو، ئازادییەکی ڕێژەیی سیاسی لە ئارادا بوو و حزبی سیاسی زۆر، ڕاست و چەپ سەریان هەڵدابوو. حزبی توودەی ئێران لە ساڵی ١٣٢٠، و لە کوردستانیش سەرەتا کۆمەڵەی ژێکاف لە ١٣٢٢ئینجاحزبی دیموکراتی کوردستان لە ١٣٢٤دا دامەزرابوون.
لە ساڵانی دوای ١٣٢٧دا کێشەی نێوان شا و لایەنگرەکانی لەگەڵ جبهەی میللی بە ڕێبەرایەتی دوکتۆر محەممەدی موسەددیق،زەق ببووەوە و دەوڵەت بە شوێن دەوڵەتدا پێکدەهات بێ ئەوەی بتوانن دۆخەکە هێور بکەنەوە. دەست تێوەردانی وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت بریتانیا و یەکیەتی سۆڤیەتی، ببووە هۆی ئەوەی بارستایی هێز هەرجارەی بە لایەکدا بکەوێت؛ بۆ نموونە، کابینەی حوسەینی عەلا ٤٢ ڕۆژ و کابینەیەکی قەوام تەنیا ٤ ڕۆژ دەوامیان هێنا و دوکتۆر محەممەدی موسەددیقیش دوو جار بوو بە سەرەک وەزیران و کابینەی پێک هێنا.[4]
خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بەگشتی داوای مافی سیاسی و ئابووریی خۆیان دەکرد و شەقامی شارەکان ڕۆژانە پڕ بوو لە خەڵکی لایەنگری مافی کرێکار و وەرزێران. لە پایزی ساڵی ١٣٣١ دا دەوڵەتی دوکتۆر موسەددیق دوو لایحە(Bill)ی پێشکەش بە مەجلیسی شۆڕای میللی کرد[5]ولە ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٣٢دا  هەردوکیان 'تەسویب' کران و بوون بە قانوون (Act). بە گوێرەی ئەو قانوونە،
یەکەم، دەبوایە لە هەموو گوندێک 'شۆڕای دێ' لە نوێنەرانی ئاغا و ڕەعیەت پێک بێن؛ دووهەم، لەو بەشە حاسڵەی وا ساڵانە وەرزێر دەیدایە ئاغا و ئەویش بەگشتی سەتا بیست (دەو دوو) بوو، دەبوایە دەیەکی ئەو دەو دووە (دوو لە سەد)،بدرێتەوە دەست ڕەعیەت بۆ ئاوەدانی ناو ماڵی خۆی و دە یەکی دیکەشی بدرێتە شۆڕای دێ بۆ ئاوەدانی ناو گوند (سەرجەم ٢٠٪ ی ئەو ٢٠٪ ە دەیکردە ٤٪ی بەشی ساڵانەی ئاغا لە کشتوکاڵی وەرزێر)؛                                               سێهەم،خاوەن مڵک جگە لەو ڕادەیەی وا ڕەعیەت دەیدایە،مافی هیچ چەشنە ڕووتاندنەوە و چەوساندنەوەیەکی نەبوو واتە نەیدەتوانی  مریشکانە و هێلکانە و تەپاڵانە و... لە ڕەعیەت بستێنێت؛چوارەم، ئاغا مافی ئەوەی نەما بێگاری واتە کاری بێ حەقدەست بە ڕەعیەت بکات.
ئەو قانوونە، باوەکووچەوسانەوەی وەرزێرانی لە لایەن خاوەن مڵکەوە بنەبڕ نەدەکرد و زەوی هەر وەک مڵک بۆ ئاغا دەمایەوە، بەڵام بۆ ئەو سەردەمە گەلێک پێشکەوتوو بوو بە تایبەت کە دەسەڵاتی موتڵەقی ئاغاواتی بە سەر ژیان و داهاتی ڕەعیەتدا بەربەست دەکرد و بەشێک لەبڕیاری سەبارەت بە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوگوندی دەدایە شۆڕایەک کە ڕەعیەتیش بەشێک بوون لە پێکهاتەکەی؛ ئەوە هەنگاوێکی بوێرانە و بەردێک بوو کە دەخرایە ناو گۆمی مەندی پەیوەندیی نابەرانبەری چەند هەزارساڵەی دوای پێکهاتنی سیستەمی فێئۆداڵی لە نێوان ئاغا و ڕەعیەت لە ئێران، بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە.

کارتێکەریی قانوونەکە لە سەر خەڵکی بۆکان

لەو سەروحەددە دا بەشێک لە خەڵکی بۆکان کە پێشتریش لەگەڵ ئاغاکاندا کەوتبوونە بەربەرەکانیی مافخوازییەوە، دەرفەتی ئەو قانوونەیان قۆستەوە و دووجار نوێنەریان هەڵبژارد و ناردیانە مەهاباد و تاران بۆ سکاڵا لە ئاغاکان لە پێناو بەربەست کردنی دەسەڵاتیان و نەهێشتی زوڵم و چەوسانەو لەسەر کۆمەڵانی خەڵک. یەک لە داواکارییەکانیان ئەوە بوو لقی 'ادارە ثبت اسناد و املاک' لە بۆکانیش بکرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئاسایی بتوانن کێشەی مڵک و ماڵیان لەوێ چارەسەر بکەن و ناچار نەبن بۆ هەموو کارێکی گەورە و بچووک بچنە مەهاباد، کە لە بارودۆخی ئەو ساڵانەدا بۆ خەڵکی دەست تەنگ و هەژار کارێکی هاسان نەبوو، یان لانیکەم دەبوو بە خەرج و مەسرەفێ بۆیان.
حاجی قاسمی کەریمی، بەرگدروو و خاوەنی کارگەیەکی قەند لە بۆکان، هەروەها سەیدمحەممەد ئەمینی هاشمی[6] بۆ ڕاگەیاندنی سکاڵای خەڵک لە ئاغاکان، لە بەهار/هاوینی ١٣٣٢دا چوون بۆ تاران. لەوێ دوکتۆر محەممەدی موکری کوردی کرماشانی کە ئەو ساڵە کاندیدی هەڵبژاردنی ئەندامیەتی مەجلیسی شۆڕای میللی لە شاری مەهاباد و دەوروبەری(بە بۆکانەوە)بوو و خاوەن بیروبڕوایەکی پێشکەوتنخوازانەش بوو، یارمەتیدان بچنە لای دوکتۆر کەریمی سەنجابی (کوردی کرماشانی) کە ئەندامێکی دامەزرێنەری"حزب ایران" وەک بەشێک لە پێکهاتەی 'جبهە ملی' و بۆ ماوەیەک وەزیری فەرهەنگی کابینەی دوکتۆر موسەددیق و لەو کاتەدا ئەندامی مەجلیسی شۆڕای ئێران بوو. سەنجابی ڕێگەی بۆ کردنەوە بۆ ئەوەی بتوانن نامەی عەرزوحاڵیان بگەیێننە دەفتەری دوکتۆر موسەددیقی سەرەک وەزیران و ئایەتوڵڵا کاشانی سەرۆکی مەجلیسی شۆڕا. موسەددیق عەینی نامەکەیانی نارد بۆ وەزیری ناوخۆی ئێران (کە ئەودەم دەبێ دوکتۆر غلامحسین صدیقی بووبێت). لە نامەی نێرراو بۆکاشانیدا، حاجی قاسم باسی زوڵم و زۆری ئاغاکان لە خەڵکی بۆکانی کردبوو و بە ناو، ناوی هەندێک لە ئاغاکانی هێنابوو.[7]
دوکتۆر موکری و دوکتۆر سەنجابی دەرەتانیان بۆ حاجی قاسمی کەریمی پێکهێنابۆ ئەوەی لە سەر ڕادیۆ تاران پەیامێکی هاوخەباتی لەگەڵ خەڵکی بۆکان و ناوچەکە ودژ بە ئاغا و دەرەبەگان بنێرێت و پێیان ڕابگەیێنێت کە چیدی نابێ ئیجازە بە خاوەن مڵکەکان بدەن بیان چەوسێنێتەوە. هەروەها، حاجی قاسم پەیامێکی هاوشێوەی لە ڕێگەی ڕۆژنامەی 'جبهە آزادی' ئۆرگانی حزبی ئێرانەوە بۆ خەڵکی بۆکان نارد،ئەویش لە دوو توێی چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژنامەکە لەگەڵی ڕێکخستبوو و هاوڕێ لەگەڵ وێنەیەکیدا بە جل وبەرگی کوردییەوە، لە لاپەڕە یەکەمی ژمارە ١٨٣ ی ساڵی سێهەم (٣/٢/١٣٣٢ی هەتاوی و ١٩٥٣ ی زایێنی)بڵاوی کردبووەوە.[8] نوسخەی ڕۆژنامەکە گەیشتە بۆکانیش.
ئەو کار و خەباتانە، بۆ ڕەعیەتێک و خەڵکێک کە تا ئەودەم لە هیچ کوێ ناویان نەبوو و دەورێکیان لە بڕیارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا پێنەدەدرا، هیچی لە شۆڕشێکی مەزن کەمتر نەبوو. خەڵک لە بۆکان و گوندەکانی دەوروبەر بە شادی و خۆشییەکی بێ وێنەوە شوێنی هەواڵەکانیان دەگرت. پەیامی حاجی قاسم ترسی لە دڵی خەڵکدا نەهێشت و ئاگری ڕاپەڕین لە ناو شاری بۆکان هەڵگیرسا. ئاغاکان لە ناوماڵیان خزان و لە ترسی قسەی خەڵک کەمتر لە ماڵ دەهاتنە دەر. بۆ پشتیوانی موسەددیق و یاسا پێشکەوتووەکانی، خۆپیشاندان دەکرا و خەریک بوو ترسی ساڵ و سەدە لە ئاغاوات بە تەواوەتی دەڕژا. حاجی قاسم لە ناوەڕاستەکانی مانگی گەلاوێژ، لە تارانەوە هاتبووەوە تەورێز و خۆی بۆ گەڕانەوەی بۆکان ئامادە دەکرد، دانیشتوانی شاریش بە گەورە وبچووکەوە ئامادە دەبوون پێشوازی لە ڕۆڵە قارەمانەکەیان بکەن.
لەو دۆخە هەستیارەدا بوو کە کۆدیتای ٢٨ ی گەلاوێژی ١٣٣٢ڕوویدا، هەموو ڕیسەکانی خەڵکی کردەوە خوری و حکوومەتی شای دوای کۆدیتا سەرلەنوێ ئاغاواتی بە سەر چارەنووسی خەڵکدا زاڵ کردەوە. حاجی قاسم نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆکان و هەرلەوێوە ئاوارەی باشووری کوردستان بوو، شوێنێک کە تا سەردەمی مەرگ لێی مایەوە. ئاغاکان کە دەستیان بە حاجی قاسم ڕانەدەگەیشت، ماڵی خۆی و براکەیان[9]ئاگر تێبەردا.عەبدوڵڵا ئێرانی و میرزا حەمە ڕەئووفی خەیات و عەلی میرەبەگ و حوسەینی تەهایی و برایمی ئەفخەمی و برایمی تەننازی و برایمی حەریری و عەبدوڵڵای سامبەگی ومەحموودی ڕەزایی و عومەری سوڵتانی و دەیان کەسی دیکە کەوتنە زیندان یان تەویلەی ئاغاکانەوە و نوێنەرانی ئاغاواتی دێبوکری بۆ عەرزی پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆدیتا، چوون بۆ تاران و قاسم ئاغای موهتەدی خیتابەیەکی بە تاو وتینی لەمەڕ وەفاداریی خۆیان بە تاج وتەخت و سەرکەوتن بە سەر 'خراپەکاران'دا،پێشکەش بە شا کرد.[10]دەسەڵاتی بێ سنووری ئاغاوات لە ئێران گەڕایەوە دۆخی هەزاران ساڵەی خۆی و هەندێکیش ئەولاتر!
شارەکانی دەوروبەری بۆکان وەک مەهاباد و سەقز و سەردەشت و میاندواو هیچکامیان هەل و مەرجی بۆکانیان نەبوو و بە گشتی هیچکام لەوانە مڵکی ئاغاوات نەبوون؛ هەر بۆیەش لە ماوەی هەموو ئەو ڕاپەڕین و خەباتەدا کە خەڵکی بۆکان دژ بە ئاغاوات کردیان، هەواڵی هاوچەشن لەو شارانەوە نەبیسترا لەبەر ئەوەی ناتەباییەک بەو ناوەرۆکەوە لەواندا نەبوو و ئاشکرایە زەمینەیەکی عەینی بۆ ڕاپەڕینی ئەوتۆش،بوونی نەدەبوو. لەو شارانەداناتەباییەکان بەگشتی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا بوو و خەباتی سیاسی و حزبیی خەڵکی شارەکان بە گەرموگوڕی بەڕێوە دەچوو؛ حزبە نەتەوەییەکە واتە حزبی دیموکراتی کوردستان و تاقە حزبی چەپ کە حزبی توودەی ئێران بێت، هەروەها جبهە میللی و حزبەکانی پێکهێنەری، گۆڕەپانی سیاسەتیان داگرتبوو. بەڵام حیسابەکان لە بۆکان تا ڕادەیەک جیاواز بوو- خەڵکی بۆکان لەگەڵ دوژمنێکی خۆجێییش تێکەوتبوون: خاوەن مڵکەکان.

راپەڕین لە گوندەکانی دەوروبەری بۆکان
بەشێکی زۆر لە ڕاپەڕیوەکانی بۆکان، خۆیان لە بنەڕەتدا گوندی ی بوون یان کەس و کاریان لەگوندەکانی دەوروبەری شار دەژیان. هەروەها زوربەی دووکاندارەکان بژیوی خۆیان لە ڕێگەی ساتوسەودا لەگەڵ گوندییەکانەوە دابین دەکرد. گوندییەکانیش بە هەمان ئازارەوە دەیانناڵاند کە خەڵکیبۆکان: چەوسانەوە و زوڵم و زۆری ئاغاوات ئەو دیاردە هاوبەشە بوو کە هەردوولایانی لێک گرێدەدا.خەباتی خەڵکی ناو شاری بۆکان گەلێک زوو باڵی کێشایە سەر گوندەکان.
لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە کە دەبێ ئاماژەی پێ بکرێت: گوندەکانی بەری ڕۆژئاوای بۆکانکە مڵکی ئاغاواتی دێبوکری و خزمی ئاغاکانی بۆکان بوون، تاک و تەرا نەبێت بە دەنگی ڕاپەڕینیخەڵکی شارەوە نەهاتن و بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی وەرزێری لەو شوێنانەدا سەری نەگرت.ئاغاواتی دێبوکری خاوەنی شاری بۆکان و زۆرێک لە گوندەکانی ڕۆژئاوای شار بوون و دەرەتانیئەوەیان بە ڕەعیەت نەدەدا لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوی شاردا یەک بگرن هیچ، تەنانەت گرووپی گۆپاڵبەدەستیان لێ پێک هێنابوون کە دژ بە ڕاپەڕیوانی شار کەڵکیان لێ وەردەگرتن.  لەکاتێکدا بەری ڕۆژهەڵاتی شار، واتە بەشی ناسراو بە فەیزوڵڵابەگی[11] نەک هەر بە گەرم وگوڕی پێشوازییان لەڕاپەڕینی خەڵکی شار کرد، بەڵکوو بە هۆی پێداگری لە سەر مافەکانیان و داواکاریی گەلێکڕادیکاڵتر لەوان و لە گوندنشینەکانی دیکەی ناوچە و تەنانەت ئێران، بوون بە پێشەنگی خەبات لەپێناو دابەشکردنی زەویی ئاغاکان بە سەر ڕەشایی و جووت بەندەدا. ئەوە تەنانەت چەند هەنگاوێکیش پێشتر بوو لە داواکاریی خەڵکی شار و حزبە سیاسییەکان بە حزبی دیموکراتی کوردستان و حزبی توودەی ئێران و جبهەی میللییەوە.
هەوڵدان لە پێناو دۆزینەوەی هۆکاری ئەو جیاوازییەی ناوچەی فەیزوڵڵابەگی لەگەڵ ناوچەی دێبوکریو ناوچەکانی دیکەی شارەکانی دەوروبەر، ئەرکێکی گرنگە. بە بۆچوونی من، لەوێدا پڕۆسەی تێپەڕبوون لە قۆناغی ئابووری-کۆمەڵایەتی سەردەمی عەشیرەتییەوە بۆ قۆناغی فیئۆداڵی، کە لە دووهەمیانداچەوسانەوەی وەرزێر لە لایەن خاوەن مڵکەوە زەق و بەرچاوە، لەمێژ بوو کۆتایی پێهاتبوو و پەیوەندی خوێنی لە نێوان سەرۆک عەشیرە و ئەندامانی عەشیرەتەکە، نەمابوو لەبەر ئەوەی عەشیرەتی فەیزوڵڵابەگی تەنیا بریتی بوو لە ئاغاکان و ڕەعیەت بەشێک لەو فۆڕماسیۆنە نەبوو. هەروەها بەشێک لە ئاغاواتی فەیزوڵڵابەگی خەڵکانی شارنشین و ڕووناکبیر و نووسەر و هونەرمەند
بوون و تەنانەت یەکیان هەر خۆی زەوییەکانی بە سەر گوندنشینەکاندا دابەش کردبوو. خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج ئەو ڕاستییە بوو کە هەندێک لە ئاغاکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی ئێران کەوتبوونە دژایەتییەوە لەبەر ئەوەی تەنیا ٦ ساڵێک پێشترواتە دوای هەرەسی کۆماری کوردستان، حەوت کەسیانی لە سەقز و بۆکان ئیعدام کردبوو، ئەو شتە لە ناو ئاغاکانی دێبوکری ڕووی نەدابوو و بە پێچەوانە، ببوونە پێشەنگی سۆپای ئێران لە گرتنەوەی شاری بۆکان و مەهابادی سەردەمی هەرەسی کۆماری کوردستاندا.[12]
ئەو خاڵانە بە سەریەکەوە، ناوچەی فەیزوڵڵابەگییان کردبووە شوێنێک کە گەلێک لە ناوچەی دێبوکری جیاواز بوو.[13]لە لای دێبوکرییەکان و لە ناوچەکانی دەوروبەری مەهاباد و سەردەشت و سەقز، جووڵانەوەیەکی ئەوتۆ بوونی نەبوو، یان ئەگەر بوو، هەمەگیر نەبوو. لە گوندەکانی فەیزوڵڵابەگیدا، ئاغاوەت ڕاونران، ماڵ و زەوییان لێ زەوت کرا، هەندێکیان موحاکەمەی شۆڕشگێڕانە کران تەنانەت لە گوندی بەردەزەرد پەنجەرەی ماڵیشیان دەرهێنرا. هێزی ئەرتەش بە فەرماندەیی سەرهەنگ موزەففەری زەنگەنە ڕاست هێرشی کردە سەر گوندی یەکشەوە و ئاڵبڵاغ، ژمارەیەک لە ڕاپەڕیوانی گرت و کۆمەڵانی خەڵکی هەر ئەوێش بوو کە بە دەستی بەتاڵ بەرەنگاری هێزی ئەرتەش بوونەوە؛
تەنیا لەوێش بوو کە ژنان بەشداریی ڕاپەڕینەکەیان کرد وبە بەرد و دار و  تەپاڵە، بە گژ چەکداری ئەرتەشی هێرشکاریی شادا چوونەوە.
ڕەنگدانەوەی ڕاپەڕینەکان لە بیرەوەریی خەباتکارانی کورددا
پڕیشکەی ئاگری ڕاپەڕین لە ناوچەی فەیزوڵڵابەگییەوە گەیشتە هەندێک شوێنی دیکەی ناوچەکە واتە ناوچەی موکریان.مامۆستای نەمر هێمن باس لە "جووتیارەکانی کوردستانی ئێران" دەکات کە لە دژی زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەی دەرەبەگەکان ڕاپەڕین"[14]. بەڵام نەمر مامۆستا کەریمی حیسامی،[15] بەڕێز مەلا عومەری عەسری[16] و نەمر مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور،[17]ڕاپەڕینەکەیان بە دیاردەیەکی "موکریانی" ناو بردووە.[18]لە لایەکی ترەوە، نەمر مامە غەنی بلووریان لە دوو بەرگ بیرەوەری خۆی کە بەرهەمی وتووێژیەتی لەگەڵ کاک حامید گەوهەری و کاک برایم فەڕشی، تەنیا دیاردەبە "ڕاپەڕینی جووتیارانی ناوچەی بۆکان"[19] و "جووڵانەوەی جووتیارانی ناوچەی بۆکان و خەباتی جەماوەری شاری بۆکان"[20]دەکات.

موکریان جوغرافیایەکی بەرینە لە شنۆ و نەغەدە و پیرانشارەوە تا میاندواو و ساینقەڵا و سەقز و بانەدرێژەی هەیە و ناوچەی فەیزوڵڵابەگی نێوان بۆکان و سەقزیش بەشێک لە موکریانە. دیارە لە جوغرافیای تاریخیدا ئەو ناوچەیە گەورەتر یان بچووکتر بۆتەوە و لە هەندێک قۆناغدا تەنانەت مەراغەش بەشێک بووە لە موکریان. دیارە ئەو دابەش کردنە موتڵەق نییە، بۆ نموونە، لە نەخشەیەکدا کە کاک سولەیمان چووکەڵی ئامادەی کردووە ناوچەی بانە و بەشێک لە سەقز لە دەرەوەی موکریان دانراون[21] لە کاتێکدا مامۆستا حەبیبوڵڵا تابانی ناوچەی  بانەی هێناوەتە ناو موکریانەوە بەڵام نەغەدە و میاندواوی بە بەشێک لە موکریان نەزانیوە.[22]

هەرچۆنێک بێت، من دڵنیام ئەگەر مۆتەکەی کۆدیتای ٢٨ی گەلاوێژی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و داردەستە گوێ لەمستە ناوخۆیی و خۆجێییەکانیان وا زوو سواری سەری ڕاپەڕینەکانی بۆکان وفەیزوڵڵابەگی نەبوایە و پێش ئەوەی هاوزنجیرەکانیان لە موکریان و ناوچەکانی دەوروبەر بەرەوپیری خەباتێکی هاوبەش بێن، تێکیان نەشکاندایە، ڕاپەڕینەکە نەک هەر پەرەی دەسەند و دەبوو بە موکریانی، بەڵکوو بە ماوەیەکی کەم سەرانسەری کوردستان و تەنانەت ئازەربایجانیشی دەتەنیەوە. بەڵام بە داخەوە لە ماوەی کورتی تەمەنی ڕاپەڕینەکەدا، ئەو شتە ڕووی نەدا و ڕاپەڕین لە ناوچەی فەیزوڵڵابەگی و هەندێک گوندی بەربڵاوی دیکەی موکریاندا قەتیس مایەوە.

 جیاوازیی بۆچوونەکان
من بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ئەو ڕاپەڕینە هەر لە ساڵانی سەرەتای ١٩٩٠ بەدواوە پەیوەندیم بە هەندێک کەسەوە گرت کە یەکیان نەمر کاک ئەمیر بوو. مامۆستائەمیر، بەگوێرەی نەریتی خۆی بۆ یارمەتیدانی بێدرێغی خەڵک، گەلێک یارمەتی منیشی دا و ڕێنومایی کردم. پەیوەندییەکان سەرەتا بە نامە بوون و دواتر بە ئیمەیل. لە ناو نامەکانی ئەو ساڵانەدا یەکیانم هەڵبژاردووە کە لێرەدا کۆپی دەکەم و دەیخەمە بەر چاو.
ئەو، کە هەندێک بەڵگەی لەسەر ڕاپەڕینی جووتیارانی ناوچەکە، بۆ نموونە، شاماتی نێوان میاندواو و مەهاباد کۆکردبووەوە،  لە سەر ئەوە سوور بوو کە ڕاپەڕینەکە دیاردەیەکی موکریانی بووە.، بەڵام کەسێکی وەک من کەپەیوەندی ڕاپەڕینی گوندەکانی لەگەڵ شاری بۆکان بە کردەوەبینیبووو قارەمانانی وەک عەلی میرەبەگ و میرزا ڕەئووفی خەیاتی ناسیبوو، کە وەک پێشڕەوانی خەباتی ناوشاری بۆکان لە پەیوەندی ناوچەی فەیزوڵڵابەگیشدابوون، بۆم ئەستەم بوو باوەڕ بکەم کەسانێک بە هەڵە، یان بە حیسابی کەم دیققەتی، ئەو ڕاپەڕینە بە 'موکریانی' ناوببەن.
دیارە من کە ئەم دێڕانە دەنووسم ئاگاداری ئەوەش هەم کە وەرزێرانی کوردی هەندێک شوێنی وەک شامات و مەحاڵی نێوان میاندواو و مەهابادیش لەو سەروحەدەدا ڕاپەڕین و نەمر کاک ئەمیر بیرەوەریی چەندکەس لەوانی تۆمار کردووە، بەڵام لام وایە ئەوانیش درێژەی ڕاپەڕینەکەی ناوچەی فەیزوڵڵابەگی بوون- ناوچەیەک کە گوندەکانی لە میاندواوەوە دوور نین؛هەربۆیە، ئێستاش هەر ناتوانم ڕاپەڕینەکە بە دیاردەیەکی "پان موکریانی" بناسم. بە بۆچوونی من ناسناوی 'موکریانی' دان بە ڕووداوێک کە لە چوارچێوەی بۆکان و گوندەکانی بەری ڕۆژهەڵاتیدا قەتیس مایەوە و هەر لەو مەودایەشدا سەرکوت کرا، قەلب کردنی مێژوو، دەمارگیریی ناوچەیی و لە ئەنجامدا چەواشەکاری نەبێت هیچ نییە!
من لە بەهاری ساڵی ٢٠١٦ دا ئەو بۆچوونەی سەرەوەم بە پاراستنی ڕێز و حورمەتی کاک ئەمیرەوە، پێ ڕاگەیاند و گەورەیی ڕۆحی ئەو لەوەدا دەرکەوت کە بەو قسە توندەی من نەشڵەژا، لێم تووڕە نەبوو و تەنیا لەوەڵامدا بۆی نووسیم کە،
"ره‌نگه‌ پێویست نه‌بێ ئه‌وه‌ی بڵێم که‌ ئه‌من خۆم له‌ تەعه‌سوبی ناوچه‌گه‌ری ده‌پارێزم و پێم وایه‌ له‌ مێژه‌ توانیومه‌ ته‌واو‌ خۆمی لێ رزگار بکه‌م. هیچ شتێک له‌و دنیایه‌دا نییه‌ که‌ پێم بسه‌لمێنێ یان به‌ره‌و ئه‌و باوه‌ڕەم به‌رێ  که‌ ناوچه‌ی X یان وه‌رزیره‌کانی له‌ ناوچه‌ی فه‌یزوڵابه‌گی و وه‌رزێره‌کانی باشترن."[23]
من دەست بەجێ لە وەڵامدا بۆم نووسییەوە:
"سپاسی زۆر کاک ئەمیر گیان. منیش دڵنیاتان دەکەم تەعەسسوبی ناوچەگەریم کەم تا زۆر نییە و ئەوەی لەسەر بۆکان دەینووسم لەبەر ئەوەیە شارەزای ناوچەکەم و بۆ نموونە، شارەزاییم لە سەقز یان میاندواو و مەهاباد و شارەکانی دیکە نییە. من کە دەڵێم فەیزوڵڵابەگی، لەبەر ئەوەیە ڕاپەڕینی ئەوێ پشت ئەستوور بوو بە ڕاپەڕینی خەڵکی شاری بۆکان و ئەو تایبەتمەندییەی لە بۆکاندا بوو و شارەکەی کردبووە کانگەی خەبات دژ بە ئاغاکان، بۆ نموونە خاوەن مڵک بوونی ئاغا لە شار، لە شوێنی دیکەی وەک مەهاباد و سەقزدا نەبوو. ئەو دوو ڕاپەڕینە لە پەیوەندێکی ئۆرگانیکدا بوون و لێک جیا ناکرێنەوە، ئەوەش لە شوێنەکانی دیکەی وەک شامات و گەورکایەتیدا نەبوو باوەکوو لەوانەشدا ئاگری خەبات بڵێسەی سەند و بەداخەوە سەرکوت کرا. موزەففەریش بە هەڵکەوت نەبوو خۆی و هێزی ئەرتەش چوون بۆ ناوچەی فەیزوڵڵابەگی؛ هەروەها هێرشی ژنان بۆ سەر ماشێنەکەی و بە بەرد و تەپاڵە پێدادانی، ئەوە نەبوو کە لە شوێنەکانی تر ڕوویاندابێت.دیارە من ڕێزی زۆرم بۆ بۆچوون و ئەزموونی جەنابتان هەیە بەڵام ئێستاش بەهەڵەیەکی گەورە و چەواشەکردنی خوێنەری دەزانم ئەگەر ڕاپەڕینەکە بە ڕاپەڕینی هەموو موکریان بێتە ناساندن. دەشزانم مافی تەواوی کاک ئەمیرە ئەگەر بە پێچەوانەی من بابەتەکە ببینێت".[24]
دوای ئەو وتووێژەش، چەندجار ئیمەیلمان لەگەڵ یەکتر گۆڕییەوە بێ ئەوەی نیشانەیەک لە دڵگیری بە سەر نووسینەکانی کاک ئەمیرەوە دیار بێت، تەنیا نووسیبووی لە سەر قسەی خۆی سوورە و داکۆکی لە هەڵوێستی خۆی دەکات. لە وەڵامدا بۆم نووسی:
"هیوادارم لە بۆچوونەکانی من دڵگیر نەبووبێتن. من شتەکان وا دەبینم بەڵام دیارە مافی مامۆستایی و پسپۆڕایەتیش بۆ کاک ئەمیر دەپارێزم"[25]
یەک ڕۆژ دواتر، ئیمەیلی کاک ئەمیرم گەیشتە دەست کە نووسیبووی:
"ئه‌من به‌ راستی ده‌ڵێم ره‌خنه‌م زۆر پێ خۆشه‌، به‌ بێ ره‌خنه‌ گرتن راستی باش ده‌رناکه‌وێ. پێویسته‌ زانیاری باش و تیۆری باش و ره‌خنه‌ی بێ وچانمان هه‌بی، و باشتره‌ "ره‌خنه‌ی بێ به‌زه‌ییانه‌" هه‌بی(ruthless criticism یه‌عنی ئه‌وه‌ی که‌ نیگه‌رانی سه‌ره‌نجامه‌که‌ی نه‌بێ و نیگه‌رانی وه‌ی نه‌بی که‌ ده‌سه‌ڵاتداران پێیان ناخۆش ده‌بێ)."[26]
لە ئەنجامی ئەو پلیمیکە دۆستانەیە لەگەڵ کاک ئەمیردا، من گەیشتمە ئەم ئەنجامەی خوارەوە سەبارەت بە ڕاپەڕینەکە:
هاوکات لەگەڵ ڕاپەڕینی خەڵکی بۆکان و ناوچەی فەیزوڵلابەگی، یان بە ماوەیەکی کەم دوای ئەوان، لە هەندێک شوێنی دیکەی موکریان و تەنانەت شاری سنەشدا، گوندنشینانی ژێر ستەمی فێئۆداڵەکان لە خاوەن موڵکی خۆیان راپەڕیون و هەر ئەوەش وایکردووە کاک ئەمیر یان کەسانیتر ڕووداوەکە بە موکریانی ناوببەن. باوەکوو ئێستاش لەسەر ئەوە سوورم کە ناوەند و کانوونی خەبات شاری بۆکان بوو و گوندنشینەکان چ لە ناوچەی فەیزوڵڵابەگی و چ لە گوندەکانیتر، لە درێژەی خەباتی ئەواندا، لە ملهوڕان ڕاپەڕین. جا بەو تەعبیرە، هەرچەند کەم دیقەت و ناتەواویش بێت، سیفەتی موکریانی یان کوردستانی دان بە ڕاپەڕینەکە، بۆ کەسانێک کە لە دەرەوەی بۆکان سەیری مەسەلەکە دەکەن، بە هەڵە نازانم.

ئەو ئاڵوگۆڕی بۆچوونەم وەک نموونەیەک هێنایەوە کە بڵێم ئەو ڕۆحە گەورەیە بەو هەموو زانیاری و پسپۆڕایەتییەوە کە بووی، چۆن لەگەڵ تازەکارێکی وەک مندا بە نەرم و نیانی دوا و تەنانەت ئەگەر لاقیشم لە بەڕەی خۆم درێژتر دەکرد و ڕەخنەی توندم لێدەگرت، لێم تووڕە نەدەبوو هیچ، بەڵکوو خەجاڵەتی دەکردمەوە و بە میهرەبانی لەگەڵم قسەی دەکرد. کێ دەتوانێ کاک ئەمیر بێت؟مەنتیقی سالم بە بێ ئەخلاقی سالم و ڕێبازی زانستی، ئەستەمە هەبێت.

با سینگ فرەوانیی و ڕێزگرتن لە بۆچوونی دژبەرانمان لە مامۆستا ئەمیر فێر بین. با وەبیر خۆمانی بهێنینەوە کە ئێمە لە جیهانی نیسبییەتدا دەژین و بۆمان نییە دۆگم و موتڵەق بینیی سەدەکانی کۆن بهێنینە ئەمڕۆ و زیندووی بکەینەوە.

بۆ ناسینی ڕاستەوخۆی هەڵوێست و بۆچوونی زانستیانەی کاک ئەمیر لە خوارەوەدا کۆپیی دوو لاپەڕە لە نامەی ڕۆژی ٢٨/٤/١٩٩٥ی بڵاو دەکەمەوە کە هەر لە پەیوەندی ئەو ڕاپەڕینە شکۆدارەدا بۆی ناردبووم.

یادی مامۆستای کەم وێنە- دوکتۆر ئەمیری حەسەنپوور،زیندوو بمێنێت!

سەرچاوەکان:
بلووریان، غەنی . ئاڵە کۆک: بەسەرهاتەکانی سیاسی ژیانم. کۆ کردنەوە و ئامادە کردنی حامید گەوهەری. ستۆکهۆڵم، ١٩٩٧
بلووریان، غەنی. سەدەی کارەسات – مێژووی زیندوو، گفتوگۆ لەگەڵ غەنی بلووریان. ئامادە کردنی برایم  فەڕشی. سلێمانی: بنکەی ژین ، ٢٠٠٨
بهنود، مسعود. از سید ضیاء تا بختیار – دولتهای ایران از اسفند ١٢٩٩ تا بهمن ١٣٥٧ . چاپ سوم. تهران: انتشارات جاویدان، ١٣٦٩
تابانی، حبیب اللە. بررسی اوضاع طبیعی ، اقتصادی و انسانی  کردستان در بمونە کردستان مکری. چاپ دوم. انتشارات سیدیان، ١٣٣٨ ، ص ٥٣
چووکەڵی، سولەیمان. (ساڵ؟). نەخشەی سیاسی دێمۆگرافیکی موکریانی کوردستان. بە زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیسی
حسامی،کەریم، لە بیرەوەرییەکانم، بەرگی یەکەم، وەشانێن زئینا نوێ، ئووپسالا، سوێد، ١٩٨٦
عەسری ، عومەر. گۆڤاری گزینگ ، ژمارە ٣٧.
محەمەدیان، ڕەحمان. بۆکان لە سەدەی بیستەمدا – کۆی ٨١ بەڵگە نامە . بەرگی یەکەم. تاران، لۆڵە پشتی، ١٣٨٩.
هەژار، عەبوڕەحمانی شەرەفکەندی. چێشتی مجێور. چاپی یەکەم. پاریس، ١٩٩٧.
هێمن، سید محمدامین شێخ الاسلامی. تاریک و ڕون. بنکەی پێشەوا، ١٣٥٣.

سەرچاوە: گۆڤاری دەروازە، ژمارە٢. نیسانی ٢٠١٨



[1]بیرەوەریی سەبارەت بە گیران و لە تەویلە و زیندان خرانی خەباتکاران، لە یادداشتەکانی نەمر میرزا حەمە ڕەئووفی خەیات (حافظ القرآن) دا ڕەنگێکی زۆری داوەتەوە. بەداخەوە ئەو بیرەوەرییە بەنرخانە هێشتاچاپ نەکراون.
[2]. رەحمان محەممەدیان، بۆكان لە سەدەی بیستەم دا  ، ب. ١ (نامەی هاشمی و کەریمی بۆ کاشانی (تھران: كولە پشتی، 1389 (2010)، ١١٣.
[3]رەحمان محەممەدیان، بۆکان لە سەدەی بیستەم دا ، هەمان، لاپەڕە ٨٢.
[4]. مسعود بهنود، از سید ضیاء تا بختیار-دولتهای ایران از اسفند ١٢٩٩ تا بهمن ١٣٥٧. چاپ سوم. تهران: انتشارات جاویدان، ١٣٦٩  ٣٢٣ - ٣٥٧
[5]. لایحەی یەکەم: ١٤/٧/١٣٣١ (٦ی ئوکتۆبری ١٩٥٢ زایێنی): "لایحە ازدیاد سهم کشاورزان و سازمان عمران کشاورزی" کە بە قانوونی ٢٠٪ دەناسرا و چۆنیەتی پێکهێنانی شۆڕای دێهات.
لایحەی دووهەم: ٣٠/٨/١٣٣١ (٢٢ی دیسامبری ١٩٥٢ی زایێنی)" "لایحە الغای عوارض و سوروسات در دهات.
پەسند واتە تەسویبی هەردوو لایحە پێکەوە لە مەجلیسی شۆڕای میللی ئێراندا: ٢٢ موردادی ١٣٣٢ (١٣ ئووتی ١٩٥٣ی زایێنی).  ئەم زانیارییانە لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە: ئەمیر حەسەنپوور، دەروازە- کۆڤارا کوردییا زانستێن جڤاکی و مرۆڤی، ژمارە ١، گوڵان ٢٠١٧، ئەستەموڵ، لل. ٩٨ و ٩٩.
[6] برا گەورەی سەید عەبدولقادری هاشمی (سەیدی بەننا). سەیدی بەننا کەسایەتییەکی ناسراوی کۆمەڵایەتی لە ناو شار بوو، کە پێشتر وەک نوێنەری پەناهییەکان لە بۆکان، پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەوان بوو.
[7]. ڕەحمان محەممەدیان، هەمان، ١١٣ - ١١٥
[8]. ڕەحمان محەممەدیان، هەمان، ٨٩ - ١٦٣
[9]. برای بچووکی نەمر حاجی قاسم- کاک حوسەینی کەریمی، لە قوتابخانەی بۆکان، یەکەم مامۆستای من بوو کاتی کە لە پۆلی "تەهییە"ی پێش پۆلی یەکەمدا دەستم بەخوێندن کرد. دواتر لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا پۆلی 'تەهییە' ناوی 'ئامادەگی' لێ نرا.
[10]. ڕۆژنامەی کەیهان، ٥ ی مانگی میهری ١٣٣٢و  ٢٧ ی سپتامبری ١٩٥٣
[11]. شوێنایەتی ئەو ناوچەیە لە باری جوغرافیاییەوە بریتییە لە چۆمی جەغەتوو لە ڕۆژهەڵات، شاری بۆکان لە بەری ڕۆژئاوا، گوندەکانی نزیک شاری سەقز لە باشوور و گوندەکانی نزیک شاری میاندواو لە باکوور. ناوەندی سەرەکی ڕاپەڕینیش لە گوندی یەکشەوە، ئاڵبڵاغ، بەردەزەرد، جامەرد، تیکانتەپە و گوندەکانی دەوروبەریان بوو.
[12]. هەژار، عەبدوڕەحمانی شەرەفکەندی،چێشتی مجێور. چاپی یەکەم، پاریس، ١٩٩٧، ٨٣ - ٨٨
[13] لە ساڵی ١٣٥٨ و ٥٩شدا (١٩٨٠ی زایێنی) کە ڕێکخراوی فیدائیانی خەلقی ئێران لە ناوچەی بۆکان بانگەوازی دابەشکردنی زەویی گوندەکانی دا، مێژوو دووپات بووەوە: تاقە شوێنێک کە بە دەنگی بانگەوازەکەوە هات، هەمان ناوچەی فەیزوڵڵابەگی بوو کە نەریتێکی شۆڕشگێڕانەیان هەبوو. گوندنشینانی  چەند گوند، بۆ نموونە گوندی "حەسار"، کە مڵکی یەک لە بنەماڵەکانی ئاغاواتی فەیزوڵڵابەگی بوو، زەوییەکانی ئاغایان بە سەر خۆیاندا دابەش کرد و حاسڵیشیان هەڵگرت. "کومیتەی وەرزێریی" ڕێکخراوەکە ڕاستەوخۆ هاوکاری وەرزێرانیان دەکرد و منیش لە ڕێگەی هەڤاڵانمەوە ئاگاداری کارەکان بووم.
[14]. هێمن، سید محمدامین شیخ السلامی. تاریک و ڕوون. بنکەی پێشەوا، ١٣٥٣، سەرەتا، ٣٨.
[15]. کەریم حیسامی، لە بیرەوەرییەکانم، بەرگی١، ٢٠٦ - ٢١٨
[16]. مەلا عومەری عەسری. گۆڤاری گزینگ، ژ ٣٧، ٣٤- ٣٦
[17]. ئەمیر حەسەنپوور. گۆڤاری دەروازە، پێشتر و زیاد لە ١٢ نامە و ١٠ ئیمەیلێک کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ مندا ئاڵ وگۆڕی کردووە.
[18]دیارە وتارەکەی کاک ئەمیر، خۆی گوتەنی، تەنیا "گوزارش"ێک بووە بۆ ناساندنی کارە سەرەکییەکەی خۆی لە سەر هەمان بابەت، کە تا ئێستا چاپ نەکراوە و هیوادارم بە زوویی چاوی هەموومانی پێ ڕووناک بێتەوە.
[19].ئاڵە کۆک، پێشتر، ١١٩- ١٢٤
[20]سەدەی کارەسات، ٩٧- ١٠٦
[21] بڕوانە "نەخشەی سیاسی و دیمۆگرافیکی موکریانی کوردستان".
[22]بڕوانە "بررسی اوضاع طبیعی، اقتصادی و انسانی کردستان در نمونە کردستان مکری" (١٣٣٨). جێگەی سەرنجە کتێبەکە وەک پایان نامەی زانکۆی نووسەر بۆ زانستگەی تەورێز نووسرا و  لە تەورێزیش چاپ کرا. دوور نییە ئەو هەڵاواردنە ئاکامی گوشاری ئەوان بووبێت.
[23]. ئیمەیلی ١٥/٦/٢٠١٦ی کاک ئەمیر بۆ من.
[24]. ئیمەیلی ١٥/٦/٢٠١٦ ی من بۆ کاک ئەمیر.
[25]. ئیمەیلی ١٧/٦/٢٠١٦ ی من بۆ کاک ئەمیر.
[26]. ئیمەیلی ١٨/٦/٢٠١٦ ی کاک ئەمیر بۆ من.


No comments: