Sunday, September 9, 2018

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق پێشكێشە بە یادی ئەمیر حەسەنپوور ٦



هەڤپەیڤین لەگەڵ ئالان حەسەنیان لە سەر: بزووتنەوەی وەرزێران لە موکریان ٥٣ - ١٩٥٢
ئالان حەسەنیان و حەسەن قازی

بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ' ڕاوێژ'. لە ' ڕاوێژ' ی ئەمجارە دا  میوانداری دەکەین لە ئالان حەسەنیان کە کاندیدای دوکتورایە لە ئەنیستیتووی لێکۆڵینەوەکانی عەڕەبی و ئیسلامی، ناوەندیی لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی ئێگزێتر لە وڵاتی بریتانیا. دیارە ئێمە لەو بەرنامەیە دا باسی نووسینێکی بەڕێزیان دەکەین سەبارەت بە ڕاپەڕینی جووتیارانی کورد لە ناوچەی موکریان لە ساڵی ١٩٥٢ و  ١٩٥٣ من خۆشم چاڵاکانە لەم بابەتە دا بەشداری دەکەم . زۆر زۆر بە خێر بێی.

ئالان حەسەنیان : زۆر سپاس کاک حەسەن گیان، سڵاو لە تۆش

حەسەن قازی: زۆر سپاس، کاک ئالان پێم خۆش بوو بەر لەهەموو شت لەوەڕا دەست پێ بکەین کە بەڕێزت سەردێری ئەوەت بۆ نووسینەکەت داناوە: "بزوتنەوەی وەرزێرانی کورد لایەنێکی وونبوو لە خەباتی کورد لە ئێراندا". مەبەستت لە لایەنی وونبوو چییە؟

حەسەنیان: پێشەکی زۆر سپاس ، ئەو سەردێڕە کە هەڵبژێردراوە لایەنی وونبوو ؛ ڕاستە لە زۆر شوێن دا، لە زۆر گۆڤار دا، لە زۆر لێکۆڵینەوە دا زۆر بە کورتی باس کراوە کە لە ماوەی ساڵی ١٣٣٠ ، ١٣٣١، ١٣٣٢ی هەتاوی ڕاپەڕینێک هەبووە لە مەنتەقەی موکریان بڵێین لە بەینی بۆکان و مەهاباد دا، ڕاپەڕینێکی جووتیاران هەبووە بەڵام هیچ لێکدانەوەیەکی ئەوتۆی لە سەر نەکراوە بە گشتی کە هۆکارەکانی چی بووە، دەستکەوتەکانی چی بووە ، چی بووە بە هۆکاری ئەوەی کە ئەو ڕاپەڕینە سەر نەکەوتووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کە سەر نەکەوتووە  و نەیتوانیوە سیستمی دەرەبەگایەتی لە کوردستان بڕووخێنێت، بەڵام خۆ هەر دەسکەوتی هەبووە. ئەو دەسکەوتانە چی بوونە؟ دوای ئەوە شتێکی دیکەش هەیە ئەگەر بە شێوەیەکی مێژوویی بڕوانینە ئەو ڕاپەڕینە  ئەو ڕاپەڕینە بووە بە هۆکار یا دەسپێکی ترێندێک ، شێوازە ڕێکخستنێکی تازە  لە  جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ئێران دا. ئەو شێوازە تازەیە چییە؟

قازی: دیارە دەگەینە سەر چوارچێوەکەی لەو پرسیارە ئەمن تەنیا مەبەستم  لە سەر دێری نووسینەکەت بوو کە دەڵێی وونبوو یان ووردتر سەروبەندێکی وونبوو لە مێژووی کوردی دا.بەڵام ئەو قسەیەی کە ئەوە بوو بە تڕێندێکی تازە دیارە ئەگەر ئەوە لە بارەی ڕێکخراوەیی و ئۆرگانیزسیۆنی ڕا باسی بکەین ئەوە دەگەڕێتەوە هێندێک زەمانی پێشووتر یانی ئەو زەمانی کە لە ساڵانی ١٩٤٠ی زایینی دا کە  ' کۆمەڵەی ژیانی کورد ' پێک دێ. دەکرێ بڵێین  ئەو دەمی لە هێندێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا ڕێکخستنی نوێی سیاسی پێک هاتووە.باسی ئەوەشت کرد لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوە کەم کراوە ئەوەش بە تەواوی دروستە. بەڵام لەو ساڵانەی دوایی دا، یانی لە ماوەی بیست سی ساڵی ڕابردوو دا، نەمر مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور کە بە داخەوە ماوەیەکی هێندە لە مێژنییە بەجێی هێشتووین لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بەر بڵاوی سەبارەت بەو حەڕەکەتە کردووە کە بەخٶشییەوە تا ئەو جێگای کە ئەمن ئاگادار بم ، دیارە بۆخۆی کە هێشتا لە ژیان دا بوو هەمووی هێشتا تەواو نەببوو بەڵام، ئێستا هەموو بەشەکانی هاوژینی بەڕێز دوکتور موجاب تەواوی کردووە و بڕیارە بە زوویی بە زمانی فارسی چاپ ببێ. دیارە ئەوە لێکۆڵینەوەیەکی هەموو لایەنەیە لەو بارەیەوە.

حەسەنیان: منیش ویستم باس بکەم، مەبەستم ئەوە نەبوو بڵێم هیچ باس نەکراوە.

قازی: ڕەنگە مەبەستت لە سەرەتاوە بێ؟

حەسەنیان : بەڵی، دەنا خۆ زۆربەی ئەو دۆکومێنت و دەیتا سەرەکییەکانی  هەر وەک لە نووسینەکە دا یەک بە یەک ئیشارەی پێ کراوە من لە ئەو شتانەی کە کاک ئەمیر دەستی خستووە و هەر وەها خەڵکی دیکەش توانیویانە کەلکیان لێ وەربگرن، من کەلکم لەوانە وەرگرتووە بۆ بەشی هەرە زۆری.

قازی: دیارە ئەوانەی کە لێکۆڵینەوەیان لێ کردووە کاک ئەمیر و مامۆستا ئەنوەری سوڵتانی  تاڕادەیەک و هەر وەها لەو ساڵانەی دواییتریش دا چەند کەس لەوانەی کە بۆخۆیان لەو بزووتنەوەیە دا بەشدار بوون لەوانە، ڕەحمەتی حەمەدەمین شەشە یا حەمەدەمینی ئەحمەد پوور، یەکێک لەو کەسانە بووە؛ گۆڤارێک دەردەچوو لە شاری مەهاباد بە ناوی  ' پەیامی کوردستان ' ، چاوپێکەوتنێکی دوور و درێژیان لەگەڵ کردووە لە سەر تەجروبەکانی خۆی لەو بزووتنەوەیە دا. لەو لێکۆڵینەوەیەی کە مامۆستا حەسەنپووریش کردویە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردووە و هەر وەها بەڕێز مامۆستا مەلا عومەری عەسری کە ئەویش لە ناوچەی بۆکان دا لەو بزووتنەوەیە دا بەشداری هەبووە ئەویش وەختی خۆی نووسینێکی هەبوو لە گۆواری ' گزینگ ' دا کە لە سوێد دەردەچوو. و لەو ساڵانەی دواییشدا ڕەحمەتی ڕەحمانی محەمەدیان دوو بەرگ کتێبی بڵاو کردووەتەوە سەبارەت بە بۆکان  [وەک لێرە دەیبینین ] لێرەش دا چاوپێکەوتنێک کراوە لە گەڵ ڕەحمەتی عومەری تیکانتەپە [ بابامیری ]، کە کاک عومەری تیکانتەپەش کە یەکێک لە هەڵسووڕاوانی سەرەکی بزووتنەوەکە بووە لە لادێکانی دەوروبەری بۆکان، لە لادێکانی مەنتەقەی فەیزوڵابەگی.
ئێستا ئەمن پێم خۆشبوو لەوەڕا دەست پێ بکەین. دیارە باسێک هەبوو لە نێوان مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور و مامۆستا ئەنوەری سوڵتانی دا سەبارەت بە نێولێنانی ئەو بزووتنەوەیە مامۆستا ئەنوەری سوڵتانی پێی وا هەبوو، پێی وایە ئێستاش کە لەبەر ئەوە ناوەندی ئەو بزووتنەوەیە هەم لە بۆکان بووە و هەم  لە دەوروبەری بۆکان دروستتر وایە کە بەو شێوەیە  ناوی بهێندرێ نەک ئەوەی بە هەمووی بگوترێ ' موکریان '. بەڵام، لە دوایین نووسینی مامۆستا سوڵتانی لە گۆواری ' دەروازە ' دا کە لە بەر دەستی جەنابیشت هەیە لەوێدا باسی ئەوەی کردووە کە بەو ئاڵوگۆڕە فیکرییەی کە لەگەڵ مامۆستا حەسەنپوور کردوویەتی ئەویش قەبووڵی کردووە کە دەکرێ بگوترێ ' بزووتنەوەی وەرزێران لە موکریان ' چونکوو ئەو ناوچانە هەموویان دەکەونە موکریان. جا پێم خۆش بوو بۆچوونی جەنابت لەو بارەیەوە بزانم دوایە دێینە سەر ناوەرۆکی نووسینەکەی بەڕێزت.

حەسەنیان: من ئەوەی کە خوێندمەوە زۆر سپاس بۆ مامۆستا ئەنوەری سوڵتانی کە بە ڕاستی ئەو ئاڵوگۆڕەی نامە و ئی مەیلەی لەگەڵ کاک ئەمیر کردوویانە بڵاو کردووەتەوە و خوێنەری کوردیش مەجاڵێکی بۆ دروست دەبێ کە بزانێ ئەوان چۆنی بۆچوون. بە ڕاستی زۆر زۆر جالبە ئەوە دڵفرەوانی هەر دوو لا نیشان دەدات کە لە عەینی حاڵ دا کە بیر و بۆچوونیان لەو بارەیەوە زۆر جیاوازە بەڵام توانیویشیانە زۆر بە جوانی قسە لەگەڵ یەک بکەن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن. سەبارەت بە لۆکالیتی شوێنەکە من خۆم شەخسەن زۆر گرینگیم پێ نەداوە هەر بە 'موکریان' نێوم بردووە، ئەوە بەو مانایە نییە کە نە ئەم لایە نە ئەو لایە، یانی هەم بۆ خۆم ئاسان کردووەتەوە و بۆ خوێنەرێکی غەیرە کوردیش ڕەنگە بە لایەوە زۆر موهیم نەبێ کە ئەوە لە مەنتەقەی بۆکان بووە. بەڵام، ئەوەی کە دەری دەخا ئەوەیە کە ڕووداوەکە زۆر زۆر لە مەنتەقەی بۆکان بەر بەرینتر بووە چونکی وەختێکیش لێکۆڵینەوە لەوە دەکەی کە هۆکارەکەی چی بوو ؛ کە دەگەڕێیەوە بۆ هۆکاری سەرنەکەوتنەکەی

قازی: پێش ئەوەی باسی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنەکەی بکەین دەبێ باسی ناوەرۆکەکەی بکەین بۆ ئەوەی سیستماتیک بچینە پێشێ.

حەسەنیان: بۆیە دەمەوێ باسی ئەوانە بکەم  باسی شوێنەکەیتان کرد، ئەویش ئەوە دەگرێتەوە کە زۆر بەربڵاو بووە بە ڕاستی ئەوە یەکێک لە هۆکارەکانی بووە.

قازی: زۆر باشە، ئەو مەنتەقانەی کە بزووتنەوەکە گرتوویەتەوە ، بەڕێزت لە نووسینەکەت دا لە ڕووی لۆکالیتییەوە کوێ و کوێت دیاری کردووە؟

حەسەنیان: لۆکالیتی بەشی فەیزوڵا بەگی سەقز [بۆکان] دەگرێتەوە، هەر وەها ' شامات ' ناو دەبەن ،جا ئەمن بە گشتی بە موکریان ناوم بردووە.

قازی: ئەمن مەبەستم  ئەوە نییە. مەبەستم ئەوەیە ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە بەڕێزت کردووتە لە مەر ئەو بزووتنەوەیە لە چەند جێگا بووە؟ یەک لە نێو شاری بۆکان بووە، ئەو بزووتنەوەی کە لە ناو شاری بۆکان بووە داوخوازی ئەو بزووتنەوەیە چ بووە  تا ئەو جێگای کە بەڕێزت بزانی ؟

حەسەنیان: دوو داوخواز هەبووە، یەکێکیان کە جووتیارەکان بەرزیان کردووەتەوە

قازی: ئەمن باسی نێو بۆکان دەکەم

حەسەنیان: بەڵێ ئەمنیش باسی نێو بۆکان دەکەم ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ' حاجی قاسم ' . ئەو بۆ خۆی جووتیار نەبووە، یەکێک لە بازاڕییەکانی نێو شاری بۆکان بووە بەڵام ئەویش بەش بەحاڵی خۆی کێشەی لەگەڵ دەرەبەگەکانی ناو بۆکان بووە .كێشەکە لە سەر ئەوە بووە کە لە ساڵی ١٣٣٠ دا مڵکیان پێ فرۆشراوە ، بە تایبەتی لە ساڵی ١٣٣١ کە ' موسەدیق ' قانوونی سەدی بیست دەردەکا. لە ئێران دا هەمیشەی کێشەی ئەرز هەبووە. چونکە ئەگەر تەواوی ئێران لە بەرچاو بگرین  بە کوردستانیشەوە هەشتا لە سەدی خەڵک لە گوندەکان دا ژیاون لەو سەردەمە دا ئەگەر زیاتریش نەبوو بێ. جا لە بەر ئەوە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکی زۆر زۆر گەورە هەبووە. ئەمە بە گشتی لە ئێران ، لە کوردستانیش وەزعەکە زۆر زۆر خراپتر بووە، بواری نادادپەروەری بۆ وێنە زۆر ڕسووماتی ناشیرین هەبووە کە ئاغا سەپاندوویەتی.

قازی: ببوورە ئێستا ئێمە هێندێک لە باسەکەمان دوور دەکەوینەوە. ئەمن دەمەوێ سیستماتیک بڕۆین. لە نێو بۆکان  کێشە لە سەر چی بووە ؟ کێشەی سەرەکی؟

حەسەنیان: کێشەی سەرەکی لە سەر ئەوە بووە کە مڵک فرۆشراوە بە خەڵک لە لایەن ئاغاوە بە زەبری دەوڵەت ئەو کاتە لە دەوڵەتی شاهەنشاهی دا ' موسەدیق' سەرۆکوەزیر بووە. بەڵام ئەو ئەرزانەیان بە نێو سەبت نەکراوە. چەندین ساڵ خەباتیان کردووە، داواکاریان کردووە، سەری دادگایان داوە بەڵام ئاغاکان سەرەڕای ئەوەی کە پارەی مڵکەکانیشیان وەرگرتووە ، مڵکەکان نەکراوە بە ناوی ئەو خەڵکەی کە پێیان فرۆشراوە. یەکێک لەوانە'حاجی قاسم' ە کە مرۆڤێک بووە لە بازار کاری کردووە و کەسێکی ڕۆشەنبیریش بووە لە سیاسەتیش دا بەشدار بووە، سەر بە جەبهەی میللی موسەدیق بووە تەنانەت بۆ ئەو کاتە زۆر شتێکی گەورە بووە وەک باس دەکرێ چووەتە سەر ڕادیۆ تاران و قسەی بۆ خەڵکی کوردستان کردووە کە کاتی ئەوەیە داوای مافەکانمان بکەین و زۆر خۆڕاگر بین لە سەر داواکانمان.

قازی: لە مەنتەقەی بەری فەیزوڵابەگی بۆکان کە مەرکەزەکەی پێم وایە  ' تیکانتەپە ' و ' ئاڵبڵاغ ' بووە زیاتر لەوێ داوخوازی سەرەکی چ بووە ؟

حەسەنیان: داوخوازی سەرەکی لەوێ زۆر گەورەتر بووە. بۆ لەوێ زۆر گەورەتر بووە، هەق هەر هەقە ،داخوازەکە هەر وەک شار بووە بەڵام لەوێ گەورەتر بووە و هەر مەسەلەی ئەرز نەبووە. مەسەلەی لا بردنی ئەوەی کە پێی دەڵێن سووروسات .

قازی: یانی لە پارڵمانی ئێران بە پێشنیاری موسەدیق دوو لایحە پاسند کراوە

حەسەنیان: یەکێک لە وانە قانوونی سەدی بیست بووە ، یەکێکی دیکەشیان ئەوە بووە کە ئەو هەمووە سووروساتە نابێ بمێنێ. یەکێک لەو دیاردە ناشیرینانەی کە ئاغا و دەرەبەگ بە سەر جووتیاری کورد دا سەپاندبوویان قانوونی ' شەوی یەکەم ' بووە.

قازی: دیارە ئەو ووتەیەی جەنابت قسەی لە سەرە. ' شەوی یەکەم' بەو مانایەی کە ئەگەر یەکێک بووک دەگوێزێتەوە شەوی یەکەم بووکەکە بچێتە لای ئاغا. ئەوانەی کە لەو مەنتەقەیە ژیاون لە هەرێمی موکریان ، ئەوە نەدیتراوە ئەوە دەبەمە ژێر پرسیار، لە جێگایەک مامۆستا ئەمیر حەسەنپووریش ئاماژەی بەوە کردووە ، بەڵام ئەو ڕێفرێنسەی کە دەیدا مەڕبووت بە ئاغا و جووتیارانی کورد نییە. کەیسێکی ئەرمەنی یە وا بزانم.

حەسەنیان: ئەوە زۆر باوە بووە نەک هەر لە ناو ئاغا ودەرەبەگی کوردستان دا ، تەنانەت لە فەڕانسە دا کە سیستمی فئوداڵی زۆر بە قووەت بووە .

قازی: بەڵام لە نێو ئاغا و دەرەبەگی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە دا ئەو مەسەلەیە یەک لەو شتانە نەبووە کە ڕووی دابێ. فەرموو بەردەوام بە.

حەسەنیان: من بۆ خۆشم بە منداڵی هەر چەند ئێمە لە شار ژیاوین، بەڵام ئەو شتانەم بیستووە.

قازی: ئێستا بێینەوە سەر ئەو دوو لایحەیە، یەکیان نەهێشتنی سووروسات وەک گوریسانە و هێلکانە و ... بووە

حەسەنیان: یانی بە هەموو جۆری جیاواز ماڵیات  لە خەڵک وەر دەگیرا  و کاری زۆرەملی یان بە جووتیاران دەکرد.

قازی: ئەی لایحەکەی دیکە؟

حەسەنیان: ئەویدیکەشیان قانوونی سەدی بیست بووە . ئەو قانوونی سەدی بیستە بریتی بووە لەوەی کە بیست لە سەدی ئەو داهاتەی کە ساڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ئاغا بیگێڕێتەوە بۆ خەڵکی گوند. لەو بیست لە سەدە نیوەی بۆ جووتیارەکە بووە کە ژیانی خۆی پێ باش بکات و دە دەرسەدەکەی دیکەشی ئەوەیە کە هەلومەرجی نێو دێهات ، مەدرەسە و ڕێگا و بە شێوەی جۆراوجۆر کەلکی لێ وەربگیرێ.

قازی: شتێکی دیکەشی تێدا بووە کە لە هەر دێیەک دا شووڕایەکیش دروست بکرێ.

حەسەنیان: بەڵێ. لەو شووڕایەش دا هەم ئاغا  و هەم جووتیارەکان پێکەوە ببن و مەجاڵێک بۆ ئەوە دروست ببێ وەکوو ئەوەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێن دێمۆکڕاسی مەجالێک دروست ببێ بۆ بڕیار دان کە بە جۆرێک لە جۆرەکان ، ئاغا و جووتیار ، چونکە واقعییەت ئەوە بوو کە هەم ئاغا هەبوو، هەم جووتیاریش هەبوو. هەموو بۆ ئەوەی کە کێشەکان کەم کرێنەوە .

قازی: دیارە توندوتیژ بوونی کێشەکە  هەم لە ناو شاری بۆکان و هەم لە ناوچەی فەیزوڵابەگیش هەبووە. دوایە لە 'شامات" و ' محاڵ ' و  ' شاروێران ' یش ئەو بزووتنەوەیە هەبووە. کە بە پێویستی ئەوە نەبووە کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەکتری بووبێ چونکوو وەک دەردەکەوێ بە پێی قسەی ئەو تێکۆشەرانەی کە لە حەڕەکەتەکە دا بەشدار بوون ، ئەوانەی کە لە ناوچەی شامات و محاڵ و شاروێران لەو جووڵانەوەیە دا بەشدار بوون ، پاشتر لەو کادرانە بوون کە لەگەڵ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کاریان کردووە و ئەو زەمانەش زەمانێک بووە کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لەو ناوچەیە بە تەواوی لە ژێر تەئسیری بۆچوونی ' حیزبی توودەی ئێران ' دا بووە، بەڵام بزووتنەوەی بۆکانێ دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەک لە ژێر تەئسیری  جەبهەی میللی ئێران دا بووە. بو وێنە حاجی قاسم کەریمی بۆ خۆی ئەندامی ' حیزبی ئێران ' بووە.

حەسەنیان: دیارە قسەکەت ڕاستە، بۆ ناوچەی بۆکانیش . ئەمن لەوەیدا کە خوێندوومەتەوە، پێشتریش باسمان کرد ئێوەش گوتتان ڕەنگە گەورە کردنەوەیەکی زۆر گەورە بێ ، حیزبی توودەدا لەو سەردەمەدا  ئەوەی کە دەڵێن ئەندامێکی زۆری زۆری  وەرگرتووە، بۆچی؟ یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوە بوو کە دوای ڕووخانی کۆمار بە ڕاستی  دەوڵەتی شاهەنشاهی زەبر و زەنگێکی زۆری دروست  کرد لە کوردستان و مەجال بۆ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان نەبوو ، یەکێکی دیکەشی ئەوە بوو  گۆیا، ئەوەیان نازانم چەند ڕاستە، وەک دانی ئیمتیازێک بە شوورەوی بە کشانەوەی شووڕەوی لە ئێران حیزبی توودە کەمێک دەستی بازتر بێ. ئەمە چ ڕادەیەک ڕاستە نازانم.

قازی: نا ئەوە سپێکولاسیۆنە .

حەسەنیان: بەڵام شتێکی دیکە لەو بوارە دا گرینگە ڕۆڵەکان ئەوە بووە کە بە ڕاستی مامە غەنی، کاک غەنی بلوریان زۆر کاراکتێرێکی موهیم بووە. چۆن کاراکتێرێکی موهیم بووە ڕۆڵی نێوانگیری بینیوە. باس دەکرێ بە خەڵکی گوتووە لە سەر داواکانتان شێلگیر بن بەڵام بە شێوەیەکی مەدەنیانە. چونکە قانوونێک هەیە ئێستەکانێ وەرن بڕۆنە ئیدارەی پۆست و موخابرات لەوێ مان بگرن.

قازی: یانێ ئەگەر کۆی کەینەوە سەر یەک دەکرێ بڵێین ئەنگیزەی سەرەکی ئەو بزووتنەوەیە لە هەموو جوغرافیای ئەو شوێنانەی کە ڕووی داوە پەسند کرانی ئەو دوو لایحەیە بووە لە مەجلیسی شووڕای میللی ئێران بە پێشنیاری دوکتور موسەدیق .

حەسەنیان: دەقیق ئەوە بووە. ئەوەش کە جووتیارەکان پێیان لە سەر دا گرتووە، بە ڕاستی هیچ توند و تیژی نەبووە، بەڵام کە لە دوای پەسند کرانی ئەو لایحانە  و بە قانوون بوونی ، هەرچەند حەولیان داوە بە شێوەی قانوونی کە مافەکانیان وەربگرن نەیانتوانیوە مافەکانیان وەربگرن.

قازی: پێش ئەوەی بگەینە ئەو کارانەی کە جووتیاران بە کردەوە کردوویانە بە تایبەتی لە ناوچەی فەیزوڵا بەگی کە بە پێی ئەو  چاوپێکەوتنەی کە لەگەڵ خودالێخۆشبوو عومەری تیکانتەپە [ بابامیری] کراوە و لە کتێبی ' بۆکان لە سەدەی بیستەم دا' لە نووسینی ڕەحمان محەمەدیان، ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی دا بڵاو کراوەتەوە و هەر وەها نووسینی مەلا عومەری عەسری ش ، لەوێ نیشانەی تایبەتی یان هەبووە، دەسماڵێک هەبووە لە ملیان هاڵاندووە و هەر وەها حەمەدەمین شەشە [ ئەحمەد پوور] یش لە چاوپێکەوتنەکەیدا بە درێژی لە کارەکانی خۆیان دواوە. دیارە مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور بۆ لێکۆڵینەوەکەی لەگەڵ ٣٠ نەفەر قسەی کردووە کە زۆربەی ئەوانە ئەو دەمی بۆ خۆیان لە  بزووتنەوەکە دا بەشدار بوون یا لەو سەوبەندی دا ژیاون و لە ڕووداوەکان ئاگادار بوون.  پێش ئەوەی بگەینە ئەوانە، لێرە دا پرسیارەکەم ئەوەیە جەنابت بۆ ئەو نووسینە دیارە کە قالبێکی تیوریکت بە کار هێناوە ئەگەر بکرێ لە سەر ئەو لایەنە هێندێک بدوێی.

حەسەنیان: تیورییەکەی تیوری ' سۆسیال مووڤمنتس' ە بڵێین  ' بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی یە. دیارە سۆسیاڵ مووڤمنت لە شێوەی خەباتی مەدەنیانە دا ، واتە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بە شێوەی مەدەنیانە. ئەوی دیکەشیان  'ڕێلاتیڤ دیپریڤەیشن ' بووە یانی هەتاوەکوو ئاستی سەختییەکانی ژیان بەرز ببێتەوە لە کۆمەڵگا دا، خەڵک لە سەختی و ناڕەحەتی دا بژین  هۆکاری بەرخوەدان و ڕاپەڕین بە دژی دەسەڵات زیاتر دەبێ. دروست ئەو حاڵەتەش لە نێو جووتیارانی کوردستان دا هەبووە . خۆ ئەو حاڵەتە لە تەواوی ئێران دا دەتوانین بڵێین فەرقێکی ئەوتۆی نییە. دەبینین سیستمی فێئۆداڵی لە ئێران دا ، لە کوردستان و لە شار و مەنتەقەکانی دیکەش هەر وەکوو یەک وا بووە بەڵام کە دەگا بە ئاکارەکانی ، ئەوەی کە دەبێتە هۆکاری زوڵم و زۆر لە کوردستان بە چەندین هۆکاری جیاوازن. یەکێک لەوانە ئەو بوو کە دەسەڵات بە چەندین شێوە دەستی ئاغاواتی باز کرد بوو . یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ئەو هەلومەرجە سیاسییەی کە لە کوردستان دا هەبوو بە تایبەتی دوای کۆماری کوردستان وای کرد بوو ئاغاکان زیاتر دەستیان باز بێت بۆ بە ڕەوایی پێدان بە زوڵم و زۆری خۆیان. ئەڕتەشیش زۆر لە خزمەتیان دا بوو چونکە دەبینین بە ڕاستی لە حاڵەتێک دا بە جۆرێک لە جۆرەکان ' موسەدیق ' ، نەک ڕاستەو خۆ نەهاتوونەتە خوارەوە چونكی توانای ئەوەشیان نەبوو لە کوردستان ڕاستەوخۆ پشتیوانی ئەو جووڵانەوەیە بکەن بەڵام بە شێوەی قانوونی حەولیان دەدا پشتیوانی لێ بکەن.

قازی: دیارە ئەوە زۆر شتێکی چاوڕاکێشە کە دەبێ لە بەرچاومان بێ. لەو سەردەمە تایبەتییە دا یانی چەند ساڵ دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە ڕاستیدا ڕەفتار و ئاکاری مەرکەز لە کوردستان دوو جۆر بووە. یەکێک ئەوانەی کە سەر بە حکوومەتی دوکتور موسەدیق بوون ، یا عونسووری تودەیی، چونکە دەزانی ئەو زەمانی حیزبی توودەی ئێران سازمانێکی نیزامی هەبوو و ڕێکخراوەیەکی زۆر بەهێزی هەبوو لە ناو ئەڕتەش دا. بۆ نموونە لەو چاوپێکەوتنەی کە ڕەحمەتی حەمەدەمین شەشە کردوویەتی باسی ئەوە دەکا کە چۆن ئەفسەرێکی توودەیی کە لەو مەنتەقەیە دا بووە هاتووە یارمەتی کردوون دوای ئەوەیکە خەڵکەکە و خزم و کەسوکاری کاک حەمەدەمین یان وەدەر ناوە هاتووە یارمەتی کردوون. یانی مەبەستم ئەوە بوو  سەرنجت ڕابکێشم کە ئەو دەمی دوو حاڵەت هەبووە ، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لایەنی دەربار و ئەڕتەش  ئەوە ئەوان بوون کە پشتیوانی ئاغاوەت بوون.

حەسەنیان: هەر وەک لە چاوپێکەوتنەکەی ڕەحمەتی حەمەدەمین شەشە دا دەخوێنینەوە باسی ئەوە دەکا کە ئێمە لە ماوەیەک دا بە جۆرێک لە جۆرەکان دەسەڵاتمان بە سەر ناوچەکە دا هەبوو.

قازی: باشە ئەگەر دەکرێ ئەوەش زیاتر شی بکەیەوە کە لەو ماوەیە دا کە ئەو خەباتە کراوە دەسکەوتیان چ بووە، وا دیارە لە هێندێک جێگا ئاغاوەتیان دەرپەڕاندووە، بۆ ماوەی شەش مانگێک کاری ئاوا کراوە.

حەسەنیان: دەسکەوتەکان زۆر زۆر جیاواز بوون. یەکێک لە دەسکەوتەکان دەتوانین بڵێین جۆرێک هەست بە ئازادیی کردن بووە لە باری دەروونی یەوە. ئەو باری دەروونییەش چی دروستی کرد بوو ، سووروسات نەما بوو، یانی جووتیار هێزی دێتەوە بەر کە لەوەدوا چی دی کار ناکا بۆ ئاغا بێ بەرانبەر. بارە کۆمەڵایەتییەکانیشی، سەرەڕای ئەوەی کە بڵێین بووە یان نەبووە تا چ ڕادەیەک بۆ نموونە ' شەوی یەکەم ' یا زۆر شتی دیکە ئەوە نامێنێت بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت ، ئەمن بە ڕاستی لە لێکۆڵینەوەکەشم دا تا ڕادەیەک ئەو مەرحەلە زەمانییە شەش مانگەم بە گشتی بڵێین شەش حەوت مانگە ، لەگەڵ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی ڕوویدا لە ماوەیەکی کەم دا دەکرێ بڵێین هێندێک وێکچوونیان هەیە چونکە خەڵک هەستی دەکرد بە جۆرێک لە جۆرەکان دەسەڵاتی هەیە بە سەر خۆی دا. لەوەدا ئەوە یەکێک لە دەسکەوتەکانی بوو. یەکێک لە دەسکەوتە قانوونییەکانیشی ئەوە بوو کە سیستمی دەسەڵاتی ئاغا نەما، یانی نەک بەتەواوی نەمابێ بەڵام بە شێوەی سێمبۆلیک نەما.

قازی: بەڵام ئەوە سەرنجی تۆی ڕاکێشاوە کە لە زەمانی کۆماری کوردستان دا کەمترین حەولێک نەدراوە بۆ ئەوەی ئەو ' موناسەباتی ئەرزی 'یە  لە کوردستان دا بگۆڕدرێ؟ تەنانەت لە بەرنامەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان یش دا نەبووە ، لە کاتێک دا هاو تەریبی ئەوە فێرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان لە ئازەربایجان بەرنامەیەکی زۆر ڕادیکاڵی ئەرزی هەبووە بە دژی خاوەنمڵکان. ئەوە بە چی دەبەستییەوە؟

حەسەنیان: ئێستا ئەوەت عەرز دەکەم . پێم خۆشە پێش ئەوە سێ نموونە بێنمەوە لە زەمانی مەشڕووتەوە با بڵێین تا سەردەمی کۆماری کوردستان لە ئێران دا کەسانێک پەیدا بوون کە هەم بە شێوەی سیاسی و ئێدێئۆلۆژی و هەم  وەکوو حەولدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەک بۆ کێشەی جوووتیار – ئاغا/ دەرەبەگ  لە تەواوی ئێران دا هەوڵیان داوە، چ لە ڕاپەڕینی جەنگەڵ، ئەوەی میرزا کووچیک خان هەر وەها چەندین حیزبی سیاسی لە ئێران لە زەمانی شۆڕشی مەشڕووتەوە هەوڵیان داوە، ئەوەی فیرقەی دێمۆکڕات خۆتان فەرمووتان، سیستمی دەرەبەگایەتی نەهێڵن، بەڵام کە دەگەینە کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە خەباتەکە خەباتێکی زۆر بەر بڵاو بووە، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستکەوتی بووە تەنانەت بۆ ماوەی ١١ مانگیش بێت دەسکەوتێکی کوردی دروست بووە، بەڵام ئەو داوخوازە بەرز نەکراوەتەوە. ئەوەش هۆکارێکی هەیە، چونکە لە زۆر شوێنەکان دا دەبینی وەکوو ئایدۆلۆژی  لە نووسینی ڕێبەرە کوردەکان دا ئەڵێن کە بۆ وێنە " ئەرز بۆ ئەو کەسەیە کە دەیکێڵێت "، بەڵام ئەگەر بڵێین بۆچی لە کوردستان دا ئەو ڕەنگدانەوەی نەداوەتەوە لە سیاسەت دا، لە نێو حیزبە سیاسییەکان دا، لە بەرنامەی حیزبە سیاسییەکان دا، ئەویش ئەوەیە کە پێی دەڵێن ناکۆکی. لەبەر ئەوەی لە کوردستان دا دەرەبەگ دوو ڕۆڵیان گێڕاوە، یەکیان ئەوەیە کە بە ڕاستی زۆر بەربڵاو  بووە ستەمکار و چەوسێنەرەوە بوونە، بەڵام دەبینین لە زۆر لە ڕاپەڕینەکانی کورد دا پێش کۆمار دەرەبەگ ڕێبەرایەتییان کردووە ، لە سمکۆ وە بگرە، لە حەمە ڕەشید خانەوە بگرە، لە مەنتەقەی مەریوان و هەورامانەوە. لە زۆر شوێن دەرەبەگان و ئاغاکان ڕێبەرایەتی شۆڕشیان کردووە، کە دەگاتە زەمانی کۆماری کوردستانیش دەبینین هێزێکی زۆر لە نێو کۆمار دا کە دەسەڵاتیشان زۆر بووە هەم لە باری هێزی سیاسییەوە و هەم لە باری ماڵی و ئابووری و چەکداریشەوە  ئاغاکان بوونە. جا لەبەر ئەوە دەبێتە کێشەیەکی گەورە، نەیانتوانیوە ئەو داوایە بەرز کەنەوە . بو وێنە لە کۆمەڵەی ژیانی کورد یش دا دەبینی لە نووسراوەکانیان دا مەسەلەی نادادپەروەری و نابەرانبەری کۆمەڵایەتی لە کوردستان زۆر جار بەرز کراوەتەوە ئاغاکانیش بەرپرسیار بوونە بەڵام لە کۆمار دا ئەو ڕەنگدانەوەی نەبووە. لە بەر ئەوەی کە دەبینی یەکێک لە هێزە گرینگەکانی نێو کۆمار ئاغاکان بوونە.

قازی: جا ئەوەی کە زۆر سەرنجڕاکێش بێ نەک تەنانەت هەر لە مەنتەقەی بۆکان ، یەکێک لە هەڵسووڕاوانی سەرەکی بڵێێن ڕەحمەتی عومەری بابامیری  بۆ خۆی ووردە مالیک بووە، بۆخۆی ئاغا بووە. یا لە ناوچەی شاماتی هاوکاری هەر نزیکی  ' حەمەدەمین شەشە ' و ' سوڵتان قۆیتاس ' و  ئەوانە سوڵتانی شێخ ئاغایی [ سوڵتانی حاجی باغر] بووە ، عەوڵاغای شێخ ئاغایی بووە ، مارف ئاغا بووە کە دژی مام و بابی و ئەوانە کاریان کردووە. یانی ئەوەی کە جەنابت دەڵێی دەتوانێ تا ڕادەیەکی زۆر ئەو مەسەلەیە شی بکاتەوە.

حەسەنیان: بەڵام کێشەکە ئەوەیە، ئەوەی کە کاک ئەمیری حەسەنپووریش زۆر زۆر جوان بەرزی دەکاتەوە ، یا هەر کەسێکی دیکەش کە ئەو بیروباوەڕە قووڵەی بە بەرانبەری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەبێ، ئاغامان هەبووە لەگەڵ شۆڕشیش بووە بە دڵێکی پاکەوە، ئاغامان هەبووە زۆریشی خزمەت بە شۆڕش کردووە، ئاغامان هەبووە لە ڕاپەڕینی جووتیارانیش دا بەشداری کردووە و قوربانیشی داوە و شار بەدەریش کراوە بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لایەنی تیورییەکەی بۆ دیتنەوەی کێشەکە، دەزانم ئەو پرسیارەت نەکردووە بەڵام پێم خۆشە باسی بکەم  کێشەکە تاک نییە لە ناو سیستمی دەرەبەگایەتی دا، ئەڵێ کێشەکە سیستمەکەیە، سیستمەکە نەخۆشە کاری بەوە نییە کە چەند دانە ئاکتری باشیشی هەبێت، هەر چەند دانەشی هەبێت سیستمی دەرەبەگایەتی سیستمێکی چەوسێنەرە. جا لاچوونی سیستمەکە حەلە نەک لابردنی ئەم ئاغا و ئەو ئاغا. ئەمە ئەوەیە دەنا زۆر ئاغامان هەبووە، دەرەبەگمان هەبووە کە بەشدارییان کردووە لە شۆڕشەکان دا و قوربانیشیان داوە.

قازی: ئێمە دەزانین  کە ئەو حەڕەکەتانە لەو چوار نوختەیە کە لە بەر چاو بگرین ، پێت وایە سەبەب چ بووە نەکراوە بکرێتە یەک ؟ یانی لە بەر چی هەمئاهەنگی پێویستیان لە نێوان دا نەبووە؟ دیسان لەو قسانەی لەو چاوپێکەوتنانە دا کراون هاتووە بۆ وێنە حەمەدەمین شەشە دەڵێ ئێمە پێوەندیمان هەبووە لەگەڵ حاجی قاسم بەڵام دوو دیتنی جیاوازمان هەبووە. دواتر دێینە سەر ئەو مەسەلەیەش. بەڵام جەنابت چۆنی لێک دەدەیەوە، بۆچی هاوئاهەنگی پێویست نەبووە لەو سەروبەندی دا ؟

حەسەنیان: مرۆڤ دەتوانێ ئاماژە بە چەند شت بکا. یەکێکیان، دەبێ بگەڕێینەوە پێشتر، خواست هەبووە،خواستی هاوکاری و بەشداری کردن بە تایبەتی لەو سەروبەندە دا حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان تاقە حیزب بووە لە کوردستانی ئێران دا. بەڵام هەلومەرجێکی ئەمنی زۆر قورس بە سەر کوردستان دا زاڵ بووە.

قازی: لە هەلومەرچێک دا کە تەواو لە ژێر تەئسیر و لە هاوکاری دا بووە لەگەڵ حیزبی توودەی ئێران. ئەوە دەبێ تەئکیید بکرێ لەو چوارچێوەیە دا.

حەسەنیان: بە تەئکیید. زۆر دۆکومێنت هەیە کە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکا.

قازی: یانی بۆ وێنە دوکتور قاسملو لە ڕاستیدا کۆمیتەی ئەیالەتیی کوردستان ( کاک) ی حیزبی توودە لە تاران وەک ئەندامێکی حیزبی توودە ناردوویەتە سابڵاغێ بۆ ئەوەی چالاکی بکا.

حەسەنیان: من ئەوەم لە نووسراوەکە دا باس نەکردووە.

قازی: مەبەستم ئەوەیە ئەگەر بە گشتی باس بکەین لەو سەروبەندی دا حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بە تەواوی لە ژێر تەئسیری بیری حیزبی توودەی ئێران دا بووە. هەموو لایەنێک ئەوە دەڵێن.

حەسەنیان: ئەوە دەقیق وایە ، ئەوە یەکێک لە لایەنەکانی. یەکی دیکەش ئەوەیە کە قسە کردن بە ناوی حیزبی دێمۆکڕات هەر ئیمکانی نەبوو.

قازی: یانی مەبەستی من لە داگرتنەوەی ئەو قسەیە ئەوەیە ، بۆ ئەوەی بزانم نەزەری جەنابت چییە،  کە ئەوە دەتوانێ سەبەبێک بووبێ لە بەر هاوکاری نەکردنی جەبهەی میللی و حیزبی توودە  لە ئاستی سەرتاسەری دا، لە تاران دا، دەزانی حیزبی توودە یەکێک لەو تێندێنسانە بووە کە زۆر جار گوتوویە کە کارەکانی موسەدیق پڕۆژەیەکی ئەمریکایی یە و حیزبی ئێران و جەبهەی میللی ئێرانیش بەو شێوە ڕاستەوڕاست ئەوان حیزبی توودەیان بە هۆکارێکی محەلی سیاسەتی شووڕەوی داناوە لەو وەختە دا. مومکینە نەبوونی ئەو هاوکاری و ناهەمئاهەنگییە هۆیەک بووبێ لە بەر نێوانی حیزبی توودە و جەبهەی میللی  لە ئاستی ئێران دا.

حەسەنیان:  ئێستا ئەگەر ئەمن  زۆر بە کورتی ئیشارە بکەم بە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی جووڵانەوەکە...

قازی: جارێ نەگەیشتووینە ئەوێ ئەو زوڵم و زۆرەی کە ئاغاکان کردوویانە بە چ شیوەیەک بووە؟  دیارە لە بۆکان ئێلخانیزادەکان خاوەنی ئەو قەسەبەیە بوون و لە لادێکانیش زیاتر لە مەنتەقەی فەیزوڵابەگی عەشیرەتی فەیزوڵابەگی یانی هێندێک لە ئاغاکانی فەیزوڵا بەگی لە سەرکوتی ئەو ڕاپەڕینە دا بەشدارییان کردووە، ئەگەرچی لە زەمانی کۆماری کوردستان دا زۆر لە کەسایەتی ئەو عەشیرەتە لە کۆمار دا بەشدار بوون. ئەگەر هێندێک باسی ئەوە بکەی کە هەڵسوکەوتی ئەوان چۆن بووە لە ئاست داوخوازی وەرزێران؟ و پشتیوانی ئەرتەش  کە بەلایەنگری دەربار دژی جووتیاران بووە!

حەسەنیان:  ئەوە دەگاتە مەرحەلەکانی دوایی چونکی بەڕاستی دەبینی لە ماوەیەکی کورت دا، لە شەش حەوت مانگ دا جووتیارەکان توانیویانە  بە جۆرێک لە جۆرەکان خواستەکانی خۆیان بچەسپێنن بەڵام کە دەگەینە کاتی دوای کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ  ١٣٣٢  ( ئووتی  ١٩٥٣)

قازی: ئەوەشت لە بیر بێ کە ئەم بەرنامەی ئێمە دروست لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ ( ١٩ی ئووت)، ساڵڕۆژی کودەتا  بە دژی موسەدیق بڵاو دەبێتەوە.

حەسەنیان: هەڵسوکەوتی ئاغاکان لەگەڵ ئەو هەلومەرجە ئەوە بوو، مەجالێکیان بۆ دروست بوو لە ڕاستی دا ئەوانیش بۆ خۆیان گەیشتبوونە ئەو قەناعەتە کە سیستمەکە خەریکە لە دەستیان دەردەچێت چونکێ  سیستمێکی سیاسی لە تاران، لە ئێران دا دروست ببوو کە لە بەینی شا و دەسەڵاتی سیاسی دا کە بڵێین سەرۆکوەزیران موسەدیق بوو، وای لێ هاتبوو بە جۆرێک لە جۆرەکان پاڕلمان کەوتبووە ژێر هەیمەنەی موسەدیقەوە. ئاغاکانیش لە کوردستان بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو نائومێدییان تێدا دروست ببوو بۆیە خۆیان لە ماڵ دەشاردەوە، خۆیان زۆر دەر نەدەخست، بەڵام دوای کودەتاکە یەکێک لەو نامانەی نووسراوە دەری دەخا کە چۆن ئاغاکان دەچن بۆ سەقز بۆ لای سەرهەنگ موزەفەری

قازی: دیارە موزەفەری بۆ خۆشی کورد بووە

حەسەنیان: بەڵێ کوردی کرماشان بووە دەچن بۆ لای ئەو، هێزیان دەداتێ، چەک و چۆڵیان دەداتێ.

قازی: ئەو دەمی ئەو فەرماندەی پادگانی مەهاباد بووە

حەسەنیان: بەڵام نامەکە پێم وایە لە سەقز نووسراوە کە ئاغاکان هەموو  پێکەوە دەچن چەند سەد هەزار تمەنێک خڕ دەکەنەوە دەیدەن بە موزەفەری وەکوو بەرتیل کە قەناعەتی پێ بێنن ئەویش تانک دەنێرێتە سەر لادێکان کە جووتیارێک کە نە چەکی پێ بووە، هیچیان پێ نەبووە ، لە هەموو بەڵگەکان ڕا دەردەکەوێ تەنێ پێمەڕە و شەنە و داسیان بە دەستەوە بووە، شتێک بە نێوی چەکیان نەبووە. هەر لە چاوپێکەوتنەکەشدا لە ڕەحمەتی حەمەدەمین شەشە پرسیار دەکرێ چەکتان هەبوو ؟ دەڵێ چەکی چی بابە لەو کاتە دا هەر چەک نەبوو. بەڵام موزەفەری هێز دەنێرێتە سەریان، تانک دەنێرێتە سەریان 
، خەڵک فڕێ دەدرێتە نێو ڕوبار، چەندین ئافرەت لە ترسی دەستدرێژی کردنە سەر خۆیان خۆ فڕێ دەدەنە ناو ڕۆباری بۆکان

قازی: دیارە گرینگە ئەو شتانە باس بکرێ بەڵام  یەک شتیش هەیە لە سەر هەر ڕووداوێک کە ڕیوایەت دەگێڕدرێتەوە
 هەمیشە دەکرێ زیادەڕۆیی و زیادەگۆیی تێدا بکرێ، ئەوەی کە مەعلووم بووە  لەو جەرەیاناتە دا  چەند کەسێک کووژراون بە تایبەتی  لە بۆکان چەند کەسێک کووژراون و تەنانەت یەکێک لەوانە کەسێک بووە کە  لایەنی ئاغاکانی گرتووە گۆیا باپیری فەردێک هەیە بە ناوی عەلی جەوانمەردی کە ئێستا لە ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن دا قسە دەکا گۆیا باپیری ئەو بووە. [١]
دوایە شتێکی دیکە کە زۆر چاو ڕاکێشە بە باوەری من ئەویش ئەوەیە دەزانین ڕەحمەتی حاجی قاسمی کەریمی وەکوو سەرۆکی حەڕەکەی نێو شاری بۆکان چووتە تاران و لە ڕۆژنامەی جەبهەی ئازادی ئۆرگانی ناوەندی حیزبی ئێران دا وێنەیان بڵاو کردووەتەوە  و هەر وەها لە گەڵ دوکتور کەریم سەنجابی وێنەی هەیە و چەند نامەیەکیشی کە بۆ موسەدیق و  کاربەدەستی دیکە نووسیوە لە موقابیل ئاغاکانی بۆکانێ دا واتە ئێلخانیزادەکان لە جێگایەکدا ئاماژە دەکا بە پێوەندی چەندێک لەوانە یا موشەخستر لە باسی قاسم ئاغای ئێلخانیزادە دا  ئاوا دەڵێ [٢]. و لەچەند جێش دووری خۆی لە حیزبی توودە و پارتییەکانی دیکەی دژی حکومەت زەق دەکاتەوە.
هەمان شت قاسم ئاغا و ئاغاکانی دی کە چوونە تاران دوای کودەیتا لەویش ئەوان حاجی قاسم و هاوڕێیانی تاوانبار دەکەن  بە دووپاتکردنەوەی مێژوو و وەدیهێنانەوەی  نەخشەی ساڵی ١٣٢٤ واتە کۆماری کوردستان[٣]  و هەر دووک لا ژارگۆنەکانیان دەبێتەوە یەک لەو چوار چێوەیە دا.

حەسەنیان: دەقیق وایە ئەو دیسکۆرسە هەبووە و هەر لایەی بە شێوەیەک ‌هەوڵی داوە . ئەوەش کە باس دەکەی زیادە ڕۆیی دەکرێ ڕاستە، هەمیشە دەسەڵات چ دەسڵاتی مەرکەزی بێ چ ئاغاوات کە گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی خۆی لە سەرەوە دیتووە و بۆ ماوەیەک ڕاپەڕینی بە دژی کراوە بەڕاستی ئەو پەڕی توند و تیژی بەکار هێناوە. جا نازانم تا چ ڕادەیەک زیادەڕۆیی یان کەم ڕۆیی کرا بێ بەڵام زۆر زۆر هەقایەت و داستان گوتراوە، خۆت دەزانی لە کوردستان شتەکان دەماودەمە، بۆ وێنە کەسانێک وەکوو کاک حەمەدەمین شەشە وتو وێژیان لەگەڵ کراوە دیارە وەک شتێک ڕێکۆردێکی ئەو کاتە بە دەستەوە نییە.

قازی: ئەو کارانەی کە ڕەحمەتی ڕەحمانی محەمەدیان کردوویە لەو دوو بەرگەی کتێبی بۆکان دا [٤] ، حەولێکی یەکجار زۆری داوە، بەڵگەی زۆری کۆ کردووەتەوە و لە خۆیەوە شتی نەگوتووە، چووە بەڵگەکانی ڕەسمی ئێرانی هێناوەتەوە ، باسی ناوەرۆکی ڕۆژنامەکانی کردووە، تێلگرافەکانی دیوەتەوە، باسی ئەوەی کردووە کە لە بۆکان کێ هێرشی کردووەتە سەر ئاغایەک و برینداری کردووە. جا گشت ئەوانە بە دەستەوەیە، ئەگەر ئەوانە کۆ بکرێنەوە سەر یەک زانیاری باشیان لێ دەردەکەوێ.
ئەگەر لێرە دا هاوکارانمان بتوانن بەرگی ئەم گۆوارە نیشان بدەن. ئەوە گۆواری ' دەروازە' یە، ئەوە ژمارەی یەکەمێتی کە ڕەحمەتی مامۆستا ئەمیری حەسەن پوور سەرنووسەری سەرەکی ئەو گۆوارە بوو و لەو ژمارەیە دا بابەتێکی دوور و درێژی نووسیوە بۆ ناساندنی بەڵگەکانی ئەو بزووتنەوەیە [٤] و بە دەرکەوتنی کتێبی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور بە زوویی زۆر لە لایەنەکانی ئەو  بزووتنەوەیە ڕوون دەبێتەوە، دیارە ئەوەی کە نەسلی پێشووی کەسانێک لە سەرکوتکردنی بزووتنەوەکە دا بەشدارییان بووبێ لە وانەیە لە کۆمەڵی کوردستان دا بگوێزرێتەوە بۆ ئێستا بەڵام نابێ وا بێ چونکوو وەکوو ئەتۆش باست کرد لێرە باسەکە شەخسی نییە بەڵکوو مەبەست لە سیستمێکە. یانی سیستمی ' ئاغا و ڕەعییەتی ' کە ڕەنگە ووردتر بێ لە زاراوەی ' دەرەبەگی ' سیستمێکی چەوسێنەر و دژی ئازادی و دژی ئینسانی بووە و ئەوەی کە کەسێک بۆ خۆی ئاغا بووبێ ئەوە شتێکی دیکەیە، بۆ وێنە ئەمن بۆ خۆم  وەبیرم دێ زۆر بە باشی کە دیارە ئەوە لەو چاوپێکەوتنانەی کە بۆ مامۆستا ئەمیریش ناردراوە باس کراوە ، کاک حەمەدەمین شەشەش لە چاوپێکەوتنەکەی دا باسی ئەوەی کردووە، چەندێک لەو تێکۆشەرانەی ناوچەی شامات و محاڵی ئەوانە هاتنە ئەو دێیەی کە ئێمە لەوێ ئاغا بووین، هاتنە دێیەکەی ئێمە و سەرەڕای هەڕەشەی ئاغاوەتی دیکە ئەوان لەوێ بوون و لەوێ حاوانەوە. ئەمن بۆ خۆم  لەگەڵ یەکێک لەوانە گەورە بووم بە ناوی مەلا ڕەحمانی پیرە باب، یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە گوندەکەی خۆی دەر کرا بوو. ئەگەرچی ئەمن پێشینەی ئاغایەتیم هەیە بەڵام ئەو دەمی هەڵوێستمان دژی ئاغاوەت بووە.

حەسەنیان: یەکێک لە لایەنەکانی کە چۆن ئاغاکان هەڵسوکەوتیان کرد بەڕاستی ئەوەی لەگەڵ ئەو ڕاپەڕینە بوو بە تایبەتی ئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشداری کرد لەو ڕاپەڕینە دا ، بەڵام وەکوو ڕێبەرایەتیش نەبێ بەڵام ڕۆلێکی تایبەتی گێڕا بێ خەڵکانێکی زۆر دەر کران لە لادێکان. لە ڕیوایەتەکان دا  کە دەگێڕدرێنەوە منداڵی چووکە  لە سەرمان ڕەق هەڵاتوون.

قازی: بۆ وێنە ئاغایەک لە دەورو بەری نەغەدە و مەهاباد دێیەکی ئاوەدان کردەوە بۆ ڕاگرتن و حاواندنەوەی بەشێکی زۆر لەو خەڵکەی کە لە شامات دەر کرابوون بە ناوی دێی ' داشخانە ' ، داشخانەیان ئاوەدان کردەوە بۆ ماڵە دەرکراوەکان

حەسەنیان: لە نزیک ' میاندواو ' ە ؟

قازی: نەخێر لە نێوان مەهاباد و نەغەدە دایە.

حەسەنیان: چونکە ئەوە کاک حەمەدمینیش باسی دەکا دەڵێ لە مەنتەقەی میاندواو بووە.

قازی: نا، ئەو باسی ئەوە دەکا، ئەو ڕوداوەش زۆر چاوڕاکێشە، لەو چوارچێوەیەدا چاوڕاکێشە لە مەڕ  هاوژینی کوردەکان و ئازەربایجانییەکان،  دەڵێ ژمارەیەک لە کوردە دەرکراوەکان چوونە دێیەک لە دەورو بەری ' میاندواو' لەوێ ئازەربایجانییەکان زۆر بە جوانی وەریان گرتوون و لە ژێر تەئسیری فیکری فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەرنایجان دا بوون.

حەسەنیان : ئەوەش خۆی بیرەوەری مێژووییە، دەبینی ئازەربایجانییەکانیش وەکوو کوردەکان ئەوانیش حکوومەتەکەیان سەرەونخوون کرا بوو.

قازی: ئێستا وەختمان کەم ماوە، ئێستا ئەگەر بتەوێ ئەوقسانەی کە کران کۆ بکەیەوە سەر یەک ، ئایا بەردەوام دەبی لە سەر ئەو لێکۆڵینەوەیە یا هەر بەو نووسینە تەواوی دەکەی؟

حەسەنیان: ئەم  نووسینە وا بزانم پێشتر باسم کرد فەسڵێکە لە تێزەکەم. هیوا دارم  لە داهاتوو دا بتوانم، چونكێ ئەگەر بتەوێ درێژە بەو کارە بدەیت بە ڕاستی  یەکێک لە بەربەستەکان کاری مەیدانی یە. بۆ منیش کاری مەیدانی کردن لە حاڵی حازر دا مەجالی نییە، چونکێ کاری مەیدانی دەبێ لە نێوخۆی ووڵات دا بکرێ.

قازی: تێزی دوکتورایەکەت چییە ؟

حەسەنیان: تێزی دوکتورایەکەم لە سەر ڕاپەڕینی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران دایە بە گشتی لە دوای کۆماری کوردستانەوە تا مێژووی ئێستا واتە تا ئەم ساڵانەی دوایی لە چوار مەرحەلەی زەمانی جیاواز دا. یەکێکیان بە تایبەتی ئاوڕ دانەوەیە  لە ڕاپەڕینی چووتیاران و پێم خۆشە ئەوە زیاتر ڕوون کەمەوە بۆچی ئەوەم کردووە بە یەکێک لە فەسڵەکانی تێزەکەم ، لە بەر ئەوەی دەبینین کە ئەو ڕاپەڕینی جووتیارانە دەیسەلمێنێ کە خەباتی  گەلی کورد لە کوردستانی ئێران تەنیا خەباتی نەتەوەیی نییە، ئێمە خەباتی چینایەتیشمان هەیە . خەباتی چینایەتیش دەتوانین بڵێین هەرچەند پێشووتر لە مێژوو دا لە شێعر و کتێبی مێژوویی دا باس کراوە کە تاکە کەس  بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئاغا، دەرەبەگ ڕاوەستاوە، بەڵام ئەوە بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی ئاوا بەربڵاو دەستەجەمعی کار کراوە، هەرچەند ئێمە دەڵێین ئەوە ڕێبەرایەتییەکی یەکگرتووی نەبوو بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕێبەرایەتییەکیان بۆ خۆیان دروست کرد بوو ، مەنتەقەیەکی بەربڵاوی گرتەوە لەسەر ئەساسی چینایەتی. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ڕاپەڕین و خەبات لە کوردستانی ئێران دا تەنیا نەتەوەیی نەبووە، تۆوی چینایەتیشی هەبووە.

قازی: زۆر سپاست دەکەم بەڕێز حەسەنیان بۆ بەشداریت لەو بەرنامەیە دا، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.

حەسەنیان : زۆر سپاست دەکەم.

قازی: بینەرانی خۆشەویست، بەم شێوەیە ' ڕاوێژ' ی ئەمجارەشمان کۆتایی دێ تاکوو ' ڕاوێژ' ێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

[١] وەستا ڕەسووڵ لە ئاڵبڵاغ بە دەستی خەڵک کووژرا . وەستا ڕەسووڵ دوو کوڕی بوو ناویان منستەفا و کەریم بوو. کوڕێکی ئەو کەریمی وەستا ڕەسووڵە بە ناوی کاک عەلی جەوانمەردی ، ئێستا بێژەری دەنگی فارسی تەلەفزیۆبی ئەمریکایە. ڕەحمان محەمەدیان، بۆکان لە سەدەی بیستەم دا (٢)، بڵاوکەرەوەی کولە پشتی، ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی. لاپەڕەی ٨٩

[٢] " لە سەردەمی حزبی هەڵوەشاوەی کۆـەڵە [ی ژێ کاف ] دا، قاسم ئاغا یەک لەو کەسانە بوو  کە چوو بۆ مۆسکۆ  و فەرمان و میداڵی پێ درا، ئینجا گەڕاوە و ئاڵای کۆمەڵەی ناردە بۆکان. دوای هاتنەوەی هێزەکانی دەوڵەت یش ، چەکەکانی بە تەواوەتی نەدایەوە هێزەکانی دەوڵەت و ئێستاش پشتی بە هەمان ئەو تفەنگانە  و ئەو دراوە گەرمە کە لە خوێنی میللەت ناویەتە سەر یەک و مەئموورانی سپایی و مەدەنی ترساندووە  و کردونیەتە دیلی خۆی .... "
نامەی سەید محەمەد ئەمین هاشمی و حاجی قاسمی کەریمی بۆ ئایەتوڵا ئەبولقاسمی کاشانی سەرۆکی مەجلیسی شووڕای میللی. سەرچاوە : ڕەحمان محەمەدیان، بۆکان لە سەدەی بیستەم دا، پەخشانگا کولە پشتی، چاپی یەکەم ١٣٨٩ . ل. ١١٣

[٣]: " ......  ئێمەی نۆکه‌رانی شا, ئه‌و بارودۆخه‌ پڕ مه‌ترسییه‌مان به‌ چاو ده‌بینی و یارییه‌کانی پشت په‌رده‌مان به‌ وردی سه‌یرده‌کرد و ده‌مانزانی مێژوو دووپاتده‌بێته‌وه‌ نه‌خشه‌ی ساڵی 1324(1945) به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێکوپێکتر دێته‌وه‌دی. ره‌عیه‌تی هه‌ژاریان فریوداوه‌ و ده‌ داویان خستووه‌ و نزیکه‌ نیشتمانفرۆشان هه‌وساری کاره‌کان بگرنه‌ ده‌ست و هه‌تا ئێمه‌ وه‌خۆبێینه‌وه‌ که‌ نه‌ له‌ ڕه‌ز نیشانێک ماوه‌ و نه‌ له‌ ڕه‌زه‌وان ....."
 سەرچاوە روزنامه‌ کیهان, تهران ، یەکشەمە ٥ مهرماه‌ 1332( 27سپتامبر 1953 )

[٤]  ڕەحمان محەمەدیان. بۆکان لە سەدەی بیستەم دا. کۆی ٨١ بەڵگەنامە، بەرگی یەکەم، پەخشانگای کولەپشتی، ١٣٨٩ی هەتاوی، ٤١٦ لاپەڕە.
ڕەحمان محەمەدیان، بۆکان لە سەدەی بیستەم دا (٢) مێژوو، سیاسەت، فەرهەنگ، ئەدەب، بڵاوکەرەوە ' کولە پشتی، ١٣٩٤ی هەتاوی، ٤٧٠ لاپەرە

تێبینی: ئەو بەرنامەیەی ڕاوێژ لە ١٢ی ئووتی ٢٠١٨ ئاستە کراوە و لە یەکشەمە شەو ١٩ی ئووتی ٢٠١٨  تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاوی کردووەتەوە. بۆ تەماشا کردنی ڤیدێئۆی ئەو بەرنامە دەکرێ سەری حیسابی ' ڕاوێژ' بدەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یووتیوب دا. 

No comments: