Sunday, September 9, 2018

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق٢

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (٢)
پێشکێشە بە یادی ئەمیر حەسەنپوور


ڕاپەڕینی وەرزێران  لە ناوچەی موکریان
عومەر عەسری
      زۆر لە مێژە چاوەڕوانم خێر خوایەک ، شتێکی باش و تێر و تەسەلی بە بەڵگە و سەنەد لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی ناوچەی موکریان لە ساڵەکانی ٣٢ – ١٣٣١ ( ٥٣ – ١٩٥٢ ) دا بنووسێ.
      بە داخەوە، ئەوەی هەتا ئێستا لە سەر ئەو ڕووداوە گرینگە مێژووییە نووسراوە و گوتراوە، کەمتر بە شێوەیەکی زانستییانەی خۆماڵییانەی هەمەلایەنەی بێلایەن باسی لێوە کراوە، تەنانەت بە بەڵگە و دەلیلەوە لێی نەکۆڵدراوەتەوە و هۆی پێکهاتن و سەرهەڵدانی دیاری نەکراوە و ، هەر وەها بارودۆخ و سەردەمی ڕووداوەکە و زەمینەی ناوچەیی و کیشوەری لە بەرچاو نەگیراوە، هۆی کپبوون و دامرکاندنەوەی بۆ کۆمەڵانی خەڵک بە گشتی و زەحمەتکێشان بە تایبەتی ڕوون نەکراوەتەوە.
      هەر کەس بە پێی زەوق و سەلیقە و پێخۆشبوونی خۆی شتێکی لە سەر نووسیوە، لێی زیاد کردووە و بە دەمییەوە داوە، یان سەروگوێلاکی تێککردووتەوە و بە بێژینگی بیروباوەڕی خۆی دایبێژاوە. هێندێک جاریش مەیدانی چالاکییەکەیان لە قارەمانانی ڕاستەقینەی چیرۆکەکە ئەستاندووەتەوە و بە ناحەق لە بەرۆکی ئەم یان ئەو حیزبیان داوە.
     ساڵی ١٩٩٠، بەڕێز کاک "ئەمیری حەسەنپوور"، بۆی نووسیبووم: خەیاڵم هەیە شتێک لە سەر شۆڕشی جووتیارانی ناوچەی موکریان بنووسم و لە گۆڤاری مێژووی کوردستان دا بڵاوی بکەمەوە. هەر وەها نووسیبوشی، وتارێکم سەبارەت بە شۆڕشەکە، لە کۆنفڕانسی ساڵانەی " جەمعیەتی بنکەی دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە تۆرنتۆ پێشکەش کرد، بەڵام ئەو وتارەم بە پەلە ساز کرد بوو، زیاتر لە ١٥ دەقیقەم فرەسەت نەبوو بۆ پێشکەشکردنی . ئاماژەشی بەو سەرچاوانە کرد بوو کە کەڵکی لێوەرگرتبوون، وەک " تاریک و ڕوون " (مامۆستا هێمن )، " کاروانی شەهیدان " و "لە بیرەوەرییەکانم " (کەریمی حیسامی) ، ڕۆژنامەی " کوردستان" ( ساڵی ١٩٧٣). ڕۆژنامەی ئیتیلاعات (ساڵەکانی ٣٢-٣١) ، نووسراوەی گۆڤارێکی چاپی ڕووسی [ رووسیا] سەبارەت بە شۆڕشی جووتیاران لە ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان و ، هەر وەها وتووێژێکی کاک جەعفەری حەسەنپوور دەگەڵ کاک سەلاحی موهتەدی. داواشی لە من کرد بوو ئەگەر لەو بارەیەوە شتێک دەزانم بۆی زەبتکەم یان بۆی بنووسم. منیش وتووێژێکی دوورو درێژم لەسەر بابەتەکە، دەگەڵ کاک جەعفەری حەسەنپوور پێکهێنا. دیارە، ئەمن وەک کوڕە وەرزێرێک کە خۆم بەشداری ڕووداوەکەم کرد بوو، چیم دیتبوو یان بیستبوو، بە وردی و بێ کەم و زیاد بۆم باس کرد. دواتریش نامەیەکم لەو بارەوە بۆ بەڕێز کاک ئەمیر نووسی.
      من لام وایە، دوو هۆی ئەساسی و سەرەکی ڕاپەڕینی وەرزێرانی ناوچەی موکریان و خەڵکی شاری بۆکانیش بریتی بوون لە :یەکەم ، ئەو زوڵم و زۆرییە لە ڕادەبەدەرەی ئاغاواتی ناوچەی موکریان، ئەو هەموو خەرج و پیتاک و بێگارە ناڕەوا و تاقەتپرووکێنەی کە بە پشتیوانی ڕێژیمی شا، بە سەر خەڵکی فەقیر و هەژاری دێهاتدا فەڕز کرابوون، ئەو گشت پەیمان و بڕیارانەی لە نێوان ئاغاکاندا دژی وەرزێران بەسترابوون، ئەو هەموو سووکایەتییەی بە سەر خەڵکیان دەهێنا بە تایبەتی لە ناوچەی فەیزوڵابەگی ... ئەو کات شاری بۆکانیش وەکوو گەورە دێیەک ئیدارە دەکرا، دەسەڵاتی تەواوی لە دەستی ئاغاکاندا بوو، عەزڵ و نەسبی مەئموورینی دەوڵەتیش هەر بە دەستووری ئەوان بوو. تەنانەت زۆر بنەماڵەی بۆکان خاوەنی زەوی و زار و مەڕ و ماڵات بوون و ، هەموو خەرج وپیتاکێکی باوی ئەوێدەمێی موکریانیان لێدەستێندرا. بە واتەیەکی تر، نیزامی ئاغا و ڕەعییەتی بە هەموو تایبەتمەندییەکانیەوە بە سەر شارەکەدا حاکم بوو. دووهەم، ئینقیلابی میللی دێمۆکڕاتیک و دژی سەلتەنەتی ئیستیبدادی بە ڕێبەریی موسەدیق و جیبهەی میللی لە ئێراندا، بە تایبەتی تەسویبی قانوونی ( سەدی بیست) کە پشتیوانییەکی ئاشکرا بوو لە وەرزێران و دژایەتییەکی تەواو بوو لە ئاست دەرەبەگ و خاوەنمڵکەکان و زۆربەی دەمڕاستان و کاربەدەستانی حکوومەتی و سیستمی ئاغا و ڕەعیەتی.
      بە پێی ئەو قانوونە، لە سەدا بیستی ئەو دەو دوو ، یان سێ یەکی دەغڵودان وحاسڵاتی پاییزی و بەهاری کە ئاغاوات لە وەرزێرانیان هەڵدەگرت، لە ئاغاکانیان دەستاندەوە و نیوەیان دەداوە بە وەرزێرەکان و نیوەکەی دیکەشی دەدرا بە شووڕاکان هەتا سەرفی پاک و خاوێنی و ئاوەدانی دێهاتەکانی بکەن.
      ئەو پشتیوانییە ئاشکرا و بێوەێنەیەی دەوڵەت لە وەرزێران و ، بوونی کەشوهەوایەکی لە باری سیاسی لە سەرتاسەری ئێراندا، هاندەرێک بوون بۆ ئەوەی وەززێران دەستبکەن بە سرتوخورت، دانیشتن ، کۆبوونەوە و یەکگرتنەوە، سوێند خواردن و بڕیاری جوابنەدانەوەی ئاغاکان و نەدانی خەرج و پیتاک و بێگاری نەکردن و ، دانانی شووڕا لە زۆربەی دێهاتەکانی ناوچەی موکریان. ئەو کات هیچ ماڵە وەرزێر و ڕەشاییەک نەبوو کە عەکس ( وێنە)ی د،موسەدیقی تێدا هەڵنەوسرابن. کەم عەکسی شا لە ماڵان مابوون کە چاویان هەڵنەکۆڵدرابن. شیعاری  یا مەرگ یا موسەدیق ویردی سەرزاری گشت مناڵە وەرزێرێکی موکریان بوو . ئێستاش ساڵی موسەدیق لە ناو خەڵکی موکریاندا مادە تاریخە.
       هەر لە سەرەتای پاییزی ٣١ ( ١٩٥٢) ەکەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ناکۆکیی نێوان ئاغا و گوندنشینەکان لە زیادبووندا بوو، پێوەندیی نێوانیان بە تەواوی پسا بوو، دەسەڵاتی ئاغا بە سەر مسکیندا نەمابوو. شووڕاکان کاروباری خەڵکیان ڕادەپەڕاند. ئاغا و لایەنگرەکانیان جورئەتی خەڵک و سەفەری ئەملا و ئەولایان نەبوو. ڕێگای چوونە بازاڕ و مزگەوتیان لێگیرابوو. لە زۆربەی دێهاتەکانی ناوچەی موکریان شەوانە خەڵک کێشکیان هەبوو.
        دڵنیام ئەگەر وەزعەکە هەتا هاوین و فەسڵی خەلە و خەرمان و ئەستاندنی خەرج و پیتاک و بێگار درێژەی هەبا، هیچ وەرزێر و ڕەشاییەکی موکریان خەرج و پیتاکی بە ئاغا نەدەدا و کەسیش نەبوو بتوانێ بێگاریان پێبکات.
         لە شاری بۆکانیش خەڵک لە دژی ئاغاکان ڕاپەڕیبوون. " حاجی قاسم" خەڵکی هاندەدا بۆ بەربەرەکانی و جوابنەدانەوە و سوور بوون لە سەر داخوازییە ڕەوا و بەرحەقەکانیان. ئەو وەک ڕێبەر و ڕێکخەری خەڵک ناسرا بوو. پێوەندی بە دێهاتەکانەوە هەبوو. لایەنگری موسەدیق و جیبهەی میللی بوو. چەند جار چووەبوە تاران و چاوی بە "کەریمی سەنجابی" کەوتبوو، دەستووراتی پێویستیشی لێ وەرگرتبوو.
          هەتا ئەو کات هێزی سەرکوتکەر و گۆپاڵی دەستی ئاغاکان ژاندارمە بوو. بەڵام لە دەورەی دەسەڵاتی موسەدیق و جیبهەی میللی و پاشەکشەی شا دا، ژاندرمەری لایەنگری د.موسەدیق و جیبهەی میللی بوو. چونکە ژاندەرمەری سەر بە وەزاڕەتی داخڵی بوو. هەر بەو دەلیلەش بوو لە کاتی هێرشی دارودەستەی ئاغاکانی بۆکان بۆ سەر ماڵی حاجی قاسم و حوسێنی برای و ئاگرتێبەردانی ماڵەکانیان، ژاندارمە تەقەیان لێکردن و کەسێکیان بە ناوی  " عەزیز ئاغا " لێکوژرا و دوو کەسیش بە ناوەکانی " ئەحمەدی ڕەسووڵ ئاغا " و " سەید برایم" بریندار کران و ئیتر هێزی ئاغاکان شکان و هەڵاتن.
          تا دەهات ناکۆکییەکە لە شار و دێ پەرەی دەستاند. وەزعەکە ئاڵۆزتر و پەرەگرتووتر و، خەڵکەکە یەکگرتووتر دەبوون. لە گوندەکانی گۆلێ ، مەڵالەر، عەمبار، ئاجیکەند، کانیتۆمار، قاجر، شاریکەند، قاراوا، ئاڵبڵاغ، بەردە زەرد  و تیکانتەپە شکڵ و شێوەیەکی توند و تیژی بەخۆیەوە گرت.  لە دێی گۆلێ خەڵک و ئاغا – لە سەر بە زۆر بردنی کچ  و ژنی وەرزێران  بۆ شایی و ڕەشبەڵەک کە بە ئیفتیخاری  " موزەفەری " فەرماندەی لەشکری مەهاباد ساز کرا بوو ، پێکهەڵپڕژان. خەڵک هاواریان برد بۆ " مامۆستا شێخ عێزەدین " ، ئەویش داوای بەربەرەکانی و جوابنەدانەوەی کرد و گوتی: با ئاغاکان  کچ و ژنەکانی خۆیان بێنن و بۆ موزەفەری هەڵپەڕێنن!! لە چەند گوندی ناوچەی فەیزوڵابەگیش،خەڵک دەستیان بە سەر چاڵ و عەمباری گەنم و دەغڵودانی ئاغاکاندا گرت و ، زۆربەی ئاغاکان لە دێهاتەکان دەرکران.لە گوندی ئاڵبڵاغی نزیک بۆکان و شاری بۆکان گیرسانەوە.
          خەڵک لە ترسی هێرش و تۆڵە ئەستاندنەوەی ئاغاکان، هێزی بەرگرییان پێکهێنا. ئاڕمی تایبەتییان هەبوو (کە  بریتی بوو لە دەسرەیەکی سپی کە لە ملیان دەهاڵاند).  چەکی دەستیان داس و شەنە و تێڵا بوو. ڕەمز و نیشانەی  شەڕ و پێکهەڵپڕژان ،سەرکەوتن و چوونە پێش ، یان پاشەکشە  و شکستیان دانابوو. لە نێوان گوندەکانی ئاڵبڵاغ ( مەرکەزی ئاغاکان ) هەتا گوندەکانی یەکشەوە ، قاتانقوڕ و قوڕە بەراز تەرمەکە دڕوو دانرابوون کە ئاگر تێبەردانی هەر یەک لەوانە حاڵەتێکی لە دەستپێکردنی شەڕ .شکست و پاشەکشە، یان سەرکەوتنی نیشاندەدا. ل لە گوندی تیکانتەپەی قوچخان ، نمایشتێکی زۆر  سادە و ساکاریان ساز کرد بوو کە ئێواران لە ناو دێ نیشاندەدرا و خەڵکیان پێ هاندەدرا! سەرەنجام ئەڕتەش، بە هانای ئاغاکانەوە هات. سەرەتا  پێوەندیی نێوان بۆکان و دێهاتەکان پچڕا .  خەڵک هێرشیان کردە سەر ئەو ئاغایانەی کە لە ئاڵبڵاغ بوون و، هەموویان لە مزگەوتدا بە گرەوگان گرتن. ئەڕتەش و خەڵک لە پشت ماڵی ئاڵبڵاغ  پێکهەڵپڕژان. یەکەمجار ئەڕتەش پاشەکشەی کرد، بەڵام لە درێژەی شەڕەکەدا ئەڕتەش بە تانکەوە هێرشی کردە سەر خەڵک و تێکی شکاندن  و ٢٠ تا ٣٠ کەسی لێگرتن و  ناردنی بۆ مەهاباد.
            پاش  دەخالەتی ئەڕتەش  و شکستی خەڵکەکە لە  ئاخری زستانی  ساڵی ١٣٣١ ( ١٩٥٢)  دا هێزێکی گەورە  لە ئاغایانی دێبۆکری و فەیزوڵابەگی و دەورو بەر بۆ سەرکوتکردنی گوندنشینەکان پێکهات.  پێشەکی هەڵیانکوتایە  سەر دێهاتەکانی فەیزوڵابەگی . خەڵکێکی زۆریان تاڵانکرد، سەدان سەر مەڕ و ماڵاتی خەڵکیان بە تاڵان برد.  دەیان ماڵیان جەریمە کرد، یا پووڵی نەغدیان لێدەستاندن یان قەبزی عیندەلموتالەبەیان لێوەردەگرتن . دەیان ماڵە مەلا ، وەرزێر و ڕەشایی لە دێ دەرکران و ، چیان بۆ کرا بە سەر ئەو خەڵکە هەژار و داماوەیان هێنا.
             لە دێهاتەکانی تری ناوچەکەش هەر لە گەردیکلان و قاراوای سەر بە سەقزەوە هەتا گوندەکانی شاریکەند، قاجر، سەیداوا، ئاجیکەند، کانیتۆمار، عەمبار، داشبەند، مەڵالەر، گۆلیی چۆمی مەجید خان ، تاڵاو، بەفرەوان، قزڵقۆپی و دێی مەنسووری شاماتی میاندواو، هێزی ئاغاکان خەڵکیان دارکاری کرد. ئەزیەت و ئازاریان دان و دەیان ماڵە وەرزێر و مەلا و ڕەشاییان لە دێهاتەکان  وەدەرنا.  بە تایبەت شووڕاکان  و ئەو مەلایانەی لایەنگر و هاندەری وەرزێرەکان بوون. لە گۆلێ ماڵی مامۆستا شێخ عێزەدین ، مەلا حوسین. مەلا عەوڵا و چەند ماڵی تر دەرکران و ، کوڕێک بە ناوی حوسێن کوژرا. لە مەڵالەر، مەلا محەمەدی وەڵزی، مەلا محەمەدی خاتوونباغی و چەند ماڵە وەرزێر؛  لە دێی عەمبار، ماڵە مەلا ئەحمەدی وەڵزی و چەند وەرزێر دەرکران. هەر وەها لە ئاجیکەند و کانیتۆمار چەند وەرزێر، لە قاجر و قاراوا مەلا حەمەدەمینی ئەحمەدی و مەلا عەوڵای محەمەدی سیپاڵیان وەدەرنرا ، لە دێهاتی شاماتیش  دەیان ماڵ دەرکران.
            ئەو لێدان و بەهانەپێگرتنە، ئەو جەریمە و دەرکردنە  کەم تا زۆر هەتا ساڵی ١٣٤١ ( ١٩٦٢) و تەسویبی قانوونی ئیسلاحاتی ئەرزی و هەڵوەشانەوەی نیزامی ئاغا و ڕەعیەتی و، پسانی کۆت و زنجیری کۆیلەتی، لە هەموو ناوچەی موکریاندا درێژەی هەبوو. لەو ماوەیەدا سەدان ماڵە وەرزێر لە جێگا و ڕێگای خۆیان و بابوباپیرانیان وەدەرنران و ڕەنجخەسار و ملکەچ لە ناوچەکانی تر گیرسانەوە و، بۆ هەتاهەتایە بۆ شوێنەکانی پێشووی خۆیان نەگەڕانەوە.
            لە شاری بۆکانیش دارودەستەی ئاغاکان، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی حاجی قاسم و میرزا حوسێنی برای و ئاگریان تێبەردان و ئەوان و ماڵی  " میرەبەگ " و " عەوڵا ئێرانی " ڕێبەرانی ڕاپەڕینەکەیان  لە بۆکان دەرکرد و زۆر کەسی تریشیان ئەزیەت و ئازار دا.
           بۆ شیکردنەوەی  زیاتری باسەکە و، بۆ نیشاندانی ڕووی ڕاستی ڕووداوەکە و ڕاستکردنەوەی هەڵەی هێندێک  کەس و لایەنی سیاسی ، کە ڕاپەڕینی وەرزێرانی ناوچەی موکریان بە حیسابی ئەم یان ئەو حیزب  دادەنێن، یان  بۆ مەبەستی  سیاسی خۆیان ناو و ناوەرۆکەکەی دەگۆڕن، ئاماژە بە چەند خاڵ پێویستە.
             خاڵی یەکەم:  بە چەند دەلیل حیزبی توودە و دێمۆکڕات ، ڕێبەر و ڕێکخەری ئەو ڕاپەڕینە نەبوون. جا با ئەندامان  و لایەنگرانیشیان بەشداری ڕووداوەکەیان کردبێ : ١) حیزبی توودە لە ئەساسدا ئەوەندە لایەنگری سیاسەت و کار و کردەوەکانی د.موسەدیق و جیبهەی میللی نەبوو،هەتا لە کوردستاندا لایەنگرییان  لێبکات. ٢) چۆنە حیزبی توودە زیاد لە هەموو ناوەند و شارە گەورە سەنعەتییەکانی ئێران ، ناوچەیەکی دوور و دواکەوتووی هەڵبژاردووە بۆ  خەباتی چینایەتی و دامەزراندنی سۆسیالیسم و کۆمەڵگای یەکسانی، ٣) کوا ئەو کات حیزبی توودە لە  کوردستاندا ، ئەوەندە خۆشەویست و جێگای متمانەی کوردی بوو ، هەتا بیکەنە ڕێبەر و ڕێنیشاندەری خۆیان ؟ تازە هەر ٥-٦ ساڵێک بوو کە یەکێتی سۆڤیەت  کوردی بە گورگانخواردوو  دابوو. کوردستان و کۆمارە ساواکەشی  بە هیوای چەند بۆشکە نەوتی شیمال  بە " قەواموسەلتەنە" فرۆشتبوو. ٤) چۆن دەکرێ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ، ناوچەی فەیزوڵابەگی هەڵبژاردبێ بۆ شەڕی ئاغا و گوندی کە زۆربەی ئاغاکانی خزمی پێشەوای نەمر قازی محەمەد بوون و ، لە کۆی  ١٢ شەهید کە بە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستاندا لە شاری سەقز و بۆکان لە دار دران ، ٧تا ٩ کەسیان  لە ئاغایانی فەیزوڵابەگی بوون ، ٥) مامە غەنی  کە خۆی ئەو کات نوێنەری حیزبی دێمۆکڕات و دۆستی نزیکی حیزبی توودە  بوو و لە کاتی ڕووداوەکەشدا سەری ناوچەکەی داوە دەڵێ: " ...خەبەریان  داینێ  کە لەشاری بۆکان و دەوروبەری  خەریکە ڕووداوێکی دڵتەزێن دەخولقێ .. من و کاک سارمەددینی سادق وەزیری  لە تاران چاومان بە حاجی قاسم کەوت . لەو چاوپێکەوتنەدا بۆمان دەرکەوت حاجی قاسم پێوەندی بە جیبهەی میللییەوە گرتووە و ئەوان هانیان داوە  دژی خاوەن مڵکەکان خەڵک ڕاپەڕن و .."  (ئاڵەکۆک ، غەنی بلوریان...)
             خاڵی دووهەم:  ئەو ئامار و ئەژمارانەی هەتا ئێستا بۆ کوژراو و خنکاوانی ئەو ڕاپەڕینە نووسراون ڕاست نین  و، هەتا ئێستا  لە لایەن هیچکەس و لایەنێکەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە  و نێو و شۆرەتی هیچیەک لەو دوازدە کچەی  کە دەڵێن گۆیا  لە ترسی ئاغاکان خۆیان خستووەتە چۆمی بۆکانەوە و خنکاون ، یان ئەو جەنازە و لانک و بێشکەیەی کە دەڵێن خراونەتە  چۆمی " تەتەهوو" وە نەبیستراون.
              خاڵی سێهەم و ئاخر قسە: بەڕێز کاک ئەنوەری سوڵتانی  لە ژمارە ٣٦ی گزینگدا، بە بۆنەی ٥٠ هەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی وەرزێرانی ناوچەی موکریانەوە کورتە باسێکی نووسیوە، کە لە هەموو ئەو شتانەی  هەتا ئێستا لە سەر ئەو ڕووداوە نووسراون و گوتراون ، تێکەڵپێکەڵتر و سەرنجڕاکێشتر و ، بە هێندێک لێبوردنەوە و کەمێک لێکۆڵینەوە و ڕێکخستنەوەی سەروبەری قسەکانی، بۆت دەردەکەوێ  کە چۆن کاک ئەنوەر بۆ مەبەستێکی تایبەتی و بە گوێرەی ئیدەئۆلۆژییەکەی خۆی، جارێکی تریش ڕووداوێکی گرینگی مێژوویی و جەماوەری لە کوردستاندا  دەشێوێنێ و تەحریفی دەکا  و ناو ناوەرۆکەکەشی دەگۆڕێ!!
                کاک ئەنوەر چونکە خۆی جیهانوەتەنی یە و، بڕوای بە هیچ داوا و داخوازییەکی نەتەوایەتی و چینایەتی ناوچەیی و مەحەلی نەبووە و نییە، پێیوایە گشت خەبات و شۆڕش و بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە کوردستاندا، هەر لە کۆنەوە هەتا ئێستا، دەستکردی " پالیزبان "  ئەم و ئەو  ، سەر بە  ئیمپریالیزمن.یان سەرێکیان  بە حیزبی چەپی سەرتاسەری و دۆستی یەکێتی سۆڤیەتی قەدیمەوە بەندە و ، ڕەنگ و شەقڵی کوردایەتی و ناوچەییان پێوە نەبووە و نییە ، بەڵکوو بەشێکن لە خەباتی سەرتاسەری چینی کرێکاری  ئێران !!
                بە پێی ئەو تێڕوانین و جیهانبینییەوەیە کە کاک ئەنوەر شۆڕشی جووتیارانی ناوچەی موکریانیش  دەشێوێنێ و مەیدان و مەوداکەی تەنگ و بەرتەسک  دەکاتەوە و، لە بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەری ڕەشوڕووتی موکریانەوە دەیکاتە ڕاپەڕینی خەڵکی بۆکان و فەیزوڵابەگی و، ئەویش دەیکاتە  کاری چەند خەیات و لاوی سەر بە حیزبی توودە !  جا بۆ ئەوەی بە تەواویش بیکاتە ڕاپەڕینی کۆمۆنیستی و توودەئیستی و ئینترناسیۆنالیستی، کۆنە عەجەمێکی بە نێو ئاغای " شوقاقی" دەدۆزێتەوە!!
                 کاک ئەنوەر دەنووسێ: " بە بۆچوونی من، ناوبردنی ڕاپەڕینەکە بە " بزووتنەوەی جووتیارانی موکریان"  هەڵەیەکی تەواوە ، لە بەر ئەو هۆ ئاشکرایەی  کە ئەو ڕاپەڕینە، جگە لە ناوچەی فەیزوڵابەگی لە ڕۆژهەڵات  و بەشێک لە باکووری بۆکان ، هیچ شوێنێکی دیکەی نەتەنیەوە  و  هەرگیز لە چۆمی تەتەهووش نەپەڕیەوە." بڵێی! بە پێچەوانەی  بۆچوونەکەی ئەو، شۆڕشی جووتیارانی موکریان ، شوێنی دیکەشی تەنیوەتەوە و لە چۆمی تەتەهووش بەڕیوەتەوە .  هەر لە دێی مەنسوور ، بەفرەوان ، و تاڵاوی شامات ( نزیک میاندواو)  و گۆلێ و مەڵالەری چۆمی مەجید خان، عەمبار، ئاجیکەند، کانیتۆمار، قاجر و شاریکەندی ئەوپەڕی چۆمی تەتەهوو ، تا دەگاتە قاراوا  و گەردیکلانی  سەر بە تورجان و  سەقز . دەیان ماڵە وەرزێر ، ڕەشایی و مەلا دەرکران و سیپاڵیان وەدەرنرا ، تەنانەت  لە دێی گۆلێی ئەوبەری تەتەهوو خەڵکیش کوژرا.
               کاک ئەنوەر پێیوایە خەیاتەکانی بۆکان ٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا خاوەنی هەستی چینایەتی بوون و لە پێشدا  چەپ و پاشان بوونەتە ڕاست ! هەر وەها لاشی وایە  کە خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی لە کوردستان ، دوو شتی  جودا و دژ بە یەکن . دەنووسێ: " خەیاتەکانی بۆکان خاوەنی وشیاریی چینایەتی زۆر بوون کە دواتر کەوتنە  دۆخی کوردایەتی ". بۆ هەستە چینایەتییەکەیان کەمێک سەیرە! بەڵام دەزانم ٥٧ ساڵ بەر لە  ئێستا و ٧ ساڵ پێش ڕاپەڕینەکەی وەرزێرانی ناوچەی موکریانیش ، هەموو خەڵکی بۆکان و ناوچەکە بە خەیاتەکانیشەوە هەتا گوندی  عەلیاباد ، چوون بەرەو پیری ئاڵای  کوردستانەوە و هێنایانە بۆکان  و بردیانە سەر قەڵای سەردار و تێگڕا گوێیان بۆ بیستنی ئەو شێعرە:  بێ ببینێ ئەو کەسەی پێیوابوو کورد سەرناکەوێ...
                 کاک ئەنوەر نەک هەر ناو و ناوەرۆکی شۆڕشی جووتیارانی گۆڕیوە، بەڵکوو کات و زەمانەکەشی دەستێوەرداوە، هەتا جووت و هاوکاتی بکات  دەگەڵ کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ و شکستی جیبهەی میللی و گرتنی ئازادیخوازان و ئەندامانی حیزبی توودە !! مێژووی ڕاپەڕینەکە، ئاخری زستانی ٣١ و هەوەڵی ساڵی ٣٢ بوو نەک هاوین و مانگی گەلاوێژی ٣٢ (٥٣).
                  کاک ئەنوەر لە درێژەی باسەکەیدا و پاش کەمێک ئەمبەر و ئەوبەر و هەزار و دوولایی کردن و بەسەر کردنەوەی  هەموو حیزبەکان  دێتە سەر باسی ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ ( ١٩٧٨) و، پاش ڕەخنەیەکی زۆر نەرم و خشکەیی لەخۆی وسازمانەکەی ( ئەکسەرییەت) ، بە چاو قووچان و بازدان بە سەر ئەو شۆڕشە پان و بەرینەی گەلی کوردستاندا و ، بە بێ ئەوەی  کەمترین ئاماژە بکات بەو هەموو دژایەتی و دوژمنایەتییەی دەگەڵیانکرد و، ئەو هەموو ناوناتۆرەی لێیاننا بە خاتری جمهووریی ئیسلامی دژی ئیمپریالیستی ، با دەداتەوە سەر خەڵکی بۆکان و فەیزوڵابەگی و، پاش کەمێک تاریف و سپاس دەنووسێ: " ... دەبێ خەڵکی ناوچەی فەیزوڵابەگی خاوەنی سوننەتێکی  کۆنی خەبات و چالاکی چینایەتی بن ، دەلیلەکەشی ئەوەیە کە ئەمجارەش جیا لە  هەموو  کوردستان  زەوی ئاغاکانی  ئەوێ بەشکرا و درا بە خۆشنشینەکان ." تۆ بڵێی  کاک ئەنوەر کە ئەمجارەش  لە سەرتاسەری  موکریان و تەنانەت لەهەموو کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، وەرزێران و زەحمەتکێشانی شار و دێ، خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتییان پێکەوە گرێدا. لە لایەک دژی داگیرکەرانی ئیسلامی زیدی ئیمپریالیستی ڕاوەستان و ، لەو لاشەوە لە سەر داوا و داخوازییە چینایەتییەکانیشیان  سوور بوون. دەیان یەکێتی جووتیاران و شووڕای شار و گوندیان پێکهێنا. لە زۆربەی زۆری ناوچەکانی  کوردستان، زەوی ئاغاکانیان بە سەر ڕەشاییەکاندا دابەشکرد ، تەنانەت  لە ناوچەی تیلەکۆ ٤ – ٥ ئاغاش کوژران.
                  کاک ئەنوەر جوغرافیای ناوچەکەشی گۆڕیوە، دەنووسێ: "  ئێستاش و بۆ هەمیشەش بەڕێزەوە سەیری ئامادەیی خەباتکاران و هەموو  گوندنشینانی  فەیزوڵا بەگی تا سەراو و ڕەحیمخانی نزیک میاندواو دەکەم ."  من بزانم  فەیزوڵابەگی ناگاتە سەراو و ڕەحیمخان ، بەڵکوو لەو بەینە دا یەکدوو عەشیرەت هەن.  سەراو مڵکی کوڕەکانی شەهید " حەمە حوسێن خانی  قازی "  یە و  ڕەحیمخانیش مڵکی ئەردەوێڵی یە.
                  کاک ئەنوەر لە هەموو ناوچەی موکریان و لە ماوەی ٥٠ ساڵدا ، تەنها  سێ کەس شکدەبا بتوانن شتێک لە سەر ڕاپەڕینی  وەرزێرانی ناوچەی موکریان لە ساڵەکانی ٣٢ – ٣١ دا  بنووسن. میرزا  محەمەد نووری ، ڕەشیدی حەسەنزادە  و عەلی گەلاوێژ . ئاواتە خوازە میرزا محەمەدی نووری و ڕەشیدی حەسەنزادە بیرەوەرییەکانیان بنووسن و کوردێکی ڕوسیزانیش تێزەکەی عەلی گەلاوێژ بکاتە کوردی.
                   ئا لێرە دا منیش دەڵێم بریا میرزا محەمەد ( کە دڵنیام دەشزانێ و دەشتوانێ) شتێکی لە سەر ئەو ڕاپەڕینە بنووسیبا.  ئەگەرچی ئەو دەمی ماڵی لە گۆلێ بوو نەک داشبەند ، وەک کاک ئەنوەر دەڵێ و لایەنگری ڕاپەڕینەکەش نەبوو. بریا  ڕەشیدی حەسەنزادەش  ( کە گۆیا  لە داخی ئاغاکان  بوو بە ساواکی) بیرەوەرییەکانی  خۆی بنووسیبایەتەوە هەتا بمزانیبا لە ماوەی نزیک بە ٣٠ ساڵ چەند هەزار کوردی ئازادیخوازی گرت و، ئەشکەنجەی کردن  بە ئیعدامکردنی دان. بریا لە هەزارەی سێهەمدا کوردێکی ڕووسیزان پەیدا ببایا و تێزەکەی کاک عەلی گەلاوێژی وەرگێڕابایاتە سەر زمانی کوردی، بەڵکوو خێرێکی بۆ کاک ئەنوەر تێدابایا و، بیگوتبایا من بووم کاتی خۆی  وەرزێرانی ناوچەی فەیزوڵابەگیم فێری خەباتی چینایەتی کرد بوو. هەر چەند وا بزانم لە کاتی ڕاپەڕینەکە دا،  ئەو لە ئازەربایجانی شووڕەوی بوو. چونکە کاتێک بارزانی نەمر پاش شکستی شۆڕشی کوردستانی باشوور و یارمەتی و پشتیوانیکردنی  کۆماری کوردستان و ، ئەو ڕێپێوانە مێژووییە و ئەو شەڕە قارەمانانەی  دەگەڵ سێ داگیرکەری کوردستان کردی و خۆی گەیاندە یەکێتی سۆڤیەت، کاک عەلی لەوێ بوو کە جارجاریش سەری بارزانی دەدا!!

١٥ -١١ – ٢٠٠٢
سەرچاوە: گۆواری گزینگ، ژمارەی  ٣٧، زستانی ٢٠٠٣ ، لل  ٣٧ - ٣٤
----



  « به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک» سه‌باره‌ت به‌ ڕاپه‌ڕینی وه‌رزێڕانی ناوچه‌ی فه‌یزوڵابه‌گی بۆکان  
نووسین و وه‌رگێڕان: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی وتاره‌که‌م له‌ گزینگی ژماره‌ 36دا, براده‌رێکی خۆشه‌ویست له‌ مه‌هاباده‌وه‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی فارسی بۆ ناردم که‌ پێوه‌ندی به‌ هه‌مان بابه‌تی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی بۆکان و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌و براده‌ره‌ به‌ڕێزه‌ نه‌یتوانیبوو له‌ ناوخۆی وڵات به‌ڵگه‌نامه‌که‌ بڵاوبکاته‌وه‌ و له‌ نامه‌یه‌کدا بۆی نووسیبووم « کاکه‌! ئاغا ئێستاش پیاو ده‌خۆن» واته‌ به‌ڵکوو تۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڵاوی بکه‌یه‌وه‌.
من به‌ڵگه‌نامه‌که‌م ده‌قاوده‌ق له‌ پێوه‌ندی ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1953ی ناوچه‌که‌دا بینی و لام وابوو پێویست بێ بڵاوبکرێته‌وه‌. هیوادارم باسه‌که‌ له‌ پڕوپێست بێته‌ ده‌رێ و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی وا ڕووداوه‌کانیان به‌ چاوی خۆیان بینیوه‌- له‌ هه‌ر به‌ره‌یه‌کی کێشه‌که‌ بووبێتن, بێنه‌ قسه‌و بیره‌وه‌رییه‌کانیان بنووسن. یه‌ک له‌وانه‌ش جه‌نابی ماموستا شێخ عیزه‌دینه‌ که‌ له‌ وتاری مه‌لا عومه‌ردا ئاماژه‌ی پێکرابوو.
سه‌باره‌ت به‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌, هه‌ندێ ڕوونکردنه‌وه‌م هه‌ن:
1) به‌ڵگه‌نامه‌که‌, بریتی یه‌ له‌ هه‌واڵێکی رۆژنامه‌ی که‌یهان چاپی تاران که‌ له‌ ژماره‌ی رۆژی 5-7-1332(27-09-1953)ی رۆژنامه‌که‌دا بڵاوبۆته‌وه‌, واته‌ ده‌وروبه‌ری مانگێک دوای کودیتای 28ی گه‌لاوێژ.
دیاره‌ بابه‌ته‌که‌ به‌ فارسی نووسراوه‌ و براده‌ره‌ مه‌هابادییه‌که‌م زه‌حمه‌تی له‌به‌ر نووسینه‌وه‌ی کێشابوو, منیش کردمه‌ کوردی و وا ده‌ینێرم بۆ گزینگ و خوێنه‌ره‌وانی به‌ڕێزی.
2) بابه‌تی هه‌واڵه‌که‌ بریتی یه‌ له‌ سه‌فه‌ری تاقمێک له‌ ئاغاواتی بۆکان و ده‌وروبه‌ری بۆ تاران و چوونه‌ لای حه‌مه‌إه‌زاشای په‌هله‌وی و پاشان چوونه‌ سه‌ر گۆڕی ڕه‌زاشای باوکی که‌ له‌ هه‌ردوو شوێن, خوالێخۆشبوو قاسم ئاغای ئیلخانیزاده‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ لایه‌ن هه‌مووانه‌وه‌ وتاری داوه‌.
3) سه‌فه‌ری وه‌ڤده‌که‌ بۆ تاران و ئه‌و قسانه‌ی وا نوێنه‌ره‌که‌یان له‌ به‌ر ده‌می شا کردوویه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی دۆخی سیاسی- کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێران و خه‌سڵه‌تی چینایه‌تی ئاغاواتدا ده‌گونجێن, هه‌ربۆیه‌ش باش وایه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌وتۆدا سه‌یر بکرێن و نه‌خرێنه‌ قالبی مه‌سایلی شه‌خسی و کێشه‌ی تایفه‌یی و عه‌شیره‌ییه‌وه‌.
4) سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بۆچوونی نوێنه‌ری ئاغاکان ده‌قاوده‌ق نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وندی چینایه‌تییان ده‌کات,ئه‌و ڕاستییه‌ش له‌ قسه‌کانی ده‌رده‌که‌وێت که‌ کۆبوونه‌وه‌ و چوونیان بۆ تاران و ته‌نانه‌ت بۆچوون و داخوازییه‌کانیان هه‌ر هه‌مووی له‌ لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی سوپای ئێرانی له‌ ناوچه‌که‌وه‌ ڕێکخراوه‌ و جگه‌ له‌ یه‌کدووکه‌س, ئه‌وانی تریان ورده‌ مالیکێک بوون که‌ به‌ سووکه‌ ئیشاره‌یه‌کی په‌نجه‌ی که‌سانی وه‌ک «شابه‌ختی» هه‌ڵده‌سووڕان. واته‌ ئه‌و هه‌ڵوێست گرتنانه‌یان نابێ وه‌ک «خه‌یانه‌تی مێژوویی» و شتی ئه‌وتۆ سه‌یر بکرێن, به‌ڵام ئاشکرایه‌ که‌ دژ به‌ خواستی گه‌ل و به‌رژه‌وندیی زه‌حمه‌تکێشان ده‌وه‌ستن.
5) گرینگایه‌تی قسه‌کانی خوالێخۆشبوو قاسم ئاغای ئیلخانیزاده‌(موهته‌دی) له‌ پێوه‌ندی ئه‌م باسه‌ تایبه‌ته‌دا, بریتی یه‌ له‌ لایه‌نی مێژوویی ڕووداوه‌کان, منیش هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌. له‌و ڕاپۆرته‌دا که‌ قاسم ئاغا ئاراسته‌ی شای ده‌کات, گه‌رچی واهه‌یه‌ لایه‌نی خزمه‌تی ئاغاواتی بۆکان و ده‌وروبه‌ری به‌ ڕژیمی شا و دژایه‌تیکردنی خه‌باتکاران و ڕاپه‌ڕیوانی ناوچه‌که‌ هه‌ندێ گه‌وره‌ کرابێته‌وه‌ به‌ڵام به‌ گشتی, زۆربه‌یان ڕاستی مێژوویین و ئاغای چه‌وسێنه‌ر و ده‌ره‌به‌گی زۆردار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئه‌وه‌ی له‌ توانایاندا بوو دژ به‌ وه‌رزێرانی گوند و کاسبکاری شاری بۆکانیان کرد و هه‌ر به‌ڵایه‌ک توانیان به‌ سه‌ریان هێنان.
6) قسه‌کانی قاسم ئاغا په‌سه‌ندی لایه‌نێک له‌ بۆچوونه‌کانی مه‌لا عومه‌ریش ده‌که‌ن که‌ بریتی یه‌ له‌و ڕاستییه‌ی له‌ سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕینه‌که‌دا, به‌ته‌نیشت لایه‌نی چینایه‌تی خه‌باتی وه‌رزێڕانه‌وه‌, هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی کوردیش گرینگایه‌تی و قورسایی خۆی هه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ش له‌و به‌شه‌ی قسه‌کانی قاسم ئاغا ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئاماژه‌ به‌ «پیلانی ساڵی 1324»(1945) و «جودابوونه‌وه‌» ده‌کات. ئاشکرایه‌ ساڵی 1324 یش هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی کۆماری کوردستان. ئه‌م لایه‌نه‌ له‌ وتاره‌که‌ی مندا له‌به‌رچاو نه‌گیرابوو و سپاسی مه‌لا عومه‌ر ده‌که‌م بۆ ئاماژه‌ پێکردنی.
7) به‌ کورتی, ئه‌م وتارانه‌ له‌ لایه‌ن که‌سێکه‌وه‌ دراون که‌ خۆی ڕێبه‌ر و ڕێکخه‌ری هه‌موو چالاکییه‌کی دژ به‌ ڕاپه‌ڕیوانی بۆکان و ده‌وروبه‌ری بووه‌ و هه‌ربۆیه‌ش ده‌بێ وه‌ک زانیارییه‌کی سه‌ره‌کی سه‌یر بکرێن.
8) ئه‌م ڕوونکردنه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ش پێوسته‌ بۆ که‌سانێک بنووسرێن که‌ واهه‌یه‌ شاره‌زایی ته‌واویان له‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌و ڕۆژانه‌ نه‌بێت:
- قاسم ئاغا باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی«مه‌وکیب»ی شا ده‌کات, ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ به‌و ڕووداوه‌ی که‌ شا له‌ ژێر زه‌ختی گه‌لانی ئێران و حکوومه‌تی میللی دوکتور موسه‌دیق دا ڕۆژی 25ی گه‌لاوێژی 1332(1953) له‌ ئێران هه‌ڵات و پاش ئه‌وه‌ی «به‌غدا» بوو به‌ «نیوه‌ی ڕێگه‌ی» گه‌یشته‌ ئیتالیا به‌ڵام سێ رۆژ دواتر به‌ هۆی کودیتای خائینانه‌ی ده‌زگا جاسووسییه‌کانی ڕۆژئاوا و هه‌ندێ ئه‌فسه‌ری به‌کرێگیراوی سوپای ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕاینرایه‌وه‌ سه‌ر ته‌خت. وه‌ڤدی ئاغاواتی بۆکانیش به‌ ڕواڵه‌ت بۆ پیرۆزبایی ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ چوونه‌ تاران.
- وا ده‌رده‌که‌وێ که‌ نه‌مر حاجی قاسمی که‌ریمی و ڕێبه‌رانی دیکه‌ی بزووتنه‌وه‌که‌, له‌ ناو حیزب و ڕێکخراوه‌ جیاجیاکانی«جیبهه‌ی میللی»دا پێوه‌ندییان له‌ گه‌ڵ «حیزبی ئێران» بووبێت که‌ له‌و ساڵانه‌دا گه‌لێک چالاک بووه‌.
- ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی بۆکان دژ به‌ ئاغاوات له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و شاره‌کانی مه‌هاباد و ورمێ و سنه‌یشی ته‌نیوه‌ته‌وه‌.«شارستان»ی مه‌هاباد, بۆکان و هه‌روه‌ها سه‌رده‌شت و خانێ(پیرانشار)یشی ده‌گرته‌به‌ر.
- «حیزبی ئێران» و «حیزبی تووده‌ی ئێران» ئه‌گه‌ر له‌ پله‌ی ڕێبه‌رایه‌تیشدا دروشمی هاوبه‌ش و کاری هاوبه‌شیان نه‌بووبێت, له‌ ڕیزه‌کانی خواره‌وه‌ و له‌ ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا ڕێبازیان لێک نزیک بۆته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ دژایه‌تیکردنی سیستمی ئه‌رباب و ره‌عیه‌تیدا. جیبهه‌ی میللی و دوکتور موسه‌دیق لایه‌نگری به‌ربه‌ستکردنی ده‌سه‌ڵاتی ئاغا و خاوه‌نزه‌وییه‌کان بوون.
- نیاز له‌ ده‌وڵه‌ت, کاتێ که‌ قاسم ئاغا گله‌یی لێده‌کات, ده‌وڵه‌تی میللی دوکتور موسه‌دیق و هه‌ندێ ئه‌فسه‌ری سوپا و پۆلیسی سه‌رده‌می حکوومه‌تی ئه‌ویش هاوهه‌نگاوی ڕاپه‌ڕیوه‌کان بوون و لایه‌نی ئاغاواتیان نه‌ده‌گرت, نه‌ک هه‌ر ئه‌وان به‌ڵکوو کاربه‌ده‌ستانی ده‌وائیری ده‌وڵه‌تی و بۆ نموونه‌ دادگای شاری مه‌هابادیش له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا بوون, ئه‌وانه‌ هه‌مووی له‌ وتاره‌کانی قاسم ئاغادا ده‌رده‌که‌ون.
- شابه‌ختی فه‌رمانده‌ی سوپای رۆژئاوای ئێران بوو.
نه‌مر حاجی قاسم که‌ریمی له‌ ساڵی 2002 له‌ هه‌ولێر و له‌ ته‌مه‌نی 101 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. یادی به‌خێر بێت.
بڕوانه‌ سایه‌تی ئینتێرنێتی www.bokan.de
ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

گه‌یشتنی عه‌شایری(بۆکان)ی رۆژئاوا به‌ حوزووری ملووکانه‌

سه‌عات 9ی سه‌ر له‌ به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ 4ی میهر(26/9) ژماره‌یه‌ک له‌ عه‌شایر گه‌یشتنه‌ خزمه‌تی ئه‌علاحه‌زره‌تی پیرۆز و جه‌نابی قاسم ئیلخانیزاده‌ بابه‌تێکی به‌م شێوه‌یه‌ عه‌رزی شا کرد: ئه‌ی شاهه‌نشا! له‌ ڕێگه‌یه‌کی دوور و به‌ دڵێکی شاد و گه‌شاوه‌وه‌ هاتووینه‌ته‌ پابۆسی بۆ ئه‌وه‌ی هاتنه‌وه‌ی مه‌وکیبی موباره‌کتان به‌ حوزووری پیرۆزتان موباره‌کبادی بڵێین و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی خاتری شکۆداری شاهانه‌ ئاگادار بێت که‌ له‌ که‌لێن و قوژبنی وڵاتدا خه‌ڵکانی له‌ خۆبوردووی ئه‌وتۆ هه‌ن که‌ گیان و تێشووی ساڵیانی دوورودرێژی خۆیان و ته‌نانه‌ت ئابڕوو و ئیعتیباری خۆ و بنه‌ماڵه‌که‌یان ده‌که‌نه‌ قوربانی ڕێگه‌ی هه‌رمانی وڵات و شاهه‌نشای خۆیان.
وا به‌ کورتی ئه‌و ڕووداوانه‌تان عه‌رز ده‌که‌م که‌ له‌ مانگی ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی ڕابردوودا[واته‌ ساڵی 1331/ مارچی 1953.وه‌رگێڕ] له‌ بۆکان ڕوویاندا. له‌و کاته‌دا که‌ پیلانگێڕان له‌ پێته‌خت ته‌وریان له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی وڵات ده‌دا, له‌ شاره‌کانیش خه‌ریکی هه‌مان ئه‌و ڕێکخستنانه‌ بوون. داره‌ده‌سته‌کانی«حیزبی ئێران» له‌ بۆکان پێش هه‌موو شوێنێکی تر ده‌ستیان به‌ چالاکی کرد. وابوو چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی به‌ سه‌ردا تێنه‌په‌ڕی, که‌ کاره‌کانیان په‌ره‌ی سه‌ند و هه‌موو شارستانی مه‌هاباد و ته‌نانه‌ت ورمێ و سنه‌شێ گرته‌وه‌. حیزبی ناوبراو, به‌ هاوکاری له‌ گه‌ڵ [حیزبی] تووده‌, ره‌عیه‌تیان دژ به‌ ئاغاکان هانده‌دا به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ هه‌ندێ له‌ [سه‌ره‌ک] عه‌شیره‌ته‌کان له‌ گونده‌کانیان هه‌ڵاتن و ژن و منداڵیان له‌ مه‌ترسی له‌ ناوچووندا به‌جێهێشت. له‌ شاره‌کاندا چوونه‌ ته‌لگرافخانه‌کان و له‌وێ نیشته‌جێ بوون و بابه‌ته‌که‌یان چه‌نده‌ها جار به‌ گوێی ده‌وڵه‌تدا دا. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ته‌لگراف و نامه‌ و پاڕانه‌وه‌ی خه‌ڵک که‌مترین شوێنی دانه‌نا و وه‌ڵامی نه‌درایه‌وه‌.
بارودۆخ ڕۆژ, له‌ گه‌ڵ ڕۆژ خرابتر ده‌بوو و ئاغاوات و عه‌شیره‌ته‌کان ڕووبه‌ڕووی هه‌لومه‌رجێکی ئه‌سته‌م بووبوونه‌وه‌.
له‌ گوندی «ئاڵبڵاخ»ی نزیک بۆکان ره‌عیه‌ت هێرشیان کرده‌ سه‌ر ماڵی ئاغا, ژن و منداڵیان لێ به‌دیل گرت, خۆیان کوشت و ماڵیشیان لێ تاڵان کرد. له‌ چه‌ندین گوند, دارکاری مه‌ئمورانی ژاندارمه‌یان کرد و له‌ گوندیان وه‌ده‌رنان. له‌ ئاواییه‌کی تر, به‌ پێی حوکمی فه‌رمانده‌ی تیپ, به‌ دار و تێڵا هێرشیان هێنا. له‌ هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌دا, خه‌ڵکانی ئاژاوه‌چی له‌ لایه‌ن «بازپورس» و «دادستان»ی مه‌هاباده‌وه‌ پشتگیریان لێ ده‌کرا و بۆ ملبادانه‌وه‌ له‌ یاسا هانیان ده‌دان. ئێمه‌ی نۆکه‌رانی شا, ئه‌و بارودۆخه‌ پڕ مه‌ترسییه‌مان به‌ چاو ده‌بینی و یارییه‌کانی پشت په‌رده‌مان به‌ وردی سه‌یرده‌کرد و ده‌مانزانی مێژوو دووپاتده‌بێته‌وه‌ نه‌خشه‌ی ساڵی 1324(1945) به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێکوپێکتر دێته‌وه‌دی. ره‌عیه‌تی هه‌ژاریان فریوداوه‌ و ده‌ داویان خستووه‌ و نزیکه‌ نیشتمانفرۆشان هه‌وساری کاره‌کان بگرنه‌ ده‌ست و هه‌تا ئێمه‌ وه‌خۆبێینه‌وه‌ که‌ نه‌ له‌ ڕه‌ز نیشانێک ماوه‌ و نه‌ له‌ ڕه‌زه‌وان. به‌ڵام له‌وه‌یکه‌ ده‌مانبینی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ به‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌برێ و زۆرتر مه‌سله‌کان وه‌ هه‌تا ئه‌وه‌ی که‌ ژنه‌فتمان گوایه‌ ئه‌علاحه‌زره‌ت ... [ چه‌ند وشه‌یه‌ک ناخوێندرێته‌وه‌] ده‌یانه‌وێ وڵات به‌جێ بهێڵن, ئیدی ئێمه‌ تاقتمان لێ بڕا زیاتر سه‌برو له‌ سه‌رخۆیمان به‌ باش نه‌زانی. ژماره‌یه‌ک له‌ شادۆستانی بنه‌ماڵه‌ی ئیلخانی زاده‌, بنه‌ماڵه‌ی عه‌لیار, تایفه‌ی قاره‌مانی, تایفه‌ی عه‌بباسی, مه‌حمودی شێخ ئاغایی وتایفه‌ی زولفه‌قاری, په‌یمانی مردنمان به‌ست وه‌ده‌ست به‌کار بووین. به‌ ڕاپه‌ڕینێک بۆکان و ده‌وروبه‌ریمان له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا گرته‌وه‌, خاییان و لاده‌رانمان سه‌رکوت و پرش وبڵاو کرد, ئاغاواتی هه‌ڵاتوومان گه‌راندنه‌وه‌ شوێنی خۆیان و پیلانی خه‌یانه‌تکارانمان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. ئیتر به‌ که‌ره‌می خودا, کوردستانی له‌ ده‌ست چوو سه‌رله‌ نوێ رزگار کرایه‌وه‌.
ئه‌م خه‌باته‌ قاره‌مانانه‌ی ئێمه‌ که‌ له‌ ئه‌وینی شا ونیشتمان هه‌ڵقوڵا بوو خه‌ڵک به‌ چاوی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ لێیان ده‌نواڕی و به‌ کارێکی شه‌یتانیان داده‌نا, به‌ڵام به‌ یارمه‌تی خودا و به‌ختی شاهه‌نشای ئێران, سه‌رکه‌وتن نه‌سیبی ئێمه‌ بوو و جارێکی تر دوشمنانی سه‌رشۆڕ و تێکشکاو له‌ مه‌یدان هه‌ڵاتن و مه‌ترسی دامه‌زرانی رژیمێکی توده‌یی و ده‌نگی ناخۆشی جیاوازیخوازی بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌ڵگیرا و خامۆش بوو[ هێڵه‌کان له‌ لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه‌ کێشراون] گه‌رچی له‌و بگروبه‌ره‌یه‌دا ئێمه‌ بۆ وێنه‌ ئامانجی خاینه‌کان و هێنددێک له‌ خزم و که‌س وکارمان کوژران و بریندار بوون و دوای کۆتایی هاتنی ئاژاوه‌که‌ش ژماره‌یه‌ک له‌ ئێمه‌ ده‌ست به‌سه‌رکران, له‌وانه‌ قاسمی ئیلخانی زاده‌یان به‌ تاوانی پشتیوانی له‌ مه‌قامی سه‌لته‌نت و ڕێژه‌ له‌ به‌رانبه‌ر وێنه‌ی شاهه‌نشا بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێک خسته‌ زیندان و له‌ تڕومبیل هاویشتیانه‌ خواره‌وه‌ و ئازاریان دا, عوسمانی عه‌لیار و حوسێنی قاره‌مانیان هه‌رکام به‌ بیانوویه‌ک زیندانی کرد و بۆ ژماره‌یه‌کیش له‌ ئێمه‌ حوکمێکی دیکه‌یان راگه‌یاند, به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش چکۆله‌ترین شڵه‌ژانێک له‌ ئیمان و باوه‌ڕی ئێمه‌ به‌دینه‌کرا و ئێستا به‌وپه‌ڕی سه‌ربڵیندیه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی شاهه‌نشای خۆمان وه‌ستاوین و به‌ شێوه‌ی سه‌ربازانی ئێرانی دێرین خزمه‌ته‌کانی خۆمان به‌ باره‌گای خاوه‌ن تاجی مه‌زن ئاراسته‌ ده‌که‌ین و ته‌نیا داواکاری ئێمه‌ له‌ خاکی ژێرپێی خاوه‌ن شکۆیی, به‌ڕێوه‌بردنی دادگه‌ری, کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌ که‌ بریتی بێت له‌ سزادانی خیانه‌تکاران و خه‌ڵاتی خزمه‌تکاران.
دوو که‌س له‌ ئه‌فسه‌رانی فیداکار که‌ له‌ ناسکترین بارودۆخدا چاویان له‌ هه‌موو شتێکی خۆیان پۆشی و به‌ ئیراده‌یه‌کی به‌هێز و باوه‌ڕێکی قایم به‌ شاهنشای خۆیان پیاوانه‌ شاپه‌ره‌ستانیان داڵده‌ و یارمه‌تی دابوو, یه‌کیان سه‌رهه‌نگ موزه‌فه‌ری و دووهه‌م سه‌رگورد عامرییه‌ که‌ هیوادارین به‌که‌ونه‌ به‌ر لوتفی ئه‌علاحه‌زره‌تی خاوه‌نشکۆ.
له‌ کۆتایدا ده‌وام و مانی تاجی خوسره‌وی و سه‌عاده‌ت و سڵامه‌تی بۆ زاتی موباره‌کی خاوه‌نشکۆیی له‌ په‌روه‌ره‌نده‌ی جیهان خوازیارین و جارێکی دیکه‌ش خوداوه‌ندی مه‌زن به‌ شاهید ده‌گرین که‌ په‌یمان و به‌ڵێنمان له‌ گه‌ڵ خاوه‌ن تاجی مه‌زن و خۆشه‌ویست قایمتر و ئاماده‌یی خۆمان بۆ هه‌موو چه‌شنه‌ گیانبه‌خت کردنێک راده‌گه‌ێنین و له‌م کاته‌دا که‌ تیمسار شابه‌ختی بۆ سه‌رپه‌ره‌ستی ئازه‌ربایجان دیاری کراون, هیوادارین به‌ هۆی ئه‌و ئه‌زمون و زانیارییانه‌ی وا له‌ ناوچه‌که‌یان هه‌یه‌ و به‌و متمانه‌وه‌ که‌ خه‌ڵک به‌ ئه‌مانه‌تداری و ڕاستی و پاکی ئه‌وه‌یآن هه‌یه‌, کاره‌کان به‌ شێوه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌ ببرێن که‌ خاتری پیرۆزی شاهانه‌یان پێ ڕازی و دڵشاد بێت. هه‌ر بمێنێ ئێران, سه‌رکه‌وتوو بێ شاهه‌نشا:
ئیبراهیمی قاره‌مانی, ئیبراهیمی عه‌لیار, عه‌بدوڵڵا ئیلخانی زاده‌, حه‌مزه‌ی قاره‌مانی, قاسمی ئیلخانی زاده‌, مه‌حموودی شێخ ئاغایی, عه‌بدوڵڵای زولفه‌قاری, ئیسماعیلی شێخ ئاغایی, حوسێنی قاره‌مانی, مه‌حه‌ممه‌د ئه‌مینی قاره‌مانی, عه‌بدوڵڵای قاره‌مانی, سه‌عدی ئیلخانی زاده‌, قه‌ره‌نی ئیلخانی زاده‌, محه‌مه‌دی هیدایه‌تی, ئیبراهیمی نورانی, عه‌بدوڵڵای به‌هرامی, مه‌حموودی شوجاعی و محه‌مه‌د ئه‌مینی که‌ریمی.
ئه‌علا حه‌زره‌تی خاوه‌نشکۆ دوای نواندنی میهره‌بانیێه‌کی زۆر وه‌هایان فه‌رموو:
به‌ خواستی خوداوه‌ند حه‌ق به‌ سه‌ر باتڵدا زاڵ بوو, ئێوه‌ که‌ به‌ سه‌ر ڕێبازی ڕاستدا ڕۆیشتن به‌ بێ ده‌ستخۆشانه‌ نامێننه‌وه‌ و خزمه‌ته‌کانی ئێوه‌ له‌ حاند منه‌وه‌ له‌ به‌رچاو گیراوه‌. پاشان فه‌رموویان ئه‌وانه‌ی که‌ هاوپه‌یمان بوون به‌ منیان بناسێنن که‌ له‌ لایه‌ن جه‌نابی ئیلخانی زاده‌وه‌ ناسێندران.
له‌ سه‌عات پێنجی ئێواره‌دا عه‌شایری ده‌وروبه‌ری بۆکان چوونه‌ سه‌ر گۆڕی شاهه‌نشا [ره‌زاشا] له‌ ده‌ستچوو وبه‌ دانانی چه‌پکه‌ گوڵ ڕێز و قه‌درزانی خۆیان ده‌ربڕی و ئه‌و قسانه‌ له‌ لایه‌ن ئاغای قاسمی ئیلخانی زاده‌وه‌ کران:
هرگز نمیرد آنکه‌ دلش زنده‌ شد به‌ عشق
ًێبت است در جریده‌ عالم دوام ما
حافزی شیرازی
[ هه‌رگیز نامرێ ئه‌وه‌ی دڵی زیندوو بێ به‌ عیشق
له‌ رۆژنامه‌ی جیهاندا تۆماربووه‌ ده‌وامی مه‌]
ئه‌و شاهه‌نشا دادپه‌روه‌ره‌ی وا ناوی ئێران و ئێرانی له‌ جیهاندا به‌رز کردووه‌ و به‌ شانازی و شه‌ره‌فه‌وه‌ کۆچی دوایی کرد, ئێستا به‌ چاوی چاوه‌ڕوانییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ کرده‌وه‌ و ئاکاری ئێمه‌ و دیارییه‌کی پڕبایه‌خی به‌ ده‌ستی ئێمه‌ سپاردوه‌ که‌ بریتییه‌ له‌ ئیسلاحات و پێشکه‌وتنی ئێرانی ئازیز و له‌ ئێمه‌ش خوازیاری ڕاگرتن و پاراستنێتی. جوامێرێک وا ته‌مه‌نی خۆی به‌ختی وڵات و ئه‌رک و زه‌حمه‌ت له‌ رێگه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌دا کرد زۆر زوو له‌ ناوچوو, خوداوه‌ند له‌ په‌نا ره‌حمه‌تی خۆیدا رایبگرێ.
ئه‌ی مرۆی پۆڵایی! ئاسوده‌ له‌ گۆڕی خۆتدا بخه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ی عه‌شایری خزمه‌تکار و به‌ئه‌مه‌ک له‌ پێناو راگرتن و پاراستنی زه‌ڕه‌ زه‌ڕه‌ی خاکی پاکی وه‌ته‌ن, تا دڵمان له‌ سینگدا لێبدات ئه‌رکی خۆمان له‌ گیانبازی له‌ پێناو نیشتمانی ئازیز و ڕۆڵه‌ی ئازا و خاوه‌نتاجته‌, به‌جێ دێنین. ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگی ڕاگه‌یندرا له‌ ساعه‌ت 5.30ڕێوڕه‌سمه‌که‌ کۆتایی پێ هات و له‌ لایه‌ن ئاغای عیشقی نوێنه‌ری بارگای شاهه‌نشاهی, ئاغایان به‌ خواردنی شیرینی ده‌عوه‌ت کران و میواندارییه‌کی گه‌رم و خۆمانه‌ به‌ڕێوه‌ چوو.

* روزنامه‌ کیهان, تهران_ مهرماه‌ 1332( 27سپتامبر 1953)
سەرچاوە: ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات/ بۆکان





راپه رینی جوتیاریی سالی ١٣٣١ به ریوایه تی "حه مه ده مین شه شه"
بو ماوه ی 6 مانگ ئاغا ده سه لاتیان نەما بوو
پێشەکی: حەوتوونامەی پەیامی کوردستان کە یەکەم ژومارەی لە 20 ی رەشەمەی ساڵی 1383 لە مەھاباد ھاتە وەشان ، یەکێك لە چاپەمەنیەکانی بەرھەمی کرانەوەی کەش و ھەوای سیاسی سەردەمی رێفۆڕمخوازی(2ی جۆزەردان) لە وڵات بوو . ئەو بڵاوکراوەیە ھەرچەند تەمەنێکی زۆر کورتی ھەبوو و زۆر بەدرەنگەوەش ھاتە رۆژەڤەوە بەڵام توانی سرنجی ھۆگرانی رۆژنامەوانی و خوێنەران بۆ لای خۆرابکێشێ و ببێتە خودان پلە و پایەیەکی شیاوی رێز لە پۆلێنی ژۆڕنالیسمی کورد دا. پەیامی کوردستان یەکێك لە لاپەڕەکانی تەرخان کردبوو بۆ ژانری مێژووی زارەکی . مێژووی زارەکی بە زانستی مێژوو نووسی سەردەم پشت ئەستوورە و ئامانجی گێڕانەوەی راستەوخۆی مێژوو لە زمان دەورگێڕانەوەیە . ھەروەك ئەو دیمانەیەی بەردەستتان . مێژووی ھاوچەرخی کورد پڕە لە کارێکتێرگەلێك کە لەگەڵ ئەوەی خاوەن خامە نین بەڵام خاوەن دەوری شیاوی نووسینەوەن ، خاوەنی ئەزموونی شیاوی راگوێزتنن . خاوەنی بیرەوەریگەلێکن کە تیشك دەخاتە سەر مێژوو، بەچاو روونی دەدا و سەرچاوە ساز دەکا . ئەو بەشە لە مێژووی ئێمە خاوەنی ھێندێك تایبەتمەندیە کە شێوازی مێژووی زارەکی دەتوانێ لە نووسینەوەی دا زۆر بەکەلک بێ . ھەر بۆیە وێڕای ئەوەی ئەو شێوازە مێژوو نووسیە لە کوردستان بێ ڕابردوو بوو بەڵام زۆر بە زوویی توانی جێگایەکی تایبەتی لە لای خوێنەرانی حەوتوونامەی پەیامی کوردستان بۆخۆی بکاتەوە . یەکێك لەو کەسایەتیانەی لە یەکەم ھەنگاو و یەکەم ژومارە دا کەوتە بەر سەرنجی بەڕێوەبەرانی پەیامی کوردستان حەمەدەمین ئەحمەدپوور ناسراو بە حەمەدەمین شەشە بوو . دەکرێ بڵیێن حەمەدەمین شەشە یەکێك لە بەرچاوترین کەسایەتیە زارەکییەکانی (شفاھی) دەوەری موکریانە کە رۆڵێکی شیاوی نووسینەوەی دە رووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی سەردەم دا ھەبووە . وتە سیاسیە تەنز ئامێزەکانی ئەو بەڕێز رەفرنسی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگان لە کۆڕ و کۆبوونەوە و لێدوان دا . ئەو لە زۆر بڕگەی دروشاوە مێژووی ناوچە دا دەوری گێڕاوە ، کە دەتوانین ئاماژە بە شۆرشی جوتیارانی چۆمی مەجیدخان و شاماتی مەھاباد و ڕاپەڕینی چەکدارانەی 46-47 لە دژی نیزامی پاشایەتی بکەین . ئەو وتوێژەی بەردەستان رەوایەتی کاك حەمەدەمین لە راپەڕینی جوتیارانی چۆمی مەجیدخان و شاماتە ، کە بە شوێن بڵاو بوونەوەی بیرەوەریەکەی مەلا محەممەد بەرزەنجی دا پێویستی دووبارە بڵاو بوونەوەی ھەست پێکرا .
روانگە وەبیرھێنانەوەی مێژووی ئەو ژیارە بە شێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە و بە روانگەی پلۆڕاڵەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێ و ئامادەی بڵاو کردنەوەی را و روانگەی ھەموو لایەکە . ئەوەی تا ئێرە ھاتووە دوو رەوایەتن لە رووداوێك، تۆش دەتوانی لە ڕێگای ماڵپەڕی روانگەوە رەوایەتی خۆت بۆ ھەموان بگێڕێوە .
ماڵپەڕی داخراوی ڕوانگە کە لە مەهاباد ئامادە دەکرا
حەوتوونامەی پەیامی کوردستان لە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٣٨٣ هەتاوی / ١٠ مارسی ٢٠٠٥
لە راپەڕینی چینایەتیەوە تا خەباتی نەتەوایەتی
سەرەتا کاک حەمەدەمین باشتر خۆت بناسێنە و چەند لاپەڕەیەک لە ژیانی سیاسیتمان بۆ بگێڕەوە.
* ئەمن محەممەدئەمین ئەحمەدپوور ناسراو بە حەمەدەمین شەشە، کوڕی پیاوێکی فەقیری بە ئیستیلاحی ئەودەمی ڕەشایی و قەرەم. ساڵی 1308 لە سندووس لە دایک بووم و دوایە هاتینە دێی حاجی حەسەن، کە هاتینە ئەوێ 15 ساڵانە دەبووم. هەتا ساڵی دیمۆکراتی کە قازی دەسەڵاتدار بوو، ئەمنیش هەر وا کاری جووتیاری و کرێکاریم دەکرد و شتێکم نەدەزانی و هەستم بە مەسەلەی میللی و کوردایەتی نەدەکرد. هەتا مەسەلەی قازی محەممەد و جەمهوورێکەی هاتە گۆڕێ. دوای ئەوە هەستمان بەوە دەکرد کە ئینسان دەبێ بۆ خۆی هەبێ و هەر میللەتێک دەبێ کار و باری خۆی بە دەستی خۆی بێ. ئەوانەی دەمیان لە سیاسەت وەردەدا، باسی ئەو جۆرە شتانەیان دەکرد. ئەوانەم گوێ لێدەبوو و زۆریشم پێ‌خۆش بوون! بەڵام خۆ مالک نەیاندەهێشت هیچ کەس بچێ یان بەحسێکی وا بکا و بزانێ. ئەگەر کەسێک ببا بە پێشمەرگەی قازی محەممەد، دەبوو ئیجازەی لە ئاغا وەرگرتبا، مەگەر خەڵکی شار با یان ئەوەی کە سەڵت بوایە وێرابای بچێتە نێو ڕیزی پێشمەرگەی قازی محەممەد، دەنا خەڵکی دێهاتی هیچ‌ کەس نەیدەتوانی ئیزهاری وجوود بکا و بڵێ ئەمن هەم و قازی چۆنە و چۆن نییە. هەتا قازی و کۆمار تەواو بوو، ئێمە هەر لەو شێوەیەدا بووین. نزیک ساڵی بیست و هەشت و ئەوانە بوو، جەوانەکان زۆر موتەئەسیفی ئەوە بووین کە حکوومەتێکی کوردی لەبەین چووە. تەمەنم بیست دەبوو، ڕۆژێک ڕەفیقێک بە نێوی قادر خەڵکی خێرئاوایە هات و پێی گوتم: دەڵێن مەلا بابەوەیسی تازەکەندی لەگەڵ سوڵتان ئاغای شێخ‌ئاغایی و چەند کەسی تر حیزبیان داناوە. گوتم با بچین. چووینە ماڵە مەلا باباوەیسی بابی ئەو مەلا جەسیمەی کە ئێستا لە داشبەندە. بڕێکی قسە لەگەڵ کردین و ناردینی بۆلای سوڵتانی شێخ‌ئاغایی و زۆر بە گەرمی وەریگرتین و زۆری پێ‌خۆش بوو. ئەوەڵیش بوو، موباریزە خۆش بوو... و ڕاپەڕینەکە خەڵکیی بوو. بەرامبەر بە زوڵم. زوڵمەکەش ئاشکرا بوو. وەک ئەگەر تۆ کابرایەک تاڵانت بکا یەکێك بێ و بڵێ وەرە بۆت بستێنمەوە .لەلای سوڵتان ئاغا داخیلی حیزب بووین . ئەوە کۆمیتەی مەحەللی بوو ، کۆمیتەی مەرکەزی لە مەھاباد بوو کە ئەو لەگەڵ تاران تەرەف بوو . لە کۆمیتەی مەحەللی دا سوڵتان و عەوڵا شێخ‌ئاغایی و حەسەنی میرخزری و ئەسەدی کاک ئاغازادە و سەید حەمەدەمین تووتاخاجی و مەلا ڕەحمانی پیرەبابی و... ئەندام بوون.
کومیتەی تاران سەر بە حیزبی توودە بوو؟
* بەڵێ.
ئێوە بە نێوی حیزبی دێموکرات کارتان دەکرد یا توودە؟
* ئێمە هەر بە نێوی توودە بووین و دیمۆکرات لە گۆڕێ‌دا نەبوو. لەگەڵ سوڵتان ئاغا دەستمان بەکار کرد پێیان گوتین: ئەوەی بکەن و ئەوەی بڵێن. بە زوویی تەواوی لاوەکانی دێهاتی شاماتیمان ئامادە کرد. زۆریش بێ‌ترس بووین. ئەوکات حیزبی توودە بڕێک ئازاد بوو. ئۆرگانیشی هەبوو ئۆرگانی جەمعییەتی میللی موباریزە با ئیستعمار. نازانم بۆ ئازاد بوون، دەیانگوت: دوای ئەوەی ڕووس پشتیوانیان لە کۆماری کوردستان و ئازەربایجان قەتع کرد، شا لە بەرابەر ئەوەدا، ئازادی فەعالییەتی بە حیزبی توودە وەک ئیمتیاز بە ڕووسان داوە. جا نازانم ڕاستە یان نا. ئێمە لە ساڵی 28 تا 29 شاماتمان بە تەواوی بۆ نێو موبارزە ڕاکێشا، ساڵی 29 ‌هەڵسووڕانی ئێمە دژی ئاغایان ئاشکرا بوو. هەر دوو لا وەدەست هاتن و ڕەعییەت جوابی مالیکیان نەدەداوە و بێگاریان نەدەکرد و بە کارگەریش خەڵک کاری بۆ نەدەکردن و ئاغا ڕوویان لە شاران کرد و بڵاو بوون.
ئەوە هەر لە ناوچەی شاماتی مەهاباد بوو یا لە جێی تریش؟
* هەر لە شامات بوو، لە جێی دیکەش فەعالییەت هەبوو، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو. چوون مارف‌ ئاغای شێخ‌ئاغایی بۆخۆی ئەندام بوو و کوڕی سمایل‌ئاغای بوو و مستەفاخانیش نەمابوو، حاجی حەسەن و خێرئاوا و تازەکەند و دێی مەلاش هەر ئی مستەفاخانی بوون، مەحموودئاغاش کە چکۆڵە بوو ئەویش کرابوو بە حیزبی. کڵاوێکی چکۆڵەیان لەسەر نابوو و پشتیوانی لە خەڵک دەکرد. خەڵکەکە هەموو دەیانگوت ئێمە ڕەعێتی مەحموودئاغایان و جوابی ئاغای دیکە نادەینەوە.
کاک حەمەدەمین! ئەو خەباتەی ئێوە دەتانکرد زۆرتر حاڵەتی چینایەتی هەبوو (یانی بە دژی ئاغایان) یان لایەنی میللی و نەتەوایەتیشی هەبوو؟
* زۆرتر جەنبەی تەبەقاتی هەبوو ئەسڵەن بەحسی کوردایەتی نەبوو. ئیدی نازانم لە دڵی خۆیان‌دا ئەو بەعزە کەسانەی سەرانی حیزب بوون ئەوەیان بووە یان نە. وەکوو ئەوانەی کومیتەی مەرکەزی کە لە سابڵاغ بوون. ڕەحیم سوڵتانیان و غەنی بلووریان و... سوورەی خوسرەوی و ئەوانە هەموو ئەندامی کۆمیتەی مەرکەزی بوون. ئەوانیش ڕابیت بوون لەگەڵ تاران. ئەوان لقێک بوون لە حیزبی توودەی تاران کە لە کوردستان کاریان دەکرد.
بەڵام کاک حەمەدەمین وەک ئەمن لەبیرم بێ، کە لێرە و لەوێ خوێندوومەتەوە یان لە ئەندامانی کۆنی حیزبی بیستوومە لەگەڵ ئەوەی کە بە حیساب تەشکیلاتی حیزب شاخەیەک بوو، یان بڵێین بەشێک بوو لە تەشکیلاتی حیزبی توودە لە سەراسەری ئێرانێ‌دا لەنێو ئەو کادڕانەی لە کە نێو دڵی حیزبی توودەدا جێگایان کردبۆوە کەسانێک هەبوون کە هەستی نەتەوایەتێکەیان زۆر بەهێز بوو و کادڕەکانی حیزبیان هاندەدا کە وردە وردە خۆیان سازکەنەوە بۆ ئەوەی کە حیزبی دیمۆکرات لە سەڕڕا و بنەمای فکری نەتەوایەتی بێننەوە و ئەو سەر بە حیزبی توودە بوونەیان زۆرپێ ناخۆش بوو. ئەتۆ کەسێکت لەبیرە باسی شتی وای بۆ کردبێ یا بەسەردارەتی حیزبی تودە ناڕازی بێ ؟
نا کەسم نەدی لە حیزبی توودە ناڕازی بێ ، ئەوەی تۆ دەڵێی ئەگەر ئەو ھەستە ھەبوو بێ لە دڵە خۆیان بووە و بارو دۆخ ئیجابی نەدەکرد کە ئەو شتە بڵێن .
بۆ وێنە غەنی بلووریان لە بیرەوەرییەکانی‌دا دەنووسێ کە ئەمن ساڵی 26 لەگەڵ چەند کەسی دیکە حیزبی دێمۆکراتم لەسەڕڕا زیندوو کردۆتەوە. دەڵێ: ساڵی 26 لەگەڵ چەند جەوانی دیکەی خەڵکی سابڵاغ حیزبی دیمۆکراتمان زیندوو کردۆتەوە.
جگە لە حیزبی توودە هیچ حیزبێک نەبوو و هیچ کەس چی نەکردووە. مادام لە دڵی خۆیان ئەگەر ئەو هەستە بووبێ وەک عەرزت دەکەم ئیمکانی نەبوو بیڵێن!
باسی کومیتێکی دیکە دەکەن بەنێو کومیتەی کۆمۆنیستی کوردستان پێم وابێ هەر ئەو میرزا غەفووری سوڵتانیان مەسئوولی بووە. ئەوەتان بیستبوو، لە جەریانی وی‌دا هەبوون؟
* لە پێوەندی لەگەڵ کۆمۆنیسم‌دا هەر دەیانگوت حیزبی توودە بەرەو کۆمۆنیستی دەڕوا ئێستا زۆری ماوە ببێتێ! دەیانگوت: کومۆنیسم گەورەترە لەوەی کە ئەمە بتوانین تێیدا هەڵسووڕێین.
شێوەی فەعالییەتی خۆتان چۆن بوو، چتان دەکرد؟
* هەروەک لە دەسپێک‌دا ئاماژەم پێکرد چالاکییەکەمان ئەوە بوو بەدزی زوڵم و زۆری مالیکان، خەڵکمان هاندەدا. ئێمە بۆ جووتیارەکان باسی شووڕەویمان دەکرد. هەمیشە حکوومەت و حیزبی شوورەویمان دەکردە نموونە بۆ خەڵک. باسی لێنین و مارکس و شۆڕشی چین‌مان دەکرد. ئەو کەسانە چۆن بوون و چیان کردووە. هەڵبەت ئێمەش هەر ئەوانەمان دەبیست. ئەوانەی ڕێنوێنی ئێمە بوون هەر ئەوەمان وەپێش دەکەوتن.
کاک حەمەدەمین! شێوەی تەشکیلات سازکردنەکەتان چۆن بوو! دەستەکانتان چۆناوچۆن بوو و چۆنتان سازماندەهی دەکردن؟
* ئەمن نازانم لە شاری مەهاباد و لە شارەکانی دیکەدا چۆن بووە، ئەمن لە دێهات کارم دەکرد. لە کادرێک لە ناوچەکانی شامات و چۆمی مەجیدخان کارم دەکرد. هەتا عەمبار و مەڵڵالەری دەچووم و تەواوی چۆمی مەجیدخان دەگەڕام. نامە و شتم دەبرد و نامە و شتم دەهێناوە. ئیعلامییەم دەبرد. شەونامەمان بڵاو دەکردەوە. ئێمە شانە شانە بووین. شانەی 5 نەفەرەکەی دیکە ئیرتیباتیان پێکەوە نەبوو. یەکتریشیان نەدەناسی. یەکێک لەو پێنج کەسە سەرشانە بوو. سەرشانەکان بە دوو حەوتە جارێکی کۆ دەبوونەوە، پێنجەکانی دیکە یەکتریان نەدەناسی. لە ئەوەڵەوە پێنجەکان یەکتریان نەدەناسی. ئێمە بەو شێوەیە فەعالییەتمان دەکرد. هەڵبەت هەر لە ترسی ئاغای دەنا لە دەوڵەت نەدەترساین.
کاک حەمەدەمین کە کۆبوونەوەتان دەبوو چ کەسانێک لە شارڕا دەهاتن؟
کە کۆبوونەوەمان دەبوو، بۆ شامات یا غەنی بلووریان دەهات یان سوورەی خوسرەوی. ئەم دوانە ڕابیت بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و کومیته‌ی محه‌للی شامات. سوڵتا‌ن ئاغا له‌ کومیته‌ی مه‌رکه‌زی‌دا عوزوییه‌تی هه‌بوو ده‌چووه‌ ئه‌ویش، له‌وێڕا کامیله‌ن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئیرتیباتیان هه‌بوو.
دەوری جەنابتان لە کۆبوونەوەکانیان دا چ بوو؟ ئێوە وەکوو چی بەشداریتان دەکرد؟
* ئەمن بانگ دەکرامە، جەلەسەکان. وەلی چم نەدەزانی. بۆیەشیان بانک دەکردم فێری شت بم. بۆخۆشیان بەحسیان دەکرد لەسەر مەسەلەی ڕابردوو و لەسەر مەسەلەی لێنین... موباریزەش زۆر گەرم بوو، باسی موبارەزەشیان دەکرد کە چۆن بکرێ و چۆن نەهێنی بێ و چۆن ئینسان قایم بێ و چۆن دەبێ نەدۆڕێ و ئەو شتانەشیان هەموو مەتڕەح دەکرد.
شێوەی بەربەرەکانی ئاغاوەت و موڵکدارەکان لەگەڵ ئێوە چۆن بوو؟
گوزاریشی دەوڵەتیان دەدا دەنا هیچیان پێنەدەکرا. تەنها گوزارشیان دەدا. دوو سێ جار ئەمنیان پێوە کرد. جارێکی لەگەڵ سوورەی خوسرەوی هاتبوومە سەر جادە، هەمزە خەلیل و وان، ئاغای تاڵاوێ بوون، گوزارشیان لێدابووم. سەرهەنگ خاجەنووری لە میاندواو بوو، ئەمنی بانگ کرد شەو و ڕۆژێکی لە جێگا کۆترانی کردم، پریش بوو لە جیقنە ئێوارێ خاجەنووری هات و کوتی ئەتۆ حەمەدەمین شەشەی؟! گوتم بەڵێ: گوتی: بۆ لەگەڵ سوورەی خوسرەوی چوویە سابڵاغ؟ گوتم درۆیە دەکەن. گوتی درۆیە ناکەن. ئەتۆ و سوورەی خوسرەوی پێکەوە شەوێ لە ماڵە سوڵتان ئاغای شێخ‌ئاغایی بوون. بەیانیش لەوێڕا لەگەڵی چوویە سابڵاغ. گوتم ئەمن چوومەتە سابڵاغێ بەڵام لەگەڵ سوورەی خوسرەوی نەچووم. گوتی بۆ چوویە سابڵاغ؟ گوتم گاسنم بردووە سەری بکەم! ئەمن جووتیارم، کارم هەبووە... کاری شاریم هەبووە! گوتی: ئەتۆ لەگەڵ سوورەی خوسرەوی نەچووی؟ گوتم: نا. گوتی: بڵێ هەر سێ تەڵاقم کەوێ!! سوورەی خوسرەوی ناناسم! گوتم: هەرسێک تەڵاقم کەوێ سوورەی خوسرەوی ناناسم! هاتینەوە بە مەلا حەکیمم گوت: مەلا حەکیم تەڵاقێکی وام خواردووە و لەگەڵ سوورەی خوسرەوی چوومە ئەوێ. گوتی: قەیدێ ناکا سێ چوار مست گەنم بێنە بۆ من جێ‌بەجێ دەبێ! بەڵێ ئەوە شێوەی موباریزە بوو لەگەڵ مالیکان. وردە وردە ئەوی بۆلای مالکی دەچوو، شەوێ دەچووینە سەری، لێمان دەدا یان هەڕەشەمان لێدەکرد. دەمانگوت دەبێ لەگەڵ ئاغای ئیرتیباتت قەتع بێ.
بە شێوەی چەکداریش لەگەڵ ئاغایان روبەڕوو دەبوونەوە؟
* چەکمان لەکوێ بوو! نەمانبوو، چەک لە گۆڕێ‌دا نەبوو. زەمانی چەکی نەبوو. ئاوا ڕابرد هەتا هاتینە ساڵی. لە ساڵی بە جارێکی ئاغا شکان. خەڵکی فەیزوڵڵابەگی و بەگزادەش لە ئاغایان ڕاپەڕین و لە حەسار و ئەوانە دەریانکردن و لە بۆکانێیان کردن. ئاغایانی ناوچەی بۆکان هەموو لێکەوتن و ماڵە لێتانان (ماڵە برایم لێتانی) لە عەمبارێ ماڵە عەلیاریان دەرکرد. داشبەند و وشتەپە و ناچیتیش پاشان پاک کرانەوە.
ئێوە لە جەریانی کاری ئەوان دابوون، ئەو ڕاپەڕینە لە کوێڕا دەستی پێکرد؟
* هەمووی هەر لە شاما ت‌ ڕا دەستی پێکرد. ئەمما لە بۆکانیش کومیتەیەک بوو ئی جەبهەی میللی بوو. حاجی قاسم بوو، عەوڵا ئێرانی بوو.
حاجی قاسم کێ بوو؟
* خەڵکی بۆکان بوو. ڕاپەڕینەکان لەوێڕا بوو. ئەو پیاوی موسەددیقی بوو. توودەیی نەبوو و لە کاری ئێمەش ڕازی نەبوو. چون ئێمە تووندرەوتر بووین لە ئەوان. تابیعی حکوومەتێ بوون، حیزبی توودە هەم دژی شا بوو، هەم دژی موسەددیق.
لەگەڵ کۆمیتەی بۆکان هاوکاریتان هەبوو؟
* هاوکاریمان هەبوو بەڵام ئێمە و حیزبی توودە زەربەمان لەوان‌ دا. جارێک لە ساڵی ... ی‌دا ئیعلامییەکیان نووسی بە دژی شا و حکوومەتی سەرۆک وەزیر و لە عەمبارێ هەتا هاتینە چۆمی مەجیدخانی شامات و شاروێران و سندووس و شنۆ و لاجان قەرار درا هەموو لە یەک شەوی‌دا لە یەک ساعەتدا بڵاو کرێتەوە. بۆخۆم یەکێک لەوانە بووم کە کەلبەڕەزاخان و سەوزی بە عۆدەی من بوو. ئەمن نەمدەزانی کێی دیکەش دەچێتە کوێ و کەسیش نەیدەزانی کە ئەمن دەچمە کوێ. ئەوەندە بە من گوترا لەم دوو دێیانە ئەوانە بڵاو کەمەوە، هیچی دی! پێشم وانەبوو لە هیچ دێیەکی دیکەش بڵاو بکرێتەوە. بەڵام ئەگەر هاتمەوە لە دێی ئێمەش بڵاو کرابۆوە. ئاوا نهێنی بوو، لە یەک شەویدا لە یەک ساعەتیدا لە هەموو شوێنێ بڵاو کرایەوە، لە بۆکان ڕا هەتا دەچێتەوە خانێ و شنۆیە.
ئەو ئیعلامییە ئی کومیتەی ئێوە بوو؟
* بەڵێ ئیعلامییەی حیزبی توودە بوو.
بۆ ڕاپەڕینی وەرزێڕانی چۆمی مەجیدخان زۆرتر کومیتەی بۆکان هاندەر بوو یان حیزبی توودە؟
* هەر حیزبی توودە دەیکرد لە پەنا ئەودا جبهەی میللیش. جبهەی میللی هێندە توندڕەو نەبوو، هەر تەرەفداری لە موسەددیق دەکرد و چی دیکە نەبوو.
کە وا بوو ئەم نەخشەیە حیزبی توودە کێشابووی؟
* بەڵێ، ئەو نەخشەیە حیزبی توودە کێشابووی.
کومیتەی محەلیی بۆکان چ دەورێکی هەبوو؟
* ئەوانیش تەرەفداریان لە موسەددیقی دەکرد. جارێک موسەددیق لە نوتقێکی‌دا ئیعلانی کرد؛ سەدی بیستی (دەو دووی) بگێڕنەوە بۆ کەشاوەرز. لە سەر ئەو مەسەلەی سەدی بیستەی حاجی قاسم لەگەڵ ئاغایان تێک‌چوو. ئەویش بە دژی ئاغایان دامەزرا. ئەویش هەر بەرعەلەهی مالیک و سەرمایەدار بوو. بەڵام جبهەی میللی بوون.
ڕاپەرین لە کوێڕا دەستی پێکرد و چی بەسەر هات؟
* لە مەنتەقەی بۆکان‌ڕا، فەیزوڵڵا بەگی و ماڵە موهتەدێکان و عەلیار و ئیلخانی‌زادەکان و ئەوانە لەگەڵ ئاغایانی محاڵی هەموو کوللەن لەشکریان کرد و دەوڵەتیش تفەنگی دانێ و سەربازیشی ڕەگەڵ خستن و ماشێنیشی دانێ.
چ ساڵێک بوو؟
ساڵی 1332 بوو. لە 25/12/31ی دەستی پێکرا. ئێمە لە شامات تاڵان کراین و دەرکراین. ئاغاکان کۆ ببوونەوە ئەمن پیاویشم ناردە لایان، گوتمان ئاغاکانی خۆمان بێنەوە و وەک جاران دادەنیشین وەک برایان، بێگاریشتان بۆ دەکەین. با لەگەڵ ئەو ئاغایانە و لەگەڵ دەوڵەت ڕێک‌نەکەون و خەڵکی تاڵان نەکەن. ئاغاکانی ئێمە نەهاتنەوە. سمایل‌ئاغا و مارف‌ئاغا ڕەگەڵ ئەوان کەوتن. پیاویان ناردبوو گوتیان: حەمەدەمین! ئێمە تۆمان بۆ نەجات نادرێ. ئەتۆ دەبێ بڕۆی ئێمە ماڵەکەشت نەجات دەدەین. خەڵکی دیش نەجات دەدەین. تەسمیمیان گرتووە ئەتۆ دەبێ بکوژرێی. ئەتۆ و شەریفی برایمی و قادری ئامینێ و مەلا ڕەحمانی پیرەبابی. ئەو چوارە دەبێ بکوژرێن، ئەوەیان قەتعییە. لە بۆکان دەستیان بە کوشتار کرد. خەڵکیان دەخنکاند، بە ئاوێیان دادەدان. لانک بە ئاوێ‌دا دەهات. لە بۆکان کوشتارێکی زۆریان کرد.
لە پێشدا ئەوان ئاغاکانیان دەرکرد؟
* بەڵێ ئەوان دەریانکردن و لە ساڵی ەوە ئاغا پەرێشان بوون.
چ ماوەیەکی خایاند تا هاتنەوە؟
نانا هەر لە بۆکانێ بوون. لە بۆکان کۆ ببوونەوە. نەچووبوونە هیچ‌کوێ. نیزیکەی شەش مانگ ساڵێکی خایاند.
یانی شەش مانگ ئاغا دەرکرابوون؟
* بەڵێ! یانی بێ‌ئیختیار بوون هیچ ئیختیارێکیان نەبوو. لە دێی لێشیان دابان دەبوو. هەرچی لەگەڵیان کردبان دەبوو.
حیزبی توودە چ هەڵوێستێکی هەبوو؟
* لە تارانێ‌ڕا دەستوور هەبوو. لە تارانیش حیزبی توودە پشت ئەستوور بوو. ستوونی پێنجەمی لە ئەرتەشی‌دا هەبوو. 28ی گەڵاوێژ کە موسەددیق لاچوو حیزبی توودەش غەیرە قانوونی بوو ئەو قودرەتەی نەما. پێش کودەتایە ئاغا هاتنەوە، نەگەیشتنە شاهەڵاتنێ هاتنەوە. کەمتر لە شەش مانگی کێشا بەڵام چ دەسەڵاتێکیان نەبوو دانشتبوون و بەو جۆرە هێرشیشیان بۆ خەڵکی نەدەهێنا، بەڵام پاش هاتنەوەی ئەرتەش و گیرانی موسەددیق، ئاغا ئەوەی نەدەبوو لەگەڵ رەعیەتیان کرد.
پێم وایە ساڵی 31 حیزبی توودە بە هێندێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات یا ئەوانەی دوایە بە نێوی حیزبی دێموکرات فەعالییەتیان کرد وەکوو کاک غەنی بلووریان و ئەوانە پێی گوتبوون دەبێ ئێوە ڕاپەڕینی جووتیارەکان بکەنە ڕاپەڕینی چەکدارانە.
ئەوە دوای 28ی جۆزەردان بوو. دوای 28ی جۆزەردان لە تارانێ موهەندیس شەریفی و عەبباسی و ئەوانە کە ئەندامی کومیتەی مەرکەزی بوون گیران، ئەفسەرەکانیش گیران و کومیتەی وێ لەبەریەک چوو و بڵاو بوو. ئەگەر لە سەرڕا هاتن تاڵان کراین ماڵە برایم لێتان و وانیان هێنا لەژێڵا ئەوانە تاڵان کران هەفتا هەشتا سەرێکیان گاڕان هەبوو هێنایان لە بازاڕی قەباغکەندی سوفێکیان لەگەڵ خستبوون دەستی بە فرۆشتنیان کرد و کەسیش ڕای‌نەدەگرتن. ماڵە برایم لێتانی لە زستانێ‌دا (25/12/1331) دەرکران. بەفرێکی زۆر لە مەنتەقەی‌دا هەبوو. لە لای داشبەند شەوێ دوو منداڵ لە سەرمان مردبوون. لە ترسی ئاغایان هیچ کەس نەیدەتوانی ڕایانگرێ. هاتنە گۆلێ و مەڵڵالەری. ڕەحیمی حەمە زێنیان کوشتبوو. مەلا شێخ‌عیزەددین لەوێ مەلا بوو ئەویشیان لەوێ دەر کرد، رەسوو تارانیان دەرکرد و چوونە گوێگجەلی پەنایان برد بۆ خانمە خانمێ. خانمە خانمێ ڕایگرتن و زۆر چاکی ڕاگرتن. ئاغایان زۆریان دەسەر کرد جوابی نەدانەوە. زۆر مەردانە ڕایگرتن. ماڵە برایم لێتانی هاتبوونە سارووقامیشی ماڵە سالاری قازی. برایمی باپیرئاغای و سوڵتان‌ئاغای حاجی‌لەکی نامەیەکیان ناردبوو بۆسالاری ئەگەر برایم لێتان (مامم بوو) و ئەو ماڵانە دەرنەکەی ئێمە دێین ئەتۆش دەگەڵ ئەوان تاڵان دەکەین و کوشتارتان لێدەکەین. گوتی ئەگەر سالار کاغەزەکەی خوێندەوە، لە سەر کاغەزەکەی گریا. گوتی ئەمنیش گوتم ئاغا بۆ دەگری. نیگەران مەبە. گوتی بێ‌دەسەڵاتی ئاوایە. ئێستا ئاوایان بۆ من نووسیوە. گوتی ئەمن گوتم تۆ بڵێی و نەڵێی دەزانم تۆ بە دێبۆکریان ناوەستی. ئێمەش حازر نین تۆ ئەو شەڕەی بۆ ئێمە بکەی. ئێمە لێرە دەڕۆین. تۆ هیچ نیگەران مەبە. جوابی خۆتیان بۆ بنووسە بڵێ ئەوە دەریاندەکەم. ئێمە ئەوە دەڕۆین. لەوێ‌ڕا هاتن، هاتنە میاندواوێ. برایمی عەوڵا یاوەری دێیەکی هەبوو بە نێوی یوزباش‌کەندی، لە قەراغ میاندواوێ، ماڵیان هاتە وێ. ئەوان لەوێ ئەو عەجەمانە ڕایانگرتبوون زۆر چاکیشیان ڕاگرتبوون. بە باوەشێکی گەرمەوە. بەعینوانی توودەییەک ڕاگیرابوون. عەجەمیش هەموو توودە بوون، دەگەڵمان بوون. فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان فەعالییەتی یەکجار زۆر بوو. ئەوانیش فەعالییەتیان دەکرد. ئەوجار هاتن بۆ تاڵانێ. سوارو تفەنگچێکانیان لەشکرێکی تەیار بوون. تەقریبەن پەنجا، شەست سوار و پەنجا شێست نیزامی لەگەڵ چەند ماشێن و هاتن بە دێهاتی‌دا. هاتن ماڵ ماڵ هەڵیاندەبژاردن. لەگەڵ هەموو کەسیشیان نەدەکرد. مەسەلەن دەیانزانی لەو دێیە کێ مەسئوول بووە و کێ خەڵکی هان‌داوە ئەو کەسانەیان دەردەکرد. لەوانە یەکیان ئەمن بووم و قادری ئامینێ. ئەو دوو سێ کەسە ڕۆیشتن و ئەمن هاتمە سابڵاغێ. ئەگەر ئەوانە هاتنە دە شاماتێوە ئەمن ڕۆیشتم، هاتمە سابڵاغێ دوایە هاتمەوە میاندواوێ. ئەگەر هاتمە میاندواوێ بۆیان گێڕامەوە چۆن بابە فەلەج و نەخۆشەکەم و سێ برا و دوو خوشکەکانیمان لە عارەبەی کەڵان نابوون و هێنابوویانن لە نێو کۆنە میاندواوێ لەنێو عەجەمان فرێیان دابوون. کوتبوویان ئەوان حەقیان نییە بێنە کوردستانێ، ئەگەر هاتمەوە لە دەرکی مزگەوتێ بوون. دوایە دوو حەجەم کە برا بوون، پیاوچاکیش بوون. مەشەدی حەسەن و حوسێن وەڵڵا نێو ماڵەکەیان دا بە ئێمە و کورسییان هاویشت و بەڕەو شتیان هێنا ئێمەیان لەبەر کورسێکەی دانا و ماڵات و ماڵمان تاڵان کرابوو هەموو بردرابوو. و بابیشم خوا عافووی بکا پیاوێکی بە جەرگ بوو گوتی ڕۆڵە لە ئێمە گەڕێ ئێمە لێرە بەئیرووین. بڕۆ بزانە ڕەفیقەکانت چ دەکەن. چ کارێکی دەکەن و فکر چییە. بچن ئەوەی بکەن تازە لە ئێمە گەڕێ. ئەمن چوومە مەهاباد ئەوانەی دەرکرابوون لە گەزەڵێن و دێی وەیساغا و تازەکەند و خێڕائاوا ڕا چووبوونە ئەوبەری کانی سارد، ئیدی هەر بە سەڵتی چووبوونە نێو عەجەمان. ماڵ و شتەکەیان لێ هەستاندبوون. ئێمە چووینە ژاندەرمەری بۆ شکایەتێ. لە ژاندەرمەری سەرگورد تەوەکوللی لێ‌بوو کە زۆر توودەیەکی تووند بوو. سەرگورد تەوەکوللی بۆ سبحەینێ دوو ماشێن ژاندەرمەی هێنا چووە نێو ئاغاکان کە لە شاماتی خڕببوونەوە. ئێمەش لەگەڵ ئەو چووین بەڵام هیچ ئیحتینایەکمان بە ئاغاکان نەکرد. پشتیوانێکمان لە لا بوو. ترسمان لە ئاغایان نەبوو نە لەبەریان هەستاین و نە بە هێندمان گرتن. بەڵێ لەوێ دانیشت هەتا هەموو ماڵەکەیان ئەستاندەوە. هەموومان بردەوە بەری عەجەمان. ماڵاتەکەمان بردەوە. ئەوەی تاڵان کرابوو. بۆیان هەستاندینەوە. چووینەوە سابڵاغێ لە خێرئاوایە کۆبوونەوە بوو لە ماڵە مستەفاخانی. ئاغا هەموو لەوێ بوون.
ئەفسەریشمان دەگەڵ بوون. ڕەحیمی سوڵتانیان و غەنی بلووریان لە دوویان ناردم چوومە ماڵە ڕەحیمی سولتانیان. وەتاغێکی چکۆڵە بوو. گوتی حەمەدەمین ئەمشۆ هەموو لەوێن. هەموو لە وەتاغی ئاغای دەبن. دینامێتێکی هێنا. دینامێتەکە تەقریبەن دوو بست درێژایی بوو. کوتی سەری سیغارێی پێوەنێ. بەڵام بە پێنجا سانییە دەبێ لەوێ لاچی. دەنا تۆش لەنێو دەچی. ئیدی ئەگەر دە تەبەقەش بێ هەڵیدەتەکێنێ و خلاس دەبێ. بەڵێ ئەمیش هێنام و هاتمەوە مەهاباد و لەوێڕا پیاوێکم ناردە خێرئاوایە و گوتم بزانم شەوێ کێ نیگابانە. نیگابان و تفەنگداریان هەبوو. کە هاتنەوە پێیان گوتم نیگابان ڕەسوول پەریە. ڕەسوول پەریش یەکێک لە ڕەفیقەکانی خۆم بوو... ڕەسوول پەری گوتبووی بە حەمەدەمینی بڵێ بێ چ دەکا بکا! ئەمن چوومە ئەوێ لە نوێژی شێوان‌دا لە مەهابادێ ‌ڕا لە دوویان ناردم گوتیان عەمەلەکەی ئیجرا نەکا. جا نازانم هۆی چ بوو. شتەکەشم هەر مابوو پێم وایە دە ساڵانیشم زیاتر هەر پێبوو.
گوتت مەلا شێخ عیزەددینشیان دەرکرد. لەبەرچی دەریان کرد؟
* مەلا شێخ عیزەددین لەگەڵ خەڵکی ڕێککەوتبوو بە دژی ئاغاکان. داوەتێکی ماڵە باپیرئاغای قارەمانی بوو، مەلا شێخ عیزەددینیش گوتبووی ژنەکانتان مەنێرنە داوەتێ جوابیان مەدەنەوە ئاغاش گوتبوویان هەر دەبێ بێن. گوتبووی پێیان بڵێن ئێوە ژنەکانتان بێننە قەراغ داوەتێ، تەماشای داوەتێ بکەن ئێمەش داوەتێ دەکەین. نابێ ئەوان ژنی خۆیان لە ماڵێ‌دا بشارنەوە وژنی ئێمەش هەڵپەڕێنن! ئەوە بوو کە هاتنە سەر مەلا شێخ‌عیزەددینی و مەلا شێخ عیزەددینیان دەرکرد. و ڕەحیمی عەلی زێنێش پیاوێکی جەسوور بوو. ئەویش سوار بوو لێیان و دەمانچەیەکی بە دەستەوە بوو و خەڵکەکە دەورەیان دا. عالەمێکی زۆریان هێنابوو و هەر دێیەی پەنجا شێست نەفەریان هێنابوو ئەو ئاغایانەی ماڵە موهتەدی و ئێلخانی‌زادە و عەلیار و فەیزوڵڵابەگی و بەگزادە ئەوانە هەموو هاتبوون بە لەشکرەوە هاتبوون. ڕەحیمیش لێیان سوار ببوو بە دەمانچەکەی گوتی کوڕە لێم گەڕێن با ئەمن دەستێکی بگەینمە ئەو ئاغایانە. کوڕە کرمانج مەیەنە پێشێ لێم گەڕێن با ئەمن یەکێکی لەوانە بگوژم. ڕەسووقاچێ هەبوو بە تفەنگی لێیدا لەسەر سوارێ بەریداوە ئەوان تفەنگیان پێ‌بوو تفەنگی دەوڵەتێیان پێ‌بوو. ڕەحیم کوژرا.
بێجگە لەوی لەو کەسانەی هەڵسووڕێنەر بوون چ کەسانێک گیانیان لە دەست دا و کوژران؟
* لەلای ئێمە کوشتار نەبوو، هەرچی کرا لە بۆکانێ بوو.
کومیتەی حیزبی توودە لە بۆکان فەعال بوو؟
* حوسێنی فەتحەی یەکێک بوو لە مەسئوولانی حیزبی توودە لە بۆکان. ئەو لەگەڵ حاجی قاسم و وان کاری دەکرد. دوو سێ ساڵان گیرا. کە هاتن لەوێڕا بە مەڵڵالەری و ئەوانەدا هاتن ئیدی ئەوجار پاکسازیان دەکرد. هەر دێیەی دوو کەس و سێ کەسیان، دوو ماڵ، سێ ماڵیان دەردەکرد و تاڵانیان دەکرد. هەتا گەیشتنە شاماتێ. کە گەیشتنە شاماتێ وەک عەرزم کردن ئێمەشیان تاڵان و دەربەدەر کرد.
ئەو چەند ماڵە. ماڵمان چووە نێو عەجەمان. ماڵە سوڵتان ئاغاش دەرکرا. کە چوونە سەر سوڵتان ئاغای هەڵاتبوو. هەر کە دەیانەویست خەڵکی بگرن یەک‌ڕاست دەچوونە دەستەی سوڵتان‌ئاغا و عەوڵائاغا. جا دوایە دەهاتن دەستێکیان ڕە عالەمێ دەخست!
کاکە حەمەدەمین! دەگەینە دەوڕەی کوودەتای 28ی مورداد کە موسەددیقیان لابرد. ئەو کودەتایە چۆن لەنێو ئێوەدا ڕەنگی داوە و چ تەئسیرێکی لەسەر فەعالییەتەکانتان هەبوو و لە کەنگێوە نێوی حیزبی دێموکرات پەیدا بوو؟
* ئێمە کە لە ساڵی 32ی دەرکراین چووینە عەجەمستانێ، قەرار بوو موسەددیق دێیەکمان بۆ دروست بکا، لە پیرسندووسی لەنێو عەجەمان. لە کوردستانێ ڕایان نەدەگرتین و کەس وەخۆی نەدەگرتین.
ئەوە پێش کوودە تا بوو؟
* بەڵێ ئەوە پێش کۆدەتایە بوو. عەزیزئاغای خەلیفەلیان ئەو شامەی بە ئیجارە هەڵگرتبوو. شامی گادەرێ. گادەر زۆرە. ئەو ناردی لەدوامان کوتی لێرە دێیەکیان بۆ درووست دەکەم. بۆخۆیان خالیس لەو دێیە بن. نە کەسیان بێتە نێو و نە بچنە نێو کەسیش. ئێوە هەموو توودە دەبن و دەرکراون. وەرن بۆخۆتان لێرە دێیەکتان بۆ ساز دەکەم بۆخۆتان بیکێڵن و بۆخۆتان هەمەکارە بن کەس نەیەتە نێوتان. ئێمەش هاتینە وێ. ئەودەم بەو ماشێنە گەورانەیان دەگوت لۆری. دوو لۆری بۆ ناردین. پڕبوون لە عالەم هاتن بە سێڵاوێ‌دا ڕۆیشتین چووینە داشخانە. لە داشخانە قامیشمان کردە پەنا و چووینە لە قامیشانەوە و تەقریبەن نزیکەی بیست ماڵێکیش بووین. هەموو دەرکراوەکانی شاماتێ بووین. ماڵە سوڵتان‌ئاغای لەگەڵ ئێمە دەرکرابوون. سوڵتان لە سابڵاغێ ماوە. بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێ پێش ئەوە لە ساڵی 31ی سوڵتان شەش مانگ گیرا لە تەورێزێڕا بردیانە تارانێ. سوڵتان و حەسەنی میرخزری ئەوانە گیران. دوایە هاتنەوە لەوێش ئیختلافیان لێ پەیدا بوو لەگەڵ توودەییەکانی تارانێ. ئەوان ئازاد بوون هاتنەوە. جا ئەگەر ئێمە چووینە داشخانەی ماڵ و منداڵی سوڵتان ئاغاشمان لەگەڵ بوو. ئەوە هاتووینە دەهاوینێوە. هاوینی 32ی ڕۆژێکی لەدووی منیان نارد. قاوەخانەیەکی قامیشان لەوبەری پردێ بوو. ئەوەی ئێستا ئیدارەی فەرهەنگی لێیە. ئەوێ ئاوەدان نەبوو باغات بوو. چووینە ئەو قاوەخانەی دانیشتین. ڕەحیمی سوڵتانیان و غەنی بلووریان و کەریمی حیسامی و سەدیقی عەلایی و سوڵتانی شێخ‌ئاغایی و ئەمن و ئەسەدی کاک ئاغازادە و سوورەی خوسرەوی بووین. ئەوانە گوتیان پاش نوێژی ئێمە لە باغی مکائیلی میتینگی دەدەین. کاتێک هەستاین کەریمی حیسامی گوتی کەس نەڕوا. گوتیان بۆ؟ گوتی با حەمەدەمین وەپێش کەوێ. گوتمان بۆ. گوتی با نەڵێن ئەوانە خۆ بە زۆرتر دەزانن. بە ڕواڵەت ئەمن وەپێش وان کەوم یانی فەرق و جودایەتیمان نیە. هەر یەکین و کەس لە کەس زیاتر نیە. بۆ خۆی ئەو مەسەلەی نیشان دەدا لە باغی مکائیلی میتینگ دەستی پێکرد. غەنی بلووریان وەسەر کورسێ کەوت. دەستی بە قسان کرد و خەڵکێکی زۆر لە باغی مکائیلی بوو ئەوەی ئێستا پاڕکە. لە جەنگەی قسان‌دا بووین. کە تەماشام کرد هەر چوار دەورەمان گیراوە و ژاندرمە و سەرباز، داری بێێان بری‌بوو جا وەرە لە نێومان کەون بە زووخاڵان! بۆشەر دەگەڵ نێزامیان! منداڵێک لەسەر دارێ بوو تفەنگی هەواییان هاویشتبوو و لە ئەو منداڵەی کەوتبوو و منداڵە کوژرا. ئێمە ملمان دەبەر ملی نان. غەنی بلووریان لە سوورەی خوسرەوی تووڕە بوو. خوسرەوی سەربازێکی گرت تفەنگەکەی لە دەست بادا و لە دەستی دەرهێنا. سەربازەکە لە عەرزێ کەوت. غەنی جنێوی بە سوورەی‌دا گوتی نامەرد! مەگەر ئێمە هاتووین شەڕ لەگەڵ سەرباز بکەین، ئەو تفەنگەت بۆچی لێ هەستاند. ئیدی سوورە تفەنگەکەی گرت وەک پللار هاویشتی بۆ ئەولای. سەید عەوڵا ئیسحاقی (ئەحمەدتۆفیق) لەگەڵ بوو بۆ لای کورەخانەیەک خۆی بە چۆمی دادا چووە سەر کوورەخانەکە و گوتی: بۆ هەڵدێن مەگەر شەڕی لێنینگڕادتان نەزانیوە؟! مەگەر فڵانو نەزانیوە. لێنین چی کرد و لێنینگڕاد چی کرد و فڵانی چی کرد؟! ئەوانەی زۆر بۆ گوتین کەس گوێی نەدایە. هەرکەس خۆی بە ئاوێ دادەدا و هەڵ‌دەهات. دوای بڵاوکردنی عالەمەکە جەنازەی کوڕەمان لەسەر شان دانا بۆ میتینگ‌دانی لەنێو سابڵاغێ. لە سابڵاغێ ژن و منداڵ وەدوامان کەوت. ئەو خیابانەی کە ئێستا خیابانی ئیمامێ، کە دەڕوا بەرەو چواررێی مەولەوی، ئەو خەیابانە کەسی دیکەی نەدەکێشا. شوعارەکان بە دژی شار و ئیستیعمار و فێئۆداڵ بوون. لە سەربازخانەی‌ڕا سێ تانگ هاتن جەماوەریان بڵاوە پێکرد. ئەوجار هەرکەس لاقی تەڕبوو دەگیرا!! چووینە ماڵە سڵەمان‌خانی ئەمیری خۆمان شاردەوە هەتا ئیشک بووینەوە. هێشتا نەبۆتە 28ی مورداد. ئەو موبارزە هەر هەبوو، هەروا دەهاتین و دەچووین دووبارە سازمان‌دەهیمان دەکردەوە. دەچووین شەوانە لە ماڵان‌دا کۆبوونەوەمان لەگەڵ خەڵکی ساز دەکرد. هەر لە ترسی ئاغا ئەوانەمان دەکرد. سازمان‌دەهێکمان کرد. لە بیست‌وشەشی موردادێ شا هەڵات. شا لە 26ی هەڵات و لە 28ی هاتەوە. ڕۆژی 27ی سابڵاغ مێتینگی دا. مامۆستا هێمن لەبیرم دێ رانک‌وچۆغێکی سپی لەبەردابوو ئەو دوو دەستە شێعری خوێندەوە. دەیگوت شای خائین دەبڕۆ بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ. هەروەها لاگری سوڵحە تەواوی ڕەنجبەری وشیاری کورد، مونتەزیری فورسەتێکە ڕەنجبەری هوشیاری کورد. غەنی بلووریانیش کورسی پێبوو هەر بڕێک دەڕۆیشت و لە وێ نوتقی دەکرد قەرار بوو ڕۆژی 28ی، ماڵە دەرکراوەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان. بەمنیان گوت سبەینێ با هەرکەس بچێتەوە جێگای خۆی. ئەمنیش چوومەوە بە دڵ‌خۆشی ماڵ هەموو ساز بووین سبەینێ ماشێن بەرین ماڵە خۆمان بگوێزینەوە سەر جێ‌وڕێگا و جێ‌جووت و فڵانی خۆمان، لە نیوەشەوێ‌دا خەبەر درا گوتیان شا هاتەوە! موسەددیق گیرا، سەرلەشکر زاهیدی کودەتای کرد. ئیدی ئەوجار بەجارێکی ئی شاریش بلاو بوون و هەڵاتن. سوڵتان شێخ‌ئاغایی هاتە لای ئێمە لەوێ لە قامیشی‌دا شاردبوومانەوە. هەتا حەفتێکی نان‌ومان‌مان بۆ دەبردە وێ. لەوێ نانی دەخوارد. دوایە گوتمان لێرە ئاشکرا دەبی بڕۆ. ڕۆیی بۆ پایینێ. پایین لە خوارەوەی محالی شازادەیە، گەزە، چوو لەوێ لە گەزان‌دابوو. ڕۆژێکی کابرایەک هات نامەیەکی بۆ هێنام گوتی ئەو نامەیە ڕەحیمی سوڵتانیان و غەنی بلووریان لە بادامێ لە ماڵە میرزاقاسمی بادامی داویانە بە من کە بیگەینمە سوڵتان‌ئاغا. نامەم لە گیرفانی نا و بە پێیان ملی ڕێم گرت و ڕۆیشتم ئاخر زۆریش دوور بوو چووم لە پایینی ماینێکم وەرگرت سواری بووم کوتیان برۆ ئەوە لە شەتی شووشەوانێیە. جا لاپ لە خوارێنە. ئەوە سوڵتان لەوێیە. نامەکەم برد و چووم و هەروا دەڕۆیشتم نەمدەزانی لە کوێیە. سوڵتان‌ووان منیان دیبوو، بەڵام نەیانناسی‌بووم. سوڵتان‌ئاغاش پیاوێکی دەگەڵ بوو بە ناوی حەسەن کاکیل. پیاوێکی باش بوو چووبووە فیستیوالێ لە رووسیەی. ئەویش هەر توودەیی بوو دەگەڵ خۆمان بوو.
ئەدی بۆ دەڵێن فەقەت کەریم حیسامی لە کوردان چووبوو بۆ فستیواڵ؟
حیسامی چوو بۆ فیستواڵی بوڵغارستان ئەوە ئی دوایە بوو. سوڵتان‌ئاغا دەڵێ حەسەن ئەو سوارە کاری بە ئێمەیە دەنا هیچ ئینسانێک بەوەیدا نایە، هەستە گۆرانێکی بڵێ ئەگەر هی ئێمە بێ دێ. ئەگەر کاریشی بە ئێمە نەبێ گوێ ناداتێ دەڕوا. حەسەنیش دەنگی زۆر خۆش بوو دەنگیشی چاک دەهات لانکۆڵی لانکۆڵێکی کوت. ئەمن لەنێو گەزی ماینم باداوە ڕاست ڕووم لەوان کرد. دابەزیم کاغەزەکەم‌دا بە سوڵتان‌ئاغا و پاش چاک‌وخۆشی و لێ‌پرسین، کاغەزەکەی سووتاند جا خوێندێوە. بە ئاوی پیوازێ نووسرابوو! دوایە گوتی حەمەدەمین پێیان بڵێ وەدووی کاری خۆیان کەون و لە کۆڵ ئێمە ببنەوە. ئێمە چیدیکە نابینە دەست‌نیشاندەی حیزبی توودە. ئەمن کوردستان ناکەمە خۆڵەمێشی ئەتۆمی بۆ خەڵکی تاران و تەورێزی
ئەوە ئەودەمی بوو کە هێشتا سازمانی ئەفسەرانی حیزبی توودە ئاشکرا نەبوو و نەگیرابوو؟
* نەخێر، ئێستا ئاشکرا نەببوو خوسرەوی ڕوزبە و ئەوانە مابوون. سەرهەنگ سیامەک و ئەوانە لە ئەرتەشێ‌ دابوون جا دوای وی خوسرەوی ڕوزبە گیرا.
لە چ کاتێک ڕا ئێوە بە نێوی حیزبی دێمۆکرات دەستتان بە تێکۆشان کردەوە؟
* لە دوای ٢٨ی موردادەوە کوڕەکان بڵاو بوون و بەشێک ڕویشتن بۆ عێراقێ، و هاتنەوە و ئەوجار ئێمە بە نێوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان فەعالییەتمان دەست پێکرد.
هەر بە شێوەی کۆمیتەکانی پێشوو، یا کۆمیتەکانی سابڵاغ و شامات؟
* نەخێر هەر ئەوە نەبوون. ئەوان هیچ نەخشێکیان نەبوو. ئەوجار لە سەرێ‌ڕا ئەسعەدی خودایاری هەبوو.
خەڵکی بیجار بوو؟
* نا خەڵکی ئێرە بوو. خەڵکی مەهابادێ بوو. ئەسعەدی خودایاری و سەدیقی ئەنجیری و حەمەدەمینی ئەحمەدی (حەمەسیس) کادر بوون و دەهاتن بۆ نێو ئێمە. کاک جەلیل گادانی هات کومیتێکمان لە شاروێرانی دامەزراند.کاک جەلیل ئەمنی کردە مەسئوولی کۆمیتەی شاروێرانی. کۆمیتێکمان دانا بە نێوی کۆمیتەی شین. ئەمن مەسئوولی ئەو کۆمیتەیە بووم.
سەرچاوە: پەیامی کوردستان ، ساڵی ٢٠٠٥



ماڵاوایی کردن له‌ کاک حه‌مه‌ده‌مینی ئه‌حمه‌دپوور

نێوی کاک حه‌مه‌ده‌مینی ئه‌حمه‌د پوور له‌ مێژووی ڕاپه‌ڕینی وه‌رزێرانی موکریان تۆمار کراوه‌ . له‌و ڕاپه‌ڕینه‌ دا، هه‌زاران وه‌رزێری زۆڵم لێکراو، بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگان کۆت و زنجیری کۆیلایه‌تییان پساند و بۆ داهێنانی دنیایێکی عادڵانه‌ که‌وتنه‌ گۆڕه‌پانی خه‌بات. کاک حه‌مه‌ده‌مین و زۆر تێکۆشه‌ری دی وه‌ک کاک برایمی لێتانی و بنه‌ماڵه‌که‌ی ئه‌و راپه‌ڕینه‌یان وه‌ڕێ خست و راپه‌ڕینه‌که‌ش ئه‌وانی وه‌ کڵپ و هۆڕ خست. راپه‌ڕین سه‌رکوت کرا و ئاغا و ده‌سته‌وده‌یاره‌که‌ی له‌ سه‌رما و ته‌ڕوقوڕیی سه‌ره‌تای به‌هارێ وه‌ده‌ریان نان و تاڵانیان کردن. ماڵباتی کاک حه‌مه‌ده‌مین له‌ گوندی حاجی حه‌سه‌ن، له‌ شاماتێ، له‌ لای میاندواوێ بوو. چه‌ند ساڵ له‌وه‌ی پێش کاک حه‌مه‌ده‌مین ئاوا باسی ئه‌و رووداوه‌ی کرد:
ماڵه‌که‌میان له‌ به‌ر ده‌رکی مزگه‌وتی کۆنه‌ میاندواوێ فڕی دابوو، له‌وێ حه‌جه‌مان ماڵیان ئاوه‌دان بێ دوو پیاو هاتن که‌ نێویان مه‌شه‌دی حه‌سه‌ن و مه‌شه‌دی حوسێن بوو، ماڵه‌که‌میان برده‌ ماڵه‌ خۆیان له‌ مدبه‌قی خۆیان کورسیان دابوونێ به‌ گه‌رم و گوڕی دایان نابوون...
به‌ڵام کاک حه‌مه‌ده‌مین قه‌ت سه‌ری بۆ زاڵمان دانه‌نه‌واند. دوای سه‌رکوت کرانی راپه‌ڕین و کوودێتای 28ی مورداد، درێژه‌ی به‌ خه‌بات دا و له‌ 1347 دا گیرا و بۆ ماوه‌ی چوار سال حه‌فس کرا. کاک حه‌مه‌ده‌مین له‌ زیندان و ده‌ره‌وه‌ی زیندان فێره‌ خوێندن و نووسین بوو و هه‌م به‌ کوردی و هه‌م به‌ فارسی شتی ده‌نووسی. زۆری پێ خۆش بوو فێری زانست بێ و باشتر له‌ دنیایه‌ تێ بگا. ئه‌و باسانه‌ی کاک حه‌مه‌ده‌مین سه‌باره‌ت به‌ راپه‌ڕین و رووداوه‌کانی دی کوتوویه‌تی و نووسیوێتی رووناکییه‌کی زۆر ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و مێژوویه‌. کاک حه‌مه‌ده‌مین و وه‌رزێرانی به‌شدار له‌ راپه‌ڕین رچه‌ شکێن بوون. پێشانیان دا که‌ مێژووی وڵات چی دی مێژووی خان و ئاغا و شێخ و ده‌سه‌ڵاتداران نییه‌.
ئه‌میر حه‌سه‌ن پوور
2016.02.23

*لە بەراییەکانی ساڵی ٢٠١٦ ، خەبەری ناخٶشی کۆچی دوایی کاک حەمەدەمین شەشەم زانی و دەستبەجێ کاک ئەمیرم لێ ئاگادار کرد و ئەویش لە کاتێکدا بێ هەدادان، سەرەڕای باری جیسمی، لە سەر لێکۆڵینەوە بەنرخەکەی’ بزووتنەوەی وەرزێرانی موکریان ’ کاری دەکرد ئەو پرسەنامەیەی سەرەوەی نارد و داوای کرد بڵاوی بکەمەوە. حەسەن قازی
========
درێژەی هەیە .... 






No comments: