' مانەوەی زمانی کوردی وەک مانەوەی حەموو زمانێکی دی دەبێ ئەرکێکی حەموو ئینسانێک بێ. ئەوە ناسیۆنالیستی نییە بڵێی کوردی وەک زمانێک دەبێ بمێنێ و لە ناو نەچێ ، چون دەبێ ئێمە بۆ هەموو زمانێک بۆچوونێکی ئاوامان هەبێ '
' مانەوەی
زمانی کوردی وەک مانەوەی حەموو زمانێکی دی دەبێ ئەرکێکی حەموو ئینسانێک بێ. ئەوە ناسیۆنالیستی نییە بڵێی کوردی وەک
زمانێک دەبێ بمێنێ و لە ناو نەچێ ، چون دەبێ ئێمە بۆ هەموو زمانێک بۆچوونێکی ئاوامان هەبێ '
هەڤپەیڤینک سەبارەت
بە زمانی کوردی لەگەڵ مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور
زانیار عومرانی لە
ڕۆژێک لە نێوان ١٦ تا ٢٢ ی ئووتی ٢٠١٦ لە پاریس ئەم وتووێژەی لە گەڵ حەسەنپوور
کردووە .
زانیار عومرانی: کاک ئەمیر باسەکەمان،
مژارەکەمان لە سەر زمانی کوردی دەبێ. و ئەو مشتومڕ و باس و خواسانەی کە هاتوونەتە
ئارا، زۆرێ باس لە سەر زمانی یەکگرتووی
کوردی هەیە. پێویستی ئەم زمان و ئەم چەمکە چییە، بۆچی ئەم باسە ئەکرێ؟
ئەمیر حەسەنپوور: زمانی یەکگرتوو لە زمانی مە [ ئێمە] دا . لە
دنیای ئێستا دا پێویستە هەبێ لە بەر وەی
کە پێوەندی نەتەوەیەک ئەگەر لە بەر چاو بگرین یا زیاتر لە نەتەوەیەک، ئێستا دنیا
جوورێکە خەڵک چ لە چوارچێوەی ووڵاتێک دا بێ یا هاوسێکانی لە بەر چاو بگرین یا دنیا
، باسی وەی کراوە کە دنیا بۆتە دێیەک، پێوەندیی بەشەری یەکجار زۆر ئاڵۆزە و زۆر
بەرین و قووڵە. جا لە بەر وەی کێشەی زمان هاتۆتە گۆڕێ ، دنیا نزیکەی ٧٠٠٠ زمانی تێدایە و پێوەندی ئینسانەکان کە زۆرتر لە ڕێگای
زمانەوەیە بۆتە کێشەیەکی سیاسی و ئیدێئۆلۆژی و تەنانەت ئابووری . وە ئێستا کە
تێکنۆلۆژی پێشکەوتنێکی زۆری هەبوە، زمان لەگەڵ تێکنۆلۆژیدا وەها تێکەڵاوە کە زۆر
لەو کارانەی کە لە پێش دا زمان پێی نەدەکرا، ئێستا پێی دەکرێ. جا مەسەلەی یەکگرتوو بوونی زمان
ئەوەیە کە ئەگەرجاران پێش پەیدا بوونی سەرمایەداری ، کە زۆر کەس هەر دەڵێن
مۆدێڕنیتە، پێش پەیدا بوونی سەرمایەداری خەڵک زۆرتر لە یەک جێ دەهاتە دنیایە، لەوێ
دەژیا و هەر لەوێش دەمرد و تەواو دەبوو. ئێستا وا نییە، ئێستا هاتوچۆ یەکجار زۆر بوە ، دوایە
وای دابنێین ئەگەر کەسێک لە گوندێک دا
دەژی و لەو گوندە هەر ناچێتە دەر، پەنجا ساڵیش لەوێ بژی دیسان بە ئامرازی ڕاگەیاندنێکی کە ئێستا لە بەر دەست دایە دەتوانێ
لەگەڵ تەواوی دنیایە دا پێوەندی بێ. جاران ئەوە نەبوو. جاران ئێمە لە زەمان و مەکان دا بەسترابووینەوە. ئێستا بە یارمەتی تێکنۆلۆژی
ڕاگەیاندن ، زمان لە گەڵ تەواوی ئەندامانی نەتەوە
پێوەندیمان بۆ ساز دەکا و لەگەڵ
تەواوی دنیایە. جا بەڵام ئەوەی کە قەرار
بێ هەر کەس بە لەهجەی خۆی ، هەر کەس بە
زمانی خۆی قسان بکا، پێوەندی زۆر زەحمەت دەبێ.
جا بۆیە پێویستە لە ووڵاتێک دا زمانێکی یەکگرتوو هەبێ کە هاسانتر و باشتر و بە شێوەیەکی کارامەتر ئەندامانی نەتەوە یا خەڵکی ئەو ووڵاتە پێکەوە پێوەندییان هەبێ .
ئەوە مەسەلەی دیش دێنێتە گۆڕێ. هەر ئەوە نییە کە زمانێک یەکگرتوو بێ . زۆر کەم
هەیە ووڵاتی وا کە تەنیا یەک زمانی هەبێ ، زمانی یەکگرتووش ئەگەر هەبێ لە گەڵ
زمانەکانی دی پێوەندی دەبێ و دیمەنێکی
زمانی زۆر ئاڵۆز پێک دێنێ. بەڵام پێم وایە مەبەستی تۆ زۆرتر ئەوەیە کە کوردی وەک زمانێکی یەکگرتوو چۆن دەبێ؟ زۆرتر
مەبەستت ئەوەیە ؟
عومرانی: هەر لەو سۆنگەیەوە
بمانەوێ چاوێک بە مێژووی سەد ساڵی زمانی کوردیدا بخشێنین وەکوو ئەو باسە کە کردتان ڕۆڵی مۆدێرنیتە ئەوەی کە زمانێکی
یەکگرتوو پێویستە ، ئەم ڕێرەوە مێژووییە چۆن ئەبینن ، هەتا ئێستا چۆن هاتووە؟ چونکە ئەو ئیستیدلالەی کە ئێوە کردتان ڕەواییش دەبەخشێ بە قڕ کردنی هێندێ بن زاراوا و زاراوای تریش بە
چەشنێ لە چەشنەکان .
حەسەنپوور: کوردی کە
هەوەل جار ڕۆژنامەی پێ نووسرا و چاپ
کرا لە ئاخری سەدەی نۆزدە،
کوردستان دوو پارچە بوو ، پارچەیەکی چکۆڵەی لە ڕووسیا بوو ، پارچەی گەورەی لە عوسمانی بوو ، پارچەی
ڕۆژهەڵاتیش لە ئێران . کوردی چەند شێوەی، چەند لەهجەی ؛ ئەمن پێی دەڵێم لەهجە ، چەند لەهجەی جیاوازی هەبوو . زۆربەی کورد بە
لەهجەی کرمانجی قسان دەکا، ئەو زەمانی
دەیکرد و ئێستاش دەیکا ، دوایە بە سۆرانی ، دوایەش بە چەند لەهجەی پچووکتر لە باری ئەوانەی کە بەو لەهجانە قسان دەکەن. ئەمن لەو بارەوەی دەڵێم نەک لە باری ئەوەی
کە لەهجەیەک باشترە لە لەهجەیەکی دی ،
ئاوا نا . لە باری ئەوەی کە ئەوانەی بەو لەهجانە دەئاخێون ، لەهجەی هەورامی هەبوو
کە ئەدەبییاتێکی کۆنی هەبوو ، کۆنتر لە سۆرانی. دوایە لەهجەی زازاکی یا دمڵکی کە
ئێستا لە باکوورە. دوایە کۆمەڵێک
لەهجەی دیش کە : کەلهوڕی و کرماشایی
کۆمەڵێک لەهجەن لە خوارووی کوردستانن
[مەبەست خوارووی ڕۆژهەڵاتی
کوردستانە ] ، ئاوا زمانێکی پڕ لەهجە بوو
. ئەڵبەتە ئەوەی کە دەڵێم ئەو زمانانەی کە ئێمە دەیانناسین گشتیان لەهجەیان هەیە، هیچ زمانێک نییە کە لەهجەی نەبێ، بەڵام کوردی بە تایبەتی لەهجەی جوغرافیایی هەبوو. بۆ وێنە کرمانجی زۆرتر لە باکووری کوردستان قسەی پێ دەکرێ و دەکرا، سۆڕانی
لە ناوەڕاست، لەهجەکانی تر لە
خوارەوە. خوب ئەوە دەکرێ وەکی
ئەوەی باس بکەین زمانێکی ئاوا مەبەستمان
چییە کە بڵێین زمانی یەکگرتوو. چی یەکگرتووە لێرە دا، ئایا
عومڕانی: کاتێک کە
جوغرافیایەکی
حەسەنپوور: ئا ، جوغرافیایەکی لەتوو پارە . یانی جوغرافیای
لەهجەکانی کوردی ئاوایە کە دابەش کراون بە
سەر زەوی دا. باکوور و ناوەڕاست و باشووەی هەیە. چۆن دەکرێ بڵێین زمانێکی یەکگرتوو. بەڵام زۆر زمانی دیش هەر وا بوون . ئەلئان زمانی چینی
دەڵێن هەشت لەهجەی سەرەکی هەیە کە
ئەو لەهجانە هیچیان لە یەکتری تێ ناگەن ،
وەک هەشت زمانی جیاوازن بەڵام زۆر کەس هەروا دەزانێ هەر زمانی چینی هەیە ، ئەو
شێوە نووسینیشی کە هەیەتی شێوەی ئەلفبێیی
نییە کە بڵێی دەنگەکان دەنووسێ ، عەلامەتە
، نیشانەیە. چون نیشانە و عەلامەتە ئیدی
ئەو لەهجانە هەر کەسە دەتوانێ ئی خۆی
بخوێنێتەوە، بەڵام لە دەرەوە ڕا هەموو کەس پێی وایە زمانی چینی ووڵاتێکی زیاتر لە یەک میلیارد نفووسی هەیە ،
یەک زمانی هەیە بەڵام یەک زمانی نییە.
بەڵام ئی کوردی وای لێ هات کە ئەوەڵ جار کە چاپەمەنی بوو بە کوردی ، بە تایبەتی مەبەستم لێرە دا ڕۆژنامەیە. هەوەڵ ڕۆژنامە ی
کوردی ١٨٩٨ بە لەهجەی کرمانجی بوو ، لە
ئیستامبووڵێ قەرار بوو چاپ بێ بەڵام سانسۆر زۆر بوو لە ئیستامبووڵێ لە قاهیڕەی چاپ
کرا بە لەهجەی کرمانجی بوو ،
عومرانی : بە ڕێنووسی عەڕەبیش
حەسەنپوور: بە ڕێنووسی
عەڕەبی ، ئەو دەمی باسی لاتینی زۆر لە گۆڕێ دا نەبوو. هەوەڵ کتێب بە لەهجەی کرمانجی بوو، هەوەڵ جار کە دەنگ تۆمار کرا لە سەر سیلەندری بوو هێشتا قەوان نەبوو پێنج گۆرانی تۆمار کرا ساڵی ١٩٠٢
بە کرمانجی بوو دیسان .کە بێینە سەر هەوەڵەکان زۆربەی ئەو شتانەی ، ئەو
ئاڵوگۆڕەی کە بوو لە کۆمەڵی کوردی دا لە
باری زمانییەوە، زۆرتر بە زمانی کرمانجی بوو. چونکە شارنشینی بە زمانی کرمانجی
زۆرتر لە پێش بوو ، زۆربەی شارەکانی کوردستانێ کرمانجی زمان بوون. دوایە ڕەوشەنبیری مۆدێڕن کە پەیدا ببوو
زۆرتر کرمانجی زمان بوون
عومرانی: بۆ ئەو دەرفەتەی کە لە شوورەوی بە کوردەکان درا وەکوو چاپەمەنی ، وەکوو ڕادیۆ
ڕۆڵی دەسەڵات چۆن ئەبینن؟
حەسەنپوور: جا ئەوەی کە
کرا لە پێشدا ، ڕۆژنامە و کتێب و گۆڤار بڵاو
بووەوە بە لەهجەی کرمانجی زۆرتر لە ئیسامبووڵێ بوو، ئەوانە هیچی دەوڵەتی نەبوون. بەڵام ساڵی ١٩١٧ نزیکەی ١٠٠ ساڵ لەوەی پێش کە شۆڕشی سۆسیالیستی بوو لە ڕووسییە دوو سێ ساڵێکی پێچوو هەتا ناوچەی قەفقاس کە کوردی لێ بوو ئەوان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی
سوڤیەت. بە دوای ویدا ئیدی کوردی سۆڤیەتێ
زۆرتر لە باری کۆمەڵی – ئابوورییەوە زۆرتر عەشیرەیی بوون ، ئاژەڵدارییان دەکرد ،
خوێندەواری هەر نەبوو لە نێویان دا ، بەڵام دەوڵەتی سۆڤیەت حەولێکی زۆری دا
کە خوێندەواری پەرە بگرێ و توێژێکی
ڕۆشنبیری کورد بێ کە پەیدا بوو . خوێندەواری بە ڕاستی پەرەی گرت و کتێب و ڕۆژنامەی ' ڕێیا تەزە ' بڵاو بۆوە . کتێب
هەبوو بۆ مەدرەسەکان بە کرمانجی . لە ساڵی ١٩٣٤ کۆنگرە یەک بوو لە ئیرەوان. '
کونگرەی زمانی کوردی ' باسی وەی کرا
کە زمانی کوردی بە چ لەهجەیەک بنووسرێ ، کە لە سەر وەی ساغ بوونەوە دەبێ بە لەهجەی
کرمانجی بێ و بنکەکەشی دەبێ ئەدەبییاتی
کرمانجی بێ بە تایبەتی
عومرانی : لە کوێ بوو ئەوە ؟
حەسەنپوور: لە ئیرەوانێ بوو
عومرانی: بە بێ بەشداری لایەنە ، یانی زاراواکانی دیکە ، یانەی
ئەوانەی تر کە بە زاراواکانی تر دەئاخەون
حەسەنپوور: نا ئەوانی تێدا نەبوو
عومرانی: بەشدار نەبوون
حەسەنپوور: نا ،
نەیاندەهێشت ، ئەوان ئەگەر ویستباشیان بەشدار بن نەیان دەتوانی چون
نەیاندەهێشت خۆ کوردی ئەو ووڵاتانە بچێتە
سۆڤیەت . سنوورەکان ئەوەی کە دەڵێین
پەردەیەکی ئاسنیان دروست کرد بوو . ئەوە سۆڤیەت دروستی نە
کرد بوو ، ئەوە لە ئێران دەوڵەتی ڕەزا شای دروستی کرد
بوو ، لە عێڕاق و لە تورکییە و ئەوانەش دەوڵەتی جمهووری تورکیا عێڕاق. ئەوان نەیاندەهێشت کوردی ئەو ووڵاتانە پێوەندییان هەبێ لەگەڵ
کوردیی سۆڤیەت . بەڵام ئەو کۆنگرەی ئیرەوانێ ١٩٣٤
هەر کوردی سۆڤیەت بوون و باسەکەش باسی وەی بوو کە کوردی سۆڤیەت بە چ لەهجەیەکی کوردی دەبێ دەرس بخوێنێ و زمانی ڕەسمی کوردی،
لەهجەی ڕەسمی کوردی لە سۆڤیەتدا دەبێ چ بێ ؟ کە لە سەر وەی ساغ بوونەوە
عومرانی: ئەها یانی هەر بەس بۆ سۆڤیەت
حەسەنپوور: ئا ، بەس بۆ
سۆڤیەت بوو . لە سەر وەی ساغ بوونەوە کە
دەبێ بە کرمانجی بێ چون کوردی سۆڤیەت گشتی بە کرمانجی قسان دەکا هەر وەک کوردیی ڕۆژئاوا کە گشتی بە
کرمانجی قسان دەکەن. بەڵام ئەو باسانەی کە
کران زۆر گرینگ بوو ئەو دەمی . ساڵی ١٩٣٤ فکری لێ بکەوە . باسەکە ئەوە بوو کە مەبەست لە زمان چییە ؟ مەبەست لە زمان ئەوەیە کە خەڵک بتوانێ پێکەوە
پێوەندی هەبێ و پێوەندییەکی باشی هەبێ و
لە باری عیلم و زانست و ڕۆشنبیری و هونەری و ئەوەوە بتوانن پێکەوە پێوەندییان هەبێ و لەگەڵ یەکتر بدوێن . یانی
زمان ئامرازێکە بۆ وەی ئەو پێوەندییە کۆمەڵییانە
بە ئاسانی پێک بێنێ. دوایە زمانی
خەڵکەکەی، خەڵکی سۆڤیەت کرمانجی یە ،
بەڵام زمانێک نییە کە هەر لە قسە کردن دا ، زمانێکی زارەکی بێ. ئەو زمانە دەبێ پێی
بنووسرێ. کوردی سۆڤیەت نووسینیان نەبوو. ب باسی وەی کرا لە زمانی کوردیدا لەهجەی
کرمانجی ئەدەبییاتی هەیە و لەهجەی ئەدەبی هەیە
زمانی کوردی . لەهجەی ئەدەبی زمانی کوردی
ئەوەی کە بۆ کوردی سۆڤیەت بە کار بێ لەهجەی کرمانجی یە و ئەوەی کە پێیان دەکوت مەکتەبی خانی . مەکتەبی ئەحمەدی خانی کە بەرهەمێکی
گەورەی وەک ' مەم و زین ' ی پێ نووسراوە .
و وایان دانا کە ئەوە دەبێ ببێتە زمانی کوردی کوردیی سۆڤیەت. کە کوردی
قەفقازێ ئەو دەمی هێشتا قەفقاز دابەش
نەکرا بوو بە سەر کۆماری سۆسیالیستی ئازەربایجان و گورجستان و ئەرمەنستان . بەڵام مەبەست ئەوە بوو
کە تەواوی کوردەکان بە کرمانجی قسە دەکەن.
عومرانی: کاک ئەمیر زانیاری هەیە لە سەر ڕێژەی دانیشتووانی کوردی قەفقاز
حەسەنپوور: بەڵێ ئەو
زەمانی ٢٦٠٠٠ کەس بوون . زۆر کەم بوو.
عومرانی : داوخوازی خۆیان بوو ئەوەی کە بە زمانی کوردی بنووسن ، بخوێننەوە یا بڕیارێک بوو لە سەرەوە ڕا ؟
حەسەنپوور: ئەوە بڕیاری حکوومەتی
سۆڤیەت بوو. کە بۆ ئەوەی بکرێ ئەو کۆمەڵی دەرەبەگی و سەرمایەداری بگۆڕدرێ و
بکرێتە کۆمەڵێکی سۆسیالیستی تێکۆشانێکی زۆری دەوێ، لەو تێکۆشانەی دا بۆ وێنە خوێندن زۆر موهیمە، لە پێشدا
بتوانن خەڵکەکە خوێندەوار بن ، دوایە ئەدەبییاتیان هەبێ ، ڕۆژنامە و کتێب و ئەوانەیان هەبێ ئەوەش خۆ هەموو کێشەی زمانە . یانی بۆ دروست کردنی سۆسیالیزم زمان دەورێکی زۆر گرینگ دەگێڕێ ، بەڵام زمانی ئەدەبی نەک تەنیا زمانی زارەکی باسەکە ئەوە بوو . بۆیە
حکوومەتی سۆڤیەت دەیەویست کوردی سۆڤیەت لەهجەیەکی خۆیان هەڵبژێرن کە بۆ کاری خوێندن و
نووسین و ئەوە دەکاری بێنن و بۆ کاری
دروست کردنی سۆسیالیزم.
عومرانی: هاو کات لەگەڵ ئەو
دەیەیە کە ئەو کارە دەکرا لە بەشەکانی تر
بۆ نموونە شێخ مەحموودی بەرزنجی یا
لەو دەڤەرانە کە ووردە دەسەڵاتێک بوو هیچ هەوڵێک لە ئارا دا نەبوو ؟
حەسەنپوور: با هەوڵ لە
ئارا دا بوو کە دەوڵەتی عوسمانی تێک چوو ،
سێ پارێزگای عوسمانی بوو بە دەوڵەتی
عێڕاق. بەشێکی بوو بە دەوڵەتی سووریە.
فەرانسە سووریا و لوبنانی گرت ، ئینگلیستان عێڕاقی گرت و فەلەستین و ئەوەی کە ئەو زەمانی پێیان دەکوت حیجاز ،
ئۆردۆن و ئەوەی کە ئێستا پێی دەڵێن عەڕەبستانی سعوودی و تەواوی ئەو شەبە جەزیرەی عەڕەبستان ئەوانە ئینگلیستان گرتی . لە عێڕاق ئینگلیستان خۆی ئەوەڵێ کە گرتی ڕۆژنامەیەکی کوردی بڵاو کردەوە بە نێوی '
پێشکەوتن ' ساڵی ١٩١٨
عومرانی : بە شێوەزاری سۆرانی ؟
حەسەنپوور: بە سۆرانی
بوو ئا. بەدوای ئەوە دا بەرنامەی ئەوە بوو
ساڵی ١٩٢٠ کتێب بڵاو بۆوە بە نێوی ' کتێبی ئەوەڵەمینی قەڕائەتی کوردی' زۆرتر باسی وەی بوو کە کوردی چۆن بنووسرێ بە
ئەلفووبێی لاتین. بە ئەلفوبێی لاتین بوو و بە سێ زمانانیش بوو عەڕەبی و کوردی
و فارسی. یانی لە هەوەڵێ دا، لە سەرەتا دا
بەرنامەی دەوڵەتی ئینگلیس کە دەستی داگرت بە سەر ئەو سێ پارێزگایانە و کردی بە
دەوڵەتی عێڕاق بەرنامەی ئەوە بوو کە کوردی لە خوێندن و نووسین دا دەکار بێ
و لە چاپەمەنیش دا دیارە ، ناڵێم بۆ خۆیان ڕۆژنامەی ' پێشکەوتن ' یان بڵاو
کردەوە. دوایە حکوومەتی شێخ مەحموودی کە پێک هات، شێخ مەحموود بۆ خۆی ڕۆژنامەی کوردی هەبوو . دوایە لە
کوردستانی باشوور ناوچەی سولەیمانی لە
باری شارنشینی و خوێندن و ئەدەبییات و ئەوە لە
ناوچەکانی دی پێشکەوتووتر بوو. هەر بۆیە لەهجەی سولەیمانی، لەهجەی سۆرانی
سولەیمانی بوو بە لەهجەی ڕەسمی و تا
ڕادەیەک لە کاری ئیداری، لە بەلەدییەکان، لەشارەدارییەکاندا دەکار هێندرا و بەڵام
لە چاپەمەنی دا.
عومڕانی: ئەزموونی میرنشینەکان
کاریگەری نەبوو لە سەر ئەوە؟
حەسەنپوور: نا، ئەزمونی میرنشینەکان ڕاستەوخۆ دەورێکی نەگێڕا، بەڵام بەو شێوەیەی بوو کە خوب
لەهجەی سۆرانی لە ئەماڕەتی بابان ئەدەبییاتەکەی دەستی پێکرد.
عومرانی: هەر ئەوە بوو بە بنەمایەک بۆ لە گۆڤاری ، لە مەجەلەی ' پێشکەوتن ' ، یانی
هەر ئەو پاشخانە لە سلێمانی ، بابان ،
ئەردەڵان وەکوو سۆرانی ، گۆرانی
بوو بە پاشخانێک بۆ ئەوەی دوایە ڕووداوێک ڕوویدا ئەو زاراوا خۆی زەق
کاتەوە.
حەسەنپوور: زۆرتر ئەوە بوو کە سۆرانی ئەدەبییاتەکەی پێک هاتبوو ،
جا دیارە زۆرتر لە ئەماڕەتی بابان بوو ، ئەوە پێک هاتبوو بەڵام عوسمانییەکان دوای
تێکچوونی ئەمارەتی بابان مەدرەسێکی عەسکەریان لە سولەیمانی دانا . پێم وایە ساڵانی
١٨٦٠ بوو ، زۆر باش لە بیرم نییە. وەلی ١٨٦٠. لەو مەدرەسەی نیزامی دا ، مەدرەسەی
عەسکەری ئەوانەی کە دەرسیان دەخوێند بوونە ڕۆشنبیرانی هەوەڵ، دەکرێ بڵێین هەوەڵ
بەرە ، هەوەڵ نەسلی ڕۆشنبیری ئی ئەو ناوچەیە کە ...
عومرانی: کوردی بوو ئەو مەدرەسە
حەسەنپوور: نا، مەدرەسەکە کوردی نەبوو، عوسمانی بوو ، ترکی
عوسمانی بوو. بەڵام ئەوانە فەڕانسەییان دەخوێند، زمانی دەرەوە فەڕانسەیی بوو، ترکی
عوسمانی بوو ، زۆریشیان عەڕەبیشیان دەخوێند. مەسەلەن تۆفیق وەهبی ، محەمەدئەمین
زەکی بەگ ئەو بەرەیەی ڕۆشنبیری کوردی کە پەیدا بوو ڕۆشنبیری مۆدێڕن کە لە مەدرەسەی
، لە حوجرەکاندا دەرسیان نەخوێند بوو، لەحوجرەی مەدرەسەکان. بەڵام لە مەدرەسەی
مۆدێڕن دا دەرسیان خوێند بوو ئەوانە لەوێ سەریان هەڵێنا و دیارە چون خەڵکی
سولەیمانیش بوون زۆرتر کاتێکی کە دەوڵەتی عوسمانی
تێک چوو ، هەر ئەوەی کە خوێندن و نووسینیان هەبێ ، دیارە ئەوانە دەستیان پێ
کرد . تۆفیق وەهبی نموونەیەک لەوانە بوو. بەڵام نامەوێ بڵێم گشتیان ئاوا بوون چون
' پیرە مێرد ' بۆ وێنە پێم وایە لەو مەدرەسانە دا دەرسی نەخوێند بوو . پێرەمێرد
چوبوە ئیستانبوڵ. لەگۆڤارەکانی ئەوە دەمی ئیستانبوڵ دا شتی دەنووسی.
عومرانی: کە وا
بوو لە سۆڤیەت هەوڵێک هەبوو لە سەرەوە بۆ
ڕێکخستن، لە عێراق هەوڵێک لە لایەن
ئینگلیسەوە هەبوو ، لە ڕۆژئاواش کۆمەڵەی خۆیبوون و گۆڤاری هاوار و ئەوان هەبوو ،
کە نازانم ئەویش فەڕانسە دەستی بوو .
ئەگەر ئەو دوو پارچەیەش ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا باس بکەن لە سەر ئەو گەشە کردنی زمان و وەگەڕ خستنەوە چۆناوچۆن بوو ؟
حەسەنپوور: ئا ، جا
ئەڵبەتە هەر یەک لەوانە حیکایەتەکەی زۆر دوور و درێژە. چون لە باشوور دروستە لە
پێشدا چاپەمەنی بە سۆرانی بوو بەڵام دوایە
ساڵی ١٩٣١ کە دەوڵەتی عێڕاق ' قانوونی
لۆغاتی محەلی ' دانا ، دەوڵەتی عێڕاق
کێشەی کرمانجی هێنا گۆڕێ کوتی کوردی بە
دوو لەهجە دەنووسرێ ، بەرنامەکەی ئەوە بوو
بە ڕاستی پێشی ئەوەی بگرێ کە کوردی ببێتە
یەکێک لە لەهجە محەلییە ڕەسمێکان . ئەو
دەمی بە لەهجەی محەلییان دا دەنا. دەیویست تا ئەو جێی دەکرێ پێشی وەی بگرێ کە
کوردی وەک زمانێکی کە بە شێوەیەکی چالاکانە
دە کار بێ لە کاری ئیداری و لە
کاری پەروەردە دا ، دەیویست پێشی وەی بگرێ . ئەوە بۆ خۆی حیکایەتێکی دوورو
درێژە. بەڵام لە سووریا سیاسەتی فەڕانسە ئەوە بوو
کە هەر ڕێ نەدا بە چاپەمەنی کوردی و بە خوێندن بە زمانی کوردی. کوردی ڕۆژئاوا حەولیان زۆر دا کە بە لانی کەمەوە ئەوەندەی کە کوردی عێڕاق دەتوانن
لە مەدرەسەی ئیبتیدائی دا بە کوردی بخوێنن
یا لە ئیدارات دا بە کوردی بنووسن و
شت نووسین بە کوردی بێ ، دەوڵەتی فەڕانسە ئەوەی قبووڵ نەکرد ، بەڵام سەر
باقی وەی گۆڤاری ' هاوار ' بە کرمانجی
بڵاو بۆوە، بەدرخانێکان بڵاویان
کردەوە. دوایە لە شەڕی جیهانی دووەم
دا بۆ تەبلیغاتی شەڕ ئیستگایەکی ڕادیۆیەی کوردی
دامەزرا لە بێڕووت کە ئەویش ، دوایە باسی
لەهجەکان دەکەم لە ڕادیۆیە دا، ئیستگایەکی
ڕادیۆیی کوردی دامەزرا، سێ گۆڤار بە
کرمانجی بڵاو دەبۆوە کە زۆر ئەخباری شەڕی
دووەمی تێدا بوو بە قازانجی فەڕانسەی ،کە
فەڕانسە لەو بەرەی شەڕێ دا بوو لە دژی
ئەلمان و لە دژی فاشیزم. دوایە ، ئیستگەی
ڕادیۆییەکەش ئی بەیرووت بە کرمانجی بوو.
ئینگلیستانیش لە 'یافا' لە فلستین کە لە
ژێر دەستی ئینگلیستان دا بوو لەوێ
بەرنامەیەکی ڕادیۆیی داندرا کە ' گۆران ' و ' ڕەفیق چالاک ' و چەند کەسێکی دی ئەو ڕادیۆیەیان بەڕێوە دەبرد.
عومرانی: بە سۆرانی
حەسەنپوور:
بە سۆرانی بوو . ئی یافا بە سۆرانی بوو ، ئی بەیڕووت بە کرمانجی بوو.
عومرانی: ئەوە قەسدێکی لە پشتەوە بوو یان هەر دابەشکردنی جوغرافیا بوو کە بریتانیا
خوارەوەی بە دەستەوە بوو و ئەوانیش
سەرەوە.
حەسەنپوور: نا ، ئەوە
ئاوا بوو کە سووریا لە بەر دەست فەڕانسەی دا بوو،
کوردی سوورییەی بە کرمانجی قسە دەکەن . مەبەستی فەڕانسەی ئەوە بوو کە پڕۆپاگاندای شەڕ بۆ سووریا و بۆ لوبنان بوو. مەبەستی ئەوە بوو کوردی سوورییەی ، زۆرتر مەبەستی ئەوە بوو ، کوردی
سوورییەی ئەخباری شەڕی پێ بگا و تەبلیغاتی
شەڕی بۆ بکرێ بەڵام خۆ فەڕانسە ئەوەشی دەزانی
کوردی تورکیا و کوردی سۆڤیەتیش بەو
لەهجەی قسان دەکەن لە بەر وەی تەئسیری
بەرنامەکەی لە کوردی سۆڤیەت و ئەوانەشیان ، هیچ شک نییە، ئەوەشیان لە بەر
چاو بوو. بەڵام خۆ سۆڤیەتیش بەشێک لەو
جەبهەیەی بوو کە سۆڤیەتی تێدا بوو ئیدی. فەڕانسە و ئینگلیس
و سۆڤیەت دژی ، دوایە ئەمریکاشی لەگەڵ کەوت هەر لەو زەمانە دا ، لە دژی جەبهەی فاشیستەکان. بەڵام ئی ڕادیۆیەی ' یافا ' ئینگلیستان دای
نا. خوب ئینگلیستانیش عێڕاقی بە دەستەوە
بوو ، جا بۆیە لەهجەیەکی لە عێڕاق
دەکاریان دێنا، زۆرتری کوردی عێڕاقێ قسەیان پێ دەکرد سۆرانی بوو ، بۆیە ڕادیۆی کوردی یافا بە سۆرانی بوو.
عومرانی: ئێستە لەم ناوەندە دەگەینە هەتا ئەوەی کە فەڕانسە و بریتانیا کشانەوە و دەوڵەت – میلەتە نوێیەکان شکڵیان گرت ، بەعس
هاتە سەرکار ١٩٦٠ و ئەوانە. زمانی کوردی ئەو
ووردە ئازادییەش کە هەیبوو لە دەستی دا بە شێوەیەک لە شێوەکان.
حەسەنپوور: لە زەمانی
بەعس ؟
عومرانی: دوایە.
زەمانی بەعس هەم لە ڕۆژئاوا و هەم
لە باشوور وە ئەو شتە پێشتر بۆ نموونە
پڕۆپاگاندایەک فەڕانسە دەیکرد یا ئینگلیس
و نێوە فەرمییەتێکی دەدا بە زمانی کوردی تا ڕادەیەک ئەوەش هەڵوەشایەوە .
حەسەنپوور: لە سوورییەی ئا.
لە سووریا دەوڵەتی سووریا ڕێگەی
نەدەدا بە کوردی بنووسرێ و بخوێندرێ. لە عێڕاق وا نەبوو ، لە عێڕاق خوێندن و
نووسین بە کوردی درێژەی هەبوو. و دەکرێ بڵێین ١٩٥٨ کە
کوودەتای عەبدولکەریم قاسم بوو و
نیزامی سەلتەنەتی تێک چوو ، کوردی بە
یەکجاری پەرەی ئەستاند واقعەن. زۆر ڕۆژنامە و گۆڤار بڵاو دەبووەوە. ڕادیۆیەی بەغدا بەشی
کوردی ، ئەوەدەمی ساڵی ١٩٥٨ دوو سەعات بوو
، کرا بە چوار سەعات
عومرانی: بنەماڵەی [!!] زانیاری دروست بوو لە بەغدا ، کۆڕی زانیاری
حەسەنپوور: ئەو دوایە دەبێ ، بەڵام ئەوە هێشتا بەعس نەهاتۆتە سەر کار. ١٩٥٨ عەبدولکەریم قاسم کوودەتایە دەکا . عەبدولکەریم قاسم ئەفسەرێکی ناسیۆنالیست بوو لە گەڵ چەند ئەفسەری دیکەی ناسیۆنالیست ئەو کوودەتایەیان کرد. ١٤ی ژووییەش کردیان. ١٤ ی ژووییەی ١٩٥٨ .
١٤ی ژووییەشیان بۆیە هەڵبژارد چۆن
ڕۆژی شۆڕش لە فەڕانسە بوو .بە ئیلهام گرتن لەوەی ئەو ڕۆژەیان هەڵبژارد . ئەفسەری
ئازادیخواز بوون . حیزبەکان لە ژێر زەوی
هاتنە دەرێ ؛ حیزبی شیوعی عێڕاق، پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان ، چالاکی چاپەمەنی
یەکجار زۆر بوو. ئەمن وەبیرم دێ ئەو دەمی ئەمن لە دەبیرستان دەرسم دەخوێند ، لە
مەدرەسەی ناوەندی ، ڕادیۆیەی بەغدا سروودی شۆڕشگێڕانەی بڵاو دەکردەوە. خەڵک هەر ڕادیۆ دەستی پێدەکرد ،
دەچوونەوە ماڵێ گوێیان لە ڕادیۆیەی بێ. باسی شۆڕشگێڕانەی دەکرد ڕادیۆیەی بەغدا
بۆ ماوەیەکی. سروودی میللیی کوردی بڵاو دەکردەوە، دژی ئیمپریالیزم و دژی ڕەجعییەت قسەیان دەکرد.
عومرانی: ئەوانە
ناسیۆنالیستی عەڕەب بوون وایە ؟
حەسەنپوور: ئەوان ناسیۆنالیستی عەڕەب بوون
وەلی
عومرانی: بەڵام لەوەش نە دەترسان کە پەرەسەندنی زمانی کوردی لە
باشوور ببێتە هۆی یان تەجزیە یان
دابەشبوونی ئەو ووڵاتە ؟
حەسەنپوور: لە سەرەتا دا
ئەوە مەسەلەیان نەبوو نا. بەڵام کە کوردیی عێڕاقێ ووردە ووردە داخوازی دەهێنا پێشێ
کە خوێندن بە کوردی پەرە بستێنێ و
مەدرەسەی ناوەندیش بە کوردی بێ و
کالیچ بە کوردی هەبێ و ئەوە ئیدی ئەوانیش
لەوێ ووردە ووردە ڕەنگی خۆیان نیشان دا کە زۆریان پێ خۆش نییە تا ئەو جێیەی بچیتە پێشی کە کوردی ببێتە بەرابەری
عەڕەبی و بۆ ئەو ئەرکانەش دە کار
بێندرێ دیارە ووردە ووردە کە دەسەڵاتی
کوودەتا سەقامی گرت و ئەوە ووردە ووردە
ئەو ناکۆکییە دەبیندرا. بەڵام لە سەرەتاوە
وا نەبوو ئیدی، لە سەرەتاوە
عومڕانی: لەم زەرفە
زەمانیەدا چ ڕووی دا هەتا ١٩٥٠ ؟
حەسەنپوور: لە ئێران، چون
پێوەندی هەیە بە ئێران. شەڕێکی ڕادیۆیی ساز بوو لە ١٩٤٩ ، شەڕە ڕادیۆییەکە لە سەر
ڕادیۆی باکۆ بوو ، ڕادیۆیەی باکۆ ڕادیۆیەکی ئێمە لە موکریان پێمان دەکوت ڕادیۆ ' دزە' یانی بە دزی قسان دەکا ، یانی نهێنی بوو ، ئیستگایەکی
نهێنی بوو. بەڵام هەموو کەس دەیزانی ئەو ڕادیۆیە
لە باکۆیە و ئی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان و حیزبی توودە و حیزبی دێمۆکڕات ە ( دێمۆکڕاتی
کوردستان] ، ئەو بەشەی کە لە باکۆیە بوو
لە ئازەربایجانی سۆڤیەت. مەلا مستەفا دەچێ لە سەر ڕادیۆیەی باکۆیە قسان دەکا و بە کوردی حەموو ووڵات دەڵێ خەبات بکەن ،
شۆڕش بکەن لە دژی ئیمپریالیزم و ئیرتیجاع
و ئەو جوورە قسانە دەکا. کە ئەمریکا و
ئینگلیز زۆری پێ تووڕە بوون و فەرری
پێکەوە ؛ ئێستا ئەو شتانە دەزانین چون
بەڵگەکانیان ، ئەو نامانەی پێکەوە نووسیویانە ، مەسەلەن ئینگلیس و ئەمریکا
کە بی بی سی دەیەویست بەرنامەیەکی کوردی دابنێ
بۆ بەربەرەکانی کردن لە گەڵ ڕادیۆی
باکۆیە. دوایە ڕادیۆی ئیرەوان یش کە دەستی پێ کرد شەڕەکە توند و تیژتریش بوو. ئەمریکا ، ڤۆیس ئاف ئەمێریکا
، دەنگی ئەمریکا دەیەویست بەرنامەیەکی کوردی دابنێ. تورکیا زۆری پێ تووڕە بوو.
تورکیا نەیدەویست شتێکی وا هەبێ،
ئاخرەکەشی ؛ جا من ئەو نامانەم خوێندۆتەوە ، ئاخرەکەی ، ئەمریکا و ئینگلیس
بەرنامەیان ئەوە بوو دەیان کوت بۆ وەی پێشی کۆمۆنیزم بگرین ، پێیان وا بوو سۆڤیەت
بەرنامەیەکی وای هەیە کە لە کوردستانێ شۆڕش بێ
و دەست دابگرێ بە سەر ئەو ناوچانە دا. ئەمریکا و ئینگلیسی پێیان خۆش
بوو ڕاستی بەرنامەیەکی کوردی دابنێن کە خەڵک زۆرتر گوێ بگرێتە ئەو بەرنامانە نەک
بەرنامەی باکۆ و ئیرەوانێ. بەڵام چون تورکیا قبووڵی نە دەکرد و تورکیاش زۆر گرینگ بوو بۆ ئینگلیس و
ئەمریکایە کارێکی کە کردیان ئەوە بوو کە لە خودی کوردستانێ ، کوردستانی ئێرانێ
ئیستگای ڕادیۆیی دانێن. وا بوو لە سنە و لە مەهاباد ئەڕتەش دەزگای زۆر سادەی موخابەراتییان هەبوو کە ئەوەیان دەکار هێنا و ئیستگای ڕادیۆیی سنە و
مەهابادیان دانا. ئەوەی مەهابادێ ئەمن بۆ
خۆم لە بیرمە ، ئەو دەمی ناڵێم خوێندکاری مەدرەسەی ناوەندی بووم ، بەرنامەی وای هەبوو کە خەڵکەکە واقیعەن گوێی
لێ ڕادەگرت. بەڵام ئەوە شەڕێکی ڕادیۆیی
ساز کرد وای لێ هات کە ئێران و تورکیا و
سووریا و عێڕاق کۆبوونەوەیان هەبوو
پێش ئەوەی کوودەتای عەبدولکوریم قاسم بکرێ
کە ئعتراز بکەن بە ؛ جا ئەوەم نەکوت . هەر ئەو زەمانی ساڵی ١٣٣٧ بە ئێرانی
ئاوا دەکا، دەبێتە ٥٨-١٩٥٧
ڕادیۆ قاهیرە بەرنامەیەکی کوردی دەست پێ کرد، نیو سەعات لە ڕۆژ دا. ئەویش
یەکجار زۆرخەڵک گوێی لێ ڕا دەگرت
عومڕانی: بە هاسانی ئەو
فریکانسانە دەی گرت لە کوردستان ؟
حەسەنپوور: ئا، زۆر باش
بوو.
عومڕانی: شتێک کاک
ئەمیر ، جیا لە ململانێی زل هێزەکان کە
هەلێکی ڕەخساند بۆ ئەوەی زمانی کوردی خۆی
بدۆزێتەوە لە ڕاگەیاندنەکان دا بە تایبەتی ڕادیۆ
، خودی هەوڵی ڕۆشنبیرانی کورد یان
بزووتنەوە و بزافە کوردییەکان چی بوو لە
پەرەسەندنی زمانی کوردی لەو زەرفە
زەمانییە دا ؟
حەسەنپوور: یانی ڕۆشنبیر
لە باشوور ؟
عومرانی: لە هەر چوار پارچە ، یانی خەریکە شتەکە بەس قەتیس ئەبێتەوە کە ئەوەی ململانییەک بووە لە جیهاندا لە ناو زل هێزەکان بەرەی شەرق و بەرەی غەرب و ئەمانە بۆ ئەوەی خەڵک لە پەیامەکەیان تێ بگا بە زمانی کوردی بەرنامەیان بڵاو دەکردەوە. شتێکی تر لە ئارا دا
نەبووە یانی خودی کوردەکان هەوڵێک بدەن بۆ
نموونە ئەو دەرفەتەی کە لە کۆماری مەهاباد ڕەخساوە یان ئەوەی سەردەمی شێخ
مەحموود و ئەو شوێنەی کە کورد توانیویەتی
خۆی دەسەڵات بێ.
حەسەنپوور: ئا ، جا ئەوە ناڵێم ئەو حیکایەتە حیکایەتێکی
زۆر ئاڵۆزە. ئەمن حەموو شتێکم باس نەکرد. مەسەلەن ئەتۆ کۆماری کوردستانت باس کرد
، یازدە مانگ حکوومەتی کۆمار چاپەمەنی زۆر
هەبوو ، زۆر بە نیسبەتی ئەو زەمانی نەک بە نیسبەتی ئێستا. ڕۆژنامەی کوردستان هەبوو حەفتەی سێ
ژمارەی لێ دەهاتە دەر. گۆڤاری کوردستان
بوو هەر دوو حەفتەی جارێک بڵاو دەبۆوە.
عومرانی : تەنێ یەکساڵ
حەسەنپوور: ئا . یازدە مانگ بوو حەمووی . پێم وایە '
گۆڤاری کوردستان ' تەنیا چوار ژمارەی لێ دەرچوو.
عومڕانی: ڕێنووس و ئەو
شتانە ، هیچ کۆ دەنگییەک لە سەری بوو ؟
حەسەنپوور: جا ئەخە ئەوە
ناڵێم داستانەکەی زۆر دوور و درێژە. مەسەلەن ئەو پرسیارەی ئەوەڵێ کردت کە ڕۆشنبیری کورد چی کرد؟ دەبێ بزانین لە چی دا چی کرد،
لە کوێ دا چی کرد. چون یەکپارچە نەبوو کوردستان . بۆ وێنە لە کوردستانی عێڕاقێ ئەوان ئازادی
وەیان هەبوو بە کوردی بنووسن. لە
کوردستانی ئێرانێ تەنیا لە دەورەی یازدە مانگەی کۆمار ئەو ئازادییە هەبوو. جا بۆیە تێکۆشانی وانە زۆر
جیاوازی هەبوو. لە سەرەتاوە حەولدان بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە زمانێکی مۆدێڕن و بەرەو ستاندارد بوون بچێ لە شەڕگەی چاپەمەنی دا بوو . وەک ڕۆژنامەی کوردستان ١٨٩٨ ، چاپەمەنی بوو ئەو دەمی بۆ وێنە ڕادیۆ
نەبوو. بەڵام ڕادیۆ کە هاتە گۆڕێ، ڕادیۆش زۆر گرینگ بوو. چاپەمەنی دەکار هێنانی
زۆر مەحدوود بوو. زۆربەی گەلی کورد نەخوێندەوار
بوو لە ساڵی تەنانەت ساڵی ١٩٥٨. زۆربەی
کورد لە گوندەکان دا دەژیان ، زۆربەیان نەخوێندەوار بوون لە هەر چوار پارچەی کوردستانێ. جا لەبەر وەی
چاپەمەنی لەگەڵ ئەوەشدا لە ووڵاتە
ڕۆژئاواییەکان و لە زۆر جێگەی دنیایە
دەورێکی سەرەکی بوە لە ستاندارد کردنی زمان دا ، بەڵام کوردی ئێستا
ڕادیۆیەی لێ پەیدا بوو. لە چاپەمەنی دا لە زۆر پارچەکانی کوردستان بێجگەلە سۆڤیەت و بێجگەلە عێڕاق ، کورد ئیجازەی نەبوو چاپەمەنی
دەکار بێنێ. بەڵام ڕادیۆ کە دێتە گۆڕێ ئامرازێکی تازەیە. وەک ئەو ئامرازە
عومڕانی : ئەو
گشتگیرترە.
حەسەنپوور : ئا. خوب خەڵکێکی زۆرتریش گوێی لێ ڕادەگرن. یەکێک لە
گوندێکی کوردستانێ، هەر گوندێکی کوردستانێ، ئەگەر
ڕادیۆیەی هەبا دەیتوانی گوێ بگرێتە بەرنامەی کوردی ئەوەش بڵێم ئەو زەمانیش ڕادیۆی کوردی ئاوا نەبوو لە ئەوەڵێ دا کە گشت کەس بتوانێ
گوێی لێ ڕابگرێ. چون ڕادیۆیە گران بوو .
کڕینی دەزگایەکی ڕادیۆیی گران بوو، هەر دەوڵەمەندان پێیان دەکرێ ڕادیۆ بکڕن. دوایە
زۆربەی کوردستان بەرق ( کارەبا) ی نەبوو. ڕادیۆیەی باتری گرانتریش بوو . من لە
بیرمە ئەو دەمی ساڵی ١٩٥٥ ، ٥٦ ، ٥٧ ئەو
زەمانی لە شاری مەهاباد دا هەر ماڵە
دەوڵەمەندەکان ڕادیۆیان هەبوو. مەهاباد ،
ئەو وەختی کە هەوا تاریک دەبوو تا سەعات یازدەی شەوێ بەرقی هەبوو ، کارەبا. دوایە ئیدی نەیبوو.
ڕادیۆیەک هەبوو، ڕادیۆی ئاندریا کە لە ووڵاتانی ئوڕووپاوە دەیانهێنا بۆ ئێرانێ،
باترێکەی نەوەد تمەن بوو . نەوەد تمەن
دەکرێ بڵێین حقووقی موعەلیمێک بوو ئەو
زەمانی. هەر کەسێک نەیدەتوانی. خەڵکی دێێ
ڕادیۆیەی نەبوو بە ڕاستی ، هەر ئاغاوەت ڕادیۆیان هەبوو، ئەویش نەک هەموو
ئاغاوەتێک. بەڵام سەر باقی وەی ئەوە زۆر جالیبە
کە دەوڵەتی بریتانیا دەستی کرد بە
ڕادیۆیەی ' یافا ' بە کوردی
بێ، کوردی بڵاو بێتەوە ، گۆڤاری ' نیشتمان ' ، ئەو دەمی حیزبی ژێکاف ، کۆمەڵەی ژێکاف لە ئارا دا بوو ، لە یەکێک لە ژمارەکانی نیشتمان دا دەڵێ زۆر مەمنوونین کە دەوڵەتی بریتانیا ئەو ڕادیۆیەی بە کوردی ، ئەو
ئیستگەی ڕادیۆیەی کردۆتەوە. زۆر سپاسی لێ
دەکا و...
عومرانی: لە کاتێکدا بۆ
خۆی لە بەرەی شوورەوی دا بوە بە شێوەیەک لە شێوەکان
حەسەنپوور: هێشتا کامیل
نا.
عومڕانی : باڵانسێکی ڕا
گرتووە
حەسەنپوور:
چون کە دوایە لە گەڵ بەرەی شووڕەوی کەوت
بوو بە حیزبی دێمۆکڕات . بەڵام خۆ هەر لەو زەمانیش دا ' نیشتمان ' عەکسێکی لێنین یشی بڵاو
کردۆتەوە ، باسێکی لێنینیشی تێدایە. چون
لەو ناوچەی دا کە ' نیشتمان ' بڵاو دەبۆوە ، خوب سۆڤیەتیش لەوێدا نفووزی هەبوو. باکووری
ئێران لە بەر دەست سۆڤیەت دا بوو. لە هەر
حاڵدا مەنزوورم ئەوەیە نیشتمان شتێکی وای نووسی
دوایە داوای کرد کە بی بی سی ش
بەرنامەیەکی کوردی دەست پێ بکا. ئەوەش سەیرە کە پێم وایە ساڵی ١٩٥٦ یا ٥٨ ئێستا باش لە بیرم نییە ، کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە
ئوڕووپا ئەوانە لە خرووشچۆف داوا
دەکەن کە ڕادیۆ مەسکەو بەرنامێکی بە کوردی
دابنێ. یانی ڕۆشنبیری کورد ، ئەوانەی
چالاکی سیاسییان دەکرد دەیانزانی
ڕادیۆ هێزێکی گەورەیە و هێز دەداتە زمانی
کوردی. هەر مەسەلە ئەوە نەبوو خەبەر بە زمانی کوردی بڵاو دەبێتەوە. باسێکیشیان بوو
ئەو ڕۆشنبیرانە پێیان وابوو ئەگەر زل
هێزێک،قودرەتێکی وەک بریتانیا یا
سۆڤیەت لە پشت زمانی کوردی بێ ، ئەوە گەلی
کورد بەرەوپێش دەبا. ئاوایان چاو لێ دەکرد ئەوان.
عومڕانی: یانی بە ڕاستی
کەمێکیشی وا نەبوو؟ بە سیرفی ئەوەی کە
زمانی کوردییان قەبووڵی کردەوە تەنانەت وەک
پەیامەکەی پێ ڕابگەیێنن خزمەت بە
گەشەسەندنی ئەو زمانەش دەکات.
حەسەنپوور: نا ، ئەوە
تەواو وا بوو. دەزانی چۆنە مەسەلەن ئەو
شتانەی کە ئینگلیستان نووسیویە لە سەر شتی دیپڵۆماتیکی دا کە ئێستا لە بەر
دەست دایە. پێت وایە بۆ دژایەتی وەیان دەکرد کە کوردی زۆر پەرە بستێنێ لە عێڕاقا.
مەسەلەن بۆچی. کوردی عێڕاقێ داوایان دەکرد کە لە مەدرەسەی ناوەندی دەبێ کوردی
دەکار بێ و کالیجێکیش دەبێ هەبێ بە کوردی و بە عەڕەبی. شکایەتیان کرد لە
عصبتەالامم ، League of Nations کە ئەو دەمی وەک
UN ی ئەو زەمانی بوو. شکایەتیان کرد
کە دەوڵەتی عێڕاق ڕێگا نا دا سەرباقی ئەوەی کە League of Nations بڕیاری داوە کە کوردی دەبێ لە خوێندنا دەکار بێ،
دەوڵەتی عێڕاق ڕێگە نادا کە کوردی لە مەدرەسەیی ناوەندی و لە کالیج دا دەکار بێ. بەڵام
تەنانەت نوێنەری دەوڵەتی عێڕاق کە ئەو باسانە دەکا، عوسەبەتولئومەم دەبوو ئەو
شکایەتەی کە کورد کرد بووی هەموو ساڵێ جارێک نوینەری ئینگلیستان کە عێڕاقی بە
دەستەوە بوو ، ئینتیدابی عێڕاق، دەبوو نوێنەری ئینگلیستان بچێ لە
عوسبەتولئومەم بڵێ کە بۆچی ڕێگە نادا.
نوێنەری ئینگلیستان لە عوسبەتولئومەم دا کوتی
بە قازانجی کوردانە کە عەڕەبی باش فێر بن ، ئێستا پێویست نییە لە مەدرەسەی
ناوەندی کوردی هەبێ و بە کوردی بخوێندرێ و کالیج بە کوردی هەبێ. ئەوە بە قازنجی
کوردان نییە
عومڕانی: ئەوە فشاری لایەنە
عەڕەبییەکان نەبوو یان
حەسەنپوور: نا، ئەوە بوو کە ، دەمەویست ئەوەی بڵێم ،
دەوڵەتی عەڕەبی بەغدا پێی خۆش نەبوو کە زمانی کوردی پەرە بستێنێ ، جون پێی وا بوو
دوایە کوردان داوای وەی دەکەن ببنە
دەوڵەتێکی سەربەخۆ . ئینگلیستانیش دژی ناسیۆنالیزمی کورد بوو چون پێی وا بوو ڕێگە
دەدا بە وەی کۆمۆنیزم لە عێڕاقێ دا پەرە بستێنێ .
عومڕانی: بەس لەو ئاستە دەیویست کە
پەیامەکەی خۆی بگەیێنێ
حەسەنپوور: کێ پەیامی خۆی بگەیێنێ .
عومرانی: بریتانیا ، بەس شتێک کاک
ئەمیر، نە دەیەویست زمانی کوردی گەشەی ئەوتۆ بستێنێ و نەش زۆر ڕیوەگری لێ دەکرد
هەتا ئەو ڕادیۆیەشی دانا یانی دەیەویست نە
زۆر
حەسەنپوور: ڕادیۆیەکە دوایە بوو.
ڕادیۆیەکە مەسەلەی زەمانی شەڕ بوو
عومڕانی: یانی پێشتر بە تەواوتی موخالیفی،
ناکۆک بوو لەگەڵ ئەو پەرەسەندنی زمانی کوردی
حەسەنپوور: نا ، لە پێشدا ناڵێم
ئینگلیستان بۆخۆی ئەوەی دامەزراند کە زمانی کوردی دەکار بێ، یانی دەورەی ئینتیداب کە دەستی پێکرد. ڕەسمەن لە
ساڵی ١٩٢٠ وە هەتا ١٩٣٢ دەوڵەتی ئینگلیستان دەسەڵاتی سەرەکی هەبوو. بەڵام
دوایە کە دەوڵەتی عێڕاقی دروست کرد وەک
دەوڵەتێکی عەڕەبی دروستی کرد، بەڵام دەوڵەتی ئینگلیستان ڕێگەی دەدا کە کوردی بنووسرێ
بەڵام لە ڕادەیەکی وا دا کە تەنیا لە مەدرەسەی سەرەتایی دا و تا ڕادەیەکیش لە ئیدارات دا ، لە شارەدارییەکان
دا زۆرتر. یانی ئەوە درێژەی بوو ، بەڵام
دەوڵەتی عەڕەبی بەغدا کە ڕەسمەن سەربەخۆ بوو، ئەوان خۆیان دەیان کوت کە
سەربەخۆ بێ ١٩٣٢، دەوڵەتێکی ناسیۆنالیستی عەڕەب بوو کە ڕێگەی نەدەدا زمانی کوردی لە مەدرەسەی
ناوەندی دا دەکار بێندرێ یا کالیجێک بە
زمانی کوردی هەبێ. دەوڵەتی عێڕاق ئەوەی رێگە نەدەدا. دەوڵەتی ئینگلیستانیش ئەو
سیاسەتی دەوڵەتی عێڕاقی قبووڵ کرد بوو ،
جار جارە ناڕەزایەتێکی پێشان دەدا ، بەڵام قبووڵی کرد بوو چون هەم دەوڵەتی عێڕاق،
هەم دەوڵەتی بریتانیا کە سەر باقی سەربەخۆبوونی عێڕاق لە عێڕاقێ دا هەر هێزێکی
گەورە بوو بریتانیا، ئەوانە دەترسان کە ناسیۆنالیزمی کورد ڕێگە دەدا بە وەی کە
کۆمۆنیستان چالاکی زۆرتریان بێ و
کوردان بەرەو کۆمۆنیزم بڕۆن و سیاسەت و
بەرنامەی ئیمپریالیزمی ئینگلیس و ئەمریکا لە ناوچە دا لە مەترسی کەوێ.
عومڕانی: کە وایە لەم ڕێرەوە مێژووییە دا چوار ئاڕاستەی چوار ووڵات، ئەو ئەنجن ئەنجن بوونە ،
چوار ئاڕاستە و تەکاموڵی گەشە سەندنی زمانی کوردی
بە خۆێەوە بینی؟
حەسەنپوور: ئا، لە هەر ووڵاتەی جیاواز
بوو. یانی سیاسەتەکان وەک یەک نەبوون.
عومڕانی: وە لێرە دا ڕۆشنبیرانی کورد
یا ئەو ئەماڕەتە کوردییانە هەرچییەک ناویان بنێین کۆمار و ئەوانە هیچ کەڵکەڵە دەغدەیەکیان نەبوو بۆ ئەو باسی زمانی یەکگرتوو وە یا یەکتر ببینن یا باسی لێوە بکەن و ئەو شتانە ؟
حەسەنپوور: نا ، ئەو باسە هەر وەک کوتم
لە سۆڤیەت هەبوو بۆ خۆیان. لە تورکییە نەی دەتوانێ ببێ چون خوێندن و نووسین بە کوردی قەدەغە بوو ، لە سوورییەش
کارێکی وایان نەتوانی بکەن یانی ڕێگایان نەدەدا بە خوێندن و نووسین لە ئێرانیش هەر
وا. لە عێڕاق بوو ، لە عێڕاقێش لە سەرەتاوە بە سۆرانی دەخوێنرا و دەنووسرا. ناوچەی
بادینان زۆرتر عەشیرەیی بوو. مەسەلەن ئەو
دەهۆکەی کە ئەلئان بۆتە شارێکی گەورە، ئەو زەمانی پێنج شەش هەزاری نفووس هەبوو.
شارەکانی دی بادینان، زاخۆ هەر هیچ نەبوو ، دێیەکی گەورە بوو. ئەو دەمی زۆرتری
ڕۆشنبیرانی باشوور زۆرتر سۆرانی زمان بوون نەک کرمانجی زمان. جا بۆیە هەتا ساڵی
١٩٣١ کە حکوومەتی عێڕاق قانوونی لۆغاتی محەلی دانا کە کوردی و تورکومانی، و ئاسۆری
ببنە زمانی محەلی بۆ دەکارهێنایان دە کاری خوێندن و نووسین و پەروەردە دا ، تا ئەو
زەمانی وا داندرابوو کە خوب، کوردی بە سۆرانی یە لە کوردستانی عێڕاقێ. بەڵام ئەو
قانوونە کە هاتە گۆڕێ دەوڵەتی عێڕاق بۆ ئەوەی دووبەرەکی بخاتە ناو کوردان و زمانی
کوردی پێش نەکەوێ ئەو باسەی هێنا گۆڕێ کە کوردی دوو لەهجەی سەرەکی هەیە و جارێ ئەو قانوونی لۆغاتی محەلی هەر بۆ ناوچەی
سۆرانییە. بۆ ناوچەکانی دی دەبێ بزانین
ئەوان خۆیان چۆن بڕیار دەدەن.
عومڕانی: ناتوانێ هۆکارێکی تریشی ئەوە
بێ کە بە ڕاستی ئەو جیاوازییە زەق بوو . بۆ نموونە وەک دەگێڕنەوە لە دەڤەری بادینان کاتی خۆی کە بڕیار درا زمانی کوردی وانەکانی بوترێنەوە
خەڵک لەوێ چوو ئعترازی کرد کە ئێمە عەڕەبی پێی ئاسانترین تا بۆ نموونە سۆرانی .
یانی ئەم جیاوازی زاراوانە خۆی بۆ خۆی هۆکارێکی جیدی بوو، بە دەر لەوەی کە ئەوان دەیانویست دووبەرەکی بخەنە ناو زمانی
کوردی
حەسەنپوور: نا، ئەو دەمی
دەوڵەتی ئینگلیستان کە هێشتا ئینتیدانی عێڕاق بە دەست وی بوو، لە وەزعێکی
وا دا نەبوون کە ڕێفراندۆمێکی ئاوا بکەن. کارێکی کە کردیان لە چەند مەلا و ڕۆشنبیر
، نەزەری ئەوانەیان ویست. نەزەری خەڵکەکەی زۆرتر ئەوە نەبوو کە ، ئەوە ئەڵبەتە لە
بابەت ئەوە بوو کە چ ئەلفووبێیەک دەکار بێندرێ. کارێکی وایان کرد، لەگەڵ مەلاکان
زۆرتر پێوەندییان گرت، لەگەڵ چەند ڕۆشنبیری غەیری مەلاش پێوەندییان گرت. بەڵام لە ساڵی ١٩٣١ کە ئەو قانوونەیان دانا ،
وایان دانا کە ناوچەی سۆرانی هەر بە زمانی
خۆی دەخوێنێ و ناوچەی بادینان کە کرمانجی
زمانە ڕای دەگرن بۆ دوایە کە بۆخۆیان
بڕیار بدەن کە چ بێ. بەڵام حەولێکی وایان
نەدا کە تەنانەت ئەو قانوونەش جێ بە جێ بکرێ و لە ناوچەی بادینان دا ڕوون بێتەوە
کە دەیانەوێ چ بکەن. ئەوانە هەر وا ڕایان گرت. کە بمێنێتەوە بۆ دوایە. دوایەش کە
عێڕاق سەربەخۆ بوو دیسان لە بادینان حەڕەکەتێکی
وا نەبوو بڵێن ئێمە دەمانەوێ بە کرمانجی بخوێنین یا بە عەڕەبی بخوێنین. ڕاستەکەی
ئەوەیە
عومڕانی: داخوازی نەبوو
حەسەنپوور: داوخوازییەکی وا نەبوو ئەو
دەمی لە بادینان. لە ١٩٥٨ شتێکی وا پەیدا بوو.
١٩٥٨یش لە بەر ئەوەی ڕادیۆی بەغدا دەستی کرد بەشێک لە بەرنامەی ڕادیۆ
کوردییەکەی ئی بەغدایە کرا بە کرمانجی. کە
ئەو دەمی دیسان ڕۆشنبیری سۆرانی ڕەخنەیان بوو لە دەوڵەتی قاسمی دەیان کوت دەیانەوێ
دوو بەرەکی بخاتە نێو کورد. ئەو دەمیش دیسان هەر بەو شێوەیە هاتە گۆڕێ.
عومڕانی: ئەو شەڕە، شەڕی بە قەولی
ڕۆشنبیران ئی زاراواکان هەتا ئێستەش بە شێوەیەک لە شێوەکان درێژ بۆتەوە. لەوەی کە
ڕۆشنبیرانی سۆرانی ئاخێو داوایان کرد کە
زمانی ، ماوەیەک لەمەو بەر یانی ٢٠٠٨بوو
پێم وا بێ کە لە باشوور زمانی سۆرانی بە شێوەیەک لە شێوەکان
بکرێ بە زمانی فەرمی . ئەم بەریەک کەوتنانە، ئەم پێکدا هەڵپڕژانانە چۆن دەبینن؟
حەسەنپوور: ئەوانە من ئاوای دەبینم کە
بۆچوونێکی دێمۆکڕاتیک نییە بۆ لەهجەکان.
عومڕانی: ئەی یانی بەرانبەری بۆچوونی
دێمۆکڕاتیک ، گەڕەلاوژەیەک
حەسەنپوور: مەبەستم ئەوەیە وەختێکی کێشەی
زمانی هەیە، ناکۆکی لەهجەکان هەیە، ناکۆکی زمانەکان، ئەو ناکۆکییە دیارە بنەمایەکی
مادی هەیە. هۆیەکەی تا ڕادەیەکی دەکرێ بزانین. بۆچی لە کوردستانی عێڕاق دا شتێکی
وا هەیە؟ بە کورتی ئەگەر باسی بکەم لە
باشوور، هەر وەک دە پێشدا کوتم لە ناوچەی
سولەیمانی بوو کە ڕۆشنبیری کورد ئەوەڵێ پەیدا بوو و شارنشینی زۆرتر ناوچەی
سولەیمانی بوو. سولەیمانی ئەو دەمی لە هەولێر گەورەتر بوو ، لە ساڵانی ١٩٢٠ و ٣٠ و
چل و ئەوانە. سولەیمانی ناوەندی حەڕەکەتی میللی کورد بوو. ئینگلیسییەکان زۆر تووڕە بوون لە سولەیمانی.
هەمیشە لە نووسراوەی دیپڵۆماتی واندا کە ئێستا لە بەر دەست دایە و ئەو زەمانی سیڕی
بوو، باسی وەیان دەکرد کە سولەیمانی ناوەندی ئاژاوەیە. زۆر دەترسان لە سولەیمانی. خەیاڵیان لەهەولێر ،
یانی پێیان وا بوو هەولێر وا نییە، هەر سولەیمانی ئاوایە. ناوچەیەکی 'ئاژاوەچی' یە
لە ڕوانگەی وانەوە، بەو مەعنایە کە داخوازی میللی یان هەیە ، دەیانەوێ سەربەخۆ بن
. ئەوان ئاوایان چاو لێ دەکرد.
عومڕانی: بەڵام ، مەبەستم ئەوە بوو کە
ئیستیدلالی ،ئارگومێنتی خودی سۆرانی ئاخێوەکان شتێکی ترە ئێستا. یانی ئەو شێوازی
ژیان و بەرهەمی مادی و ئەو جوغرافیا
دەڤەرەی کە تێیدا دەژین پێیان وایە کە
کورمانجی دواکەتووترن، لە بواری کولتووری و سیاسی
حەسەنپوور: چا ئەخە دەمەویست ئەوەی بڵێم.
عومڕانی: ئیستیدلالیان ئەوەیە .
حەسەنپوور: دەمەویست ئەوەی بڵێم ، کوتت
بۆچی ئاوا بوە عیلەتەکەی ئەوەیە کە سولەیمانی
ناوچەی دەسەڵات بوە لە پەیدا بوونی دەوڵەتی عێڕاق و دوای ویشدا، هەر
بۆیەش سەدام حوسێن بەرنامەیەکی وای هێنا
گۆڕێ کە ئەو دەسەڵاتە لە سولەیمانی
وەرگرێ. بۆ وێنە زانکۆی لە سولەیمانی ڕاگوێستەوە بۆ هەولێر. یانی ئەوە بەرنامێکی
ڕێژیمی سەدامی بوو کە ئەو هێزەی کە سولەیمانی لە مێژوو دا کۆی کرد بۆوە، لە
ئەماڕەتی بابان ڕا بگرە دوایە لە دەورەی ئینتیداب دا و ئەوەی کە عوسمانییەکان
مەدرەسێکی عەسکەرییان لەوێ دروست کرد بوو ، زۆربەی ڕۆشنبیران ئاوا بوون، ناوچەی جاپەمەنی و ئەوانە بوو، دەوڵەتی سەدام حەولی دا
ئەو دەسەڵاتەی لێ وەرگرێ. یانی ئەو دەسەڵاتەی کە درابوو بە لەهجەی سۆرانی، ئەو
مێژوویە ئەو دەسەڵاتەی دا بوو ، نەک ئەوەی
کە بڵێی لەهجەی سۆرانی باشترە لە لەهجەی کرمانجی. شتی وا نییە هیچ لەهجەیەک
لە لەهجەیەکی دی باشتر نییە. لە باری زمانناسێوە .
عومڕانی: لەو وەختە مێژووییە دا کە بۆ
نموونە پرسی کورد لە پارچە کورمانجی ئاخێوەکانیش پەرە ئەستێنێ لە بواری سیاسی و
مادی ، گۆڤار و بڵاۆک و تلڤیزیۆن و ئەو شتانە زۆر بۆ ، بۆ نموونە کورمانجی ، ئەم
هاوکێشەیە چی لێ دێ باسی کرمانجی و سۆرانی ؟
حەسەنپوور: ئەتۆ قۆناغی دوایە باس دەکەی.
دوای پێک هاتنی حکوومەتی هەرێم ئیدی ئەو وەزعە دەگۆڕدرێ. دەوڵەتی سەدام لاچۆە ،
فکری لێ بکەوە لەهجەکان چی لێ دێ . وای لێ
هات کە ، ئەمن زۆرم حەول دا ئەو زەمانی خەریکی لێکۆڵینەوە بووم سەبارەت بە ستاندارد بوونی زمانی کوردی کە بزانم سنووری کرمانجی و سۆرانی چییە ؟ زۆر زەحمەت بوو بتوانی ئەو سنوورەی پەیدا بکەی
چون ڕێگەی وەی نەبوو لێکۆڵینەوەی مەیدانی بکەی . بەڵام کە ڕێژیمی سەدامی تێک چوو ،
لە تەواوی ئەو جێیانەی ، ئەو شار و شارەدێ و ئەوانە کە کرمانجی زمان بوون هەموو نووسینەکان وەک
تابڵۆکان و ئەوان حەموو کرا بە کرمانجی. نەبوو بە سۆرانی بۆ وێنە لە دهۆک زۆر
زەحمەتە ئەتۆ تابڵۆیەک پەیدا بکەی کە بە
کرمانجی نەبێ یا لە زاخۆ. ئەوان خۆیان
هێشتا دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم دانەمەزرا بوو، خەڵکەکە بۆ خۆی کە گەڕاوە لە ڕەو و لە ئاوارە بوونی
تورکیا و ئێران و ئەوە، کە گەڕاوە و حکوومەتی هەرێم پێک هات خەڵکەکە بۆ خۆی ئەو
بڕیارەی دا ئەوەی کرمانجی زمانە بە کرمانجی دەنووسێ نەک بە سۆرانی.
عومڕانی: ئێوە خۆتان باستان لەوە کرد
کە پێویست بوو شێوازی گواستنەوە، هاتوچۆ و
پێوەندی گۆڕا پێویست بوو زمانێک هەبێ لەو
دەڤەرە خەڵک لێک تێ بگا ، بۆچی بۆ نموونە
کاتێک لێرە سۆرانی دەتوانێ ئەو ڕۆڵە بگێڕێ ئێمە دێین باسی دێمۆکڕاتیک بوون دەکەین
یان باسی ئازادی ، جۆرەیەک گەڕەلاوێژێ لە نێوان زاراوا و بن زاراواکان زەق
دەکەینەوە وە ڕێگە نادەین کە ئەو پێوەندییە دروست بێ ؟
حەسەنپوور: ئا، ئەوەش دیسان بنەمای مادی
هەیە و مێژووی خۆی هەیە. ڕاستیەکەی ئەوەیە
دیارە لە فەڕانسە دا کە لەهجەی پاریس بۆتە لەهجەی ستانداردی زمانی فەڕانسە ، حەموو
خەڵک خۆ بەو لەهجەیەی قسەیان نەکردووە. لە پڕۆڤانس لەهجێکی دی هەبوو.
عومڕانی: پێنج زمان لە ناو چوون
حەسەنپوور: بەعزە زمانێکیان لە ناو
بردوە. لێرەشدا زەبرو زەنگیان دەکار هێناوە . زەبروزەنگی دەوڵەتی ئاوا نا کە خەڵکی
کوشتار بکەن ، بەڵام زەبروزەنگی مەدرەسەی دەوڵەتی ، پەروەردەی دەوڵەتی ، ئەڕتوشی فەڕانسە
عومڕانی: پێت وا نییە کە ئەو
زەبروزەنگە ئیجتیناب ناپەزیر ە بە شێوەیەک لە شێوەکان ؟
حەسەنپوور: ئیجتیناب ناپەزیرە ، بەڵام یانی
دەزانی چۆنە مێژووی ئەو زمانانە ئاوا بوە
کە لە ئوڕووپایەش ستاندارد بوونی وەگەرکەوتنی لەهجەیەک و ستاندارد بوونی و بوونی بە زمانی نەتەوەیی ئی
ئەو گەلە زەبر و زەنگی تێدا بوە، جا ناڵێم، زەبروزەنگەکە هەر کوشتار نەبوە.
زەبروزەنگی نیزامی پەروەردەی گشتی، نیزامی لەشکری، عەسکەری، ئەڕتەشی کە بە یەک
زمان قسان دەکا. ئەوانە و زۆر شتی دی ؛ ئیرادەی دەوڵەتی ئەوانە لەهجەیەکی بە سەر
ئەوانیدی دا زاڵ کردوە. جا لە کوردستانی دا خۆ ئەو شتە ئاوا نەبوە. لە کوردستانا
بە جوورێکی دی بوە، لەهجەی سۆرانی دروستە زۆرتر دەکار هاتبوو تا لەهجەی کرمانجی ،
ئەوە دروستە بەڵام وەزعەکە گۆڕدراوە. ئەوانەی کە کرمانجی زمانن دەزانن هەر لە
بادینان نییە کە کرمانجی هەیە لەوبەری
سنوور لە ڕۆژئاوا کرمانجی هەیە ، لە باکوور کرمانجی هەیە . ڕۆشنبیرەکانیان ئەوەیان دەزانی، لە سۆڤیەت کرمانجی هەیە، ڕادیۆ
ئێرەوان هەیە.
عومڕانی: لە ئێران
حەسەنپوور: ئا، لە ئێران کرمانجی هەیە .
ڕۆشنبیرانی ئەوێ ئەوانەیان دەزانی. دوایە ئەوەشیان دەزانی کە
عومڕانی: یانی دەتانەوێ بڵێن جوغڕافیای
کوردستان ، واقعی جوغرافیای کوردستان ڕێگە بەو شێوازە نادا کە بۆ نموونە سۆرانی
هەر وا کە زمانێکی تر ویستوویە و ئەو کارەی کردوە خۆی سەپاندوە ئەو خۆی بسەپێنێ.
حەسەنپوور: هەم جوغرافیاکەی ، هەم
دابەشبوونی جوغڕافیایی لەهجەکان، هەم ڕادەی تەکامولی کۆمەڵی و ئابووری کوردستانێ
ئەوە زۆر فاکتۆری وایە . تەواوی ئەوانە
جوورێک بوو کە عەینەن وەک مێژووی ئوڕووپایە نەبوو . بەڵام بەعزە شتێکیشی هەر وەک
مێژووی ئوڕووپایە بوو . هەر وەک کوتم لەهجەیەک ببێتە، لەهجەی زمانی ڕەسمی بۆ
تەواوی نەتەوەیەک ئەوە ئەغڵەب زەبر و زەنگی تێدا بوە. هەر بۆیەش جارێکی دەپرسن لە
یەکێکی کە تەفاوەتی لەهجە و زمان چییە ؟
دەڵێ زمان لەهجەیەکە کە تۆپ و تانکی لە پشت سەرە. ئەڕتەشی لە پشت سەرییە.قودرەتی
دەوڵەتی لە پشت سەرە. لە کوردستان دا کە حکوومەتی هەرێم هاتە پێش . تۆ خۆت لە
جیاتی یەک نەفەر لە بادینان دابنێ کە سۆرانیش فێر نەبوە، ڕێژیمی سەدام ڕووخاوە دەڵێن " کورد " دەسەڵاتی
هەیە [بە دەست دوو واوی سەرەونخوون نیشان دەدا] ، هەر کەسەی تەعبیری خۆی هەیە .
کورد دەسەڵاتی هەیە خوب ئەمن دەمەوێ بە لەهجەی خۆم بنووسم ، دەمەوێ بە لەهجەی خۆم بە تەلەیفوون
قسە بکەم. دەمەوێ لە زانکۆ دەرسێ دەخوێنم بە لەهجەی خۆم بێ. دوایە کە دێن چەند
کەسێک لە سولەیمانی نامە دەنووسن بۆ حکوومەتی هەرێم کە دەبێ سۆرانی لەهجەی سەرەکی بێ ، دیارە ئەوانیش بەربەرەکانی وەی دەکەن. ناکۆکییەکە شێوەیەکی
ئاوا پەیدا دەکا کە
عومڕانی: وە ئێوە ناوی دەنێن شووێنیزمی
سۆرانیبە بەڵام زۆر کەس بەرەو ڕووی ئەو شتە بۆتەوە بەو واتایە کە هێندێ ئیفڕات لەو
ووشەیە دا، زێدەڕۆیی نازانم خۆتان ووڵامتان چییە بۆ ئەوە؟
حەسەنپوور: ئا ، ئەمن شوێنیزمی سۆرانی بەوەی دەڵێم کە چەند نووسراوەیەکم باس کرد بوو . دەزانی چۆنە
زۆر سەیرە. یەکیان باسی وەی کرد بوو کە سۆرانی زۆر پێشکەوتوە، سۆرانی ماوەیەکی
زۆرە ئەدەبییاتی هەیە ، نووسینی هەیە ، زانستی پێ
باس کراوە بەڵام کرمانجی وا نییە .
کرمانجی دیارە ئەدەبییاتی کۆنی هەیە بەڵام
ئەدەبییاتی تازەی نییە.
عومڕانی: تەنانەت هێندێکیان دەڵێن
شتێکی زاتی لە سۆرانی دایە کە لە شتەکانی
ترا نییە.
حەسەنپوور: کە لە وانیدی دا نییە. دوایە
ئەوەی زۆر سەیرە کە ئێمە ناڵێین کرمانجی پێی نەنووسرێ و پێی نەخوێندرێ بەڵام هەر کەسە لە ماڵە خۆی پێی بخوێنێ و پێی بنووسێ
، زمانی پەروەردە نەبێ ، زمانی حکوومەت نەبێ . دوایە کۆ بکرێتەوە، ئەوە زۆر خۆشە،
ووشەکانی کۆ بکرێتەوە بۆ وەی سۆرانی پێ دەوڵەمەند بکرێ. جا ئەوە زۆر خۆشە ، ئەمن
دەڵێم خۆشە مەنزوورم ئەوەیە زۆر ناخۆشە . چون لە ئێرانێ شۆوێنیستە فارسەکان هەر
ئەوەیان دەکوت . دەیان کوت ئا ، زمانی کوردی لە فارسیش خالیسترە ' زبان خالص کردی
' نازانم ' آریائی تر از زبان فارسی ' ، '
زبان فارسی بە عربی آلودە شدە است اما گویش کردی پاک و تمیز و اصیل ماندە است
' دەبێ مەسەلەن ' همەی واژەهای گویش کردی را جمع آوری کرد کە
زبان فارسی را غنی کرد ' مەسەلەن. ئەو قسانەیان دەکرد، عەینی ئەو قسانەی کە
شۆوێنیستە فارسەکان بە کوردانیان دەکوت کە
لەهجەی ئەنگۆ لە فارسی خالیسترە و دەبێ
کۆوە بکرێ ، نەک ئەوەی کە لەهجەی کوردی حەقی ئەوەی هەیە لە مەدرەسەی پێی بخوێندرێ
ئەوە نا. بەڵام لەهجەکەتان دەبێ
ووشەکانیان کۆ کەینەوە بۆ ئەوەی فارسی پێ غەنی بکرێ. عەینی ئەو قسانە شۆوێنیستە
سۆرانییەکان دەیان کرد بۆیە من کوتم شۆوێنیزمی
سۆرانی.
عومڕانی: یەک شت کاک ئەمیر هەر لەو
باسەیا، نازانم یانی ئایا نەیشن – ستەیت دروست کردن ، دەوڵەت – نەتەوە بە ڕاستی
هەر پێویستیی بەو یەک زمانە هەیە ، یەک ئاڵا، یەک زمانە یان نا، دەتوانێ
جوغڕافیایەک هەبێ نەیشن ستەیتێک دروست بێ و زۆرێ زاراوا هاوتەریبی یەک پەرە بستێنن
یان وەک پێشنیار دەکرێ زمانێکی دیوانی
دروست بکرێ؟ یانی ئەمە زەروورەتی دەوڵەت نەتەوەیەکە سۆرانی زەق بکرێتەوە یان شتێ
تری لە پشت سەرە.
حەسەنپوور: نا دەوڵەت – نەتەوە ، نەیشن
ستەیت ، نەتەوە – دەوڵەت دیاردەیەکی
نیزامی سەرمایەدارییە. پێش سەرمایەداری ئێمە نەتەوە- دەوڵەتمان نەبوە. بەڵام
نەتەوە ٠ دەوڵەتیش خۆ یەک جوور نەبوە، چەند جوور بوە. سویس نەتەوە دەوڵەتە ،
بێلژیک نەتەوە دەوڵەتە هەر دووکیان چەند زمانین. کانادا نەتەوە دەوڵەتە دوو زمانی
یە. ئەوە شێوەیەک نەتەوە دەوڵەت دروست کراوە. بەڵام زۆربەی ناسیۆنالیستی دنیایە
بۆچوونیان سەبارەت بە نەتەوە دەوڵەت ئەوەیە کە یەک نەتەوە، یەک زمان ئەغڵەبیش
دەڵێن یەک خەت و نووسین. یەک حەموو شتێک. حەموو شتێک دەبێ یەک بێ. یەک نیزامی
پەروەردە، یەک باڵندەی نەتەوەیی ، شتی واشیان دروست کردوە. یەک حەیوانی نەتەوەیی،
مەسەلەن لە کانادایە beaver پێم بە کوردی پێی دەڵێن ' سەگاو ' ، ئەوە
حەیوانی نەتەوەیی کانادا یە بۆ وێنە. حەموو شتێک دەبێ یەک بێ، نەتەوە یەکە. تەواوی
ئەندامانی نەتەوە دەبێ لە سەر یەک شت ساغ بنەوە ، ئەوەی کە ئەندامی یەک نەتەوەن و
بە تایبەتی زمانەکەیان یەک زمانە و یەک لەهجە یە، ئەوە ئەو بۆچوونەش هەیە . بەڵام
حەموویان وا نین.
عومڕانی: یانی دەکرێ بۆ نموونە لە
باشووری کوردستان کە جیا لە کورمانجی، سۆرانی، هەورامی تێدایە ، کەلهوڕی تێدایە ،
ڕێژەیەکی فراوان کەلهوڕی لێیە دەکرێ چی بکرێ لەم ناوە دا باشترین ڕێگا چارە چۆن،
چی دەبینن ؟
حەسەنپوور: یەک شتیش هەیە . دەکار هێنانی زمانێک بۆ پەروەردە و بۆ کاری
ئیداری کێشەی ئەوەی دێنێتە گۆڕێ کە چەند
کەس بەو زمانە دەئاخێون؟ بۆ وێنە هەورامی ئەدەبییاتەکەی کۆنترە لە کرمانجی و لە
سۆرانی. یانی ئەدەبییاتی ئەو لەهجانە ئەوەڵێ هەورامی یە ، دوایە کرمانجی یە لە
باری مێژووییەوە، کڕۆنۆلۆژی، لە باری زەمانەوە، ئەوەڵ هەورامی یە ، دوایە کرمانجی
یە ، دوایە سۆرانی یە. ئەوانەی کە بە هەورامی دەئاخێون نفووسیان زۆر کەمە ،
عومڕانی: بەڵام داخوازییان هەیە. یانی
بەردەوام ئەمەیان ڕاگەیاندووە لەم چەند ساڵەی دوایی دا.
حەسەنپوور: نا، جا من ئەوەی دەمەوێ بڵێم
، ئەو جوورە ناکۆکییانەی لەوبارەیەوە [هەن] ئەوەیە کە لەهجەکان لە باری پێشینەی
ئەدەبییەوە نابەرابەرن، بۆ وێنە سێ لەهجەیە کە ئەدەبییاتی هەیە ، ئەدەبییاتی دەست
پێ کرد. هەورامی و کرمانجی و سۆرانی. هەوارمی لە پێشترە ، دوایە کرمانجی، دوایە
سۆرانی. بەڵام وای لێ هات کە ئەوەڵ چاپەمەنی بە کرمانجی بوو ، نەک بە سۆرانی
وهەورامی . دوایە هەورامی نەیدەتوانی لە عێڕاق دا بۆ وێنە دەوڵەتی ئینگلیس نەیدەتوانی هەورامی بکا بە لەهجەی نووسین و
خوێندن لە عێڕاق دا بۆچی؟ چون نفووسیان زۆر کەم بوو هەورامییەکان لە عێڕاق دا. جا
بۆیە مەنزوورم ئەوەیە پێشینەی ئەدەبی و دەکارهێنانی لە ئەدەبییات دا لەگەڵ ژمارەی
ئاخێوەران ئەو دەمی لە ناکۆکی دەکەوێ. مەسەلە ئەوەیە کە زمان بۆ خۆی سەرچاوەی هێزە
. ئەلئان لێرە. ئێمە لە فەڕانسەین ، ئەلئان کەسێک لێرە بژی و زمانی فەڕانسە نەزانێ
بەعزە کەمایەسییەکی هەیە . بەعزە کارێکی بە هاسانی بۆ ناکرێ. بچێ کاری ئیداری
هەبێ، بچێتە نەخۆشخانە نەخۆشی هەبێ ، بچێتە دەرەوە شتێک بکڕێ ، شتێک بفرۆشێ ئەوانە ئەتۆ زمان نەزانی ئەوانە زۆر کارت ناچێتە پێش. جا بۆیە زمان خۆی هێز دەدا،
دەسەڵات دەدا بە کەسێکی کە بەو زمانەی
دەتوانێ بدوێ و بنووسێ یا ناتوانێ بدوێ و بنووسێ. ئەو پێوەندییانە کە دێتە سەر
زمانی کوردی، سۆرانی ئاخێوان کە دەڵێن سۆرانی دەبێ ببێتە لەهجەی ڕەسمی ، کاریان
بەوەی نییە کە ئەو پێوەندییانە چن .
عومڕانی: یانی ئێستا ڕێگا چارەکە ، حەز
دەکەم زۆر ڕوونتر دەبێ چی بکرێ ؟
حەسەنپوور: دەبێ چی بکرێ ئەوەی کە لە
عێڕاق دا زۆرتری خەڵکی باشوور ، لە پێشدا زۆرتریان بە سۆرانی دەدوێن ، قسە دەکەن،
دەئاخێون ، دوایە بە کرمانجی ، دوایە بە لەهجەکانی دی. دەبێ بەرابەری هەبێ بەینی
ئەوانە بەو مەعنایەی کە هیچ لەهجەیەک نابێ سەرکوت بکرێ. بە هیچ جوورێکی نابێ پێشی
هیچ لەهجەیەکی بگیرێ بڵێ وای دابنێ هەورامی زمانەکان دەیانەوێ زانکۆیەک دامەزرێنن
لە هەڵەبجەی حکوومەتی هەرێم نابێ حەقی وەی
هەبێ بڵێ ئەنگۆ ناتوانن زانکۆو هەبێ بە لەهجەی خۆتان .
عومڕانی: بەڵام واقعییەتێک هەیە .
بەحسی هێزت کرد ، زمان سەرچاوەی هێزە بتەوێ و نەتەوێ لەو جوغرافیایە دا لە ئەگەری
هەبوونی یەکسانییەکی ڕێژەیش دیسان دواجار
بۆ نموونە دەبێ بڕۆمە سلەیمانی خەڵک لە زاراواکان، دواجار سۆرانی خۆی ئەگرێ لە ناو
خەڵکا، یانی خەڵک ناچار دەبێ کە سۆرانی
فێر بێ.
حەسەنپوور: ئەوە وایە ، تەواو وایە. یانی
ئەوەی کە کوتم لەهجەی سۆرانی دەسەڵاتی پەیدا کردوە و شۆوێنیستە
سۆرانییەکان دەیانەوێ ئەو دەسەڵاتەی دەکار
بێنن لە دژی کرمانجی ئەوە لە بەر ئەوەیە ، ئا ئەو دەسەڵاتەی پەیدا
کردوە بەڵام هەر بەشێکی لە بەر ئەوەیە کە
نفووسی سۆرانی ئاخێوان زۆرترە لە وانیدی. شتی دیشی لە گەڵ هەر وەک باسم کرد ،
بەڵام ئەوەش فاکتۆرێکە. وە ئەغڵەبی وای لێ
دێ. ئێستا ئەمن دەڵێم تورکیا. فەڕز کە وای
دابنێ وەک عێڕاقی لێ بێ تورکیا. لە عێڕاق دەستوور یا قانوونی ئەساسی دەڵێ دوو زمانی ڕەسمی عێڕاقێ عەڕەبی و کوردین. یانی
لە باری قانوونییەوە لە یەک ڕادە دان .
بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە عەڕەبی
بەهێزترە، چونکە زوربەی خەڵکی عێڕاقێ عەڕەبی زمانن ، دوایە عەڕەبی زمانێکی کلاسیکی
هەرە گەورەی دنیایە ، نووسین و چاپەمەنی و
زانست و ئەوە ، دەستنووس بە عەڕەبی هەزاران بەرابەر زیاترە لە کوردی. نزیکەی بیست
و یەک ووڵاتی دنیایە زمانی ڕەسمییان عەڕەبی یە ، یەکێک لە زمانە گەورەکانی دنیایە،
دووسەد و پەنجا میلیۆن قسەی پێ دەکەن. لە
بەر وەی ئەتۆ کوردی بکە بەرابەر لەگەڵ وەی ، بەڵام بەرابەر نییە واقعییەتی ئەوەیە . یا لە ئێرانێ بڵێین کوردی بەرابەر بێ
لەگەڵ فارسی. زۆر دایک و باب منداڵەکانیان کە گەورە دەبن دەیان نێرنە مەدرەسەی فارسی .
عومڕانی: ڕاستە ، ئەڵبەت ئەوەش تا
ئەو شوێنەیە کە بۆ نموونە گۆڕانێکی هێز
ڕوو نەدا یانی بۆ نموونە لەوێش دەتوانێ
دەرفەتێک هەبێ بۆ هێزی کوردی خۆی بگرێ،
خۆی بیچم بدا، پەرە بستێنێ ،
ئاکادێمی و مەدرەسە و دوای دوو سێ جیل
بگۆڕێ کە وایە دیسان هەر هێزە سەرچاوە.
کاک ئەمیر ئێوە زۆرێ باستان کردوە لەو
بارەوە من حەز ئەکەم بۆچوونتان بزانم لە
سەر بۆنموونە ئەلفوبێی کوردی. ئێمە ئێستا تەقریبەن تەواوی لایەنەکان بە بێ ئەوەی
باسیشی بکەن ڕێک کەوتوون بە هۆی ئەو
شێوازەی کورد تیایەتی، جوغرافیا، ئەو
شتەی بە سەریا سەپاوە، دوو ڕێنووس ، دوو ڕەسمولخەت هەیە. دوو سکریپت هەیە
بە لاتین ، پێشتریش ئەوەی سۆڤیەتیش هەبوو . ئەمە پێت وایە بەرگەشتی ئەبێ یانی بڕیارێک دەکری بدرێ کە شتی وا نەمێنێ یا
ئەمە ئەسڵەن کێشەیە یان نا ؟
حەسەنپوور: ئەوە کێشە هەیە لە بەر ئەوەی لە باکوور ئێستا کە کورد زمانان لە ساڵی ١٩٩١ بەو لاوە
ووردە ووردە ئازادی وەیان هەبوە بە کوردی
بنووسن چون ئەلفوبێی ڕەسمی تورکی لاتین بوە ئەوانیش هەر ئەوەی فێر بوون و ئەوەی دەکار دێنن . بەڵام ئەڵبەتە لە جێی دی
کوردستانێش، بۆ وێنە لە ڕۆژئاوا ،
بەدرخانییەکان دوای ئەوەی تورکیا بوو بە
لاتینی ئەوانیش لاتینییان دەکار هێنا. نامەوێ بڵێم دەکار هێنانی لاتینی
لەوێڕا دەستی پێ کرد چون لە پێشدا لە سۆڤیەت دەستی پێ کرد بوو ، تەنانەت پێش ویش
بەعزە ڕۆشنبیرێکی کورد دەیانەویست
ئەلفوبێی عەڕەبی بگۆڕن . بەڵام وای لێ هات ئیدی لە تورکیا ئەو بەرەیەی کە ئێستا گەورە دەبێ خەتی، ئەلفوبیی عەڕەبی نازانێ و وەک کەماڵیستەکان بە داخەوە ئەغڵەبیان
دەترسێن لە ئەلفوبێی عەڕەبی، پێیان وایە ئەلفوبێی عەڕەبی شتێکی زۆر خراپ و پڕ لە مەترسی یە. من پێم وایە ئەلفوبێی
عەڕەبی هیچ کەمایەسییەکی نییە.
ئەلفوبێیەکی زۆر باشە. پێم وایە هیچ
پێویست نییە لە کوردستانی باشوور بگۆڕدرێ
عومڕانی
: یانی ئەو شتە هەیە و کێشەیەکی ئەوتۆشی
نییە
حەسەنپوور: نا، کێشەیە لە ڕۆژئاوا ئەو بەرنامەی خوێندن بە زمانی کوردی کە پەیەدە دەستی پێ کردوە بە لاتینی یە. ئەگەر
لێیان پرسی بۆ بە لاتینی یە دەڵێن کوردی
ڕۆژئاوا ئەلفوبێی لەمێژە لاتینی بوە. وەلی من پێم وا نییە وا بێ .
عومڕانی: یەک شتیش هەیە ، پێم وایە
شتی سیاسیشی لە پشتەوە بێ. بۆ نموونە
ماوەیەک پێش ئێستا بەشار ئەسەد بە فەرمی
کردنەوەی بەشێکی زمان و ئەدەبییاتی
کوردی لە زانکۆی دەمیشق ڕاگەیاند کە دەیکەن وەک چاکسازییەک وەک خۆیان
دەیڵێن بەڵام لەوێ بڕیار بوو کە کورمانجی بە
ئەلفوبێی عەڕەبی بنووسرێ یانی دیسان ئەو ململانەیە. بەحسی ئەوەی کە ڕۆژئاوا چونکە هێزێکی باکووری لە پشتەوەیە مومکینە شتی وا بێ یا ئەوەی کە کورمانجی بە گشتی سەبت کراوە لە سەر لاتینی بوون ئێستا ؟
حەسەنپوور: نا ، ڕاستییەکەی ئەمن پێم وایە ئەوە ناڵێم ئێستا ئەتۆ بڵیی کە بۆ کوردیی ڕۆژئاوا بە کوردی بە لاتینی دەنووسرێ ووڵامێکی کە دەتدەنەوە ئەوەیە کە دەڵێن ڕۆژئاوا هەر بە لاتینی نووسیوە. من پێم وایە وا
نییە ، ئەوە دروست نییە. دروستە ' هاوار '
کە ئەوەڵێ بڵاو بۆوە بە ئەلفوبێی عەڕەبی
بوو ، چەند شومارەی ئەوەڵێی پێم وایە نۆ
شومارەی ، باش لە بیرم نییە . چەند شومارەی ئەوەڵێی حەمووی بە خەتی عەڕەبی بوو.
دوایە کردیانە لاتینی ، دوایەش ئەو سێ
گۆڤارەی کە ؛ ستێرک و ڕووناهی و ئەوە کە لە
زەمانی شەڕی جەهانی دووەم بڵاو دەبۆوە ئەو بە لاتینی بوو چون لە بەر دەست بەدرخانییەکان بوو.
بەدرخانییەکان بەرنامەیان ئەوە بوو کە
کرمانجی بەلاتینی بنووسرێ. بەڵام لە خودی کوردستانی ڕۆژئاوا نووسین بە خەت
و بێی عەڕەبی ئەوەندەی کە هەبوو
ئیدامەی بوو، بۆ وێنە ئەمن ، کتێبێک ئەوەی
سێ بەرگە لە باسی مەلایێ جزیری یە ؛
دیوانێ مەلایێ جزیری. ئەوە بە خەتی عەڕەبی نووسراوە ، دیوانی مەلای جزێری . بەعزە گۆڤارێکی دیش ئەمن هەر تەنیا لاپەڕەی ئەوەڵیم دیوە ،
کتێبێکە سەبارەت بە مێژووی ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژئاوا . زۆربەی ڕۆژنامانیش کە بە
نهێنی بڵاو بوونەوە ئەوانیش بە خەتی
عەڕەبی بوون
عومڕانی:
بەڵام بە گشتی ناڕەزایەتییەکی ئەوتۆ چ لە
نێوان ڕۆشنبیران چ لە نێوان خەڵکا لە
نێوان کورمانجەکانا پێم وا بێ نەبوە لە سەر
ئەوەی بڵا بە عەڕەبی بێت. بوە
شتێکی وا ؟
حەسەنپوور:
نازانم.
عومڕانی
: یانی ئەوە کێشەیەکی ئەوتۆ نەبوە
حەسەنپوور: نا ، ئەمن پێم وایە کێشەیەکی وا هەبوە تاق و لۆقە. مەسەلەن فەرهەنگی لۆغەت و ئەوە کە
بە خەتی کرمانجی مەسەلەن عەڕەبی ووشەکان
بە خەتی عەڕەبی و لاتینی نووسراون ، شتی وا هەبوە. بەڵام من پێم وایە
کێشێکی وا کە بکرێ بە لاتین زۆر
پەرەدار نەبوە، چون لە نێو سۆرانییەکانیش
شتێکی وا هەبوە کە سۆرانیش بە ئەلفوبێی لاتین بنووسرێ. ئەوە هەبوە.
عومڕانی:
کاک ئەمیر ئەگەر بڕۆینە ناو باسێکی تر حەز ئەکەم بە کورتی لە سەر ڕۆڵی ناسیۆنالیزمی کوردی لە پێوەندی لەگەڵ زمانی کوردی لە پارچەکان باس
بکەی . بۆ نموونە ئەو شتانەی کە بۆتە دنەدەر و هێزی داوە بە زمان.
ئەو شتانەی وەکوو خاڵی نێگاتیڤ ئێوە
باستان کرد وەک پەتیگەری و ئەو شتانە. حەز ئەکەم لە سەر ئەوە قسە بکەین.
حەسەنپوور: لە ناسیۆنالیزمی کوردی دا زمان دەورێکی زۆر زۆر
گرینگ دەگێڕێ ، قورس و گرینگ لە ناسێۆنالیزمی کورد دا، لە کوردایەتی دا. هۆی زۆرە
حەموو بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان
زمانیان بۆ موهیم بوە، چون نەتەوە و زمان
پێوەندییەکی نزیکی بۆ داندراوە و
هەیبوە. یەکێک ئەوە ، یەکیش ئەوەی
کە چون زمان دەبێ هەموو ئەندامی نەتەوەی پێ
ڕێک بخرێ و پێ یەکگرتوو بکرێ. ئەوە هۆیەکێتی بەڵام لە بابەت کوردییەوە مەسەلە ئەوەیە ئەو دەوڵەتانەی کە پێک هاتن ، کە
کوردستان دابەش بوەوە لە ساڵی ١٩١٨ دا،
بەشی عوسمانی بوو بە تورکیا و عێڕاق ، و لە ئێران، لە هەر یەک لەو ووڵاتانە دا حەول درا کە پێش بە زمانی کوردی بگرن ، نەهێڵن زمانی
کوردی پەرە بستێنێ چون ئەو دەوڵەتانەش
پێیان وا بوو زمان دیاردەیەکی گرینگی نەتەوە دروست کردنە و نەتەوە دروست کردن بە
زمانەوە بەستراوە. بۆیە زمانی کوردیان قەدەغە کرد لە تورکییەی بە یەکجاری ، تەنانەت قسە کردن لە ماڵێش قەدەغە
بوو . زەمانی ڕەزا شای لە ئێرانیش هەر وا بوو. دوایەش بە تایبەتی لە عێڕاقا کە بە
قەرار و مەدار لەگەڵ عوسبەتولئومەم کورد دەبوو حەقی دەکارهێنانی زمانی خۆی لە
پەروەردە و لە ئیدارە دا بووبا ، تەنانەت لەوێش پێشیان دەگرت نەیان دەهێشت بە
ئازادی ئەوە بکرێ.جا بۆیە دەورێکی زۆر گرینگی هەیە . سەرکوت کردنی زمان دەبێتە هۆی تێکۆشانی ئەو کەسانەی بەو
زمانە قسان دەکەن بۆ ئەوەی زمانەکەیان بپارێزن. یانی ناکۆکی بەینی نەتەوەی
زوڵملێکراو و نەتەوەی زاڵم توند و تیژتر دەکا. زمان دەکاتە مەیدانێک ، شەڕگەیەکی خەباتی نەتەوەیی ،شەرگەیەکی موهیمی خەباتی نەتەوەیی.
عومڕانی:
بە نیسبەت حیزبە کوردستانییەکانێشەوە ئەم شتە بۆ گشتیان سیدیق دەکا بەڵام، بۆ خودی زاراواکانیش ئەمە ڕوودەدا، یانی هەر
حیزبێک بە هۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی
تەنانەت ئایینیش دەچێتە پشت زاراوایەکی
تایبەت.
حەسەنپوور:
وایە. بۆ
وێنە ئەو حیزبانەی کە لە کوردستانی
ئێران دروست کراون زۆرتر لە ناوچەی
موکریان ، لە باشوور لە ناوچەی کە
جاران بابان بوو لە سولەیمانی و
ئەوانە ، بە لەهجەی خۆیان بوە حەموو شتێک . حەولێکیان نەداوە بە لەهجەکانی دیش
کاری حیزبی بکەن. گەرچی لە شەڕی ، ئەوەی
کە پێی دەڵێن شۆڕشی ئەیلوول ، شەڕی
ئۆتۆنۆمی ١٩٦١ لەهجەکان پێکەوە هەر تک
لە ڕادیۆیە دا بۆ وێنە لە ڕادیۆی کوردی دا کە بزووتنەوەی خودموختاری پێکی هێنابوو هەر تک لەهجە هەبوو . لە نووسین
دا زۆرتر سۆرانی بوو بەڵام جار و بار کرمانجیش دەکار دەهێندرا.
بەڵام شتێکی وا هەبوو، دابەشکردنێکی وا هەبوو
لە بیری حیزبە سیاسییەکان [دا].
عومڕانی:
پێتان وایە ئێستاش درێژەی هەیە؟ بۆ نموونە لە باکوور ڕەوتی
پ.ک.ک وەکوو کورمانجی دەیناسن
زیاتر و ڕەوتەکانی تریش بە زاراوای خۆیان.
حەسەنپوور:
وایە لەوێ ناکۆکی لە نێوان دمڵکی یا زازا
و کرمانجی هەیە. بەڵام نەبۆتە ناکۆکییەکی
سەیر. لە ساڵانی ١٩٨٠ ، نێوەڕاستی دەیەی
١٩٨٠ بەو لاوە مەسەلەن لە ٢٥ ساڵی ڕابردوو دا
چەند کەسێک ڕۆشنبیری زازا پەیدا بوون کە
دەڵێن ئەمە کورد نین و نەتەوەیەکی
دین. ئەوەش لە سەر بنچینەی زمان ئەوانیش ئەوەی دەڵێن. دەڵین زمانی مە زمانی کوردی نییە.
عومڕانی: ئەو هەڵوێستە ناگەڕێتەوە بۆ پەراوێز خستنیان لە
چەقی ناسیۆنالیزمی کوردی ؟
حەسەنپوور: مومکینە ئەوە بێ. یانی ئەمن ڕاستییەکەی نازانم ، بەڵام دەکرێ ئەوانە ئەو کەسانە بن کە لە بزووتنەوەی میللی دا جا چ PKK بێ چ بزووتنەوەی دی ،
ئەوانە مەسەلەن بە هەر شێوەیەکی بێ ناڕازی بن ، دەکرێ زۆر هۆی هەبێ.
عومرانی
: و یا دەستی دەرەکیشی تێدا بێ.
حەسەنپوور:
دەکرێ ئەوەش بێ بەڵام پێم وا نییە. لەهجەکان جیاوازن ئیدی . دەکرێ بەعزە کەسێک
بێنێ
عومڕانی:
کاک ئەمیر بۆ نموونە کەسێک وەکوو کەلهوڕێک ، لەکێک لە ئێران ، لە ڕۆژهەڵات کاتێک کە دەبینێ حزووری نییە
لە ناو ئەو دیسکۆرسە ، لە ناو ئەو ووتارە زۆر ستوشتی یە کە خۆی بە بەشێک
لەو ووتارە نەزانێ.
حەسەنپوور
: وایە
عومڕانی:
بەڵام ناسیۆنالیزمی کوردی بەردەوام ئەم
شتە سەرکۆنە دەکا وەک ئاژاوەچی پێناسەیان دەکا. چۆنی دەبینی؟
حەسەنپوور:
نا ، ئەوە وایە. خەڵکەکە بۆ خۆی وەختێک لەهجەی جۆراوجۆری هەیە لە وانەیە بۆچوونی
وایان هەبێ کە بڵێن ئەمە بەشێک لەوەی نین .
ئەوە سەیر نییە دەکرێ شتی وا هەبێ.
عومڕانی:
مافی خۆشیانە
حەسەنپوور:
ئا، مافی خۆشیانە. بە تایبەتی وەختێکی سەرکوت کردن هەبێ . بۆیە دەڵێم دێمۆکڕاتیزە
کردنی زمان زۆر موهیمە. وەختێکی زمان چەند لەهجەی هەیە دەبێ هیچ شێوەیەکی زەبروزەنگ دەکار نەهێندرێ.
دیسان زەبر و زەنگ مەنزوورم ئەوە نییە لە
نەزەر فیزیکییەوە. هیچ جوورە زەبروزەنگێکی دەوڵەتی دەکار نەهێندرێ. هەر کەس بە هەر
لەهجێکی دەئاخفێ ، ئەوانە ئاخێوەری یەک لەهجەن
ئازادی ئەوەیان هەبێ هەرچی دەیکەن بە لەهجەی خۆیان بیکەن ، ئەمن ئەو نموونەی دانانی مەدرەسە و ئی زانکۆ و
ئەوانەمان هێناوە بە لەهجەکانی دی. دەبێ
حەقی وەیان هەبێ ئەو کارەی بکەن.
عومڕانی:
باسێکی تر کە ئێوە زۆر قسەتان لە سەری کردووە و جێی باس و خواسە باسی پەتیگەری یە
لە زمان . لە سەرە نوویسی . چۆناوچۆنە یانی هەندێ شت هەیە کە من چاوم لێ کرد . بۆ نموونە ئەڵێن ئەمە جێی گرتووە لە زمانی کوردیا بۆیە باشە دروستیان
کردووە. بەڵام بۆ نموونە ئەوە جێی نەگرتووە. چییە مێعیاری ئەوەی کە ئەم شتە جێی
گرتووە جێی نەگرتووە؟
حەسەنپوور: دەزانی ئەوەی پەتیگەری لە پێشدا، ئەتۆ باسی
پێوەندی زمان و نەتەوە و ناسیۆنالیزمت کرد. پەتیگەری ئەگەر بمانەوێ دیاردەیەک
پێشان بدەین کە تەواو سازکراوی
ناسیۆنالیزمە ئەوە پەتیگەرییە. پەتیگەری لە کوردی دا ئەوەیە دەڵێ کوردی زمانێکی ژێر دەستە. ڕاست دەکا لەو
چوار ووڵاتانە زمانێکی ژێر دەستە. دوایە دەڵێ ئەو ژێر دەستەییە بۆتە هۆی وەی
کە ووشەیەکی زۆر لە زمانە باڵا دەستەکان
دا وەک عەڕەبی و فارسی و ترکی بکەوێتە ناو زمانی کوردی . ئەوەش ڕاستە. ئەوەش وا بوە ، ئەوە هیچ شکی تێدانییە ئەوە وا
بوە. بەڵام چارە چییە؟ چارەی دەڵێن
ئەوەیە دەبێ ئەو ووشانەی کە عەڕەبی و ترکی و فارسی یە لە زمان وەدەری بنێی. جا ئەوەی سەیرە ناسیۆنالیزم لێرە دا ئاوا کارێ
دەکا ؛ لە باشوور کە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی عەڕەبی دا بوون ، هەرچی ووشەی
عەڕەبییە هەڵی دەقرتێنن و فڕێی دەدەن.
عومڕانی: فارسی بەکار ئەبەن زۆرتر
حەسەنپوور: ئا،
ئەویش نەک هەر تەواو ناسیۆنالیستی یە
ڕەگەزپەرستانە یە چون عەڕەبی وەدەردەنێن
بەڵام فارسی دەڵێن کورد و فارس هەرکیان ئاریایی ن. دەڵێن ئەڵبەتە ئەمەی کورد ئاریایی ترین لە
فارسەکان ، بەڵام لە هەر حاڵ ئەمە ئاریایین یا زمانەکەمان یەک ڕیشەی هەیە. جا بۆیە
کوردی عێڕاقێ کە فارسیش باش نازانن ، بەعزێکیان لەو سی چل ساڵەی ڕابردوو دا فێری
بوون ، ئەوانە ووشەی عەڕەبی وەدەر دەنێن فارسی
دێنن لە جێگای دادەنێن.
عومڕانی: کاک ئەمیر
ئەگەر جێگە بگرێ کێشە چییە.
حەسەنپوور: جا با پێت بڵێم
وەزعەکە زۆر لەوەی خراپترە. باسی زۆرتری تێدایە. کوردی ئێرانێ کە بە کوردی دەنووسن چون لە ژێر دەسەڵاتی فارسی دان هەرچی فارسییە وەدەری دەنێن جاری وایە عەڕەبی دێنن. بۆ وێنە ووشەی
' فشار' ی فارسی ئەمە نیمانە دە کوردی دا. ئی وایە دەڵێ ' گوشار ' ئەمن
نازانم لە کوێیان هێناوە ، پێم وایە دایان تاشیوە. کوردی ئێرانێ فشاری لا دەبا '
زەخت ' ی دێنێ، زەختی عەڕەبی. نازانێ زەختەکە عەڕەبی یە. ئەگەر ' فشار ' بێگانەیە
خوب ' زەخت ' یش بێگانەیە . بۆ زەختەکەی دێنی.ئی
کوردی تورکییەش کە زۆر زۆر لە ژێر دەسەڵاتی ترکی دان . مەسەلە هەر ووشە
نییە ، لە باری پێکهاتە یا ساختی ڕستەشەوە
عومڕانی: ڕستە سازی
حەسەنپوور: لە ژێر
دەسەڵاتی ترکی دان . بۆ وان زۆر زەحمەتە نەجاتیان بێ لە ترکی. بەڵام ئەوانیش هەر
وان. حەول دەدەن ترکێکەی وەلا بنێن جاری
وایە فارسی و عەڕەبی کە نایزانن ئەوانیشی
تێداوێن. یانی کێشەکە تەواو ناسیۆنالیستی و
ڕەگەز پەرستانەیە وەختێکی
عومڕانی: مەبەستم
ئەوەیە ئەو ڕادەیە تا کوێیە ، کە نە زۆر ووشە دابتاشی و نە زۆر ووشەش وەلا بنێی.
ئێوە ئەو خەتە لە کوێ دەبینن ؟
حەسەنپوور: ئەوە خەتێکی
هەیە ، کە ئەو خەتە خەیاڵاتیش نییە، دەکار هێندراوە. مەسەلەن ' هێمن ' و ' هەژار
' بۆ وێنە. ئەوەی کە مامۆستا هێمن
کردویەتی ، ئەمن برایەکم جەعفەری حەسەنپوور
تێزی دوکتورای لە سەر وەی نووسیوە.
هێمن بۆ وینە ، هێمن نەسرێکی زۆر جوانیشی هەیە ، هەم لە شێعر و نەسری
دا هێمن ئەو ووشە خوازراوانەی کە وەرگیراون لە کوردی دا ئەوانە دەکار دێنێ. جا با لە عەڕەبی بێ ، لە
فارسی بێ، لە ترکی بێ. جار جارەش بۆخۆی ووشەی وا ، چون بۆ خۆی خەڵکی گوند بوو،
کوردێکی گوندی دەزانی کە کەمتر لە کوردی
شار تێکەڵاوی فارسی یا عەڕەبی بوو. زمانی
گوندی دەکار دێنێ کە ئەو ووشانەی کە خەڵکی
شاری هێناویانەتە نێو زمانی کوردی ئەوانە
دەکاتە کوردێکی پەتی. ناکرێ بڵێین پەتی، شتێکی کە هەن لە کوردی دا ئەوانە دەکار
دێنێ و نەسرێکی زۆر جوانی هەیە.
عومڕانی: قەیرانی شوناس مەسەلەی تێکەڵتر کردوە یان تێک
پڕژاوتر کردوە ،گەڕان بە دوای هووییەتێکی سەربەخۆ .
حەسەنپوور: ئەوە هەر هەبوە لە ئەوەڵەوە لە بزووتنەوەی میللی
دا. و وەختێکی ئەوەڵ ڕۆژنامە چاپ دەکرێ،
وەختێکی کوردی شێعری پێ دەکوترێ تەنانەت
پێش ئەوەی ناسیۆنالیزمیش پەیدا بێ ، بۆچی
مەلایێ جزیری بە کوردی شتی نووسی. ئەو مەلا بوو ، عەڕەبی باش دەزانی ، فارسی فێر ببوو چ نیازی بە کوردی بوو. یا ئەحمەدی خانی بۆچی بە کوردی شێعری نووسیوە ، ' مەم و زین ' ی بۆچی نووسی، بۆچی باسی ئەوەی دەکرد کورد تەنیا
گەلێکە کە نووسین و خوێندن و ئەوەی
نییە هەیبێ، بۆ دەیەویست کوردی وەک فارسی
لێ بێ ، یانی ئەو مەسەلەی کە دەڵێی شوناس ، پێش ناسیۆنالیزمیش هەبوە، بەڵام دوایە کە ناسیۆنالیزمیش پەیدا دەبێ دوای
حاجی قادری کۆیی و ئەوە ، دیارە ئەو دەمی زمان زۆر گرینگتر دەبێ. بۆ حاجی قادری کۆیی زمانی کوردی ، حەموو شتێک بە زمانی کوردی دەست پێ دەکا لە حاجی قادری کۆیی دا. ڕەخنەی لە شێخ و
مەلایان یەکێک لە بەر ئەوەیە کە خورافاتین
ئەوە و یەکیش لەبەر ئەوەیە کە بە کوردی
ناخوێنن ، نانووسن. ئەو دوو ڕەخنەی هەیە لە شێخ و مەلایان . جا بۆیە مەسەلەی
شوناس یا هووییەت یا هەرچی ئەوانە ، لە ناسیۆنالیزم دا یەکجار زۆرە. شناسەکە ئەوەیە
کە دەڵێ ئێمە میلەتێکین، ئێمە خۆمانین ،
ئێمە حەقی ئەوەمان هەیە سەربەخۆ بین ،
دەوڵەتی خۆمان هەبێ ، زمانی خۆمان هەبێ
یانی ئەوە هەیە لە گشت ئەوانە دا.
عومڕانی: کە وایە ئێوە
پێتان وایە ئەو پەتیگەری یە دەرەنجامی
زیاتر لەوەی خزمەت بە زمان بکا ، تاراندنی بە دواوە دەبێ. خەڵک ئەتارێنێ لەو زمانە
حەسەنپوور: نا خەڵکەکە ناتارێنێ. ئەمنی تاراندووە ئەڵبەتە. ئەمن پێم وایە کوردی تەواو بێ هێز کراوە، هەژار
کراوە بەو کارەی کە دەیکەن. وای لێ هاتوە ئەمن لە سەر ئەوە نووسیومە ووشەی زۆر موهیمی
وەک 'موجەڕەد ' ئابستراکت، ئابسترێ بە
فەڕانسە ، بە ئینگلیسی ئابستڕاکت . ئەوە
هەم لە زمانی ڕۆژانە دا دەکار
دەهێندرێ ، هەم لە فەلسەفە و زانست دا . چون کوردی ووشەیەکی نییە بێ بەری دەبێ لەو
ووشەیە. ئەوانەی کە زۆر شووێنیستی چاو لە زمانیش دەکەن دیومە لە تەرجومەی دا ووشەکەی ئەسڵەن دەکار
ناهێنن. ووشەکەی هەڵدەقرتێنن.
عومڕانی: کاک ئەمێر
پێتان وا نییە ئەوە سیاسەتێکیشی لە پشتەوە
بێ لەوەی کە ئەو دەسەڵاتانە ، ئەو حیزبانە
دایەرەی زمانی کوردی ئەوەندە قەتیس ئەکەنەوە کە ئینسانێکی کەمتر پێگەیشتوو و
تێگەیشتووی لێ دەربێت ؟ بۆ دایەرەی ئەم
زمانە. بۆ نموونە ئێستا لە باشوور ئەو
جیلەی کە هاتوە عەڕەبی نازانێ و بۆ نموونە
ئەگەر بییەوێ زمانێکی تریش نازانێ زۆربەیان ، بیانەوێ نە لە سەر فێمینیزم شتێک تێ دەگەن، چەمکە نوێیەکان بۆ نموونە یانی شتێکی ئەوتۆ چاپ نەکراوە لەم بازنەی ووشەییا
یا لەم زمانە دا.
حەسەنپوور: پێم وایە هەر
حیزبەکان نین کە بەرپرسن لەوەیدا، خودی
ڕۆشنبیران ، مومکینە حیزبیش نەبن ، لە هیچ حیزبێکی دا نەبووبن . ئەو
حیزبانەش ڕۆشنبیرەکان دروستیان کردوون ئیدی. یانی ئەوە بۆچوونێکی ناسیۆنالیستی یە،
یانی ناسیۆنالیزم هەر ئەوەی تێدایە. دوایە
لە کوردی دا ڕەگەزپەرستیشی تێدایە ، ڕاسیسزمی تێدایە. ڕاسیزمی زیدی عەڕەب و زیدی ترکی تێدایە. بە
تایبەتی ڕاسیزمی زیدی عەڕەب و زیدی ئیسلام
ئەوەشی تێدایە . پێیان وایە دواکەوتوویی نەتەوەی کورد لە بەر ئەوەیە کە
زمانی کوردی تێکەڵاوی عەڕەبی
بوە و دینەکەی دەڵێن کوردین
و زەردوشتی بوە. ئەمن
نازانم چۆن ئەوەی دەتوانن ئەوەی پیشان بدەین
کە کورد زەردوشتی بوە. هیچ بەڵگەیەکم نەدیوەتەوە تا ئێستا کە کورد زەردوشتی بوە.
عومڕانی: ئەمان
بۆچوونی ڕۆشنبیرانی ئێرانی باس دەکەن
حەسەنپوور: ئا ، وەک
ڕۆشنبیرانی ئێرانی ، دژایەتی ئیسلام وەک دینێک، دژایەتی عەڕەبی بە شێوەی
ڕەگەزپەرستانە ، بەو مەعنایە ڕەگەزپەرستانە دەڵێن ئێمە ئاریایین لە ڕەگەزێکی پاکین ئەوان لە ڕەگەزێکی
دواکەوتووی سامین.
عومڕانی: سوسمار خۆرن
ئێرانییەکان ئەڵێن
حەسەنپوور: ئێرانی دەڵێن
' سوسمار خۆر ' نەم دیوە کورد وا بڵێ بەڵام
مومکێنە کوتبێی. بەڵام ئەوەیان کوتوە ساڵانی ١٩٢٠. لە جێیەکی نووسراوە کە زمانی کوردی ناکرێ بە ئەلفوبێی عەڕەبی بینووسی
چونکە، پێم وایە لە گۆڤاری دیاریی کوردستان ١٩٢٥. دەڵێ زمانی کوردی ناکرێ باش
بینووسی بە ئەلفوبێی عەڕەبی چونکە ئەلفوبێی عەڕەبی شتێکی سامی یە ، کوردی زمانێکی
ئاریایی یە. جا چاو لەو ئیستیدلالەی بکە، ئیستیدلالێکی تەواو ڕەگەزپەرستانەیە.
عومڕانی : کاک ئەمیر
بچینە سەر بابەتێکی تریش کە زۆر باستان
کردوە ئێوە . ئەڵبەتە پێش ئەم بابەتە ، بەحسی ئەوەی کە زمانی کوردی ئێستا زمانێکی
زانستی هەیە و ئەگەر نییە چ پێوەرگەلێک پێویستن بۆ ئەوەی ببێتە زمانی زانستی و چی
کەمووکووڕی زمانی کوردی چییە لەوێدا ؟
حەسەنپوور: ئا من پێم
وایە کەمووکووڕی زمانی کوردی بۆ
دەکارهێنانی دە کاری فکری دا ، کەمووکووڕیێکی هەرە گرینگی ئەو مەسەلەی زاراوە و ووشەیە.
کە پەتیگەرەکان زۆر سەرەڕۆیانە بۆی چوون ، ئەوەی ووشەی کە لە زمانی دی وەرگیراوە
تەنانەت وەک ' کتێب ' ، ' قەڵەم ' . کتێب و قەڵەم لە عەڕەبی وەرگیراون
، عەڕەبیش مومکینە لە زمانی دی وەرگرتبێ .ئەوانە لە کۆنەوە بوونەتە کوردی .
ئەوانەش وەلا دەنێن ، کتێبی دەکەنە پەڕتووک، قەڵەمی دەکەن بە پێنووس . کاغەزی
دەکەن بە تێنووس .
عومڕانی: بەڵام یەک شت
کاک ئەمیر، کێشەی بۆ نموونە ئیستا بۆ
پەڕتووک هاودەنگتم بەڵام بۆ نموونە کێشەی
تێنووس و پێنووس چییە زۆر ئاسانە تێی دەنووسی ، پێی دەنووسی کەی ئەمە کێشەی چییە ؟
حەسەنپوور: ئەخە بۆ وای
لێ دەکەی بۆچی ؟ کاغەز چ ئیرادێکی هەیە ؟
عومڕانی: دەی ئەگەر ڕێ
بدەیتە هەمووشتێک ، دەی ئیدی باشترە زمانێ
تر فێر بی تەواو.
حەسەنپوور: نا
، نابێ ڕێ بدەی . وەختێکی زمان بۆ خۆی کاغەزی هەیە ، قەڵەمی هەیە ، دەفتەری هەیە ،
کتێبی هەیە بۆچی دەی گۆڕێ.
عومڕانی: دەی باشترە
بچن عەڕەبی بخوێنن تەواو. نابێ جیاوازییەک هەبێ لەم ناوە دا .
حەسەنپوور: ئەخر ئەوە هەر
چەند ڕۆشنبیر دەزانن ئەوە عەرەبییە خۆ خەڵکی دی نازانێ. ئەمن با نموونەیەکت بۆ
بێنمەوە. مامۆستا هێمن شێعرێکی هەیە : ' شەماڵ هات بە گاڵە گاڵ / هەور بوون گەواڵ
گەواڵ / پشکووت گوڵی گەش و ئاڵ ، ئەویدی هەمووم لە بیر نییە ، بەڵام لە جێیەکی
دەڵێ هێمن لە سەرە خۆ بە / نەکەی بچی بۆ
هۆبە / دەنا دەشکێنی تۆبە / ئاور دەگری
وەک سۆبە . ئەو شێعرە مامۆستا هێمن دەیگوت کوردی تەواو خالیسە بەڵام ئەمن جارێکی پێم کوت ، کوتم ' هۆبە '
لۆغەتێکی تورکەمەنی و مەغوولی یە هاتۆتە نێو کوردی. زۆری پێ سەیر بوو. یا
ووشەی ' سۆبە ' ی هێناوەتە گۆڕێ هەر لەو شێعرەی دا . سۆبە بە مەعنای کوورە
ئەوەی فارسان پێی دەڵێن بوخاری ، کوتم
سۆبەش کوردی نییە، ئەوەش لە ترکی ڕا هاتوە. مامۆستا هێمن زۆری پێ سەیر بوو. فکری
لێ بکەوە ڕۆشنبیرێکی وەک مامۆستا هێمن کە لە زەمانی کۆماری کوردستان دا جێیەکی
هەبوو لە ڕۆژنامەی ' کوردستان ' دا ووشەی پەتی دەدیتەوە بۆ ووشەی فارسی وەک سەرباز
، ئەو داینا 'پێشمەرگە' دەیکوت لە کوردی دا ئێمە پێشمەرگەمان هەیە لە
زمانی زارەکی دا . زۆر ووشە ئەو داینا
زەمانی کۆماری کوردستانی . مامۆستا هێمن نەیدەزانی سۆبە و هۆبە لە ترکی و مەغوولی
ڕا هاتوون.
عومڕانی: 'پیشمرگ ' یش هەر لە دەرباری کۆنی فارسییا
ووتراوە.
حەسەنپوور: کێ هە ؟
عومڕانی: پیشمرگ
حەسەنپوور: ئا ، مومکینە
لەوێش کوترابێ .
عومڕانی : کەسێک کە خۆی بۆ شا کوشتووە
حەسەنپوور: ئا ، مەسەلەن
ئەوە.
عومڕانی : ئێستە یەکێ
لەو لەمپەرانە پەتیگەری یە لە ڕوانگەی ئێوەوە بۆ ئەوەی کە زمانی کوردی ببێ بە
زمانێکی زانستی ئیتر چی هەیە ؟
حەسەنپوور: یەکێک
پەتیگەری یە، یەکیکیش ئەوەیە لە بەر ئەوەی زمانەکە هێشتاش لە ژێر دەسەڵاتی فارسی و
عەڕەبی و ترکی دایە ، لە بەر ئەوەی کورد
زمانەکان خوێندیان بە کوردی نییە بە تایبەتی لە باکوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کوردی زمانی ڕۆشنبیری نییە ، زمانی ڕۆشنبیری
واتە ترکی یا فارسی یا عەڕەبی یە. ئەمن نموونەیەکوو بۆ دێنمەوە: ئەو دەمی ' مەد
تیڤی ' داندرا ئەمن خۆم زۆر زوو چوومە
ستودیۆکەی بۆ ئەوەی بزانم چ دەکەن و شتی لە سەر بنووسم . چونکە بەشێک لە خوێندن و
کار و دەرس کوتنی من لە کەمیونیکەیشن دایە
communication studies زۆرم پێ موهیم بوو کە هەوەڵ تلڤیزیۆنی ساتڵایتی کوردی دامەزراوە بچم بزانم چۆن کارێ دەکا و چ دەکەن و چۆن نییە و ئەوانە کە شتێکی لە سەر بنووسم . کە، چووم ئاوا چەند ڕۆژێکی لەوێ بووم و دوایە چەند جاری دیش چووم ؛ خوب ئەوە ئەوەڵ تلڤیزیۆنی ساتڵایتی کوردی یە بەرنامەی کوردی هەیە دیارە دەبوو ترکیشی هەبێ و دوایە ووردە ووردە شتی دیشی لێ زیاد بوو ، ئەگەر لە بەرنامە دا نەبای بە کوردی قسەت کرد با . لە لابی ئەو جێی کۆ دەبوونەوە بۆ چا خواردنەوە و بۆ نەهار و شام و ئەوە یا میوانەکان یا خودی ئەوانەی کە لە مەد تیڤی دا کاریان دەکرد لەوێ کۆ دەبوونەوە، ئەوانی باکووری هەموو بە ترکی قسەیان دەکرد. تەنانەت ئەوانەی کە بۆ خۆیان بەرنامە کوردییەکانیان دەگێڕا مەسەلەن هەواڵ بە کوردی کە دەهات لەوێ چای بخواتەوە لەگەڵ بەقییەی خەڵکەکەی بە ترکی قسەیان دەکرد. ئەوە مەعنای چییە، مەعنای ئەوەیە کە ئەوەڵەن کوردی لە تورکییەی زۆر خراپ سەرکوت کراوە ، لە ئێرانێ وا سەرکوت نەکراوە. ئێمە کە لە ئێرانێ دەرسمان خوێندوە لە ماڵێ بە کوردی قسەمان کردوە. دەوڵەت نەیتوانیوە بڵێ ئێوە حەقوو نییە لە ماڵێ بە کوردی قسان بکەن یا عەیب نییە بۆ ماڵباتێکی بۆ دایکووبابێکی منداڵەکەیان بچتە مەدرەسەی منداڵەکەیان بە کوردی ، ئەمە ئەسەلەن لە مەدرەسەی بە کوردی قسەمان دەکرد لە دەرەوەی کلاس. لە تورکییەی وا نییە . لە تورکییەی کوردیان وەها سەرکوت کرد کە بەشێکی ؛ ئەمن نازانم چەندی ، بەڵام بەشێکی زۆری کوردی تورکییەی کە خۆیان بە کورد دادەنێن کورذێ نازانن . جا بۆیە لە مەد تیڤی وەزعەکە ئاوا بوو . مەبەستم ئەوەیە بەرهەڵستێکی دیش ئەوەیە کە کوردی ، لە لایەکی ڕۆشنبری کورد بۆ خۆی زمانەکە کۆڵەوار دەکا بە ئەوەی کە هەرچی ووشەی پێی وایە خوازراوە یا بێگانەیە فڕێی دەدا، یەکێکیش ئەوە ئەو دەوڵەتانەن بە ئەوەی کە نایێڵن کوردی ببێتە زمانی پەروەردە. ئەوە زۆر موهیمە. بەرنامەی کوردی دانان لە زانکۆی دیمیشق یا لە زانکۆکانی تورکییەی یا لە زانکۆی سنەی خراپ نییە ، ئەمن ناڵێم خراپە بەڵام ناتوانێ زمانێکی ئاوا سەرکوتکراوی وەک کوردی زیندوو بکاتەوە بیکاتە زمانێکی ڕۆشنبیری.
communication studies زۆرم پێ موهیم بوو کە هەوەڵ تلڤیزیۆنی ساتڵایتی کوردی دامەزراوە بچم بزانم چۆن کارێ دەکا و چ دەکەن و چۆن نییە و ئەوانە کە شتێکی لە سەر بنووسم . کە، چووم ئاوا چەند ڕۆژێکی لەوێ بووم و دوایە چەند جاری دیش چووم ؛ خوب ئەوە ئەوەڵ تلڤیزیۆنی ساتڵایتی کوردی یە بەرنامەی کوردی هەیە دیارە دەبوو ترکیشی هەبێ و دوایە ووردە ووردە شتی دیشی لێ زیاد بوو ، ئەگەر لە بەرنامە دا نەبای بە کوردی قسەت کرد با . لە لابی ئەو جێی کۆ دەبوونەوە بۆ چا خواردنەوە و بۆ نەهار و شام و ئەوە یا میوانەکان یا خودی ئەوانەی کە لە مەد تیڤی دا کاریان دەکرد لەوێ کۆ دەبوونەوە، ئەوانی باکووری هەموو بە ترکی قسەیان دەکرد. تەنانەت ئەوانەی کە بۆ خۆیان بەرنامە کوردییەکانیان دەگێڕا مەسەلەن هەواڵ بە کوردی کە دەهات لەوێ چای بخواتەوە لەگەڵ بەقییەی خەڵکەکەی بە ترکی قسەیان دەکرد. ئەوە مەعنای چییە، مەعنای ئەوەیە کە ئەوەڵەن کوردی لە تورکییەی زۆر خراپ سەرکوت کراوە ، لە ئێرانێ وا سەرکوت نەکراوە. ئێمە کە لە ئێرانێ دەرسمان خوێندوە لە ماڵێ بە کوردی قسەمان کردوە. دەوڵەت نەیتوانیوە بڵێ ئێوە حەقوو نییە لە ماڵێ بە کوردی قسان بکەن یا عەیب نییە بۆ ماڵباتێکی بۆ دایکووبابێکی منداڵەکەیان بچتە مەدرەسەی منداڵەکەیان بە کوردی ، ئەمە ئەسەلەن لە مەدرەسەی بە کوردی قسەمان دەکرد لە دەرەوەی کلاس. لە تورکییەی وا نییە . لە تورکییەی کوردیان وەها سەرکوت کرد کە بەشێکی ؛ ئەمن نازانم چەندی ، بەڵام بەشێکی زۆری کوردی تورکییەی کە خۆیان بە کورد دادەنێن کورذێ نازانن . جا بۆیە لە مەد تیڤی وەزعەکە ئاوا بوو . مەبەستم ئەوەیە بەرهەڵستێکی دیش ئەوەیە کە کوردی ، لە لایەکی ڕۆشنبری کورد بۆ خۆی زمانەکە کۆڵەوار دەکا بە ئەوەی کە هەرچی ووشەی پێی وایە خوازراوە یا بێگانەیە فڕێی دەدا، یەکێکیش ئەوە ئەو دەوڵەتانەن بە ئەوەی کە نایێڵن کوردی ببێتە زمانی پەروەردە. ئەوە زۆر موهیمە. بەرنامەی کوردی دانان لە زانکۆی دیمیشق یا لە زانکۆکانی تورکییەی یا لە زانکۆی سنەی خراپ نییە ، ئەمن ناڵێم خراپە بەڵام ناتوانێ زمانێکی ئاوا سەرکوتکراوی وەک کوردی زیندوو بکاتەوە بیکاتە زمانێکی ڕۆشنبیری.
عومڕانی: دەزانی پێویستیی ڕۆژانەتە
حەسەنپوور: زمانی کوردی بۆ ئەوەی بتوانێ
بمێنێ لەو دنیایەی دا لە داهاتوو دا دەبێ ببێتە زمانی پەروەردە. یانی زمانی
مەدرەسەی سەرەتایی ، مەدرەسەی ناوەڕاست و زانکۆ. ئەگەر بییەوێ بمێنێ.
عومڕانی: کاک ئەمیر ئەو گوشارانەی ،
ئەو فشارانەی [ پێ دەکەنێ ] ، ئەو زەختەی
، ئەو پاڵەپەستۆ ، وەڵا لە هەر دووکیان
جیاترە، ئەو فشارەی کە لە سەر زمانی کوردی
بوە لە دەرەوە ، ئەوەندە کاریگەر بوە کە
بۆخۆی توانیویە چەند جیل دروست کا ، چەند جیل دروست کا ، ئینسانی کورد کە لە ژێر
تەئسیری ، کاریگەری ئانکارا و تاران و
دەمیشق ئەو فەرهەنگانەدا نەبن شتێک هەیە لێرە ئێستا ئامێرە دیجیتاڵییەکان بۆ
پەرەسەندنی ئەو شتە و تەنانەت ئەوەی کە
تۆزێ ڕێ بۆ زمانی کوردی خۆش بوە لە چوار پارچەکە، بە تایبەت بەحسی تێکنۆلۆژی و
دنیای مەجازی ئەتوانێ چەندە یارمەتی بدا بە زمانی کوردی ؟
حەسەنپوور: ئەو دنیایە ، دنیای ئینترنێت و ئەوە دەتوانێ
ئەو پێوەندی دەسەڵات بگۆڕێ. بەڵام خۆی لە خۆیا، ئەو جۆرەی کە کوردی باشوور دەڵێن ،
خۆی لە خۆیا ناتوانێ زۆری بگۆڕێ . تێکنۆلۆژی ، ئەمن بەوانە دەڵێم تێکنۆلۆژی زمان
یەکجار گرینگن ئەوانە. ئێستا مەسەلەن تۆ بڵێ خوێندن ، خوێندنەوە . پێم بڵێ ئەو
مەتنەی بخوێنەوە مەتنێکی سۆرانی بڵێین
بیخوێنەوە .خوێندن ئێستا وەک جاران نەماوە لە بەر ئەو تێکنۆلۆژییەی . تۆ دەتوانی
ئەو مەتنەی بخەیە سەر کامپیوتێر دوگمەیەکی ئاوا لێ بدەی بڵێی بیخوێنەوە دەیخوێنێتەوە مەسەلەن خوێندنەوەی وەک
ژنێک بیخوێنێتەوە وەک پیاوێک بیخوێنێتەوە ، دەتوانی بڵێی وەری گێڕە سەر زمانی ،
سەر لەهجەی کرمانجی ، هێشتا دەڵێم پۆتانسییەلی وەی هەیە بۆ زمانەکانی دی دەکرێ
ئەلئان ئەوە کراوە ، بەڵام بۆ کوردیش ئەوە دەکرێ بەو زووانەش دەکرێ . خوێندنەوە
کەسێکی خوێندەوار نەبێ دەتوانێ بە دەکارهێنانی ئەو تێکنۆلۆژییەی پێوەندی بێ بەو لەهجانە ، هەر وەک کوتم
خوێندنەوە خەریکە دەبێتە شتێکی تازە. ئەو خوێندنەوەی جاران نییە کە ئەتۆ حەتمەن خوێندەوار بی و بەو زمانەی خوێندەوار بی. کامپیوتێڕەکە بۆت
تەرجومە دەکا و بۆشت دەخوێنێتەوە. جا بۆیە لە بەر وەی ئەوە...
عومڕانی: باسێک هەیە ، قسەش ئەکەن،
دەڵێ لە کەوانە دا ' دروستە ئەم ئامێرە دیجیتاڵیانە دەتوانن هەڵێک بۆ زمانی کوردی
بڕەخسێنن بەڵام ئەم هڕووژمە لە لایەن ئەو دەسەڵاتە ، ئەو دەسەڵاتە ناوەندییانەشەوە
و لەوێش نابەرابەرانە زۆر باشتر هەیە لە ئینترنێت ، کە دنیای مەجازی. بۆ نموونە
ژمارەی ماڵپەڕەکان، شێوازی نووسین بە فارسی و عەڕەبی یانی دیسان ئەو نابەرابەرییە
لەوێ بەرهەم دێتەوە.
حەسەنپوور: جا ئەوە بۆیە کوتم خۆی لە
خۆیا ناتوانێ. یانی تێکنۆلۆژییەکە ئەو ئیمکانەی دەدا بەڵام خۆی لە خۆیا ناتوانێ
بەو مەعنایەی کە ئەو دنیای مەجازییە خۆی دنیایەکی نابەرابەرە. هێز لەوێدا بەرابەر
نییە. بۆ وێنە ئەوانە خوب دەزانین زمانی ئینگلیسی کەڵەگایی دەکا لە هەموو زمانەکانی
دی لە ئینترنێت دا یا فارسی زۆرتر لە کوردی حوزووری هەیە لەو دنیایەی دا. بەڵام
مەبەستم زۆرتر ئەوە بوو بۆ وەی کە کوردان بۆخۆیان زمانی کوردی چۆن دەکار دێنن بەو
تێکنۆلۆژێی خوب زۆری فەرق کردوە. ئەو حەموو تلڤیزیۆنی ساتڵایت هەیە کە دەکرێ بە تەلەفوونی
دەستیش دەڵێن شوانێک دەتوانێ لە شاخ و کێویش گوێی لە تلڤیزیۆن بێ بە کرمانجی، بە
سۆرانی، بە کەلهوڕی و بە گۆرانی و بە هەر لەهجەیەکی هەبێ ئەوە خوب وەزعەکەی گۆڕیوە
جاران وا نەبوو. ئەو شوانەی کە لە شاخ و کێوی زاخۆیە بوو قەت سۆرانی گوێ لێ
نەدەبوو ئەگەر گوێی لێ با لە ڕادیۆی بەغدایە نەبا، یا ئەگەر سۆرانییەک بەو شاخ و
کێوەی دا تێنەپەڕیبا ، کە قەت تێنەدەپەڕی. ئێستا ئەوە وا نەماوە هەرکەسێکی ئەو
تەلەیفوونەی لە بەر دەست دابێ دەتوانێ پێوەندی بێ لەگەڵ ئەو لەهجە کوردییانە.
عومڕانی: بەڵام کاک ئەمیر شتێکی زۆر
سەیر هەیە خودی میدیاکانی باشوور چووبوون ڕاپرسی ، ڕاپرسی کە نا هەر پرسیار ئەکەن لە خەڵک ئەڵێن ڕۆژهەڵات
کوێیە؟ یانی تەقریبەن لە بیست نەفەر زیاتر ئەپرسێ خەڵکێک کە ڕۆژانە شتی کوردی گوێ
دەدا جگە لە کوردی زمانێ تر نازانێ زۆربەیان وە کەس نازانێ ڕۆژهەڵات لە کوێیە؟
حەسەنپوور: مەنزوورت کوردستانی ئێرانە ؟
عومڕانی: یانی ووشەی ڕۆژهەڵات، تێ
ناگەن کە مەبەست لە ڕۆژهەڵات چییە و مەبەست کوێیە و کام پارچە و ئەو شتە. یانی
تەنانەت ئەو شتەش ، ئەو شتەی کە ووتتان ئێستە گوێی ئاشنا بوە بە زاراواکانی تر لە
ڕووی واقع دا بەو شێوەیە کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە ڕووی نەداوە.
حەسەنپوور: دیارە خوب ئەوە تازە ئەو
ئامرازانە پەیدا بوون . دوای وەش لەنێو خەڵک دا پەرەی نەستاندوە. بەڵام ئەگەر
پەرەش بستێنێ شتی وا هەر دەبیندرێ. چونکە لەو ووڵاتانەی، ئەو جێیەی کە ئێمە ئێستای
لێین لە فەڕانسە، لە کانادا ، لە ئەمریکا لەوێش شتی وا دەبیندرێ . شتی سەیر سەیر
دەبینێ لەوێ. جار جارە لە تلڤیزیۆنەکاندا. جارێکی تلڤیزیۆنێک بوو تلڤێزیۆنێکی
کانادایی ، لە ئەمریکایە هەر وا دەچوو لە سەر شەقام لەگەڵ خەڵکی قسەی دەکرد ، لە سەر کەمپوسی
زانکۆی هاروارد لە یەکێکی کە بە ڕێیەدا دەرۆیشت دەچوو بە میکڕۆفەنەوە دەیکوت ئەمن
تلڤیزیۆنێکی کاناداییم، لە کانادایە
دەوڵەت دەیەوێ ٢٤ سەعاتەی بگۆڕێ بیکاتە ٣٦ سەعات ئەتۆ نەزەرت چییە پێت وایە کانادایی ئەوەی دەبێ بکەن یان نا ؟ کابرا
دەیکوت ئا، بۆ نابێ بیکەن زۆریش باشە [ پێ دەکەنێ ] ...ئاوا مەسخەرەی بە خەڵکەکەی
دەکرد و ئەوەی نیشان دەدا پێت سەیرە چۆن شتی وا نازانێ ٢٤ سەعات چۆن دەیکەیە ٣٦
سەعات دوایە بۆ وای لێ دەکا ئەخر. بۆ دەوڵەتی کانادایە دەبێ کاری وا بکا.
عومڕانی: کاک ئەمیر دوای ئەو بیست و
پەنج، شەش ساڵی حکوومەت لە باشووری کوردستان و تەنانەت دروست بوونی ئاکادێمیای
زمانی کوردی و ئەو شتانە شتێکی سەیر دەبیندرێ بۆ نموونە لە ناو حیزبەکانا. یانی
هەر کەس بە شێوەیەک لە شێوەکان زمانی
کوردی خۆی بەرهەم هێناوە . بۆ نموونە ئیسلامییەکان لە بەحسی ئەلفوبێ دا محەمەد هەر
وەک محمد ی عەڕەبی دەنووسن . بۆ نموونە لە یەک شار دا وەک سلێمانی سێ کاناڵ بۆ breaking news سێ شت بەکار دێنن: نەها، بەلەز
، بە پەلە ، هەتا ئێستاش . ئەم گەڕەلاوژێتییە چی لێ دێ ؟ یانی بڕیارە چی لێ بێ ئەم
شتەی لە زمانی کوردی دا ڕوو دەدا و چۆنە کە ئەم ئاکادێمیا، ئەو ناوەندانە ناتوانن
ئەم شتە کۆ بکەنەوە؟
حەسەنپوور: ئەوە دەکرێ پێی بڵێین '
ئاژاوەی زمانی ' بەڵام شتێکی تەبیعیشە کە ئاوا بێ . ئاکادێمی لە هیچ
جێی دنیایە ئەوەی پێ ناکرێ. یەکێک لە بەهێزترین ئاکادێمییەکانی دنیایە ئاکادێمی
فەڕانسەیە . زۆری حەول داوە لە سی چل ساڵی ڕابردوو کە پێش بە ووشەی weekend بگرێ کە فەڕانسەیی زمانان نەڵێن
ویکێند کەس جوابی ناداتەوە. یانی ئاکادێمی دەسەڵاتی وەی نییە خەڵکەکە بۆخۆی بڕیار دەدا کێهەیان وەر دەگرێ.
عومڕانی: بە لانی کەم یەک ، گەڕەلاوژێیەکە ئەوەندە نییە کە لە کوردی یایە لە شوێنەکانی تر نییە .
دوو لانی کەم سیاسەتێکی میدیایی هەیە بۆ
نموونە لە زمانی ئینگلیسیا گشتیان هەر ئەوە ئەڵێن ، بۆ نموونە عەڕەبی ئەڵێ ' خبر
عاجل ' تەواو. بەڵام لە کوردی لە یەک شار دا دەتوانێ سێ چوار شێوازی ئەو شتە بە
کار بهێندرێ.
حەسەنپوور: نا ، خۆ عەڕەبی زۆرتر ستاندارد بوە. عەڕەبی لە بەر قورئانی پێش
ئەوەی ببێتە زمانێکی مۆدێڕنیش هێشتا زمانێکی کلاسیک بوە ، لە بەر ئەوەی بنچینەکەی
قورئان بوە زۆرتر ، نامەوێ بڵێم ستاندارد چون ستاندارد دیاردەی کۆمەڵێکی
سەرمایەداری یە. بەڵام عەڕەبی وەک فارسی کلاسیک ، وەک لاتین ، وەک یوونانی زۆر
قانوونمەند بوە یانی codified کرابوو ، کۆدیفیکاسیۆنی هەبوو. یانی مەعلووم بوو
کە گڕامێرەکەی چییە . مەعلووم بوو چۆن دەبێ بنووسرێ ، ئیملاکەی چییە ، کەس نەی
دەوێرا لەوەی لا بدا. بەڵام ئێستا کە ئەوەی دەڵێی
عەڕەبی کلاسیک کە زۆرتر نووسین بوو بە نووسین کۆدیفاید ببوو وەک زمانێکی ستانداردی ئەوڕۆ بوو
ئێستا وا نەماوە. ئێستا ئەتۆ بتەوێ زمانی عەڕەبی فێر بی، ئەمن دەزانم کە، لە ئەمریکا
و کانادایە وایە پێم وایە لێرەش هەر وایە ، لێت دەپرسن کام عەڕەبی ؟ عەڕەبی قاهیڕە،
عەڕەبی دیمیشق، عەڕەبی بەغدا یا عەڕەبی مەراکیش؟ ئەوانە فەرقیان هەیە ، هەم
فۆنۆلۆژییەکەی یانی ژمارەی فۆنیمەکانیان
یا نەوعی فۆنیمەکانیان ، هەم ووشەکانیان یانی ئەوەی کە دەڵێی ' عاجل ' لە بەر ئەوەی تلڤیزیۆنی ساتڵایت هەیە
مومکینە هەموو تلڤیزیۆنە عەڕەبییەکان بڵێن ' عاجل ' ، بەڵام لە هەموو ووشەیەکی دا وا نین. لە شتی دی دا جیاوازیان
هەیە.
عومڕانی: بەڵام گەڕە لاوژەکە ئەوەندە نییە، ئەوەندەی لە کوردی
دا هەیە .
حەسەنپوور: نا، دروستە ئەوە چونکە پشت
ئەستوورە بە عەڕەبی کلاسیک لەبەر وەی.
عومڕانی: یانی پاشخانێکی مێژوویی زمانەوانی وامان نییە.
حەسەنپوور : نا، نییەتی
عومڕانی : کاک ئەمیر، زۆر دەنگۆ هەیە،
لە ئەگەری دروست بوونی دەوڵەتێکی کوردی
ئێستا بە شێوازێک ناسیۆنالیستی و ئەوانە، لە باشوور بە تایبەت، زمانی کوردی چی بە
سەر دێ بە ڕای ئێوە؟ بارودۆخەکەی دەڕواتە قۆناخێکی نوێ، باشتر، بێشتر ، خراپتر ؟
پێوەندی بە چ فاکتەرگەلێکەوە
حەسەنپوور: مەبەستت ئەوەیە ئەگەر دەوڵەتی ئێستا ببێتە سەربەخۆ ؟
عومڕانی: مەبەستم جوغرافیایەک ،
ووڵاتێک وەک کوردستان بی ناسێنن ؟
حەسەنپوور: جا تەواوی کوردستان بێ یا هەر
بەشێک ؟
عومڕانی: ئەوەش دیسان باسە. بەڵام ئەو
شتەی کە واقعی هەیە بڵێین بەشێکی
کوردستانە
حەسەنپوور: یانی مەسەلەن ئێستا کوردستانی
باشوور تەواو سەربەخۆ بێ ، کە نیوە سەربەخۆیە. یانی ئەگەر تەواو سەربەخۆ بێ وەزعی
زمانییەکەی چۆن دەبێ؟ ئاوایە [ پرسیارەکەت] ؟
ئەگەر تەواو سەربەخۆ بێ خوب بەعزە ناکۆکییەکی کە ئێستا هەیە لە زمان دا ،
پێم وایە درێژەی دەبێ. بۆ وێنە ناکۆکی بەینی سۆرانی و کرمانجی درێژەی دەبێ. ئەو پەتیگەرییە سەرەڕۆیانە ،
عومڕانی: پەرە دەستێنێ لە ئاستی
نێونەتەوەییا بەکار دێ ؟
حەسەنپوور: لە ئاستی نێونەتەوەیی دا ، ئا
، دەورێک دەگێڕێ بەڵام ئەویش بەستە بەوەیە
پێوەندیی ناوچەیی و نێونەتەوەیی چۆنە بۆ نموونە
ئەمن میسالێکت بۆ دێنمەوە: لە ووڵاتە ڕۆژئاواییەکاندا ئەوەی کە لە زانکۆکان
کاری لێکۆڵینەوە و دەرس کوتنەوەی زمانی
دەرەوەیان هەیە زۆرتر ترکی و فارسی و عەڕەبی بوە زۆرتر. کوردی زۆر کەم هەبوە،
چونکە کورد هەم دەوڵەتی خۆی نەبوە . لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتانە بوە کە بەو
زمانانە قسەیان کردوە، بەڵام ساڵی ١٩٥٨ کە لە عێڕاق کوودەتا کرا، ئەمریکا زۆر
دەترسا لەو کوودەتایەی ، پێی وا بوو ئەو ئەفسەرانەی کە کوودەتایان کردوە دژی
سەلتەنەت و دژی ئەمپریالیزم و ئەوانەن
عێڕاق بەرەو کۆمۆنیزم دەبەن. جا بۆیە عونسووری کورد بایەخی پەیدا کرد بۆ
ئەمریکاییەکان. ئەوەی کە کورد مومکینە دژایەتی
دەوڵەتی بەغدایە بکا. دوایەش کە دەستی پێکرد، بارزانی ڕاپەڕی لە دژی عەبدولکەریم قاسمی، ئەمریکا زۆری پێ خۆش بوو زۆر پشتیوانی کوردی دەکرد. جا لە باری
زمانییەوە چی لێ هات دەوڵەتی ئەمریکایە بەرنامەیەکی هەیە ، بەرنامەی strategic languages زمانە
ستراتێژیکەکان کە لیستێکی دروست کردوە، ئەو زەمانی هەبوو کە، کوردی تێدا نەبوو. بەڵام
لە ساڵی ١٩٥٨ بەو لاوە کوردی بوو بە یەکێک
لە زمانە ستڕاتێژیکەکانی ئەمریکایە. کە ئەوە بە چ مەعنا بوو، بەو مەعنایە بوو کە، Education Department یانی وەزاڕەتی پەروەردەی وان
پارەی تەرخان کرد بۆ وەی کە لە زانکۆکان
زمانی کوردی دەرس بکوترێتەوە. یەک زانکۆیان هەڵبژارد زانکۆی میشیگان ، کابرایەک بە
ناوی ئێرنێست مەکاروس کە چووبوە کوردستانی عێڕاقێ لێکۆڵینەوەی کرد بوو لە سەر
لەهجەی سۆرانی و گڕامێرێکی نووسیبوو The Grammar of Kurdish
Language ئەوە مەئموور کرا کە کتێبی دەرسی
دابنێ بۆ زمانی کوردی . ڕۆشنبیرێکی سولەیانی ، کە لە بەغدایە دەرسی دەخوێند
داوایان کرد بوو ئەوە هاتە میشیگان و پێکەوە خەریک بوون ئێرنێست مەکاروس و ئەو و
دەورەیەک کتێبی دەرسییان دروست کرد. یەک دانە کۆرس بووک بوو [بە دەست ئەستووراییەکەی نیشان دەدا]، کۆرس
بووکێکی گەورە لەگەڵ سێ جڵد کتێنی کوردیی ڕۆژنامەیی ، کوردیی نووسین ئی ڕۆمان و
ئەدەبی و شتی وا، کە کوردی دەرس دەکوتراوە. حەموو ساڵێ تەقریبەن دەکرێ بڵێین
دەرسێکی کوردیش هەبوو. جا مەبەستم ئەوەیە لەو پرسیارەی تۆ کوتت . ئەگەر دەوڵەتێکی
سەربەخۆی کورد هەبێ دەور دادەنێ لەوەی کە
لە دەرەوەی ووڵات یا لە ووڵاتەکانی دەور وبەر
کوردی بایەخێکی زۆرتری پێ بدرێ. بەڵام هەر ئەوە خۆی لە خۆیدا زۆر کوردی
ناباتە بەرەو پێش. بۆ وێنە ئەلئان زۆر نەتەوەی چکۆڵە هەن لە ئەفریقایە ، جیبووتی.
مەسەلەن نێپال لە ئاسیایە ، زمانی وانە لە کەم زانکۆی ئەو ووڵاتانەی ڕۆژئاوا دەرس
دەکوتری، دەکرێ پەیدای کەی لە زانکۆیەک زمانی نێپالی دەرس بکوترێ بەڵام زمانی نێپالی لە کوێ و زمانی عەڕەبی لە کوێ.
ترکی لە کوێ و زمانی نێپالی لە کوێ. زۆر فاکتۆری دیش دەور دەگێڕێ. بەڵام ئەگەر بێت
و کورد سەربەخۆ بێ ، بە هەر حاڵ دەور دەگێڕێ.
عومڕانی: دەور دەگێڕی. ئایا فشار دێنێ
بۆ پارچەکانی تریش کە دەوڵەتەکان هەندێ ڕێ
بدەن بە زمانی کوردی؟
حەسەنپوور: حەتمەن ئەوەش دەکا. بۆ خودی
زمانی کوردیش دەور دەگیڕێ. ئەلئان ئەو کوردییەی لە عێڕاق دا دروستە بەشی عەڕەبی و
بەشی کوردی لێک جیاوازن ، لە بەر ئەوەی عەڕەبی ئەو برەوەی جارانی نەماوە. بەڵام
ئەگەر کوردی و عەڕەبی لە عێڕاق دا بمێنن و بەشی عەڕەبی عێڕاقێ سەقامێک پەیدا بکا و
بەو جوورەی نەبێ کە کەس بە کەس نییە ئەو دەمی عەڕەبی دەسەڵاتەکەی هەر زۆرتر دەبێ
بە سەر کوردی دا. بەڵام ئەگەر کوردی بۆ
خۆی بێ خوب زۆرتر دایک و بابی کورد منداڵەکانیان
دەنێرنە مەدرەسەی کوردی ئیدی. کوردی دەبێتە زمانی خوێندنی وانە ، زمانی
ڕۆشنبیری وان . یانی ئەگەر کوردی ببێتە زمانی خوێندن لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ دا ، ئەو دەمی دەبێتە
زمانێکی ڕۆشنبیری. بەڵام ئەوەش بڵێم زمانی ڕۆشنبیری هەر نابێ بیبەستینەوە بە
دەوڵەت . ئەگەر ڕۆشنبیران تێبکۆشن ، دەور بگێڕن ئەو جوورەی حاجی قادری کۆیی
دەیکوت. دەیکوت زمانی بێگانە بکەنە کوردی ، بە تەرجومەی زمان ، باسی وەی دەکرد. بە تەرجومەی زمان دەیکوت بێگانە بە تەرجومەی زمانی نازانم وای لێ هات و پێش کەوت. ئەگەر ڕۆشنبیری
کورد شت بڵاو بکەنەوە ، بۆ وێنە
عومڕانی: نەزهەتی تەرجومە هەبێ
حەسەنپوور: ئەدەبییاتی، نەزهەتی تەرجومە
هەبێ . مەسەلەن تەرجومەی ئەدەبییاتی مارکسیستی
زۆر دەوری گێڕاوە بۆ وەی زمانی فارسی و عەڕەبی ، بە تایبەتی ئەو دوو
زمانانە ئاگام لێیە، مۆدێڕن بن ببنە زمانی مۆدێڕن و مەفهوومی مۆدێرنیان لێ پەیدا
بێ. لە کوردیش دا ئەگەر شتی وا بکرێ ئەو جوورە تەرجومانە بکرێ ئەو دەورە دەگێڕێ.
عومڕانی: باسێکی باشتان کرد ئەو
پرسیارەم لە بیر نەچێ. ڕۆڵی چەپەکان بە سەر زمانی کوردی چۆناوچۆن دەنرخێنن.
چەپەکانی کوردستان ؟ پێوەندییان لەگەڵ زمان، لە برەو دانی زمان، لە بەکار هێنان
حەسەنپوور: چەپەکان دەوری زۆر گرینگیان هەبوە بۆ وێنە لە
باری شێعرەوە. گۆران شاعیری هەرە گەورەی کوردە ئێستاش هەر وا. یا هێمن هەر وا.
هێمن هەم نەسرەکەی ، نەسرەکەی یەکجار جوانە نەسری هێمنی . فەوقولعادە نەسرێکی
باشە.
عومڕانی: هێمن وەکوو چەپ تەماشا ئەکەن؟
حەسەنپوور: ئا، هێمن لە بەرەی چەپی ناسیۆنالیزمی کورد دا بوو. بەڵام گۆران
کۆمۆنیست بوو. کۆمۆنیستەکان لە ڕۆژنامەگەری دا گەرچی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییان نەبوە
، نەیان توانیوە زۆر خۆیان پێشان بدەن بەڵام
لە ڕۆژنامەی غەیرە کۆمۆنیستیش دا شتیان نووسیوە . بەرهەمیان هەبوە مەسەلەن
ئیبراهیم ئەحمەد زەمانێکی وەک هێمنی وا
بوو لە بەرەی چەپی ناسیۆنالیزمی کورد دا بوو ، بەعزێکیان زۆر نزیک بوون لە حیزبی
شیوعی ، لە ڕۆژئاوا هەر وا، قەدری جان مەسەلەن ، جگەرخوێن ئەوانە زۆر لە حیزبی
شیوعی نزیک بوون.
عومڕانی: لە باکووریش بەم شێوەیە
حەسەنپوور: لە باکووریش، خوب لە باکووری
زۆر کەم دەرفەتی وەیان هەبوو لە ساڵانی ٣٠ و ٤٠
عومڕانی: بەڵام پ .ک.ک وەکوو
حەسەنپوور: ئا، پ.ک.ک مەسەلەن. ساڵانی ٣٠
و ٤٠ و ٥٠ نووسین و ئەوە هەر نەبوو. بەڵام
دوایە کە بوو ، ئەوە دروستە کە چەپییەکان دەورێکی زۆر گرینگیان بووە لە ڕۆشنبیری
کردنی زمانی کوردی دا.
عومڕانی: کاک ئەمیر ئەی ئەو چەپانە ،
بە تایبەت سەر بە هێندێک لایەنی تایبەت کە
ناویان نەهێنین زیاتر خۆیان دەبوارد لە بەکار هێنانی زمانی کوردی و ئەو زاڵبوونی زمانی فارسی بە چەشنێک حەتتا کوردەکان وایان لێ کرد
بوون کە بەس زمانی کوردییان بە دواکەوتوو
دەزانی و بەکاریان نەدەهێنا. چۆن تەماشای ئەم شتە ئەکەی؟
حەسەنپوور: ئەگە چەپ مەنزوورت
کۆمۆنیستەکانە . ئەمن نا، ئەمن شتی وام نەدیوە. ناڵێم نەبوە کەسێکی کە وا فکر
بکاتەوە بەڵام ..
عومڕانی: بە کردەوە ئەوە هەیە ، بۆ
نموونە ڕادەی نووسینەکان، ژمارەی
گۆڤارەکان زۆرێ شت ئەولەوییەت بە شێوەی ، بە ئیختیلافێکی زۆر و زەوەندەوە
ئەولەوییەت بە بە زمانی فارسی بوە هەمیشە.
حەسەنپوور: نا، مەسەلەن چاو حەسەنی قزڵجی
ئی حزبی تودە بوو ئیدی. ئەڵبەتە ئەمن حیزبی توودەم قەت پێ حیزبێکی کۆمۆنیست نەبوە.
بەڵام وایان داناوە. حەسەنی قزڵجی خۆی بە کۆمۆنیست داناوە. لە حیزبی توودە دا کاری
دەکرد. ئەو شتی کوردی دەنووسی، مەجمووعەیەک لە چیرۆکە کورتەکانی چاپ بوە '
پێکەنینی گەدا ' . نەسرێکی زۆر جوانی هەیە. ' عەلی گەلاوێژ ' ئەویش حیزبی تودە، فیرقەی دێمۆکڕات بوو، ئەویش
شێعری کوردی کوتوە ، ڕۆژنامەگەریی
کوردییان هەبوو لە باکۆیە. بەڵام خوب ئەوانە لە چوار چێوەی حیزبی توودە دا کاریان
دەکرد . حیزبی توودەش ئەمن پێم کۆمۆنیستی نەبوە بەڵام بایەخێکی وای نەدەدا بەوەی کە بە زمانی کوردی
یا بە زمانی تورکی شت بڵاو کاتەوە. زۆرتری ڕۆژنامەگەرییەکەی بە زمانی فارسی بوو. یا حیزبی شیوعی عێڕاقیش شتێکی وا نەبوە بەڵام خودی شیوعی کورد و ئەوەی
کە پێی دەڵێی چەپی کورد ئەوانە بۆ خۆیان زۆر بایەخیان داوە بە زمانیان.
عومڕانی: ئا خۆ شتێک دروست بوە وەکوو
ووتارێک کە کەسێک بۆ نموونە ئێستا لە ئێران ، شایەد بەشێکێشی ڕاست بێ ، کەسێک کە
بە کوردی بنووسێ ، هەوڵ بدا ئەو زمانە فێر
بێ دەڵێن شتێکی ناسیۆنالیستی لە پشت ئەم قەزییەوەیە . یانی بۆ وەی کە خۆی بچێ ئەم
شتە فێر بێ . زۆر جار ئاوا تەماشای دەکرێ. وە چەپەکان زۆر لایەن قسە لەوە دەکەن
کە، پێویست ناکا ئێمە فارسی هەموومان تێ دەگەین و تەواو.
حەسەنپوور: شتێکی وا هەیە، بە تایبەتی لە
ئێرانێ دوای ئەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئەوەی کە لەگەڵ کۆمەڵە یە پێک هاتن یانی بوون بە حیزب . ئەوانە دوای
ئەوەی ئینشیعاب بوو لە حیزبەکەی دا ١٩٩١ تەبلیغاتێکی
زۆریان لە دژی ناسیۆنالیزمی کورد کرد و ئەوان بۆچوونی وایان هەبوە. ئەو کەسانەی کە
ڕێبازێکی وایان لە پێش گرتوە ئاوا چاو لە
کوردی دەکەن. بەڵام خۆم ئەمن ئەوەش بە بۆچوونێکی کۆمۆنیستی دانانێم. چون لە
ڕوانگەی کۆمۆنیستانەوە زمانی کوردی زمانێکی سەرکوت کراوە
عومڕانی: نامەکەی مارکس
حەسەنپوور: یانی ئەسڵەن زۆر شت هەیە ،
لێنین بۆ خۆی مەسەلەی زمانی زۆر بۆ موهیم بوە کە ئەو زمانانەی سەرکوت دەکرێن . لێنین لە جێیەکی
مەسەلەن زۆر تەئکید دەکا دەڵێ دەبێ تەواو خەبات بکرێ لە دژی زوڵمی زمانی
و سەرکوت کردنی زمانی و تەنها ڕێیەک ئەوەیە هیچ مانعێک نەهێڵرێ لە سەر ڕێی
زمانەکان و لەهجەکان کە ئازادی کامیلیان هەبێ. یانی ئەوەی کە خۆی بە کۆمۆنیست
دابنێ و فکر بکاتەوە کوردییە ئەتۆ قسان بکەی
یا بنووسێ دواکەوتووی ئەوە بۆخۆی دواکەوتووە ئەو کەسە پێم وایە.
عومڕانی: کاک ئەمیر ناڵێم وەکوو
پرسیاری دوایی چون هێندێ برسیار ماوە بەس
لە سەر پیاوسالار بوونی زمانی کوردی ئێوە زۆر باستان کردوە حەز ئەکەم تۆزێ
ئەو باسە باس بکەن.
حەسەنپوور: زمانی کوردی وەک ئەو زمانانەی
دی کە لێکۆڵینەوەی لە سەر کراوە زمانێکی تەواو پاتریارکاڵ و دژ بە ژنە. ئەوەی ئەمن لێکم داوە تەنیا لە
چوارچێوەی مەعنای ووشەکان بوو ئەوەندەی کە چاوم لێکرد لە هەر بوارێک دا چاوی لێ
بکەی زمانەکە تەواو دژی ژنە. بەڵام هەموو زمانی دیش هەر وان ؛ فارسی ، عەڕەبی ،
ئینگلیسی حەموو ئەو زمانانەی کە، بە تایبەتی ئینگلیسی کە، لێکۆڵینەوەی یەکجار زۆری
لەسەر کراوە و دەکرێ بڵێین دەیان فەرهەنگی فێمێنیستی دروست کراوە. فەرهەنگی
فێمێنیستیی زمان یانی چۆن زمانی ئینگلیسی
دەکار بێنی کە دژی ژن نەبێ. بەڵام هێشتا زمانەکە زۆر دژی ژنە. لە کوردیش
هەر وا تێکۆشانێکی زۆری دەوێ کە، ئەمە حەول بدەین وەک لە زمانە
ڕۆژئاواییەکاندا کراوە زمانەکە ببێتە
زمانێکی زۆر دێمۆکڕاتیک ، دژی ژن و دژی یەهوودی و دژی مەسیحی و جووزانم دژی خەڵکی زەحمەتکێش و ئەوانە نەبێ.
چون دژی خەڵکی زەحمەتکێشیشە زمانەکە. هەر دژی ژن نییە ،زمان لە کۆمەڵێکی چینایەتی
دا ساز بوە، مومکینە پێش چینایەتی ساز بوو بێ وەلی ئەو زمانەی ئێمە هەمانە زمانی
کۆمەڵێکی چینایەتییە لە بەر وەی مۆری
چینایەتی لێ دراوە ، دژی زەحمەتکێشانە ، دژی ژنانە ، دژی وەک کوتم بە تایبەتی جوولەکە لە کوردستان ،
یەهوودی و مەسیحی و ئەوانەیە بە خراپ باسی
وانە دەکا یانی ووشەی وا دەکار دێنێن کە نابێ دەکار بێندرێ. وە زۆر گرینگە
بەشێک لە ڕۆشنبیر کردنی زمانی کوردی دەبێ
ئەوە بێ ئەو خەباتە بکرێ کە ئەو وشانەی کە ئاوان دەکار نەهێندرێن شتی دیکە دەکار
بهێندرێ.
عومڕانی: هێندێ پرسیاریان بۆ ناردووم کە پێم وایە هاوڕێیەک کە ، کاری زمان و شت ئەکا
من حەز ئەکەم یەک دوو دانەیان بخوێنمەوە و
بۆچوونتان وەربگرم. باس لەوە دەکا کە زمانی کوردی لە ماوەی هەزار و پێنج سەد ساڵی
ڕابردوو دا هەمیشە لە ژێر چەپۆکی گەلانی سەردەست بوە و پاشان ئەمپریالیزم واتە
دۆخێک نەبوە زمانی کوردی تیادا بتوانێ ئازاد و خاوەنی خۆی بێ. ئەگەر جار جارە
مافێکیشی پێ ڕەوا بیندراوە وەک [ووشەیەک نابیسترێ] پێ فرۆشراوەتەوە. کە ئێستا
دوای ئەو مێژووە دێی سەیری جوغرافیای
زمانی کوردی دابەشبوونی زار و بن زارەکان دەکەی دەعبابەیکی ئاوارتە و تاقانەی لێ
بەرهەم هاتوە . لە دنیا دا وێنەی زۆر کەمە وەک ئەو ئەڵێت و باس لەوە دەکات چۆن
شتێکی ئاوا هەیە ڕێگا چارەکانیش دەبێ زۆر تایبەت بن بە زمانی کوردی. یانی هێندێک
پەتیگەریش لێرە دا پاساوی بۆ دێتەوە ، بۆ
نموونە دەڵێ زمانی کوردی ئەوەندە دابەش کراوە شتی زۆر سەیری حەتتا گرامری لێ ساز بوە. مەسەلەن لێرە ئەڵێ لە هێندێ لەهجە
دا ئەڵێن ' من و محەمەد بوونمان' یا نازانم
' کاتێ چوویمان بۆو جەژنە هەر خۆتان بووتان ' ، یانی هێندێ زاراوای سەیر
سەیر دروست بوە لە کوردی دا. ئێستا باس
لەوە ئەکا کە ئەم شتە ئایا بۆ زمانی کوردی
دۆخێکی تایبەت دروست دەکا ، فەزایەکی تایبەت دروست دەکا کە ڕێگە چارەی جیاوازیشی
لێ هەڵبهێنجین؟
حەسەنپوور: ئا ، لە پێشدا ئەوەی بڵێم
ئەوەی بڵێم ئەوەی خۆیمان، چوویمان ئەوانە هیچ ئیرادێکی نییە ئەوە لەهجەیەکی کوردی
یە ئاوا پێک هاتوە بە هیچ جوورێکی ئەوە خراپتر یا نزمتر نییە لەوەی کە سۆڕانی زمانێک بیڵێ یا کرمانجی زمانێک بێلێ.
کوردی وەک حەموو زمانی دی لەهجەی جۆراوجۆری هەیە و لە باری مەبەست دەربڕینەوە هەر
لەهجەیەی جوورێک دەری دەبڕێ. ئەوەی کە سۆرانی مەقامێکی وای پەیدا کردووە مێژووەکەی
ئاوا بوە نەک لە بەر ئەوەی کە لەهجەیەکی باشترە. دوایە لە بابەت دەکار هێنانی
دەسەڵاتی زمانی فارسی و عەڕەبی و دوایە تورکی عوسمانی بە سەر کوردیدا حکوومەتانی
سەفەوی و مەسەلەن سەرەتاکانی قاجار یا عوسمانییەکان تا ناوەڕاستی سەدەی ١٩ ،
سەردەمی ' تەنزیمات' و ئەوە ، پێش ئەوەی ئەمارەتە کوردەکان تێک چن ، یا خەلافەتی
بەغدایە ئەوانە ڕاستییەکەی دەسەڵاتی وەیان نەبوو کە بە کوردی بڵێن ئێوە حەقوو نییە
بە زمانی خۆتان بخوێنن. نەیان دەتوانی.
ئەوەڵەن موشکیلەیەکی ، مەسەلەیەکی وایان نەبوو. سوڵتانی عوسمانی بۆخۆی لە
ئیستانبووڵێ دانیشتوە چی بەوەی داوە کە لە بدلیسێ بە کوردی دەنووسن یا بە عەڕەبی
دەنووسن، واقعەن بۆی مەسەلە نەبوە ئەسڵەن. بۆخۆشیان زۆر نەخوێندەوار بوون ئەو خان
و سوڵتان و ئەوانە. لە بەر وەی کوردەکان ئازادی وەیان هەبوو کە بۆخۆیان بخوێن و
بنووسن. لە گوندی خۆیاندا ، لە شارەکانیشدا
تەنانەت ، لە زۆربەی شارەکان دا. ئەو ئازادییەیان هەبوو بەڵام دوایە کە
دەوڵەتی ناوەندی دروست دەکرێ و دوای تەنزیمات ئەماڕەتەکان لادەبرێن و ئەو دەوڵەتانە دەسەڵات پەیدا دەکەن ئەو دەمی
ئازادێکەیان وەرگرت. نەیان دەهێشت لە مەدرەسە دا کوردی بخوێندرێ. جا هەر بۆیەش لەو
زەمانەی دا بوو کە دەوڵتی عوسمانی و سەفەوییەکان و قاجار دەسەڵاتیان هەبوو ، چەند
کەسێک لە مەلا و فەقێکان دەستیان کرد بە کوردی نووسین وەک ئەدەبییاتی هەورامی و کرمانجی و سۆرانی
پەیدا بوو. ئێستا خۆ زۆر فەرقی کردوە هەر وەک باسمان کرد . جا نازانم ئەوەی لەو
پرسیارە دا باسی دەکا چ شتێکە کە ئێستا
عومڕانی: ڕادەی، من پێم وایە . ڕادەی
سەرکوت کردن مەبەستێ کە ئایا ئەم ڕادەیە وەکوو جوغرافیا وەکوو سەرکوت و ئەوانە ئەو
فەزایە ئیجاد ناکا، ئەو حەقە بە زمانی کوردی و دەسەڵاتدارانی کورد و ڕۆشنبیرانی
کورد نادا کە بەشێوەیەکی زۆر بەرپەرچێ کاردانەوەیەکی زۆر توندی زمانەوانییان هەبێ
بە نیسبەت زمانەکانی تر؟
حەسەنپوور: نا ، ئەمن پێم وایە ئەگەر
مەبەست زمانی عەڕەبی و ئەوانەی دەسەڵاتیان هەبوە ناکۆکییەکە ئێستاش هەر هەیە بەینی کوردی و فارسی . ئێستا کوردی لە
ئێرانێ زۆر تێکەڵاوی فارسی بوە، یەکجار زۆر. بەڵام
عومڕانی: ئێوە ئەمە بە مەترسی
دەزانن وەکوو زمان ؟
حەسەنپوور: ئەوە
عومڕانی : یان ئاڵشتی کولتووری ،
فەرهەنگی بەس .چون یەک لایەنەیە
حەسەنپوور: ئەو مەترسییە ئەگەر هەبێ بۆ
زمانی نووسین و زمانی ئەدەبی کوردی یە
زۆرتر دەیکەنە ووشەی فارسی و تەعبیراتی فارسی زۆر دەخەنە نێو زمانەکە و مومکینە
وەک کوردی کرمانجی لێ بێ لە تورکییەی .
مەسەلەن کوردیی تورکییەی ئەگەر بڵێ '
ڕۆژنامەگەری لە کوردستانی تورکییەی دا ' ، دەڵێ ' لە کوردستانی تورکییەی دا
ڕۆژنامەگەری ' ، ئەوە پێکهاتەیەکی ترکی یە . هێندە ئەوە لە ترکی دا زۆرە، ترکی هەر
وا دەڵێن. دەڵێ: ' لە تورکییەی دا ڕۆژنامەگەری کوردی ' ، ئەمە لە کوردی دا یا لە
فارسی دا دەڵێین ' ڕۆژنامەگەری لە تورکییە دا ' ، فارسیش هەر وا دەڵێن :
"روزنامەنگاری در ایران ' ، وەلی ترکی وا ناڵێ. یانی ترکی ئەوەندەی تەئسیر
کردووە لە کوردی دا لە زۆر شت دا ئەمن هەر ئەو نموونەیە ، ئەو میسالەی دێنم. لە
باشووریش عەڕەبی مەسەلەن کوردیی باشوور دەڵێن ' هەڵستام بە نووسینی شێعرێک ' ، خوب
ئەوە ' قام بە ' یە لە عەڕەبی دا.
عومڕانی: یا ' نەخۆشخانەی هەوڵیری ناو
دەوڵەتی
حەسەنپوور: [ پێ دەکەنێ] یا نەخۆشخانەی
هەوڵێری ناو دەوڵەتی ، مەسەلەن شتی ئاوا دەڵێن ئەوە تەئسیری..
عومڕانی: لە فارسیش زۆرە
حەسەنپوور: فارسیش ئاوا کاری کردوە لە
کوردی دا ، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەیکا. ئەمن ئەو نموونەم باس کرد. کوردیی سۆرانی موکریانێ بە لانی کەمەوە ووشەی
هەیە دەڵێن ' چێشتەکەی تێکە ' ، فارس
دەڵێ ' بکش ' ، مەسەلەن دەڵێ ' آش را بکش' ، ئەمن قەت لە بیرم نییە لە ژیانی
خۆم دا ، ئەمن ١٧ ساڵی ئەوەڵی ژیانم لە سابڵاغێ گەورە بووم ، دوایەش بۆ ماوەی دە
ساڵێکی دیش هەر وا بەعزە ساڵێک لە مەهابادێ بووم و نەبووم و ئەوە. قەت نەم بیست
یەک نەفەر لە مەهابادێ بڵێ ' بیکێشە' بە
مەعنای تێ کردن . ئێستا هەرچی مەهابادییە دەیبینی بە تایبەتی نەسلی جەوان دەڵێ '
بیکێشە' ، هەر بۆیە ئاشنایەکی من جارێکی کوتی میوانی بوو دانیشتبووین هەموو
دەستیان کرد بە خواردنێ ئەو ئاوا دانیشتبوو ، ساحیب ماڵەکە کوتی دەی فڵانەکەس
بیکێشە ئەو خۆراکە قابیلی تۆ نییە؟ خولاسە کورتی بکەمەوە ، کوتی ناوەڵا زۆر
خۆراکێکی جوانە و خۆشیشە بەڵام نایکێشم ، ئەگەر بیکێشم دەپسێ. [پێ دەکەنێ] . یانی
بۆ موقاوەمەت کردن لە موقابیل وەی دا کە ، تازە کابرایەکی بە تەمەنیش بووە . لە تەمەنی مندا شایەد لە
منیش گەورەتر بوە. تەنانەت ئەویش کە ئەو ساڵانی ئاخری ژیانی لە دەرەوەی ووڵات بوو
ئەویش دەڵێ ' بیکێشە' ، مەهابادیش بووە .
لە مەهابادێ قەت شتی وا نەبوە بڵێ '
بیکێشە ' .
عومڕانی: کورد دەبێ لەگەڵ ئەم شاڵاوە
چی بکا، ئەم شاڵاوەی هرووژمی هێناوە بەرەو زمانی کوردی بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات .
حەسەنپوور: بۆ خەڵکی هەروا خەڵک لە ژیانی
ڕۆژانە دا ، لە ژیانی ڕۆژانەیان دا کارێک ناکرێ. چون ئەوە بە پەرە ئەستەندنی
خوێندن و نووسین و میدیاکان کە بە فارسین ، بە پەرەئەستەندنی وەی..
عومڕانی : وە نەبوونی دەسەڵاتێکی
حەسەنپوور: وە نەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی
کە بە زمانی کوردی بێ لە بەر وەی وای لێ هاتوە. یانی تەواو ڕابیتەی زمانی حاکم و
زمانی مەحکوومە. چۆن بەربەرەکانی دەکرێ؟ بەربەرەکانی نە بە شێوەیەکی شۆونیستی و
ڕاسیستی ، بەو شێوەیەی کە قەبووڵمان بێ زمانی فارسیش زمانێکە ، زمانێکی یەکجار
موهیمیشە ، باشیشە ئێمە فێری دەبین گەرچی زەبرو زەنگی لە پشتێتی بەڵام ئەمە فێری
زمانێکی دی دەبین بەڵام ئەمەش زمانی خۆمان هەیە ، ئەمن ناڵێم ' بیکێشە' دەڵێم ' تێی کە ' . موقاوەمەت کردن لە بابەت
ئەوە یەوە کە نە پەتیگەرێکی سەرەڕۆیانەئ ئیفڕاتی بێ. بەڵام ئەوەی کە زمانەکە بۆخۆی
هەیەتی و توانای ئەوەی هەیە وووشەی دروست بکا هەموو زمانێک هەم ووشە وەردەگرێ ،
هەم دروستی دەکا. کوردیش دەبێ ووشەی خۆی
دروست بکا و دەبێ وەریش بگرێ. وەرگرتنیش عەیب نییە ، بەعزە ووشەیەک هەیە هەر وەک
فارسی بۆ وێنە 'مجرد' ی لە عەڕەبی وەرگرتوە ، ئەمەش لە عەڕەبی و فارسی ' موجەرەد' ی وەردەگرین وە وەک ووشەیەکی کوردی حیسابی دەکەین. ئیدی پێی
ناڵێن بێگانە. ووشەیەکی کە وەرگیراوە و لە خوێندن و نووسینیش دەکار هێندرا ئەمە بە ووشەی بێگانەی حیساب
ناکەین ، بە ووشەی کوردی خۆماڵی دادەنێین . دەبێ بە سیاسەتێکی ئەئاوا بچینە پێشێ
یانی زمانی زیندوو دەبێ ووشە وەرگرێ لە زمانی دیکە. زمانێک کە مردبێ ئیدی ووشە وەرناگرێ . بەڵام ئەو ڕابیتەی
حاکم و مەحکوومیشمان دەبێ لەبەر چاو بێ.
عومڕانی: کاک ئەمیر وەک پرسیاری کۆتایی
لە سەر زمان ، ئایا ئێوە حەز ئەکەم بزانم گەشبینن ، ڕەشبینن بە نیسبەت ئایەندەی
زمانی کوردی؟
حەسەنپوور: ئەمن بە داخەوە زۆر ڕەشبینم
بە ئایەندەی زمان لە دنیایە دا بەو مەعنایەی کە حیسابیان کردوە هەر دوو حەفتەیەی
زمانێک لە دنیا دا لە ناو دەچێ. زمان دیاردەیەکی یەکجار گرینگە، زمان هەموو شتێکە،
زمان مێژووە، کولتورە ، ئەدەبییاتە ، هونەرە . حەموو زمانێکی دنیایە یەکجار شتێکی
ئاڵۆزە، گڕامێری هەموو زمانێکی هەتا بڵێی ئالۆزە. لەناوچوون و لەناو بردنی هەر
زمانێک داخێکی گەورەیە بۆ بەشەرییەت. بەڵام بە داخەوە زۆر زمان زۆر چکۆلەن ، لە
کانادایە هەر ساڵە ناساڵێکی ئەمە دەبیستین زمانێکی خەڵکی بوومی کانادایە کە لە
قەدیمەوە لەوێ ژیاون لە بەین دەچێ دەڵێن
مەسەلەن ئاخرین کەسێکی کە بەو زمانەی قسە دەکرد کە پیرێ ژنێک یا پیرە پیاوێک بوو
مرد ئیدی ئەو زمانە مرد چون منداڵەکانیان ئیدی بەو زمانەی قسە ناکەن، بە زمانی
ئینگلیسی یا فەڕانسە قسە دەکەن . کوردی ئێستا لە مەترسێکی ئاوا دا نییە کە، لە
بەین بچێ بەڵام تا ئاخری ئەو سەدەیە مەترسی وا هەڕەشەی لێ دەکا بە تایبەتی ئەگەر
ژێر چەپۆکە بمێنی. جا بۆیە مانەوەی زمانی کوردی وەک مانەوەی حەموو زمانێکی دی دەبێ
ئەرکێکی حەموو ئینسانێکی بێ. ئەوە ناسیۆنالیستی نییە بڵێی کوردی وەک زمانێک دەبێ
بمێنێ و لە ناو نەچێ ، چون دەبێ ئێمە بۆ هەموو زمانێکی بۆچوونێکی ئاوامان هەبێ.
حەولدان لە ڕوانگەیەکی دێمۆکڕاتیک نەک ڕوانگەیەکی شۆوێنیستی و ناسیۆنالیستی حەول
بدەین بۆ زمانەکە پێی بنووسین ، شتی پێ
تەرجومە بکەین ، پێوەندی لەهجەکان بە شێوەیەکی دێمۆکڕاتیک بۆچوونمان بۆی هەبێ و
خۆمان حەول بدەین مەسەلەن ئەگەر کرمانجی زمانە سۆرانی فێر بێ ، هەورامی فێر بێ،
ئەدەبییاتەکانی بزانێ، لێکۆڵینەوە هەبێ ، هونەر بەو لەهجانە دروست بکرێ و هونەری
زمانی دی تەرجومە بکرێ. ئاوا بەو شێوەیەی زمانەکە پەرە بستێنێ بەڵام زیاتر لە حەموو شتێکی حەول بدەین کە گەلی کورد
لە هەر چوار پارچەی مافی وەی هەبێ کە بە
کوردی بخوێنێ . خوێندن بە کوردی لە مەدرەسەکان و لە زانکۆ دا زۆر دەورێکی گرینگ
دەگێڕێ لە ڕۆشنبیری کردنی زمانی کوردی و لە مانەوەی زمانی کوردی دا. دەبێ حەول
بدەین بۆ وانە بە شێوەیەکی دێمۆکڕاتیک .
تێبینێ: دەکرێ بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە ، ڤیدێئۆی ئەم هەڤپەیڤینە لە
تۆڕی کۆمەڵی یوتیووب دا ببینن . هەڤپەیڤینەکە وەکوو خۆی دابەزێندراوە، سپاسی گەرم
بۆ بەڕێز زانیار عومرانی کە ئیزنی بڵاو کردنەوەی دەقی ئەم هەپەیڤینەی پێ داین.
حەسەن قازی
٢١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨
٢١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨
No comments:
Post a Comment