Monday, October 1, 2018

هەڤپەیڤینی دیار جوان لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی قەسەدە

 هەڤپەیڤینی دیار جوان لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ مەزلووم عەبدی
 فەرماندەی گشتی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا
بەشی یەکەم
دیار جوان: ئێوارە باش بینەران و بیسەرانی هیژا! لە هەرێمێکەوە کە لە دادێ دا خاوەن پۆتانسییەلێکە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری بکا، تەنانەت شوێن لە سەر هێندێک لە ئاڵۆزییەکانی جیهان دا بنێ،لێرە ئێمە لە بەرنامەیەکی تایبەتی دا لەگەڵتانین. زۆر لە ئێوە لە پێوەندیی لەگەڵ ڕۆژئاوا و باکووری سووریا و لەو دواییانە دا ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چاپەمەنی نووسراو دا لە خاوەنی دۆزەکە، لە بەرپرسانی دۆزەکە ، ڕاگەیاندن، لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنتان بیستووە. ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ ئەو کەسانە، ئەوانەی نزیکەی ٦ ساڵە  لە سەر ئەو خاکە شەڕی یەکێک لە ڕێکخستنە هەرە گەورەکانی تێڕۆر لە جیهان دا دەکەن، مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزێن سووریای دێمۆکڕاتیک [ دەدوێین]  . تا ئەو جێگایەی کە ئێمە بتوانین پرسیاری لێ دەکەین. ئەو پرسیارانەی کە ئێوە پێتان خۆشە ووڵامەکانیان بزانن. ئەو پرسیارانەی کە بیروڕای گشتی پێی خۆشە ووڵامیان بزانێ ، گەلۆ چارەنووسی ئەو هەرێمە چی لێ دێ؟ ئەو هیوا و چاوەڕوانییانەی کە ئەمڕۆ بووژاونەتەوە، گەلۆ چ ئاکامێکان لێ دەر دەکەوێ یان نا؟ یان ئەوەی گەلۆ مەترسییەک لە سەر ئەم هەرێمە هەیە؟ ئێمە ئەوانە لە خاوەنی دۆزەکە دەپرسین . پێمان خۆش بوو ئەم بەرنامەیە بە شێوەیەکی زیندوو پێشکێش بکەین بۆ ئەوەی پرسیارەکانی ئێوەش وەربگرین، بە ڕێگەی حیسابی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵی دا، بەڵام هەر وەک ئێوەش دەزانن و پێی دەزانن لێرە شەڕ هەیە،  فەرماندەی  قەسەدە [ هە سە دە / SDF ] لە سەر داوخوازی ئێمە  لە جەبهەی شەڕەوە هاتووەتە ئێرە . وەک دەزانن لە حاڵی حازر دا لە ڕۆژهەڵاتی دێرا زۆر شەڕێکی قورس لە ئارا دایە ، لە بەر ئەوە ئێمە داوای لێ بوردن دەکەین، ئێمە ناچارین بەرنامەکە قەید بکەین بەڵام  ئەوە بەو مانایە نییە ئێمە باسی شتی ئاکتوێل ناکەین، شتی کە پێوەندی هەیە بە داهاتووی سووریا  و بە تایبەتی ڕۆژئاوا وە. وەکوو گوتم تا ئەو جێگایەی بتوانم لە ناو سەعاتێک ، سەعاتێک و چل و پێنج دەقیقە دا حەول دەدەین  ئەو پرسیارانەی لە زەینی ئێوە دان ، پرسیاری کە ئێوە بیریان لێ دەکەنەوە لە بەڕێز مەزلووم عەبدی بپرسین . و ئێمە زەخت بێنین بۆ ئەوەی ووڵامی ئەوانیش وەربگرینەوە . بێگومان هێندێک شت  ڕەنگە پێوەندییان هەبێ بە نهێنی کاری شەڕ و ستراتێژی شەڕ، ئێمە لەو بارەیەشەوە پرسیار دەکەین، ئەگەر ئەوان بە دروستیان زانی ووڵامی ئەو جۆرە پرسیارانە بدەنەوە ئێمە پێزانی خۆمان لە ئاستیان دەردەبڕین . مەزلووم عەبدی بەخێر بێن.
مەزلووم عەبدی : ئێوەش بە خێر بین، سپاس
دیار جوان: گەلێک ساخ بی. جاری یەکەمە، هەموو کەس بیری لێ دەکردەوە مەزلووم عەبدی کێیە؟ جارێک بەڵکوو دوو جار لە چاپەمەنی جیهانی دا ئێوە ڕاگەیاندنتان دا ، بەڵام بۆ یەکەم جارە لە ئەکڕانی ستێرک تیڤی دان. ئەوەی ڕاستی بێ ئێمە پێمان خۆشە هێندێک شت بزانین. ئێوە لە جەبهەی شەڕ ڕا هاتوون. ئەگەر ئیزنت لە سەر بێ مادام ئەوەی کە ئێمە باسی جەبهەی شەڕمان کرد ، هێندێک لەو بارەیەوە دەست پێ بکەین. وەزعێکی ئاکتوێلە، و لە هەموو شتێکیش زیاتر ناوی ئەو هەنگاوەی ئێوە هێندێک جێگەی موناقەشەیە. شەڕی نەهێشتنی تێڕۆر بە پێشەنگی قەسەدە ئێستا بۆ ڕزگار کردنی شارۆچکەی " هەژین " . ئێوە دەڵێن ئەوە دوایین قەڵای داعشە  لە هەرێم دا. یانێ ئێمە وای وەربگرین کە بە ڕزگار کردنی " هەژین" هەموو شت تەواو دەبێ و  بەڵکوو بینەران پێیان خۆش بێ بزانن ، ئێوە ڕۆژانە زانیاری دەدەن، بریفینگ دەدەن.  لەوێ چ هەیە و چ دەقەومێ و ئیتر بە ' هەژین ' ڕا مرۆڤ دەتوانێ دڵی ئاسوودە بێ . ئایا ترسی تەقینەوە، هێرش نامێنێ و هەموو شت خڵاس دەبێ؟
مەزلووم عەبدی: جارێکی دیکە بە خێرهاتنتان دەکەین و سڵاو دەکەین لە هەموو بینەرانی ستێرک تیڤی. بە ڕاستی شەڕی ' ڕەقا ' با بڵێین پەلاماری ' ڕەقا'  کە پێتەختی خیلافەتێ بوو، پێتەختی داعش بوو، بە کەوتنی ڕەقا  دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی ڕەسمی خیلافەت تێک چوو . بەڵام داعش ما، هێزی داعش ما ، داعش بە تایبەتی لە سووریا هێزی خۆی لە هەریمی " دێرا زۆر " کۆ کردەوە و قورسایی خۆیان دا وێندەرێ. ئێوە دەزانن کە پەلاماری  ' تۆفانی جزیرێ '  ساڵێک لەمەو بەر دەستی پێ کرد و ئەو پەلامارە بەردەوام بوو، جار جار ڕادەگیرا،  و دیسان بەردەوام دەبوو. ئەمڕۆ داعش هەموو هێزی خۆی ، ئێمە دەتوانین بڵێین هەموو هێزی بە تەجروبەی خۆی ، هێزی ئەساسی خۆی
دیار جوان : ئی پەلاماردەر
مەزلووم عەبدی: ئی پەلاماردەر، ئەو بێگانانەی دە ناویان دان، ئەوانەی کە هێشتا دەیانەوێ لە سەر شەڕ بەردەوام بن ، ئەوانەی ناگەڕێنەوە و هەڵنایەن  و بەستراونەتەوە بە مەفهوومی خیلافەت ئەوانە لەوێ کۆ بوونەتەوە، لە مەنتەقەی " هەژین" کۆ بوونەتەوە. " هەژین" خۆی هەرێمێکی گەورە نییە  لە تەنیشت چۆمی فوراتە، لە ڕۆژهەڵاتی چۆمی فورات هەڵکەوتووە . دڕێژایی وی ٣٠ کیلۆمیتر و پانتاییەکەی ١٠ کیلۆمیترە. ئێمە دەتوانین بڵێین ئەو مەنتەقە شاری گەورەی لێ نییە ، بەڵام هەمووی وەک شارێک وایە، یانی بەیەکەوە بەستراونەتەوە.
دیار جوان: ئێمە دەتوانن ئاوا بڵێین داعشێک کە لاق و دەستی شکاوە ، هێشتا لەوێ ڕوحی زیندووە؟
مەزلووم عەبدی: هەیە، هێشتا لەوێ هەیە. بە پێی ئەو زانیارییانەی ئێمە لەوێوە وەریان دەگرین، هێشتا لەوێ هەن . و بە پێی بۆچوونی خۆیان [دەستووری] شەریعەت پێک دێنن، سیستمی خۆیان دروست کردووە، و بە بڕیارن کە ئەوێ بەر نەدەن و بە جێی نەهێڵن . بە گوێرەی وان ئەوە جێگای دواییە کە خیلافەتی لێ ماوە، شەریعەتی خیلافەت تێیدا هەڵدەسووڕێ. لە بەر ئەوە باش خۆیان ئامادە کردووە.
دیار جوان: ئەگەر ئێوە بانگەوازێک بدەن، بۆ ئەوەی شەڕی زیاتر نەبێ و بۆ ئەوەی شەڕڤانانی ئێوە ژیانی خۆیان لە دەست نەدەن، ئەوان خۆیان تەسلیمی ئێوە بکەن  و ئێوە کێشەکە بەو جۆرە جێ بە جێ بکەن ، ئێوە بیر لە شتێکی ئاوا دەکەنەوە. یانی ئەگەر شتێکی ئاوا پێک بێ ئایا ئەوە مومکینە؟
مەزلووم عەبدی: نا ، ئێمە بانگەوازمان دا، بە ڕێگای ڕیش سپی مەنتەقە را  لێمان ڕاسپاردن ، ئێمە پێمان ڕاگەیاندن ئێمە ئیتر نامانەوێ کوشتن زۆرتر بێ ، بە تایبەتی لە وێندەرێ خەڵکی مەدەنی هەن، دەستوپێوەندی ئەوان هەن ، خێزانی وان لەوێندەرێن ، ئێمە نەماندەویست کەس بکووژرێ هەر بۆیە بانگەوازیمان کردن ، بە ڕێگای جیهازان [ دەستگای پێوەندی ] ئەوەمان کرد ، هێزی ئیتیلافیش بە فڕۆکە  ئاگەهی یان بە سەر دا بڵاو کردنەوە و هەر چۆنێک بێ  بە ڕێگای ڕیش سپی هەرێمێ دا بانگەوازمان بۆ ناردن.  
دیار جوان : یانی ستراتێژییەکی ئاوای ئێوە هەبوو، هەنگاوێکی ئاوا باوێژن ؟
مەزلووم عەبدی:  هێندێکیان هاتن، ئەوانەی کە نەیاندەویست شەڕ بکەن خۆیان دەرباز کرد. گەلێک خەڵکی مەدەنیش هاتن هێندێک لەوانیش هاتن. بەڵام ئەوانەی کە ماونەتەوە لێبڕاون شەڕ بکەن ،و خێزان و منداڵەکانیشیان لەگەڵیانن . ئەوان بڕیاریان داوە شەڕ بکەن ، لەوێ خۆیان باش دامەزراندووە ، هیوایان ئەوەیە کە بەرخوە بدن و دەست بکەنەوە و شەڕ لەوێ تەواو بکەن، لە هەموو جێیەک مینیان داناوە ، هەموو جێیەک مینیان ناشتووە، هەموو چەکی خۆیان لەوێ کۆ کردووەتەوە. و لەوێ شەڕێکی دژوار دەکەن. با هەموو کەس بزانێ ئەو هێزانەی ئێمە کە لەوێ شەڕ دەکەن ، هێزی ئێمەیە لە 'دێرا زۆر '، مەجلیسی لەشکری دێرا زۆرە، ئەو هێزی کە سەر بە میلیسی مەجلیسی لەشکری دێرا زۆرن ئەوان لەوێ شەڕ دەکەن ، هەڵبەت هێزەکانی ئێمەی یەپەگە و یەپەژە ش لەگەڵ وان هەن ، بەڵام زۆربەیان خەڵکی دێرا زۆر بۆخۆیانن. هێزی ئێمە لەوێندەرێ یانی مەجلیسی لەشکریی دێرا زۆر ئەوانیش لێبڕاون کە لەوێ کارەکە بە کۆتا بێنن.
دیار جوان : ئێوە ١١ ی سێپتامبر بە ڕەسمی دەستتان کرد بەو هەنگاوە ، بەو ئۆپێڕاسیۆنە ، ئێستا ئەوە ١٧ ڕۆژ تێپەڕیوە ، یانی مڕۆڤ دەتوانی زانیارییەکی ئاوا بدا بە بینەران کە لە ئێستاوە تا مانگێکی دیکە پاک کردنەوەی ئەو هەرێمە لە تێڕۆری داعش ڕادەگەیێنن. مرۆڤ دەتوانێ بە ئیحتیمال یان بە ڕێژەیی شتێکی ئاوا بڵێ ؟ بە پێی ئەو پێشوەچوونەی کە ئێوە دەی شۆپێنن؟
مەزلووم عەبدی: بە ڕاستی ئێمە وامان بیر دەکردەوە بەڵکوو دە ماوەی دوو مانگ دا بە کۆتای بێنین. پلانێکی ئاوامان دانا بوو. بەڵام دوای ئەوەی ئێمە هەستمان کرد بە خۆ حاز کردنی وان و ئەو ئامادەکارییانەی کە کردوویانە  و بە شێوەیەکی بەربڵاو  لە هەموو جێیەک مینیان چاندووە ، خۆیان زۆر باش حازر کردووە. ئەوە شەڕی دواییە، ئێمە نامانەوێ نە ئینسانی مەدەنی ژیانی لە دەست بدا و شەڕڤانی ئێمە زەرەر ببینن، لە بەر ئەوە ئێمە پەلە ناکەین و دەمانەوەێ شەڕی دوایی ، شەڕەی دوایی مەزن لە دژی داعش بە شێوەکی خاوێن بە کۆتا بێ. یانی چیرۆکی شەڕی دژی داعش بە خاوێنی بە کۆتا بێ.
دیار جوان: ئەمن دەگەرێمەوە سەر ئەو چیرۆکە. ئێوە لە قسەکانتان دا  باسی یەپەگە و یەپەژە تان کرد.ئێوە  وەکوو فەرماندەیەکی کورد ئەمڕۆ نزیکەی ٦٠٠٠٠  هەزار کەس لە ژێر فەرماندەیی ئێوە دا دژی تێڕۆر شەڕ دەکەن، بەشێک لەوان شەڕڤانی کوردن. ئەمنیش وەک کوردێک بەڵکوو بەشێک لە بینەرانیش وا بیر بکەنەوە ، ئەوە چۆنە ئێوە چوونە ' ‌هەجین' ێ  ؟ ئێوە بۆچی نەچوونە ، ئێوە بەو هێزەی خۆتان، بەو لێزانییەی خۆتان و بەو  بەبڕیار بوونەی خۆتان ، بۆچی نەچوونە عەفرینێ؟ یانی بۆچی؟ هەموو کەس چاوەڕوانە خەبەرێکی خێر لە دەورو بەری عەفرینەوە بێ . مەزلووم عەبدی لەگەڵ چاپەمەنی کۆبێتەوە و ڕابگەێێنێ کە ئێمە هەنگاومان دەست پێ کرد، ئێوە بۆ ڕووتان لە " هەجین' کرد ؟
مەزلووم عەبدی: ئەوە پرسیارێکی گرینگە. سپاس بۆ ئەوەی ئەو پرسیارەت کرد. ئەوە باشە کە خەڵکی ئێمەش ڕاستییەکان بزانن. ڕاستی ئەوەیە ئەو هێزانەی ئێمە کە ئێستا لە " هەژین " شەڕ دەکەن ، هێزی دێرا زۆرن، خەڵکی ئێمەی عەڕەبن. لە سەدا  نەودوپێنجی ئەوان خەڵکی مەنتەقە خۆیانن  و مافی وانە کە دژی داعش شەڕ بکەن  و مافی ئەوانە هەرێمی خۆیان ڕزگار بکەن ، جار جار، لەبەر شەڕی عەفرین ئێمە ئەو ئۆپێڕاسیۆنەمان ڕاگرت. ئێمە ئۆپێڕاسیۆنی دێرا زۆر مان ڕاگرت، بەڵام هێزی ئێمە لەوێ هێزی میلیسی سەر بە مەجلیسی لەشکری دێرا زۆرن، هەموویان خەڵکی مەنتەقە کەن ، عەڕەبی مەنتەقەن  و گوندەکانیان لە بەر دەست داعش دایە  و داعش لەو هەرێمە دا هەموو ڕۆژێ هێرشیان دەکاتە سەری و چالاکی تێرۆریستییان لە دژی دەکا. ئەوانە داوایان لە ئێمە کرد پەلە بکەن و هەرێمی خۆیان ڕزگار بکەن ، داوای یارمەتییان لە ئێمە کرد  و ئێمەش یارمەتیمان دا بە مەجلیسی لەشکری دێرا زۆر ، و دەتوانین ئەوە بڵێین کە هێزی وێندەرێ زۆربەیان خەڵکی مەنتەقەکەن  و ئەو هێزانەی ئێمە کە سەر بە مەجلیسی لەشکری دێرا زۆرن نزیکەی ١٩٠٠٠  هەزار کەسن ، یانی ١٩٠٠٠ هەزار هێزی ئێمە هەیە ، چونکە نیوەیان دە ناو شەڕ دان، جێگە گۆڕکێ بە یەک دەکەن  و چەند هەڤاڵی ئێمەی یەپەگە و یەپەژە هەڤاڵی ئاوای کە خاوەن تەجروبەن ، ئالیکاری ئەوان دەکەن،  کارو باری ئەوان هەڵدەسووڕێنن، فەرماندەییان دەکەن. لە ڕووی تێکنیکییەوە یارمەتییان دەدەن . ئێوە دەزانن کە ئەزموونی یەپەگە و یەپەژە بەهێزە یارمەتی ئەوان دەدەن و ئەوەش حەقی خەڵکی هەڕیمەکەیە کە ئەو ئۆپێڕاسیۆنە بکەن  و ئەو کارە پێک بێنن. ئەو مەسەلەیە پێوەندی نییە بە عەفرینەوە.
دیار جوان: لە قسەکانی ئێوە مرۆڤ دەتوانێ نەتیجەیەکی ئاوا وەربگرێ: لە کاتێکدا کە ئێوە لە پێناو خەڵکی ڕەقا بە سەدان شەهیدتان دا، کە لە ناو ئەواندا کوردیش هەبوون. لە منبیجێ ئێوە شەهیدتان دا، لە تەبقایێ شەهیدتان دا، ئێوە ئێستا ئەوە لە دێرا زۆر شەهید دەدەن. یانی ئەگەر ئەمڕۆ بۆ هەریمێکی کورد، با ناوی بێنین'عەفرین' ئەگەر بتانەوێ لە چەتە پاکی بکەنەوە ، ئایا شەڕڤانی عەڕەب دێن [ بەشداری بکەن]. دەزانین یەپەگە دێ، یەپەژە دێ . کاتێک یەپەگە و یەپەژە هەنگاوێکی ئاوا ڕەسمی هە‌ڵهێنایەوە ، هێزی ئێوە هەیە کە ئێوە شەڕڤانی عەڕەبیش بنێرنە وێندەرێ یان ئەوان دڵخوازانە بچن و لەگەڵ هاوڕێی کوردی خۆیان  شەڕی چەتەی دەوڵەتی ترک لە عەفرینێ بکەن؟
مەزلووم عەبدی: بەڵێ ئەوان دێن. ئێمە لەو باوەڕە داین ئەمڕۆ " هێزی سووریای دێمۆکڕاتیک " وەکوو پەیکەرێکی عەسکەری یەکە و تێێدا فەرق لە نێوان کورد و عەڕەبان دا نییە . ئەوان لە شەڕی عەفرین چوون و بەشداریان کرد ، هەتا نزیکی ١٠٠ هەڤاڵی عەڕەبی ئێمە لە عەفرین شەهید بوون. هەڤاڵی عەڕەبی ژن هەبوون، هەڤاڵی عەڕەبی گەنج هەبوون. لە هەموو ئوستانەکانی سوورییەوە خەڵک چوون لە عەفرینێ شەهید بوون. ئەمڕۆ ئەگەر جارێکی دیکە جا لە عەفرین بێ یان هەریمێکی دیکە شەڕ ببێ، شەڕڤانەکانی  عەڕەبی قەسەدەش تێیدا ئامادە دەبن و شەڕ دەکەن و لە پێشەوەی جەبهە شەڕ دەکەن.
دیار جوان: یانی خەڵکی دەور و بەری وان پێیان ناڵێن باشە ئێوە چکارتان داوە لەوە سێسەد چوارسەد کیلۆمێتر دوور کەونەوە و بچنە عەفرینێ؟  یانی حەساسیەتێکی ئاوا نییە؟

مەزلووم عەبدی: کەس ناتوانێ ئەوە بڵێ، چونکە بە ڕاستی  یەپەگە و یە پە ژە  لەهەموو جێگایەک خۆیان سەلماند و ئیسپات کرد ، چونکە خەڵکی منبیج، خەڵکی تەبقا، خەڵکی ڕەقا  و ئەمڕۆ خەڵکی دێرا زۆرێ کوردیان بە تەنیشت خۆیانەوە دی و دیتیان کە کورد فەرماندەییان بۆ دەکەن، دیتیان کە کورد لە جەبهەی پێشەوە دان ، یارمەتی ئەوان دەدەن . هەموویان منەتی گەلی کوردیان لەبەرە ، جا ئەگەر ئەمڕۆ لە هەریمێکی کوردان شەڕ هەڵئایسێ ئەوان بە دڵسۆزی هەموویان بەشداری تێدا دەکەن.
دیار جوان: دیسان ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە سەر ناوی کە لەو هەنگاوە نراوە. بابڵێین فەرماندەیی ئێوە ڕابگەیێنێ کە ئێمە مەسەلەکەمان  بە کۆتا هێنا ، ئیتر " هەژین " لە تێڕۆڕ و لە چەتە پاک بووەتەوە. ئایا ئێوە بە دڵی ئاسوودە دەگەڕێنەوە مەقەڕاتی خۆتان یانی ئێوە هەناسەیەکی ئاسوودە هەڵدەکێشن و بڵێن ئێمە کۆتایمان هێنا بە تێڕۆر و ئیتر ئێمە خەریکی ئاوەدان کردنەوە دەبین ، ئیدی هەموو کەس دەتوانێ بە ئاسوودەیی سەر بنێتە سەر سەرین و بنوێ . ئێمە دەتوانین ئاوا بیر بکەینەوە؟
مەزلووم عەبدی: نا وەکوو هێزی لەشکری ئێمە ناتوانین ئەوە بڵێین.
دیار جوان: چما ؟
مەزلووم عەبدی: لەوێداش واتە لە ڕاگەیاندنی پەلامارەکەش دا نووسرا بوو ئەوە ڕاستە شەڕی تێکجوونی تێڕۆرە، بەڵام ئێمە ئاوامان  نووسیبوو،  شەڕی تێکجوونی تێرۆر لە سەر جوغرافیاییەکی سنووردار، یانی دوای " هەجین" ئێمە دەتوانین بڵێین ئیدی ڕێکخستنی تێرۆریستی داعش جێگایەکی جوغرافیایی ئاشکرا، جێگایەک کە لێی بمێنێتەوە  و لەوێوە تەحەدا لە دنیا بکا و شەریعەت بەڕێوەبەرێ و قانوونی پاشکەوتووی خۆی هەڵسووڕێنێ، نامێنێ. یانی بە تێکچوونی داعش لە ' هەجین ' دا  ئێمە دەتوانین بڵێێن کە کۆنتڕۆڵی جوغرافیایی وی تەواو دەبێ و شەڕی جەبهەیی تەواو دەبێ، لە جێدا داعش ئەوەی گەڵاڵە کردووە، داعش دەڵێ لە دوای  ' هەجین' ئێمە دەرباز دەبین بەرەو ' ویلایەتی ئەمنی' ، ئێمە لە ویلایەتی عەسکەرییەوە بەرەو ویلایەتی ئەمنی دەچین ، ئەوەش واتە ...
دیار جوان: یانی تێکچوونی دوایی خۆیان بەو شێوەیە شرۆڤە کرد بوو یانی ئەوە کێشە نییە دەکرێ بەشێک لە خاک لە ئێمە بستێنن بەڵام  عەینی شتی کە ئێوە گوتتان ئەوان لە داخویانی خۆیاندا  نووسیویانە
مەزلووم عەبدی: یانی مەسەلەن ئەوانیش ، با بڵێین سەرۆکی چەتەی داعش  بەغدادی لە داخویانی هەرە دوایی خۆی دا ، ڕەنگە هەموو کەس گوێی لێ بووبێ ،  گوتی ڕاستە مومکینە " هەژین " بکەوێ ، بەڵام بە کەوتنی "هەژین " خیلافەت تەواو نابێ . خیلافەت زیاتر پەرە دەستێنێ، زیاتر گەورە دەبێ. ئەویش پەیامێک بوو کە دوای " هەژین" بەردەوام دەبن لە سەر شەڕی خۆتان.
دیار جوان: چالاکی ئیستیخباراتی ئێوەش لە هەریمێ دا هەیە، بە پێی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتوون ، یەکینەی ئێوە چوونەتە [ ناو هەژین] ، ئێوە پپێتان وایە ، هەر وەک ئیتیلافی ژێر فەرماندەیی ئەمریکا دەڵێ دەکرێ ئەلبەغدادی لە " هەجین" ێ  بێ. یانی زانیارییەکی ئاوا لە بەر دەست ئێوە دا هەیە؟
مەزلووم عەبدی: ئەوە مەسەلەیەکی عەسکەرییە، ئینسان ناتوانێ  باسی بکا. ئیستیخباراتی ئێمە لە سەر ئەو بابەتە کار دەکەن. ئەمن دەتوانم ئەوە بڵێم : کە دوای "هەژین"  کاری ئێمە بەردەوام دەبێ و هەتا دێ کاری ئێمە دژوارتر دەبێ، یانی زیاتر دەبێ ، چونکە داعش دەیەوێ تۆڵە بستێنێتەوە و بە تایبەتی دیسان مەنتەقەی کوردان دەکاتە سێرەی هێرەشەکانی. ئێستاش لە هێندێک جێگای کە بنکەی خۆی هەیە وەک دێرا زۆر، ڕەقا، جارجار چالاکیان دەکا و دەیانەوێ لە دوای " هەجین " چالاکییەکانیان زیادتر بکەن . لە مەنتەقەی کوردان بە ڕاستی ئێمە ئامادەکاری دەکەین و ماوەیەکە بەوەوە خەریکین هەرێمی وەکوو کۆبانێ و جێگای دیکە ، وەک دێرک ، قامشلێ تەنانەت حەسەکە ، هەریمی با بڵێین  کە زۆربە گەلی کوردیان تێدایە ، لە بەر ئەوەی کە خەڵکی ئێمە ووشیارن و هاوکاری هێزی ئەمنییەتی ئێمە دەکەن هەتا ئێستا [داعش] چالاکی گەورەی نەکردووە ، وەک دەزانی دووساڵ لەمەوبەر لە قامشلێ تەقینەوەیەکی گەورە قەوما. بە دوای ئەوە دا چالاکی گەورە نەبووە. ئەوەش جێگای کەیف خۆشییە بۆ ئێمە ، ئێمە هەوڵ دەدەین لە شارە کوردەکان داعش نەتوانێ تۆڵە بستێنێتەوە.
دیار جوان: ئێمە ئەو تەسپیتەی دوایی ئێوە دەتوانین وەک پەیامێک بخوێنینەوە: یانی " هەژین " ڕزگار کرا بەڵام  دیسانیش هەموو هێز و یەکینەکانی سەر بە ئێوە نابێ تووشی خاتر جەمی و سستی ببن ، کار تەواو نەبووە، پاراستنی ئەسڵی تازە دەست پێ دەکا. ئایا مرۆڤ دەتوانێ ئاوای لێ تێ بگا؟
مەزلووم عەبدی: سەد لە سەد وایە. یانی ئێمە وەک دەڵێن بە پێچەوانە لە دوای ' هەجین '  ئێمە چاوەڕان دەکەین داعش دەست بە تۆڵە ئەستاندنەوە بکا ، بە تایبەتی تۆڵەی خۆی لە کوردان بکاتەوە. چونکە ئەوان دەڵێن کوردان ئەو کارانەیان کرد، کوردان بوون بە سەبەبی تێکچوونی خیلافەت. ئێمە پێویستە ووشیار بین ، گەلی ئێمە دەبێ ووشیار بێ یارمەتی هێزی ئەمنییەتی ئێمە بدا ، یارمەتی هێزی ئاسایش بدا، یارمەتی هێزی ئیستیخبارات بکا. ئێمەش وەکوو هێزی عەسکەری ، ئێمەش بە پێی خۆمان حازرێتی و ئامادەکاری خۆمان دەکەین ، ئێستا ئێمە بەو پێیە بەرنامەمان داناوە ، ئێمە بەرنامەی خۆمان بۆ ساڵی ٢٠١٩ گەڵاڵە کردووە ، ئێمە بەرنامەمان لەگەڵ هێزی ئیتیلاف داناوە کە چون بتوانین هێزی ئەمنییەتی خۆمان بەهێزتر بکەین، هێزی ئیستیخباراتی خۆمان بەهێزتر بکەین، هێزی دژە تێرۆری خۆمان بەهێزتر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بە گژ هێرشی موحتەمەلی داعش دا بێینەوە چ لە شارە کوردەکان و چ لە شارە عەڕەبەکان یانی بە تەواوی لەو هەرێمەی کە ئێستا لە بەر دەست ئێمە دایە. واتە هەرێمی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئەوەی ئێمە پێشی داعش بگرین ئێمە لە ئێستاوە ئامادەکاری خۆمان دەکەین.
دیار جوان: ئێمە باسی قەسە دە دەکەین لە ١٠ی نۆڤامبری ساڵی ٢٠١٥ ، یانی بە ڕاستی لە دەمێک دا کە سەمپاتی بیروڕای گشتی جیهانی یانی لە سووریاوە بگرە هەتا ئەفغانستان ، هەتا ووڵاتەکانی ئەمریکای لاتین ، ئوڕووپا ، سکاندیناڤی ، ئاسیا با بڵێین  لە هەموو جێیەک  خۆشەویستیەک بۆ یەپەژە و یەپەگە ئەوەندە بەرەو ئاستێکی بەرز چوو بوو ، چ پێویستییەک هەبوو کە قەسەدە ساز بکرێ؟ یانی قەسەدە بۆچی؟ یەکی دیکەش پلان و پڕۆژەی ساز کردنی قەسەدە شتێکی سپۆنتان [لە خۆ وە ] بوو ، پێویستییەکی فەڕزی بوو ؟ ئەو هێزانەی کە ئێوە وەک هاوکاری خۆتان ناودێریان دەکەن بە سەر ئێوەیان دا فەرز کرد کە یەپەگە دەبێتە هۆی زویر بوونی هێندێک هاوپەیمانی ئێمە لە ناتۆ دا وەک نموونە دەوڵەت ترک زویر دەکا، دەوڵەتەکانی خەلیج زویر دەکا. وەرن ئێمە بۆ وێنە فۆرموولێکی دیکە ببینینەوە ، شتێکی ئاوا ساز کەین کە دڵی هەموو کەس ڕازی بکا. ئەو مەسەلە چ بوو؟ جارێکی دیکە بۆ ئەوەی ئێمە بیرەروەری خۆمان زیندوو کەینەوە.
مەزلووم عەبدی: یانی یەپەگە و یەپەژە درێژە دەدەن بە دەوری خۆیان. یانی لە سەرەتاوە چۆن بوون ئێستاش هەر ئاوایە . ئەوان دەورێکی چالاک لە ناو ' هێزی دێمۆکڕاتیکی سووریا  ' دا دەگێڕن . دەوری پێشەنگایەتی. هۆی بەهێزی بوونی قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە ن. ئەوە هەر بەردەوامە. بەڵام ئێمە دەتوانین ئاوا بڵێین یانی یەپەگە و یەپەژە لە هەرێمی ڕۆژئاوا دا ساز بوون ، ئەوە ڕاستییەکە.
دیار جوان: ناسنامەی کورد بوونی وان
مەزلووم عەبدی: دە هەرێمی کوردان دا ساز بوون ، لە هەرێمی ڕۆژئاوا دا دروست بوون. لە گەنجی کورد پێک هاتن، یانی جەوانانی کورد ئەو هێزەیان دامەزراند. و شارە کوردەکانیان لە دەست ڕێژیم ڕزگار کرد و دوایە لە گەڵ چەتەی جەیشولحوڕ ، چەتەکانی سەر بە ترکان
دیار جوان: چەتەی سەری کانیێ
مەزلووم عەبدی:  و دوایە لە هەمبەر داعش شاری کوردانیان قارەمانانە پاراست. سەردەمێک کە کەس نەی دەوێرا شەڕی داعش بکا، دەوڵەت نەیدەوێرا شەڕی داعش بکا، یەپەگە و یەپەژە شەڕی داعشیان کرد . شارەکانی خۆیان پاراست و و لووتکەی ئەوەش بەرخودان و شەڕی کۆبانێ بوو ، بەو شێوەیە داعشیان تێکەوە برد ، هەر بۆیە یەپەگە و یەپەژە بوون بە نموونە بۆ هەموو جیهان. چونکە ئەوان لە ڕیزی پێشەوەی شەڕی دژی تێڕۆر دا بوون. بەڵام ، لە دوای شەڕی کۆبانێ ئێمە ڕاستییەکمان دی . ئێمە دیتمان کە  شارەکانی کوردان ، ڕۆژئاوا، هەرێمێک کە ئێمە پێی دەڵێن ڕۆژئاوا کە زۆربەیان کوردن و بریتییە لە شاری کوردەکان، کوردستانە، کوردستانی سووریا بە مانایەکی دیکە کوردستانی ڕۆژئاوا. ئێمە دیتمان ئەو هەرێمانە ئەگەر ئێمە جیرانی خۆمان ڕزگار نەکەین، لە ژێر دەستی داعش خەلاس نەکەین بە ڕاستی ئێمە ناتوانین ئاسوودەیمان هەبێ. ئێمە دەمێک شارەکانی خۆمان ڕزگار کرد. ئێمە لە جێی خۆمان دا  ڕاوەستاین . ئێمە کە ' سەرێ کانی ' مان ڕزگار کرد، ' قامشلی ' ، ' دێرک ' مان ڕزگار کرد لە جێی خۆمان ڕاوستاین و ئێمە بانگەوازی ئاگربەستمان دا  ڕووەوە هەموو کەس. ئێمە گوتمان ئیدی بەسە، ئیدی ئێمە نامانەوێ شەڕی کەس بکەین. بەڵام هاتن شەڕیان لەگەڵ ئێمە کرد. و ئێمە دەزانین کە کێ ئەوانی لەو شەڕانە وەر دا. ئەوانەی  دنەی ئەو شەڕە دەدەن  کێن . لە سەرەتاوە دەوڵەتە دراوسێیەکانن ،
دیار جوان: باسی دەوڵەت ترک دەکەی ؟

مەزلووم عەبدی: بەڵێ دەوڵەتی ترک ، ئەوانە بە دژی ئێمە جەبهەیان کردەوە و شەرتێکی ئەوان لە سەر چەتەکان ئەوەیە کە  دەبێ ئێوە شەڕی یەپەکە و یەپەژە بکەن بۆ ئەوەی ئێمەش  بەردەوام بین لە سەر پشتگیری ئێوە.

درێژەی هەیە ....
تێبینێ : ئەو هەڤپەیڤینە  ڕۆژنامەنووسی ناسراو دیار جوان لە ٢٨ی مانگی سێپتامبر دا لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی ' ‌ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ' [ قەسەدە /  Syrian Democratic Forces [ ئەنجامی داوە و لە یەکشەمە شەو ٣٠ی سێپتامبری ٢٠١٨  لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک  لە بەرنامەیەکی تایبەتی یەک سەعات و چلوشەشەش دەقیقەیی دا بڵاو کراوەتەوە. ئێمە لە چوار بەش دا ڤێرسیۆنی کوردیی سۆرانی ئەو هەڤپەیڤینە گرینگەتان پێشکێش دەکەین.
دابەزاندن و هێنانە سەر کوردیی سۆرانی: حەسەن قازی






No comments: