Wednesday, October 3, 2018

هەڤپەیڤینی دیار جوان لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ، بەشی سێیەم


 هەڤپەیڤینی دیار جوان لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ مەزلووم عەبدی
  فەرماندەی گشتی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا
بەشی سێیەم

دیار جوان :  بینەران و بیسەرانی هێژا، بەشی دووەمی  [ لێرە بە نووسراو  بەشی سیێەم]  هەڤپەیڤینی تایبەتی لەگەڵ فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزلووم عەبدی درێژە پێ دەدەین . ئێمە لە بەشی پێشوو دا لە بەشی دوایی دا هێندێک لە سەر بابەتی منبیج پرسیارمان کرد .
بەڕێز مەزلووم عەبدی ئێستا  لە دەسپێکی ساڵی ٢٠١٨ دەوڵەتی ترک بۆ ئەوەی لایەنی ڕەگەز پەرست ڕازی بکا پڕۆژەی هەڵبژاردنی پێشوەختی لە پێش وان دانا، شەرتی ئەوانیش ئەوە بوو گوتیان بۆ ئەوەی ئێمە ئەو پڕۆژەیە پەسند بکەین و سەری بخەین ، یانی بە ئەردۆغانیان گوت  ئێمە شتێکمان پێویستە . یانی شتێکی بەربەچاو پێویستە . ئەو شتە چ بوو داگیر کردنی عەفرین بوو . ئێستا باسی سێناریۆیەکی بە هەمان شێوە دەکرێ. لە مانگی مارس  [ ی ساڵی ٢٠١٩ ] هەڵبژاردنی ناوچەیی دەکرێن ، دەڵێن ئەردۆغان لە بەر ئەو بەڵێنەی کە داویە بە لایەنی ڕەگەزپەرست؛ مەهەپە، و هێندێک کۆڕ و کۆمەڵی دیکە، مەسەلەی منبیج دێنێتە ناو ڕۆژەڤ. ئایا ئێوە پێتان وایە ئەوە بکرێ. ئەمن بۆچی گوتم ئێوە لەو بارەیەوە هێندێک خۆشبینن یانی ئەوە پێک نایە  لە بەر ئەوە بوو کە بۆچی ئەوەیان پێ ناکرێ سەبەب ؟  و ئەگەر ئەوە  ببێ ئەو ئاکامانەی عەفرین دووپاتە دەبنەوە؟
مەزلووم عەبدی: یانی وەکوو هێزێکی عەسکەری دەبێ ئێمە هەمیشە ئامادە و سەروەخت بین. هەوڵدانی ترکان بە تایبەتی ئی ئەردۆغان لە سەر ئەو بابەتە هەر هەیە. و دوێنێش ، وابزانم دوێنێ بوو داخویانی دا گوتی منیبج وەک ئێمە دەمانەوێ هەڵناسووڕێ ئێمە لە بیرمان نەکردووە و لە هێندێک داخویانی دیکەش دا گوتیان ، وا بزانم ئەمڕۆ گوتی ئۆپێڕاسیۆنێکی هاوبەش لەگەڵ ڕووسان لە ڕۆژهەڵاتی فوراتێ شتێکی نا مومکین نییە. تەنانەت بۆ وێنە گوتی جارێکی دیکە لێدانی هەرێمی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕۆژئاوا  بە فڕۆکان ، ئەوەی کە جارێکی دیکە بکرێ نا مومکین نییە .
دیار جوان: یانی موستەحیل نییە .
مەزلووم عەبدی: یانی نە موستەحیلە شتێکی وا نەبێ. شتێکی ئاوای گوت ، یانی ئەوە بەو مانایەیە کە ‌هەوڵدانی وان هەیە، کاری  لە سەر دەکەن. لەگەڵ هێزەکانی لایەنگری خۆیان کار دەکەن. لەگەڵ ڕوسان لەو بارەیەوە کڕوکاشێک دەکەن ، شتێکی ئاوا هەیە. ئێمە هەر سەروەخت دەبین ، دەبێ ئامادەکاریمان هەبێ . بەڵام من دەتوانم ئەوە بلێم کە وەزعی منبیج و ڕۆژهەڵاتی فوراتێ وەکوو وەزعی عەفرین نییە. عەفرین بابەتێک بوو لە نێوان ئەوان و ڕووسەکاندا. ئەوان و ڕووسەکان پێک هاتن لە سەر بەرژەوەندیی زۆر گەورە، یانی بیروڕای گشتی ئەوە دەزانێ و لەو چوارچێوەیە دا بوو کە ئۆپێڕاسیۆنی عەفرین ئەنجام درا.
دیار جوان: مەسەلە چما نا؟ یانی ڕووبەڕوو بوونەوی دەوڵەتی ترک و ڕووسیا لە ڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا زەحمەتترە. چونکە ئەوان هەر دووکیان لە ناتۆ دا هاوکارن. ئیدی ئێستا هەلومەرج دەست نادا کە دەوڵەتی ترک و ئەمریکا دوو ئەندامی ناتۆ تەنێ لە بەر خاتری بەرژەوەندیی گەلانی ناوچە ڕووبەڕووی یەکدی ببنەوە. چما نەبێ، بۆ نموونە ئەمریکا بڵێ تورکیا ئەندامێکی ناتۆ یە، ئەمن ناتوانم شەڕی بکەم ، ئەمن ناچارم  پاشەکشە بە هێزی خۆم بکەم. چما شتێکی ئاوا پێک نەیە؟
مەزلووم عەبدی: شتی ئەساسی ئەوەیە، لە ڕۆژهەڵاتی فوراتێ و لە منبیجیش هێزی ئێمە بەهێزە. هێزی مەجلیسی عەسکەری منبیجێ بەهێزە و بە گشتی قەسەدە هەمووی بەهێزە و لەوێندەرێ بە دەیان هەزار شەڕڤانی ئێمە هەن و هەر وا بە هاسانی نانێ کە ، یانی ئاوا نییە کە لە ماوەیەکی کورت دا شتێک بە کۆتا بێ. یانێ ئەو ان دەتوانن بێن بەڵام نەتیجە چ دەبێ مەعلووم نییە.
دیار جوان : ئێوە هەوڵی خۆتان دەدەمن.
مەزلووم عەبدی: ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین و ترکەکانیش هەوڵی خۆیان دەدەن. ئەوانیش بە باشی حیسابی خۆیان دەکەن. ترکەکان دەیانەوێ ئەو کارانە بە هێزی خۆیان نەکەن ، ترک دەیانەوێ لەگەڵ ئەمریکا ڕێک کەون ، لەگەڵ هێزێکی دیکە ڕێک کەون ، هەر وەک لە عەفرین کردیان . ڕێکەوتنێکی ئاوا گشتی ساز بکەن و لە چوارچێوەی پێکهاتنێکی گەورە دا ئەوە ئەنجام بدەن. حاڵی حازر ڕێکەوتنێکی ئاوا بەربڵاو کە ڕێژیمی سووریاشی تێدا بێ ، ئەمریکایشی تێدا بێ ، رووسەکان و ئەمریکاییەکانی بەیەکەوە تێیدا بن ، لە حاڵی حازر دا شتێکی ئاوا زەحمەتە، شتێکی ئاوا نییە ئێستا، وەک دەزاندرێ بەرنامەکان جیاوازن. بەرنامە بریتی یە لە شەڕی داعش، تەرکیزی هێز لە سەر جێیەکی دیکە، ئێستا لە کورت خایەن دا شتێکی ئاوا زەحمەتە. بەڵام هەمووشت مومکینە، ئێمە دەبێ ووشیار بین و ئامادەکاری خۆمان بکەین. بەڵام ئێمە بەشێوازێکی بناغەیی پشت بە هێزی خۆمان دەبەستین . هێزمان هەیە، ئێمە هێزی خۆمان پەروەردە دەکەین و لە دوای شەری ڕەقا بە دواوە هەموو ' هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ' لە ناو پەروەردە دایە، خۆی ئامادە دەکا، خۆی حازر دەکا. ڕاستە لە دێرا زۆرێ شەڕێک هەیە ، هێزی سەر بە مەجلیسی عەسکەری دیرا زۆر  لەوێ شەڕ دەکەن،  ئەو بەشە لە هێزی ئێمە لەوێ شەڕ دەکا. بەڵام هیزی یەپەگە و هێزی قەسەدە یانی بە گشتی ،تەنانەت هێزی مەجلیسی عەسکەری منبیج ئێستا  لە پەروەردە دان. خەرێکی ئامادەکاری گەورەن، شتێکی ئاوا بێتە پێشێ بەرخوە دەدەن.


دیار جوان: لە ئاست وەزعێکی ئاوا دا ،یانی ئێوە ، جگە لە ڕێگری لە تووشی شەڕ بوون لەگەڵ دەوڵەتی ترک، پڕۆژەیەکی دیکەتان  لە بەر دەست دا هەیە؟ لە نەتیجە دا ئێوە تورکیا وەک ووڵاتێکی دراوسێ قەبووڵ دەکەن. باش ، خراپ ، داگیرکەر یان دێمۆکڕاتیخواز ، ئەوە بابەتێکی دیکەیە ، یانی شتێکی کە دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین و لە ناوچەی عەفرین کردی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆی دەرخستە مەیدانێ. ئایا ئامادەن بە تورکیا بڵێن وەرن ئێمە ئەو کێشانە بە شەڕ نا بە دانوستاندنان چارەسەر بکەین؟ پلانێکی ئامادەی ئەوتۆتان  لە بەر دەست دا هەیە؟
مەزلووم عەبدی: ئەگەر ئەتۆ ڕاستت بوێ گەلێک دەوڵەت ، ئەوانەی کە ئەندامی ناتۆن و لەگەڵ ترکەکان کار دەکەن و پێوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە دەیانەوێ نێوانی ڕۆژئاوا و تورکیا، نێوانی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا و تورکیا پێک بێنن . ڕێکەوتنێک ساز کەن و ئەو بارودۆخی شەڕە کە لە گۆڕێ دا نەهێڵن. جۆرە دۆخێکی ئاگربەس پێک بێنن. چونکە ئێستا بە مەسەلەی عەفرینێ ڕا وەزعێکی شەڕ هاتووەتە مەیدانێ.
دیار جوان: داخویانی سەرۆک کۆماری فەڕانسە ، ئێمانوێل مەکڕۆن کە دەڵێ ئەو شوێنە جێ و واری کوردانە و ئێمە دەمانەوێ چارەسەرییەکی ئاوا بدۆزینەوە کە دڵی ترکان نەشكێنین بەڵام لە هەمان کاتدا مافی خاوەنانی دۆزەکەش پێشێل نەکەین. ئێوە ئەوە وەک پارچەیەکی ئەو مەسەلەیە دەبینن ؟
مەزلووم عەبدی: بەڵێ ڕاستە، سەرۆکی فەڕانسەش داخویانی دا، و با بڵێین هێندێکانیش بە فەرمی داخویانییان نەدا بەڵام لە کووبوونەوەی دوو لایەنە لەگەڵ ئێمە ئەوەیان دەربڕیوە، لەو بارەیەوە هەوڵدان هەیە. بەڵام هەڵوێستی ئێمە ئاشکرا و ڕوونە لەو بارەیەوە وئێمە ئەوەمان بە هەموو کەسیش گوتووە. لە نێوان ئێمە و ترکان دا ' عەفرین ' هەیە. لە نێوان ئێمە ودەوڵەتی تورکیا دا  ' عەفرین ' هەیە.
دیار جوان : ئەمنیش دەمەویست ئەوە بڵێم، ئێستا دەوڵەتی تورکیا بێ و کۆبوونەوەیەکی ڕەسمی لەگەڵ ئێوە بکا ، پێتان بڵێن ' عەفرین ' لە بیر بکەن بەڵام لە سەر بابەتی دیکە دەتوانین رێک بکەوین. ئێوە دەڵێن باشە، ئێوە دەست لە عەفرین بەر دەدەن؟
مەزلووم عەبدی: شتێکی وا موستەحیلە ، مومکین نییە
دیار جوان : باشە
مەزلووم عەبدی: ئێمە بە هەموو کەسمان گوتووە کە لە نێوان ئێمە و ترکان دا  ' عەفرین '   هەیە . مژاری عەفرین پێویستە چارەسەر بکرێ . دوای چارەسەر کردنی مژاری عەفرین  ئێمە ئامادەین ، وەک سیستمێکی جیران، بەشێک لە دەوڵەتێکی جیران ، وەک هەرێمێکی جیران لەگەڵ تورکیا ئێمە ئامادەین لە نێوان ئێمە دا ئاگربەس هەبێ ، رێکەوتن هەبێ، با بڵێین سنووری ئێمە ئارام بێ، ئەوە ئەو مژارانەن  کە ئێمە ئامادەین  [ لە سەریان بدوێین].
دیار جوان: یانی ئەگەر ئەوان بڵێن ئێمە ستاتووی ئێوە لێرە قەبووڵ دەکەین . لە چۆمی فورات ڕا بەو لاوە یانی لە کۆبانێ وە هەتا دێرکێ ، فەرمییەتی ئێوە ئێمە قەبووڵ دەکەین. دەتوانین بتان کەینە بەردەنگ ، بەڵام دەست لە عەفرین هەڵگرن. ئێوە ئەو دەمیش قەبووڵ ناکەن ؟
مەزلووم عەبدی: نا ئەوە مومکین نییە، ئەوە مومکین نییە. عەفرین هێڵی سوورە.
دیار جوان: ئێمە گەلێک باسی شەڕمان کرد، تۆمەز قەسەدە هەر خەریکی شەڕە ، ئێمە باسی ئەو لایەنەمان کرد ، با ئێستا بێینە سەر لایەنی سیاسی خەباتی قەسەدە. جێی قەسەدە لە پارسەنگی سیاسی دا چییە ، خاوەنی هێزێکی چۆنە؟ ئایا هیچ مێکانیزمی بڕیار دانی لە دەست دایە؟ ئێمە هێندێک باسی ئەو لایەنە بکەین . چونکە لە ماوەی ڕابردوو دا لە شامێ دانوستاندنی ناسینی نییەتی یەکتری ئەنجام دران. لە نێوان مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا و حکوومەتی سووریا دا. لە دەنگدانەوەی ئەو بابەتە  لە یەک دوو جێدا ناوی قەسەدەش هاتە گۆڕێ . گوترا لە داهاتوو  دا قەسەدەش لەو دانوستاندنانە دا بەشداری دەکا. وەک موزاکەرە نا، وەک یەکتر ناسین ، گەلۆ نییەتی لایەنەکان چییە بۆ چارەسەری. ئەگە هاتوو [ حکوومەت ] گوتی ئێمە دەمانەوێ قەسەدەش ببێتە لایەنێکی ئەو دانوستاندنانە ، ئایا ئێوە بێ شەرتومەرج دەچن، بە شەرتومەتج دەچن ، چ دۆسییەیەکتان دە دەست دایە؟ دواتر لێتان دەپرسم ، لەوانەیە ئەو حکوومەتە داوای هێندێک شت لە ئێوە بکا . لەسەر ئەو بابەتە ئێوە بڵێێن باشە ئەم شتە و ئەو شتە و فڵان شتە قەبووڵ دەکەین و موناقەشەی لە سەر دەکەین بەڵام  قەسەدە وەکوو فەماندەییەک واتە مەزلوم عەبدی دەبێ یان فەرماندەی دیکەی لە ئاستی بەرز دا وەک هەیئەتێک لەگەڵ مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا را بچنە شامێ بە پێی چ شەرتێک دەچن؟
مەزلووم عەبدی: لە جێدا قەسەدەش ئاگای لەو یەکتر دیتنانە هەیە. مەسەدە ( مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا) وەکوو باڵی سیاسی قەسەدەیە ، قەسەدە ئەو مەجلیسە ئاوا دەناسێ. و کاتێک کە مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا سەردانی شامیان کرد ، بۆچوونەکانی قەسەدەیان وەرگرت ، دیتنەکانی بەڕێوەبەری قەسەدیان وەرگرت و چوونە شامێ. یانی بابەتەکەیان بەیەکەوە بەستراوەتەوە. دەوڵەتی سووریاش لە بەر ئەوەی دەزانێ کە مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا بە ئاگاداری قەسەدە هاتووەتە شامێ ، قەسەدەش ئاگادارە..
دیار جوان: ئێوە دەتان توانی بە مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا بڵێن مەچن؟ ئێمە لەگەڵ ئەوە نیین و ئێمە ئیزن نادەین. لە نێوان ئێوە دا حقووقێکی ئاوا هەیە ؟
مەزلووم عەبدی: ئەمن پێموایە ئەگەر ئێمە گوتبامان شەڕ هەیە، و ئێمە ڕازی نین ، ئەمن لەو باوەرە دام ئەو دەمێ بەڕێوەبەریی مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا ئەوەی بە جیدی  وەردەگرت.
دیار جوان: بەڵام ئێوە حوکم بە سەر ئەواندا ناکەن
مەزلووم عەبدی: نا
دیار جوان: یانی ئۆرگانی سەرەوە  ئەوانن ؟
مەزلووم عەبدی: ئەوان باڵی سیاسین . و هاتن پرسیان بە ئێمە کرد گوتیان دەمانەوێ پێواژۆیەکی ئەوتۆ بەرەو پێش بەرین  و ئەو داوایەش لە لایەن ڕێژیمەوە هاتبوو نەک لە لایەن ئەوانەوە ، ڕێژیم داوایەکی ئەوتۆی لێ کردبوون ئێمەش گوتمان  ئێمە دژی ئەوە نین، ئەگەر ئەو کێشەیە بە ڕێگای سیاسی ڕا چارەسەر بکرێ بۆ ئێمە  زۆر باشترە. چونکە ئەو کێشەیە نە لە بەرژەوەندی گەلی کوردە و نە لە بەرژەوەندی گەڵانی هەرێمی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دایە کە شەڕێکی دیکە لە ناوخۆی سووریا دا ساز بێ. شەڕی ناوخۆ. جا بۆیە ئەگەر ئەو کێشانە بە ڕێگای سیاسی ڕا چارەسەر بکرێن زۆر باشترە. لە سەر ئەو بنەمایە ئیمەش قەبووڵمان کرد.
دیار جوان : با ڕوونی کەینەوە. وەک نموونە  با بڵێین هەیئەتێکی ئێوە لەگەڵ مەسەدە ( مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا ) دەچێ لە شامێ دیتنان دەکا. ئەگەر حکوومەتی سووریا یان ڕێژیم بە ئێوە بڵێ  ئێوە لە هەموو داخویانی و دەربڕینی خۆتان دا دەڵێن کە ئێوە هێزێکی نیشتمانی ن بۆ پاراستنی هەموو سووریا. لێرە ئەڕتەشێک هەیە. سیستمێک کە ئۆرگانی ئێوە  مەجلیسی دێمۆکراتیکی سووریا پارێزگاری لێ دەکا سیستمێکی فێدێراڵە، بەڵام دەوڵەتیش هەیە و ئەوە سەر بە دەوڵەت دەبێ. ئێوەش وەرن بە ناوی خۆتان تێکەڵی ئەو ئەڕتەشە ببن بەڵام لەو ناوچانەی کە ئێوە لەوانن ئێوە بیانپارێزن . ئایا ئێوە ئەوە قەبووڵ دەکەن ؟
مەزلووم عەبدی: بەڵێ ئێمە قەبووڵی دەکەین. لەبەر ئەوەی کە ' هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ' خۆی  بە هێزێکی سووریایی دەزانێ ، خۆی بە بەشێک لە ئەڕتەشی دادێی سووریا دەزانێ.
دیار جوان: نەک ئی ئێستا
مەزلووم عەبدی: نا ، ئەڕتەشی دوا ڕۆژ. تەنانەت کاتێک کە دامەزرێندرا خۆی بە بناخەی ئەڕتەشێکی داهاتووی سووریا دانا. و ئەگەر چارەسەرییەکی سیاسی بدۆزرێتەوە و جێ بە جێ بکرێ و ڕێژیمی سووریا هەبوونی  ئەم هەرێمە قەبووڵ بکا، ستاتووسێک بدا بەم هەرێمە و  ' هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ' وەکوو هێزێکی سووریایی لەو سیستمە دا کە دادەمەزرێ  بۆ ئەم هەرێمە قەبووڵ بکا ئەو دەمی ئێمەش ئەوە قەبووڵ دەکەین ، وەک بەشێک لەو ئەڕتەشی سووریایە بین  و کاران هەڵسووڕێنین .
دیار جوان: ئەگەر ئێمە نییەتی باشی ئێوە لە بەر چاو بگرین، بۆ نموونە  ئەو ناوچانەی ئێوە لێیانن، دەروازەکانی سنوور لەگەڵ ووڵاتە دراوسێیەکان ، ئێوە ئاڵای قەسەدە هەڵ دەکەن، ئەگەر بڵێن ئاڵایەکی ئێمەش دانێن ، ئایا ئێوە دژی ئەوە دەبن؟
مەزلووم عەبدی: ئەگەر ئێمە ڕێک کەوین ، ئاڵای ئەوانیش دادەنێین.
دیار جوان: ئەوە دژی پڕۆژەی ئێوە نییە ؟
مەزلووم عەبدی: نا، ئەگەر ڕێکەوتنێک بکرێ . ئەوان پڕۆژەی سیاسی ئێمە قەبووڵ بکەن ، ئەو دەمێ ئێمەش حکوومەتی مەرکەزی  قەبووڵ دەکەین  و کاتێک ئێمە حکوومەتی مەرکەزیمان قەبووڵ کرد ئەو دەمی ئیدی...
دیار جوان: هیچ شەرتێکتان هەیە ؟ باشە ئەوە تەواو قەبووڵ ، بەڵام ئەوە لەگەڵ بەشار پێک نایە، ئێوە چ دەردێکی ئەوتۆتان هەیە؟ یانی بەشار بۆ ئێوە دەدردە، ڕێژیمی وی ، هەبوونی وی وەکوو تاکە کەس؟
مەزلووم عەبدی: لە داهاتوو دا هەڵبژاردن دەبێ ، لە هەڵبژاردن دا هەر کەس دەرکەوێ ئێمە ڕێزی لێ دەگرین. بەشار دەبێ ، یەکی دی دەبێ ئەوە نە موشکیلەیە .
دیارجوان: ئایا ئێمە ئێستا دەتوانین گوتنی فەرماندەی قەسەدە ئاوا ڕابگەیێنین و بڵێین . لە داهاتوو دا ئەگەر ئەو دانوستاندنانە ئاوا بەردەوام بوون  و ئێمەش بووین بە لایەنێکی ئەوە لە سەر بنەمای ناسینی هەبوونی  پێکهاتەکانی هەرێم ، ناسینی ئەو پڕۆژەیە ئێمە دەتوانین وەکوو "هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا " ، وەک بەشێک لە ئەڕتەشی نیشتمانیی ئەم ووڵاتە لەو ناوچانەی ئێمە لێیان هەین بیانپارێزین و ئەگەر پێویست بکا ئێمە دەتوانین لەو سنوورەشی تێ پەڕێنین.
مەزلووم عەبدی: بەڵێ، ڕاستە .
دیار جوان: لە ماوەی ڕابردوو دا  لە ' سوێدا ' ئێمە دەزانی لە ' سوێدا ' ناوەندی  پێکهاتەی  درووزی هەیە . لە ڕووی مێژووییەوە پێوەندییەک لە نێوان دروزی و گەلی کورد دا هەبووە، دۆستایەتییەک هەبووە، هاوکارییەک هەبووە. بە ڕێگای چاپەمەنی دا بانگەوازییەکی تایبەتی ئەوان بۆ ئێوە هەبوو. بۆ ئێوە ، بۆ یەپەگە، ڕایانگەیاند و گوتیان ئێمە لە وەزعێکی بە مەترسی داین ، ئێمە تووشی قڕ کردن و هێڕش بووین وەرن ئالیکاریمان بکەن.  ئەو بانگەوازە ئێوە تا چەندە دەتوانن پێک بهێنن ، و ئەگەر ووڵامتان ئەڕێنی بێ ئێوە بە چ شێوەیەک ئالیکاری درووزییان دەکەن؟ مەوداشتان دوورە ، بە سەدان کیلومیتر لە نێوان ئێوە و " سوێدا ' دا هەیە.
مەزلووم عەبدی: وەک نزیکبوونەوە ئێمە ووڵاممان دانەوە. ئێمە بە ئەرێنی ووڵاممان دانەوە. بە ڕاستی دروزیش وەک کوردان بندەستن  و کێشەی مافیان هەیە، مافی نەتەوەیی ، ئەوانیش کەمایەتییەکی نەتەوەیین و خاوەن مافن. ئێمە پشتگیرییان دەکەین ، تێکەڵی و پێوەندی ئەوانیش لەگەڵ کوردان باشە . لە ڕوانگەی عەسکەری یەوە ئەوان لە باشووری سووریان ، لە سەر سنووری ئۆردۆن ، ئێمە لە باکووری سووریاین . یانی لە بواری عەسکەری دا بڵێێن ، ئێمە ئینسانی عەسکەرین و ئێمە ئۆبژێکتیڤن و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ  هێزیان بۆ بنێرن ئەوە مومکینە نییە ، بەڵام ...
دیار جوان: بەڵام ئەگەر ئەوان چەند سەد کەسیان ناردە لای ئێوە گوتیان تەجروبەمان نییە، تکایە ئەو خەڵکەمان بۆ پەروەردە بکەن ، لە بواری ستراتێژی شەڕ، پاراستن . وەزعی ئێوە بۆ ئەوە مومکینە ؟
مەزلووم عەبدی: مافێکی نەتەوەیی سووریایی ئەوانە و ئێمە ئالیکارییان دەکەین ، بە وانیشمان گوتووە ، بەڵکوو هێزی عەسکەری ئێمە ڕەنگە نەتوانن بچن لە ' سوێدا '  ئالیکاری ئەوان بکا، بەڵام  وەکوو دیکە ئێمە دەتوانین ئالیکارییان بکەین . هەر یارمەتییەکیان بوێ دەتوانین پێیان بکەین . دەتوانین هێزی ئەوان پەروەردە بکەین ، ئالیکاری دیکەیان پێ بکەین . ئێمە قسەمان لەگەڵ کردوون و دیدارمان لەگەڵیان دەبێ . بەڵام ئەوان کێشەیەکیان هەیە ئەویش کێشەی ئەوەیە کاتێک کە داعش هێرشی کردە سەر شاری ' سوێدا '  ژن ومنداڵی ئەوانی ڕفاند. گیرو گرفتێکی ئەوتۆیان هەیە.
دیار جوان: خەڵکیان لێ بە ئێخسیر گرتوون.
مەزلووم عەبدی: بەڵێ خەڵکیان لێ ئێخسیر کردوون
دیار جوان:  ئێوە گوتبووتان بۆ ئەوەی ئێمە ئەو ئینسانانە ڕزگار بکەین  ئێمە ئامادەین ئەو داعشیانەی لای ئێمەن ، ئەو چەتانەی لای ئێمەن لەگەڵ ئێخسیرکانی وان بگۆڕینەوە.
مەزلووم عەبدی: بەڵێ ئەوان کۆمیتەیەکیان بۆ ئەو کارە پێک هێناوە . بۆ ئەوەی کە ئێخسیرەکانیان ڕزگار بکەن . ئەو کۆمیتەیە هات و سەردانی فەرماندەییی قەسەدەشی کرد، هاتن سەریان لە مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریاش دا. داوخوازیان لە ئێمە کرد و ئێمەش داوخوازی ئەوانمان بە ئەرێنی وەرگرت. ئێمە بەڵێنمان پێ دان هەرچی لە دەستمان بێ دەیکەین و لەو بارەیەوە بە ڕێگای ڕیش سپییەکانی مەنتەقە و بەڕێگای کەسی مەدەنی، کەسی ئاوای کە لەو کارانە دەزانن ئێمە خەبەرمان بۆ ناردن خەبەرمان بۆ داعش نارد و پێمان ڕاگەیاندن بۆ ئەوەی ئەو ئێخسیرانەی درووزییەکان بەر دەن  لە بری ئەوان کێیان دەوێ ئێمە دەکرێ بەری بدەین و ئەو پێواژۆیە ئێستا بەردەوامە.
دیار جوان : ئێمە باسی ئێخسیرانمان کرد ، بە پێی ئەو  پێوەندییەی کە ئێمە هەمان بوو لەگەڵ ئەو یەکینانەی ئێوە کە بەو بابەتانەوە خەریک دەبن باسی ٧٠٠ داعشی بێگانە دەکرێ ، چەتەی بێگانە کە ئێستا لە دەست ئێوە دان. یانی هێزێکی تێڕۆری گەورە ئێستا  لە دەست ئێوە دایە. ئێوە بە ساغی ئەوانتان گرتووە، لە رەقا، گرتووتانن ، لە دێرا زۆریش، لە زۆر ناوچە گرتووتانن. چارە نووسی ئەو ئینسانانە چی لێ دێتەوە. بۆ نموونە  ئێستا هێندێک شارومەندی فەڕانسەیی لە دەست ئێوە دان. ئەگەر فەڕانسە داخویانییەکی ئاوا بدا کە ئێمە ڕەوایەتی و بریاری دادگەی باکووری سووریا و ڕۆژئاوا ئێمە دەناسین بۆیە پێویست نییە کە ئێمە ئەوان وەربگرین. ئێوە ئەو مەسەلەیە وەک خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی نابینن لە لایەن فەڕانسەوە؟ ئێوە هەتا کەنگێ ئەو ئینسانانە دەحاوێننەوە ومەسەلەکە چی لێ دێتەوە؟
مەزلووم عەبدی: ڕاستت بوێ ئەوە گیروگرفتێکی گەورەیە. یانی لە سەر ئەو بابەتە هەمیشە دانوستاندن و چاوپێکەوتنمان هەیە لەگەڵ دەوڵەتان و لەگەڵ ئەو کەسانەی پێوەندیی پەیدا دەکەنەوە بەو دەردەست کراوانەی داعش. وەک ئێوە گوتتان ئەوە کێشەیەکی گەورەیە و هەتا ئێستا ووڵامێکی ئەرینیمان لەو  دەوڵەتانەوە وەرنەگرتووە. ئەوە جێگای ڕەخنەیە. ئێمە دەتوانین بڵێین ئەوە بۆچوونێکی ئۆپۆرتوونیستی یە. یانی ئەوان بوونە سەبەب کە ئینسانی وان بێنە ئێرە و لێڕە شەری ئێمە بکەن
دیار جوان: جاوی خۆیان قووچاند لە هاتنی وان بۆ ئێرە.
مەزلووم عەبدی: لێرە شەڕی گەلی ئێمە بکەن و ئەو هەموو تێکدانەیان کرد و دوای ئەوەی کە گەلی ئێمە بە فیداکارییەکی گەورە ، ‌هێزی ئێمە بە فیداکارییەکی گەورە ئەو ئینسانانەیان گرت و ئەمڕۆ دە دەست ئێمە دا ئێخسیرن ، ئێستا قەبووڵیان ناکەنەوە. جا بۆیە گەلێک دەوڵەت ، بە تایبەتی دەوڵەتە ئوڕووپاییەکان ، زۆریان شارومەندنی وێندەرێنە. هەڵوێستیان زۆر لاوازە، دەیانەوێ کێشەکە لە خۆیان دوور کەنەوە. تەنیا دەڵێن کە ئێمە ئالیکاریتان دەکەین ، لە مەسەلەی ژیانی وان و محاکەمە کردنی وان و زیندانی بوونی واندا و ئێمە یارمەتیتان بدەین.
دیار جوان: ئایا ئێوە بەوە ڕازین؟
مەزلووم عەبدی: نا ئێمە ڕازی نین. ئێمە بۆ ماوەیەکی کاتی ئەوەمان قەبووڵ کردووە ، بە شێوەیەکی کاتی قەبووڵمان کردووە ، ئێمەش بە پێویست نازانین زۆر پەلە بکەین ، وەک گوتم بە شێوەی کاتی قەبووڵمان کردووە هەر بە شەرتێکی کاتی  ئێمە ئەو ئینسانانە دەحاوێنینەوە ، شوێنی ڕاگیرانیان، لیپرسینەوەیان و زۆر شتی دیکە.
دیارجوان: ئەوانە پۆتانسییەلێکی بە مەترسین.
مەزلووم عەبدی: ئێمە بەشیوەی کاتی قەبووڵمان کردووە ، بەڵام لە درێژخایەن دا قەبووڵ ناکەین ، ئەوە کێشەی وانە. دەبێ کێشەی خۆیان چارەسەر بکەن . تەنانەت دەبێ سپاسی ئێمە بکەن چونکە مەترسی ئەوانەمان قەمتەر کردووە . لە سەر ئەو بابەتە دیتنی ئێمە و لایەنەکان بەردەوامە.
دیار جوان: ئەو دانوستاندنانەتان لە ئاستی هەرێمی دایە یان لە ئاستی نێونەتەوەیی دا ؟
مەزلووم عەبدی: لەو بارەیەوە پێوەندیمان لەگەڵ هەموو کەس هەیە. ڕاستەوڕاست لەگەڵ دەوڵەتان و لەگەڵ ڕێکخستنە دژی تێڕۆرەکانی ئەو دەوڵەتانەش وەکوو قەسەدە ئێمە پێوەندیمان لەگەلیان هەیە. ڕێکخراوە سیاسییەکانیشمان پێوەندیان لەگەڵیان هەیە . ڕێکخستنی لێبوردنی نێونەتەوەیی ، ئەمنستی ئینترنەشناڵ ئەویش لە ناو مەسەلەکە دایە. ئەوە شتیکە کە پای هەموو کەس دەگرێتەوە و هەموو پێی دەزانن ،  با ئەوەش بڵێم بۆ ئەوەی ئێمە ناحەقی لە کەس نەکەین هێندێک دەوڵەت هاوکاریان کردووین، ئێمە ڕێکەوتین  لەگەڵیان  و هێندێک لە گیراوەکانمان ڕادەستی ئەوان کرد. بەڵام ئەمن نامەوێ ناوی وان بڵێم.
دیار جوان : ئێمە باسی ئەوەش بکەین ئەگەر لە ساڵی ٢٠١٣وە دەست پێ بکەین. لە ؛ گرێ جیلۆ ' وە دەست پێ بکەین ، ڕمێلان ، و بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە ، ' سەدی تشرین ' ، ' تەبقا ' ، ' سەدی فورات ' ،  ئەوانە لەئەنجامی شەڕێکی گەورە لە هەمبەر چەتەی داعش دا ئێوە ئەو شوێنانەتان پاک کردەوە. ئایا ئەو شوێنانە تەنێ ئی ئێوەن؟ یانی داهاتەکانی ئەوێ ، ئەو نرخانەی کە لە وێ هەن  تەنێ وەک ئی خۆتانی دەبنن ؟
مەزلووم عەبدی: بە ڕاستی نا ، ئەوە ئی هەموو سووریایە. گەلێک دەستگا و سازی نەتەوەیی سووریان. سازی ئابووریی نەتەوەیی سووریان . ئەوەش ئێمە زۆ جار بیروڕای گشتیمان لێ ئاگادار کردووە. کاتێک ئێمە ئەو شوێنانەمان گرت لە  بەر ئەوەی دەمانزانی حەساسییەتی ئاوا هەیە. حەساسییەتی گەلی سووریا ، ڕۆژی یەکەم کە ئێمە گرتمان بۆ نموونە بڵێم سەدی تەبقا، سەدی تشرین ، ئەوانە سازی نەتەوەیی گشتی سووریان و لە ڕۆژی یەکەم دا ڕامان گەیاند ئەوانە دامەزراوی نەتەوەیین ئەرکی ئێمەیە بیانپارێزین و ئەو ئەرکە بەجێ ذینین، بەڵام  ئەوە بێ حقووق و بێ  ڕێکەوتن و بێ چارەسەری سیاسی جێ بە جێ نابێ. ئێستا لە باکووری سووریا دا ، لە هەموو هەرێمی باکووری سووریا دا سەدی هەشتای زیاتری پێتڕۆڵ ( نەوت ) لێرە دەردەکەوێ. بەرهەمی کشتوکاڵی لە سەدی ٦٠ ی زیاتر لەم هەرێمەیە . گشت ئاو لەم هەرێمەیە. تەواوی دەستگای ئەنێرژی و گازی خۆزایی هەموو لێرەن . ئەوانە سەروەتی گەورەی گشت سووریان . ئەوانە هەر ئی مەنتەقەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی  سووریا نین ئی هەموو  سووریان ، بەڵام شەرتێکی ئێمە هەیە پێویستە لە ئاکامی ڕێکەوتنێکی سیاسی دا  بۆ هەموو سووریا ، کە سووریا هەموو  پێی ڕازی بێ، ئەو حکوومەتەی لە شام پێک دی لە لایەن هەموو خەڵکی سووریاوە قەبووڵ بکرێ و خەڵکی سووریا هەموویان حکوومەتی شام وەک حکوومەتی خۆیان ببینن  ئەو دەمی دە چوارچێوەی قانوونی بنچینەیی سووریا دا ئەو دامەزراوە نەتەوییانە هەڵبسووڕێن و کار بکەن.
دیار جوان: ئێوە باسی پێواژۆی موزاکەرە دەکەن. موزاکەرە بە  کوردی دان و ستاندنە. تۆ  هێندێک دەدەی و لە بەرانبەر دا دەستێنی. با وای دابنێین ئێوە هاتن لە دەوری مێزی دانوستاندن دا دانیشتن ، و بە ئێوە بڵێین ئێوە ئێرەتان دەوێ باشە بەڵام  لە بەرانبەر دا ڕەقا بدە بە من .، ئەگەر ڕەسمی بوونی فڵان جێ دەخوازی لە بەرانبەر دا منبیجم بدەیە، یا دەوروبەری دێرا زۆر. ئێوە ڕێگا دەدەن موناقەشەیەکی ئاوا بێتە گۆڕێ؟
مەزلووم عەبدی: ئێستا هێندێک کەس بە زانایی ئەو شتانە لە دژی ئێمە بڵاو دەکەنەوە. شاپەوگاپەی ئاوا لە دژی ئێمە دەکەن. تەنانەت هێندێک مەترسی لای خەڵکی عەڕەبی ئێمە لە ڕەقا و جێگای دیکەش ساز بووە. ڕێژیم، ڕێژیمی سووریا ئیدیعای ئاوا زیاتر بڵاو دەکاتەوە . نا هیچ ڕاستییەک لەوە دا نییە. کاتێک ئێمە ئەو هەرێمانەمان ڕزگار کرد ئەوانەمان لە پێناو ئازادی و دێمۆکڕاسی ، لە پێناو عەداڵەت دا ڕزگار کرد ، ئێمە بۆ ئەوەمان ڕزگار نەکردن کە سەودایان پێوە بکەین  وبیانکەینە مژاری چەنە لە سەر دان.
دیار جوان : لە بواری تەجارەت و بازرگانی دا
مەزلووم عەبدی: دیارە لە بەر ئەوەی لە سەر هەرێمی ' ڕۆژئاوا ' خەتەر هەبوو ئێمە بۆیە ئەو هەرێمانەمان ڕزگار کرد . نا ، دواڕۆژی ئەو هەرێمانە گشتیان وەک هەرێمەکانی ' ڕۆژئاوا ' بۆ خۆی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی گشتی هەموو سووریا دا دیاری دەکرێ ، ئێمە بەو شێوەیە بەڵێنمان  بە هەموو کەس داوە . ئێوە دەزانن لەو هەرێمانەی دا کە ئێوە باستان کردن بەڕێوەبەریی سیاسی خۆیان هەیە، بەڕێوەبەریی ئەمنییەتی یان هەیە، بەڕێوەبەریی لەشکری یان هەیە . ئێمە بە ئاشکرا بە هەموو کەسمان گوتووە ئێمە بەیەکەوین ، ئێمە بەیەکەوە سەودا دەکەین، بەیەکەوە موزاکەرە دەکەین. لەبەر ئەوە ئێستا هێندێک کەس، هێندێک لایەن دەیانەوێ تەنێ لەگەڵ کوردان دانوستاندن بکەن ، بە زانایی دەیانەوێ بابڵێین لە هەموو هەرێمەکان گشتیاندا دەڵێن ئێمە تەنێ لەگەڵ کوردەکان دانوستاندن دەکەین و لەگەڵ ئەوان ڕێک دەکەوین . ڕاستە مافی نەتەوەیی کوردان هەیە . کورد لە سەر مافی خۆیان هەتا دوایی پێکێشی دەکەن ، مافی خۆیان دەستێنن ، داوخوازی خۆسەری کوردان هەیە، داوخوازی فێدراسیۆن هەیە ، کورد لە سەر وانە ئیسڕار دەکەن و سەودایەکی با بڵێین دانوستاندن و موزاکەرەیەکی گەورە دەکەن چونکە ئێستا دەستی کوردان بەهێزە ، بەڵام بەرپرسیارەتی ئێمە  وەکوو قەسەدە ، وەکوو مەسەدە ، وەکوو هێزێکی کە ئەو شوێنانەی ڕزگار کردووە و ئێمە ئالیکاریان دەکەین بە بەڕەیوەبەرێتیی خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن ، ئەوە هەر هەرێمێکی تەنگەبەری  کوردان نییە ، بەڵکوو ئێمە هەرێمێکی بەرفرەوانمان ڕزگار کردووە بۆیە بڕیاری ئێمە بەو شێوەیەیە ، ئێمە دامەزراوەی ئەوتۆمان هەیە کە نوێنەرایەتی گشت ئەو هەریمانە دەکەن ، ئێستا قەسەدە نوێنەرایەتی گشت ئەو هەرێمانە دەکا یانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەمووی . ' پارتیی سووریای موستەقبەل ' ( پارتیی سووریای داهاتوو) دامەزرێندراوە،  بە ناسنامەیەکی سیاسی کە نوێنەرایەتی هەموو هەڕێمەکە دەکا. مەسەدە وەکوو باڵی سیاسی وەکوو ..
دیار جوان : وەکوو چەتری گشتی یە
مەزلووم عەبدی: وەکوو چەتری گشتی یە . و لە هەموو گرینگتر وەک دەزانن ماوەیەکی کورت لەمەوبەر حکوومەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیێندرا. لەو باوەڕە دام لە ڕۆژانی داهاتووش دا حکوومەت پێک دێ ، ئەوانە بەرپرسیاری ئەم شوێنانەن، نەک هەر بەرپرسیاری هەرێمی ڕۆژئاوا بەڵکوو بەرپرسیاری هەموو ئەو هەڕیمانەن؛ ئی ڕۆژئاوا و ئی باکووری سووریان . ئەوانە هەم لەگەڵ دەوڵەتی سووریا موزاکەرە دەکەن و هەم  ئەوانەن کە دەچنە ژێنێڤ و ئەوانەن کە لە سەر داهاتووی سووریا دەبێ دانوستاندن بکەن. هەم لە سەر مافی ئەو هەرێمانە گشتیان ڕاوەستن و دەناویان دا مافی کوردانیش.
دیار جوان: بۆ مەسەلەی ژێنێڤ هیچ بانگهێشتنێک بۆ ئەوان هاتووە؟ تا ئەو جێگای کە ئەمن دەزانم هەم نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە ناو ئیتیلاف دا و هەم  بە گشتی هێزەکانی ناو ئیتیلاف و بە ئەمریکاشەوە شتێکی ئاوایان دەربڕیوە کە لە دیدارەکانی ژێنێڤ دا نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا،  باکووری سووریا و ڕۆژهەڵاتی سووریا  بە لێبڕاوانە ئامادە دەبن . ئێوە شتێکی ئەوتۆتان بیستووە؟
مەزلووم عەبدی: نا، لەوەش زیاتر ، شتێکی ناچارییە کە دەبێ ئەو نوێنەرایەتییە هەبێ. ئیجبارێکە کە دەبێ هەبێ. ئێستا ڕاستییەکی ئاوا لە گۆڕێ دایە: ڕێژیمی سووریا هەموو حیسابی خۆی لە سەر ئەوە دەکرد دوای تەواو بوونی شەڕی دژی داعش بتوانێ بە ڕێگای عەسکەری ئەو هەرێمە جارێکی دیکە داگیر بکا، بگەڕێتەوە ئەو هەرێمە و دۆخەکە بەرێتەوە سەر وەزعی بەر لە ساڵی ٢٠١١. یانی هەموو داوخواز و هیوای وان  ئەوە بوو. بەس ئێستا تێ گەیشتوون کە ئەوە سەرناگرێ و لە موستەحیلاتانە کە شتێکی ئاوا مەیسەر بێ. نە کۆنژێکتووری سیاسی ڕێگا بە شتێکی ئاوا دەدا و نە هێزیان هەیە کە شتێکی ئاوا بکەن. دەوڵەتی تورکیا هەتا دوایی زەخت و گوشاری گەورەی خۆی دێنێ ، هێرش دەکا کە بۆ ئەوەی ئەو پلانە پووچەڵ کاتەوە.  ئێمە لە هەمبەر ئەوەش ئامادەکاری خۆمان کردووە بۆیە مەجبورن ئەو نوێنەرایەتییە قەبووڵ بکەن. ئێستا ئێمە دەڵێین  سووریا ، دەوڵەتی سووریا بێ باکووری سووریا ناتوانێ بژی ، بەڵام باکووری سووریا دەتوانێ بێ سووریا بژی.
دیار جوان : بێ حکوومەتی ناوەندی، بێ ڕێژیمی ناوەندی
مەزلووم عەبدی: یانی حکوومەتی ناوەندی بە بێ باکووری سووریا ناتوانێ ببێتە حکوومەتێکی حەقیقی. بەڵام لە باکووری سووریا بەڕێوەبەرێتی خۆسەری ئێمە ، ئەوەی کە ئێستا  ڕاگەیێندراوە دەتوانێ بێ شام و بێ سووریاش  خۆی بەڕێوە بەرێ. لەبەر ئەوە ئەوان حەوجێداری باکووری سووریان. ئەوان مەجبوور دەبن ئەو نوێنەرایەتییە قەبووڵ بکەن. ئەمن لە سەر ئەو باوەرییەم.
دیار جوان: بۆ ئەوەی ئەو کاتەی ماومانە باش بەکار بێنین چونکە عەفرین مژارێکی سەرەکیمانە، هەموو کەس چاوەڕوان دەکا لەو بارەیەوە بزانێ . پێویستە ئێمە  لە سەر عەفرین قسە بکەین ، بەڵام ئەگەر دەکرێ کورت کورت. لە ساڵی ٢٠١٣ بەم لایەوە بە سەدان شەڕڤانی ئەنترناسیۆنالیست بە ئێوە پەیوەست بوون ، ئێوە هێندێک پێشتر باسی نەتەوایەتیی ئەوانتان کرد ، ئەوان لە هەموو جێیەکەوە هاتوون یانی لە چینەوە بگرە هەتا پورتوگاڵ، کانادا، ئەڵمان و فەڕانسە و جێی دی. ئەوەندە زۆرن کە مرۆڤ ناتوانێ باسی هەموویان بکا و ئەوە لە مێژوو دا جاری یەکەمە . تەنانەت بەر لە تەجروبەی شەڕ لە ' ڕۆژئاوا  ' و لە ' باکووری سووریا '  هەمیشە باسی چوونی چێ گێوارا و ئەکیپەکەی بۆ کووبا  دەکرا ، بەڵام شتی کە ئەمڕۆ لێرە دەقەومێ بە دەیان هێندە لە چوونی گێوارای بۆ کووبای تێ پەڕاندووە. هات و ئەو کێشەیە چارەسەر بوو چارەنوسی ئەو شەڕڤانانە چ دەبێ ، دانوستاندنی ئێوە لەو بارەیەوە یان شتێکی  ئێوە بۆ وان هەیە؟ ئەگەر بە کورتی ووڵام بدەنەوە.
مەزلووم عەبدی:  ئێمە هەمیشە بە ئەوانمان گوتووە ، بە هەواڵەتی و بە کەیفخۆشی پێمان گوتوون


دیار جوان: ئەو شوێنە ئی ئێوەیە
مەزلووم عەبدی: ئەو شوێنە ئی ئێوەیە ، ئێوە لێرە شەڕتان کردووە ، خوێنتان  داوە ، هەمیشە حەقی ئێوە لێرە هەیە و دەرگای ئێمە بۆ ئێوە کراوەیە و ئێمە دەمانەوێ ئێوە لێرە بمێننەوە بەڵام ئەوان خۆیان بڕیار دەدەن.
دیار جوان: پێتان وایە کە هێندێک لەوان لێرە بمێننەوە؟
مەزلوم عەبدی: هێندێکیان ماونەتەوە
دیار جوان : ئەمن پێم وایە هێندێک لەو شەڕڤانانە ژیانی خۆیان لە دەست داوە ، ماڵباتی وان ئێرەیان بە زێد  و واری ئەوان زانی و گوتیان ئێمە ناخوازین مەیتی وان بەرین.
مەزلووم عەبدی: بەڵێ هێندێک لەوان لێرە ماونەوە، هێندێکیشیان چوونەوە ووڵاتی خۆیان و جارێکی دیکە گەڕانەوە ئێرە.
دیار جوان: هێشتا لە ناو ئێوە دان . باشە. ووڵامی ئەو پرسیارەم وەرگرت. لەو ناو قسەکانماندا دەکرێ هێندێک پرسیاری دی بێنە گۆڕێ بەڵام مەسەلەی عەفرین. هەموو کەس پێی خۆشە بزانێ لە سەر عەفرین. بەر لە هەموو شت ئەمن دەمەوێ ئەوە بڵێم ، ئیدی ئەوە ئاشکرا بوو کە ئەوە لە ئاکامی هاوکارییەکی کە بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندییان لە نێوان ڕووسیا و تورکیا دا ، لە ناو ئەوە دا بازرگانی هەیە ، لە ناو ئەوە دا فڕوۆشتی مووشەکی
ئێس – ٤٠٠ هەیە ، و لە ناو ئەوە دا، لە جیات ئەوەی کە ڕاستەوڕاست شەر بە دژی ئەمریکا و ئیتیلاف بکەن، ئێوەیان کردە قوربانی مەسەلەکە. عەفرین، یەپەگە، قەسەدە یان قورانی کرد چونکە ڕاستەوخۆ ڕووسیا و ئەمریکا ناتوانن ڕووبەڕووی یەکتری ببنەوە. بەڵام پێواژۆیەکی بەر لەوە هەیە بۆ نموونە ئەمن بڵێم  دوومانگ بەر لە هێرش بۆ سەر عەفرین فەرماندەی گشتی یەپەگە بەڕێز سیپان حەمۆ  لە مۆسکۆ بوو ، وا بزانم لە ڕێوڕەسمێکی خەڵات کردن دا . لە گەڕانەوە دا ڕێزدار حەمو داخویانییەکی بەم شێوەیەی هەبوو ، ئەوە دیدارێکی ئەرێنی بوو ، باش بوو ، پڕ بوو، و ئەنجامی ئەوەش دەگاتە نوێنەرایەتی کردنی ڕۆژئاوا و باکووری سووریا لە  ' سووچی' . دوو مانگ تێپەڕ نەبوو، ڕووسیا سنووری هەوایی بۆ تورکیا کردەوە و بە ئاشکرایی ڕایگەیاند ئەمن بەشێکم لەو مەسەلەیە. لەو بابەتەوە وەکوو فەرماندەیی قەسەدە کە یەپەگەش لە بن چەتری ئێوە دایە ، ئێوە دەتانەوێ ڕەخنە لە خۆتان بگرن؟ ئێوە چما ئەو حیسابەتان نەدی؟
مەزلووم عەبدی: ئەگەر ڕاستت بوێ ، ئەو شتانەی کە گوتراون ئاوا بوو. فەرماندەی یەپەگە هەڤاڵ سیپان دیدارەکانی ڕەسمی  بوون ، لەگەڵ سێرگێی شویگۆ، وەزیری بەرگری ، لەگەڵ سەرۆکی ستادی ئەڕتەشی ڕووسیا ، یانی دیدارەکانی ڕەسمی بوو. لەگەڵ قیادەی هێزەکانی ئەوان لە سووریا. ئەوان لە سەر ناوی دەوڵەتی خۆیان ئەو شتانەیان گوت. و هەڤاڵ سیپانیش ئەوشتانەی بۆ بیروڕای گشتی ڕاگەیاند. بەڵام دوایە ئێمە هەستمان پێ کرد ڕووسیا و تورکیا ، پووتین و ئەردۆغان ڕێک کەوتوون ، هەر وەک ئێوە گوتتان لە بری گەلێک تەنازولاتی گەورە کە کراوە مەسەلەی عەفرین هاتە گۆڕێ و ئێمەیان  لە ' سووچی ' دەر هاویشت . لە سەرەتا دا هەر نە تەنێ داخویانی هەڤاڵ سیپان نا،  بەڵکوو   خەبەریان بۆ بەڕێوەبەریی سیاسی ئێمە نارد،  لای ئێمە ئەندامیان دیاری کرد ، هەیئەت ساز کران ، چوونە حەمیمی  بەکەیەوە قسەیان کرد کە بڕیار بوو ئەوانیش بچنە سووچی و لە دیدارەکاندا بەشدار بن. بەڵام لە ئەنجامی ئەو ڕێکەوتنە قرێژە دا کە لە سەر عەفرین کرا وەک زاندراوە پێواژۆی عەفرین دەستی پێ کرد و هاوکاری رووسیاو وتورکیا پێک هات. ئێمە بەم شێوەیە دەکرێ ڕەخنە لە خۆمان بگرین  یانی ئێمە ڕووداوەکانمان باش نەخوێندەوە ، ئێمە باوەڕمان کرد بە بەڵێنی ڕووسەکان چونکە ئەوانە بەڵینی ئەوتۆ بوون کە لە لایەن دەوڵەت ڕا درابوون ، هەر وا بەڵین دان نەبوو لە لایەن کەسی ئاساییەوە. یانی ئەوانەی نوێنەرایەتی دەوڵەتیان دەکرد ئەو بەڵێنانەیان دا. لە بەر ئەوەی ئێمە باوەڕمان بە قسەکانیان کرد و ئاوامان بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند دیارە لەو ڕووەوە دەبێ ڕەخنە لە خۆمان بگرین.
درێژەی هەیە ...
( بەشی سێیەم. تاریخی بڵاو بوونەوە  ٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)
تێبینێ : ئەو هەڤپەیڤینە  ڕۆژنامەنووسی ناسراو دیار جوان لە ٢٨ی مانگی سێپتامبر دا لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی ' ‌ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ' [ قەسەدە /  Syrian Democratic Forces [ ئەنجامی داوە و لە یەکشەمە شەو ٣٠ی سێپتامبری ٢٠١٨  لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک  لە بەرنامەیەکی تایبەتی یەک سەعات و چلوشەشە دەقیقەیی  دا بڵاو کراوەتەوە. ئێمە لە چوار بەش دا ڤێرسیۆنی کوردیی سۆرانی ئەو هەڤپەیڤینە گرینگەتان پێشکێش دەکەین.
دابەزاندن و هێنانە سەر کوردیی سۆرانی: حەسەن قازی
١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨




No comments: