هەڤپەیڤینی دیار جوان لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا بەشی چوارەم و کۆتایی
هەڤپەیڤینی دیار جوان لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک
لەگەڵ مەزلووم عەبدی
فەرماندەی گشتی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا
بەشی چوارەم
و کۆتایی
دیار جوان: لە ساڵی ٢٠١٤،
بە تایبەتی لە دوای شەڕی کۆبانێ پەیمانێک لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکا دا ئاشکرا
بوو، یانی سنووری هەوایییان دابەش کرد. ئێرە ئئ منە ، هۆ وێ ئی تۆیە. یانی ڕێکەوتنێک کرا . ئێوە
وەکوو هێزی پاراستنی گشتی لە باکووری سووریا و
ڕۆژئاوا ئایا بیرتان لێ کردبووەوە ئەگەر ببنە دۆستی ئیتیلاف
کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکا ڕووسیا لێتان
زویر دەبێ و ئەگەر هەر دۆستی ڕووسیاش بن
ئەمریکا زویر دەبێ و لە یەکتری قەبووڵ ناکەن. یەکەم باڵانسێک پێویست بوو ، بۆچی ئەو باڵانسە
ساز نەبوو ؟ دووەم بۆچی ئێوە لایەنێکتان
هەڵنەبژارد؟ ئێوە دەزانن ئەوان بۆ شەڕی
لەناو یەکتری دابەش کردن دا ڕووبەڕووی یەکتر دەبوونەوە. ئێوە بە خۆتان نەگۆت بۆ
ئەو مەسەلەیە یا ئێمە بچین لەگەڵ ڕووسەکان هاوکاری بکەین و هەرێم لە تێڕۆر و چەتان
پاک بکەینەوە، یان با ڕووسیا نەبێ ئێمە
ئەو مەسەلەیە لەگەڵ ئیتلاف و ئەمریکا و دەوڵەتەکانی تر ئەنجام بدەین. و لە پێناو هەمان ئامانج دا شەڕ بکەن؟
مەزلووم عەبدی: ئێستاش ئێمە
نامانەوێ لایەک هەڵبژێرین ، چونکە ئێمە سیاسەتێکی سەربەخۆ بەڕێوە دەبەین. ئێمە لە
ڕۆژئاوا لە ڕۆژی یەکەمەوە لە دەسپێکەوە هێڵی سێیەممان گرتووە. ئێمە لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوامین. هێشتا هیچ
بڕیارمان نەداوە دەست لە هێڵی سێیەم
بەردەین و لایەک بگرین و ببین بە بەشێک لە هێزێک. ڕێبازی ئێمە هەتا ئێستا هەر
ئاوایە. ڕاستی ئەوەیە لە جێیەکی وەکوو
سووریا دا کە تێیدا دوو هێزی گەورەی وەکوو ئەمریکا وڕووسیا لە هەمبەر یەکتری
ڕاوەستاون سیاسەت کردن و شەڕ کردن زەحمەتە. هەتا ئێستا ئێمە ویستوومانە بە پێی
سیاسەتی خۆمان بجووڵێینەوە و لێی لانەدەین
و وەفادار بین لە ئاست ستڕاتێژی خۆمان. هەڵبەت هێندێک کەمایەسیمان هەبوو،
هێندێک لاوازیشمان دەرکەوت بەڵام خەتی گشتی وەک خۆی ماوەتەوە و ئێمە تێیدا
بەردەوام دەبین. ڕاستییەکەی ئەوە ، ڕووسیا
هەرچەند لە مەسەلەی عەفرین دا دەغەڵکاری لەگەڵ کردین و پشتی لە ئێمە کرد ،بەڵێنی
خۆی پێک نەهێنا، بەڵام هەرچۆنێک بێ
ڕاستییەکە لە سووریا دا
دیار جوان : لایەنێکە
مەزلووم عەبدی: لایەنێکە و
هێزێکی ئەساسی یە بۆ ئەوەی لە سووریا چارەسەرییەک بدۆزرێتەوە. ئێمە
مەجبوورین بە بەردەنگی دابنێین ، دانوستاندنی لە گەڵ بکەین لە پێناو چارەسەری دا
بۆ ئەوەی چارەسەرییەک پەیدا بێ. ئەمریکاش
ڕاستییەکە لێرە ، لە سەر زەوی سووریایە و
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ڕاستییەکە
و هەر دووک هێز لە سەر دوا ڕۆژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە سەر
سووریا ڕێکەوتنیشیان هەیە و هێشتا
کۆبوونەوەی هاوبەشیان هەیە و ئەو کۆبوونەوانە بەردەوامن . پێواژۆیەکە لە ناویان دا
بەردەوامە. ئێمە وەکوو هێزێکی سەرەکی لە سووریا دا ، ئێستا سەدی سی لە خاکی سووریا هێزی ئێمە
کۆنتڕۆڵی دەکا، ئەوە بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە
ئێمە مەجبوورین لەگەڵ گشت ئەو هێزانەی لە سووریا دا شوێندانەرن
دانوستاندنمان هەبێ و بەو پێیە سیاسەتەکانمان هەڵسووڕێنین.
دیار جوان: ئەوە هێزی ئاشکران و لە ویترین دان و هەموو کەس
دەیانناسێ و دەیانبینێ . بەڵام ئەو هێزانەی کە
[بەدەرەو ] نین بۆ وێنە ئێران. ئێرانیش هەم هێزێکی گارانتۆرە ، هەر چەند لە
سەر بابەتی ئدلیب حەولیان دا ئێران فت کەن
و بە هێندی نەگرن لەو کۆبوونەوەی دوایی سووچی دا ، بەشدارییان بە حەسەن ڕووحانی
نەکرد، یا ئەو بەشدار نەبوو یان ئەردۆغان و پووتین پەشدارییان پێ نەکرد. بۆچوونی
حەسەن ڕووحانی سەبارەت بە ئدلیب جیاوازە ، دەڵێ
دەبێ ئێمە [ چەتان] نەهێڵین و لەناویان بەرین. ئەردۆغان هیندێک جیا
بیردەکاتەوە، بیری پووتین لەسەرە ئەوە هێندێک جوێ یە. ئێوە لەگەڵ ڕووسیا دانوستاندنتان هەبووە ،
لەگەڵ هێزەکانی ئیتیلاف و لەگەڵ ئەمریکا. سەبارەت بە دوا ڕۆژی سووریا ئێوە لەگەڵ ئێرانێ هیچ دانوستاندن دەکەن یان
کردووتانە ؟
مەزلووم عەبدی: لەو هەرێمانە
دا لەبەر ئەوەی ئێران گەلێک جاران لایەنی ڕێژیمی سووریای گرت و لە ملەی ئێمە لەگەڵ ڕێژیمی سووریا دا لایەنی
ڕێژیمی سووریای گرت و لەو پێوەندییە دا لە پێواژۆی ڕابردوو دا لە نێوان ئێمەو
ئەوان دا هێندێک ناخۆشی هاتە مەیدانێ..
دیار
جوان: تانسیۆن بەرز
بووەوە
مەزلووم عەبدی: تانسیۆن بەرز
بووەوە ، ناخۆشی هاتە گۆڕێ ، لە هەرێمی
جزیرێ و لە شوێنی دیکە. ئێران زۆر جاران لە بەر بەرژەوەندی خۆی لە دژی ترکان
هەڵوێستی گرت وەکوو لە سەر مەسەلەی عەفرین
و مەسەلەی دیکە. یانی تانسیۆن هەڵكشان و داکشانی هەیە لەگەڵ ئێرانێ. بەڵام ئێمە لە
سەر ئەو باوەڕییەین لە ئاکام دا ئێران و ڕووسیا و تورکیا ئێستا بە یەکەوە کار
دەکەن لە سەر مژاری ئدلیب دیتنیان یەکە، بە لانی کەمەوە داخویانییە ڕەسمییەکانیان
ئاوایە و هەموو دەربڕینە ڕەسمییەکانیان
بەم شێوەیەیە و ئاوا دەجووڵێنەوە ، لە بەر ئەوە ئێمە ناتوانین ئەوان هێندە لەو تەوەرە جوێ بکەینەوە.
دیارجوان : دەزانی بۆچی ئەوە دەپرسم بەڕێز مەزلووم عەبدی ، بۆ
وێنە ئەو ئیتیلافەی کە ئەمریکا پێشەنگی
دەکا، ئێران وەک دوژمنی سەرەکی خۆی دەبینێ
لە سووریا و ئەمریکا بە لێبڕاوی دەڵێ
پێویستە ئێمە ئێران لێرە دەرباوێژین. ئەگەر
ئەمریکایی هاتن و بە ئێوەیان گوت
بڕوانن ئێمە لە سەر ئەو هەنگاوە یارمەتی ئێوەمان دا و بووین بە هاوکاری یەکتر و
ئێستا لەگەڵ ئێران ڕووبەڕوو بووینەتەوە
پێویستیمان بە ئالیکاری ئێوەیە ، ئەو دەمی هەڵوێستی قەسەدە چ دەبێ؟
مەزلووم عەبدی: ئەمن تاوێک لەمەوبەریش گوتم هێڵی ئێمە هێڵی سێیەمینە. هێڵی سێیەم بە
واتەیەکیش مانای ئەوەیە لایەنێک ناگرێ بە دژی لایەنێکی دیکە. لە سەر ئەو بابەتەش
ئێمە ئاوا بەردەوام دەبین ، سیاسەتمان ئاوایە
و لە ڕووی لەشکری ، لە رووی عەسکەریشەوە ڕێبازی ئێمە ڕێبازی پاراستنی ڕەوا
یە. پاراستنی ڕەوا بەو مانایەیە ئەگەر
لایەنێک هێرشی نەکردە سەرت ئەتۆش هێرشی ناکەیە سەر. بەڵام ئەتۆ تەنێ بە ئامانجی پاراستن دەکرێ هێرش بکەیە
سەر لایەنێک و ئەوە لە مەڕ ئێرانیش هەر وایە. ئەگەر ئێران لایەنی ڕێژیمی سووریا نەگرێ، ئەوان لە سنووری ئێمە دا هەن، یانی ئێرانی لە
سنووری ئێمە دا هەن ، لە ئەبووکەماڵ هەن ، لە مەیادین هەن، لە دێرازۆر هەن، لە
منبیج هەن لە سنووری باشووری ئێمە دا
ئەوان هەن لەگەڵ ڕێژیمی سووریان. ئەگەر ئێرانییەکان هێرشی ئێمە نەکەن ، خۆ لەکاری ئێمە وەرنەدەن،
لای لایەنان نەگرن ئەو دەمی ئێمەش کارمان
پێیان نییە.
دیار
جوان: لە هەر
هەنگاوێکی ئێوە دا هێزی هەرە چالاک ، ئێوە
خۆشتان گوتتان یەپەگە و یەپەژە بوون ، زۆر
لە فەرماندەکانی ئەوان لەو هەڵمەتانە دا ژیانی خۆیان لە دەست دا ، شەهید بوون. لە
مینبیجێ، تەبقا ، ڕەقا و ئێستاش لە دێرا
زۆرێ بە شێوەیەکی چالاک شەڕ دەکەن. ئەگەر هات و لە دەمێکی کورت دا فەرماندەیی یەپەگە هەڵمەتی ڕزگار کردنی عەفرینی دەست پێ کرد هەڵوێستی قەسەدە چ دەبێ؟ لە بەر ئەوەی یەپەگە یەکێک لە پێکهاتەکانی
قەسەدەیە ، قەسەدە خۆی وەک خاوەنی کێشەکە
دەبینێ یان نا وەک مژاری عەفرینێ دەکا
دەڵێ ئێمە هێز دەنێرین ، شەڕی خۆمان ڕادەگرین، ئێمە تێکۆشانی خۆمان لێرە ڕادەگرین .
یەک لێرە دا من دەمەوێ دیتنی ئێوە لە سەر
ئەو بابەتە بزانم و دووەم ئەو مژارە
سەرەرای ئیتیلاف و هاوکارەکانی ئێوە بکرێ.
ئایا ئێوە ئەو هێزەتان هەیە بۆ نموونە بڵێن
ئەو مەسەلەیە مەسەلەی ئێمەیە، مەسەلەی ئەم خاکەیە ، مەسەلەی ئەم نەتەوەیە و پێویستی ئێمە بە ئامۆژگاری و تەعلیمات و ڕاوێژی
هیچ کەس نییە. مەسەلەیەکی نامووسی یە دەبێ ئێمە جێ بە جێی بکەین.
مەزلووم عەبدی: بەڵێ، لە سەر
بەشی یەکەمی پرسیارەکەت . قەسەدە و یەپەگە یەکن.
ڕاستە یەپەگە بەشی هەرە گەورەیە لە قەسەدە دا ، بەڵام با بڵێین لە ڕووی پاراستن ،
لە ڕێبازی پاراستنی ڕەوا دا یەکن و خەتێکی پاراستنی جیاوازیان نییە. لە سەر بابەتی
عەفرین یەپەگە و یەپەژە یەکن . یانی وا بڵێین لە دەرەوەی یەپەگەش، لە دەرەوەی
یەپەژەش هەموو هێزەکانی دیکەی کە لە ژێر
چەتری قەسەدە دان ، ئەوانیش لەگەڵ قەسەدە
لە عەفرینێ شەڕ دەکەن، ئەوەش بە ئاشکرایی دەڵێن. لە بەر ئەوەی عەفرین نەک
هەر هەرێمێکی کوردی یە بەڵکوو بەشێکیشە لە
خاکی سووریا و ئەرکی قەسەدەش ئەوەیە هەموو
خاکی سووریا بپارێزێ . ئەمڕۆ دەوڵەتی ترک دەوڵەتێکی داگیر کەرە و دەیەوێ دێمۆگڕافی عەفرینێ بگۆڕێ ، دەیەوێ
عەفرین بکا بە بەشێک لە تورکیا و ئەوە بە مانای هێرشە بۆ سەر هەموو سووریا. لەو چوار چیوەیە دا قەسەدە ئەرکی خۆی بۆ
پاراستنی خاکی سووریا بە جێ دێنێ.
دیار جوان: ئەمن کاتی ئەو
هەڵمەتە ناپرسم ، ئێوە کەنگێ دەتانەوێ دەستی پێ کەن ، تەنێ دەمەوێ بپرسم داخودا
ئەوە پلانی سەرەکی ئێوەیە یان نا ؟
مەزلووم عەبدی: بەڵێ. ئێمە دەتوانین ئاوا بڵێین ئەگەر بە کورتی بڵێم کە دوارۆژی عەفرین چۆن
دەبێ. ئێمە وەکوو 'هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی
سووریا' و بەتایبەتی با بڵێین هێزی سەرەکی
ئێمە یەپەگە و یەپەژە بڕیارمان هەیە کە
عەفرین ڕزگار بکرێ. ئێمە بە هێزی خۆمان ڕزگاری بکەین . بە هێزی زاتی خۆمان ڕزگاری بکەین. بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاری هەیە، حازرێتی
هەیە با هەر کەس بزانێ کە ئەگەر کاتی خۆی
بێ ؛ ئەوە مژارێکی عەسکەری یە ، ئەگەر کاتی خۆی بێ ، پێواژۆی ڕزگار کردنی
عەفرین دەست پێ دەکا.
دیار جوان : ئێوە خاوەنی مەسەلەکەن. یانی داخویانی ئێوە و لایەنی سیاسی بە یەک دانەنێین ؟
مەزلووم عەبدی: با بڵێین
کاتێک کە لە ڕووی عەسکەرییەوە ، مەرجی
عەسکەری تەواو بوو، کاتێک مەرج گونجاو بن لە
پێناو ڕزگار کردنی [ عەفرین ] دا ئەو
پێواژۆیە دەست پێ دەکا.
دیار
جوان: ئامادەکاری هەیە ، ڕەنگە ئێوە ئاشکرای نەکەن،
بەڵام ئامادە کاری هەیە؟
مەزلووم
عەبدی :
بەڵێ هەن، یانی لە ڕۆژەڤی ئێمە دایە ،
ئەمن تەنێ دەتوانم ئەوەندە بڵێم. فەقەت ئێرە سووریایە ، بابڵێین ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستە، سووریایە. شەڕی هێزانە . هەر هێزێک بەرژەوەندی خۆی بە بنەما دادەنێ.
ئەگەر کاتی هات ، مەرجی نوێ هاتە گۆڕێ ، تێکهەڵچوونی نوێ
قەومان.ئەو تێکهەڵچوونانەی کە لە نێوان ئەو
هێزانە دا لە سەر وەزعی عەفرینە هاتنە ئاراوە با بڵێین شوێن دابنێ و وەزع گونجاو بێ بەڵکوو ئەو دەمی ئێمە بتوانین
زووتریش عەفرین ڕزگار بکەین.
دیار جوان: یانی پڵانی
ئەسڵی ئێوەیە و لەوانەیە ئێوە هێندێک
خێراتری بکەن ، ئەگەر ئەو شەرتومەرجی کە باسی دەکەن پەیدا بێ .
مەزلووم عەبدی: ئێستا ئێمە
شەرتومەرجی سووریا هەمووی دەشۆپێنین و
ئەگەر ئەو هاوسەنگییانەی هەن تێک بچن، هێندێک شەرتی گونجاو وەرنە ڕوو بەڵکوو زووتریش ئێمە بتوانین دەست بەو پیواژۆیە بکەین.
دیار
جوان: بەڵام
بێگومان ستڕاتێژی شەڕ ئێوە باشتر دەزانن،
زەمان تێپەڕ دەبێ ، لە دەمی پێشوو دا ڕووداو دەقەومین ، دەرفەت دەکەوتنە دەستی مرۆڤ ، لە بەر هێندێک
حەساسییەتان ، هێندێک وەزعی مەوزووعی زەخت
دەکار نە دەکرا. وەک مەزلووم عەبدی ، لە پێواژۆی ٢٠١٥ هەتا ئێستا
ئەگەر بە تایبەتی ئێمە چاو لە دەورو بەری عەفرین بکەین لە زەینی بەڕێزت دا دوو شتی ئەسڵی چییە ئەگەر
بڵێی بریا ئێمە ئەوەمان کرد با و بریا ئەوەمان نە کردبایە ؟ بۆ وێنە بڵێم
وەختایەک دەرفەت کەوتە دەستتان و کە تەماشای نەخشە دەکەن هێزەکانی سەر بە
یەپەگە و یەپەژە و هێزەکانی دیکەی دەورو
بەری عەفرینێ دەیانتوانی بەرەو ' عەزاز '
بچن ، دەیانتوانی بەرەو ناوچەی دیکە بچن ،
بەرەو ' باب ' بچن و تەنانەت ڕێگای نێوان
کۆبانێ و عەفرینێ بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن چونکە ئەو دەمێ ئەوێ لە ژێر کۆنتڕۆڵی
داعش دا بوو . ئایا ئێوە لەوە پەشیمانن بۆچی ئەو دەمێ دەستپێشخەری زیاترتان نەکرد
و بێ گوێدانە هیچ لایەک، بەرەو پێش نەچوون؟
مەزلووم عەبدی: دیارە ئەگەر
ئێستا بگەڕێینەوە و ئاوڕ لە ڕابردووی خۆمان بدەینەوە. لە ڕووی عەسکەرییەوە پێواژۆی
بەیەکەوە گرێدانی کانتۆنەکان ئەو جۆرەی کە گەلی ئێمە ناودێری دەکا لە جێگایەک چەقی
و جێ بە جێ نەبوو.
دیار جوان: پێم وایە نزیک ٧٠ کیلۆمیتر مابوو
مەزلووم عەبدی: بە گشتی بیست کیلۆمیتر مابوو، ئێمە دەگەیشتینێ. لە
ڕووی عەسکەرییەوە کاتێک ئێمە ئاوڕی لێ دەدەینەوە هەڵبەت بە ڕاستیش بۆ ئێمە مژارێکی
جێگای ڕەخنەیە ، شیاوی ڕەخنە لەخۆ کردن و موحاسەبەیە. ئەگەر ئێمە باشتر کارمان
کردبا، زووتر کارمان کرد با ، ئامادەکاری خۆمان باشتر کرد با ، هەم هێزەکانی ئێمە
لە عەفرین و هەم هێزەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی فوراتێ ، یانی ئەو پێواژۆیە زەحمەت بوو ،
بەڵام موومکین بوو. و لە بەر ئەوەی ئەو ئەرکە ڕانەپەڕێندرا بۆ ئێمە مژاری موحاسەبەیە.
جێگای خەمگینی یە با وامان گوتبێ. ئەوە لە ڕووی عەسکەرییەوە ، لە رووی سیاسیشەوە
ئێمە لەو باوەڕە داین ئێمە سیاسەتێکی دروستمان وە پێش گرتووە یانی بە بەراوەرد
لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و بە بەراوەرد لەگەڵ هێزی دیکە و بە بەراوەرد لەگەڵ ڕێژیمیش
ئێمە سیاسەتێکی ئۆبژێکتیڤ ..
دیار جوان: سیاسەتێکی دروست ، تاکتیکێکی هەڵە؟
مەزلووم عەبدی: و عاقڵانەمان بەرەو پێش برد، بەڵام لە پڕاتیک دا
دیار جوان : لە پراکتیزە کردن دا
مەزلووم عەبدی: لە پڕاکتیزە کردن دا بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ
عەفرین ، لە پێوەندی لەگەڵ پاراستنی عەفرینێ دا هێندێک کەمایەسیمان هەبوو ، هێندێک
بۆچوونی سەتحی ( بانەکی) مان هەبوو. ئێستا ئێمە خۆزگە دەخوازیین بریا لێی قووڵتر
ببووباینەوە، بریا ئێمە زووتر هێندێک هەنگاوی سیاسیمان هاویشتبایە. بۆ وێنە تاوێک
لەوە پێش ئەتۆ باست کرد ، ئێمە دەغەڵکاری و دووڕوویەتی هێزە ناونەتەوەییەکانمان
زۆۆتر دیتبایە و بەو شێوەیە توانیبامان ئامادەکاریی سیاسی زیاتر بکەین . هەڵبەت
ئەوەش ئێمە بە مژارێکی جێی لێ پرسینەوەی دادەنێین .
دیار جوان: پڕۆژەیەکی ڕووسیا بەو شێوەیە هەبوو ئەوان فکری ئەوەیان
کردبووەوە ئوتوبۆسی کەسک بۆ عەفرینیش بنێرن . یانی ئەو پڕۆژەی شکاندنی حورمەتی
مرۆڤایەتی. ئێوە ئامادە بوون شتێکی ئاوا پێک بێنن ؟ یانی ئەوان ئوتوبۆسی کەسک بێنن بەر لە هێرش و
پەلامار و شەڕڤانی یەپەگە لە پێش چاوی دنیایە سوار کەن و بڵێن ئێمە وامان کردووە. ئایا
شتێکی ئاوا مومکین بوو پێک بێ ؟
مەزلووم عەبدی: بە شێوەیەکی تایبەتی شتی وایان بە ئێمە نەگوت. ئێمەش
لە ڕێگای میدیاوە بیستمان. دیارە لە ژیانی خۆماندا مومکین نەبوو ئێمە شتێکی وا
قەبووڵ بکەین .
دیار جوان: ئەگەر ئێوە زانیباتان کە نەتیجە ئاواش دەبێ کە بوو ؟
مەزلووم عەبدی: دیسان ئێمە قەبووڵمان نەدەکرد. ئێمە لە ژیانی خۆماندا
ئەوەمان قەبووڵ نە دەکرد . و لە جێدا یەک لە سەبەبەکانی کە ئێمە بڕیاری پاشەکشەمان
دا لە عەفرین، بڕیاری ئەوەی کە هێزی خۆمان لە عەفرین بکێشینەوە، لە بەر ئەوە بوو
ئێمە هێزی خۆمان لە عەفرین بهێنینە دەرێ ، هێزی خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی کە جارێکی دی عەفرین ڕزگار بکەین.
دیار جوان: کەمێک سەرنجە بدەینە سەر جیرانی عەفرینێ ' ئدلیب ' .
سێناریۆیەک بۆ ئدلیب ساز بوو . ئێمە دیتمان لە ڕۆژێک دا ٦٠ فڕۆکەی ڕووس و ئی
ڕێژیمێ هەستان و لە دەوروبەری ئەوێیان دا
و قیامەت . لە تارانێ کۆبوونەوە پێک هات. لایەنەکان ڕێک نەکەوتن و لە ڕووی یەکتری
دا گوتیان ، پووتین بە ئەردۆغانی گوت ئەگەر ئەمن هەڵە نەبم ، لێرە نوێنەری
ئەلنوسرە ئامادە نییە، نوێنەری داعش نییە. چاوی لە چاوی ئەردۆغان بڕی و بە
شێوەیەکی لێبڕاو گوتی ئێمە ئەوان لە ناو دەبەین و نایان هێڵین. باسی جەبهەتولنوسڕە
و تاقمەکانی دی دەکەم. باسی شێست هەزار کەس دەکرێ، ١٨ گرووپ و شێست هەزار کەسی کە
لە وێندەرێن. ڕووحانیش هەمان شت ،هەر هەمان بڕیارداری لە خۆیەوە نیشان دا.
ئەمریکاش بە شێوەیەکی ئاشکرا نەیگوت ئەمن لە دژی ئۆپێڕاسیۆنی ' ئدلیب ' م. بەڵام
گوتی بیانوو مەدەنە دەستی من کە من جارێکی دی هێرش بۆ سەر ئێوە بکەم.
مەزلووم
عەبدی:
لە سەر مژاری بە کار هێنانی چەکی شیمیایی
دیار جوان : لە ناو شەو و ڕۆژێک دا دیسان لە سووچی پووتین و ئەردۆغان یەکتریان دیت .
مەسەلەی ئدلیب چییە؟ داخودا تورک ئەوە
نازانێ کە لە ئدلیبیش ، هەرچۆن لە غووتا تاقمەکانی سەر بە تورک ئەوێیان بە جێ
هێشت، لە دووما ، لە دەوروبەری شامێ ، لە حەلەبێ ، قەدەری ئدلیب یش هەر هەمان شت
بێ. ئایا ئەو مەسەلەیە هەتا باب، عەزاز و جەڕابلوس درێژ دەبێتەوە؟
مەزلووم عەبدی: یانی ئەو بڕیارە درا بوو کە ئۆپێڕاسیۆنی ' ئدلیب
' ئەنجام بدرێ. دەبوو لە ١٦ی مانگی
ڕابردوو دا کرا با و ئەوە لە کۆبوونەوەی تارانیش دا ئەرێ کرا بوو. بەڵام لە دوای
کۆبوونەوەی تاران هێندێک پێشوەچوون هەبوو لە نێوان هەر سێک گارانتۆران ( ڕووسیا،
تورکیا و ئێران) دا. دوو پێشوەچوون هەبوون ؛ کە پێواژۆ بەو شێوەیە گۆڕانی بەسەر
دادێ ، نوختەی یەکەم ئەو کەسانەی کە ناخوازن
' ئدلیب' بەو شێوەیە ڕزگار بکرێ ، و ئەو لایەنە ، واتە لایەنی ڕووسیا و
ڕێژیم و ئەوانیدی بە تەواوی سەرکەون و سەرکەوتنێکی گەورەی عەسکەری بە دەست بێنن .
بەرژەوەندی وان لە دڕێژە کێشانی وەزعی
ئێستای ' ئدلیب ' دایە. ئەوانە بە ئاشکراش گوتیان و بۆ ئەوە بیروڕای گشتی
ئامادە کرا و هەر وەک ئەتۆ گوتت چەکی شیمیاییان کردە سەبەب و هەڕەشەیان کرد
وگوشاریان هێنا یانی بیروڕایەکی گشتی بە دژی ئۆپێڕاسیۆنەکە ساز بوو بۆ ئەوەی بەو
شێوەیە دەست پێ نەکا. دەوڵەتە ئوڕووپاییەکان و ئەمریکاش لە ناو ئەوە دا بوون و
ئەوانە بە شێوازێکی ئاشکرا یانی بۆ ئەوەی ئۆپێڕاسیۆن دەست پێ نەکا گوشاری خۆیان
کرد و تەئسیریشیان هەبوو ، شوێندانەر بوون. بەڵام پێشوەچوونی ئەساسی ئەوە بوو کە
دوای تاران ، ئەردٶغان چووە لای پووتین و لە
سووچی یەکتریان دیت و بە شێوازی فەرمی شتێکی کە بە ئێمە گوتراوە، یانی ئەوەی کە
کەسی پێوەندیدار بە ئێمەیان گوتووە ئەردۆغان بە پووتینی گوتووە ئەمن دۆستی تۆم ،
ئەتۆ منت لە ئێعدام خڵاس کرد ، ڕێژیمی منت نەجات دا ، باسی کودەتای ١٦ی تەمووز و
پێواژۆی دیکە دەکەن و ئەمن دۆستێ نزیکی تۆم و ئەگەر من تێک بچم ئەو دەمی زەرەر لە ئێوەش دەکەوێ و ئەگەر ئەو
ئۆپێڕاسیۆنی ئدلیب بکرێ ئەوە بەو مانایە
دەبێ کە ئەمن تێک دەچم ، چونکە لە ناو تورکیا ش خەسارم پێ دەگا ، لە باری
سیاسیشەوە لە تورکیا دا تێک دەچم.
چونکە ئەردۆغان هەموو هێوای خۆی لە سەر عەفرین و ئدلیب هەڵناوە و دەیەویست ئەو پێواژۆیە بگۆڕدرێ و پووتین یش
بۆ ئەوەی لە بری ئەوە هێندێک شتی نوێ لە تورکیا بستێنێ و تەنازوڵاتی دیکەی پێ بکا قەبووڵی کرد و بەو
شێوەیە پێواژۆیەکە لە جیات ئەوەی بە شەڕ
چارەسەر بکرێ ئێستا شانسێکی دیکەیان داوە بە ئەردۆغان و داوایان لێ لە هێندێک
هەرێمان چەتەیان دەرخەن وەکوو ڕێگای حەڵەب
و حەما ، حەڵەب و لازقییە ، کە لە جەوهەری خۆی دا ئەو شوێنانە جێگای هەرە ستڕاتێژیکین
لە ئدلیب دا. ئەوە ئێستا دەبێتە ٦ ساڵ کە چەتە لەوێ خەتی پاراستنی خۆیان ساز کردووە ، خۆیان لەوێندەرێ بەهێز کردووە و ئێستا دەیانەوێ
ئەوێ بێ چەک بکەن و بە شێوەیەکی کاتی
قەبووڵیان کردووە و وەک ئەوەی کە دەکرێ بڵێین
ویستی ئەردۆغانیان پێک هێنا لە بری
هێندێک تەعویزان و چەند مانگی دیکەش دەرفەتیان داوە بە ئەردۆغان ، بەڵام ،
دیار جوان : یانی چارەسەری دوایی ئەوەیە ؟
مەزلووم عەبدی: نا ، ئەوە ڕێکەوتنێکی کاتی یە ، ڕووسیا بۆخۆشی ئاشکرای
کرد گوتی ئەوە چارەسەرێکی کاتی یە، پێم وایە هەرە دوایی جێگری وەزیری دەرەوەی
ڕووسیا بۆگدانۆف بە ئاشکرایی ڕایگەیاند کە ئەوە ڕێکەوتنێکی کاتی
یە . تاریخیان دیاری کردووە. ئێمە لە سەر ئەو باوەرەین چەتە لەوێ دەرناکەون ،
ئەردۆغان دەیەوێ بیروڕای گشتی هەڵخەڵەتێنێ بەڵام ئەوە نە ڕووسیا و نە ئەوانیدی
قەبووڵی ناکەن.
دیار جوان : بەڵام ئێوە پێشتر باسی هێندێک فاکتۆرتان کرد ، ئەگەر ئەوانە
هەبن، دەکرێ هەڵمەتی ڕزگار کردنی عەفرین خێراتر ببێ ، ئەوە یەکێک لەو فاکتۆرانەیە؟
مەزلووم عەبدی: ئەویش هۆکارێکی ئەساسی یە. یانی بە گشتی و لە ئەساس دا
ئەردۆغان دیتی کە ئەگەر ئۆپێڕاسیۆنێکی
لەشکری بکرێ شەڕێکی گەورە هەڵدائیسێ. یانی چەتەکانیش شەڕ دەکەن و شەڕێکی گەورەتر ساز دەبێ و لە ئاکامی ئەو شەڕەش دا هاوسەنگی ئەو هەرێمە
یانی هەرێمی باکووری ڕۆژئاوای سووریا ،
ئەو هەرێمە، یانی ئەو گۆشەیە ، یانی ئەو گۆشەیەی کە عەفرین و ئدلیب ی تێدایە، لەوێ
هاوسەنگی شەڕ و هاوسەنگی هێزان هەمووی دەگۆڕدرێ ، بە قازانجی یەپەگەش تەواو دەبێ.
دیار جوان: یانی ئەوان چاوەڕوانییەکی ئەوتۆیان هەیە
مەزلووم عەبدی: بۆیە ئەمن لەو باوەڕە دام ئەردۆغان هەرچی تەعویز بوو
دای و هەرچی موساوەمە هەبوو کردی و
هەرچییەکی لێیان داوا کرد قەبووڵی کرد بۆ ئەوەی پێواژۆیەکە هێندێک درێژ کاتەوە.
دیار جوان: چاوەڕوانییەکی ئەوتۆتان هەیە بڵێن بۆ ئەوەی ئێمە
پێواژۆی ئازاد کردنی عەفرین دەست پێ بکەین دەبێ لە ئدلیب شەر هەبێ ؟ یانی ئێوە مەسەلەی عەفرین لە ئدلیب دەبەستنەوە ؟
مەزلووم عەبدی: نا، شتێکی ئاوا نییە. ئێمە هێزێکی عەسکەرین ، کاتێک
دوژمنی ئێمە لاواز ببن ئێمە لە دەرفەتێکی کە دێتە پێشی کەلک وەردەگرین. ئەگەر
ئەمڕۆ لە هەریمێک هاوسەنگی هێزان تێک بچێ ، هەڵبەت هێزێکی لەشکری دەتوانێ لەوە
کەلک بستێنێ . ئێمەش قازانجی لێ دەکەین. بەڵام نا ، ڕزگار کردنی عەفرینێ بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ئامادەکاری هێزی
ئێمە و ئەوە بەستراوەتەوە بە دەمێکی گونجاو و موناسب کە ئێمە بتوانین دەست بەو
پێواژۆیە بکەین .
دیار جوان: کەم کەم ئیدی ڕێکخراوە سیاسییەکان،
کۆمەڵایەتییەکان لەم هەرێمە بە یەکتری پەیوەست دەبن ، مرۆڤ بخوازێ و
نەخوازێ ئیدی پێواژۆی چارەسەری بە ئاوایەک هەم لەم هەرێمەی کە ئێوەی لێن واتە
باکوور، ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەریمی ڕۆژئاوا و هەمیش لە گشت سووریا ، وەزعێکی ئاوا
دێتە گۆڕێ با تەماشای لایەنی عەسکەری وی
بکەین، لە بن سیوانی قەسەدە دا یەپەگە ، یەپەژە ، سانالیز، سووتۆرۆ، و گەڵێک
یەکینەی دیکە هەن ، ئایا ئەوە ئاوا دەمێنێتەوە یان دەکرێ بڵێین ئیدی کاتی هاتووە ،
پێشتر کاری ئێمە پێویستی بە قەوارەیەکی تر بوو، بەڵام ئێستا چارەسەری پەیدا دەبێ ئێمە کەوتووینەتە پێواژۆی دەستپێکردنی چارەسەری
بۆیە پێویستە یەک ئاڵا، یەک هێز هەبێ و بە
پێی تایبەتمەندی هەرێم هێندێک شت بگۆڕدرێن ؟
مەزلووم عەبدی: ئەتۆ مەبەستت دوا ڕۆژی قەسەدەیە ؟
دیار جوان: بەڵێ عەینەن .
مەزلووم عەبدی: ئێمە لە قەسەدە دا بڕیارێکمان داوە لە مەڕ خۆ
سازدانەوە ، کۆبوونەوە دەکەین ، کووبوونەوەی بەربڵاو. هەڵبەتە ئەوانە کاروباری
عەسکەرین و کراوە نین بۆ بیرو ڕای گشتی.
وەک بە عەڕەبی دەڵێن ئیعادەت هەیکەلی ،ç
دیار جوان: لە سەر ڕا دامەزراندنەوە ، دیزاین کردن
مەزلووم عەبدی: پێواژۆی تازە کردنەوە و لە سەر ڕا دامەزراندنەوە دەستی
پێ کردووە . کاتێک قەسەدە دامەزرێندا بارو دۆخ جیاواز بوو، وەزعی هێزەکان جیاواز
بوو و ئێستا جیاوازە. لە دەسپێک دا کاتێک قەسەدە دامەزرێندرا ئیتیلافێک بوو لە
هێزان ، ئەو دەمی بارودۆخ جیاواز بوو،
ئێستا وەزع گۆڕاوە، ئێستا ئەم هەرێمە پێویستی بە هێزێکی ڕەسمی هەیە. ئەو
هێزە پێویستە باڵی سیاسی خۆی هەبێ ، وەزاڕەتی خۆی هەبێ ، ڕێكخستن و سازی لە مەڕ
خۆی هەبێ، هێزێکی گەورەیە . هێزی قەسەدە ئێستا دەگاتە حەفتا هەزار کەس، لە شیست
هەزاری لە مێژە تێپەڕاندووە. ئیدی نابێ وەک پێشوو فەسیلە بین و فەسیلەی پچووک بین و فەسیلەی گەورە بین . بە
سەدان فەسیلەی جودا جودا بین ، گرووپی
جودا جودا بین ، ئەوە مومکین نییە . هیندێک هێز هەن پێویستە تایبەتمەندی خۆیان
بپارێزن . بۆ نموونە ئێستا لە ناو ئێمە دا
' جەیشی سو وار ' هەیە ، ' هێزی ئدلیب ' هەیە ، ئدلیب ئێستا داگیر کراوە ئەوانە دەیانەوێ
بگەڕێنەوە ئدلیبێ یانی بگەڕێنەوە هەرێمی خۆیان.
دیار جوان : تایبەتمەندی خۆیان بپارێزن
مەزلووم عەبدی: هێزێکی مەزنە پێویستە تایبەتمەندی خۆی بپارێزێ .
ئەوەندەی کە بە دۆخی سیاسی بەسترابێتەوە مەجلیسی سیاسی – عەسکەری منبیج هەیە ، ئێمە پێشتر لە سەر ئەوە قسەمان کرد
. ئەوانە تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن
دیار
جوان : و هێزی ژن یش
؟
مەزلووم عەبدی: بەڵێ هێزی ژن . یانی هێزی ژن هێزێکی خۆسەرە ، خۆ موختارە و ئیرادەی خۆی لە
دەستی خۆی دایە. دەبێ خۆسەری خۆی بپارێزێ . بەڵام هێزێکی عەشیرەتیشمان هەیە ،
هێزی ' شەمەری ' یان هەیە
دیار جوان : ئەلسەنادیدە
مەزلووم عەبدی: یانی هێزێکی تایبەتی یە، بەستراوەتەوە بە شێخ حەمید و
هەرێمەکەیان زۆر هەراو نییە و بەرتەنگە ، تایبەتمەندی عەشیرەتییان هەیە ' سەنادید
' ئەویش وەکوو فەوجێک لە ناو هێزی ئێمە لە
دێرک هەبوونی خۆی دەپارێزێ. هێزی سوریانیمان هەیە ، یانی بەشی عەسکەری سوریانی هەن
، ئاشووری هەن ئەوانەش تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن
. یانی هێندێکیان تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن بەڵام تەشکیلاتی عەسکەری گشتی ئیدی بە شێوەی کەتیبان،
فەوجان ، لیوایان لە ژێر فەرماندەیی ساحان
، فەرماندەیی هەرێمان خۆیان تەنزیم دەکەن
، ئیسکلێتی خۆیان تەنزیم دەکەن و ئیدی دەبێتە هێزێکی ڕەسمی. ئێستا قەسەدە بەرەو
بوون بە هێزێکی ڕەسمی دەچێ ، هێزێکی نەتەوەیی یە ، هێزێکی ڕەسمی یە ، خاوەنی ئۆرگانیزاسیۆنە
، حقووقی ناوخۆێی لە مەڕ خۆی هەیە و وەک هێزێکی لەشکری سیستمی فەرمان و ئەمری هەیە
دیار جوان : دانی فەرمان
مەزلووم عەبدی : سیستمی فەرمان دان هەیە ، ئیدی بەرەو هێزێکی فەرمی
دەچێ ، یانی ئەمن دەتوانم ئاوا بڵێم لە
ناو قەسەدە دا هێندێک گرووپ تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن ، بەڵام زۆربەی قەسەدە
یانی سەدی نەوەد لە هێزی گشتی قەسەدە وەکوو هێزێکی لەشکری ، وەک هێزێکی نیزامی و
فەرمی لە سەڕ ڕا خۆی ساز دەداتەوە و ئەو پێواژۆیە ئێستا دەستی پێ کردووە و
هەڵدەسووڕێ.
دیار جوان : دوو دەقیقەمان وەخت ماوە. لە کاتی نائاسایی دا ، لە
کاتی شەڕ ، لە کاتی هێرش نموونەی ئەوە لە زۆر ووڵاتان هەبووە ، هەر کەس بە پێی خۆی
ناوێکی لێ ناوە ، سەفەر بەری ، بەسیجیی گشتی ، سەرهەڵدانی جەماوەری. لێرەش ئەوە
کرا ، لە بەر پێداویستی کۆمەڵ و پێویستی ئەرکی پاراستن و ئەرکی پاراستن بۆ ماوەی
ساڵێک وەکوو حەوجێیەک ئێوە ڕاتان گەیاند.
ئەگەر ئارامی دەست پێ بکا ئەوە ئیدی
نامێنێ وایە ؟ یان بەردەوام دەبێ ؟
مەزلووم عەبدی: هەتا ئێستا پێداویستی هەیە بە ئەرکی پاراستن . هێشتا
حەوجێ پێ نەبوونی تەواو نەبووە ، ئەوە
بەردەوام دەبێ ، بەڵام ئێستا قەسەدە گەورە بووەتەوە ، لە هێندێک جێیان ئێمە
دەمانەوێ ئەوە تەوعی بێ.
دیار جوان: یانی دڵخوازانە بێ
مەزلووم عەبدی: دڵخوازانە بێ ، دیسان ئەرکی پاراستن ڕاپەڕێنێ،
دلخوازانە بێ. ئەمن پێم وایە دەبێ زەخت و زۆر بۆ شێوازی ئەوە پەیوەست بوونە هێندێک
کەم ببێتەوە و ئیدی جێی خۆ بدا بە شێوازی دڵخوازانەی تەڤلێبوون. بەڵام تا ماوەیەکی
دیکەش پێدوایستی بە ئەرکی پاراستن هەیە.
دیار جوان: مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی قەسەدە ئێمە گەلێکتان
سپاس دەکەین لە نێو شەڕ ڕا هاتن لەم
بەرنامەیە دا بەشدار بوون . بەڵام هێشتا پرسیار هەن کە دەمانەوێ بیان پرسین چبکەین
کات هەر ئەوەندە بوو . ئینشائەڵا لە دادێ
دا جارێکی دیکە ئێوە قانیع دەکەین کە هەم لە سەر ئەنجامی ئەم پێواژۆیە و هەم بە گشتی
ئەو تابلۆیەی کە دەردەکەوێ و دێتە مەیدانێ
لە گەڵتان بدوێین . ماڵتان ئاوا بێ بۆ
هاتنتان و گەلێک سپاس.
مەزلووم عەبدی: ئێمەش سپاستان دەکەین بۆ هاتنتان
دیار جوان: زۆر سپاس . بینەرانی هێژا! نزیکەی سەعاتێک و چل و پێنج
دەقیقە لەگەڵ فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزلووم عەبدی دانوستاندنێکمان کرد ، سەبارەت بە چارەنووسی
هەرێم، ئەنجام بەرەو کوێ دەچێ ، ئی هەرە گرینگیش ئێمە لە سەر بابەتی عەفرین قسەمان
کرد . ئەوان بە بڕیارن بە بە بێ ئەوەی هیچ تەعویزێک بدەن ، بێ دانی هێج بەشێک لە
ناوچە و شوێنی ڕزگار کراو، عەفرین ئامانجی سەرەکییانە ، ئەوەی کە پێواژۆی ڕزگار
کردنی عەفرین کەنگێ ڕادەگەیێندرێ ئیدی ئەوە بڕیاری وانە ، بەڵام لە پلانیان دایە
بە پێی گۆڕانی هێندێک بار و دۆخ دەکرێ بە شێوەیەکی خێراتر دەست پێ بکا. بەڵام بۆ
ئەوان عەفرین نەبێ نابێ . بەم شێوەیە
بەرنامەی تایبەتیمان تەواو دەبێ . هەر لە خۆشی دابن . شەوتان باش
بەشی چوارەم وکۆتایی (تاریخی بڵاو کردنەوە ٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)
تێبینێ : ئەو هەڤپەیڤینە ڕۆژنامەنووسی ناسراو دیار جوان لە ٢٨ی مانگی
سێپتامبر دا لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی ' هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی
سووریا ' [ قەسەدە / Syrian Democratic Forces [ ئەنجامی داوە و لە یەکشەمە شەو ٣٠ی سێپتامبری
٢٠١٨ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک لە بەرنامەیەکی تایبەتی یەک سەعات و چلوپێنج
دەقیقەیی دا بڵاو کراوەتەوە. ئێمە لە چوار
بەش دا ڤێرسیۆنی کوردیی سۆرانی ئەو هەڤپەیڤینە گرینگەتان پێشکێش دەکەین.
دابەزاندن و هێنانە سەر کوردیی سۆرانی: حەسەن قازی
١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨
No comments:
Post a Comment