Tuesday, October 2, 2018

هەڤپەیڤینی دیار جوان لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا، بەشی دووەم

 هەڤپەیڤینی دیار جوان لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ مەزلووم عەبدی                                                                          
 فەرماندەی گشتی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا
بەشی دووەم

دیار جوان :  ئایا ڕێژیمی سووریا بێ گوناهە لەو مەسەلەیە دا ؟
مەزلووم عەبدی: دەستی ڕێژیمی سووریاشی تێدایە .، سووریاش نایەوێ لەو هەرێمەی ئێمە دا ئیستیقرار هەبێ، ویستی ئاڵۆزی دروست بێ. ئێمە گەیستینە ڕاستییەک بۆ ئەوەی کە ئێمە ، بۆ ئەوەی هەریمی ئێمە لە ئارامی دا بژی پێویستە هێزی چەتە، تێڕۆریستان، نەبنە جیرانی ئێمە. ئێمە لە کۆڵ خۆیان بکەینەوە و لە خۆمانیان دوور خەینەوە. بۆ ئەو مەبەستە پێویست بوو  ئەو هەرێمانەش ڕزگار بکەین. نوختەی دووەم ڕاستی ئەوە کە ئەوە ئەرکێک بوو لە سەر ئەستۆی ئێمە چونکە لە ناو یەپەگە و یەپەژەش دا جەوانی عەڕەب هەبوون ، ئەوانیش شەڕیان دەکرد ، زۆر لەوان خەڵکی ئەو هەرێمانە بوون، خەڵکی ڕەقا، دێرا زۆر، منبیج بوون . لە لای ئێمە بوون، لەگەڵ ئێمە لە شەڕی کۆبانێ دا بەشدارییان کرد ، لە شەڕی ' سەرێ کانییێ' دا  بەشدارییان کرد. لە زۆر شەڕان دا بەشدارییان کرد جەوانانی عەڕەب. ئەوانیش ویستیان ئێمە ئالیکارییان بکەین بۆ ئەوەی هەرێمی خۆیان ڕزگار بکەن ، بۆ وێنە بڵێم مەجلیسی عەسکەری منبیج هەبوو، هەموو جەوانی منبیجی بوون. شەهید
' ئەبوو لەیلا ' و ئەمجەد و ئەوان لە کۆبانێ بوون ، بە شێوەیەکی چالاکانە لە خۆڕاگری کۆبانێ دا بەشدارییان کرد، دوای ئەوەی ئێمە کۆبانێ مان ڕزگار کرد گوتیان ئێمە دەبێ بچین منبیج یش ڕزگار بکەین، ئالیکاری ئێمە بکەن.
 دیار جوان: یانی بانگەوازی لە لای ئەوانەوە دەستی پێ کرد؟
مەزلووم عەبدی: بەڵێ لە لای ئەوانەوە دەستی پێ کرد، ئێمەش قەبووڵمان کرد، یانی ئەوە مەسەلەیەکی نەتەوەیی سووریایە، مەسەلەیەکی ئینسانی یە، مەسەلەیەکی هاوڕێیەتیشە. چونکە ئەوان هەواڵی ئێمە بوون و هەرێمەکانیان بندەست بوون ، و هەر وەها لە پێناو ئارامی هەرێمی ئێمەش ، هەرێمی ڕۆژئاواش شتێکی وا پێویست بوو. لەبەر ئەوە ئێمە ئەوەمان خستە خشتەی بەرنامەی خۆمان کە ئەو ناوچانە لە چەتان پاک بکەینەوە. بەڵام ئەو هەرێمانە زۆربەیان عەڕەبن . جەوانی عەڕەبن ، گەلێک هێزی دیکەش دەیانەویست لەو پێواژۆی ڕزگار کردنە دا بەشدار بن ، گەلێک فەسیلە [ تاقمی چەکدار] هەبوون کە پێشتر دامەزرابوون و هەواڵی ئێمە نەبوون. لە پێش ئێمە دا دامەزرا بوون، پێشتر لە ناو جەیشی حوڕ دا بوون ، ئەوانیش هاتبوون دەیانگوت دەمانەوێ لەگەڵ ئێوە ڕێک کەوین. یەپەگە و یەپەژە نەبوون ، جوێ بوون.
دیار جوان: وەک سووار ڕەقا
مەزلووم عەبدی: بەڵێ، سووار ڕەقاشیان دە ناو  دابوو. مەجلیسی عەسکەری مەنبیجێ هەبوو، جەوانانی دێرا زۆر هەبوون .
دیار جوان: پێم وایە جەبهەتولئەکرادیشیان دە ناو دا بوو.
مەزلووم عەبدی: جەبهەتولئەکراد هەبوو ، کەتایب شەمسوشیمال هەبوو . نزیکەی ١٨ فەسیلەی دیکە هەبوون. لە جزیرێ گەلێک فەسیلەی عەڕەبان هەبوون. هەواڵە شەمەری یەکانمان هەبوون.
دیار جوان: سەنادید
مەزلووم عەبدی: ئی سەنادید هەبوون ، گەلێک بوون. هێزێکی زۆر بوون. ئەوە ڕێکخستنیان بە ناوی یەپەگە و یەپەژە نە گونجاو بوو.
دیار جوان: شتی سەرنجڕاکێش بەڕێز مەزلووم عەبدی ، ئەگەر ئێمە نەگەڕێینەوە دواوە. حەساسییەتی هەرە زۆر لە نێوان پێکهاتەی عەڕەب و کورد لەو هەرێمە دا ، ئیمە دەزانین ئەوەی کە فیتلەی ئاور ، ئی بوویەران، هێرشی ساڵی ٢٠٠٤ ی  لە هەرێم دا هەلئایساند ڕەگەز پەرستی دەور و بەری دێرا زۆرێ و مەیادین و ئەبوو کەماڵ بوون. ئەو ناکۆکی چۆن  بوو، ئێمە ناوی ڕاستییەکەی بڵێین ئەو دوژمنایەتییە چۆن بوو کە ئێوە لە بیرتان کرد و لە نێوان دا نەتانهێشت . ئەوە بڕێک سەیرە . بۆ وێنە کورد و عەلەوی دەتوانن لەگەڵ یەکتری بسازێن.  کورد و عەڕەبی تارتووس ، ئی لازقییە ، هێندێک ئی حەڵەبێ یا ئی حومسێ بەڵێ ئەوانە دەتوانن ، بەڵام  بۆ خەڵک زۆر زەحمەت بوو کە کوردی دێرا زۆر. ئەبوو کەماڵ و مەیادین لەگەڵ ئەوان پێک بێن. ئێوە چتان کرد بۆ نەهێشتنی ئەو گێرە و کێشانە؟
مەزلووم عەبدی: ئەمنیش دەمەویست ئەوە بڵێم. یانی با بڵێین شتی هەرە پیرۆز و ئی هەرە گەورە کە قسەدە، هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا تێیدا سەرکەوت ئەوە بوو. برایەتی گەلانی دامەزراند، برایەتی گەلانی لە سەرەتاوە بە ڕێگای برایەتی چەکان دەست پێ کرد. برایەتی خوێنی دروست کرد. بەڕاستیش بەر لەوەی ئێمە قەسەدە دامەزرێنین لە ناو ڕیزی یەپەگە دا ، تەنانەت لە ناو ڕیزی  پەپەژە یانی هەواڵانی ژنیش دا  عەڕەب هەبوون . یانی خوێنی کوردان و عەڕەبان بوو بەیەک. لە پێناو پاراستنی هەرێمی کوردان دا گەلێک هەواڵی عەڕەبی ئێمە شەهید بوون. ئەو هەرێمانەی عەڕەبان کە یەپەگە ڕزگاری کردن یانی ئەوانەی یەپەگە بە خوێن ڕزگار کرد ، بەڵام ئەو هەرێمانەیان ڕادەستی ئەو هاوڕێیانە کرد و ڕێگایان دا ئەوان ئەو هەرێمانە بەڕێوە بەرن. یانی لە پڕاتیکی یەپەگە و یەپەژە دا ، خەڵکی مەنتەقە دیتیان کە یەپەگە و یەپەژە کە وەک ئی کوردان دەناسرێن  دیتیان کە ئەو ڕێکخستنانە ئازادی وانیان دەوێ ، دێمۆکڕاسییان دەوێ ، باشی ئەوانیان دەوێ ، دەیانەوێ ئەوان لە چنگ تێرۆریستان ڕزگار بکەن و ئەوان بەڕێوە ببەن و ئەوانەیان بە چاوی خۆیان دی. و هەستیان پێ کرد شتێکی کە ئێمە دەیڵێین ڕاستە. ئێمە خاوەنی قسەی خۆمانین.
دیار جوان: ئێوە باسی برایەتی خوێنیتان  کرد ، یانی ئێوە باسی شەهیدان دەکەن. سەرۆکی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆناڵد تڕامپ سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە کۆنفڕانسێکی چاپەمەنی دا باسی کوردەکانی سووریا، کوردەکانی ڕۆژئاوای کرد ، گوتی ئەوان گەلێکی قارەمانن، و لە پێناو ئێمە دا بە دەیان هەزار قوربانییان داوە. ژیانی خۆیان لە دەست داوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە بەر دەست ئێوە دان وەک فەرماندەی گشتی قەسەدە ئەگەر ئێمە شەڕی ' سەری کانێیێ' بە شەڕی بە کردەوە دابنێین لە ٢٠١٣وە هەتا ئەمڕۆ هەژماری قوربانیان چەند بووە لە ژێرە فەرماندەیی ئێوە دا بۆ پاراستنی ئەم خاکە  چەند کەس ژیانی خۆیان لە دەست داوە؟
مەزلووم عەبدی: بەر لە هەموو شتێک دەمەوێ ئەوە بڵێم ئەو  هەواڵانەی ئێمە کە شەهید بوون هەر کامێکیان وەک کێوێک بوون و لە پێناو گەلی ئێمە دا شەهید بوون و بۆ پاراستنی شارەکانی ئێمە شەهید بوون ، بۆ ڕزگار کردنی ئەو خاکە شەهید بوون. هەڵبەت کاتێک شانیان وەبەر جێ بەجێ کردنی ئەرکیان خۆیان دا ، لە سەر نرخی ئینسانییەتیشیان  کردەوە ، لە پێناو ئینسانییەت دا شەڕیان کرد ، بۆ بەرژەوەندی هیچکەس ئەوەیان نەکرد، لە پێناو بەرژەوەندی ئینسانییەت شەڕێکی گەورە کرا و ئێمە بەوە سەربەرزین . ئێمە بەوە سەربەرزین کە ئینسانییەتمان لەو بەڵای تێڕۆرە ڕزگار کرد. بە ڕاستی شەڕێکی گەورە کرا بە تایبەتی لە دژی داعش . پێش لەوانیش شەر بە دژی چەتەکانی سەر بە ترکان کرا، شەڕی زۆر گەورە بوون،بەدەڵی ئەو شەڕانە زۆر قورس بوو . شەهیدی یەکەمی گەورە ئێمە فەرماندە و ڕێکخەری یەکینەکانی پاراستنی گەل هەڤاڵ ' خەبات دێرک ' بوو، ئەو شەهیدی گەورەی ئێمە بوو لەوێوە دەستی پێ کرد ، هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ ئێمە زۆر شەهیدمان داوە ، لە ڕیزەکانی یەپەگە و یەپەژە دا زۆر  کەس شەهید بوون ، لە ناو ڕیزەکانی قەسەدە دا.
دیار جوان: وەک هەژمار چەند کەس
مەزلووم عەبدی: یانی ئێمە دەتوانین بڵێین ...
دیار جوان : لە بەر ئەوەی شەڕ بەردەوامە ، لەوانەیە ئێستاش کە ئێمە قسە دەکەین شەڕڤانی ئێوە ، لەو هەژمارە لەو لیستەیە ...
مەزلووم عەبدی: دیارە ئێمە ڕەقەمێکی دەقیق ناتوانین بڵێین بەڵام شەهیدی ئێمە نزیکەی ٨٠٠٠ کەسن. هەشت هەزار هەواڵی شەهیدمان هەیە ، نیوەی ئەوانە هەواڵانی عەرەبی ئێمەن، تەنانەت لە نیوەش زیاترن و کاتێک من باسی برایەتی گەلانم کرد ...
دیار جوان: لە خۆڕاگری کۆبانێ دا شەهیدی باکوور ، ڕۆژهەڵات و باشووریش هەبوون.
مەزلووم عەبدی: ئەوانیش . کاتێک من کوتم برایەتی ئێمە و عەڕەبان بە خوێن ساز بووە ، ئەمن مەبەستم ئەوە بوو. نزیکەی ٨٠٠٠ هەواڵی ئێمە شەهید بوون ، ئەوانە نیوەیان هەواڵی عەڕەب بوون، نیوەیان کورد بوون . یانی گەنجی عەرەب و گەنجی کورد لە جەبهەیەک دا بەیەکەوە شەهید بوون ، ئەوە بنگەی زۆرشتان دادەنێ، بناغەی برایەتییەکی ستڕاتێژیک ، دواڕۆژێکی ستڕاتێژیک  ساز دەکا. هەڵبەت نە تەنێ عەڕەب، هەواڵی سوریانی ئێمەش شەهید بوون ، پێکهاتەی سووریا، تورکومان شەهید بوون،  چەرکەز هەژماری ئەوان کەم بووە بەڵام لە ناو ئەوانیش دا شەهیدمان هەیە. لە دەرەوە هەواڵ هاتن.
دیار جوان: ئی هەرە گرینگ
مەزلووم عەبدی: ئەمریکایی لە نێو ئێمە دا شەهید بوون، فەڕانسەیی ، بریتانیایی،
دیار جوان: کانادایی
مەزلووم عەبدی: خەڵکی زۆر جێگایان، هەواڵە ئەنترناسیۆنالێستەکانمان ، هەواڵی تورک شەهید بوون، مرۆڤ هەموویانی وەبیر نایەتەوە باس بکا. بەڵام گەلێک شەهادەت ڕووی دا . ئێمە دەتوانین بڵێین ئەفسانەیەکی زۆر گەورە لە باکووری سووریا و لە ڕۆژئاوا تەجروبە کرا. ئەفسانەیەکی ئینسانی، هەموو کەسی تێدا بوو.
دیار جوان: ئێوە وەک فەرماندەی گشتی قەسەدە ئەوە بە بناغەی دەسکەوت دادەنێن . ‌هێندێک لایەنیش دەڵێن، ئەوە نابینن ، دەڵێن قەسەدە و هاوکاری ئەوان ئیتیلافی ناونەتەوەیی یان ئەمریکا با ئێمە ناوی بێنین، ئەو هاوکارییە لە ئەسڵ دا لەگەڵ ئەمریکایە . کێهە لایەن دنەی ئێوە دەدا بەرەوپیش، ‌هێزتان دەداتێ بەردەوام بن ، ئەو برایەتی و یەکگرتنە بەهێز بکەن ؟ کێهەیانە گەلۆ یەکگرتوویی پێکهاتەکانە یان هاوکاری ئێوە لەگەڵ ئیتیلاف. ئێمە هێندێکیش باسی حقووقی نێوان ئێوە و ئیتیلافیش بکەین. باسی ئەمریکا بکەین، فەڕانسەش لە ناو دایە، هێندێک ووڵاتی دیکەش لە ناو ئیتیلاف دان. ئێوە پشتی خۆتان زیاتر بە چ دەبەستن؟
مەزلووم عەبدی:  با بڵێم هاوکاری ئێمە و خەڵکی مەنتەقە،ئێمە بە ئەزموونی قەسەدە ڕا دەزانین ، چونکە ئێمە لە سەنگەرێک داین ، لە مەتەرێزێک داین ، ڕێبازی ئێمە یەکە ، قەدەری ئێمە یەکە. بۆ وێنە بڵێم ئەو هەرێمانەی کە ئێمە ڕزگارمان کردوون ، چ ڕەقا بێ ، چ  دێرا زۆر، ئەوانە هەر لە دەسپێکەوە ، بەر لە کوردان لە دژی ڕێژیم هەستان. دژی حکوومەتی سووریا هەستان ، هەرێمی خۆیان ڕزگار کرد. یەکەم ئوستانی کە لە سووریا دا ڕزگار بوو و بڵێین حوکمی بەعسیان قەبووڵ نەکرد خەڵکی  ڕەقا بوون. ئەوان شاری خۆیان ڕزگار کرد و دوایە نەیانتوانی خۆیان بپارێزن و کەوتنە بن دەستی  ئەلقاعیدە و تێڕۆریستان و  داعش و هەموو شێوازی زوڵمیان لە چنگ وان چێشت، ئێمە چووین ئالیکاریمان کردن ئەوانمان ڕزگار کرد و ئەمڕۆش لە سەر بناوانی فەلسەفەی برایەتی گەلان ، نەتەوەی دێمۆکڕاتیک ، بەڕێوەبەریی هاوبەش . ئێستا ئەوان خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەن.
دیار جوان: کاتێک کە ئێوە دەچنە ناو ئەو گوندانە بیر ناکەنەوە لەوەی کە چەکتان دە شان دایە و بە تانک و تۆپان دەچنە ناو ، پێتان وا نییە ئەو پێشوازی کردنەی گەل ، رووی بە پێکەنینی ئەوان لە ترسی چەک بێ؟ یان پێتان وایە ئەوان قەناعەتیان هێناوە کە ئێوە هێزی ڕزگاریدەری ئەوانن؟
مەزلووم عەبدی: چووبینە ناو هەر گوندێک یان شارێک پێشتر پێوەندیمان لەگەڵیان هەبووە ،دان و ستاندنمان لەگەڵیان هەبووە، ئەوان چاوەڕوانی [ هاتنی ] ئێمە بوون. تەنانەت ئالیکاری ئێمەیان کردووە، هاوکاری ئێمەیان کردووە بۆ ئەوەی مەنتەقەی خۆیان ڕزگار بکەن . یانی شتێکی وا نییە کە هەر ئاوا ئێمە چووبێتین و بزانین چ هەیە چ نییە، ئەوەمان نەکردووە. مەسەلەیەکی بە پلان بووە ، لە پێشدا کارمان بۆ کردووە، ئینسانی ئێمە لەوێ بوون ، داوای یارمەتییان لە ئێمە کردووە بۆ ئەوەی مەنتەقەکەیان ڕزگار بکەین و کاتێکی ئێمە چووینە ناو، لەگەڵ خەڵک شانبەشانی یەک شەڕمان کردووە ، جا لەبەر ئەوە ئێمە وەک ئەڕتەشێک، وەک هێزێک لەگەڵیان بووین. یانی شتێکی کە ئێمە لە سەر پێ ڕادەگرێ ئەوەیە. پیوانەکانمانە سەبارەت بە عەداڵەت، پیوانەکانمانە سەبارەت بە دێمۆکڕاسی ، پێوانەکانمانە سەبارەت بە ئازادی . خەڵک ئەوەیان دیتووە، خەڵک ئەوەیان دیتووە، بۆ وێنە هەبوونی هەواڵی ژن، هەبوونی یەپەژە لە ناو ' هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ' دا، بە سەری خۆی باوەڕییەکی گەورەی داوە بەو خەڵکە . دیتیان کە ژنی کورد نازانم لە کوێ ڕا هاتوون دێن وان ڕزگار دەکەن ، ئەو هێزەی کە دەوڵەت لە بەریان هەڵ دێ ، هێزی داعش لە بەریان هەڵدێ و دژی ئەوان شەڕ دەکەن، بە ئازایەتییەوە شەڕ دەکەن و دوایە دێن پشتیان دەگرن و دەیان پارێزن ، ژنی وان دەپارێزن، بنەماڵەی وان دەپارێزن . ئەوە شتێکی کەم نییە. باوەڕییەکی گەورەی لە ناو ئەو خەڵکە دا ساز کرد و هەڵبەت هەبوونی ئیتیلاف و هێزی دیکە تەئسیری خۆی هەیە. ئینسان ناتوانێ نکووڵی لەوە بکا. ئەوەش لە لایەکی دیکەوە باوەڕی لە خەڵک دا پێک دێنێ. با بڵێین ئەوان لە تەنیشت ئێمە هێزی ئیتیلاف دەبینن ئەوەش باوەڕییەک ساز دەکا.
دیار جوان : کە وابوو،
مەزلووم عەبدی: بەڵام هێزی ئەساسی ئەو کارەیە کە ئێمە بۆ ئەوانمان کردووە.
دیار جوان: کە وابوو، شتێکی ئاوا لە دڵی ئێوە دا هەیە ، پرسێک هەیە، سبەینێ هەموو شت تەواو بوو، ئەو ئیتیلاف لێرە چوو ، دیسان ئاڵۆزیی و شپرزەیی و شەڕ لە گۆڕێ دابێ؟ ئێوە حیسابی خۆتان ئاوا دەکەن یان نا؟
مەزلووم عەبدی: ئێمە ئاوا حیساب دەکەین، یانی خەتەرێکی ئاوا هەیە، مەترسییەکی ئاوا هەیە. ئێمە ناتوانین بڵێین هەر شت گوڵ و گوڵستان دەبێ . نەک لە بەر ئەوەی کە ئێمە لە خەڵکی مەنتەقە دەترسین . پێوەندی ئێمە لەگەڵ خەڵکی مەنتەقە خۆشە. ئێمە بە یەکەوەین و خەڵکی مەنتەقە نایانەوێ ئێمە لە مەنتەقە دەرکەوین ، یانی ئێمە چووبیتنە هەر مەنتەقەیەک ، ناخوازن ئێمە دەرکەوین ، تەنانەت دەیانەوێ شەڕڤانی کورد لەوێ بمێننەوە. ئێوە دەزانن ئێمە دەچین هەر هەرێمێک ڕزگار دەکەین شەڕڤانی کوردیشیان تێدایە . جاری وایە ئەرکی وان تەواو دەبێ لەوێ دەردەکەون . خەڵکی مەنتەقە  نایانەوێ  شەڕڤانی کورد لەوێ دەرکەون لەبەر ئەوەی جێگای باوەڕییانن ، باوەرییان دەدەنێ. لە منبیجێ وا بوو، لە تەبقا ئاوا بوو، تەنانەت کاتێک ئێمە چووینە ناو جەرابلوس و گەڕاینەوە دیسان خەڵکی جەرابلوس گوتیان لێرە مەڕۆن ئێمە ناخوازین کەسی دیکە بێنە ئەو ناوە. ئەوان جێی باوەڕین ، با بڵێێن هەبوونی کوردان جێی باوەڕییە . ئێمە لەوان ناترسین، لەخەڵکی مەنتەقە ناترسین ، ئێمە لە یەکتری تێ دەگەین و لەجێدا ئەوان خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەن . دەوڵەتی ترک هەرچی لە دەستی دێ دەیکا بۆ ئەوەی فیتنە و فەسادی ساز بکا بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بە دژی ئێمە هان بدا ، بۆ ئەوەی فیتنە و فەسادی لە نێوان کورد و عەڕەبان دا ساز بکا، لە جێدا بۆ خۆشیان ئەوە دەڵێن و ددانی پێدا دەهێنن. بۆ وێنە ئەردۆغان چی گوت؟ گوتی ٧٠٠٠ کورد دەچنە ناو ڕەقا و ڕەقا داگیر دەکەن و دوایە شەڕی کورد و عەڕەبان ساز دەبێ. بەڵام ئەو شەڕە ساز نەبوو . ئێستا لەوێندەڕی هێزی کورد هێندە نەماون ،  هەموو هێزی عەڕەب لەوێن و هیچ نییە و هەمووشت دەکرێ بڵێین هەڵدەسووڕێ بەڵام،
دیار جوان: ئەمن دەمەوێ هێندێکی ئەوە پێناسە بکەن.
مەزلووم عەبدی: بەڵام دەتوانین ئەوە بڵێین بۆ وێنە هەتا ئێستا ئێمە پیلان و دەک و دۆڵابی ترکانمان پووچەڵ کردووەتەوە بۆ ئەوەی فیتنە لە ناو عەڕەبان ساز بکەن ، بەڵام هەتا دەچێ حەولدانی وان زیاتر دەبێ ، زیاتر پارە بڵاو دەکەنەوە، زیاتر پیلان و دەک و دۆڵاب پێش دەخەن. لە هەمان کاتدا ، رێژیمی سووریاش هەمان کار دەکا ، دەیەوێ عەڕەبان بە گژ بەڕێوەبەری خۆسەر دا کا، بە گژ قەسەدە دا کا. ئەویش دەیەوەێ ئاڵۆزیی و شپرزەییەک دروست بکا ، حەولدانیان هەیە بۆ ئەوەی ئالۆزی ساز کەن ، بەڵام لە هەمبەر ئەوە دا ئێمەش هەنگاو هەڵدێنینەوە و ئامادە کاری دەکەین و نایەڵێن شتێکی ئاوا بێتە گۆڕێ.
دیار جوان: بەڵێ، ئێمە باسی ئیتیلافمان کرد، ئێمە باسی هاوکاری ئێوەمان کرد لەگەڵ وان، پێش ئەوە، ئێوەش گوتتان ئێمە دەچین ناوچەیەک ڕزگار دەکەین ، بە دوای ئەوەدا خەڵکی ئەوێ نایانەوێ ئێمە لەوێ دەرکەوین . باشە ئێوە دڵخوازنە لەو جۆرە شوێنانە دەچنە دەرێ ، یانی ئێوە زویر نابن کە ئێوە دەچنە ڕەقا، ئێمە لە نموونەی منبیج دا دیتمان، ئێوە چوونە وێندەرێ بە سەدان شەهیدتان دا ، دوای ئەوە ئێوە لەگەڵ چاپەمەنی کۆ بوونەوە و ڕاتان گەیاند ئێمە ئێرە ڕادەستی وان دەکەین. باشە ئێوە جار جار لە ناو خۆتان دا موناقەشە دەکەن لە مەڕ ئەوەی کە ئەوانەی زەحمەتەکەیان کێشاوە ئێوەن، ئەوەی شەهیدیان داوە ئێوەن ، کە وابێ ئەو شوێنە ئی ئێمەیە. ئایا موناقەشەیەکی ئاوا لە ناو  ئێوە دا پەیدا دەبێ؟ یان  ئەوەی کە دەردێکی ئاواتان هەیە  کە هەتا هەتایە دەسەڵاتداریی ئەوێ دوای ڕزگار بوونیش و مەجلیسی مەدەنی ئی ئێوە بن ؟

مەزلووم عەبدی:یانی ئەمن دەتوانم ئەوە بڵێم  هەر هەنگاوێکی کە ئێمە هەڵی دەهێنینەوە لە ڕووی پلان و نەخشەیە. هەتا ئێستا ئێمە هیچ هەنگاوێکی بێ پلانمان نەهاویشتووە. ئێمە لە ژێر زەخت و گوشاریش دا هیج کارێکمان نەکردووە . بۆ وێنە با باسی نموونەی منبیج بکەم. منبیج هەرێمێکە لە لای ڕۆژئاوای فوراتە ، ڕۆژئاوای فورات . دەوڵەتی ترک بەر لەوەی ئێمە بچینە ناو منبیج هەمیشە لە سەر [ شاشان ] دەردەکەوتن و دەیانگوت فورات هێڵی سوورە و ئێمە ناهێڵین کەس بەرەو ڕۆژئاوای چۆمی فورات بپەڕێتەوە. و لە سەر ئەو مەسەلەیە جیدی بوون. با بڵێین هەموو حەوڵدانی دیپڵۆماسی خۆیان لە پێناو ئەوە دا هەڵسووڕاند . بەڵام مەجلیسی عەسکەری منبیج داوای ئالیکاری لە ئێمە کرد ، داوخوازی یارمەتی کرد لە یەپەگە و گوتی ئێمە لە کۆبانی و جێگای دیکە یارمەتی ئێوەمان دا ئێوەش وەرن ئالیکاریمان بکەن ئەو هەرێمە ڕزگار بکەین، هەرێمی خۆمان ڕزگار بکەین. ئێمەش قەبووڵمان کرد کە بچین ئالیکاری مەجلیسی عەسکەری منبیج بکەین بۆ  ئەوەی هەرێمەکەیان ڕزگار بکەین. لەوێ کوردیش هەن، سەدی بیست تەنانەت لە سەدا سی خەڵکی منبیجێ کوردن ، ئەوانیش لە جێی خۆیان کۆچبەر ببوون هەموویان هاتبوونە کۆبانێ ، ئەوانیش دەبوو بگەڕێنەوە و بچنەوە شاری خۆیان. ئێمە لە پێناو کوردانیش دا چووینە ئەوێ هەر نەک لە بەر خەڵکی مەنتەقەکە. لە هەمان کاتدا ڕێی عەفرینیش بوو بۆ ئەوەی مرۆڤ بگاتە عەفرینێ  بۆ ئەوەی ئێمە یارمەتی عەفرینیشمان دابا. و داوخوازی مەجلیسی عەسکەری منبیج و ئێمە وەک یەک وا بوو  و ئێمە بڕیارمان دا کە بچینە وێندەرێ.
دیار جوان: ئەگەر هەڵە نەبم  ئەو دەمی لە پێواژۆی ' ئینجرلک ' دا هێندێک دان و ستاندنیش کرا بوو ؟
مەزلووم عەبدی: بەڵێ لەو بارەیەوە کاردانەوەی دەوڵەتی ترک هەبوو ، نەک هەر ئی دەوڵەتی ترک ، بەڵکوو ئی لایەنی دیکەش کە لەگەڵیانن. لە ناو ئیتیلافیش دا زۆر لایەن لەگەڵ ئەوانن. دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆیە. بە ئێمە گوترا  ئێوە دەتوانن بچن ئالیکاری مەجلیسی عەسکەری منبیج بکەن و لە ڕزگاری ئەوێ دا بەشداری بکەن بەڵام نابێ بڵێن  وەکوو هێزی عەسکەری تەنێ یەپەگە لە منبیجێ بێ. بەڵام لە جێدا شتێکی ئەوتۆ لە بەرنامەی ئێمە دا نەبوو و نییە . یانی بەرنامەی ئێمە ئەوە نییە کە یەپەگە و کورد بچنە هەر جێیەک لەوێ بمێننەوە و خۆ دامەزرێنن . نا ئێمەش گوتمان ئێمە لە جێدا بەرنامەیەکی ئەو شێوەیەمان نییە بۆ ئەوەی شتێکی ئاوا بکەین.  مەجلیسی عەسکەری منبیج هەیە ، بەشی کاری خۆی دەکا، لە ناو ئەواندا کوردیش هەن . کوردی منبیجیش هەن و فەرماندەکانی ئەوان هەموویان کوردن، کوردیی منبیجن ، ئی مەجلیسی عەسکەری منبیج ، شەڕکەرن و خەڵکی منبیجن وەکو شەهید ئەبوو لەیلا، و هەواڵەکانی . ئێمە گوتمان ئێمە ئالیکاری ئەوان دەکەین. ترکان ئەو دەمی ئەوەیان قەبووڵ نەکرد، گوتیان ئەوە وا نییە ، ڕاست نییە . ڕاستیش ئەوەیە مەسەلەی ئێمە مەسەلەی دیپڵۆماسی نییە ، هیچ حەوجێمان نییە کە بچین بە هەزاران لە هەواڵانی خۆمان لە منبیج دا بهێڵینەوە. یانی حەوجێی ئێمە بەو هەواڵانە هەیە بۆ ئەوەی جێی دیکە ڕزگار بکەن و مەنتەقەی خۆیان بپارێزن. پلانێکی ئاوای ئێمە نییە بە هەزاران کورد بچن لە منبیج دا ماڵ دانێن و لەوێ بمێننەوە. لە جێدا ئێمە خەڵکی وی پەروەردە دەکەین و ئامادەیان دەکەین ، هەر لە فەلسەفە و لە پارادایمی ئێمە دا  هەیە و لە ڕێبازی خۆ پاراستنی ئێمە دا هەیە و ئێمە بەو ڕێبازە دا دەڕۆین. لەبەر ئەوە کاتێک [ ترکەکان] قەبووڵیان نەکرد، کۆبوونەوەیەک ساز کرا  لە  'ئینجرلک ' ، ئەوە پێشنیاری ئێمە بوو گوتمان با لەوێ بکرێ ، لە جێیەک لە دەرەوەی تەئسیری ترکان بێ، لەوێ کۆبوونەوەیەک کرا، لەو  کۆبوونەوەیە دا هەواڵانی ئێمە لە مەجلیسی عەسکەری منبیجێ چوونە  ئەوێ و بەشدارییان تێدا کرد و لەوێ ڕایانگەیاند لە جێدا ئێمە داوی ئالیکاریمان کردووە لە یەپەگە . یەپەگە بۆخۆشی لەوێ نامێنێ، ئێمەش داوای لێ بکەین  لەوێ نامێنێ. یەپەگە دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی ، کوردن دەگەڕێنەوە هەرێمی خۆیان و ئێمە ئاوامان قەبووڵ کرد و لە ڕاستیشدا لە سەر بنەمای ئەو ڕێکەوتنەی کە لە ' ئینجرلک '  کرا بوو  ئەوە بە پێی بۆچوونی ئێمەش بوو.
دیار جوان: یانی لەوێ ڕێکەوتنێک کرا ؟
مەزلووم عەبدی: ڕێکەوتن کرا، ترکیشی تێدا بوو، نوێنەری ترکانیشی تێدا بوو ، نوێنەرانی ئیتیلافیشی تیدا بوو ، نوێەرانی مەجلیسی عەسکەری منبیج یش لەوێ ئامادە بوون و لە ئاستی هەرە بەرز وەک فەرماندەیی قەسەدە و فەرماندەیی ئەڕتەشی ئەمریکا ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ کردن لە کۆبانێ واتە لە گەڵ بڕیارگەی ناوەندیی ئەمریکا و لە سەر ناوی قەسەدە من و هەواڵەکانم کۆبوونەوەمان کرد و لەوێشدا ڕامان گەیاند لە جێدا ئێمە دەچین و منبیج ڕزگار دەکەین . بەڵام ئێوە بشڵێن ئێمە لە منبیج نامێنینەوە . هەواڵەکانمان، ڕاوێژکارانی ئێمە لەوێ بمێننەوە و هێندێک لە هەواڵی ئێمە ئەوان پەروەردە بکەن ، حازریان بکەن ، بیانکەن بە هێزێکی عەسکەری بەهێز،
دیار جوان : هێزێکی ئامادە
مەزلووم عەبدی: ئەگەر هەر کاتێک حەوجێی ئەوان هەبێ ئێمە دیسان دەچینە وێندەرێ. جارێکی دیکە دەچین بیانپارێزین. وەکوو دیکە چ حەوجێ نییە ئێمە لەوێ بین. و لە ڕاستیشدا ئاوا ڕووی دا. یانی ئاوا بوو ئێمە چووینە وێندەرێ . ئەوێمان ڕزگار کرد ، شەش هەزار هەواڵی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە پەڕینەوە بەرەو ڕۆژئاوای فورات، منبیج یان ڕزگار کرد و دوای دوو مانگان هەموویان گەڕانەوە.
دیار جوان : بە ڕێو ڕەسمی فەرمی
مەزلووم عەبدی: مادام ئەو مەسەلەیمان کردەوە، ئەوەش بڵێم ئەمڕۆ ، دەمەوێ هێندێک شت بڵێم بۆ ئەوەی گەلی ئێمە پێی خۆشە لێی بزانێ. لەو دواییانە دا ڕێکەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و ترکان دا کرا و ئەوە بۆ زانیاری بیروڕای گشتیش ڕاگەیێندرا، ئەمن دەمەوێ ئەوە بڵێم لەو ڕێکەوتنەی دا کە کراوە ئێمەشی تێداین ، ئێمەش لایەنێکی ئەو ڕێکەوتنەین . هەر مادەیەکی کە لەو ڕێکەوتنە دا هەیە بە ئێمە گوتراوە و ئێمەش قەبووڵمان کردووە .
دیار جوان: یانی بە پێی پەسند کردنی ئێوە کراوە
مەزلووم عەبدی: بە پێی ئەرێ کردنی ئێمە کراوە و شتێکی کە پەسند نەکرابێ لە لایەن ئێمەوە تێیدا نییە. و ئێمە شەرتێکمان داناوە، بڕیارێکی کە ئێمە ڤێتۆی بکەین جێ بە جێ ناکرێ. یانێ شتێکی کە ئێمە سەبارەت بە منبیج ڤێتۆی بکەین.
دیار جوان: ئێوە دەتوانن بڕیارێک بلۆکە بکەن؟
مەزلووم عەبدی: ئێمە دەتوانین بلۆکەی بکەین و پیشی بگرین. شتێکی کە ئێمە ڤێتۆی بکەین و بڵێین قەبووڵی ناکەین ئەوە جێ بە جێ ناکرێ. ئەوە شەرتی ئێمەیە لەگەڵ لایەنەکان. ئێمە لە سەر ئەو بنەمایە قەبووڵمان کردووە. ڕێکەوتنێک کراوە کە بریتییە لە سێ قۆناغ . ئێستا ئەوە هەڵدەسووڕێ .
دیار جوان: دەکرێ هێندێک ناوەرۆکی [ ئەو ڕێکەوتنە] شی بکەینەوە. ڕەنگە [گوتنی] هێندێک شت پێویست نەبێ، بەڵام هێندێک شتی ئەسڵی، بۆ وێنە ئێوە پێی دەڵێن سنووری ' ئاوی ساجر' ئێوە. ئێمە دەمانەوێ لە سەر ناوەرۆکی بدوێن ئەگەر دەکرێ.
مەزلووم عەبدی: یانی وەکوو بە ئاگاداری بیروڕای گشتی  گەیشتووە ، ئەگەر لەو چوارچێوەیە دا باسی بکەین. یانی ڕێکەوتنێک لە سەر بنەمای سێ قۆناغ کراوە. مەرحەلەی یەکەم ئەوەیە دەڵێن بڵا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و پەیەدە ؛ هێزی سیاسی بە پەیەدە دادەنێن. پەیەدە، لە منبیج دەرکەون. لە مەرحەلەی دووەم دا هێزی عەسکەری ئەمریکایی و تورکی ئێمە چی پێ بڵێین  ئەمنییەتی هەرێمەکە بپارێزن و قۆناخی سێهەمیش ئەوەیە کە بەڕێوەبەرییەک کە هەموو لایەنەکان قەبووڵی بکەن بۆ منبیج  ساز بێ لە خەڵکی منبیج . ئەوە لە هەمان کاتدا داوخوازی ئێمەشە و شتێک نییە ئێمە دژی بین. لە جێدا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و یانی ئەگەر ئێمە هێزی سیاسی ش حیساب بکەین یانی  ڕاوێژکارە سیاسییەکانمان ، با بڵێین  کادری سیستمی سیاسی ئێمە ، لە مەڕ خۆسەری ، ئەگەر ئێمە ئەوانە بە ڕاوێژکار بە دانیشمان حیساب بکەین ، بە ڕاوێژکاری پەیەدە دابنێین ، لە کاتێکد ا وا نییە .
دیار جوان : یانی کادرەکانی کارو باری ئیداری
مەزلووم عەبدی: ئی بەڕێوەبەریی خۆسەری ، ئەوەی خەڵک فێری ئاسایش ، فێری کارو باری وەزاڕەتان و فڵڵان بکەن. ئەوان دەڵێن ئەوانە پەیەدەیین ، بەڵام ئەوە ئی ئیدارەی خۆسەری ن کە چوونە وێندەرێ. ئەوانە لە جێدا کاری خۆیان تەواو کرد بوو ، ئیدی کاریان لەوێ نەمابوو ، پێشتریش ئێمە کشابووینەوە، هێندێک لە هەواڵانی ئێمە مابوونەوە . حەوجێیەکی هێندەش بە وان نییە. یانی لەوێ هەن، کەسی کە دەتوانن کار بکەن و کارو بار هەڵسووڕێنن خەڵکی منبیجن . عەڕەب و کوردەکانی منبیجن. ئەوانەش لە سیستمی ئێمە دا گەورە بوون ، لە سیستمی خۆسەری ئێمە دا، لە سیستمی لەشکری ئێمە دا ، بەس ئەوان خەڵکی منبیجن  و منبیج بەڕێوە دەبەن. یانی کەس ناتوانێ ئەو مافە لە خەڵکی منبیج و جەوانانی منبیج بستێنێ . ئەوان شاری خۆیان بەڕێوە دەبەن ، کەسێک دەرنەکەوتووە بڵێی ئەوانە کێنە و چ کەسن. خەڵکی منبیجن و لەوێ دەمێننەوە و کاری خۆیان هەڵدەسووڕێنن و کاری خۆیان بەڕێوە دەبەن. ئەوە لە جێدا پێک هاتووە ، لە پێشدا  پێک هاتبوو و ئەوەندەی لە دەستی ئێمە هات کردمان ئێمە هێزێکی مەزنمان لە منبیج ساز کرد . ئێستا هێزی منبیجێ نزیکەی ٥٠٠٠ کەسە.، ٥٠٠٠ لە هێزی قەسەدە لە منبیج دا هەیە ، یانی مەجلیسی عەسکەری منبیج ، ئەوان کاروبار بەڕێوە دەبەن و ڕێوەبەرییەکەیان بەشی خۆیان دەکا ، لە سەر ئەو بنەمایە ئەوان ئێستا حەوجێیەکی ئەوتۆیان بە یەپەگە و یەپەژە نییە. ئێمە ڕامانگەیاندووە گووتوومانە ئەگەر هێڕشێک بکرێتە سەر منبیج  یەپەگە و یەپەژە ئامادەن بگەڕێنەوە ئەوێ. ئەوە قۆناغی یەکەم ، ئەوە تەواو بووە. شەرتی یەکەم بە کۆتا هاتووە. ئی دووەمیش ئەوەیە کە هێندێک بیروڕای گشتی چەواشە دەکەن . بۆ وێنە سەبارەت بە پاراستنی ئەمنییەتی منبیج لەلایەن ئەمریکاییەکان و عەسکەری ترکەوە. یانی چەواشە کاری دەکەن، دەمەوێ ئەوەش هێندێک بکەمەوە بۆ ئەوەی هەموو کەس بزانێ. ئێستا  ' ئاوی ساجر ؛ سنووری ئێمە و ترکانە. سنووری منبیج و ترکانە.
دیار جوان: هەر چۆنێک بێ  پێشتر  بەر لە ڕزگار کردن وەکوو هەرێمی تامپۆن ڕاگەیێندرا بوو.
مەزلووم عەبدی: حدودی جوغرافیایی منبیج  چۆمی ساجرە. یانی ترک و چەتەکانیان لەو بەرن و مەجلیسی لەشکری منبیجیش لەم بەرە یە. ترک لە بەری خۆیان دەورییە دەردەخەن  پێم وایە ئەوە بوو بە دەورییەی [ پاتڕۆڵ]  پەنجاو پێنج. و لە بەری خۆیاندا دێن و دەچن. و هێزی ئیتیلافیش لەم بەرە دا دێن و دەچن ، بەیەکەوە قسە دەکەن ، کارەکانیان تەنسیق دەکەن ، ئەوە ئاوا هەلدەسووڕێ و ئەوە بۆ ئێمە باشە. ئەوان لە بەری خۆیانن و ئێمەش لە بەری خۆمانین. مەجلیسی عەسکەری منبیج کاری خۆی هەڵدەسووڕێنێ ، بەڕێوەی دەبا. ئێستا لە ڕۆژەڤی ئەواندا [ ئەمریکاییەکان و ترکەکان ]  ساز کردنی هێزی دەورییەی [ پاتڕۆڵ]  هاوبەش هەیە. مەجلیسی عەسکەری منبیج قەبووڵی نەکرد ترک وەرنە ئەم بەر . ئێستاش قەبووڵ ناکا. وتیان ترک میترێکیش نابێ بێنە ناو خاکی منبیجەوە
دیار جوان: لە چۆمی بەولاوە نەیێن


مەزلووم عەبدی: ترک و چەتەکانی خاکی منبیج پیس نەکەن. نەینە ناو ئەو خاکە چونکە ئەوە بۆ ئەمنییەتی منبیج خەتەرە. ئەوەیان قەبووڵ نەکرد . ئێستا بابڵێین وەک ڕێی چارەسەرییەکی هاوبەش نێوی دەنێن هەریمی تامپۆن ، منطقە محایدە. لە نێوان هێزی مەجلیسی عەسکەری منبیج و هێزی عەسکەری ترکان هەرێمێکە نزیکەی دە کیلۆ میترە یانی ووشکایی  جگە لە چۆمی ساجر . هەرێمە بەژاییەکە لە دەرەوەی هەرێمی منبیجە، پێوەندی بە هەرێمی منبیجەوە نییە ، ئەوە ئەرزی باب ە ، ئەرزی منبیج نییە. یانی لە زەوی باب دایە ، دیارە لە سەر ئەوەش پێک نەهاتوون. ئەوە نزیکەی دە کیلۆمیترە تێیدا ئەمریکایی و ترک بەیەکەوە هەڵدەسووڕێن . ترکان لە دەسپێک دا کوتیان دەبێ فەرماندەیی دەوری چۆمەکە هاوبەش بێ ، ئەمریکاییەکان قەبووڵیان نەکرد . ئەوان دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆن و فەرماندەی ناتۆن قەبووڵیان نەکرد . مەسەلەکە ماوەیەک وەک خۆی ڕاگیرا. لە بەر ئەوەی قەبووڵ نەکرا ڕاگیرا. ئەمن پێم وایە ئێستا ترکان جارێکی دیکە قەبووڵیان کردووە و هەموو شەرتەکانی ئەمریکایان قەبووڵ کردووە و قانوونی ئەمریکایان هەموو قەبووڵ کردووە و قەبووڵیان کردووە ئەمریکاییەکان ئەوان پەروەردە بکەن ، لە عەینی تابیع  ئەمریکاییەکان ئەوان پەروەردە بکەن ، ئەمن پێم وایە ١٥ ڕۆژی دیکە، ماوەیەکی دیکە لە وێندەرێ لە مەنتەقەی ' باب ' ، دەرەوەی منبیج هەرێمێکی تامپۆن لە نێوان ئێمە و ئەواندا ، ساز بێ ، دەورییەی [ پاتڕۆڵ] هاو بەش دەرکەون ، گرینگی ئەو مەرحەلەیەش تەواو دەبێ. بۆ قۆناغی سێهەمیش واتە بەڕێوەبەریی منبیج کە هەموو لایەک قەبووڵی بکەن ، لە جێدا ئەوە بەڕێوەبەرییەک هەیە، مەجلیسی مەدەنی منبیج هەیە ، مەجلیسی عەسکەری منیبج هەیە ، ئەوە دوو ساڵە منبیج بەڕێوە دەبەن.
دیار جوان : هێزی جیهانیش ئەوان وەک بەردەنگ دەبینن.
مەزلووم عەبدی: هەموو کەس ئەوان وەک بەردەنگ دەبینێ.
دیار جوان : سەناتۆر دێن ، ئەندامانی پارڵمان دێن .
مەزلووم عەبدی: هەموو کەس  ئەوان دەبینێ و شوێنەکەیان بەڕێوە دەبەن. ترکان گوتیان چەتەیان هەیە کە خەڵکی منبیجن دەیانەوێ ئەوان بگەڕێننەوە منبیج .
دیار جوان: ئەوان بکەن بە بەشێک لەو بەڕێوەبەرییە ؟
مەزلووم عەبدی: مەجلیسی عەسکەری منبیجێ، مەجلیسی مەدەنیش بە هەموو کەسیان گوتووە ئێستا لای ئێمە  مەجلیسی عەسکەری 'جرابلووس ' هەیە، مەجلیسی عەسکەری ' ئەعزاز ' هەیە ، مەجلیسی عەسکەری ' باب ' هەیە  هەموو گشتیان میوانن لە مینبیجن. شەرڤانی عەفرینێ لەوێندەڕێنە. هیندێک لە شەڕڤانی عەفرینێ لەوێن، خەڵکی مەدەنی عەفرینێ لەوێندەرێن ، کە مینبیجن، خەڵکی ئیدلیب لە مینبیجن . لە منبیج هەر کەس هەیە. ئەوانیش لە ووڵام دا گوتوویانە باشە سەر سەران ، با ئەوانە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان ، با هەر کەس بگەڕێتەوە شوێنی خۆی ، جا ئەوجار ئەوانەی لای ترکانن با ئەوانیش بێنە لای ئێمە. ئەمن پێم وا نییە ترک ئەوە قەبووڵ بکەن.
دیار جوان: ئەمن پرسێکم هەیە سەبارەت بە منبیج. کاتمان دەڕوا ئێمە گەیشتنە دەقیقەی پەنجا. ئێمە ناوبەرێک بدەین بەڵام سەبارەت بە منبیج  پرسیارێکم هەیە کە هەموو کەس پێی خۆشە ووڵامەکەی بزانێ. ئێمە بەوە بابەتی منبیج بە کۆتا بێنین. بینەرانی هێژا،دوای ناوبەرێک ئێمە بەردەوام دەبین . سەبارەت بە بابەتی منبیج مەزلووم عەبدی خۆشبین وەبەر چاو دێ. یانی ئەو ترس و نیگەرانی ، گەلۆ سێناریۆی عەفرین لە منبیج دووپاتە بێتەوە ئێمە ئەو پرسیارە دوای ئەم ناوبەرە لە فەرماندەی قەسەدە دەپرسین.    
بەشی دووەم ( ٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)
تێبینێ : ئەو هەڤپەیڤینە  ڕۆژنامەنووسی ناسراو دیار جوان لە ٢٨ی مانگی سێپتامبر دا لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی ' ‌ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ' [ قەسەدە /  Syrian Democratic Forces [ ئەنجامی داوە و لە یەکشەمە شەو ٣٠ی سێپتامبری ٢٠١٨  لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک  لە بەرنامەیەکی تایبەتی یەک سەعات و چلوشەشەش دەقیقەیی دا  بڵاو کراوەتەوە. ئێمە لە چوار بەش دا ڤێرسیۆنی کوردیی سۆرانی ئەو هەڤپەیڤینە گرینگەتان پێشکێش دەکەین.
دابەزاندن و هێنانە سەر کوردیی سۆرانی: حەسەن قازی
١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨
     







No comments: