Friday, May 10, 2019

چێژی خوێندنەوە, ڕاوێژ لەگەڵ نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی سەلاح عەبباسی

 هونەر و چێژی خوێندنەوە

ڕاوێژ لەگەڵ نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی سەلاح عەبباسی
حەسەن قازی -  بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارە دا باسی مژار و بابەتێکی تایبەتی دەکەین کە ڕەنگە تازەیی هەبێ لە تێلێڤیزیۆنی کوردی دا ئەویش باسی هونەر، چێژ و مەیلی خوێندنەوەیە. خوێندنەوەی کتێب و خوێندنەوە بە گشتی لەگەڵ بەڕێز سەلاح عەبباسی کە هەم خوێنەرەوەیەکی لەمێژینەی کتێبە ، هەم نووسەرە و هەم لێکۆلەرەوەی ئەدەبی یە. زۆر زۆر بە خێر بێی بەڕێز عەبباسی.
سەلاح عەبباسی : زۆر سپاس کاک حەسەن

 قازی: لەوە ڕا دەست پێ بکەین جەنابت لە چ تەمەنێک ڕا دەستت کرد بە خوێندنەوەی کتێب؟
عەبباسی : من لە ٩ ساڵییەوە دەستم کرد بە خوێندنەوە.
قازی : مۆتیڤت چ بوو، چ بوو کە بوو بە پشتگەرمییەک بۆ ئەوەی دەست بە کتێب خوێندنەوە بکەی؟ ئایا جەوی نێو ماڵێ بوو یان چ بوو؟
عەبباسی: بەڵێ جەوی نێو ماڵێ تەئسیری هەبوو. کتێبمان هەبوو لە ماڵێ، دیارە دیوانی شێعر و ئەوانە، باوکم زۆری کتێب هەبوو، کتێبی ڕۆمان و ئەدەبی هەبوو. یەکەم ڕۆمان کە من خوێندمەوە هەمووم نەخوێندەوە ڕۆمانی 'سەد ساڵ تەنیایی ' بوو . بە تەرجومە فارسییەکەی
قازی: لە تەمەنی؟
عەبباسی: لە تەمەنی دەکرێ بڵێین نێوانی ٩ساڵ و دە ساڵ دابووم
قازی: لێی تێ دەگەیشتی زۆر؟
عەبباسی: نەخێر! هەتا بڵێین نزیک سەد لاپەڕەم خوێندەوە، لەوێڕا ڕشتەی کار لە دەستم چووە دەرێ یانی نەمزانی چ بە چییە وازم لێ هێنا. دیسان حەولم دا بیخوێنمەوە. دیسان هەر هەتا ئەو شوێنە خوێندمەوە  کە
' خۆزێ ئارکادیۆ بۆندیا '  دەمرێت، لەو شوێنەوە پێم وا بوو ڕۆمانەکە تەواو دەبێ لێم تێک دەچوو ، یانی چەند جار محاوەلەم کرد لەوێ زیاتر پێشڕەوییم بۆ نەدەکرا تا ئەو شوێنە دەچووم.
قازی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زمانی دایکیی بەڕێزت زمانی کوردی یە و دیارە مەدرەسەشت بە فارسی دەست پێ کردووە، دیارە خوێندنەوەشت بە فارسی دەست پێ کردووە یانی لەو تەمەنەی کە باست کرد ئیمکانی ئەوەی کە هاوتەریب بە کوردیش بخوێنێ خۆ نەبووە.
عەبباسی: نا نەبوو، من هەر بە فارسیم دەخوێندەوە. بە منداڵی دەمتوانی دەقی شێعری، دەقی حافز و سەعدی دەقی قورس بخوێنمەوە بە فارسی . جا بۆ وا بوو من نازانم هۆیەکەی چ بوو.
قازی: دیارە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە من هێندێک لە نووسینەکانی جەنابتم دیوە کە بە زمانی فارسی لە ماڵپەڕ و سایتی جۆر بە جۆر دا بڵاو کراونەتەوە وا دیارە  بەڕێزت مەیلێکی زۆرت بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان هەیە و بۆخۆشت چەند ڕۆمانێکت نووسیوە کە تا ئێستا چاپ نەکراون. پێم خۆش بوو لەوەڕا دەست پێ بکەین  جەنابت خوێندنەوە چۆن کاتاگۆریزە دەکەی چۆنی دابەش دەکەی؟ یانی خوێندنەوە دەبێ بە چ پلە و مەرحەلە دا تێبپەڕێ؟ دیارە لە ڕوانگەی خوێنەرەوەیەکەوە.
عەبباسی: لە ڕوانگەی خوێنەرەوەوە. دیارە هەدەف و ئامانج لە خوێندنەوەی کەسەکە بۆ خۆی دە دەروونی خۆی دا، دە فکری خۆیدا ئامانجێکی هەیە لەوەی کە بۆ دەخوێنێتەوە لەوانەیە شتێک بخوێنییەوە بۆ فێر بوون ، یان ڕاهاتن، وەکوو ئامرازێک بۆ گەیشتن بە شتێک. بەڵام خوێندنەوەی ئەدەبی هیچ ئامانجێکی نییە جگە لە ئەو شتەی کە پێی دەڵێن چێژ وەرگرتن یان چوونە ناو دەق. جۆرەیەک تەمەرکوز، وورد بوونەوە، وورد بوونەوەی زێهنی و فکری  کە تۆ کتێبێکی دەخوێنییەوە ، ڕۆمانێک یان شێعرێک ، بەرهەمێکی ئەدەبی. چونکە بەرهەمێکی ئەدەبی تەنیا ڕۆمان و شێعر ناگرێتەوە، ئەنواعی بەرهەمی هەن، بەڵام ئەو بەرهەمانە بەوەی کە تاچ ڕادەیەک چێژ و بڵێین لەزەت و جوانی ناسی دە وانە دا هەیە و بە خوێنەرەوەی دەبەخشن بەو ڕادەیەش ئەو بەرهەمانە ئەدەبی ترن. هەموو  بەرهەمێک بە یەک ڕادە ئەدەبی نییە . یانی ئەتۆ مەسەلەن شێعری حافزت هەیە، شێکسپییرت هەیە ئەوانە دەکرێ بڵێین لووتکەکانی بەرهەمی ئەدەبین . بەرهەمێکیشت هەیە مەسەلەن تا ڕادەیەک ئەدەبی یە. وەکوو مەقالەیە یا وەکوو پەخشانە ،  لە وانەیە ڕەخنە بێ ، لەوانەیە زۆر کتێبی بڵێین نەسر هەیە کە تەخەیولی نییە، داستانی نییە بەڵام ئەدەبی یە ، بەڵام ڕادەی ئەدەبی بوونەکەی لەگەڵ شێعرێک یا لەگەڵ ڕۆمانێک یا چیرۆکێکی کە ئەدەبی یە  کەمترە لایەنی ئەدەبی بوونەکەی. بەڵام ئەوەی  کە ئێمە چۆن پێناسەی خوێندنەوە بکەین ، بە بڕوای من یەک شت هەیە لە خوویندنەوە دا ئەوەی کە تۆ  چ زانستێکت لە سەر خوێندنەوە هەیە، کە بۆ خۆت دەخوێنییەوە چ زانستێکت لە سەری هەیە. مەسەلەن شێعر دەخوێنییەوە یا ڕۆمان دەخوێنییەوە چ زانستێکت  لە سەر هونەری شێعر هەیە ، لە سەر هونەری ڕۆمان هەیە .
قازی: مەبەستت زانستی پێشووترە؟ یانی بابەتێکی کە دەیخوێنییەوە ئاگاداری پێشووت لێی هەبێ.
عەبباسی: بەڵێ. یانی خۆت چی لە سەر دەزانی. ئەو شتەی کە خۆت لە سەری دەزانی وەکوو ئامرازێک یارمەتیت دەکا لەوەیدا کە بچییە نێو  بابەتەکەوە، یانی دەرگاکانت بۆ دەکاتەوە یانی دەکرێ بڵێین  چەندین کلیلت بەدەستەوەیە بۆ وەی کە ئەو ... ئێستا ئێمە کە  شێعری مەولەوی بخوێنینەوە ئەگەر تەفسیرهایەکی کە مەسەلەن لە سەر ئەو شێعرانە نووسراوە لە کەناری دا بیانخوێنینەوە کلیلێکی زۆرترمان دە دەست دایە بۆ وەی کە بچینە نێو دنیای شێعرەکان. بەڵام وەکوو خوێنەرەوەیەکی ئاسایی ، خوێنەرەوەیەکی کە ئامرازی کەمتری دەبەر دەست دایە خوێندنەوە دەبێتە ئەزموون وەرگرتن، دەبێتە چێژ وەرگرتن ، دەبێتە هۆی ئەوە کە خوێنەرەوەیەک لە ڕوانگەی خۆیەوە ، کە ئەو ڕوانگەیە هەمیشەش شەخسی نییە ، یانی ئەوە نییە کە ئەو ڕوانگەیە تایبەت بەو کەسە بێ ، چون ئەو کەسەش  پەروەردەی سەردەم و پەروەردەی دەور و بەری خۆیەتی ڕوانگەهایەکی هەیە لەو ڕوانگەیەوە مەسەلەن  ئەو بەرهەمە دەخوێنێتەوە و تەفسیری دەکا، جا ئەو تەفسیرە چەندە ڕەخنەگرانەیە ، چەندە زانستی یە ، چەندە دەقیقە ئەوە .. یانی خوێنەرەوەی زۆر باشیش هەیە کە لە وانەیە سەواد و زانستەکەی زۆر لە سەرێ نەبێ بەڵام  باسەکە چەند شتی دیش دەگرێتەوە. ئەمن پێم وایە خوێنەرەوەی  کە زۆر لە ئەدەبییات دا شارەزایە یا بڵێین  تەنانەت ڕەخنەگرێکی گەورەی ئەدەبیش  دەبێ بەرهەمی ئەدەبی بۆ چێژ وەرگرتن بخوێنێتەوە ، یانی نەک بەس خوێنەرەوەی ئاسایی. تۆ ناکرێ بەرهەمی ئەدەبی بکەیتە قوربانی تێۆری ئەدەبی. بەرهەمەکە گرینگترە لە تێۆرییەکە. ئەگەر لە بەرهەمەکە چێژ وەرنەگری ئەگەر تیوریش بزانی بەرهەمەکەت لە کیس داوە یانی ئەو چێژ وەرگرتنە دەکرێ بڵێین خۆش لێ هاتن ، چێژ لێ وەرگرتن یان تەئسیر وەرگرتن کانگە، مەرکەز یان بڵێین ناوەندی خوێندنەوەیە. ناوەندەکە لەو جێژ وەرگرتنە دایە کە ئەگەر خوێنەرەوەیەک نەتوانێ چێژ وەرگرێ هەرچەند ئاگایی و شارەزاییشی لەو دەقە هەبێ یان دەقەکە موشکیلەی هەیە یان خوێنەوەرەکە ناتوانێ پێوەندی لەگەڵ دەقەکە بگرێ ، چون ئەو چێژ وەرگرتنە وەکوو پێوەندی گرتنە وەکوو  حاڵی بوونە  یانی بڵێین ئەتۆ کە شکسپییر دەخوێنییەوە، باڵزاک دەخوێنییەوە وەکوو وەی وایە کە بڵێین شکسپییر یان باڵزاک ئەتۆ دەچی بۆ جیهانی وان، بەڵام ئەوە فەقەت ئەتۆ نی کە دەچی بۆ جیهانی شکسپییر سەفەرێک بۆ ئەو جیهانە دەکەی، ئەویش دێ بۆ لای تۆ ، یانی ئەو دێت ڕوانگە و فکری خۆی دێنێتە نێو جیهانی تۆ وە. چەندە ئەتۆ لەو جیهانە تەئسیر وەردەگری یانی من پێم وایە ئەگەر کەسێک شکسپییر ، ئیفلاتوون ، باڵزاک  یان نووسەرانی دیکەی جیهان بە دیقەت و بە ووردی بخوێنێتەوە فکر کردنەوەی دەگۆڕدرێ. بیر کردنەوەی دەگۆڕدرێ، یانی تەئسیری گەورە وەردەگرێ، ئەو تەئسیرە چۆنە ئەوە بۆ خۆی جێگای زۆر باسە ، چونکە خوێندنەوە دەکرێ بڵێین نووسەر دروست دەکا، بیرمەند دروست دەکا. بە بێ خوێندنەوە نووسەر و موتەفەکیر و رەخنەگر و بیرمەند و هەرچی ناویان لێ دەنێین ئەوانە ئیمکانی نییە دروست ببن بە بێ خوێندنەوە. جا، لێرە دا دیسان باسەکە چەندین لک و پۆپی لێ دەبێتەوە؛ یەکیان ئەوەیە ئەتۆ کە ئەنواعی تیوری یان بڵێین نەزەریاتی قوتابخانەکانی ڕەخنەی ئەدەبی ، ئەوانە بۆیە داندراون کە لە دەقی ئەدەبی نزیک ببنەوە یانی هەموویان ، هەر نەوعێک لە قوتابخانەی ڕەخنەیی  بێ ئامانجەکە ئەوەیە کە نیزیک ببنەوە، ئەو نیزیک بوونەوەیە ئێستا مەسەلەن چەندین نەوعی هەیە ئەتۆ دەتوانی ڕەخنەیەک بەرهەمێک لە سەر ڕۆمانێک بنووسی  کە پێوەندی بە قوتانخانەیەکی تایبەتییەوە نەبێ ، ڕەخنەیەکی کەسی بێ ، شەخسی بێ. وەکوو بڵێین ئەزموونی خۆت دەرببڕی.


قازی: زۆر باشە ، بائێستا بێینە سەر ئەزموونی خۆت زیاتر . باسی ئەوەت کرد ئەو یەکەم ڕۆمانی کە دەستت داوەتێ و حەولت داوە بیخوێنییەوە بە زمانێکی کە زمانی مەدرەسەت بووە بەڵام زمانی دایکیت نەبووە ؛ ' سەد ساڵ تەنیایی '  کە شوێنەوارێکی زۆر بە ناوبانگی نێونەتەوەییە. کە ئەو ڕۆمانە سەرەگێژەی بۆ دروست کردووی بەڵام دوای ئەوەی ووردە ووردە لە خوێندنەوە ڕاهاتی ، لایەنی سەرەکی بۆ تۆ وەک خوێنەرەوەیەک و دواتر وەک نووسەرێک چ بو؟ چێژ لێ وەرگرتن بوو ، لێ فێر بوون بوو، چ بوو؟  زانیاری وەرگرتن بوو، چ بوو؟  یانی چاوەڕوانیت لەو دەقە چ بوو؟ دیارە دۆخی ئێستات لەگەڵ ئەو دەمی ئاڵوگٶڕی تێدا پێک هاتووە. لە سەرەتاوە چۆن بووە.
عەبباسی: لە سەرەتاوە  مەسەلەکە ئەوە بوو هەر بەرهەمێکی ئەدەبی کە کلاسیک بێ  ئەتۆ شتی لێ فێر دەبێ جا بەڵام ئەتۆ بۆخۆت هەر چی زانیاری و ئاگاهیت زیاتر بێ ، شتی زیاتری لێ فێر دەبی، هەرچی ئاگاهی و زانیاریت کەمتر بێ کەمتری لێ فێر دەبی چون ئەو شتانەی تێدایە بەسەریان دا باز دەدەی بەبێ ئەوەی کە بزانی. یەكێک لە شتە ئاساییەکان لە خوێندنەوە دا ئەوەیە کە تۆ بابەتێک دەخوێنیتەوە بە سەر زۆر لەو مەعنا و مەفهوومانەی کە دەو بابەتە دا هەن بە سەریان دا تێ دەپەڕی بە بێ ئەوەی کە وەری بگری ، لێێ تێ بگەی. خوێنەرەوەیەک کە لەوە تێ ناگا کە لە دەقەکە تێ نەگەیشتووە، یا لەوە تێ ناگا کە کەمی لێ تێگەیشتووە شانسی زۆر کەمە لەگەڵ ئەو دەقە ماملەیەکی مۆنسیفانە یان مامڵەیەکی ڕێکوپێک بکا، یانی دەقەکە وەک خۆی وەربگرێ. ئەمنیش دیارە لە تەمەنی یازدە و دوازدە و سێزدە ساڵی دا کە ڕۆمانم زۆر دەخوێندەوە  بە سەر هەزاران شت دا بازدم داوە کە نەم زانیوە ئەو دەقە دەڵێ چی بەڵام دواتر لە بیست و دوو سێ ساڵی بڵێین وەکوو شێوەیەکی پرۆفێشیۆنێل ، وەکوو خوێنەرەوەیەکی حیرفەیی ، دائیمی ئەو کاتی دیسان خوێندوومنەوە. ئەو بەرهەمانەی ئەو کاتی خوێندبوومنەوە . دەکرێ بڵێم هەموویان ، لە سەدا نەوەد و نۆیانم  دووبارە خوێندەوە یانی ئەوە نەبوو کە بڵێم کە ئەو کتێبەم لە پازدە ساڵی خوێندووەتەوە تازە ئەوە تەکلیفی تەواو بووە و خوێندراوەتەوە. بەڵام تەکلیفی تۆ لەگەڵ دەقێکی کلاسیک دەکرێ بڵێم قەت تەواو نابێ ، یانی ئەوە نییە کە ، دەقێک کە دەکرێتە دەقی کلاسیک مانای ئەوەیە  کە ئەوە مانا بەرهەم دێنێ و ئەو بەرهەمهێنانەش  ئەوە نییە کە بڵێی تەواو دەبێ. ئێستا هەموو ساڵێ ڕەخنە و تەفسیری تازە لە سەر شکسپییر و تۆڵستۆی و باڵزاک و تڕاژدی یوونانی و چووزانم چی دەگیرێ. یانی لەسەر ئەو شتانە بەردەوام شتی تازە دەنووسن.
قازی: ئەمن بەو دیسان خوێندنەوەیە کە باست کرد وەبیر قسەیەکی بیرمەند و زمانزانێکی ئێرانی کەوتمەوە واتە دایووشی ئاشووری کە باس دەکا ' ئاوای گوت زەردەشت' ی کە تەرجەمە کردووەتەوە، وا بزانم لە پێشدا لە زمانی ئەڵمانییەوە کردوویە، نزیکەی بیست چاپ کە کراوە، بیست جاری پێدا هاتووەتەوە، مەبەستم خوێندنەوەی زیاتر و زیاترە. باشە دەمەویست ئەوە بزانم ، باست کرد کە لە سەرەتاوە بە ڕۆمان خوێندنەوە دەستت پێ کرد، چۆن بوو کە ئەو چێژ و مەیلەت هەر وا زیاتر و زیاتر بوو؟ یانی قەت هەستی ئەوەت نەکرد لە خوێندنەوەی کتێب ماندوو بی ، یان بە لای دیدا چ هۆکارێک دەبووە هۆی ئەوە کە هەر بخوێنییەوە و هەدا نەدەی ؟
عەبباسی: ئەمن پێم وایە هەمووی ئەوانەی کە وەدوای کاری نووسین دەکەون بۆخۆیان دەنووسن ، بەو قۆناخانە دا تێ دەپەڕن واتە ئەوانە هەست دەکەن کە هیچ چێژێک لە جیهان دا گەورەتر لە ئەدەبییات نییە. یانی لە وانەیە زۆر چێژی دیکە هەبن سەفەر کردن ، قسە کردن لە گەڵ دۆستان و ڕەفیقان ، سەرگەرمی ، تەماشای فووتباڵ، وەرزش یانی زۆر شت هەیە خواردن ، هەر وەک باسم کرد سەردان و سەفەر و شتی عیلمی ماتێماتیکس، فیزیک ئەوانە هەموو دەتوانن کانگایەک بن بۆ سەرگەرم بوون ، بۆ چێژ وەرگرتن، بەڵام چێژ وەرگرتنی ئەدەبی بە بیروڕای من چێژ وەرگرتنێکی جیاوازە. یانی ئەوانەی کە ڕا دێن لەگەڵ ئەوەی کە شێعر یا بەرهەمی ئەدەبی بخوێننەوە ئەو بەرهەمە بۆ ئەوە ناخوێننەوە کە ئەو بەرهەمە قازانجی ئابووری هەیە ، سوودێکیان پێ دەگەیێنێ یان کۆمەگیان دەکا لە بوارێک دا.
قازی: بەڵام لە بواری کەسایەتییەوە حەتمەن کۆمەگ دەکا! بۆ ئەوە زانیاری بچیتە سەرێ.
عەبباسی: سەد لە سەد ، ئەوە ناخود ئاگا ، بەڵام ئەوانە دەیخوێننەوە بە خاتری ئەوەی کە مەسەلەن ئەگەر بە منیان گوتبا وەرە بچینە فووتباڵ، کتێبەکەم پێ خۆشتر بوو دەو تەمەنی دا. فووتباڵەکەش دیارە پێم خۆش بوو، والیباڵم دەکرد ، فووتباڵم دەکرد بەڵام  لە دەرەجەی یەکەم دا چێژێکی زیاترم لە خوێندنەوەکە وەردەگرت تا ئەوەی کە لە فووتباڵ. دوایە ئەوەی کە تۆ بۆچی چێژ لە هونەر وەردەگری، کە چێژ لە هونەر وەردەگری بۆخۆشت هەست دەکەی بەرهەمی هونەری بخولقێنی ، ئە لێرە دا هێندێک میکانیزم هەیە  زۆرێک لەوانەی چێژ لە بەرهەمی هونەری وەر دەگرن خۆیان نابن بە نووسەر یان خولقێنەری هونەری ، دەبن بە  ڕەخنەگری هونەری.
قازی: باشە لە نۆ ساڵی و یازدە ساڵی ڕا هەتا ئێستا مێتۆدی خوێندنەوەت چ ئاڵوگۆڕێکی بە سەر دا هاتووە . یانی ئەتۆ وەختێک  دەقێک بە دەستەوە دەگری ، بەرهەمێک بە دەستەوە دەگری  کە بی خوێنییەوە بۆ ئەوەی کە بتوانی کۆنسێترە ببی یانی بتوانی بە تەواوی فکرتی لە سەر تەرکیز بکەی چ مێتۆدێک  ڕەچاو دەکەی؟ یانی گەیشتوویە ئەوەی کە بە شێوەیەکی باشتر بەرهەمێک بخوێنییەوە؟
عەبباسی: بەڵێ ڕاستە گەیشتوومە ئەوەی. ڕۆمان نابێ زۆر پچڕ پچڕ بخوێندرێتەوە یانی دیارە ئەوە لە مێژە پێی گەیشتووم ئەوە ئەو شتەیە کە ئەو کاتیش کە لە تەمەنی منداڵی دا ڕۆمانم دەخوێندەوە وا نەبوو کە پچڕ پچڕ ئەو کارە بکەم یانی مانگێک سەد لاپەڕەی بخوێنمەوە دوومانگی دیکە پەنجا لاپەڕەی تر. وام نە دەخوێندەوە. وام دەخوێندەوە مەسەلەن لە ماوەی حەفتەیەک دا، پێنج ڕۆژ دا ، شەش ڕۆژ دا دەو کاتانەی کاتم وەدەست دێنا هەر کاتەی سەد سەفحە، دوو سەد سەفحەم دەخوێندەوە وا بوو زوو تەواوم دەکردن و ئێستاش دەزانم ئەوە باشترین شێوەیە بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان یانی نابێ فاسیلەی زێهنی تۆ مەوداکەی زۆر درێژ بێ لەگەڵ ئەو شتەی ، ئەو فەسڵانەی کە پێشتر خوێندووتەتەوە، چونکە دەبێ شتەکەی وەکوو کوڵییەت ببینی. ئەگەر ئەتۆ مەسەلەن ڕۆمانی  ' شەڕ و ئاشتی' ، یا ' ئاننا کارنینا '  یا ' دۆن کیشۆت ' ی کە محەمەدی قازی بە فارسی وەری گێڕاوە
قازی : دیارە ئەوە کراوەتە کوردیی سۆرانیش دواتر. کاک ئەحمەدی قازی کردوویە،
عەبباسی: ئەگەر ئەوانە دەخوێنیتەوە شێوەی باشتر ئەوەیە کە تۆ پێوەندییەکەت لەگەڵی نەپچڕێ، پێوەندییەکەت وا نەبێ فەسڵەکەی پێشووت لە بیر چووبێتەوە دوایە بچی فەسڵەکانی بەعدی بخوێنییەوە یانی مەودای زەمانی دوور و درێژی دە بەین دا نەبێ، کە کاتێک کتێبەکە تەواو دەکەی کوولییەتەکەت لە بەر چاو بێ ، یانی ئەوەڵەکەت لە بیر بێ بۆ ئەوەی کولی بەرهەمەکە بێ دەنێو فکرتەوە.
قازی: بۆ ئەوەی ئەو کارە بکرێ ئەمن پێش ئەو بەرنامەیە لە جێگایەکدا خوێندمەوە – بۆ ئەوەی خۆم ئامادە بکەم بۆ ئەوەی بتوانم پرسیارت لێ بکەم -  کە باسی هونەری خوێندنەوە دەکرێ لەوێدا کەسێک پێشنیاری ئەوە دەکا کە قەڵەم و میداد باشترین یارمەتیدەری خوێنەرەوەیە چونکوو دەڵێ وەختێک ئەتۆ کتێبێک بە دەستەوە دەگری بیخوێنییەوە لە عەینی حاڵ دا لە پەراوێز دا یان لە سەرەوە و خوارەوەی لاپەڕەکانی کتێبەکە یادداشت بکە بنووسە. ئەوە دەبێتە هۆی لە بیر بوون . جا پێشنیاری جۆر بە جۆری کردووە بۆ بەکار هێنانی نیشانە و نووسینی لاپەڕەی کتێبەکە بۆ ئەوەی بتوانی بگەڕێیەوە سەری. ئەوە یارمەتی دەکا کە تەرکیزی زەین هەتا دوایی کتێبەکە بمێنێتەوە.
عەبباسی: ڕاستە ، زۆر جوانە تەواو لەگەڵ ئەوە هەم . یەکێک لە ڕەخنەکانی کە دایکم لە منی دەگرت دەیگوت ئەو کتێبانە هەموو شەڕە پشیلەن هێندەت شت لە سەر نووسیون ، کتێبەکانت کۆن دەکەی دەیان فەوتێنی. چون پێی وا بوو کتێب دەبێ خاوێن و تەمیز و تازە بمێنێتەوە ، نابێ بە خودکار و قەڵەمی لەم لاو ئەو لای بنووسرێ. لە حالێکی دا ئەمن زۆربەی کاتەکان ئەگەر شتێکم بە زێهنی دەگەیشت لە پەراوێز دا دەمنووسی. پێم وایە شێوەیەکی زۆر باشە  و زۆر جاریش ڕەخنەی ئەدەبیم نووسیوە ڕەخنەکە هەر تێکەڵ کردنەوەی پەراوێزەکان بووە. یانی ئەو پەراوێزەی لە سەر کتێبێک نووسیومە دوایە بووەتە ڕەخنەیەکی ئەدەبی یان  مەقالەیەک لە سەر کتێبەکە .
قازی: بێجگەلە بەکار هێنانی قەڵەم و یادداشت کردن چ هۆکارێکی دیکە دەتوانێ یارمەتی خوێنەرەوە بدا بۆ تەرکیز کردنی زیاتر بۆ خوێندنەوەی دەقێک؟
عەبباسی: تەفسیر کردن. ئەتۆ ئەو شتەی کە دەیخوێنییەوە نابێ بەسەریدا ڕەد بی. ئەمن پێم وایە خوێنەرەوە نابێ پەلە بکا، موتڵەقەن نابێ پەلە بکا. یانی لە خوێندنەوەی ڕۆمانێک دا دەبێ وەخت دابنێی . ئەگەر بە پەلە بە سەریدا ڕەد بی، یانی تەرکیز کردن ئاوا دەبێ کە تۆ شتەکە دەخوێنییەوە لەگەڵ خۆشت بیری لێ دەکەیەوە، تەفسیری دەکەیەوە یانی خوێندنەوەکەت بۆیە بە کاوەخۆ دەبێ ، خوێندنەوەیەکی خێرا نابێ هۆیەکەی ئەوەیە لەگەڵ ئەوەشدا کە دەخوێنیتەوە جاری وایە پشوویەک دەدەی بەڵام پشو دانەکەت فکر کردنەوەیە لەو شتەی کە خوێندووتەتەوە. یانی پشوویەکە پشوو نییە لە حەقیقەتدا یانی ناکرێ بڵێی ئەوە پشوویە.
قازی: وا هەبووە کە جەنابت وەختێک کتێبێکت خوێندووەتەوە بێجگەلە لە پەراوێز دا نووسین بۆ ئەوەی یارمەتی بکا بە تەرکیز لە سەر دەقەکە بەڵام لە دواییدا کە هەموو کتێبەکەت خوێندووەتەوە کورتەیەکی لای خۆت بنووسییەوە؟
عەبباسی: بەڵێ ئەوە زۆر باشە
قازی: ئەوەت کردووە


عەبباسی: بەڵێ، ئەمن پێم وایە خوێندنەوەی کتێب پێش هەموو شتێک ئەوەیە ئەگەر ئەتۆ لە پێشدا کورتەی کتێبەکە بزانی زۆر یارمەتیدەرە. بە پێچەوانەی ئەوانەی کە پێیان وایە نابێ بزانی چ ڕوو دەدا . چون ئەوانە بۆ یەک جار کتێب دەخوێننەوە . کتێب خوێندنەوەی ئەسڵی جاری دووهەم و سێهەمە. جاری  یەکەم ئەتۆ هێستا نازانی دوایە چ دەبێ ، کۆتایی شتەکەت لە پێش چاو نییە. بۆ نموونە چونکە من زۆرتر لە سەر ڕۆمان قسە دەکەم  یا چیرۆک. چیرۆکێک کە تۆ دەخوێنیتەوە بۆ یەکەم جار نازانی چییە ، نازانی چ ڕودەدا. بەڵام کە بۆ جاری دووهەم  دەیخوێنیتەوە ئەتۆ ئاگات لە هەموو شت هەیە ، دەزانی چ ڕوو دەدا و چ دەقەومێ و چ شتێک پێش دێ. بەڵام سەرەڕای وەی دیسان چێژی لێ وەردەگری. ئەو چێژ وەرگرتنەی دووەم چێژوەرگرتنێکی واقعی یە. چێژ لێ وەرگرتنی ئەوەڵ هێندێک تەعلیق  و بڵێین کونجکاوی، چی پێ دەڵێن بە کوردی؟
قازی: بە پرسیاری ، ئەوە نییە دەڵێن منداڵێکی بەپرسیارە، لەسەر هەموو شتێک دەپرسێ
عەبباسی: بۆ ئەوەی بزانی ئەوە چی لێ دێتەوە. یانی ئەتۆ دەتەوێ بزانی ئەوە چی لێ دێتەوە بۆیە خوێندنەوەی یەکەم  خوێندنەوەیەکی زۆر ئەدەبی نییە، خوێندنەوەیەکە کە تێیدا عونسوری بیلاتەکلیفی  عونسوری ئەوەی بڵێین کە تۆ ووڵامت وەرنەگرتووەتەوە زۆر تێیدا بەهێزە. بەڵام خوێندنەوەی دووهەم دەکرێ بڵێین خوێندنەوەیەکی عیلمی، زانستی ، فکری ، فەلسەفی و خوێندنەوەیەکی قووڵە، خوێندنەوەیەکە کە تۆ بۆت گرینگ نییە کە چ روودەدا ، هیچ بۆت گرینگ نییە کە دوایە چ پێش دێ . چون هەمووی دەزانی کێشەت لەگەڵ ئەوە نییە، کێشەکەت لەگەڵ ئەوەیە ئەو بەرهەمە ، ئەو دەقە چ دەڵێ؟ چونکە ئەو شتەی کە کوتراوە و ڕووی داوە پێویستی بە تەفسیر هەیە ، پێویستی بە  لێکۆڵینەوە و ووردبوونەوەیەیە. جا ڕەخنەی ئەدەبیش لێرە دایە . ئەمن پێم وایە لە خوێندنەوەی دووەم و سێیەم  دایە کە تۆ دەتوانی ڕەخنە لە سەر کتێبێک بنووسی یان مەقالەی لە سەر بنووسی یان تەحلیل و لێکۆڵینەوەت لە سەری هەبێ . ببوورە لێرەدا دێمە سەر ئەو پرسیارەی تۆ کردت کە  ' خوێندنەوە چییە ؟' ، ئەوە پرسیارێکی زۆر گەورەیە، دوایە خوێندنەوە بۆ چییە؟، خوێندنەوە بۆ کێ یە؟ ئێمە بۆچی دەخوێنینەوە، ئامانجمان چییە. ئەوانە هەموو  پرسیاری بەجێن. ژان پۆل سارتر  کتێبێکی هەیە بە نێوی 'ئەدەبییات چییە' ؟  دەقیقەن لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەیەوێ ووڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە. لە فەسلی یەکەم دا دەڵێ نووسین چییە ، نزیکەی سی چل لاپەڕەی هەیە باسی وەی دەکا نووسین چییە؟ لە فەسڵی دووەم دا کە ئەویش پەنجا شێست لاپەڕەیەک دەبێ  دەڵێ نووسین بۆ کێ یە؟ و فەسڵی سێیەم نووسین بۆ چی یە؟  یانی ئێمە بۆ دەنووسین. یانی پێوەندییەکی دیالێکتیکی هەیە لێرە دا خوێندنەوە چییە ، خوێندنەوە بۆ چی یە. چونکە ئەو فەعالییەتەی کە خوێنەرەوە دەیکا، چونکە خوێنەرەوە ئەگەر خوێنەرەوەیەکی زۆر باش بێ بۆخۆی دوایە دەبێتە نووسەر. یانی دەقیقەن نەخشەکان دەگۆڕدرێن. ڕۆڵەکان دەگۆڕدرێن. ئەوانەی کە نووسەریشن هەموویان خوێنەرەوە بوون. دوایەش وەک خوێنەرەوە هەر دەمێننەوە. ئەتۆ کە بووی بە نووسەر  ئەگەر دەست لە خوێندنەوە هەڵگری من پێم وایە نووسەرێکی خراپی. نووسەرێکی زۆر باش نی چونکە نووسەر ناتوانێ دەست لە خوێندنەوە هەڵگرێ.
قازی: ئێستا بێینە سەر لایەنێکی دیکە، لایەنی زمان. دیارە بەڕێزت بە فارسی دەستت بە خوێندنەوە کردووە. ئەی دەوری زمانی کوردی بۆ ئەوەی بەڕێزت پێی بخوێنییەوە کەنگێ دەست پێ دەکا؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کوردی زمانی زگماکی تە. وا بزانم لە مەدرەسە بە کوردی نەتخوێندووە.
عەبباسی: نا. ئەوەی کە تۆ چ  بەرپرسیارییەتێک  لە سەر شانی خۆت دەبینی ، بە چ زمانێک دەنووسین  دوو سێ هۆکار تەئسیریان هەیە. یەک ، ئەتۆ لە وانەیە لە ڕوی ئیدێئۆلۆژییەوە. لە ڕووی ناسیۆنالیستییەوە، لە ڕووی فکری یەوە خۆت بە بەرپرس بزانی لە ئاست زمانی کوردی دا  و واز لە زمانی فارسی یان زمانی عەڕەبی یان زمانی  کە پێی شارەزاتری بێنی  و هەموو حەول و محاوەلەی خۆت ئەوە بێ بڵیی خزمەتی ئەو زمانەی بکەم. زۆر کەسیش وای کردووە، ئێستا ئێمە لە کوردی دا کەسانی وەک مامۆستا هێمن و مامۆستا هەژارمان هەبوو شارەزاییەکی زۆریان  لە زمانی فارسی و عەڕەبی دا هەبوو، یانی شارەزاییەکی زۆر باشیان هەبووە بەڵام هاتوون  لە سەر کوردی کاریان کردووە کاری گەورەشیان کردووە ، چوون لە سەر ئەو زمانە کاریان کردووە. یانی دێرە دا نەخشی ئیدێئۆلۆژی هەیە، نەخشی کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەیە کە تۆ دەمێژوویەک دا دەژی کە کێشەی هەیە.
قازی: جا ئەگەر ئەتۆ خۆت بهێنییە نێو ئەو قالبە .
عەبباسی: دەمەوێ بێمەوە سەر ئەو باسە. ئێمە کە ئەدەبییات وەکوو ئامراز چاو لێ بکەین  بۆ گەیشتن بە شتێک ئەو وەختی لەوانەیە زمانمان بکەین بەو زمانەی  کە دەمانەوێ خزمەتی پێ بکەین ، قارەمانەکانمان لەوانەیە بکەین بە  پڕوڵێتاریا و کڕێکار و بمانەوێ خزمەتی ئەو چینەی بکەین . یان لە ڕۆمانەکەماندا دەمانەوێ پەیامێکی سیاسی ، ئیدێئۆلۆژیک زەق بکەینەوە بە قازانجی سیاسەتێک ، بە قازانجی چینێک، بە قازانجی ئیدێئۆلۆژی . بەڵام  کە ئەدەبییات وەکوو ئەدەبییات چاو لێ بکەین شتەکە جیاوازە لێرە دا تۆ بەو زمانە دەنووسی  کە پێت وایە ئیمکاناتی زۆرترت دەداتە دەستی ، ئەو بەرهەمانە دەخوێنییەوە کە....
قازی: ببوورە ئێستا بەڕێزت بە شێوەی گشتی باس دەکەی. ئەمن مەبەستم بە شێوەی گشتی نییە ، مەبەستم ئەزموونی خۆتە .
عەبباسی: ئەمن دێمەوە سەر ئەوەی
قازی: لەکەنگێوە دەستت پێ کردووە کە پارالێل کە بە فارسی  خوێندووەتەوە ، زۆربەی ڕۆمانە کلاسیکەکانی دنیایێ، لەو ساڵانەی دواییدا بە کوردیش زۆر شت تەرجومە کراوە ، ئەگەر موقایەسە بکەین لە نێوان بازاری نووسین و بڵاو کردنەوە بە فارسی و بە کوردی دیارە فارسی هەم لە بەر ژمارەی جەمعییەت و هەمیش دەرەتانی وەکوو زمانێکی ڕەسمی زیاتری پێ نووسراوە و زیاتری پێ بڵاو کراوەتەوە. وەکوو خۆت کەنگێ دەستت پێ کردووە کە بە کوردی بخوێنییەوە زیاتر؟ دواتر دەگەینە سوێدیش.


عەبباسی: من دەمەوێ لێرەوە دەست پێ بکەم ، ببوورە ووڵامی پرسیارەکە بڕێک دواتر دەدەمەوە.
قازی: چۆنی پێ خۆشە وا بکە.
عەبباسی: چونکە  دەبێ لێرە ڕا دەست پێ بکەین . هەر نووسەرێ ، لە هەر جێگایەکی دنیایە بە بڕوای من دوو هۆکاری هەیە کە بەرهەمە هونەرییە ، ئەدەبییەکانی  دیاری دەکەن کە کوالیتە و کەیفییەتیان چۆنە  یا چ شێوازێک بە خۆ وە دەگرن. یەکیان ئەوەیە کە ئەزموونەکانی ژیانی خودی نووسەر چییە . ئەو ئەزموونانە دەکرێ سیاسەت بێ، دەکرێ مەسەلەی ژیانی تاکە کەسی بی، دەکرێ مەسەلەی چینایەتی بێ، دەکرێ مەسەلەی زوڵم و زۆری و دیکتاتۆری سیاسی بێ ، دەکرێ مەسەلەی ناسیۆنالیستی بێ، دەکرێ جووڵانەوەیەکی ناسیۆنالیستی بێ، دەکرێ تێکەڵاوێک لە هەموو ئەو شتانە بێ. ئەمە دەبێتە ئەزموون و تەجروبەی زیندەگی. شتێکی دیکەش کە دێرە دا تەعیین کونەندەیە ، یان بڵێین دەوری یەکلاکەرەوەی هەیە  ئەو شناخت و ئاگاهی و زانینەیە کە  ئەو نووسەرە لە سەر کاری خۆی هەیەتی یانی لە سەر  ئەدەبییات هەیەتی، لە سەر نووسین چ دەزانێ. دێرە دا ئەمن پێم وابێ شتەکە دەگۆڕدرێ یانی ئەوەی کە  تۆ لە سەر نووسین چ دەزانی، ئەوەی کە تۆ چۆن چاو لە ئەزموونەکانی خۆت دەکەی دیاریی دەکا. یانی ئەزموونەکانت نین دیاری دەکەن کە ئەتۆ چ دەنووسی بەڵکوو  ئەوەی کە تۆ چ لە سەر ئەزموونەکانت دەزانی دیاری دەکا کە تۆ چۆن  لە سەریان دەنووسی. ئەو دوو شتە زۆر جیاوازن . نووسەری ئێمە بڵێین  کە ڕەد فێعلی هەیە لە سەر ناسیۆنالیزم  و عاتیفی و حیماسی باسی زمانی کوردی دەکا  و باسی نووسین دەکا ، نووسینەکەی لەو ڕوانگەیەوە کە ئەزموونەکەی  هێشتا نەبووەتە ئەزموونێکی ئەدەبی ، ئەزموونێکی کەسی یە بەرەو ئەدەبییات دەچێ. نووسەری غەریزی پێ دەڵێن ، بڵێین شاعیری ئە لەو تیپەشمان زۆرە کە بەرهەمەکانی نەتیجەی ئەزموونەکانێتی ، بەڵام ئەزموونەکانی پاڵپشتێکی ئەدەبی قورسیان نییە.  یانی تەفسیری بۆ ئەزموونەکانی خۆی بەرتەنگە.  ئەتۆ  دەبێ ئەزموونەکانی خۆت تەفسیر کەیەوە بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونانە  تەفسیر کەیەوە  ئەو جیهانی ئەدەبییات بەو عەزەمەتەیەوە لە بەرانبەرت دایە، بە گەورەییەوە، چون جیهانی  ئەدەبییات بڵێین ئەوە شکسپییرە ، تۆڵستۆیە، باڵزاکە  ئەوانە خاوەن بەرهەمی زۆر گەورەی ئەدەبین  و دنیایەکی زۆر گەورەیە لە فکر و فەلسەفە. دوایە کە نووسەرێک دەچێ بۆ لای ئەدەبییات  ناکرێ  نەچێ بۆ لای فەلسەفە ، ناکرێ  نەچێ بۆ لای ڕەخنەی ئەدەبی.
 قازی: باشە ئێستا ئەگەر دەکرێ ووڵامی پرسیارەکەی من  بدەیەوە یانی قسەکان بهێنییەوە سەر زمانی کوردی.
 عەبباسی: بەڵێ من قۆناغێک بوو پێم وا بوو  دەبێ بە کوردی بنووسم و نابێ بە هیچ زمانێکی دی بنووسم.
 قازی: بش خوێنییەوە؟
عەبباسی:  نا ، خوێندنەوە نا . خوێندنەوەم مەمنووع نەکرد بوو. نا ، خوێندنەوەم قەت لە خۆم قەدەغە نە کرد بوو بەڵام  بە نووسین قۆناغێک فارسیم لە خۆم قەدەغە کرد بوو . پێم وا بوو بەس وەزیفەمە ، ئەرکی منە کە بە  زمانی کوردی بنووسم. لەو سەردەمیدا ڕۆمانێکم نووسی ، دوایەش جار جارە ووتار و شتم دەنووسی.
 قازی: باشە ئێستا کە باسی ڕۆمانت کرد  ، دەکرێ ناوی ڕۆمانەکەت یان ڕۆمانەکانت باس بکەی؟
عەبباسی:  بەڵێ دەکرێ ،  بەڵام تا ئێستا چاپ نەکراون
قازی : وەکوو نموونە
عەبباسی:  هێندێک لە ڕەفیق و  برادەر دیتوویانن ، ڕۆمانێکم نووسی بوو بە ناوی ' قسە و باسی ناو شار '  ، ئەوە بە کوردی بوو ، دووی دیکە بە فارسی بوون.
قازی:  ناوەرۆکی کۆمەڵایەتی هەیە؟
عەبباسی:  جیاوازن ، سێ ڕۆمانم نووسیوە هەموویان جیاوازن.
قازی: یەکیان بە کوردی
عەبباسی : و دوو بە فارسی . بەڵام مەبەستی من لە قسەکە ئەوە بوو  ئەتۆ کە چاو لە ئەزموونەکانت دەکەی یانی ئەو ئەزموونە پێت ناڵێ ئەتۆ دەبێ  ئەو ئیدێئۆلۆژییەی لە سەردەمی تۆ دا هەیە ئەتۆ ئەوەی قەبووڵ کەی. بەڵام ئەگەر ئەتۆ تەفسیری بکەی ئەو کاتی ئەتۆ دەتوانی تۆزێک لە ئەزموونەکەی  فاسیلە بگری، تۆزێک لێی دوور بکەوییەوە. ئێمە چارەنووسمان ئەوە بوو کە بەشێک بین لە  جووڵانەوەی ناسیۆنالیستی کوردی وەکوو بنەماڵە  و دوای شۆڕشی ئێران و ئەو شتانە. بەڵام کە تۆ لەو ئەزموونە دوور دەکەوییەوە بە مانای وەی نییە کە تۆ دژی  مافی گەلی کوردی. نا، ئەسڵەن. بە مانای وەیە کە دەزانی لە ڕێگای باشترەوە بۆ  ئەو مافانە حەول بدەی.
قازی:  ئەزموونت لەگەڵ زمانی سوێدی چۆنە؟ چونکە بە زمانی سوێدیش وا بزانم دەستت کردووە بە خوێندنەوە و تێێدا قووڵ بوویەوە.ئەزموونت لەگەڵ زمانی سوێدی چۆنە، خوێندنەوە بە سوێدی؟
عەبباسی:  ئەزموونم لەگەڵ  زمانی سوێدی خوێندنەوەم باشە بەڵام ،  بە فارسی خێراترم.
قازی: مەبەستم ئەوەیە هێندێک باس بکەی  وەختێک دەقێک بە سوێدی دەخوێنییەوە چۆن ئینعیکاس پەیدا دەکا لە زێهنت دا؟  چۆن چێژی لێ وەردەگری؟ مەبەستم ئەو لایەنانەیە.
عەبباسی:  ئەگەر ئەزموونی زمانەکان لە نەزەر بگرین ، ئەگەر ئێمە بێین بە زمانی کوردی و فارسی بەس ئەو بەرهەمانە بخوێنینەوە کە تەرجومە نەکراون ، خودی کورد و فارس نووسیویانن  ئەزموونێکی ئەدەبییاتی  نەتەوەیی ئەو فەرهەنگانە وەردەگرین . بەڵام ئەگەر بە کوردی و فارسی خەریکی خوێندنەوەی ' برایانی کارامازۆف '  و ' جینایەت و موکافات ' ی داستایۆفسکی و ئەوە بین  ئێمە لە فەرهەنگی خۆمان دا نین.  یانی دروستە بە زمانی خۆمان  بە کوردی دەخوێنینەوە  بەڵام ئەزموونەکەمان مەڕبووتە بە شتێکی دیکە، بە جیهانێکی دیکە. جا مەبەستم لەو قسەیەی ئەوە بوو  کە ئەتۆ  کە دەتەوێ  بە زمانی کوردی یان بە زمانی سوێدی شت بخوێنییەوە ، ئەگەر ئەمن بێم هەمان ئەو کتێبانە بە زمانی سوێدی بخوێنمەوە کە بە زمانی فارسی تەرجومەکانیانم خوێندووەتەوە ، بەڵام ئەگەر بێم ئەو نووسەرانە کەشف بکەم کە تایبەتن  بەو  زمانە ، سوێدی ..
قازی: ئەمن دەمەویست  دەقیقەن ئەو شتەت لێ پرسم مەسەلەن نووسەرێکی وەکوو یاشار  کەماڵ . یاشار کەماڵ هەم بە فارسی  تەرجومە کراوە، هەم بە سوێدی تەرجومە کراوە و  هەمیش بە کوردی تەرجومە کراوە. یانی بە نیسبەت ئەو کتێبانەی وی کە بە کوردی وەرگێڕدراون کەم نین. ئەگەر کەسێکی وەک جەنابت یانی خوێنەرەوەیەکی جیدی  ئیحتیمالەن بەو زمانانە کارێک یان چەند کاری یاشار کەماڵت خوێندبێتەوە  لە کێهەیان زیاتر چێژ وەردەگرێ و کێهەیان زیاتر ڕات دەکێشێ؟
عەبباسی:  ئەوە پێوەندیی بە سەرکەوتوویی وەرگێڕانەوە هەیە
قازی:  ئەمنیش مەبەستم ئەوەیە
عەبباسی: لەوانەیە  وەرگێڕانێکی کوردی سەرکەوتووتر بێ لە وەرگێڕانێکی سوێدی.
قازی: جا بە تایبەتی  ئەزموونی خۆت چۆنە؟
عەبباسی:  ئەزموونی من ئەوەیە  باشترین وەرگێڕانی یاشار کەماڵ  شوکر مستەفا بووە ئەوەی کە من خوێندوومەتەوە ، لەوانەیە شتی دیکە هەبێ ئاگام لێی نییە. لەو دواییانە دا  ڕۆمانی ' بەفر' م خوێندەوە کە بەکر شوانی وەری گێڕاوە.
قازی: ڕۆمانی پامووک
عەبباسی: بەڵێ ئی ئۆرهان پامووک ئەزموونێکی زۆر باش بوو. زۆربەی ئەو کارانەی وەرگێڕدراونە سەر زمانی کوردی خراپن با ئەوەی  بە ئاشکرا بڵێم. بە تایبەتی ئەو وەرگێڕانانەی کە لە فارسییەوە کراون زۆریان ، بەشی باشیشیان تێدایە، بەڵام  کەمیان باشن . بەڵام ئەمن ئەو باسەم پێ گرینگتر بوو کە تۆ  ئەو ئەسەرە ئەدەبییەی ئەو زمانەی  کە دەخوێنییەوە پێوەندی هەیە بەو  کولتوورەوە کە ئەو بەرهەمەی تێدا دەخوێنییەوە. یانی کە تۆ بتەوێ کولتووری سوێدی بناسی  کە تێیدا دەژی نابێ بچی یاشار کەماڵ  و تۆڵستۆی و باڵزاک و  داستایۆفسکی و شکسپییری پێ بخوێنییەوە بەڵکوو دەبێ بچی ئەو نووسەرە  نە ناسراوانە کە لە جیهان دا زۆریش  نەناسراون ، هێندێکیان لەوانەیە ناسراو بن بخوێنییەوە . بۆ کوردیش عەینی شتە ، یانی ئێمە دەبێ نووسەرانی کورد بخوێنینەوە  بزانین چ دەنووسن و نووسەرانی ئێرانی. دێرە دایە کە ئەدەبییاتی فارسی و کوردی لە ڕووی وەرگێڕانەوە  ، خوب ئەو کتێبانەی کە ئەدەبییاتی جیهانین بە هەموو زمانانی دنیایێ وەرگێڕدراون ، بە کوردی درەنگ دەست پێ کراوە، تازە  خەریکن ڕۆمانی گەورە تەرجومە دەکەن. بیستم  ڕۆمانی مارسێل پڕۆست وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی.
 قازی: لەو ڕۆژانە دا  دیتم کە کۆی ڕۆمان و چیرۆکەکانی چێخۆف بە کوردی وەرگێڕدراوە و بڵاو کراوەتەوە ، بەڵام پێم وا نییە لە ڕووسی یەوە وەرگێڕدرابێ.
 عەبباسی: بەڵێ منیش دیتم. نەخێر لە فارسی یەوە تەرجومە کراوە. بە هەر حاڵ دیسان هەنگاوێکی موسبەتە  بەو مەرجەی لەگەڵ دەقە فارسییەکە زۆر جیاواز نەبێ یان کەمووکورتی نەبێ لە ئاست دەقە فارسییەکە دا. دیسانیش  هەنگاوێکی زۆر باشە.
قازی: بەڵام لێرە دا شتێکیش بڵیین ئەوەی کە تەرجومە کردن لە زمانی یەکەم ڕا  هەمیشە دەبێ باشتر بێ. بۆ وێنە بەڕێز سەلاحەدین بایەزیدی هەیە کە وەرگێڕێکی زۆر چالاکی کوردە ، ئەو بەراوەردێکی کردووە لە یەکێک لە وەرگێڕانەکانی یاشار کەماڵ بە کوردی و لەبەر ئەوەی دەقەکە لە فارسی ڕا کراوەتە کوردیی سۆرانی  بەڵام لەگەڵ ماکی تورکی یەکە کە موقایەسەی کردووە دەڵێ فەرقی زۆرە. یانی مەبەست ئەوەیە کە وەرگێران لە زمانی یەکەمەوە زۆر باشترە .
عەبباسی:  شتی وا زۆر ڕوو دەدا بەڵێ ڕاستە.
قازی: یان ئاماژەیەکی کە کراوە بە وەرگێرانی ' شەڕەفنامە' کە هەژار کردوویە  کە باسی ئەوە دەکەن کە هێندێک دەستکاری تێدا کراوە.
عەبباسی:  لە هەموو زمانان دا وەرگێڕانی ئاوا هەیە کە  مەبەست لە وەرگێڕان، وەرگێڕانی دەقەکە، سەبکی دەقەکە ، شێوەی نووسینی دەقەکە، شێوازی دەقەکە نییە مەبەست توانایی زمانە. ئەوە وەفادار نابێ بە سەبکی ئەدەبی. وەرگێڕانێکی دیکەمان هەیە کە لەوێدا  وەرگێر حەول دەدا  کە نزیک بێتەوە لە  سەبکی نووسەر ، لەوێدا حەول دەدا کە هەموو جومەلات و شێوەی داڕشتنی  جوملەکان شێوەی نووسەر بەخۆوە بگرێ. لە کوردی دا هێستا ئەو شتە زۆر نەبووەتە باو ، یەکێک لە هۆیەکانی کورداندن ە ، ئەوەی کە پێی دەڵێن  پەتیگەری کە ئەمن پێم وایە ئەوە زۆر زەربەی لە زمانی کوردی داوە یانی زۆر زمانی کوردی لاوازکردووە  ئەوەی کە ئەتۆ لەگەڵ زمانی کلاسیکی خۆت پێوەندییەکانت بپچڕی.ئێستا ئێمە لە ئێران حافز، سەعدی ، نیزامی ئەوانە  خەڵک بە هاسانی دەخوێنێتەوە چون لە مەکتەبەکان ، لە قوتابخانە ، لە زانکۆکان دەرس  دراون کەسێکی دیپڵۆمی ئیمدادی هەبێ هەموو  ئەدەبی کلاسیکی فارسی هەزار ساڵ لەوە پێش دەخوێنێتەوە تا ئێستا. بەڵام ئێمە لەگەڵ  مەحوی و نالی و ئەوانە پێوەندییەکانمان  بەو شێوەیە نەماوە، زمانەکەمان  زۆر گۆڕدراوە بە نیسبەت سەد ساڵ لەوەی پێشەوە . هۆکارەکەی ئەوەیە ئیدێئۆلۆژییەک هاتووەتە ناوەوە  کە لە ڕوانگەیەکی سیاسی ناسیۆنالیستییەوە  ویستوویەتی زمانەکە دیزاین بکات . ئەو ئیدێئۆلۆژییە زەربەی لە زمانی کوردی داوە.
قازی:  ئێستا وەختێکی زۆرمان نەماوە  ئەگەر جەنابت بتەوێ لە چەند پنکت دا ، لە چەند خاڵ دا  پێشنیاز و ڕێنوێنییەک بکەی بۆ بینەرانی ئەو بەرنامەیە  بۆ ئەوەی کە ببنە خوێنەرەوەی باش  لە چەند نوختەی سەرەکی دا چییان پێ دەڵێی؟ ڕێنوێنییەکانت کامانەن؟
 عەبباسی:  ئەو تێبینیانە حەز دەکەم لە یەک دوو دەقیقە دا بڵێم دوایە  بێمە سەر باسێکی دیکە. تێبینییەکانم ئەوەیە بە پشوودرێژی و بەکاوەخۆ بە بێ پەلە کتێب بخوێننەوە ،  مەودای زۆر نەکەوێتە نێوان خوێندنەوەی فەسڵی کتێبێک تا فەسڵێکی دیکەی. ئەگەر وا بکەن باشتر ئەوەیە کە کورتە چیرۆک بخوێننەوە  چونکە کورتە چیرۆک لە دە لاپەڕە، بیست لاپەڕە ، چل لاپەڕە زیاتری تێ ناپەڕێنێ دەکرێ تۆ  دە دوو سەعات دا کورتە چیرۆکێک بخوێنییەوە. بەڵام کە دێیتە سەر ڕۆمان نابێ مەودای زەمانی دوورودرێژ لە نێوان خوێندنەوەی فەسڵەکاندا هەبێ. پشوودانیش دە نێو خوێندنەوە دا بەڵام بەو مەرجەی کە پشوو دان فکر کردنەوە بێ لە سەر  ئەو بەرهەمەی کە دەیخوێنیتەوە  تەفسیری لە سەر دەکەی.دوایە ئەو شتەی  دیشمان کە باس کرد پێوەندی  بە ناسینی ئەنواعی شێوەکانی نەقد و ڕەخنەوە هەیە . خوێنەرەوە خۆی دەبێ ئەو ئامرازانە بە دەست بێنێ  کە چۆن لە دەق نزیک بێتەوە . ئەو ئامرازانەش ڕەخنەی ئەدەبی پێکی هێناون.  

قازی: پرسیارێکم هەیە با بەرنامەکە بە ئەدەبییاتەوە تەواو بکەین  ئەوە چەند نووسینی بەڕێزتم لە بەر چاوە
' چەند پنکت سەبارەت بە ڕۆمان نووسین '  ،  ' رێئالیزم و لاسایی کردنەوە ' ،  کە لە سایتێک دا بە ناوی  'ڕەمز ئاشووب '  دا بڵاو کراوەتەوە و پاشان ' قەیرانی نووسەر و قەیرانی بەردەنگ ' یا  ' بحران نویسندە و بحران مخاطب '  بە گشتی ئەگەر هەموو قسەکان کۆ بکەینەوە سەر یەک بەڕێزت پێناسەت چییە بۆ ئەدەبییات ؟ دیارە  وەختەکە زۆر کەمە دەبێ زوو بیبڕینەوە.
عەبباسی: جا بۆیە ئەمن بە گشتی دێمە سەر ئەو باسەی کە مێژووی نەوعی ئەدەبی ، یانی ئێمە  مارکس وەختی خۆی پرسیارێک دەکا دەڵێ پرسیارەکەش بڵێین بڕێک بە شیگێفت زەدەگی  بە واق ووڕمانەوە دەکا کە چلۆنە ئێمە هێشتاش چێژ وەردەگرین لە ' تڕاژێدی یونانی ' ؟ چون مارکس دەڵێ تڕاژێدی یوونانی بەرهەمی  منداڵی بەشەری یە، منداڵی مرۆڤ ە. منداڵی مرۆڤایەتی یە، شارستانییەت لە منداڵی خۆی دایە. شارستانییەت هێشتا باڵغ نەبووە. بەڵام بۆ ئێمە ئێستاش ئەو هەمووە تەکامولمان کردووە و لە هەموو ڕوویەکەوە بەرەو پێشەوە چووین  کەچی موعجیبین بەو بەرهەمانە. ئەو بەرهەمانە دەخوێنینەوە هۆکارەکەی چییە؟ مارکس ووڵامێکی سەرڕاست ناداتەوە . بەڵام دوایە بێرتولێد بڕێخت و تێری ئیگلتن و واڵتر بێنیامین و ئاڵبێرت کامۆ کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەرانی سەدەی بیستەم هاتنەوە سەر ئەو پرسیارە. کە هۆکارەکە لە چی دایە؟ کامۆ دیارە ئاوا ووڵام دەداتەوە کە هۆکارەکە لە خودی دەقەکان دایە، دە خودی ئەوەی دایە کە ئەوانە مامۆستای تڕاژێدی نووسین بوون و ئێمە هیچ چارەیەکمان نییە بێجگە لەوەی شێوەی نووسینی تڕاژێدی لەوان فێر بینەوە. دەڵێ سەردەمی ئێمە ناتوانێ ئەو تڕاژێدییە بە قووەتە، بە هێزانە بخولقێنێتەوە کە یوونانییەکان خولقاندوویانە. ئەوە  ووڵامی کامۆیە. ووڵامی کامۆی ئەوەیە کە ئەوان کەسانێک بوون لە ئێمە بەهێزتر بوون  لە ڕووی فکری و هونەری و ئەدەبییەوە نەک ئەوەی کە منداڵ بوون. یانی ووڵامەکەی ئەوە نییە کە ئەوان لە قۆناخی منداڵی مرۆڤایەتی دا بووبن. هەر وەکوو لە سەر ئیفلاتوون و ئەرەستوو زۆر کەس پێیان وایە فەلسەفە کەسی لەوان گەورەتری تێدا نەبووە تا ئێستا ، ئەوەی کە دوو هەزار ساڵ لەوەی پێش هەبووە. تێری ئیگلتن دیارە ووڵامێکی جیاواز دەداتەوە  کە ئەگەربچمە سەری لەوانەیە باسەکە زۆر دوور و درێژتر بێ. تاریخی ئەو نەوعە ئەدەبییانە یانی  هۆی ئەوەی کە ئەسەرە ئەدەبییە کلاسیکەکان دەمێننەوە ئایا ئەدەبییات دەتوانێ ئیدیعا بکا بۆ هەمئشە ئەدەبییات دەمێنێتەوە؟ ئایا ئەگەر نەسلەکانی داهاتوو بایەخەکانیان بگۆڕدرێ یان بڵێین شێوەی بیرکردنەوەیان بگۆڕدرێ  دەچن شکسپییر بخوێننەوە؟ دەچن باڵزاک بخوێننەوە؟ یان ئەو شتە دەپچڕی ، ئەو پێوەندییانە دەپچڕێ . ئەو وەختی ئەوان بە شێوەیەکی تر بیر دەکەنەوە. ئایا دەکرێ بڵێین تووشی هەژاری و فەقیری فکری دەبن؟  یان لەوانەیە تووشی شتێکی گەورەتر ببن. شارستانییەتێکی گەورەتر بەرهەم بێ کە پێویستی بە هیومێروس و ئیفلاتوون نەبێ و لە نەتیجە دا ئەو ئەدەبییاتە هەموو وەکوو مەرحەلەیەکی مێژوویی لە شارستانییەت چاو لێ دەکەن.
قازی: زۆر زۆر سپاس بەڕێز عەبباسی بۆ  بەشداریت لە ڕاوێژ دا، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم ، هیوا دارم هەر وا بە گوڕ بەردەوام بی لە سەر خوێندنەوە و نووسین.
عەبباسی: زۆر سپاس ، ڕێزم هەیە
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە ' ڕاوێژ' ی ئەمجارەشمان کۆتایی پێ دێنین تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش .
تێبینی: ئەو بەرنامەیەی ڕاوێژ  ' هونەر و چێژی خوێندنەوە'  لە یەکشەمە ٣-ی مارسی ٢٠١٩  بە شێوەیەکی زیندوو لە تێلێڤێزیۆنی ستێرک  بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە سەری کاناڵی ' ڕاوێژ' بدەن لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیووب یان لاپەڕەی ڕاوێژ لە فەیس بووک دا.  










No comments: