Wednesday, May 29, 2019

چەمکی مۆدێڕنی مێژوو و مێژوونووسیی کوردی


هەڤپەیڤین لەگەڵ چنوور جەعفەر ئەحمەد
چەمکی مۆدێڕنی مێژوو و مێژوونووسیی کوردی
یەكشەمە ٢٠-ی ژانوییەی  ٢٠١٩
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ' ڕاوێژ' . لە ڕاوێژی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز چنوور جەعفەر ئەحمەد  کە پسپۆڕە لە بواری مێژوو دا و لە بەرنامەکە دا حەول دەدەین  بە شێوەیەکی گشتی لە سەر زانستی مێژوو قسە بکەین . زۆر  زۆر بە خێر بێی.

چنوور جەعفەر ئەحمەد:  زۆر سپاس بۆ جەنابتان

قازی: بەر لەوەی دەست بە قسەکانمان بکەین پێم خۆش بوو بینەرانیش ئاگادار بکەین کە ئەم بەرنامەیە ڕاستەوخۆ لە سەر تۆڕی  کۆمەڵی فەیس بووکیش بڵاو دەکرێتەوە. ئەگەر ئیجازەت لەسەر بێ کورتەیەک بەڕێزت بە بینەران بناسێنم. بەڕێز چنوور جەعفەر ئەحمەد دەرچووی بەشی مێژووی زانکۆی سلیمانی یە ، لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٤  بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک توێژەری یاریدەدەر لە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان  لە زانکۆی سلێمانی کاری کردووە . لە ساڵی ٢٠١٠ لە زانکۆی ئێگزێتر لە بریتانیا لە بەشی لێکۆڵینەوەی کوردی لە بواری مێژووی نوێ و هاوچەرخی کورد بڕوانامەی ماستری وەرگرتووە. ناوەرۆکی تێزی ماسترەکەی بریتییە لە 'چەمکی تێڕۆڕ و سەرهەڵدانی مێژووی تێڕۆر لە کوردستان ، گرووپی ئەنسارولئیسلام بە نموونە '. لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٣ وەکوو وانەبێژی مێژوو لە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی دەرسی ووتووەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٣ لە زانکۆی سترێلینگ و دواتر لە زانکۆی گڵاسکۆ لە ووڵاتی سکاتلەند  بەردەوام بووە لە سەر خوێندنی دوکتورا سەبارەت بە ' کێشەی کورد لە چوارچێوەی رێکەوتنە نێو دەوڵەتییەکانی سایکس – پیکۆ ، سێڤر و لۆزان و کاردانەوەی لەسەر نەتەوەی کورد و بەراوەرد کارییەکی مێژوویی و زانستی لە نێوان نەتەوەی کورد و جوولەکە' . ئێستا لە سکاتلەند دەژی و دانەبڕاوە لە کار و چالاکی و لەو بۆنانە دا کە لە مەڕ  بارودۆخی پارچەکانی کوردستان لە ووڵاتی بریتانیا ڕێک دەخرێن بەشداری دەکا. زۆر زۆر بە خێر بێی.

چنوور جەعفەر ئەحمەد: زۆر سپاس بۆ جەنابتان و سڵاو لە بینەرانی ستێرک تیڤی و هەر وەها پڕۆگرامەکەی بەرێزیشتان

قازی: زۆر تەشەکور دەکەم. لە سەر چەمکی زانستی زاراوەی مێژوو دەست پێ بکەین بە گشتی و ئەم چەمکە لای مێژوو نووس و ڕووناکبیران. دیارە لێرە دا جەنابت وابزانم زیاتر تەرکیزت کردووە لە سەر باشووری کوردستان. فەرموو،

چنوور جەعفەر: زۆر سپاس، بە حەقیقەت مێژوو یا زانستی مێژوو یەکێکە لەو پسپۆڕییانەی کە پانتاییەکی فراوانی لە فەرهەنگی ئەدەبییاتی کۆمەڵگە دا داگیر کردووە و ئەگەر بمانەوێ چەمک یان پێناسەیەک بۆ زانستی مێژوو ڕاڤە بکەین دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو نووسین و لێکۆڵینەوانەی کە چەند سەدە پێش ئێستا لە لایەن بیرمەندانی بیانی یان ئەوانەی کە لە ناو نەتەوەی کورد سەریان هەڵداوە و لە ئەنجامی ئەو تێفکرینانەی کە لە سەر زانستی مێژوو هەیانە چەند پێناسەیەکیان بۆ مێژوو داناوە. بۆ نموونە یەک لەوان کۆلین کۆ  یەک لەو زانا بیانییانەیە کە پێی وایە مێژوو زانستێک نییە کە ڕابردوویەکی مردوو بێت ، بەڵکوو مێژوو زانستێکە لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە قۆناغێک دا ئەنجام دەدرێ بە زانستێکی زیندوو ناوی دەبا. بۆیە مێژوو وەک زانستێکی زیندووە و لە ئێستا دا لەگەڵمان دەژی بە بۆچوونی کۆلین کۆ و چەند بیرمەندێکی ترمان هەیە بە ڕاست  کە لێکدانەوەیان  کردووە بۆ زانستی مێژوو هەر لە شەرەفخانی بەدلیسی لە ناو کورد کە چەند سەدە پێش ئێستا لە شەڕەفنامە دا باسی دەکات ، پێی وایە کە زانستی مێژوو لە سەرەوەی هەموو هونەرانەوەیە ،جگە لەوەی کە گێڕانەوەیەکە لە سەر حەدەسەکانی ڕابردوو  بەڵام وەکوو زانستێک لە سەرووی هەموو هونەران پێناسەی دەکات. بۆیە زانستی مێژوو ئەگەر ئێمە هەر لایەنە سیاسییەکەی وەربگرین  پێم وابێ تا ڕادەیەک بە هەڵە دەچین چونکە زانستی مێژوو  تەنها پێوەندی نییە بەو لایەنی سیاسییەوە. ئەمڕۆ ئەگەر کۆمەڵێک لە  مێژوونووسان بیانەوێ بابەتێکی مێژوویی تیوریزە بکەن  تەنها فۆکەس ناخەنە سەر لایەنە سیاسییەکەی بەڵکوو مێژوو  بریتی یە  لە لایەنی کۆمەڵایەتی ، سۆسیۆلۆژیش و  هەر وەها زانستێکە بەرجەستەیە لە بەینی  فاکت و ڕووداو و هەر وەها پێوەندی بە زانستی شوێنەواریشەوە هەیە. چونکە بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێ لێکۆڵینەوەیەک لە سەر  شۆڕشێک یا لە سەر  ڕاپەڕینێک بکەین دەبێ جێئۆپۆلیتیکی ئەو مەنتیقەیەش هەڵسەنگێنین و دواتر بتوانین بۆچوونێک یا ئایدیایەکی تەواو  لەو دەرئەنجامە بدەین بە دەستەوە. هەر بۆیە پێم وایە زانستی  مێژوو زانستێکە جگە لەوەی کە گێڕانەوەی حەدەس و  ڕووداوێکی ڕابردووە ،  کە لە لای زۆر نەتەوەکان ئەو حەدەسانە  دەبنە پەند  و عیبرەت وەرگرتن بۆ  بنیات نانی ئایەندەیەکی باشتر بۆ کۆمەڵگەکەیان ، هێندەش پێوەندی بە سیاسەت و بە جێئۆپۆلیتیک و بە بیئەی کۆمەڵایەتی و بە تەواوی  لایەکانی تری ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە  هەیە و بە چەمکی  مرۆڤایەتییەوە.

قازی:  لێرە دا مەسەلەیەکیش هەیە کە وا بزانم دەبێ ئیشارەی پێ بکرێ ئەویش  دەوری ئینسانەکانە لە پێک هێنانی ڕووداوەکان دا. ئەوە پێم وایە لایەنێکی زۆر گرینگە لە بۆچوونی تازە لەسەر مێژوو.  ئەوەی کە کەسایەتییەکان دەتوانن حەدەسێک یان ڕووداوێک  پێک بێنن یانی ئەوەش دەتوانێ بەشێک  لەو چەمکە بێ.

چنوور جەعفەر: بێگومان . حەقیقەتەن  مێژوو چۆن دەخولقێ، زۆر کات  لایەنێکی سروشتی حەدەسێکی مێژوویی دروست دەکا  یا ئەوەی زۆر جار کەسەکان ، پێرسۆنالیتییەکان دەبنە  هۆکاری دروست بوونی مێژوو.  ئەگەر بۆ نموونە لێرە ئێمە چرچیل وەرگرین دەڵێین  چرچیل مێژوویەکی دروست کردووە لە سیاسەتی  ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی سەیری کەین ناونەتەوەیی دا. بەڵام هەندێک کاتیش کۆمەڵێک ڕووداو  دەبنە هۆی ئەنجام دانی  یا خولقاندنی ئەوەی کە مێژوویەک بێتە ئاراوە و ببێتە سەرچاوەیەک بۆ دیراسە لە لایەن کۆمەڵێک لێکۆلەر و مێژوو نووسانەوە ، ئینجا ئەو حەدەسە  کەمتا زۆر وەکوو پێشتر ئاماژەم پێ دا دەکەوێتەوە سەر لایەنەکان. لایەنی کۆمەڵایەتی، لایەنی ئەمنی قەومی ، لایەنی جێئۆپۆلیتیکی و لایەنە سیاسییەکان. بۆیە زاراوەی مێژوو بە حەقیقەت هەر وەک دوکتور کەمال مەزهەر ئاماژەی پێ دەکات  بە زانستی زانستەکان پێناسەی کردووە کە پێی وایە هیچ زانستێک بە بێ گێڕانەوەی بەکگڕاوندێکی  مێژوویی ناکرێ وەکوو زانستێک شیتەڵی بکەیت و بیخەیتە بەر لێکۆڵینەوە.

 قازی:  پێم وایە دەور و ڕۆڵی ئینسانەکان لە ڕووداوەکان دا زۆر گرینگە وا نییە؟ بۆ وێنە ئەو هەڵوێستەی کە چرچیل لە زەمانی شەڕ دا هەیبووە ، مومکین بوو کەسێکی دیکە ئەو دەورەی نەگێڕابا کە ئەو گێڕای بۆ شکل پێدان بەو مێژووە کە ڕوویدا ، ئەمن مەبەستم ئەوە بوو زیاتر.


چنوور جەعفەر:  منیش مەبەستەکەم لەوە دا بوو  کە ووتم هەندێ کات کەسەکە وا دەکات کە مێژوویەک  بخولقێنێ لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دا ،  هەندێ کاتیش حەدەسەکە دەبێتە هۆ. بەڵام  ئەوەی کە زۆر فۆکەس دەخاتە سەر حەدەسە مێژووییەکە  بێگومان ئاخر جار دەگەڕێتەوە بۆ  لای کەسایەتییەکان.

قازی: با ئێستا هێندێک بێینە سەر مێژووی کورد. سەدەی بیست و یەک تازە دەستی پێکردووە ئێمە هێندە لە مێژ نییە لە سەدەی بیست و یەک دا دەژین. بە ڕای بەڕێزت ڕووداوەکانی سەدەی بیست، سەدەی ڕابردوو چەندە فۆڕمی داوە ، چەندە  کارتێکەری هەبووە لە سەر ڕەوتی مێژوو  لە کۆمەڵگەی کوردەواری دا بە گشتی؟

چنوور جەعفەر: سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردەواری  و ڕووداوەکانی مێژوو بە عام  ئەگەر وەکوو ئەو مەجالەی کە من کارم تێدا کردووە  واتە بواری نوێ و  هاوچەرخ لێی بڕوانین پێم وابێ ئێمە لە هاوچەرخ دا مێژوویەکی هێندە قووڵمان نییە ئەگەر بەراوەردی خۆمان بکەین بە کۆمەڵگەی ئەوڕووپییەکان ، کۆمەڵگەی بۆ نموونە فەڕانسایی یا بریتانیایی لە قۆناغی سەدەی بیستدا . قۆناغی سەدەی بیستی کورد دەتوانین مێژووەکەی زیاتر لە قۆناغێکی وەرچەرخانی  ڕۆژنامەگەری  ئەوەی کە لە سەردەمی بنەماڵەی بەدرخان ، لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست دا سەری هەڵدا  لە قۆناغێکی تەواو فۆرموولە کردن بە نەتەوایەتی  بگوازینەوە بۆ قۆناغی شۆڕشی چەکداری. بە تایبەت ئەمە کەی دەستی پێکرد لە دوای دابەشکردنی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی  لە ڕێکەوتنامەی سایکس – پیکۆ  ١٩١٦ دەبینی کاتێک کە ئینتیما نەتەوەییەکان زەق دەبنەوە  لە  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بە تایبەتی و هەر وەها  هاتنە ناوەوەی کۆمەڵێک فاکتوری وەکوو  ئینتیداب و سیستمی کۆلۆنیالیزمی  دەبینی مۆرکی نەتەوایەتییەکان کاتێک تۆختر دەبنەوە  و ئاڕاستەی مێژوو  مێژووی نەتەوەی کورد بە ئاراستەیەکی تر دا دەبات.

قازی:  یانی کەسێکی وەکوو ئەمین زەکی بەگ بۆخۆی باسی ئەوە دەکا  دەڵێ هەتاکوو هەڵنەوەشانی ئیمپراتۆری عوسمانی  ئێمە هەستمان پێ نەدەکرد کوردین .

چنوور جەعفەر:  مەبەستەکەی منیش هەر لەوە دا بوو بیزەبت. چونکە حەقیقەتەن ئەوەی کە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی جێکەوتەکانی کەوتووە چ بۆ تورک یا عەرەب ، کورد و فارس لە ناوچەکەدا  ئەوەی کە پێی دەگوترێ دەوڵەت – نەتەوە  زیاتر لەو سیستمە ئینتیدابییەی کە  لە ناوچەکە دا هەبوو هەروەک بەریتانییەکان و فەڕانسەییەکان  کە هاتنە ئاراوە زیاتر ئەویش کۆمەڵێک بەرژەوەندی مادی ، ئابووری و هەر وەها جێئۆپۆلیتیکی خۆیان هەبوو بێگومان ، مۆرکی نەتەوایەتی  بە تایبەت لای گەلی کورد لەو قۆناغە بە زەقی  دەر دەکەوێت بەڵام ئێمە  ناتوانین ئەو مێژووەی پێش ئەوەش بە ڕاستی  چۆن دەڵێی بستڕینەوە لە مێژووی  نەتەوایەتی کورد دا. بۆ نموونە پێش ئەوان شێخ  عوبەیدوڵای نەهریمان هەیە لە ساڵی  ١٨٨١ بەرەو  یەکەم سەرکردەی سیاسی کورد وەکوو لە مێژووی هاوچەرخ دا کە باسی لێ دەکرێ ، بە باوکی نەتەوایەتی کورد باسی دەکەن.یانی یەکەم کەس بووە کە دەنگۆی یەکێتیی نەتەوایەتی کوردی لە ناو  هەموو پارچەکاندا بڵاو کردووەتەوە

قازی: ئەوە دیارە تێخوێندنەوەی مۆدێڕنە


چنوور جەعفەر: تێخوێندنەوەی  مۆدێرن ئەو تێرمەی دەداتێ  بەڵام ئەوەش پێم وابێ هێشتا نەقسێک هەیە لە نووسینی  ئەو مێژووە دا چونکە ئەو  سەرچاوانەی کە بەردەستن یا ئەو   سەرچاوانەی کە لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە  بۆ ئێمە بە جێ ماون لە ناو  ئەو لێکۆڵینەوەی تێزە  بە دواداچوونەکان با بڵێین مێژوونووسانی  نوێوە ئیشی لە سەر کراوە  پێم وا نییە بە تەواوەتی دەستمان گەیشتبێتە  تەواوی ئەو سۆرسانەی ، سەرچاوانەی ، مەتریاڵانەی  کە وا بەجێ ماون لەهەموو فەرعێک یاخوو لە هەموو سووچێکی دا لێکۆڵینەوەیەکی دروستی لە سەر کرابێت.

قازی: باسی ئیمپراتۆری عوسمانیت کرد ، باسی  ئەوەت کرد کە بە هەڵوەشانی ئەو ئیمپراتۆرییە و  ئەو ڕێکەوتنەی کە ئەو دەمی هێزە دەسەڵاتدارەکان یانی زل هێزەکانی ئەو سەروبەندی بە تایبەتی  ئینگلیستان و فەڕانسە کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  لە ژێر تیشک و ڕووناکایی پەیمانی سایکس – پیکۆ دا کردیان  مەنتەقەکەیان دابەش کرد و خەتیان کێشا  گوتیان ئەوە باشووری کوردستانە ، ئەوە فڵانە،  هەرچۆنێک بێ ئەوەی کە دەبینین لە سووریا خەتیان کێشا  شارەکانیان دابەش کرد لایەک بوو بە ووڵاتێکی دیکە. یانی ئەو هەستی خۆ بە جودا دیتنە  لە بەرانبەر ئەوە دا دروست بوو ، مێژوونووسێکی مۆدێڕنی وەکوو ئەمین زەکی بەگیش ئەو مەسەلەیەی هەست پێ کردووە و زەقیشی دەکاتەوە. هەر چۆنێک بێ ئێمە ئێستا هەست دەکەین جیاوازین لەوەی کە دەیەوێ زاڵ بێ بە سەرمان دا لە باری هووییەتییەوە. بەڵام لە بەر ئەوەی کە دەزانین مەسەلەی دەوڵەت – نەتەوەکان لە مەنتەقەکە دا  بە شێوەیەک لە شێوەک چەمکێکیان لەگەڵ خۆیان هێناوە  لە چوار چێوەی دەوڵەت نەتەوە دا ئەمنی نەتەوەیی هاتووە ، قانوونی نێونەتەوەیی هاتووە لە پێشدا عیسبەتولئومەم یان پێک هێناوە دوایە بووە بە کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان . بە  پێویستی دەوڵەت نەتەوە لە ئێتنیکی جۆر بە جۆر پێک هاتووە  بەڵام لە بەرانبەر ئەو دەوڵەت نەتەوەیە دا کە لە هێندێک  جێ بە زەبر و زەنگ و  نکووڵی کردنی کولتووری دامەزراوە  و بۆ ئەو نەتەوانەی کە دەو دەوڵەتانە دا هەستیان بە بوونی خۆیان کردووە بووە بە زیندانێک نموونەی زۆر ئاشکرای گەلی کوردە. گەلی کورد لە ماوەی ئەو سەد ساڵەی ڕابردوو دا  هەتا ئەو چەمکە  دامەزراوە ، دیارە لە کۆنەوە لە ناوچە دا وەک  دەزانی ئیمپراتۆری هەبووە  و بۆ وێنە لە ئیمپراتۆری عوسمانی دا کەس لە بەر کورد بوون نکووڵی لێ نەکراوە یان نەهێڵن زمانیان بخوێندرێ ، بەڵام هەلومەرجەکە جۆرێکی تر بووە. یا دەوڵەتی ئێرانی وەکوو دەوڵەتێکی  ئێرانی لە کۆنەوە هەبووە بڵێین دەوڵەتۆکەی جۆر بە جۆر  کە یەکیان توانیویەتی  ڕێک بە ئەوانیدی بدا. بە گشتی مەبەستم ئەوەیە کە بۆچوونی جەنابت بزانم لە سەر دروست بوونی  دەوڵەت نەتەوە بزانم  ، یانی دەوڵەت نەتەوە چەندە بووەتە هۆی پێشێل کردنی ئازادی  ئەو نەتەوانەی کە نەیان توانیوە دەوڵەتی خۆیان دروست بکەن لەو هەلومەرجە دا ؟  

چنوور جەعفەر:  بە نیسبەت کوردەوە هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ  وەکوو دەبینین لە هەر چوار پارچەکە دا پێشێلکارییەکی  سەد لە سەد ئەوەیە کە لە لایەن ووڵاتانی پێش  ئەوەی کە لە لایەن ووڵاتانی ئیقلیمییەوە کە مەبەستمان فارس و تورک و عەڕەبی ئەمڕۆکەیە ، لە لایەن ووڵاتانی زل هێزی ئەوساوە  ئەو مافە پێشێل کراوە.  بە حەقیقەت یەک خاڵ ئێمە کە زۆر جار گلەیی لە چوار دەور  دەکەین دەڵێین کورد تا ئێستا نەبووە بە دەوڵەت  پێم وابێت دەبێ گلەییەکیش لە خۆمان بکەین . ئەمە خاڵی سەرەکییە کۆک نەبوونی ماڵی کورد  هەر لە سەردەمی ئەمارەتەکانەوە بیگرە هەتا وەکوو ئەو قۆناغەی کە دەگاتە سەدەی ٢٠. ئەگەر مێژووی کورد بخوێنینەوە ، مێژوویەکی پارچە پارچە بووە  و هەر وەها ئەو نەمەتەی وەکوو تەبعی خێڵەکی یا تەبعی عەشاییری یا  دەرەبەگایەتی جۆرێک لە ناوەکان  هەر وەک مارتین ڤان بڕاونێسن لە کتێبەکەی دا بە ناوی ' شێخ و ئاغا و دەوڵەت '  ئەو قۆناغەمان زۆر جوان بۆ شیتەڵ دەکا  کورد خاوەنی بابڵێین ئەو جۆرە پێگە کۆمەڵایەتییە  بووە بۆیە هەر کاتێک  ئەگەر شۆڕشێکی کوردی ، ئەو شۆڕشانەی  کە هەر یەک لە بەشەکانی کوردستان وەری گرین شۆڕشەکان  لۆکاڵی بوون و هەر وەها خاوەن ئایدێئۆلۆژیایەکی تایبەت نەبوون من  لە تێزەکەم دا زیاتر ئەو خاڵەم زەق کردووەتەوە کورد  هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵ دا بێ خاوەن ئایدێئۆلۆژیایەکی تایبەت  نییە وەکوو ئەوەی کە لە قۆناغی ڕێنێسانس دا  سەری هەڵداوە لە ئەوڕووپا دا  کە ئەو دەوڵەتانەی لە سەربنەمای فکر ێکی ئایدێئۆلۆژی دروست بوون بەڵام  ئەمە لە بوونی نەتەوەی کورد دا نابینین. ئەگەر پێمان وابێ دروست بوونی ئینتیمای  دەوڵەت دروست بوون هەر بە ڕێگەی چەکداری  یا بە فشار خستنە سەر چوار دەور یا کۆمەڵێک هۆکار دەبێت ، ئەگەر ئایدیئۆلۆژییەک یا بەکگراوندێک یاخو فەلسەفەیەکی مێژوویی لە پشتەوە نەبێت موستەحیلە ئەو ئامانجە بێتە بەرهەم. بۆیە بە شێوەیەکی گشتی یەکەم ؛   یەکنەبوونی ماڵی کورد و هەر وەها  جێئۆپۆلیتیکی هەڵکەوتەی با بڵێین مەنتیقەی  کوردستان کە سامانێکی  زۆری کانزایی لە خاکەکەی دا هەبووە  بووتە جێگەی چاوتێ بڕینی چوار دەور. ئەوانە  هەموو هۆکار بوون بۆ ئەوەی کە  کورد لەو قۆناغە دا بە جۆرێک لە جۆرەکان چی پێ نەبرێ و نەبوونی  کەسایەتی کاریزما. من کاتێک باسی دەوڵەتی  نەتەوەیی جوولەکە دەکەم سەیر دەکەی بۆ سازکردنی  هەوییەی سیاسی جوولەکە  کەسێکی وەک ئارتور بێلفۆر هەبووە کاتێک کە بێلفۆرنامەی ١٩١٧ دەر دەکا . ئەو یەکێک بووە لەو کەسایەتییانەی  ئیشی کردووە ، لۆبی  دروست کردن ئەمانە هەمووی پۆینتێکن ، خاڵێکن لە خاڵە سەرەکییەکان کە تۆ  لە هەر نەتەوەیەک دا هەبێ دەتوانی کاری بۆ بکەی بیکەیتە ئامانج  و خاڵی سەرەکی لە  ئەسنای گەیشتن بەو هەدەفەی کە دەتەوێ ئیتر دەوڵەتە، ئایا سەربەخۆیی یە، ئۆتۆنۆمی یە ، هەر جۆرێک لە جۆرەکانە کە مافی نەتەوەکەی خۆتی تێدا بەرجەستە بکەی و لە سەر خاکی خۆشت بێت.  و خاڵێکی تر بە ڕاستی بوونی کەسایەتی کاریزمایە لە نەتەوەی کورد دا. ئێمە  ڕاستە  شۆڕشگێرمان  هەبووە و سەرکردە و قائیدیشمان هەبووە بە هەزاران ، بە سەدان نموونە ئێستە لە هەر بەشێک بیگری.لە شێخ سەعیدی پیرانەوە، لە قازیی محەمەدەوە ، لە شێخ مەحموودی نەمرەوە و هەر وەها  بنەماڵەی بەدرخانییەکان . ئەمە ئەگەر ئێمە وەکوو کەسایەتییەک سەیریان بکەین  وەکوو  سیمبولێکی نەتەوەیی لەمڕۆ دا  جێگەی دەستخۆشی و هەر وەها جێ دەستیان لە مێژوو  دا دیارە ، ئەگەر بۆ نموونە لە ڕابردوو دا ئەوانەمان نەبوایە مێژووی کورد شتێکی ئەوتۆی لێ نەدەبوو کە ئەمڕۆ ئێمە خۆمان سەرقاڵی توێژینەوە بکەین ، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە وەکوو ئەوەی کە وایسمەن کردی ، کەسایەتییەک ئەگەرچی بیزنسمەنێک بوو  بەڵام سەیر دەکەی بە کار کردن بۆ بنیات نانی دەوڵەتێکی جوولەکە ، ئەو   دەورەی کە  وایسمەن هەیبووە لە بنیات نانی دەوڵەتێکی جوولەکە  و هەر وەها کارکردن لەگەڵ ئارتور بێلفۆر دا  لە کورد دا کەسایەتییەکی وامان نییە. ئێمە بۆیە زۆر کات کە مێژوو دەنووسین پێم وا بێ موقارەنە کردن یا خود زانستی کامپێراتیڤ یەکێکە لەو ڕێگایانەی  کە ئەگەر بتەوێ بێلایەن ب بی لە نووسینی مێژوو دا ، ئەگەرچی مێژووی نەتەوەکەی خۆشت بێ  کۆمەڵێک ڕەخنەی جیدی هەیە دەبێ  ئاڕاستەی ڕابردووی بکەی بۆچی لەبەر ئەوەی  داهاتوویەکی جوانتری لە سەر بنیات بکەی. ئێمە نابێ هەر بە شێوەیەکی عەواتیفی و هەر وەها سۆز و ئەو هەستە نەتەوایەتییەی کە لە ناخی هەر یەکێکمان  دایە گەیشتن بە سەربەخۆییە مێژووەکەی خۆمان  بکەینە ئوستوورە لە بەر چاوی عالەم. نەخێر پڕە لە کەموکورتی بۆیە نەبوونی  سیمبولیش یەکێکە لەو خاڵە سەرەکییانەی بە ڕەئی من هۆکارێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکان.

قازی: یانی پێت وایە  ئەوە وانەیەکە، دەرسێکە دەبێ لە ڕابردوو هەڵبهێنجێندرێ  لە دەوڵەت نەتەوەکانی کە دروست بوون.

 چنوور جەعفەر: بێگومان

قازی :  چونکە ئەو دەوڵەت نەتەوانەی کە دروست بوون ، ڕاستە وەکوو ئێتنیسیتە مومکینە ئەتۆ قەبووڵ بکەن ، لە هێندێک جێگا ئەگەر بە پێویستیان زانیبێ ئێتنیسیتەکەشت قەبووڵ ناکەن ، بەڵام هەرچۆنێک بێ ، لە سەر بنەمای تۆ، بە ناوی تۆ ، بە زمانێک کە  زمانی تۆش نییە کولتوور و فەرهەنگی ڕابردووش بۆ خۆیان دروست دەکەن. ئەوە چ لە عێراق، چ لە ئێران، چ لە تورکیا و چ لە سووریا وایە. باشە ئێستا بێینە سەر نووسینی مێژوو . پێت وا هەیە کە مێژوونووسانی کورد توانیویانە ئەو جۆرەی کە پێویستە بە شێوەیەکی ئۆبژێکتیڤ و  دروست مێژووی کورد بنووسن ؟ یا ئەگەر پێت وا نییە سەبەب چییە کە نەیان توانیوە؟ دیارە من دەزانم جەنابت زیاتر جەختت لە سەر  باشوورە بە گشتی  چونکە مومکینە فورسەتی ئەوە نەبووبێ کە هەموو کوردستان لە بەر چاو بگرێ. بەڵام تێبینی لە سەر بەشێکیش خۆی دەکرێ نموونەیەک بێ.


 چنوور جەعفەر:  ڕاستی نووسینی مێژوو  ئەگەر بچینە سەر خاڵێک لە خاڵەکان ، ئەگەر وەکوو مێژوونووسانی کورد سەیری مێژووی کورد بکەین  بە تایبەت بۆ نەتەوەی کورد  ئەو نووسەرە خۆماڵییانەی کە هەبوون لە سەدەی بیستەم دا  ئەوە دیارن وەکوو دوکتور کەمال مەزهەر، یانی تەمەنێک لە کار و چالاکییەکانی خۆیان  بۆ نووسینی مێژوو تەرخان کردووە.چەندەها کەسایەتی ترمان هەیە  ، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملۆ ، کتێبی ' کوردستان و کورد'ی دوکتور قاسملۆ  بە ڕاستی کارێکی گرینگە. لە هەر بەشێک لە بەشەکان ئەگەر سەیری کەی  ئەگەر وەکوو دایێری یا وەکوو یادداشت  یاخو یادەوەرییەکانیان  کە نووسیوە  یا وەک بەرهەمێک کە هەوڵیان داوە  لە دۆخێکی سیاسی  مێژووی کورد لە قۆناغەکانی ڕابردووتری  خۆیان بکۆڵنەوە  جێ دەستیان دیارە ناتوانین نکۆڵی لەو بەرهەمانە بکەین .

قازی:  ئێمە باسی شەڕەفخانی  بەدلیسی  لە زۆر کۆن دا دەکەین بەڵام دوای هەڵوەشانی  ئیمپڕاتۆری عوسمانی ڕا نابێ لە ئەمین زەکی بەگەوە دەست پێ بکەین؟ هەر وەها حوزنی موکریانی.

چنوور جەعفەر: بێگومان لە ئەمین زەکی بەگەوە دەست پێ دەکەین  ، دەگەینە حوسێن حوزنی موکریانی ، هەر  وەها مامۆستا عەلائەدین سەجادی  کە مێژووی ئەدەبییاتی کوردی بۆ نووسیوین . کۆمەڵێک بیرمەندی تر کە لەو قۆناغە دا  کاریان کردووە ئەمڕۆ تێزەکانیان بۆ ئێمە  جێگەی دەستخۆشی و لێکۆڵینەوەیە بەڵام  دووبارە دەگەڕێمەوە بۆ خاڵێکی سەرەتایی بۆ نموونە  شەڕەفخانی بەدلیسی کاتێک کە سەیری شەڕەفنامە دەکەی بۆ چینێکی تایبەتی نووسیوە کە تایبەتە بە  خانەدان و بنەماڵەکانی کوردی ئەو قۆناغە.

قازی: ئەخر باشە لەو قۆناغە دا دەیتوانی  ئەو چاوەڕوانییانە پێک بێنێ کە ئێمە ئێستا هەمانە؟

چنوور جەعفەر:  ئەگەر بمانەوێ مێژوویەکی پوخت بنووسین  من پێم وایە دەبێ دابەزین بۆ ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگا چونکە مەرج نییە ئەو مێژووەی ئەتۆ دەینووسی هەر مێژوویەکی وەسفی بێ ئەو کاتە دەرئەنجام یەعنی حەق نادەی بە مێژووەکەت. چۆن ئێمە کاتێک ئەو نووسینانەی ڕۆژهەڵاتناسەکان دەخوێنینەوە بۆ نموونە ڕیچ کە سەردانی باشووری کوردستانی کردووە لە کتێبەکەیدا ،  ' ڕێوایەتی مانەوەیەک لە کوردستان ' لە ١٨٢٠ کان کاتێک کە باسی شایی و هەڵپەڕكێی کوردیمان بۆ دەکات  ئێستاشی لە گەڵ دا بێ ئەگەڕ نەگەڕێینەوە  سەرچاوەکەی ریچ بۆ ئەو قۆناغە، ئەگەر بمانەوێ وەسفێکی کولتوور و ئەدەبییاتی کورد بکەین پێم وانییە هیچ کەسمان بتوانێ وسفێکی ئەو قۆناغە بکەین بەو شێوەیە،  بۆ ؟ لەبەر ئەوەی لەو قۆناغە دا خۆمان نەمان بوو. نووسەرمان نەبووە بنووسێ. یا کاتێک کە هامیلتن بە ناوچەی ڕەواندز و هەولێر دا تێ دەپەڕێ دووبارە دەبێ بگەڕێینەوە سەر نووسینەکانی ئەو ڕۆژهەڵاتناسە بریتانیایییانە. ئەوەی کە مێژوونووسی کورد کردویانە بە چاوێکی ڕەخنەوە ئەمڕۆ دەبێ ئێمە دیراسەی بکەین و هەر وەها مێتۆدۆلۆژییەکی تازەی بۆ دابنێین. دیسکۆرسەکان جیا بکەینەوە چونکە هیچ کام لەو مێژوونووسانە تێکەڵاوی عومقە کۆمەڵایەتییەکە نەبوون تەنها  حەدەسەکان  گێڕدراو نەتەوانێ. ئێستا ئەمڕۆ فەلسەفەی مێژوو یەکێکە لە بابەتە هەرە گرینکەکان. بۆ نموونە تۆ ئەگەر بتەوێ مێژوونووسێکی سەرکەوتوو بی دەبێ فەلسەفەی مێژووەکە دیاری بکەی یا ئەو دیسکۆرسەی کە دەتەوێ کاری لە سەر بکەی ئایا مێتۆدۆلۆژییەکەت چییە بۆ ئەوەی بتەوێ ئەو پرسیارانە گەڵاڵە بکەی کە بۆ لێکۆلێنەوەکەت  پێویستن . کە بتەوێ کۆتا نەتیجەی ئارگومێنتی خۆت بدەی بەدەستەوە ووڵامێکی جیدی بۆ ئەو پرسە بدەیتەوە کە مێژوو نووسی پێشتر لەتۆ کاری لە سەر نەکردووە.  محەمەد ئەمین زەکی بەک ، دوکتور کەماڵ مەزهەر یا عەلائەدین سەجادی یا قاسملۆ ، کۆمەڵێک  کە لە پێودانگ و مەجالی خۆیاندا نووسیویانە ، لەو مەجاڵە مێژووییانەدا من پێم وایە ئەمڕۆ ئێمە نووسەرانی مێژوونووس بە چاوێکی ڕەخنەیی بڕوانینە نووسینەکانیان . بۆ نموونە یەکێک لە کەسایەتییە مۆدێرنەکان ئەگەرچی لە ساحەی سیاسی کورد دا  ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە ئەویش  دیسان کاری کردووە  هەم وەکوو سیاسییەک ، سەیر دەکەی هەم وەکوو نووسەر و ئەدیب و مێژوونووسێک لە باشوور با بڵێین زۆرتر کەوتووەتە بەرچاو ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفایە  ، کۆمەڵێک کاری کردووە لە مەسائیلی مێژوو دا وەکوو کتێبەکانی ' میرایەتی بابان لە ناو بەرداشی ڕۆم و عەجەم دا ' کۆمەڵێک کاری کردووە کە دیراسە و لێکۆڵینەوەیە. یا لە سەر کۆماری کوردستان و یەکێتیی سۆڤییەت . وە هەر وەها ئەو قۆناغە شٶڕشگێڕییەی کە بابڵێین خۆی کاری تێدا کردووە دووبارە وەکوو مێژوویەک نووسیویە. بەڵام دووبارە من دەگەڕێمەوە بۆ ئەو نووسینانە کاتێک کە خوێندنەوەی بۆ دەکەم وەکوو چاوێکی ڕەخنەگر سەیری دەکەم. یەکێک لەبەرهەمەکانی لەم ئەخیرانەدا پێش وەفاتی کە بەچاپ گەیشت  ' بە دەم ڕێگاوە گوڵچنین ' بوو ، چوار بەرگی لێ چاپ کراوە. بەرگێک لە سەر مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی یە، بەرگێک لە سەر ئەدەبییاتی کلاسیکی کوردی یە  و بەرگەکانی تریش دووبارە کردنەوە بەرهەمەکانی بابڵێین  میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەم و کۆماری مەهاباد و هەڵوێستی یەکێتیی سۆڤیەت لە بەرانبەری دا. بەڵام سەیری دەکەی لە بەرگی یەکەم دا، مەبەستم لەچییە، مەبەستم لەوەیە کە ئێمە کاتێک  دەیخوێنینەوە من خۆم وەکوو خوێنەرەوەیەک دائیم هەمیشە بە چاوی ڕەخنە بەرهەمەکان وەردەگرم و خوێنەرەوەیەکی تریش دەتوانێ بۆ بەرهەمەکەی من بە هەمان شێوە بێ بەمجۆرە دەتوانین  ڕەوڕەوەی مێژوو بەرەو ڕەوڕەوەیەکی فراوانتر بەرین. لە یەکێک لە بەرگەکانی بەرگی یەکەمێتی، لاپەڕە شەست و یەکێتی کاتێک کە باسی شۆڕشی نوێخوازی کورد دەکات حەتمەن مەبەستەکەی ڕەوانشاد لەوە دایە دەڵێ کاتێک کە ئێمە بە شاخەکانی کوردستان دا تێ دەپەڕین، بە شاخەکانی باشووری کوردستان دا سەیر دەکەی زۆر شوێنەواری کەلەپووری مێژووییان  دێتە بەرچاو ئەو وەکوو سیاسییەک خۆی باسی دەکا، بەڵام من وەکوو ڕەخنەگرێک پێی بڵێم دەڵێ پێشمەرگەکان زۆر کات شەقیان لە گۆزەکان هەڵ داوە یان کردوویانە بە نیشانەی پێکانی فیشەکەکانیان. ئەی باشە خۆ ئەو کاتێک ئەو مێژوویەی بۆ ئێمە تۆمار کردووە ڕەوانشاد خۆی یەكێک بووە بابڵێین لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەو قۆناغە. یەعنی تاکی کورد لە کۆمەڵگا دا بەو جۆرە پەروەردە نەکراوە کە ئیحتیفاز بە مێژووەکەیەوە بکا. ئەوە من وەکوو ڕەخنەیەک ئەگەر ئاڕاستەی بکەم ، بۆچی لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی دووەمی بەرپرسیارەتی سیاسی بووە لەو قۆناغە دا ، دووەمیشیان پێم وابێ لە سیاسییەکانی باشوور دا لە ئاستێکی زۆر بەرز لە هەموویان هەستی بە  مەسئولیاتی بەرپرسیارەتی  لە مێژوو و نەتەوایەتی و ئەوە کردووە بۆ خاکەکەی. ئەمە چییە، ئەمە یەكێکە لە نموونەکان کە ڕەنگ دەداتەوە لە نووسینی کەسایەتییەک دا کە خۆی تەرخان کردووە  بۆ نووسینی مێژوو. بۆیە بە حەقیقەت یەكێکە لەو خاڵە گرینگانە کە دائیم مێژوو پێم وانییە  مێژوو مێژوویەک بێ موتەکامیل بێ ئینجا مێژوونووسی کورد بێ یا هەر مێژوونووسێکی تر بێ و بە تایبەتی کورد.

قازی: هێندێک  لەو کەسایەتیانە یان نووسەرانەی کە باست کردن دیارە بە پێویستیش وا نییە کە مێژوو نووس بن ، هێندێکیان بوون ، هێندێکیان نەبوون بەڵام ئەوان لە چوارچێوەی ئیدێئۆلۆژییەکی تایبەتی دا یانی لە چوارچێوەی  مارکسیسم – لێنینیسم و بەتایبەتیش  مۆدێلی ڕووسییەکەیدا مەسەلەکانیان هەڵسەنگاندووە و شرۆڤەیان کردووە بەڵام لە بەرانبەر ئەوە دا چ مەکتەبێکی دیکەی فکری بڵێین بە ئیدێئۆلۆژییەکی دیکەوە ویستوویەتی ڕووداوەکان و مەسەلەکانی  مێژووی کوردستان هەڵسەنگێنێ؟

چنوور جەعفەر: جا ئەوە یەکێک لەو خاڵانە بوو من ویستم ئاماژەی پێ بدەم. مەدرەسەی دیراسەی مێژووی کورد ئەگەر ئێستا سەیری قۆناغی سەدەی بیست کەین تەقریبی  لە دو دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەوە سەیرێکی بکەین ، مێژووی کورد دەتوانم ئەو تەوزیحە بدەم بە گوێگران، مێژووی کورد بە شێوەیەکی ئایدێئۆلۆژی نووسراوە ، دابەش کراوە بە سێ تەقسیم دا. ئایدێئۆلۆژیەتێکی چەپ ، کە لە نووسینی مێژووەکەدا سەیر دەکەی ئەمە لە ڕەنگدانەوەی نووسەرانی کورد دا بە داخەوە ڕەنگی داوەتەوە بە داخەوە. ئایدێئۆلۆژیا چەپەکە بە هەموو شێوە ئینتیمای نەتەوە بوون دەسڕێتەوە کە ئەمە زەرەر بووە بۆ مێژووی کورد بە حەقیقەت .

قازی: باشە دەکرێ ئاوا بە موتڵەقی ئەوە بڵێی؟ کوا وایە ئەوە. ئەتۆ ئاماژەت کرد بە نووسینەکەی قاسملوو  کوا لەو بەرهەمە دا ئینتیمای نەتەوەیی سڕاوەتەوە بە پێچەوانەی داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس دەکا بۆ نەتەوەی کورد.

چنوور جەعفەر: ئەوەی قاسملۆ ناتوانین بکەینە ئەو نموونەیە

قازی: بەڵام ئەو لە چوارچێوەی بیری مارکسیستی – لێنینیستی دا ئەو کتێبەی نووسیوە.

چنوور جەعفەر: بەڵێ لە چوارچێوەیە دا کارەکەی کردووە

قازی: بەڵام گوتت ئێدێئۆلۆژی چەپ  بە هەموو شێوە ئینتیمای نەتەوەیی دەسڕێتەوە بۆیە ئەوەم گوت بۆ ئەوەی زیاتر ڕوون بێتەوە.

چنوور جەعفەر: مێژوو بە حەقیقەت ئێستا بە نووسەرانی ئەم قۆناغەشەوە  سەیری بکەین پێم وانییە مێتۆدێکی زانستی تەواوی گرتبێ. ئەوە مەبەستەکەی من دەقیقەن لەو خاڵە دایە. یانی کە دەڵێم دابەش بووە تەقسیم بووە بە سەر ئایدێئالۆژیاگەرایی دا.مێتۆدە زانستییەکەیان لە بیر کردووە یانی سەیری دەکەی وەسفی بە لایەنێک، یا کەسایەتییەک دا ئەم  مێژووە ڕێچکەی گرتووە  کە پێم وا نییە ئەمە خاڵێکی سەرکەوتوو بێ چونکە مێژووی نەتەوەیی خۆت کەمێکی لێ دەکەیەوە و هەر وەها  بەشێکیشی دەبێتە هۆکاری سڕینەوەی ناسنامەی  خۆت.

قازی: کە دەڵێی ئەوە دەبێتە هۆی سڕینەوە مێژووی نەتەوەی خۆت ئەوە لە ڕاستیدا سەکنێک و هەڵوێستێکی ئیدێئۆلۆژیکە وا نییە ؟ یانی ئەتۆ لە چوارچێوەی قالبێکی ئیدێئۆۆلۆژی دا دەڵیی نەتەوە یان غەیری نەتەوە وا نییە؟

چنوور جەعفەر: بێگومان ئەوە قالبێکی ئایدێئۆلۆژی ، فکری یە.

قازی: ئەگەر ئەو شتانەی باسمان کرد بێنین ئاراستەی بکەین لە چوارچێوەی ناوەندەکانی ئەکادێمیکی کوردی دا بۆ نموونە لە زانکۆکان لە باشووری کوردستان ئەوانە چۆن ڕەنگی داوەتەوە. دیارە پێشتر لەم بەرنامەیە دا بەڕێز دوکتور نەجاتی عەبدوڵا میوان بوو هێندێک باسی ئەو مەسەلانەمان کرد بەڵام  لەو پێوەندییە دا بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە بەڕێزت لە زانکۆی سلێمانی دا دەرست وتووەتەوە پێت وایە ئەو مەسەلەیە لە زانکۆکانی ئێستا دا لە ناو وەچەی نوێی مێژوونووسانی کورد دا چۆن ڕەنگ دەداتەوە و بۆچوونی زانستی چەندە  بەرەو پێش دەڕوا بۆ ڕوانگە لە سەر مێژوو؟

چنوور جەعفەر: بە حەقیقەت ئەوە چەند ساڵێکە ئەمن لە کوردستان دابڕاوم ، لە ناوەندە ئەکادێمییەکە مەبەستم وەکوو ئەوەی وجودێکی فیزیکیم نییە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا  لە دوای ساڵی ٢٠١٣وە.

قازی: بەڵام بە خووێندنەوەی ئەو تێز و ئوترووحانەی پێشکێش کراون دەکرێ فکرت لا دروست بببێ

چنوور جەعفەر: بە خوێندنەوەی ئەو تێز و باکگراوندەی کە بەردەوام دا نەبڕاوم و لە ڕێی پێوەندی و کۆنتاکتەکانەوە  ئەوەی کە من ئاگادار بم سێنترێکمان هەیە بە ناوی سێنتری لێکۆڵینەوەی زانستی کە سەر بە وەزاڕەتی خوێندنی باڵایە ، ئەم بەشە بەشێکی با بڵێین تازەیە  تەرکیز دەکاتە سەر ئاڕاستە کردنی لێکۆڵینەوە  بە شێوازێکی مێتۆدی زانستی. جا لە هەموو مەجالەکاندا، مەجالی تبی، ئینسانی، و بە تایبەتی علوومە ئینسانییەکان کە پێویستە مێتۆدێکی زانستی تایبەتی هەبێ بەڵام ئایا تا چەند کاری لە سەر دەکرێ لە ناوەندە ئەکادێمییەکاندا بە حەقیقەت ئەگەر بڵێم حوکمێکی  موتڵەق لێرەوە ناتوانم بدەم بە سەریاندا بەڵام  وەکوو خۆم ئەوساڵە دەرسم بە خوویندکارەکان ووتووەتەوە ئەگەر باسی زانکۆکانی سڵێمانی بکەم بە تایبەتی علوومی ئینسانی و تەئریخ کە ئیشم تێدا کردووە سەیر دەکەی بە حەقیقەت لەو ئاستە دا نایبینی بۆچی لەبەر ئەوە چەند هۆکارێک هەیە . یەکەمیان سەرچاوە بەم شێوەیە لە بەردەست نییە بۆ خوێندکار و هۆکارێکی تر دەتوانی ڕەبتی کەیتەوە بە ئەدای مامۆستا، چۆنیەتی وانە ووتنەوە بە خوێندکار.  لە مەسائیلی ووتنەوەی وانە ئینسانییەکاندا  ئەمن پێم وا نییە کە بتوانی کۆنترۆڵی ئایدییای خوێندکار بکەی لە قاعەدا . بۆچی چونکە ئەتۆ ئەگەر مەنهەجێکت لە چوارچێوەی چەند پەڕە مەلزەمەیەک دا عەرز کرد بۆ خوێندکار ئەو موقەیەد دەبێ بەو بابەتەوە پێی وا نییە  کە لە غەیری ئەوە ئیتر شتێک هەبێ لە سەر بۆ نموونە شۆڕشێک لە شۆڕشە کوردییەکان ، شٶڕشی شێخ مەحموودی نەمر، یا کۆماری کوردستان قازیی محەمەد. پێی وا نییە لە غەیری ئەو شتە یاخود ئینتیمای نییە رێسێرچ بکا، خوێندنەوە بکا، بە دواداچوون بکا. بۆیە لەو لایەنەوە ئێمە زۆر کۆڵەوارین بە حەقیقەت. دەبێ خوێندکار دەست کراوە بێ بۆ ئەوەی کە خۆی بڕوات بە دوای سەرچاوە دا بگەڕێ.

قازی: یانی بە نیسبەتی ئەو زەمانی کە جەنابت لە دەرەوەی ووڵات دەست بە خوێندنی ماستر و دوکتورا بکەی پێت وایە لەو دەمییەوە گۆڕانکاری نەکراوە لە شێوەی دەرس ووتنەوەی تاریخ؟

چنوور جەعفەر: ئەگەر من بەراوردی قۆناغی خۆم بکەم بە قۆناغی ئەو ساڵە  کە دەرسم تێدا  وتووەتەوە موتڵەقەن گۆڕانکاری بە سەر دا نەهاتبوو. بۆچی لە بەر ئەوەی سەیر دەکەی وانەیەکت پێ دەوترێتەوە جیهانی سێیەمە یا بۆ نموونە مێژووی نوێی هاوچەرخی کوردە تۆ کە مامۆستاکە مەنهەجێکی موقەیەدی خۆی هەبێ تۆش فاڵۆئاپی ئەو دەکەی و ناچی ، ناگەڕێی و کوردیش ئەگەر بە حەقیقەت ئەگەر خاڵێکی تر لێرەباس بکەم ، لە نێو چینی خوێندەوارانی کورد دا ئاستێکی زۆر کەممان هەیە، ناخوێنینەوە، خوێنەرەوە نین بە کوردییەکەی. ئینسانیش کە خوێنەرەوە نەبوو ناتوانێ ئەو  عیلمەی هەیەتی بەرەو پێشی بەرێ چونکە هەر زانستێک لە زانستەکان بە تایبەتی مێژوو یەکێک لەو زانستانەیە دەبێ بەردەوام خۆت ئاپدەیت بکەیتەوە. هۆکارێکی تریش بە ڕاستی تەنیا پەیوەست نییە بە خوێندکار یا مامۆستا. لایەنی بەرپرسی باڵاتر کە زانکۆکەتە، کە وەزاڕەتەکەتە بەرپرسە لەو ئاستە بۆ؟ سەیر کە ئێمە لە سیستمی ئەگەر من باسی بریتانیا بکەم  هەر مامۆستایەک کە دەبێتە لێکچرر لە زانکۆکەی ئەگەر ساڵانە  لە بەرنامەی کاری خۆی  دا  چەند  لێکۆڵینەوەیەک نەکا، ئاپدەیت نەبێتەوە لە مەجالەکەی خۆیدا لەقەبی زانستییەکەی لێ وەردەگیرێتەوە بۆ ئەو میهنەیە. کە واتە یەعنی با دوکتوراشت هەبێ تۆ ناتوانی دەرس بە خوێنکارەکان بڵێیتەوە بۆچی؟ لە بەر ئەوە ریسێرچت نییە، کارت نەکردووە. بەڵام ئەمە لە کوردستان دا نییە بە داخەوە یانی تۆ کە بوویتە مامۆستای زانکۆ هەتا مردن ، هەتا ئەو رۆژەی تەقاعود دەکرێی یا ئەوەی تەمەنەکەت دەگاتە حەدی تەقاعودی سەیر دەکەی تۆ هەر مامۆستای زانکۆی. ڕیسێرچت هەبێ یا نەت بێ.

قازی: ئەو کۆمەلەیە یا گردبوونەوەیەی کە دەبەینی مێژوو نووسان و  مامۆستایانی مێژوو لە زانکۆکان دروست بووە لە باشووری کوردستان ئەوانە لەو زەمینانەدا ، لە سەر شێوەی دەرس ووتنەوە، لە سەر شێوەی قانیع کردنی خوێندکاران بەوەی کە دەبێ بۆ خۆیان بەشدار بن لەو شتەی دا کە کاری لە سەر دەکەن تا چەندە چووتە پێشێ تا چ ڕادەیەک قسەی لێوە دەکرێ؟

چنوور جەعفەر: بۆ ئەو پۆینتە بە ڕاستی ناتوانم ئایدییایەکی تەواو روون بدەم بە بیسەران چونکە ئەوەی ئەمن تا ئێستا ئاگاداربم بۆ نموونە ئێمە کۆمەڵەی مێژوونووسانی کوردستانمان ئەگەر هەشبێ تا ئێستا  کۆنفڕانسێکی سەرتاسەریمان نەبووە ئەوەی هەبووە  ئەکادێمیای کوردی یە کە دوکتور نەجات عەبدوڵا  کاری تێدا دەکا و بە حەقیقەت جێ دەستیان دیارە و تا ڕادەیەک ئیش دەکرێت بەڵام وەکوو مەسائیلی  پسپۆڕانی مێژوونووس لە هەر تەواوی زانکۆکانی باشوور کۆ بکەینەوانێ کارێکی وا نەکراوە . ساڵانە کۆنفڕانسات دەکرێ ، ئیشی توێژی خوێندەوار یا مامۆستایانی زانکۆ لە سەر ریسێرچی تاکە تاکەی با بڵێین ئەوەی لە زانکۆکان دەکرێت، ئیعلانی بۆ دەکرێت بە پێی ئاگادار بوونەوەیان تەنها لە سەر ئەو پێودانگە دەکرێت . پێویستە بە حەقیقەت ئەوەش بڵێم کۆمەڵێکیان لەپێناو بە دەست هێنانی لەقەبی زانستی یە بۆ ئەوەی ڕوتبەی زانستییەکەی پێ بەرزکاتەوە یا ئی وا هەیە دەگمەن لە سەد دا ، ڕێژەیەکی زۆر کەم بکەوێتە سەر ئەوەی  ئیتیمای ئەوەی هەبێ ئاپدەیتی زانستەکەی بکا بۆیە بە داخەوە  دەکرێ بڵێم بەشی مێژوو  یا زانستی مێژوو لە کوردستان  یەکێکە لەو زانستانەی کە تەواو ئیهمال کراوە.

قازی:  دەوری ژنانی مێژوو نووس. چونکە دەزانین  بۆ نموونە لە مێژووی سیاسی ئێران دا  یەکەم ژنی کە مێژووی نووسیوە ژنێکی کوردە و ئەویش مەستوورەی کوردستانی یە ، دیارە بە زمانی فارسی مێژووی بنەماڵەی ئەردەڵانی نووسیوە. دەوری مێژوونووسانی ژن چۆنە لە باشووری کوردستان  یانی هەیە دەتوانین بیان بژێرین بڵێین چەند ژن لە بواری زانستی مێژوو کار دەکەن لە باشووری کوردستان؟

چنوور جەعفەر: ئەو پرسیارە تۆزێک قورسە ووڵام دانەوەی چونکە بە حەقیقەت  ئێستا خۆم یەکێکم لەوانەی کە لە مەجالی مێژوو دا کار دەکەم بەڵام  سەیر دەکەی بەرهەمێکی  ئاوام نەبووە تا ئێستا بە حوکمی ئەو  بیئە زانستییەی کە کارم تێدا کردووە دەست کراوەییەکی وا نەهاتووەتە پێش . ئەوەی کە من ئاگادار بم بە حەقیقەت کەسایەتییەکی وا  لە مەجالی تەئریخ دا کە بڵیی جێ دەستی  دیار بێت نەکەوتووەتە بەر گوێم بە داخەوە.

قازی:   ئێوە لە قسەکانتان دا چەند جار هێماتان کرد بە  مێژووی کۆماری کوردستان. دەزانین کە دوو سبەی یانی ڕۆژی سێشەمە  ٢-ی ڕێبەندانە، حەفتا وسێ ساڵ  ڕادەبرێ بە سەر ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد.   پێم خۆش بوو وەکوو مێژوونووسێک بۆچوونی ئێوەش سەبارەت بەو  موناسەبەتە  کە بە شێوەیەک لە شێوەکان  مۆری خۆی بە مێژووی هاوچەرخی کوردەوە ناوە ببیسم.

چنوور جەعفەر: سەرەتا لێرەوە پیرۆزبایی یادی حەفتاوسێ ساڵەی  کۆماری کوردستان لە تەواوی کوردستانیان دەکەم چونکە  کۆماری کوردستان وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا مێژووی کورد  بە داخەوە پڕیەتی لە هەڵە و کەموکورتی  بەڵام لەگەڵ  هەموو کەموکورتیەکانیشمان دا دووپاتی دەکەمەوە ئەگەر ئەو مێژووەمان نەبێت  مێژوویەک نییە کە ئەمڕۆ وەکوو کورد شانازی  پێوە بکەین یا وەکوو ئێمە کۆمەڵێک ئەکادێمیک  کە هاتووینەتە دەرەوە ڕیسێرچ و بڕوانامەی  باڵایان لە سەر بە دەست دێنین بۆیە  سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی  کۆماری کوردستان و  مێژوویەکە بە حەقیقەت جێ مۆری خۆی  بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیارە  وەک کە بەشێک جیای کەیتەوە، بەڵام بۆ تەواوی کوردستان جێ هێشتووە  چونکە قازی بۆ نەمری و هەر وەها  بۆ هەتاهەتایە ناوی چووە مێژووەوە  کە ئەویش یەکەم وەفا بۆ بۆ ئیخلاس و  بردنە سەری بەڵێنەکانی بوو لەگەڵ میلەتەکەی خۆی. بۆیە جگە لە یادکردنەوەی ئەو بۆنەیە لە ساڵانە  لە کات و بەرواری خۆیدا  و هیوا دارم چونکە من دڵنیام کە  لایەنی چ قازیی محەمەد وەک کەسایەتی  و چ کۆماری کوردستان وەکوو  یەکەمین کۆماری کوردی کە دامەزرا لە  ٩٤٦ دا  دڵنیام کۆمەڵێک لایەنی شاراوە هەیە کە ئێمەی مێژوونووسان تا ئێستا دەرکمان پێ نەکردووە  و بە تایبەتی  سەرچاوەکان کە بە زمانی فەڕانسەیین جگە  لە دوکتور ئەفراسیاو هەورامی کە چەند  سەرچاوەیەکی پڕ بایەخی بۆ کردووینەتە کوردی  لە ڕووسییەوە .  ل بەر ئەوەی کە  پسپۆڕمان کەمە لەو مەجالە دا  ، یاخود نەماون لە ژیان دا کار بکەن لەو مەجالە دا  چەند دانەیەکی کەم لە بەر دەست دایە هیوادارم  چەند گەنجێک لە مەجالی زمانی ڕووسی دا خۆیان دەوڵەمەند کەن  و ئەو لایەنە زیندوو کەنەوە  بۆمان.

قازی: باشە. زۆر سپاس بەڕێز چنوور جەعفەر ئەحمەد بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا  داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم

 چنوور جەعفەر: زۆر سپاس بۆ جەنابتان و بۆ  بەرنامەکەتان
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە  دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان . پێم خۆش بوو ئاگادارتان بکەم کە ڕۆژی سێشەمە  بە بۆنەی تێوەرسووڕانەوەی حەفتاوسێهەمین ساڵی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە  تێلێڤیزیۆنی ستێرک دا بەرنامەیەکی تایبەتی سەعاتی هەشتی ئێوارە  پێشکێش دەکرێ کە لەو بەرنامەیە دا بەرێز ئەنوەری سوڵتانی مێژووزان و مێژوونووسی کورد کە بە  تایبەتی لە سەر مێژووی کۆماری کوردستان زانیارییەکی زۆری هەیە  و کاری کردووە بەشداری دەکا و  ئەو بەرنامەیە لە لایەن هاوکارمان بەڕێز  کاشار ئۆرەمارەوە بەڕێوە دەچێ. هیوادارم  بتوانن ئەو بەرنامەیە تەماشا بکەن بە تایبەتی  لە سەروبەندێک دا کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان و  بەتایبەتی دەبینین  لە باکووری کوردستان لە زیندانەکان دا  ئەو موقاوەمەتە  گەورەیە بەڕێوەیە و هەر وەها  ئەو نادڵنیایی و ناڕوونییەی کە هەیە  بە نیسبەت ئەو بارودۆخەی کە دوای بڕیارەکەی تڕامپ سەبارەت بە  ڕۆژئاوای کوردستان لە گۆڕێ دایە. لە هەلومەرجێکی ئاوا دایە کە حەفتاو سێیەمین ساڵرۆژی کۆماری کوردستان پیرۆزبایی دەکرێ . تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

 تێبینی: ئەم بەرنامەیە لە ئێوارەی یەکشەمە  ٢٠- ی ژانڤییەی  ٢٠١٩  بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ستێرک تیڤی یەوە بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی بەرنامەکە  دەکرێ سەری لاپەڕەی ڕاوێژ بدەن لە فەیس بووک دا یان لە کانالی ڕاوێژ لە یووتیوب دا تەماشای بکەن. 

















No comments: