هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور مەریوان ووریا قانع کۆمەڵگا و غەریبەکانی
هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور مەریوان ووریا قانع
' کۆمەڵگا و غەریبەکانی '
یەکشەمە ٣-ی فێڤرییەی ٢٠١٩
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر
بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە
بەڕێز دوکتور مەریوان ووریا قانع مامۆستا فاکلتی زانستە ئینسانییەکان لە زانکۆی
ئامستردام لە ووڵاتی هۆلەند. زۆر زۆر بەخێرهاتنی دەکەین . لەم بەرنامەیە دا لە سەر
یەکێک لە کتێبەکانی بەڕێزیان بە ناوی ' کۆمەڵگا و
غەریبەکانی' قسە دەکەین کە دیارە لەو کتێبە دا بەڕێزیان بە شێوەیەکی زۆر هەمە لایەنە
پەرژاوەتە سەر ئەو زوڵم و زۆرییەی کە لە ژنان، لە ئافرەتان دەچێ لە کۆمەڵی کوردستان
بەتایبەتی لە باشووری کوردستاندا . و هەر وەها زۆر بابەتی دیکە لەوانە ، ئەو
ئاڵوگۆڕانەی کە دوای ڕاپەڕین لە شارەکانی کوردستاندا پێک هاتووە و ئەوەی کە چۆن
سیستمی خوێندن تێک چووە و بە شێوەیەکی زۆر تایبەتیتریش لە سەر نەخشی ئێلیت یان
نوخبەی کۆمەڵگە دەدوێ کە چۆن نوخبە لە باتی ئەوەی کە نوخبە بێ بووە بەڕەعییەت. زۆر
زۆر بەخێرهاتنی بەڕێزت دەکەین. پێم خۆش بوو لە سەرەتاوە لەو مەسەلەیەی ڕا باسم کرد
مەسەلەی ژینگەی خۆ کوشتنی ژنان دەست پێ
بکەین و ئەوەی کە تۆ بە کوردی نێوت ناوە شڵەژانی پێوانەیی normative disorientation فەرموو .
مەریوان قا نع: لە ڕاستیدا ئەوە بۆخۆی
پڕۆژەیەک بوو ، پڕۆژەیەکی درێژ خایەن لە
سەر توندوتیژی جێندر و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان . وەکوو هەموو کوردێک کە من
سەرەتا دەستم بەوە کرد پێم وابوو کە شێوازی
هەرە سەرەکی توندو تیژی بەرامبەر ئافرەتان لە کوردستاندا بریتی یە لە تۆڵەی شەرەف،
کوشتنە لە سەر شەرەف ، لە سەر حەیا و لە سەر ئەم بابەتە شتانە. بەڵام ، دوای ئەوەی
کە من چەند جارێک گەڕامەوە بۆ کوردستان و ئامارێکی زۆرم کۆ کردەوە و لەگەڵ
خەڵکانێکی زۆر قسەم کرد دەرکەوت کە کێشەی ژمارە یەکی توندو تیژی لە کوردستاندا
کێشەی کوشتن نییە لە سەر شەرەف بەڵکوو کێشەی خۆ کوشتنی ئافرەتانە. یانی ژمارەی ئەو
ئافرەتانەی کە لە کوردستاندا خۆتان دەکووژن
زۆر زۆر گەورەترە لە ژمارەی ئەو ئافرەتانەی کە لە سەر تۆڵەی شەڕەف
دەکووژرێن. تەبعەن ئافرەت دەکووژرێ ، ئێمە ڕۆژانە لە هەواڵەکان دا دەبیستین بەڵام
یەکەم جار هەموویان لە سەر تۆڵەی شەرەف نین هەندێکیان هەر شەڕی ناو خێزانە گەورە
دەبێ دەبێ بە هۆی کوشتن. بەڵام وەکوو گوتم ، خاڵی یەکەم و دۆزینەوەی یەکەم بۆ من بۆ خۆم شوێنی سەرسوڕمان بوو ، ئەوە بوو
بۆم دەرکەوت ژمارەی ئەو ئافرەتانەی کە لە کوردستاندا خۆیان دەسووتێنن یان خۆیان دەکووژن زۆر زۆر گەورەترە لە ژمارەی ئەوانەی کە بە تۆڵەی شەڕەف دەکووژرێن.
پرسیاری سەرەکی لێرە دا ئەوە بوو باشە ئەو ئافرەتانە بۆ خۆیان دەکووژن ؟ ئەم فۆرمە
، ئەم شێوازە لە توند و تیژی لە کوێوە
دێت؟ ئەو کاتە من دەستم کرد بە خوێندنەوەی بەشێکی زۆری ئەو ئەدەبییاتەی کە باس لە
توندوتێژی دژی ئافرەتان دەکا. لە ڕاستیدا بەشی زۆری ئەو ئەدەبییاتە، ئەدەبییاتێکی
سوننەتییە، کۆنە. هەر لە ڕاستیدا جۆرێک لە گوێ پێنەدان و ئیهمال کردنیشی تێدایە ،
خۆ ماندوو نەکردن و ئەوانە. بەشێکی زۆری ئەو تەفسیرانەی من دۆزیمەوە هەندێکی دەڵێ
ئەوە خەتای ئیسلامە، ئەمە خەتای دینە ، ئێمە دینێکی خراپمان هەیە و ئەم دینە خراپە
دەبێتە هۆی کوشتنی ژنان. هەندێکی دیکە دەڵێن نا ئەمە خەتای کولتووری خێڵ و خێڵ
گەرایی یە و ئەم کولتووری خێڵە لە کوردستاندا هەیە و کولتووری خێڵ یەکسان دەکرێ بە
کولتووری کوشتنی ئافرەت بە بێ ئەوەی لە ڕاستیدا شەرحی بکەن لە بەر چی ئەمە وایە.
هەندێکی دیکەیان دەیبەستنەوە بە کولتووری جەنگی زۆر لە ناوچەکە دا، کوردستان لەوەتی هەیە توند وتیژی تێدا بووە و
ناسیۆنالیزمی کوردی خۆشی ناسیۆنالیزمێکە پیاو تێیدا باڵا دەستە. یانی کۆمەڵێک لەم
تەفسیرانە هەبوون کە بە بۆچوونی من هیچیان
بە شێوەیەکی تەواو موقنیع نەبوون و شوێنی ئەوە نەبوون باوەڕیان پێ بکەی. لەبەر
ئەوە پرسیارەکەی کە من کردم لە بەشی
یەکەمی ئەو کتێبە دا ئەوەیە ئایا ئەم فۆڕمە لە توند و تیژی لە کوردستاندا کە چ
ژینگەیەکدا دروست دەبێ؟ ئایا لە ژینگەیەکی
خێڵەکی یان ژینگەیەکی دینی یا ژینگەیەکی
ناسیۆنالیستی، ئەگەر بە پێی ئەو تەفسیرانە بێ، یاخود ئێمە لە دوای ڕاپەڕین
ژینگەیەکمان دروست کردووە ئەو ژینگەیە کۆمەڵێک کێشەی گەورەی تێدایە و یەکێک لە
دەرەنجامەکانی ژیان لە ناو ئەو ژینگەیە دا بریتییە لە خۆ کوشتن .
قازی: ئێوە لە کتێبەکە دا لە زۆر
جێگا ئاماژەتان کردووە بەو لێکۆڵینەوەیەی کە دوکتور مینوو عەلی نیا کردوویەتی کە دیارە وەختی خۆی میوانی ئەو بەرنامەیەش
بووە، بە تایبەتی ئەو لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەیەکی مەیدانی کردووە سەبارەت بەو
دیاردەیە و ئەو زوڵم و زۆرەی کە لە ژنان دەچێ بە تایبەتی لە باشووری کوردستان.
مەریوان قا نع : ڕاستە
قازی: و ئێوە زۆر بە شێوەیەکی
ئەرێنی باسی کارەکەی دەکەن.
مەریوان قا نع: ڕاستە. یەکێک لە کارە هەرە
جوانەکانە لە سەر مەسەلەی توند و تیژی بەرامبەر بە ئافرەتان لە کوردستاندا کرا بێ و یەکێکە لە کارە قووڵەکان. بەوە وازی نەهێناوە
بڵێ کولتووری خێڵ هەیە و کولتووری جەنگ هەیە و کولتووری ئیسلامی سیاسی هەیە
وئەوانە زیاتر چووەتە پێشەوە بۆ تێگەیشتن بە تایبەتی لە دیاردەی خۆ کوشتنی
ئافرەتان کە وا بزانم بۆ یەکەمین جار ئەو
باسی دەکات و لە پاڵیشیدا دەگەڕێتەوە بۆ چەمکی پیاوەتی.لە کۆمەڵگەی ئێمە دا چ
وێنەیەکمان بۆ پیاوەتی هەیە کە وا دەکات
پیاو خۆی بە خاوەنی مافی ئەوە بزانێت کە بۆی هەیە توند و تیژی بەرامبەر بە کچەکەی
یا ژنەکەی یا بە ئەندامانی تری مێینەی خێزانەکەی بە کار بێنێ. بەڵام من یەک کێشەم
لێرە دا لەگەڵی هەبوو، ئەویش ئەوەیە ئەمن پێم وایە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا،
ئەوەی کە من ناوم ناوە ' شڵەژانی پێوانەیی '
قازی: لە ساڵی ١٩٩١ بەملایەوە؟
مەریوان قا نع: بەڵێ. شڵەژانی پێوانەیی یەعنی
چی یەعنی تێکچوونی تەواوی سیستمی بەها سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا. هەموو کۆمەڵگایەک
کۆمەڵێک بەها و نۆڕمی دیاریکراوی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ لە پاڵیاندا مەسەلەی باشە لە خراپە، جوانی لە ناشیرینی،
ئەشێ لە ناشێ ، ڕاستی لە ناڕاستی، درۆ لە هەڵە ، دڵسۆزی لە خیانەت ئەوانە جیا
دەکاتەوە و ئەمە سیستمی بەهایە و هەموو کۆمەڵگایەک پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی لانی
کەم لە ئاستێکی زۆر گشتی دا هەندێک پێوەر هەبێ بۆ پێوانی باشە لە خراپە و چاکە لە
ناچاکە، وەکوو ئێستا باسم کرد. ئەوەی بە بۆچوونی من لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا ڕوو
دەدا ئەوەیە ئەم سیستمە دەکەوێتە قەیرانێکی گەورەوە، یانی لە دونیای دوای
ڕاپەڕیندا ئێمە نازانین بۆ نموونە خائین کێیە و دڵسۆز کێیە؟ پێوەرەکانی خیانەت و
پێوەرەکانی دڵسۆز بوون تێکەڵ دەبن بە یەکتری ،دەشێوێ. ئێمە نازانین کەسی باش کێیە،
کەسی خراپ کێیە؟ مەسەلەن گەندەڵی نەقڵ دەبێ لە ناو کایەی سیاسییەوە بۆ ناو
کایەکانی تر و دەوڵەمەند بوونی خێرا کە
ئەمە لە چاو هەندێک کەرتی کۆمەڵایەتی دیاریکراو دا دیاردەیەکی زۆر باشە بەڵام کە
تەماشای ژێرخانەکەی دەکەی چی هۆکاری ئەو دەوڵەمەند بوونە خێرایەیە یا دزی یە، یا
کارێکی مافیایی یە، یا گەندەڵییەکی گەورەیە . لەبەر ئەوە ئەوەی ئێمە لە دونیای
دوای ڕاپەڕیندا دەیبینین بەسەریەکەوە ڕوو دەدات
ئەمەیە، سەرجەمی ئەو پێوەرە گەورانە و پێوەری بەها سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە
دەکەونە قەیرانەوە و توانای ئیش کردنیان نامێنێ. بەر لە ڕاپەڕین ئێمە دەمان توانی
بە ئاسانی دەستنیشانی ئەوە بکەین کێ خائینە، کێ نیشتمان پەروەرە ، کێ ئینسانی
باشە، کێ ئینسانی خراپە. حەتتا ڕوانینمان بۆ جوانی بۆ ناشیرینی ئاسان بوو لێکیان جیا بکەینەوە. لە دونیای دوای
ڕاپەڕیندا ئەوانەمان بۆ ناکرێ. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەمە بە بۆچوونی من
پێوەندی بەو گۆڕانە خێرایانەوە هەیە کە ڕووی داوە لە ناو کۆمەڵگاکە دا. گۆڕانی
کۆمەڵایەتی بۆ نموونە یانی ئێمە نوخبەیەکی سیاسیمان بینی لە شاخەکانەوە هاتنە
خوارەوە وەکوو زۆر جار دەگوترێ ئەوانە پێڵاوی لاستیکیان لە پێ دابوو بەڵام ئێستاکە
هێلیکۆپتێریان هەیە، تەییارەی شەخسییان هەیە، ئێستا لە ووڵاتەکانی ئوڕووپایی دا
باڵەخانەی گەورە گەورەیان هەیە، کەشتییان هەیە، ئەم شتانەیان هەیە. یانی ئەمانە کە
هاتنەوە لە ڕاستیدا دەستکاری ئەو پێوەندیانەیان کرد کە هەژاری و دەوڵەمەندی لە
کۆمەڵگای ئێمە دا بە یەکتری دەبەستێتەوە. و لە ڕۆژگارێکی زۆر کەم دا هەموویان بوون
بە دەوڵەمەندی گەورە گەورە لە کاتێکدا
ئەمانە نوێنەریی جۆرێک لە پیاوەتییان دەکرد کە لە کۆمەڵگای ئێمە دا ناو نرا
بوو ' پیاوەتی پێشمەرگانە ' ، مانا سەرەکییەکەی پیاوەتی کەسێکە ئامادەیە قوربانی
بدا لە پێناوی مەسەلەیەکدا کە لە ژیانی
خۆی بە گەورەتری دەزانێ. پاراستنی نیشتمان، پاراستنی نەتەوە، پاراستنی خێزان ،
پاراستنی کۆمەڵگا، ئامادەگی بۆ قوربانی ، ئامادەگی بۆ ئازار چەشتن. ئێمە ئەو هەموو
حیکایەتانەمان هەیە لە زیندانەکانی بەعسەوە هاتوونەتە دەرەوە ، هی قارەمانەکان، هی
شەهیدەکان . یانی فۆڕمێک لە پیاوەتی پێشمەرگانە هەبوو کە فۆڕمی ئایدیئال بوو، ئەو فۆڕمە بوو کە
کۆمەڵگای ئێمە فۆڕمەکانی تری پیاوەتی پێ دەپێوێت و حەتتا فۆڕمی ئینسان بوونی پێ
دەپێوێت. ئەوەی ئێمە دەیبینین لە دونیای
دوای ڕاپەڕیندا ، ئەو فۆڕمە لە پیاوەتی پێشمەرگانە...
قازی: ئێستا ئەگەر بێینەوە سەر
مەسەلەی ژنان. ئێوە لە کتێبەکەدا بەو ئاکامە گەیشتوون کە ، لە ڕاستیش دا ئەوە زۆر
شتێکی تازەیە، یانی وا بە زەین دەگا کە ئەتۆ باسی ئەوە دەکەی ئەو سەبەبی کە ژنان حەول دەدەن بۆ خۆ کوشتن یا
بۆ خۆ سووتاندن لە بەر ئەوە نییە کە ئەوانە کەم خوێندەوارن و شتی وا بەڵکوو ئەوە
تەنانەت لە ناو ژنانی خوێندەواریش ڕوو دەدا. ئەوە چۆن شی دەکرێتەوە.
مەریوان قا نع: ڕاستە ، دەزانی چییە ، ئەو خاڵەی من دەمەوێ
بیڵێم، دەڵێم ئێمە ئەو شڵەژانە پێوانەییەمان هەیە ، ئێمە شڵەژانی بەها
سەرەکییەکانمان هەیە. ئینسانی ئێمە بە تەواوی، نەوە گەنجەکان توانایی جیاکردنەوەی باش لە
خراپیان نەماوە. ئەو دابەشکردنانەی کە ئێمە هەمان بوو نەماوە. ئێستا تۆ بهێنە پێش
چاوی خۆت خانمێکی تەمەنت ١٨ ساڵە لە شارێکی وەکوو شاری سلێمانی دا دەژی ، چی
دەبینی؟ تۆ لە سەرێکەوە کولتوورێکی بە کاڵا کردنی سێکس هەیە لە ووڵاتەکە دا، باس
لە لەش دەکا وەکوو لەشێکی سێکسی، ئێمە کولتووری هەڵبژاردنی شاجوان مان هەیە، دروست
بووە لە دونیای دوای ڕاپەڕین دا، کولتووری دروست کردنی گوتارێکمان هەیە لە سەر
سێکس کە لە هەموو میدیای کوردی دا ئامادەیە ، لە میدیا هەرە گرنگەکانیشدا ، باس
لەوە دەکەن باشترین فۆرمی سێکس کامەیە ؟ چ خواردنێک بخۆی دەتوانی سێکس زۆر بکەی،
لە چ کاتێکدا. یانی گوتارێکی زۆر ئاشکرامان
هەیە لە سەر بە سێکسی کردنی جەستە و بە ئیرۆتیک کردنی جەستە و بە باس کردنی
لە فۆڕمەکانی سێکس و ژیانی جینسی. بە دیوی ئەو دیو دا، هەمان کات گوتارێکی سەلەفی
دینیمان هەیە کە لە سەر شاردنەوەی لەش، لە سەر داپۆشینی، لە سەر بێ نرخ کردنی و لە
سەر کۆنتڕۆڵ کردنی سێکس و ژیانی سێکسی کار دەکا. ئەگەر تۆ خانمێکی تەمەن ١٦ ساڵ بی
بکەویتە بەینی ئەم دوو دیسکۆرسەوە زەحمەتە ، زۆر زەحمەتە تۆ بزانی بەرەو کامیان
دەڕۆی؟ و بەرەو هەر کامێکیان بڕۆی دەکەویتە
یەکێک لە ستراتێژییە سیاسییەکانی کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئێمە ئامادەن. یا دەڕۆیە
کەمپی دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە کە لە پێشمەرگەوە بوون بە بیزنسمەن ، بازرگان
یانی فۆڕمی تازەی پیاوەتی لە کوردستاندا فۆڕمی تازەی بیزنسمەنە. یانی بیزنسمەن،
بازرگانیش کەسێکە بازرگانی بە هەموو
شتێکەوە دەکا. لە نیشتمانەوە بۆ سێکس، بۆ ئافرەت و ئەم بابەتە شتانە. یانی
خاڵی سەرەکی لەوە دایە ئێمە لەم کۆمەڵگایە دا بە دۆخێک گەیشتووین کە تێیدا زۆر زۆر
گرانە، بە تایبەتی بۆ ئەو نەوە گەنجانە کە توانای جیا کردنەوەی باش لە خراپ ، ڕاست
لە ناڕاستیان هەبێ. جا ئەو ئافرەتانەی کە خۆیان دەکووژن، لە کوردستاندا بە تایبەتی
خۆیان دەکووژن زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکی شارە گەورەکانی کوردستانن، زۆربەی هەرە
زۆریان خوێندەوارن، زۆربەی هەرە زۆریشیان لە خێزانێکەوە دێن کە هەژار نین بە مانا
هەژارییەکەی ، ئەوەیکە ، یانی خێزانێکن خاوەنی داهاتێکی مام ناوەندین . ئەوەی کە
تێک چووە لێرە دا، لە دونیای سایکۆلۆجی ئەم کەسانە دا ڕێک ئەو شتەیە کە توانای
هەڵبژاردنەکانیان نەماوە ، نازانن چ هەڵبژاردنێک لە ژیان دا هەڵبژاردنی
ڕاستەقینەیە. پیاوی گەندەل بووە بە نموونەی پیاوی سەرکەوتوو، ئافرەتی گەندەڵ بووە
بە نموونەی ئافرەتی سەرکەوتوو. ئافرەت هەیە لەشی دەفرۆشێ. دیسکۆرسێک هەیە لە سەر
ئەوەی کە سێکس هەمو شتێکە، لەش دەبێ جوان بی ، و ئێمە شاجوان بە هەموو سیستمە
ڕەمزییەکەی خۆیەوە هاتووەتە ناو کولتوورە و هاتووەتە ناو کۆمەڵگای ئێمەوە. بە دیوی
ئەو دیو دا، تۆ گوتاری ئیسلامییەکانت هەیە، بە تایبەتی گوتاری سەلەفییەکان، گوتاری
هێزەکانی تریش کە ووتارێکە ڕێک لە سەر چەوسانەوەی ئافرەتە.
قازی: ئێستا بێینە سەر مەسەلەی
شارەکان. شارەکان و ڕووبەری گشتی. ڕوبەری گشتی ئەو کۆنسێپت و چەمکەی کە وا بزانم
یۆرگن هابرماس زۆر تەئکیدی لە سەر کردووە. ئێمە لە کۆمەڵەی کوردی دا، بە تایبەتی
ئێستا باسی باشووری کوردستان دەکەین چۆن دەتوانین پێناسەی ڕووبەری گشتی بکەین؟
مەریوان قا نع: خۆی ڕووبەری گشتی چییە؟
ڕووبەری گشتی بریتییە لەو ڕووبەرە گشتییە هاوبەشە کە کۆمەڵگایەک دروستی دەکات بۆ
ئەوەی تێیدا بە شێوەیەکی عەقڵانی لەگەڵ یەکتری دا قسە بکەن، ڕا بگۆڕنەوە و لە
دەرەوەی دوڵەت دا، لە دەرەوەی دەستگاکانی حوکمڕانی دا بتوانن جۆرێک لە ڕای گشتی و
جۆرێک لە ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی لە سەر بەشێک لە کێشە سەرەکییەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە
بە دەست بێنن. یانی پێناسە سەرەکییەکەی شتێکی لەو بابەتەیە. ئەوەی ئێمە لە دونیای
دوای ڕاپەڕین دا دەیبینین لە شارەکاندا
تەنها تێکچوونی شڵەژانێکی پێوانەیی بەهاکان نییە، بەڵکوو لە پاڵی دا دیاردەی بە
گێتۆ بوونی ئەو شارانە دروست دەبێت. یەکەم
جار بە گێتۆ بوونی شوێنی نیشتەجێ بوونی خەڵکەکان، یانی ئێستا تۆ بڕۆ بۆ شارێکی وەک
سلێمانی یا هەوڵێر تێیدا چەندان کۆڵان و گەڕەکی تازە دروست کراوە کە داخراون. یانی
ئەسڵەن تۆ ناتوانی بچیتە ژوورەوە ، لە بەر دەرگاکە دا پاسەوان هەیە و هەندێک شوێنی
تێدایە کە هەموو شتێکی تێدایە. خوێندنگای تێدایە، خەستەخانەی تێدایە ، کارەباکەی
تایبەتە، ئاوەکەی تایبەتە، سووپر مارکێتی خۆیان هەیە، بازاڕی خۆیان هەیە پێویستیان
بە دنیای دەرەوەی خۆیان نەماوە. بە دیواریش جیا کراونەتەوە لەوانەی دەرەوە و وەکوو
ووتم پاسەوان دەیان پارێزێ. ئەم فۆڕمە لە هەندەسە ، لە مێعماری ، لە ئاڕشیتێکت دا
هاتووەتە کوردستانەوە یەکێک لە ئەرکەکانی بریتییە لە دروست کردنی دابەشبوونی
کۆمەڵایەتی. جیا کردنەوەی کەرتە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە لە یەکتری.
ئەمە لە ئاستی مێعماری و گەڕەکەکان ، ئێمە چەند گەڕەکی لەو بابەتەمان هەیە و ئێمە
چەندان بینایە و عیمارەی گەورە گەورەمان هەیە لە کوردستاندا کە هەمووی دیسانەوە بە
فۆرمێک دروست کراون کە خەڵکەکان
پێوەندییان لەگەڵ یەکتری نییە. بەڵام
هاوشان بەرانبەر بەمە ڕووبەرێکی گشتیش هەیە لە کوردستاندا لە فۆڕمی قاوەخانە،
چایخانە و شوێنی کۆبوونەوەی خەڵک بەیەکەوە
کە ئەوانەش هەموو بوون بە شوێنی گێتۆیی ، کاراکتێرێکی گێتۆیی یان هەیە. مەسەلەن لە
سلێمانی دا کۆمەڵێکی زۆر قاوەخانە و چایخانە و شوینی کاپۆجینۆ خواردنەوە و ئەمانە
دروست بوون کە بەشی زۆری خەڵکی سلێمانی
ناتوانن بچنە ناویانەوە. لەبەر ئەوەی نرخەکانیان زۆر گرانە. یانی من خۆم کە هەموو
جارێ دەڕۆمەوە لە سلێمانی لە شوێنێک دا دادەنیشم، ئەو قاوەیەی کە ئەمن لەوێدا
دەیخۆمەوە زۆر گرانترە لەوەی کە من لە ئامستردام دەیخۆمەوە. و ئەمە ڕووبەرێکی
تازەیە بەشێکە لەو ڕووبەرە گشتیە کە لە کۆمەڵگای ئێمە دا دروست بووە بەڵام،
ڕووبەرێکی داخراوە، نوخبەوی یە و کراوە نییە بە ڕووی بەشێکی زۆری خەڵکی ناو کۆمەڵگای
ئێمە دا. وە ئەمە دیسانەوە گۆڕانێکە کە پێش قۆناغی ڕاپەڕین لە دونیای ئێمە دا
بوونی نەبووە. لە سلێمانی دا ، لە قۆناخی بەر لە ڕاپەڕین دا زۆربەی زۆری
چایخانەکان و نادیەکان و ئەمانە بۆ هەموو خەڵکی شارەکە کراوە بوون یانی دەیان
توانی بچنە ناوی. بەڵام لە ئێستا دا یەک دنیا ڕووبەری دیاریکراو دروست بوون شوێنی
خەڵکی ئاساییان تێدا نابێتەوە. خۆی ڕووبەری گشتی یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی
بریتییە لە دروست کردنی هەست کردن بە ئینتیما بۆ کۆمەڵگایەکی هاوبەش. لێرەوە ئەم
ڕووبەر گشتییانەی کە لە کوردستاندا دروست دەبێت یەکەم شت کە دەکوژێ و لە ناوی
دەبات ئەو هەست کردن بە ئینتیمایەیە بۆ پڕۆژەیەکی هاوبەش، بۆ ڕووبەرێکی هاوبەش .
یانی ڕێگرێکی ڕاستەوخۆیە لە دروست بوونی بیرۆکەی هاووڵاتی یەکسان و هاووڵاتی نیشتمان
و دژ بە لانی هەرە کەمی دادپەروەری
کۆمەڵایەتی یە. لە شارێکی وەکوو ئامستردام دا کە من تێیدا دەژیم هەموو چایخانەکانی
ئەو شارە، چایخانەکانی هۆتێلە پێنج ئەستێرەکانی لێ دەرچێ ، هەموو چایخانەکانی
تریان سەدان ، ئەگەر نەڵێم بە هەزاران چایخانە هەیە تەنانەت کراوەیە بە ڕووی
کەسێکدا کە ئیشی نییە و پارەی سۆشیال و پارەی هاریکاری کۆمەڵایەتی وەردەگرێ. بەڵام
ئەم کەسە لە باتی ئەوەی لەم چایخانەیە دا دوو چا بخواتەوە ، چایەک دەخواتەوە ،
پارەکەی بەشی ئەوە دەکا بەڵام دەتوانی بچێتە ناوی . بەڵام لەو ڕووبەرە گشتییانەی
کە ئێستا لە شارەکانی کوردستاندا دروست بووە ئەسڵەن خەڵکەکە ناتوانێ بچێتە ناوی،
بەشێکی زۆر لە خەڵکی کۆمەڵگای ئێمە ناتوانن بچنە ناوی. لە ناوەوە، ئەوانەی کە دەچنە
ناوی جلوبەرگێکیان دەبەر دایە زۆر جیاوازە لە جلۆبەرگی بەشێکی زۆری خەڵکی کۆمەڵگای
ئێمە، هەندێ جار ئەو زمانانەی کە قسەی تێدا دەکرێت لە ڕاستید کوردی نییە. من لە
زۆر لەو چایخانانە خەڵک دەبینم بە ، خەڵکی سلێمانی یە بە ئینگلیزی قسە دەکەن .
هەندێک جار بە تورکی قسە دەکرێ یانی فەزای
ناو چایخانەکەش و فەزای ئەو شوێنە گشتییانەی کە کراونەتەوە هیچی نایباتەوە ناو ئەو
فەزا گشتییەی کە کۆمەڵگای ئێمەی تێدایە.
قازی: لێرە ئیستێک بگرین. ڕەنگە ئەو
پرسیارە بۆ بینەران بێتە پێشێ یانی پێت وایە ئەو مەسەلەیە چەندە بەستراوەتەوە بە
پلان داڕشتنێکی ئانقەستە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە. بۆ وێنە بۆ پلان سازی شاری
تازە لەوانەیە تەسەوری ئەوەش هەبێ کە بە
دروست کردنی شوێنێکی ئاوا ڕاقی و خۆش ، لە درێژخایەن دا ئەوە دەتوانێ هەڵگەڕێتەوە
بە قازانجی جوانتر کردنی شارەکان . ئەوە چۆن دەبینی؟
مەریوان قا نع: دەزانی ئەوە خۆی بە بۆچوونی من بەشێکە لە دروست
کردنی دابەش بوون و پارچە پارچە بوونی
گەورە گەورە لە ناو کۆمەڵگاکە دا. یانی لە پشتییەوە ستراتێجییەت و عەقڵییەتێکی
سیاسی وەها هەیە کە ئەو کارانە دەکا. خۆی
خاوەنی ئەو شوێنانە زۆربەی جار بەشێکن لە نوخبە سیاسییە دەوڵەمەندەکان ، یانی
دەوڵەمەندە سیاسییەکانن، ئەوانەی کە سیاسەت دەوڵەمەندی کردوون ئەو جۆرە پڕۆژانەیان
هەیە و ئەوان خاوەنی ئەو پڕۆژانەن. کێشەکە لەوە دایە بە تەنها ئەمە نییە، یانی ئەم
پرۆسەی بەش بەش کردنە ئێمە لە ئاستی سیاسی دا هەمانە، لە ئاستی دینی دا هەمانە، لە
ئاستی ئارشیتێکتی شارەکاندا هەمانە. ئێستا ئەوەی کە دەیبینین ئێمە لە ئاستی
ڕووبەری گشتی دا هەمانە. وەکوو ووتم ڕێک ناکۆکە بە بیرۆکەی دروست کردنی ئینتیمای
هاوبەش و هاووڵاتی و فکرەی یەکسانی و ئەوانە. بەڵام دووخاڵی پۆزیتیڤی تێدایە ؛
خاڵی یەکەمیان ئەوەیە لەم شوێنانە دا ئافرەتی تێدایە ، ئافرەتی زۆر لێیە، یانی لەو
چایخانە و قاوەخانە و یانە و مۆڵ ژمارەیەکی باش لە ئافرەتان هەن کە بۆ یەکەمین جارە
ئێمە لە کۆمەڵگای خۆماندا ببینین ئافرەت بەو شێوەیە بچێتە دەرەوە بەڵام زۆربەی
زۆری ئەمانە کچان و ژنانی چینی ناوەڕاست و بەشی سەری سەرەوەی کۆمەڵگان و مناڵانی
خێزانە دەوڵەمەندەکانی سلێمانین و ئەو شوێنانە یەکێک لە وەزیفەکانیان ئەوەیە ئەو
پێگە چینایەتییەی کە هەیانە دوبارەی بکاتەوە. چۆن؟ مەسەلەن کوڕی کابرایەکی
دەوڵەمەندە، کچی کابرایەکی دەوڵەمەندە لەوێدا یەکتری دەبینن ، حەز لە یەکتری دەکەن
، شوو دەکەن بە یەکتری ، ژن دەهێنن بەو شێوەیە ئەو پێگە چینایەتییەی خۆیان جارێکی
تر دروست دەکەنەوە. بە هەر حال ئەو هاتنە دەرەوەیە ئەگەرچی هینی ئافرەتانی
کۆمەڵگای بەشی سەرەوەی ئێمەیە، هاتنە دەرەوەیەکی گرینگە و چوونە ژوورەوەی ئافرەت
بۆ ناو ئەو شتەی کە ناوی ڕووبەری گشتی یە گرنگە. خاڵی دووهەمیان لەمە دا کە گرنگە
ئەوەیە کە ئەم ڕووبەرانە ڕووبەری دینی نین یانی ئێمە ئەوەمان لە بیر نەچێ کە لە
کوردستاندا ، لە دنیای دوای ڕاپەڕین دا، لە ڕاستیدا ڕووبەری دینی بە شێوەیەکی
هێجگار هێجگار گەورە و نامەعقوول گەشەی کردووە یانی ژمارەی مزگەوتەکان، ژمارەی
تەکیەکان، ژمارەی گوتاری دینی، ژمارەی مەکتەبەکان، کتێبفرۆشییە دینییەکان ، ژمارەی
کۆرسە دینییەکان بە شێوەیەکی هێجگار گەورە و بەرفراوان گەورە بوون لە دونیای دوای
ڕاپەڕین دا. ئەم شوێنانەی کە من باسم کردن
بە هەموو ڕووە نێگاتیڤ و ناڕاست و خراپەکانیانەوە ڕووبەرێکی عەلمانین. ڕووبەرێکی
عەلمانی تازەن لە کۆمەڵگای ئێمە دا دروست
بوون و ڕووبەرێکی دینی نین و ئەمن پێم وا
بێ ئەمە خاڵێکی پۆزیتیڤە بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە وەکوو ووتم ئەمە بەشێکە لە
ستراتێجییەتێکی دیاریکراوی حوکمڕانی کردن کە کاری سەرەکی ئەم ستراتێجییە بریتی یە
لە بەش بەش کردن و لە رێگرتن لە دروست بوونی کۆگیریی کۆمەڵایەتی، ڕێگرتن لە دروست
بوونی مەفهووم و چەمکی هاووڵاتی ، ڕێگرتن لە دروست بوونی دابین کردنی لانی هەرە
کەمی دادپەروەری . لەبەر ئەوە پێم وا نییە، یانی شتێک نییە خۆ بە خۆ بەو شێوەیە هاتبێ بەڵکوو بەشێکە لە دونیا بینییەکی سیاسی و بەشێکە لە
پڕۆژەیەکی سیاسی.
قازی: دیارە بەڕێزت لە کتێبەکە دا
باسی سیستمی خوێندنیش دەکەی و خۆت وەکوو نموونە باس دەکەی و دەڵێی وەختێک کە لە
تافی منداڵی دا وا بزانم لە شاری سەید سادق چوویە خوێندنگە ، هاوکلاسەکانت ئەگەرچی
هەموویان سەر بە چینکی کۆمەڵایەتی تایبەتی نەبوون و تێکەڵاوێک بووبن لە چینی
دەوڵەمەند و هەژار بەڵام هەموو لەسەر نیمکەتی وەک یەک لە پۆلی ئەو مەدرەسەیە دا
دانیشتوون، باسی ئەوە دەکەی ئێستا ئەو سیستمە بە تەواوی شڵەژاوە و تووشی گۆڕانکاری
بووە، ئەگەر لە هەموو پلەکاندا باس بکەین لە قۆناخی سەرەتاییەوە هەتا دەگاتە
زانکۆ ئەوە چۆن شی دەکەیەوە؟
مەریوان قا نع: ئەمەش دیسان بەشێکی ترە لەو
پڕۆژەی بەش بەش کردن و لەت لەت کردنەی ناو کۆمەڵگای ئێمە. سیستمی خوێندن بە پێی
زۆربەی زۆری ئەو تیوریانەی کە باس لە دروست بوونی نەتەوە و نیشتمان دەکەن ڕۆڵێکی
زۆر گەورە دەبینێ لە دروست کردنی هەست کردنی ئینسان بە ئینتیما بۆ یەکەیەکی گەورە
ئیتر ئەوە ناوی نەتەوەیە یا ناوی نیشتمانە یا ناوی میللەتە ، یا هەر ناوێکی دیکەی
لێ دەنێی. یانی یەکێک لەو شوێنانەی کە نەتەوە یا نیشتمان یا میللەتی تێدا دروست
دەکرێ و دەبێ بە کارخانەی دروست کردنی میللەت و ئەو شتانە قوتابخانە یە. لەبەرچی ؟
لەبەر ئەوەی لە قوتابخانە دا بەو چەمکەی کە ئێمە ناسیومانە، بەو فۆڕمەی کە ئێمە
ناسیومانە ، هەر ئەوەی کە تۆ ئێستا باست کرد. ئێمە هەموومان لە یەک پۆل دا بووین.
کوڕی چینەکانی سەری سەرەوە لەگەڵ کوڕی چینەکانی خواری خوارەوە لە پۆلێکدا بوون .
کوڕی ئەفسەرە گەورەکانی سپا، کوڕی پزیشکەکان، کوڕی سیاسییەکان، ئەو دەمی ئەمن لە
سەید سادق بووم هەموومان لە پۆلێکدا بووین . منیش کوڕی یەکێک لە خێزانە هەرە
هەژارەکانی ئەو کۆمەڵگایە بووم ، ئێمە لە یەک پۆل دا بووین ، یەک مەنهەجمان هەبوو،
بە یەک زمان دەمانخوێند، یەک فەزا لە ناو پۆلەکەدا هەبوو ، یەک مامۆستامان هەبوو،
هەموو ئەم شتانە جۆرێک لە هەست کردنی هاوبەش دروست دەکات . نەک هەر ئەوە ، بەڵکوو
شانسێک بە مناڵی چینەکانی خوارەوە دەدا لەوێدا توانایی خۆیان بخەنە کار و مەودایەک
و ئەگەرێک بدۆزنەوە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی خۆیان. ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبینین
بریتی یە لە وێران کردنی ئەم پڕۆژەیە. ئێمە لە کوردستاندا چ دەبینین؟ دەبینین
خوێندنگاکان لە یەکتری جیا کراونەتەوە مەسەلەن ئێمە خوێندنگای حکوومیمان هەیە،
گشتیمان هەیە لەگەڵ ئەم خوێندنگا تایبەتەکاندا. ئەم دوو خوێندنگایانە هیچیان
لەویتریان ناچن. خوێندنگا تایبەتەکان مێتۆدی خوێندنەکەیان جیاوازە، ئەو زمانانەی
کە دەخوێندرێ جیاوازە، ئەو مامۆستایانەی کە دەرسیان پێ دەڵێن جیاوازن لە
مامۆستاکانی تر، فەزای ناو پۆلەکان فەزایەکی جیاوازە و هەموو ئەو مناڵانەی کە
دەچنە ناو ئەم خوێندنگا تایبەتانەوە مناڵەکانی یا چینی سەری سەرەوەن یا بەشی
سەرەوەی چینی ناوەڕاستن. و لە بەرئەوە لەو پۆلانە دا بەشی زۆری مناڵانی هەژاری کۆمەڵگای ئێمە و
مناڵانی چینەکانی خوارەوە بە وانە ناگەن، بەو مناڵانە ناگەن. یانی لە ئەساسدا تۆ
لە پۆلەکاندا تەنها ئەو کەسانە دەبینی کە لە خۆت دەچن. لە ڕووی ئابورییەوە لە خۆت
دەچن، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە خۆت دەچن، باوک و دایکیان کەمتازۆر هەمان پێگەی
کۆمەڵایەتییان هەیە وەکوو باوک و دایکی تۆ. لێرەوە کۆمەڵێک کێشەی سەرەکی دروست
دەبێ؛ یەکەمیان ئەوەیە ڕێ لە دروست بوونی سەرجەمی ئەو ئینتیما گشتییانە دەگیرێت کە
دەستگایەکی گرنگی وەک قوتابخانە ئەرکێتی دروستی بکا. خاڵی دووەم کە زۆر کێشەیە
لێرە دا ئەوەیە هەموو کۆمەڵگایەک پێویستی بە جۆرێک لە سەرەتای یەکسان هەیە. لە
دەسپێکردن دا، لە شوێنێکدا دەبێ هەموومان کە دەست پێ دەکەین یەکسان بین، دەنا دەبێ
بە جەنگەڵ، دەبێ بە دارستان. قوتابخانە ئەو شوێنەیە. دەبێ شوێنێک هەبێ مناڵی دەوڵەمەند،
مناڵی فەقیر، مناڵی مامناوەندی تێیدا دەست پێ بکەن و شآنسێک بە هەموویان بدا و
دواییتر نایەکسانییەکان دروست ببن، دواییتر کابرا دەوڵەمەندە کوڕەکەی دەنێرێ بۆ
خاریج، یان دەوڵەمەندە مامۆستای تایبەتی بۆ دەگرێت، ئەوانە هەمووی دەکرێت.
بەڵام لە هەنگاوی یەکەم دا بە نیسبەتی
مناڵانی ووڵاتی ئێمەوە، بە نیسبەت مناڵانی نیشتمانی ئێمەوە یا هەر کۆمەڵگایەکەوە
خاڵی یەکەمی پێویستیان بە بوونی ئەو سەرەتا یەکسانە هەیە وە ئەو خاڵی دەسپێکردنی
یەکسانە هەیە کە لە کۆمەڵگا دا ئەو هەستە
بە خەڵک دەبەخشێ کە تێیدا دەتوانن بە جۆرێک لە جۆرەکان پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان
بگۆڕن و سەر بکەون. لە ڕێگای خوێندنەوە، لە ڕێگای بە دەستهێنانی شەهادەوە، لە
ڕێگای فێربوونەوە بتوانن پێگەی خۆیان لە پێگەی مناڵی خێزانێکی هەژارەوە بگۆڕن بۆ
پێگەی مناڵێکی سەر بە چینی ناوەڕاست و دوایی ئیتر دەوڵەمەندتر بن. ئەمە لە کوردستاندا
وێران بووە. یانی سیستمی خوێندن بە درێژایی مێژووی سەدان ساڵەی ناو کۆمەڵگای ئێمە
بریتی بووە لەو شوێنەی کە ئەو سەرەتا یەکسانەی بەخشیوە بە خەڵک. جاران لە فەقێیەتی
دا فەقێکان کوڕی هەر کەسێک بایە لە فەقێیێتیەوە دەستی پێدەکرد لە ناو مزگەوتێک دا.
مەلایەک دەرسی پێ دەگوتی و گەشەت دەکرد. ئێمە چەندان نموونەمان هەیە کە خەڵکی زۆر
زۆر هەژار لە کۆتایی ژیانی دا بووە بە سەرۆکی یەکێک لە زانکۆ هەرە گەورەکانی دنیا.
مەسەلەن سەرۆکەکانی زانکۆی ئەزهەر لە میسر، من کۆمەڵێک دیراساتی زۆر ووردم لە بەر
دەست دایە لە سەر ئەوە، بەشێکی زۆریان ، زۆربەی مناڵی جوتیارە هەژارەکانن کە لە
لادێکانی میسرەوە هاتوونەتە ناو قاهیرە بۆ خوێندن و دوایی دەبن بە سەرۆکی زانکۆ.
دە وەرە ئەتۆ ئەمڕۆ یەک مناڵ لە کوردستاندا بۆم بدۆزەرەوە لە دەرەوەی نوخبە باڵا
دەستەکەی حوکمڕانییەکە، لە دەرەوەی مناڵانی خێزانە دەوڵەمەندەکانی سلێمانی و لە
دەرەوەی ئینتیمایەکی زۆر بەهێز بۆ دوو هێزە سیاسییەکەی کوردستان کە خەونی ئەوە
ببینێ ببێ بە سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، یا بە سەرۆکی زانکۆی هەوڵێر، یا بە سەرۆکی
زانکۆیەک لە زانکۆکانی تری ناو کوردستاندا. ئەمە هیچ وەک واقیع، وەکوو خەونیش
کووژراوە. یەکێک لە کارەساتە گەورەکانی قۆناغی دوای ڕاپەڕین بریتی یە لە ڕاستیدا
لە وێران کردنی ئەو سیستمی خوێندنە و بەش بەشکردنی و بەستنەوەی سیستمەکە و شێوازی
کار کردنی و ئەو زمانانەی کە تێیدا بەکار دەهێندرێت ڕێک بە قەول و ویست و حەزی
نوخبە هەرە دەوڵەمەند و هەرە باڵا دەستەکەی ناو کوردستان خۆیەوە. جا ئەمانە تەنها
لە قۆناغی سەرەتاییدا وا نین، قۆناخی ناوەندییان وایە، دواییتر کە تەواویش دەبن
دەچنە ئەو زانکۆ ئەهلییانە کە بە پارەیە و بە ئینگلیزی تێیدا دەخوێندرێ و ئەوانە
کە تەواویش دەبن بۆ خۆیان، بەشی زۆریان هەموو پێگە گرنگەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە بۆ
خۆیان دەبەن. پێگە ئیدارییەکان دەبەن، پێگە سیاسییەکان دەبەن و بەم شێوەیە ئێمە لە باتی ئەوەی دەستگایەکمان
هەبێ لە ڕاستیدا کاری دروست کردنی ئەو هاوشێوە و لێکچوونە کۆمەڵایەتی و هاوبەشانە
بێ وەکوو بەشەکانی تری ناو کۆمەڵگاکە، ڕێک لە سەر وێران کردنی ئەوە کار دەکەن.
قازی: بەڕێزت لە بەشی دوایی کتێبەکە
دا باسی پیشەسازی دروست بوونی نوخبە دەکەی ، نوخبە بە مانای توێژی بژاردە، سەردەست
یا ئێلیت و وای دەناسێنی ئەوە نوخبە نییە بەڵکوو ملکەچە و بە ڕەعییەت ناوی دێنی. لەو بارەیەوە ئەگەر
هێندێک بە دوور و درێژی قسە بکەی باش دەبێ.
مەریوان قا نع: دەزانی کاک حەسەن هەموو
کۆمەڵگایەک، کۆمەڵێک نوخبەی هەیە ، هەموو کۆمەڵگایەک . کۆمەڵگا نییە لە دنیا دا بێ
نوخبە بێ. نوخبەش دائیمە کەمینەیەکی پچووکی خاوەن نفووز و خاوەن کاریگەرییە و ئەم
کەمینەیە ئەم نفووز و کاریگەرییەی لەوەوە نەهێناوە کە دەسەڵاتی سیاسی هەیە یا
دەوڵەمەندە ، بەڵکوو دەسەڵاتی نوخبە لەو
زانیاری و زانین و لێهاتوویی و لێوەشاوەییەوە دێت ، دروست دەبێت کە هەڵگرێتی .
یانی نوخبەی ڕۆشنبیری لە ووڵاتێکدا کە دروست دەبێت خەڵکانێکی تێدایە مەسەلەن لە
ڕێگای سیستمی خوێندنەوە شتێک فێر دەبن و
دوایی ئیتر خەریکی خۆیانن، دەبن بە هەڵگری زمانێکی دیاریکراو، زمانێکی تایبەت
و دەتوانن بنووسن و دەتوانن قسە بکەن و ئەمە دەبێ بە سەرمایەیەکی ڕەمزی بۆیان، ئەو
سەرمایە ڕەمزییە دوایی پارەی تریان بۆ پەیدا
دەکا و بەم شێوەیە. بۆ نموونە لە ووڵاتێکدا نوخبەیەکی بازرگانیت هەیە یا
نوخبەیەکی ئابووریت هەیە، ئەم نوخبە ئابوورییە زۆربەی زۆری جاران لە کۆمەڵگای ئێمە دا بەقۆناغێکی دوور و درێژ دا
تێپەڕیوە تا دروست بووە، یانی دەوڵەمەندێک لە قۆناغی بەر لە ڕاپەڕین دا دەوڵەمەند
بوونەکەی مێژووی هەبوو ؛ مەسەلەن مێژووەکە بە دووکانێک دەست پێ دەکا دەیکا بە دوو
دەیکا بە سێ دووکان دوای بیست ساڵ، سی ساڵ دەبێ بە بازرگانێکی یەکجار گەورە و
تەماشا دەکەی پارەکەی کە کردوویەتی بە بەشێک لە نوخبە ئابوورییەکە پێوەندیی بە
لێزانی لە بواری ئابووری و ئەو شتانە دا هەیە. بەڵام ئەوەی لە دونیای دوای ڕاپەڕین
دا دروست دەبێ دیسانەوە وێرانکردنی ئەم میکانیزمانەیە. ئێمە لە دنیای دوای ڕاپەڕین
دا نوخبەیەکی سیاسیمان هەیە، نوخبەی ئابووریمان هەیە، نوخبەی سەربازیمان هەیە،
نوخبەی میدیامان هەیە، نوخبەی ئەمنیمان هەیە، نوخبەی زانکۆمان هەیە ، نوخبەی
دینیمان هەیە، نوخبەی ئاکادێمیمان هەیە ، ئەمانەمان هەموو هەیە. بەشی زۆربەی زۆری
ئەمانە لە سەر ئەساسی شارەزایی و لێزانیی و بەرپرسیارەتی و ئەو بابەتە شتانە
نەبوون بە نوخبە . خۆی یەکێک لە ئاکارەکانی نوخبەش بریتی یە لەو ئەدەبییاتەی دا کە
باس لە نوخبە دەکا. ئەوەی ئێمە دەیبینین لە دونیای دوای ڕاپەڕین دا و ئەمە ڕەنگە
یەکێک لە خراپترین و وێرانترین دەست خستنە
ناو ئەو کۆمەڵگای ئێمە بێت لە لایەن حوکمڕانانی هەرێمەوە ئەویش ئەوەیە نوخبەکانیان
لە نوخبە بوون خست. یانی لە هیچ بوارێکدا، لە بواری سەربازی ، بواری ئاکادێمی،
بواری ئابووری، بواری سیاسیدا ئەوە کە دەبێ بە نوخبە لە سەر توانا و شارەزایی خۆی
نەبووە بە نوخبە، بەڵکوو لە سەر ئینتیمای سیاسی، لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ چ هێزێکدا
پێوەندی هەیە، کێ دەناسێ و وەلائی بۆ کێیە ئەم شتانە کردوونی بە نوخبە. مەسەلەن
نوخبەی داوەرەکان ئەوانەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا داوەرن و داوەرەکانن کە داندراون.
بەشێکی زۆریان بە تایبەتی ئەوانەی کە دەسەڵاتیان هەیە زانین و توانا و شارەزایی
خۆیان نەیبردوونەتە ئەو شوێنانە. ئەوانە کە بۆ نموونە ئەمڕۆ تێلێڤیزیۆنەکان بەڕێوە
دەبەن، ئەوانەی کە یەکێتیی مامۆستایان بەڕێوە دەبەن ، ئەوانەی کە یەکێتیی
میدیاکاران بەڕێوە دەبەن ئەوانە هیچ یەکێکیان توانای خۆیان ئەو پێگانەی پێ
نەبەخشیون کە پێگەی نوخبەی ووڵاتەکەیە بەڵکوو ئینتیمای سیاسییان و ئینتیمایان بۆ
کەسانێکی دیاریکراوی ناو هێزە سیاسییەکانی
کوردستان بردووینەتە ئەوێ. لە بەر ئەوە نوخبەکان خۆیان بەر لە سیاسییەکان
دەزانن کە ئەو پێگەیەی کە ئەوان هەیانە
پێگەی ڕاستەقینەی ئەوان نییە و بەر لە هەموو کەسێکی دیکە دەزانن کە پڕۆسەی بەر لە
نوخبە بوونیان بە ناو کۆمەڵێک میکانیزمی ڕاستەقینە دا تێپەڕ نەبووە کە پێوەندیی بە
دروست بوونی نوخبەوە هەبێ بەڵکوو زۆربەی زۆری بڕیاری سیاسی دروستی کردووە. و
لێرەوە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئێمە لە دنیای دوای ڕاپەڕین دا ئەوەیە زۆربەی
زۆری نوخبەکانی ئێمە یەکەمان لە نوخبە خراون، دووهەم بوون بە ڕەعیەت. بوون بە
ڕەعیەتێکی دەست لە سەر سنگ بۆ سەرجەمی ئەو بڕیارە سیاسییانەی کە لە ووڵاتەکەدا
دەدرێ. ئێمە ڕۆشنبیرمان هەیە بووە بە ڕۆشنبیری بەیعە. ڕۆشنبیرت هەیە ڕێک پڕۆپاگاندە
بۆ بەیعە دان بە هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکات، وەلائی سیاسی کەوتووەتە پێش
هەموو وەلائێکی ترەوە، وەلائی سیاسیش خۆت دەزانی لە کوردستاندا وەلائێکی پارچە
پارچەیە. ناوەندی سیاسی کوردی لە کوردستاندا ناوەندێکی پارچە پارچەیە و وەلائەکان
بۆ پارچە جیاوازەکانی نێو سیاسەتی کوردی یە. لێرەوە بە بۆچوونی من یەکێک لە کارە
هەرە هەرە خراپەکانی دەسەڵاتدارانی کورد
لە دنیای دوای ڕاپەڕین دا ئەم لە نوخبە خستنی نوخبەکانە، یانی کۆمەڵگای ئێمە
یەکێکە لەو کۆمەڵگایانە کە نوخبەی نییە. یانی نوخبە بە مانای نوخبە نییەتی. یانی
نوخبە بە کەمینەیەکی بەرپرسیار، خاوەن نفووز
و خاوەن کاریگەری کە ئەو کاریگەری
و نفووزانە شانی داوەتە سەر ئەو سەرمایە ڕەمزییەی کە ئەوان خۆیان هەیانە، سەر ئەو توانایانەی کە خۆیان
هەیانە. بەڵام تۆ پیشەسازییەکت هەیە لە کوردستاندا نوخبەت بۆ دروست دەکا کە نوخبە
نییە بەڵام هەموو پێگەکانی نوخبەیان پێ دراوە ئەو دۆخەمان بۆ دروست دەکا کە ئەمڕۆ
دەیبینین.
قازی: ئێستا دەکرێ بڕێک لە
کتێبەکە لادەین دەزانین کە حەوتووی
ڕابردوو لە ' شێلادزێ ' خەڵک ڕاپەڕینێکیان کرد و توانیان یەکێک لە پێگە
نیزامییەکانی ڕێژیمی تورکیا کە هەرچۆنێک بێ هیچ پاساو نییە کە بەو شێوەیە لە
باشووری کوردستان بێ، و دەزانین ئەوەش کاردانەوەیەکە بەرانبەر بە بۆمبا بارانەکانی
تورکیا و لە ناو بردنی خەڵکی سیڤیل. باسی ئەوە دەکرێ کە ژمارەیەکی زۆر گیراون،
باسی ئەوە دەکرێ کە ژمارەیەک لە خەڵکی باکووری کوردستان گیراون و مەترسی ئەوە هەیە
کە تەحویلی دەوڵەتی تورکیا بدرێنەوە و باسی چەند چالاکگەرێک دەکرێ کە شکەنجە
کراون، ئەمڕۆ خەبەرێک هەبوو لە ئینترنێت دا
کە بە ڕێگای پارێزەری گیراوەکان باسی ئەوە کراوە. پێم خۆش بوو لە کۆتاییدا
بەڕێزیشت وەکوو چاوەدێرێکی بار و دۆخی سیاسی باشووری کوردستان دیتنی خۆت لەو
بارەیەوە باس بکەی.
مەریوان قا نع: دەزانی کاک حەسەن من لە مێژە
باوەڕم بەوە نەماوە شتێک هەبێ لە باشوور دا یا لە هەرێم دا ناوی مەسەلەی کورد بێ.
و پارتییە سیاسییەکانیش لە کوردستاندا بە ڕاستی گۆڕاون بۆ کۆمپانیا، کۆمپانیای فرە
پشک و کاری سەرەکی سیاسییەکانی کوردیش بووە بە فرۆشتنی نەوت و غاز و دروست کردنی
عەقدی ئابووری گەورە گەورە، یانی ئەمە هەرە هێڵە گەورەکانی سیاسەتی کوردین. بۆ
ئەمە پێویستیان بە تەسلیم بوونێکی سەرتاسەری هەیە
بە هێزە ئیقلیمییەکان و بە دراوسێکانمان . پێویستیان بە تەسلیم بوون بە
ئێران هەیە، پێویستیان بە تەسلیم بوون بە تورکیا هەیە وە ئەگەر پێویستیشی کرد
پێویستیان بە تەسلیم بوون بە عێڕاق هەیە.
لەمەدا ڕێک دەکەونە بەر دەم خواستی کۆمەڵگایەکەوە کە ئەو خواستی تەسلیم بوونەی
تێدا نییە. لانی کەم کۆمەڵگایەک لە هەندێ ساتە وەختی دیاریکراو دا پێویستی بەوەیە بەرگری لە خۆی بکا. یانی تۆ بە
بەردەوام تەییارەی تورکی بێتە سەرت، بە بەردەوام قەسف بکرێیت و بە بەردەوام
ماڵەکەت بڕووخێندرێت، گوندەکەت بڕووخێندرێت، خەڵکەکەت لێ بکووژرێ خاڵێک دێت، ڕۆژێک
دەگەیتە پێگەیەک، لە شوێنێک دەڵیی تا ئێرە و بەس و تووڕە دەبیت. وە ئێمە ئەوەمان لەو شوێنە دا
بینی و لە بەر خاتری تورکیا سەرجەمی
گوتاری حکوومەتی هەرێم دەڵێی لە تورکیاوە بۆیان نووسیون، دەڵێی ئاکەپە بۆی
نووسیون، دەڵێی ئەردۆغان چی پێ ووتوون بە حەڕفی ئەو قسانە دەکەن و جیاوازییەکیان
لەگەڵ سیاسەتی تورکیا نییە،
قازی: ئێمە لە باکگڕاوند دا هێندێک
لە کتێبەکانی بەڕێزتانمان نیشان دا. وا بزانم ئەگەر بینەران بیانەوێ ئەو کتێبانەیان
دەست کەوێ لە دەرەوەی باشووری کوردستانیش ئیمکانی ئەوە هەیە.
مەریوان قا نع: بەڵێ دەتوانن پێوەندی بکەن بە ' کتێبخانەی ئەندێشە' لە سلێمانی بە پۆست بۆیان دەنێرن.
مەریوان قا نع: بەڵێ دەتوانن پێوەندی بکەن بە ' کتێبخانەی ئەندێشە' لە سلێمانی بە پۆست بۆیان دەنێرن.
قازی: هیوادارم لە پڕۆگرامێکی دیکە
دا بتوانین لە سەر کتێبێکی دیکەی زۆر گرینگی بەڕێزت بە ناوی ' دین و عەلمانییەت' کە ئەویش هەر لە ساڵی ٢٠١٨ دا بڵاو کراوەتەوە
قسە بکەین، زۆر سپاست دەکەم بۆ ئەوەی لەو
بەرنامەیەی ڕاوێژ دا بەشداریت کرد، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم
مەریوان قا نع: سپاست دەکەم
قازی: بینەرانی خۆشەویست ، بەم پێیە
ڕاوێژی ئەمجارەشمان کۆتایی پێ دێنین. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی : ئەم هەڤپەیڤینە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یەکشەمە ٣-ی فێڤرییەی ٢٠١٩
لە بەرنامەی ڕاوێژ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە، بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم
بەرنامەیە سەری ماڵپەڕی ڕاوێژ لە تۆری فەیس بووک یان کاناڵی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی
یووتیوب بدەن.
No comments:
Post a Comment