Sunday, June 16, 2019

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور دلار دیریک ، زانکۆی کەمبریج . چەمکی ڕقەبەری ئازادی: سیاسەتی کوردی لە ناو ' کردنە کابانی ماڵێ ' و 'ژنی تێکۆشەر ' دا

 هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور دلار دیریک ، زانکۆی کەمبریج
سەبارەت بە تێزی دوکتوراکەی: چەمکی ڕقەبەری ئازادی: سیاسەتی کوردی لە ناو ' کردنە کابانی ماڵێ ' و   'ژنی تێکۆشەر ' دا
یەکشەمە  ٢-ی  حوزەیرانی ٢٠١٩
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست، بەخێر بێن بۆ ڕاوێژێکی دیکە، لە ڕاوێژی ئەمجارەمان دا میوانداری دەکەین لە دوکتور دلار دیریک، کە دوکتورای خۆی لە بواری  کۆمەڵناسی دا لە زانکۆی کەمبریج تەواو کردووە ، ئێمە زۆر خۆشحالین لە بەشداری بەڕێزیان  لەم بەرنامەیە دا، دوکتور دیریک تێزی دوکتورای خۆی لە مانگی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٨ پێشکێشی زانکۆی کەمبریج کردووە. بۆ ئاگاداریتان لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨  دیپارتمانی کۆمەڵناسی  زانکۆی کەمبریج لە ناو هەموو زانکۆکانی بریتانیا دا پلەی یەکەمی بە دەست هێناوە. وەکوو دیکەش زانکۆی کەمبریج بە ناوبانگە. لەو زانکۆیە دا پرۆفێسۆرێکی ئەمریکایی توماس جێفری مایلی کار دەکا  کە لە نزیکەوە  دۆزی کورد دەشۆپێنێ و پشتیوانی لێ دەکا. ئەم زانکۆیە دیارە لە بەر دەرس ووتنەوەی مامۆستا کۆچەر بیرکاریش لەوێ لای ئێمەی کورد ناسراوە. لە سەرەتاوە ئەمەش بڵێم ئێمە لەم بەرنامەیە دا بە تێکەڵاوێک لە کوردیی سۆرانی و کوردیی کورمانجی قسە دەکەین و دوکتور دیریک کوردیی کورمانجی باشتر دەزانێ.
زۆر بە خێر بێی.
دلار دیریک : گەلێک سپاس ، زۆر خۆشحاڵم 
قازی: سپاس بۆ بەڕێزیشت. من بە کورتی هێندێکم باس کرد کە تۆ دوکتورای کۆمەڵناسی ت وەرگرتووە . بەر لەوەی دەست بە پرسیار بکەم ڕەنگە باشتر بێ هێندێک زیاتر خۆت بناسێنی.
دیریک: لە سەرەتاوە پێم خۆشە سپاستان بکەم بۆ ئەم بانگهێشتنە، زۆر سڵاو دەکەم  لە بینەرانی هێژا، من ناوم دلارە ، کوردێکی خەڵکی باکووری کوردستانم ، لە ووڵات چاوم بە دنیا پشکووتووە، بەڵام لە ئوڕووپا گەورە بووم و تا ئێستا لە بواری زانستی سیاسی و کۆمەڵناسی دا خوێندوومە .پارەکە و ئەمساڵ کاری دوکتورایەکەی خۆمم تەواو کرد و ئێستا بەردەوامم لە سەر لێکۆڵینەوە و وەکوو تر ئەندامی بۆرۆی ئاشتی ژنی کورد ، جێنی م لە شاری دوسلدۆرف لە ئەڵمان.
 قازی : ناوی تێزەکەت: چەمکە ڕقەبەرەکانی ئازادی : سیاسەتی کوردی لە ناو " کردنە کابانی ماڵێ " و   “ژنی تێکۆشەر " ە، پێش ئەوەی لە ناوەرۆکی تێزەکەت بکۆڵینەوە دەخوازم لەلایەنی مێتۆدۆلۆژییەوە  پرسیارت لێ بکەم، بە چ شێوەیەک لە سەر ئەو تێزە کارت کردووە؟


 دیریک: کاتێک مرۆڤ دەیەوێ باسی ڕێ و ڕیبازی کۆمەڵناسی بکا دەبێ ئەو ڕاستییە تێ بگا کە زۆر ڕەخنە لەو ڕێبازانە گیراوە کە تا ئێستا بە ڕەوا ئەژمێردراون. بۆ منیش ئەو بۆچوونە ڕەخنەگرانەیە زۆر گرینگ بوو بۆ کاری لێکۆڵینەوەکەم. لێرە دا دەبێ بڵێم لە پێواژۆی لێکۆڵینەوەکەم دا یانی لە ساڵانی ٢٠١٤  و ٢٠١٥ دا، ئەو کاتەی لە کوردستانێ بووم بارودۆخ ئاسایی نەبوو . شەڕ هەبوو ، شەڕێکی دژوار لە دژی ژنانیش هەبوو، جا بۆیە من نەمدەتوانی مێتۆدی خۆم لەو پێواژۆیە هەڵبڕم. من دەرفەتی ئەوەم نەبوو چونکە بارودۆخ  زۆر توف و سەخت بوو. هەر وەها کاتێک مرۆڤ دەیەوێ لە بزووتنەوەیەکی وەک بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان بکۆڵێتەوە، بە تایبەتی لە بیرو ڕامانی دەوروبەری بەڕێز عەبدوڵا ئوێجاڵان مرۆف دەبێ لێی قووڵ بێتەوە و ئەوە بزانێ کە ئەو جووڵانەوەیەش  بۆ خۆی ڕەخنەی هەیە لە سەر کۆمەڵناسیی سیستمی هەنووکەییی، بۆ وێنە  خەبات لە پێناو ژنۆلۆژی بزووتنەوەی ژنانیش ڕەخنە لە زانستی دەسەڵاتدار و باوک مەزنی یان پاتریارکال و پۆزتیڤیستی دەگرێ ، ئەوەش شوێنی هەبووە لە سەر ڕێباز و مێتۆدۆلۆژی لێکۆڵینەوەکە. وەک باسم کرد وەکوو ژنێکی کورد من نەمدەتوانی بە شێوەیەکی ئۆبژێکتیڤ لێکۆڵینەوە بکەم چونکە ئەو کاتەی لە کوردستان بووم  فەرمانی شەنگالێ قەوما، لە کۆبانی شەڕ هەبوو و بۆیە مرۆڤ نەیدەتوانێ وەک ژنێکی کورد ، لێکۆڵینەوە خۆی لەو بارودۆخە دوور خاتەوە.
قازی: کاتێک کە دەڵێی لە کوردستان بووی، مەبەستت لە سێ بەشی کوردستانە ؟
دیریک:  بەڵێ ، ئەمن چوومە باکووری کوردستانێ، ڕۆژئاوای کوردستانێ و باشووری کوردستانێ. چوومە قەندیل و خنێرێش و ماوەیەکیش لە شەنگال بووم.  لێکۆڵینەوەکەم بەو شێوەیە بوو، ئەمن چوومە ناو کۆمەڵە و ڕێکخستن و بزووتنەوەکان لە وێندەرێ کە لە پێناو مافی ژناندا تێدەکۆشن و خەبات دەکەن بۆ شۆڕشی ژنان. بۆ من زۆر گرینگ بوو لە سیلەی چاوی  ئەوانەوە لە بزووتنەوەکە تێ بگەم. زۆر ئاکادێمیسیەنی فێمینیست ڕەخنەیان لە لێکۆڵینەوەی نەریتی گرتووە. ئەگەر مرۆڤ بییەوێ بە شێوەیەکی فێمێنیستی لێ بکۆڵێتەوە  پێویستە بە چاوێکی جیاواز تەماشای دەور و بەر بکا. 
قازی:  ئێمە دەزانین ڕێباز و قوتابخانەی جیاوازی فێمینیستی هەن ، ئەتۆ لێکۆڵینەوەکەی خۆت  لە ڕوانگەی  مارکسیزمی فێمینیستییەوە  بەڕێوە برد؟
 دیریک : بەڵێ، هەم لە ڕوانگەی مارکسیستی و هەم لە ڕوانگەی فێمینیستی پۆست کۆلۆنیالییەوە. ئەو زانایانەی کە بە تایبەتی ڕەخنەیان گرتووە لە بێ عەداڵەتی ئێپێستێمۆلۆژیک . بۆیە  ئەمن وەک پرێنسیپێکی فێمینیستی  بە خۆم گوت ئەمن نامەوێ لە سەر مەغدوورییەت و بندەستی ژنان بنووسم، بەڵکوو دەمەوێ زیاتر خۆڕاگری ئەوان زەق کەمەوە و جەختم کردەوە لە سەر تێکۆشانی وان کە لە بەر چاوان بوو، لەوێ زەبروزەنگ زۆر بوو ،  هەر وەها ژنانیش لە دژی ئەو زەبروزەنگە تێدەکۆشان. و وەکوو تر کاتێک ئەمن لە چیاکانی کوردستان بووم   لەگەڵ ئەو گریلایانە قسەم کرد  کە لە سەر ژنناسی کار دەکەن و کاری ژنۆلۆژی بەرەوپێش دەبەن و  ڕوانگەی ئەوانیشم لەبەر چاو گرت . واتە چۆن دەکرێ مرۆڤ بە شێوەیەکی  ژنناسانە ، جیاواز و بەدیل لێ بکۆڵێتەوە. و وەک گوتم مرۆڤ ناتوانێ مژاری لێکۆڵینەوەی خۆی وەک ئۆبژەیەک ببینێ  چونکە هەتا ئێستا  هەموو هەڵفریواندنە کۆمەڵناسییەکان  لە بەر ئەو ووردە نەبوونەیەوە کراون
قازی: لێرە دەمەوێ شتێک بۆ ئاگاداری بینەران باس بکەی ، ئەتۆ ئەو زانیاریانەی کۆت دەکردەوە لە سەر کاسێت ئاستەت دەکرد؟
دیریک: من چوومە لای بزووتنەوەکان
قازی: مەبەستی من تێکنیکی لێکۆڵینەوەکەت بوو
دیریک: بە ڕێگای چاوپێکەوتن ، ئەوانەم ئاستە دەکرد . لێکۆڵینەوەیەکی ئێتنۆگڕافیک بوو،  هەر تەماشا کردن و هاتوچوو نەبوو . ئەمن ١٢٠ هەڤپەیڤینم ئاستە کردووە ، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر ژنی جیاواز قسەم کردووە  و هەر وەها لە هەر شوێنێک بووم ویستم ببم پارچەیەک لەو شتانەی دەیانبینم . من چوومە هەر جێیەک بووم بە پارچەیەک لە ژیانی وێندەرێ.
قازی: زانیاریدەرەکانت لە ئاست پرسیارەکانت کراوە بوون؟ ئەو ژنانەی قسەت لەگەڵ کردن بوغچەی دڵی خۆیان بۆ کردییەوە؟
 دیریک: بە گشتی ئەرێ ، بەڵام ئەوە ئاسایی یە، جار جار ئاستەنگیش دەبوو.چونکە وەک باسم کرد ئەو دەم شەڕ هەبوو، بەڵام  زانیاریدەرەکان کراوە بوون و لێرە دەمەوێ سپاسی گشت ئەو ژنانە بکەم کە دەرگای دڵی خۆیان بە ڕووی مندا کردەوە و سڵاو دەنێرم بۆ هەموویان.
قازی: ئێستا با بێینە سەر لایەنی تیورێکی کارەکەت. چونکە تێزەکەت زۆر گرینگە و مڕۆڤ دەبێ زۆر لە سەری ڕاوەستێ. ئێمە  بە کورتی باسی مارکسیزمی فێمینیستی مان کرد. قالبی تیۆری لێکۆڵینەوەکەت چۆن بوو؟ بۆ وێنە تۆ باسی کۆمەڵی  بابمەزنی ، پێوەندیی دەوڵەت و کاپیتالیزم دەکەی و وا بزانم لە تێزەکەت دا باسی سێ قۆناغی مێژوویی دەکەی . پێم خۆشە باسی لایەنی تیوریکی تێزەکەت بکەی
دیریک: ئارگومێنتی سەرەکی تێزەکەی من ئەوەیە  کە ئەمڕۆ لە سیاسەتی کوردستان دا  دوو تێگەیشتنی جیاواز هەیە سەبارەت بە چەمکی ئازادی ، ئەوەی کە بەدەرەوەن. تێگەیشتنێک ئازادی  لە  نەتەوە – دەوڵەت بوونی کوردستان  گرێ دەدا،  ئەویدیش بە  نەتەوەی دێمۆکڕاتیک  و دێمۆکڕاسی ڕادیکاڵی دەبەستێتەوە. واتە  پارادایمی بەڕێز ئوێجاڵان. دەتوانین بڵێین ئەو دوو تێگەیشتنە زیاتر لە بواری تێکۆشانی ژنان دا خۆ دەردەبڕن و خۆ دەردەخەن. بۆ وێنە ئەگەر ئێمە چاو لە سێ سەردەمی مێژوو بکەین. سەردەمی درێژ مەودا واتە  لانگ دوورێ وەکوو فێرناند دورێل یش باسی دەکا . قۆناخی دووەم ئەو سەردەمەیە کە نەتەوە – دەوڵەت دێنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  ئەم سەردەمەی ئێستا و هەنووکەی کە ئێمەی تێدا دەژین و هەر وەها ئەگەر ئێمە لە ژیانی سیاسی کوردستان بڕوانین  لە سێ ژینگە دا دەیبینین. یەک ناوماڵ و بنەماڵەی  بابمەزنی،  دووەم  دەرەوەی ماڵێ و فەزای کوردستان بە گشتی و  ئەویدیشتان  سیستمی کاپیتالیستی دنیا داگرە. ئەگەر ئێمە ئەو سێ سەردەم و ئەو سێ ژینگانە لە بەر چاو بگرین  دەتوانین بڵێین کە دوو تێگەیشتنی جیاواز سەبارەت بە ئازادی خۆ دەردەخەن. و ئەوە بە تایبەتی لە بواری سەبارەت بە ژناندا  خۆی دەردەبڕێ. لەو بارەیەوە تیوری مارکسیزمی فێمینستی لە لێکۆڵینەوەکەی مندا جێیەکی تایبەتی  و سەرنجڕاکێشی  هەبوو. تیۆریسیەنی ئەو بوارە دەڵێن  بۆ جوێ کردنەوەی  ڕووبەری تایبەتی و ڕووبەری گشتی دەوڵەت خۆی ڕێک دەخا  و ژن وەک مڵکی ئینسانێکی دیکە تەماشا دەکرێ. دیارە ڕێبازی سیاسی ئاوا لە کوردستان و لە دەرەوەی کوردستانیش هەن کە دەیانەوێ  لە کۆمەڵ دا ژن بکەن بە تەنێ " کابانی ماڵێ".  
قازی: بۆ ئەوەی مژارەکە بۆ بینەرانمان ڕوونتر بێ دەکرێ باسی هەر سێ سەردەمەکە بکەی. دیتن سەبارەت بە ژن و پێوەندیی مەکان و زەمان، پێوەندیی ئەو سێ سەردەم و ئەو سێ ژینگەیە.
دیریک : وەک گوتم بۆ من شتێکی ئەساسی بوو ئەو تیورییانەی کە ژنانی تێکۆشەر خۆیان گەڵالەیان کردبوو وەک بنەمایەک چاو لێ بکەم. بۆ وێنە کاتێک مرۆڤ لەگەڵ ئەو ژنانە قسە دەکا کە لە بواری ژنۆلۆژی دا خەبات دەکەن ، یان لە بزووتنەوەی ژنانی دەوروبەری پارتیی کرێکارانی کوردستان و بە پێی پارادایمی بەڕێز عەبدوڵا ئوێجاڵان بۆی دەردەکەوێ ئەوان مێژوو وەک شتێکی ڕابردوو کە لە ڕابردوو دا قەوماوە و مردووە پێناسە ناکەن بەڵکوو باوەریان وایە بۆ ئەوەی بتوانین لە دەسەڵاتداریی وگوشار و زوڵمی ئەمڕۆ تێ بگەین پێویستە بگەڕێنەوە سەر ڕیشەی دامەزراندنی دەوڵەت وەک نمایەکی دەسەڵات . ئەوەش لە مێزۆپۆتامیا ڕوویدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە پینج هەزار ساڵ لەمەوبەر. دەتوانین بڵێین زۆر مێژووناس ئاماژەیان بەوە کردووە و لەو جوغرافیایە دا گۆڕانی زۆر گەورە قەومان. هێڕارشی دروست بوو، لە ئابووری دا گۆڕانکاری کرا و دەستەلاتداریش خۆی ڕێک خست. و نووسەرانی ژنی وەک کارۆڵین مێرچنت ، ماریا مەیس و کەسانی دیش لەو بارەیەوە نووسیویانە.
قازی: ژنە نووسەرێکی ئیتالیایی ش هەیە..
دیریک: بەڵێ سیلڤیا فێدریجی، ئەو زیاتر لە سەر کاپیتالیزمی نووسیوە، هێندە ناگەڕێتەوە زەمانی دوور. گێردا لرنر یش هەیە ، ئەو دەڵێ بۆ ئەوەی بتوانین لە سیستمی پاتریارکال ( بابمەزنی) تێ بگەین دەبێ بگەڕێینەوە سەر ڕیشە و دەسپێکی ئەو سیستمە. و لە سەروبەندی ناوەڕاست یان سەد ساڵی ڕابردوو دا  وەک فێرناند بۆرێل یش دەڵێ...
قازی: بەر لەوەی ئێمە بگەینە  سەردەمی سەد ساڵی ڕابردوو، لە سەردەمی دوور مەودا لە لانگ دوورە ، لە کۆمەڵی پاتریارکاڵ دا دیتن سەبارەت بە خۆڕست، سەبارەت بە ژن چۆن بووە ، هێندێک ئەوانە شیتەڵ کەوە.
دیریک: هێڕارشی دروست بوو ، ئەوە بە ئاشکرایی دەرکەوت ، هەڵبەت دە هەموو کۆمەڵێک دا جیاوازی هەبوو، لەناو ئینسانان دا فەرق هەبوو و بە دامەزراندنی دەوڵەت ناکۆكی زۆر قووڵ پەیدا بوو. بۆیە کەسی وەک مورای بوکچین – ئەمن دەزانم ژانێت بیل میوانی بەرنامەی ئێوە بوو و لە سەر بوکچین قسەتان کرد-  دەڵێن نەک هەر  پێوەندیی ژن و پیاو ، پێوەندیی ئینسان و خۆڕست  شێوەی چینایەتی پەیدا کرد . دیارە ئەوەش زێهنییەتێک ساز دەکا ، زەبروزەنگ  وەک شتێکی ئاسایی دەبیندرێ. چەوساندنەوەش وەک شتێکی نۆرماڵ دەبیندرێ و هەر وەها بە دروست بوونی دەوڵەت کۆبوونەوەی سەرمایەش چێ دەبێ ، یانی ئابووری دەکەوێتە دەست سیستمێک و ئیدی لە دەست کۆمەڵ دا نابێ. ئەڕتەش، ئیدێئۆلۆژی ، باوەری  یانی هەموو شتێک لە ناوەندێک دا کۆدەبێتەوە و دیارە ئەوە خۆڕستی ئەو کۆمەڵەش دەگۆڕێ. 
 قازی: باشە ئەوەی کە مارکسیستە فێمینستەکان دەڵێن ئەو دەمی ژن بە جادووگەر داندراون ، هیچ بەڵگەی مێژووییان بەدەستەوەیە بۆ ئارگومێنتەکانیان؟
دیریک : بەڵێ ، بۆ وێنە سیلڤیا فێدێریجی کە تۆش باست کرد و فێمینیستێکی ئیتالیایی یە دەڵێ  بە جوێبوونەوەی ڕووبەری  گشتی و ڕووبەری تایبەتی لە سیستمی کاپیتالیزم دا ، پێواژۆی بەکارهێنانی زەبر و زەنگ بە دژی بەدەنی ژنان ساز بوو. یانی  کاپیتالیزم توانی هەموو شت تاڵان بکا و ببێتە دەوڵەت  و بۆ ئەوەی دەوڵەتیش سیستمێکی  ئاوا ساز کا  دەبوو هەموو شت دە ژێر کۆنتڕۆڵی  ویدا بێ. پێویست بوو کە   زانستی ژن، ئابووری ژن ، دەوری ژن لە  کۆمەڵ دا بکووژرێ. 
من لە ئوڕووپا مەزن بووم کاتێک چیرۆکی بە جادووگەر دانانی ژنان و سووتاندنی ژنانم خوێندەوە ، وای باس دەکەن  وەک بڵێی دین هۆی ئەوە بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەوە  دیارە کارێکی قێزەوەن بووە ، بەڵام بە زانایی و ئانقەستە کراوە و ئەوانەی کە ویستیان لە دوای چاخی ڕووناک کردنەوە زانستی پۆزیتیڤیستی لە ئوڕووپا بەرەو پێش بەرن  لە دووی ئەوەیان داوە. یانی کەسانێک کە وەک باوکی زانست دەناسرێن بۆ وێنە  فرانسیس بەیکن پشتگیریان لەوە کرد ، چونکە  بە بەکارهێنانی زەبروزەنگ بە دژی بەدەنی ژنان دەیانەویست خۆڕست و ژیانی خۆڕستی ش بکووژن. 
 قازی: ئەگەر ئێستا ئێمە بگەینە سەد ساڵی دوایی ، لە دوور را بێینە قۆناخی ناوەڕاست ئەو چۆنە؟


دیریک : ئەوە پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە کاپیتالیزم. لەو سەدەیە دا زۆر شت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی گۆڕانکاری بوون لە پێواژۆی جیاواز دا. نەک هەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لە ئوڕووپاش ئەو گۆڕانانە کران. هەموو کەس ئوڕووپا بە هەبوونی دەوڵەتان دەناسێتەوە، بەڵام لە  ئەساسدا وا نییە، چونکە نەتەوە-دەوڵەت بە تایبەتی ویستی خۆی  لە سەر بنەمای نەهێشتنی ئەویدی دا دامەزرێنێ.  و واتای ئەوە چ بوو بۆ وێنە هەموو ئەو زمانانەی کە لە فەڕانسە دا هەبوون، پێویست بوو بکووژرێن بۆ ئەوەی زمانێکی تاقانە ساز بکەن. لەو ڕووەوە دەوری چاپەمەنی زۆر گرینگ بوو. یانی بۆ ئەوەی کە یەک ئابووری هەبێ ،  پاشناویان دەدا بە ئینسانان بۆ ئەوەی ئەوان باشتر کۆنتڕۆڵ بکەن. ڕوانگەیەکی ئاوای دەوڵەت لە سەرەوە ڕا هەبوو کە دەیویست هەم  بە سەر خۆڕست ، هەم کۆلۆنییەکان ، واتە کۆلۆنییەکانی ئوڕووپا  و لە ناو کۆمەڵی خۆی دا بە سەر ژنان دا زاڵ بێ .  دەوڵەت بۆ ئەوە پێویست بوو.  ئێمە لە پێواژۆی ئەو سەد ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەکرێ بڵێین  زۆر کۆمەڵ لە چوارچێوەیەکی خۆسەر دا ژیاون ، نەک ئەوەی کە زۆر ئازاد بووبن یان ناکۆکییان نەبووبێ، بەڵام بە شێوەیەک دەیانتوانی  بۆخۆیان بژین ، بە زمانی خۆیان،  و کولتووری خۆیان خۆ دەرببڕن.  و ئەوە بۆ ژنانیش هەر وا بوو. بە ساز بوونی دەوڵەت و جیا کردنەوەی  ڕووبەری تایبەتی و گشتی ، ڕووبەری گشتی ژینگەی دەرەوەی چواردیواری ماڵێ یە، لە ڕووبەری تایبەتیش مەبەست ناو ماڵە.  دەوڵەت کارێکی ئەتۆی کردووە کە ژنان تەنێ بتوانن لە ناو ماڵ دا بمێنن ، یانی خۆیان لە ئابووری ، لە کۆمەڵ ، لە سیاسەت  ، لەهەموو شت و لە ژنی دیکە دا ببڕدرێن. بۆیە ساز بوونی نەتەوە-دەوڵەت کارێکی ئاوای کرد  کە ژنان لە ماڵێ دا بمێننەوە  و مارکسیستە فێمینستەکانیش  کاتێک باسی کاپیتالیزم دەکەن دەڵێن واتای وی بۆ ژنان ئەوە بوو  بچنە ناو چواردیواری ماڵێ و ببنە کابان و ژنی ماڵێ.
 قازی: ئێستا ئێمە دەگەینە قۆناغی هەنووکە، ئەویش مانای ئەوەیە  ئەو سیاسەتی کە دەوڵەت – نەتەوە بەڕێوەی بردووە، کارێکی وای کردووە چەوساندنەوە و پێشێل کردنی نا یەکسانی جینسییەتی زۆر جوان بەدەرەوە بێ .دەکرێ چۆن پێناسەی سەردەمی ئێستا بکەین ؟ دوایە دەگەینە ئەو چەمکەی کە تۆلە تێزەکەت دا بەکارت هێناوە واتە کردنە کابانی ژنان ، هاوس وایفیزەیشن ؟
دیریک: یانی ئەمڕۆ ئێمە دەتوانین بڵێین بۆ ژنی کوردیش وەزعێکی ئاوا هەیە. و وەک گوتم بەرخوەدان و خۆڕاگری  گەورەش هەیە ، مرۆڤ ئەوە دەبێنێ  پێشتریش نیزیکی ٤٠ – ٥٠ ساڵی ڕابردووش  مرۆڤ دەتوانێ بڵێ دەوڵەت  کارێکی ئەوتۆی کرد کە هەموو پیاوێک لە ناو  ماڵی خۆیدا ، خۆی ببێ بە دەوڵەتێک . شرۆڤەی بزووتنەوەی ژنانی کوردیش ناساندنێکی ئاوا دەکا. مانای ئەوە چییە مانای ئەوەیە لە بەر ئەوەی ماڵ ڕووبەرێکی تایبەتی یە کەس نابێ لە کاری بنەماڵە دا موداخەلە بکا، دیسان ئەوەش مانای ئەوەیە کە زەبروزەنگ بە شتێکی ئاسایی دەزاندرێ ، وەسەرپەڕین و ئازار دانی ژنان بە ئاسایی دەژمێردرێ ، و کوشتنی ژنان  بە شێوەیەکی سیستماتیک  وەک ئێمەی فێمینیست دەڵێین  بە ئاسایی لە قەڵەم دەدرێ.
و ئەو شتانەی کە ئێستا لە کوردستان تەجروبە دەکرێن، دە ڕاستیدا بە کۆلۆنیالیزمەوە گرێ دراون ، یانی زەبرو زەنگی دەوڵەتیش شوێنی خۆی لە سەر کۆمەڵ دەهێڵێتەوە و ئەو پاتریارکالیزمەی کە لە ناو کۆمەڵ دا هەیە. دیارە داب و نەریتیش
شوێنی خۆی هەیە و مرۆڤ ناکرێ ئەوانە بە جیا لەیەکتری لێکاڵا کاتەوە.
قازی: با ئێستا لە سەر عینوانی تێزەکەت بدوێین .دەکرێ  هێندێک ئەو چەمکی هاوس وایفزەیشن شرۆڤە بکەی؟
دیریک : لە مەر چەمکی هاوس وایڤزەیشن، بەر لەم بەرنامەیەش  بیرمان لێ کردەوە بە کوردی چۆنی بڵێین. لە سەر ' کردنە ژنی ماڵێ'  یان 'کردنە کابانی ماڵێ ' ڕێک کەوتین. دەبێ لەو بارەیەوە خراپ تێگەیشتن نەبێ  مەبەست لەو چەمکە ئەوە نییە ئەو کارەی ژن لە ماڵێ  خۆیدا دەیکا  بە کەم و بە سووک دابندرێ.خۆی لە خۆیدا کاپیتالیزمیش ئەو ڕەنج و زەحمەتەی ژن لە چواردیواری ماڵێ دا دەیکێشێ  وەکوو کار پێناسە دەکا. بەڵام هەمیشە ئەو کار و زەحمەتە بە کەم دەبینێ.  ' کردنە کابان' وەک مارکسیستە فێمینیستەکانیش دەڵێن   ئەگەرئەتۆ وەک کۆمەڵێک ، وەک ماڵباتێک، وەک دەوڵەتێک کارێکی ئاوا بکەی  کە ژن تەنێ بتوانن لە چواردیواری ماڵێ دا بژین و تێکەڵی ئەوان لەگەڵ ئابووری و سیاسەت و کۆمەڵ و ڕووداوی ڕۆژانە دا نەمێنێ  بەوشێوەیە کۆمەڵێکی سەقەت و نائاسایی ساز دەبێ و دەوڵەت دەتوانێ زوڵم و زۆرداری لە هەموو کۆمەڵ دا بڵاو بکاتەوە. بۆ وێنە لە کوردستان شتێکی وا هەبوو  پێاو لە کۆمەڵ دا لە ژێر زوڵم و زۆرداری دا بوو  بەڵام کە دەچووە ماڵی خۆی لەوێ دەبوو بە دەوڵەت. یانی کردنە ژنی ماڵێ ، کردنە کابان شتێکی وایە. ئەمن بۆچی ئەو ناوەم بۆ تێزەکەی خۆم بەکار هێنا، وەکوو گوتم ئەو جۆرەی کە ژن وەک مڵکی ئینسانێکی دیکە دەبیندرێ  و هێندێک سیاسەت و ڕێبازی سیاسی کوردیش دەیانەوێ کۆمەڵی خۆیان بەو شێوەی ساز کەن و دای سەپێنن. هەمان شت  ئێمە دەتوانین لە سەر هەموو کوردستان بڵێین. ئەگەر کوردستانێکی ئاوا هەبێ کە وەک کابان لەگەڵ ژن هەڵسووکەوت بکا ، یانی ژن لە دەرەوەی سیاسەت ، کولتوور و ئابوورییەکی خۆسەر بهێلرێتەوە ئەوەش شێوەیەکە لە کابانێتی .
قازی: مەبەستی تۆ وەکوو باست کرد بە کەم دانانی کاری ژنان نییە لە ناوخۆی ماڵێ دا، بەڵام دەتەوێ بڵێی ئەوە نابێ ببێتە ئامرازی یەخسیری ئەوان .
دیریک: وەک باسم کرد ئێمە نابێ قەت کاری ژنان لەناو ماڵێ بە کەم دابنێین، مەبەستی من ئەوە نییە، بەڵام ئەگەر ژن تەنێ لە چواردیواری ماڵێ دا دەوڕێک بگێڕێ ئەوە نابێ و نابێ دەسەڵاتداری کوردیش لایەنگری لە کۆمەڵێکی ئاوا بکەن.
قازی: من لە قسەکانت وا تێدەگەم  ئەو ئارگومێنتانەی کە دەڵێن گۆیا ژن لە کۆنەوە  دە کۆمەڵێ کورد دا ئازاد بووە هەموو سەروبن دەبن و ئیدیعای ناڕاستن .
دیریک:  دیارە ژنی تێکۆشەر و بەرخۆدێری کورد هەمیشە هەبوون، بەڵام ئێمە ناتوانین بێڵین ئەوانەی کە دەڵێن ژن ئازادن و ئازادیی زیدەتر نەپێویستە مەیدانداری بکەن. جار جار مرۆڤ ئارگومێنتی ئاوای لە پیاوانەوە گوێ لێ دەبێ. جووڵانەوەی ژنی کورد ئازادیی وەک تێکۆشان پێناسە دەکا، نەک ئەوەی کە ڕۆژێک دەوڵەتێکی ئێمە هەبێ و  ئێمە بڵێین ئازادین.بۆ وێنە سەکینە جانسز لە کتێبەکەشی دا نووسیویە و دەڵێ ئازادی بە تێکۆشان بەستراوەتەوە و تێکۆشان لە ڕێی ئازادی دا قەت تەواو نابێ .هەر بۆیەیە کە ئێمە باسی دوو تێگەیشتن و بۆچوونی جیاواز دەکەین.
قازی: ئێستا دەگەینە ئەوجێیەی تێزی تۆ کە باسی تەجروبەی خۆت لە باشووری کوردستان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ( ئێن جی ئۆ) دەکەی و بە دیتنی تۆ ئەوان دەیانەوێ نایەکسانی جێندر داپۆشن و بیشارنەوە  و لە هەمبەرئەوە دا نموونەی ئێمپریک هەیە کە بەچاوی خۆت لە ڕۆژئاوای کوردستان دیتووتە. دەکرێ هێندێکیش باسی ئەو لایەنە بکەی.
دیریک: بەرلەوەی ووڵامی ئەم پرسیارەت بدەمەوە دەبێ بڵێم  هەوڵدانی ژنان  لە هەموو پارچەکانی کوردستان زۆر هێژا و بە قیمەتن، بەڵام سیستمێک لە ئارا دایە کە نایەڵێ ئەو تێکۆشانە سەر کەوێ.بۆ وێنە ئەوەی من لە باشووری کوردستان دیتم، بە تایبەتی ئەوەی کە دوای دەستێوەردانی ئەمریکا لە عێڕاقێ  لە ساڵی ٢٠٠٣  خولقاندوویە، زۆر ڕێکخراو و کۆمەڵەی ژنان ساز بوون ، نەک ئەوەی هەموویان خراپ بن  بەڵام هەموویان  ڕێکخراوی ئەوتۆن  کە بە پێی زێهنییەتی  نیولێبڕاڵی ساز کراون. وەک ئەوەی ئەمریکا  گەلی عێڕاقێ ئازاد بکا.  جۆرج بووشیش ئەوەی دەگوت . جا بۆیە زۆر ڕێکخراو هاتوونە مەیدانێ و زۆربەیان ڕێکخراوی ژنانن ، بەڵام ئەگەر مرۆڤ چاو لە کار و چالاکییەکانیان بکا  دەبینێ هەموویان پڕۆژەی جیاوازی یان سەر بە حکوومەتن  یان دە دەست پارتییە سیاسییەکان دان.  و هەمیشە  ئاستەنگی دروست دەکەن بۆ ئەوەی ژنان بۆخۆیان  لە کۆمەڵ دا گۆڕانکاری گەورەتر ساز بکەن.  یانی  ئەو پرۆژەیانە هێندێکیان سەرنج دەدەنە ئەو زەبروزەنگەی بە دژی ژنان دەکرێ بەڵام گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵیان ناوێ. ئەو سیستمەی ئێن جی ئۆ یە هەر وەک دەوڵەت چاو لە کۆمەڵ دەکا ، بۆیە من دەتوانم بڵێم ئەوەی کە سەرنجی منی ڕاکێشا لەو ڕێکخراوانە دا ئەوەیە زۆر لەو ژنانەی باشووری کوردستان کە کاریان تێدا دەکەن  خۆیان لە کۆمەڵ بە جیاواز دادەنێن.
قازی: مەبەستت ئەوەیە لەگەڵ ئەو ژنانەی کە کاریان بۆ دەکەن و دەیانەوێ بە پیل داوخوازەکانیانەوە بچن و پشتگیریان لێ  بکەن بە بەشداری خۆیان گیروگرفتەکانیان چارەسەر ناکەن ، بەڵکوو وەک ڕزگارکەریان ڕەفتار دەکەن؟
دیریک: ڕاستە وایە، ئەوەش لە بەر شێوەی تێڕوانینە لە مۆدێرنیتە. گۆیا  کوردستانێکی مۆدێڕن، کوردستانێکی پێشکەوتوو  مەجبوورە وەک ئەو جۆرە ڕێکخراوە ئێن جی ئۆیانە ، وەک سیستمی ناونەتەوەیی کار بکا.بەڵام ئێمە دەبینین ئەو شێوازە ناتوانێ  کۆمەڵ دا شتێکی ئەوتۆ بگۆڕێ  بە تایبەتی لە بەر ئەوەی سیستم هەر سیستمی کاپیتالیستی یە  زوڵم و زۆرداری دەکا لە ئینسانان و ئابوورییان لە دەست دەردێنێ ناتوانن گۆڕانگارییەکی ڕادیکاڵ بکەن ئەو جۆری کە ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەیبینین.
قازی: ئەوەی کە تۆ لە پڕاتیک دا دیتت لە ڕۆژئاوای کوردستان ، بە تایبەتی سەبارەت بە خەبات لە پێناو یەکسانی جێندر  یانی یەکسانی جینسییەتی چۆن بوو. هەم بە دیتنی ئیمپێریکی تۆ ، دیارە تۆ بە سەمپاتییەوە تەماشای وەزعەکەت کردووە بەڵام بە گشتی چۆنی دەبینی؟ بە پێی بۆچوونی تۆ لەوێ ژنان چەندە لە بەڕێوەبردنی ئەرکی خۆیاندا سەرکەوتوو بوون؟

دیریک: لە ڕۆژئاوای کوردستان ، ئەو پارادایمەی کە ئێستا لەوێ هەڵدەسووڕێ و دادەمەزرێ، ئەو سیستمە واتە خۆسەری دێمۆکڕاتیک ، ئازادی و تێکۆشانی ژنان  و وەکوویەکی جینسییەتان وەک پرێنسیپێک دەبینێ . بۆیە ئەوەندەی کە ژن بتوانێ خۆی ئازاد بکا، ئەوەندەش  دێمۆکڕاسی ناو کۆمەڵ بەرەوپێش دەچێ. لە پراتیک دا  ساز کردنی کێئۆپڕاتیڤان، ساز کردنی کۆمۆنان  یانی مێکانیزمی جۆر بە جۆر ساز کراون بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بۆ خۆیان خۆیان بناسن و خۆیان دەرببڕن، خۆیان بپارێزن، ئابووری خۆیان پێکەوە نێن  و بە شێوەی خۆیان  بتوانن بڵێن  بۆ ئێمە ئازادی ئەمەیە. نەک ئەوەی لە دەرەوە ڕا پێناسە بکرێن. دیارە ئەوە پێواژۆیەکی زۆر دژوارە.  ئێمە باسی گٶڕینی سیستمێکی قووڵ و دوور دەکەین . مرۆڤ ناتوانێ بڵێ حەوت ساڵ تێپەڕیوە و ئێستا هەموو شت باشە. نا ئاستەنگی زۆر هەن بۆیە لەگەڵ ئەو ژنانەی من قسەم کرد  هەمیشە دەیانگوت ئەوە تازە دەستمان پێ کردووە و گۆڕانکاری هێدی هێدی دەکرێ، بە پەروەردە، بە ئەوەی کە میدیای خۆسەری ژنان دەور بگێڕێ .  زۆر شتی ئاواش هەن. وەک من گوتم لە باشووری کوردستانیش حەولدانی زۆر گەورە هەیە ، لە تێکۆشانی ژنان دا بەڵام سیستمێک سەردەست و زاڵە کە ناهێڵێ ژنان گۆڕانکاری ڕادیکاڵ بکەن.
 قازی:  ئەو کۆسپ و ئاستەنگانەی  لە سەر ڕێی بزووتنەوەی  ژنان لە ڕۆژئاوا هەن ، ئی هەرە مەزنیان چن؟
 
دیریک: پێم وایە ئاستەنگی هەرە گەورە زیهنییەت بێ ، نەک هەر لە  ڕۆژئاوای کوردستان بەلكوو لەهەموو بەشەکانی کوردستان و لە هەموو جیهانیش ئەو زەبروزەنگەی کە بە زەبروزەنگی هەرە ئاسایی دادەندرێ  لە دژی ژنانە . کولتووری ئوڕووپاش ئاوایە ، لە فیلم و میدیایان دا زەبروزەنگ و زۆرداری لە سەر ژنان  وەک شتێکی ئاسایی و تەبیعی یە. تا ئەوجێیەی دەگەڕێتەوە سەر ڕۆژئاوا ئێمە باسی بارودۆخێکی تایبەتی دەکەین ، باسی کۆمەڵێک دەکەین کە تواندراوەتەوە، بووەتە قوربانی شەڕ و زوڵم و زۆرداری بێ سنووری دیتووە لە ژێر حوکمی ڕێژیمی سووریا دا ، بۆیە ڕەگ و ڕیشەی زەبروزەنگ لە کۆمەڵ دا قووڵە .
ئەمن سەرنجم دا کە  گرانایی حەول و تێکۆشانی خۆیان  لە سەر پەروەردە وگۆڕینی زیهنییەت وهێز وەبەرنانی ژنان داناوە. بۆ وێنە فەرق و جیاوازی چاوڕاکێش  لە نێوان ئەو دوو سیستمانە دا  هەیە. وەک ئاماژەم پێ کرد ئەو  سیستمەی لە باشووری کوردستان هەیە  دەیەوێ حکوومەت ، قانوون  یان  ڕێکخراوەی  دەرەوەی کوردستان گۆڕانکاری ساز کەن ، واتە پێشەڕۆژ و چارەنووسی ژنان  دەسپێرێ بە دەرەوەی وان ، بەڵام لە ڕۆژئاوا  باوەرییەک بە سیستمی دەرەوە یان چاوەڕوانی لە دەوڵەتان وپیاوان نییە. ئەگەر ژن بییەوێ گۆڕانکارییەک ساز بکا، دەبێ بە هێزی خۆی ئەوە بکا.
قازی:  یانی بە بۆچوونی تۆ ئەو باوەڕی بە هێزی خۆ  لە ڕۆژئاوا بە تەواوی لە ژنان دا پێک هاتووە؟ یان ئەوە پڕۆسەیەکە کە دەستی پێ کردووە؟
دیریک: ئەوە پڕۆسەیەکە، پێواژۆیەکە، وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد زۆر ژن هەن پەروەردەیان نییە ، دەرفەتی ئەوەیان نەبووە لە دەرەوەی چواردیواری ماڵێ کار بکەن ئیستا زۆر هەل و دەرفەتیان بۆ ساز بووە، نەک هەر بە پێی قانوون ، بەڵکوو گەلێک ڕێکخراو و کۆمەڵەش ساز بوونە.هەڵبەت  تێکۆشانی یەپەژە ش دەورێکی زۆر گەورەی گێڕاوە و کۆمەڵ دەتوانێ ببینێ کە ژنی کورد دەتوانن هەموو شتێک بکەن. داعش زەبروزەنگ بە دژی ژنان وەک چەكێک بە کار دێنێ و  بە تایبەتی بەرخوەدان و خۆڕاگری ژنان شوێنی خۆی لە سەر کۆمەڵ داناوە  و ئێستا دەتوانین بڵێین یەک و یەک هەموو ژنان  بۆیان دەرکەوتووە کە چارەنووسیان ئەوە نییە کە ببنە قوربانی زەبرو زەنگ و زەبرەوزەنگ لە چارەی ئەوان نەنووسراوە.   
قازی: باشە، ئیمپاورمنت، یانی هێزوەبەرنانی ژنان، ڕاهێزاندنی ژنان  ئەوەی ژن خاوەنداری بکەن لە مافی خۆیان چۆن هەڵدەسووڕێ؟ باسی پەروەردەت کرد، باشە ئەوە چۆن بەڕێوە دەچێ؟  هەم  لە لایەن ژنان خۆیانەوە وهەم لە لایەن  بزووتنەوەوە کە بەجۆرێک فێمینیستی یە؟
دیریک :  حەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر دەدرێ، ئینسانان زۆر خۆیان ماندوو دەکەن ، بەڵام ئەو کارە سەبر و  حەوسەلەی دەوێ . جگە لە پەورەردە ، دەوری ڕاگەیاندنیش زۆر گەورەیە، بۆ نموونە میدیای خۆسەر  دەڵێن ئێمە دەمانەوێ دیتنی کۆمەڵ بگۆڕین یانی خەباتێکی تایبەتی لەو پێناوە دا هەیە.لە ناو کۆمۆنەکان دا کۆمۆنی خۆسەر هەن کە لەواندا ژنان خۆیان حەول دەدەن چارەسەری بۆ ئەو گیروگرفتانە بدۆزنەوە کە دێنە پێشێ یانی کاتێک ڕووداوێکی بە زەبروزەنگ ڕوو  دەدا.  ئێستا  ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان گەیشتوونە ئاستێکی ئاوا کە دەزانن هێزێک هەیە ،هێزی خۆسەری ژن لەوێ دەیانەوێ سیستمێکی ئاوا ساز کەن ، سیستمی خۆسەری ژنان.مەسەلە هەر هەبوونی ڕێکخراوە و حەڕەکەت نییە بەڵکوو سیستمێکیش ساز بووە.
قازی: ئەو ئیمپاورمنت ( ڕاهێزاندن) بە چ شێوەیەک هەڵدەسووڕێ؟
دیریک: لە ڕووی سیاسی ، کۆمەڵایەتی و ئابووری . و کێئۆپراتیڤی خۆسەریش هەن.
قازی: ئەو سیستمی هاوسەرۆکایەتی یەی کە هەیە شتێکی ڕاستەقینەیە یان شکڵی یە؟  یانی ئەو پیاوەی کە دێتە ناو ئە سیستمە قەبووڵ دەکا ژنێک وەک ئەو بڕیار بە دەست بێ؟
دیریک: بە گردبڕی پیاوی ئاواش هەن کە ئەو سیستمە قەبووڵ ناکەن.  و وەک باسم کرد گۆڕینی زیهنییەت پێویستە. بەڵام میکانیزمی وەک قانوونی ژنان، یان سیستمی هاوسەرۆکایەتی و پشک دان بە ژنان هەن، بەڵام بۆ ئەوەی ئەوانە هەر شتی شکڵی و ڕەمزی نەبن پێویستی بە گۆڕانکاری قووڵتر هەیە.
قازی: کاتمان زۆر نەماوە ، هەر ٦-٧ دەقیقەمان ماوە ، ئەتۆ لە تێزەکەت دا دەڵێی لە ماوەی ساڵێک لێکۆڵینەوەی قووڵی ئێتنۆگڕافیک لە کوردستان  لە ڕاستی دا کۆکراوەیەکی بەڵگانت ساز کردووە یان زۆر فاکتت وەسەریەک ناوە وئەوە دەتوانێ چەمکی بە سیاسیی بوونی ژنان وەڕووخا. بە بۆچوونی تۆ تێزەکەت دەتوانێ چ دەورێک لە گۆڕانکاری دا بگێڕێ ؟ مەبەستم دەرئەنجامی تێزەکەتە؟
دیریک:لە سەر ئەوە دەکرێ بڵێم بە ڕاستی من بە چاوی خۆم دیتم  کاتێک کە ژنانی ئێزیدی مەجلیسی خۆیان دامەزراند یان ڕێکخراو و کۆمەڵەی جیاوازی خۆیان دامەزراند. من بە چاوی خۆم دیتم ژنان لە دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ یان ڕادیکاڵ دا زیدەتر هێز و توانا پەیدا دەکەن چونکە دەبینین کەبە ئیرادەی خۆیان دەکرێ چ شوێنێک لەسەرکۆمەڵی خۆیان بکەن. مرۆڤ دەبینێ کە سیستمی دەوڵەتیی ئێن جی ئۆیان ناهێڵێ گۆڕانکاری ڕادیکاڵ بکرێن ، بۆیە کانکلووژن/ دەرئەنجامی  تێزی من ئەوەیە کە تەنێ بە ڕێگای گۆڕینی زێهنی ڕا گۆڕانکاری دەلوێ،  هەر بۆیەش خەباتی ژنۆلۆژی  ئەوەندە بە قیمەتە بە ڕاستی.   چونکە ژنۆلۆژی  تێ دەگا و دەبینێ کە بەرلە هەموو شت پێویستە  ڕوانگە و دیتنی کۆمەڵ  بگۆڕدرێ. ئێمە ناتوانین وەک دەوڵەت کۆمەڵی خۆمان شرۆڤە بکەن. ئێن جی ئۆ بوون بە تەواوی ئاوایە چونکە ناهێڵێ گۆڕانکاری بکرێ و لەوبارەیەوە من دەتوانم بڵێم بەرخوەدانی ژنانی کورد هەر بەردەوامە. ئێمە لە تێکۆشانی لەیلا گوێڤەن یش دا دیتمان  کە ئەگەر تیوری و پڕاتیک ببنە یەک ، سەرکەوتن مەیسەر دەبێ.
قازی: هیچ  پلانی ئەوەت هەیە تێزەکەت وەک کتێب بڵاو کەیەوە؟



 دیریک:  ئەرێ، هیوادارم لە ساڵی ٢٠٢٠ دا  وەک کتێب دەرکەوێ  و وەکوو تر کتێبە کە چیروک و بەسەرهاتی جیاوازیشی تیدا دەبێ. لایەنی پڕاتیکی زیاتر دەبێ لە ڕەهەندی تیوری بەو شێوەیە  ئەو پێواژۆیە و تێکۆشانی ژنان بەش دەکەم.  
میدیای  ئوڕووپایی بۆ وێنە هەمیشە دەیەوێ باسی مەغدوورییەت و بێچارەیی ژنان بکا ، ئەوەش سەرچاوەی لە ڕوانگەی ئۆریانتالیستییەوە ئاو دەخواتەوە ، بۆیە ئێمەی ژنی کورد بۆ خۆمان دەبێ بێینە مەیدانێ  و نەک هەر لێکۆڵینەوەکەی من،  زۆر ژن هەن دەیانەوێ مێژووی خۆیان بۆ خۆیان بنووسن ، دیارە ئەوە بە شێوەی هەرەوەزی باشتر هەڵدەسووڕێ. 
قازی: ئێستا کە تۆ دوکتورای خۆت وەرگرتووە پلانت چییە، بە تایبەتی لە بواری ئاکادێمیک دا؟
دیریک:  دوای هاوینێ دەست بە کارێکی دیکە دەکەم. ئەمن درێژە دەدەم بە لێکۆڵینەوەی خۆم .من دەمەوێ زیاتر لەمەڕ  خۆسەری دێمۆکڕاتیک لە ناو کەمپەکانی کوردستان دا کار بکەم وهەر وەها سەبارەت بە حەولدانی عەداڵەت خوازی ژنانی کورد لە دوای داعش.
قازی: وەک دەزانی ئێستا لە دوای شکانی داعش  لە ووڵاتانی ئوڕووپایی هێندێک گیروگرفت ساز بووە، لەمەر وەزعی ئەو ژن و منداڵانەی لای داعش بوون و هەر وەها ئەوانەی لای داعش یەخسیر بوون . بڵێی ئەوانە بگەڕێنەوە ووڵاتەکانی خۆیان یان چۆن دەبێ ، تۆ چۆنی دەبینی ؟
دیریک : ئەوە شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە  چونکە ئوڕووپا نایەوێ دەوری خۆی قەبووڵ بکا، دەوری ئورووپاش هەبوو، نەك هەر لە شەڕ دا بەڵکوو لە بواری پێشوەچوونی ئیدێئۆلۆژی ش دا.  پشتگیری کردنی  ووڵاتانی وەک  تورکیا و عەڕەبستانی سعوودی  و کاری ئاوا لە لایەن ئوڕووپاوە. بۆیە ئێستا نایانەوێ  هاووڵاتییەکانی خۆیان کە ببوون بە چەتە بهێننەوە ووڵاتەکانی خۆیان،  دیسان ئەوەش دەچێتەوە سەر ئۆریانتاریسم . دەیانەوێ بڵێن  ئەوە نەریت ، ئەوە پاشکەوتوو بوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئێمە قەبووڵی ناکەین. دیارە ئەوە هەڵوێستێکی هەڵەیە و دەبێ ڕەخنەی لێ بگیرێ.
قازی:  کاردانەوەی ئەو گیروگرفتە لە ناو کۆڕوکۆمەڵی فێمینستی دا چۆن بووە؟


دیریک: شتی سەرنجڕاکیش ئەوەیە کە هێندە قسەی لە سەر ناکەن. کەس نایەوێ لەو مژارە نزیک بێتەوە.  ئێستا هێرشێکی زۆر دەکرێتە سەر دینی ئیسلام ، بەڵام ڕاستییەکیش هەیە نایانەوێ خۆڕاگری  ئەو ژنانەش کە لە هەمبەر ئەو ئیدێئۆلۆژیە شەڕیان کرد قەبووڵ بکەن ئەو ئیدێئۆلۆژییەی بە ناوی دین پاساوی بۆ کارەکانی خۆی دەهێناوە. دەبێ وەکوو فێمینیست زیاتر شی بکەینەوە ئیدێئۆلۆژی ئاوا چۆن ساز دەبن و تێکلآوی و بەستراوە بوونیان بە کاپیتالیزمەوە چۆنە.
قازی: زۆر سپاس دوکتور دیریک. زۆر سپاس بۆ بەشداریت لە ڕاوێژ دا. داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم لە هەموو بوارێک دا
دیریک : منیش سپاستان دەکەم                                         
قازی: بینەرانی خۆشەویست، بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی ڕاوێژی ئەمجارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش
 تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینە ئێوارەی یەکشەمە ٢-ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرک بە کوردیی کورمانجی کراوە و بە شێوەی زیندوو بڵاو کراوەتەوە.بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە دەکرێ  سەری لاپەڕەی ڕاوێژ لە فەیس بووک  یان کاناڵی ڕاوێژ لە یوتیوب بدەن.  











No comments: