Monday, May 13, 2019

زمان وەکوو توانستی هاوبەشی مرۆڤان و ڕۆمانی بووژانەوە بە کاتی سیروان

 بەرنامەی ڕاوێژ
هەڤپەیڤین لەگەڵ لێکۆلەرەوە و نووسەر  مەنسوور تەیفووری
زمان وەکوو توانستی هاوبەشی مرۆڤان و لێکدانەوەی ڕۆمانی نووسەر: ' ژیانەوە بە کاتی سیروان' لە لایەن نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی سەلاح عەبباسی، یەكشەمە ٥ی مەی ٢٠١٩
حەسەن قازی : بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە  بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەم جارە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز مەنسوور تەیفووری لێکۆلەرەوە و نووسەر. دیارە بەڕێزی پێشتریش وا بزانم دوو جار لە بەرنامەی ڕاوێژ دا بەشداری کردووە . لەم بەرنامەیە دا لە سەر ڕۆمانێکی بەڕێزیان بە ناوی  ' ژیانەوە بە کاتی سیروان ' دەدوێین کە ئەم ڕۆمانە لە لایەن هێندک ڕەخنەگری ئەدەبییەوە تا و توێ کراوە و ئێمە وامان بە باش زانی لەم بەرنامەیە دا کە لەگەڵ بەڕێزیان لە سەر زمان بە شێوەیەکی گشتی قسە دەکەین بەشێکیش تەرخان بکەین بۆ دووان لە سەر ڕۆمانەکەیان. دیارە بەر لەوەی بۆ خۆی لە سەر ڕۆمانەکە قسە بکا ئێمە حەولمان دا لەگەڵ ڕەخنەگرێکی ئەدەبی کە لە نزیکەوە بەڕێز مەنسوور تەیفووری ناناسێ و بەڕێز تەیفوورییش ئەو ناناسێ ئەمشەو  لەم پڕۆگرامە دا بەیەک دەگەن هیوادارم کە  هیچ گیروگرفتێکی تێکنیکی نەیەتە پێش کە ئەو بەڕێزەش بتوانێ  بە تەلەفۆن لەم بەرنامەیە دا بەشداری بکا کاتێک بەشداری کرد ناوەکەی دەڵێم بۆ ئەوەی کاک مەنسوور تا ئەو دەمی لە دۆخی چاوەڕوانی دا بمێنێتەوە . ئێستا لەوە ڕا دەست پێ بکەین بەڕێز تەیفووری، باسی زمان دەکرێ وەکوو پۆتانسییەلێکی هاوبەش، تواناییەکی هاوبەش لە ناو ئینسانەکان دا. ئێوە ئەو مەسەلەیە چۆن  لێک دەدەنەوە؟ دیارە مژارەکە زیاتر لایەنی فەلسەفی هەیە بەڵام  ئێوە چۆنی بۆ دەچن؟
مەنسوور تەیفووری: ئەمن دەگەڕێمەوە بۆ دابەش کردنێک کە ئەرەستوو لە پاژی یەکی فەسڵی دووی کتێبی ' سیاسەت ' دا دەیکا. لەوێ کاتێک ئەرەستوو چەند دیارە ئەرەستوو ' لە ئەخلاقی نیکۆ ماک ' یا ' ئەخلاقی نیکۆ ماخووس ' و لە  کتێبی ' سیاسەت ' و چەند جار هەوڵ دەدا کە پێناسەی ئینسان، پێناسەی فۆنکسیۆنی ئینسان بکا. لە کتێبی ' سیاسەت ' دا ئەرەستوو دێت سیاسی بوونی ئینسان وەکوو ئەمرێکی بەدیهی دەگرێت، وەکوو  بەڵگە نەویستێک دەیگرێ کە ئینسان بوونەوەرێکی سیاسی یە بەڵام ئەم سیاسی بوونەی ئینسان بە جیا لە حەیوانەکان دەڵێ ئەمە حەیوانە بەڵام لایەنێکی زیادیشی هەیە کە لایەنە زیادییەکەی سیاسەتە. بەڵام  ئەو سیاسەتە لە چی هەوڵ دەدا دەری بێنی ئەویش لەوەی کە ئینسان زماندارە بە نیسبەتی حەیوانات. زمانداری ئەرەستوو دەڵێ حەیوانەکانیش جۆرێک زمانیان هەیە ، بەو مانایەی کە دەنگیان هەیە، حەیوانەکان دەنگیان هەیە و بەو دەنگە ئەتوانن تەعبیر لە ئازار و لە خۆشی خۆیان بکەن  و تەنانەت ئەمە پێکەوە بگوێزنەوە.
قازی: یانی پێوەندی بکەن بە یەکەوە

تەیفووری: بەڵێ ئەتوانن جۆرێ پێوەندی بکەن بەڵام ئەو پێوەندییە تەنیا بۆ خۆشییە یا وەختی ئازار. تۆ لێی ئەدەی ئەتوانێ دەنگێک دەر بێنێ، وەختێک خۆشحاڵ بێ ئەتوانێ دەنگێک دەر بێنێ. ئەلێ بەڵام ئەوەی ئینسان زیاترە لەوەش، ئەوەی ئینسان زمانە. زمان لە  ووشە پێک دێ بۆ ئەو و زمان دەنگ نییە بۆ تەعبیر لە خۆشی وناخۆشی نییە ، هاوکات کە تەعبیر لەوانەش ئەکا بەڵام  بۆ تەعبیر کردنە لە عەقڵە لۆگۆس و هاوکات بۆ تەعبیر کردنە لە چاکە و خراپە ، باش و خراپ ، خێر و شەڕ و هاوکات بۆ تەعبیر کردنە لە ڕاست و ناڕاست. ئەرەستوو کە ئەمە ئەڵێ ناڵێ کە ئەمە تایبەتمەندی گرووپێک لە ئینسانەکانە، ناڵێ ئەمە تایبەتمەندی تەنێ زمانێکی ئینسانی یە بەڵام  ئەڵێ ئەمە تایبەتمەندییەکی هاوبەشە. ئەمە لێرە دەوەستین ، بۆ ئەوەی بگەین بە پۆتێنسیالیتە یانی  ئەوەی کە زمان توانستی هاوبەشی مرۆڤە، ئەڕۆینەوە بۆ ' ئەخلاقی نیکۆ ماخوس ' لەوێشا ئەرەستوو جارێکیتر هەوڵ ئەدا لە پێناسە کردنی فۆنکسیۆنی یان کار یان ئەرکی ئینسانا  ئەپرسێ ئەڵێ ئەرکی ئینسان چییە ئەڵێ دیارە سروشت هیچ کارێک بێهوودە ناکا، سرووشت حەیوانی دروست کردووە بۆ نموونە ئەسپی دروست کردووە و ئەسپ ئەبێ باش ڕا بکا. حەیوانێکی دروست کردووە بۆ ئەوەی زا و زێ بکا و بۆ ئەوەی باری باش ببا، دێتە سەر ئینسان دەڵێ بۆ نموونە لە فلووت ژەنێکا ، فلووت ژەنێک یا نەی ژەنێک کارەکەی ئەوەیە  نەی باش بژەنێ. کارەکەی ئەمەیە بەڵام ئەپرسێت ئایا حەیوان کە کارێکی تایبەتی بۆ دیاری کراوە لە سروشتا و بە پێی جەوهەری خۆی بۆی دیاری کراوە ئایا ئینسان بەو جۆرەی کە ئینسانە وەکوو مەعنا کلاسیکەکەی وەک وجوود ئینسان کاری چییە؟ کە ئەگاتە سەر ئەو خاڵە ئەڵێ کاری ئەوەیە چاکە و خراپە بکا، چاکە بکا بە باشترین شێوە بەڵام دیسان ناتوانێ  فۆنکسیۆنێک بۆ ئینسان دیاری بکا. هاوکات دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئینسان بوونەوەرێکە خاوەنی زمانە و لە دڵی زمانەکەیەوە ئەتوانێ چاکە و خراپە لە یەک بکاتەوە، ڕاست و ناڕاست لە یەک بکاتەوە و ئاوا کۆمەڵێک نۆوشن یا کۆمەڵێک چەمک بەرهەم بێنێ، کۆمەڵێک واتا بەرهەم بێنێ و لە دەوری ئەم واتایانە کۆ بێتەوە بۆ ئەوەی ژیانی هاوبەش دروست کا. خێزان دروست کا ، یان سیتە با بڵێین دەوڵەت – شار  بە کوردی. بەڵام ئەوەی کە ئەرەستوو ناتوانێ لە دواییدا فۆنکسیۆن یان کارێک بۆ ئینسان تەعریف کا ئەمە بەو مانایەیە کە ئینسان لە دواییدا هیچ کارێکی نییە بە پێی سروشتی خۆی بۆی دیاری کرا بێ و ئەمە ئەتوانێ دانەیە لە تەعبیرەکانی ،بەو مەعنا دانەیە لە تەعبیرەکانی ئەوەیە کە ئینسان  بریتی یە لە توانستی ڕووت. ئینسان دەتوانێ  لە پلەیەکا تا بەرەو دوا بەرەو حەیوان بوون بخشێ  ، ئەتوانێ بێ کۆتا و بێ سنووریش لەو سنوورەی ترا بەردەوام بێ. کە واتە ئینسان بەو مانایە پۆتێنسییەلە . ئەم پۆتنسییەلە لە چییا خۆی ئەنوێنێ بۆ ئەو ؟  لە زماندارییا .
قازی: زۆر باشە بەڵام  دەزانین کە لە زەمانی ئەڕەستووەوە هەتاکوو ئێستا  لە سەر ڕەهەندەکان و لە سەر توانست و پۆتانسییەلی  زمان وەکوو شتێکی هاوبەش و موشتەرەک لە بەینی ئینسانەکاندا حەتمەن بۆچوون و لێکدانەوە و دەستکەوتی تازەتر بە دەست هاتووە. لەو زەمینانە دا دەتوانی باسی چ بکەی؟
تەیفووری: بێگومان . من  ئەوەندەی کە خۆم کەڵکەڵەم بێ  لانی کەم بە نیسبەت  کە وەک بەشێک لە کاری لێکۆڵینەوە خەریکم کاری لە سەر دەکەم  کە زمان یان ئەم پۆتانستالیتەیە چی لێ دێ؟ سیاسەت دیسان هەر لە مانا ئەرەستەەیەکەیا  یانی ژیانێک هەیە  و سیاسەت بریتی یە لە بەخشینی  شکڵێک یا فۆڕمێک  یان شێوەیەک بە مە. بەڵام ئەو شێوە بەخشینە هاوکات شێوە بەخشینیشە بە زمانی ئینسان. شێوە بەخشینێسە بە زمانی ئینسانی ئەگەر بڵێین ئینسان پۆتانسییەل یان توانستی ڕووت  بێ و ئەمە لە زماندا خۆی  بەرجەستە بکا و ئەمە توانایەک بێ  لە دەرەوەی ڕەگەزەکانەوە ، لە دەرەوەی  جوگرافیاکانەوە، لە دەرەوەی  ڕەنگی پێستەکانەوە تایبەتمەندی  زمانی بەشەری بێ ، زمانی مرۆیی بێ ، لە هەموویانا هاوبەش  بێ ئەم پۆتاسییێلیتە  سیاسەتی ئیش کردنە لەم توانستە  و بەخشینی فۆڕمێکە بەم توانستە  و هاوکات بەم مانا بەخشینێکی فۆڕمێکیشە بە زمان. سیاسەت لە کۆنەوە بێگومان بەردەوام  زمان و ئەم توانستە  لە ململانی دا بوون پێکەوە.
قازی:  پێش ئەوەی بگەینە وێ ئەمن پێم خۆش بوو  لە پێشدا ئەو پرسیارەی پێشووترم ووڵام بدەیەوە  یانی بە شێوەیەکی ئاوا ئابستراکت قسە کردن لە سەر  ئەرەستوو ڕەنگە بۆ ئەو بوونەوەرانەی کە  ئێستا بە زمانەوە مژوولن ، چون شتێکی گشتی زۆر بڵاو هەیە بڵێین غەیرە تەخەسوسی  کە مەسەلەن زمان ئەوەیە کە دوو ئینسان پێکەوە پێوەندی پێ دەکەن لە کاتێکدا  زمان زۆر زۆر لەوە گەورەترە بەڵام پرسیارەکەی من ئەوە بوو  کە لە زەمانی ئەڕەستوو ڕا هەتا ئێستا  ئەو تەعریف و چەمکە چەندە پەرەی سەندووە و چ دۆخێکی پەیدا کردووە. ئەوەی کە پێوەندی بە سیاسەتەوە  پەیدا دەکاتەوە دوایە دەیگەینێ.
 تەیفووری:  ئێمە لانی کەم زمانناسییەکی کلاسیکمان هەیە تا پێش نووسینی کە زمان لە دوایی دا بۆ گواستنەوەیە ، بۆ پێوەندی گرتنە و تەنیا کارەکەی ئەوە یە تا پێش نووسینی دەرس ووتارەکانی زمانناسی گشتی فێردیناند دۆ سۆسور  ئەگەرچی پێش ئەو ئێمە  پییرس و یەلمێسلێڤ و ئەوانەمان هەیە ، لە فۆرمالیسمی ڕووسی دا هەمانە لە  ١٩٢٠ کان بە دواوە  ئەوانیشمان هەیە کە پرسیاری زمان کە کارەکەی ناونانی ڕووت بێ  و کارەکەی گواستنەوەی ڕووت بێ  و فۆنکسیۆنال یانی تەنیا کارکردەکەی ، کارکردی زمانی ئینسانی چییە ، هەوڵ ئەدەن لەوە دەری کەن  بەڵام لای دوسۆسۆرەوە سەرهەڵدانی  بزووتنەوەی کە بە جۆرێک ئەو کتێبەی  فێردیناند دۆ سۆسور بنچینەی  مەکتەبێکی فیکری یە یا قوتابخانەیەکی فیکری یە  بە ناوای ستراکچرالیسم یان پێکهاتە خوازی یان بنەماخوازی ، بە کوردی چەند هاوتایەکی بۆ داندراوە، هەر کامیان لە سەری کۆک بین.  لەوێ ئەو پەردە لە سەر لایەنێکی تر هەڵدەداتەوە  ئەویش ناوەرۆکی  بڕیارکردی زمانە ، بەو مانای کە زمان  بەرهەمی بڕیاریشە یانی قەراری نێوان ئینسانەکان و پێک هاتنی  لە دال و مەدلوول و ناوەرۆکی  نیشانەیی زمان و ناوەرۆکی بڕیارکردی زمان و ڕێکەوتن یانی جۆرێ قەرارداد، جۆرێک  کۆنتراکت لە سەر ئەمانە ڕێک دەکەوین.  ئەم هەنگاوەی دو سۆسور  هەنگاوێکی ترە بۆ ئەوەی  دیسان شتی تری لە دواوە لە دایک بێ ، بۆ ئەوەی تۆ بتوانی لێکۆڵینەوەکانی  فڕۆید لە سەر نەست لە سەر  بۆ نموونە قوتابخانەی پۆست ستراکچرالیسم یان بە دەستی کەسێکی وەک لاکان  ببێ بەوەی کە ئێمە لە دوایی دا زنجیرەیەکی بێ کۆتایی  ماناکانمان هەیە واتە  ئەمە داڵ لای من دەڕوا بۆ مەدلوولێک  ئەو مەدلوولە خۆی ئەتوانێ بچێت  بە شێوەی بی کۆتا خۆی بێ بە دالێکی تر و مانایەکی تر  بەرهەم بێنێتەوە هەر چۆن  لە دەروونشیکاری دا فڕۆید  دێ وەها تەعبیری لێ ئەکا و  لای لاکان بەم مەعنای لێ دێ کە نا  نەست یان وەک دەڵێن ناخودئاگای ئینسانی  یان نەستی ئینسانی  ستراکجرێکی وەکوو ستراکچری زمانی هەیە کە تێیدا دالەکان بەردەوام بۆ یەکتر ئەگۆڕن. بێ گومان ئەمەش  هەیە، بەڵام لەو لایشەوە ئێمە فۆکۆمان هەیە بۆ نموونە هەر لەدڵی هەمان سەر دەم دەرکەوتووە بێگۆمان کارەکەی زۆر گرینگە لە ڕستەیەکا کە باسی دیسپۆزیتیڤەکان دەکا ، باسی ستڕاتێژییەکانی دەسەڵات یان پاور دەکا ، ئەڵێ شەڕەکان هاوکات شەڕێکن بە زمان و هاوکات شەڕێکن لە سەر زمانیش بۆ کۆنتڕۆڵی دیسکورسەکان . بەم مانا من زیاتر ئەم لایەنەیەتی کە زۆر زۆر بۆم گرینگە کە چۆن شەڕەکان هاوکات شەڕێکن لە سەر زمان و  کۆنتڕۆڵ کردنی زمانیش.


قازی: ئێستا بێینەوە سەر پێوەندی زمان و سیاسەت!
تەیفووری: ئێمە دەتوانین چەند قۆناخێک دەستنیشان کەین  بە شێوەی گشتی کە لە سەر دەمێکدا دەسەڵات دێ چی دەکا، دەست لە بەرانبەر ئەو پۆتانسییالیتی دا هەوڵی کوشتنی ئینسانەکان دەدا بۆ نموونە مەفهوومێکی وەکوو ' زمان بڕین ' کە لە زمانی کوردیش دا هەیە ، یا لە سەر دەمی کلیسا ...
قازی: دیارە زمان بڕین  لە ڕووی زمانناسیی کۆمەڵایەتییەوە یەکەم جار لە لایەن نەمر ئەمیر حەسەنپوور ڕا بە کار هات وەک  ' لینگویساید ' بە زمانی ئینگلیسی کە ئەو ' زمان بڕێن ' ی بۆ بە کار هێنا.
تەیفووری: بێ گومان مامۆستا لە ئارشیوی زمانی کوردی وەری گرتووە. بۆ نموونە کاتێک کەسێک هەڕەشە ئەکا دەڵێ: " زمانت ئەبڕم". ئەوەی کە دەسەڵاتی سونەتی ، دەسەڵاتی سونەتی بەردەوام زمان بۆی مەوزووع بووە ، بۆ نموونە لە زمان بڕین و ئەوانە دا، کەسێک دێ، شا، زمان ئەبڕێ یان کلیسا زمان ئەبڕێ. ئێمە لە سەردەمی کلاسیکا بۆ نموونە لە ئوڕووپا تەنانەت چەندین کەرەستەمان هەیە ، مقەستی تایبەتمان هەیە ، چەقۆی تایبەتمان هەیە، ئامووری تایبەت و کەرەستەی تایبەتمان هەیە بۆ بڕین و دەرهێنانی زمانی ئەو کەسانەی کە کفریان کردووە یا بە دڵی دەسەڵات و بە دڵی ئەم و ئەو قسەیان نەکردووە. و ئەمە لە قۆناغیکایە ، بەڵام ئێمە لە قۆناغێکی تر داین وەک فۆکۆ  گوتەنی لە قۆناغی ژێنی سیاسەت داین یا لە قۆناغی بیۆ پاور داین بەو مانایە کە ئێمە لە بەردەم دەسەڵاتێک داین کە مەوزووعەکەی وە ئیتر بابەتەکەی کێشەکەی ئەبێ بە خودی ژیان و چی بکا لە خودی ژیان. بەشێک لەمە ، بەشێک لەم ژیانە، ئێمە ئەتوانین لقێکی گەورەتری لێ جیا بکەینەوە و بڵێین ئێمە لە بەردەم دەسەڵاتێک داین لە ئێستا دا هەنگاوێک هاتبێتە ئەولاتریشەوە  هیچ کار کا لە ژیان، هیچ کار کا  لە دایکبوون، کۆنتڕۆڵی لە دایکبوون بکا، کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا بکا، هاوکات کۆنتڕۆڵی زمانیش دەکا. کۆنتڕۆلی زمانیش ئەکا بەم مانا ئەمن ئەوەی ئەرەستووم بۆچی هێناوە، من تەسەور ئەکەم ئێمە لە قۆناغێک داین ئیتر زمان بڕین بە شێوەی کلاسیک ناکرێ، ئەگەرچی لە هێندێ جێگا بێ گۆمان ئەکرێ ژوورنالیست ئەکووژن، ئازادیخواز ئەکووژن.
قازی: سانسور بۆ خۆی جۆرێک لە زمان بڕینە.
تەیفووری: بەڵام ئێستا میکانیزمەکەی زۆر پێشکەوتووتر بووە لە ڕێگای تێکنۆلۆژی یەوە. بەو مانا کە زمان لە فۆنکسیۆنە بنچینەییەکەی خۆی کە قسە کردن بێ لە سەر ڕاست و ناڕاست، قسە کردن بێ لە سەر چاکە و خراپە، قسە کردن بێ لە سەر چاک و خراپ یان هەمان خێر و شەڕ ، لە دەرەوەی کانتێکستی دینی و لە ناو کانتێکستی دینیش دا، لەمە بەتاڵ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بکرێ بە چی؟ من قسەکەم ئەوەیە کاک حەسەن ، ئەگەر ئەوەم هێنایەوە لە ئەوەڵەوە کە ئەو جیاوازی لە نێوان ئاوا یان دەنگی  حەیوانیی دا کە ئەو تەنیا بۆ تەعبیر لە ئازار و ئەوانەیە بە کاری دەهێنێ، لە بەرابەر زماندا  ئەرەستوو ئەم دوانە بەر یەک دەدا. بەڵام ئێستا هەست دەکەی لە ڕێگای تێکنۆلۆژیاوە بەشێک لە بابەتی دەسەڵات، بەشێک لە کەڵکەڵەی دەسەڵات ئەوەیە کە ئەو زمانی مرۆیی یە ڕێک بیگۆڕێ بۆ دەنگ و تایبەتمەندی دەنگی حەیوانی پێ بدا. لە دواییدا عەقڵانییەت لە توانای ناسینەوەی ڕاست و ناڕاست ، و لەوەی کە ڕاست و ناڕاست مەوزووعی بێ و عەقڵاندن ، لۆژیک مەوزووعی بێ وە بە پێی مەنتق و بە پێی زانستی لۆژیک قسە کا لەوە بەتاڵی بکاتەوە. ئەمە شتێکە ئێمە ئەیبینین. بۆ نموونە ئیمپراتۆرییە میدیاییە گەورەکان دەبینین کە لە دواییدا ئەوانە کاریان ئەوەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەو توانستەی زمان بدەن بۆ ئەوەی زمان بگۆڕن بۆ دەنگ، بیگۆڕن بۆ  قیژە قیژ، بۆ هاوار هاوار و بگرە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەگەر زۆر توند بیڵێم بۆ شیڕە شیڕ یانی گەڕاندنەوە ، بەخەبەر هێنانەوەی شتێک لە زمانی حەیوانی ، لەو دەنگی ئازار و هاوار و ئەوانە لە نێو خودی زمانا و ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان دیسان بێدەنگ کردنی خودی کۆمەڵگاکانە، بێدەنگ کردنی سووژەکانە.
قازی: زۆر باشە، ئێستا ئیستێک بگرین ، وەکوو باستان کرد زماب تەئسیر دەکا لە سەر سیاسەت، سیاسەتیش تەئسیر دەکا لە سەر زمان. بۆ وێنە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەبێ یان شۆڕشێکی تێکنۆلۆژی، بۆ وێنە هەر ئەو شۆڕشی تێکنۆلۆژییەی کە باس دەکرێ ئێستا بۆخۆی زمانی خۆی دروست دەکا. زمانێک دێنێ کە ڕەنگە پێشتر لە کۆمەڵگەیەک دا کە ئەو تێکنۆلۆژییە لەوێ ناسراو نەبووە، پێی نەزاندراوە دروستی دەکا. نموونەیەکی پچووک ئەگەر باس بکەین ئەویش ئەوەیە هەر کەس لە ماڵ یان شوێنی خۆیەوە دەتوانێ بە دەستگای تەلەفۆنی زیرەک  کە هەیەتی دەتوانێ لە ڕێگای فەیس بووکەوە بەرنامەیەک دابنێ و پەیامێک بڵاو بکاتەوە ، لایڤێک بڵاو بکاتەوە. ئەو 'لایڤ بڵاو کردنەوە' یە هاتووە دە زمانی کوردییەوە. مەبەستم ئەوە بوو ئەو پرسیارە بکەم پێت وایە شٶڕشی کۆمەڵایەتی یا ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی چ کاردانەوەیەکی دەبێ لە سەر ئاڵوگۆڕ لە زمان دا ؟
تەیفوری: با من نەڵێم من کەسێکم کە دژی تێکنۆلۆژیم. دژی تێکنۆلۆژی ناتوانین ببین بەڵام بێگۆمان هەمیشە مەودایەکی ڕەخنەگرانە دەبێ بپارێزین لەگەڵ تێکنۆلۆژی. بۆ نموونە دەکرێ بڵێین شۆڕشی تێکنۆلۆژی گەیشتووەتە دەست کوردیش، کۆمەڵێک کەرەستەی داوە بە دەستییەوە کە بتوانێ ، یا ڕێگەی کردووەتەوە بۆ  شوناسە پەراوێزخراوەکان و شوناسە سەرکوتکراوەکان کە بێن خۆیان کۆ بکەنەوە، تەعبیر لە خۆیان بکەن و کەرەستەی تێکنۆلۆژیک بەکار بێنن. ئەمە لایەنێکێتی، بەڵام لە لایەنێکی دیکەوە ئەگەر لە ناو خودی شوناسێکی وەک شوناسی کوردی دا ، لە ناو کۆمەڵگای کوردی دا، خەڵکی کورد بە گشتی  هەر ئەم تێکنۆلۆژییە ببێ بە کەرەستەیەک دیسان بۆ هەوڵدان بۆ لەکار خستنی خودی زمانی کوردی. بەو مانایە کە ئەمەوێ بڵێم ئێمە ئێستا میدیامان هەیە، کۆمەڵێک فیگووریشمان هەیە کە ئەم فیگوورانە بەرهەمی عەقڵ نین، بەرهەمی توێژینەوە نین، بەرهەمی لێکۆڵینەوە نین، بەرهەمی زانست نین ، بەرهەمی ڕەخنە نین بەڵکوو تەنیا خۆیانن و یەک دانە ئیمپراتوری میدیایی ، بۆ نموونە لە لایەک خەڵک زۆر زۆر برسی یە، کەچی هەموو ئەو برسێتییە بۆ ئەوە ئەکرێ بۆ ئەوەی تلڤیزیۆنێ بەڕێوە ببردرێ. ئیمپراتورییەکی ، کۆشکێکی ڕاگەیاندنی فڵان بنەماڵە و فڵان کەس بەکار ببرێ وە کۆمەڵێک فیگوور لەوناوە دا دێن ، کۆمەڵێک فیگوور لەو ناوە دا دروست دەبن و ئەم  فیگوورانە ئەتوانن تەئسیریش دابنێن لە سەر کۆمەڵگا، تەئسیر دابنێن لە سەر تاکەکان. چونکوو بۆ ئەوان لە دواییدا، ئەو تاکانە توانای ، لە خەیاڵی ئەوان دا، توانای هەڵسەنگاندنیان نییە ، توانای عەقڵانییان نییە و ئەمەوێ بڵێم ئەم تێکنۆلۆژییە شمشێرێکی دوو دەمە، لانی کەم دوو دەمە ، یانی بە هەر دوو سەرا کراوەیە و هەتا ئێستا لە دواییدا ئەم تێکنۆلۆژی یە زیاتر، لە ئاستە فراوانەکەیدا لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵات و لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت دایە. و کێش بییەوێ بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ناوەڕۆکەکەی دەر بخا، یا ڕەخنە بکاتە ناوی، یا بە جۆرێ  دەستکاری تێدا بکا بۆ نموونە وەک ئاسانژ، زۆر ڕەحەت قووت ناچێ و لە دواییدا دەبێ بکرێ بە ژێر هەواڵەوە و بکرێ بە ژێر هینەوە و دەستگیر بکرێ.
قازی: بەڵام  نموونەی جوولیان ئاسانژ دیارە نموونەیەکی زۆر زەق و بەڕاستیش گرینگی هێزی دەرەوەی دەوڵەتە و هێزی تێکنۆلۆژی یە. یانی ئەوە هێندێک قسەی جەنابت بەرپەرچ دەداتەوە.
تەیفووری: بێگومان
قازی: چونکوو جوولیان ئاسانژ سەرەڕای ئەوەی کە ئێستا بەند کراوە و سەرەڕای ئەوەی کە داوا دەکرێ ڕادەستی ئەمریکا بکرێ یان پاپۆشی دیکەی بۆ دروست دەکەن بەڵام توانیویەتی زۆر شتی ئاوا لە قاو بدا کە هێزێکی دەوڵەتی ئەو ئیمکانەی نەبووە بیکا. بەڵام ویکی لیکس  بە دەرەتانێکی زۆر کەم، تەنێ لە سایەی لێ زانین لە تێکنۆلۆژی لە لایەک و لە لایەکی دیکەش یارمەتی کردن و یارمەتی دانی ئەوانەی کە پێیان دەڵێن " "فیتفیتە لێدەر" ، فیتفیتە لێدەر ئەو کەسانەن  کە لە دەستگایەکی دەوڵەتی دا کار دەکەن و بە مۆتیڤی جیاواز جاری وایە لە بەر ئەنگیزەی سیاسی ، لە بەر مۆتیڤی ئینسانی  پێیان وایە بۆ نموونە ئەو کوشتارەی ڕۆژنامە نووسان کە ئەڕتەشی ئەمریکا لە عێڕاق کردی ئەوە پێشێل کردنی قانوونی خودی ئەمریکاشە و دەبێ لە قاو بدرێ. جا لەو چوارچێوەیە دا ئەگەر تەماشای بکەی هێزی تێکنۆلۆژی ، بە تایبەتی تێکنۆلۆژی ڕاگەیاندن  بە تەواوی بە پێچەوانەی ئەوەیە کە بەڕێزت باسی دەکەی.
تەیفووری: بە پێچەوانەیە، بەڵام ئەمن لە قسەکانم دا هەوڵی ئەوەم دا بڵێم ئەمە ئیستسنایەکە، ئەمە ئێکسێپشن، ئەمە ڕێزپەڕێکە ، نموونەیەکی دەگمەنە ئاسانژ. لە دوایی دا ئیمپراتۆرییە گەورەکە بە جۆرێکی تر کار دەکا. ئەم ئیمپراتۆریە گەورە ئەمن دەمەوێ بڵێم بۆ نموونە دانەیێ لە هەوڵەکانی لە فەزای کوردستانا ، یا لە فەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا بە شێوەیەکی گشتی کە ئەیبینین کارەکەی ئەوەیە کە توانایی زمان  بگۆڕێ بۆ ئەو دەنگە دەنگە حەیوانی یە ، زمان لە ناوەرۆکی عەقڵانی خۆی بەتاڵ کاتەوە تەئکید دەکەمەوە بۆچی یانی؟ ئێمە ئاگامان لە بوونەوەرێکە، دەرکەوتنی بوونەوەرێکە کە هیچ پێوەندییەکی بە عەقڵانییەتە، بە سیاسەتەوە و بە لۆژیک و ئەوانەوە نییە، هیچ تەعەهود یان دەروەستییەکی سیاسی نییە . نموونە بدەم ئەتوانم بڵێم  فڵانکەس ئەمرۆ لە فڵان میدیای ئۆپۆزیسیۆنە لە باشوور بۆ نموونە ، ئەمڕۆ لە  کەی.ئێن. ئێن ە یا لە ڕۆژنامەی ئاوێنە یە، سبەینێ ڕاحەت ئەڕوا بۆ ڕووداو ، بە شتێکی گەورەتر، لەویش ئەبێ بە فیگوور کە هەمان فیگوورەکەی ئێرەیە، ئەتوانێ بچێ بۆ کەی ٢٤، لەوێوە ڕێگەیەک درێژ ئەبێتەوە بۆ ڤی ئۆ ئەی، لەوێوە ڕێگەیەک درێژ ئەبێتەوە بۆ بی بی سی، لەوێوە ڕێگەیەک درێژ ئەبێتەوە بۆ ئیران ئینترناشناڵ .
قازی: ببوورە ، بەڵام ئەو تایبەتمەندی کۆمەڵی کوردەواری نییە، لە ئوڕوپاش هەر وایە، لە جێگای دیکەش.
تەیفووری: نەخێر تایبەتمەندی کۆمەڵی کوردەواری نییە . من ئەڵێم ئێمە لەگەڵ جۆرێک لە دەسەڵات لە ئێستاوە  ڕووبەڕووین کە ئاوا بە زمان ئەکات . کە ئەم یارییە لەگەڵ زمان ئەکات و ئەمە جۆرێکی ترە دیسان لە سەرکوتی ئەو پۆتانسییێلە و لە سەرکوتی خودی زمان و گۆڕینی زانایی یە بۆ زانیاری، گۆڕینی عەقڵە بۆ زانیاری بۆ ئینفۆڕمەیشنی ڕووت و بەرهەمهێنانی فیگوورێکە کە کارەکەی هاندان و تەهییج ە. کاک حەسەن ئەگەر ڕێگەم بدەن تۆزێک بگەڕێینەوە بۆ نموونەی ئەو کارانە لە سەردەمی نازییەکان دا یا لە سەردەمی ویشی دا کراوە لە سەر زمان. شتی زۆر زۆر سەرنجڕاکیش دەست دەکەوێ یانی بۆ نموونە ئێمە ئاگامان لەوەیە 'ئادێرنۆ '  و ' ئارنت ' بەشێک لە گلەییەکەیان ، ئەوانە فەیلەسووفی ئەڵمانین لە دەستی نازییەکان ڕایان کرد بوو و بەشێک لە کێشەکەیان ئەبێ بە زمان بیانەوێ و نەیانەوێ. چونکە ئەوان ئاگایان لێیە بە دەستی نازییەکان زمان  ئەکرێ بە کەرەستەی پڕۆپاگاندە و زمان ئەکرێ بە وەسیلەی درۆ کردنی گەورە. ئەبێ بە کەرەستەی درۆ و لە ناوەرۆکی خۆی بەتاڵ ئەکرێتەوە و ئەبێ بە کەرەستەی درۆ و جەماعەتێک وەک گۆبلز کۆمەڵێک ژوورنالیستی تایبەتی خۆیان هەیە ، کۆمەڵێک فیلمسازی تایبەتی خۆیان هەیە، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی تایبەتی خۆیان هەیە، تەنانەت  ڕۆماننووسی تایبەتی خۆیان هەیە کە ئەتوانن شت بەرهەم بێنن بە قازانجی نازییەکان. بۆ نموونە ئەوان ئەتوانن چی بکەن. لە ترێزن، دانەیەک لەو کەمپانەیە کە نوخبەکان و مووزیسیەنە جوویەکانیان بۆ بردووە. هیتلێر لە ڕاگەیاندن دا ئەیەوێ بڵێ من شارێکم پێشکێش کردووە بە جووەکان. و ناوی فیلمێک ئەمەیە: " هیتلێر شارێک بۆ جووەکان دروست دەکا"، لەو شارە دا کۆمەڵێک مووزیسیەنی تێدایە ، کۆمەڵێک هونەرمەندی تێدایە ، دانەیەک فیلمسازی ئەڵمانیشی تێدایە، لەوێ فیلمسازەکە هان ئەدەن و مەجبووری ئەکەن فیلمێک دروست کا بۆ ئەوەی کاتێک خاچی سوور ، کۆمیتەی ئینترناشناڵەکەی دێ سەردانی ئەوێ بکا بڵێن ئەوە فیلمێکە ، ها ژیان چ خۆشە ئەڕوا لە ئەوێ. ئەمە وا ئەکا ئەو کەسە نەچێ سەردانی ئاشویتس و جێگای ئاوا بکا.  یانی قودرەتی ئەو کەسانەی لە ناو سیستم دا کار ئەکەن تا ئەویش هەیە. ئەمە مەترسییەکەیە. ئێمە لە بەرابەر جۆرێک لە دەسەڵات داین لە ئێستا دا، لە ئاستی کوردستانیش دا ڕووبەڕووین کە توانای کردنی ئەم کارەی هەیە و کۆمەڵێک  فیگوورت بۆ بەرهەم ئەهێنێ کە ئەم کۆمەڵە فیگوورە لە دواییدا ڕێگە لە پێشوەچوونی عەقڵ ئەگرن و دژی لۆژیکن و کارەکەیان ئەوەیە کە زمان بگۆڕن بۆ دەنگە دەنگ و کارەکەیان ئەوەیە لە کۆمەڵگاوە بیگۆڕن بۆ  کامیونیتی ئەگەر تۆزێ زاراوەی دەروونشیکاری بە کار بێنین ، دەروونشیکاری کۆمەڵایەتی یانی، لەو ڕێکخستنە عەقڵانییەی کۆمەڵایەتییەوە بیگەڕێننەوە بیکەن بە مەس و ئەگەر توانیان هانی بدەن.
قازی: ئێمە ئێستا ئەگەر  بێینە سەر ڕۆمانەکەت . دیارە ئەمن دەمەوێ بەڕێزت باسی ناوەرۆکی ڕۆمانەکە نەکەی ، ئەو ' ژیانەوە بە کاتی سیروان '  لە ساڵی ٢٠١٧ چاپی یەکەمی بڵاو بووەتەوە. ئەو کارەی جەنابت ڕۆمانی چەندەمە؟
تەیفووری: وەکوو تەجروبەی ڕۆمان، پێشتر داستانی درێژم نووسیوە،نۆڤێلێت با بڵێین . چەند کارێکم بڵاو کردووەتەوە، بەڵام وەکوو ڕۆمان یەکەم کارە کە بڵاوی بکەمەوە.
قازی: فەرموو بەردەوام بە هەتا تەلەفۆنەکەمان ئامادە دەبێ.
تەیفووری: ئەمەوێ دیسان  تەئکید کەمەوە ، نیقاشمان لە سەر تێکنۆلۆژی کرد. جوولیان ئاسانژی ئیستیسنایەکە لە سەر ئەم وەزعییەتە و ئەمن ...
قازی: زۆر باشە، ئێستا دەگەینە سەر ڕۆمانەکە چونکوو برادەرە ڕەخنەگرەکە لە سەر خەتی تەلەفوونە. بەڕێز سەلاح عەبباسی کە هەم نووسەرە و هەم ڕەخنەگری ئەدەبی یە . لەم  ' ڕاوێژ' یش دا بەشداری کردووە. ئەم کاتەت باش کاک سەلاح.
سەلاح عەبباسی: ئەو کاتەت باش کاک سەلاح، سڵاوم هەیە بۆ ئێوە و بۆ  کاک مەنسووری تەیفووری
قازی: زۆر سپاس بۆ ئێوەش کاک سەلاح ، ئەمن داوام ئەوەیە بەڕێزت تێ خوێندنەوە و ڕەخنەو بۆچوونی خۆت بە بێ هیچ تەعاروف و بێ ئەملاو ئەولا کە شێوەیەکی تازەیە چونکوو  نە نووسەر بەڕێزت دەناسێ نە ئەتۆ نووسەر دەناسی ، ئاوا ڕووبە ڕوو زۆرم پێ خۆش دەبێ کە بە کورتی لە ماوەیەکی ٦-٧ دەقیقەیی دا بۆچوونی خۆت لە سەر ئەو ڕۆمانە باس بکەی. فەرموو!

سەلاح عەبباسی: ئەمن لە پێشدا دەستخۆشی لە کاک مەنسوور دەکەم. ڕۆمانێکی هونەرمەندانەی نووسیوە. تەبعەن ڕۆماننووس ئەگەر بۆخۆیان باسی بەرهەمی یەکتر دەکەن زۆرتر سەلیقەی یەکتر لە پێش چاو دەگرن. بۆیە باشترە ڕەخنەگری ئەدەبی کە خۆی ڕۆماننووس نەبێ باسی ڕۆمانەکان بکا دەتوانێ لە ڕوانگەیەکی بێ تەڕفترەوە باسی بکا. من لێرەوە زۆرتر باسی فۆڕمی ڕۆمانەکە دەکەم ، لە ڕووی ناوەرۆکەوە ڕۆمانەکە زۆر دەوڵەمەندە و مەفاهیمی زۆری فکری و فەلسەفی تێدایە کە لە کورتەیەک دا باس ناکرێ ، بەڵام لە ڕووی فۆڕمەوە ئەوەندی کە من لە فۆڕمی ڕۆمانەکە وورد بوومەوە فۆڕمێکی مۆنۆلۆگ لەگەڵ خۆیە، دیالۆگێکە کە لە ڕێگای مۆنۆلۆگەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوە پێک دێ ، واتە دەکرێ بڵێین مۆنۆلۆگەکە  دیالۆگێکیشە لەگەڵ جیهانی دەرەوە و لەوێدا پڕاتیک و کردەوە و قسەی ئەوانیتریش ڕەنگ دەداتەوە واتە جیهانی دەرەوەش بە شێوەیەک لە ڕێگای مۆنۆلۆگەوە ڕەنگ دەداتەوە. بەڵام ڕۆمانەکە لە ڕووی دەروونمایە، موحتەوا یا زمانی نووسینەوە بە تایبەت لە زمانی ئەوەی پێی دەڵێن زمانی مێعیار یا زمانی ڕۆژانە دوور دەبێتەوە بەرەو زمانی شێعر و مێتافۆر و زمانێکی ڕەوان و پاراو و شاعیرانە دەڕوا لە زۆر جێ دا. لە ڕووی فۆڕمەوە دیسان بەردەنگی ڕۆمان یان بڵێین موخاتەبی ڕۆمان کێ یە؟ ئەوەش زۆر گرینگە لە ڕۆمان دا دیاری بکرێ. بەردەنگ لێرە دا پاڵەوانی خودی چیرۆکەکەیە ، یانی ڕاوی، ئەو کەسەی کە حیکایەتەکە دەگێڕێتەوە بۆ خۆی موخاتەبی کتێبەکەی خۆیەتی لەو ڕوانگەیەوە لە هێندێک لە ڕۆمانەکانی سامۆئێل بێکێت و سادقی هیدایەت ، وە بووفی کوور و و ئەو ڕۆمانانە دەچێ، پاڵەوان کە بۆ خۆی موخاتەبی خۆیەتی بەوشێوەیە خوێنەرەوەش دەبێتە موخاتەب. دەبێتە بەردەنگ هەر بەو شێوەیەی کە لە ڕێگای خودی پاڵەوانەوە کە خەرێکە لەگەڵ خۆی قسە دەکا و دەیەوێ ئەو تیکە و ئاڵۆزیانەی لە جیهانی خۆیدا  هەیە ئەوانە نیشان بدا یان بیریان لێ بکاتەوە یان بۆ خۆیان ڕوون بکاتەوە. یانی لەگەڵ ڕۆمانی رێئالیستی کە دە وێدا شتەکان زۆرتر ڕوون و ئینسیجامیان هەیە دێرە دا لەگەڵ ڕۆمانێکی زێهنییەت تەڕەفین یانی جیهانێک لە ڕێگای زیهنییەتەوە خۆی دەردەخا.
قازی: باشە بەڕێز عەبباسی، ئەو ڕووداوانە یا ئەو شوێنانە، ئەو لۆکەیشنانە کە بەڕێزت لەو ڕۆمانە دا دەیناسییەوە بۆ ئەوەی کە زەینی گوێگران و بینەرانیشمان لەگەڵ بێ دەکرێ هێندێک باسیان بکەی بۆ نموونە باسی نێوی خودی ڕۆمانەکە کە " ژیانەوە بە کاتی سیروان " ە. دەکرێ باسی کوژرانی ژمارەیەک لە پێشمەرگەی کوردستان لە سەردەمی پەلاماری ئەنفال و کیمیا بارانی هەڵەبجە وەبیر بهێنێتەوە یان چووزانم نموونەی ئاوا ئەگەر بە زەینی بەڕێزت دا هاتووە؟ ئەگەر بکرێ ئاماژەیەکیش بەوانە بکەی لە درێژەی قسەکانت دا فەرموو!
سەلاح عەبباسی: بەڵێ پرسیارێکی زۆر بە جێیە بەڵام لە فۆڕمەکە دوورمان دەکاتەوە دەچینەوە سەر ناوەڕۆک منیش ئامادەم لەو بارەیەوە بدوێم. تڕاومایەکی کولتووری ، سیاسی ، ئەوەی کە لە زمانی دەروونناسی دا پێی دەڵێن تڕاوما ، ئەو کێشە سیاسی و کولتوورییەکانی کە لە کۆمەڵگای کوردی دا هەن لەو ڕۆمانە دا تۆ دەتوانی بیاندۆزییەوە یان بە دواداچوونی بۆ بکەی چون لە زۆر جێ وەکوو ئیشارە باس دەکرێ. دوایە کێشەی کەسایەتی مۆدێڕن یان بە تایبەتی جیلی نوێ لەگەڵ تڕادیسیۆن و لەگەڵ کولتووری کۆن و لەگەڵ کۆمەڵگای کۆن کە دەوێدا کەسایەتی تووشی کێشە دەبێ. جا لە لایەک ئەو کولتوورە لەوانەیە وەربگرێ مەسەلەن کەسایەتییەک لەوانەیە باسی وەی بکا کە دەیەوێ خوشکەکەی بکووژێ یان خوشکەکەی کوشتووە، یان کەسایەتییەک دە زیندان کەوتووە کە لە ڕێگای سیاسەتەوە تووشی ئەو گێرە و کێشانە هاتووە. ئەوانە هەموو دەکەونە ئەو پاژە پەڕاکەندە یان بڵێین وون بووەی کە ڕاوی ڕۆمانەکە دەیەوێ کۆیان کاتەوە بۆ وەی کە خۆی باشتر بناسێ و یان هەلومەرجەکە باشتر بناسێ واتە لێرە هەر وەکوو پێشتر کوتم لەگەڵ ڕۆمانی رێئالیستی و مێژوویی و لەگەڵ ئەو چەشنە ڕۆمانانە تەڕەف نین بەڵکوو لەگەڵ نەوعێک لە ڕۆمانی مۆدێڕن و سوڕێیالیستی تەڕەفین، نەوعی ڕۆمانەکە نەوعی ڕۆمانی دەروونناسانەیە؛ بۆ نموونە دەکرێ بڵێی ' بوف کور ' [ کوندی کوێر]  ی هێدایەت ڕۆمانێکی دەروونناسانەی ترەیلرە جونکە لەوێدا  قەتڵ و ڕاز و ئەو شتانەش هەیە. لێرەش دا نەوعێک دەکرێ بڵێین ڕۆمانی کولتووری – سیاسی دەروونناسانەیە. یانی ئەوە کەسایەتییەکە  کە باسی کێشەکانی خۆی دەکا لە حەقیقەت دا  کێشەکانی کێشەی پچووکی فەردی و کەسی نین دەکرێ وەکوو کێشەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی و مێژوویی تەعبیریان بۆ بکرێ. بۆ ئەو کێشانە. دوایە ئەوەی کە کەسایەتییەکە بۆ خۆی لە هێندێک لە شوێنەکاندا وەکوو کەسایەتییەکی کە بیرێکی مونسەجیمی هەیە جیهانی دەرەوە بە باشی لێک دەداتەوە خۆی نیشان نادا ، دەبێتە کەسایەتییەکی کە دیتنەکانی جێگای سیقە نابێ یانی خوێنەرەوە ناتوانێ بە تەواوی بڕوای پێ بکا کە ئەو شتەی کە دەیڵێ وایە وەکوو ئەوەی لە ڕۆمانی ویلیام فالکنر " تووڕە بوون و هاتووهوورا" کە لەوێدا لە فەسڵی یەکەم دا لە زمان کەشێکی کە سیژۆفێڕنی هەیە یان دیدگاهێکی تایبەتی خۆی هەیە جیهان لێک دەداتەوە. لە هێندێک شوێن دا ئەمن وێکچووییەکان دەڵێم لەگەڵ ئەو ڕۆمانانەی کە خۆم خوێندوومنەوە مەسەلەن  " سقووت " ی ئاڵبێر کامۆی مۆنۆلۆگێکە لە سەر مەسەلەی ئەخلاقی، لە تەواوی ڕۆمانەکە دا پاڵەوان یا ڕاوی خەریکی مۆنۆلۆگە بەڵام مۆنۆلۆگەکەی کێشەیەکی ئەخلاقی یە کە ئایا هەڵەی کردووە یان نا؟ بەس لێرە دا مۆنۆلۆگەکە کارەسات و تڕاومایەکە کە لە کوردستاندا لە سی چل ساڵی ڕابردوو دا ڕووی داوە. لە پێوەندی لەگەڵ پرسیارەکەت دا ئەوەی دەڵێم.
قازی: کاک سەلاح ، ئەگەر ئیمکانی هەبێ جەنابت لە سەر خەت بمێنەوە بۆ ئەوەی نووسەریش دوو سێ قسە بکا سەبارەت بە لێکدانەوەی بەڕێزت نازانم لەگەڵ ئەوە موافیقی یان نا؟
سەلاح عەبباسی: زۆر باشە .
قازی: باشە، تکایە لە سەر خەت بمێنەوە. فەرموو بەڕێز تەیفووری
تەیفووری: سپاس کاک حەسەن، سپاس بۆ کاک سەلاحیش زۆر زۆر لوتفیان کردووە و کارەکەیان خوێندووەتەوە ، سپاس بۆ سەرنجەکانت کاک سەلاح گیان ئەمن هیچم نییە بە پێچەوانەی بیڵێم هەر کاری منیش نییە. دەستتان خۆش بێ ، زەحمەتتان کێشاوە لوتفتان کرد. دیسان سپاس بۆ کاک حەسەنیش کە ئەو فورسەتەیان بە من بەخشی، بەڵام من ئەمە نییە بۆ زیاد کردن یان بەرانبەر قسەکانی کاک سەلاح ئەمە بڵێم نە بۆ زیاد کردنیشە بۆ قسەکانی ئەو.بەڵام بۆ من ڕووداوە بنچینەییەکە لە درێژەی ئەو قسانەش کە وا کردم تەسەور ئەکەم ئێمە لە ئێستا دا بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ نموونە ئەزموونی ڕۆژهەڵات جۆرێکە لەگەڵ جۆرێک لە دەسەڵات ڕووبەڕووین کە زۆر زۆر تازەیە بەو مانا لە دەرەوەی کوشتن و لە دەرەوەی بڕینی زمان و لە دەرەوەی سەرکوت و لە دەرەوەی زیندان و ئەوانە خەریکە دەست ببا بۆ جێگەیەکی تر، دەسەڵات بە جێگەیەکی تری زانیوە و خەریکە دەست دەبا بۆ جێگەیەکی تر کە زۆر زۆر  مەترسیدارترە لە ئاستی زمانا ، لە ئاستی گۆڕینی تایبەتمەندی ئینسانا و دەست ئەبا ئەگەر  با بڵێین جەوهەرێک هەبێ یا کۆمەڵێک شت کە ئینسانی پێ بناسرێتەوە ، ئێمە لە بەر دەم دەسەڵاتێکین خەریکە دەست بۆ ئەوێ ئەبات.
قازی: ئەگەر قسەکان تەواو بکەی بۆ ئەوەی دیسان کاک سەلاح بێتەوە
تەیفووری: ویستم نموونەیەک بدەم ئەویش تەسەوری ئەوە بکەن کاک سەلاح من تەسەوری ئەوەم کردووە، موهیم نییە ڕووی دابێ یان نا ، ئەگەرچی ڕووشی داوە. کۆمەڵێک پێشمەرگە ئەگیرێن ئەخرێنە سجنەوە دانەیەکیان ئەبەن لە بەرانبەر دانەیەکیان دای ئەنێن ئەڵێن فەرموو ئەوە خوشکتە یا براتە راوییەکە خۆی ئەڵێ بیزەحمەت بیکوژە. یانی ئەمە یەکەم جارە ئێمە ، جاران دەسەڵات ئەبێ هەر دووکیان بکووژێ، بەڵام ئەڵێ خۆت بیکووژە ، یانی ئەمە هەوڵە بۆ دەستکاری کردنی جەوهەر و ماهییەتی ئینسان و ئەمە زۆر مەترسیدارترە لە کوشتن.
قازی: کاک سەلاح فەرموو
سەلاح عەبباسی: بەڵێ ڕاستە ، قسەکانی کاک مەنسوور زۆر لە جێی خۆی دایە و دیارە بەو شێوەیە نەم دەتوانی فۆرموولەی کەم. زۆر جوانی باس کرد . دیاریی کردنی ئەوەی کە ڕۆمانەکە لە پێوەندیی لەگەڵ جیهانی عەینی و زێهنی دا چۆنە دیارە ئەوە لە سەر هەموو ڕۆمانێک دەکرێ بەو شێوەیە لێکۆڵینەوە بکرێ کە جیهانی عەینییەکە چۆنە و جیهانی زێهنییەکە چۆنە؟ ئەو ڕۆمانە لەو ڕێگای جیهانی زێهنییەوە کۆمەڵێک تڕاوما و کێشەی دەروونی کە مرۆڤی کورد تووشی بووە بەرجەستە دەکاتەوە ، هەر وەک کاک مەنسوور بۆ خۆی باسی کرد ، دوایە لە عەینی حاڵ دا ئێمە دوو چەشنە ڕۆمانمان هەیە بە بڕوای من لە جیهانی ئەوڕۆ دا یانی لە سەدەی نۆزدەوە تا ئێستا ، ڕۆمانێک کە باسی جیهانی دەرەوە دەکات  باسی ئەو پێوەندی و مەسائیلە دەکات ئەوە پێی دەڵێن ڕۆمانی رێئالیستی، ڕۆمانێکیش کە باس لە جیهانی خۆی دەکا و جیهانی تایبەتی خۆی دروست دەکا، ڕۆمانەکەی کاک مەنسوور بە بڕوای من دەکەوێتە خانەی ئەو چەشنی دووهەمەوە . ڕۆمانێکە جیهانی خۆی دروست دەکا باس لە جیهانی تایبەتی خۆی دەکا بەڵام  ئەو جیهانە تایبەتییە هەر وەکوو بۆ خۆی باسی کرد  کێشە و تڕاومای کە دەو کۆمەڵگایە دا هەیە تێیدا ڕەنگی داوەتەوە یانی ئێمە حەول دەدەین بگەڕێین بۆ دۆزینەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ مێژوو و لەگەڵ کولتووری سەردەم. یانی کولتووری ئەو سەردەمەی کە ئەو ڕۆمانەی تێدا نووسراوە. بەڵام نەک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەکوو ڕۆمانی رێئالیستی ، لە ڕێگای ستروکتوورێکی داڕێژراوی ڕوون کراوەوە پێشانمان دەدا ،  لێرە چون  ڕۆمانی دەروونناسانەیە مەسائیلی وەکوو تڕاوما و سیژۆفێرنی و ئەو شتانە دێنە گۆرێ کە ئەوەش بۆ خۆی  چەشنێکە لە رێئالیزم ئەوەش ناکرێ بڵێی عونسوری رێئالیستی تێدا نییە چون ئەوەش بۆ خۆی نەوعێکە لە رێئالیزم  کە کێشە نەفسانی و دەروونییەکانی  مڕۆڤی کورد چۆن نیشان دەدەن جا  بۆیە دەڵێم دەچیتە خانە ڕۆمانی دەروونناسانەوە بەڵام حەول دەدا باسی تڕاومای گشتی بکات نەک تەنێ تڕاومای بڵێین فەردی یان کەسی . دوایە لە ڕووی سەبک و نووسینەوە لەگەڵ مەسەلەی کورد و ئەوانەش پێوەندی هەیە لە ڕووی ناوەرۆکەوە، بەڵام لە ڕووی فۆڕمی ڕۆمانەکەوە بە بڕوای من کاک مەنسوور تەئسیرێکی زۆری لە فەلسەفەی مۆدێرن و لە بەرهەمەکانی کافکا و بێکێت و بە تایبەتی لەو شێوە تەمسیلانەی کافکا و بێکێت وەرگرتووە کە دەوێدا کەسێک لە جیهانێک دا  مەحبووسە و دەیەوێ لەو جیهانە بێتە دەرێ و پێوەندی بگرێ لەگەڵ کەسەکانی ترەوە ، لەگەڵ جیهانی دەرەوە. لە ڕووی ناوەرۆکەوە هەر وەکوو پێشتر باسم کرد ڕۆمانێکی زۆر دەوڵەمەندە ناتوانین ئێمە هەموو لایەنەکان و هەموو ئەو قسانەی کە لەوێدا کراوە ؛ فکر و تیوری زۆر تێدایە ، ئاماژە بۆ فەلسەفە و زمانناسی و فەلسەفەی زمان و کولتوور و مۆدێرنیزم و دۆلۆز و فۆکۆ و یانی زۆر شتی تری تێدایە کە تۆ دەیناسییەوە کەسێکی کە تا ڕادەیەک ئاشنا بێ لەگەڵ ئەو فەلسەفە و ئەو نووسەر و فەیلەسووفانە دەزانێ لە کوێ دا ئاماژە بە چ فکر و بیرێک کراوە ، بەڵام لە ڕووی فۆرمەوە هیوادارم توانیبێتم فۆڕمەکەی شی کەمەوە.
قازی: زۆر سپاس کاک سەلاح بۆ بەشداریت، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم، زۆر سپاست دەکەم بۆ ئەو لێکدانەوەیە. هەرچەند کاک مەنسوور دەکرێ قسەکانی پێ خۆش بووبێ یان ناخۆش بووبێ ئەوە قەراری خۆیەتی. بەڵام هەر چۆنێک بێ نووسەریش وەختێک شتێک دەنووسێ و بڵاوی دەکاتەوە ئیدی داوەرییەکەی دەهێڵێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە شتەکانی دەخوێننەوە. زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لەم بەرنامەیە دا. کاتێکی خۆشت هەبێ.
سەلاح عەبباسی: سپاس بۆ ئێوەش ، زۆر مەمنوون
قازی: باشە ، ئێستا ئێمە با لێرە بگەینە سەر ڕۆمانەکە، ئەتۆ گوێت لە قسەکانی کاک سەلاح بوو، دیارە ئەمنیش ڕۆمانەکەم خوێندووەتەوە بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە پێم وایە جارێک خوێندنەوەی کافی نییە ، بۆ نموونە  وەک پێش لە بەرنامەش باسمان کرد ئەو بەشی سەرەتاکەیم کە خوێندەوە بە جارێک خوێندنەوە نەمزانی مەبەست لە وێنا کردنی چوار چێوە و موحیتێکی زیندانە. ئەمن پێم خۆشە وەک ئەوەی کە ئێستا باست کرد لەو لێکدانەوە کورتەی کە لە سەر قسەکانی بەڕێز عەبباسی کردت سەبارەت بەو نموونانەی دیکەی کە لە کۆمەڵی کوردەواری ڕوویان داوە و لە ڕوانگەیەی دەروونناسانەوە وەک ئەو گوتی بۆی چووی نموونەکانی دیکەش باس بکەی. بۆ وێنە ئەو مەسەلەی کە لە ئیختیناقی حاکم لە ئێران دا هەیە و بووەتە هۆی ئەوە کە برا برا بکووژێ ، ئەوانەی کە لە بیر و بۆچوونی خۆیان پاشگەز بوونەتەوە . نموونەکانی دیکەی کە مەبەستت بووە. چونکە وەک بزانم جەنابت ئەم ڕۆمانەت پێشکێش کردووە بە خانمی مەلەکەی مستەفا سوڵتانی. ئەوەش دیارە پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە بەشێک لە جووڵانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.


تەیفووری: با تۆزێک باسی ئەوە بکەم دادە مەلەکە چی ئەکا لەوێ. بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ من لەو ڕۆمانە دا دادە مەلەکە لە بەرچاو بووە. من بۆ لێکۆڵینەوەیەک کە پێشتریش لەم بەرنامەیە دا باسمان کرد لە یەکەم بەرنامە لە گەڵ جەنابتانا لە سەر مێژووی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان من لە دڵی ئەو لێکۆڵینەوەیە دا کەوتم بە سەر کۆمەڵێک ئارشیوی تر دا ، کۆمەڵێک بیرەوەری تر دا، کۆمەڵێک قسەی تر دا و کۆمەڵێک تڕاومای تر دا وەک کاک سەلاحیش باسیان کرد. و بەشێک لەو لێکۆڵینەوانە ڕاستییەکەی تەنیا فۆڕمی مومکین کە ئەیتوانی بیگرێ لای من نەک کتێبێکی لێکۆڵینەوەیی ، نەک کۆمەڵێک ووتار بەڵکوو تەنیا ڕۆمان ئەیتوانی ، بە ئەدەبییات دەرببڕدرێ، بەو مانای کە خەڵک هەیە، نەتەوە هەیە تێیاندا ئەوە ئەدەبییاتە کە کاری فەلسەفەش ئەکا، ئەوە ئەدەبییاتە کاری سۆسیۆلۆژیاش ئەکا، و بە دڕێژایی مێژوو وا بووە. ئێمە دانەیەکین لەو نەتەوانە. خەڵکی تر لە ئەمریکای لاتین زیاتری قسەکانیان ڕەنگە بە ڕۆمان تەعبیر لە خۆیان بکەن. بەشێک لەوە ئەمەیە.بەڵام بەشێکی تری باسەکە تەسەوری ئەوە بکەین ئێمە کۆمەڵێک فیگووری قارەمانمان هەیە کە ئەوانە بەشێکیان شەهید بوون ، بەشێکیان ڕۆیشتوون ، بەشێکیان هەر خەریکی خەباتن بەڵام لە ناوخۆی خودی کۆمەڵگای کوردستان یانی ، لە ناوخۆی خودی ڕۆژەڤی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ئێمە کۆمەڵێک فیگوورمان هەیە کە ئەوانە قارەمانیش بوون ، کە ئەوانە سەرکەوتووش بوون یانی بە پێوەرەکانی قارەمانەکان و بە پێوەری سیاسەت و ئەوانە ، بەڵام دوایی کەوتوونەتە زیندان، هاتوونەتەوە زۆر زۆر ئەکەونە پەراوێز و کۆمەڵگا فەرامۆشیان ئەکا. ئەوانە تراومایان هەیە ڕەفیقیان لە دەست دەرچووە، بریندار بوون ، لە ناو سجنا بوون و دنیایەکی تریان بینیوە و ئەوانە ئەگەر نەمردوون بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان بریندارەکانی ، بریندارە ڕوحی و دەروونییەکانی ناو خودی ئەو کۆمەڵگایەن و کۆمەڵگا ئەوانە ناناسێتەوە و ژیانی فەردی تایبەتی خۆیان ئەژین. من ئەوانەم بینیوە وەختێک لە ڕۆژهەڵات بووم . بە سەر جادەکانا ئەڕۆیشتن پڕ لە بیرەوەری ، پڕ لە قسە بۆ کردن بەڵام کەس نییە بیانناسێتەوە. ئێمە لە سیاسەتا بە جۆرێک لە جۆرەکان سەر نەکەوتین. ئەگەر ڕێگەم بدەن دوو دانە وێنە بەراورد کەم. هەر ئەو وێنانەی کە کۆڵبەرەکانی ئێستە پێیدا دێن ، ئەو چیا و شاخانە هەر ئەوانە بوو سەردەمێک لە ناوچەی مەریوان و سەر مەرزەکان پێشمەرگەی پێدا ئەهات. پێشمەرگەی پێدا ئەهات. ئەو وێنانە دەتوانین ڕێک دایان بنینەوە بەرانبەری یەک. وەختێک ئەوێ چۆڵ بوو، چۆڵ بوو لە سیاسەت، چۆڵ بوو لە موقاوەمەت ، لە سیاسەت بەتاڵ کرا هەمان ئەو فیگوورە ئەگۆڕێ بۆ فیگووڕی  قوربانی بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەیگۆڕێ بۆ فیگووڕێک کە بە ڕەحەتی دەسەڵات چی پێی خۆش بوو لێی بکا وە بێ ژمار بیکوژێ، بێ ژمار برینداری بکا و بیکا بە بەشێک لە ئابووریی دەوڵەتی و بیهاڕێت. ئەوە ئەم جێگەیەیە وا ئەزانم شتەکە لەوێدایە، ئەو جێگەی کە دەسەڵات دەستی بۆ برد بێ ئەوەی خۆمان بزانین . ئەمە ئەو شوێنە مەترسیدارە بوو، بەراوردی ئەو دوو دانە وێنە ئەتوانێ زۆر تەعبیر کا بۆ ئێمە. ئەو وێنەی کە سەردەمێک ئێمە تێیدا خەریکی بەرخوەدان و موقاوەمەت بووین کە چۆڵ بوو چ فیگوورێک جێگەی گرتەوە، یانی ئەم ترانسفۆرمەیشنە، ئەم وەرچەرخانە لە کۆمەڵگای ئێمە دا لە ئاستی سووژە دا کراوە.
قازی: شتێکی دیکەش کە سەرنجی منی ڕاکێشا پێم خۆش بوو زۆر بە کورتیش بێ هێندێک شی بکەیەوە ئەویش دیارە لە باری ناوەرۆکەوە نییە لە باری فۆرمەوەیە. لەو ڕۆمانە دا شتەکان وەک بەرد، دار، و گیانداری وەک ماسی هەموو قسە دەکەن ، نموونەی ئاوا هەتا ئێستا لە ئەدەبی کوردی دا هەیە؟ یانی بەردێک خۆی تەجزییە بکا بە بەشی جۆر بە جۆر، ئێشی هەبێ و ژانی هەبێ؟
تەیفووری: بە جۆرێک لە جۆرەکان هەیە، نەک بەو کەیفییەتەوە ، بەڵام  وەک ئەوەی ئێوە خۆتان باش ئاماژەتان پێ کرد ئەگەر بڵێین تێکنیک ، تێکنیکێکە زۆر بە سادەیی لە حەکایەتە کوردییەکان وەرگیراوە بە جۆرێک  لە کۆکراوەی بەیتەکانی ' توحفەی موزەفەریە ' وە هاتووە. یان ئیدەی گشتی حەکایەت ئەوەیە ، یانی حەکایەت یان حەقایەت هەر کامیان پێی بێژین لە کوردی دا، ئیدەی گشتی ئەمەیە کە لە دواییدا سروشت هاوپەیمانی چاکەیە، سروشت هاوپەیمانە لەگەڵ کوڕە کەچەڵەکە ، کە ئەڕوات کە حەوت ئاو ببڕێ، کە دێوەکە بکووژێ ، لە دواییدا سروشت هەر جار بە ڕێگەیەکەوە دێ یارمەتیدەری دەبێ. یانی ئینسانی چاک ، مرۆڤی باش لە دواییدا لە ڕێگەی باشە دا سروشت بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئەگەرچی بەشێک لە سروشت دژی بێ، بەڵام لە دواییدا سروشت وە فریای دەکەوێ. ئەمە ئیدەی بنچینەیی ئەمە بوو. وەکوو تێکنیک بێ گومان لەوانەوە وەرگیراوە  بەڵام لە دواییش دا سروشتیش گیانی بە بەردا کراوە . ماسی ، ڕووبار، دار ، درەخت ئەوانە هەوڵ دراوە گیانیان پێ ببەخشرێ و بڵێن لە دواییدا سروشت لەو خەباتە دا  هاوپەیمانی ئینسانی باشە.
قازی: زۆر زۆر سپاس بەڕێز تەیفووری، دیارە ئەو قسانە و ئەو ڕۆمانە زۆری بە بەرەوەیە، یانی ئەو کاتەی بۆمان تەرخان کرد کافی نییە. هیوادارم خوێنەرەوە و بینەرانیش بتوانن ئەو ڕۆمانە وەدست بخەن کە وەشانخانەی 'ناوەندی غەزەلنووس '  لە سڵێمانی چاپی کردووە.دیسان سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
تەیفووری: سپاس بۆ ئێوەش
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە ڕاوێژی ئەمجارەشمان کۆتایی پێ دێنین تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش .
تێبینی: ئەم بەرنامەیە لە ئێوارەی یەکشەمە ٥-ی مەی ( گوڵان) ٢٠١٩ بە زیندوو لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک وە بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لە کاناڵی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی یووتیوب و لاپەڕەی ڕاوێژ لە فەیس بووک دا تەماشا  بکەن.       








No comments: