Wednesday, May 29, 2019

مێژوونووسیی کوردی ، خەسار ناسی مێژوونووسیی کوردی

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور نەجات عەبدوڵا  ، جێگری سەرۆکی ئەکادێمییای کوردی لە هەوڵێر
مێژوونووسیی کوردی ، خەسار ناسی مێژوونووسیی کوردی
 یەکشەمە   ٢٥-ی نۆڤامبری ٢٠١٨

 حەسەن قازی : بینەرانی خٶشەویست بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمشەو دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز نەجات عەبدوڵا پسپۆڕی مێژووی مۆدێڕن و هەر وەها جێگری سەرۆکی ئەکادێمیای کوردی لە هەوڵێر. زۆر بەخێرهاتنیان دەکەین. بەڕێزیان پێشتریش لەم بەرنامەیە دا بەشدارییان کردووە . لە بەرنامەی ئەمشەو دا  ئێمە باسی مێژوونووسی کوردی ، خەسارناسی مێژوونووسی کوردی و هەر وەها شێوازی گوتنەوە و دەرس دادانی مێژوو لە زانکۆکانی باشووری کورردستان دەکەین . زۆر بەخێر بێی مامۆستا.
دوکتور نەجات عەبدوڵا: زۆر سپاس، منیش سپاسی ئێوەی بەڕێز دەکەم و بینەرانی خۆشەویست.
قازی: پێش ئەم بەرنامەیەی ئێمە بەرنامەیەک هەبوو بە بۆنەی توندوتێژی یان پێویستیی بنەبڕ کردنی توندوتێژی بە دژی ژنان ، دیارە ئەوە ڕۆژێکی جیهانی یە و لە بەرنامەکانی ئەمڕۆی ستێرک تیڤی دا و دوێنێ شەوێش لەو بارەیەوە قسە دەکرا. پێم خۆش بوو پێش ئەوەی بێینە ناو بابەتەکەمان بە کورتیش بێ دیتنی ئێوە لە سەر ئەو ڕۆژە بزانم.
 نەجات عەبدوڵا: خۆی لە خۆی دا بەشدار کردنی کۆمەڵگای کوردی ، لە پرسی ووشیار کردنەوەی ئافرەت و پرسی بنەبڕ کردنی توند و تیژی دژی ژنان  خۆی لە خۆی دا هەنگاوێکی گەورەیە بەرەوە مۆدێرنیزە کردنی کۆمەڵگای کوردی بەرەو کۆمەڵگایەکی یەکسان کە وا هەموو تاکەکان وەکوو یەک لە یەکسانیدا تێیدا بژین. من ئەم ڕۆژە بە ڕۆژێکی پیرۆز دەزانم. پیرۆز لەو بارەیەوە کە ئێمە بتوانین بەشدار بین ، بتوانین ئەو توندوتیژییەی لە بەرانبەر ئافرەت دا هەیە ئەگەر هەر هیچ نەبێ بتوانین لە ئێستا دا کەمی بکەینەوە.
قازی: زۆر باشە ئێستا بێینە سەر بابەتەکەی خۆمان. ئێمە لە پڕۆگرامێکی پێشووتر دا کە نزیکەی هەشت نۆ مانگێک پێشتر هەمان بوو  باسی ئەو لێکۆڵینەوانەی بە ڕێزتانمان کرد کە سەبارەت بە کوردناسی ، یانی مژار و چەمکی کوردناسی لە ووڵاتانی وەک ئینگلیستان و فەڕانسە دا کراون کە ئێوە لەو زەمینانە دا هێندێک کارتان کردووە و کتێبتان نووسیوە. ئەمشەو دەمەوێ زیاتر لە سەر مەسەلەی مێژوو قسە بکەین . لە سەرەتاوە بە بەو پنکتەوە دەست پێ بکەین بە بۆچوونی ئێوە لە ڕووی تیورییەوە چۆن دەکرێ بە شێوەی گشتی ' مێژوونووسی' پێناسە بکەین؟
 نەجات عەبدوڵا: ئەگەر پێناسەیەکی وورد بۆ مێژوونوسی بکەین واتە دیسپلینی مێژوو، واتە ئەو مێژوویەی کە لە پرێنسیپەکان و لە مێتۆدەکانی مێژوو دەکۆڵێتەوە لە بارەی ئەم ڕووداوانەی کە وا چ لەو سەردەمە دا ڕوودەدەن و چ ئەوانەی پێشتر ڕوویان داوە. واتە بە جۆرێکی تر مێژوونووسی دەکاتە کۆی ئەم ڕووداوانەی کە لە ژیان و مۆدی ژیان ڕوودەدەن وەکوو ئەم سەرچاوانەی کە وا بە کار هاتوون. سەرچاوە گشتییەکان ڕۆژنامە، چاپەمەنی، ئارشیڤ ئەوانەی کە بە کارهاتوون و پارەی کۆن و ئەوانە هەموو دەبنە سەرچاوەیەک بۆ قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوو. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە بمانەوێ قۆناغێکی وەک کۆماری مەهاباد وەرگرین، بمانەوەێ بزانین مێژوونووسیی کۆماری مەهاباد چییە ئێمە هەموو ئەو مەتریال و مۆدانەی ژیان و هەموو ئەو ڕووداوانەی لەو سەردەمە ڕووی داوە، هەموو ئەو کەسانەی بەشدارییان کردووە لە مێژووەکە دا ، هەموو بیرەوەری ئەوانەی نووسراوەتەوە، هەموو ئاڕشیڤی ئێران و ئارشیڤی ئەمریکا و کۆی ئەمانە دواجار دەبێتە هیستێریۆگرافی واتە ئەوەی پێی دەگوترێ مێژوونووسیی کۆماری مەهاباد.
قازی: دیارە ئەو مەسەلەیە بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە ماناکەشی هێندێک گۆڕاوە. وا نییە؟ مەبەستم ئەوە بوو لە ڕووی تیورییەوە هێندێک باس بکەی کە ئەو مێژوونووسیی مۆدێڕن لە کەنگێوە دەتوانین بڵێین دەستی پێکردووە بێ  پێوەندیی دان بە مێژوونووسیی کوردی.
 نەجات عەبدوڵا: خۆی مێژوو زانستێکی کۆنە هەر لە سەر دەمی هێرۆدۆتەوە لە پێش زایینەوە هەبووە تا دەگاتە سەدەکانی ناوەڕاست. لە سەدەکانی ناوەڕاست مێژوو زیاتر پەیوەست بووە بە پیاوانی قەشەی ئایینی و  زیاتر پێوەست بووە بە تێئۆلۆجیا واتە خودا ناسییەوە بەڵام، لە سەدە یازدە و لە سەدەی دوازدە هەنگاوێکی گەورەتر داوێ ئیدی لەوێوە کە شەڕی سەد ساڵە ڕوو دەداتن، ئینگلیز و فەڕانسە ماوەیەکی زۆر لەگەڵ یەکتر دا شەڕ دەکەن ئەمە هوشیاری نەتەوەیی دروست دەکا لای هەردووکیان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ڕابردووی خۆیان  و سەر مێژووی خۆیان. دروست هەر لە سەدەی چاردە و سەدەی پازدە کاتێک کە چاپەمەنی دروست دەبێ ئیدی لەو دەمییەوە مێژوو قۆناغێکی گرینگتر بە خۆیەوە دەگرێ، ئیدی کتێب لەوەی وەک دەستنووس بمێنێتەوە، وەک سەرچاوەیەک بمێنێتەوە لە لای کەس دەبێتە مەتریاڵێک و دێتە ناو ماڵەکان، دێتە ناو ماڵی مێژوونووسەکان، کتێبی چاپکراو دروست دەبێ ، مێژووی گرێک و ڕۆمان چاپ دەکرێتەوە ئیدی ئەمانە وەکوو کتێب دەبنە مەتریاڵێک دەچنە ناو ماڵی خەڵک. بەڵام قۆناغی هەرە گەورەی مێژوو و هەموو قۆناغە گەورەکانی مێژوو  بە تایبەتی لە سەدەئ نۆزدە دەست پێ دەکا. لە سەدەی نۆزدەوە زانستی مێژوو قەڵەمبازێکی گەورە داوێ، قوتابخانەی تایبەت دروست دەبێتن، ئەمانە تایبەت دەبن بە مێژوو ، گۆڤاری تایبەت دروست دەبێ بە مێژوو، کۆمەڵەی مێژوونووسان دروست دەبێتن ، ئەمن لێرە باسی ئوڕووپا دەکەم باسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خۆمان ناکەم. بەڵام دواتر لە سەدەی بیستەمەوە ئیدی قەڵەمبازێکی زۆر زانستیتر داوێ مێژوو، قوتابخانەی نوێ پەیدا دەبن. مەسەلەن لە فەڕانسە قوتابخانەی ئەنالەکان هەیە، ئەو گۆڤارەی کە وا لە ساڵانی ١٩٣٠یەکاندا دەریان دەکرد. گۆڤارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو. دواتر ئاخرین جار کە ئێستا  مێژوو پێی گەیشتووە ، ئەوەی پێی دەگوترێ میکڕۆ مێژوو واتە ئەوەی لە سەر مێژووی زۆر نوێ کار دەکا، لە سەر مێژووی ژنان کار دەکا، لە سەر مێژووی چینە پەراوێزکراوەکان کار دەکاتن. یانی مێژوو قۆناغی زۆر زۆر گەورەی بەخۆوە بڕیوە ئێستا بۆتە زانستێک لە زانستە ..
قازی: بەڵام ئەگەر بوارە سەرەکییەکانی لە بەرچاو بگرین ، یەکیان مێژووی کۆمەڵایەتی یە و بەشێکێش مێژووی سیاسی دەکرێ بە شێوەی گشتی ئاوا دابەشی بکەین؟
 نەجات عەبدوڵا: نا، مێژوو خۆی بە شێوەیەکی گشتی یە، بەڵام مێژووی سیاسی هەیە، مێژووی کۆمەڵایەتی هەیە، بە تایبەتی مێژووی دەستەڵاتدار و چینەکان هەیە ئەوانەی دەسەڵاتیان بەڕێوە بردووە، مێژووی ئایینی هەیە بەڵام لە دواجار دا کۆی ئەمانە هەمووی لە یەک خانە و لە یەک دیسپلین دا کۆ دەبێتەوە کە پێی دەگوترێ مێژوو کە ئەویش ئەو زانستە گەورەیەیە هیچ زانستێک نییە بتوانێ بە بێ مێژوو بێ، هەموو زانستەکانیش مێژوویان هەیە و بۆیە مێژوو باوکی هەموو زانستەکانی ترە.
قازی: با ئێستا بێینە سەر مێژوونووسیی کوردی. دیارە بە شێوەیەکی گشتی وا بزانم لانی کەم لە ناو توێژاڵکی خوێندەواری کوردی دا تا ئەو جێگایەی زاندراوە زۆر کەس پێیان وایە کە ' شەڕەفنامە' ی شەڕەفخانی بدلیسی  کە لە ساڵی ١٥٠٥-ی زایینیدا نووسراوە ئەوە دەتوانێ یەکەم مێژووی کورد بێ کە دیارە بە زمانی فارسی نووسراوە، بەڵام وا بزانم بە زمانی عەڕەبی شتی کۆنتر هەیە. سەبارەت بە مێژونووسیی کوردی و هێندێک سەرچاوەی کە وەک مێژوو ئەهەمییەتی مێژوویی هەیە بۆ نموونە ئەو مێژوویەی کە مەستوورەی کوردستانی لە ساڵی ١٨٤٦ نووسیویە ، بەتایبەتی  لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی ژن دا چونکە تاقە ژنێک بووە کە دەتوانین بڵێین بۆ یەکەم جار لە جوغرافیای ئێران دا یەکەم ژن بووە کە مێژووی نووسیوە. سەبارەت بە مێژوونووسیی کوردی، ناوەرۆکیان و هەڵسەنگاندنیان بە پێی ئەو پێوانە و پێوەرانەی لە زانستی مێژوو نووسیی دا پێش کەوتوون . لە پێشدا لەوەوە دەست پێ بکەین یەکەم مێژووی کوردی کامەیە؟


 نەجات عەبدوڵا: ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پاشخانەی مێژوونووسیی کوردی. مێژوونووسیی کوردی بە ڕاستی زۆر هەژارە. ئێمە تا دەگاتە سەدەکانی دەورانی ئیسلام هیچ مێژوو نووسێک نییە باسی کوردستانی کردبێ تەنیا دەڵێن گۆیا هێندێک کەس ئەسڵی کورد دەبەنەوە سەر مادەکان بەڵام بە ڕاستی ئەوە هیچ بەڵگەیەکی وا بڕوا پێکراومان نییە ، زیاتر باری نەزەرییە و مادفەکان دەشێ گەلانی دیکەشیان تێدا بوو بێ بەس کورد نەبێ هیچ  بەڵگەیەکی وامان نییە. دواتر هیچ بەڵگەنامەیەک لە دوای مادەکان نەماوەتەوە بۆ ئەوەی ئێمە بسەلمێنین ئەوانە کوردن یان نا. ئەوە زیاتر باری تێئۆریکە. تاقە سەرچاوەیەک کە ئێمە هەمان بێ لە پێش زایینی سەرچاوەیەکی سریانی یە. قەشەیەک بە ناوی قەشە زەیخا نووسیویەتی کتێبێکی نووسیوە لە ٥٥٠ ی پێش زایین  دروست لەو کاتەی کە دەوڵەتی ماد دەڕووخێ ، بیزەبت لەو سەروبەندە ئەم دەستنووسەی نووسیوە ناوی ' کڕۆنۆلۆژیای ئەربیلا ' یە . ئەم کڕۆنۆلۆژیای ئەربیلا کە بە سریانی نووسراوەتەوە مێژووی هەوڵیر دەگێڕێتەوە لە دوو سەدەی پێش زایینی دا. ئەم سەرچاوەیە کورد نەینووسیوە . دەستخەت بووە لە ساڵی ١٩١٥ لە ئەڵمانیا چاپ کراوەتەوە، دوایە خوشبەختانە لە ئەڵمانییەوە کراوەتە کوردیش و بە فارسیش بڵاو کراوەتەوە و تەرجەمەی عەڕەبیش کراوە. بە کوردی بە ناوی ' کڕۆنۆلۆژیای ئەربیلا ' عەبدولموئمێن دەشتی تەرجەمەی کردووە، دوو جاریش چاپ کراوە، بە عەڕەبیش هەیە و بە فارسیش بڵاو کراوەتەوە. مەنزوورم ئەوە بوو بڵێم ئێمە هیچ سەرچاوەیەکی دیکەمان نییە تا دەگەینە قۆناغی ئیسلامی. لە قۆناغی ئیسلامی دا ئێمە مێژووی سەدەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی پێش  ئیسلاممان زۆر تاریکە، یانی زانیارییەکی ئەوتۆمان لە بەر دەست دا نییە. تا دەگەینە سەدەی نۆیەم. لە سەدەی نۆیەم یەکەم مێژوونووسی کورد کە' ابو حنیفە بن داود الدینوری ' یە. دینەوەری کوردە ، خۆی بە ئەسڵ کوردە، خەڵکی دێیەکە نزیک سنە ، لەوێ ئەو کتێبێکی نووسیوە، کتێبێکی  مێژوویی گرینگی نووسیوە بە ناوی '  الاخبار الطوال فی التاریخ '   بە عەرەبی نووسیوە. ئەو کتێبە باسی مێژووی ئێران دەکا لە سەردەمی ئەسکەندەری مەقدوونی یەوە تا دەگاتە سەدەی نۆیەم . خۆی لە ساڵی ٨٩٥ مردووە. تا دەگاتە سەدەی نۆیەم باسی مێژووی ئێران دەگێڕێتەوە، لەوێندەرێ لە چەند جیگایەکیش دا باسی کورد دەکا. بەڵام باسی کورد نەک وەک نەتەوەیەک بەڵام مێژووی کورد دەگێڕێتەوە ئێمە دەتوانین ئیستیفادەی لێ بکەین.
قازی: ببوورە کاتێک دەڵیی مێژووی کورد دەگێڕێتەوە یانی لە تەسەوری ویدا کورد وەک چەمکێک چۆن پێناسە دەکرێ؟
نەجات عەبدوڵا: نا کورد هیچ چەمکێکی نەبووە لای ئەو. باسی شوێنە کوردییەکان دەکا. باسی شار و شوێنەکان دەکاتن و هێندێک ڕووداو دەگێڕێتەوە لە پێوەند لەگەڵ مێژووی کورد دا بەڵام وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ کورد ناکا. مامەڵە کردن لەگەڵ کورد وەک نەتەوە مەفهوومێکی نوێ یە. باسی مەردومی کورد دەکا. ئەو کتێبە بە  فارسیش تەرجەمە کراوە. ئەوە ساڵی ١٨٨٨ لە ڕووسیا یەکەم جار بڵاو کرایەوە. ئەوە بەر لە شەڕفنامە نووسراوە و چاپ کردنەکەی دوای چاپ بوونی شەڕەفنامەیە. ئەگینا نووسینەکەی پێش شەڕەفنامەیە ئی سەدەی نۆیەمە.
قازی: یەکەم مێژووی کە بتوانین وەک مێژووی کورد باسی بکەین کە چاپ کرابێ شەڕەفنامەیە وایە.
نەجات عەبدوڵا: بەڵێ بێگومان شەڕەفنامەیە. لە دوای ئەبوو حەنیفەی دینەوەری ئێمە مێژوونووسێکی دیکەمان هەیە بە ناوی ئەلفاریقی. ئەلفاریقی کتێبێکی نووسیوە بە ناوی ' تاریخی میافارقین و ئامەد' ئەمە بۆ مێژووی مەروانییەکان زۆر گرینگە ئەمە باسی سەدەی سێزدەیە . ئەمە زۆر زانیاری گرینگی تێدایە لە سەر مەروانییەکان و ئیدی بەدەر لەوە ئێمە مێژوونووسێکی وامان نییە کە هەموو نووسینەکانی خۆی تەرخانی مێژووی کورد کرد بێ. تا دەگەینە سەردەمی ' مەئموونی بەگە بەگ '  کە مێژووی ئەمارەتی ئەردەلانی نووسیوە ئەم بەر لە شەڕەفنامە نووسیویە یانی مەنزوورم ئەوەیە بیرەوەرییەکانی مەئموونی بەگە بەگ بەر لە نووسینی شەڕەفنامەی شەڕەفخانی بدلیسی بووە. بەڵام ئەمە نامیلکەیەکی بچکۆلانەیە باسی میرەکانی ئەدەلان دەکاتن. بە زمانی تورکی عوسمانی نووسراوە و بە عەڕەبیش تەرجەمە کراوە. بەڵام یەکەم مێژوونووسی ڕاستەقینەی کورد کە وا هەمووی سەرومر تەرخانی مێژووی کورد کرا بێ ، شەرفنامەی شەڕفخانی بدلیسی یە. ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ...
قازی: با لێرە  بڕێک ڕاوەستین. دەزانین کە شەڕەفخانی بەدلیسی لە شاری ' قوم'  لە دایک بووە ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەسالەتەن ڕەنگە خەڵکی بدلیس و ناوچەی بدلیس بووبێ بەڵام بابی لە قوم بووە و لە قوم لە ناو دەرباری سەفەوییەکاندا پێ گەیشتووە. ئەگەر لە سەر ژیانی وی هێندێک بدوێی.
 نەجات عەبدوڵا: شەڕەفخانی بدلیسی کوڕی میر شەڕەفەدینە. میر شەرەفەدین یەکێک بوو لەو میرانەی کە لەگەڵ عوسمانییەکان تێک چوو ، کە لەگەڵ ئەوان تێک چوو بارگەی گواستەوە بۆ لای سەفەوییەکان، چووە لای دەرباری ئێران. لەوێندەرێ پێشوازییان لێ کرد و ئیدی لەوێ شەڕەفخان لە قوم لە دایک دەبێ و لە دەرباری شایەکانی سەفەوی دا گەورە دەبێ و هەر لەوێندەریش دەشی کەن بە ڕاوێژکاری هەموو ئەو هۆز و عەشیرەتە کوردییانەی  کە وا لەو مەنتیقە دا بووە ، ئە لەوێوە زیاتر زانیاری ووردی بە دەست دەکەوێ لە سەر هۆزە کوردییەکان و شوێن و دابەش بوونیان کە ئەمە ئالیکارییەکی زۆری دەکا دواتر بۆ نووسینی شەڕەفنامە و لەوێندەر شەڕفنامە دەنووسێ.
قازی: باشە شەڕەفنامەی ئەو دەمی کە چووەتەوە عوسمانی و بووەتەوە بە میر نووسیوە یان پێشتر نووسیویەتی؟
نەجات عەبدوڵا: نا، شەڕەفنامە درەنگتر نووسراوە .  بەرگی یەکەمی شەڕفنامە لە ١٥٩٤ نووسراوە و بەرگی دووەمیشی ساڵێک بەر لە مردنی نووسراوە لە ١٦٠٢ یا ١٦٠٣
قازی: یانی ئەو دەمی لە عوسمانی بووە.
 نەجات عەبدوڵا: بەڵێ لە وێندەر بووە ، گەڕابووەوە وێندەر. گرینگی شەڕەفنامە  لەوەدایە یەکەم مێژووی  کوردە کە وا سەر لە بەری کوردی وەکوو مێژوویەکی سەرتاسەری کوردستان تەماشا کردووە، یانی تەرخانی مێژوویەکی ناوچەیەک نەبووە. بەڵام بێگومان ئێمە ڕەخنەی خۆمان لە شەڕەفنامە  هەیە بەڵام ئەوە هەڵی دەگرین بۆ دواتر لە دواتر باسی دەکەین .  بەڵام شەڕەفنامە یەکێکە لەو سەرچاوە گەورانەی کە وا ڕۆژهەڵاتناسەکان لە ڕێگای شەڕەفنامەوە کوردیان ناسیوە ، ئەوان لە دوو سەرچاوەوە کوردیان ناسیوە، یەکەم لە ڕێگای شەڕەفنامە لە ڕووی مێژووەوە و دووەمیش لە ڕێگای  مەم و زینی ئەحمەدی خانی.
قازی: باشە لەمەر دەستخەتەکانی شەڕەفنامە. یەکەم دەستخەتی شەڕەفنامە کە چاپ کراوە لە چ ساڵێک دا بووە؟
نەجات عەبدوڵا: یەکەم دەستخەتی شەڕەفنامە کە چاپ کرا بێ ئەو نوسخەیە بوو کە سپای ڕووسیا لە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئێران لە ساڵی ٢٦ – ١٨٢٠  لە ئەردەبیل دەستیان بە سەر داگرت بردیانە سەنت پێترزبورگ، لەوێندەر زاناکان کاریان لە سەر کرد بەرگی یەکەمی لە ساڵی ١٨٦٠ بڵاو کراوەتەوە و بەرگی دووەمیشی لە ساڵی ١٨٦٢ بڵاو کراوەتەوە، زیرێنۆف چاپ و بڵاوی کردووەتەوە و دوایە لە بەرگەکانی تریش دا تەرجەمەی فەڕانسیش کراوە، خۆی لە شەش بەرگ دا بڵاو کراوەتەوە، دوو بەرگیان بەرگی یەکەم و دووەمی بە فارسی یە ، چواربەرگەکەی دیکەشیان بە فەڕانسەیی یە .
قازی: وا بزانم یەکەم جار مەلا مەحموودی بایەزیدی حەولی داوە بە کوردی تەرجەمەی بکا وایە"
نەجات عەبدوڵا: بەڵێ یەکەم کەس ئەو حەولی داوە تەرجەمەی بکاتن بە کوردیی کورمانجی و تەرجەمەشی کردووە  و تەرجەمەکە بەو دواییانە لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا بڵاو کرایەوە. بە ناوی تاریخی قەدیمی کوردستان بڵاو کرایەوە. بەڵام مەلا مەحموودی بایەزیدی شتێکی تری کردووە دەگەرێینەوە سەری. لەو جێگایەی شەڕەفخان تەواو ببوو دەیویست لەوێندەری مێژووی کورد درێژە پێ بدا بە ناوی ' تاریخی جەدیدی کوردستان ' نووسیبووشیەوە، ئەم دەستنووسە لە لایەن ژابا نێردرا بۆ ڕووسیا بەڵام بە داخەوە  ئەو دەستنووسە تا ئێستا هیچ چارەنووسێکی دیار نییە.
قازی: وا بزانم لە میسریش چاپێکی  هەیە وا نییە؟
نەجات عەبدوڵا: نا ، ئەوە چاپی شەڕەفنامەیە لە میسر ، بەڵام ئەوەی کوردییەکە ، ئەوەی مەلا مەحموودی    بایەزیدی بە ناوی ' تاریخی قەدیمی کوردستان ' ەوە تەرجەمە کردووە ئەوە لە ڕووسیا بڵاو کراوەتەوە.
قازی: مەبەستی من ئەوەیە کە ئەسڵی دەستخەتەکە بە زمانی ئۆرژیناڵ یانی بەزمانی فارسی  لە میسر بڵاو کراوەتەوە؟
 نەجات عەبدوڵا: نا یەکەم جار بە زمانی ئۆرژیناڵ ، بە زمانی فارسی لە ڕووسیا بڵاو کراوەتەوە ، دەبێتە ساڵی ١٨٦٠
قازی: ئەی ئەوەی میسر
نەجات عەبدوڵا: لە میسریش بڵاو کراوەتەوە ، دواجار تەرجەمەی عەڕەبیش کراوە مەتنە فارسییەکەشی لەگەڵ ، یەحیا خەشاب و ئەوانە بڵاویان کردووەتەوە و پێشەکییەکی درێژیشیان بۆ نووسیوە.
قازی: دیارە بە داخەوە کوردییەکەی زۆر دەرنگ بڵاو بووەتەوە.
نەجات عەبدوڵا: کوردییەکەی زۆر بە درەنگ کەوت . بەڵام هەر گرینگ بوو بڵاو بکرێتەوە بە کوردی ، بەڵام کوردییەکە بەس تەنیا هەر بەرگی یەکەم بوو خۆشبەختانە دواتر لەو ساڵانەی دواییدا بەرگی دووەمیشی بڵاو کرایەوە کە تایبەتە بە سوڵتانانی عوسمانی ، دیارە مامۆستا هەژار ئەو بەرگەی بە کوردی تەرجەمە نەکردووە ، کاک سەلاحەدین ئاشتی بەرگی دووەمیشی تەرجەمە کرد  کە بریتی یە لە میر و سوڵتانەکانی عوسمانی  ئەویش خۆشبەختانە لە سلێمانی بڵاو کرایەوە.
قازی: لە باری ناوەرۆکەوە ،ئەگەر بە چاوێکی ڕەخنەگرانە چاو لە ناوەرۆکی شەڕەفنامە بکرێ ، باسی ئەوەت کرد ڕٶژهەڵاتناسان لە ڕێگای شەڕەفنامەوە بە کوردیان زانیوە. بەڵام ئەگەر بە دیدێکی ڕەخنەگرانە تەماشای بکەی خاڵە لاوازەکانی لە چی دا دەکرێ کورت کرێتەوە؟
نەجات عەبدوڵا: شەڕەفنامە سەرچاوەیەکی زۆر گرینگە. هەر کەسێک بییەوێ لە سەر مێژووی کورد بنووسێ ناچارە بگەڕێتەوە سەر شەڕەفنامە. یانی هیچ چاری نییە دەبێ بگەڕێتەوە سەر شەڕەفنامە. بەڵام شەڕەفنامە مێژووی میر و بەگە کوردەکانە، مێژووی چینی سەرەوەی دەسەڵاتە. یانی شەڕەفخان نەهاتووەتە خوارێ باسی ژیانی کۆمەڵایەتی بکاتن لە کوردستاندا چۆن بووە. بۆ ئێمە زۆر گرینگ دەبوو ئەگەر باسی کردبایە. باسی چینەکانی کۆمەڵگای تێدا نییە. باسی ژنانی تێدا نییە. باسی ژیان لەو سەردەمانە دا چۆن بووە، کۆشک چۆن ژیاوە، پاشاکان چۆن ژیاون ئەمانە هیچیانی تێدا نییە بەس تەنیا گێڕانەوەی میر و دەسەڵاتدارە کوردەکانە ئەمەش شەڕەفنامە ئیستیفادەی لە سەرچاوەکانی پێشی خۆی کردووە؛ ئیستیفادەی لە سولاغزادە کردووە، ئیستیفادەی لە کتێبەکەی عەلی یەزدی کردووە .
قازی: ئەوانە بە چ زمانێک بوون؟
نەجات عەبدوڵا: بە فارسی نووسراون، هێندێک بە عوسمانی نووسراون. ئیستیفادەی لەوانە کردووە بەڵام خۆشی زانیاری هەبووە ئیزافەی کردووە و توانیویەتی ئەو مێژووە بنووسێ کە بۆ ئێمە ماوەتەوە.
قازی: ئەوەی کە ئەو شتانەی لە بەر چاو نەگرتووە ئایا هەستی پێ نەکردووە؟ لێکدانەوە چییە لەو ڕووەوە . هەستی بەوە نەکردووە کە ئەهەمییەتی  هەیە باسی ژن بکرێ یا لەبەر ئەوەیە کە لەو سەروبەندی  لە جێدا لە کۆمەڵەکە دا دیدگایەکی وا نەبووە یانی مەسەلەی جیاوازی جینسییەتی جێگای موناقەشە نەبووە. لێکدەرەوەکان چۆنی لێک دەدەنەوە؟
نەجات عەبدوڵا: لە بەر ئەوەی لەو سەردەمانە دا ئەو مێژووانەی دەنووسران مێژووی میر و دەسەڵاتدارەکان بوون. مێژووی چینی سەردەستە بوو بەڵام شەڕەفنامە بۆ نەهاتووەتە ناو مێژووی کۆمەڵایەتی و ئەوەی نەنووسیوە پرسیارێکە دەکرێ ووڵامەکەی سەخت بێ ئێمە نەتوانین لێکی بدەینەوە لە بەرچی شەڕەفنامە نەهاتووە مێژووی  کۆمەڵایەتی بنووسێ لەبەر ئەوەی خۆی لە چینی دەسەڵاتدارەکان بووە ، لە چینی سەرەوە بووە دیارە وای بە پەسند زانیوە زیاتر مێژوویەک دروست بکا بۆ میر و دەسەڵاتە کوردییەکان تێیان بگەیێنێ، زیاتر ووشیاریان بکاتەوە بڵێ ئەمە مێژووی ئێوەیە.
قازی: بەڵام پێت وا نییە ئەوە لە هەموو کۆمەڵگەیەکی ئینسانی دا هەبووە. دەکرێ کابرا سەر بە چینێکی سەردەست بووبێ بەڵام خوێندەواری و ئەوانە بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی کوردی دا لە ڕێگای مزگەوت و حوجرە  دەکرێ بڵێین ئاگادارییەکان لە چینی سەردەستەوە پەیدا بووە وا نییە؟ یانی کەسێکی نەخوێندەوار بێ چۆن دەکرێ باوەڕی بەوە هەبێ کە دەبێ ژن و پیاو بەرابەر بن؟
 نەجات عەبدوڵا: ڕەنگە ئەو بیرە زوو بووبێ بۆ ئەو سەردەمە. بە ڕاستی ئەو بیرەی ئێستا ئێمە بیری لێ دەکەینەوە و باسی یەکسانی دەکەین ڕەنگە لەو سەردەمە  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بوونی نەبووبێ بە ڕاستی.
قازی: باشە، دوای شەڕەفنامە دەگەینە ئەو تاریخی ئەردەڵانی کە مەستوورە نووسیویە.
نەجات عەبدوڵا: تاریکاییەکی گەورە هەیە لە دوای شەڕەفنامە. شەڕەفخان خۆی لە ساڵی ١٦٠٤ یا ١٦٠٥ مردووە ، مردنەکەی بەرانبەر ئەو ساڵانە دەوەستێ. لە ١٦٠٥وە ئیدی مێژووی کوردی هەتیو کەوتووە. ئێمە لە سەدەی حەڤدەهەمدا هیچ سەرچاوەیەکمان لە بەر دەست دا نییە تا دەگەینە سەدەی هەژدەهەم هیچ سەرچاوەیەکی دیکەمان لە دەست دا نییە. ئەمجارە مێژوو بە پێچەوانەی شەڕەفنامە دەبێتە مێژوویەکی محەلی ، ئێمە لە مێژوویەکی سەرتاسەرییەوە دەگەڕێینەوە سەر مێژووی محەلی ئەویش مێژووی ئەمارەتی ئەردەلانە. مێژوونووسیی کوردی دیسان لەوێ سەرهەڵدەداتن . عەبدولقادرناوێک زەیلێک دەنووسێتن بۆ  شەڕەفنامە، مێژووی میر و بەگەکانی  ئەردەلان تەواو دەکا لە کوێ وەستاوە  ئەو لەوێوە دەست پێ دەکاتن. ئیدی لەوێوە مێژوویەکی محەلی دەست پێ دەکا ، کۆمەڵێک کڕۆنیکمان هەیە، تا دەگەینە مەستوورە. مەستوورە خۆی لە ساڵی ١٨٠٥  لە دایک بووە هاوژینی خوسرەوخانی والی بووە ، لە چینێکی دەسەڵاتدا بووە، کتێب لە ماڵیان هەبووە کتێب لە دیوەخانەکانیان هەبووە توانیویە بە ئاسانی دەستی بە سەرچاوەکان ڕابگاتن و سەرچاوەکانی مێژوو موتاڵا بکاتن، لەو ڕێیەوە ئیدی مێژوویەکی بۆ ئەمارەتی ئەردەلان نووسیوە. مێژووەکە مێژوویەکی محەلی یە.  مێژووی سەرتاسەری کوردستان نییە مێژووی ئەمارەتی ئەردەلانی نووسیوە .
قازی: بەڵام بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە دواتر خوسرەوخانی ناکام ژیانی لە دەست داوە و بۆ ماوەیەک کوڕەکەی بووە بە حاکم  و دوایە مەجبوور بوون ئەردەلانیان بەجێ هێشتووە بەرەو بابان و مەستوورە لە سلێمانی وەفاتی کردووە. پێت وانییە ئەوە حاڵەتی محەلی بوونەکەی کەمڕەنگتر دەکاتەوە؟ چونکە جۆرەیەک تێکەڵاوی هەبووە لە نێوان ئەو دوو میرایەتییە دا.
نەجات عەبدوڵا: خۆی هەر لە ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست دا دیاردەیەکی دەگمەنە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە ژنێک مێژوو بنووسێت ئەوە خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی زۆر دەگمەنە بە ڕاستی. بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد ئەوە بایەخێکی زۆر گرینگی هەیە ژنێک لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بتوانێ مێژوو بنووسێ ئەگەر مێژووەکە  مێژوویەکی محەلیش بێ ئەمە گرینگێکی تایبەتی خۆی هەیە. بە ڕاستی نابێ بە کەم دابندرێ. هەر لەو دەورانە دا ئێمە هەر ڕێک لە سەدەی نۆزدە کۆمەڵێک کەسی ترمان هەیە خەریکی مێژوون. مەلامەحموودی بایەزیدی، بە هاریکای ژابا کۆمەڵێک مێژووی نووسیوە و کۆمەڵێک دەستنووسی نووسیوە و یاریدەی ژابای داوە بۆ نووسینی فەرهەنگی کوردی- فەرانسەیی ، فەڕانسەیی – کوردی  کە دواتر چاپ کراوە. ئەو دەستنووسانەی ئێستا ئەمڕۆ  لە ڕووسیا پارێزراون بەشێکی زۆری  لە ڕێگای مەلا مەحموودی بایەزیدییەوە بووە و ژابا توانیویەتی ئەو دەستنووسانە بە دەست بخاتن و ئەمڕۆ ئەو دەستنوسانە بۆ ئێمە  وەک سەرچاویەکی گەورە پارێزراون و ماونەتەوە.


قازی: ئێستا ئەگەر ئێمە ئەگەر لەو مێژووانەش بگەڕێین کە بە فارسی بوون لە سەرکورد. یەکەم مێژوی کە بە کوردی لە سەر کورد نووسرا بێ کەنگێ یە؟
 نەجات عەبدوڵا: مەبەستت چاپ کراوە
قازی: بەڵێ دەستخەت کە دوایە چاپ کرابێ.
نەجات عەبدوڵا: یەکەم مێژووی چاپکراومان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٥  کتێبێکی حوسێن حوزنی موکریانی یە بە ناوی  'خونچەی بەهارستان ' . ئێمە لە دوای ئەوەوە ئیدی کتێبی مێژوویی چاپکراومان دەست پێ دەکا.
قازی: یانی بە کوردیی کورمانجی هیچمان نییە؟
نەجات عەبدوڵا: بە کورمانجی هیچ شتێکی وامان نییە لە سەر مێژوو ئەوەی بە خەیاڵم دابێ.'عادات و ڕسووماتی ئەکرادییە ' مان هەیە مەلا مەحموود بایەزیدی نووسیویە بەڵام ئەوە چاپ نەکراوە. ئێمە باسی چاپکراو دەکەین بۆ ئەوەی بینەران لێمان بە هەڵە نەچن ئێمە باسی کتێبی چاپکراو دەکەین. یەکەم کتێبی چاپکراومان ' خونجەی بەهارستان ' ە کە ساڵی  ١٩٢٥ بڵاو کراوەتەوە. ئەمە دەکرێ بە یەکەم کتێبی مێژوویی دابنێین کە بە کوردی نووسرایە. یەکەم کتێبیشمان کە لە ڕووی کتێبی مەنهەجیمان ، کتێبی خوێندنی قوتابخانەمان کە بە کوردی نووسرا بێتن ساڵی ١٩٢٨ ە  کتێبێکە بە  ناوی  ' دەرسی ئەشیا '  لە عەڕەبییەوە تەرجەمە کراوە ئەمە لە کوردستانی باشوور دا دەخوێندرا دوای ئەوەی کە ئینگلیزییەکان لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق دا لەوێندەر سیستمی ئینتیدابیان هەبوو  و یەک لەو دەرسانەی کە بە کوردی دەخوێندرا دەرسی ئەشیا بوو. بۆیە یەکەم کتێبی مەنهەجیشمان، خوێندمان ساڵی ١٩٢٨ ە. دوایی دووەمین کتێبی مێژووییمان ' خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان ' ە شەش ساڵ دوای ئەوەی حوسین حوزنی موکریانی ساڵی ١٩٣١ بڵاو دەکرێتەوە بە دوو بەرگ بڵاو دەکرێتەوە ئەمە ئیدی دووەمین کەسە کە مێژووی کورد لە ڕوانگەیەکی نیشتمانییەوە دەنووسێ وەک مێژوویەکی سەرتاسەری تەماشا دەکا ئەمین زەکی بەگ. ئێمە لە ناو مێژووی کورد دا دوو کەسمان هەیە مێژووی سەرتاسەری کوردیان نووسیوە یەکەمیان شەڕەفخانی بەدلیسی و دووەمیان ئەمین زەکی بەگ. بە داخەوە  لە دوای ئەوە ئێمە مێژوویەکی سەرتاسەریمان نییە  کەسێک هەبێ سەرومر هەمووی  بەسەریەکەوە نووسیبێ.
قازی: ئی ئەمین زەکی بەگیش دوای هەڵوەشانی ئیمپراتۆری عوسمانی یە و دە ڕاستیدا هەست کردن بە هووییەتی کوردی یە. لە مێژووەکەی ویدا ئەوە جوان دەبیندرێ.
نەجات عەبدوڵا: بەڵێ، لە پێشەکییەکەی دا باس دەکا. لە سپای عوسمانیدا بووە ، هەست بە کورد بوونی خۆی دەکا دەڵێ لەوێ چەکەرەی کورد بوونی تێدا پەیدا بووە لە پێشەکی کتێبەکەی خۆیدا باس دەکا. چی هانی داوە کە ئەویش بتوانێ مێژوویەک بۆ نەتەوەکەی خۆی بنووسێ. من مەنزوورم بوو ئەوە بڵێم لە دوای شەڕەفنامە یەکەم قەڵەمێک کە مێژووی ئێمە کە مێژووی سەرتاسەری نووسیبێ ئەمین زەکی بەگ ە. لە دوای ئەوە ئیدی مێژووی کورد، مێژووەکەی پەرت دەبێتن یانی ئێمە کتێبێکی مێژووی سەرتاسەریمان نییە. لە دوای ئەمین زەکی بەگەوە کۆمەڵێک مێژوونووس دێنە بوارەکە بەڵام ئەوانە مێژوونووسی تایبەتی پسپۆڕی بواری مێژووی نوێن. مەسەلەن ڕەفیق حیلمی دێتە ناو بواری مێژوو، مەسەلەن ئەحمەد خواجە دێ، مەسەلەن عەلائەدین سوجادی مێژووی ئەدەبی کوردی دەنووسێ . ئەوانە زیاتر هاوی بووینە یانی مێژوونووسی ئەکادێمی نەبوونە یانی لە ڕوانگەیەکی ئەکادێمی خوێندبێتیان. ئێمە مێژوونووسی ئەکادێمیمان لە دوای شۆڕشی تەمووزی ١٩٥٨وە لێ پەیدا دەبێ کە کۆمەڵێک قوتابی ئێمە دەڕۆن لە سۆڤییەت خوێندن تەواو دەکەن ئەوانە لە ڕووی مێتۆدۆلۆژییەوە یەکەم وەجبەی ئەو مێژوونووسە کوردانەن کە وا توانیویانە لەوێ بەشێوەیەکی زانستی بخوێنن.
قازی: ئەگەر لێرە پرانتێزێک بکەینەوە بگەڕێینەوە سەر ئەو بابەتانەی کە لە سەر مێژووی کورد نووسراوە بە زمانەکانی غەیری ناوچەیی یانی بێجگەکە عەڕەبی و تورکی و فارسی. دیارە وا بزانم لە سەر میرنشینە کوردەکان بە زمانی ئینگلیسی لێکۆڵینەوە زۆر هەیە وا نییە؟ بۆ وێنە لە سەر شەدادییەکان
نەجات عەبدوڵا: بەڵێ ڕاستە مینۆرسکی زۆر کاری کردووە و کەسی دیکەش بەڵام ئێمە قسەمان لە سەر مێژوونووسی کوردی بوو.
قازی: لەو سەرچاوانە لە کامەیان دا هووییەتی کورد وەکوو جیاواز لە ئەوانیدی باس کراوە؟ بۆ نموونە ئەو تێهەڵکێشەی کە  مارک سایکس نووسیویەتی ، مارک سایکس کاتێک باسی گرووپە کوردەکان دەکا کورد چۆن دەناسێنێ تەواو بە جیاوازیان دادەنێ لە گرووپەکانی دیکە؟
نەجات عەبدوڵا: خۆی ئینگلیزییەکان کاتێک بەغدایان گرت و دواتر کە ئیمپراتۆری عوسمانی ڕووخا یەکەم کێشەی هەرە گەورەی ئینگلیسییەکان ئەوە بوو چۆن لەگەڵ پرسی کورد دا مامەڵە بکەن. یانی پرسی کورد بۆ وان، کورد ئێتنێکی دیاریکراو نەبوو بۆ وان ،کوردستان سنوورێکی دیاریکراوی نەبوو نەیان دەزانی سنووری کوردستان لە کوێ دەست پێ دەکاتن و چ بەشێک بە  نەتەوەی کورد دادەندرێ، یانی نەتەوەیەکی سەرتاسەری نەبوو بە ناوی کوردەوە ئەوان بتوانن مامەڵەی لەگەڵ بکەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا پرسێکی گەورەیە. ئەمە لە ناو لێکۆڵینەوەکانیشدا سەری هەڵداوە بۆیە دەبینی مارک سایکس لە ساڵی ١٩٠٨ەوە کە بە ناو هەموو کوردستان دا گەڕاوە ووتارێکی نووسیوە لە گۆڤاری ئەنترۆپۆلۆژیای بریتانی لە سەر خێل و هۆزە کوردەکان .
قازی: دوایە ئەوە لە ١٩١٥ لە کتێبەکەیدا چاپ بووە
نەجات عەبدوڵا: بەڵێ خۆی یەکەم جار لەو گۆڤارە دا لە ١٩٠٨ بڵاو بووەتەوە دوایە لە پاشبەندی کتێبەکەشیدا بڵاوی کردووەتەوە وەک نەتەوە باسی کورد ناکا وەک عەشیرەت و کۆمەڵێک خێڵی جیا جیا باسیان دەکاتن هاتووە هەموو خێڵەکان باس دەکا یانی مەفهوومێک، چەمکێکی نەتەوەیی ناداتە کورد و ئەوەی کە وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ سەیری بکا.
قازی: باشە دەتوانین بگەینە ئەو نەتیجەیە ، ئەو ئاکامە وەربگرین کە یەکەم جار ئەمین زەکی بەگ چەمکەکە وەکوو شتێکی نەتەوەیی دەبینێ؟
نەجات عەبدوڵا: ئا، بەڵام شەڕەفخان یەکەم جار وەکوو  " نەتەوە" ی بینیوە!
قازی: بەڵام ئی شەڕفخان جێگای پرسیارە
نەجات عەبدوڵا: بەڵێ جێگای پرسیارە ، بەڵام ئەگەر باسی سەردەمی نوێ بکەین ئەوە ئەمین زەکی بەگ ە. بە تایبەتی ئێمە ئێستاش قۆناغی دوای ئەمین زەکت بەگمان تێ نەپەڕاندووە . وە ئەوە قسەیەکی زۆر گەورەیە ئەمن لێرە دەیکەم بەڵام بە داخەوە هەتا ئێستا نەمانتوانیوە قۆناغی ئەگەرچی کاری زۆر جوان کراوە لە بواری مێژووی کورد دا، گەرچی لێکۆڵینەوەی زۆر باش کراوە بەڵام بە داخەوە تا ئێستا ئێمە کارێکمان نەکردووە  کە بتوانێ لە کارەکەی ئەمین زەکی بەگ زیاتری تێ پەڕێنێ.
قازی: باسی ئەوەت کرد یەکەمجار کە مێژوونووسی تازە پەیدا دەبن ئەو کوردانەن کە بۆ خوێندن چوونەتە سۆڤییەتی بەرێ و دیارە لە زانکۆکانی ووڵاتانی جۆر بە جۆریش لە تورکیا ،لە ئێران دەکرێ خوێندکارانی کورد لە بواری مێژوو دا خوێندبێتیان و بە تورکی یان فارسی لەو بارەیەوە نووسیبێتیان. باشە خەسارناسی ئەو مێژوو نووسینانە چۆن دەبینی ؟
نەجات عەبدوڵا: یەکەم کێشەی مێژووی ئێمە ئەوەیە ئایا ئێمە مێژوویەکی سەرتاسەریمان هەیە. ئەمە  پرسیارە گەورەکەیە بە ڕاستی. مێژووی ئێمە مێژووی سەرتاسەری نییە مێژوویەکی پارچە پارچەیە، پارچە پارچە بەو مانایەی ئێمە چون نەتەوەکەمان پارچە پارچە بووە، چون خاکمان پارچە پارچە بووە ، چون ناسنامەمان پارچە پارچە بووە مێژووشمان پارچەپارچە بووە. ئێستا ئەمڕۆ مێژوونووسیی کورد، هیستێریۆگرافیای کورد هەوڵ دەدا، ئێمە هەموو هەوڵەکانمان ئەوەیە بتوانین ئەو پارچە پارچانەی مێژووی کورد پێکیانەوە بنێینەوە و دواجار بتوانین  وێنەیەکی مێژووی کورد دروست بکەین. ئەوە لە بیرت نەچێ ئێمە هەموو سەد ساڵێکە هاتووینە ناو مێژوو .
قازی: وەک نەتەوە مەبەستتە؟ وەک نەتەوە بە مانای مۆدێرن
نەجات عەبدوڵا: بە مانای مۆدێڕن بەڵێ ڕێک ئەمن مەبەستم ئەوەیە کە باسی مۆدێرنیتە دەکرێ ئێمە سەدەیەکە هاتووینەتە ناو مێژوو. یانی هاتنی ئێمە بۆ ناو مێژوو هاتنێکی نوێ یە بە ڕاستی. ئەمە هیچ کەمایەسییەکی تێدا نییە بۆ ئێمە و هیچ شەرمێکی تێدا نییە بۆ ئێمە. ڕەوتی مێژوو ئاوا بووە و زوڵمێکی گەورەی مێژوویی لە ئێمە کراوە و ئێمەش ئەگەر ڕێگامان هەبوایە، ئێمەش ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیمان هەبوایە ڕەنگە توانیبامان زووتر بچینە ناو مێژوو ، بەڵام ئەرکی مێژوو نووسی کورد ئەمڕۆ زۆر قورستر دەبێ. ئێمە دەبێ بتوانین لە ڕێگای هەموو سەرچاوەکانەوە ، مەسەلەن بگەڕێینەوە سەر ئارشیڤی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان داگیر کردووە، بگەڕێینەوە سەر ئارشیڤی بریتانیا، بگەڕێینەوە سەر ئارشیڤی فەڕانسە ، ئەڵمان، بگەڕێینەوە سەر ئارشیڤی تاران ، ئارشیڤی عوسمانی ، بگەڕێینەوە سەر ئارشیڤی بەغدا بگەڕێینەوە سەر ئەو ڕۆژنامە و ئەو گۆڤارانەی لەو سەردەمانە دا نووسراون، بگەڕێینەوە سەر کرۆنیکی ئەوەی گەلانی هاوسێ لە سەر ئێمەیان نووسیوە، سریانییەکان چییان لەسەر ئێمە نووسیوە، سەرچاوە عەڕەبییەکان چییان لە سەر ئێمە نووسیوە ئێمە دواجار دەبێ بتوانین لە ڕێگەی ئەوانەوە وێنەیەک دروست بکەین بۆ مێژوویەکی سەرلەبەر کە ئەوە بتوانین بە نەوەی داهاتوو بڵێین ئەوە مێژوویەکە لە مێژووی ئێمە دەچێ بە ڕاستی.
قازی: باسی عەلائەدینی سوجادی یا سەجادی ت کرد لە مێژووی ئەدەبی کوردی دا کە ئەو نووسیویەتی هێندێک باسی شاعیران و ئەدیبانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیشی کردووە ئەگەرچی  بە تەواویش نەبێ بەڵام تەنانەت لەو ساڵانەی دواییشدا بۆ وێنە ئەوەی کە مەحمەد ئوزوون کردی لە سوێد شتێکی بڵاو کردەوە باسی شاعیر و ڕۆماننووسی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش لەو ئانتالۆژییە دا  کراوە. لەو زەمینانەدا شتێکی کە لە ڕوانگەی جەنابتەوە گشتگر بووبێ لە باشووری کوردستان چ بەرهەمێک هەیە؟
نەجات عەبدوڵا: ڕێک باش بوو باسی مامۆستا عەلائەدین سەجادی ت کرد ، ئەمن دروود بۆ گیانی دەنێرم یەکەم کەسە کە مێژووی کوردی نووسیبێ  بە شێوەیەکی سەرتاسەری شەڕەفخانی بدلیسی یە ، دووەم کەسیش ئەمین زەکی یە و سێیەم کەسیش کە مێژووی ئەدەبی کوردی نووسیبێ بە ڕوانگەیەکی نەتەوەیی بە ڕاستی عەلائەدین سەجادی یە. عەلائەدین سوجادی دەتوانین بڵێین لە دوای ئەمین زەکی بەگەوە یەکەم پیاو  و یەکەم  قەڵەمی کوردە کە وا توانیویەتی مێژووی ئەدەبی کوردی  وەکوو نەتەوەیەک بۆ مێژوو بنوسێ. لە پێشەکی کتێبەکەشی دا زۆر بە جوانی باسی ئەوە دەکاتن، باسی ئەوە دەکا چۆن مێژووی بۆ کورد نووسیوە و دەیەوێ کوردیش مێژووی ئەدەبییاتی هەبێ. لە پێشەکی کتێبەکەی دا بە ڕاستی زۆر بە ڕوونی باسی ئەوەی کردووە.
قازی: ئەگەر بگەینە هێندێک زەمانی تازەتر ، لەو ساڵانەی دوایی دا کتێب سەبارەت بە مێژوو چ نووسراوە لە باشووری کوردستان؟ بۆ وێنە کارەکانی دوکتور کەماڵ مەزهەر ئەحمەد.
نەجات عەبدوڵا: بۆ ئەوەی بۆ بینەران ڕوون بێتن ئێمە لە ساڵی ١٩٢٨وە یەکەم کتێبی مێژووییمان دەست پێ دەکات و یەکەم کتێبی چاپکراویشمان لە ساڵی ١٩٢٥ ە. ئیدی لەو فەترەیە هەتاکوو ساڵانی ١٩٥٨ کتێبی مێژووییمان کەمە. یانی کتێبی مێژووییمان ئەوەندە زۆر نییە بتوانێ پاشخانێکی مێژوویی گەورە بۆ ئێمە بەجێ بهێڵێ. لەگەڵ شۆڕشی چواردەی تەمووزی ١٩٥٨ و دواجار هاتنە سەرکاری ڕەوتی ناسیۆنالیزمی عەڕەب،ئەمن باسی باشووری کوردستان دەکەم، لە باشووری کوردستان ئیدی ڕەوتێک دروست دەبێ لە ناو عێڕاق دا لە ڕووی ناسیۆنالیزمی عەڕەبەوە کوردستان بە نیشتمانی عەڕەب دادەنێتن ئیدی مێژووی کورد لەوێندەر قەدەغە دەبێ بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ناو خوێندنی مەنهەج و لە ناو ئەوانە شتێک نامێنێ بە ناوی مێژووی کوردەوە دواجار لەگەڵ ڕێژیمی بەعس دا دەگاتە چڵە پۆپە. بەعس وای لێ هاتبوو حەتتا لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا ئەگەر ناوی کوردستان بهاتبا ناوی کوردستانی دەستڕییەوە دەینووسی هەرێمی ئۆتۆنۆمی یا ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان
قازی: بەڵام هەر لەو سەوبەندە دابوو کە کتێبەکانی دوکتور کەماڵ مەزهەر چاپ دەبوو.
نەجات عەبدوڵا: ڕێگا درا هێندێک کتێب لەو سەروبەندانە بڵاو بکرێنەوە. بەڵام بە شێوەیەکی سیستماتیک بەعس  دژایەتی مێژووی کوردی دەکرد و دەیویست مێژووی کورد بسڕێتەوە بەڵام  لەگەڵ ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و ئیدی قۆناغی زێڕینی مێژووی کورد ئە لەوێوە دەست پێ دەکا بە ڕاستی. وەک چۆن ئێمە، ڕێک دەمەوێ ئەوە بڵێم ، ئێمە چۆن لە ساڵی ١٩٩١ دا لە لێواری مەرگ ڕا گەڕاینەوە، یانی ئەگەر ڕاپەڕینی ١٩٩١ نەبوایە ئیدی من دەتوانم بڵێم  شتێک نەدەبوو بە ناوی کوردستانی باشوور. ئێمە نەدەماین. ئەوە واقعێکە ئێمە هەموومان دەبێ بیزانین ، ئێمە لە لێواری مەرگ ڕا گەڕاینەوە وەک نەتەوە لە ڕووی فیزیکییەوە و مێژووەکەشمان لە لێواری مەرگ ڕا گەڕایەوە، یانی ئەم گەشەسەندنەی لە ١٩٩١وە ، بەڵام پرسیارەکە لێرە دا ئەوەیە ئایا ئەو بەرهەمانەی مێژوو کە  لە ١٩٩١وە هەتا کوو ئێستا بەرهەم هاتوون چەندە زانستین، چەندە بواری لێکۆڵینەوەی زانستییان تێدایە، چەندە پێشکەوتوو بوون ئەمە باسێکی ترە. بەڵام وەک ئەوەی  ئێمە سەردەمی زێڕینی مێژوویی کورد دابنێین ،  سەردەمی زێرینی مێژووی کورد لە یەکەم ڕاپەڕینی کوردەوە لە ساڵی١٩٩١وە دەست پێ دەکا هەتا وەکوو ئەمڕۆ ئەمە سەردەمی زێرینی مێژووی کوردە بەڵام ئیدی ئەمە قسەیەکی ترە ئێمە چەندە قسەمان هەیە، چەندە ڕەخنەمان هەیە لە سەر بەرهەمەکان، چەند بەرهەمەکان ئیشکالییەتیان تێدایە، چەندە بەرهەمەکان  کەمووکووڕییان تێدایە ئەمە باسێکی ترە دەتوانین قسەی لە سەر بکەین.
قازی: باشە لەم چوارچێوە زەمانییە دا کە بەڕێزت باسی دەکەی چ کتێبێک ، چ بەرهەمێک لە بواری مێژوو دا بڵاو بووەتەوە؟
نەجات عەبدوڵا:  کاری زۆر کراوە
قازی: وەکوو؟
نەجات عەبدوڵا: پێت دەڵێم ئێمە تا ئەو ساڵانەی دواییش تا ساڵانی ١٩٩١ و ئەوانە ئێمە نەمان توانیبوو ئیستیفادە لە ئارشیڤی بەریتانی بکەین ، نەمان توانیبوو ئیستیفادە لە ئارشیڤی فەڕانسەیی بکەین، نەمان توانیبوو ئیستیفادە لە ئاڕشیڤی ڕووسی بکەین. نەمان توانیبوو ئیستیفادە لە ئاڕشیڤی ئێران بکەین، نەمان توانیبوو ئیستیفادە لە ئارشیڤی عوسمانی بکەین. ئەم لێکۆڵینەوە و تێز و نامەی ماستر و دوکتورایانەی کە وا بەو دوایییە نووسراون  بەشی زۆریان پشت ئەستوور بوونە بە سەرچاوە و بەڵگەی زانستی ، یانی بە جۆرێک  لە جۆرەکان دەتوانم پێت بڵێم لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون قەڵەمبازێکی گەورەن لە مێژوونووسیی کوردی، گەرچی خۆشم ڕەنگە تێبینیم زۆر لە سەری هەبێ...
قازی: دەکرێ ناوی چەندێک لەو بەرهەمانە باس بکەی
نەجات عەبدوڵا: بەڵێ، بۆ وێنە دوکتور زرار سدیق دەتوانین بڵێین لە ڕووی مێژووی کۆمەڵگای کوردی لە سەدەکانی ناوەڕاست دا یەک ڕست، کۆمەڵێک کاری زۆر جوانی کردووە، کۆمەڵێک کتێبی بڵاو کردووەتەوە، کۆمەڵێک حەڵقەی وونی لەو سەردەمانە ڕووناک کردووەتەوە. مەسەلەن دوکتور سەعدی عوسمان مامۆستای پسپۆڕ لە بواری مێژووی عوسمانی کۆمەڵێک کاری زۆر جوانی کردووە و ئەو حەلقە وونانەی کە دۆزیوەتەوە . مەسەلەن دوکتور عەبدولفەتاح بۆتانی یەکێکە لەوانەی کاری زۆر جوانی کردووە لە سەر کورد لە مێژووی هاوچەرخی عێڕاق دا، زۆر کاری کردووە. ناو زۆرە بۆ ئەوەی ناحەقی لەگەڵ ئەوانیدی نەکەین.
قازی: مەنزوورم تەنێ ناو نییە مەنزوورم ئەوەیە بینەر بتوانێ ئەو شتانەی دەیبیسێ بەیەکیانەوە بلکێنێ.ئێستا بگەینە خوێندنی مێژوو لە زانکۆکانی باشوور. ئەگەر دەکرێ لە پێشدا هێندێک زەمینەکەی باس بکەی و دوایەش ئەوەی کە شیوازی دەرس گوتنەوە چۆنە، ئەوەی کە پێوەندی مامۆستا و شاگرد چۆنە لە مەڕ هەڵسەنگاندنی مێژوو ، لەو بارەیەوەش ئەگەر هێندێک باس بکەی باش دەبێ.
نەجات عەبدوڵا: ئێمە تا وەکوو ڕاپەڕین واتە ساڵی ١٩٩١ تەنیا زانکۆیەکمان لە کوردستان هەبوو ئەویش زانکۆی سەلاحەدین بوو. ئیتر پێشتر ئەمە زانکۆی سلێمانی بوو بەڵام لە ساڵی ١٩٨٣وە  بەعس زانکۆکەی هێنا هەولێر و ناوەکەی گۆڕی و کردی بە زانکۆی سەلاحەدین. خۆشبەختانە دوای ڕاپەڕین لە سلێمانی  هەم زانکۆی سلێمانی ئاوەدان کرایەوە، هەم زانکۆی دهۆک دروست کرا، هەم زانکۆی کۆیە دروست کرا ، زانکۆی سۆران دروست کرا ئێستا کوردستان  کۆمەڵێک زانکۆی  زۆری تێدا هەیە. بەڵام لە بواری مێژوو یەکەم زانکۆ کە تێیدا تێز لە سەر کورد نووسرا بێ زانکۆی سەلاحەدین ە. لە ساڵی  ١٩٨٥  فکر دەکەم تا ساڵی ١٩٨٦  یەکەم وەجبەی خوێندکارانی مێژوو لە زانکۆی سەلاحەدین تەخەروج دەکاتن.  ساڵی ١٩٨٧ تا ١٩٨٨   یەکەم وەجبەی ماستر لە مێژووی  کورد دا کە مێژووی ئیسلامی پێ دەگوترا  ئەو کاتە ناوی مێژووی کورد نەبوو لە زانکۆی  سەڵاحەدین دەبێتن و ساڵی  ١٩٩٣ تا ١٩٩٤  بۆ یەکەم جار دوکتورا دەکرێتەوە لە زانکۆی سەلاحەدین . بۆ ئەوەی وێنەیەکتان بدەمێ لە ساڵی  ١٩٨٩ وە کە یەکەم ماستر  وەردەگیرێ لە مێژووی کوردستان تا ساڵی  ٢٠٠٩ نزیکەی ١٧٠  ماستر و دوکتورا پێشکێش کراوە لە زانکۆکانی باشوور بە گشتی. لە سەد دا پەنجا واتە نیوەی ئەو ماستر و دوکتورایانە  مێژووی ئیسلامی بووە، لە سەد دا چل و سێی  مێژووی هاوچەرخ و نوێ بووە ، لە سەد دا حەوتیشی مێژووی کۆن بووە. یانی کوردستان لە دەورانی ئیسلامی دا  پانتاییەکی زۆر گەورەی فراوانی داگیر کردووە  کە لە سەد دا نیوەی هەموو ئەو تێز و ماسترانەی کە  لە بیدایەتەوە تا ساڵی  ٢٠٠٩ لە کوردستان نووسراون  لە سەر مێژووی کوردستان بووە  لە دەورانی ئیسلامی.
قازی: ئەی سەبارەت بە  بۆنە و ڕووداوە گرینگە سیاسییەکان چی بۆ وێنە وەکوو  جمهووری کوردستان ، وەکوو سەلتەنەتی شێخ مەحموودی حەفید . دیارە لەو بارانەوە لێکۆڵینەوە زۆر نەکراوە.
نەجات عەبدوڵا: با، کراوە.  کاری زۆر کراوە تێزی دوکتورا هەیە و تێزی  ماستر هەیە و لێکۆڵینەوەی زانستی جوانیش  هەنە لەو بارانە کراون  بەڵام ئەوانە حەتمەن وێنەیەکی تەواو نین یانی  کەلێنێکیان تێدایە. شتێک لە ناو مێژووی کورد دا کە زۆر سەرنجی منی ڕاکێشاوە دووبارە بوونەوەیە لە ناو مێژوو دا ، مەبەستم دووبارە خوێندنەوە نییە یانی مەبەستم ئەوەیە کەسێک ئەگەر نامەیەکی ماستری کرد لە سەر  ئەمارەتی سۆران ئیدی کەسی تر ناتوانێ  بچێ لە سەر هەمان ئەمارەتی سۆران بابەتێکی بکا لە کاتێکدا  ئەم بابەتە پێویستی بە دەیان نامەی ماستر و دوکتورا هەیە  لە بوارە جیا جیاکان. تۆ دەتوانی بوارگەلی  جیا جیا بگری و بتوانی قسەی لە سەر بکەی. بەڵام ئەم ڕەخنەیە هەیە، ئەم خەسارناسییە لە زانکۆکانی ئێمە هەیە بە ڕاستی. مەسەلەن لە سەر   ئەمارەتی سۆران دوکتورا نامەکەی مامۆستا جەماڵ نەبەز هەیە ئیدی کەسی تر نەچووە کاری لە سەر بکاتن کە یەک دنیا بواری تر هەیە ئێمە دەتوانین بێین هەر لە سەر ئەمارەتی سۆران  کار بکەین، پێوەندی ئەمارەتی سۆران بە ئەمارەتی بابانەوە خۆی  لە خۆیدا نامەیەکی ماستری لە سەر تەرخان دەکرێ. پێوەندی ئەمارەتی بابان لەگەڵ والی بەغدا  دەکرێ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی لە سەر بکرێ. یانی بابەت زۆرە ئێمە بتوانین بگەڕێینەوە سەریان و کاریان لە سەر بکەین و دواجار ئەمن لەو بڕوایە دام دەستەی مێژوونووسی کورد دواتر بە سەر  ئەم نامەی تێز و دوکتورایانەدا دێنەوە، دووبارە نوێبوونەی تێدا دەبێ چونکە مێژووی  کورد دەبێ دووبارە ئێمە هەر پێنج شەش ساڵێک  ئاپدەیتی بکەینەوە، دووبارە بە سەری دا بێینەوە. سەرچاوەی نوێ پەیدا دەبێتن ، لە بەر ئەوەی مێژووەکەی ئێمە ئەوەندە ستروکچیزە نەکراوە  وەکوو خۆی مێژوویەک بێتن و هەموو قۆناغەکانی پڕ کرابێتەوە  ئێمە ناچارین ناوە ناوە کارێکی ئاوا بکەین مێژووی کورد خۆی نوێ بکاتەوە. یانی مێژوویەک  کە لە ساڵی ١٩١٥ نووسراوە ، یا بۆ وێنە لە ساڵی ١٩٢٠ نووسراوە  بۆ ئێمە ئەمڕۆ ئەو کەلکەی نابێتن بەس تەنیا  لە ڕووی کڕۆنۆلۆژییەوە، لە ڕووی ئارشیڤییەوە  کەلکی هەیە. ئێمە دەبێ بەردەوام مێژووی خۆمان نوێ بکەینەوە  بۆ ئەوەی لە ناو مێژووی کورد دا نوێبوونەوە هەبێ بە ڕاستی.
قازی:  باشە، چاوەدێریی بەڕێزت ، کە بۆ خۆت لە هەولێری و لە چوارچێوەی ئەکادیمییای کوردی دا کار دەکەی  پێت وا هەیە ئەوانەی کە چ خوێندکار بن یان چ لێکۆلەرەوە لە بواری مێژوو دا  لە ناو زانکۆکانی باشووری کوردستان دا چەندە 
دەستیان کراوەیە ؟
نەجات عەبدوڵا: دەستیان کراوە بێ لە چ ڕوویەکەوە؟
 قازی: لە ڕووی  ئەوەی کە سەرچاوەیان لە دەست دابێ، بە خۆیان بپەڕموون دەسەڵاتی سیاسی بەرنە ژێر پرسیار  لە هەموو ڕوویەکەوە .

نەجات عەبدوڵا
: نا ئەمە نا.  لە هەموو بوارێک دا دەستیان زۆر کراوە نییە بە ڕاستی یانی کۆمەڵێک پڕۆلێماتیکی زۆر گەورە هەیە  بۆ ئەو قوتابییانەی کە دەخوێنن یەکەمیان نەزانینی زمانە ،  یانی ئەوانەی کە تێزی ماستر و دوکتورا دەکەن دەبێ کۆمەڵێک زمان بزانن بە ڕاستی. بەڵام بە داخەوە بەشی زۆریان تەنیا هەر زمانی کوردی و هەر زمانی عەڕەبی  یان ئەگەر زمانێکی تر بزانن ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە. دواتر  کێشەی سەرچاوە و کێشەی کتێبخانە . بە ڕاستی کتێبخانەکانی  زانکۆکانی کوردستان زۆر  هەژارن  . یانی ئێستا  دەبوایە کتێبخانە ناوەندییەکانی زانکۆکانی  کوردستان هەموو سەرچاوەیەکی تێدا بایە بۆ ئەوەی کە  قوتابی ، خوێندکاری باڵا بتوانێ ئیستیفادەی لێ بکا بەڵام خوێندکار دەبێ فەقیرە بچێ لەوێ بگەڕێ لەو ماڵ بگەڕێ لەو کتێبخانەی تا  سەرچاوەیەکی بە دەست دەکەوێ ، لەم بپاڕێتەوە هەتا وەکوو سەرچاوەیەکی بە دەست دەکەوێ . ئێمە کتێبخانەیەکی تایبەتی نیشتمانیمان نییە  کە وا قوتابی بتوانێ بگەڕێتەوە سەری ناچار نەبێ بچێ  لەم و لەو بپاڕێتەوە ئەو سەرچاوەیەم بدەیە . ئێمە ئەگەر کتێبخانەیەکی نیشتمانیمان هەبوایە لە کوردستان  خوێندکاری ماستر و دوکتورا ئەو کێشەیان نەدەبوو ، کێشەکەیان زۆربەی چارەسەر دەبوو دەیانتوانی  سەرچاوەکان بە هاسانی پەیدا کەن.
قازی:  زۆر باشە، بەڕێز دوکتور نەجات عەبدوڵا زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت  لە " ڕاوێژ " دا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم. بینەرانی خۆشەویست، بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش تا کوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم بەرنامەیە بە شێوەیەکی زیندوو لە ئێوارەی یەکشەمە  ٢٥-ی نۆڤامبری ٢٠١٨  لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە.بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە دەکرێ سەری لاپەڕەی ' ڕاوێژ " بدەن لە فەیس بووک یان لە کاناڵی یوتیووبی ڕاوێژ دا تەماشای بکەن.         








No comments: