Thursday, May 23, 2019

ئالنگارییەکانی نووسینی مێژووی ئەدەبی کوردی و تازەگەری لە شێعری کوردی دا


 ئالنگارییەکانی نووسینی مێژووی ئەدەبی کوردی و تازەگەری لە شێعری کوردی دا
هەڤپەیڤینێک لەگەڵ دوکتور فەرنگیس قادری لێکۆلەرەوە لە ئەنیستیتووی لێکۆڵینەوەکانی عەڕەبی و ئیسلامی لە زانکۆی ئێگزێتر، بریتانیا
یەکشەمە  ١٩ی مەی ٢٠١٩
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور فەرەنگیس قادری کە لێکۆلەرەوەیە لە ئەنیستیتووی لێکۆڵینەوەکانی عەڕەب و ئێسلامی لە زانکۆی ئێگزێتر لە برێتانیا. بەڕێزیان لە ساڵی ٢٠١٦ تێزی دوکتورایەکەی هەر لەو زانکۆیە پێشکێش کردووە بە ناوی " پەیدا بوون و بەرەوپێشچوونی شێعری نوێی کوردی بۆ چوونێکی تەتبیقی [بەروەردکارانە] " لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ بەڕێزیان باسی ئالنگارییەکانی نووسینی مێژووی ئەدەبی کوردی و هەر وەها تازەگەریی لە شێعری کوردی دا دەکەین و هەر وەها لە سەر گۆواری ' دەروازە 'ش قسە دەکەین کە لێرە دەیبینن. گۆواری ' دەروازە' گۆوارێکە کە چەند ساڵ لەمەو بەر بە دەستپێشخەری چەند ئاکادێمیکان دەستی پێ کردووە و سەرنووسەری سەرەکەشی ڕەحمەتی دوکتور ئەمیر حەسەنپوور بوو. هەتا ئێستا سێ ژمارە لەم گۆوارە دەرکەوتووە. بەڕێز دوکتور فەرەنگیس قادری ش یەکێکە لە ئیدیتۆرانی ئەو گۆوارە . ژمارەی سێی تازە دەرکەوتووە لەم بەرنامەیە دا لە سەر ئەو گۆوارەش قسە دەکەین لەگەڵ بەڕێزیان. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز قادری
دوکتور فەرەنگیس قادری: زۆر سپاس
قازی: لەوەڕا دەست پێ بکەین لە سەر ئالنگارییەکان یان چاڵشەکانی بەر دەم نووسینی مێژووی ئەدەب ی کوردی چونکە دەزانین ئەوە بابەتێکی گرینگە لە پێناوی ڕێک پێ دانی نەتەوە و بوونی کورد، بە گشتی ئەمن پێم خۆش بوو بۆچوونی بەڕێزت بزانم سەبارەت بەو ئاستەنگیانەی کە لەو بارەیەوە هەیە.
قادری: زۆر سپاس، ئەگەر بەوە ڕا دەست پێ بکەم کە یەکەم هەنگاو بۆ نووسینی مێژووی ئەدەبی، کۆ کردنەوەی ، ئێدیت کردن و چاپکردنی دەقە ئەدەبییەکانە. لەبەر ئەوەی کە ئەو دەقە ئەدەبییانە مەرجەعی سەرەکین بۆ نووسینی مێژووی ئەدەبی جا چ دەبێ ئەگەر لێکۆلەر، مێژوونووس دەستی بە بەشێکی زۆر لەو دەقە ئەدەبییانە نەگات، چ مێژوویەک دەنووسێت و چ ڕیوایەتێک دروست دەکات و بە خوێنەرەوە دەدات؟ ئەمە لە ڕاستی دا یەکێک لە گرینگترین ئاستەنگییەکان لە مێژووی ئەدەبیی کوردی دایە لەبەر ئەوەی  کە دەزانین بەشێکی بەرچاو لە ئەدەبییاتی کوردی بە تایبەتی ئەدەبییاتی کلاسیک لە ناو چووە و بەشێکی بەرچاویش لە دەقە ئەدەبییەکان هەتاکوو ئێستا وەکوو دەستخەت، دەستنووس ماونەتەوە ، بڵاو نەبوونەوە و لە بەر دەست خوێنەرەوان دا نین. دیارە بەڵگە بۆ ئەو ئیدیعایەش کە ئەمن دەڵێم بەشێکی زۆر لە ئەدەبییاتی کلاسیکمان بە تایبەتی لە ناو چووە و لە ووتارێک دا کە بە ناوی " ئاستەنگییەکانی بەردەم نووسینی مێژووی ئەدەبیی کوردی : پێشکێش کردن، کەڵەکەبەندی و قوناغ بەندی " بە ئینگلیسی و کوردیی کورمانجی بڵاو بووەتەوە ئاماژەم بە زۆر بەڵگە کردووە بەڵام یەکێکیان بۆ نموونە ئەوەیە ئەولیا چەڵەبی لە ' سەیاحەتنامە ' بەناوبانگەکەی دا لەو بەشەی کە سەردانی ئامێدی کردووە لە دەوروبەری ساڵی ١٦٦٠ی زایینی باسی ژیانی ئەدەبی ئەو شارە دەکا و ناوی چەند شاعێرێک دەبات و قەسیدەیەکی نووسیوەتەوە کە ئی شاعێرێکە بە ناوی ' مەلا ڕەمەزان کوردکی'. ئێمە هیچ زانیارییەک لە سەر ئەو شاعیرە نازانین کە دیارە شاعیرێکی بە ناوبانگ بووە تا ئەوەندەی کە چەڵەبی هاتووە یەکێک لە قەسیدەکانی نووسیوەتەوە. لە هیچ مەرجەعێکی دیکە دا ئێمە لە سەر ئەو شاعیرە نازانین. بەڵگەی دیکەی ئاوا زۆرە. جا بۆیە زانیاری ئێمە لە سەر ئەدەبییاتی کوردی بە تایبەتی ئەدەبییاتی کلاسیک زۆر کەمە، زۆر پچرپچرە . دیارە دەتوانین بڵێین لە دەساڵی ڕابردوو دا زۆرتر کاری بەرچاو و گرینگ کراون ، کۆمەڵێک کەس کاری زۆر جیدییان کردووە بۆ دیتنەوە،پەیدا کردن ، ئێدیت کردن و بڵاو کردنەوەی دەسخەتەکان کە زۆر گرینگن و کۆمەڵێک زانیاری تازەیان بە ئێمە داوە کە پێویستە بەو زانیارییە تازانە کە هەمانە پێداچوونەوەیەک بەو مێژووە ئەدەبییە کوردییەی کە پێی دەزانین بکەینەوە و سەرلەنوێ بینووسینەوە.
کێشەیەکی تر یان ئاستەنگێکی تر ئعتباری زانیارییەکانە ئەوەی کە لە ناو مێژووی ئەدەبی کوردی دا هەیە، چ لە ناو مێژووی ئەدەبی کوردی و چ لە ناو ئانتۆلۆژییەکاندا.
قازی: مەبەستت لەو سەرچاوانەیە کە ئێستا بەدەستەوەن؟
قادری: بەڵێ، لەو سەرچاوانەیدا کە هەتا ئێستا بە ناوی مێژووی ئەدەبیی کوردی نووسراون. پرسیار ئەوەیە ئەو زانیاریانە تا چ ڕادەیەک جێگای باوەڕن . بۆ نموونە زانیاری لە سەر ساڵی ژیانی شاعیرەکان، ئەدیبەکان، ساڵی لە دایکبوون و وەفاتیان، یا لە سەر ژیانیان، یا خودی دەقە ئەدەبییەکان. کاتێک دەینووسن و بڵاوی دەکەنەوە بە چ شێوازێک دەینووسن ؟ هێندێک جار هەڵەی تێدایە. جا ئەگەر کات هەبێ دەتوانم ئامادە بە چەند نموونەیەک بکەم.
قازی: فەرموو

قادری: جگە لە مارف خەزنەدار لە کتێبی ' مێژووی ئەدەبی کوردی ' و  عەلائەدین سەجادی لە کتێبی ' مێژووی ئەدەبییاتی کوردی'  کە ساڵی ١٩٥٢ نووسراوە، جگە لەو دووکەسە، باقی مێژوو نووسەکان پێمان ناڵێن بە چ مێتۆدێک کاریان کردووە. بۆ نموونە ئەگەر دەڵێن مەلای جزیری لە ساڵی ١٥٦٧ لە دایک بووە پێمان ناڵێن چۆن ئەوەیان دۆزیوەتەوە. و لە ڕاستیدا کاتێک لێی وورد دەبینەوە بەشێکی بەرچاوی ئەو داتایانە، ئەو زانیارییانە لە سەر ئەساسی حەدس و گومانە. بۆیە زۆر جار مێژوو نووسەکان تاریخی زۆر لەیەک جیاواز بە دەستەوە دەدەن. مەلای جزیری نموونەیەکی زۆر باشە لەو بارەیەوە. بۆ نموونە مارف خەزنەدار  ١٥٦٧ هەتا ١٦٤٠ بە ساڵی ژیانی مەلای جزیری دەزانێ بەڵام قەناتی کوردۆ کە تاریخی ئەدەبییاتی کوردی بە کورمانجی نووسیوە ئەو مەلای جزیری بە شاعیری سەدەی ١٢ دەزانێت. یانی جیاوازییەکە چەند ساڵ نییە چەند قەڕنە. و هەر وەها عەلائەدین سەجادی  ١٤٠٧ تا ١٤٨١ بە ساڵی ژیانی دەزانێ. و ئەمە کێشەیەکی جیدی یە. مەلای جزیری یەکێک لەوانە، لە سەر زۆرێک لە شاعیرەکانی دیکەش ئەو کێشەیە دووپاتە بووەتەوە. هەر وەها لە سەر ژیانی ئەدیبەکان لە ڕاستیدا زانیاری ئێمە زۆر کەمە ، بەڵام هێندێک جار مێژوونووس یا لێکۆلەر ئعتراف بەوە ناکات کە زانیاری ئێمە لە سەر ئەو ئەدیبە کەمە یا لە سەری نازانین و تا کاتێک زانیاریمان لە سەری دەست نەکەوێ با لەسەری نەنووسین. هێندێک جار زیادەڕۆییەکی زۆریشیان کردووە لەوەیدا کە بە شێوازێک ژیانێک دروست دەکەن یان وێنایەک دەدەن لە ئەدیبێک. عەلائەدین سەجادی یەکێک لەو نموونانەیە کە تا ئەو جێگایە زیادەڕۆیی دەکا کە تەنانەت شکڵ و زاهیری ئەدیبەکان وێنا دەکا و  زۆر سەرنجڕاكێشە کە وێنایەکی زۆر مینیاتۆریانە لە شاعیرە کلاسیکەکانمان پێ دەدا کە ئەڵبەت کەسانێک پێش من ڕەخنەیان لێ گرتووە .
قازی: بۆ ئەو وێنا کردنانە دەستاوێزی چییە؟ پاڵپشتی چییە؟ پێت وانییە توانیبێتی ئەوە لە شێعری شاعیرەکان دەرکێشابێ ، یا پێت وایە ئەوە چۆنە، لە چی هەڵهێنجێندراوە؟
قادری: دەبێ پێمان بڵێ. یانی مێژوونووس یا لێکۆلەر ئیدیعایەک دەکا ئەشێ پێمان بڵێ لە سەر چ ئەساسێک ئەو ڕیوایەتە دروست دەکا. پێمان ناڵێت یا هێندێک جار یەکێک لەو کێشانەی کە ئەمن لە ناو کارەکانی سدیق بۆرەکەیی دا دیتوومە بۆ نموونە دەنووسێ: ' بە پێی ئەو سەرچاوانەی لە بەر دەستمان دایە' . بەڵام پێمان ناڵێ ئەو سەرچاوانە کامانەن. چون کاتێک تۆ باسی سەرچاوە دەکەی دەبێ ناوی سەرچاوەکان لیست بکەی. بە خوێنەرەوە بڵێی کامەن سەرچاوەکان کە من بچم بە دوا داچوونیان بۆ بکەم. و هەر وەها شێوازی بڵاوبوونەوەی دەقە ئەدەبییەکان لە ناو مێژووی ئەدەبی کوردی و لە ناو ئانتۆلۆژییەکاندا، بە ئێدیتێکی باش چاپ نەبوونە و دیارە بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەتا ئێستا چاپ کردنی دیوانە کلاسیکەکان بە ئێدیتێکی باش ئیهتیمامێکی ئەوتۆی پێ نەدراوە. بۆیە ئەو دەقانەی کە لە بەر دەست ئێمە دان هێندێک جار هەڵەی چاپیان تێدایە، هەڵەی زمانیان تێدایە و هەر وەها لە شەرحی شێعرەکاندا هێندێک جار مێژوو نووسەکان تووشی هەڵە بوون. نموونەیەکی ئەو شەرحانەیە کە مارف خەزنەدار لە سەر شێعرە هەورامییەکان دەیدا. کە دیارە کەسانێک وەکوو حەکیم مەلا ساڵح ووتاری هەیە لە سەری و ڕەخنەی لێ گرتووە کە بە هەڵە لە هێندێک ووشە تێگەیشتووە و بە هەڵە شەرحی کردووە .   
قازی: دیارە لەگەڵ بەڕێزت کە ئێستا باسی نووسینی مێژووی ئەدەبیی کوردی دەکەین ، ئەو سەرچاوانەی کە لە زەینت دا بوو و باست کردن زیاتر بە شێعرەوە خەریکن، یانی زیاتر باسی شێعر، شێعری کلاسیک دەکەن. بەڵام وابزانم لە سەرچاوکانی دواتر دا ، بۆ نموونە بیست ساڵ ، بیست وپێنج ساڵ لەوە پێش لە سوێد ڕەحمەتی مەحمەد ئوزوون ئانتۆلۆژی ئەدەبیی کوردی لە دوو بەرگ دا بڵاو کردەوە، کە تێیدا باسی ڕۆمانی کوردی  و پەخشانیش دەکا. بەڵام لە سەرچاوکانی پێشووتر دا زیاتر باسی شێعر دەکرێ وا نییە؟
قادری: بەڵێ، زیاتر باسی شێعرە بەڵام  هۆکارەکەی دیارە لە بەر ئەوەیە کە شێعر گرینگترین ، بەهێزترین ژانری ئەدەبی یە لە ئەدەبییاتی کوردی دا و دەزانین پەخشان مێژوویەکی ئەوەندەی نییە لە کوردی دا. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە تا ئێستا هەمانە ئێمە چەند پەخشانێک دەناسین لە کۆتایی سەدەی ١٩
قازی: بەڵام ڕۆژنامەی  'کوردستان' کە لە ساڵی ١٨٩٨ بڵاو بووەتەوە زۆر پەخشانی تێدایە. مەقاڵەکان بە پەخشان وەحیساب دێن.
قادری: بەڵێ جگە لە ئوزوون ، مارف خەزنەداریش بەشی پەخشانی هەیە. وا نییە کە بەخشان لە بیر کرابێ بەڵام ئەوەی کە لە بیر کراوە هێنذێک جار زاراویەکی تایبەتی یە و ئەمە یەکێک  لەو کێشانەیە .
قازی: باشە لێرەدا با ئەم پرسیارە بکەین  ئایا دەتوانین بڵێین پێویستی بە مێژوویەکی ئەدەبی هەیە کە هەموو شێوەزارەکان بگرێتەوە یان هەر شێوەزارەی دەبێ مێژووی ئەدەبی خۆی هەبێ.
قادری: دەکرێ مێژوویەکی ئەدەبێ کوردی بنووسرێ کە هەمووان بگرێتەوە بەڵام بەو شەرتەی کە بە شێوازێکی دروست هەموو زاراواکان تێیدا ڕەنگ بدەنەوە. بۆ نموونە ئێستا تایتڵی ، عینوانی ئەو مەرجەعانە گشتیان تاریخی ئەدەبییاتی کوردی یە ، نە تاریخی ئەدەبییاتی سۆرانی یا کورمانجی. بەڵام ئەوەی کە دەیبینین لە ڕاستیدا تاریخی ئەدەبییاتی یەک زاراوای تایبەتی یە کە لە ناویاندا سۆرانی بەهێزترینە، دوای ئەو کورمانجی. و ئەوەی کە دەیبینین ئەدەبییاتی گۆرانی یا هەر باس ناکرێت یا زۆر بە کەموکورتی ئاماژەی پێ دەکرێ و پەراوێز خراوە. دوای  'گۆرانی' ئەدەبییاتی ' بادینان' زۆر پەراوێز خراوە و باسی ناکرێت. مێژوویەکی ئەدەبی گشتی دەکرێ بنووسرێ بەو شەرتە هەموو زاراواکانی تێدا بێت.
قازی: بەڵام ئانالیز کردنی شێعری کلاسیک زۆر کراوە. بۆ نموونە ئەگەر تۆ تەماشای بڵاوکراوەکانی ' کۆڕی زانیاری  کورد' بکەی کە لە عێڕاق هەبوو لە زمانی حکوومەتی بەعس و دوایە کرا بە بەشێک لە کۆڕی زانیاری عێڕاق دەبینی لەوێ زۆر کار کراوە لە سەر شێعری کلاسیکی کوردی. بۆ وێنە ڕەحمەتی مەسعوود محەمەد سێ بەرگ کتێبی هەیە لە سەر ژیان و شێعرەکانی حاجی قادری کۆیی.
قادری: بەڵێ ڕاستە، زۆر کار کراوە زۆر کاری جیدیش کراوە، بەڵام ئەگەر شتێک بگێڕمەوە قەناتی کوردۆ کاتێک کە تاریخی ئەدەبییاتی کوردییەکەی بە کوردیی کورمانجی دەنووسێ گلەیی دەکا و دەنووسێ ئەو سەرچاوانەی کە هەتا ئێستا لە سەر مێژووی ئەدەبییاتی کوردی نووسراوە کەسێک کە دەیان خوێنێتەوە وا تێ دەگا کە ئەوە تەنیا ئەدەبییاتی کوردیی سۆرانی یە کە ئەدەبییاتێکی دەوڵەمەند و بە‌هێزی هەیە، بەڵام کورمانجی و گۆرانیش ئەدەبییاتێکی زۆر دەوڵەمەندیان هەیە. هەرچەند کوردۆ بۆخۆی لەگەڵ ئەو ڕەخنەیەش کە دەیگرێ باسی یەک شاعیری گۆرانی نووسیش ناکا. باسی یەک ئەدیبی کە بە گۆرانی نووسی بێ ناکا. دیسان ئەویش ئەو دە پەراوێز خستنە دووپاتە دەکاتەوە. لە زۆربەی سەرچاوەکاندا، تاکوو ئەو دواییانە هەم مێژوونووسەکان ، هەم لێکۆلەرەکان هەوڵ دەدەن کە وێنایەکی گشتگیرتر بدەن ، بەڵام لە زۆربەیاندا وا تێ دەگەی تێگەیشتن بۆ نموونە لە ئەدەبییاتی کلاسیکی کوردیی کورمانجی مەحدوود دەبێتەوە بە مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی، زۆر جار لەوە زیاتر تێ ناپەڕێت لە لێکۆڵێنەوەکاندا.


قازی: لە حاڵێکدا شاعیری دی هەبووە، نموونەی وەک ئەوەی باست کرد کە ئەولیا چەڵەبی ئاماژەی پێ دەکا. ئەمن لێرە دا پرسیارێکم بۆ دێتە پێشێ بەڕێزت کە بە هەر حاڵ  بۆ ئەوەی بزانی کە دۆخی دەوڵەمەندی و هەژاری لە ڕووی ئەدەبییەوە لە تاریخ دا چۆنە کاری بەراوەردکارانەشت کردووە. مێتۆدۆلۆژی بۆ نووسینەوەی ئەدەبی دیکە چۆنە ئەگەر لەگەڵ ئەدەبێ کوردی موقایەسەی بکەی بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا مەبەستمە؟
قادری: بەڵێ ، دیارە من زۆر لەگەڵ ئەدەبباتی فارسیدا بەراوەردم کردە. مێژوونووسی بە گشتی پڕۆژەیەکی تازەیە، بۆ زۆربەی نەتەوەکان، تەنانەت ئەم پڕۆژەیە لە ئوڕووپاش  دووسەد ساڵە. یانی بە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە سەدەی نۆزدەهەمەوە دەبێتە شتێکی جیدی. لێرەش دا وەک پڕۆژەیەکە کە بەردەوام ڕەخنەی لێ گیراوە. بێ کێشە نییە ، بۆ نموونە لە دەسپێکی سەدەی  بیستەوە ڕەخنەگرەکان بە بەکگڕاوندی جیاوازەوە ڕەخنەی جیاواز دەگرن. بۆ نموونە فێمینیستەکان ڕەخنە لە مێژووی ئەدەبی ئینگلیسی دەگرن کە ژنانی تێدا نییە، ژنان پەراوێز خراون. یا بۆ نموونە پۆست کۆلۆنیالەکان، ڕەخنەگرانی پەسا ئیستێعمارگەرایی، پۆست کۆلۆنیال ئەو ڕەخنەیە دەگرن کە زۆر ئوڕووپا میحوەرە ئەو مێژووی ئەدەبییەی کە هەیە. مێژوو نووسین بۆ خۆی بێ کێشە نابێ بەڵام گرینگ ئەوەیە وەکوو پڕۆژەیەک چاوی لێ کەین کە بەردەوام دەتوانێ باشتر بێ و پێداچوونەوەی تێدا بکرێ.
قازی: زۆرباشە ئێستا بگەینە شێعری نوێی کوردی. بە تایبەتیش ئەوەی کە ئێوە زیاتر کارتان لە سەر کردووە. ئێمە دەزانین زۆر کەسی کە لەگەڵ شێعر سەروکاری هەبووبێ مەبەستم بەشێوەی تەخەسوسی نییە بەڵکوو کەسێک کە بەشێوەی گشتی شێعر بخوێنێتەوە، لە پێوەندیی لەگەڵ شێعری کوردیی ناوەڕاست ، یا شێعری سۆرانی دا زۆر جار باسی ئەوە دەکرێ کە عەبدوڵا گۆران هاتووە ئەوەی نوێ کردووەتەوە و شێعری هیجایی کوردی جارێکی دیکە زیندوو کردووەتەوە و تازەگەرییەکی پێک هێناوە.  و ئەوە ئەگەر بەراوەرد بکرێ  هەڵکەوتێکە  کە نیمایووشیج لە شێعری فارسی دا هەیبووە. بەڵام  جەنابت هەم لە تێزی دوکتورایەکەت دا و هەم لەو مەقاڵەیەی دا کە لە سەر ئاستەنگییەکانی نووسینی مێژووی ئەدەبیی کوردی نووسیوتە ئەو مەسەلەیە دەبەیە ژێر پرسیار و پێت وایە کە تازەگەریی لە شێعری کوردیدا بۆ خۆی پڕۆسەیەکە و لە کەسێکەوە دەست پێ ناکا. پێم خۆش بوو ئەو مەسەلەیە هێندێک زیاتر شی بکەیەوە.
قادری: لە ڕەخنەی ئەدەبی کلاسیکی کوردی دا شێعری نوێ یان مۆدێڕن لە سەر ئەساسی جیاوازییەکانی لەگەڵ شێعری کلاسیک پێناسە دەکرێ. کە ئەو جیاوازیانە زیاتر لە ڕووی جیاوازییە فۆرمییەکانەوەیە. بۆ نموونە بە شێعرێک دەڵێن شێعری مۆدێرن، شێعری نوێ کە عەڕووزی وەلا ناوە ، کێشی هیجایی بەکار دێنێت یا تاقیکردنەوە دەکا لە کێش دا و تاقیکردنەوەی هەیە لە سەروا،  بۆ نموونە سەروای سەربەست بەکار دێنێت. کە وابێ لە ڕووی شکڵییەوە لە ئەدەبی کلاسیک جیاوازە. ئەم تێگەیشتنە خەتێکی جیاکەرەوە تەسەور دەکا لە نێوان شێعری کلاسیک و شێعری مۆدێرن، نوێ. و پێی وایە شێعری کلاسیک بەردەوامە هەتا ١٩٣٠ و بە ڕای هەندێکی دیکە هەتا ١٩٤٠ تا کاتێک کە لە شۆڕشێکی ئەدەبی دا بە ڕێبەریی عەبدوڵا گۆران کە بە باوکی شێعری نوێی کوردی بەناوبانگە شێعر تازە دەبێتەوە، شێعری نوێ دێتە ئاراوە. بەڵام کێشەی ئەو تێگەیشتنە ئەوەیە کە لە بیری دەچێ کە گۆڕانکاری ئەدەبی وەکوو هەر گۆڕانکارییەکی تر، بۆ نموونە گۆڕانکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی لە پڕۆسەیەکدا ڕوو دەدا، ناتوانین بیبەستینەوە بە ساڵ و کاتێکی تایبەتی و ناتوانێ کاری یەک کەس بێت.  سەرهەڵدانی شێعری نوێی کوردی ، بە ڕای من دەگەڕێتەوە بۆ زۆر پێشتر بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و بەرهەمی کاری چەندین جیل لە شاعیرانە. یانی هەتا دەگا بەو ئاستەی کە ئێمە جیاوازییەکان بە ڕۆشنی بە وزووح دەبینین لە شێعری ' گۆران ' دا ، زۆر کار کراوە. و زۆر گرینگە ئێمە ئەو پڕۆسەیە ببینین. چۆن لە شێعری کلاسیکەوە دەگەینە ئێرە.  بەو دەڵێین شێعر، بەڵام ئەمەشمان وەک شێعر قەبووڵە. تێ گەیشتن لەوە زۆر زۆر گرینگە و بە ڕای من سەرهەڵدانەکەی لە بەستێنی گۆڕانکارییەکانی سەدە نۆزدە ، لە کۆتاییەکانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی دایە کە ڕوو دەدا . سەرهەڵێنانی شێعری نوێ جوابێکە بۆ هاتنی مۆدێرنیتە بۆ کۆمەڵگا.
قازی: دەکرێ باسی هێندێک لەو ڕێفۆرمرانە بکەی. لە حاجی قادرەوە دەتوانی دەست پێ بکەی. جەنابت ئەوت لە زەین دایە؟
قادری: بەڵێ، من هەتا پێش  ' گۆران ' سێ ئاست دەبینم ، سێ قۆناغ دەبینم. لەوانەیە کەسێکی تر بێت قۆناغی تری پێ زیاد کات یا بە شێوازی دیکە بیبینێ، بەڵام بۆ سادە کردنەوە ئەگەر بڵێین گۆڕانکارییەکان بە سێ قۆناغ دا تێ دەپەڕن، لە هەر قۆناغێک دا شاعیرانێکی زۆر بەشدار بوون ، دەنگیان لە دروست کردنی ئەو پڕۆسەیە دا گرینگ بووە، بەڵام یەک شاعیر ، ئەوەی کە دەیانخوێنینەوە و بەراوەردیان دەکەین، یەک شاعیر، یا چەند شاعیر  دەنگیان بەهێزترە یا کاریگەرییەکەیان زۆرتر بووە. بۆیە من هەر قۆناغێک لەگەڵ شاعیرێک دا دەخوێنمەوە و باسیان  دەکەم. لە قۆناغی یەکەم  کە کۆتایی سەدەی نۆزدەیە لە شێعری حاجی قادری کۆیی دایە. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و دەسپێکی سەدەی بیست ئەدیبان و ڕۆشنبیرانی کورد زۆر سەرسام بوون بە پێشکەوتنە زانستی و تێکنۆلۆژییەکانی ئوڕووپا و ئەمە زۆر دەنگی داوەتەوە لە ناو شێعر، لە کۆتایی سەدەی نۆزدە دا ئەوە لە هەموان زیاتر لە شێعری حاجی قادری کۆیی دا دەنگ دەداتەوە. ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئێمە بە دەقیقی نازانین حاجی قادر کەی چووە بۆ ئەستەنبووڵ ، بەڵام ئەو گۆڕانکاریانە لە ئەستەنبووڵ دا ڕوو دەدەن. بەڵام تەسەور دەکەین، تەخمین دەکەین لە وانەیە کۆتاییەکانی ١٨٧٠ یا ١٨٨٠ لە ئەستەنبووڵ بوو بێت. لەو کاتە دا ڕۆژنامەی کوردی نەبوو، شێعری حاجی قادر جۆرێک جێگەی ڕۆژنامە دەگرێ بۆ ئەوەی خەڵک ئاپدەیت بکا، خەڵک ئاگادار بکاتەوە باسی پێشکەوتنە زانستییەکانی ئوڕووپا دەکات.
قازی: بەڵام  ئێمە تاریخی مەرگەکەی دەزانین بە ڕێگای ئەوەیدا کە لە ڕۆژنامەی ' کوردستان ' دا هاتووە و کە دەست کراوە بە بڵاو کردنەوەی ' مەم و زین ' ی خانی لە ڕۆژنامەی کوردستان دا لەوێ باسی ئەوە کراوە ئەوە بە ئامۆژگاری حاجی قادری کۆیی یە کە ساڵێک پێشتر وەفاتی کردووە.
قادری: بەڵێ دەبێ بە ساڵی ١٨٩٧ . بەڵێ ڕاستە ساڵی وەفاتەکەی دەزانین ...
قازی: چونکە باسی حاجی قادری کۆیی کرا وابزانم لەو ساڵانەی دواییدا هێندێک زانیاری تازە سەبارەت بە حاجی قادر دەست کەوتووە ، ڕەنگە بۆ بینەرانیشمان جێگای سەرنج بێ ئەگەر ئاماژەی پێ بکەی.
قادری: بەڵێ یەکێک لە هاوکارەکانمان تاهیر بای کوشاک کە لێکۆلەرێکە و لە ئەستەنبووڵە پێم هێشتا ئەو زانیارییانەی کە دەستی کەوتووە بڵاوی نەکردووەتەوە تا ئەو جێگایەی کە من دەزانم. ئەو  خەمی ئەوەی بوو کە زۆرتر  لە سەر ژیانی حاجی قادر بزانێت، بۆ نموونە ئەو کاتی کە لەو ئەستەنبووڵ بووە لە کوێ ژیاوە و بە گەڕان لە ناو ئاڕشیوە عوسمانییەکاندا هێندێک زانیاری دەست کەوتووە، بۆ نموونە بەڵگەی ئەوەی دەست کەوتووە کە ئەو کاتە حاجی قادر دەرسی زمانی فارسی وتووە لە حوجرەکان و وەکوو مودەریسی خسووسی کاری کردووە و ئەمە لە ناو ژیاننامەی دوو شاعێری عوسمانی دا هاتووە کە دەرسی فارسیان لە لای ئەو خوێندووە. و هەر وەها ماوەیەکی زۆریش بە شوێنی ناشتنی  حاجی قادر دا گەڕاوە؛ گۆڕستانەکەی دیتووەتەوە بەڵام نەیتوانیوە گۆڕەکەی ببینێتەوە.
قازی: ئێستا بێینەوە سەر قۆناغەکان. نوێگەری لە حاجی قادر دا دەبینین ، دواتر باسی سێ قۆناغت کرد.


قادری: باسی ئەوەم کرد لە شێعرەکانی حاجی قادر دا خەبەرەکانی ئوڕووپا ڕەنگ دەداتەوە، ئوڕووپا نەچووە بەڵام دەبیسێ کە لە ئوڕووپا چ ڕوودەدا ، سەرسامە بەو پێشکەوتنانە. بۆیە لەم ڕێگایەوە ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە کۆمەڵێک ووشەی غەیرە ئەدەبی دێتە ناو شێعرەوە، چونکە ڕێپۆرتوارەکەی دیاری کراوە، دەبێ ووشەی ئەدەبی تێدا بەکار بهێندرێ، کۆمەڵێک ووشەی غەیری ئەدەبی دێ لە ناو شێعرەکانییەوە، بۆ نموونە: تێلێگراف، ئێلێکتریک، شەمەن نەفەر ( شوێمێن دوێ فێڕ) ئەمانە یەکەم جار لە ڕێگای شێعرەوە دێنە نێو زمانی کوردی ، ئەمە زۆر گرینگە. و هەر وەها جگە لەوەی کە کۆمەڵێک ووشەی تازە دێتە ناو شێعرەوە، ئەو سیستمە دەشکێنێ کەمێک بازی دەکات ، ئەگەر شێعر وەکوو سیستمێک ببینین، کە ئەمن وام دیوە بە تەئسیر وەرگرتن لە ڕەخنەی سیمیۆتیکس، هەر وەها جیا لەوەی کە کۆمەڵێک ووشەی تازە دێنە ناو شێعرەوە هێندێک لەو ووشانەی کە پێشتر لە ناو شێعر دا بوونە، وجوودیان بووە و لە شێعری کلاسیک دا بە کار هاتنە مانای تازە وەردەگرن و ئەمە زۆر زۆر گرینگە بۆ مێژووی هزری کوردی. بۆ نموونە ووشەیەک وەکوو ' مەعریفەت ' لە شێعری کلاسیکدا هەمانە ، بەڵام ئەو ' مەعریفەت ' ەی کە بۆ نموونە لە مەحوی دا دەیبینین زۆر جیاوازە لەو  ' مەعریفەت ' ەی کە حاجی قادر بە کاری دێنێ ، واتە شێوازی بە کار هێنانەکەی. یان ووشەی دەوڵەت ، دەوڵەت دەزانی لە شێعری کلاسیک بە مانای سەروەت و سامانە و هێندێک جار مانای پاشایەتی و سەروەریشە ، بەڵام کە حاجی قادر بە کاری دێنێ  هەر بەو مانایەی تازە بەکاری دێنە کە ئێمە بەکاری دێنین واتە بە مانای ' ستەیت ' بە کاری دێنێ و ووشەکە مانایەکی تازە وەردەگرێ کە ئەو مانا تازانە  رەنگدانەوەی گۆڕانکارین لەو ئیدێئۆلۆژیانەن کە لە کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانیدا ڕوو دەدەن. کە دەینە قۆناغی دووهەم ، ئەوە زۆر گرینگە بیڵیم کە هەموو ئەو گۆڕانکاریانە کە گۆڕانکاری پچووکن بۆ نموونە گۆڕانکارییەکی زۆر جیدی تر لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە گۆڕانی بٶچوونە لەمەر زمانی کوردی ؛ کە زمانی کوردی ئیهتیمامی پێ دەدرێ. ئەوە هەموو لە قالبی شێعری کلاسیک دایە. یانی حاجی قادر هەر لە غەزەل و قەسیدە دا دەنووسێ، لە قالبی کلاسیک دا. لە دەسپێکی سەدەی بیست تەقریبەن ١٩٢٠ پێناسەیەکی تازە
قازی: ببوورە لێرە ئیستێک بگرین ، کاتێک دەڵێی قالبی کلاسیک مەبەست هەر ئەو فۆڕمەیە کە لە فارسیش دا هەیە. یانی وەختێک دەڵێی قەسیدە، غەزەل هەمووی لە فارسیش دا عەینی شێوەیە،
قادری: بەڵێ لە فارسیش دا هەر وایە، ئەدەبییاتی کلاسیکیی کوردی زۆری تەئسیر وەرگرتووە لە ئەدەبییاتی کلاسیکی فارسی . لە دەسپێکی سەدەی بیست هەر وەک کە گوتم پێناسەیەکی نوێ لە شێعر دا دێتە ئاراوە و  چاوەڕوانی لە شاعیر دەگۆڕدرێ بەو مانایە کە، زۆر سەرنجڕاکێشە، هەم شێعر، هەم پەخشان ؛ دیارە لەو وەختە دا ئیدی ڕۆژنامەی کوردی هەیە. وەختێک دەیخوێنینەوە بەردەوام کۆمەڵگا بە کۆمەڵگایەکی خەوتوو وێنا دەکرێت، کۆمەڵگایەک کە خەوتووە و بێهۆشە و ئاگای لە خۆی نییە و ئەوە دەبێ بە ئیشی ڕۆشنبیر کە ئەم کۆمەڵگایە بەخەبەر بکاتەوە شاعیریش وەکوو ڕۆشنبیر ئەو ئەرکەی پێ دەدەرێ کە ئیتر ناتوانێ شێعری غەرامی بڵێت یا لانی کەم دەبێت زۆربەی شێعرەکانی شێعرێک بێت کە بۆ خەبەر کردنەوە بێت. کە وا بێ مەعنای شێعر گۆڕانکارییەکی زۆر جیدی بە سەر دا دێت و چاوەڕوانی لە شاعیر دەگۆڕێت شێعر دەبێ بە ئامرازێکی پێداگۆژی، ئامرازی هوشیار کردنەوە ، فێر کردن. کاریگەرییەکی زۆر ڕاستەوخۆ کە بەدیهی یە کاتێک کە شێعر وەکوو ئامرازێکی هوشیار کردنەوە و فێر کردن بە کار بێنی ئەوەیە کە زمانی شێعر زۆر سادە دەبێتەوە. ئەو سادە بوونەوەی زمان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە دەست پێ دەکا بەڵام ئیتر لە دەسپێکی سەدەی بیستەوە زۆر زۆر  لە بەرچاوە. زمانی شێعر لە زمانی خەڵکی نزیک دەبێتەوە، چون دەزانین زمانی ئەدەبییاتی کلاسیک زۆر جیاوازە، زۆر قووڵە تێگەیشتن لێی ئاسان نییە و مەعنا لە شێعری ئەم سەردەمە دا ئیتر وەک شێعری کلاسیک شاراوە نییە. چون دەزانین هێندێک جار تێگەیشتن لە شێعری کلاسیک وەکوو حەل کردنی معەمایەک وایە کە تێی بگەی. بەڵام لە شێعری دواتر دا شاعیر ئیتر ماناکە ناشارێتەوە ڕاستەوخۆ دەیدا بە خوێنەرەوە. ئەمە ئەو گۆڕانکارییە زۆر جیدییەیە کە ڕوو دەدا. لە ڕووی سەنایعی ئەدەبی یەوە، لە ڕووی شێوازی بەیانەوە دیسان گۆڕانکاری زۆر ڕوودەدا کە من لە تێزەکەم دا زۆر بە ووردی باسی ئەوانە دەکەم کە چ جۆرە گۆڕانکاری کراوە بۆ نموونە ئیماژەکان چۆن دەگۆڕدرێن،سەمبوولەکان چۆن دەگۆڕدرێن. بەڵام دیسان ئەو گۆڕانکارییەی کە ڕوو دەدا هەر لە ناو قالبی کلاسێک دایە ، لە فۆڕمە کلاسیکەکان دایە. یانی شاعیران توانیویانە بۆ نموونە غەزەل و قەسیدە بۆ ئەو ئامانجە نوێیە بەکار بێنن. ئەگەرچی کۆمەڵێک گۆڕانکاری کراوە بۆ نموونە هێندێک تاقیکردنەوە لە کێش دا کراوە. لە کێشی عەڕووزی دا ئەوە لە ڕەحیمی ڕەحمی حەکاری دا زۆر بەرچاوە، یانی هێندێک تاقیکردنەوە لە سەروا دا دەکەن ، یانی دەبینین کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەکرێ بەڵام زۆر بەرچاو نییە ، هێشتا قاڵبەکە بە ڕواڵەتی دا دیارە ئەوە غەزەڵە ، ئەوە قەسیدەیە. ئەم شتە بەردەوام دەبێ هەتا ١٩٣٠ کە بە ڕای من نوختەی وەرچەرخانە لە مێژووی شێعری نوێی کوردی دا و ئەو کاتەیە کە جێگەی شێعر بە گشتی دەچێتە ژێر پرسیار و ئەوە بەس بۆ کورد نییە ئەگەر تەماشای ئەدەبییاتی فارسی بکەین کە من زیاترم خوێندووەتەوە و لە ئەدەبییاتی تورکیش دا ئەوە ڕو دەدا شێعر دەچێتە ژێر پرسیار و بە تایبەتی شێعری کلاسیک مەعنا و بوون و گرینگی شێعری کلاسیک دەچێتە ژیر پرسیاری  زۆر جیدی و تەنانەت مەسخەرە دەکرێت. لە ئاست یا قۆناغی سێهەم دا ئەو دەنگەی کە زۆر زۆر بە هێز بووە، زۆرترین کاریگەری بووە ' پیرە مێرد ' ە . لە قۆناغی دووهەم دا لە بیرم چوو بیڵێم، ڕەحیمی ڕەحمی حەکاری یە کە بە ڕای من کاریگەری زۆر بووە بە کورمانجی نووسیویەتی. بۆ نموونە پێرەمێرد لە شوێنێکدا باسی محەمەد ئەمین زەکی بەگ دەکات کە دەزانین مێژوونووسێکی زۆر بە ناوبانگە، مێژوو نووسی مۆدێڕنی کوردە. پیرە مێرد باسی ئەوە دەکا کە زەکی بەگ شێعری خۆی بۆ ناردووە کە بیبینێت و ڕای خۆی بڵێت و بڵاوی بکاتەوە. پێرەمێرد زۆر بە شانازییەوە دەڵێ هەوڵم دا پەشیمانی کەمەوە لەو ' ئیشە بێهوودە درۆزنە ' . یانی شێعر نووسین دەبێ بە کارێکی بێهوودە، کارێکی عەبەس مەگەر ئەوەی کە ئامانجێکی بێت. لە شوێنێک دا کە باسی شێعری کلاسیک دا، پێم خۆشە لێرە دا عەینی قسەکانی وەک خۆی بخوێنمەوە، لە شوێنێک دا باسی ئەوە دەکا کە بۆچی بە شێوازێکی تازە دەنووسێت دەڵێت : " ئێستا ئوڕووپایی هەرچی شاعیریان هەیە لە خولیا و موبالەغە لایان داوە مادی و حەقیقی دەنووسن ، ئێستا من لە هەندێ شێعری پور ئیغراق و تەمتەراقی کۆنی خۆم شەرمەندەم . خۆ هەندێ تەشبیه هەیە کە جاران زۆر  پەسەند بوو ، ئێستا کە لێی وورد دەبینەوە، تەریق دەبینەوە. " ئەم تەریق بوونەوە، ئەم شەرمەزارییە لە خوێندنەوەی شێعرەکانی پێشووی شتێکی تازەیە ، دیاردەیەکی تازەیە و ئەوەیە کە ئەمن پێی دەڵێم ترنینگ پۆینتێکە ، نوختەی وەرچەرخانێکە. تا ئەو قۆناغە شاعیر حەولی داوە لەگەڵ شێعری کلاسیک دا خۆی بگونجێنێ و لە ناو ئەو فۆڕمانە دا خۆی پەیدا کاتەوە. بەڵام ئێستا شێعری کلاسیک بە گشتی دەچێتە ژێر پرسیار. دەی شاعیر چ بکات ئەوەی کە پێشنیار دەکرێ مۆدێلێکی تازەیە ، مۆدێلی شێعری ئوڕووپایی. ئەوەی کە بۆ نموونە پیرەمێرد هێمای پێ دەکا. هەر چەند دەتوانین زۆر لە سەر ئەوە قسە بکەین کە مەبەستی کام شێعری ئوڕووپایی یە. کام شاعێرانی ئوڕووپان کە بە قسەی پیرەمێرد  ' مادی و حەقیقی ' دەنووسن. بەڵام ئەوەی کە گرینگە سیستمێکی نوێ پێشنیار دەکرێ  کە سیستمی پێشوو بە لاوە بخەن و ئەم سیستمە نوێیە بەکار بێنن. ئەگەرچی پیرەمێرد خۆی زۆربەی شێعرەکانی هەر بە عەڕووزە. ئەوە قۆناغی سێهەم بوو و دوای ئەوە  'گۆران' و جیلی گۆرانمان هەیە. بە ڕای من ئەوەی لە ڕەخنەی کلاسیکی ئەدەبی کوردی دا هەیە  زۆر ئیهتیمام دەدرێ یا زۆر تەئکید دەکرێ  لە سەر شێعری ئوڕووپایی ، جێگەی شێعری ئوڕووپایی . ئەمە بە لای منەوە ڕاست نییە ، تەرجومەی شێعری ئوڕووپایی لە قۆناغەکانی دواتری شێعری نوێ تەئسیری بووە بەڵام  لە ئێستا دا نا.  لە قۆناغەکانی یەکەمی دا پێم وا نییە  بووی بێ  زۆرتر وەکوو وەرگرتنی گۆڕانی فۆڕمی ، تەنانەت مەزموون زۆرتر  لە ژێر کاریگەری ئەدەبی نوێی تورکی بوون و
‌قازی: بۆ وێنە ساڵح شێخ نووری وا نییە ؟
قادری:  بەڵێ، بەڵێ بە ئعترافی خودی گۆران بە ' ئودەبای فەجریات ' ی ناو دەبات  و جگە لەوە ئەوەی کە زۆر گرینگە دیسان بە تەئسیر گرتن لە  شاعیرانی نوێی تورک  شاعیران و ئەدیبان و ڕۆشنبیران ئیهتیمامێکی زۆر دەدەن بە  کۆ کردنەوەی ئەدەبییاتی زارەکی. کۆکردنەوە و بڵاو کردنەوەی ئەدەبییاتی زارەکی ، وەختێک کە ئەدەبییاتی شفاهی کێشێکی تایبەتی هەیە، فۆڕمێکی تایبەتیی هەیە  زۆر سەرنجڕاکێش دەبێ بۆ شاعیرانی مۆدێڕن کە  ئێستا کە دەیانەوێ مۆدێلێکی تازە بە کار بێنن خەریکن  تەماشای شێعری ئوڕووپایی دەکەن، تەماشای  شێعری تورکی دەکەن بەڵام دەبینن خۆیان  خۆماڵی فۆڕمێکیان هەیە کە دەتوانن بەکاری بێنن.  ئەوە زۆر کاریگەری دەبێت بە ئیزافەی ئەوەی کە  شێعری شاعیرانی گۆرانی نووس چاپ دەبێت ، دەزانین کە پیرەمێرد یەکێک لەو کەسانەیە کە  زۆرترین ‌هەوڵی داوە بۆ ڕاستکردنەوە و چاپ کردنی  دیوانی شاعیرە گۆرانی نووسەکان.
قازی : ئەوە  لێرە  کتێبێکی پیرەمێرد دەبینین ' دوازدە سوارەی مەریوان '  کە بە کورمانجی بڵاو بووەتەوە و بەڕێزت سەرەتایەکت بۆ نووسیوە و لە تورکیا بڵاو بووەتەوە.
قادری: بەڵێ پێشەکییەکم بۆ نووسیوە . کە وا بوو ئەدەبییاتی زارەکی ، فۆلکلۆر  و دیتنی شێعری کلاسیکی گۆرانی  زۆر کاریگەر بوو بۆ شاعیرانی نوێ کە دەبینین  بە تایبەتی ئەو تەئسیرە لە کارەکانی شاعیرێک وەک گۆران دا دەبینین.
قازی : دوای گۆران و ئەوانە، دەتوانی چۆن باسی ' هێمن ' بکەی ، چۆن باسی ' شێرکۆ بێکەس ' بکەی ؟
قادری:  شێعری نوێی کوردی قۆناغی زۆر جیاواز  بە ڕێ دەکا. لە ڕاستیدا من تا ساڵی ١٩٤٠ ، ١٩٥٠  زۆر بە قووڵی تەماشام کردووە  بۆیە ئەگەر خوێندنەوەیەکم هەیە  لە سەر هێمن یا بێکەس  خوێندنەوەیەکە هێشتا زۆر تەخەسوسی نییە بۆیە  لە سەریان قسە ناکەم.
قازی : ئێستا بگەینە گۆواری ' دەروازە '  ئەوە من لێرە ژمارەی ٣-ی دەبینم کە تازە بڵاو بووەتەوە و دیارە جارێکی دیکەش لەم بەرنامەیە دا  بە کورتی باسی ' دەروازە 'م کردووە  بەڵام  لە بەر ئەوەی کە ئیدیتۆری سەرەکی گۆوارەکە لە سەرەتاوە مامۆستا ئەمیر بووە  هێندێک  لە سەر ئامانجەکانی قسە بکەین و دوایەش بگەینە  ژمارەی ٢ کە بە تایبەتی  بۆ بیرەوەری مامۆستا ئەمیر بڵاو بووەوە. فەرموو!


قادری:  دەروازە گۆوارێکی کوردی هەڵسەنگێندراوە  و تایبەتییە بە زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤییەکان. هەڵسەنگێندراو  بە مانای  peer reviewed بەو مانایە کە  هەر بابەتێک کە بۆ ئێمە دێ ، هەر ووتارێک کە بۆ ئێمە دێت  ئێمە دەینێرین بۆ پسپۆڕی ئەو بابەتە . بۆ نموونە ئەگەر بابەتەکە لە سەر مێژوو بێ ئێمە بۆ دوو  کەسی شارەزای مێژووی دەنێرین  کە بڕیاری لە سەر بدەن ، یەک ئایا ئەو ووتارە بۆ چاپ  دەبێت و ئەگەر بۆ چاپ دەبێت  کەمووکووڕییەکانی چین ، چۆن باشتر  دەبێ و ئەو تێبینییانە بۆ نووسەر دەنێرینەوە  و تەنیا  بە شەرتێک چاپ دەبێ کە ئەو تێبینییانە ڕەچاو بکات. بۆیە پڕۆسەیەکی زۆری دەوێ و لە بەر ئەوەی ساڵی جارێک دەردەچێت. بەڵام ئامانجی ، لە ڕاستیدا ئامانجی پەرەپێدانە بە زمانی کوردی  ، بەرهەمهێنان و دەربڕین و بڵاو کردنەوەی زانستی  و هەر وەها بەرز کردنەوەی ئاستی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤییەکان  بە کوردی . دەزانین کە ، لە ڕاستیدا بۆ لێکۆلەران زۆر ڕوونە  کە زمانی ئینگلیسی دەسەڵاتێکی ئینحیساری لە زانست و  هونەر و ئەدەبییات و ئینترنێت  دا پێکەوە ناوە  تەنانەت زمانە ئوڕووپاییەکان، زمانە بچکۆلە ئوڕووپاییەکان  و زمانی وەک عەڕەبی ، تورکی و فارسی  بە زەحمەت بەرگەی لێشاوی زمانی ئینگلیسی دەگرن جا بۆیە  بار و دۆخی بەرهەمهێنانی گۆواری زانستی  بە کوردی زۆر زۆر ئاڵۆزە، زۆر زەحمەتە.
قازی: ئێستا بگەینە سەر باسی کاک ئەمیر چونکە گرینگە و وەختیشمان کەمە.
قادری: کاک ئەمیر کە سەردەبیری گۆوارەکە بوو ، ئەو ئامانجی  ' دەروازە ' و ئاستەنگییەکانی بەرهەمهێنانی زانستیی بە کوردی زۆر بە جوانی  لە پێشەکی ژمارەی ١ دا نووسیوە ، باسی دەکا ئەگەر کەسێک حەز دەکا بیخوێنێتەوە دەتوانێ لە وێب سایتی گۆواری ' دەروازە ' دا بیبینێ بە فۆرماتی پی دی ئێف. بڵاوبوونەوەی ژمارەی ١ تەقریبەن ساڵێک وە درەنگی کەوت لە بەر کێشە سیاسییەکانی ناو تورکیا،  لە مانگی مەی ٢٠١٧  بڵاو بووەوە ، ئێمە پێشتر  دوای ئەوەی کە کاری دیزاینی گۆوارەکە تەواو بوو بۆ  کاک ئەمیرمان نارد بوو  کە بیبینێ بەڵام بە داخەوە بە چاپکراوی نەگەیە دەستی. کە بە ڕاستی بوو بە حەسرەتێک لە سەر دڵی هەموومان دەستەی بەڕێوەبەرانی ' دەروازە '  ماوە . ئێمە بڕیارمان دا کە ژمارەی ٢ تەرخان بکەین بۆ  یادی کاک ئەمیر ، ژمارەی تایبەتی : "میراتی ڕۆشنبیریی پڕۆفێسۆر ئەمیر حەسەنپوور " . دەروازە کوردی یە بەڵام ئەم ژمارە تایبەتییە ئیستیسنائەن بە کوردی و ئینگلیسی یە. کە ئێمە داوامان کرد لە کۆمەڵێک لە هاوکارانی ،  لە خوێندکارەکانی ، لەو کەسانەی کە لە نیزیکەوە کاریان لەگەڵ کرد بوو  ووتارمان بۆ بنووسن. ‌هێندێک لە ووتارەکان ووتاری هەڵسەنگاندنە ، هەڵسەنگاندنی بەرهەمی کاک ئەمیرە.  بەشێکیشیان بیرەوەریین کە جەنابیشتان یەکێک  لەو ووتارانەتان نووسیوە.  دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئەو ژمارە تایبەتییە لە ژێر چاوەدێری پڕۆفێسۆر شەهرزاد موجاب  هاوژین و هاوکاری دێرینەی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور بڵاو بووەتەوە.
قازی: وا بزانم لە ژمارەی ٣ شدا بابەتێکی زۆر چاوڕاکێشی مامۆستا ئەمیر هەیە  بە ناوی " گەشتێک بە نێو ئادالار ساهیلیندە دا "  کە ئەویش داستانی ئەو گۆرانی مەشهوورەی مەلا کەریمی سابڵاغی یە. کە بە عەڕەبی هەیە ، بە تورکی هەیە بە یۆنانی هەیە.
قادری : ئێمە وەک دەستەی نووسەران بڕیارمان دا بۆ  بەرز ڕاگرتنی یادی کاک ئەمیر  و جێگەی کاک ئەمیر لە هەر ژمارەیەکی دەروازە دا ووتارێکی کاک ئەمیر  بە کوردی وەرگێڕین و بڵاوی بکەینەوە لەم  ژمارەیەدا "گەشتێک بە نێو ئادالار ساهیلیندە "  بڵاو بووەتەوە کە ووتارێکی زۆر سەرنجڕاکێشە ئەو گۆرانی " کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە "  کە پێی وا بووە بە تەواوی کوردییە  بەڵام دواتر بۆی دەردەکەوێ  لە سەر لەحنێکی تورکی عوسمانی  ساز کراوە و ڤێرژنی لە یوونانی  عەڕەبیش دا هەیە.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بەڕێز دوکتور فەرەنگیس قادری ، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم هیوادارم  یارمەتی زیاتر بکەی بەوەی کە مێژووی ئەدەبیی کوردی تا دێ زیاتر بە شێوەیەکی زانستی بنووسرێ. زۆر زۆر سپاس بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا.
قادری : سپاس بۆ ئێوە
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە  کۆتایی ڕاوێژی ئەمجارەشمان . هەتاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینە یەكشەمە  ١٩ی مەی ٢٠١٩  ئاستە کراوە و هەر بۆ ئێوارەی ئەم ڕۆژە لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک، بەرنامەی ڕاوێژ بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی بەرنامەکە دەکرێ سەری ماڵپەڕی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی فەیس بووک یان کاناڵی ڕاوێژ بدەن لە یووتیوب دا.








No comments: