Wednesday, March 18, 2020

لەبارەی چەمكی ئایدیۆلۆژیاوە عەباس وەلی


لەبارەی چەمكی ئایدیۆلۆژیاوە

 عەباس وەلی 

ناوەڕۆكی ئەم باسە بەشێوەیەكە بەهەر چەشنێك لێی بڕوانی خۆی لە تیۆریو فەلسەفەی سیاسی دەدات، هەوڵیش دەدەم تا ئەو جێگەیەی بتوانم لایەنی تیۆری و فەلسەفیی باسەكە سادە بكەمەوە، هەڵبەت ئەمەش تا ئەو ڕادەیەی زیان بە بنەما و ناوەڕۆكی باسەكە نەگەیەنێت. سەرەتا باسی چەمكی ئایدیۆلۆژیا دەكەم و پاشان دەچمەسەر باسی گوتاری ئایدیۆلۆژی. لێرەدا ئەم پرسیارە دێنمە ئاراوە كە بۆچی كات و باوی چەمكی ئایدیۆلۆژیا نەماوە و تووشی كێشە و گرفتی زۆر بووەتەوە؟ هەر لەم پرسیارەشەوە باسی ئەوە دەكەم كە كاتی ئەوە هاتووە ئەم چەمكە لە گوتاری سیاسی دەربێنین و لە جێگایدا چەمكێك بەناوی گوتاری ئایدیۆلۆژی دابنێین. هەڵبەت ئەمەش لەبەر ئەوە نا كە لەگەڵ مۆدی رۆژدا یەك بێینەوە، بەڵكو ئەم تەفسیر و روونكردنەوانە بۆ ئەوەن پیشانی بدەم چەمكی ئایدیۆلۆژیا لە رووی تیۆری و فەلسەفییەوە تووشی گرفتی بنەڕەتی بووتەوە و هەر لەسەرەتاشەوە هەڵگری ئەم گرفتانە بووە و كێشەی سیاسی زۆری هێناوەتە ئاراوە. لێرەشەوە كاتی ئەوە هاتووە چەمكی ئایدیۆلۆژیا لە گوتاری سیاسی و تەنانەت لە گوتاری سیاسی كوردیش لابدەین و لە جێگەی ئەودا گوتاری ئایدیۆلۆژی دابنێین .
چەمك و وشەی ئایدیۆلۆژیا بە پلەی یەكەم بەرهەمی مۆدێرنیتەیە و مۆدێرنیتە برەوی پێداوە. وەك لە كتێبەكانی فەلسەفەی سیاسیدا باسكراوە، وشەی ئایدیۆلۆژیا بە واتا مۆدێرنەكەی، بۆ یەكەمجار لە كۆتاییەكانی سەدەی (18)دا بەكار هێنراوە.
وەك دەگێڕنەوە جارێكیان "دەستوت دۆترەیسی" Antoine Destutt de Tracy لەگەڵ ناپلیۆن بۆناپارتدا گفتگۆیان كردووە و لەوێدا ناپلیۆن ئاماژەی بە بۆچوونێك داوە و گوتویەتی كە ئەم بۆچوونە ئایدیایەكی باش و بەهێزە، "دەستوت دۆترەسیی"یش لە وەڵامدا گوتوویەتی: نەخێر گەورەم، ئەمە ئایدیا نییە، بەڵكو ئایدیۆلۆژیایە.
لەو سەردەمەوە كە ئەم باسە هاتۆتە ئاراوە، وشەی ئایدیۆلۆژیاش هاتووەتە ناو گوتاری سیاسی مۆدێرنیتە و لە سەدەی (19)دا پەرەی سەندووە.  ئەم چەمكە لە قۆناغی یەكەمدا هاتووەتە ناو گوتاری لیبراڵی و پاشان هاتووەتە ناو چوارچێوەی گوتار و پراكتیكی دیموكراتیك و لە قۆناغی سێیەمیشدا، كە لە هەموویان گرینگتر و بنەڕەتیترە، هاتووەتە ناو چوارچێوەی گوتار و پراكتیكی ماركسیستییەوە، لەو رۆژەشەوە ئەم تێرمە بەو تەعبیرە بەكارهێنراوە. واتە چەمكی ئایدیۆلۆژیا لە دواییەكانی سەدەی (18) هەتا ناوەڕاستی سەدەی (19)، هەندێك گۆڕان و گەشەی بەخۆیەوە بینیوە، هەتا وەك زاراوە و چەمكێك كەوتۆتە ناو گوتاری سیاسییەوە.
بنچینەی ئەم گۆڕان و گەشە كردنە بۆ بنەمای مێژووی سیاسیی ئەو سەردەمەی ئەوروپا دەگەرێتەوە، ئەگەر بڕوانینە مێژووی گوتاری چەمكی ئایدیۆلۆژیا، دەبینین چەمكی ئایدیۆلۆژیا تاكوو ئێستا بە چەندین واتا و چەمكی جیاواز بەكار هێنراوە. لە قۆناغی یەكەمدا چەمكی ئایدیۆلۆژیا بە واتایەكی سروشتی (Natural)، واتە وەك چەمكێكی بێلایەن (Passive)، كە بنەما و هەڵوێستێكی سیاسی تایبەتی نەبووە، بەكار هێنراوە. لەم قۆناغەدا ئایدیۆلۆژیا وەك توخمێكی كە بەردەوام لە پراكسیس و بەرنامەی سیاسیدا ئامادەیە ئاماژەی پێكراوە. بەڵام لەم چوارچێوەیەدا، واتە لەم تەعبیر و لێكدانەوە سروشتییە، هیچكات ئاماژە بە ناوەڕوك و ئامانجی ئایدیۆلۆژیا نەكراوە، بەو واتایەی كە باس لەوە نەكراوە كە ئاخۆ ئەم ئایدیۆلۆژیایە ئایدیۆلۆژیایەكی داینامیكییە، واتە دەیەوێت گۆڕانكاری بێنێتەدی یان ئایدیۆلۆژیایەكی كۆنزەرڤاتیڤە و دیەوێت بەر بە گۆڕانكاری بگرێت و بنەما كۆمەڵایەتییەكان لە شێوەی بەرایی خۆیاندا رابگرێت. لێكدانەوەی سروشتی ئایدیۆلۆژیا زیاتر لە شێوازی چەمكێكی بیلایەندا بەكار هێنراوە، بەڵام پاش ئەم لێكدانەوەیە، لێكدانەوەیەكی سیاسی بۆ ئایدیۆلۆژیا دێتە ئاراوە. لەم لێكدانەوەیەشدا، كە زیاتر پێی ئاشناین، چەمكی ئایدیۆلۆژیا بە مانای سیستەمێكی تیۆری و فیكری و بەهایی و باوەڕییە كە بە شێوەیەك لە شێوەكان لەگەڵ  بەرنامە یان پێكهاتەیەكی سیاسی لە پێوەندی دایە، ئەم لێكدانەوەیەش بەو شێوەیەیەكە وەك زانیاری (information) و رێپیشاندەر لە ئایدیۆلۆژیا دەروانێت،كە رێبەرایەتی رێباز و بزووتنەوە سیاسییەكان دەكات لە جووڵانەوەكانیاندا. ئەم لێكدانەوە سیاسییە بۆ چەمكی ئایدیۆلۆژیا لێكدانەوەیەكی بێلایەن نییە. ئەم لێكدانەوەیە لە چوارچێوەیەكی تایبەتیدا كاردەكات و هەڵوێست وەردەگرێت لەسەر ئەوەی ئاخۆ ئایدیۆلۆژیایەك، ئایدیۆلۆژیایەكی خوازیاری بەدیهێنانی گۆڕانكاری و شۆڕشە یان ئایدیۆلۆژیایەكە كە دەیەوێت بارودۆخی هەنووكەیی رابگرێت. لەم تێگەیشتنەدا بڕیارێكی بەهایی دەدرێت و بەرەوی پێدەدرێت، چۆارچێوەی تایبەتی ئەم حوكمەش لە لایەن گوتاری فەلسەفی و سیاسی مۆدێرنیتەوە دیاریكراوە، بەو واتایەی كە ئەم چوارچێوەیە چوارچێوەیەكی مێژووییە كە تێیدا فیكر یان بزاڤێكی سیاسی لە خاڵێكەوە دەست پێدەكات و بەرەو خاڵێكی دیكە دەڕوات و لەم پروسەیەدا شوێنكەتووی هەندێك پرەنسیپی وەك پێشكەوتن و گەشەسەندنی كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و بە تایبەتی مێژووییە. ئەوە تەفسیری سیاسی بۆ چەمكی ئایدیۆلۆژیایە لە چوارچێوەی گوتاری مۆدێرنیتەدا كە تایبەتمەندییەكی سیاسی بە چەمكی ئایدیۆلۆژیا دەبەخشێت. لەم پەیوەندییەشدا دەكرێت ئاماژە بە لێكدانەوەی لیبرالیستی، دێموكراتیك یان ماركسیستی بۆ ئایدیۆلۆژیا بكەین .
بەڵام لێرەدا ئاماژە بە لێكدانەوەیەكی دیكە بۆ چەمكی ئایدیۆلۆژیا دەدەین كە لێكدانەوەیەكی رەخنەگرانەیە (Critical)، ئەم لێكدانەوە رەخنەگرانەیەش هەر لە چوارچێوەی دیسكۆرسی مۆدێرنیتە دایە و بەشێوەیەكی تایبەت لە ئایدیۆلۆژیا دەڕوانێت، بەو واتایەی ئایدیۆلۆژیا بە زمانی سیستەمێكی فیكری، بڕوایی، مەڕامی یان سیستەمێكی بەهایی دەبینێت، ئەم سیستەمە بەهاییەش پێوەندییەكی پتەوی لەگەڵ بونیادی دەسەڵاتدا هەیە، ئەم پێوەندییەش بەو چەشنەیە كە پشتیوانی لە بونیادی دەسەڵات دەكات و رایدەگرێت و لە بەرهەمهێنانەوەیدا بەشداری دەكات .
ئەم لێكدانەوەیە بۆ ئایدیۆلۆژیا پەیوەندییەكی بەردەوام و پتەو و راستەوخۆی لەگەڵ رەوتی رەخنەگرانەی گوتاری سیاسیدا هەیە، جیا لەمە ئەم لێكدانەوەیە، لێكدانەوەیەكی نێگاتیڤە، بەو واتایەی ئایدیۆلۆژیا وەك شتێكی نێگاتیڤ دەبینێت. هەروەك پێشتریش ئاماژەمان پێیدا، تێرمی ئایدیۆلۆژیا پێوەندییەكی زۆر نزیكی لەگەڵ  بزووتنەوە و فیكرە سیاسیەكانی مۆدێرنیتە، بەتایبەتی ماركسیزمدا، هەبووە، هەربۆیەش ناكرێت بەبێ‌ ئاماژە بە ماركسیزم باس لە بابەتی ئایدیۆلۆژی بكرێت، بەتایبەتیش ئەگەر بمانەوێت باسەكە بە پێوەندی نێوان ئایدیۆلۆژی و پراكسیسی سیاسییەوە ببەستینەوە، بێگومان ماركسیزم بەشێوەیەكی زۆر بنەڕەتی دێتە ناو چوارچێوەی باسەكەوە. لە ماركسیزمدا ئایدیۆلۆژیا لە چوارچێوەی گەشەی مێژووییدا، كە تایبەتمەندی مۆدێرنیتەیە، دەبینرێت. بەو واتایەی تەفسیری سیاسی ماركسیزمیش بەهەمان شێوە لە ئایدیۆلۆژیا دەڕوانێت و لە چوارچێوەیەكی مێژووییدا دەیبینێت، واتە وەك بزوتنەوەیەكی مێژوویی سەیری دەكات، كە لە سەرەتایەكەوە دەست پێدەكات و بەرو ئەنجامێك دەڕوات كە تێیدا بێگومان تەفسیرێك بە پێی پێشكەوتنی مێژوویی بوونی هەیە.. ئەم چەشنە لێكدانەوەیەی مۆدێرنیتە بۆ ئایدیۆلۆژیا لە ناو ماركسیزمیشدا هەیە، بەڵام ماركسیزم تەفسیرێكی دیكەش زیاد دەكات، ئەویش ئەوەیە كە ماركسیزم هەمیشە لە چوارچێوەیەكی ئەپستمۆلۆژیدا لە ئایدیۆلۆژیا دەڕوانێت، بەو واتایەی لە ماركسیزمدا، ئایدیۆلۆژیا بەردەوام لە چوارچێوەی تیۆری مەعریفەدا دەبینرێت. بۆ روونكردنەوەی ئەم خاڵە دەتوانین بڵێین لە ماركسیزمدا، ئایدیۆلۆژیا هەمیشە خاڵی بەرامبەری زانستە. هەڵبەت راستە كە ماركسیزم ئایدیۆلۆژیا بەواتای دیاردەیەكی (reflective) واتە رەنگدەرەوانە دەبینێت، بەو مانایەی ئایدیۆلۆژیا لەناو خۆیدا واقیعێكی كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری دەخوێنیتەوە، بەڵام ئەم رەنگدانەوە یان نواندنەوەیە ئاوەژوو كردنەوەی واقیعە نەك ئەوەی بناغە یان خودی واقیع بێت. كەواتە لە ماركسیزمدا ئایدیۆلۆژیا نواندنەوە و پیشاندانی پێوەندییەكانی بونیادی كۆمەڵگایە، بەڵام ئەم نواندنەوەیە هیچكات پیشاندەری واقیع نییە، بەڵكو ئاوەژووكردنەوەی واقیعە. هۆیەكەشی ئەوەیە كە بەپێی ماركسیزم بڕوا، ئایدیا و ئایدیۆلۆژیا بەردەوام رەنگدەرەوەی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانن، بەڵام ئەم رەنگدەرەوەییە دەبێ‌ بەردەوام بە فیلتێری بەرژەوەندییەكاندا تێپەرێت، هەر بۆیە ئەم نواندنەوەیە هیچكات پیشاندانەوەی واقیعی راستەقینە نییە، بەڵكو گوزاشتكردنەوەیەكی ئاوەژوویە لە واقیع؛ بۆ نمونە، ماركس بۆ یەكەم جار لە كتێبی "ئایدیۆلۆژیای ئەلمانی"(The German Ideology)دا، میتافۆرێك، بە مەبەستی روونكردنەوە و شیكردنەوەی  ئایدیۆلۆژیا بەكار دێنێت. ئەم میتافۆرە، كە میتافۆرێكی بەناوبانگە، میتافۆری (كامێرا ئابسكیور)ە، بەو واتایەی ئایدیۆلۆژیا وەك سندووقی كامێرایە، كاتێك دەڕوانینە ناو كامێراكە، ئەو دیمەنەی لەبەردەم كامێراكەیە بەشێوەیەكی سەرەونخوون و بەرئاوەژوو دێتە بەر چاوی ئێمە... ئەم مێتافۆرە ئاماژە بەوە دەدات كە ئایدیۆلۆژیا خاوەنی ئەو تایبەتمەندییەیە كە پێوەندییە كۆمەڵایەتییە راستەقینەكان بەشێوەیەكی ئاوەژوو و سەرەونخوون دەنوێنێتەوە. ئەم كاركردەش دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی كە پێوەندییەكی تایبەت لە نێوان فیكر و ئایدیا لەگەڵ بونیادی كۆمەڵایەتی-ئابووریدا هەیە، كە لە ماركسیزمدا ئاماژەی پێدراوە-پێشتر ئاماژەی پێدرا كە باسی ئایدیۆلۆژیا لە ماركسیزمدا باسێكی ئەپستمۆلۆژی یا باسێكی تایبەت بە سیستمی مەعریفەیە. ئاشكرایە كە لە ماركسیزمدا، ئاگایی ژیانی كۆمەڵایەتی خۆی فیكر و ئاگایی سیاسی، ئابووری و هەستی ئایدیۆلۆژی راڤە دەكات، بەڵام دەبێ‌ ئەم راڤە یان حەقیقەتە بە چوارچێوە یان فیلتێری پێوەندییە چینایەتییەكاندا تێپەڕێت، هەر بۆیەش هەركات لە ماركسیزمدا باسی ئایدیۆلۆژیا دەكرێت، ئایدیۆلۆژیا ئەو تایبەتمەندییەی دەخرێتە پاڵ كە ناوەڕۆك و پێكهاتەی واقیع بەشێوەیەكی سەرەونخوون پیشان دەدات، لێرەدا ئایدیۆلۆژیا رێفلێكتیڤە، واتە واقیع بەشێوەیەكی ئاوەژووكراو یان سەرەنخوون دەخاتە بەرچاو، خالێكی تر كە لە هەموو ئەوانی دی گرینگترە، ئەوەیە كە ئایدیۆلۆژیا هەمیشە رووكەش پیشاندەدات و قەت ناتوانێت واقیع خۆی بنوێنێت. ئەمە ئەو تەفسیرەیە بۆ ئایدیۆلۆژیا، كە ئێمە لە نووسراوە سەرەتاییەكانی ماركسدا دەیبینین. ئەگەر سەرنج بدەین، لە ساڵی (1846)دا، كاتێك ماركس لەگەڵ ئێنگێڵسدا ئایدیۆلۆژیای ئەلمانی (The German Ideology) نووسی، لەوێدا ئەم تەفسیرەی بۆ تیۆری ئایدیۆلۆژیا، واتە بنەمای تیۆری ئایدیۆلۆژیا هێنایە بەرباس، پاشان ئەگەر لە كارەكانی دوایی ماركس بڕوانین دەبینین لە ساڵی 1852 دا، بەشێوەیەكی زۆر راستەوخۆ، باسی ئەو تایبەتمەندییەی ئایدیۆلۆژیا دەكات كە واقیع بە شێوەیەكی سەرنخوون پیشان دەدات و نواندنی بەرژەوەندییە چینایەتییەكانە . ماركس لە كتێبی (18ی برۆمێر لیون بناپارت)  دا بەشێوەیەكی زۆر راشكاوانە باسی ئایدیۆلۆژیا بەو تایبەتمەندییە رێفلێكتیڤەوە دەكات، بەڵام لەپاش (1852) وشەی ئایدیۆلۆژیا بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا لە نووسینەكانی ماركسدا دیار نییە و بە چەشنێك لە چەشنەكان وەلاوە دەنرێت. تا ئەو كاتەی جارێكی دیكە لە بەرگی یەكەمی "كاپیتاڵ"دا، لە باسی كاڵا (Commodity)دا، تێۆری ئایدیۆلۆژیا دێنێتە بەرباس و ئەو تایبەتمەندییە رێفلێكتیڤ و دابینكارانەیەی روون دەكاتەوە. وەك دەردەكەوێ‌، ماركس لەپاش (1846)ەوە بایەخی بە چەمكی ئایدیۆلۆژیا داوە، بەڵام لە پاش (1825)وە ئەوەندە ئەم زاراوەیەی بەكار نەهێناوە. بەرپرسیارێتی ئەو شێوازە لە تێڕوانین لە ئایدیۆلۆژیا لە رەوتی ماركسیزمدا، كە پاشان وەك نەریتی لێدێت، دەكەوێتە ئەستۆی فرێدریك ئێنگێڵس. ئێنگێڵس لە كتێبەكەی خویدا "دیالێكتیكی سروشت" و پاشانیش لە كتێبەكانی "ئانتی دۆرنیگ" و "لودویك فۆیەرباخ و فەلسەفەی ئەڵمانی"دا ئەو تەفسیرەی خۆی بۆ ئایدیۆلۆژیا كە هاوشان لەگەڵ تەفسیرەكەی ماركسدا هێنابوویە ئاراوە، زیندوو دەكاتەوە. پاش ئێنگێڵس ئەو لێكدانەوەیە بۆ ئایدیۆلۆژیا (واتە ئایدیۆلۆژیا وەك ئاگاییەكی درۆیین، یان وەك ریفلێكتیڤێكی بەرژەوەندییە چینایەتییەكان، لە لایەن "ڤلادیمیر لێنین"ەوە دێتە ناو ماركسیزم.) ئەمەش خۆی شتێكی سەیرە كە لێنین تا ئەو رادەیەی كە پێوەندی بە ماركسیزمەوە هەیە، لە لێكدانەوە فەلسەفی و سیاسیەكانی خۆیدا سەبارەت بە ئایدیۆلۆژیا، زیاتر لە ژێر كاریگەری ئێنگێڵسدایە هەتا ماركس. لە راستیدا، بەشێكی زۆر لە كێشە پڕۆبلێماتیك و پرسە ئاڵۆزەكانی ماركسیزم، هەر لە لایەن ئێنگێڵسەوە لە ماركسیزمدا بووژاوەتەوە و لێنینیش گڕوتینی پێ بەخشیوەتەوە و لە چوارچێوەی رەوتی ماركسیزم-لێنینیزمدا هێناویەتە ناو گوتاری ماركسیزم. ئێستا دەگەڕێینەوە سەر باسەكەی پێشوو، واتە ئەوەی تەفسیری ماركسیزم بۆ ئایدیۆلۆژیا وەك ئاگایی درۆیین و هەستێكی تێكەڵ بە بەرژەوەندییە چینایەتییەكان، تەفسیرێكی ئەپستمۆلۆژیكییە: بۆچی دەڵێین ئەم تەفسیرە گرفت بۆ ماركسیزم دروست دەكات؟ یەكەم گرفت كە رووبەڕووی ماركسیزم دەبێتەوە ئەوەیە كە خودی ئەو گرفتەی ماركسیزم تووشی ئایدیۆلۆژیای دەكاتەوە، رووبەڕووی خۆشی دەبێتەوە، واتە ئەگەر ئایدیۆلۆژیا رەنگدانەوەی بەرژەوەندییە چینایەتییەكان بێت، كەوایە خودی ماركسیزمیش وەك ئایدیۆلۆژیایەك یان تیۆرێكی سیاسی لە كاتی پیشاندان و دەرخستنی واقعی كۆمەڵایەتیدا تێكەڵ بە بەرژەوەندییەكان دەبێتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەی ماركسیزم بانگەشەی ئەوە دەكات نوێنەرایەتی فیكری و بەرژەوەندییەكانی چینێكی دیاریكراو دەكات. بەڵام ماركسیستەكان بۆ لادانی ئەم گرفتە هاتن ئایدیۆلۆژیایان بە زانستدا دانا، واتە ئیدیعایان دەكرد كە ماركسیزم ئایدیۆلۆژیا نییە و زانستە، ئەمەش بە مەبەستی لادانی ئەو رەخنانەی كە لە تەفسیرە سیاسی و رەخنەییەكان لە ئایدیۆلۆژیا وەك جەوهەرگەریی (essentialism) و ریداكشنالیزم (reductionalism) دەگیران، نەتوانرێت لە ماركسیزم بگیرێن. بەڵام ئەمە تەنها لافێك بوو و هیچكات راڤە و لێكدانەوەیەكی تیۆری بۆ نەكرا. ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە ماركس خۆی لە یەكێك لە تەفسیرە تیۆرییەكانیدا دەڵێت كە تیۆری ئابووری ئەو سەرەڕای ئەوەی وەك تیۆرەكەی ریكاردۆ لایەنی زانستی هەیە، بەڵام حەقیقەتیشی تێدایە، ئەم حەقیقەتەش لە هەڵوێست و پێگەی پرۆلیتاریادا دەبینرێت. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین ئەم ئیدیعایە، ئیدیعایەكی میتا فیزیكییە، بەو واتایەیەی حەقیقەتی فیكری لە هەڵوێست و پێگەی چینێك وەرگیراوە كە لە فیكری ئێمەدا خاوەن ئەولەوییەتێكی سیاسییە، بەڵام ئەم ئەولەوییەتە بە هیچ شێوەیەك لەسەر پرەنسیپێكی یۆنیڤێرسالی تیۆری دانەمەزرێنراوە. هەر بۆیەش ئەو باسانەی كە لەسەر لایەنی زانستی ئایدیۆلۆژیای ماركسیزم دەكرێن، گرفتی زۆریان بۆ خودی ماركسیزم دروست كردووە. پاش ماركسیزم كەسانی وەك گرامشی، لۆكاچ، ئالتوسێر و گوڵدمەن، هەركام بەشێوازێك، هەوڵیانداوە خۆیان لە كێشەی وەك-یەكی ئایدیۆلۆژیا (وەك ئاگایی درۆیین) و زانست لابدەن و دەرباز بكەن، واتە یان ئەم باسە لە ماركسیزم دووربخەنەوە یانیش وەڵامێكی بۆ بدۆزنەوە. بۆ نموونە ئاڵتۆسێر دێت و ئەو باسە دەخاتە ناو گوتاری ئایدیۆلۆژی و سیستمە ئایدیۆلۆژییە دەوڵەتی و كۆمەڵایەتییەكان، لەبەر ئەوەی بڵێت ئایدیۆلۆژیا تەنها پاڵپشتی (support) بونیادی سیاسی-ئابووری نییە، بەڵكو خۆی ماتریالێكی تایبەتیی هەیە، ئەو ماتریالانەش لە گوتاری دەوڵەت، لە گوتاری دامەزراوەیی دەوڵەت یان لە دامەزراوەكانی كۆمەڵگادا، وەك كلیسا، خوێندنگا، سەربازخانە، خەستەخانە و هتد... بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئاڵتۆسێر ئەمە دەكات بۆ ئەوەی خۆی لە خەسڵەتی رێفلێكتیڤ و ئایدیالیستی چەمكی ئایدیۆلۆژیا، كە لە وتاری ماركس و ئێنگێلس لە ساڵی 1848دا هاتە ناو ماركسیزمەوە، دەرباز بكات.
پرسی هۆكارێتی-زانستیبوونی ماركسیزم لە هەمبەر ئایدیۆلۆژیادا لێكدانەوەیەكی دیكەش بۆ ماركسیزم دەهێنێتە ئاراوە، ئەم لێكدانەوەیەش بۆ مەسەلەكانی پەیویست بە پراكسیسی سیاسی گرنگییەكی زۆری هەیە. لێكدانەوەكەش ئەوەیە كە ماركسیزم ئیدیعای ئەوە دەكات كە لە ماركسیزمدا هەمیشە تیۆر و پراكتیك یەكگرتوون و لەیەكدی جیا نین. گرینگی ئەم لێكدانەوەیەش بە تایبەتی ئەو كاتە زیاتر دەردەكەوێت كە لە چوارچێوەی گوتاری مۆدێرنیتە و گوتاری پێشكەوتنی مێژوویی دا تەفسیر بكرێت. لێرەدا ئایدیۆلۆژیا بەو شێوەیە پێناسە دەكرێت كە نەك هەر سیستمێكی فیكری و باوەری و بەهاییە، بەڵكو رێپیشاندەری كرداری سیاسیشە و بەردەوامیش باس لە چۆنێتی پێوەندی ئەم رێپیشاندەرە لەگەڵ پراكتیكی سیاسیدا دەكرێت. لە ماركسیزمدا ئەم پرسە بەم شێوەیە لێكدەدرێتەوە كە تیۆر و پراكسیس یەكن، لێكچوو نین، ئەمەش وەك بناغەی زانستیبوونی ماركسیزم دادەنرێت. بنەمای تیۆری، یان لێكدانەوەی فەلسەفی یان بەڵگەكاری سێكۆلاری ماركسیزم بۆ ئەم باسە ئەوەیە كە بوونی كۆمەڵایەتی یان ژیانی كۆمەڵایەتی، دابینكار و دیاریكەری فیكر و ئایدیایە، بەڵام لە لایەكی ترەوە بۆ ئەوەی ئێمە بوون و ژیانی كۆمەڵایەتی بناسین و بتوانین گۆڕانی تێدا بكەین، دەبێ‌ خاوەن فیكر و روانگەیەكی تایبەت بۆ ئایندە بین، چونكە ئەو تایبەتمەندییە لە هەڵوێستی چینایەتییەوە سەرچاوە دەگرێ‌، ئەم هەڵوێستە چینایەتیانەش لەرووی مێژووییەوە پرۆگرێسیڤن، هەر بۆیەش لە لایەكەوە ماركسیزم خۆی رێپشاندەری كردارە بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و لە لایەكی تریشەوە هەر خۆی بەرهەمی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتییە. وەك ئاشكرایە ئەم پێوەندییە لەناو بازنەیەكدا دەخولێتەوە، تا ئەو كاتەش كە دەست بۆ لێكدانەوەی مێژوویی مۆدێرنیتە، یان چوارچێوەی تەفسیری مۆدێرنیتە بۆ ئایدیۆلۆژیا نەبەین، ئەم پێوەندییە لە ناو ئەو بازنەیەدا لە خولانەوە بەردەوام دەبێت. ئەگەر بێتوو بڵێین ئەوەی پراكسیس و تیوری لە چوارچێوەی تەفسیری گوتاری ماركسیستیدا بەیەكەوە دەبەستیتەوە، تەفسیرێكی مێژووی لە پرەنسیپەكانی چینێكی تایبەتە، واتە ئەگەر (ئێمە) ئەو پێوەندییە لە نێوان ئەو دوانەدا ببنینین، ئیتر ئەم دوانەش ناتوانن بەردەوام بن. كاتێك لە چوارچێوەی تێگەیشتنی ماركسیزمدا، رەخنە لە هەموو ئایدیۆلۆژیاكانی دیكە دەگرین بەوەی پێكهاتە و بونیادی واقیع ئاوەژوو دەكەنەوە (چونكە دەركەوتەی بەرژەوەندییە چینایەتییەكانن)، ئەوە دەبێ‌ ئەوەشمان لەبیر بێت كە خودی ماركسیزمیش ئایدیۆلۆژیا بە واتای رێپیشاندەری پراكتیك بەكار دێنێت، واتە ئایدیۆلۆژیا بەمانای ماتریالێك یان هۆكارێك دەبینێت كە بتوانرێت بەهۆیەوە واقیع بناسرێت و لەوێشەوە بتوانرێت پراكتیكی سیاسی تایبەتی بۆ دەستەبەر بكرێت. لەم پێوەندییەدا ئەو مەعریفە و زانستە راستەوخۆ تێكەڵ بە پێوەندی كۆمەڵایەتین. كاتێك پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لە نێوان واقیع و تەفسیری ماركسیزمدا هەر بۆ واقیع و وەك واقیع دەمێننەوە، ئەمە بەو مانایەیە كە هیچ تەفسیرێكی ئایدیۆلۆژی لە هیچ شوێنێك لەگەڵ خودی واقیع دا یەك نییە. ئەو باسەی كە لە ماركسیزمدا پێمان دەلێت تیوری و پراكتیك یەكن، لەوێوە كە تەفسیری واقیعی عەینی كۆمەڵایەتی دەكەن، تەنها لە گوتار و بەڵگەكاری مێتافیزیكی دا دەتوانێت  خۆی رابگرێت، چونكە هیچكات تەفسیری واقیع لەگەڵ خودی واقیعدا یەك نییە، هەر بۆیەش هەر تەفسیرێك لە واقیع هەمیشە پێویستی بەوەیە كەلك لە چەمكی سیاسی، كۆمەڵایەتی و گوتاریی وەربگرێت، ئەمەش لە كاتێكدا دۆخی كرداریی بوونەوە و پێكهاتنی ئەم چەمك و دیسكۆرسانە لە چوارچێوەیەكی دیكەدا و  غەیری چوارچێوەی ماركسیزم بووە: بۆ نمونە ئەگەر ماركسیزم لە شوێنێكدا بیەوێت بەراوردێكی سیاسی یان ئابووری بكات، ئەوە بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە تیوری و چەمك و هەندێك بابەت یان پێوەندی دامەزراوەیی دەبێت كە لە چوارچێوەیەكی دیكەی بەدەر لە ماركسیزمدا دارێژراون. كاتێكیش ماركسیزم، بە مەبەستی بەراوردی سیاسی یان داڕشتنی هاوكێشەی ستراتیژیی خۆی، ئەم چەمك یان دیسكۆرسانە بەكار دەهێنێت، چەمك و دیسكورسەكان كاریگەریان لەسەر بەراورد كردنەكە یان دارشتنە ماركسیستیەكە دەبێت. هەر بۆیەش هیچ تەفسیرێك لە هیچ فەلسەفە و تیۆرییەكدا لەگەڵ خودی واقیعدا یەك نییە. ئەو تەفسیرانە نواندنەوە (representation)ی ئەو واقیعەن و لەگەڵ خودی واقیعەكەدا یەك نین. نواندنەوەش خۆی چەمك و پێوەندی تایبەتی خۆی هەیە و ئەگەر هەموو ئەم چەمك و پێوەندییانەش یەك بگرن دیسانیش هیچ ئایدیالۆژیایەك لەگەڵ واقیع نابێت بە یەك.
لێرەدا ئەو مەسەلەیە جێ‌ دێڵم و دەگەرێمەوە سەر ئەو تێزەی لە سەرەتای باسەكەدا ئاماژەم پێیدا، واتە ئەوەی كە بەڕای من دەبێ‌ بەشێوەیەك لە شێوەكان چەمكی ئایدیۆلۆژیا لە گوتار و بەرنامەی سیاسی و فیكری خۆمان دەربێنین و لە جیاتی ئەو چەمكی "گوتاری ئایدیۆلۆژی" دابنێین. وەك پێشتر ئاماژەمان پێكرد   ئەم پێشنیارە لەبەر ئەوە نییە كە شوێنكەوتووی مۆدی رۆژ بین، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە ئەمە لە رووی سیاسییەوە زۆر گرینگە. هەموو ئەو لێكدانەوە سیاسیانەی لە چوارچێوەی گوتاری مۆدێرنیتەدا بۆ ئایدیۆلۆژیا دەكرێن، ئایدیۆلۆژیا بە پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و مێژوویی دەبەستنەوە و توێرێكتیڤی دەكەنەوە، واتا ئامانجێكی دیاریكراوی بۆ دادەنین كە ئایدیۆلۆژیا بەرەو ئەو بڕوات. بە مانایەكی تر ئەم تەفسیرانە پراكتیك و دیسكۆرسی سیاسی لە چوارچێوەیەكدا دەبەستنەوە، مەودا و سنووری ئەم چوارچێوەیەش بەپێی بنەما و پرنسیپی ئەو ئامانجە كۆمەڵایەتی و مێژووییە پێناسە دەكەن.
بۆ نموونە لە ماركسیزمدا هەر بزووتنەوەیەكی سیاسی یان كۆمەڵایەتی كە بەڕێوە دەچێت، لە پێش و پاش بەرێوەچوونیدا، جا بزوتنەوەكە راست یان هەڵە و بەئاكام بگات یان نەگات، هەمیشە لێكدانەوە و تەفسیری تایبەتییان بۆی هەیە. ئەم لێكدانەوە و تەفسیرەش لە كۆمونیزمەوە سەرچاوە دەگرێت، واتە لەو ئامانجەی كۆمۆنیزم بەردەوام و بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لەوێوە ئاراستەی شتەكان دیاری دەكات.
لەلایەكی ترەوە كاتێك چەمكی ئایدیۆلۆژیا، جا چ ماركسیزم، چ تیۆری دیموكراتیك و چ لیبرالیزم، لە چوارچێوەی مۆدێرنیتەدا دادەرێژرێت، ئەستەمە حەقیقەتی بزاڤی ئایدیۆلۆژی یان سیاسی یان بەرنامە و گوتاری سیاسی پێوەندییەكی راستەوخۆی بە ئامانج و دوا ئەنجامی خۆیەوە هەبێت، واتە سەرچاوەی بیرۆكە و ئایدیۆلۆژیاكە پێوەندی بە دوا ئامانجەوە هەبێت. بۆ نمونە، لە ماركسیزمدا، لۆژیكی كۆمۆنیزم لە گرفتەكانی كاپیتالیزمەوە هەڵێنجراوە و داڕووخانی كاپیتالیزم دەبێتە پێشمەرجی مێژووی كۆمۆنیزم، پێكەوە بەستنەوەی ئەو دووە حەقیقەتی ئەو ئایدیۆلۆژیایە پێكدێنێت. هەتا ئەو كاتەی حەقیقەتی گوتار و پراكتیك ئەم چەشنە پێوەندییەیان لەگەڵ سەرچاوە و ئامانجی ئەو ئایدیۆلۆژیایەدا هەبێت، ئەویش ئامانجێك كە لە چوارچێوەیەكی مێژوویی و بەشێوەی بەرایی دیاریكرابێت و هیچ پێوەندییەكی بە ئێستاوە نەبێت، گرفتی یەكجار گەورە هەم بۆ هزری سیاسی و هەمیش بۆ لێكدانەوەی ئایدیۆلۆژی دێتە ئاراوە. لە چوارچێوەی ئەم شێوەیە لە لێكدانەوەدا هیچكات ناتوانین لوژیكی فەلسەفە، گوتار یان سیاسەتەكەمان لە ئێستا و هەلومەرجی هەنووكەییەوە وەربگرین. هەمیشە دەبێ‌ پێشبینی و شەرعییەتی حەقیقەتی ئەم چەشنە لێكدانەوانە لە ئامانجێك وەربگیرێت كە لە داهاتوویەكی دوور و درێژ دایە، بەم واتایەش، بزاڤی سیاسی لەكاتی ئێستادا، جگە لە بەرپرسیارێتییەكی ئاكاری كە لەبەراییبوونی ئاكاری ئەو دوا ئامانجەوە سەرچاوە دەگرێت، هیچ جۆرە بەرپرسیارێتییەكی سیاسی لە ئەستۆ نییە. بەم شێوەیەش، زەمانی ئێستا بەردەوام بە داهاتوویەكەوە بەستراوەتەوە كە لە بنەڕەتدا نادیارە و ناكرێ‌ تەنانەت لێكدانەوە و راڤەی بۆ بكرێت. واتە نەناسراوترین نەناسراو دەبێتە هۆكاری سیاسی گرینگ و حەیاتی بۆ ئێستا. كەسێك كە حەقیقەتی بزوتنەوە یان دیسكۆرسەكەی لە ناو حاڵەتێكی ئاوهادا بێت لە قوڵایی ئایدیالیزمدا دەژێیت. هەر لەبەر ئەمەش ماركسیستە گەورەكان بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە خۆیان لە دوا ئامانج یان سێبەری شوومی ئەم دوا ئامانجە لەسەر پراكسیسی سیاسی رزگار بكەن. لێرەشدا جەخت لەسەر كێشەكە دەكەمەوە و دەڵێم، هەتا ئەو كاتەی چەمكی ئایدیۆلۆژیا وەك رێپشاندەری كرداریی و لە چوارچێوەی لێكدانەوەی مێژوویی مۆدێرنیتەدا بمێنێتەوە، ناتوانین لە ئایندەیەكی نزیكدا خۆمان لە جەوهەرگەریی حەقیقەتی ئەخلاقی رزگار بكەین. هەر بۆیەش دەڵێم پێویستە ئایدیۆلۆژیا لەو شێواز و بارۆدۆخەی كە ئاماژەم پێیدا دەربێنین. بۆ نموونە دەبێ‌ ئایدیۆلۆژیا لە چوارچێوەی باسی ئەپستمۆلۆژی و تیۆری زانست دەربێنین، هەروەها دەبێ‌ واتای ئاگایی درۆیینی لێ بستێنینەوە. گەر توانیمان ئەمە بكەین، یەكسەر ئایدیۆلۆژیا لەو دۆخەی پێیان داوە دەردەچێت و دەبێت بە جیاوازییەك لە نێوان رواڵەت و ناوەڕۆك دا، واتە جیاوازی جەوهەر (essence) بێت و جیاوازی رواڵەت (appearance) نەبێت.
كاتێك ئایدیۆلۆژپا لەو شێوە ئەپستۆلۆژییەی خۆی دەرهات، ئەو كاتە دەتوانێت لە دۆخی ژیانی گوتاری ئەمڕۆ دابێت، ئەم گوتارەش، گوتارێكی سیاسییە كە دەتوانێت رێپیشاندەری كردارەكان بێت.
ئەگەر باوەڕمان بەوە هەبێت كە هیچكات هیچ تەفسیرێك بۆ جیهانی دەرەوە لەگەڵ خودی جیهانی دەرەوەدا یەك نییە، ئیتر نابێت چاوەڕوانی ئەوە لە ئایدیۆلۆژیا بكەین كە ببێت بە رێپیشاندەری كردار و بەرنامەمان بۆ دابنێت. ئەبێ‌ ئایدیۆلۆژیا ببێت بە كەرەستەی لەبەر یەكدانەوەی سیاسی، لەبەر یەكدانەوەی سیاسیش دوو رۆڵی هەیە: یەكەم دەتوانێت تەفسیر و لێكدانەوەیەك بۆ واقیعی سیاسی بدات بەدەستەوە، دووەمیش ئەو كەرە ستەیەی كە لە لەبەر یەكدانەوەی سیاسیدا سوودی لێوەردەگرێت، دەتوانێت گوتار و تەعبیرێكی سیاسیمان بداتێ‌ و بەهۆی ئەم تەعبیرەشەوە دەكرێت ئاكامی ئەو لەبەریەكدانەوەیە دەرببڕدرێت. بەڵام پێویستە ئەوەشمان لەبەر چاو بێت كە لێرەدا ئایدیۆلۆژیا تەنیا ئەو كاتە دەتوانێت واقیعی كۆمەڵایەتی-سیاسی تەفسیر بكات كە لەسەر ئەم بنەمایە لەبەریەكدانەوە بكات. ئەو كەرەستانە كە لەبەریەكدانەوەیان لەسەر ئەنجام دەدرێت لە بابەتگەلێكی وەك دامەزراوە، پرۆسێس، هێز و مەعریفە و هتد... پێكدێت، ئەم بابەتگەلەش لە دەرەوەی ئایدیۆلۆژیا دان  و بەشێك نین لە ئایدیۆلۆژیا. بە مانایەكی تر گەر بڵێین گوتار بە مانای ئایدیۆلۆژیایە، لەم حالەتەدا ئایدیۆلۆژیا تەنها دەتوانێت تەفسیرێكی تایبەت لەو لەبەریەكدانەوە سیاسییەمان بداتێ‌، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئەو واقیعە، بەو چەشنەی ماركسیزم یان ئایدیۆلۆژیاكانی تر ئیدیعای دەكەن، بخاتە بەر دەستمان. پێویستە ئەوەمان لە یاد بێت كە هیچكات لە تەفسیردا بارودۆخی كۆمەڵایەتی-ئابووری ئابژێكتیڤ (بابەتی) نییە، ئەم بارودۆخانە بابەتین بەڵام بابەتی بوونیان لە چوارچێوەی چەمكگەلێكی دیكەدایە. لە كاتی تەفسیری ئەم بارودۆخانەدا ئەو چەمكانەی كە لەسەر بنەمای ئەوان و بە سوود وەرگرتن لێیان تەفسیرەكە روودەدات كاریگەرییان لەسەر تەفسیرەكە دەبێت، هەربۆیەش هیچكات ئەو تەفسیرە دەرناچن كە ئایدیۆلۆژیاكە دەیخوازێت. ئێستاكەش ئەگەر بتوانین ئایدیۆلۆژیا لە شێوە ئێسانشلیستییە دوائامانجگەریی و ئایدیالیستیەكەی و لە چوارچێوەی پرۆژەی ئایدیالیستی مۆدێرنیستی، واتە لەو پرۆژەیەی كە بنەماكانی پێشكەوتنی مێژوویی پێیان بەخشیوە دەربێنین و رزگاری بكەین، ئەوە كارێكی گەورەمان كردووە. كاری لەو گەورەتریش ئەوەیە كە ئایدیۆلۆژیا وەكو كەرەستەیەكی شیكاری سیاسی لە زەمینەی زانستیدا هەڵسەنگێنین. پێویستە ئەوەشمان لەبیر بێت كە هەتا ئەو كاتەی ئایدیۆلۆژیا، لە پێوەندی لەگەڵ دوائامانجێك لە داهاتوویەكی دوور و درێژدا، كە ئێمە هیچی لێنازانین، تەفسیر دەكات و خۆی بە رێپیشاندەری كردار دەزانێت، هیچ شوێنێك بۆ زانست نامێنێتەوە. هەر بۆیەش ناتوانین بە زانست شوێنی ئایدیۆلۆژیا بكەوین، لەم حاڵەتەدا تەنیا شتێك كە بۆمان دەمێنێتەوە نیمانە، واتە دواتر ناتوانین زانستمان لەسەری هەبێت، بەڵكو تەنیا دەتوانین باوەڕمان پێی هەبێت. هەركاتێكیش بزاڤی سیاسی لەسەر ئیمان دامەزرا ئیتر تێیدا شوێنێك بۆ زانست نامێنێتەوە. لێرەشەوە، بۆ ئەوەی بزاڤێك لە ئیمان و بڕوا جیا ببێتەوە و بە زانستەوە ببەسترێتەوە، دەبێ‌ (بزاڤەكە) لەسەر شیكاری لەبەریەكدانەوەی ورد دامەزرابێت نەك لەسەر باوەڕ بە داهاتوویەكی ڵێڵ و نادیار. لێرەوەیە كە ئیتر ناكرێت ئەو لێكدانەوەیەی مۆدێرنیتە بۆ ئایدیۆلۆژیا قبووڵ بكەین، هەر بۆیەش پێویستە بەرەو تیوری و بۆچوونێكی تازە بۆ چەمكی ئایدیۆلۆژیا، وەك كەرەستەی شیكاری و لەبەریەكدانەوەی سیاسی هەنگاو بنێین. ئەم تیۆرییە نۆێیەش هەمان تیۆری گوتاری ئایدیۆلۆژییە لە جێگەی ئایدیۆلۆژیا وەك چەمكێكی مێژوویی-سیاسی بەو چەشنەی كە باسی لێكرا. حەقیقەتی ئەم گوتاری ئایدیۆلۆژییەش نە لەسەرەتاكەی و نە لە دوا ئەنجامەكەیدایە، بەڵكو لە پێوەندی ئەم گوتارە لەگەڵ مەیدان و زمینەی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی رۆژدایە. ئەم حەقیقەتەش بە پێی ئەو هێزو دامەزراوە و پرۆسە و پێوەندییانە كە لە ناو مەیدانەكەدا ئامادەن، تووشی گۆڕان دێت. ئێمە دەبێ‌ ئەو پێوەندییە دوو لایەنەیە لەبەرچاو بگرین، بەو واتایەی كە چەمكی گوتاری ئایدیۆلۆژی حەقیقەتێكی رەها (موتڵەق) نییە، بەڵكو رێژەییە و بەپێی پێكهاتەی سیاسی و هەروەها بەپێی بەشداری كردن و ماهییەتی ئەو هێزانەی كە لەو گۆڕەپانەدا بەشدارن، ئاراستەكەی دەگۆڕێت، لێرەدا ئیتر حەقیقەتی هیچ بزاڤ، پراكتیك، ئایدیۆلۆژیا و گوتارێكی سیاسی، حەقیقەتێكی رەها نییە. یەكێك لە كارە هەرە گەورەكانی مۆدێرنیتە ئەو بوو كە دوا ئامانجی ئایینی بەر لە مۆدێرنیتەی سڕییەوە و لە جێگەی ئەودا عەقڵی دانا، بەڵام دواتر، وەك باسمان كرد، عەقڵ  و بەرهەمە عەقڵییەكانی بە كۆمەڵێك دوائامانجی ترەوە بەستەوە. بۆ نموونە، لە لیبرالیزمدا دوا ئامانج ئازادی رەهای تاك بوو، بەڵام ئازادییەكی نا-مێژوویی كە هەموو چەشنە سنوورێكی مێژوویی یان سیاسی لەسەر لابراوە. لە ماركسیزمیشدا پێشەنگیی چینایەتی چینی كرێكار بنەمای تەفسیری مێژوویی و سیاسی و... هتد بوو. ئەو چەمكەی من باسی دەكەم و پێموایە دەبێ‌ جێگەی وشەی یان چەمكی ئایدیۆلۆژیا بگرێتەوە، چەمكی گوتاری ئایدیۆلۆژییە، كە هیچ كات شوێنكەوتووی هیچ حەقیقەتێكی رەها نییە، ئەم گوتارە حەقیقەتی خۆی لەو پێوەندییە وەردەگرێت كە لەگەڵ زەمینەی سیاسیدا هەیەتی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵەش دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە چەمكی گوتاری ئایدیۆلۆژی دینامیزمێكی هەیە و ئەم دینامیزمەش لەناو گوتارەكە خۆیدا نییە، بەو واتایەی ئەم چەمكە ناتوانێت گەشە بكات و ببێت بە كەرەستەی شیكاری و راڤە، گەر بێتوو خۆی لەناو بارودۆخی سیاسی رۆژدا نەبینێتەوە و پێوەندی لەگەڵی نەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە گۆڕان و گەشەی ئەم حەقیقەتە بە گۆڕأن و گەشەی بارودۆخی سیاسی و ئابووری ئێستاوە بەستراوەتەوە، مەبەستم لە ئێستا ئەو سەردەمەیە كە سەردەمێكی روون و ئاوەڵایە، واتە نە بە رابردوویەكی دوور و نەبە داهاتوویەكی نادیاریشە پەیوەست نییە. كەواتە ئەو چەمكەی باسی لێوەكرا دەتوانێت ببێت بە كەرەستەی شیكاری سیاسی بەڵام ئەمە بەو مەرجەی خۆی لەو چوارچێوە تەسكەی بۆی دیاریكراوە دەرباز بكات و خۆی بە كاتێكی هەنووكەیی و دیاریكراو و كۆنكرێتەوە ببەستێتەوە. 

تێبینی : ئەو بابەتە یەکەم جار لە ساڵی  ٢٠٠٣ لە  تۆڕی کۆمەڵی پاڵتاک دا وەکوو وانەیەک پێشکێش کراوە. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ماڵپەڕی سبەی و ساڵی ٢٠١٠ لە ماڵپەڕی کوردیش پێرسپێکتیڤ دا بڵاو کراوەتەوە. بەڕێز ڕێبوار قارەمانی لە ڕووی زمانییەوە بژاری کردووە. لە بەر ئەوەی بابەتەکە مژارێکی تیوری – سیاسییە کۆن نابێ و ئەوە جارێکی دیکە لە ڕوانگە دا دەیخەینە بەرچاوی خوێنەرەوان.  

No comments: