Tuesday, March 31, 2020

"محاکەمە"ی قازیی محەمەد و یارانی بەپێی ڕیوایەتی نەجەفقوڵی پێسیان


 "محاکەمە"ی قازیی محەمەد و یارانی بەپێی ڕیوایەتی نەجەفقوڵی پێسیان

قازیی محەمەد لە چاخی فەرمانڕەوایی خۆی لە مەهاباد دا بە تەگبیرێکی تایبەتییەوە هەڵسوکەوتی کرد، بەو شێوەیە کە نەهێشت لە شارەکە دا قەتل و تاڵان بکرێ و ماڵ و موڵکی خەڵک بە تاڵان ببرێ. ئەو کردەوەیە بووە هۆی ئەوەی لە ماوەیەکی دووساڵە دا کە ئەو فەرمانڕەوایی دەکرد،تەنێ یەک لە خەڵکی شاری کووژرا و خەڵک خۆشەویستییەکی تایبەتییان لە ئاست قازیی محەمەد هەست پێ دەکرد.ئەو سیاسەت و تەگبیرە ، هەر وەک لە سەرەتای ئەم کتێبەش دا هات، کارێکی وای کرد دەوڵەت ناچار بێ لە سەرەتای هاتنەوەی نیڕوو بۆ مەهاباد هێمنانە لەگ قازیی ببزوێتەوە و نەیخاتە ژێر چاوەدێری و نەی گرێ.
سەیر لەوە دایە کە لە ڕۆژەکانی هەوەڵێ دا ، سەرلەشکر هومایوونی فەرماندەی هێزەکانی دەوڵەتی لە کوردستان . لە مەهاباد نانی نیوەڕۆی لەگەڵ قازی و لە ماڵی وی دەخوارد و گرتنی وی هیچ لە گۆڕێ دا نەبوو.
لەو ڕۆژانە دا ، برای قازیی محەمەد کە پێوەندییەکی نزیکی لە گەڵ سەرۆکوەزیری ئەو دەمی ڕێزدار ئەحمەد قەوام هەبوو ، لە تاران خەریکی چالاکی بوو تا بەقەولی خۆی تەمی ئەو خراپ تێگەیشتنانە بڕەوێنێتەوە و پێش بە کردەوەی توندی دەوڵەت بە دژی خۆی و خزمەکانی بگرێ.بۆ ئەو مەبەستە سەدر قازی لە تاران بە  ڕوژنامەنووسانی ڕۆژنامەکانی گوت: " ئەمن بە تەواوی لە نییەتی چاکەی ڕێزدار سەرلەشکر هومایوونی و جووڵانەوەی هێزە نیزامییەکان ڕازی و خۆشحاڵم و خەڵکیش هەر لە گوێن ئەوە بە مەیلەوە خەریکی تەحویل دانی چەکەکانی خۆیانن . " قازیی محەمەد لە ڕۆژەکانی هاوکات لەگەڵ گیرانی مەلا مستەفا و ڕاگوێزرانی بۆ تاران گیرا و دەستبەجێ  لێپرسینەوەی دەستی پێ کرد. چەند ڕۆژ دواتر لە تاران بڵاو بووەوە کە " لە بەر ئەوەی قازیی محەمەد لە مەهاباد هێندێک شتی گوتووە کە پێویست بووە سەدر قازی ش بۆ دانی هێندێک  کردنەوە بچێتە مەهاباد ، بۆیە بەڕێزیشان خرانە ژێر چاوەدێرییەوە بۆ ئەوەی بچنە  مەهاباد". ئەو ڕستەیە دەقی خەبەرێک بوو کە لە ڕۆژنامەکانی تاران دا بڵاو بووەوە، لە کاتێکدا ڕاستی بە پێچەوانەی ئەوە بووە سەدرقازی کەوتبووە ناو بەرداشی کێشەی نێوان دوو هێزەوە. لە لایەکەوە سەرۆکوەزیر کە پێوەندیی تایبەتی هەبوو لەگەڵ برایانی قازی و لە پەیدا بوون ئاژاوەی کوردستانیش دا وەکوو ڕووداوی ئازەربایجان بێ تەئسیر نەبوو و دەیویست ئەو تاکوتەرایە بۆ فشار خستنە سەر هێندێک لە کاربەدەستان لە بەر دەست دابێ، بۆیە پێی خۆش نەبوو ئەوانە بگیرێن و سزا بدرێن و لە لایەکی دیکەوە کاربەدەستانی عەسکەری بوون کە حەولیان دەدا نفووزی دەوڵەت لە سەرتاسەری ناوچەی کوردستان دا سەقامگیر بکەن، بوونی ئەوانەیان بە چەتێک دەدی لە سەر ڕێگای کردەوەکانی خۆیان. سەدر قازی نائومێد و هیوابڕاو دیوی بەڕێزیانی بەجێ هێشت و ئەوەندە شڵەژابوو ، کە لە ساڵۆنی نێوەندیی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە پاڵی بە دیوارەوە دا بوو تا نەکەوێ. لە دۆخێکی ئاوا دا . یەکێک لە نوێنەرانی ڕاست ئاژۆی خولی چاردەهەمی پاڕڵمان لێی نزیک کەوتەوە و پێی گوت  ڕێزدار سەدر بینیتان حیسابی ئێوە هەڵە بوو  و دەوڵەت بەهێزە. سەدر گوتی : ئەوە ئێمە نین کە شکاوین، ئەوە سیاسەتی سۆڤییەتە لە ئێران کە لە ناو دەچێ
هەرچونێک بێ سەدر یان بە ترسان و لەرزان لەگەڵ ئێسکۆرتێکی نیزامی لە تارانەوە بە ڕێزەوە ئەویان برد بۆ تەورێز و لەوێوە بردیانە مەهاباد و ئەویان لە دیوێکی جوێ دا زیندانی کرد. لەو کاتە دا سەیف قازی و ژمارەیەکی دیکە لە هاوکارانی قازیی محەمەد و خزمەکانی زیندانی کرا بوون. . پێ ڕاگەیشتن بە کاری تاوانبارکراوانی سەرەکی ، واتە محەمەد قازی، سەدرقازی و سەیف قازی. لە دادگەیەک دا بە سەرۆکایەتی ڕێزدار سەرهەنگ پارسی تەبار و دۆزگەریی سەرهەنگ فیووزی پێک هات ، و دەستی پێ کرد.
لەو دادگەیە دا زۆر قسە کرا. دۆزگەر قسەی گرینگی کرد سەبارەت بە (...) و  (..) برایانی قازی و هاوکارەکانیان و تاوانبارکراوانیش سەنەد و بەڵگەیەیان سەبارەت بە بێگوناهی خۆیان و پێوەندیی لەگەڵ هێندێک لە کاربەدەستانی [دەوڵەتی] نێوەندی نیشان دا.
گفتوگۆیەکی زۆر هاتە گۆڕێ ، مەسەلەی جیاواز باسیان لێوە کرا و هەر دووک لا پای زۆر تاکوتەرا ، کاربەدستانی ناوخۆیی و لاوەییان هێنا گۆڕێ و هێندێک شاهیدیی و نموونەیان هێناوە، تەنانەت هێندێک ئاماژە کرا بە نەوت و داوخوازی ڕاستەوخۆی بێگانان و هاتنی هێندێک مەئموور و ئەوەی کە پێویستیی مەحکەمەیەکی مێژوویی عەسکەری  زەمانی شەڕ بوو ڕووی دا . ئێمە لێرە دا بەکورت و موختەسەر، باسی ئەو شتانە دەکەین کە مەجالی قسە لە سەر کردن و بڵاو کردنەوەیان هەیە  بۆ ئەوەئ خوێنەرەوەکانمان بزانن لەو مەحکەمە مێژووییە دا چ ڕووی داوە.
لە کاتی پێک هاتنی دادگا، هێشتا شەڕ بە دژی بارزانییەکان دەستی پێ نەکرد بوو  و دەوڵەت سیاسەتێکی توندی لە مەهاباد و کوردستان وەبەر نەگرتبوو، بەڵکوو لە ڕێگای هێمنانەوە بەرەو پێش دەچوو و لەبەر ئەوەی هێشتا سەرتاسەری ناوچە ئەهوەن نەببووەوە و زۆر لە خێڵەکان بە تایبەتی عەشیرەتەکانی نزیک سێ کوچکەی سنووری ئێران و سۆڤییەت و تورکیا چەکدار بوون ، بۆیە دەوڵەت نەیدەویست بەر لەوەی بە سەر بار و دۆخەکە دا زاڵ بێ ترس و خۆف ساز کا. هەر دەست بەجێ کە مەحکەمەی عەسکەری  پێک هات ، زۆربەی سەرۆک عەشیرەتەکانی لە باکوور و باشوورەوە بانگهێشتن کرد بۆ تاران و لە دەهەمی ڕێبەندان [ ٣٠-ی ژانڤییەی ١٩٤٧] ، لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ کە لە تاران بەڕێوە چوو، هەموو سەرۆک عەشیرەتەکان و ڕوحانییەکان و باوەڕپێکراوانی خۆجێیی کوردستان، لە لایەن ستادی ئەڕتەشەوە بە حزووری ئەعلاحەزرەتی هومایوونی شاهەنشاهی ناسێندران و هەر کامەیان بەپێی پلە و پایەیان ئەنگوستیلەیەکی ئەڵماس و فەرمانی قازییەتی و تفەنگ و میدال و نیشان و گۆچانیان درایە و موفتەخەر بوون.
لەو جەرەیانە دا، لەکاتی شەرەف پەیدا کردن دا ، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی عەشیرەتەکانی مەنگوڕ و مامەش و ڕووحانییە گەورەکان داوخوازیان لە پێشگای ملووکانە کرد کە قازیی محەمەد و براکەی و ئامۆزاکەی ئیعدام بکرێن و ئەو ڕاگەیاندنانە  بە ڕێگای ڕۆژنامە و بەیاننامە دا لە نێو عەشیرەتەکان دا بڵاو کراوە و بانگهێشتکراوان بە دیدەنی لە دامەزراوە نیزامییەکان و یەکەکان ، لەگەڵ دەسەڵات و توانایی دەوڵەت ئاشنا بوون بەشێوەیەکی ئەوتۆ کە لە گەڕانەوە دا هیچیان نە دەگوت جگە لە دژایەتی قازیی محەمەد و داوای ئیعدام کردنی وی نەبێ.
لەوکاتە دا ئوستانداریی ئازەربایجان بە دەست ڕێزدار عەلی مەنسوور بوو کە بە سیاسەت و تەگبیرێکی تایبەتی و شێوەی لە سەرەخۆ، پێشی نوندڕۆیی مەئموورەکان و تۆڵەسەندنەوە و زەبروزەنگی بێ کەلکی دەگرت و بۆ دابین کردنی ئیرۆیی و ئاسوودەیی خەڵک تا ئەو جێگایەی دەلوا هەنگاوی بەکەلکی هەڵ دەهێناوە.
بەو  شێوە و تەگبیرە . لێپرسینەوە لە قازیی محەمەدو براکەی و ئامۆزاکەی بە بێ ڕوودانی شتێکی ناخۆش یان خۆنیشاندانێکی نا بەدڵ لە مەهاباد دەستی پێ کرد، بە شێوەیەکی ئاوا کە قازیی محەمەد خۆی لە سێیەمین دانیشتنی لێپرسینەوە دا گوتی: ئەمن ئێستا هێندێک بە ژیانی خۆم هیوادار بووم چونکە دەبینم دەتانەوێ محاکەمەمان بکەن ، لە کاتێک دا لە هەوەڵەوە دەترسام  ڕاستەوخۆ بمانکوژن.
لە بەر ئەوەی کە دادگای نائاسایی زەمانی شەڕ کە لە مەهاباد پێک هاتبوو بەپێی قانوونی عەسکەری نەی دەتوانی دانیشتەکانی خۆی ڕابگرێ ، بۆیە زۆربەی دانیشتەکانی لە سەعاتی ٨-ی بەیانییەوە تا نیوەشەو  و جارجاریش تا سەعات سێی دوای نیوەشەو درێژەی دەکێشا.
دوای ئەوەی کە لێبرسینەوە لە تاک بە تاکی تاوانوەپاڵدراوەکان بە جوێ تەواو بوو. پەروەندەکە بۆ ڕاوێژ و قسەلەسەر کردن ناردرا بۆ دادگە و بە تاوانوەپاڵدراوانیان گوت پارێزەر بۆ خۆیان دیاری بکەن .
قازیی محەمەد لە کاتی هەڵبژاردنی پارێزەر، ناوی چەند کەس لە ئەفسەرانی بە ئەزموون و شیاوی ئەڕتەشی هێنا گۆڕێ وەکوو سەرتیپ ئەسڵانی و سەرهەنگ مووسا شاهقوڵی ( کە ئەو دەمی هێشتا وەفاتی نەکرد بوو) و ئەوانی وەک پارێزەر هەڵبژارد، بەڵام پێیان گوت کە دەبێ پارێزەری خۆی لە ناو ئەو ئەفسەرانە هەڵبژێری کە لە مەهاباد و سەربازخانەی ئێرەن، لە شوێنی دیکەوە نابێ چونکە کارەکە وەدەخرێ و قانوون ڕێگا نادا. ڕەنگە تۆ بتەوێ لە لەندەن پارێزەر دەستنیشان بکەی .
قازیی محەمەد گوتی هەرچی بڵێن دەیکەم ،ئەگەر سەروکارم لەگەڵ لەندەن هەبایە خۆ کارم نەدەگەیشتە ئێرە، زۆر باشە هەر لەناو ئەو ئەفسەرانە هەڵدەبژێرم ، گەردنم لە موو باریکترە و دوای ئەوە سەروان شەریف و چەندکەسی دیکە بۆ پاریزەرێتی ئەو و سەدر قازی و سەیف قازی هەڵبژێردران.

ڕۆژی نۆزدەهەمی بەفرانبار ( ٩-ی ژانڤییەی ١٩٤٧) کە دانیشتنی دادگە بە ئیعتیرازی تاوانوەپاڵدراوان ڕادەگەیی،محەمەد قازی لە سەعات ٨-ی بەیانییەوە تا سەعات ٢٢ واتە نزیکەی ١٤ سەعات قسەی کرد جگە لەو ماوەی کە دادگە بۆ نانی نیوەڕۆ پشووی دا و ئیرادی جۆربەجۆری لە دادگە گرت.
قازیی محەمەد بە گشتی سێ ئیرادی لە دادگە گرت: یەکیان ئەوەی کە ئەو مەحکەمەیە لە سەڵاحییەتی دا نییە بە سووچەکانی ئەو ڕابگا. چونکە ئەو کەسێکی عەسکەری نییە و دەبێ لە مەحکەمەکانی عەدلییە، یا لە تاران لە دادڕەسی ئەڕتەش ڕاوەدوو بنرێ.
دووەم دادگە  کاتی کافی پێ نەداوە بۆ موتاڵا و دەستبژێر کردنی پارێزەر سێیەم ئەوەی کە تاوانوەپاڵدراون  دەبێ بەیەکەوە بهێنرێنە بەر دادگە. مەحکەمە لە دوای ڕاوێژ هەر سێک ئیرادەکانی وی وەدوایە داوە . چونکە ئیعترازی یەکەمی وی لەجێی خۆی دا نەبوو ، لەبەر ئەوەی کە دادگە عەسکەرییەکان لە ناوچە بۆ پێ ڕاگەیشتن بە تاوانی ئەوتۆی کە وەپاڵی کەسانی وەک قازیی محەمەد دەدرێ پێک دێ و قانوون سزا دانی ئەو کەسانەی کە بە دژی هێدیایەتی وڵات هەنگاو هەڵدێننەوە بە دادگە عەسکەرییەکان ئەسپاردووە، بە تایبەتی بە دژی ئەو کەسانەی کە ڕاپەڕینی چەکدارانەیان کرد بێ.
دووەم لە قانوون دا ٢٤ سەعات کات بۆ دیاریکردنی پارێزەر و خوێندنەوەی دۆسییەکە لە بەر دەست تاوانوەپاڵنراو نراوە و لە کاتێکدا دادگە سەبارەت بە قازیی محەمەد و قازیی سەدر و قازیی سەیف ، ئەو مۆڵەتەی تا چل سەعات درێژ کردەوە. لە مەر لێپرسینەوە و هێنانی تاوانوەپاڵدراو بۆ بەر دەم دادگەش، مەحکەمە ڕایگەیاند کە بۆ پێشگیریی لەوەی تاوەنوەپاڵدراوان قسەیان بکەنە یەک،  بە جوێ هیناونی بۆ بەردەم دادگە.
هەر کە ئیعتیرازەکان وەدوا درانەوە، دادگە دەستی کرد بە دادڕەسی.
لە دادگە دا قازیی محەمەد بە شێوەی گشتی ئیعتیرازی کرد لە جووڵانەوی دەوڵەتی نێوەندی و دەیگوت ئەمن لێرەوە لەم سووچە کەلاکەوتوویەی کوردستان و لە قولینجکی زیندانەوە ڕادەگەیێنم کە  دەوڵەتی نێوەندی و کاربەدەستە بەرپرسەکان دەبێ وڵامدەری تاوانەکانیان بن و ڕادەگەیێنم سووچدار ئێوەن نەمن ، چونکە ئەگەر دەوڵەت لەو چەند ساڵەی دوایی دا دەسەڵات و ئیرادەی ئەوەی بووبا کە نیروو بنێرێتە ئەو ناوچەیە و حاکمییەتی خۆی دابین بکا و زاڵ با بە سەر بار و دۆخ دا ، بێگانان گوشاریان نەدەهێنا بۆ خەڵکی چارەڕەشی ئەو ناوچەیە تا من ناچار بم بۆ پاراستنی ژیانی خۆم و بنەماڵەکەم ئەو جۆرە کارانە بکەم. ئەمن لە لای خۆمەوە ئەوەی کە پێویست بوو بێ  بە کاتی خۆی بە کاربەدستانی بلیند پایەم  ڕاگەیاندووە و سەرۆکوەزیر و دەسەڵاتەکانی دیکەم سەبارەت بە بار و دۆخ ئاگادار کردووە ئێوە زۆرەملی و بێ بەزەییتیمان لەگەڵ دەکەن. هەر وەک چۆن کە دەوڵەتی شاهەنشاهی  بە بوونی سەفارتخانەکانی بێگانە لە تاران و بە ئامادەیی نوێنەرانی دەوڵەتە جۆربەجۆرەکان و بە ئاگاداری دنیا لەوە ، زۆر جار مەجبوور بوو لە بەرانبەر زەختی سۆڤییەت دا  چۆک دادا و فەرمانەکانی ئەو دەوڵەتە جێ بە جێ بکا، قشوون نەنێرێتە ئوستانە جۆر بە جۆرەکانی وڵات، ماڵ و گیان و دارایی خۆی لە بەردەست ڕووسەکان بنێ، ئێمەش ناچار بووین، خۆ من هێز و دەسەڵات و قشوونێکم نەبوو مەجبوور بووم 
فەرمانەکانیان جێ بەجێ بکەم ، بە خوڵای مەجبوور بووم ، وەڵا مەجبوور بووم....


بەرگرییەکانی سەدر قازی جۆرێکی دیکە بوو. سەبارەت بەو شتانەی لە زەمانی نوێنەرایەتی لە پارڵمان دا ڕووی دا بوو دەیگوت پارێزبەندییم هەبووە و لەگەڵ گروهی ئەقەلییەتی مەجلیس کارم دەکرد و سەبارەت بە کردەوکانی ئەو دواییانەشی  دەیگوت من لە تاران بووم و کارێکم نەکردووە و دەبێ لە عەدلییە ئەمن محاکەمە بکەن نەک لەم دادگەیە دا

سەیف قازی ش سەبارەت بە دەبەر کردنی یونیفۆرمی ژەنەڕاڵی و چوونی بادکووبە دەیگوت:  حکوومەتی ناوچەیی تەورێز ئەو ئیختیاراتەی دابوو بە ئێمە و چاوەڕوانم دەکرد دەوڵەتی نێوەندیش ئێمە بە ڕەسمییەت بناسێ و دوای ئەوەی کە سەرۆکوەزیر وەک فەرمانداری مەهاباد دیاریی کردم، ئیتر دەستم هەڵگرت لە دەبەرکردنی ئونیفۆڕمی ژەنەڕاڵی .
بەدبەختی قازیی محەمەد و سەدرقازی و سەیف قازی لەوە دا بوو کە دۆزگەری ئەو دادگەیە سەرهەنگ فیووزی بوو کەسەرۆکی ستادی نیرووی دەوڵەتی بوو  و لە ناو ئەندامانی دادگەش دا کەسانی وەک سەرهەنگ موزەفەری دەبیندران کە ماوەی ساڵێک لەگەڵ قازیی محەمەد و ئەوانیدی دەست و پەنجەی نەرم کرد بوو و زانیاری زۆر  قووڵی هەبوو لە مەڕ چالاکییەکانی و ئەو نامانەی کە ئەو بە خەتی خۆی و بە دژی دەوڵەت نووسیبووی بە دەستیانەوە بوو کە مەجالی نکووڵی لێ کردنی نەدەدا بە قازیی محەمەد و ئەگەر ویستبایان پێکهێنانی حیزبی کۆمەڵەی کوردستان و ڕاپەڕینی لایەنگرانی و هەنگاوەکانی دیکە بە نەتیجەی سیاسەتی بێگانان دابنێن و لەبەرچاوی نەگرن، سەنەد و بەڵگەی دیکە بەدەستەوە بوو کە دەی سەلماند شەخسی قازیی محەمەد و سەیف قازی و سەدر قازی بە پێی خواست و مەیلی خۆیان هێندێک کاریان کردووە و مەئمورەکانی دەوڵەتی بێگانە رەنگە بەهیچجۆرفکرێکیان لەمەڕ ئەو کاروبارانە نەبوو بێ 
بۆ وێنە بەو شێوەیەی کە لە ئازەربایجان ، لەگەڵ ئەوەشدا کە بناغەی حکوومەتی کۆمۆنیستی داندرابوو و ئەو مەڕامە لە گەڵ بنەمای سەلتەنەت لە دژایەتی دایە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕادیۆی تەورێز و لە چاپەمەنی فیرقەی دێمۆکڕات دا هێرشی توند نەدەکرا سەر مەقامی سەلتەنەت. لە کاتێکدا لە مەهاباد لە هیچ شتێک دەستیان نەدەپاراست بۆ هاندانی خەڵک بەدژی پادشاە و بنچینەکانی سەلتەنەت. تەنانەت بۆ ئەوەی کە خەڵکی نیشتمان دۆستی مەهاباد لە دەوری خۆیان کۆ کەنەوە ، پادشایان وەک دوژمنی " نەتەوەی کورد" یان کۆمەڵانی کورد دەناساند و بۆ ئەو مەبەستە جارجار جلوبەرگیان دەبەر گەنجێک دەکرد و دەیان ڕازاندەوە، و ژمارەیەک چەک بەدەست لەدەوری کۆ دەبوونەوە و هەڕەشەیان لێ دەکرد و لە سەر سەری تابڵۆیەکیان هەڵ ئاوەسیبوو و لە سەریان دەنووسی : " بمرێ ئەو کەسەی کە پێشی ئازادی کوردی گرتووە. "
لە لایەکی دیکەوە هێندێک نووسراوەی دیکە وە دەست کەوت کە دیاریی دەکرد بە جیدی دژی سەلتەنەتی مەشڕووتەیە و بەچاوی ڕق وقین لە ئەڕتەش دەڕوانێ. بەتایبەتی لەو بارانەوە ، سەرهەنگ فیووزی کە دۆزگەری دادگەکە بوو نووسراوەیەکی نیشان دا کە خوێنی هەموو ئەفسەرەکانی وەجۆش هێنا و هەستی گشتی بریندار کرد.  ئەویش نامەیەک بوو کە قازیی محەمەد بۆ ستادی هێزەکانی دەوڵەتی لە کوردستان نووسیبوو. قازیی محەمەد لە وڵامی سەرۆکی ستاد کە چەند مانگ پێشتر لە  ڕوودانی ئەو ڕووداوانە داوای لێ کرد بوو  گوێڕایەڵی لە شا بکا و دە ئەمر ونییەی دابێ  و بانگەوازی کرد بوو دەست لە دژایەتی لەگەڵ ئەڕتەش هەڵگرێ ، لە ڕوی (...) و تێ نەگەیشتن و غروور وڵامێکی سووکی بەو شێوەیەی خوارەوە دابووەوە:
" ئێوە ئەفسەرانی هەمان ئەڕتەشن  کە لە جەنگەی نەبەرد و کاتی گیانبازی دا تێی دەقووچێنن و هەڵدێن و شێعری فیردەوسی شاعیری مەزن ئاوا بەڕێوە دەبەن : همە سر بسر پشت بدشمن کنیم/ از آن بە کە خود را بە کشتن دهیم ( هەموو سەر بە سەری یەکەوە پشت لە دوژمن دەکەین / لەوە باشترە کە خۆمان بە کوشتن بدەین ." ئاشکرایە کە ئەو جۆرە هەنگاوە (...) و نوسراوەی دوور لە  (...) بەهیچجۆر لە لایەن ئەڕتەشییەکانەوە لە بیر نەدەکرا و نەی دەتوانی ئەو لە سزا ڕزگار بکا.

دۆزگەر جگە لە نیشان دانی بەڵگەو سەنەدی پێویست بە دادگە، ئاماژەی بەو سەفەرەی کرد کە بۆ خۆی بە شەخسە لە ماوەی سەرۆکایەتی کۆماریی قازیی محەمەد دا بۆ مەهابادی کرد بوو و گوتی: قازیی محەمەد نەک هەر سووکایەتی بە ئەڕتەش دەکرد ، بەڵکوو لە سێ سەفەر دا کە لە حەتومی خەرمانان و یەکەمی ڕەزبەر و بیست ویەکی خەزەڵوەر بۆ مەهابادم کرد  هەڕەشەی لێ دەکردم و دەیگوت: بەو زووانە هێرش دەکەم بۆ سەر هێزە دەوڵەتییەکان، سەقز و سنە و کرماشانیش داگیر دەکەم و لە سەفەری حەوتەمی خەرمانان بە ئامادەیی من بە یونیفٶرمی ژەنەڕاڵییەوە سانی لە ڕێژەی هێزەکانی خۆی  دی.
قازیی محەمەد و سەیف قازی نکووڵێان لەوە کرد کە چووبنە بادکووبە، بەڵام بەڵگەی گرینگ  کە لە دەست دابوون پێشکێشی دادگە کران و بە ناچار هەر دووکیان پێیان لێنا و لە ئاکامدا دەرکەوت کە قازیی محەمەد دووجار چووە بۆ بادکووبە.
لەهەموان گرینگتر دەرکەوت ئەو ئاڵای سێ ڕەنگی شێر و خورشیدی کە هەموان سەری لە بەر دادەنوێنن و پێی هەڵ دەڵێن گۆڕیوە ، ڕەنگە سوورەکەی بردووەتە سەرەوە و ڕەنگە سەوزەکەی هێناوەتە خوارەوە و لە جیات شێرو خورشید " ئاڕم " ی  جمهووری کوردستانیان کێشاوەتەوە.
پارێزەری قازیی محەمەد گوتی لە قانوونی بنچینەیی دا هیچ باسی جێگای ڕەنگەکانی ئاڵا نەکراوە . دۆزگەر وڵامی داوە ئەگەرچی جێگای ڕەنگەکان دیاری نەکراوە  بەڵام گۆڕێنی ئەوەش پێش بینی نەکراوە. لەوەش دەرچێ ئەگەر لە گۆڕینی جێێ ڕەنگەکانیش چاو هەڵببوێردرێ  گۆڕینی " ئاڕم" ی نەتەوەیی کە شێر و خورشیدە  ناکرێ لە بەر چاو نەگیرێ. سەبارەت بە کردەوەکانی سەدرقازی ش دەرکەوت کە بە پێی ئیدیعای دۆزگەر، ئەو لە ڕۆژی شازدەهەمی سەرماوەز [ ٧-ی دیسامبری ١٩٤٦ ]  لە مزگەوتی هەباس ئاغای  مەهاباد نوتقێکی کردووە و خەڵکی هان داوە و گوتوویەتی : دەوڵەت لە وزەی دا نییە  لە دوو بەرەی ئازەربایجان و کوردستان دا شەڕ بکا . ئەمن نزیک سێ ساڵ  لەتاران بووم و بە باشی دەزانم ڕووحییەی سەربازان و دەرجەداران و ئەفسەران چۆنە. دەوڵەت لە سەقز و سەردەشت و  تیکانتەپە هێزی نییە و  ئێمە بە باشی دەتوانین بە یارمەتی فێداییە دێمۆکڕاتەکان هێزە دەوڵەتییەکان تێک و پێک بشکێنین. لە ڕابردوو دا دەستەیەک  لە عەشیرەتەکان دەیانتوانی بۆ ماوەی درێژ لە بەڕانبەر هێزە دەوڵەتییەکان دا خۆڕاگری بکەن ، ئێستا خۆ ئێوە لەوان کەمتر نین ، نابێ بترسێن ، شەڕ بکەن و لە ئاست دوژمن ملە بکەن .
هێندێک بەڵگەی دیکە  لە دەست دابوو کە نیشانی دەدا قازیی محەمەد دوو ڕۆژ بەر لە هاتنەوەی نیڕوو هەشتا هەزار ڕیاڵی لە دارایی بۆکان وەرگرتووە . جگە لەو هەنگاوانە، سووچێکی دیکەی قازیی محەمەد کە لە ڕوانگەی ئەڕتەشییەکانەوە شیاوی لێ خۆش بوون نەبوو ئەوە بوو کە بانگەوازی لە حەمەڕەشید [ خان]  کرد بوو بۆ هاوکاری و دوای گەڕانەوە لە لای سەرلەشکر هومایوونی ، لە ٢٢ –ی سەرماوەز [ ١٣-ی دیسامبری ١٩٤٦]  شەرتومەرجێ تەرکی شەڕی ڕەچاو نەکرد بوو  چەکی لە بارزانییەکان شەتەک دابوو و سەربازخانەشی تاڵان کرد بوو...
لە سەیف قازی ش سەنەد و بەڵگەیەکی زۆر لە دەست فەرماندەیی هێزەکانی دەوڵەتی لە کوردستان دا هەبوو، لەوانە ئەوە بوو کە ئەو لە بەرواری شەشەمی گەڵاوێژ [ ٢٨- ژووییەی ١٩٤٦ ]  پەنجا خوێندکاری بۆ دیتنی دەورەی دانیشکەدەی عەسکەری ناردبووە تەورێز کە لەوێوە بنێردرێن بۆ باکۆ.
لەو ڕۆژانە دا حاجی بابە شێخ سەرکوەزیری قازیی محەمەد کە پیرە پیاوێکی مێهرەبانە و دوور دەڕوانێ ، ئازاد بوو. ڕۆژێک نووسەر لەگەڵ سەرگورد دوکتور خەمسە سەفا کە لە پژیشکە لێزانەکانی ئەڕتەشە و ئەو دەمی کچی حاجی بابەشێخی موداوا دەکرد  و سیتوان دوکتور عەزیمی کە ماوەیەک لە دەست بارزانییەکان دا یەخسیر بوو ، چووینە دیداری حاجی بابەشێخ، ئەو ئاگای لە هەموو چالاکییە سیاسییەکانی قازیی محەمەد هەبوو  دەیگوت: لە دوای مانگی خەرمانان [ ئووتی ١٩٤١] ، بێگانەکان، ژمارەیەک لە سەرۆکە کوردەکان ، لەوانە قازیی محەمەد یان بردە ئەو بەری چۆمی ئاراز و ئەوەندە لەو کارەیان دا بە پەلە بوون کە لەماوەی بیست و یەک سەعات دا لە سەقزەوە ئێمەیان گەیاندە جوڵفا و لەوێشەوە بردیانین بۆ بادکووبە. لە بادکووبە لەگەڵ زۆرێک لە ژەنەڕاڵە ڕووسییەکان کە نەمان دەناسین دیدارمان کرد. تا ئەوەی کە یەکێک لەوان وەک " ئاتاکیشی یێڤ" خۆی ناساند و دیدارێکی تێر وتەسەلی لەگەڵ ئێمە هەبوو و پێکێشی و هەڕەشەی کرد کە فەرمانەکانیان قبووڵ بکەین. حاجی بابەشێخ دەی گوت ئێمە بە هیچجور پێمان خۆش نەبوو فەرمانەکانی قبووڵ بکەین ، تا ئەوەی کە قازیی محەمەد تەمای گرت خۆی دەرمانداو بکا. دوا جار پازدە ڕۆژ لەوێ ماینەوە و دوایە گێڕایانینەوە بۆ مەهاباد. حاجی بابە شێخ دەیگوت : ئەمن بە ڕێگای جیاواز دا گوزارشی ئەو جەرەیانەم بە مەئموورانی دەوڵەت ڕاگەیاند و بۆ جاری دووەم لەچوونی باکۆ بە جیدی خۆم پاراست. ئەو دەی گوت قازیی محەمەد دووجار و سەیف قازی سێ جار چووە باکۆ و لەو پێشوەچوونانەی دوایی دا، کاتێک دەوڵەت ڕایگەیاند پێوەین بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن نیڕوو بنێرین بۆ کوردستان ، ئەمن بە قازیی محەمەدم گوت باشترە ئێمەش تێلگڕاف بکەین نیڕوو بێ. ئەویش قبووڵی کرد بەڵام ئەسەدۆڤ کە هەموو کاری بەدەست بوو، بە شێوەیەک ئێمەی کۆنتڕۆڵ دەکرد کە نەتوانین کارێک ئەنجام بدەین. حاجی بابە شێخ دەیگوت بە پێچەوانەی قسەی بێگانان، ئێمە قەت نەمانتوانی لەگەڵ فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان پێک بێین. چونکە ئەوان دەیانگوت دەبێ سەر بە تەورێز بن لەکاتێکدا ئێمە  دژ بووین و دەمانگوت دوای ئەو هەموو هەرا و زەنایە ، ئەگەر بڕیار بێ گوێڕایەڵی لە تەورێز بکەین، وەک ڕابردوو گوێڕایەڵی تاران دەبین.  
هەرچۆنێک بێ بەو سەنەد و بەڵگەیەی کە دە دەست کاربەدەستانی عەسکەری دا بوو و ئەو  قسانەی لە دادگە دا کرا، لە کۆتایی دانیشتنێکی نهێنی دا کە زیاتر لە ١٨ سەعاتی  پێ چوو، لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانبار [ژانڤییەی ١٩٤٧] ، بە پێی بڕیاری دادگەی نائاسایی نیزامی قازیی محەمەد موفتی مەهاباد ، سەدرقازی (سەدرولئیسلام) نوێنەری پێشووی مەجلیسی شووڕای میللی  و سەیف قازی ( سەیفولئیسلام)  مەحکووم بە ئێعدام کران.
بڕیاری دادگە بۆ جێ بەجێ کردن بە کاربەدەستانی عەسکەری لە تاران ڕاگەیێندرا، بەڵام لە بەر ئەوەی لە گۆشە و کەنارەوە هیندێک قسە بۆ لەبەرچاو گرتنی حاڵی تاوانوەپاڵدراوەکان دەکرا و لە لایەکی دیکەشە لەبەر ئەوەی هێشتا شەڕ بە دژی بارزانییەکان دەستی پێ نەکرد بوو و لە نێو گفتوگۆی هێمنانە دا دەوڵەت نەی دەویست  کردەوەیەکی توندی ئەوتۆ لە خۆیەوە نیشان بدا، بۆیە بەڕێوەبردنی حوکمەکە وە دەرەنگی خرا تا ئەوەی کە دادگەیەکی دیکە بە سەرۆکایەتی ڕێزدار سەرهەنگ نەجاتوڵای زەرغامی لە تارانەوە بۆ پێ ڕاگەیشتن  چووە مەهاباد و لەبەر ئەوەی مولاحەزاتی سیاسی و بیروبۆچوونی خسووسی لە گۆڕێ دا نەبوو، بۆیە حوکمی ئەو دادگە تازەیە کە ئەویش وەک دادگەی پێشوو تاوانوەپاڵدراوانی بە ئێعدام مەحکووم کرد بوو ، لە شەوی دەهەمی خاکەلێوە [ ٣١-ی مارسی ١٩٤٧] جێ بە جێ کرا و قازیی محەمەد و سەدر قازی و سەیف قازی لە داری سزا دران.
قازیی محەمەد زۆر شڵەژا بوو و دەست پاچە بوو. سەدر قازی ش ڕەنگی بزرکا بوو بەڵام حەولی دەدا لە سەرەخۆیی خۆی بپارێزێ. لە کاتێکدا سەیف قازی بە هەیکلی بەخۆوەی خۆیەوە و ەک کەسی گێژ ئاوڕی ترسێنەری لەملاولا دەداوە و زیاتر لە دوو کەسەکەی دیکە نیگەران بوو.
تاوانوەپاڵدراوانیان سێ سەعات لە دوای نیوەشەو هێنایە پای دار. لەسەربانەکانی خانووبەرەکانی مەهاباد  موسەلسەلیان دامەزراندرا بوو. محەمەد قازی پێشتر نوێژی کرد و پاڕایەوە و گوتی سەدر بێ گوناهە خوێنم حەڵاڵ دەکەم ، براکەم ئازاد کەن. ئەو لە هەر دوو دادگاکانیش دا پێکێشییەکی زۆری نیشان دا بۆ بەرائەتی سەدر لە دوای وی هەر دوو کەسەکەی دیکەیان هەڵواسی. سەدر قازی پێی سەیر بوو و داوای لێ بوردنی دەکرد و وا وەبەرچاو دەهات کە بەڕاستی خۆی بە بێ گوناح دەزانی. هەر چۆنێک بێ بەو شێوەیە لە بەر لادان و گوشاری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێک لە گرینگترین و دەوڵەمەندترین بنەماڵەکانی کوردستان لە ناو چوو.


نزیکەی دوو مانگ دواتر، کاتی تەشریف هێنانی ئەعلاحەزرەتی هومایوونی بۆ مەهاباد ، ژنێک بە چارشێوێکی ڕەشەوە کە ڕووی خۆی داپۆشیبوو خۆی گەیاندە شاهەنشا و زەرفێکی پێشکێش کرد. ئەحلاحەزرەت فەرموویان ئەو ژنە کێیە . بە عەرزیان گەیاند ژنی قازیی محەمەد؛ هەستی جۆر بە جۆر باڵی بە سەر شای جەوان دا کێشا. کەس نەیزانی لەو دەمە دا چ بیر وهزرێک لە مێشکی پادشای ئێران دا پەیدا ببوو، ئەعلاحەزرەتی هومایوونی ماوەیەک چاوەکانی قووچاند و دوایە فەرموویان: کارتان بە کەلوپەلی ئەوانەوە نەبێ و سەرنج بدەنە سەر بارودۆخی لە پاش بەجێماوانیان.
سەرچاوە: نەجەفقوڵی پێسیان، از مهاباد خونین تا کرانەهای ارس. تاران، سەرماوەزی ١٣٢٨ ، شیرکەتی سەهامی چاپ، لاپەڕەکانی  ١٦١ – ١٧٦
تێبینی وەرگێڕی کوردی : سەر باسەکە لە لایەن وەرگێڕەوە داندراوە. لە جیات هێندێک وشەی قێزەوەنی نووسەر  (...) داندراوە. دوو نوختەی شایانی سەرنج لە بەشێک لە قسەکانی نووسەر و گێڕانەوەی لە زمان دۆزگەری دادگە سەرهەنگ فیووزییەوە ئەوەیە کە بەوپەڕی ڕووهەڵماڵاویی نەریتی ' میری نەرۆزی ' یان شێواندووە وەکوو بەڵگە بۆ دژایەتی شا نیشانیان داوە  و ئەوەی کە فیووزی دەڵێ قازیی لە پێش چاوی من بە یونیفۆرمی ژەنەڕاڵییەوە سانی لە رێژەی پێشمەرگە دیتووە ، وێنەیەک لێرە دا دەبینن کە بەجلوبەرگی ئاسایی ڕوحانییەوە  پێشەوا سڵاو لە پێشمەرگە دەکا و سەرهەنگ فیووزی بە پێچەوانەی عورفی نیزامی دەستی ڕێزی هەڵنەهێناوە و ئەو دوو نموونەیە ئەوپەڕی ناڕاستی و دەغەڵی سیستمی کوڕی ڕەزا خان دەسەلمێنێ. 












No comments: