Monday, March 16, 2020

پەیامی شێخ عێزەدینی حوسێنی بۆ کۆنگرەی بیستەویەکەمی ئاکسا وحەولی بەعسییەکان بۆ تەقاندنەوەی ساڵۆنی کۆنگرە

 لە ڕاستەوە چوارەم : عەبدولڕەحمان زەبیحی ، ئەحمەد ئەسکەندەری، شێخ عێزەدین حوسێنی ، یۆسف ئەردەلان ، نەفەری دەهەم شەهید سەلاح شەمسی بورهان
پەیامی شێخ عێزەدین حوسێنی بۆ کۆنگرەی ٢١-ی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات (ئاکسا) و حەولی تەقاندنەوەی ئەو کۆنگرەیە لە لایەن ڕێژیمی بەعسەوە .

ئەو کۆنگرەیە لە نێوان ١- ٤ ی مانگی ئووتی ساڵی ١٩٨٠  لە شاری بێرلینی ڕۆژئاوا  بەسترا ، هەرچەند مەئموورانی حیزبی بەعس  پلانیان  دانابوو ساڵۆنی کۆنگرە بتەقێننەوە پۆلیسی بێرلینی ڕۆژئاوا توانی بە ووشیارییەوە پیلانەکەیان هەڵوەشێنێتەوە و  دوو  ' دێپلۆمات 'ی عێڕاقی بگرێ . کە دواتر بێ ئەوەی محاکمە بکرێن ڕادەستی عێڕاق کرانەوە. سەرەڕای ئەو حەولە قێزەوەنە کۆنگرە توانی بە سەرکەوتووییەوە دانیشتەنەکانی ئەنجام بدا.

پەیامی تەلەفۆنی مامۆستا سەید عێزەدینی حوسێنی  بۆ کۆنگرەی ٢١-ی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات ( ئاکسا)
خوێندکارانی خۆشەویست لە دەرەوەی ووڵات!
زۆر بە گەرمییەوە دەسپێکردنی کۆنگرەی بیستویەکومی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات  لە هەموو لایەکتان پیرۆزبایی دەکەین. لە کاتێکدا کە ئێوە کۆنگرە دەبەستن ، گەلی کورد لە کوردستانی ئێران کەوتۆتە بەر هێرشێکی دڕندانەی خوێناوی . شارەکانی کوردستان بە فڕۆکە و بە چەکی قورس بە بێ ڕوحمی بە سەر خەڵکی کورد دا دەڕووخێندرێ و ژن و منداڵی کورد دەکووژرێن. حکوومەتی کۆنەپەرست و پەلاماردەر لەگەڵ گەلی کورد شەڕی مان و نەمان دەکا.
بەڵام پێویستە کە ئێوە خوێندکارانی خۆشەویستی کورد ئاگادار بن کە گەلی کورد قارەمانانە لە مافی عادڵانەی خۆی دیفاع دەکا. ئاشکرایە کە لە زرووفێکی ئاوا دا ئێوە خوێندکارانی خۆشەویستی دانیشتووی دەرەوەی وڵات  بۆ دیفاع لە خەباتی ئازادیخوازی گەلی کورد و شەرمەزار کردن و لەقاو دانی کۆنەپەرستان و پەلاماردەران  ئەرکێکی قورستان لە سەر شانە . گەلی کورد چاوەڕوانە کە ناکۆکی پچووک و جوزئی و دیتنی جورەجوری سیاسی نەبێتە کۆسپی سەر ڕێگای خەباتی موشتەرەک و لەق بوونی یەکێتی ی ڕێزەکانی کۆمەڵەی ئێوە.
ئێوە پێویستە کۆمەڵە و یەکێتی خەباتتان بە وریایی بپارێزن. لە کۆتایی دا هیوادارم کۆنگرەی بیستویەکەمینی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات سەرکەوتوو بێ و سەربڵیندی و لەش ساغی بۆ هەموو  بەشدارانی خۆشەویستی کۆنگرە ئاواتە خوازم
عێزەدینی حوسێنی
٢- ئاگووست - ١٩٨٠





پاشکۆ  نووسینێکی کورتی ڕۆژنامەی  ' اطلاعات '  سەبارەت بەو پیلانەی بەعسییەکان
اطلاعات  ، ١٣-ی  گەلاوێژی  ١٣٥٩  /  ٤- ئووتی  ١٩٨٠
لێکدانەوەی دەنگوباس لە لایەن ئاژانسی هەواڵنێری پارس
پیلانی سەرنەگرتووی بەعسی عێڕاق بە مەبەستی کوشتاری جەوانانی کورد لە بێرلینی ڕۆژئاوا
ڕێژیمی بەعسییەکانی تکریتی بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی خۆیان ناوی سیاسەتی دەرەوەیی یان پەڵەدار کرد و ئەگەر تەپڵی ڕیسوا بوونی ڕیسوایان لە سەر بانان لێ دەدرێ ، تەپڵی بێ ئابڕووی سیاست پیشەکانی بەغدا لە سەر ئانتێنی هەواڵدەرییەکان  و ستاسیۆنە ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنەکانی  زۆربەی ووڵاتانی جیهان  دەنگی داوەتەوە و خەڵکی دنیا تەنانەت ئەوانەش کە لە سیاسەت  دوورن تێگەیشتوون کە ڕێژیمی سەدامی تکریتی  هێشتا لە مانای ڕاستەقینەی دیپڵۆماسی و سیاسەتی دەرەوە تێ نەگەیشتووە.
هێشتا چەند سەعات لە ریسوایی  گەورەی دەرکردنی دیپڵۆماتی عێڕاقی لە ئوتریش لە بەر چالاکی تێرۆریستی و تاوانکاری تێ نەپەڕیبوو کە پۆلیسی بێرلینی ڕۆژئاوا دوو دیپڵۆماتی عێڕاقی گرت بە تاوانی هەڵگرتنی مادەی تەقەمەنی  و حەول دان بۆ پەلاماردان بۆ سەر کۆبوونەوەی جەوانانی کورد لە بێرلینی ڕۆژئاوا. کاربەدەستە ئەمنیەتییەکانی بێرڵینی ڕۆژئاوا گوتیان سکرتێری یەکەمی سەفاڕەتی عێڕاق لە بێرلینی ڕۆژهەڵات  بە تاوانی  بەشداری لە پەلامار بە بۆمب بۆ سەر ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە بێرلین گیراوە.
بە پێی قسەی کاربەدەستانی ئەمنیەتی بێرڵینی ڕۆژئاوا کۆنگرەی خوێندکارانی کورد لە ناوەندی لاوان هێندێک دانیشتنیان ڕێک خستبوو ، و سەفاڕەتی عێڕاق لە بێرلینی ڕۆژهەڵات  لە بەغداوە فەرمانی بۆ دێ ئەو ناوەندە پەلامار بدا بۆ ئەوەی ژمارەیەک لە جەوانانی کورد بکووژرێن و هەر بۆ ئەو مەبەستە دوو دیپڵۆماتی  تاوانکاری عێڕاقی چەمەدانێک پڕ دەکەن لە مادەی تەقەمەنی و دەیهێنن بۆ بێرلینی ڕۆژئاوا.
////////////////////
تێبینی: دیپڵۆماتە بەعسییەکان ویستبوویان ئەو جیناتەتە بە دەستی کوردێک بەڕێوەبەرن کە ئەندامی کۆمیتەی کۆمەڵەی خوێندکاران بوو لە بێرلین. ئەو شەوەی کە بۆ سبەینێ ڕا کۆنگرە کە دەبسترا کابرا ویژدانی نوستووی وەخەبەر دێ و نەخشەی بەعسییەکان بە ئەندامەکانی دیکەی کۆمەڵە  و بە پۆلیسی بێرلینی ڕۆژئاوا دەڵێ کە بڕیار وایە سەر لە بەیانی ١-ی ئووت ١٩٨٠  چەمەدانێکی بۆ بێنن و ئەویش بیبا بۆ ناو ساڵۆنی کۆبوونەوە. پۆلیس
دەڵێ با هەموو شت بە ئاسایی بڕوا و ڕاست لەو کاتەی دا کە دوو دیپڵۆمەتەکە بە ماشێنی نومرەی دیپڵۆماتیکەوە دێنە بەر خانووی شوێنی کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەی چەمەدانەکە بدەن بە کابرا دەگیرێن و بە دوای ئەوە دا دانیشتنەکانی کۆنگرە دەستی پێ کرد و پۆلیس پارێزگاری لە کۆنگرەکە دەکرد. دواتر پۆلیس مادە تەقەمەنییەکانی تەقاندەوە و ڕایگەیاند بێتوو ئەو جینایەتکارانە لە حەولەکەیان دا سەرکەوتبان قاتی بنەوە ( کە ساڵۆنی کۆنگرە لەوێ بوو) و دوو قاتی دیکەی هەڵدەتەکاند و کەس ڕزگاری نەدەبوو.
حەسەن قازی 






No comments: