Friday, April 17, 2020

بیرەوەری هێمن هەرمانە

بیرەوەری هێمن هەرمانە
حەسەن قازی
هەروەک چون نازناوی 'هێمن ' ئەوی لەکۆڵ ناوی دوور و دڕێژی " سەید موحەمەدئەمینی شێخولئیسلامی موکری " کردەوە ئێمەش هۆگرانی شێعر و زمانی هێمن هەتا لە سەر تاریخی مردنی ساخ نەبینەوە هەمیشە دڕدۆنگ دەبین چ ڕۆژ و ساڵێک بە قەومانی ئەو کۆستە گەورەیە دابنێین . بە پرسیاری وورد لە خەڵکی ئاگادار بۆم ڕوون بووەوە هێمن شەوی پێنجشەمە لە سەر جومعە ٢٨-٢٩-ی خاکەلێوەی ١٣٦٥ ی هەتاوی کە ئەوی ساڵێ ١٧ لە سەر ١٨-ی مانگی ئاوریلی ١٩٨٦ بووە لە ورمێ کٶچی دوایی کردووە و ڕۆژی جومعە لە مەهاباد ئەسپاردەی خاک کراوە و ڕۆژانی ٣٠ و ٣١-ی خاکەلێوەی ١٣٦٥ ڕێو ڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی بەڕێوەچووە.
من لە ساڵی 2003 چاوپێکەوتنێکم کرد لەگەڵ یەک لە هێمن ناسان واتە جەعفەر شێخولئیسلامی بۆ بەرنامەی ڕاوێژ لە میدیا تیڤی دا کە دواتر دەقەکەی بە پێداچوونەوەی وی وەک یەکەم بابەتی وێبنووسی "ڕوانگە" بڵاو کرایەوە. ئیدی لەو دەمییەوە زۆر جار لە سەر هێمن م نووسیوە بە هەر دوو شێوەزاری سۆرانی و کورمانجی. لەو زنجیرە بابەتانەی کە بەم پێشەکییە دەست پێ دەکا و لەمشەوەوە لە سەر هێمن بڵاوی دەکەمەوە دەبێ ئاماژە بکەم بە نووسینێکی کورتی خۆم کە دوو سێ مانگ دوای مەرگی هێمن لە گۆڤاری 'مطلعات کردی ' ئەنیستیتوی کورد لە پاریس دا بڵاوم کردەوە، کە هەتا ماوم شانازی پێ دەکەم . ئەو دەقە کورتەش دواتر بە فارسی دەخوێننەوە.
نازانم چەندە لا لە هەستی هیومر و قسە خۆشی هێمن کراوەتەوە بەڵام لێرە دا چەند نموونەیەک باس دەکەم کە دوویانم لە خۆی بیستووە . جارێک بە سەفەر چوونە سەردەشت و خانەخوێ مەشرووبێکی زۆری نەبووە میوانداری پێ بکا و یەک لە هاوڕێیانی هێمن یش عادەتی وا بووە کە هەر ئیستکانەی کە فڕی دەکا بە سڵامەتی کەسێک بێ و هێمن دەبینێ ئەگەر وا بڕوا و ناوی حازران و دوورکەوتووان بێنێ دوای ماوەیەکی کورت هیچ نامێنێ و تووشی تونێتی دێن و ڕوو لە هاوڕێکەی دەکا دەڵێ کاکە پیاڵەیەک یەکجێ بە سڵامەتی هەموان مردوو و زیندوو بخۆوە و تەواو. لە سەردەمی کۆن دا گەنجێک بەیتە شێعرێکی هێمن دەدزێ و تەنانەت بۆ خۆشی دەخوێنێتەوە و هێمن یش بە بەیتێک ووڵامی دەداتەوە ... هیچ ناڵێم ئەو بەیتەت دزی لێم / بەڵام ئەو جارە لێم بدزی ....ئیدی تازە کابرا ببڕ ببڕ بە لای شێعر دا بچێ. دەڵێن لە بەغدا لە سەفاڕەتی چین میوانییەک دەبێ و هەیئەتێک لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانێش بەشداری تێ دا دەکەن و لە نێو هونەرمەندان دا یەک لە جەزراوییەکانیش گۆرانی پێشکێش دەکا کە لێ دەبێتەوە هێمن دەم دەباتەبن گوێی دوکتورقاسملوو و پێی دەڵێ ئەمن ئینگلیسی نازانم تکایە بەو برادەرە چینییە بڵێ دڵی بەخۆی نەمێنێ چەندی ئەو لێی حاڵی بوو منیش هەر ئەوەندە. هاوێنی ١٩٧٩ دوو نووسەری کورد نەمران مەحموود باکسی و مەحمەد ئوزوون لەگەڵ نووسەر و ڕۆژنامەنووسی سوێدی ئێلین کلاسۆن چووبوونە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و ئوزوون لە مەهاباد هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ هێمن کردووە کە لە هەموو ووڵامەکاندا هێمن هیچ گوێی نەداوەتەوە جێنسی زمانی لە شێوەزاری کورمانجی دا و ڕەپ وروو شێعری خۆی و جگەرخوێنی بەروارد کردووە بە یەکیان دەڵێ هەرمانە و یەکیان شیعار. هیوادارم ئەم هەڤپەیڤینەش ببینمەوە و لەگەڵ ئەو زنجیرەنووسراو و ڤیدێئۆیانە کە لەمەو دوا دێن بڵاوی کەمەوە.
وێنەهەڵگر: جەعفەر حوسێن پوور، مەهاباد ، ماڵی هێمن ١٣٥٨ ( ١٩٧٩) دوای هاتنەوەی هێمن لەودیو ڕا
17 / 4 / 2020   حەسری خانەگی

No comments: