ئەحمەد قازی لە ئازایەتی و ورەی بەرزی حوسێنی فڕووهەر( حوسێنی زێڕینگەران، کاوە -١) دەدوێ
حوسێن زێڕێنگەران ، لە زیندانی ورمی ١٩٤٨
ئەحمەد قازی لە ئازایەتی و ورەی بەرزی حوسێنی فڕووهەر ( حوسێنی زێڕینگەران، کاوە -١ ) دەدوێ
پێشتر نووسیبووم وەچەی ئێستا لە مەڕ خەبات و ژیانی حوسێنی زێرینگەران
ئەندامی ژمارەیەک و یەکەم سەرۆکی کۆمەڵەی ژێکاف کەم دەزانێ ، بۆیە هەر هاوکات
لەگەڵ بڵاو کردنەوەی بەشێک لە وێنەکانی لە ماڵپەڕی ' وێنەی کوماری کوردستان '
هەوڵم دا ئەوەندەی لە دستم بێ زانیاری لە سەر ژیان و خەباتی کۆ بکەمەوە. دەمزانی نەمر کاک ئەحمەد قازی
ماوەیەک هاو گرتووخانەی بووە و ساڵێک بەر لە کۆچی دوایی ئەو هاوڕێ بەڕێزە کە لە
منداڵییەوە حورمەتێکی زۆرم بۆی هەبوو دەرفەتێک هەڵکەوت بە تەلەفون قسەی لەگەڵ بکەم
و داوام لێ کرد باسی ئاشنایەتی و ئەزموونی خۆیم لەگەڵ فڕووهەر بۆ بنووسێ. لە ساڵی
٢٠١٥ نامەی کاک ئەحمەدم بەدەست گەیشت .
ئەحمەد قازی کوڕی قازیی محەمەدی قازیی فەتاح و هاوژینی فەوزیەی قازی کچی پێشەوا
قازیی محەمەد بوو. لە تێکۆشەرانی سەردەمی لاوەتی عەبدوڵا ئیسحاقی، سولەیمان موعینی
و غەنی بلووریان و لە دۆستانی نزیکیان بوو. ئەو لە بەر ئەندامەتی
لە حیزبی توودە چەند ساڵ زیندانی کرا بەڵام دواتر لەگەڵ پاراستنی باوەری خۆی بە دۆزی
ڕەوای زەحمەتکێشانی کوردستان و سۆسیالیزم
ئیدی لە چالاکی ڕێکخستنی دوورەپەرێزی کرد و بەداخەوە لە ١٥-ی ژانڤییەی ساڵی ٢٠١٦ بەجێی هێشتین .
لێرە دا دەقی نامەکەی نەمر ئەحمەد قازی و وەرگێڕدراوە کوردییەکەی دەخوێننەوە:
عەبدوڵا ئیسحاقی، سولەیمان موعینی ، ئەحمەد قازی
" برای عەزیز حەسەن ئاغا، دوای سڵاو هیوادارم سڵامەت وسەرکەوتوو و شاد
بی. لە پێوەندیی تەلەفۆنی دا داوات لێ
کردم سەبارەت بە ڕێزدار حوسێن فڕووهەر ( حوسێنی زێڕینگەران) ئەگەر زانیارییەکم
هەبێ بۆت بنووسم . هەڵبەت ئاشانیی من لەگەڵ
ئاغای حوسێنی زێڕینگەران دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کودەتای عەسکەری سەرلەشکر زاهیدی
کە یەکێک لە ئەفسەرانی سەرسپاردوو و گرێدراو بە دەرباری بێزراوی پەهلەوی بوو. ئەو
سەروبەندی ئەمن لە دەبیرستانی ئەلبورز [
خوێندنگەی ئامادەیی شەو و ڕۆژی ] لە تاران خەریکی خوێندن بووم. لە لایەن ئیدارەی
ئیتیلاعاتی پۆلیسی تارانەوە گیرام و دوای ئەوەی کە سێ مانگ لە تاران ڕایان گرتم
ناردیانم بۆ مەهاباد و لەوێ بوو کە لەگەڵ
ڕێزدار فرووهەر ئاشنایەتیم پەیدا کرد و ماوەی هەشت مانگ لە گرتووخانە دا بەیەکەوە
بووین و لەو ماوەیە دا توانیم تا ڕادەیەک لە گەڵ وەزعی ڕووحی و ئەخلاقی شادڕەوان
فڕووهەرئاشنایەتی پەیدا بکەم، بەڕێزیان ئینسانێک بوو هەتا بڵێی ئازا و بەزیپک بوو
و ئیمانی بە ئاڕمانی نەتەوەی کورد بوو و قەت لە ئاست فشار و زۆروێژیی سیستمی
چەپەڵی پەهلەوی سەری تەسلیمی دانەنواند و بەو پەڕی شەهامەتەوە بە دژی سیستمی
بێزراوی شاهەنشاهی حەولی دەدا و قەت تەسلیمی زۆرداریی بەکرێگیراوانی شا نەبوو . لە
زیندانێ دا بە وورەی قایم و ئیمانی پتەو زیندانییە جەوانەکانی هان دەدا بۆ خۆڕاگری
و هیوا بە داهاتوو. لە بیرم ناچێ دوای
تەواو بوونی دۆسییەی لێ پرسینەوە یەکەم زیندانی بوو کە بانگ کرا بەردەم دادگە . لە
ماوەی سێ ڕۆژی دانیشتنە دوورو دڕێژەکانی دادگە دا حوکمیان بۆ بڕییەوە، هەڵبەت لەو
دادگەیە دا کە دادگەی سەرەتایی بوو حوکمی ئیعدامیان بۆ بڕی بووەوە ، کاتێک لە دادگە
هاتەوە ئێمە زیندانییەکانی دیکە چاوەڕوانی ڕێزدار فرووهەر بووین بزانین نەتیجەی
دادگە چ بووە ، هەر کە هاتە ناو داڵانی زیندانەوە سەروسیمایەکی ئارامی هەبوو و
بزەی لە سەر لێوان بوو و ئێمەش بە دیتنی خۆشحاڵی بەڕێزیان شاد بووین و گەشاینەوە و
لە دەوری یەکتری دانیشتین و دەستمان کرد بە چای خواردنەوە و دوای چارگە
سەعاتێک کە هەموومان چاوەڕوان بووین
نەتیجەیە ئەوەمان پێ بڵێ کە دادگە چۆنی دەنگ داوە
بەپێچەوانە ئەو داوای لە هەر کام
لە ئێمە کرد کە بۆچوونی خۆمان لە سەر حوکمی دادگەکە بڵێین . تەقریبەن زۆربەی هەرە
زۆری زیندانییەکان لە دڵی خۆیان دا بە نیسبەت حوکمی دادگە زۆر نائوـید نەبوون .
هەر زیندانییەی شتێکی گوت و ئیدی ئەو پێکەنی هەستا و راوەستا و بەوپەڕی شەهامەتەوە
نەتیجەی دادگەکەی پێ گوتین کە حوکمی ئێعدام بوو و دەستبەجێ لێی زیاد کرد خۆتان
نیگەران مەکەن ئەوە حوکمی دادگەی سەرەتاییە و داوای پێداچوونەوەم کردووە و ئێوەش
نابێ نائومێد یان نیگەران بن . دڵنیا بن ناتوانن هیچ ناماقووڵییەک بکەن و ئەمن
بەزێندوویی لەم وێرانەیە دێمە دەرێ . هەر واش بوو بە سەربڵیندی هاتە دەرەوە و وەبەر
ڕەحمەتی خودای کەوت، ڕەوانی شاد بێ.
دلسۆزتان ئەحمەد قازی "
فرووهەر دوای ڕوخانی جمهووری کوردستان دوو جارگیرا و لە سەر یەک نزیکەی ١٥ ساڵ لە
زیندان دا بوو و لە ٢-ی مانگی ئاوریلی ١٩٧٣ لە تاران کۆچی دوایی کرد.
یەک کە دوایین وێنەکانی ئەحمەد قازی
دەقی نامەی ئەحمەد قازی بە فارسی
دەقی نامەی ئەحمەد قازی بە فارسی
No comments:
Post a Comment