Saturday, November 28, 2020

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پلەداری پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس، برایتن، بریتانیا سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەمریکا

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پلەدار لە بواری پێوەندییە نێونەتەوەییەکان  لە زانکۆی ساسێکس لە بریتانیا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، هۆیەکانی سەرکەوتنی  تڕامپ لە خولی پێشوو دا و
ئەگەری گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بایدنی بایدن.
ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ لە ٢٢-ی نۆڤامبر ئاستە کراوە و لە ئێوارەی پێنجشەمە ٢٦-ی نۆڤامبر لە تێلێڤیزۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. بۆ کەلک لێ وەرگرتنی بینەران ڤێرسیۆنی نووسراو لێرە دا بڵاو دەکەینەوە.

بینەرانی خۆشەویست بە خێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور کامڕانی مەتین مامۆستا ئەڕشەدی پێوەندییە نەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس لە وڵاتی بریتانیا، لەو بەرنامەیە دا باسی هەلبژاردنی ئەو دواییەی سەرکۆمەراێتیی ئەمریکا دەکەین و هەر وەها ئەو کەتن و هەرایەی تڕامپ ناویەتەوە بە قبووڵ نەکردنی ئاکامی هەڵبژاردنەکە و هەر وەها لایەنە جۆر بەجۆرەکانی ئەو دیاردەیە لەگەڵ بەڕێزیان تاوتوێ دەکەین کە چۆن بوو لە خولی پێشوو تڕامپ سەرکەوت، چۆنە ئێستا بن دەکەوێ و هەر وەها ئەگەری سیاسەتی تازەی ئەمریکا بە هەڵبژاردنی جۆ بایدەن.

مامۆستا کامڕان ئەم کاتەت باش، بە خێر بیی بۆ بەرنامەی  ڕاوێژ.

کامڕان مەتین: ئەو کاتەی ئێوەش باش. زۆر سپاس کە ئەمنتان دەعوەت کردووە بۆ ئەو بەرنامەیە.

حەسەن قازی: زۆر تەشەکور دەکەم، زۆر سپاس بۆ ئێوە.
پێم خۆش بوو لە پێشدا لە هەڵبژاردنی سەرکۆمارییەکە ڕا دەست پێ بکەین وەک دەزانن ئێستا لە هەموو  چاپەمەنی دنیا دا، لە بیروڕای گشتی دا ئەو مەسەلەیە سەرەڕای ئەوەی چەند حەفتەی بەسەردا چووە وەک باسی ڕۆژە ماوەتەوە چونکە هەتاکوو ئێستا ئیدارەی تڕامپ یانی سەرکۆماری ئێستا حازر نەبووە قبووڵ بکا لە هەڵبژاردن دا دۆڕاندوویەتی سەڕەرای ئەوەش کە ژمارەیەکی زۆر دەنگی هێناوەتەوە زۆر زیاترە لە جاری پێشوو و دەگاتە نزیکەی ٧٣ میلیۆن. پێم خۆش بوو لە سەرەتاوە لێکدانەوەیەکی گشتی بکەن سەبارەت بە هەڵبژاردنەکە دوایە دەگەینە سەر وردە ریشاڵی ئەم بابەتە. فەرموو.

مەتین: زۆر سپاس. تڕامپ بەر لە مەسەلەی بڵاو بوونەوەی پەتای کۆڕۆنا شانسی زۆرتر بوو بۆ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە بەرێتەوە. و سەرەڕای هەوڵێکی زۆریش کە درا، دێمۆکڕاتەکان هەوڵیان دا کەمکاری و گیروگرفتەکانی تڕامپ بەرجەستە بکەنەوە لە ماوەی بڵاو بوونەوەی ئەو پەتایە دا، بەڵام ئەمن پێم وایە ئەوە کۆرۆنا بوو کە زەربەی دوایی دا لە شانسی سەرکەوتنی تڕامپ لە بەر ئەوەی دەوڵەتی تڕامپ شتەکەی زۆر بە جیدی وەرنەگرت بەو جۆرەی کە هێندێک وڵاتی ئوڕووپایی ڕووبەڕووی کێشەکە هاتن. ڕایەدارانی ئەمریکا ئاوا ڕووبەرووی نەبوونەوە، شتەکەیان زۆر بە هاسانی دانا و ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئەمریکا گیانیان لە دەست دا ئەوەندە زۆر بوو کە بە ڕاستی لە سەر بیروڕای گشتی کاردانەوەی زۆری هەبوو. لەگەڵ ئەوەش کە دێمۆکڕاتەکان تێگەیشتن کە ئەو جار لەگەڵ ڕەقیبێکی جیدی ڕووبەڕوون، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە خولی پێشوو دا تڕامپ بە فەرقێکی کەم بردبوویەوە، دێمۆکڕاتەکان هەوڵێکی زۆریان دا کە بەتایبەتی لایەنگرانی جەوانی خۆیان تەشویق بکەن  بەشداری لە هەڵبژاردن دا بکەن و دەنگ بدەن، ئەوەش دیارە ڕۆلێکی سەرەکی گێڕا. دوایەش شێوەی هەڵسوکەوتی دەوڵەتی تڕامپ یانی دەوڵەتی مەرکەزی واتە دەوڵەتی فێدێڕال لەگەڵ ئیعترازات و ئەو خۆ پیشاندانانەی کە کران بەدژی کوشتنی لاوێکی ڕەش ، واتە جۆرج فلۆید و توندوتێژی پۆلیس،  و لایەنگریی ئاشکرای تڕامپ لە وایت سوپرمەیسیستس یا ڕەگەزپەرستە سپییەکان  هەموو ئەوانە کاردانەوەی هەبوو نەک لە سەر ئەوەی کە لایەنگرانی تڕامپ کەم بنەوە، ئەمن پێم وایە بناغەی کۆمەڵایەتی تڕامپ بناغەیەکی زۆر تۆکمە و ڕێکوپێکە، ئەوان لە هەموو بار و دۆخێک دا دەنگی خۆیان هەر دەدا بە تڕامپ. بەڵام ئەو شتانەی باسم کرد بووە هۆی ئەوە کە لایەنگرانی بایدن ، واتە لایەنگرانی نەریتی دێمۆکڕاتەکان ئەنگیزەیان زۆرتر بێ بۆ ئەوەی بێن و دەنگ بدەن چونکە  بە شێوەی نەریتی لە ئەمریکا زۆر کەس دەنگ نادا، یانی زۆرکەس کە لە شانی چەپی سیاسەتی ئەمریکا دا هەڵکەوتوون پێیان وایە فەرقێکی ئەوتۆ نییە لە نێوان دێمۆکڕاتەکان و کۆمارخوازەکان. ئەو بەشداری نەکردنەش زۆر جار بە قازانجی کۆمارخوازەکان تەواو بووە و لە کەیسی ئێستا واتە بە قازانجی تڕامپ تەواو بوو چونکە لایەنگرانی زۆر سوورن لەوەی دا کە دەنگ بدەن. بۆیە پێم وایە گشت ئەو شتانە کۆ بوونەوە سەر یەک و بوونە هۆی ئەوە لایەنگرانی دێمۆکڕاتەکان و بایدن تەنانەت ئەو کەسانەی کە بایدن یان زۆریش پێ باش نییە بەڵام پێیان وایە لە چاو تڕامپ هەرچۆنێک بێ  کاندیدایەکی دێمۆکڕات ترە هاتن دەنگیان دایە و ئەوە گەیشتە ئەوەی کە لە ئەیالەتی زۆر گرینگ وەکوو پێنسیلڤانیا، یان جۆرجیا، نێڤادا لەو شوێنانە دیارە زۆر جار بە تەفاوەتێکی کەم بیبەنەوە و لەئاکام دا ئەوە بردنەوەی بایدنی مسۆگەر کرد.

قازی: زۆر باشە ئێمە دەزانین سیستێمی هەڵبژاردن لە ئەمریکا هێندێک تایبەتمەندی خۆی هەیە ئەگەر بەراوەردی بکەی لەگەڵ وڵاتانی ئوڕووپایی بە گشتی و بە تایبەتیش بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە سیستێمی حکوومەتی لە ئەمریکا سیستێمێکی فێدێڕاڵییە وا دیارەهەر کام لە ئەیالەتەکان شێوازی لەمەر خۆیان هەیە بۆ هەڵبژاردن  کە ئەوە لەو هەڵبژاردنەی دواییدا زیاتر زەق بووەوەو لایەنێکی دیکەش دوای ئەوەی کۆمەڵانی خەڵک دەنگ دەدەن یانی جەماوەر دەنگ دەدەن ئەوەی کە پێی دەلێن پاپیولار ڤۆتینگ، ئەوجار دەسگایەکی دیکە هەیە بە ناوی ئێلێکتۆڕال کالیج یان مەجلیسی هەڵبژێرەران  ئەوانە دەبێ جارێکی دیکە دەنگ بدەنەوە و گۆیا بە شێوەی ئاسایی ئاوایە ئەگەر لە ئەیالەتێک  کاندیدایەک دەنگی هێنابێتەوە ئاسایی ئاوایە کە ئێلێکتۆراڵ کالیجیش هەر دەنگ دەدا بەو کاندیدایە، جا دیارە ئەو مەسەلەیە پێم وایە لە مانگی دێسامبر بە تەواوی یەک لا دەبێتەوە. پێم خۆش بوو هێندێک لە سەر دەوری ئێلێکتۆڕاڵ کالێج قسە بکەی، بنگە و زەمینەکەی، هۆی بوونی ئەوە لە سیستێمی هەڵبژاردنی ئەمریکا دا چییە؟ و ئەم بابەتە زیاتر شی بکەیەوە بۆ بینەران.

مەتین: خاڵێکی سەرەکی پێم خۆش بوو باس بکەم ئەویش ئەوەیە کە لە بریتانیاش ئەو شوێنەی کە من لێی دەژیم هەر سیستێمێکی  ئاوا هەیە. یانی وڵات هەمووی دابەش کراوە بە سەر هێندێک یوونیت یان یەکەی هەڵبژاردن و هەر حیزبێک یان کەسێک کە لە شوێنێک دەیباتەوە تەواوی کورسییەکان یان دەنگەکانی ئەو شوێنە واتە ئەو مەکۆی هەڵبژاردنە دەباتەوە یانی بەو مانایە پاپیولار ڤۆت یان دەنگی هەموو کەس  بەو شوێنەی کە ئێمە لە دێمۆکڕاسی لە زۆر شوێنی دیکە لێی تێگەیشتووین لە شوێنێکی وەک بریتانیا یان ئەمریکا کار ناکا. و ئێستا ڕەخنە لە سەر ئەوە زۆرە بۆ وێنە ئەگەر لە بریتانیا، لەو وڵاتەی کە من لێی دەژیم سیستێمێکی ئاوا هەبایە کە هەر کەسێک یان هەر حیزبێک کە خۆی کاندیدا دەکا بۆ هەڵبژاردنێک بە پێی ئەوەی کە چەندە دەنگی خەڵک وەردەگرێ هەر بەو پێیەش قودرەتی سیاسی لە دەوڵەتی پێ بسپێردرێ سیستێمی سیاسی لێرە زۆر جۆراجۆرتر دەبێ. بۆ وێنە ئێمە ئەو گێروکێشەی نێوان کێڕ ستامر ڕێبەری تازەی  حیزبی کڕێکار هەیە لەگەڵ جێرێمی کۆربین. ئەو دوانە بۆچوونی سیاسییان و ڕوانگەی سیاسییان زۆر لێک دوورە. یەکێکیان سۆسیالیستێکی ڕادیکاڵە، ئەویتریان ئەوەی پێی دەڵێن چەپی میانەیە واتە سێنتر لێفتە ئەگەر چاو لە بەرنامەکانیان بکەین. بەڵام لەبەر ئەو سیستێمە هەڵبژاردنەی کە هەیە ئەو دوو کەسە بە بیروباوەڕی جیاوازەوە مەجبوورن بێن لە حیزبێکی تاقانە دا کۆ ببنەوە بۆ ئەوەی کە بتوانن لەتەک لایەنی دی دا رقەبەری بکەن، بەڵام ئەگەر سیستێمێکی دێمۆکڕاتیکی مەڕسووم هەبایە کە تەواوی دەنگی خەڵک بژمێردرێ و هەرکەس هەرچەند دەنگی هێناوەتەوە بەو ئەندازەیەش قودرەتی هەبێ ئەو دەم  جوراجۆری سیاسی زۆرتر دەبێ و تەنێ دوو حیزب ئەو گۆڕەپانە داگیر ناکەن.
لە ئەمریکاش بە ڕواڵەت ئەو دەمی کە قانوونی بنەڕەتی ئەمریکا واتە کانستیتووشن نووسراوە هەولیان داوە بەرگری لە سەرەرۆیی زۆربایەتی بکەن، لە وێدا ویستراوە کە  ئەیالەتەکان بتوانن دەرەجەیەکی زۆرتر لە سەربەخۆییان هەبێ، بۆ وێنە ئەگەر ئەیالەتێک چکۆلەیە هەمیشە  وا نەبێ کە ئەو ئەیالەتە چکۆلەیە نەتوانێ لە سیستێمی سیاسی دا دەنگی کافی هەبێ لەبەر ئەوەی کە لە باقی ئەیالەتەکان خەڵکێکی زۆرتر دەژین لە باری ژمارەوە و دەنگیان داوە. بۆیەش وایان تەنزیم کردووە کە هەر ئەیالەتەی لە ئەلێکتۆڕال کالیج دا دەنگی بۆ دیاری کراوە لە هەڵبژاردنی وەک سەرکۆمارێتی دا و هەر کاندیدا یان حیزبێک لەو ئەیالەتە زۆرترین ژمارەی دەنگان بێنێتەوە، تەواوی ئەو دەنگانە بە دەست دێنێ. یانی وانییە بۆ وێنە حیزبی دێمۆکڕات لە پێنسیلڤانیا ٥٥ لە سەدی دەنگانی بە دەست هێنا بێ  و کۆمارخوازەکانیش ٤٥ لە سەد بێن بڵێن جا زۆر باشە  ٥٥ لە سەدی بۆ ئێوە و ٤٥ لە سەدی بۆ ئەوەی تر. ئەو کەسەی ٥٥ لە سەدی دەنگانی هێناوەتەوە تەواوی دەنگەکانی دەدەنێ لەو ئێلێکتۆڕاڵ کالێجەی دا. بۆیە بەڕاستیش زۆر جار ڕوویداوە، جاری پێشووش هیلاری کلینتن ژمارەی دەنگەکانی لە ئاستی نەتەوەیی دا، لە ئاستی  سەرتاسەری دا زۆرتر بوو لە ئی تڕامپ بەڵام  ژمارەی دەنگەکانی ئێلێکتۆڕاڵ کالێجی کەمتر بوو بۆیەش دۆڕاندی. ئەو جارش ئاوا بوو.

قازی: باشە، ئەو کەمی دەنگی ئێلێکتۆڕاڵ کالیج لەبەر چییە چونکە وەکوو باست کرد ئەوەی کە پاپیولار ڤۆت دەهێنێتەوە ئاسایی وایە کە ئەندامانی ئێلێکتۆڕاڵ کالێج دەنگەکە دەدەن بەو کەسەی کە دەنگی زۆرتری هێناوەتەوە. بەڵام چۆن بوو  کە هیلاری کلینتن نەیبردەوە؟

مەتین: نەخێر وا نییە، لە هەر ئەیالەتەی نوێنەرانی ئەو ئەیالەتە وەک قانوون ناتوانن لێی لا بدەن، ئەگەر لە ئەیالەتێک حیزبێک یان کاندیدایەک بردبێتیەوە، زۆربەی پاپیولار ڤۆتی بردبێتەوە نوێنەرانی ئەلێکتۆڕاڵ کالیج مەجبوورن دەنگەکانی خۆیان بدەن بەو کەسە یان حیزبە. واتە ئەوە حاڵەتێکی فۆرماڵی هەیە دەنا بۆ وێنە ئەگەر لە نێڤادا بە جیاوازی ڕەنگە دەهەزار دەنگ بردبێتیەوە تەواوی ئەو ١٦ دەنگەی کە ئەو ئەیالەتە لە ئێلێکتۆڕاڵ کالیج دا هەیەتی ئۆتۆماتیک دەدرێ بە بایدن چ ئەو نوێنەرانە بخوازن یان نەخوازن ئەوە تەنێ حاڵەتێکی فۆرماڵە نوێنەرانی ئەیالەتەکە کە دەنگی خۆیان دەدەن. یەکەم پاپیولار ڤۆت دێ، کاتێک ئەو دیاری کرا، بە پێی دەنگی ئەیالەتەکە کە هەر چەند بێ کە ئاسایی ئەوە بە پێی حەشیمەتە بۆ وێنە کالیفۆرنیا کە ئەیالەتێکی زۆر گەورەیە نزیکەی ٣٠ میلیۆن حەشیمەتی هەیە، نزیکە ٥٠  دەنگی ئێلێکتوڕاڵی هەیە، هەر کەس زۆربەی دەنگی هێنابێتەوە ئەو ٥٠ دەنگە دەدرێ بەو. یان بۆ وێنە پێنسیلڤانیا ١٦ دەنگی هەیە هەرکەس بردییەوە ئەو ١٦ دەنگە هەموو دەدرێ بەوی.

قازی: باشە ئەگەر بچینەوە سەر هەڵبژادنەکەی خولی پێشوو وەک باست کرد پاپیولار ڤۆتی کلینتن زیاتر بوو، بەڵام دیسانیش تڕامپ بردییەوە سەبەبەکە چییە ئێلێکتۆڕاڵ کالیج بۆ دەنگیان نەدا بە کلینتن؟
                                                            

مەتین: لەبەر ئەوەی لە هێندێک لەئەیالەتەکان دا ئەو دەنگی زۆرینەی نەهێنا بووەوە بۆیە. لە سیستێمی ئامریکا دا زۆربەی ئەیالەتەکان دیارن کە دەنگ دەدەن بەکێ. یانی لە کالیفۆرنیا لە سەد ساڵی ڕابردوو دا هەمیشە دێمۆکڕاتەکان دەیبەنەوە. یان شوێنی ئاوا هەیە کە هەمیشە کۆمارخوازەکان دەیبەنەوە. بەڵام هێندێک ئەیالەت هەنە کە پێیان دەڵێن سوینگ ستەیت ( یانی دەنگ تێیاندا  دەستاودەست دەکا) ، یانی هەمیشە لە سەداسەد دیار نییە دەنگ دەدەن بە کێ. وەکوو پێنسیلڤانیا، وەکوو فلۆریدا، وەکوو جۆرجیا یان کارۆلاینای شیمالی بۆیەش کاندیداکان ئەگەر بتوانن دەنگی ئەو ئەیالەتانە بە دەست بێنن، ئەو دەم هەموو دەنگەکان یان کورسییەکانی ئەو ئەیالەتانە بە دەست دێنن. بۆیەش هیلاری کلینتن لە چەند ئەیالەتی تایبەتی کە ئەمن ئێستا ناوەکانیانم وەبیر نایەتەوە نەیتوانی دەنگی کافی بێنێتەوە هەرچەند لە ئاستی سەرتاسەری ئەمریکا دا دەنگی زۆرتر بوو بەڵام دەنگی ئێلێکتۆڕاڵ کالیجی کەمتری هەبوو.

قازی: بەڕێز مەتین ئێمە دەزانین بەو پێشبینی و چاوەدێڕی کە میدیا لەوێ کردوویانە، دەشزانین کە لە ماوەی ئەو چوارساڵەی حوکمی تڕامپ دا حەساسییەتێک ساز ببوو لە نێوان زۆربەی مەین ستریم میدیا و ئاغای تڕامپ و دەستگاکەی دا، لە ئێستاوە ئاکامی هەڵبژاردن مەعلووم بووە بەڵام پڕۆسەی ڕەسمییەت پەیدا کردنی ئاکامی هەڵبژاردن بە تەواوی تەواو نەبووە. وا بزانم لە ٤-ی مانگی دیسامبر دەبێ ئەلێکتۆڕاڵ کالیج دەنگەکانی ئاشکرا  کا، دوایە ئەو دەنگانە بچێتە مەجلیسی نوێنەران و ئەو مەجلیسە ئەوە بە ڕەسمی بناسێ و دوایە بینێرێ بۆ مەجلیسی سەنا پێم وایە پێواژۆیەکی ئاوا هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەموو لایەنەکان تەنانەت چەندین وەزیری ئەیالەتی کە سەر بە پارتیی جمهووری خوازن یان تەنانەت ئەو کەسەی کە بەرپرسی سەلامەتی هەڵبژاردن بوو و لەلایەن تڕامپ خۆیەوە داندرابوو حەوتووی پێشوو ڕایگەیاند کە تاکوو ئێستا لە مێژووی ئەمریکا دا هەڵبژادنی ئاوا ساغ و سالم نەکراوە، دیارە لە بەر ئەو هەڵوێستەی تڕامپ لەسەر کاری لادا. بەلەبەرچاو گرتنی گشت ئەوانە مل بادانی تڕامپ و دەوروبەرەکەی لە بەر چییە؟ دوێنێش وا بزانم لە چاوپێکەوتنێک دا دیسان گوتوویە ئێمە بردوومانەتەوە و گزییەکی زۆرمان لێ کراوە. یانی ئەو شێوە هەڵسوکەوتە چۆن لێک دەدرێتەوە؟

مەتین: بە باوەڕی من دوو هۆی هەیە. هۆیەکی ئەوەیە کە تڕامپ بۆ خۆی ئینسانێکی زۆر سمیتانە و گڕنەی دەگرێ و دۆڕاندنی پێ خۆش نییە بۆ خۆشی ئەوە زۆر بە ئاشکرا دەڵێ، بەڵام لەوی گرینگتر ئەوەیە کە هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی، هەڵبژاردنەکانی سەنا و کۆنگرەش ئەنجام درا لە ئەمریکا و هەر حیزبێک کە لە سەنا کورسی زیاتری هەبێ و کۆنتڕۆڵی سەنای بە دەستەوە بێ دەستی زۆر ئاواڵە دەبێ لەوەی کە قانوون دابنێ و هەرشتێکی پێی خۆشە کارێکی ئاوا بکا ئەو دەوڵەتەی لە سەر کارە بیکا. لە حاڵی حازر دا کۆنگرە بە دەست دێمۆکڕاتەکانە یانی ئەوان زۆربەی کورسییەکانی کۆنگرەیان بەدەست هێناوە، بەڵام وەزعییەتی سەنا مەعلووم نییە چونکە لە جۆرجیا دوو کورسی سەنا هەیە کە ئەوانە هێشتا ڕوون نەکراوەتەوە بۆ کام لا دەبن. و بڕیارە لە ١١-ی مانگی ژانویە لەوێ هەڵبژاردن بکرێتەوە بۆ دیاریکردنی ئەوەی بزاندرێ ئەو دوو کورسییە بە کێ دەبڕێ. ئەمن پێم وایە کۆمارخوازەکان دەیانەوێ لایەنگرانی خۆیان لە ڕووی سیاسییەوە هەر ئامادە ڕابگرن کە ئەوان بێن دەنگ بدەن کە ئەو دوو کورسییە وەدەست دێمۆکڕاتەکان نەکەوێ بۆ ئەوەی زۆربەی کورسیان لە سەنا لە دەست نەچێ. چونکە ئەگەر ئێستا دەستبەجێ شکستی خۆی قبووڵ بکا و حیزبی کۆمارخوازیش بە ڕەسمی بڵێ بەڵێ ئەو دۆڕاندوویەتی ئەوان پێیان وایە لایەنگری هەرە توندئاژۆی کۆمارخوازەکان سارد دەبنەوە و ئەو شۆر وشەوقەیان نامێنێ کە بچن لە هەڵبژاردنی سەناش دەنگ بدەن. بەڵام لەبەر ئەوەی تڕامپ شکستەکەی قبووڵ ناکا و ئەو وەزعەی کە هێشتا مەعلووم نییە و ڕەنگە بگۆڕێ و ئەو کێشمەکێشە سیاسییە هەر درێژەی دەبێ تا ڕۆژی هەڵبژاردن کە ئەو خەڵکە دێن دەنگ بدەن. ئەمن پێم وایە ئەوە هۆیەکی سەرەکی سمکۆڵی تڕامپە. چونکە کۆمارخوازەکان ئەگەر سەنا لە دەست بدەن و فەرقیشیان تەنێ کورسییەکە، یانی ئەگەر دێمۆکڕاتەکان ئەو دوو کورسییانە بەرنەوە هەم کۆنگەرەیان لە بەردەست دەبێ، هەم سەرۆک کۆماریی و هەمیش سەنا. ئەو هەڵبژاردنە بەر لەو بەروارەیە کە دەبێ تڕامپ کۆشکی سپی بەجێ بێڵێ. واتە ١١-ی ژانڤییە هەلىژاردنی سەنایە لە سەر ئەو دوو کورسییە و لە ٢٠-ی مانگیش دەبێ تڕامپ بڕوا یانی دە ڕۆژێکیان لە نێوان دایە.

قازی: زۆر باشە، با ئێستا تەماشای ئەو لایەنەش بکەین، ئەگەر هات و ملبادان و سمکۆڵی  تڕامپ هەر وا بەردەوام بوو، پڕۆسەکە بەرەو کوێ دەڕوا یانی چ دەبێ؟ بۆ وێنە ٢٠-ی مانگی ژانڤییەی ٢٠٢١ ئەگەر ئەو ئامادە نەبوو کۆشکی سپی بەجێ بێڵێ، ئەوەی کە باس دەکرێ دەستگای سیکرێت سیرویس کە بەوێ ڕادەگا، یانی دەستگای ئیستیخباراتی ئیسکۆرتی دەکەن بۆ دەرەوە بە زۆری یان چۆناوچۆن دەبێ؟

مەتین: بەڵێ ئەگەر حازر نەبێ بۆ خۆی بە ویستی خۆی بڕوا حەتمەن وای لێ دەکەن. هەڵبەت هەر ئێستاش وردە وردە کۆمارخوازە ناسراوەکان، کەسانی دیاریی لە حیزبی کۆمارخواز  دا  وردە وردە ئەو شکستە قبووڵ دەکەن و دەڵێن تڕامپ باشترە واز لەو ملبادانە بێنێ. و ئەو پێواژۆ قانوونییە هەرچی بەرەوپێشتر دەچێ سەرکەوتنی تیمی حقووقی واتە پارێزەرکانی لە سکالا وشکایەتکاری کەمتر دەبێ ئەمن پێم وایە لە نێو حیزبی کۆمارخوازیش خەلكێکی زۆر هەتا دێ زۆرتر داوای لێ دەکەن ئاکامی هەڵبژاردن قبووڵ بکا. ئەگەر هەڵە نەکەم ئەمڕۆ یان دوێنێ بوو دەنگەکانی جۆرجیایان ژماردەوە و دیسان مەعلووم بوو کە بایدن بردوویەتەوە. تڕامپ وەکوو سەرۆک کۆمارێک کە هێشتا قودرەتی بەدەستە مافی ئەوەی هەیە ئالنگاری قانوونی لە بەردەم دادگە بەرز بکاتەوە، بەڵام کاتێک دادگە ئەوەی ڕەد کردەوە کە دیارە رەدیان کردەوە لە پێنسیلڤانیا و جۆرجیا و ئیتر بیانووی قانوونی نەما ئەمن پێم وا نییە سیستێمی سیاسی ئەمریکا ئیزن بدا تاقە کەسێک  درێژە بدا بە سمیتانی و نەڕوا. ئەوە قەتعەن ڕوو دەدا.

قازی: هێندێک لایەن باس دەکەن دەڵێن یەک لە گرفتەکانی ئەو سیستێمە کە دۆخێکێ ئاچمەزی ساز کردووە ئەویش ئەوەیە دوای ئەوەی کە هەڵبژاردن دەکرێ سێ مانگ وەخت هەیە یانی لە مانگی نۆڤامبر لە سەرەتای مانگی یازدە هەتاکوو مانگی یەک یانی ئاخرییەکانی مانگی ژانڤییەی پێدەچێ، لەگەڵ ئەوەش کە هەڵبژاردن کراوە و تەواو بووە، ئەو سێ مانگە بۆ کاری دەور و تەسلیم  داندراوە و ئەوە خۆی دەرفەت پێک دێنێ چونکوو لەو سێ مانگە دا، ئێستا دواتر دەگەینە ئەوە، هەتا بیستی ژانڤییەی ٢٠٢١ زۆر کار هەیە کە تڕامپ دەتوانێ بیکا و ئیختیاری هەیە، هەر وەک دەزانین چەند ڕۆژ لەمەوبەر دیسان سزای ئابووری زیاتری دانا لەسەر ئێران. یانی جەنابت ئەو مەودا سێ مانگەیە بە یەكێکی دیکە لە گرێ وگۆڵەکانی ئەو سێستێمە نازانی؟

مەتین: گیروگرفتە بەڵام،لە ڕاستیدا تا سەردەمی تڕامپ ئەوە قەت موشکیلە نەبووە بەو شێوەیەی. یانی هەر کەس کە مەعلووم بووە کە دۆڕاوە لەگەڵ تیمی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو هاوکاری کردووە و دەورەیەکی تێپەڕاندیان هەیە بە ئاسایی وایە ئەو کەسەی کە بردوویەتەوە تیمێکی ڕاگوستان پێکەوە دەنێ و ئەو تیمە مافی هەیە ئۆفیسی هەبێ لە کۆشکی سپی یان لە هەموو وەزاڕەتخانەکان و ئەو سەرۆک کۆمارەی کە دۆڕاندوویەتی لە هەڵبژاردن دا یارمەتی دەکا و هەر دووک لا پێکەوە هاوکاری دەکەن کە دەورەی تێپەڕاندن  بە باشی بڕوا  بە بێ ئەوەی کە هیچ گیروگرفتێک بێتە پێشێ. لە ڕاستیدا ئەوە بۆ ئەوەڵین جارە لە مێژووی سیاسی ئەمریکا دا کە حالەتێک هاتووەتە پێشی کە سەرۆک کۆمارێک کە دۆڕاندوویەتی و جارێ هەر وا لە کۆشکی سپی دایە یارمەتی ناکا و خەریکە موشکیلە ساز دەکا بۆ ئەو کەسەی بردووتەتەوە. بەڵام لە عەینی حاڵ دا وایە لەو دوومانگ و نیوە دا یان لەو سێ مانگە دا تڕامپ هەر وەک جاران سەرۆک کۆمارە و دەتوانێ لە هێندێک لە دەسەڵاتی خۆی کەلک وەربگرێ، هەر وەک ئەوەی ئێوە باستان کرد سزای ئابووری تازەی بە سەر ئێراندا سەپاندووە، تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەبوو کە دەیەوێ هێرشی نیزامی بکا بۆ سەر ئێران. بەڵام سیستێمی سیاسی  ئەمریکاش زۆر پێچەڵپێچە و ئەوە تەنێ هەر سەرکۆمار نییە کە برێار لە سەر هەموو شت بدا. دیارە سەرۆک کۆمار زۆر بە هێزە بەڵام هەر ئەو نییە کە دەتوانێ بڕیار بدا. موشکیلەی ئەساسی بە بڕوای من  ئێستا ئەوەیە کە حیزبی کۆمارخواز لە باری سیاسییەوە زۆر سەرمایەیان لە سەر تڕامپ دانا بوو، پێیان وا بوو دەی باتەوە، قەتیش ئەوەندە دەنگەیان نەبووە بە ڕاستی نزیکەی ٧٣ میلیۆن. بۆیەش بۆیان سەخت بووە نەزەرێک یان بیروڕایەک دەرببڕن کە لەگەڵ شێوازی تڕامپ جیاواز بووبێ، بەڵام ئەمن پێم وایە باسم کرد کە هەرچی مەسەلەی سکاڵا قانوونییەکان کەمتر بە ئاکام دەگەن ئەمن پێم وایە بەدەنەی حیزبی کۆمارخواز زۆرتر خۆی دوور دەکاتەوە لە ترامپ و کار بۆ وی هێندێک موشکیلتر دەبێ.

                                                  

قازی: با هێندێک بگەڕێینەوە دواتر باسی هۆیە بنەڕەتییەکانی سەرکەوتنی تڕامپ بکەین لە هەڵبژاردنی پێشوو دا و هەر وەها شکانیشی لەم هەڵبژاردنەی ئێستا دا چونکوو وەک دەزانی لە ماوەی ئەو چوارساڵەی ڕابردوو دا زۆر شت بووە و یەکێک لە ڕووداوە هەرە زەقەکان کە دەیبینین شێوەی حکوومەت کردنی بوو کە بۆ وێنە بە  ڕێگای تویت نووسین و جریوەی ئێلێکترۆنی خەڵکی لە سەر کار داناوە یان خەڵکی لە سەر کار لابردووە. ئەمن لیستەیەکم دەرهێناوە لەماوەی ئەو چوارساڵی ڕابردوو دا نزیکە ٤٠٠ کاربەدەست و کارمەندی دەستگای ئیدارەکەی تڕامپ یان جێگۆڕکێیان پێ کراوە، یان ئیستیقالەیان کردووە یان لەسەر کار لادراون. یانی شپرزەییەکی تەواو لەو بارەیەوە لە گۆڕێ دا بووە. هەر وەها لە سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکا دا دەزانین کە ئەو پەندەی کە تڕامپ لە ئۆکتۆبری ٢٠١٩ دا کردی و بوو بە هۆی ئەوە کە ڕێژیمی تورکیا هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و سەرێ کانی و ئەو شوێنانە داگیر بکا. حاڵەتێکی دیکەش دستەوەستانی سیاسەتی ئەمریکا بوو بە سەبەبی ئەوە کە زۆر لە ئاکتۆرەکانی ناوچەیی غیرەتی ئەوە وەبەر خۆیان بێنن  و بەکەیفی خۆیان ئەوەی دەیانەوێ بیکەین. ئەگەر وەزعی سووریا لە بەرچاو بگرین، وەزعی لیبی، سیاسەتەکانی ئەردۆغان لە زۆر جێگای دیکەش ئەو بێکارەییەی ئەمریکا دەبیندرا. لە ڕاستیدا ئەو سیستێمە تێکەوڵێکەییەکی گشتی ساز کردووە. دەکرێ هێندێک باسی ئەوە بکەین یانی هۆیە سەرەکییەکانی  سەرکەوتنی تڕامپ لە ئەمریکا و ئایا ئەو هەڵسوکەوتە خۆی سەدەمەی نەگەیاندووە بە سیاسەتی ئەمریکایەکی کە خۆی بە ئاغای دنیا دادەنێ؟

مەتین: ئەمن پێم وایە  سەرکەوتنی تڕامپ و هەر وەها مەسەلەی بڕێگزیت لە بریتانیا  و هاتنە دەری بریتانیا لە یەکێتیی ئوڕووپا هەر دووک ئەوانە ڕیشەی قووڵ و سەرەکییان بە ڕاستی لە ناوخۆی ئەو دوو وڵاتانە دا ناکرێ بیانبینینەوە، بەڵکوو ئەوانە دیاردەگەلێکی نێونەتەوەیی و جیهانین. بیرۆکەیەک هەیە بە ناوی " هێجێمۆنیک ستابیلیتی"  یانی ئەوەی کە نەزمی جیهانی لە هەر سەردەمێکی مێژووی دا دەوڵەطێکی تایبەتی کە بەهێزترینە  و دەرەتانی ئەوەی هەیە کە سیستێم ڕێبەری بکا، دەبێ وجوودی هەبێ بۆ ئەوەی دەرەجەیەک لە سەقامگیری و ئاشتی هەبێ بۆ ئەوەی دواجار سیستێمی ئابووری دنیایەش کاری خۆی بکا.
تا سەرەتاەکانی سەدەی بیستەم ئەو هێزە یان ئەو سەقامگیری هێژێمۆنیکە لە ڕاستیدا ئیمپراتۆری بریتانیا رێبەرایەتی دەکرد بەڵام لە دوای شەڕی ئەوەڵی جیهانییەوە وردە وردە ئیمپڕاتۆری بریتانیا جێگای خۆی دا بە ئەمریکا و لەو دەمەوە ئەمریکا بوو کە بەپێی بناغەی زۆر بە هێزی سەنعەتی و ئابووری خۆی توانیویەتی کە  ڕێبەرایەتی جیهانی سەرمایەداری بەدەستەوە بگرێ و لەهەر کوێیەک پێویست بووە لە هێزی نیزامی و هێزی ئابووری خۆی کەلکی وەرگرتووە، زۆر جار تەنانەت بە زەرەری ئەمریکا یان بڵێین سەرمایەداری ئەمریکا تەواوە بووە لە کورت ماوە دا بۆ ئەوەی ئەو سیستێمە بەتەواوی بە ئاقاری سیستێمی جیهانی سەرمایەداری دا دەیەوێ بڕوا. واقعییەت ئەوەیە کە ئەو هێژێمونییەی ئەمرێکا لە سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٧٠ی سەدەی ڕابردوو کە لە ساڵی ١٩٧٣ قەیرانی ئابووری ڕوویدا و مەسەلەی بایکۆتی نەوتی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک ڕوویدا و دوای وی وردە وردە دۆڵار وەکوو بنەمای بازاری ماڵیی دنیایە چووە ژێر پرسیار و ئەوانە، ئێمە ڕەوتێک دەبینین کە هەر هاتووە و هێژێمۆنی ئابووری ئەمریکا کەمتر بووە و هەر بەو پێیە هێژێمۆنی سیاسیشی کەمتر بووە و ئەوە ڕاستەوخۆ پێوەندی هەیە بەر بەرزبوون یان هەستانی وڵاتێکی وەکوو چین، وەک وڵاتێکی گەورەی سەنعەتی لە ئاستی هەموو دنیا دا. یەکێک لە کاردانەوەکانی ئەو جێگۆڕکێیە ئابوورییە و لە ڕووی سیاسییەوە هێژێمۆنیک ئەوە بووە کە ئەو کەلوپەلەی چین بە قیمەتێکی هەرزانتر بەرهەمیان دێنێ لەبەر ئەوەی کە هێزی کارێکی هەرزانتری هەبووە و لە نوختەیەکی خوارترەوە دەستی پێ کردووە ئەوە بوو کە هێندێک بەشی سەنعەت لە وڵاتانی وەکوو بریتانیا یا ئەمریکا وردە وردە هێزی ڕقەبەری خۆیان لە دەست دا لە ئاست چین . ئێوە ئەگەر سەردانی ئەمریکا بکەن لە ئەیالەتێکی وەکوو دیترۆیت  کە ناوەندی ماشێن سازی ئەمریکا بوو، ئێستا بە گشتی وەکوو چۆلەواری لێ هاتووە یانی شایەد بە هەزاران کرێکار بێکار بوونە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم هەرچی زیاتر ئابووری چین بووژاوەتەوە لە سی چل ساڵی ڕابردوو دا و هەر بەو پێیە ئابووری ئەمریکا هەڵبەت لە هێندێک سێکتۆری سەنعەتی دا هاتووەتە خوارێ. چونکە لە بازاڕی سەرمایەداری دا وایە ئەتوو دەبێ بتوانێ ڕقەبەری بکەی، هەر کەسێک بتوانێ شتێک بە قیمەتێکی خوارتر بەرهەم بێنێ و بیهێنێتە بازار دیارە ئەوە کە دەفرۆشرێ.
 ئەمریکا ئەو قودرەتە ئابوورییەی لە ڕاستیدا لە دەست داوە و ئەوە بووەتە هۆی ئەوە کە بەشێک لە چینی کرێکاری ئەمریکا بێکار بێ و تووشی نەداری و هەژاری بێ. و ئەگەر چاو لە پێکهاتەی ئەو کەسانە بکەی کە دەنگیان داوە بە تڕامپ. ئەوە ئەو کەسانەن کە لە بیست سی ساڵی ڕابردوو دا لە سیستێمی ئابووری ئەمریکا دا هەتا هاتووە بەرەو پەڕاوێز ڕۆیشتوون. فەقیرتر بوون و بە تایبەتی کرێکارانی بەشی سەنعەتی زەرەرمەند بوون لەو گۆڕانکارییەی کە لە ئاستی دنیا دا پێک هاتووە و تڕامپ یان کەسانێک کە بەرگریان لە برێگزیت دەکرد بە وردی حەولیان دا کە چەقی سەرەکی کاریان لە سەر ئەو بەشە لە کۆمەڵگەی بریتانیا بێ و هەولیان ئەوە بوو بڵێن ئەو سیستێمە سیاسییەی کە لە گۆڕێ دایە ئێوەی خستووتە پەراوێزەوە. وڵاتی ئەمریکا لە ئاست چین نەرمی نواندووە، چین دزی دەکا لە ئێمە، تێکنۆلۆژی ئێمە دەدزێ بۆیە ئێوە بێکار بوون و فەقیر بوون. مەبەستم ئەوەیە کە لە باری سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکاوە کەسانێک هاتوون دەنگیان داوە بە تڕامپ کە زەرەرمەند بوون لە ڕەهەندێک  کە لە ڕاستیدا لە ناو ئەمریکا خۆی دەستی پێ نەکردووە بەڵکوو لە ئاستی دنیا دا دەستی پێ کردووە. بەڵام موشکیلە ئەوەیە لە وڵاتێکی وەکوو ئەمریکا دا چونکە حیزبە چەپەکانی  زۆر زۆر بێ هێزن و سیستێمی سیاسی جۆرێک دروست کراوە کە هەمیشە بە قازانجی ئەو دوو حیزبە سەرەکییە کە سەرمایەیەکی زۆریشیان لە پشتە ئەو کرێکارە فەقیر و هەژارانە لە جیاتی ئەوەی کە بەرەو سیاسەتێکی چەپ ئاژۆی ڕادیکاڵ بکێشرێن بەرەو سیاسەتێکی نیمچە فاشیستی کێشراون کە بەڵێنی ئەوەیان پێ دەدا وەزعیان باشتر کا بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و تەنانەت هێزی سەربازی ئەمریکا. و ئەوە شتێکە کە تڕامپ کردی. تڕامپ هات لەگەڵ چین شەڕێکی بازرگانی دەست پێ کرد. تەعرەفەی لە سەر چین دانا، نەک هەر چین لە سەر وڵاتە ئوڕووپاییەکانیش، لەسەر ئالومینیۆم، لە سەر شەڕاب و لەسەر هێندێک شتی دیکە تەعرەفەی دانا بەو مانایە ئەو کالایانەی کە لە چین، لە ئوڕووپا بەرهەم دەهاتن کاتێک دەگەیشتنە بازاڕەکانی ئەمریکا قیمەتیان ئەوەندە چوو بووە سەرێ کە ئەو جار نەیاندەتوانی ڕقەبەری بکەن لەگەڵ کالای ئەمریکایی. یانی هێزی سیاسی باڵی کێشا بە سەر دەسەڵاتی ئابووری دا کە پێشتر ئەوە بەو شێوەیە نەببوو. ئێمە هێندێک گۆڕانکاری لە سیستێمی جیهانی سەرمایەداری دا دەبینین  کە پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ هێز و وزەی ئابووری چین  و ئەو بەرز بوونەوەی هێزی چین لە ناو خۆی وڵاتانی مەرکەزیی سەرمایەداری بە تایبەتی ئەمریکا و بریتانیا و تەنانەت ئوڕووپاش ئاسەواری وەی هەبووە کە ئەو سازوکارەی کە پێشتر هەبووە چیتر وڵامی ڕاستییەکانی چینایەتی و ئابووری ئەو وڵاتانە ناداتەوە. لەو حاڵەتە دا کە حیزبە سیاسییە جۆربەجۆرەکان یا تەیفە سیاسییە جۆربەجۆرەکان هەوڵ دەدەن بە شێوەیەک لەو گۆڕانکارییە هێژێمۆنیکە کەلک وەربگرن پڕۆژەی سیاسی خۆیان بەرنە پێشێ. کە دیارە لە ئەمریکا تڕامپ ئەو کارەی کرد و لە خولی پێشوو سەرکەوتوو بوو. لێرەش لە بریتانیا کە برێگزیت ڕووی دا و لە باقی ئوڕووپایەش وەک ئێوە دەزانن  حیزبە دەستە ڕاستییەکان زۆر دەستی باڵایان پەیدا کردووە، وتاری ڕەگەپەرەستانە زۆرتر پەیدا بووە، لەبەر ئەوەی خەڵک فەقیرتر بوونی خۆیان پەیوەست دەکەن بەو شتانەی کە ئەو حیزبانە وەکوو هۆی فەقیریی ئەوان بەیانی دەکەن. بۆ وێنە دەڵێن ئەوە خەڵکی موهاجیرین کە پارەی ئێوە دەبەن. پەنابەر دێنە ئەو وڵاتانە و سیستێمی ئیرۆیی یان وێل فەیری ئێمە داگیر دەکەن. لە کاتێکدا ئەگەر لێی بکۆڵییەوە گرفتی قەیرانی ئابووری لە ئینگلیستان یان لە ئەمریکا یا ئەڵمان لە ڕاستیدا ئەوە نییە بەڵکوو ئەوەیە کە لە ڕەهەندێکی ٥٠ – ٦٠ ساڵە دا ئەو جەبەڕووتەی هێزە سەرمایەدارییە نەریتییەکان ئی وڵاتانی ڕۆژئاوا وردە وردە زۆر کول بووە، بەڵام چین وەکوو وڵاتێکی تازە نەفەس بە حەشیمەتێکی یەک میلیاردییەوە، بە کەلک وەرگرتن لە پێشکەوتنە تێکنیکییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی توانیویەتی زۆر بە خێرایی خۆی بگەیێنێتەوە ئەوان و تەنانەت لێشیان تێ پەڕێنێ. یانی ڕێشەی ئەو کێشانە زۆر نیونەتەوەیی تر و زۆر جیهانیترە لەوەی کە تەنێ لە سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریکا دا ببیندرێ و لەوێ لە هۆیەکانی بگەڕێین.

قازی: باشە ئێستا بگەینە ئەو مەسەلەیەی کە پێشتریش بە کورتی ئاماژەتان پێ کرد ئەویش ئەگەری دەستێوەردانی نیزامی یان هەرچۆنێک بێ تێکهەڵچوون و تێکهەڵەنگوتنی ئەمریکا و ئێرانە. دەزانین کە لە زەمانی  ئیدارەی تڕامپ دا ئەو ڕێکەوتنەی کە لە سەر بەرنامەی ناوەکی لە زەمانی باراک ئۆباما دا کرابوو و ڕێکەوتنێکی زۆر بەربڵاو بوو و تڕامپ لە کەمپەینی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٦ دا ڕایگەیاند ئەگەر بێتە سەر کار ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێنێ چونکوو پێی وابوو ئەو ڕێکەوتنە بە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بووە و ئەوەشی کرد و بە دوای ئەوە دا یەک بە دوای یەک سزای لە سەر ئێران دانا و هەروەها ١٢ مەرجی بۆ ئێران دانا و ڕایگەیاند ئەگەر ئێران ئەوانە جێ بەجێ بکا دەتوانین لەگەڵێ بێینە ڕەدایێ. جگە لەوە لە زۆر پەیماننامەی نێونەتەوەیی دیکە کە ئیمزای کرد بوو  پێ دزیلکەی کرد و دەرکەوت و خۆی کێشاوە بەتایبەتی لە سەر پەیماننامەی پاریس سەبارەت بە هاویر دۆر و ژینگە پارێزی. و دیارە ئەوەش دەزانین کە دەستێوەردانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان هەرجێیەکی دیکە هەتاکوو ئێستا دە ڕاستیدا ئەگەر قازانجی گشتی خەڵکی ئەو ناوچانە  لەبەرچاو بگرین هەرچەند کە حکوومەتی زۆر دیکتاتۆری، پاشكەوتوو و پاشڤەڕوویان بەسەر دا زاڵ بووە، بەڵام  دەستێوەردانەکان جگە لە ماڵوێرانی بۆ ئەو خەڵکانە هیچی دیکەی لەگەڵ خۆی نەهێناوە. ئێمە ئەوە لە عێڕاقێ دەبینین، لە سووریا لە زۆر جێگای دیکە تەئسیراتی ئەوە دەبینین. جەنابت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لێکدانەوە و قووڵبوونەوەیەکی قووڵت هەیە لە سەربابەتی  پێوەندییە نێونەتەوەییەکان پێت وایە، لەو ماوە کورتەی دا کە بە دەست تڕامپەوە ماوە تا ٢٠-ی ژانڤییەی ساڵی ٢٠٢١  بڵێی کارێکی توند و تیژ بکا دەرحەق بە ئێران؟

مەتین: ئەمن پێم وایە ئەو ئەگەرە هەیە  لە بەر دوو هۆیان. یەکیان ئەوەی کە ئەو سیاسەتەی کە بۆخۆیان نێویان ناوە " فشاری لانی هەرە زۆر" واتە " ماکسیمۆم پڕێشر" ئەوە گرینگیرین سیاسەتی بەشی دەرەوەی ئەمریکا بووە کە تڕامپ بەڕێوەی برد و زۆر مونسەجیم بەڕێوەی برد، یانی ئەگەر لە زۆر شوێنی دیکە لەرزۆک بوو یان بیروڕای خۆی دەگۆڕی لە سەر هێندێک سیاسەت بەتایبەتی بۆ وێنە لە مەڕ سووریا بەڵام لە سەر ئێران زۆر شێلگیر بوو، سوور بوو لە سەر ئەوەی کە ئەو فشارە درێژەی هەبێ و بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە بایدن بەر لە هەڵبژاردن باسی ئەوەی کرد بوو کە ئەمریکا دەگەڕێتەوە ناو ڕێکەوتنی ناوەکی لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی بە ڕێگای دانو ستاندن و وتوێژ ئەو موشکیلانە چارەسەر بکەن، ئەمن پێم وایە تڕامپ و تیمی تڕامپ و ئەو هێزانەی دەرەوەی ئەمریکا کە لایەنگری وەنە کە گوشار لەسەر ئێران هەر درێژەی هەبێ وەکوو ئیسرائیل یان وەکوو عەڕەبستان ئەوان دەیانەوێ بەجۆرێک لە جۆرەکان کاری بایدن تا ئەو جێگایەی دەکرێ  دژوار بکەن یانی دۆخێک بێننە پێشێ کە بۆ بایدن زۆر دژوارتر بێ، یان هاسان نەبێ کە دووبارە بگەڕێتەوە ناو  ڕێکەوتنە ناوەکیەکە. یەکێک لەو ڕێیانەی کە دەتوانێ ئەوە زۆر دژوار بکا ئەوەیە کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نیزامی لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕووبدا و سەربازی ئەمریکایی بکووژرێن یان سیڤیلی ئەمریکایی لە ناوچەکە دا بکووژرێن بە هەر هۆیەک. بۆیەش لەو بارەیەوە تڕامپ دەتوانێ هێرشێکی بەرتەنگ هەڵبەت نەک شەڕێکی تەواو عەیار  وەک ئەوەی کە هاتنە نێو عێڕاق و تەواو داگیریان کرد، هێرش بکەن بۆ سەر ئێران و ئێرانیش ناچارە وڵام بداتەوە چونکوو ئەگەر وڵام نەداتەوە هەلوێستی لاواز دیاریی دەکا و لە نێوخۆی ئێرانیش ڕەنگە ئەوە کاردانەوەی هەبێ و بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوە هیچ باش نییە وا دیار بێ کە ئەوە هیچ وڵامی نەداوەتەوە بە هێرشێکی ئەمریکا. وە ئەوەش بێ ئەوەی کە هەر دووک لا بیانەوێ زۆر بەربڵاوتر بێ  لەوەی کە تەنێ شەڕێکی بەرتەنگ بێ. هەرچۆنێک بێ ئەگەر تڕامپ کارێکی ئاوا بکا کاری بایدن لەوەی کە هەشە دژوارتر دەبێ بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران ڕێک بکەوێ. هۆی دووەمەیشی پێم وایە پێوەندی بەوەوە هەیە کە لە سەرەتا دا باسمان کرد ئەویش ئەوەیە کە تڕامپ هیچ مەیلی نییە، حەز لەوە ناکا، پێی خۆش نییە کە بە ئاشکرا بڵێ ئەمن هەڵبژاردنم دۆڕاندووە و دەبێ جێگای خۆم بدەم بە بایدن و ئەو بایدن.  وە بۆ ئەوەی کە فۆکووسی میدیایی لە سەر خۆی لابەرێ و حالەتێک ساز بکرێ کە بیروڕای گشتی خەڵک بەشتێکی دیکەوە خەریک بێ لەو حاڵەتەش دا شەڕێکی بەرتەنگ لەگەڵ ئێران یان هەرشوێنێکی تر ئەو ئیمکانە بۆ وی پێک دێنێ کە بە بێ دەنگی و بەوەی کە میدیا لە سەر ئەوە چڕ بوونەتەوە لە کۆشکی سپی بێتە دەرێ و جیگای خۆی بدا بە بایدن. هەم بۆ ئەوەی کە کاری بایدن دژوار بکا بۆ ڕێكەوتنی دووبارەی لەگەڵ ئێران و هەم بۆ ئەوەی کە بۆخۆی هاسانکاری بۆ خۆی بکا کە قبووڵی شکستەکەی تا ئەو جێیەی کە دەکرێ بە بێدەنگی ئەنجام بدا ئەو ئەنگیزانەی هەیە بەڵام لە هەمان حالیشدا وێرای ئەوەی کە ئەو دەسەڵاتی ئەوەی هەیە فەرمانی هێرشێکی ئاوا بدا ئەمن پێم وایە لەناو سیستێمی سیاسی ئەمریکا خۆی دا زۆر بنیات و دامەزراوەی دیکە هەنە  ئەوان دەتوانن لەگەڵ ئەو ڕایەی وی نەبن. بەڵام ئەگەر بە هەر هۆیەک بۆ وێنە ئەو هێزانەی سەر بە ئێرانن لە عێڕاق مووشەکێک لە زۆنی سەوز هەڵکەن لە بەغدا یان لە شوێنێک لە هەرێم سەربازی ئەمریکایی بکووژرێ  ئەمن پێم وایە ئەودەمی ترامپ کارەکەی زۆر هاسانتر دەبێ یان زۆر ڕاحەتتر دەتوانێ بڵێ ئێمە دەبێ وڵامی کارێکی ئەوتۆ بدەینەوە. ئەوە دەمی ئەگەر پێنتاگۆن پێشی خۆش نەبێ یان چووزانم وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڵێ ئەوە کارێکی باش نییە و ئێمە کاتێکی کەم مان ماوە لە دەسەڵات دا، ڕەنگە ئەو شەڕە پەرەبستێنێ  و تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە، ئەوان لە ئاست تڕامپ لە ڕووی ئارگومێنتەوە لە هەڵوێستێکی لاوازتر دا دەبن، بەڵام ئەگەر ئەو شتە ڕوو نەدا ئەوە بڕێک سەختترە هەر وەک حەوتووی ڕابردوو بۆ خۆتان باستان کرد  دیار بوو کۆبوونەوەیەکیان لە کۆشکی سپی کرد بوو تڕامپ گوتبووی با هێرش بکەین چونکوو ئێران زۆرتر لەو ئەندازەی کە لە ڕێکەوتنی ناوەکی دا باس کرا بوو ئۆرانیۆمی پیتاندووە. بەڵام فەرماندە نیزامییەکان و تەنانەت پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوە گوتبووی ئەو شەڕە دەتوانێ تەواوی ناوچەکە دابگرێ بە باوەڕی ئێمە کارێکی باش نییە و ئەگەر سەربازی ئەمریکایی بکووژرێ ئەوە هاسانتر دەبێ بۆ تڕامپ.

قازی: باشە کاتێک کە دەڵێی شەڕی بەرتەنگ مەبەستت چییە یانی پێت وایە هەر بە بۆمبارانێک شتێک دەست هەڵ دەگرن؟ شتی وا دەبێ؟

مەتین: بەڵێ مەبەستەم بۆ وێنە ئەوەیە کە ئەمریکا بچێ لە نەتەنز بدا، یان بۆ وێنە لە پێگەکانی هێزی دەریایی ئێران بدا لە خەلیجی فارس. لە هێندێک شوێن کە پێیان وایە ئەنباری مووشەکی لێیە. بەڵام بە تایبەتی لە شوێنە ناوەکییەکانی ئێران لە نەتەنز یان شوێنەکانی دیکە بدا، دوای ئەوە وڵامی دیکەی ئەمریکا بەستراوەتەوە بە وەی کە ئێران چ کاردانەوەیەک نیشان دەدا. چووزانم ئەگەر ئێران مووشەک لە پێگەکانی هێزە ئەمریکاییەکان لە عێڕاق هەڵکا یان لە عەڕەبستان یان شوێنێکی دیکە دیارە ئەوجار ئەمرێکا ئەو هێرشە وڵام دەداتەوە یانی حالەتێکی بە قەولی ئینگلیسیان تیت فۆر تەت  ( لێدەی لێت دەدەم)  دێتە پێشێ هەر ئەو هێرشێک دەکا و ئەمریکاش وڵامێکی دەداتەوە بۆیەش ئەو شەڕە ڕەنگە بە فکری ئەوەی کە بەرتەنگە دەست پێ بکرێ بەڵام زۆر بە هاسانی وەزعەکە دەتوانێ لە کۆنتڕۆڵی هەر دووک لا دەربچێ و شەڕێکی گەورەتر بێتە پێشێ.

قازی: لە ئەگەری ڕوودانێکی ئاوا دا ئایا ئەوە تەئسیر دەکا لە سەر دەوروتەسلیمی ئیدارەی ئەمریکا؟ یانی بایدنی بایدن وەدرەنگی بخا؟

مەتین: تا ئەو جێگایەی من لە قانوونەکانی ئامریکا ئاگادار بم نەخێر. دەبێ تڕامپ سەری وەختی خۆی بڕوا بەڵام لە هەمان حاڵ دا زۆر دوور لە زەینە کە سەرۆک کۆمارێکی تازە بێ دژ بە سەرۆک کۆمارێکی ئەمریکا کە وڵاتی ئەمریکای بردووەتە ناو شەڕ بە ئاشکرا دژایەتی بکا یان شتێک بڵێ  کە دژ بەو شەڕە بێ یانی دواجار لە هەموو حاڵەتی شەڕ دا جۆڕە هەست و کوڵی ناسیۆنالیستی پێک دێ لەهەموو شوێنێک و لەوانە لە ئەمریکاش. بەڵام لە ڕووی قانوونییەوە بایدن لە ٢٠-ی ژانڤییە بایدن بۆ کۆشکی سپی و ئەگەر لەو کاتدا شەڕێک هەبێ من پێم وایە بایدن ڕەنگە بییەوە تەواوی کا بەڵام ناشتوانێ حاڵەتێکی ئاوا وەپێش بگرێ کە وا دیار بێ ئەمریکا تەسلیمی ئێران بووە. یان ویستی ئێرانی لەبەر چاو گرتووە بێ ئەوەی کە ویستی خۆی دابسەپێنێ.

قازی: با ئەو کاتەی کە ماومانە تەرخان بکەین بۆ بایدنی بایدن. یانی ئەگەر جۆ بایدن لە ٢٠-ی ژانڤییەی ٢٠٢١ دەست بەکار بکا لەگەڵ جێگرەکەی خانمی کامالا هاریس پێت وا هەیە کە بایدنی بایدن و هاتنی دێمۆکڕاتەکان و ئەو ئیحتیمالەی کە لە سەناش دا بتوانن زۆربایەتیان هەبێ  یانی ئەگەر کورسییەکانیشیان وەک یەک بێ ئەو دەمی جێگری سەرۆک کۆمار مافی دەنگی هەیە وەکوو سەناتۆرێک. پێت وایە ئەوە چ ئاڵوگۆڕێک لەگەڵ خۆی دێنێ؟ چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی جیهانی دا، بەتایبەتیش لە پێوەندی لەگەڵ دۆزی کوردستان دا دەزانین کە بایدن کاتێک کە سەناتۆر بوو لە سەنای ئەمریکا لە ئەیالەتی خۆی لە دێلاوێر و دواتریش لە دوو خولی ئیدارەی ئۆباما دا جێگری سەرۆک کۆمار بوو هەم سیاسیترە لە ئاغای تڕامپ، و هەمیش ئاشناترە لەگەڵ پرسە نێونەتەوەییەکان و بە تایبەتی لەگەڵ مەسەلەی کوردیش. تەنانەت ئەو دەمی کە سەناتۆر بوو جارێک باسی ئەوەی کرد کە پێویستە عێڕاق دابەش بکرێ بە سێ بەش و ئێستاش لەو دواییانە دا گرتەیەکی ڤیدێئۆیی ئاڕشیڤی پاڕڵمانی هەرێمی کوردستان بڵاو بووەتەوە کەلەگەڵ سەناتۆرێکی پارتیی کۆمارخواز لە پارڵمان بووە و قسەی کردووە بۆ پارڵمان و بەرگری لە دۆزی کورد کردووە. پێت وایە لەو پێوەندییانە دا هیچ ئاڵوگۆڕێکی جەزری، هیچ ئالوگۆڕێکی ڕادیکاڵ لە سیاسەتی  دەرەوەیی ئەمریکا دا پێک دێ یان نا؟


مەتین: ڕەنگە بتوانین لە دوو ئاست دا چاو لەوە بکەین. لە ئاستی نێونەتەوەیی و جیهانی دا بە بڕوای من ئیدارەی بایدن هەوڵ دەدا ئەو تاک ڕەوییەی دەوڵەتی تڕامپ وەلا بنێ و سیاسەتێکی فرەلایەنە یانی مۆلتی لاتراڵ کە پێشتر ئەمریکا بەڕێوەی دەبرد ئەوە دووبارە زیندوو بکاتەوە، دیسان ئوڕووپا لە خۆی نزیک بکاتەوە و  جەبهەیەکی یەکگرتوو لەگەڵ ئوڕووپا دروست بکەن و فۆکووسیان دیسان هەر لەسەر چین دەبێ بەڵام  لەسەر ڕووسیاش دەبێ. ئێوە دەزانن کە تڕامپ لەگەڵ ڕووسیا پێوەندی خۆش بوو و زۆر دۆستانە بوو و تەنانەت زۆر باسی ئەوە دەکرا کە ڕووسیا و پۆتین و ئەوانە رٶڵیان هەبووە لەوەیدا کە تڕامپ وەختی خۆی هەڵبژاردنی بردووەتەوە و گورزیان لە بەربەرەکانی هەڵبژاردنی کلینتن داوە. ئەمن پێم وایە کە دێمۆکڕاتەکان بە گشتی و بایدن هەر وەک جاران لە چوارچێوەی سەردەمی شەڕی سارد دا بیر دەکەنەوە و ڕووسیا و چین بە تایبەتی بە رەقیبی جیدی خۆیان دەزانن و هەوڵ دەدەن لە سەر ئەوان فوکوس بکەن بەڵام  بە شێوەیەکی یەکگرتوو کار بکەن نەک ئەو جۆرەی تڕامپ زۆر تاک ڕۆیانە دەیکرد. لە ئاستی ناوچەییش دا ئەمن پێم وایە ئەو کاردانەوەی دەبێ ئەگەر دەوڵەتی بایدن بییەوێ بە پێچەوانە دەوڵەتی تڕامپ لەگەڵ دەوڵەتی ڕووسیا هێندێک توندوتێژتر بجوولێتەوە و بیانەوێ دەستوپێی هێندێک بەرتەنگ بکەن ئەوە خۆی لەخۆی دا دەبێتە هۆی ئەوە پێوەندی دەوڵەت و ئیدارەی بایدن لەگەڵ تورکیا  زۆر جیاواز بێ لەو پێوەندییەی کە دەوڵەتی تڕامپ هەیەتی. یانی بایدن قەتعەن ئیزن نادا و قبووڵ ناکا تورکیا پێوەندی ئاوا نزیکی لەگەڵ ڕووسیا هەبێ  و مووشەکی ئێس – ٤٠٠ ی ڕووسیا بێنێ   و سیستێمی بەرگری ناتۆ بخاتە ژێر مەترسییەوە و بۆخۆشی بەر لە هەڵبژاردن باسی کردووە کە تورکیا دەبێ قەرار بدا لەگەڵ ناتۆیە، لەگەڵ ئەمریکایە یان لەگەڵ ڕووسیایە؟ ناتوانێ لەگەڵ هەر دووک لا بێ. و باسی ئەوەی کردووە کە دواجار دەبێ سنوورێک دابندرێ بۆ تورکیا لەناوچەکە دا، چووزانم لە ڕۆژهەڵاتی مدیتەرانە، لە لیبی، لە ئازەربایجان، لە کوردستانی باشوور، لە سووریا لە زۆر شوین تورکیا هێندێک دەستێوەردانی کردووە ئەو باڵانسە ناوچەییەی کە هەبووە تێک چووە و دەوڵەتەکانی دیکەی ناوچەشی هان  داوە کە ئەوانیش سیاسەتی تاک ڕۆیانەی خۆیان هەبێ بۆ وێنە ئەوە ئیماراتە، ئەوە عەڕەبستانە، ئەوە کوەیەتە و ئەوە فڵان و بێهمانە. بۆیە ئەمن پێم وایە ئیدارەی بایدن قەتعەن سنووری بۆ دادەنێ و بە شێوەیەکی توندتر لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دەدوێ. هەوڵ دەدا هێزە ناوەکییەکەی  ئێران بەشێوەیەکی هێمنانەتر و ئاشتیانەتر کۆنتڕۆڵ بکەن، هەرچەند ئەمن پێم وایە ئەوە زۆرکارێکی دژوار دەبێ چونکوو گوشارێکی زۆر لە سەر بایدنە کە مەسەلەی پڕۆژەی مووشەکی و هەڵسوکەوتە ناوچەییەکانی ئێران حەتمەن گرێ بدرێ لە ڕێکەوتنێکی ناوەکی دیکە کە ئێران دەڵێ بە هیچ جۆر لە جۆرەکان ئێمە ئەوە قبووڵ ناکەین. جا ئیدی ئەوە چەندە دەتوانن لە ڕێگای دانوستاندن و وتوێژ  ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن دیار نییە بەڵام ئەمن پێم وا نییە بەو هاسانییە بێ بۆ  ئێران کە بەهاتنی بایدن هەموو شتێک بگەڕێتەوە سەر پێش سەردەمی تڕامپ. بەو هاسانیانە نابێ. ئەو شتانەی کە باستان کرد ئەوەی کە بایدن سەمپاتی هەیە بۆ دۆزی کورد لە باشوور وایە، دیارە ئەو پێشینەیە هەیە و ڕەنگە هەر بەو ئەندازەیەی کە ڕۆڵی تورکیا کەمتر دەکرێ بە هۆی گوشاری بایدن دیارە هەر بەو شێوەیەش ئەمن پێم وایە هێزە کوردەکان دەستی باڵاتریان دەبێ، لە هەڵکەوتێکی باشتر دا دەبن  بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە باکووری کوردستان. 


قازی: زۆر باشە زۆر زۆر سپاست دەکەم بەڕێز دوکتور کامڕان مەتین  بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.

مەتین:  زۆر سپاس بۆ ئێوە و بۆ بینەرانی ئێوەش.

قازی: دیسان سپاس، بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە گەیشتینە کۆتایی بەرنامەی ڕاوێژی ئەمجارەشمان تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.  

  سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە  







 

No comments: