Sunday, December 18, 2022

هەڤپەیڤینی حەسەن قازی لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە شۆڕشی ژن لە ڕۆژهەڵات وئێران، چوارشەمە ٥-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢

 

 

هەڤپەیڤینی حەسەن قازی لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە شۆڕشی ژن لە ڕۆژهەڵات وئێران، چوارشەمە ٥-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢

حەسەن قازی: ژن، ژیان، ئازادی. بینەرانی خۆشەویست لە ماوەی ١٩ ڕۆژی ڕابردوو دا، واتە لە ١٦-ی سێپتامبر بە دوای کووژرانی ژینا ئەمینی لە تاران، یانی مەرگی بێ بەزەییانەی ئەو گەنجە، ئەو کچە کوردە شەپۆلی ئیعتراز و ناڕەزایەتی تا ئێستا زوربەی ئێرانی داگرتووە کە ئێستا لە ڕۆژی نۆزدەهەمی داین. زۆر لە چاوەدێرانی سیاسی باسی ئەوە دەکەن ئەو خەباتەی ئێستا، ئەو ناڕەزایەتی و پڕۆتێستەی ئێستا ڕووی لە بنج و بناوانی ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی یە و زۆر زەحمەتە بتوانێ ڕێژیم لەو قەیرانە خۆی ڕزگار بکا. ئێمە لەم بەرنامەیە دا دەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی کە بۆ ئێوە سیمایەکی ناسراوی زانستییە لەو بارەیەوە زۆر بە دوور و درێژی قسە دەکەین

مامۆستا زۆر زۆر بەخێر بێی بۆ بەرنامەی ڕاوێژ

پرۆفێسۆر عەبباس وەلی: سپاست دەکەم مامۆستا! زۆر مەمنوونم

قازی: بەر لە هەموو شتێک لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ڕا دەست پێ بکەین. دەزانین دروشمێکی هاوشێوەی وەک " ئازادی، بەرابەری و برایەتی " لە پێش شۆڕشی فەڕانسەوە هاتووەتە گۆڕێ و یەک لەو دروشمانەیە دنیای داگرتووەو ئێستا بەرەو ئەوە دەچین دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" ئەو دەورە بگێڕێ و بەڵکوو لە سەروبەندی ئێمە دا دەورێکی گرینگتر بۆ مۆبێلیزە کردنی خەڵک، بۆ بەسیخی خەڵک بگێڕێ. مەسەلەیەکی دیکەی زۆر بەرچاویش سەبارەت بەو ئاخێزەی ئێستا، ئەو ئیعترازو پرۆتێست و داواکارییانەی ئێستای کە هەیە ئەویش دەوری ژنانە، دەوری ڕێبەرایەتی ژنان زۆر ئازایانە و بەجەرگانە لە هەموو کەلێن و کولێنێک لە ئێرانێ هاتوونەتە پێشێ، لە شارە گەورەکان، لە هەموو ناوچە میلییەتییەکان لە ئێران و لە دەرەوەی وڵاتیش لە زۆر جێگایان، لە گۆڕە پانان، لە پارڵمانان، لە زۆر جێگا پشتیوانی دەکرێ لە داوخوازییەکانی ژنان، یانی دەکرێ بڵێین ئەوە شۆڕشێکی ژنانە کە ژنان رێبەریی دەکەن. ئەمن پێم خۆش بوو لەو دروشمە ڕا دەست پێ بکەین دە پێوەندی دەگەڵ ڕێبەرایەتی ژنان لەو بزووتنەوەیە دا. فەرموو.

وەلی: گرینگی ئەو دروشمەی ئەوەیە بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ڕاشکاو ژیان و سیاسەت لەیەک گرێ دەدا. بە شێوەیەکی ئیجابی یا پۆزیتیڤ. واتە سیاسەت و ژیان پێکەوە هەمیشە لێک گرێ دراون و پێکەوە مەڕبووتن و چارەنووسی ئەوانە هەمیشە دەبێ دەگەڵ یەک بخوێندرێتەوە. ئەو دوانە لێک جوێ نین. جا ئەو دروشمە ژن، ژیان، ئازادی لە قۆناغی ئێستا دا، لە قۆناغی ئێستای ئێرانێ دا، لەو سێ حەوتوویەی دا بووەتە هۆی هووییە یان پێناسەیەکی تازە و هاوبەش دە بەینی گەلەکانی ئێرانێ دا، لە بەینی تەواوی ئەو کەسانەی کە لە کۆمەڵگاکانی جوورواجووری ئێرانێ دا دەژین بەڵام هووییەی چینایەتیان هەیە، هووییەی نەتەوەیی و زمانی و فەرهەنگی جیاوازیان هەیە بەڵام ئەو دروشمە توانیویەتی کە ئەوانە کۆ بکاتەوە و جوورێک هووییە یان پێناسەیەکی هاوبەش دروست بکا کە وەکوو چەترێک تەواوی ئەو کەسانەی کە موعتەریزن بە جمهووری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنی جمهووری ئیسلامین ئەوانە دەخۆیدا کۆ بکاتەوە و وەکوو چەترێک بێ بەسەریانەوە و لە ناو خۆیدا ڕایان بگرێ. لێرە دا گرینگی ئەو هووییە هاوبەشە ئەوەیە کە فەرقێکی ئەساسی هەیە دەگەڵ تەجروبە و ئازموونە سیاسییەکانی پێشوو لە ئێرانێ. بۆ وێنە زۆر لە شۆڕشی ١٩٧٩ یان ١٣٥٧-ی جیاوازە. لێرە ئێمە باسی هووییەتێکی دەکەین، باسی بەرەیەکی ناکەین کە هێندێک هێزی سیاسی هاتبن کاریان لە سەر کرد بێ، دروشمەکانیان دیاری کرد بێ، ئەو دروشمە هووییەتی ئەو بەرەیەی نیشان دابێ. و ئەو بەرەیە وەختێک کە دروست بووە کەسان یان ئەو هێزانەی دەو بەرەیەی دا بوون مەجبوور بووبن بۆ ئەوەی یەکگرتوویی ئەو بەرەیەی ڕابگرن مەجبوور بوون هووییەتی خۆیان یا داپۆشن یان بە شێوەیەکی دیکە باسی هووییەتی خۆیان نەکەن. لێرە وەزعەکە فەرقی هەیە. دەو هووییەی گشتی دا کە هاتووەتە پێشی یانی لە سەر بنەمای ئەو دروشمەی " ژن، ژیان، ئازادی" وانییە. لێرە دا بەلووچەکە وەک بەلووچ بەشدارە بەڵام دروشمی ژن، ژیان،ئازادی دەدا، کوردەکە وەکووکورد دێرە دا بەشدارە بەڵام دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەیە. تورکی ئازەربایجانی هەر وەتر، عەڕەبی ئەهوازی هەر وەتر. ئەوانە هەموویان کە لێرە دا بەشدارن دە عەینی کاتدا لێرە حەموو ئیعتیڕاف بەو هووییەیەی گشتی دەکەن، ئیعتیڕاف بەو هووییەی هاوبەش دەکەن لە هەمان حاڵدا هووییەکانی تایبەتی خۆیان و ئەو سیاسەتانەی کە لە سەر ئەو هووییەتە تایبەتییانە داندراون ئەوانە لە جێگای خۆی دەمێنێتەوە یانی ئەو دروشمە و یەکگرتووییەکی هووییەتی کە لە سەر ئەو دروشمە دروست کراوە نابێتە هۆی ئەوە کە هووییەتە جیاوازەکان ئینکار بکرێن، لە بیر بچن. وەلا بندرێن. ئەوە بۆ خۆی شتێکی زۆر سەرەکی و گرینگە لێرە نیشان دەدا کە ئیمکانی وەی هەیە کە شتێکی وەکوو بەرە نە بە شێوەیەکی کلاسیک کە بەرە دروست دەکرا، بەڵکوو بە شێوەیەکی زۆر مۆدێڕن ئێمە بتوانین لە سەر بنەمای ئەو هووییەتە، کەسانی دیکە، هێزی دیکە بە هووییەتی جیاواز لێرە وەخڕ بکەین کە حەموو یەک شتیان بوێ بە بێ ئەوەی کە بترسێن ئەلئان کە هاتن دەو بەرەیەوە، هاتنە ژێر چەتری ئەو هووییەتە مەجبوور دەبن کە هووییەت یان پێناسەی تایبەتی خۆیان لە دەست بدەن. ئەوە حالەتی ئیجابی ئەو بابەتەیە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە کە هێزێکی زۆر، ئەنێرژییەکی زۆر، ئەنێرژییەکی بێ سنوور لە پشت سەری ئەو دروشمەی و دە چوارچێوەی ئەو پێناسەیەیدا کە لێرە دروست کراوە، ئەوە پێناسەیەکی نەتەوەیی بۆ وێنە کوردی یان بەلووچ نییە کە خۆی دە بەرانبەر نەتەوەی ئێرانێ یان فارسدا تەعریف بکا، نا، ئەو پێناسە موشتەڕەکە خۆی دە بەرانبەر ڕێژیمی دیکتاتۆری جمهووری ئیسلامیدا تەعریف دەکا و ئەوانەی کە دەو بەرەیدا هەن، ئەوانەی کە ئەوهووییەتەی وەخۆ دەکەن و قبووڵیان کردووە و دە ژێر چەتری ئەو هووییەتەی دا ڕاوەستاون و خەبات دەکەن و چالاکی سیاسی دەکەن و یان چالاکی گوتمانی دەنووسن و قسان دەکەن ئەوانە حەموویان دە پێوەندی لەگەڵ ئەو وەزعەی کە لە گۆڕێ دایە، ئەو وەزعەش ئەوەیە کە جمهووری ئیسلامی دەبێ بڕوا، جا خودی هەدەف یان ئامانجی کۆبوونەوە دە ژێر چەتری ئەو هووییەیدا نیشان دەدا ئەو هووییە هاوبەش و یەکگرتووە بۆخۆی حاڵەتێکی زۆر شۆڕشگێڕانەی هەیە، بە بێ ئەوەی کە هیچ جوورە ئیدیعایەکی وای هەبێ.

قازی: باشە ئێستا پێش ئەوەی بێینە سەر دەوری ژنان و لەو پێوەندییە دا باسی لێوە بکەین پێم خۆش بوو هێندێکیش لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، لە ڕوانگەی فەلسەفەی کۆمەڵایەتییەوە باسی ئەو دروشمە بکەی. بۆ وێنە ئەوەی کە سەرەتی دەدرێ بە ژیان دە بەرانبەر مەرگ دا، یا ژن کە لە کۆمەڵ دا چەوساوەتەوە و وەکوو جینسییەتی دووەم قسەی لێوە کراوە. مەبەستم لایەنی فەلسەفییە.

وەلی: بە وردی ئەمن کە گوتم ئەوە سیاسەت و ژیان لێک گرێ دەدا، ئەوە دە حەقیقەت دا باسی ژیان سیاسەت دەکا ئەگەر بمانەوێ بە لەفزی فەڕانسەیی یان ئینگلیسییەکەی بڵێی بیۆ پالیتیکس، بایۆ پالیتیکس. یان بە فارسی دەتوانی بڵێی زیست سیاسەت و بە کوردی پێی بڵێی ژیان سیاسەت یان سیاسەتی ژیان ئەوانە لێک گرێ دەدا و گوتم ئیجابی یە، پۆزیتیڤە چون ئەوە دەیەوێ ئەو دەسەڵاتەی کە پێشی گەشەکردنی ئەو ژیانە دەگرێ، پێشی ژیانێکی باش، ژیانێکی سەرکەوتوو دەگرێ و بە هەر پێوانە و ستانداردێک باسی ژیانێکی باش بکەی ئەو پێشی دەگرێ، دەیەوێ ئەوەی لە بەین بەرێ، لێی تێپەڕێ و لێرە دا بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی گشتی لە ژێر چەتری ئەو هووییەی هاوبەش، هووییەی یەکگرتوو و هاوبەش دەیەوێ ژیانێکی سەرکەوتوو، ژیانێکی موتەعالی دروست بکا. بۆیە ئەو دروشمە ئیجابییە و هەر وەها باسی ژیان دە چوارچێوەیەکی گشتی دا دەکا، ئەوە دە عەینی حاڵدا کە ماهییەتێکی چینایەتی نییە، بەڵام دە عەینی حاڵدا چینی جیاواز حەموو تێیدان وئەوانە دەشزانن چینی جیاوازن، دەزانن کە موشکیلاتی چینایەتی دەبەینی ئەوانە دا هەیە، نەتەوە یان ئێتنیسیتەی جیاوازیشی تێدا هەیە ئەوانەش دەزانن کە لە هەلومەرجی ئاسایی دا پێکەوە موشکیلاتی سیاسییان هەیە کە دەبێ چارەسەر بکرێ وەکوو نەتەوەی کورد کە دەزانێ دە چوارچێوەی ئێرانێکی کە لە ساڵی ١٩٠٥ ڕا دروست کراوە هووییەکەی ئینکار کراوە. دەزانێ کە دەبێ سیاسەتێک بێتە پێشێ کە ئەو هووییەیە حاشا لێکراوە قبووڵ بکرێ، ڕێزی لێ بگیرێ و هەر وەتر تەواوی ئەو حقووق و مافانەی کە دواخوازی دەکا، ئەوەی دەیەوێ دەبێ ئەوانەی بدرێتێ بەڵام دە هەمان کاتدا ئەوە نابێتە ئاستەنگ دەگەڵ ئەو کەسانەی کە هووییەی فارسیان هەیە، زمان و فەرهەنگ و ئێتنیسیتەی فارسیان هەیە، دەگەڵ وان لە ژێر چەتری ئەو هووییەیدا یەک نەگرێ.، لە کاتێکدا دەزانێ کە ئەو هوویەیەی کە هەم نیزامی شاهەنشاهی و هەم نیزامی جمهووری ئیسلامی داویانە بە گۆیا هووییەی نەتەوەیی ئێرانێ هەموو لە ئێتنیسیتە و زمان و فەرهەنگی فارس وەرگیراوە و کورد و تورکی ئازەربایجانی یا بەلووچ و یا عەڕەب دەوێدا هیچ دەوریان نەبووە و باسیان نەکراوە.

قازی: ئەگەر ئێستا ىێینە سەر دەوری ژنان!

وەلی: لێرە دا دیسان ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە گوتم ژیان لە سیاسەت گرێ دەدا دیارە سیاسەت بە بێ دەسەڵات نابێ، سیاسەت پێوەندیی دەسەڵاتیی یە، یا پێوەندی ئەو هێزانەیە کە لە گرووپەکانی دەسەڵات دا هەڵدەسووڕێن بە دوای بەرژەوەندی خۆیانەوەیانن و دەو بەرژەوەندییەیدا پێکەوە تەسادوم دەکەن، ئیختیلاف دە نێوانیان دا پەیدا دەبێ، جاری وایە ناکۆکی چینایەتی، جاری وایە ناکۆکی نەتەوەیی، جاری وایە ناکۆکی جینسییەتی، جاری وایە ناکۆکی فەرهەنگی و هتاد دێتە پێشێ. بەڵام گرینگ ئەوەیە وەختێک ئەوانە ئاوا لێک گرێ دراون مەسەلەی دەسەڵاتە. مەسەلەی ژن نامەوێ بڵێم بە شێوەیەکی تەبیعی، بە شێوەیەکی بە تەواوی ڕوون و بەڕچاو کە بۆچی دەبێ لێرە دا بەو شێوەیە بێتە گۆڕێ. لەبەر ئەوەی لە نیزامی جمهووری ئیسلامیدا ژن حاڵەتێکی تایبەتی هەیە، لەو بابەتەیەوە کە هووییەی ژنانە ، هووییەی جینسییەتی، هووییەی جێندری ژنانە نوختەی تەلاقی، گرێ درانی دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتی دەگەڵ دەسەڵاتی ڕێژیمی باب سالارانەیە. وە ئەو گرێ دراوییە لێرە دە ئوسوولی شەریعەتی ئیسلامیدا کە بنەمای حقووقی جمهووری ئیسلامییە، ئەو پێوەندییەی دەسەڵات و باب سالاری لێرە دا بەشێوەی قانوونی، بە شێوەی کۆدی قانوونی داڕێژراوە و ئەو کۆدی قانوونییە جوورێکە ئەگەر تەماشای بکەی تەواوی ئەو قانوونانەی کە دەپێوەندی دەگەڵ ژن و بەدەنی ژن و شەخسییەت و ماهییەت و هووییەتی ژنە ئەوانە حەموو حاڵەتی سەلبییان هەیە. حەموو حاڵەتێکە کە دەیەوێ ئەو بەدەنەی کۆنتڕٶڵ بکا و کۆنتڕۆڵی ئەو بەدەنەی پێویستە بۆ ئەوەی کە ئەو پێوەندییەی نێوان دەسەڵاتی سیاسی دەگەڵ باب سالاری دە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلامیدا یان تەفسیر و لێکدانەوەی زۆر ویشک و مونجەمید لە ئوسوولی ئیسلامی ئەو پێوەندییانە ڕابگیرێ و لە عەمەل دا وەختێک کە بۆ وێنە تەئکیید دەکەن ژن حەتمەن دەبێ خۆی داپۆشێ، لێرە ئەو لەچەکە، ئەو چارشێوە، یان ئەو ڕووسەرییەی ژنی، یان هەر شتێکی کە ژنانەیی ئەو مەوجوودەی، ئەو ئینسانەی لێرە دادەپۆشێ ئەوە بۆخۆی سەمبوولی دەسەڵات و قودرەتە، جا بۆیە کە لێرە دا دەڵێین ژن، ژیان، ئازادی، ژن بە شێوەیەکی ئاسایی لە نیزامی جمهووری ئیسلامی دا دە بەرانبەر دەسەڵاتدا ڕاوەستاوە، ئەوە ئەویدیکەی دەسەڵاتە، کە پاتریارکی و هێزی سیاسی سوڵتەیەکیان دروست کردووە کە ئەو سولتەیە بە ڕێگای ئیدێئۆلۆژی زاڵی ڕێژیم، کە ئیدێئۆلۆژییەکی ئیسلامی یە، هەر وەتر بە ڕێگای نیزامی حقووقی و قەزایی ڕێژیمی کە سەرچاوەی لە شەریعەتی ئیسلامی دایە ئەوانە بێ پسانەوە لە سەرکوتکردنی ژنان دا، داسەپاندنی ئەو قانوونگەلە بە سەر ژنان دا، ون کردنی ژنان، دەحەقیقەتدا حیجاب ون کردنی هووییەتی ژنانە، بێ هووییەت کردنی ژنانە، یانی ژن تەنێ دەکرێتە جەستەیەک کە یا دەبێ کار بکا، یا دەبێ منداڵ بێنێ ئەوە هیچ جوورە هووییەتێکی ئینسانی کە بتوانێ ئەو سابجێکتیڤیتی ئەو عامیلییەتی سیاسی، عامیلییەتی فەرهەنگی و عامیلییەتی گوفتمانی یە بە پێی خۆی،بە پێی ئینسانییەت و بە پێی عامیلییەتی خۆی هەڵسووڕێنێ لێی وەرگیراوە. بۆیە وەختێک ئێمە دەبینین دەو شۆڕشەی دا، دەو ڕاپەڕینەی دا، دەو هەستانەی دا کە ئێمە ئەلئان لە ئێرانێ دەیبینین لە هەموو بەشەکانی ئێرانێ، لە کوردستانێ هەر وەتر بۆ وێنە ئەمڕۆ سنە دیسان هەستاوە، دوێنێ لە دیواندەری ئێعتراز هەبوو، ئەلئان دیسان ئیسفەهان لەو لای هەستاوە، ئەوەی کە لە ئێرانێ هەیە بە کردەوە نیشان دەدا کە دروستە ژنی کورد، هووییەی نەتەوەیی کوردی هەیە یان ئێتنیکی کوردی هەیە، ژنی فارس هووییەی نەتەوەیی فارسی یان ئێتنیکی فارسی هەیە هەر وەتر ژنەکانی کۆمەڵگاکانی دیکە لە ئێرانێ بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە ئەو یەکگرتنەی هێناوەتە پێشێ، ئەوانە حەموو ژنن، ئەوانە حەموو بە شێوەیەکی دروست دە بەرانبەر دەسەڵات دا ڕاوەستاون و ئەو ڕاوەستانە، ڕاوەستانێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی یە.

قازی: زۆر باشە ئەمن داوام ئەوەیە وڵامەکان هێندێک کورتتر بێ بۆ ئەوەی کە بکرێ وڵامی حەموو پرسیارەکان بدرێتەوە. دەزانین کە لەو ٤٣ ساڵەی تەمەنی جمهووری ئیسلامی دا زۆر ناڕەزایەتی، خۆپیشاندان و پڕۆتێست کراوە و ئەوانە لەگەڵ سەرکوتی توندو تیژ بەرەو ڕوو بوون. و ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠٩ بەم لایەوە لەبەر چاو بگرین، بۆ وێنە ئەو فێڵەی کە لە زەمانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دا کرا لە زەمانی ئەحمەدی نژاد دا، ئەوە هەتاکوو ئێستا هاتووە. ئەگەر ئێمە بمانەوێ بەراوەردکارییەک بکەین جیاوازی ئەو هەستان و ئاخێزەی ئێستا لەگەڵ ئەوانەی پێشوو لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی، سیاسییەوە چییە و بێجگەلە دەوری ژنان، دە ڕاستیدا باسی دەوری لاوان دەکرێ کە وەچەیەکی تەواو نوێن و جیاوازن لەوانەی کە پێشووتر لە شەقامان بوون. باسی ئەوە دەکرێ لە زوربەی شارەکان و ئەو جێگایانەی کە ئێعتراز و پڕۆتێستیان لێ دەکرێ ئەوە بەرەی لاوە، ئەوە وەچەی گەنجە کە بەشدارییان تێدا دەکا.

وەلی: لە ڕوانگەی هووییەتییەوە هەستانەکانی پێشوو بۆ وێنە ئی ساڵی ١٣٧٨ کە لە زانکۆی تاران و هێندێک لە زانکۆکانی دی پڕۆتێست و چالاکی بەڕێوە چوو، لە جێدا ئەوە هووییەتێکی تایبەتی هەبوو. ئەو هووییەتە توانیبووی لە نێو خوێندکارانی زانکۆی دا ئەو یەکێتییەی ساز کا بەڵام لە دەرەوەی زانکۆی نەیتوانی ئەو پێوەندییەی لەگەڵ خەڵکی دروست کا. هەر وەتر پاش وی ئێمە هەستانی ساڵی ١٣٨٨ مان هەیە، ئەوەی کە پێی دەڵێن " جنبش سبز" لەوێش ئەو جووری کە دەڵێن ئەوە بەشی زۆری تارانی بوو و ئەگەر ئی تارانیش نەبوو ئی شارە گەورەکان بوو و دەو هەستانەیدا چینی ناوەندی ڕۆڵێکی زۆر گەورەیان هەبوو و چینەکانی دیکە بە تایبەتی چینە بن دەستەکان دە هەستانی جنبش سبز دا دەورێکی وایان نەبوو. و هووییەتی چینایەتی نەیهێشت کە ئەوە بڵاو بێتەوە لە لایەکەوە، لە لایەکی دیکەشەوە سیاسەتی ئەو کەسانەی کە ئەو هەستانەیان دەگێڕا یانی لە ڕووی دیسکۆرش/ گوفتمانییەوە ئەو بزووتنەوەیان ڕێبەرایەتی دەکرد و تەنانەت لە ڕووی ڕێکخراویشەوە هاتن کە ڕێبەرایەتی بکەن، ئەوەی کە گرینگ بوو لێرە ئەوان لە بەرەی ئیسلاح تەلەبی لە ئێرانێ بوون و ئەوان نەیان توانی دیسکۆرسەکەیان لە ویلایەتی فەقیه بەولاتر بەرن. واتە ڕێژیمەکەیان قبووڵ بوو. هەر وەتر هەستانی ساڵی ١٣٩٦ و ١٣٩٨ ئەوانە هەر یەکەی هووییەتی تایبەتییان هەبوو، ئەگەرچی ٩٦ و ٩٨ بە شێوەیەکی زۆر ڕاشکاو دە بەرانبەر جمهووری ئیسلامیدا بوو بەڵام نەیتوانی ئەو هووییەی هاوبەشە ساز بکا واتە هووییەتێکی هاوبەشی کە نە ئێتنێسیتەی هەبێ، نە ڕەنگی نەتەوایەتی، نە ڕەنگی چینایەتی، نە ڕەنگێکی فەرهەنگی تایبەتی. ئەوە ساز نەکرا، بەڵام ئەمجار ئەوە دروست کراوە. ئەوە تایبەتمەندییەکی گەورەیە. تایبەتمەندییەکی دیکەش ئەوەیە کە ئەمجار بۆ جاری یەکەم لە ساڵی ١٣٥٧/ ١٩٧٩-ی زاینییەوە کە شۆڕشی گەورەی ئێران کرا و لە دوایە نێوی شۆڕشی ئیسلامییان لێ نا، لەو دەمێوە تەقریبەن ئەوە تەنیا هەستانێکی، تەنیا ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری یە، سەرتاسەری بە مانای ئەوەی لە تەواوی ئێرانێ هەیە، ئەوە تەنانەت دەبینی لە دوڕگەی قیشم چالاکی هەیە، لە شیرازێ هەمانە، لە مەشهەدێ هەمانە، لە ئیسفەهانێ، لە سنەی، لە مەیوان و سەقز و بانە و مەهاباد هەیە، هەر ڕۆژەی لە جێگایەکی، هەر سەعاتی لە جێگایەکی. ئەوە گرینگییەکی زۆر زۆر زۆر تایبەتی هەیە لەو بابەتەوە کە سەرتاسەری بوونی ئەو حەڕەکەتەی بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێژیم دەستپێشخەریی لۆجیستیکی لە دەست بدا. ئەگەر پێشتر لە سنەی بوو، یان لە تاران بوو، یا لە ئیسفەهان بوو، یا لە مەشهەد بوو ڕێژیم دەهات ئەوانەی ئیزۆلە دەکرد، هێزەکانی لە بەشەکانی دیکەی ئێرانێ دێنا دەوری ئەوانەی دەدا، گەمارۆی دەدان و بە توندی سەرکوتی دەکردن، لە دوایە هێزەکان دەچوونەوە سەر جێگای خۆیان. ئەلئان ڕێژیم وەختێک کە دەبینێ ئەو هەستانە، ئەو ڕاپەڕینە سەرتاسەری یە لە ئێرانێ نە بە ئەندازەی کافی هێزی هەیە و نە دەتوانێ دە عەینی کاتدا لە چەندین جێگایان بە شێوەیەکی چالاک و کاریگەر عەمەڵێ بکا. بە کردەوە ئەو کارەی کە ئەلئان ڕێژیم دەیکا، لە بەر ئەوەی سەرتاسەری یە دەبینی کە ڕێژیم هێز بەکار دێنێ، ڕێژیم کوشتار دەکا بەڵام ڕێژیم ستراتێژییەکی یەکگرتووی بۆ بەربەرەکانی و ڕووبەڕووبوونەوە دەگەڵ ئەو ڕاپەڕینە نییە. ئەوەش گرینگییەکی دیکەیە.

قازی: ئەی دەوری لاوان دەو پێوەندییە دا؟

وەلی: دەوری لاوان زۆر گرینگە لێرە ئەویش بە کردەوە نیشان دەدا کە ئەلئان قەیرانی کە ئەمن پێشتریش باسم کردووە و هەمیشە تەئکیدم دەکرد قەیرانی دەبێ وەکوو پڕۆسەیەکی ببینین و لەو پڕۆسەی دا قەیران لە قۆناغی جیاواز تێپەڕ دەبێ و دەچێتە قۆناغێکی دیکە و لە هەر قۆناغەیدا قەیران تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئێمە لە ساڵی ١٣٨٨ بەو لاوە دەبینین کە ئاخرین شانسی ڕێژیمی ئەو بوو کەشەرعییەتی سیاسی خۆی لە سەرڕا دابمەزرێنێتەوە. لە ساڵی ١٣٨٨ ئەو شانسەی لە دەست دا ، لە ٨٨ تا ٩٨ ئێمە دیتمان کە بە خێرایی، لە ڕاستیدا بە خێراییەکی زۆر ڕێژیم ئەو شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەی کە لە ساڵی ١٣٥٧ بە دەستی هێنا بوو ئەوەی لە دەست دا. ئەلئان پاش ئەوەی کە قەیرانی شەرعییەت یا مەشرووعییەت خڵاس بوو ئێمە هاتووینە ناو قۆناغی قەیرانی حاکمییەت، قەیرانی حاکمییەت ئەوە بوو وەکوو ئەلئان ئێمە دەیبینین کە ڕێژیم تەواوی ئەهرومەکان، تەواوی ئامرازەکانی دەسەڵات و بەکارهێنانی دەسەڵاتی دە دەست دایە بەڵام ناتوانێ بە کاری بێنێ. مەجبوورە کە تەنێ و تەنێ زەخت، کوشتن، کوشتار، حەبس کردن و سەرکوت کردن بەکار بێنێ و وەزعی خۆی ڕابگرێ، یانی بەو مانایەی کە دەسەڵات نەک تەنیا حاڵەتی مەشڕووعییەتی خۆی لە دەست داوە بەڵکوو قانوون گرینگی خۆی لە ئێرانی ئێستا لە دەست داوە. جێگای قانوون زەبر و زەنگ گرتوویەتەوە. یانی ئەو زەبر و زەنگەی کە دەبوو لە پشت قانوون دا بێ ئەلئان وەپێش قانوون کەوتووە. لێرە دا گەنجان هەستاون، جەوانان هەستاون بۆ چی وایە، لە بەر ئەوەی لە هەر ڕێژیمێکدا، بە تایبەتی ڕێژیمە دیکتاتۆرییەکان، ڕێژیمی ئەوانەی کە پێیان دەڵێن تەمامییەت خواه، ڕێژیمی تۆتالیتێر و ئەوانە، ئامرازی دەسەڵاتی یا زەبر و زەنگە یا قانوونە، یا ئیدێئۆلۆژییە. ڕێژیمی ئێرانێ زۆر زۆر پشتی بەستبوو بە ئێدێئۆلۆژی زاڵی ئیسلامی سیاسی خۆی کە بێ پسانەوە ماهییەت و کاراکتێرێکی شۆڕشگێڕانەی پێ دەدا بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی خۆی دا. ئەوەی کە دەیگوت پانتایی سوڵتەی ئێمە دەگاتە لوبنانێ، دەگاتە یەمەنێ دەگاتە سووریای، دەگاتە فڵان جێگای. بێ پسانەوە ئەوەی دەگوت بەڵام ئەلئانەکە کاتێک قەیرانی شەرعییەت بەو جێگایەی گەیشتووە کە شەرعییەت نەماوە بەو شێوەی ئەوە زۆر گرینگە لەو بابەتەیەوە کە تەواوی ئەو سەرمایە دانانەی کە لە سەر کۆنتڕۆلی ئیدێئۆلۆژیک بە ڕێگای فەرهەنگەوە، یانی وەکوو کۆنتڕۆڵی نەرم – کە ئەوان پیی دەڵێن ئامرازی نەرم - ، وەختێکی شەرعییەت نەماوە ئیدێئۆلۆژی فەشەل بووە، وەختێک ئیدێئۆلۆژی زاڵ فەشەل بووە، شەرعییەت نەماوە فەشەل بووە ئەو تەئسیری تەجهیز و سازماندان و جەزب لە نێو جەوانان دا لە بەین چووە و جەوانان باوەڕیان بەو هەدەفە غاییەی کە سازکردنی کۆمەڵگایەکی ئیسلامی و ئینسانێکی ئیسلامی بەرز و والا بوو نییە و دەزانن کە ئەوە حکوومەتێکی گەندەڵە، شەرعییەتی ئیدێئۆلۆژیکی نەماوە بۆیە وەختێکی کە خودی ڕێژیمەکە مەشڕووعییەتی ڕووخا جەوانەکانیش بەو کۆنتڕۆلەی کە لە سەریان داندراوە لە جێدا باوەڕیان پێی نەماوە و هەر وەتر دەو مودەتەیدا دەبینین باوەڕیان پێ نەماوە کە هیچ دەوبەینەی دا دژایەتیشی دەکەن، بەربەرەکانێ دەکەن دەگەڵی و بە دژی هەستاون. وە جەوانان ئێستا لە ئێرانێ. لە گرووهی تەمەنی نێوان ١٦ ساڵ تا ٢٥ ساڵ دان دەو ڕاپەڕینە دا پاش ژنان دە دەرەجەی دووەمی ئەهەمییەت دان و کۆنتڕۆڵی جەوانان لەو مەوریدە دا زۆر زەحمەتە، لە بەر ئەوەی کە ئەوان زۆر زوو یەکتر دەگرنەوە، قودرەتی تەحەروکیان یەکجار زۆرە، حەساسییەتیان نیسبەت بە وەزعەکە، نیسبەت بە دۆخەکە زۆرە، فکرێکی جەوان زۆر تەئسیرپەزیرترە، بۆیە جەوانان ئەلئان پاش ژنان دە دەرەجەی دووەمی گرینگیی دان لەو ڕاپەڕینەیدا بەڵام سەبەبی ئەسڵییەکەی ئەوەیە کە دە ڕاستیدا ڕێژیم هیچی نەماوە کە بیدا بەو جەوانانە. جەوان لە ئێرانێ هیچ تەسویرێکی لە داهاتووی خۆی نییە. کە ئەگەر دەرس دەخوێنێ، دەچێتە زانکۆی لەبەر چی بۆچی؟

قازی: ئێستا پێش ئەوەی کە بگەینە سەر مەسەلەی تایبەتی کوردستان پێم خۆش بوو زۆر بە کورتیش باس بکەی هێندێک لە چاوەدێرانی سیاسی دەو ماوە کورتە دا، چونکە ڕووداوەکە بەو شێوەیە چاوەڕواننەکراویش بوو بەو شێوەیە ، بەڵام باسی ئەوە دەکەن ئەو جار زۆر زەحمەتە کە کۆماری ئیسلامی لە تەواوەتی خۆیدا بتوانێ جارێکی دیکە پشت ڕاست کاتەوە و بێ ئەملا وئەولا بەرەو ڕووخان دەڕوا، ئەگەر بەرەو ئەوەش نەڕوا لە زۆر لایەن ڕا مەجبوورە پاشەکشە بکا لە دڕێژە دان بە داسەپاندنی حیجابی ئیجباری. جەنابت ئەو مەسەلەیە چۆن دەبینێ بەڵام تکایە بە کورتی بۆ ئەوەی بگەینە مەسەلەی کورد و کوردستانیش.

وەلی: دیارە، ئەلئان ئێمە دە حەفتەی سێیەمی ئەو ڕاپەڕینەی داین. دیارە دەو شازدە، حەڤدە ڕۆژەی دا ئەو ڕاپەڕینە و داوخوازییەکانی ئەو ڕاپەڕینە لە قۆناغی ئەوڵێ کە دەستی پێکرد لەوەی تێپەڕ بووە دروستە کە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی " ماوە بەڵام ئەلئانەکە مەسەلەی حیجاب، لابردن و کەشفی حیجاب لە داوخوازە قبووڵکراوەکانی ئەو کەسانەن کە لە ڕاپەڕینەکە دا بەشدارن، ئەوەی کە جێی گرتووەتەوە و خەڵک بەرەو ئەوەی دەڕوا ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامییە. و بە کردەوە دەبینی کە مەسەلەی حیجابی بۆ خۆی یا ئازادیی ژنی، بەدەنی ژنی، فکری ژنی و مەوجوودییەتی ژنی لەوەی بەستراوەتەوە کە ئەو نیزامە، ئەو ڕێژیمە نەمێنێ. یانی ئێستا ویستەکانی ژنان ئەوەندە ڕادیکاڵ بووە کە بە کردەوە مەسەلەی حیجاب هەر ئەوە نییە کە ڕێژیم بڵێ بەڵێ حیجاب ئیختیاری بێ، ئیجباری نەبێ. بە کردەوە ژنان خۆشیان ئەوانەی کە چالاکن، ئەوانەی کە لە خەتی ئەوەڵی خەبات و چالاکی بە دژی ڕێژیمی ئیسلامی دان ئەوانە بە کردەوە دەزانن کە ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامی شەرتی ئەساسی بە دەست هێنانی ئامانجی وانە.
 

قازی: زۆر باشە ئێستا بێینە سەر مەسەلەی کورد. دیارە وەک دەزانی لە ٢٨-ی سێپتامبر، لە ٦-ی ڕەزبەر جمهووری ئیسلامی هێرشێکی زۆر قێزەوەن، دڕندانەی کردە سەر هێندێک لە مەکۆ و شوێنی حاوانەوەی خەڵکی سیڤیل کە سەر بە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و دیارە هێندێکیشیان پێشمەرگە بوون و لە ناو ئەوانە دا ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگەکان یان ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، پارتیی ئازادیی کوردستان شەهید بوون و ژمارەیەکیش لە ناو دوو لە ڕێکخراوە کۆمەڵەکان بریندار بوون، دیارە ئەو هێرشانە لەو دەمییەوە یانی لە ٢٨-ی سێپتامبرەوە هەر بەردەوام بووە بە شێوەی تۆپ باران کردنی ناوچە سنوورییەکان و ئەو جێگایانەی کە ئەوان پێیان وایە پێشمەرگەی لێیە. بەڵام هەر چۆنێک بێ بە پێی لێکدانەوەی چاوەدێرانی سیاسی و ئەوانەی لە نزیکەوە بارودۆخەکە تەعقیب دەکەن ئەوەیە کە هەدەفی ئەساسی ڕێژیم لەو کارەی ئەوە بووە کە کارێکی ئاوا بکا حیزبە سیاسییەکانی کوردستان کە بە تایبەتیش لە چاو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی ئێران زیاتر ڕێک خراون و لە ڕووی نیزامیشەوە چەکدارن. کارێکی ئاوا بکەن هێرشی چەکداری بکەن یا بە چەک وڵام بدەنەوە و ئەوە ببێتە زەمینەیەک یان بیانوویەک کە ئەو بزووتنەوەیە بە لاڕێدا بڕوا و ڕاپەڕینە گشتییەی کە لە ژێر دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی " دا تەنیوەتەوە و هەموو کەس داوخوازی خۆی تێدا دەبینێتەوە لەوە لابدرێ، بەڵام چاوەدێران پێیان وایە کە سازمانە سیاسییەکان زۆر بەشێوەیەکی مەسئوولانە و بەرپرسانە جووڵاونەتەوە و لە بەرانبەر ڕێژیم دا گوتوویانە سەرەڕای ئەو جوورە هێرشانەش ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی کردن و بە دەنگەوە هاتنی کۆمەڵانی خەڵک و داواکانیان و بۆ دروستی ئەو قسەیەش داوای مانگرتنی گشتی کە ڕایان گەیاند بوو لە حەوتووی ڕابردوو دا دە ڕاستیدا ئەو مەسەلەی سەلماند کە ئەوان ئەو ڕێبازە درێژە پێدەدەن، بەڵام دەزانین کە هەموو هێزەکانیش دە چوارچێوەیەکی یەکگرتوو دا بەیەکەوە نین جا لەو زەمینەیە دا پێم خۆش بوو یەک سەبارەت بە هەڵوێستی هێزە سیاسییەکان نەزەری جەنابت بزانم و دووش لە ئەگەری ڕووخانی ڕێژیم دا یا شل بوونەوەی دەسەڵاتی ڕێژیم لەو ناوچانە مەسەلە چۆن دەبینی. ئێستا باسی ئەوە کرا کە خەڵک لە ژێر دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی " دا هەموو یەک دەگرن بەڵام ڕاستییەکیش هەیە ئێمە هێشتا نابیسین لەو هێزانەی کە بە تایبەتی زۆر بە مەسەلەی مەرکەزەوە بەند و گرێدراون سەبارەت بە داوخوازییەکانی گەلی کورد، هووییەتی گەلی کورد. فەرهەنگی کورد هەڵوێستیان چییە؟
 

وەلی: ئەمن پێم وایە و پێشتریش کوتوومە، لە چەند جێگایان کوتوومە کە ئەو هەڵوێستەی هێزە سیاسییە کوردیەکان گرتوویانە هەڵوێستێکی دروستە. بە باوەڕی من مەعقوول و مەنتقی یە و ئەوە هەڵوێستێکە جوورێک بینش و دیتنی درێژخایەنی تێدایە ئەوەش نییە کە فەورەن، دەفعەتولساعە، کاردانەوە نیشان بدەن بە کارەکانی حکوومەت. بە نەزەری من ئەو هەڵوێستە دروست بووە، دەتوانێ بەشێک لە ستڕاتێژی دروست بێ بۆ ئەوەی ئەگەر سبحەینێ ئەگەر ڕێژیم کەوتە قۆناغی ڕووخانێ پێویستە چ بکەن. ئەوە ئەڵبەتە دەبێ ڕوون بکرێتەوە. ئەوە هەڵوێستێکی دروست بوو. بەعزە کەسێک ئەو دەمی، ئەلئانیش دەبینین دەڵێن نا ئەوە دروست نەبووە و دەبوو هێزە کوردییەکان دەبوو دەست بکەنەوە، دەبوو دەرگیری شەڕی چەکداری دەگەڵ ڕێژیم بن. گریلا و پێشمەرگەی بنێرنەوە بۆ وڵاتی. بە باوەڕی من ئەوە سیاسەتێکی غەڵەتە دە شەڕایتی فێعلی دا و هێزە کوردییەکان نابێ ئەو کارەی بکەن. دە حەقیقەتدا لەبەر ئەوەی کە ستڕاتێژی ڕێژیمی لەبەر وەحشتی لەو هووییەتی یەکگرتووی کە ساز بووە و هاتووەتە پێشێ و دەو هووییەیدا کوردان دەورێکی گەورەیان هەیە چون وەکوو هێزی سیاسی دروستە لە دەرەوەی وڵاتین بەڵام لە ناوخۆی وڵاتی نفووزیان هەیە وەکوو هێزی سیاسی، ئەوانە ئینسیجامی سیاسی و تەنانەت ئیدێئۆلۆژیکی زۆرتریان هەیە نیسبەت بە هێزی نەتەوەکانی دیکە لە ئێرانێ دا. جا ڕێژیم حەولی خۆی و سەرنجی خۆی لە سەر کوردەکان کۆ کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەوەی بکاتە ئامانجی هێرشی خۆی بۆ ئەوەی ئەو هووییەتە یەکگرتووە هاوبەشەی بشکێنێ. ئەگەر ئەوەی بشکێنێ کوردستان دەتوانێ ئیزۆلە ببێ، ئەو دەمی تەواوی هێزی نیزامی خۆی، تەنانەت باسی ئەوەی دەکەن کە فاظمیون لە سووریای ڕا بێننەوە و حەشدی شەعبی بێنن لە عێراقێ ڕا...

قازی: دەڵێن ئەوانەیان هێناوە بۆ بەلووچستان

وەلی: جا ئەو دەمی ئەوانە حەموو بخەنە کوردستانێ. کوردەکان هەرچەندێکیش شوجاعانە و جەسوورانە لە بەرانبەر هێزی حکوومەتێ دا ڕاوەستن لە درێژخایەندا ناتوانن شەڕێکی مونەزەم بکەن و ئەوە بە تەواوی مەعلوومە دەبێ دیسان پاشەکشەی بکەن و ئەو پاشەکشەیە شکستێکی گەورە دەبێ هەم لە نەزەر مادییەوە، هەم لە ڕووی تەلەفاتی گیانییەوە و لە حەمووی گرینگتر شکستێکی ستڕاتێژیکی گەورە دەبێ. بۆیە هێزە کوردییەکان ئەوەی کە بێدەنگیان کردووە لە بەرانبەر حکوومەتدا، دە بەرانبەر ستڕاتێژی حکوومەتدا ئەوە هێزە کوردییەکانن کە ئیبتیکاری عەمەلیان بە دەستەوەیە. یانی ئەوانن کە حکوومەتی وا لێدەکەن کە دیسان بەردەوام بێ لە سەر ئەو جۆرە هێرشانە بەڵام بە جێگەیەک ناگا. و لە دوو مانگرتنی گشتیش کە لە کوردستانێ کرا کە زۆر باش بەڕێوە چوو نیشان دەدا کە خەڵکی کوردستانێ، جەماوەری کوردستانێ لە ڕۆژهەڵاتی بە کردەوە و لە ڕووی فکرییەوە عەقڵانییەت و مەنتقی ئەو ستراتێژییەی بێدەنگییە دەرک دەکەن و پشتیوانیشیان لێ کرد. ئەوە زۆر باشە، بە باوەڕی من دەبێ هەر لە سەر ئەو ڕێبازە بەردەوام بن بەو شێوەیەی بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوە ئەلئان کافییە بەڵام بۆ سبحەینێ کە ئێمە لەم قۆناغەی ئێستا تێپەڕ دەبین ئەگەر ئەو ڕاپەڕینە بەردەوام بێ دوو حەفتە، سێ حەفتەی دیکە ئەو دەمێ ئێمە دێینە ناو قۆناغێکی دیکە لەو ڕاپەڕینەی کە فکری دیکە، تاکتیکی دیکە و بۆچوونی دیکەی هەیە کە چۆن دەگەڵ حکوومەتێ ڕوو بە ڕوو بن. لێرە دا ئەمن دەمەوێ بڵێم ئێستا فورسەتی وەی هەیە کە حەموو هێزە کوردییەکان لە دێمۆکڕاتەوە بگرە تا کۆمەڵەکان و پەژاک و کۆدار حەموویان بەیەکەوە پێک بێن بە نەزەری من ئیمکانی وەی هەیە چون دوژمنێکی یەکگرتوو لە ڕووبەڕوویان ڕاوەستاوە و بە هەموو جوورێک لێیان دەدا. ئەو هێزانە ئەگەر بیانەوێ لەو سەدەی تێپەڕن دەبێ ئەو یەکگرتووییەی ئێستا بپارێزن، ئەو یەکگرتووییەی کە هەیانە بیپارێزن و ئەوە پەرە پێ بدەن. پەرە پێدان ئەوەیە ئەوە زۆر فکرێکی باشە کە ئەگەر ستادێکی موشتەڕەکی فکری ستراتێژیکیان هەبێ کە فکر لەوەی بکاتەوە کە ئەگەر سبحەینێ هاتوو نیاز بە عەمەلیات بوو ئایا دەتوانن کە هێزێکی یەکگرتووی موشتەڕەک و فەرماندەییەکی موشتەڕەک بنێرنەوە ئێرانێ یان نا؟ چون ئەوە یەکجار یەکجار شتێکی گرینگە. ئەمن لێرە ڕوو لە هێزە کوردییەکان دەکەم و دەڵێم لە ئازموونی باشووری لە تەجروبەی باشووری فێر ببین ئێمە. با ئەو تەجروبە تاڵە دووپاتە نەبێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی. ئەگەر بێتو ئەو ڕێژیمە بڕووخێ با ئێمە زۆنی زەرد و کەسک و فڵان و ئەوانەمان نەبێ. ئەلئان دەقیقەن بیست ساڵ، بیست و یەکساڵە کە دەسەڵات لەوێ هەیە لە باشووری بەڵام هێشتا هێزێکی یەکگرتووی نیزامییان نییە،بوودجەیەکی یەکگرتوویان نییە، سیاسەت داڕشتنێکی یەکگرتوویان نییە، ئەوە فەزیحەتە، ئەوە لە داخ و جەخار دەردەچێ، ئەوە کارەسات و فاجیعەیە. ئێمە دەبێ نیشان بدەین کە عەقڵانییەتمان هەیە، ئەو مەنتیقەمان هەیە کە ئەوەی دەرک بکەین کە دەبێ ئەو تەجروبە تاڵە، ئەو فاجیعەیە لە ڕۆژهەڵاتی تیکرار نەبێتەوە.

قازی: یانی پێت وایە لە فازی یەکەم دا ئەو یەکگرتووییە دەبێ لە سەر بنەمای وەتاغی فکری و لایەنی سیاسی دابمەزرێ؟

وەلی: وەتاغی فکری نا، ستادێک. وەتاغی فکری ئەوەیە کە ئەمن و ئەتۆ و چەند نەفەری دیکە دەتوانین وەتاغی فکری دروست کەین. بەڵام ستاد ئەو لایەنانە دەیکەن کە هێزیان هەیە. وەتاغی فکری لایەنەکە کە هێزەکەی دە دەستی دا نییە نەڵام ئەوانە هێزیان هەیە. جا ئەو هێزە، کەمە زۆرە نازانم بەڵام هەر چۆنێک بێ ئەوانە هێزیان هەیە وەختێک هێزیان هەیە دەتوانن ستادێکی عەمەلیاتی دروست کەن کە ئەو ستادە بۆ هەر عەمەلێک دەبێ فکرێکی یەکگرتووی لە پشت سەر بێ.

قازی: زۆرباشە، ئێستا ئێمە دەزانین کە ناوەندێک هەیە بە ناوی " ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران" کە دەوە دا چەند حیزب هەن هەموو حیزبەکان نین. لە لایەکی دیکەش کۆمەڵە ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەیە لە ناوچە و هەر وەها پەژاک هەیە، کۆدار هەیە کە پەژاک لە چوارچێوەی ئەو پێکهاتەیەی ناوەند دا نییە پێت وایە ئەوە پێویستییەکی دەستبەجێ یە کە ئەو هاوکارییە قەتعییەن دەبێ هەبێ یان پێت چۆنە؟

وەلی: بە باوەڕی من پێویستە ئەو هاوکارییە هەبێ. بە باوەڕی من ئەلئانەکە وەختی وەی هاتووە، پەژاکیش دەبێ تێبینییەکی تازەی لەمەڕ هەڵوێستەکان و ئوسوولی خۆی هەبێ ئەوە زۆر گرینگە. هەر وەتر پەژاک دەبێ بە باوەڕی من ئەو تورموزانەی، ئەوشتانەی کە لە سەرێتی لە ڕووی فکری و لە ڕووی عەمەلییاتییەوە ئەوانە ئەلئان دەبێ لا بچێ، حەیاتی یە کە دەبێ لا بچێ. وەختێک ئەوانە لا بچێ پەژاک دەتوانێ دە مەیدانێکی تازە دا دەگەڵ هێزەکانی دیکە دەو ستادی عەمەلیاتییە دا بەشدار ببێ. جا ئیدی پاش وەی کە ڕێژیم ڕووخا ئەو ستادی عەمەلییاتییە چۆن تەحەول و تەکامول پەیدا دەکا ئەوەی ئەمن ناتوانم بڵێم ئەلئان.

قازی: یانی ئەگەر کورتی ببڕینەوە مەبەستت ئەوەیە کە دەبێ لە تەجروبەی نزیکی حەڕەکەتی سیاسی کوردی دەرس وەربگیرێ.

وەلی: بەڵێ، ئەوەی دووپاتە دەکەمەوە ئەلئان وەختی ئەوە هاتووە کە حەموو حیزبەکان بە تایبەتی پەژاک لە هەڵوێستە ئێدێئۆلۆژیکەکانی خۆیان کە بووتە هۆی پێشگرتن لە پێکهێنانی ستادێکی ئاوا بەوانە دا بێنەوە و تێبینی تازەی لە سەر بکەن و هێندێک مانیع و تورموز هەیە بە تایبەتی لە سەر پەژاکی دەبێ ئەوانە لا بدرێن.

قازی: زۆر باشە، زۆر سپاست دەکەم بەڕێز عەبباس وەلی بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.

وەلی: زۆر سپاست دەکەم، زۆر مەمنوون

قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە گەیشتینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان، هیوادارم ئەو قسانەی بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباس وەلی بەرچاو روونییەک بووبێ بۆ هەڵسەنگاندی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران هەیە. تا ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش

تێبینی: ئەم بەرنامەیە چوارشەمە شەو ٥-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ بە شێوەیەکی زیندوو لە ستێرک تیڤی یەوە بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی بەرنامەکە بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیووب دا ببینن.

https://www.youtube.com/watch?v=W5eIr3Ta_Ds&t=966s


No comments: