Monday, December 19, 2022

هەڤپەیڤینی تەلەفۆنی کامیل مەرەسەنە لە تێلێڤیزۆنی ئاریەن لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە شۆڕشیی ژن لە ڕۆژهەڵات و ئێران، یەکشەمە شەو ٢-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢

 

هەڤپەیڤینی تەلەفۆنی  کامیل مەرەسەنە لە تێلێڤیزۆنی ئاریەن لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە شۆڕشیی ژن لە ڕۆژهەڵات و ئێران، یەکشەمە شەو ٢-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢

کامیل مەرەسەنە: کاک عەبباس ئەمڕۆ ١٦ ڕۆژە گەلانی ئازادیخواز لە ئێران لە مەیدانەکانن هەر چەند ماوەی ئەو ڕاپەڕینە تەنیا ١٦ ڕۆژی بە سەر داتێپەڕیوە بەڵام ئەم ١٦ ڕۆژە هەڵگری پەیامی گرینگن و تەنانەت وەک وەرچەرخانێکی مێژوویش دەبیندرێ و باسی لە سەر دەکرێ بۆ ئێران، واتا گفتومانێکی هاوبەش لە ناو گەلاندا هاتووەتە ئاراوە کە پێشتر نموونەی نەبووە. کاک عەبباس ئێوە پێشتر باستان لە ڕووخانی ئێتنیکی کردووە پێتان وایە ئەوەی کە ئێستا لە ئێراندا ڕوو دەدات بە واتای ڕووخانی ئەم دیوارە ئێتنیکییانە دێن یان بڵێین سەرەتایەکی باش دەستی پێ کردووە؟

پرۆفێسۆر عەبباس وەلی: ئەمن لێرە با بڵێم. ئەمن باسی ڕووخاندنی دیواری ئێتنیکم نەکردووە، باسی تێپەڕاندنی دیواری ئێتنیک، تێپەڕبوون لە دیواری ئێتنیکم کردووە. ئەوە بەو شێوەیەی دروستە. ئەمن فکر دەکەم ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵات دەیبینین و هەر وەتر لە ئێران ئەوە جوورێک پێناسە یان ناسنامەی هاوبەش/ موشتەڕەک هاتووەتە پێشێ، ساز بووە کە لە پشتی دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" کە ئەو پێناسەیە، ناسنامەیە یان ئەو هو وییەتە  هاوبەشە هیچ جوورە تایبەتمەندی و خەسڵەتی ئێتنیک  یا چینایەتی یان حەتتا جینسییەتی و فەرهەنگی نییە و ئەوانەی کە لەو بزووتنەوەیە دا بەشدار بوون دەگەڵ ئەو هو وییەتەی یەک دەگرنەوە لەبەر ئەوەی کە ئامانجێکی یەکگرتوویان هەیە و ئەو ئامانجەش تێپەڕ بوون لە دیکتاتۆری مەزهەبی و ئایینی لە ئێران و ڕووخاندنی ڕێژیم و نیزامی ویلایەتی فەقیه لە ئێرانێ. جا بۆیە ئەو قسەیەی کە ئەمن دووساڵ، دووساڵ و نیو لەمەوبەر کردم کە  ئەگەر ئامانجی ئێمە تێپەڕین لە ڕێژیمی جمهووری ئیسلامییە، ئەگەر ئامانجی ئێمە ڕووخاندنی رێژیمی جمهووری ئیسلامی لە ئێرانێ یە  دەبێ کوردەکان لە دیواری ئێتنیکی خۆیان  تێپەڕن و لە عەرسە و گۆڕەپانێکی زۆر بەرفرەوانتر، کە گۆڕەپانی سیاسەتی ژیانە/ زیست سیاسەتە لە ئێرانێ دا دەگەڵ کۆمەڵگاکانی دیکەی ئێرانی چ ئازەربایجانی بێ، چ گیلەک بێ، چ عەرەب بێ، چ بەلووچ بێ یەک بگرێ و لە سەر بنەمای یەکگرتنێکی تایبەتی کە ئامانجەکەی ڕووخاندنی جمهووری ئیسلامی یە پێکەوە کار بکەن. ئەمن ئیستیدلالەکەم ئەوە بوو کە تا زەمانێکی کوردەکان کە دەیانەوێ جمهووری ئیسلامی بڕووخێنن و بێنەوە کوردستانێکی ئازاد، سیاسەتەکەیان لە پشت دیواری ئێتنیک حەبس کراوە ناتوانن هو وییەتێکی یەکگرتوو دەگەڵ گەلەکانی دیکەی ئێرانێ ساز بکەن ئەو ئامانجەی ڕووخاندنی جمهووری ئیسلامی  هیچ وەختێکی وەدی نایە. ئیستیدلالەکە ئەوە بوو کە کوردەکان بە تەنێ، کۆمەڵگای کوردی بە تەنێ و هەموو حیزبە کوردییەکانیش بەیەکەوە ئەگەر موتەحیدیش بن بە تەنێ ناتوانن، ئەو تواناییەیان نییە کە بتوانن بە تەنێ جمهووری ئیسلامی بڕووخێنن و ڕووخاندنی جمهووری ئیسلامی، ساز کردنی ڕاپەڕینێکی هاوبەش و شۆڕشێکی هاوبەش بە دژی خمهووری ئیسلامی پێویستیی ئەوەیە کە لە تایبەتمەندییە سیاسییەکانی ئەو دیواری ئێتنیکە تێ پەڕین  و بێینە ناو گۆڕەپانی سیاسەتی گەورەی زیدی دیکتاتۆری لە ئێرانێدا. بەڵام ئەوەی کە عەرزم کردی ئەو دەمی زۆر ئیرادیان لە من گرت گوتیان کە ئەو نەزەرە، ئەو تێورییە بەو مانایەیە کە کورد دەبێ تایبەتمەمدییەکانی نەتەوەیی، سیاسەتی خۆی فڕێ بدا، دەستیان لێ بکێشێتەوە، فەرامۆشیان بکا. نەزەری من ئەوە بوو کە نا، مەسەلەکە لە جێدا ئەوە نییە ، نەزەری من پێکهێنانی بەرەیەکی یەک ڕەهەندی و یەک دەنگی وەک ساڵی ١٩٧٩ یان ساڵی ١٣٥٧ نییە کە هەموو لە پشت شعارێکی کە جۆرە حکوومەتێکی دیاری دەکرد، ئەویش جمهووری ئیسلامی بوو، باسی بەرداشت و مەفهوومێکی تایبەتی لە ئازادی دەکرد ئەویش ئازادییەک بوو کە جمهووری ئیسلامی دەویست بە خەڵکی بدا. یا باسی ئیستقلال/ سەربەخۆییەکی دەکرد کە جمهووری ئیسلامی مەبەستی بوو. ئەوانە نییە. لەبەر ئەوەی کە لە ساڵی ١٣٥٧ بۆ ئەوەی شتێکی ئاوا وەدی بێ ئەوانەی کە بەشدار بوون دە بەرەکەی ١٣٥٧ دا ئەوانە وەختێک هاتنە ناو بەرەکە ئەو زەختەیان لە سەر بوو لە تایبەتمەندییەکانی پێناسەی خۆیان، تایبەتمەندییەکانی ناسنامە و هووییەتی خۆیان  و تایبەتمەندییەکان داوخوازەکانی تایبەتی سیاسەتەکەی خۆیان وەلا بنێنن. ئەلئان ئەو جوورەی کە ئەمن دەمگوت و ئەو جوورەی کە ئەلئان لە ئێرانێ هاتووەتە پێشێ ئەوەیە کە ئەو هووییەتی یەکگرتووە کە دروست بووە  لە پشت دروشمێکی وەکوو ژن، ژیان، ئازادی هیچ وەخت، لە هیچ بەشێک، یا هیچ هێزێک، تاکێک یا ڕێکخراوێک بێ لە پشت ئەو دروشمەوە و لەگەڵ ئەو هوویەتە هاوبەشە یەک دەگرێتەوە، هیچ وەخت کەس لەوانەی ناوێ کە تایبەتمەندییەکانی پێناسەی خۆی، تایبەتمەندییەکانی هووییەی  خۆی و هەر وەتر داوخوازە ئەساسییە سیاسییەکانی خۆی وەلا بنێ. ئەوە نییە. ئەلئانەکە زۆر لەگەڵ زەمانی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩فەرقی هەیە. ئەلئان ئەو هێزانەی کە خۆیان دەگەڵ ئەو هووییەی هاوبەش یەک دەبینن و حەموویان بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە پشت سەری دروشمی ژن، ژیان، ئازادین حەموو دەزانن کێن، تایبەتمەندییەکانیان چییە، حەومووشیان دەزانن داوخوازەکانیان چییە بەڵام حەمووشیان دەزانن ڕەهەندی موشتەڕەک، وەجهی موشتەڕەک، زەمینەی موشتەرەکی ئەوانە دەگەڵ کوردەکان، دەگەڵ تورکی ئازەربایجانی، دەگەڵ بەلووچ، دەگەڵ عەڕەب، دەگەڵ تورکەمەن و دەگەڵ فارس ئەوانە چن. واقعەن ئەوانە حەموو دەزانن کە چۆن تایبەتمەندییەکانی خۆیان دەو چوارچێوەیدا بپارێزن و نیازیش نییە نە ئینکاری بکەن و نە فڕێی دەن و نە دەستی لێ بکێشنەوە

مەرەسەنە: باشە مامۆستا عەبباس ئەوەی کە باست کرد، لە ناوخۆی ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە بەرچاوە. وەک سەرەتا باسم کرد لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئێمە توانیمان ئەو پەیامە یا با بڵێین خوێندنەوەیەکی بەم جۆرە لە ڕاپەڕینی ئەمجارە بکەین. بەڵام ئەگەر تەماشای خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات دەکەین پرش و بڵاوێکی پێوە دیارە، جا بمانەوێ و نەمانەوێ وەکوو ڕەخنە بێ یاوەکوو مرۆڤ ناتوانێ ئینکاری بکات. لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن نەیانتوانیوە بگەنە گوفتمانێکی هاوبەش، ئەوەی کە ئێمە دەیبینین، ئەوەی کە ئێمە ڕووماڵی دەکەین تەنانەت  هێندێک جار بە زەق کردنەوەی هێندێک دروشم و پلاکارد ئەوە  دەردەخەن کە خواستێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو دیوارە ئێتنیکییانە نییە ئەوەی کە ئێوە ئاماژەتان پێ کرد، بەڵکوو زۆر جاریش ئەوە دێتە بەرچاو کە ئەمە زیاتر زەق بکرێتەوە، ئەم جوداییە زیاتر زەق بکرێتەوە. پێت وایە ئەمە دەتوانێ زیان بەو گوفتمانەی ناوخۆی گەلانی ئێران بگەیێنێ؟

وەلی: بێ تەڕدید دەتوانێ، بەڵام ئەمن پێم وایە کە ئەو هێزانەی لە دەرەوەی وڵاتن لە نەزەر فیزیکییەوە لە وڵاتی دوورن و هەر وەتر ئەلئانەکە فکر ناکەم تەئسیرێکی هێندە گەورەیان لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان لە ناوخۆی وڵات دا هەبێ. بەڵام ئەوە بێ تەردید ئینعیکاس و پەژواکێکی زۆر خراپی هەیە، دیارە لە دەرەوەی وڵات هێشتاش  خەتە ئیذێئۆلۆژیکەکان لە سەر جێی خۆیان ماون ئەمن بۆ وێنە بیستوومە بەشێک لە کوردەکان بە ئاڵای تایبەتی حیزبەکەی خۆیانەوە دەچن بۆچالاکی، بۆ وێنە بیستوومە تەنانەت ئەوانەی کە خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستان بوون بۆ وێنە ئەوان بە ئاڵای تایبەتی خۆیان و  بە دروشم و شەمایل و عەکسی ڕێبەرایەتی تایبەتی خۆیان جوونە چالاکی و ئاڵای کوردستانیان بردووەتە وێ. دروستە ئێمە حەموومان بە جوورێکی تەعەهودێکمان  نیسبەت بە ئاڵای کوردستانی هەیە، تەعەهودێکمان بە پێناسە و ناسنامەی کوردی خۆمان هەیە بەڵام وەزعێکی کە ئەلئان ستڕاتێژییەکە ئەوەیە  کە ئێمە دەمانەوێ ئەو هووییەتە موشتەرەکە، ئەو هووییەتە هاوبەشەی کە دروستمان کردووە، ئەو هووییەتە هاوبەشەی کە بە شێوەیەکی تاریخی لە مێژووی ئێرانێدا، و لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانێدا بێ مانەندە. یانی ئەگەر تەماشای بکەین لە ساڵی ١٣٥٧ بەملایەوە هیچ هەستانێک، هیچ جووڵە و هەستانێک، هیچ حەڕەکەتێک نەبووە کە لە چەند ڕۆژان زیاتر دەوام بێنێ و هیچ هەستانێک نەبووە کە ناوچەیی و مەنتەقەیی و ئوستانی یان تەنانەت شارستانی  نەبووبێ و ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە حکوومەتی جمهووری ئیسلامی ئەو جێگایەی گەمارۆ ندا بۆ وێنە لە تاران بووە، یا سنە و مەریوان و کرماشان بووە یا شیراز بووە، یا زەمانێکی مەشهەد بووە، یا بۆ وێنە دەبینین لای ئیسفەهان و ئەوانە بووە. بەڵام بەشی زۆری تارانە و چەند جاریش لە بەشەکانی کوردستاندا بووە. بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر ناوچەیی و لە مەنتەقە بە مەنتەقە و زۆر ئوستانی بووە ئەو قابلییەتەی داوە بە جمهووری ئیسلامی، کە قابلییەتێکی لۆجستیکی زۆر باڵای داوە بە جمهووری ئیسلامی. جمهووری ئیسلامی توانیویە هێز بجووڵێنێ لە مەشهەدێ ڕا بێنێتە تارانی، لە ئیسفەهانێ ڕا بێنێتە تارانێ، لە تارانێ ڕا بیباتە کرماشانێ، لە کرماشانێ ڕا بیباتە سنەی، هەر وەتر لە ئازەربایجانێ ڕا بیهێنێتە جێگای دیکە و ئەوانە گەمارۆ بدا و سەرکوتیان بکا. ئەلئانەکە دوو تایبەتمەندی زۆر گەورەی ئەو ڕاپەڕینەی ئێستا ئەوەیە یەک، ئەو ڕاپەڕینە سەرانسەرییە، بەو مانایەی کە لە زۆر جێگای ئێرانێدا ئەو ڕاپەڕینە بەردەوامە، لە زانکۆکان. لە شارەکان بەردەوامە و بە شێوەیەکە کە جمهووری ئیسلامی، هێزە ئەمنییەتییەکان و سەرکوتگەری جمهووری ئیسلامی ناتوانن پێشبینی بکەن کە سبحەینێ مەسەلەن چالاکی لە کێهە زانکۆ دەبێ، لە کێهە شار دەبێ. لە کێهە ئوستان دەبێ. دووەمیش ئەوەیە کە هیچ وەختێکی دە تاریخی جمهووری ئیسلامیدا، لەو ٤٣ ساڵەیدا حەڕەکەتێک یا جووڵانەوەیەک  ٨ سەعات یان بەلانی زۆرەوە دووسێ ڕۆژان، سێ ڕۆژان، چوار ڕۆژان زیاتر دەوامی نەبووە، سەرکوت کراوە و بێدەنگ کراوە و لە دوایە پەردەیەکی تاریکیان بە سەر ئەو جێگایەی داداوە و بگرە و بەند کەی ئەمنییەتی لەوێ بەردەوام بووە و دەنگی خەڵکی و ئعترازاتی خەڵکیان خنکاندووە. بەڵام ئەو جارەی، ئەو سەفەرەی وا نییە. ئەو شۆڕشە ئەلئان توانیوە بێتە ناو حەوتووی سێیەمی خۆی و ئەگەر هەر ئەو جوورە بەردەوام بێ بەو مانایەی کە لە سەرەتای فازی دووەمی ئەو ڕاپەڕینەی داین. ئەمن هەمیشە گوتوومە فازی دووەم زۆر موهیمە ئەگەر لەو فازەیدا ئەو کەسانەی لە ئێرانێ خەبات دەکەن، خەباتکاران لە ئێرانێ، ئەو کەسانەی بە دژی جمهووری ئیسلامی تەنیا بەرخوەدان ناکەن بەڵکوو هێرش دەکەنە سەر جمهووری ئیسلامی چ گوفتمانی بێ، چ هێرشی عەمەلی بێ  دەرگیریان لەگەڵ حکوومەتی، ئەو سەفەرەی خەڵکە، خەڵکەکانی ئێرانێن کە لە واقعدا لە ڕووی داوخوازەکانی ئازادیخوازانەی خۆیان  لە پشت دروشمی ژن، ژیان، ئازادین حاڵەتێکی تەهاجومییان هەیە لە سەر ڕێژیم، سەرەڕای کە تەواوی هێزەکانی دەکار کردنی زەبروزەنگی لە بەر دەست دایە، هەموو تەجهیزاتی بە دەستە بەڵام ڕێژیم دە بەرانبەریان دا شەڕێکی تەدافوعی دەکا، شەڕێکی بەرخوەدێرانە دەکا ئەوە خەڵکن کە داوخوازە ئازادیخوازانەکانی خۆیان لە بەرانبەر ڕێژیم دا دێننە گۆڕێ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەشەکانی جیاوازی  ئێرانێ. جا بۆیە ئەو سێ تایبەتمەندییانەی ئەوە یەکیان بەرفرەوان بوونی، یەکێشیان حاڵەتی تێپەڕێن لە تەدافوعییەیوە بەرەو  حاڵەتی تەهاجومی خەڵکی دەو ڕاپەڕینەی دا بێ مانەندە و دە مێژووی هاوچەرخی ئێرانێ، هەر وەتر ڕۆژهەڵاتی دا، تەنانەت دەتوانم بڵێم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، لە میسریش ئێمە لە بەهاری ٢٠١٠، و ١١ ئێمە شتێکی وامان نەدی. ئەوە شتێکی واقعەن دەگمەنە  و هیوادارم ئاوا بتوانێ تا ڕووخاندنی ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی هەر وا بەردەوام بێ.

مەرەسەنە: زۆر زۆر سپاستان دەکەین بۆ بەشداریتان لەم بەرنامەیە دا.

No comments: