شەڕ و ململانێی ((مەلایی)) و ((جەلالی(( - لە زاری ڕێبەرانی سازمانی ئینقیلابییەوە - شوان ئەحمەد
شەڕ و ململانێی
((مەلایی)) و ((جەلالی((
- لە زاری ڕێبەرانی سازمانی ئینقیلابییەوە -
شوان ئەحمەد
شەستەکان، ساڵانی
وەرچەرخانی کۆمەڵگەی ئێمەبوو بەرەو دڕندەیی. لەو ساڵانەوە پەلاماری یەکدی و
سەرکوتکردنی سیاسی و خنکاندنی ئازادییەکان، دەستی پێکرد. لە شەستەکاندا شەیتان بە
تەواوەتی هات بۆ سلێمانی، پێشتر تەنیا سەردانی دەکرد. بڕوانە:(مەریوان هەڵەبجەیی:
گفتوگۆیەکی درێژ لەگەڵ بەختیار عەلی لەهەژدە بەشدا – ڕەخنەی چاودێر – لە تشرینی
دووەمی ٢٠٠٧ بۆ ئاداری ٢٠٠٨).
بەشێکی ئەم کتێبە
(سازمانی ئینقیلابی و کوردستان) کە پاییزی ئەمساڵ چاپکراوەو بە قەوارەی (٦٠٧)
لاپەڕەیە، ماجەرای ئەو قۆناغە دزێو و تاریکەیە(قۆناغی نیشتەجێبوونی ئەهریمەن لە
سلێمانی). قۆناغێک شەڕی نێوخۆیی و کورد کوژی دەکاتە کردەیەکی ئاسایی و سروشتی و تا
ئانوساتی ئێستامان، بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی دەبێت و دەمەزەرد دەکرێتەوە.
ئێمە لە زاری
شایەدحاڵەکانی ئەو سەردەمەوە:( کۆرش لاشایی، سیاوەش پارسا نەژاد، ئیرەج کەشکۆڵی،
موحسین ڕێزوانی) کە کادێری باڵا و هەڵسوڕاوی دیاری نێو ڕێکخراوی سازمانی ئینقیلابی
ئێران بوون و لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، دێنە بەکرەجۆ و پەیوەندی لەگەڵ
باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرن، لە بەشێکی مێژووی دورودرێژی
شەڕی خوێناوی نێوان باڵی مەلایی و جەلالی ئاگاداردەبین.
کتێبەکە
دیکۆمێنتێکی مێژوویی گرنگە، بۆ تێگەیشتن لە زۆرێک لە وردەکارییەکانی ئەو قۆناغەو
بینینی ئەو تراژیدیا و مەرگەساتەی، جەلالی و مەلایی بەناوی کوردایەتی و بزوتنەوەی
ڕزگاریخوازی کوردییەوە، سازیان داوە.
ئەگەرچی
ئەدەبیاتی حیزبی ئەو دوو ڕەوتە، پڕیەتی لە شانازی و ئەفسانە و فانتازیای خەبات و
شۆڕشگێڕی و کوردایەتی، لێ خۆ لە قەرەی ناشیرینترین خویەک نادەن کە خەسڵەتی
هەردووکیان بووە لە سەرەتاوە تا ئێستاو دەستبەرداری نەبوون، ئەویش پاشکۆیایەتی و
گوێ لەمستی دەوڵەتانی خوێنەخۆ و داگیرکەرانی کوردستان بووە.
لەم کتێبەدا ئەو
پرسە پشتڕاست دەکرێتەوەو (کۆرش لاشایی) وەک دیارترین کارەکتەری سیاسی سازمانی
ئینقیلابی و یەکێک لەوانەی زۆرترین ماوە لە بەکرەجۆ و سلێمانی و هەڵەبجە ماوەتەوە،
لە وەڵامی پرسیارێکی حەمید شەوکەتدا دەڵێت:( ئەم دوو لایەنە بە شەڕهاتووەی
کوردایەتی، هەریەک لە لایەن دەوڵەتێکەوە هاندەدران و پشتیوانی دەکران، مەلا مستەفا
بارزانی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکراو جەلال تاڵەبانی لە لایەن عێراقەوە).
ڕەنگە هەموو ئەو هەڵەوپەڵەو
دزێویانەی لە ململانێی ناقۆڵا و درێژ خایەنی جەلالی و مەلایی کەوتۆتەوە و
دەکەوێتەوە، بە کتێب و چەند وتار و ڕوماڵکردنێک کۆتایی نەیەت، وەک چاوساغی کردن بۆ
وڵاتانی داگیرکاری کوردستان و دەستکێشی دەستی بێگانەو کورد کوژی و زیان گەیاندن بە
بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و .... هتد، بەڵام ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی گرنگە
بۆ بیستنی هەندێ زانیاری نوێ کە ڕەنگە لە نووسراوی دیکە و بەرهەمی تردا دەسگیرمان
نەبێت.
No comments:
Post a Comment