ژن، ژیان، ئازادی: لە پیاوێکی تەنیا لە قاوغێکی تاقەکەسییەوە تاکوو خیابابەکانی ئێران
ژن، ژیان، ئازادی: لە پیاوێکی تەنیا لە قاوغێکی تاقەکەسییەوە تاکوو خیابابەکانی ئێران
٢٢-ی ڕەزبەری ١٤٠١- ١٤-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢
سۆران قوربانی، بی بی سی
وەرزی بەهار خەریک بوو دەگەیشتێ، تەپۆڵکەکانی سەر چۆمی فەرات کەسک دەچوونەوە، شەڕڤانە کوردەکان زستانێکی سەختیان بەڕێ کرد بوو. نزیکەی شەش مانگ بوو بۆ بەرگری لە شاری کۆبانێ لە سەر سنووری سووریا و تورکیا شەڕیان دەکرد. چەند ڕۆژ پێشتر توانیبوویان هێزەکانی داعش تا ڕۆژهەڵاتی چۆمی فەرات ڕەپاڵ بنێن و لە گوندی شێخلەر لە بەری ڕۆژئاوای چۆمەکە جێژنێکی پچووکیان ساز کرد بوو.
ڕۆژێکی تاو و ساو بوو و بە هەڵکەوت ٨-ی مارس بوو، ڕۆژی جیهانی ژن. شەرڤانە ژن و پیاوەکان کە ماندوویی شەڕ بە چڕوچاویانەوە دیار بوو ڕۆژی ژنیان لێکدی پیرۆز دەکرد. شەرڤانە ژنەکان کە نزیکەی سەد کەسێک دەبوون لە قەراغ چۆمی فەرات دەستی یەکتریان گرتبوو و هەڵدەپەڕین و هاواریان دەکرد " ژن، ژیان، ئازادی" . هاوارەکەیان ئەوەندە بەگوڕ بوو دەتگوت لێبڕاون شەڕکەرانی داعش لەو بەری چۆمی گوێیان لە دەنگیان بێ.
ئێستا زیاتر لە ٧ ساڵ لەو ڕۆژە تێپەڕێوە. ئەو دروشمە لە کاتی ئەسپارەدەکردنی لەشی مەهسا ( ژینا) ئەمینی لە سەقز گوتراوە وکەمتر لە چەند سەعات لە خیابانەکان و حەوشەی زانکۆکانی ئێران دا دەنگی دایەوە. ئەو دروشمەی کە ئێستا بووە بە ناسنامەی بزووتنەوەیەکی جەوان لە ئێران دا.
بەڵام گەلۆ ئەم دروشمە لە کوێوە هاتووە؟ عەبدوڵا ئوێجاڵان، ڕێبەری زیندانی پارتیی کرێکارانی کوردستان لە پاییزی ساڵی ١٩٧٨-ی زایینی بە یارمەتی هاوڕێیانی ئەو حیزبەی لە تورکیا دامەزراند. وەک زۆر لە حیزبە چەپەکان، خەبات بۆ وەدیهێنانی مافی ژنان بەشێک لە بەرنامەی سیاسی ئەو حیزبە بوو.لە ناوەڕاست دەیەی هەشتای زایینی وچوونی حیزب بۆ ناو قۆناغی نیزامی ژنانیش بە تەنیشت پیاوانەوە چەکیان هەڵگرت. خولی نیزامی و ئێدێئۆلۆژیک بۆ ئەو ژنانەی کە لە کۆمەڵی نەریتی و پیاو مەزنی کوردستان ڕایان دەکرد ئەو حیزبەی لە ناو ئەواندا خۆشەویست کرد.
ئوێجاڵان باوەڕی وا بوو ژنان لە ژێر زۆرداری سیستمی بابمەزنی، سەرمایەداری و دەوڵەت – نەتەوە دان. ئەو وەک " یەکەمین نەتەوەی یەخسیرکراوی مێژوو" باسی ژنانی دەکرد و دەڵێ" لای خۆم بیرم دەکردەوە ژن سەرزەوییەکی ئێخسیرە کە دەبێ ڕزگار بکرێ".
ئەو ئەوەندە چووە پێشێ کە لە ناوەڕاست دەیەی نەوەد داوای لە پیاوانی کۆمەڵ کرد کۆتایی بێنن بە ستەمی خۆیان بە دژی ژنان و بە تەوس گوتی" پیاوەتی دە خۆتاندا بکووژن".
هاوکات ئەندامانی ژن لە ناو پ.ک.ک دا خەریکی بە تیوری کردنی بیروڕای ژن تەوەری تایبەتی خۆیان بوون. کەسانێک وەک سەکینە جانسز ( لە ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس تێڕۆر کرا) باسی بزووتنەوەیەکی ژن تەوەرەیان دەکرد و ئالنگاری فێمێنیزمی ڕۆژئاوایی دەکرد چونکە ئەویان بە کۆلۆنیالیست ونوخبە خوا دەزانی. جانسز لە ناو زیندان و ئوێجاڵان لە دەرەوەی زیندان خەریکی هێنانە گۆڕی قالبێکی ژنانە بوون کە لە دڵی مێژوو و کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئیلهامی وەردەگرت و لە خوارەوە بەرەوسەرەوە بوو و چاوی لە دەرەوەی نەتەوایەتی و کۆلۆنیالیزم بوو.
ئوێجاڵان لە کۆتاییەکانی دەیەی نەوەد " ئێدەئۆلۆژی ژنی ئازاد"ی هێنا گۆڕێ. ئەو ئێدێئۆلۆژییەی لەو ڕستەیە دا کورت دەکردەوە: تا ژن ئازاد نەبێ، کۆمەڵ ئازاد نابێ. ئەو دەنووسێ" ژن، ژیان، ئازادی یانی ژنی ئازاد، سەزەوی ئازاد و تەنانەت پیاوی ئازاد".
پیاوێکی تەنیا لە قاوغێکی تاقە کەسی دا
عەبدوڵا ئوێجاڵان ساڵێک لە دوای بڵاو کردنەوەی ئەو قالبە، لە عەمەلییاتێکی پێچەڵپێچی ناونەتەوەیی لە ساڵی ١٩٩٩ ( ١٣٧٧-ی هەتاوی) لە کێنیا رێفێندرا و لەو زەمانییەوە لە دوڕگەی ئیمرالی لە زیندان دایە. بەڵام بە ڕێگای نامەکان و بەرگرینامەکانی خۆی حەولی دا ئێدێئۆلۆژی ژنی ئازاد زیاتر پەرە پێ بدا.
ئاکامی حەولی ئەو و ژنانێک وەک سەکینە جانسز بوو بە پەرەسەندنی " ژنۆلۆژی"، زانستی ناسینی ژن (زەن) کە ئێستا لە چیاکان، لە زانکۆی قامشلۆ و هێندێک لە ئاکادێمییەکانی ژنان لە ئوڕووپا و ئەمریکای لاتین بە دەرس دەگوترێتەوە.
ژنۆلۆژی لە کۆبانێ
من " ژنۆلۆژی"م یەکەم جار لە تەنیشت چۆمی فەرات وەبەر گوێیان کەوت. تاو تێپەڕی بوو ، چۆمی فەرات بە ئارامی دەخوشی، قڕەی بۆق لە ناو بێشەڵاندا دەنگی دەداوە. دەستەیەکی پچووک لە ژێر فەرمانی ژنێک لە قەراغ کەپری ئەو ماسیگرانەی کە دیار نەبوو چارەنووسیان چی لێ دێ، لە دەوری ئاگر کۆزیلکەیان
بەستبوو و چایان دەخواردەوە و سێغاریان بە سێغار دادەگیرساند. لە ناویان دا جەوانێکی ئێسپانیایی کە ناوی ڕێکخراوی شەڕڤان بوو دڵخوازانە هاتبوو بۆ شەڕی داعش و لە دەلیلە، فەرماندەی ژن باسی یەپەژە ( یەکینەکانی پاراستنی ژن)ی دەپرسی. دەیویست بزانێ کە چۆن ئەو هەموو ژنە لە کۆمەڵێکی پیاومەزنی دا توانیویانە خۆیان ڕێک خەن و دژی داعش شەڕ بکەن. دەلیلە کە دەموچاوی تاو سوتاندبووی و ڕەقەڵەبوو و نووری ئاورەکە ڕوونیی دادەگێڕا بە خۆشییەوە قسەی دەکرد. دەیگوت کچی بنەماڵەیەکی کرێکاری مەشخەتی کوردە لە ئەستەنبووڵ و لە تافی منداڵییەوە ژیان لە شارێکی گەورە دا چاوی کردووەتەوە و وشیار بووەتەوە.
لە دوای گەیشتنی پرۆتێستەکانی بەهاری عەڕەبی و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، کوردەکانی ئەو وڵاتە کۆنتڕۆڵی ناوچە کوردییەکان، ڕۆژئاوایان، بە دەستەو گرت. لە بەهاری ساڵی ٢٠١٣ یەکەم یەکینەکانی پاراستنی ژن بە تەنیشت یەکینەکانی پاراستنی گەڵ (یەپەگە)وە پێک هات و پای ژنانی وەک دەلیلەی لە ئەستەنبووڵەوە کشاندە ئەو بەشە لە سووریای شەڕ داگرتوو. دەلیلە یەپەژەی وەک ئەڕتەشی ژنان بە ناو دەکرد و دەیگوت ڕزگاری کۆمەڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئازادیی ژنان بەستراوەتەوە.
ئەو دەیگوت ژن ژیانە و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەربڕی ئەو چەمکەیە. دیار نییە شەرڤانی ئێسپانیایی چەند بە قسەکانی دەلیلە پێمل بوو؟ بەڵام ئەو دروشمە بە هەزاران کیلۆمیتر دوورتر لەو کەپرەی ماسیگرتنی تەنیشت فەرات لە خیابانەکانی شارەکانی جۆر بە جۆری جیهان لەو ڕێپێوانانەی دا کە بۆ پشتیوانی لە کۆبانی دەکران دەگوترانەوە. ئەو دروشمە لە ڕاپۆرت و فیلمی بەڵگەیی زۆر لە نووچەگەیانانیشدا ڕەنگی دایەوە و تەنانەت لەو فیلم و زنجیرانەشدا سەری دەرێنا کە باسی بابەتی شەڕ بە دژی داعشیان دەکرد.
لە گرتەیەک لە فیلمی کچانی خۆرکە گوڵشیفتەی فەڕاهانی کایەی تێدا کردووە، بەهار، فەرماندەی ئێزیدی یەکینەی ژنان ( کچانی خۆر) بەر لە دەسپێکردنی عەمەلییاتێک بە دژی داعش بۆ غیرەت وەبەرنانی هاوڕێیانی هاوار دەکا بۆ ژن، بۆ ژیان و بۆ ئازادی.
ئێستا ئەو دروشمە بە پێوان و تێپەڕین لە زۆر سنووران گەیشتووەتە خیابانەکانی ئێران. ئەوە دیار نییە چەندە لەو سەرهەڵداوە ئێرانییانەی کە ئەو دروشمە دەڵێنەوە بە کورتە مێژووەکەی دەزانن بەڵام خەباتی ژنان لە ئێران ئەوەندەش بێ تەجروبە نییە کە چەمکی ئاوای بۆ غەریبە بێ.
عاتیفەی نەبەوی، زیندانی سیاسی پێشوو لەو ڕۆژانە لە تویتێک دا نووسیویە: دروشمی ژن، ژیان، ئازادی م جاری یەکەم لە زیندانی ئەوین لە شیرن ئاڵمەهوڵی بیست. نووسیبووی لە سەر دیواری تەنیشت تەختوخابەکەی دابوو. شیرن لە بانەمەڕی ١٣٨٩ بە تاوانی پێوەندیی لەگەڵ پارتیی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر،فەرهاد وەکیلی،عەلی حەیدەریان،و مێهدی ئیسلامیان لە زیندانی ئەوین ئیعدام کرا،
لە سەقز، شارێک کە مەهسا ئەمینی تێیدا هاتە دنیاوە و ئەسپاردەی خاک کرا، ژنان لە دوای شۆڕشی ٥٧ خویان لە چوارچێوەی شووراکانی ژنان دا ڕێک خستبوو.
ئەو شووڕایانەی کە بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران – کۆمەڵە ساز کرا بوو و ئالنگاری سیستمی تازە دەسەڵات بەدەستەوە گرتوویان دەکرد.
گیان بەخت کردنی مەهسا ئەمینی کاتی دەست بەسەر کردنی لە لایەن گەشتی ئێڕشادەوە، دڵی زۆر کەسی لە ئێران وە هان خست. دەستەیەک لە ژنان لە ئارامستانی ئایچی سەقز لەچەکەکانیان لە سەریان داڕنێ و بە هاواری دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بنەمای ئیدێئۆلۆکی جمهووری ئیسلامییان دیسان وەلەرزە خست.منبتصویر،SOCIAL MEDIA
تووڕەیی ژنانی ئێران دەڵێی لە ژێر خۆڵەمێش سەری وەدەرناوە بە خێرایی هەموو جوغرافیای پێوا و لە شوێنی جۆر بە جۆری جیهان بیسترا، لە کابولەوە تا سانتیاگۆی شیلی. وەک ئەوەی بڵێن " ئێمە چاوەڕوانی پیاوانی فەرمانڕەوا نابین تا حەقی خۆمان بدەنێ."
گوتنەوەی ئەو دروشمە بە تەنیشت دروشمی وەک " لە کوردستانەوە تا تاران، خوێنینە هەموو ئێران" بوو بە پردێک لە سەر قەڵشتە ئێتنیکییەکان لە ئێران و لەپڕ هەموان یەکگرتووتر لە هەمیشە هاتنە خیابانان. بە شەهادەت دانی شاییدان لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران ژنان بەو دروشمە پڕۆتێستیان وە ڕێ خستووە و پیاوان زۆربەیان جەوان پشتیوانیان لێ کردوون.
وێنەی ژنێکی گەنج کە بە دەستی ڕاستی لەچکە ئاورتێبەردراوەکەی بەرز کردووەتەوە و دوو ئەنگوستی دەستی چەپی بە نیشانەی سەرکەوتن هەڵێناوە بێ ئەوەی بمەوێ من وەبیر دەلیلە و هاونەبەردانی دەخاتەوە کە زیاتر لە حەوت ساڵ لەمەو بەر داعشیان بە چۆک داهێنا بوو و لە تەنیشت چۆمی فەرات هەڵدەپەڕێن. بێ ترس لە داعش و ئێدێئۆلۆژییە دژە ژنەکەیان.
وەرگێڕان لە فارسییەوە حەسەن قازی
سەرچاوە: لاپەڕەی " ناظران می گویند" ماڵپەڕی بەشی فارسی بی بی سی
No comments:
Post a Comment