Thursday, November 27, 2008
Tuesday, November 25, 2008
لاپه‌ڕه‌ی 10 ، ڕاستیی په‌یمانی سێ سنوور
لاپه‌ڕه‌ی 10
ڕاستیی " په‌یمانی سێ سنوور"
حه‌سه‌نی قازی
له‌وانه‌یه باسی مێژووی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌تی له دوای خه‌رمانانی 1320ی هه‌تاوی تا پێکهاتن و ڕووخانی کۆماری کوردستان له مهاباد، به دووپاته و قسه‌ی گوتراو دابندرێ و هه‌بن پێیان وابێ سه‌باره‌ت به چالاکی حیزبی ئازادیی کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و کۆماری کوردستان که‌متازۆر شت نووسراوه و ئه‌وه‌ی ده‌بێ باسی لێوه بکرێ و ڕوون بکرێته‌وه تا ئێستا کراوه . به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرۆ له مێژووی سیاسی 60 – 70 ساڵی ڕابردوو ورد بێته‌وه بۆی ده‌رده‌که‌وێ له به‌ر هۆکاری جیاواز و یه‌ک له‌وانه دهستوێڕانهگهیشتن به به‌ڵگه‌ی نووسراو، هێندێک شت گوتراوه و نووسراوه و وه‌ک مێژووی ڕاسته‌قینه پیشان دراوه که‌چی به ده‌رکه‌وتنی سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌ی نوێ ڕوون ده‌بێته‌وه ڕاستی ڕووداو یان به‌سه‌رهاته‌که جۆرێکی دی بووه. بۆیه به باوه‌ڕی من لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌کانی ئه‌و ئه‌زموونانه هێشتا شیاوی لێکۆڵینه‌وه و له سه‌ر نووسینن و دۆزینه‌وه‌ی سه‌نه‌د و به‌ڵگه و تێخوێندنه‌وه‌ی ئۆبژێکتیڤ و به دوور له به‌سترانه‌وه‌ی سیاسی و سۆزی عاتیفی یارمه‌تییه‌کی گه‌وره ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌جی ئێستا و داهاتووی گه‌لی کورد وه‌کوو خه‌ڵکی دی له سه‌ر مێژووی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان به‌و جۆره‌ی که بووه ئاگادار بن.
یه‌ک له‌و ڕووداوه مێژوویانه‌ی که تائێستا به شێوه‌ی جۆر به جۆر قسه‌ی لێوه کراوه مه‌سه‌له‌ی "په‌یمانی سێ سنوور"، و ته‌نانه‌ت بوون و نه‌بوونێتی. به ئه‌و په‌ڕی خۆشییه‌وه به بڵاو بوونه‌وه‌ی دووباره‌ی گشت ژماره‌کانی به‌رده‌ستی گۆواری " نیشتمان " بڵاوکه‌ره‌وه‌ی بیری کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک، له ئاماده‌کردنی به‌ڕێز عه‌لی که‌ریمی، که له هاوینی ساڵی 2008 له لایه‌ن بنکه‌ی ژین له سڵیمانی بڵاو کراوه‌ته‌وه ، چلۆنایه‌تی دیداری نوێنه‌رانی ژ. ک. و کۆمه‌ڵه‌ی هێوا، له لاپه‌ڕه‌ی 10ی ژماره‌کانی هاوکاتی 7، 8 ، 9، نیشتمان دا بڵاو بووه‌ته‌وه و تا ئه‌و دواییانه پێی نه‌زاندراوه و به له‌به‌ر ڕۆنانی لاپه‌ڕه‌ی 10 له گه‌ڵ ئه‌و باسه‌ی مامۆستا هه‌ژار له " چێشتی مجێو‌ر " دا له‌مه‌ڕ "په‌یمانی سێ سنوور " ی نووسیووه زۆر زانیاری تازه‌مان ده‌ست ده‌که‌وێ و ئه‌و هه‌ڵه و زانیارییه چڵ‌و نیوه‌چڵ یان هه‌ڵبه‌ستراوانه‌ی له‌وباره‌یه بڵاو کراونه‌ته‌وه به‌ته‌واوی ڕوون ده‌بنه‌وه.
برای به‌ڕێزعه‌لی که‌ریمی سه‌باره‌ت به دۆزینه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی دڕاوی نیشتمان ده‌نووسێ : " " نیشتمان" له ژێر چاپ دابوو که له لایه‌ن دڵسۆزێکه‌وه 3 لاپه‌ڕه‌ی " نیشتمانمان بۆ هات ( ڕووبه‌رگێکی تازه و لاپه‌ڕه‌ی 9 و 10 – ده‌کرێ ئه‌و ڕووبه‌رگه به‌رگی ئاخریش بێ.)، ئێمه تا ئێستا به هه‌موو لایه‌ک ده‌مانزانی لاپه‌ڕه‌ی 9 و 10 له " نیشتمان"ی ژماره ( 7 – 8 – 9 ) دیار نییه، واتا هه‌موو ئه‌و کۆپیانه‌ی که تائێستا ده‌ست که‌وتوون و منیش له کتێبی " ژیان و به‌سه‌رهاتی عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحی" دا چاپم کردۆته‌وه، بێ لاپه‌ڕه‌ی 9-10 بووه. زۆر لێکۆڵینه‌وه و به‌دوا داچوون کرا له لایه‌ن هه‌موو لایه‌که‌وه، به تایبه‌ت کاک ئه‌میر حه‌سه‌نپوور که بۆ یه‌که‌مجار ئه‌و ژمارانه‌ی ده‌ستکه‌وتبوو، که بۆچی ئه‌م دوولاپه‌ڕه‌یه لێ کراونه‌ته‌وه. داستانێک هه‌بوو له‌ملاوئه‌ولا، ده‌بیسترا ئه‌م دوولاپه‌ڕه‌یه بۆیه دیاره نه‌ماوه چونکه لاپه‌ڕه‌ی 10 باسی په‌یمانی سێ سنووری تێدایه و ئه‌م ڕۆژه که قه‌رار بووه " نیشتمان" له مه‌هاباد بڵاو بکرێته‌وه، سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه به‌له‌به‌رچاوگرتنی چه‌ند شتێک، له‌وانه فشاری باقرۆف بۆ خودموختاری له ناو ئێران و هه‌ر وه‌تر کوردستانی گه‌وره داوا کردن و په‌یوه‌ندی له‌ناو ژ.ک. و پارچه‌کانی تری کوردستان دا و حه‌ساسیه‌تی حکوومه‌تی مه‌رکه‌زی له تاران، به باشیان زانیوه خه‌به‌ری په‌یمانی سێ سنوور جارێ بڵاو نه‌کرێته‌وه. هه‌رچه‌ند " نیشتمان" له چاپ هاتبووه ده‌ر و ئه‌م خه‌به‌ره‌ش له لاپه‌ڕه‌ی 10 دا له ژێر ناوی " له ناو کۆمه‌ڵه دا" چاپ کرابوو، هیچ چاریان نامێنێ ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ی لێ بکرێته‌وه و فڕێ بدرێ، که زانراوه لاپه‌ڕه‌ی 9ش له‌گه‌ڵیدا که له‌پشت لاپه‌ڕه‌ی 10 یه ده‌فه‌وتێ _ ئێمه به هه‌موو لایه‌ک تاچه‌ند ڕۆژ لهمهوپێش وه‌ک تێئۆری و داستانێک ئه‌م باسه‌مان وه‌رده‌گرت، به‌ڵام به خۆشییه‌وه به هیممه‌تی دڵسۆزێک وه‌ڕاست گه‌ڕا. ئێمه لاپه‌ڕه‌ی 9، 10 مان بۆ په‌یدا بوو ، ئه‌م جۆره‌ی بوو که بیستبوومان لاپه‌ڕه‌ی 10 به ته‌واوی و به ڕوونی باسی په‌یمانی سێ سنووری تێدایه.
په‌یمانی سێ سنوور هێشتا له زۆر لایه‌نه‌وه زۆری داستان بۆ ڕیز کرابوو، له مه‌ڕ چۆنیه‌تی کۆبوونه‌وه‌که و به‌شداران و شوێنی کۆبوونه‌وه‌که، چه‌ندین شتی جیاواز گوتراوه و نووسراوه. به‌ڵام ئیتر ئێستا دوای دیتنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی 10ی " نیشتمان"ی 7 – 8 – 9 شک و گومان بۆهیچ لایه‌ک ناهێڵێته‌وه که به‌ڵێ په‌یمانی سێ سنوور ئه‌وه نییه که تا ئێستا زۆر نووسه‌ر گوتوویانه له نێوان هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان، به تایبه‌تی تورکیا و ئێران و عێراق دا به‌سترابێ، به‌ڵکوو ڕاستیی په‌یمانی سێ سنوور ئه‌مه‌یه که " نیشتمان" خۆی به ناوی " هه‌یئه‌تی ئیستیشاریی ئیداره‌ی ناوه‌ندیی ژ. ك. " ه‌وه ئاوای باس ده‌کا"( نیشتمان، بڵاوکهترهوهی بیری کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک ئاماده کردنی عه‌لی که‌ریمی، بنکه‌ی ژین، ساڵی 2008 ، لل 16 و 17). دوایه به‌ڕێز که‌ریمی ئه‌و ده‌قه‌ی لاپه‌ڕه‌ی 10ی به ته‌واوی هێناوه‌ته‌وه و له په‌راوێزدا نووسیویه ق ق ق پیاو – 1053، ده‌بێ قاسمی قادری قازی بێت"
به‌ر له‌وه‌ی ئێمه‌ش لێره دا لاپه‌ڕه‌ی 10 وه‌کوو خۆی بنووسینه‌وه، پێویسته بگوترێ ، نووسینه‌که‌ی مامۆستا هه‌ژار وێڕای ته‌ئییدی زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ی له ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی کۆمه‌ڵه له لاپه‌ڕه‌ی10ی گۆرین دا هاتوون، هێندێک زانیاری زیاترمان ده‌داتێ وبه تایبه‌تی ئه‌و داستانه‌ش به ته‌واوی وه دوایه ده‌داته‌وه که " سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه به‌له‌به‌ر چاو گرتنی چه‌ند شتێک، له‌وانه فشاری باقرۆف بۆ خودموختاری له ناو ئێران و هه‌روه‌تر کوردستانی گه‌وره داواکردن و په‌یوه‌ندی له ناو ژ.ک. و پارچه‌کانی تری کوردستان دا و حه‌ساسیه‌تی حکوومه‌تی مه‌رکه‌زی له تاران، به باشیان زانیوه خه‌به‌ری په‌یمانی سێ سنوور بڵاو نه‌کرێته‌وه". به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی هه‌ژار به پێی نووسراوه‌ی "نیشتمان" یه‌ک له نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵه بووه له‌و دیداره‌ی " سێ سنوور" دا و هه‌ر وه‌ها له کاتی گه‌ڵاڵه‌کردنی نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی دا به‌هیچ جۆر له ڕێبازی شووره‌وی چ له زه‌مانی ستالین و باقرۆف و چ دوای ئه‌وان نه‌ک هه‌ر نزیک به‌ڵکوو زۆریش دوور بووه ئه‌وه‌ی له سه‌ر هۆی دڕانی لاپه‌ڕه‌ی 9، 10 باسی لێوه ده‌کا ده‌بێ به هێند بگیرێ.
" نیشتمان " ژماره‌ی (7، 8 ، 9) بۆ مانگه‌کانی خاکه‌لێوه، بانه‌مه‌ڕ و جۆزه‌ردانی 1323ی هه‌تاوی له جۆزه‌ردانی ئه‌وساڵه له 38 لاپه‌ڕه دا بڵاو کراوه‌ته‌وه ، به‌ڵام له به‌ر لێکردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی 9، 10 له " فهرست " ی باسه‌کاندا که له ڕووی ناوه‌وه‌ی به‌رگه‌که‌ی دا چاپ کراوه بۆ "مطلب" ی لاپه‌ڕه‌ی 9 هیچ نه‌نووسراوه و بۆ " مطلب "ی لاپه‌ڕه‌ی 10 ش نووسراوه " دووکچه کورد له ترکیه دا له داری سیاسه‌ت دران" و " نوسه‌ر" یش وه‌ک نیشتمان ناسێندراوه ،و به لێکردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی 9و 10 جێگۆڕکێ به لاپه‌ڕه‌کان کراوه. به‌ڵام وه‌ک به‌ڕێز که‌ریمی ڕوونی کردووه‌ته‌وه " مطلب" ی لاپه‌ڕه‌ی 10 که ئێستا که‌وتووه‌ته شوێنی خۆی ئاوا بووه:
" له ناو کومهله دا
زور له میژ بوو بریار درابوو کونفرانسیک له نیوان ایمه و کومه‌لی "هیوا" دا بو هاوپرسه‌کی له بابه‌ت هیندیک مسائل ته‌شکیل بدریت. روژی ئه‌م اجتماعه ده‌بوو له لایه‌ن کهمهلی [ کومه‌لی] هیوا مه‌علووم بکریت، هه‌ر که نوینه‌رانی کومه‌لی ناوبراو آماده بوونی خویان به ایمه راگه‌یاند نوینه‌رانی ایمه‌ش ره‌وانه بوون؛ دوای 3 روژ گوفتوگو و مذاکره له سه‌ر اقتراحی نوینه‌رانی ایمه په‌یمانیک به نیوی په‌یمانی " سیه سنوور" له لایه‌ن نوینه‌رانی هه‌ر دوو لا بو زیاد کردنی کوششت و ایجادی پیوهندیکی وسیعی سیاسی امضا کرا.
نوینه‌ره‌کانی کومهلهی هیوا له‌م کونفرانسه دا عبارهت بوون:
1- ع. هووشه‌نگ ئه‌ندامی ژمار 75
2- ع. جانگیر ئه‌ندامی زماره 716
کومهلهی ایمه‌ش له لایه‌ن ئه‌و ئه‌ندامانه :
1- ق.ق.ق. پیاو ئه‌ندامی ژماره 1053 سه‌روکی نوینه‌ران
2- ع. هه‌ژار ئه‌ندامی ژماره 20
3- ع. بیژه‌ن ئه‌ندامی ژماره 2
تهمثیل ده‌کرا؛ م.س. خوینین 1060 رابطی نیوانی ایمه و هیوا بوو تا کونفرانس ته‌شکیل درا کومهله له کوششتی ئه‌م لاوه آزایه هه‌ر وه‌ها له گشت ئه‌ندامه‌کانی ئه‌م کونفرانسه گرینگه که بی گومان له دوایی دا ده‌بیته فهسلیکی گه‌وره ده میژووی فه‌عالیه‌ت و کوششتی دوو کومهله دا، سوپاس و تشکر ده‌کا. ( په‌یمانی سیه سنوور) له لایه‌ن هه‌یئه‌تی استشارهی ادارهی ناوه‌ندی ی "ژ.ک" په‌سند کراوه به‌م زووانه ده‌گه‌ل نسخه‌ی په‌سندکراوی ناوچه‌ی (هیوا) مبادله ده‌کریت."
هه‌ژار له چێشتی مجێو‌ر، پاریس _ 1997، لاپه‌ڕه‌ی 64 و 65 ) له بن سه‌ردێڕی " مهعموورییهت له ' ژ- ک' دا" به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه باسی په‌یمانی سێ سنوور ده‌کا:
" مانگی جۆزه‌ردان بوو [ ساڵی 1323ی هه‌تاوی ]، دروێنه‌ی جۆ له ده‌وری بۆکان ده‌ستی پێ کردبوو. حیزب [کومهله]ناردی چومه سابڵا‌غ. ده‌گه‌ڵ میرزا قاسمی قادری و زه‌بیحی که ده‌بوینه سێ که‌س، گوتیان ده‌بێ بچنه (دزه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕ) ده‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی حیزبی هیوای کوردستانی عێراق گفتوگۆ بکه‌ن و هه‌ر قه‌رارێک ئێوه بیده‌ن ئێمه پێی رازین. به سواری ترومبێل به‌ره‌و ورمێ که‌وتینه رێ که له‌وێوه فایتون هه‌یه و ده‌مان باته مه‌رگه‌وه‌ڕ. گه‌یشتینه گوندی (بالانیش)، شه‌ڕ و هه‌رایه‌ک بو سه‌گ ساحێبی خۆی نه‌ده‌ناسی. زێڕۆئاغای هه‌رکی و ده‌وڵه‌ت شه‌ڕیان بو.پۆستی ئه‌منیه سوتابو، هه‌شت که‌لاک درێژ کرابون. هه‌ر وا کورد بون له ورمێوه هه‌ڵاتبون و ده‌هاتن. به په‌له ترومبیلمان به جێ هێشت و بهرهوچیا ره‌وین. چوینه گوندی (کوکێ) که ماڵه زێڕۆی لێ بو. ویستمان میوانی بین. کابرایه‌کی گه‌رمیانی که کۆنه ئاشنای زه‌بیحی بو له ده‌رگا گێڕاینه‌وه، گوتی: زێڕۆ دوژمنی شێخ عه‌بدوڵای دزه‌یه، له‌وانه‌یه روتتان بکا چونکه ده‌چنه ماڵی ئه‌و. له‌وێش بێده‌نگ خۆمان ڕزگار کرد و چوینه گوندی ( قاسملو) له دۆڵی قاسملو له بن چیای دمدم که ئێستاش شوێنه‌واری خانی له‌پ زێڕینی لێ دیاره. شه‌و له ماڵی مسته‌فاغا ناو میوان بووین. کابرا ده‌یه‌ویست روتمان کا، به‌ڵام که زانی ده‌مانچه‌مان پێ یه وازی هێنا. به‌یانی وڵاغمان له سۆفی شێره ناوێک به کرێ گرت و چوینه دۆڵی دزه. بۆ نیوه‌ڕۆ لای عه‌بدولقادری کوڕی شێخ عه‌بدوڵا له ( گردوان) بوین و ئێواره چوینه ڕه‌شماڵی ماڵی شێخ له دزه.

ئه‌م وێنه‌یه له کتێبی ویلیا‌م ئیگلتن ی کوڕ وه‌رگیراوه
نوێنه‌رانی هیوا: " شێخ عوبه‌یدیللای زینوێ"، " سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی " که ئه‌فسه‌رێکی عراق بو، " سه‌عیدی کانی مارانی " ناوێکیش که تازه لاوێک و خوارزای شێخ عوبه‌یدیللا بو ده‌گه‌ڵیان هاتبو. چه‌ندین کۆبونه‌وه‌مان پێکه‌وه کرد و له سه‌ر دوازده نوخته پێک هاتین که هه‌ر دوک حیزب پێکه‌وه هاوکاری بکه‌ن و مه‌علومات پێک بگۆڕنه‌وه.جا چونکه له‌و شوێنه‌ی که پێک هاتین بناری (داڵانپه‌ڕ) و لایه‌کی شه‌مزینان و ئه‌م لایه‌ی ئێران بو، ناومان نا : " په‌یمانی سێ سنوور". بڕیار درا هه‌ر دوکمان بێ خۆگرتن هه‌ر که‌سه لای خۆی به‌یانه‌که بڵاو بکاته‌وه. دوای حه‌وت شه‌و له دزه به ڕێگه‌ی شنۆ دا گه‌ڕاینه‌وه. له شنۆوه به پێ هاتینه نه‌غه‌ده و له نه‌غه‌ده‌وه به سواری ترومبیلێکی سینمایی ئینگلیستان که ده‌هاته سابڵا‌غ هاتینه‌وه. ئێمه ده‌ست به‌جێ نوسخه‌ی به‌یانی خۆمان [ ده‌بێ مه‌به‌ستی ڕاگه‌یاندنی خه‌به‌ری کۆبوونه‌کان له " نیشتمان " دا بێ _ نووسه‌ری ئه‌م باسه ) له نیشتماندا چاپ کرد. هێشتا بڵاومان نه‌کردبۆوه خه‌به‌ریان داینێ که حیزبی هیوا به‌و پێک هاتنه ڕازی نه‌بوه و چاپی مه‌که‌ن. ڕوپهڕه چاپ کراوه‌که‌ی پێک هاتنه‌که‌مان له گۆڤاره‌که دڕی. خۆش ئه‌وه بو که به‌ندێک له پێکهاتنه‌که‌دا ده‌ڵێ:
" ئه‌گه‌ر ئینگلیس له عێراق به‌شێ بده‌ن به کورد، نابێ کوردی ده‌ره‌وه‌ی عێراق هه‌ڵاوێرێ، چونکه کوردستان یه‌کپارچه‌یه. بابڵێن ئێمه به‌شی کورد به هه‌ق ده‌زانین و به پێی توانا یاریده‌ی هه‌مو کوردێک ده‌ده‌ین. که ئێمه‌ش ده‌گه‌ڵ ڕووسان هه‌ر ئه‌و حه‌وله ده‌ده‌ین و موکوریان له کوردی تورکیا و عیراق به جیا نازانین".
حیزبی هیوا که به سه‌رۆکایه‌تی مامۆستا ره‌فیق حیلمی بو، له مه‌سله‌حه‌تی نه‌زانیبو که هیچ ناوێک له روس و کوردی ئێران و تورکیه هه‌بێ. باسی ئه‌و ڕێک که‌وتن نامه مێژووییه تا ئێستا له‌زۆر چاپه‌مه‌نی ناوخۆیی و لاوه‌کی دا کراوه، به‌ڵام سه‌یر له‌وه دایه که ناوی " هه‌ژار" له هه‌مواندا فڕێ دراوه و نوسیویانه : " زه‌بیحی" و " میرزا قاسم " له ئێران و " شێخ عوبێدیللا" و " سه‌ید عه‌زیز " له عێراق و " قازی خدر" ( یان قازی مه‌لا خالید – جاری واش هه‌یه گوتویانه قازی عه‌بدول وه‌هاب) له لایه‌ن کوردی تورکیاوه ئه‌م په‌یمانی سێ سنووره‌یان په‌سند کرد. هومێده‌وارم ئه‌م گۆڕانی ڕاستی یه له ڕووی هیچ غه‌ره‌زێکه‌وه نه‌بوبێ و هه‌ڵه‌یه‌ک بێ له دڵپاکیهوه ڕوی دابێ "
به پێی ئه‌و گێڕانه‌وه به وردهڕێشاڵهی نه‌مر هه‌ژار و ڕۆنانی له‌به‌ر ئه‌و باسه‌ی وا کۆمه‌ڵه له لاپه‌ڕه‌ی 10ی ژماره 7-8-9 ی " نیشتمان" دا بڵاوی کردووته‌وه ئه‌م زانیارییانه‌ی خواره‌وه‌مان به ته‌واوی بۆ ساخ ده‌بێته‌وه.
1- ناوی ته‌واوی ئه‌ندامانی نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد و نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی هیوا له‌و کۆنفڕانسه دا
نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵه ژ.ك :
قاسمی قادریی قازی سه‌رۆکی ده‌سته‌ی نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵه (ق.ق.ق پیاو _ 1053 )

وێنه‌ی میرزا قاسمی قادریی قازی سه‌رۆکی نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک له کۆنفڕانسی په‌یمانی "سێ سنوور" له کتێبی " کۆماری کوردی 1946 ی به‌ڕێز سه‌یید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی وه‌رگیراوه.
عه‌بدولره‌حمانی زه‌بیحی ( ع. بیژه‌ن ئه‌ندامی ژماره 2 )
.jpg)
ئه‌م وێنه‌یه‌ی زه‌بیحی له " نیشتمان " ئاماده‌کردنی عه‌لی که‌ریمی، بنکه‌ی ژین، سلێمانی ساڵی 2008 وه‌رگیراوه
عهبدهلرهحمانی شه‌ره‌فکه‌ندی مه‌لای بۆر ( ع. هه‌ژار ئه‌ندامی ژماره 20 )
ئه‌م وێنه‌یه‌ی هه‌ژار له ئینترنێت وه‌رگیراوه
نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی هیوا :
شێخ عوبه‌یدیللای زینوێ واته شێخ عوبه‌یدیلای نه‌خشبه‌ندی ( که‌ماڵی) ( ع. هووشه‌نگ ئه‌ندامی ژماره
ژماره 75 ، یان ع. جانگیر ئه‌ندامی ژماره 716)
.jpg)
ئه‌م وێنه‌یه شێخ عوبه‌یدیلای نه‌خشبه‌ندی (که‌ماڵی)له کتێبی به‌ڕێز خالیدی حیسامی " ئاوێنه‌ی شکاو " وه‌رگیراوه
سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی ( گه‌یلانی زاده) ( ع. هووشه‌نگ ئه‌ندامی ژماره 75، یان ع. جانگیر ئه‌ندامی ژماره
716)

وێنه‌ی سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی ئی ئاڕشیوی نووسه‌ری ئه‌م باسه یه. له‌به‌ر گرینگی مێژوویی نووسراوه‌ی پشتی وێنه‌که لێره دا هاتووه
رابطی نێوان کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. و کۆمه‌ڵه‌ی هیوا تا به‌ستنی ئه‌و په‌یمانه : محه‌مه‌د سه‌عیدی کانی مارانی (م.س. خوێنین 1060)، ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی هیوا.
وادیاره محه‌مه‌د سه‌عیدی کانی مارانی له ساڵانی دواتریشدا به تایبه‌تی له کاتی پاشه‌کشه‌ی هێزی بارزانی له کوردستانی ئێران ده‌وری ڕابطی له نێوان ئه‌وان و تێکۆشه‌رانی نێوخۆی کوردستانی عێڕاق گێڕابێ. ئه‌بولحه‌سه‌نی ته‌فره‌شیان له کتێبه‌که‌ی دا " ڕاپه‌ڕینی ئه‌فسه‌رانی خۆراسان" زۆر باسی چاکه‌ی وی و هاتووچووی له عێراقه‌وه بۆ شنۆ ده‌کا. به خۆشییه‌وه به‌هۆی چه‌ند خزمی به‌ڕێزیان له ئوڕووپا و دۆستێک که هاوێنی ڕابردوو چاوی پێی که‌وتووه ئاگادار کرام به‌ڕێزیان هێشتا له ژیان دایه و له شاری
هه‌ولێره. حه‌ق وایه به‌ڕێز که‌ریمی یان هه‌رکه‌سێکی دیکه‌ی هۆگری مێژووی سیاسی کوردستان بیره‌وه‌ری به‌ڕێزیان که ته‌نیا شاهیدی زیندووی " کۆبوونه‌وه‌ی په‌یمانی سێ سنوور"ه ئاسته بکه‌ن.
2- ناوی نهێنی له کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک و کۆمه‌ڵه‌ی هیوا دا هه‌ر نه‌بێ تا کاتی ئه‌و دیداره له جۆزه‌ردانی 1323 دا یه‌ک شێوازی هه‌بووه، واته تیپی یه‌که‌می ناوی ڕاسته‌قینه‌ی پچووک + ناوی نهێنی + ژماره‌ی ئه‌ندامه‌تی
3-په‌یمانه‌که 12 خاڵ بووه.
4- "فشاری باقرۆف و شووره‌وی" هیچ ده‌ورێکیان نه‌بووه له پێش‌گرتن له بڵاو بوونه‌وه‌ی خه‌به‌ر یان نێوه‌رۆکی ئه‌و " په‌یمانه"، به‌ڵکوو لاپه‌ڕه‌ی 10ی نیشتمان له سه‌ر داوای کۆمه‌ڵه‌ی هیوا لێکراوه‌ته‌وه.
5-ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه له لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک هه‌ر وه‌ک هه‌ژار باس ده‌کا و خه‌به‌ری " له‌ناو کۆمه‌ڵه دا " له لاپه‌ڕه 10 ده‌نووسێ " په‌یمانی ( سیه سنوور) له لایه‌ن هه‌یئه‌تی استشارهی ادارهی ناوه‌ندی ی " ژ.ک" په‌سند کراوه به‌م زووانه ده‌گه‌ڵ نسخه‌ی په‌سند کراوی ناوچه‌ی (هیوا) مبادله ده‌کرێ" سه‌ڵاحییه‌تی واژۆ کردن و په‌سند کردنی نێوه‌رۆکی ئه‌و په‌یمانه‌ی هه‌بووه، به‌ڵام ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی هیوا ئه‌و ئۆتۆریتهیهی نه‌بووه و بۆیه دوای کۆبوونه‌وه‌که داوا له ژ.ک کراوه ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه له " نیشتمان " بدڕێنێ
6- ئه‌و رێکه‌وتنه دوازده ماده‌ییه بۆیه نێوی " په‌یمانی سێ سنوور " بووه له به‌ر ئه‌وه‌ی له بناری " داڵانپه‌ڕ" ئیمزا کراوه.
7- په‌یمانه‌که وه‌ک زۆر په‌یمان و ڕێکه‌وتنی ناو کوردان له ساڵانی دواتر و تائێستاش به مه‌لۆتکه‌یی سه‌ری ناوه‌ته‌وه.
ئه‌و په‌یمانه‌ی نێوان دوو لایه‌نی چالاکی خه‌باتی کوردایه‌تی له‌و سه‌روبه‌ندی دا، ئه‌گه‌رچی هه‌ر به سهرمقهستهکهی واته " ایجادی پیوهندیکی وسیعی سیاسی " و ئه‌و ماده‌یه‌ی ده‌زانین که هه‌ژار باسی ده‌کا، له مێژووی سیاسی کوردستان دا گرینگی سه‌مبۆلیکی خۆی هه‌ر ده‌پارێزێ.
وه‌ک مامۆستا هه‌ژار ده‌نووسێ زۆر سه‌رچاوه‌ی کوردی و بیانی به چڵ و نیوه‌چڵ باسیان لێوه کردووه، ڕه‌نگه له سه‌رچاوه‌ی ئینگلیسی دا ویلیا‌م ئیگلتنی کوڕ یه‌که‌م که‌س بێ له کتێبه به‌نرخه‌که‌ی " کۆماری کوردی ساڵی 1946 " دا باسی ئه‌و په‌یمانه‌ی کردبێ. زانیاریده‌ره‌کانی ئیگلتن به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م نه‌مران مه‌نافی که‌ریمی و سه‌ید ئه‌حمه‌دی سه‌ید ته‌های شه‌مزینی بوون و ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه له خودالێخۆش‌بوو سه‌ید عه‌بدوڵای گه‌یلانیش باسی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ی پرسیبێ. به دوای ئیگلتن دا سه‌رچاوه‌ی دیکه‌ی ناکوردیش وه‌کوو ژه‌نه‌ڕاڵ ئه‌رفه‌ع و کریس کۆچێرا به هێندێک ئه‌ملاو ئه‌ولا ئه‌وه‌یان دووپاته کردووه‌ته‌وه.
تا ئه‌و جێیه‌ی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه بزانم خودالێخۆشبووان که‌ریمی حیسامی ، فرانسوا حه‌ریری سه‌باره‌ت به په‌یمانی " سێ سنوور" یان نووسیوه و له ساڵی 2007 یشدا که بیره‌وه‌رییه‌کانی خودالێخۆش‌بوو محه‌مه‌دی شاپه‌سندی بڵاو بووه‌وه، هێما به په‌یمانی " سێ سنوور" کراوه. هه‌ر وه‌ها لێکۆله‌ره‌وه‌ی کورد سه‌یید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دیش ئاماژه‌ی به‌و په‌یمانه کردووه. ئه‌گه‌ر
سێ نووسه‌ری یه‌که‌م مابان و زانیبایان دۆزرانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی 10ی ژماره‌ی 7، 8 ، 9 ی نیشتمان چلۆنایه‌تی ئه‌و په‌یمانه ئه‌و جۆره‌ی که بووه روون ده‌کاته‌وه بێ شک پێی ده‌گه‌شانه‌وه، و دۆزینه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی 10 و نووسراوه‌ی سه‌ره‌وه‌ی مامۆستا هه‌ژار ده‌کرێ یارمه‌تی بکا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێز سه‌مه‌دیش له چاپی تازه‌ی " نگاهی به تاریخ مهاباد" دا به‌و باسه دا بێته‌وه. ئه‌من له‌گه‌ڵ ئه‌م نووسراوه‌یه وێنه‌ی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک و کۆمه‌ڵه‌ی هیوا و هه‌ر وه‌ها خودالێخۆشبووان حاجی شێخ سه‌ید عه‌بدوڵا ئه‌فه‌ندی و سه‌ید عه‌بدولقادری کوڕی که له نووسراوه‌که‌ی هه‌ژار دا نێویان هاتووه بڵاو ده‌که‌مه‌وه، و ئه‌گه‌ر وێنه‌ی بهڕێزحهمهسهعید کانی مارانی ش له‌وان زیاد بکرێ ئیدی تیشکی ته‌واو ده‌خرێته سه‌ر به‌شدارانی کۆنفڕانسی سێ سنوور.
Posted by
Ruwange --- ڕوانگه
at
8:32 PM
0
comments
Saturday, November 8, 2008
" موسیقیی کوردی له حوجرانه‌وه تا ئه‌مڕو"

بۆ بیستنی سی دی ئه‌و گۆرانیانه‌ی له لایه‌ن کۆڕی موسیقیی نه‌ریتی کوردی شار‌داریی گه‌وره‌ی ئامێد ( دیار به‌کر) وه ئاماده کراوه ده‌کرێ ئه‌م نێونیشانه‌ی خوارهوهدابگرن.زۆربه‌ی پارچه‌کان شێعری سه‌یدایێ جگهرخۆێنن
http://www.diyarbakir-bld.gov.tr/vinil.htm
Posted by
Ruwange --- ڕوانگه
at
11:33 PM
0
comments
Thursday, November 6, 2008
Cymdeithas yr Iaith Gymraeg كۆمه‌ڵه‌ی زمانی وه‌یلزی پشتیوانی له ئازادیی زمانی کوردی ده‌کا له ترکییه
Cymdeithas yr Iaith Gymraeg سیمدهیتهاس ئیر یایت گیمرائێگ ( کۆمه‌ڵه‌ی زمانی وه‌یلزی ) هاو پێوه‌ندی خۆ له گه‌ڵ خه‌بات له پێناو زمانی کوردی دا ڕاده‌گه‌یێنێ
سمیدهتیهاس ئیریایت گیمرائێگ ( کۆمه‌ڵه‌ی زمانی وه‌یلزی) له کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی خۆیدا که‌له 25ی ئۆکتۆبر پێک هات هاوپێوه‌ندی خۆی له گه‌ڵ خه‌باتی ئاشتیانه له پێناو به‌ده‌ستی هێنانی مافی ته‌واوی زمانی بۆ گه‌لی کورد له ترکییه ڕاگه‌یاند.
ئه‌و پێشنیازه له لایه‌ن دافید مۆرگان لویس کاربه‌ده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆمهلهکهوه به‌رز کرایه‌وه و هیوێل ویلیامس، ئه‌ندامی پارلمانی سه‌ر به پارتی پله‌ید کێمری وه‌یڵز پشتیوانی لێکرد
ئه‌م پێشنیازه ئاوایه :
'Mae Cymdeithas yr Iaith yn mynegi ei chefnogaeth i'r ymgyrch di-drais o blaid Cwrdeg yn Nhwrci, yn cymeradwyo datganiadau gan Gwrdiaid a Thwrciaid blaengar o blaid heddwch yn nwyrain Twrci ac yn mynnu fod sicrhau hawliau iaith cyflawn i'r Cwrdiaid yn gam hanfodol tuag at setliad cyfiawn.'
( وه‌رگێڕان )
'سیمدهیتهاس ئیت یایت گیمرائێگ ( کۆمه‌ڵه‌ی زمانی وه‌یلزی) پشتیوانی خۆی له به‌ربه‌ره‌کانی ئاشتیانه له پێناو زمانی کوردی له ترکییه ڕاده‌گه‌یێنێ ، پێخۆشبوونی خۆی له ئاست هه‌ڵوێستی کوردان و ترکانی پێشکه‌وتوو له پێناو ئاشتی له ڕۆژهه‌ڵاتی ترکییه ده‌رده‌بڕێ و دایده‌گرێته‌وه ده‌سته‌به‌ر کردنی مافی ته‌واوی زمانی بۆ گه‌لی کورد ههنگاوێکی گرینگه به‌ره‌و چاره‌سه‌رییه‌کی عادڵانه.'
مه‌ننا ماچرێت سه‌رۆکی تازه هه‌ڵبژێردراوی کۆمه‌ڵه‌ی زمانی وه‌یلزی له دوای کۆبوونه‌وه‌که ڕایگه‌یاند :
'ئه‌من هه‌م پێی خۆشحالم و هه‌م هه‌ست به شانازی ده‌که‌م کۆمه‌ڵه‌ی زمانی وه‌یلزی پشتیوانی خۆی له خه‌باتی ئاشتییانه‌ی گه‌لی کورد و ڕزگاریی زمانی کوردی ده‌ربڕیوه. ئێمه له وه‌یلز به ده‌یان ساڵ تێکۆشاوین بۆ ئه‌وه‌ی مافی ته‌واوی زمانی وه‌ده‌ست بهێنین ، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ڕێگایه‌مان ته‌واو نه‌بڕیوه. ئه‌و زۆردارییه‌ی ئێستا له زمانی کوردی ده‌کرێ ته‌نانه‌ت زۆر له‌وه توندوتیژتره که ئاخێوه‌رانی زمانی وه‌یلزی له تاریکترین سه‌رده‌ماندا پێیانه‌وه ده‌ناڵاند.
ئێمه به ساڵانی دوور و دڕیژ پشتیوانیمان له گه‌لی کورد کردووه، له وانه پشتیوانی له به‌ربه‌ره‌کانی به دژی سازکردنی به‌نداوی ئیلێسوو، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یه‌ی که پڕۆژه‌ی کاپێل سه‌لین له وه‌یلز وه‌بیر کۆمه‌لی وه‌یلزی ئاخێوه‌ران ده‌هێنێته‌وه که له به‌رایی ساڵانی شێسته‌کاندا ئه‌نجومه‌نی ئینگلیسی شاری لێڤێرپوول ده‌یه‌ویست پیاده‌ی بکا.
ئێمه دڵنیاین کرده‌وه‌ی به دیسیپلینی ئاشتییانه هێزێکی به‌توانا و به‌رزی ئه‌خلاقییه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زه‌بر و زه‌نگی ڕه‌سمیدا. ئێمه پێی خۆشحاڵین هه‌م گه‌لی کورد و هه‌م گه‌لی ترک له پێناو ئاشتی دا خه‌بات ده‌که‌ن. ئێمه دڵنیاین مافی ته‌واوی زمانی بۆ زمانی کوردی ههنگاوێکی گرینگه به‌ره‌وه وه‌ده‌ستهێنانی ئاشتی.'
نوێنه‌ری پارلمان هیوێل ویلیامس له‌و قسانه‌ی زیاد کرد و ڕایگه‌یاند
' ئه‌من دڵنیام دۆستانی کوردی ئێمه به‌م بڕیاره‌ی ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵه‌ی زمانی وه‌یلزی ده‌گه‌شێنه‌وه و ئیلهامی لێوه‌رده‌گرن. سیمدهیتهاس هه‌میشه ڕوانگه‌یه‌کی جێی ستایه‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بووه له مشتومڕی زمانی دآ و هه‌ر وه‌ها به بڕیار بووه بۆ وه‌خۆکردن و به‌ره‌وژوور بردنی فه‌لسه‌فه‌ی خه‌باتی ئاشتیانه.
ئه‌من پێی خۆشحاڵم کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی کۆمه‌له‌ی زمانی وه‌یلزی ده‌نگی خۆیان خستووه‌ته پاڵ ده‌نگی پارتییه‌که‌ی من پله‌ید کێمری سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ری عادڵانه‌ی داوخوازی گه‌لی کورد. ئه‌و چاره‌سه‌رییه به بێ ڕزگاری و ئازادیی ته‌واوی زمانی کوردی وه‌ده‌ست نایه.'
3ی نۆڤامبری 2008
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه : حه‌سه‌نی قازی
Posted by
Ruwange --- ڕوانگه
at
9:08 PM
0
comments
Thursday, October 30, 2008
بادینی و کرمانجی نووسینی نه‌وزاد هرۆری
بادینی و کرمانجی
نووسینی : نه‌وزاد هرۆری
بۆ کوردیی نێوه‌ڕاست : حه‌سه‌نی قازی
کرمانجیی مه‌ڵبه‌ندی بادینان له هێندێک ڕووه‌وه له کرمانجی مه‌ڵبه‌نده‌کانی دیکه‌ی کوردستان جیاوازه. هۆی ئه‌و جیاوازییانه ده‌کرێ مێژوویی، جوگرافیایی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و/یان سیاسی بن؛ به‌ڵام ئه‌و وه‌ک یه‌ک نه‌بوونه‌ی که هه‌یه بۆ کرمانجی نووس و کرمانجی ئاخێوه‌ران دیارده‌ی سه‌رنجڕاکێش و کێشه‌ی جیدین.
هه‌رچه‌ند خه‌ڵک به گشتی به‌و کرمانجییه‌ی که له هه‌رێمی ڕۆژئاوای کوردستانی عێراق به کار ده‌هێندرێ ده‌ڵێن 'زاری بادینان' ، ' له‌هجه‌ی بادینان' ، یان ' بادینی ' ( به‌هدینی)، مرۆ ناتوانێ ئه‌و سنووره ئاشکرا و ناسکراوهی که کرمانجی ئه‌و هه‌رێمه به ته‌واوی له کرمانجی مه‌ڵبه‌ندی دی داده‌بڕێ دیاریی بکا. ئه‌و کرمانجی ئاخێوه‌رانه، یان 'بادینییانهی'، که له نزیک سنووری سوورییه و ترکییه ده‌ژین به زمانێک ده‌دوێن که زیاتر له‌و کرمانجییه نزیکه که کورده‌کانی ڕۆژئاوا و باکوور قسه‌ی پێده‌که‌ن. بۆ نموونه وشه‌ی "خۆش" و " خۆ" که له‌شاری دهۆکێ ده‌بیسترێ ، له‌و مه‌ڵبه‌ندانه دا ده‌بن به " خوه‌ش" و "خوه"، هه‌ر وه‌ها، ڕسته‌ی وه‌ک " ئه‌ز دکه‌م " ، "ئه‌ز دبه‌م" و " ئه‌ز دده‌م" ی مه‌ڵبه‌ندی دهۆک ، ئامێدی و ئاکرێ له شه‌نگال و زاخۆیه ده‌بن به " ئه‌ز دکم" ، " ئه‌ز دبم" و " ئه‌ز ددم".

له‌هجه
ئه‌و خاڵه‌ی که ده‌توانێ کرمانجیی عێراقێ – کرمانجیی نووسین – به یه‌کجاری له جێی دیکه، جگه له ئێرانێ نه‌بێ، جوێ بکاته‌وه ته‌نێ ئه‌لفوبێتکه‌یه. بۆیه ئه‌و ' بادینی' یه‌ی له‌م نووسراویهدا شی ده‌کرێته‌وه ئه‌و کرمانجییه‌یه که له چاپه‌مه‌نی و ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی کوردستانی عێراقێ دا به‌کار ده‌هێندرێ و 'کرمانجی' ش ئه‌و کرمانجییه‌یه که له چاپه‌مه‌نی و ده‌زگای ڕاگه‌یاندن له ده‌روه‌ی کوردستانێ به‌کار ده‌هێندرێ . مه‌به‌ست له جوێکردنه‌وه‌ی بادینی له کرمانجی له‌م شیکردنه‌وه‌یه دا ئیدیعا کردنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وان نییه. بادینی به هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆیه‌وه، له‌هجه‌یه‌ک، یان – ئه‌گه‌ر بته‌وێ – زاراوه‌یه‌کی کرمانجییه. ئامانج له‌م له‌به‌ریه‌ک ڕۆنانه خستنه به‌رچاوی چه‌ند دیارده‌ی ڕێزمانییه بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌موو کرمانجان لێی ئاگادار بن.
له‌م نووسینه‌دا، کرمانجی و بادینی له بواری ئه‌لفوبێتکه، ده‌نگسازی، وشه‌ڕۆنان و ڕسته‌سازیدا به‌یه‌که‌وه به‌راورد ده‌کرێن.
ئه‌لفوبێتکه
زۆربه‌ی کوردان و کوردناسان ده‌زانن که زمانی کوردی به دوو ئهلفوبێتکهیان ده‌نووسرێ. هه‌ر دوو ئهلفوبێتکهکهش کوردین چونکوو بۆ نووسینی کوردی سازکراون. یه‌کیان ئه‌لفوبێتکه‌ی کوردیی لاتینی (ئکل) و ئه‌ویدیشیان ئه‌لفوبێتکه‌ی کوردیی عه‌ڕه‌بییه (ئکع). ئکع له عێراق و ئێرانێ به‌کار ده‌هێندرێ. ئه‌و کرمانجانه‌ی که خه‌ڵکی عێراق و ئێران نین به ئکل و بادینی به ئکع ده‌نووسن. ئه‌و دوو ئه‌لفوبێتکه‌یه له خشتهکییهک دا له‌به‌ریه‌ک ڕۆندراون، ده‌کرێ ئه‌و خشته‌یه لێره ببینی. http://www.kulturname.com/wp-content/alfabe.pdf
1- ژماره‌ی تیپه‌کانی ئکع 34 و ئی ئکل 31 ن.
2- ئه‌لفوبێتکه‌ی عه‌ڕه‌بی له 28 تیپان پێک دێ. کورده‌کانی عێراق 7 تیپیان له‌و ئه‌لفوبێتکه‌یه ده‌رهاویشتووه که به‌کاری کوردی نایه‌ن ، 13 تیپی نوێان ( 4، 6 ، 7 ، 9 ، 13 ، 18 ، 19 ، 26 ، 27 ، 30 ، 32 ، 34 و 37 له‌و خشته یه ) لێ زیاد کردووه.
3- ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌کوو نموونه‌ی ئه‌لفوبێتکه‌ی لاتینی ستاندارد، قۆڵ له سه‌ر ئه‌لفوبێتکه‌ی ئینگلیسی بکێشین، که 26 تیپه، ئه‌وده‌می ده‌رده‌که‌وێ که میر جه‌لاده‌ت به‌درخان پێنج تیپی ( 4، 7 ، 12 ، 23 و 26 ی له خشته‌که‌دا) بۆ داهێنانی کرمانجی زیاد کردووه.
4- له ئکل دا بیستووپێنج تیپی هاوتای ئکع هه‌یه . تیپی "i"له ئکع دا نییه. شه‌ش تیپی ( 32- 37) له ئکع دا هه‌یه که هاوتای ئه‌وان له ئکل دا نییه. ئکع " î" و" y " یان و " u " و " w" له یه‌ک جوێ ناکاته‌وه.
5- ئکع هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بۆ وڵامدانه‌وه و داوخواز و پێویستیی سۆرانی دروست کراوه. بۆ نموونه، تیپی 37 ی
( "ڵ ") بۆ نووسینی کرمانجی پێویست نییه. هه‌ر وه‌ها تیپی ژماره 10 ("هه " ) له لای سۆرانی نووسان ته‌نێ له سه‌ره‌تا و ده‌نێو وشاندا به‌کار ده‌هێندرێ، به‌ڵام له کۆتایی ئه‌واندا به‌کار ناهێندرێ چونکوو، وه‌ک ئه‌وان ده‌ڵێن، وشه‌ی که به "هه" کۆتای‌یان دێ له له‌هجه‌ی ئه‌واندا نین. جیاوازی له نێوان کۆنسۆنانتی پفدراو و پفنهدراو ( وه‌کوو / ç / له وشه‌ی " چێلهک " و / ç/ له وشه‌ی " چار" دا ) که له کرمانجیدا هه‌یه به تیپی ئکع نیشان نادرێ چونکوو ئه‌و جیاوازییه له سۆرانی‌دا نییه.
6- ئکل له سه‌ره‌تاوه بۆ نووسینی کرمانجی داهێندراوه. به‌ڵام ، ئه‌و ئه‌لفوبێتکه‌یه هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی که له کرمانجیدا ده‌بیسرێن نانوێنێ. ده‌نگی پفدراو و پفنهدراو ( ئه‌وانه‌ی له پنکتی 5 دا باسیان کراوه) و /r / ی سووک و قه‌ڵه‌و له یه‌کتری جیا ناکرێنه‌وه. هه‌ر وه‌ها ، تیپ بۆ ئه‌و ده‌نگانه‌ی که له زمانه سامییه‌کانه‌وه ( وه‌کوو عه‌ڕه‌بی، ئارامی ، سوریانی) که‌وتوونه‌ته نێو کرمانجی دانه‌ندراون.
7- زۆربه‌ی تیپه‌کانی ئکع چوار شکڵیان هه‌یه. هه‌ڵبژاردنی شکڵی تیپیش به گوێره‌ی جێگای وی له وشه دا ده‌گۆڕدرێ. هێندێک له تیپه‌کان به تیپی پێش یان پاشه‌وه‌ی خۆیان ده‌نووسێن. هێندێکیشیان ته‌نێ به تێپێ پێش خۆیانه‌وه ده‌لکێن. چلۆنایه‌تی به‌یه‌که‌وه لکاندن و پێوهنهنووساندنی تێپهکان، جگه له دوویان نه‌بێ ( 6 و 32 له خشته‌که‌دا)، له سه‌ر بنه‌مای به‌کارهێنانی تیپهعهڕهبییهکان هه‌ڵنراون . بۆ نموونه، ده‌بێ " ه" له ڕسته‌ی " ئه‌و فیل ه " دا به " فیل" وه بلکێ : " ئه‌و فیله"، چونکوو، به‌پێی ده‌زگای ڕێنووسی عه‌ڕه‌بی، ئه‌و تیپه، له گه‌ڵ تیپی پێش خۆی ده‌مێنێته‌وه ئه‌گه‌ر له‌و جۆره تیپانه بن که به تیپی پاش خۆیانه‌وه ده‌لکێندرێن. ڕێسای ده‌زگای ڕێنووسی عه‌ڕه‌بی له‌وه‌ی که ده نموونه‌ی ئێمه دا هه‌یه زۆر ئاڵۆزتره. ئه‌و جۆره ئاڵۆزییه ده ده‌زگای ڕێنووسی لاتینی دا نییه. تیپه‌کانی ئکلێ وه‌کوو له‌خشته‌که‌دا دیارن دوو شێوازیان هه‌یه، یان وردن یان گه‌وره. هه‌موو تیپه‌کان ده‌توانن بێنه ته‌نیشت یه‌کدی، به‌ڵام هیچکام له‌وان به تیپی پێش و پاشی خۆیانه‌وه نانووسێن.
8- ڕیزکردنی تیپه‌کانی ئکل ، له A تا Z وه ، به پێی ریز کردنی وان به لاتینی (ڕۆمی) یه و ئی ئکع شوێنی ئه‌لفوبێتکه‌ی عه‌ڕه‌بی ده‌گرێ.
9- نووسینی وشان به ئکع له لای بادینییه‌کان تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵه. بۆ نموونه وشه‌ی " موو" ده‌کرێ به چوار شکڵان ببیندرێ، " موو"، موی" ، "م‌و" و " می". ئه‌و تێکه‌ڵ پێکهلێیهش ده‌کرێ له به‌ر نه‌بوونی ستانداردی ڕێنووس په‌یدا بووبێ.
10- له به‌ر ئه‌وه‌ی له ئکع دا تیپی ورد و گه‌وره نین، نێوی که‌سان و جێیان له وشاندا جوێ ناکرێنه‌وه. ئه‌وه‌ش زۆرجاران ده‌بێته هۆی ئاڵۆزی. ئه‌و کرمانجانه‌ی که خه‌ڵکی عێراق و ئێران نین و به سیستمی ئکع نانووسن که‌میان ده‌توانن ئه‌و ده‌قانه‌ی بهوئهلفوبێتکهیه نووسراون بخوێننه‌وه. کرمانجه‌کانی بادینان تیپی لاتینیان پێ خۆشه و تێدکۆشن خۆیان فێری نووسین به ئکل بکه‌ن. له به‌ر ئه‌وه‌ی فێری ڕێسای ڕیزبه‌ندی ئه‌لفوبێتکه‌ی عه‌ڕه‌بی بوون ، هه‌ڵه‌ی وه‌کوو نووسینی نێوی که‌سان و جێیان به تیپی ورد و گه‌وره و هتد له‌و ده‌قانه‌یدا که به ئکل ده‌یاننووسن په‌یدا ده‌بن.
ده‌نگسازی
وشه‌ی “بووک” له ده‌قی بادینیان دا ده‌کرێ وه‌ک “بووک”، “بویک” یان “بیک” ده‌رکه‌وێ. شێوه‌ی ئاوا جیاواز، ئه‌و فه‌رق وجیاوازییانهی ته‌له‌فوز کردن که له ناوچه‌ی جیاواز هه‌ن نیشان ده‌ده‌ن. بۆ نموونه وشه‌ی، “bûk” له شنگالێ ، “bîk” له ئامێدی و ئاکرهیێ و له مه‌ڵبه‌ندی به‌رواری و دهۆکێ وه‌ک“bwîk” ده‌بیسترێ. شنگالی ئه‌و وشه‌یه وه‌کوو کرمانجان ته‌له‌فوز ده‌که‌ن. هه‌ر دووک شێوه‌که‌ی دی “bwîk” و “bîk” بادینین.

Bûk
ده‌نگی [y] که له وشه‌ی “bwîk” وگه‌لێک وشه‌ی دیکه دا له بادینان وه‌ک "وی" ده‌نووسرێ، هه‌ر وه‌ها له بۆتان و حهکاریش بڵاوه. کرداری "bûn " له بۆتان ، و هه‌ر وه‌ها ناوچه‌ی بارزان وه‌ک"bwîn " ته‌له‌فوز ده‌کرێ. له ناوچه‌ی زاخۆیه، "bûn " ده‌بێ به"bîn "، به‌ڵام له دهۆک، ئامێدی و ئاکرهیێ هه‌ر "bûn " ه. مرۆ ده‌توانێ به هاسانی بڵێ که دیارده‌ی ته‌له‌فوز کردنی ده‌نگی [û] وه‌ک [y ] ، یان "wî"، یان

Bûn
دیفتۆنگی (جووت واڤێل) [uî ] ، [ ue ] و [ ua ] پاش ده‌نگی [x ] که جه‌لاده‌ت به‌درخان وه‌ک "wî"، "we" و "wa " نووسیونی له هێندێک ناوچه‌ی بادینان مۆنۆفتۆنگن. [uî ] له وشه‌ی وه‌کوو

xwe
ئه‌و [ o] یه‌ی که له " xo " و " xoş " دا هه‌یه وه‌ک [û] ته‌له‌فوز ده‌کرێ. ئه‌و [ o ] یه‌ی له وشه‌ی " got "، " roj " ، " moz " ، " kor(e) "، "şol " و هتد دا هه‌یه دیسان "وو" یه. له لایه‌کی دیکه‌وه [a ] ی دهۆکیان له‌و [ a ] یانه‌ی له دمی کرمانجی دییه‌وه ده‌رده‌که‌وێ " ئه‌ستوورتر" ه و [ k ] ی خه‌ڵکی ئامێدیێ به یارمه‌تی پاشی زمان نه‌ک پشتی زمان ته‌له‌فوز ده‌کرێ.
هێندێک جیاوازیش له نێوان بادینی و کرمانجیدا هه‌یه که به‌شێوه‌یه‌کی ناسیستیماتیک ده‌رده‌که‌ون. بۆ نموونه، گۆڕینی ده‌نگی واڤێل یان کۆنسۆنانت یان جێ گۆڕکێی ده‌نگان له وشاندا بوونه هۆی ئه‌وه‌ی جیاوازی په‌یدا بن. له‌م نموونانه بڕوانه!
a) گۆڕینی واڤێل: بادینی " له‌ش"، کرمانجی " لاش"؛ بادینی " ته‌شت " ، کرمانجی " تاشت (ێ)"
b) گۆڕینی کۆنسۆنانت : بادینی " باب " ، کرمانجی " باڤ"؛ بادینی " برسی"، کرمانجی " برچی "
c) جێگۆڕکێی ده‌نگان: بادینی " به‌فر"، کرمانجی " به‌رف" ، بادینی "gunhe"، کرمانجی " guneh"
هۆی جیاوازیی ده‌نگسازی له هێندێک وشه‌ی خوازراوه دا ده‌گڕێته‌وه سه‌ر ته‌له‌فوز کردنی ئه‌و وشانه له‌و زمانه‌ی لێی وه‌رگیراوه. زۆربه‌ی بادینییان، وشه‌ی ڕۆژئاوایی به پێی ته‌له‌فوزی ئینگلیسی ده‌رده‌بڕن و کرمانجه‌کانی ترکییه و سوورییه شێوه‌ی فه‌ڕانسه‌یی به‌کارده‌هێنن. بۆ نموونه، بادینی ده‌ڵێن " دجیتال" و " سه‌ته‌لایت"، به‌ڵام کرمانجان ده‌ڵێن " دژیتال" و " ساته‌لیت".
ناو
له کوردی‌دا، دوو کاتاگۆری ڕێزمانی هه‌ن که هه‌میشه به ناو به‌ستراونه‌ته‌وه. یه‌کیان ژماره - " مێژهر" به پێی کوته‌ی جه‌لاده‌ت به‌درخان- و ئه‌ویدیش جینس ه . ناو یان تاکه یان کۆ. یان نێره یان مێ . ژماره‌ی ناو و جینسییه‌تی به یارمه‌تی هێندێک نیشانه‌یان – یان پاشگران – ده‌رده‌که‌وێ. ئه‌و پاشگره یان به‌و ناوه‌وه ده‌ڵکێ که گه‌ردان ده‌کرێ یان ئیزافه‌ی دێته سه‌ری، یان له کرداران زیاد ده‌کرێ: له‌م نموونه‌یه بڕوانه :
پۆلیسێ کال نکاره دزان بگره
ناوی " پۆلیس" له دۆخی ئیزافه دایه و پرتکه‌ی "ێ" ی لێ زیاد کراوه. ئه‌م پرتکهیه دیاری ده‌کا که " پۆلیس" تاک و نێره. ناوی " دز" گه‌ردان کراوه و به پرتکه‌ی کۆی " – ان" کۆتایی دێ. ئه‌و پرتکه " ه" یه‌ی که له ڕیشه‌ی کرداری " کارین" و ڕیشه‌ی وشه‌ی " گرتن" ێ زیاد کراوه تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ناوی " پۆلیس" ده‌ستنیشان ده‌کا و دیاری ده‌کا که "پۆلیس" تاکه و که‌سی سێیه‌مه ( واته ، نه " ئه‌ز"، نه " تو" به‌ڵکوو " ئه‌و" ه ). ئه‌و پاشگرانه‌ی له کرداران زیاد ده‌بن له بابه‌تی کرداران دا باسیان لێوه ده‌که‌ین.
له هێندێک دۆخ دا، ئه‌و پاشگرانه‌ی له ناوان زیاد ده‌بن له کرمانجی و بادینی دا وه‌کوو یه‌ک نین. له بادینی دا، ناوی نێری تاک، له دۆخی گه‌ردان کردن دا به پاشگری " î- " گه‌ردان ده‌کرێ. ده کرمانجی دا، ئه‌و ناوه جارجار به "î – " و جار جاریش به گۆڕینی واڤێل گه‌ردان ده‌کرێ یان هه‌ر هیچ گه‌ردان ناکرێ. بڕوانه ئه‌م نموونانه‌ی خواره‌وه
بادینی : ئه‌و شڤانی دبینت
بادینی:شڤانی ئه‌و دیت
بادینی:ئه‌و ژ شڤانی دوور که‌ت
بادینی : نانێ شڤانی
بادینی:ڤی شڤانی
گه‌ردان کردن
ئه‌م نموونه‌ی دوایی ده‌ری ده‌خا که له فره‌یزی هێمایی دا کرمانجی وه‌کوو بادینی له گه‌ڵ گه‌ردانکردنی ناوی نێر ده‌گونجێ و ئه‌و به "î – " گه‌ردان ده‌کا. کرمانجی و بادینی له گه‌ردانکردنی ناوی نیری تاک و نادیار، گه‌ردانکردنی ناوی مێی تاک و گهردانکرنی ناوی کۆ وه‌ک یه‌ک وان و ئه‌وان به " ێ – " و " ا(ن)- " گه‌ردان ده‌که‌ن. نموونه:
بادینی:ئه‌و شڤانهکی دبینت
بادینی:کچکێ ئه‌و دیت
بادینی:کچکهکێ ئه‌و دیت
بادینی: شڤانا(ن) بێری دیتن
به‌ڵام له دۆخی ئیزافه ، جیاوازی له نێوان بادینی و کرمانجی دا زیدهترن. له‌و دۆخه دا ناو به‌پێی ژماره و جینس پاشگری جیاواز وه‌رده‌گرن. جیاوازی له هه‌موان ئاشکراتر له پاشگری ناوی کۆ و ناوی تاکی نادیار دا ده‌رده‌که‌ون. له‌م نموونانه بڕوانه:
کاتێک ناو تاک و دیار بێ
بادینی : کورێ ژیر
بادینی :کچا ژیر
کاتێک ناو تاک و نادیار بێ
بادینی:کورهکێ ژیر
بادێنی :کچه‌کا ژیر
کاتێک ناو کۆ بێ
بادینی :کورێت ژیر
بادینی :کچێت ژیر
وه‌ک ده‌بینی، ئه‌و نیشانه‌ی ئیزافه‌ی که له ناوی تاک دا له فره‌یزی بادینی زێده ده‌کرێن، ناوه‌کان دیار یان نادیار بن، وه‌کوو خۆیان ده‌مێننه‌وه. به‌ڵام، نادیار کردنی ناوی تاک له دۆخی ئیزافه دا له فره‌یزی کرمانجی دا نیشانه‌ی جیاواز له وانه هه‌ڵده‌بژێرێ که له ناوی تاکی دیارزێده ده‌کرێن. ئه‌و تێئۆرییه‌ی که ده‌ڵێ ڕیشه‌ی فۆرمی ئیزافه‌ی ناوی کۆ
وه‌ک ده‌بینی جینسی ناو له دۆخی کۆ دا ده‌رناکه‌وێ. واته، پاشگری کۆ پێمان ناڵێن ناوه‌که نێره یان مێ یه. ته‌نێ ناوی تاکی گه‌ردانکراو یان ئه‌وه‌ی له دۆخی ئیزافه دا جینسییه‌تی خۆی ئاشکرا کردووه به ڕێگه‌ی پاشگری گه‌ردانکردن و ئیزافه ئه‌وه ده‌رده‌خا. جینسییهتدان به ناو له بادینی و کرمانجی دا بابه‌تی به‌شی دواتره.
جینس
جینس کاتاگۆرییهکه که ڕێزمان به‌ڕیگه‌ی وی‌دا ناو ( یان جێناو) ده‌کاته نێر یان مێ. جگه له‌و ناوانه‌ی که مرۆ ده‌توانێ هه‌م بۆ نێر و هه‌م بۆ مێ به‌کاری بهێنێ، وه‌کوو " دۆست"، " مامۆستا"، " شاگرد" و هتاد. جینس له کرمانجیدا شێوه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگییه. به کوتنێکی دی، هه‌موو ناوێک ده ڕیشه‌ی خۆیدا جینسی هه‌یه. فۆرمی ناو زۆرجاران جینسی وی ده‌رناخا.جگه له چاوگی کرداران ، وه‌کوو "زانین"، " خوارن" ، "دیتن" و هتاد. که هه‌میشه مێن، ناو- به گشتی – نیشانه‌ی نێرێتی یان مێیێتی خۆی له پێکهاته‌ی خۆیدا دیاری ناکا. بۆ نموونه ده‌نگه‌کانی / س/ ، / ێ / و/ڤ/ که وشه‌ی "سێڤ"ی پێک ده‌هێنن هیچ ڕووی جینس نیشان ناده‌ن، به‌ڵام ، له به‌ر هۆیه‌ک له هۆیان، ئه‌و وشه‌یه جینسی مێی وه‌رگرتووه.
هێندێک ناو جینسی خۆیان له خۆڕست وه‌رده‌گرن. بۆ نموونه جینسی ئه‌و ناوانه‌ی پێوه‌ندی به مرۆڤ و ئاژه‌ڵی ماڵی و گه‌وره‌وه په‌یدا ده‌که‌ن – وه‌ک مه‌ڕ و هتاد. به‌پێی نێرێتی و مێیێتی خۆڕسکی وان ده‌زاندرێ. جینسی وشه‌گه‌لی "مێر"، " کور" و " دیک" نێره له به‌ر ئه‌وه‌ی که خاوه‌نی ئه‌و ناوانه له خۆڕست دا نێرن. هه‌ر وه‌ها ئه‌وانه‌ی که له خۆڕست دا مێن، وه‌کوو "ژن"، " که‌چ" و " مریشک" جینسی مێیان هه‌یه. به‌ڵام ، جینسییه‌تی زۆربه‌ی ناوان به‌پێی ڕێسایه‌کی سیستیماتیک نییه. وشه‌ی " زگ" نێره و وشه‌ی " پشت " مێ یه ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که هه‌ر دووکیان ناوی پارچه‌ی یه‌ک له‌شن. وشه‌ی " با" نێر و " باهۆز" مێ یه ، ئه‌گه‌رچی هه‌ردووکیان ناوی هه‌وایی ن. دوور نییه ئه‌و شێوه جێنس پێدانه له قۆناخێک له قۆناخه‌کانی زمانی کوردی دا بناخه‌یه‌کیان هه‌بووبێ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بۆ ئێمه ئه‌وه‌نده‌ش شیاوی لێ تێگه‌یشتن نین.
جینس پێدان به ناوان له بادینی و کرمانجیدا هه‌میشه وه‌کوو یه‌ک نین. وشه‌ی وه‌کوو " سینگ" ، " قه‌له‌م"،
جیاوازی له نێو ئه‌و وشهگهلهشدا که له زمانه ئوڕووپاییه‌کانه‌وه خوازراونه‌ته‌وه ده‌بیندرێ. بۆ نموونه، وشه‌ی
بابه‌تی ژماره و جینسی ناو له بادینی و کرمانجیدا له‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه دا نیشان دراوه

جینس
Yekhejmar = تاک
Pirhejmar = کۆ
Binavkirî = دیار ( بێ " –ek " )
nibinavkirî ( به " –ek" وه )
تێبینی : هێندێک که‌س لایان وایه که جینساندنی ناوان ده کرمانجیدا به قاعیده‌یه. ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ بۆچوونی ئه‌وان بخوێننه‌وه بڵا ته‌ماشای کاره‌کانی جه‌لاده‌ت به‌درخان، سادق به‌هائه‌دین ئامێدی و که‌چا کورد بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر ئێمه له سه‌ر ئه‌وه ڕێک بین که چاوگ شێوه‌ی بناخه‌یی کرداره و ئه‌و شێوه‌یه به " ن" کۆتایی دێ، ده‌توانین هه‌موو شێوه‌کانی دیکه‌ی کردار له‌وی دروست بکه‌ین. بڕوانه:
ڕه‌ڤاندن ( چاوگ) ی ڕهڤاند ( بنیچه)ی ڕه‌ڤین ( ریشه) یه
بارین ( چاوگ)ی باری ( بنیچه)ی بار (ڕیشه) یه
خواستن (چاوگ)ی خواست ( بنیچه)ی خواز ( ڕیشه) یه
چوون ( چاوگ)ی (چوو) ( بنیچه)ی چ ( ڕیشه) یه
به‌گشتی، مرۆ بنیچه‌ی کردار ده ڕستانه دا که باسی ڕووداوی ڕابردوو ده‌که‌ن به‌کار ده‌هێنێ و ڕیشه‌ی کرداریش بۆ دیارکردنی ڕووداوی که ده‌قه‌ومن یان ئه‌وه‌ی له دابێدا ده‌قه‌ومن به‌کار ده‌هێنێ. نه بنیچه‌ی کردار و نه ڕیشه‌ی وی ده ڕسته دا به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ به‌کار ناهێندرێن، چونکوو بۆ دیاریکردنی پێوه‌ندی کردار به به‌شه‌کانی دیکه‌ی ڕسته‌وه هه‌میشه گرێک (affix ) له کردار زیاد ده‌کرێ. با ئه‌و گره به " کردارلکێن" نێو بنێین. هه‌ر وه‌ها ، ئه‌و گرانه‌ش که له ڕسته دا ده‌رده‌که‌ون له کردار زیاد ده‌کرێن. بڕوانه ئه‌م نموونانه‌ی خواره‌وه!
1- ئه‌ز دێ وێ ب – ره‌ڤین – م
2 -وان باپیرێ خوه نه - دیت - 0 – بوو
3-ئه‌و د – چ – ه دبستانێ
4-باران باری
( نیشانه‌ی oده‌ڵێ گری " سیفر" له چاوگی کردار زیاد کراوه و ئه‌ویش لێره‌دا کردارلکێنه)
کردارلکێن سه‌باره‌ت به بکه‌ر یان به‌رکاری ڕسته زانیاریمان ده‌داتێ. بۆ نموونه، " – م " له ڕسته‌ی یه‌که‌می سه‌ره‌وه دا دیاری ده‌کا که بکه‌ری ڕسته‌که که‌سی یه‌که‌م و تاکه. سیفری سه‌ر کرداری " دیتبوو" له ڕسته‌ی دووه‌مدا ده‌ری ده‌خا که به‌رکاری ڕسته‌که که‌سی سێیه‌م و تاکه. له‌و باره‌یه‌وه هێندێک جیاوازی له نێوان بادینی و کرمانجیدا هه‌یه.

کردارلکێن
1، 2 و 3 که‌سی یه‌که‌م، دووه‌م و سێیه‌من.
وه‌ک ده‌بینی ئه‌و کردارلکێنی که که‌سی یه‌که‌می کۆ ده‌ستنیشان ده‌کا و له بنیچه و له ڕیشه زیاد ده‌بێ له بادینی دا "ین" ه. جیاوازییه‌که‌ی دی کردارلکێنه بۆ دیاریکردنی که‌سی سێیه‌می تاک و کاتێک بناخه‌ی کردار ڕیشه‌که‌ی بێ.
جیاوازی له‌وێ ته‌واو نابێ. ده‌ربڕینی هێندێک زه‌مانی ڕووداوان و باس کردنیشیان له نێوان بادینی و کرمانجی دا وه‌کوو یه‌ک نین. کاتێک مرۆ بییه‌وێ باسی ڕووداوێک بکا که له‌وانه‌یه له پاشه‌ڕۆژ دا بقه‌ومێ ، مڕۆ " دێ" ده‌خاته پێش کردار . بۆ نموونه:
بادینی : ئه‌ز دێ کهڤم
کرمانجی : ئه‌ز دێ بکهڤم
جیاوازی بادینی و کرمانجی له‌م پێکهاته‌یه دا ئه‌وه‌یه که گری " ب "بۆ نیشاندانی بهرکارێتی له بادینی دا له کردار زێده ناکرێ. بادینی هه‌مان پێکهاته، واته کردار به بێ " ب" – وه‌ک " کهڤم" به‌کار ده‌هێنێ بۆ ده‌ربڕینی ڕووداوێک که له دابێدا ده‌قه‌ومێ و " دا" یه‌ک له جێی " دێ " داده‌نێ. بۆ نموونه ،
بادینی : ئه‌ز دا کهڤم ئه‌ز دا وان بینم
کرمانجی: ئه‌ز دێ بکهتاما من دێ ئه‌و بدیتانا
فۆڕمێکی دیکه‌ی کردار هه‌یه که له بنیچه‌ی کردار و پاشگری " ی " پێک دێ. ئه‌ویش له گه‌ڵ دۆخی کاتی ڕابردوو له گه‌ڵ " گاڤا" ، "چاخێ" ، " وه‌ختێ" و هتاد ده‌رده‌که‌وێ. نموونه،
بادینی: گاڤا وی ئه‌ز دیتم ، وی خوه ڤه‌شارت
کرمانجی: گاڤا وی ئه‌ز دیتم، وی خوه ڤه‌شارت
هه‌مان فۆڕمی کردار له بادینی دا بۆ زه‌مانی ڕابردووی نزیک به‌کار ده‌هێندرێ. بڕاونه:
بادینی : وی ئه‌ز یێ دیتم
کرمانجی: وی ئه‌ز دیتمه
ئه‌و " یێ " یه‌ی له ڕسته‌ی بادینی دا هه‌یه بابه‌تی به‌شی پاشتره.
یێ ، یا و یێت له بادینی دا
ئێمه ده‌زانین که " ێ" ، "ا" و " ێن" ( یان " ێت "/ " ێد") نیشانه‌ی ئیزافهن. بڕوانه:
کورێ وان
که‌چا وان
کورێن وان
کورێت وان
ئه‌گه‌ر ئێمه ناوه‌که‌ی له پێشه‌وه هاتووه لابه‌ین، ئه‌و فرێیزانهی سه‌ره‌وه ئاویان لێ دێ:
ئێ وان
ئا وان
ئێن وان
ئێت وان
" یێ " و " یا" و " یێت " له بادینیدا ئه‌رکی دیکه‌ش ده‌گێڕن.
1- ئه‌وان له‌و ڕستانهیدا که کرداری لکێنه‌ر ( copula ) یان تێدایه ده‌که‌ونه پێش ئاوه‌ڵناو و ژماره و جینسی کارا (فاعیل) دیاریی ده‌که‌ن. بۆ نموونه،
ئه‌و (ی)ێ کورت ه ( کاتێک " ئه‌و" تاک و نێر بێ )
ئه‌و (ی)ا کورت ه ( کاتێک " ئه‌و" تاک و مێ بێ )
ئه‌و (یێ) ت/د کورت ن ( کاتێک " ئه‌و" کۆ بێ )
ئه‌و ڕستانه ده کرمانجیدا بێ " (ی)ێ" ، "(ی)ا" و "(یێ) ت/د" ن.
2- ئه‌وان کاتی ئێستای به‌رده‌وام له کاتی ئێستای گشتی جوێ ده‌که‌نه‌وه و ژماره و جینسی کارا دیاریی ده‌که‌ن. بۆ نموونه،
که‌و دقهبت [ یان " که‌و دقهبن "] ( گشتی ؛ واته، خووی که‌وان قهبین ه )
که‌و (ی) ێ دقهبت ( به‌رده‌وام ؛ واته، ئه‌و – تاک و نێر ه - ئێستا دقهبه )
که‌و(ی)ا دقهبت ( به‌رده‌وام؛ واته، ئه‌و - تاک و مێ یه - ئێستا دقهبه)
که‌و (ی) ێ (ت) دقهبن ( به‌رده‌وام؛ واته، ئه‌و – کۆن – ئێستا دقهبن )
ئه‌وکاتی ئێستای به‌رده‌وامه له کرمانجیدا نییه. به‌ڵام ، بادینیش، وه‌ک کرمانجی ، ئه‌و دوو شێوه‌ی کاتی ئێستا له‌یه‌ک جوێ ناکاته‌وه کاتێک ڕسته‌که نهیێنی (نه‌فی) یان پرسیار بێ. بڕوانه،
ئه‌و ناترست [ یان " ئه‌و ناترسن" ] ( نه ئێستا و نه قه‌ت )
ما ئه‌و دترست / د‌ترسن ؟ ( ئێستا و هه‌میشه )
3- ئه‌وان له‌و ڕستانهیدا که باسی ڕووداوی ڕابردووی نزیک ( تێیدایی) ده‌که‌ن ده‌که‌ونه پێش کردار و ژماره و جینسی به‌رکار دیاریی ده‌که‌ن . بۆ نموونه،
من ئه‌و (ی)ێ دیتی
من ئه‌و (ی)ا دیتی
من ئه‌و (ی) ێت دیتن
به‌ڵام، بادینی له ڕسته‌ی نهیینی (نه‌فی) و پرسیاری له‌و تۆوه وه‌ک کرمانجی وایه. بڕوانه،
من ئه‌و نه‌دیتییه ( بۆ نێر و مێ و تاک )
من ئه‌و نه‌دیتنه
ما که‌نگی من ئه‌و دیتییه/ دیتنه؟
تێبینی دوایی سه‌باره‌ت به " (ی)ێ" ، "(ی)ا" و "(ی) ێت " ه‌کانی بادینی ئه‌مه‌یه کاتێک زه‌رفێک له وان ده ڕسته دا هه‌بێ، ئه‌و ژماره و جینسی کارا یان به‌رکاری گهرداننهکراو دیاریی ده‌کا.
پنکتی کۆتایی بابه‌تی کردار ئه‌مه‌یه که ڕیشه‌ی کرداری " کرن" ، " برن" و " دان" هه‌م " ک "، " ب" و " د" ێن و هه‌میش " که"، " به" و " ده" ن . بۆ نموونه ،
تو سلاڤا(ن) ل کێ دکی/ دکه‌ی (ی) ؟
خودێ ددت/ دده‌ت و خودێ د‌بت / دبه‌ت
ئه‌ز دێ باری ل پشتا که‌ری که‌م ، دێ به‌مه مه‌یدانێ و ده‌مه فه‌قیرا(ن)
جێناو
کرمانجی : ئه‌ڤ کتێب نوو یه
بادینی : ئه‌ڤ کتێب ه نوو یه
سه‌باره‌ت به بابه‌تی جێناو، جیاوازییه‌کی زۆر که‌م له‌نێوان بادینی و کرمانجیدا ده‌بیندرێ. وهکیهکنهبوون له جێناوی هێمایی "ئه‌ڤ" و گشتی " هه‌ڤ" و " یهکوودو" دا ده‌رده‌که‌وێ. جێناوی هێمایی کرمانجیی " ئه‌ڤ" ده بادینیدا
" ئه‌ڤ ...ه ". ته‌ماشای ئه‌م نموونانه بکه:
کرمانجی : ئه‌ڤ ه وه‌لاتێ مه
بادینی : ئه‌ڤ ه یه وه‌لاتێ مه
به‌ڵام،
کرمانجی: ئه‌ڤ کتێبا نوو یا من ه
بادینی : ئه‌ڤ کتێبا نوو یا من ه
له به‌رامبه‌ر " هه‌ڤ " یان " هه‌ڤوودو" ی کرمانجی له بادینیدا " ئێک " یان " ئێکوودو" هه‌یه. بڕوانه :
کرمانجی بادینی
1- نه‌سرین سینه‌مێ نابینه و سینه‌م نه‌سرینێ نابینه نه‌سرین سینه‌مێ نا‌بینیت و سینه‌م نه‌سرینێ نا‌بینیت
نه‌سرین و سینه‌م هه‌ڤوودو نابینن نه‌سرین و سینه‌م ئێکوودو نابینن
2- وی سه‌عه‌تا خوه ب یا وێ گوهارت وو وێ سه‌عه‌تا خوه ب یا وی گوهارت
وان سهعهتێن خوه ب هه‌ڤ گوهارتن وان سهعهتێن خوه ب ئێک گوهارتن
وان سهعهتێن خوه په‌ڤ گوهارتن وان سهعهتێن خوه پێک گوهارتن
3- ئه‌و ژ هه‌ڤ جهێ نه‌بوونه ئه‌و ژێک جدا نه‌بوونه
4- ڤێ پلانێ ته‌ڤ نه‌دن ! ڤێ پلانێ تێک نه‌دن
5- ل هه‌ڤ خستن لێک خستن

پڕیپۆزیشنی پاشی " ده" و " ڕه"، به‌ڵام " ڤه " نا له بادینی دا " دا " و " را" ن . بڕوانه،
کورمانجی: د سووکێ ده ، د سووکێ ره ، ب سووکێ ڤه
بادینی : د سووکێ دا ، د سووکێ را ، ب سووکێ ڤه
پریپۆزیشنی پاشی " ره " ( یان " را " ) له بادینیدا له گه‌ڵ پریپۆزیشنی " ژ " نایه، له جیات وی، " بۆ " یه‌کی
بێ " ژ" به‌کار ده‌هێندرێ. بۆ نموونه،
کرمانجی : ئه‌و کتێب ژ ته ره یه؛ ئه‌و کتێب ژ بۆ تهیه
بادینی : ئه‌و کتێب بۆ ته یه
جگه له‌و جیاوازییانه سه‌باره‌ت به بابه‌تی پڕیپۆزیشن هیچ جیاوازییه‌ک له نێوان بادینی و کورمانجیدا نابیندرێ
ژماره
ژماره له بادینیدا، وه‌کوو کرمانجی نییه، هه‌موو مێن و به گری" – ێ " گه‌ردان ده‌کرێن. بۆ نموونه ،
بادینی : چیرۆکا ئێکێ ؛ خانیێ پێنجێ ؛ ساڵا 1987 – ێ
کرمانجی : چیرۆکا یه‌کێ ؛ خانیێ پێنجان ، ساڵا 1987 – ان
بۆ ده‌ربڕینی بهروار ، مرۆ هه‌م له بادینی و هه‌م له کرمانجیدا قالبی " ژماره‌ی مانگ " به کار ده‌هێنێ؛ بۆ نموونه،
سێیێ گولانێ ، بیستوویهکێ ئادارێ، شه‌شێ ئیلۆنێ و هتاد. ئه‌و " - ێ " یه‌ی که لێره له ژماره زیاد کراوه نه‌ک نیشانه‌ی جینسی نێر یان وشه‌یه‌کی وه‌ک " کور" ه له فره‌یزی " کورێ نازدارێ " دا. ئه‌و " – ێ " یه نیشانه‌ی مێیه‌تی ژماره‌یه و بنچینه‌ی قالبی " ژماره‌ی مێ" یه و به ئه‌گه‌رێکی زۆر له " ڕۆژی زماره‌ی مانگ " ه‌وه دێ؛ واته ، سێیێ ژ گولانێ، ڕۆژا بیستوویهکێ ژ ئادارێ و هتاد.
گر
ئه‌و پاش پرتکی که ده کرمانجیدا نییه و له بادینیدا گه‌لێک چالاکه " –انێ " یه. ئه‌و پرتکه له ناو نێوی یاری و کایه ساز ده‌کا؛ بۆ نموونه،
تهپانێ ( له ته‌په " گۆک " و –انێ) ساز بووه. هێکانێ ، دامانێ ، گوستیلانێ، په‌رکانێ ( کایه‌ی قومار)، بۆکسانێ ، ماتانێ ، قۆچانێ، مستانێ، ئارمانجانێ، تیرانێ، کێلانێ ، بهرشووتکانێ، چۆلانێ، بڕانێ و زۆری دیکه‌ش. نێوی پێڤاژۆی زه‌واج که تێیدا دوو بنه‌ماڵه کچی خۆیان به بێ نه‌فه‌قه له گه‌ڵ یه‌کتری ده‌گۆڕنه‌وه و هه‌ر کام له کچه‌کان ده‌بێ به بووکی بنه‌ماڵه‌که‌ی دی له بادینان " پێکگوهۆرکانێ " یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌م وشه‌یه به " –انێ " ته‌واو ده‌بێ ، پێڤاژۆیه‌که جیدییه و له بارودۆخی ئاڵۆز دا ماڵوێرانیشی به‌دواوه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه کایه‌یه‌کیش نه‌بێ بۆ کات به سه‌ربردن، " تهنافبازییهکی کۆمه‌ڵایه‌تی " یه.
له بابه‌تی گراندا، پێویسته مرۆ باسی پرتکی پاشی " ik -" و ئه‌رکی وی له بادینیدا بکا. ئێمه ده‌زانین که ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌و گره " چکۆڵه کردنه‌وه " یه. بۆ نموونه " darik " دارک ، داری چکۆڵه‌یه. " دیوارک " دیواری چکۆڵه‌یه و هتاد. به‌ڵام ئه‌و پرتکه له بادینیدا ئه‌رکی دیش ڕاده‌په‌ڕێنێ. ئه‌ویش کردنه ناوی وشانه. بۆ نموونه، " بالیفک" ده‌کرێ گه‌وره و ده‌کرێ چکۆڵه‌ش بێ. ئه‌و " – ک " یه‌ی که به دوای وشه‌که دا هاتووه ئه‌رکی چکۆڵهکردنهوه ناگێڕێ. ته‌نێ ئه‌وه نیشان ده‌دا وشه‌که "ناو" ه. که وابوو ، وشه‌گه‌لی " کورک "، " کچک "،
" مێرک"، " ژنک "، " سێنیک "، " نڤینک " ، " که‌ڤچک " ، " سهرههڤیرک "و هتاد. چکۆڵه نه‌کراونه‌ته‌وه. زۆر گرینگه مرۆ بزانێ ئه‌و بۆچوونه‌ی له سه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به ئه‌رکی " ik - " له کرمانجی و بادینیدا گوتراون ڕێسای موتڵه‌ق و ڕه‌ها نین و ده‌کرێ له هه‌ر دوو لا ببیندرێن.
ڕسته‌سازی
مه‌به‌ست له " ڕسته سازی " چلۆنایه‌تی ڕیزکردنی به‌شی ئاخاوتن و لێک گرێدان و پێوه‌ندی نێوان ئه‌وانه. له‌م دوو ڕسته‌یه بڕوانن :
بادینی : شڤانان ههسپهک دیت
کرمانجی : شڤانان ههسپهک دیتن
ئه‌و وشه‌یه‌ی ئه‌م ڕستانه له یه‌کتری جوێ ده‌کاته‌وه کرداری " دیتن " ه . له ڕسته‌ی بادینی دا ، " دیت " دیاری ده‌کا که کات کاتی ڕابردوو یه و ئه‌و که‌سه یان شته‌ی که به کریاری " دیتن " وه پێوه‌ندی په‌یدا ده‌کا تاکه و که‌سی سێیه‌مه ( واته ، نه من و نه تۆ به‌ڵکوو ئه‌و ) ه . ئه‌و کرداره پێوه‌ندی به وشه‌ی " ههسپهک " وه هه‌یه له به‌ر ئه‌وه‌ی " ههسپهک " هه‌م تاک و هه‌میش " که‌سی ؟ " سێیه‌مه.
له ڕسته‌ی کرمانجیدا، "دیتن" ده‌ری ده‌خا که کات کاتی ڕابردوویه و ئه‌و که‌سه یان شته‌ی که به کریاری " دیتن" ه‌وه پێوه‌ندی په‌یدا ده‌کا کۆ و که‌سی سێیه‌مه ( واته ، نه ئێمه و نه ئێوه یه ، به‌ڵکوو ئه‌وان ) ن. که‌وابوو ئه‌و کرداره پێوه‌ندی په‌یدا ده‌کا له گه‌ڵ وشه‌ی " شڤانان" چونکوو " شڤانان " کۆ و که‌سی سێیه‌مه.
ئه‌گه‌ر ئێمه وشه‌ی " شڤانان " به بکه‌ری ڕسته‌که و وشه‌ی ههسپهک " به به‌رکاری ڕسته‌که و وشه‌ی " دیت " یان "دیتن" به کرداری ڕسته‌که دابنێین ، ئه‌و ده‌می ده‌توانین پێوه‌ندیی کردار له گه‌ڵ به‌شه‌کانی دیکه‌ی ڕسته‌که به شێوه‌یه‌کی ڕوونتر بناسێنین. له بادینیدا کرداری تێپه‌ڕ له‌کاتی ڕابردوو دا هه‌میشه تایبه‌تمه‌ندی به‌رکاری ڕسته نیشان ده‌دا؛ به‌ڵام، ده کرمانجیدا، هه‌مان کردار له هه‌مان کاتدا زۆر جار ڕووی بکه‌ری ڕسته‌که ده‌رده‌خا. لێره‌دا شێوه‌ی بادینی به ئیستقرار و بێ ده‌گمه‌نه؛ به‌ڵام، له شێوه‌ی کرمانجی دا ده‌گمه‌ن هه‌یه. ئێوه ده‌توانن زانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه له نووسینی مندا " ئارگاتیڤی مۆرکی کرمانجییه " له ( www.nefel.com) په‌یدا بکه‌ن.
جیاوازی ڕسته‌سازی له نێوان بادینی و کرمانجیدا له خاونێتی دایه. له‌م ڕستانه بڕوانه :
بادینی : من سێ قه‌له‌م هه‌بوون
کرمانجی: سێ قه‌له‌مێن من هه‌بوون
ئه‌گه‌ر ئێمه دیسان زاراوه‌ی " بکه‌ر ( ب) "، " به‌رکار (به‌ر)" و " کردار (ک)" لێره دا به‌کار بهێنین، ئه‌و ده‌می به‌م شێوه‌یه نێو له به‌شه‌کانی ئه‌م ڕستانه ده‌نێین:
بادینی: من ( ب ) سێ قه‌ڵه‌م (به‌ر) هه‌بوون (ک)
کرمانجی : سێ قهڵهمێن من ( ب ) هه‌بوون ( کردار)
وه‌ک ده‌بینی ، جیاوازی لێره دا ئه‌مه‌یه که کرداری " هه‌بوون" یان " هه‌یین" له بادینیدا تێپه‌ڕ، به‌ڵام له کرمانجیدا تێنه‌په‌ڕ ه. هێندێک نموونه‌ی دی :
بادینی : مه مێهڤان (ی)ێت هه‌یین
ته شۆلهک هه‌یه ؟
وان خانی نینه
کرمانجی : مێڤانێن مه هه‌نه
کاره‌کی ته هه‌یه ؟
خانییێ وان نینه/ تونه یه
به‌جێیه بگوترێ که ئه‌و کرداری " هه‌بوون " ه له بادینیدا هه‌م له کاتی ڕابردوو وههم له کاتی ئێستا دا به‌ستراوه‌ته‌وه به به‌رکاری ڕسته‌وه. به گشتی، کرداری کرمانجیی تێپه‌ڕ ته‌نێ له کاتی ڕابردوو دا خۆی به به‌رکاری ڕسته‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
تێبینی: ئه‌م نووسراوه‌یه به زنجیره له Nefel دا بڵاو بووه‌ته‌وه
ئه‌م نووسینه له ماڵپه‌ڕی کولتوورنامهدا بڵاو کراوه‌ته‌وه و به ئاگاداری نووسه‌ر کراوه‌ته کوردیی نێوه‌ڕاست
http://www.kulturname.com/?p=342
Posted by
Ruwange --- ڕوانگه
at
4:50 PM
0
comments
Tuesday, October 28, 2008
کتێبی لێکۆله‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکایی ڕیچارد ئه‌ی.مۆبلی
وه‌رگێڕانی فارسی تێزی ڕێچارد ئه‌ی.مۆبلی له لایه‌ن به‌ڕێز سمایلی به‌ختیاری له ساڵی 2008 له چاپخانه‌ی شڤان له سڵیمانی چاپ کراوه. ڕووناک‌بیری کورد به‌ڕێز دوکتور سه‌لاحه‌دینی خهدێو پێشه‌کییه‌کی کورتی بۆ ئه‌م ده‌قه فارسییه نوووسیهوه. له‌م وه‌رگێڕانه دا چه‌ند وێنه‌یه‌ک که له ده‌قی کوردی کتێبه‌که‌دا نین زیاد کراوه. وه‌رگێڕی فارسی له به‌ڵگه نامه‌یکی ئه‌م کتێبه دا له بری وشه‌ی peopleی ئینگلیسی و "گه‌ل ' ی کوردی وشه‌ی " قوم"ی به کار هێناوه.
Posted by
Ruwange --- ڕوانگه
at
6:26 PM
0
comments
Thursday, October 23, 2008
NATION AND NOVEL,A STUDY OF KURDISH AND PERSIAN NARRATIVE DISCOURSE

ئه‌م کتێبه وه‌رگێڕانی فارسی تێزی دوکتورای مامۆستا هاشمی ئه‌حمه‌دزاده :
Nation and Novel, A study of Kurdish and Persian Narrative Discourse یه که له ساڵێ 2003 پێشکێشی زانکۆی ئووپسالای کردووه له وڵاتی سوێد. به‌ڕێز دوکتور به‌ختییاری سه‌جادی وه‌ریگێڕاوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی فارسی و له پاییزی ساڵی 1386ی هه‌تاوی له لایه‌ن زانکۆی کوردستان له سنه بڵاو کراوه‌ته‌وه.
کاتی خۆی ئه‌م کتێبه به وه‌رگێڕانی کوردیی نێوه‌ڕاست له ڕادیۆی ده‌نگی مێزۆپۆتامیاوه به زنجیره بڵاو کراوه‌ته‌وه.
بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ده‌قی ئه‌م کتێبه به زمانی فارسی ده‌کرێ پێوه‌ندی به‌م ژماره ته‌له‌فونانه‌ی خواره‌وه بکه‌ن.
مرکز پخش: کتاب مهرگان 2225259 _ 3288897 098871
Posted by
Ruwange --- ڕوانگه
at
1:44 PM
0
comments
گوزارشتی "کولتوورنامه" سه‌باره‌ت به شه‌سته‌مین پێشانگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی کتێب له شاری فرانکفورتی ئاڵمان
حه‌سه‌ن قازی: کوردان خوه د پیشانگه‌ها فرانکفورتێ ده په‌ڤ ره پاراست
پیشانگه‌ها پرتووکان یا فرانکفورتێ یا شێستێ د 14/10 2008-ێ ده هات ڤه‌کرن و 19/10 2008-ێ رۆژا وێ یا داویێ بوو. ب هه‌زاران وهشانگهر و چاپخانه و نڤیسکار ژ وه‌لاتێن جۆربجۆر یێن دنیایێ تێ ده به‌شدار بوون. کوردان ژی ئاماده‌بوونا خوه و جهێن نیشاندانا به‌رهه‌مێن چاپهمهنیا کوردی تێ ده هه‌بوو. ئه‌ڤ پیشانگه‌ها وه‌ها مه‌زن ده‌رفه‌ته‌کا مه‌زنه ژ بۆ ناسینا جیهانا کتێبێن هه‌م کلاسیک (یێن چاپکری) و هه‌م ژی یێن نوو (ژ یێن ده‌نگی ،یێن دژیتال و ئه‌له‌کترۆنیک). لێ پیشانگهههکا ولۆ بلندگۆیهکه ژی بۆ دهلهگاسیۆنا مله‌ته‌کی یان وه‌لاته‌کی بۆ کو ئه‌و کولتور و لیتهراتور و رهالیتهیا وه‌لات و خه‌لکێ خوه ژی، ب رێیا چالاکیێن کو ئه‌و تێ ده دکه، نیشا جیهانێ بده و په‌یوه‌ندیان چێ بکه. نڤیسکار و رۆژنامه‌ڤانێ کورد حه‌سه‌ن قازی د هه‌فته‌یا ده‌رباسبوویی ده د پێشانگه‌ها فرانکفورتێ یا کتێبان ده ئاماده بوو. وی د پهیوهندیهکێ ده ب کولتورنامهیێ ره به‌حسێ وێ فوارا پرتووکان و به‌شداربوونا کوردان تێ ده کر و گۆت:
- ئاستێ به‌شداریا کوردان د پێشانگه‌هێ ده نه خه‌راب بوو. ئه‌و کریارا نه‌فامانه یا هنهک ترکان ژی هه‌ر ل دژی وان زڤری. هه‌ر چه‌ند به‌شداریا کوردان ژ هنهک ده‌وله‌تان بهرفهرهتر بوو، لێ به‌لێ هه‌تا ئه‌و ب خوه ب ئاوایه‌کێ گشتی ل هه‌ڤ نه‌کن و د جیهکی وه‌سا ده د بن یه‌ک بانی ده ل هه‌ڤ نهجڤن، دانووستاندنان ب هه‌ڤوودو ره نه‌کن، دێ نه‌یارێن وان هه‌ول بدن وێ خوهنیشاندانا کوردان یا کولتوری ئاسته‌نگ بکن.
حه‌سه‌ن قازی د به‌رده‌وامیا ئاخفتنا خوه ده پتر دچه سه‌ر ره‌وشا به‌شداربوونا کوردان د پیشانگههێ ده و دبێژه:
- د رۆژێن پیشانگههێ ده چه‌ند به‌حس، موناقه‌شه، سهمینهر، تیاترۆ و هود. ل سه‌ر کوردان و پرسگرێکا وان هاتن پێشکێش کرن؛ لێ مخابن ئه‌و که‌سێن کو د سهمینهرێن چه‌ند وهشانگهر و کۆمه‌له‌یێن کوردی ده (د پرانیێ ده ژ باکورێ کوردستانێ) به‌شدار دبوون، ئه‌و د سهمینهر و جڤینێن کو ژ ئالیێ نوونه‌رێن دهستهلاتا حکوومه‌تا کوردستانێ ڤه دهاتن کرن به‌شدار نه‌دبوون. بهرڤاژی وێ ژی، یێن د چالاکیێن کو دهلهگهیا حکوومه‌تا کوردستانێ دکرن ده به‌شدار دبوون د یێن وان وهشانگهر و کۆمه‌له‌یان ده ئاماده نه‌دبوون. ئه‌ڤ ب راستی دیاردهیهکا سه‌یره. لێ باش بوو، د وارێ ئێرشا کو هاتبوو کرن بۆ سه‌ر نه‌خشه‌یا کوردستانێ و پچراندنا وێ ده، کوردان خوه په‌ڤ ره پاراست.
رۆژنامه‌یا رووداو د هه‌ژمارا خوه یا 20/10 2008-ێ ده د رهپۆرتاژهکێ ده ل سه‌ر پیشانگههێ دیار دکه کو ترکیه ب دهلهگاسیۆنهکا هه‌زار که‌سی د ڤێ فوارێ ده ئاماده بوو. د ناڤ ڤێ دهلهگاسیۆنا ترکی ده 250 نڤیسکار و وه‌رگه‌ر و 150 وهشانگهر هه‌بوون. د ناڤ ڤان هه‌میان ده به‌س یه‌ک وه‌شانخانه‌یا کوردی ب فه‌رمی د ناڤ دهلهگاسیۆنا ترکیه‌یێ ده بوو و ئه‌و ژی وه‌شانخانه‌یا لیسێ بوو.
هه‌ر د ڤێ رهپۆرتاژا کو به‌کر شوانی ئاماده کریه ده دیار دبه کو خوه‌دیێ لیسێ، لال لاله‌شی، ل وی جهێ کو چالاکیێن دهلهگاسیۆنا ترکیه‌یێ تێ ده دهاتن کرن، سهمینهرهک ب کوردی ل سه‌ر مه‌حمه‌د ئوزونی پێشکێش کر.
رهپۆرتاژ به حسێ وێ دکه کو ژ باشوورێ کوردستانێ و ب هه‌ڤکاریا سه‌نته‌رێ کولتوری یێ کوردی-ئه‌لمانی چه‌ند وه‌شانخانه به‌شدار بوون و وان جیێ خوه د 122 مه‌ترێن چارگۆشهیی ده کربوو. ڤێ شاندێ ل جیێ خوه یێ نیشاندانا کتێبان چه‌ند پیشانگه ڤه‌کرن و چه‌ند سهمینهر ل دار خستن. هه‌ر یه‌کی ژ ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی، فه‌رهاد پیربال، مه‌لا به‌ختیار، سالمێ جاسمی، سامان ره‌شید و سه‌روه‌ر عهبدڵایی سهمینهرهک پێشکێش کر. پیشانگه ژی بۆ شێوه‌کار ئیسماعیل خه‌یات، عه‌بدوڵا به‌راده‌ری، به‌هائه‌ددینی و ژ بۆ فۆتۆیێن به‌شدار سه‌ید قادری و هونه‌رێ خوهشنڤیسینێ یێ بژار که‌ریم ئه‌ربیلی هاتن به‌رچاڤ کرن.
ژ بلی ڤان چه‌ند کۆمه‌له و وهشانخانهیێن مینا له‌زێ ژی د ڤێ فوارێ ده جه وبه‌رهه‌م و چالاکیێن خوه هه‌بوون. چه‌ند که‌سێن ترک د ڤێ پیشانگههێ ده ئێرش کر سه‌ر نه‌خشه‌یا کوردستانا مه‌زن یا ل ستاندا دهلهگاسیۆنا باشوورێ کوردستانێ دالهقاندی و ئه‌و پچراند. که‌سێ کو پچراندی ژی نوونه‌رێ ئه‌ورۆپایێ یێ پارتیا کارکه‌رێن ترکیه‌یێ یه.
سه‌رچاوه http://www.kulturname.com/?p=501
تێبینی: وێنه‌یێ ل ژۆر ژ رۆژنامه‌یا رووداوێ هاتیه وه‌رگرتن.
Posted by
Ruwange --- ڕوانگه
at
10:45 AM
0
comments
Tuesday, October 21, 2008
چه‌ند وتارێکی کورد ناسی، وه‌رگێڕانی له زمانی ڕووسییه‌وه دوکتور ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د

چه‌ند وتارێکی کوردناسی نێوی کتێبێکی تازه‌ی بنکه‌ی ژین بۆ بووژاندنه‌وه‌ی که‌له‌پووری به‌ڵگه‌نامه‌یی وڕۆژنامهوانیی کوردی یه که له‌لایه‌ن نووسه‌ر، شاعیر ، وه‌رگێڕ و لێکۆله‌ره‌وه‌ی ناسراو دوکتور ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د له زمانی ڕووسییه‌وه وه‌رگێڕدراوه و له ساڵی 2008 له سلێمانی بڵاو بووه‌ته‌وه. به‌رگی یه‌که‌م و دووه‌می ئه‌م کتێبه پێشتر له ساڵانی 1989، 2001 و 2004 له ستۆکهۆڵم و سلێمانی بڵاو کراوه‌ته‌وه. ئێستا له‌م چاپه تازه‌یه‌دا به‌رگی یه‌که‌م و دووه‌م بۆ جاری سێیه‌م و به‌رگی سێیه‌م بۆ جاری یه‌که‌م به سه‌ر یه‌که‌وه بڵاو کراوه‌ته‌وه. پێرستی بابه‌ته‌کانی ئه‌م کتێبه بریتین له:
به‌رگی یه‌که‌م
پێشه‌کیی وه‌رگێڕ
ژ.س. مووسهیلیان، هه‌ندێ بیروڕای ئه‌کادێمیک یوسف ئه‌بگارۆڤیچ ئۆربێلی ده‌رباره‌ی کولتووری کورد.
ئی.ئا. سمیرنۆڤا و که‌ریمی ئه‌ییووبی، ده‌رباره‌ی دیالێکته‌کانی زمانی کوردی .
زارێ ئۆسپ، ڕه‌نگی فرمان له دیالێکتی هه‌ورامیدا.
ئی. یی. ڤاسیلیێڤا، ده‌رباره‌ی ژیان و به‌رهه‌می شاعیر و مێژوونووسی نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م - ماه شه‌ره‌فخانمی کوردستانی (مه‌ستووره)
ڤ.ژۆکۆڤسکی، مه‌زهه‌بی ئه‌هلی حه‌ق له ئێران .
م.س.لازارێف، کورد‌و کوردستان ( فاکتورهکانی په‌یدا بوون و گه‌شه‌سه‌ندنی مه‌سه‌له‌که)
به‌رگی دووه‌م
پێشه‌کیی وه‌رگێڕ
ئۆ. ل. ڤیڵچێڤسکی، ده‌رباره‌ی یه‌که‌مین کۆنفرانسی کوردناسیی سۆڤییه‌تی ساڵی 1934 له ئێرێڤان.
م.ب.ڕۆدینکۆ، ئه‌ده‌بی کوردیی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م.
ئی.ئا.سمیرنۆڤا و که‌ریمی ئه‌ییووبی، ژیان و به‌رهه‌می مه‌لای جزیری.
زارێ ئۆسپ، ده‌رباره‌ی پێکهاتنی دیالێکته‌کانی زمانی کوردی.
ئی.یی.ڤاسیلیێڤا، کوردستان له دیدی شه‌ره‌فخانی بدلیسییه‌وه.
ئی.یی. ڤاسیلیێڤا، پێشه‌کیی ( وه‌رگێڕانه ڕووسییه‌که‌ی شه‌ڕه‌فنامه ).
به‌رگی سێیه‌م
م.ب. ڕۆدینکۆ، پێشه‌کی و به‌شی : کێشه‌ی بۆشایی و که‌لێنی سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌م له مێژووی ئه‌ده‌بی کوردیدای کتێبی ڤێرشۆنه ئه‌ده‌بی و فۆلکڵۆرییهکانی پۆیهمای " یۆسف و زوڵێخا"ی کوردی، له‌گه‌ڵ ڕانانی کتێبه‌که.
م.ب. ڕۆدینکۆ، کێشه‌ی بۆشایی و که‌لێنی سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌م له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا.
جه‌لیلی جه‌لیل، هه‌ندێ به‌ڵگه‌نامه‌ی نوێ ده‌رباره‌ی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی گه‌لی کورد له ساڵی 1880 دا.
ئا.یی.ئیاس. گه‌شتێک به باکووری کوردستانی (پێرسیا) ئێران‌دا.
پێشه‌کی و په‌راوێزی ڤ. مینۆرسکی.
لیستی کاره چاپکراوه‌کانی پڕۆفێسۆر ڤ. مینۆرسکی
ئه‌م کتێبه 470 لاپه‌ڕه‌یه و 27 وێنه‌ی که له لایه‌ن ئالێکساندر ئیاسه‌وه هه‌ڵگیراون له خۆ ده‌گرێ. پێویسته هیمای پێ‌بکرێ به‌شێک له‌و وێنانه له کتێبه‌که‌ی دوکتۆر جان. چالێنکۆ دا که به‌شه‌کانی سه‌باره‌ت به کوردستانی وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی ولهم وێبنووسه دا بڵاو کراوه‌ته‌وه وه‌به‌رچاو نایه‌ن.
بۆ وه‌دستهێنانی ئه‌م کتێبه ده‌کرێ به‌م نێونیشانه له سلێمانی پێوه‌ندی به بنکه‌ی ژین وه بکه‌ن.
bnkaizhin@yahoo.com
وێڕای ده‌ستخۆشانه له بنکه‌ی ژین و وه‌رگێڕی به‌توانا دوکتور ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د.
وێبنووسی ڕوانگه
Posted by
Ruwange --- ڕوانگه
at
10:47 PM
0
comments
Monday, October 20, 2008
کتێبی به‌نرخی مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور: ناسیۆنالیزم و زمان له کوردستان 1918-1985 به زمانی ترکی
وه‌شانخانه‌ی ئاوێستا/ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی له ئیستانبوڵ له ساڵی 2005 ئه‌م کتێبه‌ی به زمانی ترکی بڵاوکردووه‌ته‌وه. به‌ڕێزان ئیبراهیم بینگوێل و جه‌میل گویندۆغان له زمانی ماکه‌وه وه‌ریانگێڕاوه. بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌م کتێبه ده‌کرێ به‌م ژماره ته‌له‌فۆنانه یان فاکس پێوه‌ندی به وه‌شانخانه‌ی ئاوێستاوه بکه‌ن:
TEL: 0212 251 44 80
243 89 75
Fax: 0212 243 89 75
Posted by
Ruwange --- ڕوانگه
at
9:51 PM
0
comments




