Saturday, June 9, 2012

پێنجه‌مین کۆنفڕانسی ساڵانه‌ی کوشتاری ده‌رسیم (38-1935) له‌ پارڵمانی ئوڕووپا




پێنجه‌مین کۆنفڕانسی ساڵانه‌ی کوشتاری ده‌رسیم (38-1935) له‌ پارڵمانی ئوڕووپا

ئاماده‌ کردنی: حه‌سه‌نی قازی

ڕۆژی پێنجشه‌مۆ 7ی ژووه‌نی 2012 پێنجه‌مین کۆنفڕانسی ساڵانه‌ بۆ تاوتوێ کردنی کۆمه‌ڵکوژی ده‌رسیم له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکییه‌وه‌ له‌ پاڕلمانی ئوڕووپا له‌ برووکسێل به‌ڕێوه‌ چوو. ئه‌و کۆنفڕانسه‌ له‌ لایه‌ن فڕاکسیۆنی چه‌پی یه‌کگرتوو و که‌سه‌کانی پاڕلمانی ئوڕووپا ڕێک خرابوو. به‌رنامه‌ی کۆنفڕانس به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ پێشدا به‌ڕێز یورگن کلووت نوێنه‌ری فڕاکسیۆنی چه‌پی یه‌کگرتوو له‌ پاڕلمانی ئوڕووپا کۆنفڕانسه‌که‌ی کرده‌وه‌ و ‌ قسه‌کانی به‌ داوای لێبوردن ده‌ست پێکرد له‌ به‌ر ئاماده‌ نه‌بوونی ژماره‌یه‌ک له‌و نوێنه‌رانه‌ی پاڕلمان که‌ ده‌بوو لێره‌ بایه‌ن به‌ڵام له‌به‌ر سه‌رقاڵی به‌ به‌ربه‌ره‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ فه‌ڕانسه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ئاماده‌ بن. کلووت له‌ درێژه‌ی قسه‌کانی دا گوتی: " ئه‌وه‌ پێنجه‌مین ساڵه‌ له‌ پاڕڵمانی ئوڕووپا ئه‌م کۆنفڕانسه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌رسیم ڕێک ده‌خه‌ین، ئه‌مساڵ یه‌که‌م جاریشه‌‌ گرووپی که‌سه‌که‌کان پشتیوانی له‌م کۆنفڕانسه‌ ده‌کا.زۆر شت هه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌بێ له‌ مێژووی فێر بین، بۆ وێنه‌ له‌ ووڵاتی من ئه‌ڵمان تاوانکاری زۆر گه‌وره‌ به‌ ناوی ناسیۆنالیزم کراوه‌.له‌ دنیای ئێستا دا ڕێزگرتن له‌ مافی گه‌لان، دین و ناسێنه‌ی جۆر به‌جۆر بنچینه‌یه‌کی ئینسانییه‌. تورکییه‌ش ده‌بێ ناسێنه‌ و دینی جیاواز له‌ چوارچێوه‌ی ووڵاته‌که‌ی دا به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ک دابنێ. ده‌بێ حه‌ول بدا شارۆمه‌ندانی به‌ یه‌ک چاو سه‌یر بکا. هیوا دارم له‌و ئاماده‌ کارییانه‌ی بۆ نووسینی قانوونی بنچینه‌یی نوێ ده‌کرێ ئه‌وانه‌ هه‌موو له‌ به‌رچاو بگیرێن. سه‌باره‌ت به‌ کوشتاری ده‌رسیم ئێمه‌ ده‌زانین سه‌رۆکوه‌زیری تورکییه‌ به‌ ناوی ده‌وڵه‌ت داوای لێبوردنی کرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ جیایه‌ له‌ به‌ڕه‌سمی ناسینی ئه‌و کوشتاره‌. پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له‌ تورکییه‌ هه‌ر وا به‌رده‌وامن. جموجووڵی نیزامی به‌رده‌وامه‌. له‌و دواییانه‌ دا ڕاگه‌یێندرا که‌ دۆزی تازه‌ به‌ دژی له‌یلا زانا کراوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ به‌ زوویی له‌ شتراسبورگ [ یه‌ک له‌ دوو پێگه‌ی پارڵمانی ئوڕووپا] کۆبوونه‌وه‌مان ده‌بێ و له‌وێش
باسی ده‌رسیم ده‌هێنینه‌ گۆڕێ" به‌ دوای ئه‌وه‌ دا کلووت داوای له‌ یای ئه‌دیبه‌ شاهین شارداری ده‌رسیم کرد قسه‌کانی ده‌ست پێ بکا.

ئه‌دیبه‌ شاهین : " هه‌مووتان خێر ئاما. به‌ ناوی خه‌ڵکی ده‌رسیم سپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌که‌م ئه‌م کۆنفڕانسه‌یان پێک هێناوه‌. ئێمه‌ ئه‌وه‌ی ئێستاش هه‌ر به‌سه‌رمان دێ ڕیشه‌ی له‌ ڕابردوو ئاو ده‌خواته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆکوه‌زیر به‌ ڕاشکاوی باسی قه‌تڵی عامی ده‌رسیمی کرد ، ئیدی باسی ئه‌و کوشتاره‌ زیاتر هاتووه‌ته‌ نێو ڕۆژه‌وه‌وه‌. زۆر له‌وانه‌ی له‌ بنه‌ماڵه‌ی خۆیان دا ئه‌و کاره‌ساته‌یان ته‌جروبه‌ کردووه‌ لێی ده‌دوێن. له‌ دوای قه‌تڵی عامی ده‌رسیم وه‌ک ده‌زانین به‌رنامه‌ی به‌ زۆر ماڵ پێدانان یان تواندنه‌وه‌ کولتووری به‌ڕێوه‌چووه‌. زۆر جار باسی ئه‌وه‌ ده‌کرێ له‌ ده‌رسیم ڕێژه‌ی خوێنده‌واری به‌رزه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ قیمه‌تی تواندنه‌وه‌ی کولتووری کراوه‌ ، ئه‌وکچانه‌ی ده‌ به‌ر خوێندن نراون بۆ مه‌به‌ستی هه‌ته‌ڵه‌ کردنیان له‌ کولتوری دای و بابانیان بووه‌. ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئێش و ئازاریشمان هێندێک میراتمان بۆ ماوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ پیرۆزیان ده‌زانین. بۆ وێنه‌ "مونزور" ناوی شوانێک بووه‌ و ناوی چۆمێکه‌ بۆ ئێمه‌ پیرۆزه‌. ئێمه‌ به‌ ناسینه‌ی کوردی/عه‌له‌وی خۆمان شوێن ده‌که‌ین له‌ سه‌ر پێڤاژۆی دێمۆکڕات کردنی تورکییه‌. به‌ڵام گوشار و ئۆپێڕاسیۆنی نیزامی هه‌ر به‌رده‌وامه‌. ئێمه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ ئاگادار بووین هێندێکی دیکه‌ له‌ هاوڕێیه‌کانمان له‌وانه‌ شاردارانی وان و سێرت و ئه‌ندامانی شووڕای شاره‌کان گیراون. له‌ ده‌رسیمیش ئه‌و گوشار و گرتنانه‌ هه‌ر به‌رده‌وامن. ده‌رسیم له‌ ساڵی 1938 زۆر شتی ته‌جروبه‌ کرد. له‌ ساڵانی 1990کاندا نفووسی وێ نیوه‌ به‌ نیوه‌ بوو. ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌ داین هه‌تا مه‌سه‌له‌ی کورد جێ به‌جێ نه‌بێ زۆر کێشه‌ هه‌ن ناکرێ یه‌ک لا بکرێنه‌وه‌.ئێستا سیاسه‌تی به‌ سوننی کردن خه‌ڵک به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، ده‌یانه‌وێ "جه‌مخانه‌" کان له‌ نێوه‌ڕۆکی ڕاسته‌ قینه‌ی خۆیان به‌تاڵ که‌نه‌وه‌.ئێستا له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ کێشه‌ زۆره‌ و به‌ ڕێگای جۆر به‌ جۆر حه‌ول ده‌درێ منداڵه‌کانمان له‌ سیاسه‌ت دوور بخرێنه‌وه‌. خوو گرتن به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان له‌ ئارا دایه‌. چه‌ندین نێوه‌ندی وه‌خۆ کردن ‌ و تێمار کردنمان کردووه‌ته‌وه‌.له‌ سه‌ر حه‌ول و تێکۆشانی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ کاتم ته‌واو بوو قسه‌کانم ته‌واو ده‌که‌م."

به‌ دوای ئه‌وه‌ دا کلووت داوای له‌ حه‌یده‌ر ئیشک یه‌کێک له‌ ڕێکخه‌رانی کۆنفڕانس کرد ووته‌ی خۆی پێشکێش بکا.

حه‌یده‌ر ئیشک: " به‌خێر بێن سه‌ر سه‌ر و سه‌رچاوان،من به‌ نێوی پڕۆژه‌ی " دروستکردنه‌وه‌ی ده‌رسیم" و چه‌ند ده‌ستپێشخه‌ری دیکه‌وه‌ به‌خێرهاتنتان ده‌که‌م. له‌ مێژووی تورکییه‌ دا کاره‌ساتی ده‌رسیم جێنۆسایده‌که‌ له‌ گه‌لی کورد کراوه‌. ئێستا به‌ڕێز فیشر پارێزه‌ری " دۆزی جێنۆساید"ی ده‌رسیم جاری سێهه‌مه‌ به‌شداریمان له‌ گه‌ڵ ده‌کا ، هه‌ر وه‌ها به‌ڕێز " ئه‌رداڵ دۆغان" که‌ ئه‌ویش وه‌ک پارێزه‌رێک له‌ سه‌ر ئه‌و دۆزه‌ کار ده‌کا. ئه‌من سپاسی هه‌موویان ده‌که‌م بۆ کاره‌کانیان. ڕاستی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و قه‌تڵی عامه‌ به‌ فه‌رمانی ئاتاتورک و به‌ ده‌ستی فه‌رمانده ناوچه‌ییه‌کانی به‌ڕێوه‌ چوو. ئێستا ئێمه‌ داوا ده‌که‌ین ده‌وڵه‌ت له‌ گه‌ڵ ئه‌و ڕابردووه‌یه‌ی خۆی ڕووبه‌ڕوو بێ و پێ له‌ سووچ و تاوانه‌کانی بنێ. دوای به‌ستنی یه‌که‌م کۆنفڕانس، حکوومه‌تی تورکییه‌ گوشاری ده‌هێنا کۆنفڕانسی ئاوا نه‌کرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ سه‌ری نه‌گرت و دێمۆکڕاسی به‌رده‌وام بوو. ئه‌من له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ زمانی دایکی خۆم بێ به‌ش کراوم، ناتوانم به‌ کوردی بنووسم. کوردان یه‌کێک له‌ گه‌له‌ هه‌ره‌ کۆنه‌کانن. 4000 ساڵ به‌ر له‌ تورکه‌کان له‌و ئاو و خاکه‌ دا ژیاون. ئێستا زازاکی ده‌ مه‌ترسی له‌ ناوچوون دایه‌. له‌ ساڵانی 1930 یه‌کان دا به‌سه‌ر یه‌که‌وه‌ 70000 که‌س کووژراون. کار به‌ده‌ستێکی تورک که‌ سه‌رده‌مایه‌ک وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بووه‌ باسی کردووه‌ که‌ چۆن گازیان ده‌ زارکی ئه‌شکه‌وتان کردووه‌ و ئینسانیان وه‌ک مشک قڕ کردووه‌.‌ له‌ کاتێکدا که‌ سیاسه‌تمه‌دارانی تورک به‌ پیل "به‌هاری عه‌ڕه‌بی " یه‌وه‌ ده‌چن پرسیار ده‌که‌ین ئه‌ی که‌نگێ نۆره‌ی به‌هاری ئێمه‌ دێ؟ کورد ده‌بێ خۆی تازه‌ کاته‌وه‌. بێرتولێت بڕێشت باسی دێمۆکراسی کردووه‌ و منیش ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر دێمۆکڕاسی بۆ ئوڕووپاییان ده‌بێ بۆ کوردانیش پێویسته‌. کوردانیش ده‌بێ ده‌ستیان به‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانیان ڕابگا."

به‌ دوای ئه‌مه‌ دا کلووت پانێلی یه‌که‌می کۆنفڕانسه‌که‌ی به‌ڕیوه‌ برد که‌ تێیدا " قه‌تڵی عامی ده‌رسیم له‌ ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه‌" تا و توێ کرا. به‌شدارانی ئه‌و پانێله‌ بریتی بوون له‌: مونزور چه‌م لێکۆله‌ره‌وه‌ و نووسه‌ر، دوکتور به‌رات ئوێزئیپه‌ک پرۆفێسۆری جێگر و ڕۆژنامه‌ نووسی ڕۆژنامه‌ی " ستار"ی تورکییه‌، یای ئایفه‌ر به‌ر، سه‌رۆکی " کۆمه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵکوژی ده‌رسیم" و پڕۆفێسۆر مارتین ڤان بڕاونێسن، مه‌ردمناس له‌ زانکۆی ئوترێخت- هۆله‌ند.

مونزوور چه‌م: به‌ر له‌وه‌ی قسه‌کانی ده‌ست پێ بکا داوای لێبوردنی کرد له‌ به‌ر نه‌بوونی وه‌رگێر له‌ شێوه‌زاری دملی، هه‌ر بۆیه‌ به‌ تورکی قسه‌ ده‌کا، " ئێمه‌ ساڵانی زوو ده‌ستمان کرد به‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی گۆوارێک له‌ سه‌ر ده‌رسیم. هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌کردین ده‌یانگوت له‌ به‌ر ئه‌و شتانه‌ی ده‌ینووسن هه‌ر ئه‌وه‌ چاوه‌ڕوانتان ده‌کا که‌ به‌ سه‌ر وه‌چه‌ی پێشووتان دا هات. ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ نه‌وه‌ی سه‌ید ڕزا ده‌دواین و باوه‌ڕمان به‌وه‌ هه‌بوو ڕۆژێک دێ ئه‌وانه‌ی ئه‌و و هاوڕێیانی وییان کوشت بهێندرێنه‌ به‌ر ده‌م دادگه‌ی مێژوو. ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رسیم ڕوویدا شتێکی نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراو بوو. به‌ دوای قه‌تڵی عامی ده‌رسیم دا لۆگۆی یه‌ک له‌ ڕۆژنامه‌کان بوو به‌ " تورکییه‌ تورکلارن دیر" یانی تورکییه‌ ئی تورکه‌کانه‌. ئه‌وه‌ به‌ ڕاشکاوی ده‌رخه‌ری بیری ناسیۆنالیستی تورکه‌. به‌له‌به‌رچاو گرتنی کرده‌وه‌کانی ده‌وڵه‌ت ،وه‌ک قانوونی دامه‌زراندن (ئیسکان)، قانوونی تونجه‌لی ده‌رده‌که‌وێ ئه‌و کوشتارانه‌ی له‌ کوردان کران به‌ پلان بوون. بو وێنه‌ سه‌ید ڕه‌زا باوه‌ڕی به‌ مه‌به‌ستی " ئاشتی" هێنا خۆی ڕاده‌ست کرد و کوشتیان، به‌ڵام ساڵێک دوای ئه‌وه‌ کوشتاری گه‌وره‌تر کرا. ته‌نانه‌ت له‌و عه‌شیره‌تانه‌ش که‌ بێلایه‌ن بوون"

دوکتور به‌رات ئوێزئیپه‌ک: " تورکییه‌ به‌ سه‌رده‌مێکی ناسک و تایبه‌تی دا تێده‌په‌ڕێ، حیساب پاک کردن له‌ گه‌ڵ ڕابردووه‌ ڕه‌نگه‌ تاڵ و به‌ ئێش و ژان بێ، به‌ڵام گرینگه‌، وه‌کوو مه‌سه‌له‌ی کوشتاری هه‌رمه‌نییه‌کان و مه‌سه‌له‌ی ده‌رسیم. ئه‌من کورێ بنه‌ماڵه‌یه‌کی تورکی سوننی م. له‌ په‌روه‌رده‌ی ڕه‌سمی دا وا تێده‌گه‌یێندراین ده‌وڵه‌ت بۆ نه‌هێشتنی خراپه‌ زۆر شتی کردووه‌. ئێمه‌ زۆر دره‌نگ زانیمان ، زۆر دره‌نگ بیستمان ئه‌وانه‌ قه‌تڵی عام بوون. ئه‌ردۆغان له‌مه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رسیم کراوه‌ داوی لێبوردنی کرد. ئه‌و قسانه‌ یارمه‌تی کرد بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌رگای موناقه‌شه‌ و توێژینه‌وه‌ی زیاتر له‌و ڕووه‌وه‌. وه‌زعێکی تایبه‌تی بۆ که‌ماڵیسته‌کان هاته‌ گۆڕێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ئه‌و پێڤاژۆی کرانه‌وه‌یه‌ پێشی ناگیرێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌و کوشتاره‌ش که‌ له‌و دواییانه‌ دا له‌ ئولووده‌ره‌ کرا. ئێستا ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ دوو مه‌ترسی ڕووبه‌ڕووین له‌ لایه‌که‌وه‌ ئاکه‌په‌ له‌ ئولووده‌ره‌ تاقیکردنه‌وه‌ی خراپی دا ، سیاسه‌تی ملهوڕانه‌ به‌ دژی به‌ده‌په‌ و هێرش بردنه‌ سه‌ری به‌رده‌وامه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ پێداگری پ.ك.ك. هه‌یه‌ بۆ درێژه‌ دان به‌ خه‌باتی چه‌کدارانه‌. به‌ده‌په‌ ڕه‌خنه‌ی زۆر توند له‌ حکوومه‌ت ده‌گرێ به‌ڵام ڕه‌خنه‌ له‌ پ.ک.ک. ناگرێ. کرانه‌وه‌ به‌ره‌و کورد و به‌ره‌و عه‌له‌وییان گرینگ بوون. له‌ تورکییه‌ دا ئاسایی بوون و دێمۆکڕات بوون هه‌تا بڵیی گرینگه‌ و ئه‌وه‌ له‌ درێژخایه‌ن دا خۆی نیشان ده‌دا. ده‌بێ زۆر زیاتر کار بکرێ له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌رسیم. مافی خوێندن به‌ زمانی دایکی ده‌بێ بێ سێ و دوو لێکردن جێ به‌ جێ بکرێ. هه‌موو به‌ڵگه‌کانی ئه‌و کوشتاره‌ ده‌بێ بخرێنه‌ ڕوو. ده‌بێ نێوی تونجه‌لی له‌ سه‌ر ده‌رسیم لاچێ. نێوی جاده‌کان و نێوی شوێنه‌کان و ناو هه‌رمه‌نییه‌کان هه‌موویان ده‌بێ دیسان به‌کار بهێندرێنه‌وه‌. ئه‌من وه‌ک لێبێراڵێک پێم وایه‌ هه‌موو ده‌بێ له‌و ڕووه‌وه‌ به‌رپرسیاری خۆیان به‌ڕێوه‌ به‌رن."
مارتین ڤان بڕاونێسن: " زۆر به‌ڵگه‌ی ئاشکرا له‌ سه‌ر ده‌رسیم هه‌ن که‌ ئێمه‌ دڵنیا ده‌که‌ن ئه‌و توندو تێژی و زه‌برو زه‌نگه‌ ڕه‌هه‌ندی زۆر قووڵ و به‌ربڵاوی هه‌بووه‌. زۆر عه‌شیره‌ت به‌ پانه‌وه‌ ڕیشه‌کێش کراون. له‌ کتێبه‌ مێژووییه‌ ڕه‌سمییه‌کان دا هیچ باسی ئه‌وه‌ ناخوێنیینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌وری ده‌رسیم له‌ بزووتنه‌وه‌ی کوردی دا . دوو که‌س که‌ خه‌ڵکی ده‌رسیم بوون دوکتور نووری ده‌رسیمی و دوکتور شوان له‌ ڕوانگه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردییه‌وه‌ باسی ده‌رسیم ده‌که‌ن، باسی ئه‌و کاره‌ساته‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ ده‌رسیم کردی. هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی هۆله‌ندییه‌کانی هاونیشتمانی من له‌ ئاچێ له‌ ئه‌ندۆنێزی کردیان. له‌ تورکییه‌ یه‌که‌م که‌س که‌ کوشتاری ده‌رسیم وه‌ک جێنۆساید به‌ نێو ده‌کا ئیسماعیل به‌شیکچی یه‌ که‌ له‌ ساڵی 1977 ئه‌وه‌ی نووسی. له‌ دوای خۆ ڕاده‌ست کردنی سه‌ید ڕه‌زاش زه‌بر و زه‌نگی سه‌ره‌کی له‌ ساڵی 1938 ده‌ستی پێکرد. چه‌ند عه‌شیره‌تی که‌ هاوکارییان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌یت کرد بوو ته‌نانه‌ت منداڵه‌کانیشیان کووژران. دیپڵۆماتێکی بێگانه‌ له‌ ترابزۆن له‌ ڕاپۆرتێک دا له‌ ساڵی 1938 ئه‌و کوشتاره‌ی به‌راوه‌رد کرد له‌ گه‌ڵ جێنۆسایدی هه‌رمه‌نییان. کۆنه‌ ژه‌نه‌ڕالێکیش له‌ ساڵی 1972 به‌ دوور و درێژی باسی ئه‌و کاره‌ساتانه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی کرد. قانوونی دامه‌زراندنه‌وه‌ له‌ به‌ر پێوه‌چارانی ده‌رسیم هاته‌ گۆڕا. له‌ وه‌دا گومان نییه‌ ئه‌و کاره‌ ساته‌ زه‌مینه‌یه‌که‌ بۆ ووشیاری ئێتنیکی. له‌ پێناسه‌ کردنی کوشتاره‌که‌ وه‌ک جێنۆساید ده‌بێ ووردتر لێی بڕواندرێ، به‌ڵام هه‌ر وه‌ک مونزور چه‌م گوتی هه‌موو نیشانه‌کان ده‌یسه‌لمێنن ئه‌و کوشتاره‌ به‌ پلانه‌وه‌ کراوه‌ و ئه‌و ده‌می ناوچه‌یه‌ک بووه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت نه‌یتوانیوه‌ حوکمی خۆی لێ دابنێ. له‌ سه‌رده‌می عوسمانییه‌کان دا وه‌ک کورد باسی خه‌لكی ده‌رسیم ده‌کرێ."
ئایفه‌ر به‌ر سه‌رۆکی " کۆمه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵکوژی ده‌رسیم" " ئه‌منیش به‌ نۆره‌ی خۆم له‌ سه‌ر ناوی کۆمه‌ڵه‌که‌مان به‌ خێرهاتنی هه‌موولایه‌کتان ده‌که‌م. ده‌رسیمییه‌کانیش له‌ به‌ر ئێتنیک و باوه‌ڕی خۆیان قه‌تڵی عام کران وه‌ک جووله‌که‌کان. ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رسیم و له‌ سیواس کرا به‌ ئانقه‌ست بوو، ئێمه‌ داوا ده‌که‌ین و پێداگری ده‌که‌ین وه‌کوو جێنۆساید بناسرێ. ئه‌و ناوانه‌ی به‌ تۆبزی له‌ شوێنه‌کان نراون لابچن و ناوه‌ ڕه‌سه‌نه‌کانیان لێ بنرێته‌وه‌. سه‌رۆک وه‌زیر گوتی له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رسیم کرا ئه‌گه‌ر پێویست بێ داوای لێبوردن ده‌کا. به‌ڵام، له‌ سیواس خه‌ڵک به‌ زیندوویی ئاور تێبه‌ردران، ئێستا ئه‌وه‌ خه‌ریک منداڵ له‌به‌ر بردن له‌ ژنان قه‌ده‌غه‌ بکه‌ن ئه‌ی ئه‌وانه‌ چی؟ پێویسته‌ نێوه‌رۆکی ئه‌و قسانه‌ دیاری بکرێ. ئه‌و کۆنفڕانسه‌ به‌شێک و پارچه‌یه‌که‌ بۆ ئه‌و حه‌وله‌. ڕۆژنامه‌نووس نورای مه‌رت که‌ ئێستا له‌م کۆنفڕانسه‌ دا به‌شداره‌ له‌ به‌ر نووسینه‌کانی که‌وته‌ به‌ر غه‌زه‌بی سه‌رۆکوه‌زیر. ئێمه‌ نیزیکه‌ی 10000 ئیمزامان کۆ کردووه‌ته‌وه‌، به‌و زووانه‌ له‌ ئولوده‌ره‌ که‌سانێک بێ سوچ و تاوان کووژران. سیاسه‌تمه‌دارانی ئوڕووپا ده‌بێ ئه‌و کرده‌وانه‌ به‌ سووچ و تاوان به‌ دژی ئینسانییه‌ت قه‌بووڵ بکه‌ن. ده‌بێ بێده‌نگ نه‌مێنن. سووچ و تاوان به‌ دژی ئینسانه‌کان به‌رده‌وامه‌. شووڕای ئوڕووپا ده‌بێ حه‌ول بدا. سیاسه‌تی شیوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رسیم کرا به‌رده‌وامه‌. چاوه‌ڕوانیمان ئه‌وه‌یه‌ کاری خۆی بکا. سپاسی فڕاکسیۆنی چه‌پی یه‌کگرتوو و که‌سکه‌کان ده‌که‌م." ئایفه‌ر به‌ر به‌گێرانه‌وه‌ی قسه‌یه‌کی سه‌ید ڕه‌زا له‌ کاتی ئێعدام کرانی دا قسه‌کانی خۆی ته‌واو کرد.
به‌ دوای ته‌واو بوونی پانێلی یه‌که‌م دا فیلمێکی به‌ڵگه‌یی به‌ نێوی " ده‌رسیم 38" پێشان درا که‌ به‌زمانی ئینگلیسی بوو.

پانێلی دووه‌م: " قانوونی نێو نه‌ته‌وه‌یی، ناساندنی قانوونی و به‌رپرسیاره‌تی قه‌زایی له‌ مه‌ڕ ئه‌و کوشتاره‌"

ئه‌و پانێله‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز ئه‌رداڵ دۆغان " پارێزه‌ری دۆزی جێنۆسای"ی ده‌رسیم به‌ڕێوه‌ چوو و ووته‌ ده‌رانی ئه‌م پانێله‌ بریتی بوون له‌ : پڕۆفێسۆر ڕۆناڵد موێنش ، پارێزه‌ر و پسپۆری حقووقی، یۆسف ئاڵاتاش، جێگری سه‌رۆکی " فێدراسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌ی مافی مرۆڤ"، دوکتور ئه‌دیب یووکسه‌ل، پارێزه‌ر و فه‌یله‌سووف و دوکتور باری فیشر، دوکتوری قانوون و پارێزه‌ری " دۆزی جێنۆسایدی ده‌رسیم"‌



به‌ڕێوه‌به‌ری پانێلی دووه‌م : ئه‌رداڵ دۆغان:" کاتێک باسی ده‌رسیم ده‌که‌ین هه‌میشه‌ تێوه‌گلانی به‌ڕێز موێنش م سه‌باره‌ت به‌و دۆزه‌ وه‌بیر دێته‌وه‌. ده‌زانین هێشتا کاره‌ساتی 1938 کۆتایی نه‌هاتووه‌، ده‌بێ داوخوازه‌کان سه‌باره‌ت به‌ ده‌رسیم چڕتر بکرێنه‌وه‌. به‌ دوای ئه‌وه‌دا به‌ڕێز ئه‌دیب یووکسه‌ل ده‌ستی به‌قسه‌کانی کرد. " ته‌نیا قانوونێکی بنچینه‌یی له‌ دنیا دا که‌ زمانی تێدا قسه‌ده‌غه‌ کرابێ، قانوونی بنچینه‌یی تورکیه‌یه‌. براکه‌ی منیان له‌ پێش چاوم کوشت، 4 ساڵان له‌ زیندان دا ڕایان گرتم، منێکی که‌ ته‌نانه‌ت زله‌م له‌ تورکێکیش نه‌داوه‌. ئه‌من ده‌مه‌وێ خۆم خۆم داگایی بکه‌م، له‌ دنیا دا قانوونی زۆر جوان هه‌ن به‌ڵام به‌ڕێوه‌چوونیان نالوێ؟ " کیم تاکار یاسالاری"؟ گه‌لۆ كێ قانوونه‌کان جێ به‌جێ ده‌کا؟"

پرۆفێسۆر ڕۆناڵد موێنش. " ئه‌من، له‌ بێرڵین داوام کرد ده‌بێ دادگه‌یه‌ک پێک بێ له‌ تورکیه‌ له‌ سه‌ر ده‌رسیم، به‌ڵام هیچ ڕووی نه‌داوه‌. توند و تیژی له‌ سه‌ر کورده‌کان زیاتر بووه‌. تورکییه‌ له‌ شه‌ر به‌ دژی کورده‌کان دا فڕۆکه‌ی "درۆن"ی بێ سه‌رنشین به‌کار ده‌هێنێ. 7 په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌ن که‌‌ تورکییه‌ ئیمزای کردوون ، به‌ڵام نێوه‌رۆکی زۆر له‌و په‌یماننامانه‌ پێشێل ده‌کا. تورکییه‌ به‌ دووی ئه‌وه‌ دایه‌ خه‌لافه‌تێکی نوێ دامه‌زرێنێ و ببێته‌ ڕێبه‌ری موسوڵمانان.ده‌یه‌وێ ببێته‌ ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئوڕووپاش به‌ڵام له‌ پێش دا ده‌بێ شه‌رتومه‌رجی ئه‌و ئه‌ندامه‌تییه‌ ده‌ خۆیدا پێک بهێنێ. هه‌تا ئێستاش سیاسه‌تی له‌ نێوبردنی کورد به‌رده‌وامه‌. ذه‌رسیم نرخی ڕه‌مزیی بۆ کورد زۆره‌. ئه‌م پارڵمانه‌ ده‌بێ بجووڵێ و له‌ قه‌ده‌ر خۆی کارێکی ئه‌وتۆ بکا تراژێدی ده‌رسیم دووپاته‌ نه‌بێته‌وه‌."

دوکتور باری فیشر: " له‌ سالی 2008 که‌ من باسی ئاتاتورکم له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کاره‌ساتی ده‌رسیم دا هێنا گۆڕێ ، له‌ تورکییه‌ دۆزیان به‌دژی من کردمه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌کرێ 6 ساڵ زیندانی به‌دواوه‌ بێ. من زۆر جار هه‌ڕه‌شه‌م لێکراوه‌، به‌ڵام پۆلیس پێی ڕاگه‌یاندم مه‌ترسێکی ڕاسته‌وڕاستم له‌ سه‌ر نییه‌. بۆ تێگه‌یشتنی ده‌رسیم من ئاماژه‌ ده‌که‌م به‌ سێ بڕگه‌ له‌ ساڵی 1915 کۆمه‌ڵکوژی هه‌رمه‌نییه‌کان، به‌ر له‌ ساڵی 1923 و ئیمزای په‌یماننامه‌ی لۆزان له‌و ساڵه‌ دا و له‌ ساڵی 1924 په‌سند کردنی " قانوونی چاکه‌سازی ڕۆژهه‌ڵات" زۆر جار گوتراوه‌ ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ سه‌رکه‌توو نه‌بوون، کورده‌کان ناسێنه‌یه‌کی تازه‌یان په‌یدا کرد، ئه‌و پێڤاژۆیه‌ گرینگه‌. له‌ 25 ساڵی ڕابردوو دا زۆر بڤه‌ و تابوو شکاون. ده‌رسیم رێنێسانسێکه‌ له‌مه‌ڕ کورد بوون. "قانوونی تونجه‌لی" که‌ دوای جێنۆسایدی ده‌رسیم ده‌رکه‌وت بووه‌ هوی به‌زه‌بروزه‌نگتر بوونی که‌ماڵیسته‌کان. من له‌ قسه‌کانی که‌ ده‌زگای تورکییه‌ی به‌ دژی من ورووژاند، به‌ ڕاشکاوی باسی به‌رپرسیاره‌تی شه‌خسی ئاتاتورکم کرد له‌و کاره‌ساته‌ دا، ئه‌وه‌ تاوانکارییه‌ک بوو به‌ دژی ئینسانییه‌ت، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رسیم کرا. ئێستا ده‌بێ پێڤاژۆیه‌ک ده‌ست پێ بکا بۆ وێنه‌ به‌ ساز کردنی دادگه‌یه‌ک. حکوومه‌تی ئێستا واته‌ ئاکه‌په‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی ده‌رسیم وه‌ک بابه‌تێکی توانایه‌کی بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ده‌نگ به‌کار ده‌هێنێ، به‌ڵام ئێستا ده‌ور گۆڕاوه‌.
تابووی له‌ مه‌ڕ ئاتاتورک ته‌واو سست بووه‌، به‌ڵام ده‌وری ئه‌ڕتوشی تورکییه‌ ئه‌وه‌ش خۆی تابوویه‌که‌ که‌ ده‌بێ تێک بشکێ. ئه‌من وه‌ک ئه‌ڵمانییه‌ک پێم وایه‌ له‌ پاش به‌جێماوان و قوربانییه‌کانی کوشتوبڕی ده‌رسیم ده‌بێ قه‌ره‌بوو بکرێنه‌وه‌. ئه‌ڵمان ئه‌وه‌ی کرد، ده‌با چاوه‌ڕان بین بزانین تا ساڵی دادێ چ ڕوو ده‌دا

پانێلی سێیه‌م یای هێلێن فله‌وتێڕ له‌ گرووپی که‌سکانی پاڕلمانی ئوڕووپا و هاوسه‌رۆکی کۆمیسیۆنی پاڕلمانی یه‌کێتیی ئوڕووپا – تورکییه‌ به‌ڕێوه‌ی برد و ووته‌ده‌رانی ئه‌و دانیشتنه‌ بریتی بوون له‌ ئیسماعیل ئایدین، ئه‌ندامی پارڵمانی تورکییه‌ له‌ پارتیی ئاکه‌په‌ و ووته‌بێژی کۆمیته‌ی پاڕڵمانیی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌رسیم، یای شه‌فه‌ق پاڤه‌ی نوێنه‌ری جه‌هه‌په‌ له‌ پارڵمانی تورکییه‌ و یای گولته‌ن کشاناک هاوسه‌رۆکی پارتیی به‌ده‌په‌.
ئیسماعیل ئایدین: " سپاس به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری پانێل، به‌ر له‌ هه‌مووشت ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌من به‌ سیفه‌تی شه‌خسی هاتووم بۆ ئه‌و کۆنفڕانسه‌ و نوێنه‌رایه‌تی ئاکه‌په‌ ناکه‌م لێره‌ دا. له‌ سه‌ری سبه‌ینییه‌وه‌ لێره‌ زۆر شت سه‌باره‌ت به‌ ده‌رسیم باس کرا، هێندێک له‌ ئه‌نجام لێدرخستنه‌کان له‌ گه‌ڵ وه‌زعی گه‌لی کورد ناگونجێن. بو وێنه‌ گوترا سه‌رۆکی ئێمه‌، سه‌رۆکوه‌زیر گوتوویه‌ یه‌ک، ده‌وڵه‌ت ، یه‌ک ئاڵا، ئه‌وه‌ قسه‌ی ئێمه‌ نییه‌. ئی تۆرانییه‌کانی "ئیتیحاد و ته‌ڕه‌قی" یه‌ که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ناسیۆنالیستی بۆچوونه‌کانیان هه‌ڵنا. ئه‌گه‌ر باسی کۆمیته‌که‌مان بکه‌م، ده‌بێ بڵێم دوای به‌یانی ئه‌ردۆغان له‌ سه‌ر ده‌رسیم، زۆرکه‌س ڕوی له‌ ئێمه‌ کردووه‌ و پێوه‌ندییان له‌ گه‌ڵ کردووین و داوخوازییان به‌رز کردووه‌ته‌وه‌.ئێمه‌ له‌و داوخوازییانه‌مان کۆڵیوه‌ته‌وه‌ ، کۆمیسیۆنمان ساز کردووه‌ بۆ کۆ کردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ سه‌باره‌ت به‌ تڕاژێدی ده‌رسیم. له‌وه‌ ده‌کۆڵینه‌وه‌ بۆ وێنه‌ بزانین چه‌ند که‌س دوور خراونه‌ته‌وه‌ و شاربه‌ده‌ر کراون. داوخوازی ئاوا هه‌یه‌ که‌ خه‌ڵک له‌ باری مادییه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بکرێنه‌وه‌. له‌ تونجه‌لی ( که‌ ده‌بێ نێوی بگۆڕدرێ)
ده‌بێ نێوه‌ندێک بۆ ڕاگرتنی ئاڕشیوی ڕه‌سمی بکرێته‌وه‌. ئێمه‌ وه‌ک کۆمیته‌ی پارڵمانی له‌ جێگای جۆر به‌جۆره‌وه‌ داوای به‌ڵگه‌مان کردووه‌.بۆ ده‌رسیم قانوونی تایبه‌تی هه‌بووه‌، ئێستا له‌ لایه‌ن پسپۆڕانه‌وه‌ لێی ده‌کۆڵدرێته‌وه‌. له‌ وه‌زاره‌تخانه‌کاندا به‌ڵگه‌ نییه‌، به‌ڵام یادداشت و پڕۆتۆکۆڵ هه‌ن ئینشاڵا به‌ ده‌ستمان ده‌گه‌ن. هێندێک دی ڤی دی به‌ڵگه‌مان به‌ ده‌ست گه‌یشتوون بۆ وێنه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌ید ڕه‌زا و ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر عه‌‌شیره‌ته‌ی وێنده‌رێ چه‌ندی چه‌ک به‌ ده‌سته‌وه‌ بووه‌. هێندێک نامه‌ی سه‌ید ڕه‌زا هه‌ن ئه‌وانیشمان له‌ به‌ر ده‌ست نراون. هێندێک داوخوازمان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌بارو دۆخی ئه‌وانه‌ی دوور خرانه‌وه‌ . ئه‌و کتێبانه‌ی ئاکادێمیکان تێیاندا باسی ئه‌و تڕاژێدییه‌یان کردووه‌ به‌ سه‌ر ده‌که‌ینه‌وه‌. به‌شێوه‌یه‌کی خێرا له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ماون چاوپێکه‌وتن ده‌که‌ین. به‌شێک له‌و داوخوازانه‌ی که‌ ده‌کرێن نێوه‌رۆکیان زۆر دڵ تاوێنه‌. بۆ وێنه‌ ، به‌سه‌رهاتی ژنێک به‌ نێوی فاتمه‌ که‌ دایکی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک هه‌رمه‌نی بووه‌.

له سه‌ر ده‌رسیم زۆر شتی هه‌ڵه‌ گوتراوه‌ ده‌بێ ڕاستییه‌کان وه‌ڕوو بخرێن. بۆچوونی سه‌رۆکمانم سه‌رۆکوه‌زیر، له‌و ڕووه‌وه‌ زۆر باشه‌. کاره‌که‌مان زۆر هاسان نییه‌، کاره‌ساتێک 75 ساڵ له‌ تاریکی دا ڕاگیراوه‌. ستادی نێوه‌ندی ئه‌ڕته‌ش ( گه‌نه‌ل کورمای) هێندێک شتی بۆ ناردووین، به‌ پێی قسه‌ی سه‌رۆکوه‌زیر بڕیاره‌ ئاڕشیوی گه‌نه‌ل کورمای له‌و باره‌وه‌ بکرێته‌وه‌."

پرسیاری یای هێلێن فله‌وتێر به‌ڕێوه‌به‌ری پانێڵ باشه‌ به‌ڕێز ئایدین : مانداتی کۆمیته‌که‌تان چییه‌؟ ئایا ئێوه‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌ بۆ بیرو ڕای گشتی ئاشکرا ده‌که‌ن؟ ئایا ده‌توانن ئه‌و کاره‌ ته‌واو بکه‌ن و ئاکامی به‌ خه‌ڵک بڵێن؟

ئیسماعیل ئایدین: سپاس بۆ پرسیاره‌کانت. کۆمیته‌که‌ی ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی کار ده‌کا. 3 کۆمیسیۆنمان هه‌ن له‌ سه‌ر سێ بابه‌ت کار ده‌که‌ن. به‌رعۆده‌یی ئێمه‌ له‌ سه‌ر بابه‌تێکی زۆر به‌ر بڵاوه‌. نیزیکه‌ی 11000 به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ ده‌بێ کاریان له‌ سه‌ر بکرێ، کاره‌که‌مان وه‌ک گوتم به‌ربڵاوه‌، ده‌بێ له‌ ماوه‌ی 2 ساڵ دا ته‌واوی که‌ین. ده‌بێ نه‌خشه‌یه‌کی ڕێ بۆ خۆمان دانێین. ئێمه‌ به‌ پێی نیزامنامه‌ی نێوخۆیی پارڵمانی تورکییه‌ کار ده‌که‌ین. دوایه‌ ڕاپۆرتێک ئاماده‌ ده‌که‌ین پێشکێشی کۆبوونه‌وه‌ی گشتی مه‌جلیسی ده‌که‌ین. کۆمیته‌که‌مان ده‌وری به‌ڕێوه‌به‌ری نییه‌، به‌ڵکوو کاری ئیجڕایی ئی حکوومه‌ته‌ و وه‌ک گوتم ده‌بێ نێوی تونجه‌لی بگۆڕدرێ و بکرێته‌وه‌ به‌ ده‌رسیم."

ئه‌وجار هێلێن فله‌وتێر خانمی شه‌فه‌ق پاڤێی ناساند وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌سته‌نبووڵی پارتیی جه‌هه‌په‌ که‌ یه‌ک له‌و ژنانه‌یه‌ له‌ 2012 له‌ به‌ر خزمه‌ت به‌ که‌م ئه‌ندامان " خه‌ڵاتی نێو نه‌ته‌وه‌یی ئازایتی " وه‌رگرتووه‌ و هه‌وه‌ڵین ژنی که‌م ئه‌ندامه‌ هاتبێته‌ نێو پارڵمانی تورکییه‌.
شه‌فه‌ق پاڤێی : " منیش سپاستان ده‌که‌م، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بڵێم منیش نه‌ک به‌ نوێنه‌رایه‌تی جه‌هه‌په‌، به‌ڵکوو به‌سیفه‌تی شه‌خسی و وه‌کوو لایه‌نگرێکی مافی عه‌له‌ویان لێره‌ دا به‌شدار بووم. من که‌سێکم باوه‌ڕم به‌ دین نییه‌، ئێستا تورکییه‌ وه‌ک ئه‌نباری باڕووتی لێ هاتووه‌، هه‌ر بینا بته‌قێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ده‌ستی چه‌وری ئه‌و وه‌زعه‌ی له‌ سوورییه‌ش ڕاده‌برێ له‌ سه‌ری عه‌له‌وییه‌کانی تورکییه‌ی هه‌ڵده‌سوون، له‌ کاتێکدا فه‌رقێکی زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوان عه‌له‌وی تورکییه‌ و سوورییه‌. ئه‌من ئه‌و ته‌جروبه‌یه‌م وه‌بیر دێ که‌ دایکم وه‌ک عه‌له‌وییه‌ک بۆی باس کردووم. له‌ به‌ر زه‌خت و گوشاری سوننییه‌کان بڕیاری دا بچێته‌ ئه‌ڵمانێ. بۆ عه‌له‌وییان هه‌ر له‌ تافی منداڵییه‌وه‌ ژیان باش نییه‌. ڵایه‌نه‌ ڕه‌مزییه‌کانی ده‌رسیم وه‌ک چۆمی مونزوو ته‌ئسیری قووڵی لێ که‌وتووه‌ته‌وه‌. ئه‌وانه‌ هه‌موو لایه‌ک ده‌یزانن. ئاكه‌په‌ ئێستا ڕێگا نادا " جه‌مخانه‌" کان کاری خۆیان بکه‌ن. له‌ ڕۆژئاوا باسی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاکه‌په‌ تورکییه‌ ده‌کاته‌ سوننی. ئیسلامی سیاسی و ئه‌ڕته‌ش دوژمنی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ وه‌زعی خراپتر کردووه‌. ئه‌ڕته‌ش به‌ ڕێگای ئیسلامه‌وه‌ هێزی وه‌ده‌ست هێنا.ئێستا عه‌له‌وییه‌کان له‌ ژێر زه‌خت و گوشاری ئیسلامی سوننی دان. ئه‌خلاق ده‌بێ گۆرانی به‌سه‌رد دا بێ، له‌ ئولوده‌ره‌ش تراژێدی گه‌وره‌ قه‌وما.."
پرسیاری فله‌وتێر: باسی لائیسیته‌ت کرد، باشه‌ له‌مه‌ڕ کوشتاری ده‌رسیم ده‌وری چ بوو؟
بۆ چوونت له‌ سه‌ر وه‌زعی ئێستا چۆنه‌؟

شه‌فه‌ق پاڤێی: وه‌ک باسم کرد، ئه‌من لێره‌ نوێنه‌ری جه‌هه‌په‌ نیم، باسی وه‌زعی عه‌له‌وییه‌کان ده‌که‌م. دیاره‌ کاتێک ته‌ماشای ڕابردوو ده‌که‌ین، ده‌بێ ته‌ماشای ئێستاش بکه‌ین.

فله‌وتێر: فه‌رموو به‌ڕێز کشاناک، سه‌رۆکی به‌ده‌په‌، نا هاوسه‌رۆکی به‌ده‌په‌!

گولته‌ن کشاناک: " سپاس، ئه‌م کۆنفڕانسه‌ شوێن له‌ سه‌ر ئه‌مڕۆ و سبه‌ی بابه‌تی له‌ مه‌ڕ ده‌رسیم ده‌کا. ده‌وڵه‌تی کۆماری تورکییه‌ وه‌ک ده‌وڵه‌تی تورک و سوننی دروست بوو و له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ زنجیره‌یه‌ک قه‌تڵی عام کران. چونکه‌ ده‌رسیمییه‌کان هه‌م سوننی نه‌بوون و هه‌م تورکیش نه‌بوون. بۆیه‌ نێولێنانی کاره‌ساتی ده‌رسیم وه‌ک کۆمه‌ڵکوژی هاسانه‌. هه‌تا به‌ته‌واوی له‌ بن و بنچینه‌ی نه‌کۆڵدرێته‌وه‌ شته‌کان به‌ باشی نازانین. به‌وه‌ی که‌ چه‌ند که‌س کووژراون و چه‌ند که‌س چه‌کدار بوون بارو دۆخی کاره‌ساتی ده‌رسیممان بۆ روون نابێته‌وه‌. ده‌بێ باسی ئه‌و شێواندن و تێکداناش بکرێ که‌ ده‌وڵه‌ت کردی ، به‌ تایبه‌تی دژی ئه‌وانه‌ی‌ سوننی نه‌بوون. ده‌بێ له‌وه‌ش بکۆڵدرێته‌وه‌ ئه‌وشتانه‌ی دوای ئه‌و کاره‌ساته‌ قه‌ومان چ بوون. ئه‌من سپاسی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌م حه‌ولی ڕوون کردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته‌ به‌ جوانی وه‌ڕوو نه‌خرێ حیساب پاک کردن له‌ گه‌ڵ ڕابردوو هه‌ر وه‌ک قسه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. ئێستا له‌ پاڕلمان کۆمیته‌یه‌ک دامه‌زراوه‌ و ئه‌رکی پێ ئه‌سپێردراوه‌، وه‌نه‌بێ ئه‌من ئه‌وه‌ به‌ هیچ دابنێم به‌ڵام ده‌رد ده‌رمان ناکا. دێیه‌کان بۆمباران کران، له‌ ساڵانی 1990کانیش دیسان ئه‌وه‌ کرا. هه‌زاران ئینسان کووژران، زۆر بکوژی "نادیار" هێشتا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌ و سزا نه‌دراون. کۆمیته‌یه‌کی ئاوا ته‌نێ ده‌توانێ هێندێک شت له‌ ژێر گوشاری پارتییه‌کان دا ده‌ستنیشان بکا، به‌ڵام هیچ هێزی نییه‌. ده‌بێ کۆمیسیۆنێکی ڕه‌سمی دۆزینه‌وه‌ی ڕاستی و حه‌قیقه‌ت دابمه‌زرێ ، پاڕڵمانی ئوڕووپاش له‌ پێناو ئه‌و مه‌به‌سته‌ دا ده‌بێ یارمه‌تیده‌ر بێ.
دۆستانی به‌ڕێز ئه‌گه‌ر دڵپاکیمان هه‌بێ بۆ ئه‌نجامی کارێک ده‌بێ ته‌ماشای وه‌زعی ئێستا بکه‌ین. له‌ سیرت و وان ئه‌ندامانی پارتییه‌که‌مان گیراون. به‌و شێوه‌یه‌ حیساب پاک کردن له‌گه‌ڵ ڕابردوو متمانه‌ی پێ ناکرێ. هه‌ر به‌س نییه‌ بگوترێ هه‌ڵه‌یه‌ک کرا به‌ڵکوو ده‌بێ به‌ هه‌لس و که‌وت و به‌شێوه‌یه‌کی بسه‌لمێ ئه‌وه‌ی ده‌گوترێ له‌ دڵه‌وه‌یه‌. جه‌هه‌په‌ش ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدا نییه‌."
پرسیاری فله‌وتێر: قسه‌ هه‌ر له‌ سه‌ر دڵپاکی حکوومه‌ت نییه‌، به‌ڵام گه‌لۆ ئێوه‌ وه‌ک سیاسه‌تمه‌دار ناکرێ ده‌نێوخۆتاندا هه‌لومه‌رجێک پێک بهێنن بۆ ته‌وافوقی سیاسی له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌؟
ئایدین: من ده‌مه‌ویست چه‌ند شت ڕوون که‌مه‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ کرانه‌وه‌ی عه‌له‌وی، له‌ چاڵشتای (ۆرک شاپ) عه‌له‌وی دا فکری جیاوا هه‌بوو. دوایه‌ هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کانی خۆیان کرد. له‌ مه‌ڕ ده‌رسیم من هاو بێرم له‌ گه‌ڵ به‌ڕێز کشاناک. ئێمه‌ له‌ کاری خۆمان دا سه‌ربه‌خۆین، نه‌ سه‌ر به‌ سه‌رۆکی مه‌جلیس و نه‌ سه‌ر به‌ حکوومه‌تین. کاری خۆمان ده‌که‌ین و هیوادارم دواتر بڵاوی بکه‌ینه‌وه‌. ئه‌ندامێکی به‌ده‌به‌ش له‌ کۆمیته‌که‌مان دا هه‌یه‌ که‌ هه‌تا ئێستا به‌شداری نه‌کردووه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌کانمان دا.
کشاناک: من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ بوو کۆمیته‌ی ئاوا ده‌بێ له‌ ڕوی سیاسییه‌وه‌ به‌ هێز بێ. ئێمه‌ له‌ هه‌موو کۆمیسیۆنه‌کان دا ئه‌نداممان نییه‌.، ڵه‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ ڕێی خۆمان ده‌که‌ینه‌وه‌.
ئایدین: وه‌ک باسم کرد ئه‌ندامێکی ئێوه‌ له‌ کۆمیته‌که‌ دایه‌ به‌ڵام به‌شداری له‌ کۆبوونه‌وه‌کانمان دا نه‌کردووه‌.
دوایین پانێل واته‌ پانێلی چواره‌م هونه‌رمه‌ند فه‌رهاد تونج به‌ڕێوه‌ی برد. سه‌رباسی ئه‌و پانێله‌: " مافه‌کانی بنه‌ڕه‌تی و که‌مایه‌تییه‌کان له‌ تورکییه‌، پرسی کورد و بارودۆخی ئێستای عه‌له‌وییه‌کان" بوو. به‌شدارانی ئه‌و پانێله‌ بریتی بوون له‌: یای سه‌باحه‌ت تونجه‌ل ئه‌ندامی پارڵمان سه‌ر به‌ پارتیی به‌ده‌په‌ له‌ مه‌ڕ " تورکییه‌ و کورده‌کان"، به‌ڕێز عه‌لی که‌نعان ئۆغلوو سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی کولتووریی عه‌له‌وی حوبیار سوڵتان، له‌ مه‌ڕ " تورکییه‌ و عه‌له‌وییه‌کان"، یای هیلال کاپڵان، ڕۆژنامه‌نووسی "یه‌نی شه‌فه‌ق" له‌مه‌ر " هاوبه‌شی کردنی نرخه‌ دێمۆکڕاتیکه‌کان و لێدوانی ئافرێنه‌رانه‌"، میر ده‌نگیر فرات، نوێنه‌ری پێشووی پاڕڵمان سه‌ر به‌ پارتیی داد و گه‌شه‌پێدان
به‌ڕێوه‌به‌ری پانێل به‌رله‌وه‌ی کات بدا به‌ ووته‌ده‌ران ڕایگه‌یاند قه‌تڵی عامه‌کان هه‌ر له‌ ساڵی 1938 کۆتاییان نه‌هات ، به‌ڵکوو ئه‌و ده‌می ده‌ستی پێکرد. له‌ لایه‌نی کولتوورییه‌وه‌ تواندنه‌وه‌ زۆر به‌ گوڕ کراوه‌ و ڕیوایه‌تێکی فه‌تحوڵا گوله‌ن یشی باس کرد که‌ چۆن پاساوی کوشتوبڕی ده‌رسیمی داوه‌. گوتی نازانم میرده‌نگیر فرات چۆن بناسێنم؟ نازانم هێشتا ئه‌ندامی ئاکه‌په‌یه‌ یان نا؟




میر ده‌نگیر فرات: "سپاس بۆ به‌ڕێز تونج و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی‌ ئه‌م کۆبونه‌وه‌یان ڕێک خستووه‌. به‌ڵێ ڕاسته‌ ئه‌من یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری پارتیی داد و گه‌شه‌ پێدان بووم له‌ ساڵی 2001 که‌ ئه‌و پارتییه‌ له‌ ساڵی 2002 دا ده‌سته‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌ گرت. من تا ساڵی 2008 جێگری سه‌رۆکی پارتیی بووم بۆ کاروباری حقووقی، به‌ڵام له‌ ساڵی 2008 ده‌ستم له‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌کانم هه‌ڵگرت ، ته‌نانه‌ت ئیدی ئه‌ندامی پارڵمانیش نیم، هیچ وه‌زیفه‌یه‌کی ڕه‌سمیم نییه‌، به‌ڵام هه‌تا ئێستا هه‌ر ئه‌ندامی پارتیم. پارتی سیاسی ئامرازی گه‌یشن به‌ ئامانجی سیاسییه‌. پارتییه‌ک که‌ ده‌نگی زیاتری خه‌ڵکی له‌گه‌ڵ بێ ده‌توانێ ئاڵوگۆڕ پێک بێنێ. ئاکه‌په‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ خوله‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ی که‌ له‌ تورکییه‌ کراوه‌ هه‌مو جارێک له‌ جاری پێشوو ده‌نگی زیاتری کردووه‌. ئێستا بابێمه‌ سه‌ر باسه‌که‌مان. هه‌موو سه‌رهه‌ڵدانه‌ کوردییه‌کان له‌ کۆنه‌وه‌ سه‌رکوت کراون. له‌ پێشدا سوننی و کورمانج به‌ ئامانج گیران دوایه‌ هێرش کرایه‌ سه‌ر عه‌له‌وییان و شێوه‌ زمانه‌که‌یان."
سه‌باحه‌ت تونجه‌ل: " ئه‌من له‌و کۆنفڕانسه‌ دا به‌ نوێنه‌رایه‌تی " پارتیی دێمۆکڕاتی گه‌لان" که‌ له‌ به‌ده‌په‌ و چه‌ندین پارتی دیکه‌ پێک هاتووه‌، به‌شداری ده‌که‌م. کۆمه‌ڵکوژی هه‌ر له‌ ده‌رسیم نه‌ بوو له‌ مه‌ڕه‌ش و چۆروومیش ئه‌و کاره‌ساتانه‌ کران. ئێمه‌ دوو مێژوومان ته‌جروبه‌ کردووه‌ یه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ خوێندنگان دا پێیان گوتووین و مێژوویه‌کیش که‌ تێێدا ژیاوین، ئه‌وانه‌ی ده‌سته‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌وه‌ بووه‌ له‌ هه‌موو دنیا دا حه‌ول ده‌ده‌ن به‌رده‌وام بن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوو دا کردوویانه‌ به‌ ڕایه‌ڵ کردنی پردێک له‌ ڕابردووه‌وه‌ به‌ره‌و ئێستا. له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ ده‌بێ کار له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌رسیم بکرێ. به‌ڵام هه‌تامه‌سه‌له‌ی کورد جێ به‌جێ نه‌بێ ناڕوونییه‌کانی له‌مه‌ڕ کاره‌ساتی ده‌رسیمیش ڕوون نابێته‌وه‌."

به‌ڕێز یای هیلال کاپلان ڕۆژنامه‌نووسی " یه‌نی شه‌فه‌ق" رایگه‌یاند ئه‌من زۆر خۆشحاڵم له‌و کۆنفڕانسه‌ دا به‌شدارم. که‌مالیسم له‌ تورکییه‌ ڕێژیمێکی کۆلۆنیالیسته‌. شۆڕشه‌کانی ئاتاتورک موهه‌ندیسی کۆمه‌ڵایه‌تی بوون. ئه‌من وه‌کوو تورک و موسوڵمانێکی سوننی باوه‌ڕم به‌ فره‌ کولتوری و فره‌ باوه‌ڕی له‌ کۆمه‌ڵی تورکیه‌ دا هه‌یه‌."

به‌ڕێز عه‌لی که‌نعان ئوغلوو دوایین ووته‌ده‌ری ئه‌و پانێله‌ له‌گه‌ڵ قسه‌ی دیدا گوتی: " ... عه‌له‌وییه‌کان نه‌ک هه‌ر کوژراون به‌ڵکوو حه‌ول دراوه‌ بکرێنه‌ سوننیش. بوله‌نت ئارنج باسی ئه‌وه‌ی کردووه‌‌ عه‌له‌وییه‌کان "ده‌وڵه‌تی شاراوه‌" به‌ڕێوه‌یان ده‌با. ئێستا له‌ هێندێک شوێن ماڵی عه‌له‌وییه‌کان نیشانه‌ ده‌کرێن، ئه‌و ئه‌ڕته‌شی گۆیا ئازاده‌ی سوورییه‌ خۆی وه‌ک ئۆردووی معاوییه‌ ده‌ناسێنێ. هه‌تا ئێستا نه‌زاندراوه‌ کێ ماڵی عه‌له‌وییه‌کان نیشانه‌ ده‌کا "
له‌ دوای ته‌واو بوونی پانێله‌کان، ئه‌رداڵ ئه‌ر، ڕۆژنامه‌ نووس و یه‌کێک له‌ ڕێکخه‌رانی کۆنفرانس پوخته‌ی باسه‌کانی ووته‌ده‌رانی کۆ کرده‌وه‌ سه‌ر یه‌ک و ڕایگه‌یاند له‌ گه‌ڵ جیاوازی بۆچوون کۆنفرانس یارمه‌تی کرد به‌ ناسینی زیاتری باوه‌ڕی عه‌له‌وییه‌کان و کۆنفڕانس حیساب له‌ گه‌ڵ ڕابردوو پاک کردنی به‌ هه‌نگاوێکی گرینگ دانا بۆ ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تی.

یورگن کلووت نوێنه‌ری پارڵمانی ئووڕووپا له‌ فراکسیۆنی چه‌پی یه‌کگرتوو له‌ دوایین ووته‌ دا گوتی به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ ده‌رسیم کران پێویسته‌ دمه‌ته‌قه‌ی کراوه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ به‌رده‌وام بێ، هیوادارم به‌ نۆره‌ی خۆمان یارمه‌تیمان کرد بێ له‌و ڕووه‌وه‌. له‌ ئه‌ڵمانیش ماوه‌یه‌کی زۆری کێشا هه‌تا حیساب له‌ گه‌ڵ ڕابردوو پاک بکرێ. ئه‌وه‌ هه‌نگاوێکی باش بوو. سپاستان ده‌که‌م بۆ به‌شداریتان. سپاس بۆ فیشر که‌ له‌ ئه‌مه‌ریکاوه‌ هاتبوو. هه‌ر وه‌ها سپاسی دیلمانجه‌کان و ستێفانۆش ده‌که‌م به‌بێ یارمه‌تی ئه‌وان کاری کۆنفڕانسه‌که‌مان باش به‌ره‌و پێشه‌وه‌ نه‌ده‌چوو. ڕۆژی هه‌مووتان خۆش!

Thursday, May 31, 2012

ڕاستیی سه‌فه‌ری باکۆ و نکووڵی کوردان

ڕاستیی سه‌فه‌ری باکۆ و نکووڵی کوردان
حه‌سه‌نی قازی
چه‌ند مانگ به‌ر له‌ ڕاگه‌یاندنی جمهووری کوردستان له‌ مه‌هاباد، ده‌سته‌یه‌کی نوێنه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ کوردستانی ئێران به‌ سه‌رۆکایه‌تی پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د سه‌ری له‌ باکۆ دا و ده‌کرێ بڵێن ئه‌و سه‌فه‌ره‌ ووره‌ی کوردانی بۆ به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سته‌ڵاتی خۆیی ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش برده‌ سه‌ره‌وه‌. به‌ڵام به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ سه‌ر چاپه‌مه‌نی ئه‌و سه‌ر و به‌ندی تاران و ته‌نانه‌ت نوتقی مه‌جلیسی شووڕای میللی ده‌بینین ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ی له‌ ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی کورد دابوون به‌ ناردنی تێلگراف بۆ ڕۆژنامه‌کانی تاران و به‌ ڕێگای سه‌دری قازی نوێنه‌ری مه‌هاباد له‌ مه‌جلیسی شووڕای میللی ئێران به‌ ته‌واوی نکووڵیان له‌و سه‌فه‌ره‌ و له‌و پێوه‌ندییه‌ کردووه‌
ئه‌و سه‌فه‌ره‌ له‌ هه‌لومه‌رجێک دا کراوه‌ که‌ هێشتا به‌شێکی زۆر له‌ باکووری ئێران و له‌وانه‌ هێندێک ناوچه‌ی کوردنشین و هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان له‌ ژێر کۆنتڕۆلی ئه‌رته‌‌شی شوڕه‌وی دا بووه‌ و حکوومه‌تی شووڕه‌وی له‌ لایه‌که‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌و به‌رعۆده‌ییانه‌ی له‌ ئاست ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ده‌وڵه‌تی بریتانیا بوویه‌تی و له‌ سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه‌ بۆ ڕێگاخۆش کردن بۆ وه‌رگرتنی ئیمتیازی ده‌رهێنانی نه‌وتی باکوور حه‌ولی داوه‌ ده‌وڵه‌تی لاوازی ئێران له‌ خۆی نه‌ورووژێنێ، جا بۆیه‌ له‌ دانوستاندنه‌کانی له‌ گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی کوردستان دا زۆر له سەرهه‌ست و به‌ ئیحتیات جووڵاوه‌ته‌وه‌
وێده‌چێ یه‌کێک له‌ مه‌رجه‌کانی ئه‌و بانگهێشتنه‌ی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی کورد به‌ نهێنی هێشتنه‌وه‌ و باس نه‌کردنی بووبێ که‌ به‌ پێی گێڕانه‌وه‌ی ئێگلتن سه‌فه‌ره‌که له‌ لایه‌ن ئه‌فسه‌ری سیاسی شووڕه‌وی له‌ ئازه‌ربایجانی ئێران ژه‌نه‌ڕاڵ سه‌لیم ئاتاکیشیۆف ڕێک خراوه‌ ،وا دیاره‌ به‌شێکی زۆری نکۆڵی کردنی سه‌رانی کورد له‌و سه‌فه‌ره‌ و له‌و پێوه‌ندییه‌ له‌ به‌ر ئه‌و به‌رعۆده‌ییه‌ ئه‌خلاقییه‌ بووه‌، به‌ڵام کاتێک ووڵامی "تۆمه‌ته‌کانی" چاپه‌مه‌نییه‌کانی تاران ده‌درێته‌وه‌، به‌ته‌واوی نکووڵی له‌و سه‌فه‌ره‌ ده‌کرێ و به‌ حه‌ولێک داده‌ندرێ بۆ تێکدانی ئارامی کوردستان، له‌ کاتێکدا هه‌ر ئه‌و ده‌می به‌ گوڕ ئاماده‌ کاری کراوه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌موو نیشانه‌یه‌کی ده‌سته‌ڵاتی حکوومه‌تی ناوه‌ندی هه‌ر نه‌بێ له‌ هێندێک له‌ شوێنه‌کانی به‌ر ده‌ستی بزووتنه‌وه‌ی کورد دا.دیاره‌ ئه‌وه‌ له‌ خۆیدا ناکۆکییه‌ک وه‌ڕوو ده‌خا
ڕوونکردنه‌وه‌ی ووردی تاریخی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی چالاکییه‌کان به‌ نێوی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان گرینگه‌ - مه‌به‌ست له‌ تاریخی به‌سترانی کۆنگره‌ی یه‌که‌می حێزبی دێمۆکرات نییه - ،‌ ئیگلتن ده‌ڵێ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ له‌ مانگی سێپتامبر دا کراوه‌ و له‌و چاو پێکه‌وتنه‌ش دا که‌ گۆواری "ڕوانگه‌ " له‌ گه‌ڵ میرزا مه‌نافی که‌ریمی کردووه (بڕوانه‌ خواره‌وه‌تر) 21ی خه‌رمانانی 1324ی هه‌تاوی به‌ به‌روار‌ی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ داندراوه‌، له‌ یه‌ک دوو سه‌رچاوه‌ی دیکه‌ش دا هه‌ر ئاماژه‌ به‌ کۆتاییه‌کانی خه‌رمانان کراوه‌. به‌ڵام ڕاستی ئه‌وه‌یه‌ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان به‌ بۆنه‌ی 12ی خه‌رمانان ڕۆژی ته‌شکیلی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان پیرۆزبایی له‌و فیرقه‌یه‌ کردووه‌. دوو تێلگراف به‌ ئیمزای محه‌مه‌دی یاهۆ و به‌ نوێنه‌رایه‌تی بیست ‌هه‌زار له‌ ئه‌ندامانی حیزبی دێمۆکراتی کورد[ستان] له‌ ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا چاپ کراوه‌ [ ژماره‌ 3، چوارشه‌مۆ 21ی خه‌رمانانی 1324ی هه‌تاوی] ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ ‌ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان( که‌ له چاپی ئه‌و تێلگرافانه‌ له‌‌ ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا وه‌ک " حیزبی دێمۆکڕاتی کورد " باس کراوه‌ ) به‌ر له‌ فیرقه‌ دامه‌زراوه‌ و له‌ سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی باسی پێکهاتنی حیزب ده‌که‌ن ده‌ڵێن دوای سه‌فه‌ری ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی کورد بۆ باکۆ ئیدی ژ.ک. به‌ ناوی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان درێژه‌ی به‌ چالاکییه‌کان داوه‌. که‌ وابوو ئه‌و سه‌ردانه‌ نه‌ک له‌ کۆتاییه‌کانی مانگی خه‌رمانان دا، به‌ڵکوو ده‌بێ پێشتر کرا بێ
له‌م نووسینه‌ دا ، سێ ڕیوایه‌ت له‌و سه‌فه‌ره‌ ده‌گێڕینه‌وه‌ که‌ نێوه‌رۆکیان تا ڕاده‌یه‌ک جیاوازییان هه‌یه‌. ئه‌وه‌ زاندراوه‌ که‌ یه‌کێک له‌ زانیاریده‌رانی ئیگلتن بۆ نووسینی کتێبه‌که‌ی ڕه‌حمه‌تی مه‌نافی که‌ریمی بووه‌ و ده‌کرێ سه‌باره‌ت به‌و سه‌فه‌ره‌ ئه‌ویش وه‌ک ڕه‌حمه‌تی قاسمی ئێلخانیزاده‌ قسه‌ی بۆ ئیگلتن کردبێ، به‌ڵام جیاوازی هه‌یه‌‌ له‌‌ نێوان ڕیوایه‌تی ئیگلتن و ئه‌وه‌ی که‌ زۆر ساڵ دواتر مه‌نافی که‌ریمی له‌ ووڵامی گۆواری ڕوانگه‌ دا گوتوویه‌. بۆ وێنه‌ ئیگلتن ده‌نووسێ: " ... دوایە باقرۆف هاتە سەر لایەنی سیاسی بزووتنەوەی کورد. ئەو گوتی کۆمەڵە، بەو شێوەیەی ئێستای ناتوانێ هیچ وەدەست بهێنێ. بە سەرکەوتنی دێمۆکڕاسی لە دنیا دا، بە تایبەتی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، شانشینی بریتانیا و، کۆمارە یەکگرتووەکانی شووڕەوی سۆسیالیستی ، بزووتنەوەیەکی کوردی تەنێ دەتوانێ لە ژێر ئاڵای " حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان" دا سەرکەوێ." له‌ کاتێکدا له‌ ووڵامی ڕوانگه‌ دا مه‌نافی که‌ریمی ده‌ڵێ : "باقرۆف کوتی ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژێ.کاف که داوای سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌کا له دنیای ئه‌مڕۆ دا قبووڵ ناکرێ و ده‌بێ ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵه‌که‌تان هێندێک سه‌نگ و سووک بکه‌ن، ده‌نا ( تازه شه‌ڕ بڕابووه‌وه) ده‌بێ شووڕوی له به‌ر کورده‌کان خۆی تووشی شه‌ڕی سێیه‌می جیهانی بکا
که‌ریمی ده‌ڵێ دواخوازی یارمه‌تی له‌ شووڕه‌وی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ سه‌فه‌ر گه‌ڵاڵه‌ کراوه‌ و بۆیان ناردراوه‌، له‌ کاتێکدا ڕیوایه‌تی ئیگلتن جیاوازه‌ له‌وه‌. ئیگلتن له‌ لاپه‌ڕه‌کانی  ٤٣-٤٤-٤٥،٤٦ ی کتێبه‌که‌یدا : (کۆماری کوردی 1946، چاپی1963) ئاوا باسی ئه‌م سه‌فه‌ره‌ ده‌کا               
سه‌ردانی دووه‌م له‌ باکۆ
له‌ کۆتاییه‌کانی سێپتامبری 1945، ژه‌نه‌ڕاڵ ئاتاکیشیۆف، ئه‌فسه‌ری سیاسی سه‌ره‌کی ڕووسییه‌ له‌ ئازه‌ربایجان به‌ قازیی محه‌مه‌دی ڕاگه‌یاند، کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ده‌سته‌یه‌ک له‌ کوردانی پایه‌به‌رز سه‌ردانی یه‌کێتی شووڕه‌وی بکه‌ن و، له‌وێ چاویان به‌ کاربه‌ده‌ستانی شووڕه‌وی بکه‌وێ و باسی دادێی کوردستانیان له‌گه‌ڵ بهێننه‌گۆڕێ. له‌وه‌تا سه‌ردانی یه‌که‌می سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان له‌ پێته‌ختی ئازه‌ربایجانی شووڕه‌وی له‌ ساڵی 1941 ، هه‌ڵوێستی یه‌کێتیی شووڕه‌وی سه‌باره‌ت به‌ کوردستانی ئێران به‌ ته‌واوی گۆڕابوو. له‌ ساڵی 1942 یه‌کێتیی شووڕوه‌ی قوربانییه‌کی گه‌مارۆ دراوی هێرش و ده‌ستدرێژی نازی بوو و حه‌ولی ده‌دا ده‌سته‌ڵات و ده‌ک و دۆڵابی ئه‌ڵمانییه‌کان له‌ هه‌رێمه ‌کوردییه‌کانی پشتی به‌ره‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌. به‌ڵام له‌ ساڵی 1945 یه‌کێتیی شووڕه‌وییه‌کی سه‌رزیندوو و سه‌رکه‌وتوو خه‌ریکی خۆ ئاماده‌ کردن بوو‌ به‌ته‌واوی له‌ هه‌لومه‌رجی بگۆڕی دوای شه‌ڕ که‌لک وەربگرێ و به‌ دووی وه‌دیهێنانی ئاواته‌ نه‌ریتییه‌کانی رووسیه‌ دا بچێ. له‌ پێناو ئه‌و حه‌وڵه‌ دا وا داده‌ندرا‌ سه‌ردانی دووه‌می ده‌سته‌یه‌کی نوێنه‌رایه‌تی کورد له‌ باکۆ نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ی شوێنێکی باشیان له‌ سه‌ر بکا به‌ڵکوو ئاماده‌کارییه‌کیش بێ بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ڕێبه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌یه‌کی کوردی لایه‌نگری شووڕه‌وی که‌ به‌ حه‌ولی کۆمۆنیستی – ناسیۆنالیستی له‌ ئازه‌ربایجان [ی ئێران] ده‌به‌سترێته‌وه‌. بۆ ئه‌و جاره‌ قازیی محه‌مه‌د، به‌ هاوکاری خانه‌خوێیه‌ رووسه‌کان، ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌ی دیاریی کرد. جگه‌ له‌ قازیی محه‌مه‌د خۆی، مه‌نافی که‌ریمی و عه‌لی ڕیحانی نوێنه‌رایه‌تی مه‌هابادیان ده‌کرد. له‌ بۆکانه‌وه‌ له‌ قاسم ئاغای ئێلخانیزاده‌ گێڕدرایه‌وه‌، له‌ میاندواوه‌وه‌ سه‌یفی قازی یان له‌ گه‌ڵ بوو و ؛ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی دی بریتی بوون له‌ عه‌بدوڵای قادری و کاک هه‌مزه‌ی نه‌ڵۆس سه‌ر به‌ عه‌شیره‌تی مامه‌ش و، نووری به‌گ سه‌ر به‌ عه‌شیره‌تی به‌گزاده‌ [ نوری به‌گی عه‌بباس نه‌ژاد
له‌ ڕۆژئاوا و له‌ خوارووی ده‌ریاچه‌ی [ ورمێ] ڕا ، ده‌سته‌که‌ له‌ ته‌ورێز کۆبوونه‌وه‌ و به‌ هێندێک له‌ ئه‌ندامانی ‌ گوترابوو له‌وێ له‌ گه‌ڵ دوکتور سه‌مه‌دۆف له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ڕووسییه‌ پێوه‌ندی بکه‌ن.دواتر ئه‌وان له‌ موسافیرخانه‌ی پچووکی ژاله‌ کۆبوونه‌وه‌ و له‌وێوه‌ به‌ ماشین بر‌دیانن بۆ وێستگه‌ی ترێن که‌ ئه‌وه‌ش تێرمیناڵی باشووریی سیستمی ڕێگای ئاسنی ڕووسییه‌ بوو؛ چونکه‌ له‌ ساڵی 1945 دا شه‌به‌که‌ی ڕێگای ئاسنی ئێران ته‌نێ ده‌گه‌یشته‌ نێوه‌ی ڕێگای نێوان تاران به‌ره‌و ته‌ورێز. میوانه‌کان له‌وێ سواری واگونێکی تایبه‌تی کران و پیێان ڕاگه‌یێندرا مه‌قسه‌دی سه‌فه‌ره‌که‌ باکۆیه‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ یه‌که‌م نیشانه‌ی ڕوون بوو که‌ ئامانجی سه‌فه‌ره‌که‌یان له‌ ته‌ورێز تێده‌په‌ڕێ، به‌ڵام زۆربه‌ی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌ له‌ به‌ر نهێنی کارییه‌کی که‌ له‌ گۆڕێ دا بوو هه‌ستیان پێ کرد بوو سه‌فه‌ره‌که‌یان ده‌گاته‌ کۆماره‌کانی یه‌کێتیی شووڕه‌وی سۆسیالیستی. له‌ نێو ئه‌وان دا ته‌نیا قازیی محه‌مه‌د به هه‌موو شتی ده‌زانی. میوانه‌کان له‌ باکۆ ، له‌ لایه‌ن خانه‌خوێیه‌کانیانه‌وه‌ ئه‌ڵایۆف و ئه‌ییووب که‌ریملی یه‌وه‌ پێشوازییان لێ کرا.له‌ وێستگه‌ی ترێن به‌ شێوه‌ی نه‌ریتی ده‌سکه‌ گوڵیان دانێ و دوایه‌ به‌ ماشێن بردیانن بۆ میوانخانه‌ی مه‌رده‌کان چه‌ندین میل به‌ره‌و باکوور

بۆ به‌یانییه‌که‌ی ڕا ده‌سته‌که‌ کۆبوونه‌وه‌ بۆ گه‌ڵاڵه‌ کردنی هێندێک پێشنیاز که‌ بیده‌ن به‌ ده‌ست ئه‌ڵایۆف بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ستی حکوومه‌تی شووڕه‌وی بگەیێنێ له‌ شه‌خسی باقرۆف دا که‌ سه‌رۆک وه‌زیری کۆماری سۆسیالیستی ئازه‌ربایجانی شووڕه‌وی بوو. قاسم ئاغای بۆکان، له‌ به‌ر خه‌ت خۆشی هه‌ڵبژێردرا و، ئه‌ویش به‌کاوه‌خۆ ئاواتی کورده‌کانی بۆ هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی جوێ و پێداویستی به‌ یارمه‌تی یه‌کێتیی شووره‌وی به‌ شێوه‌ی چه‌ک و دراو هێنا سه‌ر کاغه‌ز. ئه‌و داوخوازه‌ به‌ر له‌وه‌ی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌ چاویان به‌ باقرۆف بکه‌وێ به‌ ده‌ستی گه‌یێندرا. له‌ سه‌عات 7ی ئێوارێ ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌ برانه‌ لای پیاوێکی باڵابه‌رزی، وێچووی، ئاماده‌ که‌ ته‌مه‌نی نیزیک شێست ساڵ ده‌بوو به‌ڵام گه‌نجتر دیار بوو.سیمای و ئه‌و زمانه‌ی به‌کاری ده‌هێنا بۆ میوانه‌ کورده‌کان غه‌ریب نه‌بوو،چونکه‌ ئه‌و تورکێکی ئازه‌ربایجانی ئاسایی بوو و به‌ له‌هجه‌یه‌کی تورکی قسه‌ی ده‌کرد که‌ هێنده‌ له‌ زمانی ته‌ورێز دوور نه‌بوو که‌، ئه‌وه‌ش زۆربه‌ی کورده‌کانی باکوری ئێران لێی تێده‌گه‌ن. باقرۆف کۆبوونه‌وه‌که‌ی به‌ شیکردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی شووڕه‌وییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان کرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، ئه‌و گه‌لانه‌ی‌ زمان و کولتووری جیاوازیان هه‌یه‌ ده‌بێ حکوومه‌تی جوێی له‌مه‌ڕ خۆیان هه‌بێ. ئێران له‌ چوار 'نه‌ته‌وه‌'ی ئاوا پێک هاتووه‌ و ئه‌وانه‌ بریتین له‌ فارسه‌ فارس زمانه‌کان، خه‌ڵکی گیله‌کی زمانی کناری باشووری به‌حری خه‌زه‌ر، خه‌ڵکی تورک زمانی ئازه‌ربایجان و گه‌لی کورد زمانی کوردستان. هه‌ر کام له‌وانه‌ دواجار ده‌بێ خۆسه‌ری ناوچه‌یی خۆیان هه‌بێ و یه‌که‌م له‌ نێو ئه‌وانه‌ دا ده‌بێ تورکه‌کانی ئازه‌ربایجان بن. ئه‌و ڕایگه‌یاند هیچ پێویست ناکا، کورده‌کان په‌له‌بکه‌ن بۆ ساز کردنی ده‌وڵه‌تی له‌مه‌ڕ خۆیان. ئازادی کوردان ده‌بێ له‌ سه‌ر بنه‌مای سه‌رکه‌وتنی هێزه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان هه‌ڵنرێ نه‌ک ته‌نێ هه‌ر له‌ ئێران، به‌ڵکوو له‌ عێڕاق و تورکییه‌ش. ده‌وڵه‌تێکی جیاوازی کوردی که‌ دڵ پێی ده‌وێ له‌دادێ دا ده‌کرێ کاتێک له‌ به‌رچاو بگیرێ که‌ بکرێ هه‌موو 'نه‌ته‌وه‌' [ی کورد] یه‌ک بخرێن. تا ئه‌و ده‌می ئاواتی کورده‌کان ده‌کرێ له‌ چوارچێوه‌ی خودموختاری ئازه‌ربایجان دا وه‌دی بێ.

ڕەنگە ئەوە جاری یەکەم نەبووبێ کە قازیی محەمەد دەکەوتە بەر ئەو جۆرە ئیستیدلاڵ کردنەی ئازەربایجانی. جا بۆیە لە ووڵام دا بە ڕاشکاوی وڕوونی ڕایگەیاند کوردەکان بڕیاریان داوە خودموختارییەکی جوێ لە ئی ئازەربایجانیان هەبێ. باقرۆف ئەوەی لە دەستی دەهات کردی بۆ پشتیوانی لە هەڵوێستی هاوکارە ئازەربایجانییەکانی لە تەورێز. ئێستا ئەو دەبوو بە ئەدەبەوە مل بۆ داوای کوردەکان ڕاکێشێ. باقرۆف لە کاتێکدا بەمست لە سەر مێزی دەکۆتا گوتی ' تا ئەو ڕۆژەی یەکێتی شووڕەوی مابێ کوردەکان سەربەخۆیی خۆیان دەبێ'. قازی لە ووڵامی گوڕەی سۆزاوی خانەخوێیەکەی دا گوتی، نەتەوەیەکی لاواز هەر دەستێکی کە بەڕەو ڕووی درێژ بکرێ ده‌ی گرێتە ناو دەستی و ' ئێمە نەک هەر ئەو دەستە دەگوشین، بەڵکوو ماچیشی ده‌که‌ین
دوایە چا خواردنەوە بە دەم سەرنجدانە سەر ئەو کەلوپەلانەی کوردەکان پێداویستیان پێی بوو تێپەڕی و؛ لێرە دا قازی چیرۆکی لادێییەکی هەژاری گێراوە کە ئاغا تاجییەکی ڕاوی دابوویه‌. بۆ ڕۆژی دواتر کابرا چووەوە لای ئاغا و دەستی کرد بە سپاس کردنی ئاغا و بەو پەڕی خۆ بەکەمگرتنه‌وه‌ هەر سپاسی ئاغای دەکرد و لێی نەده‌بڕییەوە. ئاغاکە ئەوەی زۆر پێ سەیر بوو و لە کابرای لادێی پرسی باشە بەخشینی تاجییەک بە تۆ ئەو هەموو سپاس و مەرایی لەبەر کردنەی بۆچییە. کابرای لادێیی ووڵامی داوە : " لە بەر ئەوەی تاجییەکی ڕاوت داومەتێ ، ئەمن دەزانم دەبێ مەبەستی بەڕێزت ئەوە بێ ئەسپێکیشم بدەیەی سواری بم و ڕاوی پێبکەم و ، دوای ئەوەی ئەسپەکەت دامێ بە دڵنیاییەوە تفاقیشم دەدەیەی بۆ ئەسپەکەم و دیارە هەڵبەت هەم ئەسپەکە و هەم خاوەنەکەشی دەبێ سەرپەنایەکیان هەبێ تێیدا بحاوێنه‌وه‌ و جا ئەو دەمی ئەمن لە نێو بەنی ئادەمان دا لە هەموویان زیاتر ڕازی دەبم". قازی بۆ ئەوەی دڵنیا بێ باقرۆف لە قسەکانی تێگەیشتووە گوتی لە بەر ئەوەی کوردەکان بەڵێنی دەوڵەتی خۆیان پێ دراوە چاوەڕوانی ئەوەش دەکەن کەلوپەلی مادی پێویستیان بدرێتێ بۆ ئەوەی بەرگری لەو دەوڵەتە بکەن و پێشی بخەن
دیار بوو باقرۆف لە نێوەرۆکی چیرۆکەکە گەیشتبوو و لە ووڵام دا هەر ئەوەی گوت کە بیستەرانی پێیان خۆش بوو بی بیسن. بەشێوەیەکی گشتی بەڵام پتەو ئەو بەڵێنی دا کەلوپەلی نیزامی لە وانە تانک، تۆپخانە، موسەلسەل و تفەنگ دەنێردرێ بۆ مەهاباد. ئەو هەر وەها بە سەرداگیراوی بەڵێنی دانی پشتیوانی داراییشی پێ دان و تەرخان کردنی جێگە بۆ خوێندکارانی کورد لە کالیجی نیزامی باکۆ بۆ هەر چەند خوێندکارەی بتوانن بیاننێرن. ئەو پێی گوتن داوا لە پیشەوەری دەکەن لەو زانکۆیەش دا کە لە تەورێز دادەمەزرێندرێ هەشتا خوێندکاری کورد وەربگیرێن و، چاپخانەیەکیش دەنێردرێ بۆ مەهاباد بۆ ئەوەی بتوانن بە زمانی کوردی شتی پێ چاپ بکەن
دوایە باقرۆف هاتە سەر لایەنی سیاسی بزووتنەوەی کورد. ئەو گوتی کۆمەڵە، بەو شێوەیەی ئێستای ناتوانێ هیچ وەدەست بهێنێ. بە سەرکەوتنی دێمۆکڕاسی لە دنیا دا، بە تایبەتی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، شانشینی بریتانیا و، کۆمارە یەکگرتووەکانی شووڕەوی سۆسیالیستی ، بزووتنەوەیەکی کوردی تەنێ دەتوانێ لە ژێر ئاڵای " حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان" دا سەرکەوێ. باقرۆف هەر وەها ئاماژەی کرد بە ڕاپەڕینی چەکدارانەی مەلا مستەفای بارزانی کە چەندین مانگ بوو لە باکووری عێڕاق لە گۆڕێ دابوو و ئیدیعای دەکرد سەر بە " ڕزگایی کورد" واتە بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی کوردی بەربڵاوتر بێ. باقرۆف دەستەی نوێنەرایەتی ئاگادار کردەوە کە مەلا مستەفا [.....] بریتانیایە بۆیە دەبێ دڕدۆدۆنگی لێ بکرێ و بەئیحتیاتەوە دانوستاندنی لەگەڵ بکرێ
بۆ سەر لە بەیانی ڕۆژی دواتر، لە کاتێکدا [دەستەی نوێنەرایەتی] سەردانی شوێنە دیدەنییەکانی باکۆیان دەکرد، کەریملی ئاگاداری کردن مەلا مستەفا و بارزانییە چەکدارەکان ئێستا لە سنوور لە نیزیک تێپەڕگەی کێلەشێنن و خۆیان ئامادە دەکەن بێنە نێو ئێران. هەر ئەو ڕۆژە دواتر دەستەکە ئاگادار کرایەوە ئەو سەفەرەی بڕیار بوو بیکەن بۆ تفلیس هەڵوەشاوەتەوە بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن دەستبەجێ بچنەوە ماڵێ بۆ ئەوەی ئامادەکاری پێویست بکەن،

دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە دەستەی نوێنەرایەتی دەستە گوڵیان لە سەر گۆڕی عەزیزۆف دانا لە نیزیک پەیکەری کیرۆف. قاسم ئاغای ئێلخانیزادە کاتەکەی ئەو ڕۆژەی چاک وەبیر دێ چونکە یەکێک لە ئەندامانی دەستەی نوێنەرایەتی لە بەر ئەو پەیکەرە نوێژی ئێوارەی دابەست.ئەوێ شەوێ موسیقاژەنانی ئازەربایجانی لە هۆتێلەکەیان میوانە کوردەکانیان سەرگەرم کرد و چەند لە میوانەکان سووکێکی خۆیان دزییەوە بۆ دیوێکی قەراغێ بۆ ئەوەی بە دوور لە چاوی قازیی محەمەد چەند گێلاس کۆنیاکی گورجی فڕ کەن. ئیحتیاتێکی ئاوا پێویست بوو چونکە خانەخوێیە کۆمۆنیستەکان حەولیان دەدا بە قازی بسەلمێنن ئەوان ڕێز لە نەریتە موسوڵمانەتییەکانی کوردەکان دەگرن. تەنانەت ئەو مەڕەش کە بۆیان کوشتبوونەوە، بە میوانەکانیان ڕاگەیاند بە پێی نەریتی باشی موسڵمانی و ڕێوشوێنی پێویست سەر بڕاوە
بۆ سبه‌ینێ سەعات ٨ی سەرلەبەیانی کوردەکان سواری هەمان واگونی ڕێگای ئاسن بوون کە پێی هاتبوون بۆ باکۆ. وەکوو نیشانەی دۆستایەتی هەرکامەیان پۆرترەیەکی ڕەنگی یۆسف ستالینیان درایە کە دەقاپ گیرابوو و ڕازابووەوە، بەڵام ئەوە لە گشت ئەو بارانەی شووڕەوی سووکتر بوو کە لە باکۆ لە سەر شانیان داندرابوو. دەستەی نوێنەرایەتی خۆشبین و شاد بوون بێ ئەوەی بەتایبەتی گوێ بدەنە ، ئاگادار کردنەوەکانی باقرۆف، سەبارەت بە مەبەستەکانی مەلا مستەفا ؛ چونکە ئەوان بە پتەوەی باوەرێان بە خۆیان و بە مەلا مستەفا هەبوو کە کوردێک هەر وەک کورد دەمێنێتەوە هەر کە ئاواتەکانی کوردان وەدی هات پێوەندی یان بەرعۆدەیی لە ئاست دەرەوە دەڕەوێتەوە و نامێنێ
ڕیوایه‌ته‌کەی دیکه‌ی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش ئی مه‌نافی که‌ریمی یه‌وه‌ که‌ نیزیکه‌ی 40 ساڵ دواتر له‌ ڕیوایه‌تی یه‌که‌م گێڕاویه‌ته‌وه‌

"به‌شێک له‌ وتووێژی گۆواری ڕوانگه‌ له‌ گه‌ڵ مه‌نافی که‌ریمی ، گه‌لاوێژی 1382

/ ژووییه‌ی 2003
له سەفەری دوویەمدا بۆ باکۆ که له 21ی خەرمانانی ساڵی 1324ی هەتاویدا کرا چ جۆرە مەسەلەیەک هاتە گۆڕێ؟


* سێ ساڵ له پێکهاتنی ژێ.کاف تێپهەڕیبوو و ڕووسەکان چەند جار به ڕێگەی مەئموورەکانی خۆیان که له هەموو ئازەربایجان و کوردستانی موکریان دا هەبوون به ئێمەیان کوتبوو بچن و له گەڵ سەرانی ئازەربایجان قسه بکەن و ئامانجەکانی ژێ.کاف یان بۆ ڕوون کەنەوه‌.دواجار دەستەیەکی 7 کەسی که بریتی بوون له قازیی محەمەد، محەمەد حوسێنی سەیفی قازی، قاسمی ئێلخانیزاده، ئەمن، کاک هەمزەی جەڵدیان، نووری بەگی بەگزاده و عەلی ڕیحانی چووینه باکۆ و ڕۆژێک بەر لەوەی چاومان به میر جەعفەر باقرۆف بکەوێ داوخوازەکانی خۆمان ئاماده کرد و له ماڵه خۆی چاومان پێی کەوت و له بەر ئەوه ی تورکیمان ده زانی پێویستی به دیلمانج نەبوو. باقرۆف کوتی ئامانجەکانی کۆمەڵەی ژێ.کاف که داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکا له دنیای ئەمڕۆ دا قبووڵ ناکرێ و دەبێ ئامانجەکانی کۆمەڵەکەتان هێندێک سەنگ و سووک بکەن، دەنا ( تازه شەڕ بڕابووەوه‌) دەبێ شووڕوی له بەرکوردەکان خۆی تووشی شەڕی سێیەمی جیهانی بکا. به کورتی دوای گەڕانەوه له باکۆ کۆبوونەوەیەکمان له باغی عەزیزئاغا که زۆربەی خەڵکی مه‌هاباد و هەموو ئەندامانی ژێ.کاف تێیدا ئاماده بوون، پێک هێنا و لەو دانیشتنه دا قازیی محەمەد ئاکامی سەفەرەکەی بۆ خەڵک باس کرد و سەبارەت به گۆڕینی نێو و ئامانجەکانی کۆمەڵه پرسی پێکردن و هەر لەوێ به پێی له دوودانی خەڵک ژێ.کاف نێوی خۆی گۆڕی و دوای چەند ڕۆژ له گەڕانەوەی دەستەی نوێنەرایەتی له باکۆ به دوای گوڕینی نێو له لایەن حیزبی تازه دامەزراوەوه، لیستێکی بە ورده ڕیشاڵمان له داواکانمان ئاماده کرد و ناردمانه باکۆ
که ئەوانەی خوارەوەم له بیر ماوه و بۆشیان پێک هێناین
 ١- ماشێنێکی چاپی گەوره که پێداویستییەکانی ئێمه بۆ چاپی ڕۆژنامه و گۆڤار و کتێبی دەرسی جێ بەجێ بکا
٢- دوازدە ماشێنی نیزامییان بۆ گواستنەوەی پێشمەرگه و کەلوپەلی سەربازخانه له بەر دەست ناین
 ٣- موافەقەت کرا 60 کەس له لاوانی خوێندەوار بۆ پەروەردەی سەرکردەیی (ئەفسەری) و زانکۆی جۆر به جۆری دیکه بنێرینه باکۆیه و 40 کەسیشمان به خوێندنگه نیزامییەکانی ئازەربایجانی ئێران که له لایەن دەوڵەتی شووڕەوییەوه بۆ ئازەربایجانی ئێران ساز کرابوون ناساند و له ماوەی 3 ڕۆژان دا ناردنی خوێندکارەکان دەستیپێکرد
٤- بە مەبەستی ئابووری و بۆ گەشه پێدانی خۆش گوزەرانی گشتی به تایبەتی بازرگانان شیرکەتێک به نێوی تەڕەقی" له لایەن بازرگانان و کاسبانەوه دامەزرا که کەلوپەلی پێویست دەنێردرا بۆ ئەو شیرکەته‌
 ٥- ئەوکەسانەی دەیانەویست ببنه پێشمەرگه و پەروەردەی نیزامی ببینن دەچوونه سەربازخانەکان بۆ پەروه رده کردنیان سەرکردەیەک ( ئەفسەرێک) به نێوی کاکاغا که له
شووڕەویەوە هاتبوو، دەستی بەکار کرد 
٦- دەزگایەکی ڕادیۆ که تا نێو مهاباد و دەور و بەری بڕی دەکرد دامەزرا
٧- دەستەیەکی مووزیکی نیزامی بۆ ڕۆژانی جێژن و شادی و ڕێوڕەسمی نیزامی له پێشمەرگەخانەی مەهابادێ دامەزرا
 ٨- دەزگایەکی سینەمای گەڕۆک  که بۆبانگەشەی حیزبی کەلکی لێ وەردەگیرا وخەڵک   پێشوازییان لێکرد له لادێکان و له نێو شاری مه‌هاباد دا دەستی به کار کرد


ئه‌و رێوایه‌تانه‌ له‌ نێوه‌رۆکی سه‌فه‌ر بۆ باکۆ و پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ شووڕه‌وی وه‌ک له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌ دا باس کرا له‌ لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌ به‌ توندی نکووڵی لێکرا. وا دیاره‌ چاپه‌مه‌نی تاران به‌ ده‌ستکیسی هێندێک له‌ کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت زۆریان له‌ سه‌ر ئه‌و سه‌فه‌ره‌ نووسیبێ. ڕۆژنامه‌ی اطلاعات له‌ ژماره‌ی 5871 ی خۆیدا، دووشه‌مۆ 9ی ڕه‌زبه‌ری 1324ی هه‌تاوی ئاوای نووسیوه‌

 به‌ پێی ئه‌وه‌ی زاندراوه‌ چه‌ند که‌س کورد به‌ ناوی قازیی محه‌مه‌د – ئێلخانی زاده‌ - محه‌مه‌د حوسێنی سه‌یفی قازی – عه‌لی ڕیحانی – هه‌مزاغا مامه‌ش – عه‌بدوڵا کوڕی حاجی هه‌مزه‌ی جه‌ڵدیان و چه‌ند که‌سی دیکه‌ که‌ خۆیان به‌ سه‌رکرده‌ و ده‌ستڕۆیشتوویانی ناوچه‌یی کورده‌کانی مه‌نته‌قه‌ی مه‌هاباد و له‌ دامه‌زرێنه‌رانی حیزبی "کۆمه‌ڵه‌" ده‌زانن چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌و به‌ر هاتوونه‌ته‌ ته‌ورێز و ده‌ستبه‌جێ به‌ بێ ئاگاداریی کاربه‌ده‌ستانی ناوچه‌یی و ئه‌نجام دانی ڕێو شووێنی قانوونی و به‌ بێ وه‌رگرتنی پاسپۆرت به‌ره‌و بادکووبه‌ چوون . به‌و جۆره‌ی ڕاگه‌یێندراوه‌ حیزبی "کۆمه‌ڵه‌" حیزبێکه‌ له‌و دواییانه‌ دا له‌ مه‌هابادی کوردستان پێک هاتووه‌ و ئه‌ساسنامه‌ و مه‌ڕامنامه‌که‌ی وه‌ ئی حیزبی دێمۆكڕاتی ئازه‌ربایجان ده‌چێ واته‌ لایه‌نگری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ه‌. وه‌ک باس ده‌کرێ سه‌باره‌ت به‌ شێوه‌ی چوونی ناوبراوانی سه‌ره‌وه‌ بۆ خاکی شووڕه‌وی له‌ لایه‌ن وه‌زاڕه‌تی کارو باری ده‌ره‌وه‌ ڕا ئعتراز کراوه‌ و بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌وانیش هێندێک هه‌نگاویان هه‌ڵهێناوه‌ته‌وه‌
‌ له‌ ووڵامی ئعترازی قاسمی ئێلخانیزاده‌ دا به‌و نووسراوه‌یه‌ی ڕۆژنامه‌ی ئیتیلاعات، ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ ده‌ڵێ ‌ ئه‌و زانیاریانه‌ له‌ لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ دراون و ئه‌وه‌ش وه‌ک پرسیارێک ده‌مێنێته‌وه‌ که‌ کارمه‌ندانی کۆنسوولخانه‌ی ئێران له‌ باکۆ چۆنیان به‌و سه‌فه‌ره‌ زانیوه‌ و ڕاپۆرتیان داوه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی ئێران. له‌ خواره‌وه‌ نامه‌ی ئعترازی قاسمی ئێلخانیزاده‌ و ووڵامی ڕۆژنامه‌ی ئیتیلاعات ده‌خوێنینه‌وه‌
ڕۆژنامه‌ی ئیتیلاعات ، پێنجشه‌مۆ 19ی ڕه‌زبه‌ری 1324ی هه‌تاوی / 11ی ئۆکتۆبری 1945
ئێلخانیزاده‌ وه‌درۆی ده‌خاته‌وه‌
ماوه‌یه‌ک له‌وه‌ پێش خه‌به‌رێکمان بڵاو کرده‌وه‌ که‌ چه‌ند که‌س کورد که‌ خۆیان وه‌ک دامه‌زرێنه‌ری حیزبی " کۆمه‌ڵه‌" ناساندووه‌ به‌ بێ ئاگاداری کاربه‌ده‌ستانی ناوچه‌یی و له‌ به‌ر چاوگرتنی پێویستییه‌ قانوونییه‌کان و وه‌رگرتنی پاسپۆرت به‌ره‌و بادکووبه‌ چوون و له‌ ناو ئه‌واندا ناوی ئاغای ئێلخانیزاده‌ش هاتبوو. له‌و دواییانه‌ دا ئاغای ئێلخانیزاده‌ تێلگڕافێکی به‌م نێوه‌رۆکه‌ی خواره‌وه‌ بۆ ده‌فته‌ری ڕۆژنامه‌ی ئیتیلاعات ناردووه‌ که‌ ده‌قی ئه‌م تێلگڕافه‌ لێره‌ دا چاپ ده‌بێ
ئاغای به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێزی ڕۆژنامه‌ی ئیتیلاعات، ڕوونووس نامه‌ی کوهستان، ڕوونووس قیام ایران، ڕوونووس کیهان، روونووس کانون، روونووس کشور

له‌ لاپه‌ڕه‌ی 4ی ژماره‌ 5871ی ڕۆژنامه‌ی ئیتیلاءات دا له‌ ژێر سه‌ردێڕی " حه‌ڕه‌که‌ت به‌ره‌و بادکووبه‌" که‌ ووشه‌ی ئێلخانیزاده‌م دی واقم وڕما، ئه‌من که‌ یه‌کێک له‌ تاکوته‌رای بنه‌ماڵه‌ی ئێلخانیزاده‌م بۆ پێشگرتن له‌ هه‌ڵه‌ و ئاڵۆزی بیرو ڕای گشتی ڕاده‌گه‌یێنم که‌:بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌، بنه‌ماڵه‌یه‌کی چه‌ند سه‌د ساڵه‌یه‌ و پێشینه‌ی دره‌وشاوه‌ی نیشتمان په‌رستی و خزمه‌ته‌ به‌رچاوه‌کانیان به‌ ووڵاتی خۆشه‌ویست بۆ هه‌مووان ئاشکرایه‌ و سابیت بووه‌ و قه‌ت پچووکترین په‌ڵه‌ی خه‌یانه‌ت له‌ سه‌ر داوێنی هیچکام له‌ ئه‌ندامانی نه‌نیشتووه‌ و جگه‌ له‌ خزمه‌ت به‌ نیشتمان و داوخوازی ئاشتی و هێمنایه‌تی هیچ هه‌نگاوی دیکه‌یان هه‌ڵنه‌هێناوه‌ته‌وه‌. ئه‌و که‌سانه‌ی ئاشنایه‌تییه‌کی که‌میان له‌ گه‌ڵ ئازه‌ربایجان و به‌ تایبه‌تی کوردستان هه‌بێ بێتوو له‌ ڕێگای ئینساف و ویژدان لا نه‌ده‌ن ته‌سدیق ده‌که‌ن دروشمی نیشتمانپه‌رستی و ئێراندۆستی له‌ سه‌ده‌ی یه‌ک له‌ دوای یه‌ک دا دروشمی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ بووه‌ و هه‌یه‌ و هه‌ر ئاواش ده‌بێ. جا ئێستا بۆ من زۆر جێی داخه‌ ده‌بینم له‌ لایه‌ن هێندێک که‌سی به‌غه‌ره‌ز و سه‌ر به‌ گۆنگه‌ڵ و به‌ مه‌به‌ستی نگریس و بۆگه‌نی شه‌خسی ئه‌و دڕدۆنگییه‌ ساز کراوه‌ و ئه‌و تۆمه‌ته‌یان له‌ ئێمه‌ بنه‌ماڵه‌ی ئێلخانیزاده‌ داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ پێش چاوی خه‌ڵک سووک که‌ن و ناومان بزڕێنن و کوڵی هه‌ستی ئێره‌یی پێ بردن و به‌دبینی خۆیان دامرکێنن
هه‌موان ده‌زانن ئێمه‌ خائینی نیشتمانفرۆش نین. خه‌یانه‌تکار که‌سێکه‌ ده‌یه‌وێ خه‌ڵکی شه‌ریف و نیشتمانپه‌روه‌ر به‌د نێو بکا. ئه‌من ئه‌و جۆره‌ هه‌رزه‌وێژ و تۆمه‌ت لێده‌رانه‌ دڵنیا ده‌که‌م ‌ ئه‌و جۆره‌ ده‌نگه‌ وه‌یشوومانه‌ قه‌ت له‌ ووزه‌یان دا نابێ داوێنی نیشتمان په‌رستیی ئێمه‌ په‌ڵه‌دار که‌ن یان بڕووسکه‌یه‌کیش له‌ هه‌ستی پاکی نیشتمانخوازانه‌ی ئێمه‌ که‌م بکه‌نه‌وه‌. ئاغای به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژنامه‌ی ئیتیلاعات ئه‌و تۆمه‌ته‌ سووکایه‌تییه‌کی گه‌وره‌یه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی پاک و شه‌ریف و له‌مێژینه‌ی ئێرانی و به‌ هیچ جۆر نابێ چاوی لێ هه‌ڵببوێردرێ و جێی لێ خۆش بوون نییه‌. تکا ده‌که‌م ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌و تۆمه‌ته‌ی وه‌پاڵ داوین بناسێنن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگای دادگه‌ی شیاو ڕا له‌ مه‌سه‌له‌که‌ بکۆڵدرێته‌وه‌ و ڕاستی ئاشکرا بکرێ و خه‌یانه‌تکار به‌ سزای قانوونی بگا
هه‌ر وه‌ها ده‌بوو ئیداره‌ی ڕۆژنامه‌ش له‌ مه‌ڕ ڕاست یان هه‌ڵه‌ بوونی ئه‌و خه‌به‌ره‌ وورد بووباوه‌ و سۆنگه‌ و به‌ڵگه‌ی له‌ ڕاپۆرتچییه‌که‌ ویستبایه‌. هه‌ڵبه‌ت بڵاو کردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ خه‌به‌ره‌ هه‌ڵبه‌ستراوانه‌، به‌ تایبه‌تی هێرشی ناڕه‌وای هێندێک له‌ ڕۆژنامه‌کان به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕێوڕه‌سمی ئه‌خلاقی یه‌. ئه‌من به‌ ڕێگای ئێوه‌ دا له‌ لایه‌ن گشت تاکوته‌رای ئێلخانیزاده‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ ته‌واوی وه‌درۆ ده‌خه‌مه‌وه‌، تکا ده‌که‌م به‌ پێی قانوونی چاپه‌مه‌نی، ده‌ستوور بفه‌رموون ئه‌م نووسراوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ هه‌وه‌ڵین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌تاندا له‌ ژێر سه‌ردێڕی " ئێلخانیزاده‌ وه‌درۆی ده‌خاته‌وه‌" بڵاو بکرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی کراوه‌ ڕاست بکرێته‌وه‌ و له‌ خوت و خۆڕایی بنه‌ماڵه‌یه‌کی گرینگی ئێرانی له‌ نێو بیروڕای گشتی دا به‌دنێو نه‌بێ


قاسم ئێلخانیزاده‌

 
ئیتیلاعات - بۆ ئاگاداری ئاغای ئێلخانیزاده‌ ده‌بێ ڕابگه‌یێنین ئێمه‌ ئه‌و خه‌به‌ره‌مان له‌ کاربه‌ده‌ستانی ڕه‌سمییه‌وه‌ به‌ ده‌ست گه‌یشت و له‌و باره‌یه‌وه‌ کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی له‌ بادکووبه‌ تێلگرافێکیان ناردووه‌ بۆ وه‌زاڕه‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ و نێوی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ بێ پاسپۆرت چووبوونه‌ باکۆ و نێوی ئێوه‌شی تێدا بووه‌، به‌ڵام ئاره‌زووی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌ک هه‌ر خه‌به‌ری چوونی ئێوه‌،به‌ڵکوو خه‌به‌ری چوونی گشت ئه‌و ئاغایانه‌ی‌ نێویان هاتووه‌ درۆ بێ. ئه‌وه‌ش که‌ سه‌باره‌ت به‌ بنه‌ماڵه‌ی خۆتان و پێشینه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ری ئه‌وان و هۆگری شه‌خسی خۆتان به‌م ئاو و خاکه‌ی بابوباپیران نووسیوتانه‌ نه‌ک هه‌ر بووه‌ جێی خۆشحاڵی ئێمه‌ به‌ڵکوو جێی خۆشحاڵی هه‌موانه‌ و ئێمه‌ ئه‌و هه‌ست و نه‌سته‌ پاکه‌تان به‌ پیرۆز ده‌زانین
به‌ڵام خاڵێکیش هه‌یه‌ که‌ ده‌مانه‌وێ وه‌بیر جه‌نابی به‌رزتانی بهێنینه‌وه‌ و هیوادارین ئێوه‌ش به‌و هه‌سته‌ پاکه‌ی که‌ ده‌رتان بڕیوه‌ ببنه‌ بانگه‌شه‌ده‌ری وی له‌ لای هه‌موو برایانی کورد ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌ حاڵی حازر دا ووڵاتی ئێمه‌ زیاتر له‌ هه‌موو کاتێکی دیکه‌ پێداویستی به‌ خۆ به‌ختکردنی ڕۆڵه‌کانی خۆی هه‌یه‌ و ده‌بێ هه‌رتاکێکی نیشتمانپه‌رستی ئێرانی بۆ پاراستنی مانه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی و شه‌ڕافه‌تی میللی و قه‌ومی خۆی تا ئه‌و جێیه‌ی له‌ سنووری توانایی دایه‌ تێبکۆشێ و به‌ دووی دژایه‌تی و دووبه‌ره‌کی دا نه‌بێ. و چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ و گشت خه‌ڵک له‌ هاونیشتمانانی کوردمان ئه‌وه‌یه‌ له‌م کات و ساتانه‌دا له‌سه‌ره‌خۆیی خۆیان نیشان بده‌ن و نیشتمان په‌رستی خۆیان بسه‌لمێنن و وه‌فاداری خۆیان سه‌باره‌ت به‌ میلله‌تی خۆیان ده‌رببڕن. ئێمه‌ دڵنیاین ئێرانی ته‌بیعه‌ت پاک له‌ هه‌ر تیره‌ و قه‌بیله‌یه‌ک بێ ئه‌و ڕاستییه‌ له‌ به‌رچاو ده‌گرێ.هه‌ر چۆنێک بێ کار و کرده‌وه‌ی ئێوه‌ له‌ دادێ دا ده‌بێته‌ باشتیرین ناسێنه‌ری هه‌ستی پاک و نیشتمان په‌رستی ئێوه‌
محه‌مه‌د حوسێنی خوسره‌و په‌نا له‌ نووسراوه‌یه‌ک دا " حیزبی تووده‌ی ئێران و پێشوه‌چووه‌نه‌کانی کوردستان"گفتگو، ژماره‌ی 53، گه‌لاوێژی ساڵی 1388ی هه‌تاوی) باسی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی کورد بۆ شووڕه‌وی و کاردانه‌وه‌ی کۆڕ و کۆمه‌ڵی باڵی ڕاستی سیاسی ئه‌و سه‌ر وبه‌ندی ئاوا ده‌گێڕێته‌وه‌: " له‌ سه‌ره‌تای مانگی ڕه‌زبه‌ری ساڵی 1324ی هه‌تاوی، کوردستان جارێکی دیکه‌ که‌وته‌ به‌ر سه‌رنجی ژماره‌یه‌ک له‌ ڕۆژنامه‌کانی باڵی ڕاستی ووڵات که‌ زۆربه‌یان لایه‌نگری سه‌ید زیای ته‌باته‌بایی بوون. هۆی ئه‌و سه‌رنجدانه‌ بۆ سه‌ر کوردستان، سه‌فه‌ری نا قانوونی حه‌وت که‌س له‌ که‌سایه‌تییه‌ کورده‌کان وه‌کوو قازیی محه‌مه‌د، عه‌لی ڕیحانی، ‌هه‌مزاغای مامه‌ش و خه‌ڵکی دی بوو بۆ باکۆ و وتووێژ له‌ گه‌ڵ ڕێبه‌رانی جمهووری ئازه‌ربایجانی شووڕه‌وی. که‌سایه‌تی و چالاکانی سیاسی باڵی ڕاست که‌ له‌ پێکهاتنی فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان و چالاکییه‌کانی ترسیان ڕێ نیشتبوو، ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی ده‌سته‌ی کوردیان بۆ باکۆ وه‌ک هه‌نگاوێک نرخاند که به‌ مه‌به‌ستی دووپاته‌ بوونه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ئازه‌ربایجان له‌ کوردستان بێ وله‌و باره‌یه‌وه‌ نووسییان: " ئه‌و که‌سانه‌ی نێویان هات نوێنه‌رایه‌تی کۆمیته‌یه‌کی کوردییان هه‌بووه‌ که‌ بۆ جوێ کردنه‌وه‌ی به‌شێک له‌ کوردستان له‌ ئێران هێندێک ڕێکخستنیان پێک هێناوه‌ و هێندێک کاریان کردووه‌ و به‌ نێوی ئه‌و به‌شه‌ له‌ کوردستان بۆ وتووێژ له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی شووڕه‌وی و داوای یارمه‌تی چوونه‌ ڕووسییه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌." [ ڕۆژنامه‌ی کانون ، ژماره‌ی 55 (1162)، 20ی ڕه‌زبه‌ری 1324ی هه‌تاوی] هه‌ر وه‌ها نووسییان " ئه‌و ده‌سته‌ی شه‌ش که‌سییه‌ی کورد به‌ حه‌وت کامیۆنان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئێران و هه‌ر کامیۆنه‌ش ئه‌فسه‌رێکی بێگانه‌ی تێدا بوو ، سه‌ری بارهه‌ڵگره‌کان دا پۆشرابوون و به‌ هیچ جۆر دیار نه‌بووه‌ باریان چییه‌ و ئاوا هاتنه‌ نێو مه‌هاباد." [ڕۆژنامه‌ی کانون، ژماره‌ی 48 (1155). 12ی ڕه‌زبه‌ری 1324ی هه‌تاوی]. سه‌باره‌ت به‌ باری ئه‌و کامیۆنانه‌ هێندێک لایه‌ن گوتیان چه‌ک بووه‌ و هێندێکی دیکه‌ش ئاماژه‌یان کرد به‌ شه‌ش تۆن کاغه‌ز و دوو ده‌ستگای ماشین ته‌حریر.[ بڕوانه‌ : ڕۆژنامه‌ی اطلاعات، ژماره‌ی 5881م 2ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 1324، ڕۆژنامه‌ اطلاعات، ژماره‌ی 5884، 24ی ڕه‌زبه‌ری 1324ی هه‌تاوی]. ئه‌گه‌ر چی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی کورد قازیی محه‌مه‌د، محه‌مه‌د حوسێنی سه‌یفی قازی، عه‌لی ڕیحانی، هه‌مزه‌ی مامه‌ش، عه‌بدوڵای قادریی جه‌ڵدیان و [ ئه‌میر] ئه‌سعه‌دی ئێلخانیزاده‌] به‌ ڕه‌سمی و به‌ ڕێگای تێلگڕافی تاکه‌ که‌سی و به‌ کۆمه‌ڵ نکووڵیان له‌و سه‌فه‌ره‌ کرد بۆ باکۆ و نووسییان: " مه‌به‌ست له‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ درۆ و ده‌له‌سانه‌ ئه‌وه‌یه‌ شارستانی مه‌هاباد که‌ له‌و ماوه‌یه‌ دا له‌وپه‌ڕی هێمنی و ئاسایش دا ژیاوه‌ تووشی ئاڵۆزی و دووبه‌ره‌کی بکه‌ن"

[ بۆ نموونه‌ بڕوانه‌ ڕۆژنامه‌ی اطلاعات، ژماره‌ی 5880]، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌س باوه‌ڕی نه‌کرد به‌ ئه‌و وه‌درۆ خستنه‌وه‌یه‌ی ئه‌وان کردیان. ڕۆژنامه‌کانی ڕاستئاژۆ، به‌تایبه‌تی لایه‌نگرانی سه‌ید زییا، که‌ به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ ڕووداوه‌کانی مه‌هابادیان تاقیب ده‌کرد، سه‌باره‌ت به‌ پێشوه‌چوونه‌کان و بارودۆخی مه‌هاباد له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سته‌ی کورد ده‌ستیان کرد به‌ بانگه‌شه‌یه‌کی به‌ربڵاو و ته‌نانه‌ت ڕایان گه‌یاند : " کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. شارستانی مه‌هاباد به‌ ڕێوه‌ ده‌با و له‌ سه‌ربانی ئیداره‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ جیات ئاڵای ئێران ئاڵای سوور و له‌ هۆڵه‌کانی خانووی ئیداره‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ جیات وێنه‌ی شاهه‌نشای ئێران وێنه‌ی ستالین سه‌رۆکوه‌زیری ده‌وڵه‌تی ڕووسییه‌ ده‌بیندرێ". [ڕۆژنامه‌ی کانون، ژماره‌ 55 (1162) 20ی ڕه‌زبه‌ری 1324ی هه‌تاوی
ئه‌بولقاسمی سه‌دری قازی نوێنه‌ری مه‌هاباد له‌ مه‌جلیسی شووڕای میللی ئێران، وا دیاره‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی باسی ئه‌و سه‌فه‌ر له‌ مه‌جلیس یشدا قسه‌ی لێوه‌ کراوه‌، به‌ دوور و درێژی‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ دواوه‌ و له‌ گه‌ڵ نکووڵی لێکردن له‌ سه‌فه‌ره‌که‌، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی به‌ کارهێناوه‌ بۆ له‌ قاو دانی زێهنییه‌تی مه‌رکه‌زنشینان له‌ ئاست کوردان

ڕۆژنامه‌ی ئیتیلاعات، ساڵی بیسته‌م، ژماره‌ی 5946 پێنجشه‌مۆ هه‌وه‌ڵی سه‌رماوه‌زی 1324ی هه‌تاوی/ 22ی نۆڤامبری 1945
ئاغای سه‌دری قازی له‌ کۆبوونه‌وه‌وی به‌سرپێرێی مه‌جلیس


ئاغای سه‌دری قازی نوێنه‌ری مه‌هابادی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو له‌ مه‌جلیسی شووڕای میللی دا سه‌باره‌ت به‌ نیشتمان په‌رستی و شا دۆستی کورده‌کان ئه‌م ووته‌یه‌ی خواره‌وه‌ی پێشکێش کرد

گۆیا به‌نده‌ مافم هه‌بێ،لێره‌ له‌ مه‌جلیس، گله‌یی له‌ ئاغایانی به‌ڕێز بکه‌م ئه‌و کاته‌ی هێرش ده‌کرێته‌ سه‌ر مه‌ڵبه‌ندی لێ هه‌ڵبژێردرانی من. ئه‌گه‌ر من بێده‌نگ بم، ئعتراز ده‌فه‌رموون که‌ بۆچی نوێنه‌ری ئه‌وێ بێده‌نگه‌ و کاتێکیش ده‌مه‌وێ هێندێک شت بۆ ئاگاداریی ئاغایان باس بکه‌م تا نۆره‌ ده‌گاته‌ من ده‌نگ به‌رز ده‌بنه‌وه‌ نوخته‌ی نیزامی، نوخته‌ی نیزامی (یه‌کێک له‌ نوێنه‌ران فه‌رموو ئاغا) . به‌نده‌ داوخوازیم ئه‌وه‌یه‌ ئاغایان لوتفیان زیاتر بێ و سه‌رنجێکی زیاتر بده‌نه‌ سه‌ر قسه‌کانی من، چونکه‌ ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ ئه‌و ده‌می وا لێک ده‌درێته‌وه‌ که‌ خودای نه‌خواسته‌ له‌ گه‌ڵ من که‌ نوێنه‌رێکی ناوچه‌ییم و له‌ گۆشه‌یه‌کی ووڵات ڕا هاتووم و هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ مه‌جلیس دا ده‌ستم ناڕوا ، ئاغایان فه‌رق و جیاوازی داده‌نێن ( یه‌مینی ئێسفه‌ندیاری، به‌ هیچ جۆر وانییه‌، فه‌رموو ئاغا )عه‌رزتان بکه‌م، ئه‌من هێندێک شتم لێره‌ ده‌رخستووه‌ و ده‌مه‌ویست سه‌باره‌ت به‌و قسه‌ پووچ و نێوبه‌تاڵانه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌ بڵاو ببوونه‌وه‌ به‌ عه‌رزی مه‌جلیس بگه‌یێنم و به‌ داخه‌وه‌م که‌ له‌ دوو کۆبوونه‌وه‌ی پێشووتریش دا یه‌کێک له‌ هاوکارانی به‌ڕێز به‌ خراپ له‌ قسه‌کانم تێگه‌یشتبوو. و ئه‌ویش بریتی بوو له‌وه‌ی که‌ هاوکاری به‌ڕێزی به‌نده‌ پێی وابوو من ئعتراز ده‌که‌م بۆچی هێندێک له‌ ڕۆژنامه‌کان قسه‌کانی ڕادیۆی پاریس یان بڵاو کردووه‌ته‌وه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌من ئعترازم به‌وه‌ نه‌کرد.قسه‌ی من ئه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ خه‌تای هێندێک له‌ ڕۆژنامه‌کانی ناوه‌نده‌ که‌ به‌ بێ لێکۆڵینه‌وه‌ هێندێک شت ده‌نووسن و ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆ بێگانه‌کان بابه‌ت و خه‌به‌ره‌کانی ئه‌وان وه‌رده‌گرن و بڵاویان ده‌که‌نه‌وه‌- ئعترازی من ئه‌وه‌ بوو. ئێستا باوه‌ڕم هه‌ر وایه‌. قسه‌م ئه‌وه‌یه‌ بابه‌ته‌کان ده‌بێ خۆمان هه‌ڵیان سه‌نگێنین و لێکیان که‌ینه‌وه‌، ئه‌و شتانه‌ی که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ووڵاتن نابێ ڕێگایان پێ بده‌ین له‌ ڕۆژنامه‌کاندا بڵاو بکرێنه‌وه‌.چونکه‌ ئه‌گه‌ر چوار سه‌ربه‌گێچه‌ڵ له‌ ده‌وری یه‌ک دانیشن و هێندێک خه‌ون ببینن و شتیان له‌ بن سه‌ر بێ، کێ ئاگای له‌ وانه‌، کێ ئاگای له‌وان نییه‌،جا بێنین و له‌ سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ هێندێک شت خۆمان به‌ هه‌بوویان دانێین و بیان ڕازێنینه‌وه‌ و بیانهێنین له‌ ڕۆژنامه‌ی ناوه‌ند دا بڵاویان بکه‌ینه‌وه‌ ده‌کرێ ئه‌و ده‌می چاوه‌ڕوان بین ڕادیۆ بێگانه‌کان باسیان نه‌که‌ن؟( [نوێنه‌رێک] ڕاست ده‌که‌ی). ئه‌وه‌ بوو ئه‌وه‌ی به‌نده‌ عه‌رزم کردن ده‌نا ئه‌من جه‌ساره‌تێکم نه‌کرد و به‌ته‌واوی بێلایه‌نم و ئه‌من که‌سێکم جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ووڵات نه‌زه‌رێکم نییه‌. هه‌ڵبه‌ت من تاقیکردنه‌وه‌ی خۆم داوه‌ و ڕه‌نگه‌ له‌ نێو ئاغایانی وه‌زیرانیش دا هه‌بن که‌سانێک که‌ له‌ نیزیکه‌وه‌ وه‌زعی من بزانن و پێویست به‌وه‌ ناکا وه‌زعی خۆم شی بکه‌مه‌وه‌. ئه‌من له‌و ده‌رفه‌ته‌ که‌لک وه‌رده‌گرم سه‌رنجی ئاغایان و شه‌خسی ئاغای حه‌کیمی سه‌رۆکوه‌زیر سه‌باره‌ت به‌ هێندێک جه‌ره‌یانی که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌کرێ ڕاده‌کێشم تاکوو ئینشاڵا بۆ پێشگیری لێ کردنیان هه‌نگاوی کاریگه‌ر هه‌ڵبهێننه‌وه‌
یه‌ک له‌و شتانه‌ی که‌ ده‌بێته‌ هۆی دووبه‌ره‌کی و دڵ ئێشه‌ له‌ نێوان تاکوته‌رای کۆمه‌ڵ دا، سازکردنی گومانه‌ له‌ نێوان ئه‌وان دا، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر هێندێک که‌س جا کاربه‌ده‌ستی ڕه‌سمی بن یان ناڕه‌سمی پێداگری بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کاربه‌ده‌ستانی به‌رزی ووڵات به‌ قسه‌ی نێوبه‌تاڵ و به‌ دوور له‌ ڕاستی له‌ ئاست خه‌ڵکی دیکه‌ به‌دبینن بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بکرێ به‌ خه‌یاڵی خۆیان له‌ ئاوی ڵێڵ ماسی بگرن. به‌نده‌ به‌ پێویست نازانم له‌و باره‌یه‌وه‌ زیاتری له‌ سه‌ر بڕۆم له‌ مه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ پێوه‌ندی په‌یدا ده‌کاته‌وه‌ به‌ شوێنی هه‌ڵبژێردرانم هێندێک شتتان عه‌رز ده‌که‌م
له‌ پاره‌که‌وه‌ به‌م لایه‌وه‌ زۆر ڕاپۆرتیان به‌ دژی عه‌شیره‌ته‌ کورده‌کان دا به‌ ناوه‌ند که‌ خۆشبه‌ختانه‌ دوای لێکۆڵینه‌وه‌ هیچکامیان وه‌ڕاست نه‌گه‌ڕان و سه‌به‌بی هه‌ره‌ باشیشی ئه‌وه‌یه‌ ئێستا چلۆنایه‌تی هه‌رێمی کوردنشین وه‌کوو ڕابردوو وایه‌، هیچ شتێک له‌و تۆمه‌تانه‌ی وه‌پاڵیان ده‌درا شین نه‌بوو. پێشتر ئه‌وه‌تان به‌ عه‌رز بگه‌یێنم مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌ نییه‌ بڵێم له‌ نێو عه‌شیره‌ته‌ کورده‌کان دا که‌سی خراپ نییه‌، له‌ هه‌موو کوێیه‌ک و له‌ نێو هه‌موو حه‌شیمه‌تێک دا خه‌ڵکی خراپ و دوو زمان هه‌ن، به‌ڵام به‌گشتی نابێ هه‌رێمێکی گرینگی ووڵات به‌ دنه‌ی چه‌ند که‌سی به‌ غه‌ره‌ز و خێرنه‌خواز له‌ ده‌وڵه‌ت نائومید بکرێ – له‌ خه‌رمانانی 1320 وه‌ [ ئووتی 1941] تا ئێستا چه‌ندین جار سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌ کورده‌کان و که‌سانی دیکه‌ ته‌نانه‌ت له‌ کارمه‌ندانی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌ت هێندێک سه‌فه‌ریان کردووه‌ و دوای چه‌ند ڕۆژ مانه‌وه‌ و بینینی ده‌زگا فه‌رهه‌نگییه‌کانی دراوسێیه‌کانی دۆست و هاوپه‌یمان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌مترین گۆڕانێک له‌ ڕوحییه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ یان ده‌ره‌جه‌ی نیشتمان په‌روه‌رییان دا په‌یدا بووبێ. له‌و دواییانه‌ش دا ده‌نگۆ بڵاو بووه‌وه‌ هێندێک که‌س چوونه‌ته‌ سه‌فه‌ر. به‌نده‌ هێشتا ئاگادارییه‌کی ته‌واوم سه‌باره‌ت به‌ ڕاستی یان ناڕاستی ئه‌و خه‌به‌ره‌ نییه‌. له‌ ڕۆژنامه‌کان دا دیتمان که‌ ئاغایان خه‌به‌ری سه‌فه‌ری خۆیان وه‌درۆ خستووه‌ته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دیتمان که‌ چه‌نده‌ شتی بێ بنه‌مایان به‌و سه‌فه‌ره‌وه‌ هه‌ڵئاوه‌سی و چه‌نده‌ شتی درۆیان پێوه‌ نووساند. بۆ وێنه‌ گوتیان کورده‌کان ئه‌نجومه‌نێکیان بۆ جوێ کردنه‌وه‌ی خۆیان پێک هێناوه‌ و ک.ک.ک. واته‌ کۆمه‌ڵه‌ی کۆمۆنیستی کورد نیشانه‌ی ئه‌وه‌. یه‌که‌م ئه‌وه‌ نیشانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی گه‌نجی کورد واته‌ ئه‌نجومه‌نی لاوانی کورده‌ و دووهه‌م، ناوه‌ندی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ کوردستانی عێڕاقه‌ و به‌ هیچ جۆر پێوه‌ندی به‌ کورده‌کانی ئێرانه‌وه‌ نییه‌ و ئه‌گه‌ر که‌سانێک له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ بێنه‌ ئێران و هاتووچوو بکه‌ن پێم وا نییه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وان شوێنێکی کردبێته‌ سه‌ر عه‌شیره‌ت و کورده‌ ئێرانییه‌کان و هه‌ر وه‌ها ئه‌و ده‌نگۆیه‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ مه‌هاباد پۆرتره‌ی ئه‌علاحه‌زره‌تی شایان له‌ ئیداره‌کان لابردووه‌. ئه‌وه‌ هه‌موو ده‌یزانن کورده‌کان به‌ پێی باوه‌ڕی مه‌زه‌بی خۆیان سوڵتان به‌ خاوه‌ن فه‌رمان و گوێڕایه‌ڵی لێکردنی به‌ واجب ده‌زانن و به‌ پێی په‌روه‌رده‌ی مه‌زهه‌بی هه‌تا بڵێی هۆگریان زۆره‌ له‌ ئاست خاوه‌ن سه‌لته‌نه‌ت و هیچ مومکین نییه‌ له‌ باوه‌ڕی خۆیان هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌ی ببزوونه‌وه‌
هه‌ر ئه‌و ئاغایانه‌ی که‌ پێیان ده‌ڵێن سه‌فه‌ریان کردووه‌ که‌سانێکن زۆر جار تاقیکردنه‌وه‌ی خزمه‌ت و نیشتمان په‌رستی یان داوه‌ و بو شاهیدی گشتیش تاکوو ئێستا ناوچه‌ی کوردنشینی مه‌هابادیان باشتر،ئارامتر و هێمنتر له‌ شوێنی دیکه‌ ڕاگرتووه‌. زۆربه‌ی ئه‌و ئاغایانه‌ هه‌ر کات ده‌وڵه‌ت ویستبێتی به‌ ئیشاڕه‌یه‌کی تێلگرافی ده‌ستیان له‌ ماڵ و ژیانو کار و کاسبی خۆیان هه‌ڵگرتوو و هاتنه‌ تاران و داوا ده‌که‌ین ئاغایان ئینسافیان بێ ، داخودا ئه‌وه‌یه‌ مانای سه‌رپێچی ؟ تاوانبار کردنی ئه‌و که‌سانه‌ به‌ خه‌یانه‌ت به‌ نیشتمان و ووڵات کاردانه‌وه‌ی زۆر خراپی ده‌بێ له‌ سه‌ر ڕووحییه‌ی ئه‌وان.ئه‌وه‌ شێوه‌یه‌کی باش نییه‌. پێتان سه‌یر ده‌بێ بڵێم پاره‌که‌ ئه‌و کاته‌ی ئه‌و ئاغایانه‌ له‌ تاران بوون یه‌ک به‌ دوای یه‌ک دا ڕاپۆرتی تێلگرافی ده‌گه‌یشته‌ تاران که‌ ئه‌وانه‌ له‌ ناوچه‌ خه‌ریکی هان دان وپیلان گێڕانن و که‌سیش نه‌بوو لێپرسینه‌وه‌ بکا و بڵێ ئه‌و ئاغایانه‌ ئه‌وه‌ چه‌ند مانگه‌ له‌ تارانن، مه‌به‌ست له‌و ڕاپۆرته‌ دژی ڕاستییانه‌ چییه‌؟ ئه‌من له‌و باوه‌ڕه‌ دام ئاغایانی کاربه‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت و خاون ڕۆژنامه‌کان به‌ تایبه‌تی ده‌بێ ووشیار بن و سه‌رنج بده‌ن و کارێک نه‌که‌ن دڵان بڕه‌نجێنن و به‌ قسه‌ی ناڕاست و له‌ سه‌ر بنه‌مای ڕاپۆرتی که‌سی به‌غه‌ره‌ز نه‌بنه‌ هۆی دڵ ساردبوونه‌وه‌ی به‌شێک له‌ دانیشتووانی ووڵات. هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موو ئاغایانی نوێنه‌رانی مه‌جلیس بیستوویانه‌ له‌ گه‌ڵ بڵاو بوونه‌وه‌ی خه‌به‌ر سه‌باره‌ت به‌و سه‌فه‌ره‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌ له‌و دواییانه‌ دا هێندێکان نووسیویانه‌ ئه‌وان چه‌ند کامیۆن چه‌کیان له‌ گه‌ڵ خۆیان هێناوه‌، هێندێکی دیکه‌ گوتوویانه‌ چه‌ند ماشێنی ته‌حریر و کاغه‌ز و ته‌نانه‌ت هێندێکان ئیدیعا ده‌که‌ن به‌ چاوی خۆیان ئه‌وانه‌یان دیتووه‌
یه‌که‌م ده‌بێ عه‌رزتان بکه‌م کوردان چه‌کیان هه‌یه‌ و پێویستی به‌ داوا کردنی له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕا ناکا. دووهه‌م ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هاتبا و خه‌ڵکی دیکه‌ چه‌کیان دابا به‌ کوردان پێویست نه‌بوو شار قۆرغ بکرێ و به‌و پێیه‌ سه‌رنجی خه‌ڵک ڕابکێشرێ، بۆ چما قات و قرێ شوێنه‌ یان وه‌سیله‌ نیه‌ که‌ به‌ نهێنی له‌ مه‌هاباد چه‌ک ته‌حویلی [کوردان] بده‌ن. هه‌ر وه‌ها هێنانی ماشین ته‌حریر و کاغه‌ز به‌ نهێنی سیاسی دانان. له‌ ڕاستییدا ده‌بێ بڵێم بیری ئاوا له‌ مێشکی که‌سانی ئه‌وتۆ وه‌ ده‌ده‌ڵێ که‌ که‌مترین هه‌ستی نیشتمان په‌رستی و ئێرانییه‌ت یان تێدا نییه‌ به‌ڵکوو که‌سانێکی بووده‌ڵه‌ن که‌ به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی خۆیان له‌وه‌ دا ده‌بینن مه‌یدانێک وه‌ده‌ست بهێنن و به‌ ته‌نێ ببنه‌ ئیختیارداری گیان و ماڵ و نامووسی خه‌ڵک. ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕاستی کورد وه‌ک نامۆ له‌ ئاست نیشتمان و مه‌مله‌که‌ت ده‌ناسێنن،ڕێگایان هه‌ڵه‌یه‌ و دیار نییه‌ خۆیان سه‌ریان به‌ کوێوه‌ به‌نده‌. ئه‌من به‌ ئاشکرایی عه‌رز ده‌که‌م کوردی ئێرانی هۆگری نیشتمانی خۆیه‌تی. کورده‌کان گه‌لێکی ئازا و نیشتمانپه‌روه‌ر و به‌ غیره‌تن ( [ نوێنه‌ران] ڕاسته‌) و هه‌رچه‌نده‌ش له‌ لایه‌ن سه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ خه‌مساردی و بێ مێهرییان له‌گه‌ڵ بکرێ ده‌ست له‌ باوه‌ڕی و عه‌لاقه‌ی خۆیان به‌ ئێران هه‌ڵناگرن ( [نوێنه‌ران] ڕاسته‌)، به‌ڵام ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌ لێیان زه‌حمه‌ت دێ، ڕه‌نگه‌ مه‌به‌ستی خێرنه‌خوازانیش هه‌ر ئه‌وه‌بێ به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌وان له‌ ده‌وڵه‌ت دڵسارد که‌نه‌وه‌، هه‌رچۆنێک بێ مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه‌ سه‌رنجی ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌ر قسه‌کانی خۆم ڕاکێشم و تکا ده‌که‌م، یه‌که‌م به‌ ڕێگای که‌سانی بێ غه‌ره‌ز و جێی باوه‌ڕ ڕاستیی ئه‌و ڕوداوانه‌ ڕوون بکه‌نه‌وه‌. دووهه‌م له‌ ده‌ست نیشانکردن و دانانی مه‌ئمووران و ئه‌و که‌سانه‌ی بۆ سه‌رپه‌رستی ناوچه‌ کوردییه‌کان ده‌چن وورد بوونه‌وه‌ی پێویست بکرێ تاکوو تووشمان به‌ تووشی دانانی مه‌ئمووری نالێوه‌شاوه‌ و خێرنه‌خوازه‌وه‌ نه‌بێ
له‌ کۆتایی دا سه‌رنجی سه‌رۆکی به‌ڕێزی ده‌وڵه‌ت ڕاده‌کێشم بۆ سه‌ر بارو دۆخی فه‌رهه‌نگی و له‌ش ساغی شارستانی مه‌هاباد که‌ هیچ لایان لێ نه‌کراوه‌ته‌وه‌ و بێ لوتفییان له‌ گه‌ڵ کراوه‌. شارستانی ناوبراو نه‌ فه‌رهه‌نگی حیسابی و نه‌ له‌شساغی هه‌یه‌ . هیوا دارم سه‌رنجێکی تایبه‌تی بده‌نه‌ سه‌ر فه‌رهه‌نگ و بێهداری ئه‌وێ، چونکه‌ به‌نده‌ ده‌بینم ته‌نێ کاتێک تۆمه‌ت بۆ [خه‌ڵک] هه‌ڵده‌به‌سترێ ناوی مه‌هاباد ده‌بردرێ، ده‌نا له‌ دانانی بوودجه‌ دا ، به‌تایبه‌تی کاتێک باسی فه‌رهه‌نگ و بێهداری ده‌کرێ به‌داخه‌وه‌ مه‌هاباد پچووکه‌ و هێچ ئاوڕی وێ نادرێته‌وه‌ به‌ڵام که‌ ده‌گاته‌ تۆمه‌ت لێدانی، تۆمه‌تی زۆر گه‌وره‌ی پێوه‌ ده‌به‌ستن که‌ هێنده‌ زۆرن باس کردنیان ناگونجێ
ڕۆژنامه‌ی حه‌وتووانه‌ی کوهستان که‌ له‌و سه‌روبه‌نده‌ دا له‌ تاران ده‌رکه‌وتووه‌ و پشتیوانی له‌ مافی کوردان کردووه‌ و ئه‌و ناعه‌داڵه‌تییانه‌ی له‌ قاو داوه‌ که‌ له‌ ناوچه‌کانی کوردستان له‌ خه‌ڵک کراون، سه‌باره‌ت به‌ خه‌به‌ره‌که‌ی ڕۆژنامه‌ی اطلاعات و هه‌ر وه‌ها ئعترازی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی کورد بابه‌تی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌ و له‌ ژماره‌ی 32 دا له‌ گه‌ڵ شیکردنه‌وه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ ده‌قی تێلگڕافی سێ له‌و که‌سایه‌تییانه‌ی " اطلاعات" باسی کردوون بڵاو کردووه‌ته‌وه‌. ئه‌و تێڵگرافه‌ ئیمزای " عه‌لی ئێلخانی " [ ده‌بێ عه‌لی ئاغای عه‌لییار، ئه‌میر ئه‌سعه‌د بێ] وعه‌بدولقادری جه‌ڵدیان" یشی پێوه‌، که‌ به‌ ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌و نێوه‌ی دووه‌م‌ هه‌ڵه‌یه‌؛ عه‌لی ئاغای حاجی ئێلخانی له‌و سه‌فه‌ره‌ دا نه‌بووه‌ و ئێمزا کردنی ئه‌و تێلگرافه‌ له‌ لایه‌ن وییه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ قازیی محه‌مه‌د و سه‌یفی قازی گرینگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌، چونکه‌ ڕه‌نگه‌ به‌و شێوه‌یه‌ لایه‌نی کوردی ویستبێتی پاساوی پته‌وتر بۆ نکووڵی کردنی خۆی له‌و سه‌فه‌ره‌ بهێنێته‌وه‌. له‌ خواره‌وه‌ تێبینی ڕۆژنامه‌ی حه‌وتووانه‌ی " کوهستان" و ده‌قی تێلگرافی لایه‌نی کوردی ده‌خوێننه‌وه‌
نامەی حەوتووانەی کوهستان
ژمارەی ٣٢، دووشەمۆ ٧ی خەزەڵوەری ١٣٢٤ی هەتاوی ] ٢٩- ١٠-١٩٤٥ ]
وەدرۆ خستنەوەی سەفەر بۆ بادکووبە
لە گەڵ سەر ووتاری ژمارە ٢٩ لە ژێر سەرنووسی ( مەهاباد لە جوێ بوونەوە ناشێ) بە ڕاستی نەمانتوانی دەنگوباسی سەفەری هێندێک لە بەڕوومەتانی مەهاباد بۆ بادکووبە باوەڕ بکەین ئەگەرچی لە دوای ئەو بەروارە و وەدرۆخستنەوەیەکی کە ئاغای قاسمی ئێلخانیزادە کردی و ئەو ووڵامەی کە ڕۆژنامەی 'اطلاعات' بە بەڕێزیانی داوە و ئەو خەبەرەی کە حەوتووی ڕابردوو لە ڕۆژنامەکان دا چاپ کرابوو وئێمەش وەکوو خۆی لە ژمارەی ڕابردوو دا بڵاومان کرد بووەوە، بابەتەکە لایەنی ڕاستی بەخۆیەوە گرتبوو بەڵام لە ئاست تێلێگرافی خوارەوە دا دیسان ڕەوایە سەبارەت بە سەفەری بادکووبە دوو دڵی هەبێ چونکە لە لایەکەوە کاربەدەستانی ڕەسمی دەڵێن سەفەرێکی ئاوا کراوە و لە لایەکی دیکەوە ئەو کەسانەی کە وەک موسافیر ناسێندراون ئەو سەفەرە وەدرۆ دەخەنەوە و دەڵێن ئەگەر ئێمە تەمای سەفەرمان هەبا هۆیەک نەبوو بە بێ ئیزن بچین و لە جێگایەکی دیکەی تێلێگڕافەکە دا دەڵێن
دڵنیایی دەدەین نەتەوەی کورد نێشتمان فرۆش نییە، نیشتمانپەرستی و گیانبازی خۆی لە پێناو سەروەرییە نەتەوییەکاندا بە هەموو دنیا سەلماندووە. بەو پێیە پێویستە یەکەم کاربەدەستانی کاروباری ووڵات لە بەرچاو بگرن کە گەورە کردنەوەی ئەو بابەتە و لایەنی گرینگ پێدانی و بە دەوری ئەو بیر و ڕایە دا هاتن لە بەرژەوەندی ووڵات دا نییە، دووەم لە کاتێک دا کە ئەو جۆرە ڕووداوانە گوزارشت دەکرێ باشترە کاربەدەستانی دەوڵەت لە جیات شێواندنی بیرو ڕای گشتی لە نێوەرۆکی بابەتەکە بکۆڵنەوە نەک ئەوەی شێوەی دۆژمنکاری وەبەر بگرن و بە مەبەستی حیساب پاک کردن لەگەڵ عه‌مر و زەیید ئاورەکە زیاتر بگەشێننەوە.

بۆ ئاگاداری خوێنەرەوان لە خوارەوە ئەم تێلگڕافەی که‌ لە تەورێزەوە  سەر لەبەیانی رۆژی ٣٠-٧-٢٤ بە دەفتەری ڕۆژنامە گەیشتووە بڵاو دەکەینەوە

لە تەورێزەوە – بەرواری ئەسڵ ٢٦ – ٧ - ١٣٢٤ /  ١٨ – ١٠ – ١٩٤٥
تاران مەجلیسی شووڕای میللی،نوسخە ئاغای سەدری قازی، نوسخە ڕۆژنامەی اطلاعات، ارس، کشور،باختر، کوهستان، نوروز ایران، اقدام، کیهان
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی اطلاعات مان خوێندەوە کە گۆیا ئەم کەسانەی لە خوارەوە ئیمزامان کردووە ئەو ڕۆژانە چووینەتە بادکووبە.بە پێویستی دەزانین بە جیدی ئەو [خەبەرە] وەدرۆ بخەینەوە و سەرنجی نوێنەڕانی بەڕێز و بەڕێوەبەرانی ڕۆژنامەکان ڕابکێشین کە مەئموورە خائینەکان بە بڵاو کردنەوەی ئەو درو و دەلەسانە ده‌یانه‌وێ ویلایەتی مەهاباد کە لەو ماوەیە دا لەو پەڕی ئارامی و شانازی دا ژیاوە لە خوێن بگەوزێنن و ڕێگا بۆ مەئموورە زاڵم و خوێنخۆرەکان بکەنەوە و هەر وەک ڕابردوو سەربازان و ژاندارمان بە سەر گیان و ماڵی ئێمە دا زاڵ بکەن دەنا ئەگەر سەفەرێکی ئاوا لە پێش دابێ لە بەرچی بە بێ ئیزن وەرگرتن بێ، چما چوونە هەندەران بۆ تەواوی ئێران ئازادە و تەنێ بۆ مەهابادی قەدەغەیە. ئەوە دیسان جارێکی دیکە ئەو خەبەرە وەدرۆ دەخەینەوە و دڵنیایی دەدەین میللەتی کورد نیشتمان فرۆش نییە، نیشتمانپەرستی و گیانبازی خۆی لە پێناو سەروەرییە نەتەوییەکاندا بە هەموو دنیا سەلماندووە. ئەو جۆرە بڵاوکردنەوانە تەنێ بۆ بەدنێو کردنی خەڵکی ئەم هەرێمەیە. ماوەیەکە دەبینن لە گشت ئێران دا تەنێ مەهابادە لەو ماوەیە دا لە بشێوێنی و ناهێمنی و خیلاف و دووبەرکی لە ئەمان دا بووە
محەمەدی قازی – محەمەد حوسێنی سەیفی قازی – عەلی ئێلخانی – هەمزەی مامەش – عەبدولقادری جەڵدیان

                                        
          وێنه‌کان

پێشه‌وا و عه‌لی ئاغای حاجی ئێلخانی له‌ ساڵانی 1930 یه‌کاندا
مێرجه‌عفه‌ر باقرۆف
مه‌نافی که‌ریمی
عه‌لی ڕیحانی
قاسمی ئێلخانیزاده‌
ئه‌بولقاسمی سه‌دری قازی
محه‌مه‌د حوسێنی سه‌یفی قازی له‌ دوایین سەفەری دا بۆ شووڕەوی لە شاری کیسلۆڤۆدسک لە باکووری قەفقاس لە کۆتاییەکانی سێپتامبری ١٩٤٦ دا

Sunday, May 20, 2012

ده‌وڵه‌تێکی کوردی

ده‌وڵه‌تێکی کوردی
نووسینی: مارتین ڤان بڕاونێسن
وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیسییه‌وه‌: حه‌سه‌نی قازی

له‌ 25ی ئووتی 1941، بریتانیاییه‌کان و ڕووسه‌کان هاوکات په‌لاماری ئێران یان دا و ڕه‌زا شایان، که‌ پشتیوانی زۆر ئاشکرای له‌ ئه‌ڵمان له‌ خۆیه‌ نیشان دا بوو،ناچار کرد له‌ سه‌ر ته‌ختی شایه‌تی لاچێ و جێگای بدا به‌ کوڕه‌که‌ی محه‌مه‌د ڕه‌زا. له‌ گشت ئه‌و ماوه‌یه‌ی دا که‌‌ شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو، به‌شه‌ باکوورییه‌کانی ئێران به‌ ده‌ست سه‌ربازانی ڕوسییه‌ و به‌شه‌ باشوورییه‌کانی به‌ ده‌ست بریتانیا داگیر کرابوون و ناوچه‌ی ناوه‌ندیی ئێرانیش به‌ناوچه‌ی بێلایه‌ن ڕاگه‌یێندرا بوو.له‌ هه‌مان کات دا کۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تی تاران به‌ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌ ناوه‌ندییه‌ دا ، که‌ زۆربه‌ی کوردستانی وه‌به‌ر ده‌گرت،تا ڕاده‌یه‌کی یه‌کجار زۆر لاواز ببوو. سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و خاوه‌نموڵکه‌ گه‌وره‌کان ، که‌ له‌ زه‌مانی حوکمی ڕه‌زا شا دا له‌ ‌هه‌رێم دوورخرابوونه‌وه‌، ڕێگایان پێدرا بچنه‌وه‌ زێدی خۆیان له‌ کوردستان و، حه‌ولیان دا ده‌سته‌ڵاتی خۆیان وه‌ده‌ست بهێننه‌وه‌. له‌ هه‌مان کات دا، لاوانی کوردی خوێنده‌واری شارستانی له‌ مه‌هاباد، که‌ له‌ گه‌ڵ کورده‌ ناسیۆنالیسته‌کان له‌ عێڕاق له‌ پێوه‌ندی دا بوون، کۆمه‌ڵه‌یه‌کی نهێنی یان دامه‌زراند به‌ نێوی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد (که‌ به‌ کورتی پێی ده‌گوترێ ژ.ک.) [ تێبینی وه‌رگێڕ ناوی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ به‌ ته‌واوی ساخ کراوه‌ته‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد بووه‌]، که‌ هه‌م ڕێکخراوه‌یه‌کی ناسیۆنالیست بوو و هه‌م له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ڕادیکاڵ بوو.پارسه‌نگی نێوان هێزه‌کان له‌ لایه‌ن که‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌ شارستانییه‌کان ڕاده‌گیرا وه‌کوو بنه‌ماڵه‌ی قازی له‌ مه‌هاباد، که‌ زۆر به‌ ووشیاری و ووردییه‌وه‌ پێوه‌ندی خۆیان هه‌م له‌ گه‌ڵ حکوومه‌تی نێوه‌ندی ئێران و هه‌م له‌ گه‌ڵ ڕووسه‌کان له‌ ئازه‌ربایجان پاراست و، به‌کرده‌وه‌ زۆر له‌ ئه‌رکه‌کانی حکوومه‌تی ناوچه‌ییان به‌ڕێوه‌ ده‌برد
به‌ کۆتایی هاتنی شه‌ڕ پێشوه‌چوونه‌کان خێراتر بوون.. ڕووسه‌کان که‌ بۆ ماوه‌یه‌ک بێ مه‌یل بون بۆ چۆل کردنی باکووری ئێران، پشتیوانیان کرد له‌ پارتیی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجان، که‌ پارتییه‌کی چه‌پ بوو، کاتێک ئه‌و پارتییه‌ ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و ئه‌یاله‌ته‌ی باکووری ڕۆژئاوای به‌ده‌سته‌وه‌ گرت و له‌ مانگی دیسامبری ساڵی 1945 له‌وێ حکوومه‌تێکی خودموختاری دامه‌زراند. کۆمه‌ڵه‌ پێمل کرا بوو سه‌رۆکایه‌تی قازیی محه‌مه‌د قه‌بووڵ بکا، که‌ که‌سایه‌تی هه‌ره‌ به‌توانا و به‌ده‌سته‌ڵاتی مه‌هاباد بوو و، ببێ به‌ ڕێکخراوه‌یه‌کی زۆر کراوه‌تر و هه‌راوتری جه‌ماوه‌ری واته‌ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان. له‌ 22ی ژانڤییه‌ی 1946 (2ی ڕێبه‌ندانی 1324ی هه‌تاوی) قازیی محه‌مه‌د جمهووری کوردستانی ڕاگه‌یاند، کوردی وه‌ک زمانی ڕه‌سمی جێی فارسی گرته‌وه‌
جمهووری کوردستان هه‌ر بریتی بوو له‌ به‌شه‌کانی باکووری کوردستانی ئێران، واته‌ هه‌رێمی به‌ربڵاوتری مه‌هاباد؛ ناوچه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌کانی به‌ر به‌ باشوور هه‌ر له‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی حكوومه‌تی تاران دا بوون. ئه‌ڕته‌شی جمهووری کوردستان که‌ له‌ تاکوته‌رای عه‌شیره‌تی ناوچه‌ پێک هاتبوو، به‌ هاتنی چه‌ندین هه‌زار جه‌نگاوه‌ری به‌ ئه‌زموون له‌ عێڕاقه‌وه‌ له‌ ژێر سه‌رۆکایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و برایه‌که‌ی شێخ ئه‌حمه‌د دا به‌هێزتر کرا. ئه‌وان له‌ سێپتامبری 1945 دا په‌نایان هێنا بۆ ئێران دوای دامرکاندنه‌وه‌ی دوایین ڕاپه‌ڕینیان.مه‌لا مسته‌فا که‌ له‌ زێدی خۆی دوورخرابووه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی گوێ بداته‌ ئه‌و پاتراو بوونه‌ ناوخۆییه‌، له‌ ساڵی 1943 دا له‌ سلێمانی یه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ بارزان و ئه‌و یه‌که‌یانه‌ی ئه‌ڕته‌شی شکاند که‌ بۆ گرتنی ناردرابوون، هێزی بارزانی که‌ نێوه‌ نێوه‌ به‌ وتوووێژ و به‌ شه‌رکردنه‌وه‌ خه‌ریک بوو، تا دوایی شه‌ڕ خۆیان ڕاگرت، به‌ڵام په‌لامارێکی نوێی حکوومه‌ت ئه‌وانی له‌ شوێنه‌ سه‌ره‌کییه‌کانیان ده‌رپه‌ڕاند.جگه‌ له‌ بارزانییه‌کان، کوردی دیکه‌ی عێڕاقیش له‌ گه‌ڵ وان له‌ سنوور په‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ جمهووری دا ده‌وری پچووکیان هه‌بوو.ئه‌وانه‌ بریتی بوون له‌ هێندێک ده‌سته‌ی پچووکتری عه‌شیره‌تان و له‌ وان زۆر گرینگتر، چه‌ندین ئه‌فسه‌ری کوردی ئه‌ڕته‌شی عێڕاق ، که‌ پێشتر وه‌ک ناوبژیوان ده‌نێو بارزانییه‌کان و حکوومه‌ت دا هه‌ڵسووڕابوون و هێندێکیان له‌ نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵی ناسیونالیستی دا چاڵاکییان هه‌ببوو. ئه‌و ئه‌زموونه‌ سیاسی و نیزامییه‌ ده‌سته‌ڵاتێکی به‌رچاوی بۆ مسۆگه‌ر کردبوون له‌ مه‌هابادێ
له‌ مانگی ئاوریلی 1946، دوای ئه‌وه‌ی یه‌کێتی شووڕه‌وی به‌ڵێنی ئیمتیازی زۆر گرینگی نه‌وتی وه‌رگرت، سه‌ربازانی ڕووسی ده‌ستیان کرد به‌ چۆلکردنی ئێران. ڕاوێژکارانی سۆڤیه‌تی داوایان له‌ حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان و جمهووری کوردستان کرد به‌ جۆرێک چاره‌سه‌رییه‌ک بۆ داوخوازه‌کانیان ببینه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی تاران پێک بێن.له‌ هه‌مان کات دا هێزی نیزامی خۆشیان به‌ چاو حکوومه‌ت دا بده‌نه‌وه‌.قازیی محه‌مه‌د تێکۆشا ده‌ره‌جه‌یه‌ک له‌ خودموختاری بۆ هه‌موو هه‌رێمی کوردستان وه‌ده‌ست بهێنێ. ئه‌وحه‌ولانه‌ به‌ مانگان درێژ بوونه‌وه‌، به‌ڵام هیچیان لێ شین نه‌بوو. له‌ هه‌مان کات دا، جمهووری له‌ به‌ر کێشه‌یه‌کی سنووری له‌ گه‌ڵ ئازه‌ربایجان و زێده‌ بوونی دژایه‌تی نێوخۆیی لاواز ببوو. ناسیۆنالیسته‌ شارستانییه‌کان که‌ له‌ رێبه‌رایه‌تی سیاسی جمهووری دا ده‌ستیان زۆر ده‌ڕۆیشت، سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانیان خۆش نه‌ده‌ویست و به‌ قووڵی لێیان دڕدۆنگ بوون، به‌ڵام به‌رگری له‌ جمهووری به‌سترابووه‌وه‌ به‌ هێزه‌ عه‌شیره‌تییه‌کان، به‌ره‌و کۆتاییه‌کانی وه‌رزی هاوین، چه‌ندین که‌س له‌ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان یان به‌ ته‌واوی ڕۆیشتن و ریزه‌کانی جمهووریان به‌ جێ هێشت یان سه‌ربه‌خۆ ده‌ستیان کرد به‌ وتووێژی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ حکوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵی پێک بێنه‌وه‌.کاتێک دواجار له‌ مانگی دیسامبر [1946] ئه‌ڕته‌شی ئێران به‌ره‌و مه‌هاباد هات، به‌ بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستی  له‌ به‌رانبه‌ر دا بکرێته‌وه‌ ، ئه‌و شاره‌ی گرته‌وه‌. قازیی محه‌مه‌د و دوو له‌ خزمه‌کانی، که‌ خۆیان ڕاده‌ست کردبوو، له‌ دادگه‌ی نیزامی دا به‌ ئێعدام حوکم دران و له‌ سێداره‌ دران. مه‌لا مسته‌فای بارزانی و هێزه‌کانی گه‌ڕانه‌وه‌ عێڕاق،له‌وێوه‌ به‌ شه‌ڕ به‌ نێو تورکییه‌ و باکووری ئێران دا
خۆیان گه‌یانده‌ یه‌کێتی شووڕه‌وی و وه‌ک په‌نابه‌ر زیاتر له‌ ده‌ ساڵ له‌وێ ژیان. کولتووری کوردی که‌ بۆ ماوه‌یه‌ک له‌ مه‌هاباد ژیابووه‌وه‌، جارێکی دیکه‌ له‌ ئێران کپ و سه‌رکوت کرا
سه‌رچاوه‌
Susan Meiselas & Martin van Bruinessen, Kurdistan In the Shadow of History,The University of Chicago Press, Second Edition, 2008.P, 176