وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی؛ ئێران به چاوی دووربینێکی ڕووسییه‌وه 1901-1914
وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی
ئێران به چاوی دووربینێکی ڕووسییه‌وه 1901-1914
نووسینی : جان چالێنکۆ
IMAGES FROM THE ENDGAME; Persia through a Russian Lens 1901-1914
By: John Tchalenko
First published 2006 by : Saqi
ئه‌م کتێبه‌ی جان چالێنکۆ که بۆ ناساندنی وێنه‌کانی ئالێکساندر ئیاس کۆنسوولی ڕووسییه‌ی قه‌یسه‌ری له سابڵا‌غ (له نێوان ساڵانی 1912 – 1914 ) دا ته‌رخان کراوه ، ڕێنوێنێکه بۆ ڕوون بوونه‌وه و ڕووناکایی خستنه سه‌ر مێژووی ئه‌و سه‌روبه‌ندی .
کوردستانی موکریان به‌ر له هه‌ڵایسانی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی .
نووسه‌ری ئه‌و کتێبه حه‌ولێکی زۆری داوه بۆ گه‌ڕان به دوای گوزاریشته‌کانی ئیاس له ئارشێڤی رووسییه دا و وا وێده‌چێ هه‌موو گوزاریشته‌کانی ئیاسی ڕانهگوێستبێ بۆ ناو کتێبه‌که‌ی ، وه‌ک ده‌رده‌که‌وێ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی وی ته‌نێ ئه‌و ڕاپۆرتانه‌یه که به وێنه‌وه ئاسته کراون .جا بۆیه له کتێبه‌که دا باسێکی ئه‌وتۆ نابینین له سه‌ر که‌سایه‌تییه‌کانی ناعهشیرهتی له سابڵا‌غ و هێچ باسی ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان به دوای کوژرانی ئیاس له میاندواو له دیسامبری 1914دا نه‌کراوه.له ڕاگوێستنی نێوی شوێن و که‌سانیش له کتێبه‌که‌دا که‌مایه‌سی ده‌بیندرێ، هۆی ئه‌مه‌ش به شێوه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه چالێنکۆ ( به پێی قسه‌ی خۆی )هیچ ڕاوێژکارێکی کوردی نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی پرسی پێ بکا ، بۆ وێنه له زۆر جێ نێوی به‌گزاده و دێبۆکری به هه‌ڵه ئاستهکراون ، یان له چه‌قی شوێن و نێوه کوردییه‌کان دا له پڕ نێوێکی فارسی قوت بووه‌ته‌وه.
ئه‌من حه‌ول ده‌ده‌م به‌ره‌به‌ره چه‌ند به‌ندی ئه‌م کتێبه بۆ ئاگاداری خوێنه‌ره‌وانی کورد بڵاو بکه‌مه‌وه و ئه‌مه‌ش بڵێم دۆزینه‌وه و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنانه‌ی که ئالێکساندر ئیاس کێشاونی و وه‌رگێڕان و ڵێکدانه‌وه‌ی به‌شێکی زۆر له گوزاریشته‌کانی له‌لایه‌ن دوکتور جان چالێنکۆ وه خزمه‌تێکی بێوێنه‌یه بۆ ئاگاداری له مێژووی موکریان.
له هێندێک سه‌رچاوه دا به زمانی ڕووسی ، فه‌نلاندی باسی کووژرانی ئیاس کراوه.
ته‌نانه‌ت له هێندێک کتێبی که به زمانی فارسیش وه‌رگێردراون، هێندێک جیاوازی له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چالێنکۆ سه‌باره‌ت به چلۆنایه‌تی کووژرانی ئالێکساندر ئیاس باسی ده‌کا ده‌بیندرێ بۆ وێنه بازیل نیكیتین له کتێبی " ئه‌و ئێرانه‌ی من ناسیم" ئه‌و ڕووداوه‌ی ئاوا باس کردووه .لێره دا نووسینه‌که‌ی نیکیتن له‌و باره‌یه‌وه له کتێبه به‌نرخه‌که‌ی سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی یه‌وه :"نگاهی به تاریخ مهاباد" [انتشارات رهرو 1373ی هه‌تاوی] ده‌گێڕینه‌وه : "له پاییزی ساڵی 1915 دا پێویست بوو سه‌رێک له سابڵا‌غ هه‌ڵێنم و له‌وێ خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه بم چونکوو وه‌ک بیستبووم دیسان ئاپۆرا و کۆبوونه‌وه‌ی ترکه‌کان و کورده‌کان له‌وێ ده‌ستی پێ‌کردبوو. له‌و سه‌فه‌ره دا خانمیشم له‌گه‌ڵ بوو وئه‌وکارانه‌ی له‌وێ کردمان بێ ئاکام نه‌بوو. ڵهوێ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی خۆم شارده‌وه و گوتم بۆ لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر کووژرانی کۆنسوولی ڕووسییه کۆلۆنێل ئیاس که له دیسامبری 1914 دا ڕۆۆیدابوو هاتوومه‌ته ئه‌و ناوچانه. وه‌ک ده‌رکه‌وت کۆلۆنێل یاس به شێوه‌یه‌کی دڵتاوێن کووژرابوو، وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسییه به توندی به‌و رووداوه په‌رۆش بوو... کۆلۆنێل ئیاس که‌سێکی لێوه‌شاوه بوو که دواتر وه‌ک کۆنسوول له سابڵا‌غ له به‌ر کار نرا و له‌و پۆسته تازه‌یه دا چالاکی له خۆیه‌وه نیشان دا و له ماوه‌یه‌کی کورت دا له گه‌ڵ ژیانی کوردان و زمانی وان ناسیاوی په‌یدا کرد ، هیچکه‌س وه‌ک ئه‌و نه‌یده‌توانی پۆستی چاوه‌دیری سابڵا‌غ له نێو کوردستان دا به‌ڕێوه به‌رێ.
کۆلۆنێل ئیاس زۆر به‌ڵگه‌ی به‌که‌لکی وه‌دست هێنا و بڵاوی کردنه‌وه و به‌ڕێگه‌ی ئه‌و سه‌نه‌د و به‌ڵگانه‌وه بوو که ئێمه توانیمان ئه‌و ناوچانه زیاتر و باشتر بناسین . کۆلۆنێل له به‌ر خه‌سڵه‌ته باشه‌کانی توانی له ماوه‌یه‌کی کورت دا سرنج و خۆشه‌ویستی کورده‌کان به‌ره‌و لای خۆی ڕابکێشێ و به‌وپه‌ڕی ده‌سته‌ڵات و ده‌ستڕۆیشتوویی له نێویان دا بژی، به پێی قسه‌یه‌کی پێشینیانی ئینگلیسی ئینسانێکی دروست بوو له سه‌ر کارێکی دروست دا. له ڕاستیدا ئینسانێک بوو که نه‌یار لێی ده‌پرینگاوه. له کۆتاییه‌کانی ساڵی 1914 دا له سابڵاغه‌وه چووه میاندواو تا له نزیکه‌وه ڕووداوه‌کان ببینێ و به‌و نفووزه‌ی که هه‌یبوو له کاتی پێویست دا ده‌ست له کاروباره‌کانی ئه‌وێ وه‌ردا. له به‌دبه‌ختیان له نێوه‌ڕاستی مانگی ژانڤییه دا حاکمی پێشووی ته‌ورێز [ ده‌بێ مه‌به‌ست له سه‌مه‌د خانی شوجاعوده‌له‌ی مه‌راغه‌یی بێ – نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته ] که ته‌قریبه‌ن له حاڵه‌تی پاتراوی دا له قه‌وقاز ده‌ژیا هاته‌وه ئێران و هێندێک کاری کرد که به زه‌ره‌ری خۆی ته‌واو بوو و له ده‌وروبه‌ری میاندواو و له شه‌ڕ له گه‌ڵ کورده‌کاندا تێک شکا و هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده دا بوو که کۆلۆنێل ئیاس یش کووژرا. ئه‌و که‌سه‌ی که کۆنسوولی کوشت واته که‌سێکی که شه‌ڕی نه‌ده‌کرد له نێوی برد ، هه‌ر به‌وه‌نده‌شه‌وه نه‌وه‌ستا و سه‌ری کۆنسوولی بڕی و هێنای بۆ سابڵا‌غ و له به‌ر ده‌رگای ماڵی یه‌كێک له ناودارانی کورد به نێوی قازی فه‌تتاح داینا بۆ ته‌ماشا و هه‌موان به دیتنی ئه‌و جینایه‌ته خۆشییان ده‌رده‌بڕی ، یه‌كێک له ترکه‌کانیش به نێوی موته‌سه‌ریف له نێو ئه‌و ته‌ماشاکارانه دا بوو و زیاتر له هه‌موان پێخۆشبوونی خۆی ده‌رده‌بڕی، گۆیا به ده‌سکیسی ئه‌و که‌سه ، له لایه‌ن که‌سانی دیکه‌وه ئه‌و کاره کرابوو، به کورتی دوای ئه‌و نمایشته سهرهبڕاوهکهیان دا ده‌ستی منداڵانی کورد و هه‌ر خودا خۆی ده‌زانێ له کوێ بزر بوو، جه‌نده‌کی وییان له میاندواو له قه‌راغ چۆمی ناشت و وه‌ک بیستم هه‌ستانی ئاوی به‌هارێ گۆڕ و جهندهکهکهی له گه‌ڵ خۆی بردووه، چه‌ندێک دواتر ژه‌نه‌ڕاڵ ڕیباڵ چێنکۆ به تۆڵه‌ی ئه‌و جینایه‌ته ماڵی قازی فه‌تتاحی ئاور تێبه‌ردا و ته‌ختی ئه‌رزی کرد. من پێم خۆش‌بوو که له‌گه‌ڵ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته کورده‌کان پێوه‌ندی بکه‌م و به نه‌سیحه‌تی پێویست وایان لێبکه‌م ئاکاری ژیرانه وه‌به‌ر بگرن ..."
وه‌ک زاندراوه کووژرانی ئالێکساندر ئیاس یه‌ک له هۆیه‌کانی کوشتاری به‌کۆمه‌ڵ له سابڵا‌غ و ده‌ورو به‌ری بووه له لایه‌ن قازاخانی ڕووسییه‌وه که تێیدا ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵکی کورد بوونه قوربانی شه‌ڕی ده‌سته‌ڵات و مه‌زه‌بی له نێوان رووسییه‌ی قه‌یسه‌ری و ترکانی عوسمانی دا.
کووژرانی ئیاس له میاندواو له دیسامبری 1914 کاره‌ساتێکی زۆر دڵتاوێنه و ئه‌گه‌ر به ته‌واوی ڕوون بێته‌وه که کورد ڕاسته‌وڕاست ده‌ستیان تێیدابووه، ئه‌گه‌رچی 93 ساڵیشی لێ تێپه‌ڕیبێ لایه‌نی کوردی ده‌بێ هه‌ست به ئه‌و خهتاگهورهیه بکا و پێی لێ بنێ.
به‌خوێندنه‌وه‌ی گوزاریشته‌کانی ئیاس بۆمان ده‌رده‌که‌وێ چه‌نده زۆر له خه‌می ته‌بایی نێوکوردان بووه و چه‌نده به کراوه‌یی و بێگوێدانه سیاسه‌تی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆی
تاڵان وبڕۆ، چڵێسی و ناکارامه‌یی کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی له ئاست کوردان له‌قاو داوه.
له‌مه‌و دوا وه‌رگێرانی چه‌ندین به‌ش له‌م کتێبه له‌م وێبنووسه دا بڵاو ده‌که‌ینه‌وه .
وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دواییی؛ ئێران به چاوی دووربینێکی ڕووسییه‌وه 1901-1914
نووسه‌ر: جان. چالێنکۆ
بڵاوکه‌ره‌وه : وه‌شانخانه‌ی ساقی به هاوکاری بنیاتی میراتی ئێران
زمان : ئینگلیسی
264 لاپه‌ڕه
80 وێنه
جێی چاپ : له‌نده‌ن
ساڵ : 2006ی هه‌تاوی
6 comments:
هێندێک له وێنه‌کان:
http://www.soas.ac.uk/gallery/endgame/home.html
میوانی به‌ریز !
زور سپاس بو سه‌ردانتان له‌م ویبنووسه
هه‌م وینه‌کان و هه‌م وه‌رگیرانی نیوه‌روکی ئه‌م کتیبه به‌نرخه مه‌سه‌له‌ی کوپی رایتی له گه‌له. من حه‌ولم دا ریزدار چالینکو له به‌رنامه‌ی روانگه‌ی تیلیڤیزیونی روژ دا به‌شداری بکا و له سه‌ر ئه‌و کاره به نرخه‌ی بدوی. به داخه‌وه ئه‌و کاره هه‌تا ئیستا جیبه‌جی نه‌بووه. به‌لام ئیمه سه‌ردانی نوینهگایهکهمان کرد له سواس و جاوپیکهوتنمان له گه‌ل کردووه ،هیوادارم بکری به زووی ئه‌و به‌رنامه‌یه ریک پیبده‌ین و بلاوی که‌ینه‌وه. من له گوڤاریکی کوردی دا دیتم که زوربه‌ی وینه‌کانیان بی له‌به‌رچاوگرتنی کوپی رایت چاپ کردووه و وابزانم له گه‌لم هاورابن که ئه‌و کاره بو پریستیژی چاپه‌مه‌نی کوردی باش نییه.
تکایه له بوچوون و ره‌خنه‌ی ئیحتیمالی خوتان له‌و وه‌رگیرانه و ئه‌وه‌ی به دوایدا دی ئاگادار که‌نه‌وه.
هه‌ر بژی ،
حه‌سه‌نی قازی
کاک حه‌سه‌نی به‌ڕێز سڵاو!
کاره‌که‌ت زۆر به نرخه و ماندوونه‌بوونیت لێده‌که‌م. دیاره له‌به‌رچاوگرتنی کۆپی ڕایت کارێکی به‌جێیه و کوردیش ده‌بێ خۆی پێ ببه‌ستێته‌وه، به‌ڵام وابزانم به لینک ئاماژه بۆ سه‌رچاوه‌یه‌ک کردن مافی کۆپی ڕایت داناڕووشێنێ. کاتی خۆی که ئه‌م بابه‌ته‌ت له سه‌ر ماڵپه‌ری رێنێسانس بڵاو ده‌کرده‌وه ئه‌و لینکه‌ی سه‌ره‌وه و لینکێکی دیکه‌ی ماڵپه‌ڕی "بی بی سی"م بۆ ناردن هه‌تا خوێنه‌رانی بابه‌ته‌که هێندێک له وێنه‌کانیش ببینن، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رانی ماڵپه‌ڕه‌که له ترسی پێشێلکردنی مافی کۆپی ڕایت تخوونی لینکه‌کان نه‌که‌وتن. دوێنێ ویستم ئه‌و لینکه‌ی "بی بی سی"شت بۆ بنێرم به‌ڵام دیتم لایانبردووه! ده وێدا زۆر وێنه‌ی ئه‌و کتێبه وه‌به‌ر چاو ده‌هاتن که پێموایه ئه‌گه‌ر له په‌نا بابه‌ته‌که‌ت ده‌روویه‌کیان بۆ کراباوه که‌س به‌ربینگی پێ نه‌ده‌گرتن.
هه‌ر ڕاوه‌ستاو بی و ئه‌و وێبلاگه سهنگینهشت هه‌ر ئاوه‌دان بێ! کردنه‌وه‌ی ئه‌و وێبلاگهت کارێکی زۆر به‌جێیه. سه‌رکه‌وتنت ئاواتمه.
سهرلیدهری نه‌ناسراو!
له گه‌ل ریزوسلاو؛ زور سپاس بو په‌یامه‌که‌تان. به‌راستی ئه‌وه‌ی له مهر دانانی لینکی وینه‌کان نووسیوتانه ته‌واو له جیی خویدایه و ئه‌من بیرم لینهکردبوهوه. دیاره له نووسینی پوستی داهاتوو سا ئه‌و لینکانه‌ی ئیوه ناردووتانه داده‌نیم.نازانم ئیوه کتیبه‌که‌ی دوکتور چالینکوتان دیوه یان نا، ؟ ئه‌گه‌ر دیوتانه و خویندووتانهتهوه بۆچی له روانگه دا به به‌شداری ئیوه به‌رنامه‌یه‌ک له سه‌ر ئه‌و کتیبه ریک نه‌خه‌ین ، دیاره ئه‌گه‌ر هه‌ر نهتانهوی به نه‌ناسراو بمیننه‌وه!
هه‌ر بژی، حه‌سه‌نی قازی
سڵاو کاک حه‌سه‌نی به‌ڕێز!
به داخه‌وه ئه‌من کتێبه‌که‌ی دوکتور چالێنکۆم نه‌دیوه و نه‌خوێندۆته‌وه. ده پێشدا هه‌ر نێوی ئه‌لێکساندێر ئییاسم بیستبوو و بابه‌تم له‌سه‌ر خوێندبۆوه و له سه‌ر ئینتێرنێتیش هێندێک له وێنه‌کانیم دیبوون. هه‌تا وه‌رگێڕانه‌که‌ی جه‌نابتم نه‌دیت به کاره‌که‌ی د. چالێنکۆم نه‌زانی. بۆیه لێم نایه له "ڕوانگه"که‌تدا قسه‌ی له سه‌ر بکه‌م! هیوادارم بتوانی د. چالێنکۆ بێنییه به‌ر "ڕوانگه" و زانیاری زیاتری لێ هه‌ڵێنجی. ئه‌من وێڕای ئه‌و لینکه‌ی بۆم ناردبووی، له خواره‌وه، چه‌ند لینکی دیکه‌شت بۆ ده‌نێرم که دهروویهکن به‌ره‌و هێندێک له وێنه‌کان:
http://www.iranheritage.org/alexanderiyas/gallery.htm
http://www.factum-arte.com/eng/conservacion/Iyas/default_en.asp
http://context.themoscowtimes.com/stories/2006/08/11/101.html
http://www.soas.ac.uk/gallery/endgame/home.html
هه‌ر سه‌رکه‌وتوو بی و هیوادارم لێشم خۆش بی که به داپۆشراوی په‌یامم بۆ ناردووی.
سپاس بو لینکه‌کان ! هیوادارم بو ئهوئهو که‌سانه‌ی بییانه‌وه وینه‌کان ببینن به‌که‌لک بی. باشه ناکری نوسخه‌یه‌ک له کتیبه‌که په‌یدا که‌ی و دوایه له روانگه دا له سه‌ری بدویین. ئه‌گه‌رچی هاوپرسه‌کی داپوشراو له تیلیڤیزیون دا ره‌نگه هیشتا باو نه‌بووی. له خواره‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ی ئهنرو دا نیونیشانی لینکه‌کانم جی کردووته‌وه. زور سپاسی هاوکاریت ده‌که‌م و هیوادارم هه‌ر به داپوشراوی نهمینییهو.
هه‌ر بژی،
حه‌سه‌نی قازی
Post a Comment