هێندێک تێبینیی زمانی 8
هێندێک تێبینی زمانی 8
حه‌سه‌نی قازی
سه‌باره‌ت به له یه‌ک نزیککردنه‌وه‌ی شێوازه کوردییه‌کان جاروبار قسه و باس هاتووه‌ته گۆڕێ، به‌ڵام تا ئه‌و جێگه‌ی من ئاگادار بم، له‌و باره‌یه‌وه نهتوێژینهوهیهکی تێر وتهسهل کراوه و نه پێشنیاری جێی سه‌رنج بۆ ڵێدوان و ڕا له‌سه‌ر ده‌ربڕین هاتوونه‌ته گۆڕێ.
یه‌که‌م لایه‌نی که لێره‌دا ده‌بێ له‌به‌رچاو بگیرێ و تێکه‌ڵ نه‌کرێ، جوێ کردنه‌وه‌ی زمانی قسه‌پێکردن و زمانی پێنووسینه. که‌س بۆی نییه به یه‌کی دیکه بڵێ ئاوا قسه بکه و ئاوا قسه‌مه‌که،به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی ئاگادارانه له زمان دا بکرێ و به ڕێگه‌ی ئامرازی ڕاگه‌یێنه‌ری نووسراو، وه‌کوو گۆڤار و ڕۆژنامه و ڕاگه‌یێنه‌ری بیستنی و دیتنی (ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن) زاراوه و ده‌سته واژه وه‌باو که‌ون، دوای ماوه‌یه‌ک ئه‌وانه ده‌که‌ونه سه‌ر زاری خه‌ڵک و کوردیش ده‌ڵێ: " قسه که‌وته زارێکی، ده‌که‌وێته شارێکی".
دوو وشه‌ی که لێره‌دا ده‌کرێ هێمایان پێ‌بکرێ " شاره‌داری " و "شاره‌دار"ن که ئێستا به ئاوایه‌کی به‌ربڵاو له باکووری کوردستان دا دهکاردههێندرێن و جوان دیاره به‌ڕێگه‌ی ئامرازی ڕاگه‌یێنه‌ری گشتی، به‌تایبه‌تی تێلێڤیزیۆن که‌وتوونه‌ته سه‌ر زمانی خه‌ڵک و بنه‌چه‌کیان له شێوازی کرمانجی ژووروو دا نییه و له شێوه‌ی ده‌کارکرانی ئه‌و چه‌مکانه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌رگیراون. دیاره له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش ئه‌و دوو بێژه‌یه بهدراوسێتی له زمانی فارسییه‌وه که‌وتوونه‌ته‌وه. له باشووری کوردستان بۆ چه‌مکی یه‌که‌م " شاره‌وانی" و بۆ وشه‌ی دوویه‌م " سه‌رۆکی شاره‌وانی" ده‌کار ده‌کرێ و بێژه‌ی "شاره‌وان" دهکارناهێندرێ
وه‌ک ده‌ڵێن "قسه قسه‌ی لێ ده‌بێته‌وه"، پاشگری"وان" و " دار" له هه‌موو شێوازه‌کانی کوردی دا به به‌ربڵاوی ده‌کار ده‌کرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تێخوێندنه‌وه‌ی واتای "وان" له‌به‌رچاو بگرین،لایه‌نی چاوبه‌سه‌ره‌وه بوون و ئاگاداری لێکردنی لێ تێده‌گه‌یشترێ و ساز کردنی وشه‌ی لێکدراو له" نێوی زات+ پاشگری وان"له گه‌ڵ بۆچوونی زمانی ته‌واو یه‌ک ده‌گرێته‌وه به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێژه‌یه‌ک له "نێوی مه‌عنا+ پاشگری وان" دابڕێژرێ سه‌لماندنی وه‌نه‌بێ هاسان بێ. له‌و بێژانه‌ی خواره‌وه ورد ببنه‌وه:
گاوان (گا+وان)، شوان (شو +وان)، نێچیره‌وان ( نێچیر+ه + وان)، قه‌له‌وان
(قه‌ل + ه+وان)، باغه‌وان (باغ +ه+وان)، ساره‌وان ( سار+ه+وان) ، که‌ڵه‌وان (که‌ڵ + ه+وان)، مه‌له‌وان (مه‌له+وان)، شاخه‌وان ( شاخ+ه+وان)
واتای نوێ لهلێکدرانی نێوی زات وپاشگری وان ، مانای خۆی به خۆیه‌وه یه‌تی، گاوان که‌سێکه ئاگای له گاڕان ده‌بێ، شوان ئاگاداری له شو> چو > چێو ده‌کا، نێچیره‌وان ده‌چێته ڕاوێ ، قه‌له‌وان له به‌ر قه‌لانه و تا دوایی وئه‌گه‌ر ناوکه به ڤاوێل کۆتایی بێ یه‌کسه‌ر به پاشگری وانه‌وه ده‌نووسێ و مانای نوێ دروست ده‌کا و ئه‌گه‌ر به کۆنسۆنانت ته‌واوبێ ده‌نگی /ئه/ ده‌که‌وێته نێوان ناوه‌که و پاشگری وان وه‌کوو که‌ڵه‌وان و شاخه‌وان
به‌ڵام ئه‌گه‌ر پاشگری وان بخرێته سه‌ر ناوی مه‌عنا و بێژه‌ی تازه‌ی لێ دابڕێژرێ سه‌لماندنی به پێی بۆچوونی زمانی هاسان نییه، بۆ وێنه زمانه‌وان و زمانه‌وانی کههێندێکان له بری لینگویست و لینگویستیکس ی ئینگلیزی ده‌کاری ده‌که‌ن.
له زمانی فارسی دا هاوتا و هاومانای پاشگری "وان" ی کوردی " بان " ه و له زمانی فارسی دا "شهرداری " [شه‌هر داری] و "شهربانی " [شههربانی] بۆ ناساندنی دوو دامه‌زراوه‌ی جیاواز داڕێژراون له بری بهلهدیده و دراوغه.له ده‌کارکردنی باشووری کوردستان دا شاره‌داری و شاره‌وانی بۆ ئاماژه کردن به یه‌ک دامه‌زراوه‌ن، گه‌لۆ ناکرێ له باشووری کوردستان له بری شاره‌وانی وه‌کوو باکوور شاره‌داری به کاربهێندرێ و شاره‌وانی بۆ ئاماژه به دامه‌زراوه‌یه‌کی دیکه وهبرهوکهوێ؟
2 comments:
سڵاو و رێز! منیش له‌گه‌ڵتاندام و وا بیر ئه‌كه‌مه‌وه...
به‌ریز سه‌لاح
سپاس بۆ سهرلیدانت له روانگه. زور به جی ده‌بت ئه‌گه‌ر کاتت هه‌بی هیندیک به دور و دریژتر دیتنی خوت بنووسی بو ئه‌وه‌ی له روانگه دا بلاو بکریته‌وه و سهرلیدهرانی دیکه‌ش که‌لکی لیوه‌ربگرن.
هه‌ر بژی،
حه‌سه‌نی قازی
Post a Comment