بیره‌وه‌رییه‌کانی میرزا عه‌بدوڵای موجته‌هیدی
بیره‌وه‌رییه‌کانی میرزا عه‌بدوڵای موجته‌هیدی سه‌باره‌ت به کوردستان
له ساڵی 1946 دا
ئاماده‌کردن و وه‌رگێڕانی : حه‌سه‌نی قازی
به‌رایی:ئه‌و بیره‌وه‌رییانه له کتێبی "بحران آذربایجان (سالهای 1324- 1325 ) خاطرات مرحوم آیت الله میرزا عبدالله مجتهدی " که به کۆششی ڕه‌سوولی جه‌عفه‌ریان له هاوینی ساڵی 1381ی هه‌تاوی له لایه‌ن " موسسه مطالعات تاریخ معاصر ایران " ڕا بڵاو کراوه‌ته‌وه ، وه‌رگێڕدراوه. به داخه‌وه بیره‌وه‌رییه‌کان له 9ی گه‌لاوێژی 1325 ته‌واو ده‌بێ و ئیدی چ باسی ڕووداوه‌کان تا 20 ی سه‌رماوه‌ز ناکرێ . بڵاوکه‌ره‌وه له په‌راوێز دا ده‌ڵێ له‌و نوسخه‌یه‌ی له به‌رده‌ستیان دا بووه ، 20 لاپه‌ڕه‌یه‌ک که‌مه.
ئه‌و بیره‌وه‌رییانه مووقه‌ڵێشی نووسه‌ر سه‌باره‌ت به بزووتنه‌وه‌ی ئازه‌ربایجان و تاڕاده‌یه‌کی بهرتهنگیش کوردستان ده‌نوێنێ، و خوێنه‌ره‌وه هه‌ست ده‌کا ،نووسه‌ر به‌پێی بۆچوونی حه‌ولی داوه ڕووداوه‌کان به شێوه‌یه‌کی بابه‌تیانه وه‌گوێزێ . ئایه‌توڵا میرزا عه‌بدوڵای موجته‌هیدی له ساڵی 1355 ی هه‌تاوی له مهشهد کۆچی دوایی کردووه. مێژووی زایینی ڕۆژه‌کان له لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه داندراون.
دووشه‌مۆ 29 ی ڕێبه‌ندان ( 18ی فێڤرییه‌ی 1946 )
"...... دوو سێ ڕۆژه که ئاغای قازی محه‌مه‌د هاتووه‌ته ته‌ورێزێ. قازی محه‌مه‌د ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئه‌و دواییانه‌ی کورده‌کانی سابڵاغه. براکه‌شی سه‌دری قازی نوێنه‌ری سابڵاغه له مه‌جلیس [ی شوورای میللی] دا . له گه‌ڵ ئاغای قازی و براکه‌ی پێشینه‌ی هاوڕێیه‌تیم هه‌یه. ته‌قریبه‌ن ده ساڵ له‌مه‌و پێش له سابڵا‌غ یه‌کترمان ناسی. ئێستا [ له ته‌ورێز ] له گراند هۆتێل دابه‌زیوه. دوکتوری برام ته‌له‌یفوونی کرد و کاتی له قازی وه‌رگرت که سبه‌ینێ سه‌عات 9 بچێته سه‌ردانیان . گۆیا ئاغای قازی له کووچه و کۆڵان عه‌مامه له سه‌رنانێ و جۆره کڵاوێکی تایبه‌تی له سه‌ر ده‌نێ......" لاپه‌ڕه‌ی 126
سێشه‌مۆ 30 ی ڕێبه‌ندان ( 19 ی فێڤرییه‌ی 1946 )
" ..... هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی بڕیار داندرابوو ، دوکتور سه‌عات 9ی سه‌رله‌به‌یانی چوو
بووه دیده‌نی قازی محه‌مه‌د که له گراند هۆتێل دابه‌زیوه. جگه له قازی و ئامۆزاکه‌ی ، ژماره‌یه‌کی زۆر له کوردان له‌وێ بوون. ئامۆزای قازی ، حه‌مه‌حوسێن خان کوڕی سیف القضاته که له سابڵاغه‌وه بۆ نوێنه‌رایه‌تی له مه‌جلیسی نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ربایجان دا هه‌ڵبژێردرابوو.باسی ئێروئهوێ و په‌راگه‌نده کرابوو و قازی محه‌مه‌د نیوه به‌گاڵته و نیوه به جیدی گوتوویه که ئێمه به ته‌واوی له ئێران جوێ بووینه‌ته‌وه. دوکتور پرسیویه که میاندواو به کامه لا گه‌یشتووه ؟ قازی وڵامێکی ناڕوونی داوه‌ته‌وه. دوکتوریش به گاڵته گوتوویه که میاندواو له نێوان ئێمه و ئێوه دا ده‌بێ به ئالزاس بورن . به گشتی خۆیان له باسی سیاسی دزیبووه‌وه ......." لاپه‌ڕه‌ی 128
شه‌مۆ 3ی خاکه‌لێوه ( 23 ی مارسی 1946 )
"............. له‌ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ره‌وه ده‌نگووباسی ناڕوون له کوردستانه‌وه ده‌بیسترێ. ناوی قازی محه‌مه‌د وه‌کوو سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تی کوردستان زۆر وه‌به‌ر گوێیان ده‌که‌وێ. مه‌لا مسته‌فای بارزانی که له سه‌رۆکه‌کانی کورده‌کانی عێراقه ، له نیشتمانی خۆیه‌وه ڕای کردووه و له کوردستانی ئێران جێی گرتووه و کۆمه‌ڵێکی له ده‌وری خۆی کۆکردووه‌ته‌وه و به هاوده‌ستی قازی محه‌مه‌د بووته هۆی ئاڵۆزی کاروباری کوردستان . وا ده‌رده‌که‌وێ هاوته‌ریب له گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ئازه‌ربایجان بزووتنه‌وه‌یه‌کیش له کوردستان ده‌ستی پێکردووه که بووه‌ته هۆی دڵراوهکێی عێراق و ترکییه و ئینگلیستان ." لاپه‌ڕه‌ی190
چوارشه‌مۆ 7ی خاکه‌لێوه ( 27ی مارسی 1946 )
" .......... ئه‌و ڕۆژانه که ده‌نگووباسی ره‌سمی و ناره‌سمی چۆل کردنی ئێران له گۆڕێ دایه ، مه‌سه‌له‌ی کوردستانیش گرینگی په‌یدا ده‌کا. گۆیا رێبه‌ری یه‌که‌می کورده‌کان ئاغای قازی محه‌مه‌ده . عهمهراغا له هۆزی هه‌رکی ! [تێبینی وه‌رگێڕ: عه‌مه‌ر خانی شه‌ریفی له عه‌شیره‌تی کارداری کۆنفێدراسیونی شکاک بوو ، تێبینی وه‌رگێڕ ]خاوه‌نی پله‌ی سه‌رۆکوه‌زیرانی قازی محه‌مه‌ده. مه‌لا مسته‌فای بارزانی ش که له عێراقه‌وه ڕای کردووه له گه‌ڵ ئاغای قازی پێوه‌ندی هه‌یه. ناوه‌ندی قازی مهاباده که هه‌مان ساوجبولاغی موکری یه که له زه‌مانی په‌هله‌وی دا ناویان کرده مهاباد. سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاندووه که له عێراقێ پێنسه‌دهه‌زار کورد ده‌ژین ، که له ناویاندا جووڵانه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خوازی ده‌ستی پێکردووه ( 1 . نه‌کردووه!) مه‌لامسته‌فاش که‌سێکی ده‌ستڕۆیشتووی ناوچه‌یی یه. داوای ناردنه‌وه‌ی له ئێران کراوه. ئێرانیش وڵامی داوه‌ته‌وه که ئه‌و له هه‌رێمی داگیرکراوی ڕووسه‌کان دایه. ڕووسه‌کانیش گوتوویانه که ئه‌و له‌ناوچه‌ی داگیرکراوی ئه‌واندا نییه.
گۆیا له‌ودواییانه دا له ناوچه‌ی بانه پێکههڵپڕژانێک له نێوان هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی و ده‌سته‌ی چه‌کداری کورد ڕوویداوه. فڕۆکه‌کانی ئێران ئه‌وناوچانه‌یان بۆمباران کردووه. ئه‌مڕۆش ده‌نگووباسی پێکهه‌ڵپڕژان له نێوان هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت و لایه‌نگرانی قازی محه‌مه‌د له ڕادیۆوه بیسترا و به‌وپێی ئه‌و خه‌به‌ره، ده‌سته‌ی دێمۆکراتی ئازه‌ربایجان یاریده‌ی کورده‌کانیان داوه و شاری سنه که هێشتا له ده‌ست هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی دایه گه‌مارۆ دراوه. ده‌وڵه‌ت سه‌رله‌شکر جیهانبانی بۆ پێشاوبڕدانهوهی کوردان و پاک کردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه ناردووه؛ به‌ڵام له‌وباره‌یه‌وه له تارانه‌وه هیچ خه‌به‌رێکی ڕه‌سمی به ده‌سته‌وه نییه."
لاپه‌ڕه‌ی 204 ، 205
سێشه‌مۆ 3ی بانه‌مه‌ڕ ( 23 ی ئاوریلی 1946 )
"............. ڕه‌نگه له‌وانه جیدی‌تر له ڕوانگه‌ی حکوومه‌تی ئازه‌ربایجانه‌وه مه‌سه‌له‌ی خوێ[ که‌لا خوێ ] بێ .. گۆیا دوای چۆل کردنی خۆی له لایه‌ن
هێزه‌کانی ڕووسه‌وه هێندێک له کورده‌کان هاتوونه‌ته نێو خۆی و گوتوویانه که خۆی به‌شێکه له کوردستان، و بۆ ڕاکێشانی دڵی دانیشتووان ڕایانگه‌یاندووه
که نێزامی ئیجباری [ به سه‌ربازگرتنی تۆبزی ] و دابه‌شکردنی زه‌ویوزار ده‌بێ ڕاگیرێ. گه‌وره و ده‌ستڕۆیشتوانی خۆی مه‌یلیان به‌ره‌و کوردان تێدا پێک هاتووه. فیداییهکانیش زۆریان گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنی خۆیان ، فه‌رمانداری خۆی هاتووه‌ته ته‌ورێز . من ئه‌و زانیاریانه‌م په‌راگه‌نده و لێروله‌وێ بیستووه . نازانم له گه‌ڵ ڕاستی چه‌نده جووته، به‌ڵام دڵنیام له هاتنی فه‌رمانداری خۆی بۆ ته‌ورێز.
ده ڕاستیدا مه‌سه‌له‌ی کوردستان له چاو ئازه‌ربایجان مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاڵوزه. خۆی و ورمێ و دیلمان که کورده‌کان ئیدیعا ده‌که‌ن به‌شێک له کوردستانه ، شاری ئاوان که دانیشتوه‌کانیان له سه‌دی سه‌د ترکن؛ به‌ڵام له چه‌ند فه‌رسه‌خی ئه‌وان چه‌ند لادێی کوردنشین هه‌ڵکه‌وتووه که ئه‌و گونده کوردنشینانهش له چاو گونده ترک نشینه‌کان که‌م و بێ گرینگین. له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک کورده‌کان داوای ئه‌و شارانه ده‌که‌ن دیار نییه . ڕه‌نگه ئیدیعای خۆیان له سه‌ر بنه‌ماکانی مێژووی ههڵنابێ.
هه‌رچونێک بێ وا وه‌به‌رچاودێ که بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و گرفته، بیرمه‌ندانی کورد چاره‌یه‌کیان دۆزیبێته‌وه؛ به‌وشیوه‌یه‌ی که په‌ره‌یان به مانای کورد داوه. به تایبه‌تی له ورمێ له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که به‌ڕێوه‌بردنی کاروبار به ڕه‌سمی له ده‌ست کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان دایه ، کورده‌کان نفووزێکی زۆریان له‌وێ هه‌یه. له‌وێ کۆمه‌ڵه‌ی کورد دامه‌زرێندراوه که هه‌رکه‌س پێی خۆش بێ ناوی خۆی له سه‌ر کوردان ئاسته ده‌کا و ژماره‌یه‌کی زۆر له عه‌جه‌مه‌کان ناوی خۆیان به کورد نووسیوه. زێرۆ ئاغا و عهمهرئاغا ڕێبه‌رانی کورد بن له‌و ناوچانه دا ، گۆیا عهمهرئاغا سه‌رۆکی ئێستای ده‌وڵه‌تی کوردی یه ، مه‌سه‌له‌ی پێوه‌ندی کوردستان له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئازه‌ربایجان یش تاریکه. دیارنییه هاوپه‌یمانن یان دژبه‌ر؛ گۆیا ئه‌وه‌ی به‌یه‌که‌وه کۆیان ده‌کاته‌وه دژایه‌تی له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندی ئێرانه. ئاغای قازی محه‌مه‌د سه‌رۆکی کۆماری کوردستان ئێستا له ته‌ورێزه. ئه‌مڕۆ که‌سێک که ئه‌و ده‌ناسێ له کۆڵان دیتوویه‌تی . ئه‌و جار عه‌مامه‌ی له سه‌ر نه‌بووه . به ڕواڵه‌ت سه‌باره‌ت به پێوه‌ندییه‌کانی دوو وڵات هاتووه." لاپه‌ڕه‌ی 204 ،241
جومعه 6ی بانه‌مه‌ڕ ( 26 ی ئاوریلی 1946 )
" ..................... ئه‌مڕۆ ستاسیۆنی ڕادیۆی ته‌ورێز به ڕه‌سمی کرایه‌وه. ژماره‌یه‌ک له ماقووڵانی شار به کارت بانگهێشتن کرابوون که له خانووی تیاتوری شێروخورشید ئاماده‌بن و له رێوره‌سمی کرانه‌وه دا به‌شداری بکه‌ن.
هێشتا ئه‌و که‌سانه‌م نه‌دیوه که چووبوون بۆ ئه‌وه‌ی له ورده‌ڕیشاڵی رێوره‌سمی کرانه‌وه ئاگادار بم. ئه‌وه‌ی له ڕادیۆی ته‌ورێزم بیست ئه‌وه بوو که ئاغای پیشه‌وه‌ری له به‌ر ناسازی نه‌یتوانیوه له ڕیوڕه‌سمه‌که دا به‌شدار بێ.
نوتقی کرانه‌وه له لایه‌ن ئاغای شه‌بوسته‌ری سه‌رۆکی مه‌جلیسی نه‌ته‌وه‌یی ڕاکراوه.
جگه له نوتقی ئاغای شه‌بوسته‌ری ، وه‌رگێڕدراوی نوتقی ئاغای قازی محه‌مه‌د سه‌رۆک و ڕێبه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کورد به زمانی فارسی خوێندراوه.
له ڕاوێژی ڕادیۆی ته‌ورێز و هه‌روه‌ها نێوه‌رۆکی نوتقی قازی ڕا ده‌رده‌که‌وێ که سه‌رکرده‌کانی جووڵانه‌وه‌ی دێمۆکراتی ئازه‌ربایجان له گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی کورد ده‌یانه‌وێ که پێوه‌ندی باش و دڵپاکانهیان له نێو دا هه‌بێ. ڕه‌نگه جیدی بوونی مه‌ترسی تاران ئه‌و دوو جووڵانه‌وه سهربهخۆخوازییهی له یه‌کتری نزیک کردبێته‌وه." لاپه‌ڕه‌ی 244
یه‌کشه‌مۆ 8ی بانه‌مه‌ڕ (28 ی ئاوریلی 1946 )
"........ئه‌مڕۆ سه‌ر له به‌یانی ئاغای پیشه‌وه‌ری له گه‌ڵ چه‌ند که‌سی دیکه ،
سواری فڕۆکه بوو ، به نێوی نوێنه‌رایه‌تی له لایه‌ن حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان به‌ره‌و تاران وه‌ڕێ که‌وتن ..... له لایه‌ن کورده‌کانیشه‌وه دوو نه‌فه‌ر نوێنه‌ر له گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌یه وه‌ڕێ که‌وتن : یه‌کێک له‌وان محه‌مه‌د حوسێن خانی سه‌یفی قازی یه ؛ کوڕی سیف القضات که مامی قازی محه‌مه‌د بوو و چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کۆچی دوایی کردووه [ تێبینی وه‌رگێڕ: نووسه‌ر هه‌ڵه‌ی کردووه، سیف القضات له 7ی ڕێبه‌ندانی 1323ی هه‌تاوی کۆچی دوایی کردووه] . ئه‌وی دیکه‌یان سه‌دری قازی یه که گۆیا برای قازی محه‌مه‌ده و هه‌ر ئه‌وه‌یه که له خولی چارده‌یه‌می مه‌جلیسی شوورای میللی دا نوینه‌ری سابڵا‌غ بوو.
بۆ به‌ڕیکردنی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوچه‌کانیان له پێشدا ئاماده کردبوو. له فڕۆکه‌خانه چه‌ند نوتق له لایه‌ن شه‌بوسته‌ری سه‌رۆکی مه‌جلیس ، قازی محه‌مه‌د سه‌رۆکی کورده‌کان و وه‌لایی که سهیدێکه و ناوی پچووکی میر ره‌حیمه که ماوه‌یه‌ک له قه‌وقاز ماوه‌ته‌وه و ڕاوێژی قه‌وقازی وه‌رگرتووه پێشکێش کران ، قسه‌کانی ئه‌وان شتێکی جێی سرنجی تێدا نه‌بوو ، جگه له ناشیانه بوون و بۆ فۆرمالیته و خه‌ست بوونیان .
نوتقی قازی باشتر بوو له دووکهسهکانی دی........
له کۆتایی نوتقی خۆیدا ئاغای پیشه‌وه‌ری باسی کێشایه سه‌ر پێوه‌ندییه‌کانی ئازه‌ربایجان و کورد. هێندێک سه‌باره‌ت به یه‌کایه‌تی دوو نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ربایجان و کورد دوا و هه‌روه‌ها تاریف و په‌سنی قازی محه‌مه‌د پێشه‌وای خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه‌ی کوردی دا و گوتی نێوبراو یه‌کێک له مه‌زنه‌کانی دنیای ڕۆژهه‌ڵاته. [پیشه‌وه‌ری] لێی زیاد کرد که ئازه‌ربایجانییه‌کان و کورده‌کان ، سنووری عێراق و ترکییه ده‌پارێزن و ترکییه له کۆنه‌وه دوژمنی ئێمه‌یه.
له کۆتایی دا ئاغای پیشه‌وه‌ری ڕایگه‌یاند که ئاغای شه‌بوسته‌ری و قازی محه‌مه‌د کاروباره‌کان به‌ڕێوه ده‌به‌ن . دوایه سواری فڕۆکه بوو و له‌گه‌ڵ هاوڕییانی به‌ره‌و مه‌قسه‌د چوون......" لاپه‌ڕه‌ی 245، 246
شه‌مۆ 14ی بانه‌مه‌ڕ ( 4 ی مه‌ی 1946 )
"........ ڕادیۆی ئانکارا بڵاوی کرده‌وه که به‌ر له چوونی پێشه‌وه‌ری بۆ تاران په‌یمانێکی ده‌وڵه‌تی له نێوان ئازه‌ربایجان و کوردستان بۆ ماوه‌ی بیست ساڵ به‌ستراوه. لایه‌نه‌کان یه‌کتریان به ڕه‌سمی ناسیوه و پێوه‌ندی بازرگانی له نێوان یه‌کتری دا به‌رقه‌رار ده‌که‌ن و له هه‌مبه‌ر هێرش دا ، به‌یه‌که‌وه به‌رگری ده‌که‌ن . ئه‌وپه‌یمانه له لایه‌ن ئازه‌ربایجانه‌وه ئاغای پیشه‌وه‌ری و له لایه‌ن کوردستانه‌وه قازی محه‌مه‌د ئیمزایان کردووه.
له ته‌ورێز ده‌گوترێ که له‌و به‌شه‌ی کوردستان که به ئازه‌ربایجانه‌وه لکاوه ،
بار و دۆخ ئاڵۆزه. هێندێک برینداریان له‌و شوێنانه‌وه هێناوه‌ته ته‌ورێز و ژماره‌یه‌کیش فیدایی به ماشێن له ته‌ورێزه‌وه ناردراون بۆ شوێنی ڕووداوه‌که. ده‌گوترێ که ماکه‌ی ڕووداوه‌که بریتییه له پێکههڵپڕژانێک که له نێوان دوو هۆزی کورد قه‌وماوه. ئه‌و ده‌نگۆیه سابیت نییه ؛ ئه‌گه‌رچی وێده‌چێ واش بێ. چونکوو قازی محه‌مه‌د ئاواش نییه که ته‌واوی کوردستان گوێڕایه‌ڵی بێ و قسه‌ی بڕوا...... " لاپه‌ڕه‌ی 251
سێشه‌مۆ 17ی بانه‌مه‌ڕ ( 7ی مه‌ی 1946 )
"......... ئه‌و په‌یمانه‌ی که له نێوان حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان و کورده‌کان به‌ستراوه ، بووه‌ته جێی داخ و واق وڕمان له له‌نده‌ن. ئاماژه به چه‌ند پنکت ده‌کرێ که له‌و په‌یماننامه‌یه دا لایه‌نه‌کان به ڕه‌سمی یان نه‌ناسیوه. له‌وانه‌که ئه‌م په‌یمانه دوای ده ڕۆژ له به‌سترانی به بیروڕای گشتی ڕاگه‌یێندراوه. شتێکی دیکه‌ش ئه‌وه‌ی که تاریخی به‌سترانی په‌یمانه‌که چه‌ند ڕۆژ دوای ڕاگه‌یێندراوی ئاغای قه‌وامولسه‌لته‌نه بووه سه‌باره‌ت به ئاماده بوونی بۆ وتووێژ له مه‌ڕ ئازه‌ربایجان. ...... " لاپه‌ڕه‌ی 253
یه‌کشه‌مۆ 22ی بانه‌مه‌ڕ ( 12 ی مه‌ی 1946 )
" ئه‌مڕۆ ته‌نگه‌ژه و نیگه‌رانییه‌کی توند له ناو خه‌ڵک و به تایبه‌تی له بازار دا هه‌بوو. ڕادیۆکان بڵاویان کردووه‌ته‌وه کهوتووێژهکانی نێوان نوێنه‌رانی ئازه‌ربایجان و ده‌وڵه‌تی ئێران بڕاوه......
وه‌زاڕه‌تی شه‌ڕیش خه‌به‌ری بۆمبارانی مهاباد و ده‌وروبه‌ری له‌لایه‌ن فڕۆکه‌کانی ئێرانه‌وه که هێندێک له ڕادیۆ بێگانه‌کان دابوویان وه‌درۆ خسته‌وه.باوه‌کوو ئه‌و وهدرۆخستنهوانهش ڕاگیرانی وتووێژه‌کان بێ ئه‌ملاو ئه‌ولایه......................." لاپه‌ڕه‌ی 257 ، 258
دووشه‌مۆ 13ی جۆزه‌ردان ( 4 ی ژوه‌نی 1946 )
"...... ئه‌و خه‌به‌رانه‌ی له لایه‌ن ڕادیۆ بێگانه‌کانه‌وه بڵاو ده‌کرێنه‌وه باس له‌وه ده‌که‌ن که هێرشه‌کانی کورده‌کان ودێمۆکراتهکان بۆ سه‌ر هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت له کوردستان زیاتر بووه . ده‌سته‌یه‌ک له ئازه‌ربایجانه‌وه چووه‌ته کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی پێش به قه‌ومانی پێکهه‌ڵپڕژان بگرێ، نێوانی ناوچه‌ی بێلایه‌نی له نێوان دوو هێزه‌که دا زیاتر کردووه. وه‌زیری شه‌ڕی ئێران هێرشی کورده‌کانی بۆ سه‌ر سه‌قز و بانه پشت ڕاست نه‌کردووه‌ته‌وه؛ به‌ڵام گوتوویه که هێڵی تێلگرافی نێوان بانه و تاران له به‌ر تێکدان هه‌ڵبڕاوه.
قه‌وامولسه‌لته‌نه ده‌یه‌وێ له کابینه‌که‌ی خۆیدا هێندێک ئاڵوگۆڕ پێک بهێنێ؛ به‌ڵام له‌به‌ر شێوه‌ی قانوونه بنچینه‌ییه‌کانی ئێران ئه‌م کاره ساده و هاسان نییه. ڕووداوه‌کانی کوردستان و وه‌دره‌نگی که‌وتنی چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی ئازه‌ربایجان ڕه‌نگه هه‌ڵکه‌وتی قه‌وامی هێندێک لاواز کردبێ. بۆ گۆڕانی وه‌زیرێک ده‌بێ سهروکوهزیر ده‌ست له کار بکێشێته‌وه.قه‌وام له‌وه ده‌ترسێ ئه‌گه‌ر ده‌ست له کار بکێشێته‌وه، دیسان ڕانهسپێردرێ بۆ بێکهێنانی کابینه..... " لاپه‌ڕه‌ی 275، 276
جومعه 17ی جۆزه‌ردان ( 8 ی ژوه‌نی 1946 )
" ..... له ژماره‌ی دوێنێی ڕۆژنامه‌ی ئازه‌ربایجان دا باسێک نووسرابوو سه‌باره‌ت به سه‌فه‌ری ئه‌و دواییانه‌ی ئاغای پیشه‌وه‌ری و سێ که‌سی دیکه‌له وه‌زیره‌کان بۆ ورمێ که که‌لکێکی زۆری لێ وه‌رنه‌ده‌گیرا.........
له‌و هه‌موو ڕووداوانه دا ، ئاسۆرییه‌کانی ورمێ لایه‌نگری حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و دێمۆکراته‌کان بوون ؛ به‌ڵام کورده‌کان لایه‌نگری خه‌ڵکی شاری و شاگردانی مه‌دره‌سه‌کان بوون. ئه‌گه‌ر له ڕاستی دا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ڕاست بێ که به تۆبزی شاگرده‌کانیان له گرتووخانه هێناوه‌ته ده‌رێ ، ئه‌و کاره له ده‌ست خه‌ڵکی ئاسایی شار نایه به بێ یارمه‌تی شاراوه به‌ڵکوو ڕواله‌تی هێزێکی دیکه که هه‌ر ده‌بێ کورده‌کان بن ....." لاپه‌ڕه‌ی 280
سێشه‌مۆ 21ی جۆزه‌ردان ( 12 ی ژوه‌نی 1946 )
" ئاخره‌که‌ی ده‌سته‌یه‌ک که ده‌بوو بۆ وتووێژ له گه‌ڵ حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان بێ ، هات. ئه‌و ده‌سته‌یه که ئه‌مڕۆ سه‌عات 9ی به‌یانی به کاتی ته‌ورێز به فڕۆکه هات ، بریتی یه له 10 که‌س که له ژێر سه‌رۆکایه‌تی ئاغای موزه‌فه‌ری فیرووز دایه.....
به‌ر له نیوه‌ڕۆ ئاغای پیشه‌وه‌ری و ئاغای شه‌بوسته‌ری سه‌رۆکی مه‌جلیسی نه‌ته‌وه‌یی و ئاغای قازی محه‌مه‌د ڕێبه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کورد چوونه دیده‌نی ده‌سته‌که و به‌خێرهاتنیان کردوون. ده‌سته‌که له ماڵی میرزا عه‌لی خانی جه‌وادی دابه‌زیون........" لاپه‌ڕه‌ی 283
چوارشه‌مۆ 22ی جۆزه‌ردان ( 13 ی ژوه‌نی 1946 )
" ...... له‌م وتووێژانه‌ی ئێستا له نێوان ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی له تارانه‌وه ناردراوه و حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دا چ دهنگووباسێک به ده‌سته‌وه نییه ؛ به‌ڵام ڕادیۆکانی بێگانه ڕاده‌گه‌یێنن که پێشتر رێککه‌وتن کراوه و ده‌سته‌ی [ناردراوی ده‌وڵه‌ت] ته‌نێ بۆ وتووێژ له سه‌ر وردهرێشاڵ هاتووه‌ته ته‌ورێز. ڕادیۆی تاران ڕایگه‌یاند که قازی محه‌مه‌د دووجار چووه‌ته دیده‌نی موزه‌فه‌ری فیرووز و بۆ ماوه‌یه‌ک وتووێژی له گه‌ڵ کردووه. ڕادیۆ هێندێک باسی لوتف و مه‌رحه‌مه‌تی ئاغای قه‌وام ی کرد ، و گوتی که ئاغای قازی محه‌مه‌د له به‌رامبه‌ر ئه‌و لوتف و مه‌رحه‌مه‌ته‌ی جه‌نابی ئاغای سه‌رۆکوه‌زیر، فه‌رمانی دا به هێزه‌کانی کورد که پاشه کشه بکه‌ن تاکوو تێکهه‌ڵچوونێک له نێوان ئه‌وان و هێزی ده‌وڵه‌ت دا نه‌یه‌ته گۆڕێ. ڕادیۆ تاران زۆری تاریفی ئه‌و نیشتمانپه‌روه‌رییه و خێرخوازییه‌ی ئاغای قازی محه‌مه‌د کرد و په‌سنی دا . ده‌رده‌که‌وێ که ئاغای قازی محه‌مه‌د بۆ به‌شداری له وتووێژه‌کان دا به‌تایبه‌تی هاتووه بۆ ته‌ورێز ، چونکوو له‌و دواییانه دا له ته‌ورێز نه‌بوو.........."
لاپه‌ڕه‌ی 284
پێنجشه‌مۆ 23ی جۆزه‌ردان ( 14 ی ژوه‌نی 1946 )
" ڕێککه‌وتننامه‌ی موزه‌فه‌ری فیرووز – پیشه‌وه‌ری ....
ماده‌ی 13. کورده‌کان به‌شیان به خاوه‌کانی ئه‌م ڕێکه‌وتننامه‌یه‌وه هه‌یه و تا پۆلی 5 خوێندن به زمانی کوردی ده‌بێ............." لاپه‌ڕه‌ی 286
دووشه‌مۆ 27 ی جۆزه‌ردان ( 18ی ژوه‌نی 1946 )
" .... له تاران نوێنه‌رانی ڕۆژنامه بێگانه‌کان چاویان به ئاغای موزه‌فه‌ری فیرووز که‌وتووه و هێندێک پرسیاریان لێ کردووه.
.... هه‌واڵده‌ری رۆیتێر [رۆیتێرز ] سه‌باره‌ت به کوردستان پرسیاری کرد . ئاغای موزه‌فه‌ری فیرووز وڵامی داوه : له به‌ر ئه‌وه‌ی که جه‌نابی ئاغای قه‌وامولسه‌لته‌نه پێیان خۆشه مه‌سه‌له‌کان هێمنانه جێبه‌جێ بکرێن له ته‌ورێز دیده‌نیم له قازی محه‌مه‌د کرد و وا بڕیار درا به‌ڕێزیان چاویان به سه‌رله‌شکر ڕه‌زمارا بکه‌وێ و کارێکی وابکه‌ن که له نێوان کورده‌کان و قوشوونی ده‌وڵه‌تی دا تێکهه‌ڵچوون ڕوو نه‌دا و به پێی ئه‌و دهنگوباسهی گه‌یشتووه ئه‌و دیداره کراوه...... " لاپه‌ڕه‌ی 294
سێشه‌مۆ 28 ی جۆزه‌ردان ( 19ی ژوه‌نی 1946 )
"......... ئه‌مڕۆ ئه‌بولقاسمی موجته‌هیدی که سه‌رۆکی عهدلییهی خوێ یه گه‌یشته ته‌ورێزێ. نێوبراو که چه‌ند ساڵه که له عهدلییهی خوێ دا کار ده‌کا و له‌و شاره ژنی خواستووه ، ده‌توانی زانیاری جێی باوه‌ڕ سه‌باره‌ت به خوێ و سه‌ڵماس و ئه‌و ناوانه باس بکا.
گرینگ‌ترین به‌شی زانیاری که سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئه‌و شوێنانه لێم بیست ، سه‌باره‌ت به جووڵانه‌وه‌ی کورده‌کان له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و دێمۆکراته‌کانه. ده‌ستێوه‌ردانی کورده‌کان و ئه‌و چه‌تانه‌ی له کاروباره‌کانی ده‌خه‌ن گه‌یوه‌ته ئاستێکی ئه‌وتۆ که ڕه‌وتی ئاسایی حکوومه‌تی ڕاگرتووه و له به‌ستی خستووه. کورده‌کان ئاڵایه‌کی تایبه‌تی له مه‌ڕ خۆیان هه‌یه و هه‌رکه‌سێک له خه‌ڵکی ئازه‌ربایجانی نا کورد که به زاراوای خۆجێی له هه‌مبه‌ر کورده‌کان دا پێیان ده‌ڵێن عه‌جه‌م ، ده‌چێته نێو حیزبی کورده‌کان ، له به‌رامبه‌ر گوشار و هه‌ڕه‌شه وگوڕه‌شه‌ی دێمۆکراته‌کان و کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دا ده‌یان پارێزن . هه‌ر وه‌ها له چه‌ند که‌یسیش دا دژایه‌تییان کردووه له گه‌ڵ دابه‌شکردنی زه‌وی له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی که دژی دینی ئیسلامه . دیاره خاوه‌نموڵکان و ده‌وڵه‌مه‌ندان بوونه لایه‌نگری کورده‌کان و چه‌ند که‌س له‌وان چوونه‌ته نێو حیزبی کورد و ئاڵای کوردیان له مڵکی خۆیان هه‌ڵداوه و به‌م پێیه خۆیان له به‌ڵای دابه‌شکرانی زه‌وی و زاریان پاراستووه.
نوێنه‌ری کوردان ڕایگه‌یاندووه که تا ده ساڵ خه‌ڵک له دانی ماڵیات ته‌رخانن. ئه‌و بۆچوونه‌ش ئه‌و که‌سانه‌ی که ماڵیات قه‌رزدارن ، به‌ره‌ولای کورده‌کان ڕاکێشاوه. وا هه‌ڵکه‌وتووه که که‌سێک که له لایه‌ن ئیداره‌ی ماڵیاته‌وه ڕاوه‌دوو نراوه ، هه‌ر که کارتی ئه‌ندامه‌تی حیزبی کوردی وه‌ده‌ست هێناوه ، له ڕاوه‌دوونانی ماڵییه که به توندی داوای ماڵیاتی لێکردووه ڕزگاری بووه.کورده‌کان ده‌ست له کاروباری قه‌زایی ش وه‌رده‌ده‌ن. به تایبه‌تی له‌کاروباری له مه‌ڕ پێوه‌ندی خاوه‌نموڵک و ڕهعێتان به قازانجی خاوه‌نموڵکان کێشه‌کان به لادا ده‌خه‌ن که ته‌نێ ئه‌و بابه‌ته ده‌رگه ده‌کاته‌وه بۆ زۆر ته‌نگه‌ژه و گرفت. جێی سه‌رسوڕمانه که کورده‌کان ئه‌و کرده‌وانه له خوێ ده‌که‌ن که ژماره‌یه‌کی به‌رچاویان له‌و شاره دا نییه و شوێنی دانێشتنی کورده‌کان تا خوێ چوارپێنج فه‌رسه‌خی مه‌ودایه ، و له‌وه‌ش سه‌یرتر بێده‌نگی و تابشتی لایه‌نه‌که‌ی دییه که دژی ئه‌و تووڕه‌یی و توندییه‌ی وه‌به‌رچاو دێ که له به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئازه‌ربایجان دا به‌کارییان ده‌هێنێ. گه‌لۆ له کورده‌کان ده‌ترسن یان نایانه‌وێ به هه‌بوونی دووبه‌ره‌کی زۆر له گه‌ڵ تاران سه‌ر بخه‌نه سه‌ر کورده‌کان یا ئه‌وه‌ی که ڕووسه‌کان که هه‌ر دووک ده‌سته‌یان هێناوه‌ته سه‌ر کار ، بۆ نه‌خشه‌یه‌کی نادیار که به ده‌ستیانه‌وه‌یه ، پێش به دێمۆکراته عه‌جه‌مه‌کان ده‌گرن و نایه‌ڵن که عه‌جه‌مه‌کان به سه‌ر کورده‌کان دا زاڵ بن. هه‌رچونێک بێ ، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه بێ یان نه‌بێ ، ئه‌و هه‌لومه‌رجه به هیچجۆر سه‌باره‌ت به دابێ دڵنیایی نادا. له‌وانه‌یه قه‌تڵ و بڕ و تاڵانێکی توند له‌و به‌شه‌ی ئازه‌ربایجان دا بکرێ و ئاکامی خراپ و چاوه‌ڕواننه‌کراوی لێ بکه‌وێته‌وه. به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی که کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له ده‌وروبه‌ری ته‌ورێز و له شاره پچووکه‌کان غاڵبه له نێو که‌سانی لێنه‌هاتوو و که‌م ئه‌زموون هه‌ڵبژێردراون و ده‌سته‌ڵاتی حیزبی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌واندا بڕی کردووه و له به‌ر دوور بوونیان چاوه‌دێری ته‌واو به سه‌ر کرده‌وه و هه‌ڵسوکه‌وتیان دا ناکرێ." لاپه‌ڕه‌ی 295،296
دووشه‌مۆ 3ی پووشپه‌ڕ ( 25 ژوه‌نی 1946 )
"ڕادیۆی دێهلی بڵاوی کرده‌وه که هێزه‌کانی کورد له چه‌ندین شوێن هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تییان گه‌مارۆ داوه ......................." لاپه‌ڕه‌ی 302
چوارشه‌مۆ 5 ی پووشپه‌ڕ ( 27 ی ژوه‌نی 1946 )
".....قازی محه‌مه‌د پێشه‌وای کوردان گه‌یوه‌ته تاران و گۆیا له گه‌ڵ ئه‌ویش ئه‌و وتووێژه‌ی له گه‌ڵ پیشه‌وه‌ری کرا ده‌کرێ ...." لاپه‌ڕه‌ی 303
سێشه‌مۆ 18ی پووشپه‌ڕ ( 10 ژووییه‌ی 1946 )
"............. ئه‌مڕۆ فڕۆکه دوو جار هات بۆ ته‌ورێز. جارێک به‌ر له نیوه‌ڕۆ و جارێک دوای نیوه‌ڕۆ. به فڕۆکه‌ی یه‌که‌م قازی محه‌مه‌د پێشه‌وای کورد هات؛ به‌ڵام له‌ئاکامی وتووێژی ئه‌و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت چ باسێک نییه . ڕه‌نگه پاش چه‌ند ڕۆژی دیکه ئاغای موزه‌فه‌ری فیرووز بچێته مهاباد ڕێککه‌وتننامه له گه‌ڵ قازی محه‌مه‌دیش ئیمزا بکا...... " لاپه‌ڕه‌ی 319
پێنجشه‌مۆ 20 ی پووشپه‌ڕ ( 12 ژووییه‌ی 1946 )
"..... ڕادیۆی بێگانه ده‌ڵێن که وتووێژه‌کانی نێوان ده‌وڵه‌تی ئێران و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان به نه‌تیجه نه‌گه‌یشتووه و بڕاوه...... " لاپه‌ڕه‌ی 322
یه‌کشه‌مۆ 23ی پووشپه‌ڕ ( 15ی ژووییه‌ی 1946)
"....قازی محه‌مه‌د که گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌تاران و بێ ئاکام مانه‌وه‌ی وتووێژه‌کانی له گه‌ڵ حکوومه‌تی نێوه‌ندی بڵاو کرایه‌وه ، ئێستا له ته‌ورێز ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاو بووه‌ته‌وه که قازی له ته‌ورێز چاوی به پیشه‌وه‌ری که‌وتووه و ئه‌و دیداره به ناخۆشی تێپه‌ڕیوه و قازی به دڵمه‌ندی له ته‌ورێز ده‌رکه‌وتووه . پێوه‌ندی دابێی کورده‌کان و دێمۆکراته‌کانی ئازه‌ربایجان که هه‌ر دووکیان به دژی حکوومه‌تی نێوه‌ندی له لایه‌ن ڕووسه‌کانه‌وه پشتیوانی‌یان لێده‌کرێ ، جێی نیگه‌رانی یه. ئه‌گه‌ر جارجار به زه‌ین دا ڕاده‌برێ که هه‌رچۆنێکی هانده‌ر حوکم بکا ، هاندراوهکانیش ئه‌وه ده‌که‌ن ، به‌ڵام قسه له سه‌ر ئه‌وه‌یه که هێزی هانده‌ر چۆن ئه‌مر ده‌کا. کورده‌کان خۆیان له ئازه‌ربایجانییه‌کان دڕدۆنگن .هه‌میشه له‌وه ده‌ترسن که ئازه‌ربایجان له گه‌ڵ حکوومه‌تی تاران به دژی کورده‌کان ڕێک بکه‌وێ.
چه‌ند مانگ به‌ر له گرێدانی په‌یمان قازی محه‌مه‌د پێره‌وانی خۆی ترساندبوو و گوتبووی که ئازه‌ربایجانییه‌کان و ئێرانییه‌کانی دیکه دواجار دووبه‌ره‌کی خۆیان به‌لا دا ده‌خه‌ن و کورده‌کان به ته‌نێ ده‌هێڵنه‌وه. بۆچوونی قازی له مه‌ڕ ئه‌و پێشبینی یه له به‌ر یه‌که‌تی مه‌زه‌بی یه له نێوان ئازه‌ربایجانییه‌کان و فارسه‌کان که ئه‌و یه‌که‌تی یه‌یان له گه‌ڵ کورده‌کانی سوننی مه‌زه‌ب دا نییه.
دیسان هێندێک ده‌نگۆ له شار دا بڵاو بووه‌ته‌وه که کورده‌کان که‌لا خوێ یان داگیر کردووه. دهنگوباسهکه زۆر ڵێڵه و ڕاوییه‌کی دیاریکراوی نییه. له‌وانه‌یه سه‌رچاوه‌ی بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی دوایی ڕووداوی قه‌تڵێک بێ که چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر له ماکۆ ڕوویداوه. کووژراوه‌که له کورده‌کانه و کورده‌کان عه‌جه‌مه‌کان تاوانبار ده‌که‌ن به‌و کوشتنه. ئه‌بولقاسمی موجته‌هیدی [ برای نووسه‌ر ، تێبینی وه‌رگێڕ ] بۆ خۆی بۆ لێپێچانه‌وه چووه بۆ ماکۆ. ئاغای ڕه‌فیعی نیزامولدهوله کراوه به فه‌رمانداری ورمێ. ڕێبه‌رانی دێمۆکرات گله‌یی و گازندیان هه‌یه له خراپ جووڵانه‌وه‌ی هیلالی ناسری فه‌رمانداری پێشوو و هیوادارن که ئاغای ڕه‌فیعی له سایه‌ی ته‌گبیری باشی و ئه‌زموونی خۆی بتوانێ کاره هه‌ڵه‌کانی هیلالی ناسری ڕاست کاته‌وه. ڕه‌نگه یه‌کێک له هۆیه‌کانی پێشنه‌که‌وتنی حکوومه‌تی هیلالی ناسری له ورمێ نفووزی کورده‌کان و ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌وان له کاره‌کانی حکوومه‌ت دا بووبێ...... " لاپه‌ڕه‌ی 324 ، 325
شه‌مۆ 29ی پووشپه‌ڕ ( 21 ی ژووییه‌ی 1946 )
" ..... ئه‌مرۆ یه‌كێک له ئاغازاده‌کانی [ کوڕهمهلاکانی ] خوێ گه‌یوه‌ته ته‌ورێز و هێندێکی باسی ئه‌وێ کرد که له هێندێک گیروگرفت دا وه‌ک جێیه‌کانی دیکه‌ی ئازه‌ربایجانه و له هێندێک بابه‌تیشه‌وه کێشه‌ی له مه‌ڕ خۆی هه‌یه . له‌وێش مه‌سه‌له‌ی به‌هره‌ی [ خاوه‌نموڵکێتی] له سه‌رووی مه‌سه‌له گرینگه‌کان دایه‌و ده‌نگووباسی کرده‌وه‌کانی خاوه‌نموڵکان له ته‌ورێز و ئه‌گه‌ری ئاڵوگۆڕکردنی قانوون و هێور کردنه‌وه‌ی ، به گوێی خاوه‌نموڵکانی خوێ ش گه‌یشتووه‌ته‌وه و له‌وێ هیوایه‌کی پێک هێناوه. هه‌ر هه‌مان ئاغازاده ( ئاغا سه‌ید حه‌سه‌نی مه‌رجه‌عی) ڕایگه‌یاند که نفووزی حیزبی کورد له خوێ زۆر لاواز بووه و هێندێک ته‌شکیلاتی که ئه‌وان له خوێ دا بوویان و به ڕێگه‌ی ئه‌وان ده‌ستیان له کاروباری حکوومه‌تی وه‌رده‌دا ، ته‌قریبه‌ن هه‌ڵوه‌شاوه.
ئه‌و پاره‌یه‌ی که به‌ناوی شێروخورشیدی سوور له‌وانه‌ی ده‌هاتنه نێو خوێ وه‌ریان ده‌گرت ، ئێستا ئیتر وه‌رگیرانی ڕاگیراوه.
ئه‌و پاشه‌کشه‌یه‌ی کورده‌کان له سۆنگه‌ی هه‌رچییه‌کی بێ ، له دژی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی ده‌ستبه‌جێی چینی خاوه‌نموڵکانه، چونکوو کورده‌کان به ته‌واوی مانای وشه حورمه‌تی خاوهنموڵکێتییان له به‌ربوو و که‌لک وه‌رگرتن له زه‌وییان ده‌به‌سته‌وه به ڕه‌زایه‌تی خاوه‌نموڵک و پێداویستی وه‌رگرتنی موڵکانه‌یان به شێوه‌ی کۆن به پێویست ده‌زانی.ئێستا که ده‌ستتێوه‌ردانی کورده‌کان یاساخ کراوه، جووتێره‌کان ده‌ست ناگێڕنه‌وه له دانی موڵکانه...."
لاپه‌ڕه‌ی 337
پێنجشه‌مۆ 3ی گه‌لاوێژ ( 26 ی ژووییه‌ی 1946 )
" ..... دیسان ده‌نگووباسی ئاڵۆزی له ورمێ بڵاو بووه‌ته‌وه. به پێی ده‌نگۆکان، کورده‌کان له ورمێ چه‌ند که‌س له مه‌ئمووره ده‌وڵه‌تییه‌کانیان کوشتووه و فه‌رمانداریان گه‌مارۆ داوه. فه‌رمانداری ورمێ هه‌مان حاجی نیزامولدهولهی ڕه‌فیعی یه که چه‌ندێک له‌مه‌وبه‌ر له شوێنی هیلالی ناسری داندراوه که ورمێی ئاڵۆز کردبوو...... " لاپه‌ڕه‌ی 343 ، 344
2 comments:
ئه‌م بیره‌وه‌ریانه یه‌کجار به نرخن. هه‌رچه‌ند ناوی میرزا عه‌بدوللای موجههیدیم نه‌بیستبوو، به‌لام وا ویده‌چی سه‌داقه‌ت له گیرانهوهکانیدا هه‌یه. تو بلیی ئه‌و بیست لاپه‌ره‌یه، که گویا نه‌ماوه، به‌راستی نه‌مابی یان له ژیر سانسوری ئیران ده‌رنه‌چووه. خوزگه یه‌کیک نووسه‌ری کتیبه‌که‌ی له تاران و تهوریزان دوزیباوه و ئهسکووی له مه‌نجه‌ل گیرابا. --هیمنانه. هه‌ر بژین
ئه‌م بیره‌وه‌ریانه یه‌کجار به نرخن. هه‌رچه‌ند ناوی میرزا عه‌بدوللای موجههیدیم نه‌بیستبوو، به‌لام وا ویده‌چی سه‌داقه‌ت له گیرانهوهکانیدا هه‌یه. تو بلیی ئه‌و بیست لاپه‌ره‌یه، که گویا نه‌ماوه، به‌راستی نه‌مابی یان له ژیر سانسوری ئیران ده‌رنه‌چووه. خوزگه یه‌کیک نووسه‌ری کتیبه‌که‌ی له تاران و تهوریزان دوزیباوه و ئهسکووی له مه‌نجه‌ل گیرابا. --هیمنانه. هه‌ر بژین
Post a Comment