هێندێک تێبینیی زمانی 21
ئه‌م دیمه‌نه له وێبنووسی ڕه‌وگه وه‌رگیراوه
هێندێک تێبینیی زمانی 21
حه‌سه‌نی قازی
به‌ڕێز پیرۆت دوو ڕای نووسیوه ، که له هیچیان دا نه‌چووه‌ته سه‌ر نێوه‌رۆکی ئه‌و شتانه‌ی سه‌باره‌ت به "فێستیڤاڵ"، "دابه‌زین " "کو‌لتوور" نووسراون و حه‌ولی داوه " هه‌ڵه" ی من ساخ کاته‌وه ، مخابن له هه‌ر دووک ڕای دا وه‌ک باوه ده‌ڵێن " یاغنیش" ه. بۆ ڕای یه‌که‌م ،بۆ خۆی وڵامی خۆی داوه‌ته‌وه ،به‌ڵام بوێرانه قسه‌که‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه و ده‌نووسێ "ڕسته ڕاسته‌که ئه‌وه‌یه:"("له‌و شیوازه کوردییانه که له تێلێڤیزیۆنه کوردییه‌کان دا ده‌کاری ده‌هێنن). من بۆی ڕوون ده‌که‌مه‌وه بۆچی ئه‌و (ی) یه زیادی نییه. من نووسیومه: " له‌و شێوازه کوردییانه‌ی دا تیڵێڤیزیۆنه کوردییه‌کان ده‌کاری ده‌هێنین" ، ئه‌و "ی" یه لێره‌دا جێناوه بۆ شێواز و جۆرێک داگرتنهوهیه و به‌و جۆره‌ی به‌ڕێز پیرۆت ڕسته‌که‌ی داڕشتووه‌ته‌وه هێندێک له ڕسته ڕۆنانی کوردی دوورکه‌وتووه‌ته‌وه .
پنکتی دووه‌م ، تێکه‌ڵکردنی واتای "خواستنه‌وه = خوازتنهوه" یه له لایه‌ن به‌ڕێز پیرۆته‌وه پێی وایه هه‌ر چاوگێک به پاشگری "وه" کۆتایی بێ مانای دووپاته‌بوونه‌وه‌ی کرده‌که‌یه،ئه‌وه هه‌میشه وانییه‌و له کوردی نێوه‌ڕاست دا زۆر چاوگ هه‌ن به "وه" کۆتای‌یان دێ، ئه‌گه‌رچی مانای دووپاتهبوونهوهشیان تێبخوێندرێته‌وه، به‌ڵام زۆر جارێش هه‌ڵده‌که‌وێ ئه‌و جۆره چاوگانه مانای سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه. چاوگی "خوازتنهوه = خواستنه‌وه" یه‌ک له‌و چاوگانهیه.
من نووسیومه: " ... ئه‌و وشانه‌ی له زمانه‌کانی دیکه خوازراونه‌ته‌وه" ئه‌وه یانی ئه‌و وشانه‌ی له زمانه‌کانی دیکه وه‌رگیراون، قه‌رز کراون، ودووپاته کردنه‌وه‌ی "خواستن" نییه.
سه‌رنجی کاک پیرۆت بۆ ئه‌م چاوگانهش ڕاده‌کێشام.
"کردنه‌وه" که جارێک به مانای دووپاته کردنی "کردن" و جارێکیش مانای سه‌ربه‌خۆی هه‌یه.
بۆ وێنه له کوردی نێوه‌ڕاست دا ده‌گوترێ : " فڵانه‌که‌س ده‌رکه بکه‌وه" ئه‌گه‌ر بگوترێ " ... ده‌رکه بکه" ماناکه سه‌قه‌ت ده‌بێ یان چاوگی "خوێندن " و " خوێندنه‌وه" : دارا له زانکۆ ده‌خوێنێ و هه‌موو ڕۆژێ ڕۆژنامه‌ی "ئاسۆ" ده‌خوێنێته‌وه.
یان "بردنه‌وه " : ئه‌مساڵ نووسه‌رێکی ئیینگلیسی خه‌ڵاتی نۆبێلی ئه‌ده‌بییاتی برده‌وه" له کاک پیرۆت ده‌پرسم ئه‌وه سه‌قه‌ت نییه بنووسرێ :" ئه‌مساڵ نووسه‌رێکی ئینگلیسی خه‌ڵاتی نۆبێلی ئه‌ده‌بییاتی برد!!"
ئه‌وانه‌ی خواره‌وه ڕایه‌کانی به‌ڕێز پیرۆته
Pirot
پیاو ده‌نگی خۆش نه‌بێ و گۆرانی نه‌ڵێ، هیچ شتێك له گۆڕێ نیه، به‌دبه‌ختی ئه‌وه‌یه پیاو ده‌نگی خۆش نه‌بێ و گۆرانی بڵێ. زمان بۆ پێوه‌ندیكردن و تێگه‌یشتنه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئاسایی یان فه‌ریكه نوسه‌ران، جار جار هه‌ڵه بكه‌ن ، ده‌كرێ قیروسیای لێبكرێ، به‌ڵام وه‌ك ده‌ڵێن شه‌رمه پینه‌چی پێڵاوی دڕا‌و بن.
من هیچ ناڵێم، ته‌نیا په‌ره‌گرافی یه‌كه‌می ئه‌م بابه‌ته، شی ده‌كه‌مه‌وه.
1. ( له‌و شێوازه کوردییانهیدا تێلێڤیزیۆنه کوردییه‌کان ده‌کاری ده‌هێنن، ) ئه‌رك یان پێناسه‌ی ئه‌و (ی)ه كه به زۆری پێش پاشگری (دا) به وشه‌ی كوردییانه لكێنراوه، چیه؟ له ڕسته‌كه دا (له ... دا) هه‌یه، فرمان بۆ كه‌سی سێیه‌می نادیاری كۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه‌واته (ده‌كاری ده‌هێنن) هه‌ڵه‌یه و (ده‌كار ده‌هێنرێ) ڕاسته. ته‌واووی ڕسته‌كه به درووستی ده‌بوو ئاوا بێ( له‌و شێوازه كوردییانه كه له تێلێڤزیۆنه كوردییه‌كان دا ده‌كار ده‌هێنرێ).
2.( زۆرجار ئه‌و وشانه‌ی له‌زمانه‌کانی دیکه‌وه خوازراونه‌ته‌وه ) خوازراونه‌ته‌وه، واتا پێشتر هی كورد بوون، لێی وه‌رگیراوون، دواتر وهریگرتوونهوه. درووست ئه‌وه‌یه نووسرابایه ( خوازراوون) ئه‌و (وه) به دیكه لكێنراوه زیادییه. كه‌واته (زۆرجار ئه‌و وشانه‌ی له‌زمانه‌کانی دیکه خوازراوون)
ببوورن تاقه‌تم نه‌ما، به‌و حاڵه‌ی ده‌بێ هه‌تا به‌یانی خه‌ریك بم.
pirot
مه‌لاش هه‌ڵه ده‌كا، دیاره كه من مه‌لا نیم به‌ڵام له چاككردنی ڕسته‌ی یه‌كه‌م دا خراپم كردووه. (له‌و شێوازه كوردییانه كه له تێلێڤزیۆنه كوردییه‌كان دا ده‌كار ده‌هێنرێ). له‌به‌رئه‌وه‌ی (شێوازه كوردییانه ) كۆیه، ده‌بێ فرمانیش كۆ، بێ واتا ( ده‌كاری ده‌هێنن) ڕاسته، به‌ڵام (ی)هكه هه‌ر زیاده. ڕسته ڕاسته‌كه ئه‌وه‌یه(له‌و شێوازه كوردییانه كه له تێلێڤزیۆنه كوردییه‌كان دا ده‌كاری ده‌هێنن).
No comments:
Post a Comment