Sunday, October 7, 2007

هێندێک تێبینیی زمانی 19




هێندێک تێبینیی زمانی 19
حه‌سه‌نی قازی

فێستیڤاڵ نه‌ک ڤستیواڵ

له‌و شێوازه‌ کوردییانه‌ی دا تێلێڤیزیۆنه‌ کوردییه‌کان ده‌کاری ده‌هێنن، زۆرجار ئه‌و وشانه‌ی له‌زمانه‌کانی دیکه‌وه‌ خوازراونه‌ته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی له‌ گوێیانناخۆش و دوور له‌ ده‌زگای ده‌نگسازی کوردی ده‌گوترێن، یه‌ک له‌و وشانه‌ " فێستیڤاڵ" ه‌، که‌ له‌ خوت و خۆڕایی ده‌یکه‌نه‌"ڤستیواڵ" و زه‌حمه‌ت ده‌ده‌نه‌ به‌ر کۆده‌زگای ده‌نگسازی و گوشار هێنان بۆ نووکی زمان.
فه‌رهه‌نگی چه‌مبرزی ڕیشه‌ی وشان فێستڤاڵ وه‌کوو ناو ئاوا شی ده‌کاته‌وه‌: "ڕه‌نگه‌ له‌ ساڵی 1589وه‌ داکه‌وتبێ، به‌ واتای کاتی به‌ جێژن گرتن و پیروۆزباییه‌، پشوو یه‌، له‌ ئاواڵناوی پێشووی فێستیڤاڵه‌وه‌.، پێرۆزکردنی جێژنێک یان پشوویه‌ک( ڕه‌نگه‌ به‌ر له‌ ساڵی 1380 داهاتبێ)؛ ‌زمانی ئینگلیسی وشه‌ی فێستیڤاڵ ی‌ له‌ فرانسه‌یی کۆن وه‌رگرتووه‌، ئه‌ویش له‌ لاتینی نێوه‌ڕاست" فیستیڤالیس" ی خواستووه‌ته‌وه‌ به‌ واتای‌ پشووی کلیسا.
به‌ مانای زنجیره‌یه‌ک له‌ کۆنسێرتان،شانۆیان، فیلمان و ڕووداوی له‌و بابه‌تانه‌،که‌ ناوبه‌ناو به‌ڕێوه‌ ده‌چن( وه‌کوو فێستیڤاڵی مۆتزارت یان فێسیڤاڵێکی شێکسپییێر)، یه‌که‌م جار له‌ ساڵی 1857 له‌ زمانی ئینگلیسیدا ئاسته‌ کراوه‌، له‌ بناوانه‌وه‌ به‌ مانای به‌ جێژنگرتنی ساڵوه‌گه‌ڕێک، وه‌کوو ڕۆژی له‌ دایکبوونی که‌مپۆزر یان نووسه‌ر".
جگه‌ له‌ کارتێکه‌ری سیستمی ده‌نگسازی عه‌ڕه‌بی نه‌بێ، هیچ پاساوێک نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌ی له‌ زاران خۆشی وه‌کوو فێسیڤاڵ وه‌کوو ڤستیواڵی له‌ گوێیان ناخۆش به‌لێو بکرێ.زۆر وشه‌ی کوردیمان هه‌یه‌ که‌ به‌ ده‌نگی /ف/ ده‌ستپێده‌که‌ن و واڤێلی/ێ/ یان به‌دوو دادێ و ده‌نگی سێیه‌میان وه‌کوو وشه‌ی "فێستیڤاڵ" کۆنسۆنانته‌

No comments: